هاوڵاتی کۆلێژی پزیشكیی زانکۆی هارڤارد لە ئەمریکا دەریدەخات، ئەو رێنوێنییە پزیشکییانەی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە پیاوان دەدرێن، جیاوازە لەوەی بە خانمان دەدرێن. توێژینەوەکە لەلایەن دامەزراوەی پێشکەوتنی زانستی ئەمریکی لە کۆنفڕانسی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ پێشکێشکرا و توێژەران رێنوێنی خانمان دەکەن کە شێوازی ژیانیان باشتر بکەن، لەکاتێکدا بۆ پیاوان واباشترە دەرمانی دابەزاندنی چەوریی ستاتینەکان بخۆن. لە توێژینەوەکەدا زانیارییەکانی نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2020ـی نەخۆشانی راپرسیی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ پشکنینی تەندروستی و خۆراک NHANES بەکارهات بە بەشداری زیاتر لە هەشت هەزار خانم و پیاو، دەرکەوت 80%ـی خانمان کاریگەرییەکانی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵیان بە پەیڕەوکردنی شێوازی ژیانی تەندروست کەمتر دەبووەوە، بەڵام 60%ـی پیاوان بۆ ئەم مەبەستە زیاتر سوودیان لە دەرمانی ستاتینەکان وەردەگرت. دکتۆر پرێما وۆلانداری، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی پزیشکیی هارڤارد دەڵێت: ''کێشڕێکی، وەرزش و خۆراکی تەندروست مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان لە خانماندا کەمدەکەنەوە، بەڵام پێشنیازدەکرێت پیاوان پەنا ببەنە بەر دەرمانەکانی دابەزاندنی چەوری، لەکاتێکدا ئەو دەرمانانە بۆ خانمانیش کاریگەرییان هەیە''. سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی خوێنبەرەکان لە هەردوو رەگەزدا وەکویەکە و سەرەکیترین رێگەی پێشگیریکردن رێکخستنی شێوازی ژیان و وەرزشکردنە. کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە ئەمریکا چەند ئامۆژگارییەکی گشتی بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بەمشێوەیە دەخاتەڕوو: 1- کەسانی پێگەیشتوو هەفاتانە 150 بۆ 300 خولەک وەرزشی مامناوەند و 75 بۆ 150 خولەک وەرزشی تووند بکەن. 2- وازهێنان لە جگەرەکێشان 3- رێژیمی خۆراکیی تەندروست و دەوڵەمەند بە 'دانەوێڵەی تەواو، سەوزە، میوە، گوێز و ماسی' پەیڕەوبکرێت و رێژەی خواردنی خوێ بۆ پێنج مللیگرام لە رۆژێکدا کەمبکرێتەوە. 4- ئەوانەی کێشیان زیادە و قەڵەون پێویستە کێشیان داببەزێنن، یاخود لەژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕ دەرمانی ستاتینیان بۆ بنوسرێت.
هاوڵاتی تۆماس بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوید ڕۆژی پێنج شەممە لەدوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە، لە لێدوانیکیدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە لەگەڵ تورکیا گفتوگۆکانیان بەرەوپێش چووە وکۆوبونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامداوە. لەبارەی کۆبونەوەکەیانەوە، مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا، وتی سوید هەنگاوی گرنگیان ناوە بۆ جێبەجێ کردنی مەرجەکانمان، بەڵام پێویستی بە کاری زیاترە، هاوکات هەر لەوبارەیەوە تۆماس بیلسترۆم ئاماژەی بەوەدا کە هاوڕایە لەگەڵ داواکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا وهێشتا کاری زۆرتریان لەپێشە کە سوید ئەنجامی بدات بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ. تۆماس بیلسترۆم لە ئەنجامی کۆوبونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، باسی لەوەکرد کە سوید گەمارۆی چەکی لەسەر تورکیا هەڵگرتووە، هەروەها وتیشی هیوادارە بەر لە مانگی حەوت کە تێیدا کۆبونەوەی لوتکەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەدەچێت، تورکیا داواکەی سوید پەسەند بکات بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ. ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی هەریەک لە سوید وفینلاند دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا داوای بوون بە ئەندامیان لە ناتۆ کرد، تورکیا لەکۆی ٣٠ وڵاتی ئەندام دژی داواکەی ئەو دوو وڵاتە وەستایەوە و تۆمەتباری کردن بە لەخۆگرتن وداڵدەدانی چەکدارانی پارتی کرێکارانی پەکەکە وئەندامەکانیان و کۆمەڵێک مەرجی بۆ هەریەک لە سوید وفینلاند دانا لە بەرامبەر پەسەندکردنی داواکەیان لەبارەی بوون بە ئەندامی ناتۆ. جگە لە وڵاتی تورکیا، هاوکات هەنگاریاش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە تاوەکوو ئێستاش داواکەی سوید وفینلاندی پەسەند نەکردبوو بەڵام پەرلەمانی هەنگاریا ڕایگەیاند کە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ داواکەیان بۆ بونە ئەندامی ناتۆ پەسەند دەکات. هاوکات، سەرەتای مانگی کانوونی دووەم سوید پەیوەست بە جێبەجێکردنی داواکانی تورکیا ( مەحمود تات) ئەندامێکی پەکەکەی ڕادەستی تورکیا کردەوە، مەحمود تات سزای ٦ ساڵ وسێ مانگ زیدانی هەبوو لە تورکیا بە تۆمەتی بوون بە ئەندام لە پارتی کرێکارانی کوردستان وساڵی ٢٠١٥ داوای مافی پەنابەری کردبوو لە وڵاتی سوید.
هاوڵاتی لە هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیادا بۆ سەر شاری خێرسۆن بە لایەنی کەمەوە ٧ کەس کوژران ودەیانی دیکەش برینداربوون. ڤلادیمێر زێلینسکی لەبارەی هێرشەکەوە ڕایگەیاند، هیچ یەکەیەکی سەربازی لە ناوچەکە نیە، هاوکات بەهۆی هێرشەکانەوە بیناکانی نێستەجێ بوون و کارگێڕی لەناوەراستی شارەکە زیانیان بەرکەتووە. لەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە بلاوبونەتەوە دیمەنی بریندارەکان وکوژراوەکان دەردەکەون و ئۆتۆمبێلەکان گڕیان گرتووە، هاوکات بیناکانیش زیانیان بەرکەوتووە، ڤلادیمێر زێلینسکی لەبارەی ئەم دیمەنانەوە وتی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەم دیمەنانە بە هەستیار دادەنێین بۆ رێگری لە بڵاوبونەوەیان، بەڵام ئەمانە دیمەنی ڕاستەقینەی ژیانی ئۆکرانیا وئۆکرانیەکانە. خێرسۆن دەکەوێتە باشوری ئۆکرانیا، دوای داگیرکردنی لەلایەن ڕووسیاوە، مانگی ڕابردوو لەلایەن ئۆکرانیاوە دووبارە ئازادکرایەوە، لەوکاتەوە چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە لەو دیو ڕووباری دنیپرۆ شارەکە کراوەتە ئامانج ، سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا بەردەوام ڕەتی کردۆتەوە کە خەڵکی مەدەنی بە ئامانج گرتبێت. سەرۆکی ئۆکرانیا هێرشەکانی بە هەوڵدان بۆ ترساندن و چێژوەرگرتن لە کوشتنی ئۆکرانیەکان وەسفکردووە.
بەهای تمەن بەردەوامە لە دابەزین و هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران بۆ زیاتر لە 40 هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی هەر دۆلارێک بگاتە 50 هەزار تەمەن. نرخی هەر دۆلارێک رۆژی شەممە لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 40 هەزار و 300 تمەن و پێشبینی دەکرێت دابەزینی تمەن لەبەرامبەر دۆلاردا بەردەوام بێتو هاوکات لەگەڵ دۆلار نرخی یەک یۆرۆ گەیشتە 42 هەزار و935 تمەن. پێگەی (ئێقتیساد 24) لە ئێران کە تایبەتە بە شیکردنەوەی ئابوری لە زاری شارەزایانی ئابوریی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ نرخی هەر دۆلارێک لە کۆتایی ئەمساڵدا دەگاتە 50 هەزار تمەن. دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رۆژانە بەهای تمەن لە بەرامبەر زۆربەی دراوەکانی جیهاندا بەردەوام بوە لە دابەزین و بە پێی نوێترین راپۆرتی ئابوریش دراوی تمەن تا ئێستا زیاتر لە 95٪ی بەهاکەی لە بەرامبەر دراوی دۆلاردا لەدەستداوە. لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنی هاوبەشی بازرگانیی ئێران و کەنەدا ئاشکرای دەکات لە ساڵێکدا 70 ملیار دۆلار سەرمایەی وڵاتەکە رەوانەی وڵاتانی جیهان کراوە و بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار جارێکی دیکە سودی بانکیی بەرز بوەتەوە. ئەنجومەنەکە ئاشکرای کردوە کە لە ماوەی ساڵێکدا سەرمایەدارانی ئێران لانیکمە 70 ملیار دۆلار لە سەرمایەکانیان بۆ وڵاتانی دیکە گواستوەتەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردوەتەوە سودی بانکیی وڵاتەکە بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر تمەن لە 20٪ بۆ 21٪ بەرز بوەتەوە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و سزا نێودەوڵەتییەکانەوە ئابوریی ئێران روبەڕوی قەیرانی زۆر ببێتەوە.
هاوڵاتی لە ئیسلام ئابادی پاکستان، لە ئەنجامی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکەوە بەرپرسێکی پۆلیس کوژرا وچەندین بریناری لێکەوتەوە کە لەنێویاندا ٤ پۆلیس هەیە. دوای تەقینەوەکە، تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و وتی " ئێمە بەرپرسیارێتی خۆمان لە هێرشە خۆکوژیەکەی دژی دوژمنانی ئیسلام ڕادەگەێنین" بەپێی وتەکانی سوهەیل زەفار، سەرۆکی هێزەکانی پۆلیسی ئیسلام ئاباد، باسی لەوەکرد کە تەقینەوەکە خۆکوژی بووە وژن وپیاوێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، تەقینەوەکە لە نزیک بارەگایەکی پۆلیس ڕوویداوە دوای ئەوەی خاڵی پشکنینیان تێپەڕاندووە، بەهۆی ئەوەی پۆلیس شوێنیان کەوتووە خۆیان تەقاندتۆتەوە. وەزیری ناوخۆی پاکستان لەبارەی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە پڕبووە لە تەقەمەنی وئامانجێکی تری هەبووە بۆ کردە تیرۆریستیەکە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکە تەقیەوە، وتیشی ئەگەر بگەشتایەتە ئەو شوێنەی کە پلانیان بۆ دانابوو، ئەوا زیانەکانی زۆرتر دەبوو. لەبارەی هێرشەکەوە، سەرۆک وەیزرانی پاکستان، شەهباز شەریف وتی، بەهۆی ئەوەی لە کە پۆلیس لەکاتی خۆیدا توانی کردەکە ئاشکرا بکات، توانیان ڕێگری بکەن لە زیانێکی زۆر وخوێنڕێژیەکی گەورە. ئەم هێرشەی تاڵیبان لە پاکستان لەکاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو، ئاگربەستی نێوان تاڵیبانی پاکستان وحوکمەتی پاکستان کۆتای پێهات، هەروەها هێرشەکە تەنها دوای دوو ڕۆژ لە ڕووبەڕووونەوەی هێزە ئەمنیەکانی پاکستان وتاڵیبان لە بنکەیەکی پۆلیسدا روویدا، کە تێیدا ٣٥ چەکداری تاڵیبان کوژران.
هاوڵاتی لە سەروبەندی دواین ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٢ دا، شەپۆلێکی سەما و زریانی بەهێز ئەمریکای گرتۆتەوە، کە کاریگەری لەسەر ٢٠٠ ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی هەبووە، بەجۆرێک هۆزەکانی ویلایەتی داکۆتای باشور لە ئەمریکا جلوبەرگ دەسوتێنن بۆ خۆ گەرمکردنەوە بەهۆی کەمی سوتەمەنی. بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و زریانی بەهێزەوە کە لە باکور و باشوری ئەمریکا بۆ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی گرتۆتەوە، تا ئێستا لانی کەم ١٢ کەس گیانی لەدەست داوە. هاوکات هەزاران گەشتی فڕۆکەوانی هەڵوەشاونەتەوە و سەدان هەزا سەرنشین لە فڕۆکەخانەکان ماونەتەوە. لە کەنەدا و لە پارێزگاکانی ئۆنتاریۆ و کیوبیک لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە، زریان و پەستانی سەرما بووەتە هۆی پچڕانی کارەبای سەدان هەزار کەس
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە تویتێکدا هاوخەمی خۆی بۆ رووداوەکەی دوێنێی فەرەنسا دەربڕی، ئەوەش دوای هێرشکردنە سەر ناوەندێکی رۆشنبیری کوردی لە فەڕەنسا کە تیایدا سێ کورد کوژران. ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتی تویتهر بڵاویكردهوه، "هاوخەمی خێزانی قوربانیانی هێرشەکەی دوێنێم کە کرایە سەر سەنتەرێکی کوردی لە پاریس" وتیشی ، "لەم ڕۆژە ناخۆشەدا بیرم لە لای کۆمەڵگەی کوردی و خەڵکی فەڕەنسایە " ئەم تویتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە رۆژی هەینی، 23-12-2022، پیاوێکی تەمەن ٦٩ساڵ لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقەی لە ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کرد و لە ئەنجامدا سێ هاونیشتمانی کوژران و سێ کەسی دیکەیش برینداربوون. هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هێرشەکەی پاریس و کوژرانی سێ کورد، سەرەخۆشی لە کوردانی فەرەنسا کرد و رایگەیاند، "کوردەکانی فەرەنسا لە نێوەندی شاری پاریس بوونە ئامانجی هێرشێکی دڕندانە و دڵمان لای قوربانییان، برینداران و خێزان و کەسوکارەکانیانە."
ئەڵمانیا رایگەیاند بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران ئاسانکاریی بۆ هەناردەکردن و سەرمایەی نێودەوڵەتی لە دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە راگرەتوە. وەزارەتی ئابوریی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ئەو ئاسانکاریی و دڵنیاییانەی کە دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی بۆ هەناردە و وەگەڕخستنی سەرمایەی نێودەوڵەتیی لە ئێران ئێران کراو،ە سەرجەمیان رادەگیرێن ئەوەش وەک سزایەک دژی سێدارە و سەرکوت لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە. بە پێی بەیاننامەکە، ئەڵمانیا چیتر ئاسانکاریی ناکات بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی و سەرمایەدارانی جیهان هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەشی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن. وەزارەتی ئابوریی رونی کردوەتەوە لە ساڵی 2016 و دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 وڵاتی، ئەڵمانیا لە روی ئابورییەوە ئاسانکاریی کردوە بۆ هەناردە و وەگەڕخستنی سەرمایەیەی بیانی لە وڵاتە بەڵام بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و سەپاندنی سزای سێدارە لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سەرجەم ئەو ئاسانکارییانە جارێکی دیکە هەڵدەپەسێردرێن. ئەڵمانیا جەختی کردوەتەوە ئەو سزایانە کەرتی تەندروستی و ئەو بوارانە ناگرێتەوە کە پەیوەندیی بە مافەکانی مرۆڤەوە هەیە. بڕیارەکەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە 43 پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە داوایان کردوە بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا.
هاوڵاتی فیفا لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن چەند کەسێک بەبێ ئەوەی مۆڵەتییان هەبووبێت توانیویانە لە دوای کۆتا یاری مۆندیالی ٢٠٢٢ بچنە ناو یاریگاوە، یەکێک لەو کەسانەش نوسرەت گۆکچەیە. نوسرەت گۆکچە کە خاوەنی زنجیرەیەک رێستۆرانتە و بە شێوازی پرژاندنی خوێ بەناوبانگە، لە یاری کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٢دا و دوای ئەوەی ئەرجەنتین لە فەڕەنسای بردەوە، چووە ناو یاریگاوە و لەگەڵ یاریزانان و جامەکەدا وێنەی گرت. بەرپرسێکی فیفا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی BBCی بەریتانی، رایگەیاند: "لێکۆڵێنەوەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی کە هەندێک کەس دوای رێوڕەسمی جامی جیهانی، چۆن بەبێ مۆڵەت، چوونەتە ناو یاریگاوە، دەستپێکردووە. بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر". بەگوێرەی یاساکانی فیفا تەنها یاریزانانی هەڵبژاردەی براوە، دەستەیەکی هەڵبژێردراو لە بەرپرسانی فیفا و سەرۆکی وڵاتان، دەتوانن جامی جیهانی بەرز بکەنەوە.
هاوڵاتی لەو کارەسات و رووداوانەی بەهۆی بەفربارینی چڕەوە لە ناوچە جیاجیاکانی ژاپۆن روویان دا، هەشت کەس گیانیان لەدەست دا و ٤٥ی دیکەش برینداربوون. تەلەڤیزیۆنی فەرمی ژاپۆن "NHK" بڵاوی کردووەتەوە کە لە کۆتایی هەفتەوە بەفربارین کاریگەریی نەرێنی لەسەر ویلایەتەکانی باکوور و خۆرئاوای وڵات دروستکردووە. بەگوێرەی راگەیەندراوی ئاژانسی کارەسات و ئاگرکوژێنەوە لە ژاپۆن (Shobocho)، لەو کارەسات و رووداوانەی بەهۆی بەفربارینی چڕەوە روویان داوە، لەسەرتاسەری وڵات هەشت کەس گیانیان لەدەست داوە و ٤٥ی دیکەش برینداربوون. بەفربارین پچڕانی کارەبا و وەستانی خزمەتگوزاری شەمەندەفەری خێرای لێکەوتەوە. بەرپرسانی کەشناسی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەستووری بەفر لە ناوچەکانی شیمانە، هێرۆشیما، کۆچی و هۆکایدۆ لە سەرووی ئاستی ئاسایی وەرزییەوەیە و پێشبینی دەکرێت بەفربارین بەردەوام بێت. هەر بەهۆی کاریگەریی بەفربارینەوە جەنجاڵی هاتوچۆ لەسەر رێگاوبانەکان دروست بوو. لەو ویلایەتانەی هاوسنوورن لەگەڵ دەریای ژاپۆن (دەریای خۆرهەڵات)، بانگەوازی خەڵک کرا کە پێشوەختە خۆراکە سەرەتاییەکانی خۆیان دابین بکەن و ئەگەر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە.
هاوڵاتی کۆنگرێسی ئەمریکا لە نوێترین بەدواداچونیدا بۆ ئەو هێرشانەی ساڵی رابردوو کرابوویە سەر دامەزراوەی کاپیتۆڵی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوی وڵاتەکەی وەکو "ئاژاوەگێڕ" تۆمەتبارکرد، پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا شکستی هێنا و ئەنجامی پێویستی بەدەستنەهێنا. لیژنەی تایبەتمەند بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی لەبارەی هێرشەکانی سەر کۆنگرێس، راپۆرتێکی ٨٤٥ لاپەڕەیی ئامادەکردووە، تۆمەتەکانی هێرشەکە بەتەواوی دەخاتە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، کە پێشتر کاندیدی کۆمارییەکان بوو بۆ هەمان پۆست، بەڵام لە بەرامبەر جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەدا شکستی هێنا. لە رۆژی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، لە پاش راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم کاپیتۆڵ گوتارێکی بۆ دەنگدەرەکانی پێشکەشکرد، دواتر پشێوی دروستبوو، خەڵکەکە بەچەکەوە هێرشیانکردە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس. یەکێک لە راسپاردەکانی راپۆرتەکەی کۆنگرێس، ئەوەیە لە داهاتوودا بەدەستهێنانی پۆستی گشتی لە دۆناڵد ترەمپ قەدەغە بکرێت، چونکە "کاری ئاژاوەگێڕیی ئەنجامداوە"، ئەگەرچی ناوبراو لەماوەی رابردوو هەنگاوەکانی دەستپێکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی داهاتوو دژی کۆمارییەکان و بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا. لیژنەکەی کۆنگرێس بۆ ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە ١٨ مانگ کاریان کردووە و ١٠ کۆبوونەوەی گشتییان ئەنجامداوە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ هەزار شایەتحاڵ ئەنجامداوە، کە لەنێویاندا بەرپرسان و کاربەدەستانی ئیدارەکەی ترەمپ، ئەندامانی خێزانی ترەمپ، ئەفسەرانی پۆلیسی کاپیتۆڵ، دەستگیرکراوەکان و تۆمەتبارەکان...هتد، هەبوون. لە بەشێکی راپۆرتەکەدا لیژنەکە ئاماژەیان بە تویتێکی ترەمپ کردووە، کە لە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بڵاوی کردووەتەوە و نوسیویەتی: "ناڕەزایەتییەکی گەورە لە دی سی لە ٦ی کانوون بەڕێوەدەچێت و لەوێ بە"، بەو شێوەیە هانی هەوادارەکان و دەنگدەرەکانی داوە لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا پشێویی دروست بکەن، چونکە چەندین جار بە ئاشکرا وتبووی ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکەدا کراوە.
هاوڵاتی لە رووداوێکی تەقەکردندا لە نێوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا لانیکەم دوو کەس کوژران و چوار کەسیش برینداربوون دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە پاریسی پایتەختی فڕەنسا روداوێکی تەقەکردن لەنزیک ناوەندی کلتوری کوردیی ئەحمەد کایا رویدا و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە ئەنجامدا دو کەس کوژراون و چوار کەسی دیکەش برینداربون. بەگوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە گومانلێکراوێکی هێرشەکە لەلایەن هێزەکانی ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و لەئێستاشدا لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە. هەروەها تۆڕی تەلەفزیۆنی فەرەنسی بی ئێف ئێم تیڤی بڵاویکردەوە, ڕووداوی تەقەکردنەکە لە دەوروبەری ناوەندێکی کلتوری کوردی ڕوویداوە، هاوکات ئیمانوێل گرێگۆیر جێگری سەرۆکی شارەوانی شارەکە لە تویتێکدا نووسی "بیرمان لای خێزانی قوربانی و هەموو ئەو کەسانەیە کە ئەم ڕوداوەیان بینیوە". دوکاندارێکی نزیک لە ڕوداوەکەش بە ئەی ئێف پی گووت کە گوێیان لە دەنگی حەوت یان هەشت فیشەکبووە" وتی "زۆر ترساین و خۆمان لەناو دوکانەکەدا شاردەوە". فەرمانگەی داواکاری گشتیش ڕایگەیاند،پیاوێکی گومانلێکراوی تەمەن 69 ساڵ لەسەر ڕوداوەکە دەستگیرکراوە.
هاوڵاتی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، ڤۆلکەر تورک دانوستانکاری مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەگرتووەکان رایگەیاند، لەسەر حکومەتی بەریتانی پێویستیە پێداچوونەوە بە پلانەکانی ناردنی پەنابەران بکات بۆ رواندا بکات. ڤۆڵگەر تورک دانوستانکاری مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا ڕایگەیاند ،پێویستە حکومەتی بەریتانیا بەم بڕیارەیدا بچێتەوە چونکەلەگەڵ ئەوەی بڕیارەکە لە ڕووی یاسایی و ئەخلاقییەوە کێشەی هەیە ئەنجامدانی کارێکی قورسە. وتیشی، "تۆ ناتوانیت بەرپرسیارەتی خۆت دوور بخەیتەوە و بیکەیتە سەر شانی دەوڵەتێکی تر بەو شێوەیەی کە لە لایەن حکومەتی بەریتانیاوە پێشبینی دەکرێت" هەروها ئەم کارە "نیگەرانییەکی زۆر جدی دروست دەکات، هەم لە ڕوانگەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و هەم لە ڕوانگەی یاسای پەنابەری نێودەوڵەتیەوە". ئەوەشی ڕونکردەوە، "کە ئامڕازو ڕێگەی دیکە هەیە بۆ ڕێگریکردن لە پەنابەران، وپێدانی مافی پەنابەری بەو کەسانەی کە شایەنین بەڵام پرۆگرامی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا هیچکام لەمانە ناکات". ئەم قسانەی دانوستانکاری مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەگرتووەکان دوای ئەوەدێت، بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ راواندا لە لایەن دادگای باڵای بەریتانیاوە بە یاسایی دانرا. لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 40 هەزار کەس بە بەلەمی بچووک چونەتە بەریتانیاوە،هاوکات هەفتەی ڕابردوو چوار کەس مردن دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە کەناری کێنت تووشی گرفت بوو نقوم بوو.
هاوڵاتی کۆشکی سپی ڕایگەیاند گروپێکی چەکداری کە یارمەتی ڕوسیا دەدات لە جەنگی دژی ئۆکرانیادا چەکی لە کۆریای باکور کڕیوە و کۆریای باکوریش ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە. رۆژی پێنجشەممە 22-12-2022، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ،"بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا سوورن لەسەر ئەوەی کە کۆریای باکوور چەکی بە گروپی ڕاگنەر فرۆشتووە کە جۆرەکانی مووشەک و تۆپهاوێژی تێدا بووە. وتیشی،"ئێمە باوەڕمان وایە ناردنی ئەو چەکانە بۆ ئەو گروپە کاریگەری لەسەر ڕێڕەوی جەنگی ئۆکرانییا دروست ناکات،بەڵام نیگەرانین لەوەی کە کۆریای باکور لە پلانیدایە کەلوپەلی سەربازی زیاتر بنێرێت بۆ ڕوسیا" میدیای فەرمیی کۆریا لەبارەی هەواڵەکەوە ئەمڕۆ هەینی ئەو تۆمەتانەی ئەمەریکای بە تەواوی ڕەتکردەوەو بە "بیردۆزێکی بێبنەما ناوی برد" . هەروەها کۆشکی سپی نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە زیادبوونی بەشداری واگنەر لە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیادا بە تایبەتی لە ناوچەی دۆنباسی ڕۆژهەڵات . کیربی وتی لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراودا بەرپرسانی سەربازی ڕووسیا تەنانەت "ملکەچی فەرمانەکانی واگنەر دەبن". لیندا تۆماس گرینفیڵد نێردەی ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەم کارەی ڕوسیای بە "چەپەڵ" ناوبرد و وتی " ڕوسیا ئەندامی هەمیشەیی ڤیتۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەشداری کردووە لە سەپاندنی سزاکان ئێستا ئەو چەکانە بەکاردەهێنێت کە لە کۆریای باکوور و ئێرانەوە وەریدەگرێت بۆ ئەوەی جەنگ دژی ئۆکرانیا درێژە پێبدات". جۆن کێربی لەبارەی ئەو هێزەوە دەڵێت: ژمارەی سەربازەکانی گرووپی واگنەر 50 هەزار کەسە کە 10 هەزاریان سەربازی لێهاتوون و 40 هەزار کەسیشیان تۆمەتباری هەڵاتووی بەکرێگیراون. جەیمس کڵێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەو بارەیەوە دەڵێت، بەریتانیا لەگەڵ ئەمریکا هاوڕایە و ئەو کارەی گرووپی واگنەر ئەنجامیداوە پێشێلکاریی یاساکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە. کڵێڤەرلی دەشڵێت، کڕینی چەک لە کۆریای باکوور لەلایەن پووتینەوە ئەوە نیشاندەدات رووسیا "کڵۆڵ و دابڕاوە." جێگەیباسە، گرووپی واگنەر لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمەتبارکراون بە چەندین پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری ئەفریقا و لە پێشوودا بەوە ناویان دەرکردبوو کە لە جەنگی سووریادا "رۆڵێکی تووندوتیژ"یان هەبووە لە دژی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو وڵاتە.
هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات. جۆرجیا میلۆنی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات، هەروەها بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی سەربازەکانی ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. ئەم گەشتەی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا وەک نەریتێکی ساڵانەیە، کە لە کریسمسدا سەردانی سەربازانی وڵاتەکەی دەکات، هاوکات ئەمساڵ ئەو سەربازانە بەسەردەکاتەوە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن. جێگەی باسە ئیتاڵیا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەندامە لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و چەندین ھاوکاری و پاڵپشتی پێشکەشی عێراق و ھەرێم کردووە. بەپێی راپۆرتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش، ئیتاڵیا ٩٠٠ سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و ھەرێم ھەیە کە مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن.