هاوڵاتی دەزگای کەشناسی بەریتانیا پێشبینی دەکات ساڵی ٢٠٢٣ بەراورد بە ٢٠٢٢ گەرمتر دەبێت. بەپێی پێشبینیەکانی کەشوهەوا پلەکانی گەرما بۆ ماوەی دە ساڵە لەسەریەک یەک پلەی سیلیزی لەسەروو ئاستی مامناوەندیەوەیە، هەروەها باسیشی لە کاریگەریەکانی مرۆڤ لەسەر گەرمبونی زەوی کرد. هەروەها بەڵگە زانستیەکان باس لەوە دەکەن کە گۆڕانەکانی کەشوهەوا هۆکاری سەرەکی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرمان، لە ئێستادا پلەکانی گەرما 1.1 پلەی سیلیزی گەرمترن بەبەراورد بە پلەکانی گەرما لەماوەی پێش شۆڕشی پیشەسازی و سوتاندنی ئەو بڕە زۆرەی سوتەمەنی بەردین کە بووە هۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمای بەرگەهەوا. هاوکات بەهۆی مەترسیەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئاستی جیهان حوکمەتەکان لەهەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازەژەهراویەکان وەک گازی CO، ئەمەش بەمەبەستی هێشتنەوەی پلەکانی گەرما لەژێر 1.5 سەدی.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 کۆتایی پێهاتوە و رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی. بە پێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاو کراوەتەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گردبونەوەیەکی جەماوەریدا لە وەڵامی هاوڵاتییەکی خەڵکی ئێران و دانیشتوی ئەمریکا دەڵێت: بەزۆر هۆکار ناتوانم مەرگی رێککەوتنی ئەتۆمیی بە فەرمی راگەیەنم بەڵام ئەو رێککەوتنە مردوە و کۆتایی پێهاتوە. ئەو لە بەشێکی دیکەدا وتوشیەتی: ئەزانن کە دەسەڵاتی ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نوێنەرایەتیی خەڵکی ئەو وڵاتەیان پێناکرێت بەڵام نابێت ئەو دەسەڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی. بڵاوبونەوەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمیی لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئێران هەوڵی رازیکردنی ئەوروپا دەدەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ڤیەننا بە مەبەستی چاڵاککردنەوەی رێککەوتنەکە بە تایبەت کە چارەنوسی فرۆشتنی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتەکە بەو رێککەوتنەوە بەستراوەتە. جۆزێپ بۆڕێل: هەوڵەکانمان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبێت بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا: رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی
هاوڵاتی وەزیری باڵای پەروەردەی ئەفغانستان خوێندنی زانکۆی لە ژنان قەدەغەکرد و پێشبینی ئەکرێت بڕیارەکە دەستەبەجێ جێبەجێ بکرێت. بەپێی نوسراوێکی فەرمی وەزیری باڵای پەروەدەی ئەفغانستان، چیتر ژنان بۆیان نیە لە زانکۆکان لەخوێندن بەردەوام بن،هەروەها ڕاشیگەیاند پێشبینی ئەکرێت بڕیارەکە دەستەبەجێ جێبەجێ بکرێت. ئەم بڕیارەی وەزیری پەروەردە لەکاتێکدایە کە سێ مانگ لەمەوبەر ژنان و کچان لە ئەفغانستان تاقیکردنەوەیان بۆ وەرگرتن لە زانکۆ ئەنجامدا، سەرەڕای ئەوەی کە چەند بەشێکی وەک ئەندازیاری، پزیشکی ئاژەڵان، کشتوکاڵ و ڕۆژنامەگەری بەتووندی سنوردارکرابوون. هاوکات دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتەوە دەست لە ئەفغانستان، دەرگای چونە ژوورەوەی زانکۆ و هەروەها پۆلەکانی خوێندن لەنێوان ژن و پیاودا جیاکرانەوە و خوێندکارە ژنەکانیش تەنا بۆیان هەبوو لەلایەن مامۆستا پیاوە بەتەمەنەکانەوە یاخود مامۆستای ژنەوە وانە بخوێنن.
نەتەوەیەکگرتوەکان ئەندامانی دەستەی لێکۆڵینەوە لە راستی روداوەکانی ئێرانی دەستنیاشان کرد کە هەر سێ کیان ژنن و لە روی یاساییەوە خاون پێگەن لە جیهاندا. ئەو سێ ژنە بریتین لە سارا حسێن، خەڵکی بەنگلادش و یەکێکە لە ناودارترین ژنانی یاسایی جیهان کە سەرۆکایەتیی دەسەتەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان دەکات، دوەم شاهین سەردار عەلی، خەڵکی پاکستنان و مامۆستای یاسایە لە زانکۆکانی بەریتانیا، ئەو دەیان دۆسیەی تاوانی نێودەوڵەتیی یکلایی کردوەتەوە، سێیەم ڤیڤیانا کریستیچڤیچ بە رەچەڵەک ئارژانتینی کە بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی داد و مافە نێودەوڵەتییەکان (CEJIL)ـیە. شارەزایانی یاسایی دوای دەستنیشانکردنی ئەو سێ ژنە رایانگەیاندوە هەنگاوەکەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ دەستنیشانکردنی سێ خانمی بەهێز لە بواری یاسای نێودەوڵەتیدا رونە و پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر سەرکوت و سێدارەی گەنجان لە ناڕەزایەتییەکان لاواز دەبێت و تەنانەت دور نییە ئەوە هەنگاوێک بێت بۆ کۆتایی دەسەڵاتی ئێستای وڵاتەکە. لە 35ەمین کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بەهۆی توندوتیژیی دەسەڵاتی ئێران دژی ناڕەزایەتییەکان و خەڵکی ئەو وڵاتە بڕیاریدا بە دروستکردنی دەستەیەک بۆ ئاشکراکردنی دەیان دۆسیەی توندوتیژیی و پێشێلکاریی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە بەرامبەردا تاران رایگەیاند بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی ئەو دەستە ناکەن و رێگە نادەن بێنە وڵاتەکەوە.
هاوڵاتی جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان لەگەڵ ئێران بەردەوامی دەبێت بۆ دووبارە چالاککردنەوەی ڕێکەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران. ئەمڕۆ کۆنفڕانسی بەغدا لە ئوردن بەڕێوەچوو، لە میانەی کۆنفڕانسەکەدا جۆزێپ بۆرێڵ وتی، لەگەڵ وەزیری دەرەوە ئێران، ئەمیر عەبدوڵاهیان کۆبونەتەوە و باسیان لە هەوڵەکانیان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکە کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا داوایان کردووە ئێران دەستبەجێ سەرکوتکاری و توندوتیژیەکانی سەر خۆپیشاندەران ڕابگرێت. هەروەها سەرکۆنەی ئێرانیشی کرد لەبەرامبەر پێشێلکاری و سەرکوتکاریەکانی ئێران و هاوکاریکردنی ڕووسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکرانیا، بەتایبەت بەهۆی پێدانی درۆنی ئێرانی بە ڕووسیا. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەبارەی ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەوە وتیشی، پێویستە ڕێکەوتنەکە بەپێی گفتوگۆکان و ڕێکەوتنەکەی ڤییەنا بێت و هەروەها داوای کردووە جگە لە گرژیەکانی ئێران، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران باسیان لە ڕاگرتنی هاوکاریەکانی ئێران بۆ ڕووسیا کزدووە. ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران ساڵی ۲٠١٥ لەنێوان ئێران و هەر پێنج وڵاتی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان کە هەریەک لەوڵاتانی ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا و بەریتانیا و چینە، لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ڤییەنا ئیمزاکرا بۆ بۆ ڕێگریکردنی ئێران لە بەدەسهێنانی چەکی ئەتۆمی؛ بەڵام ساڵی ۲۰۱٨ لەسەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ ، ئەمریکا لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ بومولەرزەیەک لە باشووری کالیفۆرنیا بە گوڕی ٦.٤ روویدا، بەهۆی بومەلەرزەکەوە لەناوچەی هامبوڵت زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس بێ کارەبا بوون ودوو کەسیش برینداربوون. بەپێی ڕاپۆرتی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا، سەرلەبەیانی رۆژی سێسەممە کاتژمێر ٢:٣٤ خولەک لە باشوری کالیفۆرنیا، بومەلەرزەیەک بە نزیکەی ٢٤ مایل لە دووری کەناراوەکانی شاری یوریاکای روویداوە و تیایدا زیاتر لە ٧٠ هەزار کەس بێ کارەبا بوون ودوو کەسیش برینداربوون. میدیا ناوخۆییەکانیش لەبارەی زیانەکانی بومەلەرزەکەوە ئاماژەیان بەوەدا، بومەلەرزەکە بووەتە هۆی دزەکردنی غاز و تێکدانی سیستەمی کارەبا، هەروەها لەسەرانسەری پارێزگای هامبوڵت کارەبا بڕاوە، لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیسی فێرنداڵ بەهۆی درزبردنی پردێک لە پارێزگاکە ڕێگاکەیان داخست. بەهۆی زیانگەیاندی زۆر بە سیستەمی ئاو و غاز وکارەبا، بەرپرسانی ناوچەی هامبوڵت داوایان لە هاوڵاتیان کرد کە سیستەمی ئاو وغازی ماڵەکانیان بپشکنن ودڵنیابنەوە لەوەی کە دزەیان نەکردووە. سەنتەری نیشتیمانی هۆشیاری تسونامیس دەڵێت، " بومەلەرزەکە پێشبینی نەکرابوو".
هاوڵاتی: سەرۆکی ڕووسیا گەیشتە بیلاڕووسیا و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی بیلاڕووسیا تاوتوێی جەنگی ئۆکرانیا بکەن دوای زیاتر لە ٣ ساڵ ونیو، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا دوێنێ گەیشتە شاری مینسکی بیلاڕووسیا و لە لایەن لۆکاشینکۆی سەرۆکی بیلاڕووسەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی ئینتەرفاکس کە پشت بەست بە ڕاگەێدنراوی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بڵاوی کردۆتەوە، سەردانەکەی سەرۆکی ڕووسیا و لۆکاشینکۆ بۆ گفتوگۆکردنە دەربارەی بەهێزکردن وبەرگری هەردوو وڵات لەبەرامبەر فشار وسزاکانی ڕۆژئاوا. بەگوێرەی وتەکانی دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین بڕیارە لە کۆبونەوەکەدا بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کە هەیە پوتین تاوتوێی پرسە سەربازیەکانیش بکات لەگەڵ سەرۆکی بیلاڕووس. بڕیاریشە هەریەک لە سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری ڕووسیا و ڤیکتۆر خرێنین وەزیری بەرگری بیلا ڕووس بەشداری کۆبونەوەکە بن. ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی زانیاریەکانی وەزارەتی دەرەوە لە مۆسکۆ، لاڤرۆڤ لەگەڵ سێرگی ئەلینیک کە تەنها چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پۆستی وەزیری دەرەوەی وەرگرتووە، سەبارەت بە جەنگی رووسیا دژ بە ئۆکرانیا گفتوگۆیان کردووە. فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئۆکرانیاش، سێرهی نایڤ پێش هاتنی پوتین بۆ بیلارووس، بیلاڕووسی بەوە تاوانبارکرد کە لەلایەن ڕووسیاوە فشاری لێدەکرێ بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی زیاتری سەربازی دژ بە ئۆکرانیا و وتی، " لە کۆبونەوەکەدا پرسی دەستدرێژی زیاتر بۆ سەر ئۆکرانیا و بەشداریکردنی بەرفراوانی هێزەکانی بیلاڕووس لە ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئۆکرانیادا دەخریتە سەرمێزی گفتووگۆ. هاوکات هەریەک لە بیلاڕووس و کریملین ئەم تۆمەت ودەنگۆیانەیان ڕەتکردۆتەوە وبە بێ بنەما وەسفیانکردووە. لەسەرەتای جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا، ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕووس ڕێگەی بۆ مۆسکۆ کردەوە کە وڵاتەکەی وەک دەروازەیەک ومەیدانێکی جەنگ دژ بە ئۆکرانیا بەکاربهێنێت، ئەمەش پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی بەهێزترکردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی کە ڤلادیمێر پوتین پستگیریەکی زۆری بۆ لۆکاشینکۆی سەرۆکی بیلاڕووس دەربڕی لەکاتی خۆپیشاندان وگرژیەکانی ساڵی ٢٠٢٠ کە دژ بە حوکمەت کرا. هاوکات، ئەم سەردانەی پوتین لە دوای ساڵی ٢٠١٩ و پێش بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و شەپۆلی ناڕەزاییە توندەکانی بیلارووسی دژ بە حکومەت، یەکەم سەردانی ڤلادیمێر پوتینە بۆ بیلارووس.
سێ وڵاتی رۆژئاوا ئێران تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دەڵێن بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی. وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند بەهۆی ئەو پێشلکاریانەی ئێران لە رێککەوتنی ئەتۆمی و یاسای 2231ی نەتەوەیەکگرتوەکان دەیکات، ئێران لە هەمو کاتێک زیاتر پێگەی نێودەوڵەتیی خۆی لەدەستداوە. ئەو سێ وڵاتە لە بەیاننامەکەیاندا داوایان کردوە ئێران هاوکاریی روسیا لە جەنگی ئۆکرانیا نەکات و چەک رادەستی گروپە چەکدارە شیعەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نەکات. ئەو سێ وڵاتە کە هاوکات بەشداربوی رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان و ئێران و وڵاتانی 5+1ن جەختیان لەوە کردوەتەوە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران لە ئێستادا مایەی نیگەرانییە لە جیهان بە تایبەت کە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ 60٪ بەرز کردوەتەوە. بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە کۆتایی بەیاننامەکدا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە دەبێت ئێران پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمیی بێت و هاوکات ئەو سێ وڵاتەش رێگە نادەن تاران بە هێچ شێوەیەک بۆمب و چەکی ئەتۆمیی دروست بکات. بەیاننامەکەی ئەو سێ وڵاتە لە کاتێکدایە دوێنێ دوشەممە کەمال خەرڕازی، راوێژکاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێیەم لوتکەی تاران رایگەیاند وڵاتەکە توانای ئەتۆمیی بەهێزی هەیە بەڵام ئامانجی دروستکردنی بۆمبی نییە.
هاوڵاتی لە ئەمریکا، لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ی هەڵکوتانەسەر کۆنگرێس، پێشنیازی تاوانبار کردنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ-ی بۆ وەزارەتی داد کردووە. لیژنەکە، ئەمڕۆ لە دوایین دانیشتی ئاشکرایدا تاوتوێی ئەو راپۆرتەی کرد کە ٢١ی کانوونی یەکەم لە دەنگدانی کۆتاییدا بۆ رای گشتی بڵاوی دەکاتەوە. ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، جامی راسکین لە گوتارێکیدا لە دانیشتنەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بەڵگانەی لیژنەکە بەدەستی هێناوە لەگەڵ لایەنە یاساییەکان بەشدارییان پێکردووە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەری هەیە ترەمپ تاوانی وەکو "درووست کردنی کاریگەری لەسەر یاخی بوونەکە، هاوکاری کردنی یاخی بوون و ئامادە کردنی کەش بۆی"، "هەوڵدان بۆ رێگری کردن لە پرۆسەیەکی فەرمی"، "پیلان گێڕی بۆ تێکدانی سستەمی ئەمریکا"ی ئەنجامدابێت. لەو دەنگدانەی کە لە لیژنەکە ئەنجامدرا، بە دەنگی تەواوی هەر نۆ ئەندامەکە ئەوە پەسەند کرا کە دەبێت پێشنیازی وەزارەتی داد بکرێت کە ترەمپ بەم تاوانە تاوانبار بکات. بە ئەگەرێکی زۆر چاوەروانی ئەوە دەکرێت کە ئەو پێشنیازەی لیژنەکە ئاراستەی وەزارەتی داد-ی کردووە هەر بە رەمزی بمێنێتەوە. وەزارەتی داد، ناچار نییە هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی ئەو پێشنیازانە بکات کە لە لیژنەکانەوە پێشکەشی دەکرێت و لێکۆڵینەوەی خۆی لەسەر رووداوەکانی ٦ی کانوونی دووەم بەڕێوەدەبات. لەلایەکی دیکەوە، لیژنەکە پێشنیازی گرتنەبەری رێوشوێنی رێکاری لە دژی سەرۆکی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، کێڤن ماک کارتی و ئەندامەکانی دیکەی کۆمارییەکان پێشکەش کردبوو.
هاوڵاتی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا وەزیری بەرگری پۆڵەندا، ماریۆز بلاسچاک ئاشكرایكرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتی ئەڵمانی لە خۆرهەڵاتی وڵاتهكهیان جێگیر دەکرێت. لەمیانی لێدوانێکدا بۆ رادیۆیەکی وڵاتهكهی، ماریۆز بلاسچاک ئاماژهی بهوهكرد، دوای ئەوەی مانگی رابردوو مووشەکێک له خۆرهەڵاتی پۆڵەندا کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا، حکوومەتی ئەڵمانیا پێشنیازی پێشكهشكردنی سیستمی پاتریۆتی بۆ وارشۆ کردووە. بلاسچاک ئاماژهی بهوهش كرد، هیوادارن دۆخێکی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە و رایگهیاند: "سیستمهكان لە ناوچەی لوبلین خۆرهەڵاتی پۆڵەندا، لەسەر سنووری ئۆکراینا جێگیر دەکرێن". سهرنجی بۆ ئهوهش راكێشا ئەو مووشەکەی له خاکی پۆڵەندا کەوتووهته خوارهوه، چەند چرکەیەک لە ئاسمانی وڵاتهكهدا ماوەتەوە و رایگهیاند: "ههربۆیە رێگریکردن لە رووداوێکی لەوشێوەیە ئێجگار قورسە. ئەم جۆرە سیستمانە ئەگەر لە رۆژئاوای ئۆکرانیا جێگیر بکرێن، کاریگەرتر دەبن". رۆژی ١٥ی تشرینی دووهم، مووشەکێک كه سهرچاوهكهی نهزانرابوو، له گوندی پرزێودۆوی پۆڵەندا لهسهر سنووری ئۆکرانیا کەوته خوارهوه و بههۆیهوه دوو كهس گیانیان لهدهستدا.
ئەمریکا رایگەیاند پشتگیریی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەکەن و داواکاران وڵاتانی دیکەی جیهان پشتیوانیی ئەو ناڕەزایەتییانە بکەن. نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەربڕی و جەختی لە مافە رەواکانی خەڵکی ئەو وڵاتە کردەوە و وتیشی کار دەکەن بۆ دابینکردنی ئازاد بۆ دانیشتوانی ئێران بە هاوکاریی ئەوروپا . پرایس ئاماژەی بەوەکردوە دەسەڵاتی ئێران بە ئامانجی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان دنیشتوانی وڵاتەکە لە ئینتەرنێت بێبەش دەکات بۆ ئەوەی لە جیهان دایانبڕێت بۆیە واشنتۆن لەو بوارەدا چی لەدەست بێتم، دەیکات. ئەوە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکان لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تەواوەتی روبەڕوی فیلتەر و سنوردارکردنەوە بوە و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش رایانگەیاندوە بەمزوانە پڕۆژەی تۆڕی ئینتەرنێتی ناوخۆی دەخەنە بوار جێبەجێکردنەوە و ئەوەش وا دەکات دانیشتوانی ئەو وڵاتە بە تەواوەتی لە جیهانی دەرەوە داببڕێن.
هاوڵاتی گۆڤاری دێر شپیگل "Der Spiegel" بڵاوی کردەوە کە لەوانەیە کێشەکانی سوپای ئەڵمانیا لە بوارەی کەرەستەی سەربازیی و لۆجستییەوە، ببێتە مایەی جێبەجێ نەکردنی ئەرک و بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ناتۆ کە ئەوەیش ئۆپەراسیۆنەکانی ناتۆ لە داھاتوودا، پەک دەخات. راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زرێپوشەکانی "Puma" سەربە سوپای ئەڵمانیا لە میانی مەشقە سەربازییەکاندا، بەرەوڕووی کێشەی تەکنیکی بوونەتەوە و تا ئێستا، ١٨یان لەکارکەوتوون. بڕیاربوو مانگی داھاتوو، ئەو زرێپۆشانەی فیرقەی ١٠ی تانکەکان سەربە ھێزی ئەرکە ھاوبەشەکانی باڵای ناتۆ (VJTF) جێگیر بکرێن. سەرۆکی ئەرکانی بەرگریی ئەڵمانیا، ئیبرھاد زۆرن لە تویتێکدا دانی بەوەدا ناوە کە کێشە لە کەرەسەتە سەربازییەکانی سوپای وڵاتەکەیدا ھەیە و رایگەیاندووە کە سوپای ئەڵمانیا زنجیرەیەک رێوشوێن بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و بەڵێنەکانی بەرامبەر بە ناتۆ دەگرێتەبەر. ئیبرھاد زۆرن نووسیوویەتی: "ھەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی دووبارە زرێپوشەکانی Puma بۆ کارکردن ئامادە بکەینەوە". ئاماژەی بەوەیشداوە کە سوپای ئەڵمانیا لەگەڵ شارەزایانی پشەسازیی بەرگریی لە پەیوەندیدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ەوە ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر بە ناتۆ جێبەجێ دەکات. میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، سوپای ئەڵمانیا پلانی داناوە کە لە ساڵی داھاتوودا، ئۆتۆمبێلە کۆنە سەربازییەکانی "Marder" لە ھێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا سەربە ناتۆ جێگیر بکات.
هاوڵاتی ئهنجامی دهنگدان بۆ مانهوهی ئیلۆن ماسک وهك بهڕێوهبهری تویتهر راگهیهندرا و 57%ی بهكارهێنهران داوا دهكهن ئیلۆن ماسک دهستبهرداری پۆستهكهی ببێت و 42% بهكارهێنهرانیش لهگهڵ ئهوهدان له پۆستهكهی بمێنێتهوه. ئیلۆن ماسک لەو رۆژەوەی تویتەری کڕیوەتەوە تا ئێستا، لەگەڵ زۆرێک لە بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بەتایبەتی کارمەندانی کۆمپانیاکە و ئەوانەی ریکلامی تیادا دەکەن کێشەی هەیە، تویتێکی کرد و تیایدا پرسیاری ئەوەی کرد، ''پێویستە وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر دەستلەکار بکێشمەوە؟ پابەندی دەرەنجامەکانی ئەم راپرسییە دەبم." لە ڕاپرسییەکدا کە درەنگانی رۆژی یەکشەممە لە ماڵپەڕەکەدا بڵاویکردەوە، زیاتر لە 10 ملیۆن کەس دەنگیان بە دەستلەکارکێشانەوەی ئیلۆن ماسکدا لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تویتەرداوه كه دهكات رێژهی 57%ی بهشداربوان، هاوكات 43% دەنگیان بە نەخێر دهنگیانداوه. لە کاتژمێرەکانی پێشتردا رێژەی ئەوانەی لەگەڵ جیابوونەوەی ئیلۆن ماسک بوون گەیشتە سەرو ٪٥٨. لە دوایین پۆستی ئەو بازرگانە کە نزیکەی سێ کاتژمێر لەمەوبەر بڵاویکردەوە، رایگەیاند، ''ئەوانەی دەسەڵات دەخوازن، ئەوانەن کەمترین شایستەی دەسەڵاتن". زیاتر لە 17 ملیۆن دەنگ لە دهنگدانهكهدا بهشداریان كردوه، بەڵام ئەو ملیاردێرە کە تەنها 50 ڕۆژ پێش ئێستا کۆمپانیاکەی کڕیوە و خۆی وەک سەرۆکی ناساندوه، دوپاتیکردوەتەوە، كه ئامادهیه دهستبهرداری پۆستهكهی ببێت.
هاوڵاتی دادگەی باڵای بەریتانیا لەسەر پرسی ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ رواندا بڕیاری دا و رایگەیاند ئەو پرۆسەیە "کارێکی یاساییە." رۆژی دووشەممە، 19ی کانوونی یەکەمی 2022، دادوەرانی دادگەی باڵای بەریتانیا بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیاندا لەبارەی بەرنامەی ناردنی کۆچبەران بۆ رواندا و رایگەیاند: "ئەوە کارێکی یاساییە." دادوەری دادگای باڵای بەریتانیا، کڵایف لویس، وتی بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا کە وڵاتێکی ئەفریقاییە یاساییە وئاساییە کە لەگەڵ وڵاتی ڕواندا ئەو ڕێکەوتنە بکرێت. کلایف لویس لەبارەی پڕۆسەی ناردنی پەنابەرانەوە ڕایگەیاندووە بەپێی ڕێکەوتنی مافەکانی مرۆڤ کە لەساڵی ١٩٨٨ دەرکراوە وهەروەها لەگەڵ پەیڕەوی حوکمەت ویاساکانیش یەکدەگرێتەوە. لەکاتی خوێندنەوەی بڕیارەکە، کڵایف لویس، دادوەری دادگەی باڵای بەریتانیا رایگەیاند، ئەوە پرۆسەیەکی یاساییە کە حکومەتی بەریتانی لەگەڵ حکومەتی رواندا رێکبکەوێت، بۆ ناردنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە و لەوێ هەڵسەنگاندن بۆ کەیسی کۆچبەرەکان بکرێت. ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت کە سهناک ڕایگەیاند، كه رێگریکردن لە خەڵک لە داوای مافی پەنابەری لە بریتانیا لە پێشینەی کارەکانیدا. هاوکات ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە دێت، کە پرسی ناردنی کۆچبەران ڕووبەڕووی سکاڵایەکی زۆر بۆوە کە وا بڕیاربوو لەمانگی حوزەیران پەنابەران بنێردێنە ڕواندا، بەڵام جێبەجێکردنی بڕیارەکە بەهۆی سکاڵاکانەوە ڕاگیرابوو. هەروەها ئینڤەر سێلمان سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجومەنی پەنابەران بێئومێدی لەبڕیارەکەی دادگای باڵا دەردەبڕێت و دەڵێت ئەمە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ناوبانگی بەریتانیا وەک وڵاتێک کە بەها بە مافەکانی مرۆڤ دەدات سێلمان ئەوەشی زیاد کرد کە ئەم پلانە لە پرەنسیپدا هەڵەیە و لە بواری پراکتیکدا کاری پێناکرێت و دەبێتە هۆی "تەنگەژیەکی گەورە" بۆ پەنابەران" لەوانەش گەنجەکان کە زۆر نیگەران دەبن و لە هەندێک حاڵەتدا زیان بە خۆیان دەگەیەنن"
هاوڵاتی بەهۆی بەرزبونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا پەروردەی شەنگەهای فەرمانی کرد دەرگای قوتابخانەکان دابخرێن ودووبارە خوێندن بکرێتەوە بە ئۆنلاین، ئەم بڕیارە سەرجەم دایەنگا و قوتابخانەکان دەگرێتەوە. لە بڕیارەکەدا هاتووە تەنها ئەو منداڵانەی کە توانایان نیە بە ئۆنلاین بخوێنن یان ئەو منداڵانەی کە ناچارن لەدایەنگەکان چاودێری بکرێن مۆڵەتیان پێدەدرێ لە قوتابخانەکان ودایەنگاکان بمێننەوە. هاوکات لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەهۆی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان کە داوایان ئەکرد ڕێوشوێنەکانی کەرەنتینە سوک بکرێن، حوکمەتی چین بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی ڕێکارەکانی خۆپارێزی وئاساییکردنەوەی کاروبارەکان لە چین؛ بەڵام ئەمە بووە هۆی دووبارە بەرزبونەوەی حاڵەتەکانی کۆرۆنا. بەپێی ئامارەکان بەهۆی کەمکردنەوەی ڕێکارە خۆپارێزیەکان لەچین، رێژەی توشبوون بە کۆرۆنا، زیاتر بووە بە بەراورد لەگەڵ مانگی نیسان. بەپێی داواکاریەکەی بەرپرسانی پەروەردەی شەنگەهای کە گەورەترین شاری چینە، بڕیاری داخستنی دایەنگاکان و خوێندنگەکان تاوەکوو ١٧ی کانونی دووەم بەردەوام دەبێت.