هاوڵاتى ‌ئه‌مڕۆ یه‌ک شه‌ممه‌ 7 ى ئازار نرخى نه‌وتى خاو له‌بازاره‌کانی جیهاندا به‌رزبووته‌وه‌و به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى برێنت نزیکه‌ له‌ 70 دۆلار.  نرخى به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى برێنت به‌ 69 دۆلار و 54 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هه‌روه‌ها نرخى به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئه‌مه‌ریکى(ته‌کساس) به‌ 66 دۆلار و 26سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هاوکات، نرخى به‌رمیلێک نه‌وتى ئۆپێک پڵه‌س به‌ 62 دۆلارو 15 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت به‌قازانجێکى زۆر ده‌شکێته‌وه‌ بۆ وڵاتانى ئۆپێک پڵه‌س و سودێکى زۆرى بۆ داهاتى حکومه‌تى عێراق و هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌ که‌ به‌رێژه‌ى له‌سه‌دا 85% پشت به‌داهاتى نه‌وتى فرۆشراو ده‌به‌ستن.

هاوڵاتى كۆمسیۆنی ئه‌وروپا رایگه‌یاند: كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر مافه‌كانی ژنان له‌ئه‌وروپا و جیهان هه‌بووه‌. كۆمسیۆنی ئه‌وروپا له‌راپۆرتێكدا به‌بۆنه‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی  رۆژی جیهانی ژنان، راشیگه‌یاند كه‌ ژنان له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا ده‌بن و زۆرترین ئێش و ئازاریش رووبه‌ڕووی ئه‌وان ده‌بێته‌وه‌. ڤێرا یۆرۆفا، جێگری سه‌رۆكی كۆمسیۆنی ئه‌وروپا هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی راپۆرته‌كه‌وه‌ راگه‌یاند كه‌ ئاماژه‌یداوه‌ به‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسی یه‌كسانی له‌نێوان ژن و پیاودا له‌وڵاتانی یه‌كێتییه‌كه‌داو وتی: پێویسته‌ له‌سه‌ر كاركردنمان له‌پێناو هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی به‌رده‌وام بین، وتیشی: یه‌كێتیی ئه‌وروپا پرسی ژنی كردۆته‌ پێشه‌نگی به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ لێكه‌وته‌كانی په‌تاكه‌.    راپۆته‌كه‌ی كۆمسیۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌  كه‌ په‌تای كۆرۆنا كێشه‌ی نایه‌كسانی له‌نێوان پیاوان ژناندا له‌سه‌رجه‌م كایه‌كان و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئه‌وروپا و ده‌ره‌وه‌یدا قووڵتر كردۆته‌وه‌، روونیشی ده‌كاته‌وه‌، یه‌كێك له‌و كێشانه‌، ئه‌و شه‌پۆلی توندوتیژییه‌یه‌ كه‌ ڕووی له‌وڵاتان كردووه‌، له‌نموونه‌ی ئه‌و ڵاتانه‌ش، وڵاتی فه‌ڕه‌نسایه‌ كه‌ ته‌نها له‌هه‌فته‌ی یه‌كه‌می كه‌ره‌نتینه‌ی سه‌رانسه‌ریدا، حاڵه‌ته‌كانی توندوتیژی به‌ڕێژه‌ی 32% به‌رزبۆته‌وه‌) هه‌روه‌ها له‌وڵاتی لیتوانیا، له‌سێ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می كه‌ره‌نتینه‌ی سه‌رانسه‌ریدا، توندوتیژی به‌ڕێژه‌ی 20% به‌رزبوه‌ته‌وه‌. پێش هاتنی رۆژی جیهانی ژنان له‌جیهاندا، كۆمسیۆنی ئه‌وروپا كه‌ ئۆرسۆلا ڤۆن دیر لاین سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكردۆته‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ رێژه‌یه‌كی كه‌م له‌ ژنان له‌بڕیاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا به‌شدار ده‌بن، له‌ 87 وڵاتدا له‌ 85%ی تیمه‌كانی حكومه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا پیاوان سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كات، كه‌17 وڵاتیان ئه‌ندامی یه‌كێتیی ئه‌وروپان.

هاوڵاتى ‌ڕێکخراوى CPT ئه‌مریکى بۆ حکومه‌تى هه‌رێم له‌ راپۆرتێکیدا له‌باره‌ى سزادراوانى رۆژنامه‌وانانى بادینان هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت:"دادگاکانى کوردستانى عێڕاق، له‌ ڕێگه‌ى به‌کارهێنانى یاساوه‌، قسه‌کردن له‌گه‌ڵ کۆنسۆڵخانه‌ى ئه‌مریکاو ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ مافى مرۆڤ، به‌ کارى سیخوڕى له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات". ڕاپۆرتێک ده‌رباره‌ى دادگاییکردنه‌که‌ى ڕۆژى ١٦ى شوباتى ٢٠٢١ ى ڕۆژنامه‌وانان و چالاکانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى ده‌ڤه‌رى بادینان: شێروان شێروانی، شڤان سعید، ئه‌یاز که‌ره‌م، هاریوان عیساو گوهدار زێباری. پوخته‌ له‌ به‌روارى ١٦ى شوباتى ٢٠٢١، دادگاى تاوانه‌کان هه‌ولێر به‌ تۆمه‌تى "سیخوڕیکردن" و "پیلانگێڕى بۆ ئه‌نجامدانى کارى تێکده‌رانه‌ و چالاکى دژ به‌ سه‌قامگیرى و ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی"، به‌ پشتبه‌ستن به‌ مادده‌ى ١ له‌ یاساى ژماره‌ ٢١ى ساڵى ٢٠٠٣ى په‌رله‌مانى کوردستان،  پێنج ڕۆژنامه‌وانى سه‌ربه‌خۆ و چالاکى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى به‌ تاوانبار له‌ قه‌ڵه‌مدا. هه‌ریه‌ک له‌ ڕۆژنامه‌وانان شێروان شێروانی، ئه‌یاز که‌ره‌م و گوهدار زێبارى و چالاکوانان شڤان سه‌عید و هاریوان عیسا به‌ شه‌ش ساڵ زیندانى سزادران.  ئه‌ندامانى تیمه‌کانى بوونیاتنه‌رى ئاشتی، که‌ ڕێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تییه‌ بۆ مافى مرۆڤ، له‌ ڕۆژانی١٥ و ١٦ ى شوباتى ٢٠٢١چاودێرى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى دادگایى کردنه‌که‌ بوون. سى پى تى نیگه‌رانى قوڵى له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى ئه‌م  پرۆسه‌ دادگاییکردنه‌ نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌ له‌لا دروستبووه‌. که‌ هیچ به‌ڵگه‌و هۆکارێکى قایلپێکه‌ر له‌ناو هۆڵى دادگادا پێشکه‌شنه‌کرا که‌ سزاکه‌یان بسه‌لمێنێ.   به‌م بڕیاره‌ دادگا ئه‌وه‌ى سه‌لماند، که‌ قسه‌کردن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تییه‌کانى کۆنسۆڵخانه‌ى گشتى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌رباره‌ى بارودۆخى مافى مرۆڤ تاوانى سیخوڕین، که‌ ئه‌مه‌ مه‌ترسسیه‌ بۆ سه‌ر چالاکى و تواناى به‌رگریکارانى مافى مرۆڤ که‌ کاریگه‌رانه‌ له‌م ووڵاته‌دا کارده‌که‌ن.   له‌م ڕاپۆرته‌دا ئه‌و به‌ڵگانه‌ باسیان لێوه‌ده‌کرێت که‌ پێشکه‌ش به‌ دادوه‌ر کران و له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ڕاده‌وه‌ستین که‌ به‌ پشتبه‌ستن پێیان، دادوه‌ر سزاى شه‌ش ساڵ زیندانی، بۆ هه‌ریه‌ک له‌ شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، شڤان سعید، ئه‌یاز که‌ره‌م و هاریوان عیسا ده‌رکرد.  

هاوڵاتى  پاپا فرانسیس، پاپاى ڤاتیکان له‌شارى ئور له‌پارێزگاى زیقار وتارێکى پێشکه‌شکرد و وتی" تیرۆر ئایین ده‌قۆزێته‌وه‌و ئێمه‌ ده‌بێت رێگرى له‌وانه‌ بکه‌ین که‌ کرده‌وه‌کانیان به‌ ئایین ده‌پۆشن".  پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ى ئازارى 2021، پاپا فرانسیس، پاپاى ڤاتیکان گه‌یشته‌ شارى مێژوویى ئور له‌ پارێزگاى زیقار و ڕایگه‌یاند:" ئامانج له‌سه‌ردانیکردنم بۆ شوێنه‌ ئاینیى و مێژوییه‌کان بۆ پشتیوانیکردنه‌ له‌ فره‌ ره‌نگى ئاینیی، ئازادى بیروڕا و بۆچونى ئاینی،  ده‌مانه‌وێت پارێزگارى له‌و شوێنانه‌ بکرێت، چونکه‌ کاتێک تیرۆر هێرشده‌کاته‌سه‌ر شوێنه‌ پیرۆزه‌کان ده‌یه‌وێت به‌شێک له‌مێژوى ئاینییش بسڕێته‌وه‌". هه‌روه‌ها وتیشی" ئیمان پێکه‌وه‌ کۆمان ده‌کاته‌وه‌و تیرۆر و توندوتیژى له‌ ئایینه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ناگرن، تیرۆر، ئایین ده‌قۆزێته‌وه‌و ئێمه‌ ده‌بێت رێگه‌ له‌وانه‌ بگرین که‌ ئایین وه‌ک رۆپۆشێک ده‌قۆزنه‌وه‌. برایه‌تیمان پاڵمان پێوه‌ده‌نێت بۆ ئه‌وه‌ى مرۆییانه‌ بژین". هاوکات، پاپا ئاماژه‌ى به‌ قوربانییانى ئێزدییه‌کان کرد و وتی" سه‌دان که‌س له‌ ئێزدییه‌کان مردن و مامه‌ڵه‌ى خراپیش له‌گه‌ڵ زۆرێکیاندا کرا، به‌تایبه‌ت منداڵه‌کانیان".  دوێنێ هه‌ینى پاپا فرانسیس به‌سه‌ردانێک گه‌یشته‌ به‌غدادى پایته‌ختى عێراق و له‌لایه‌ن مسته‌فا کازمی، سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌ پێشوازیى لێکرا و له‌ یه‌که‌م دیداردا له‌گه‌ڵ کازمى کۆبووه‌وه‌ و له‌ کۆشکى سه‌لامى سه‌رۆکایه‌تیى کۆماریش وتارێکى پێشکه‌شکرد، هاوکات بڕیاره‌ سبه‌ینێ یه‌کشه‌ممه‌ ٧ى ئازار سه‌ردانى هه‌ولێر بکات.    

هاوڵاتى ‌نوسینگه‌ى عه‌لى سیستانی، مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌کان رایگه‌یاند، له‌کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى نێوان عه‌لى سیستانى و پاپا فرانسیس پاپاى ڤاتیکان باس له‌و ئاسته‌نگییه‌ گه‌ورانه‌ کراوه‌ که‌ روبه‌ڕوى مرۆڤایه‌تى بونه‌ته‌وه‌. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ى ئازارى 2021، نوسینگه‌ى عه‌لى سیستانی، مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌کان له‌راگه‌یه‌نراوێکدا بڵاویکرده‌وه‌، عه‌لى سیستانى پێشوازى له‌ پاپا فرانسیس پاپاى کاسۆلیکى و سه‌رۆکى ده‌وڵه‌تى ڤاتیکان کردووه‌، له‌دیدارێکدا باس له‌و ئاسته‌نگییه‌ گه‌ورانه‌ کراوه‌ که‌روبه‌ڕوى مرۆڤایه‌تى له‌م سه‌رده‌مه‌دا بونه‌ته‌وه‌، له‌گه‌ڵ باوه‌ر به‌ خوا، په‌یامه‌کانى و پابه‌ندون به‌ بنه‌ما ئه‌خلاقییه‌ به‌رزه‌کان. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ که‌" سیستانى له‌و دیداره‌دا باسى له‌و گرفتانه‌کردوه‌ که‌ له‌زۆرێک له‌وڵاتاندا بونى هه‌یه‌ له‌وانه‌ش سته‌مکاری، هه‌ژاری، سته‌م له‌سه‌ر بنه‌ماى جیاوازى ئاینی، پێشێلکردنى ئازادییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کان و نه‌بونى دادپه‌روه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تی". هاوکات سیستانى ئاماژه‌یکردووه‌  به‌وه‌ى زۆرێک له‌گه‌لانى ناوچه‌که‌ به‌ده‌ست جه‌نگ، توندوتیژی، ئابڵوقه‌ى ئابورى و هه‌ڵمه‌ته‌کانى کۆچپێکردن ده‌ناڵێنن، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا دۆخى گه‌لى فه‌ڵه‌ستین له‌سه‌ر خاکى داگیراویدا. نوسینگه‌ى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌کان ئه‌وه‌ى خستۆته‌روو سیستانى باسى له‌کاریگه‌رى رێبه‌رانى ئاینیى کردووه‌ بۆ سنوردانان بۆ نه‌هامه‌تییه‌کان به‌ گرتبه‌رى چاره‌سه‌ره‌ دانایى و عه‌قڵانییه‌کان له‌جێگه‌ى شه‌ڕو ناکۆکی و داواى چڕکردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌کانى کردووه‌ بۆ چه‌سپاندنى ئاشتى و هاوسۆزى مرۆڤایه‌تى له‌سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگاکاندا له‌گه‌ڵ رێزگرتن له‌بیروبۆچون و ئاینه‌ جیاوازه‌کان.  

هاوڵاتى ئه‌مشه‌و نرخى نه‌وتى خاو له‌بازاره‌کانى جیهاندا به‌رزبووته‌وه‌و به‌رمیلێک نه‌وتى برێنت نزیکه‌ له‌ 70 دۆلار. له‌ئێستادا به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى برێنت به‌ 69 دۆلارو 41 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هه‌روه‌ها به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(ته‌کساس) به‌ 66 دۆلارو 44 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت بۆ دووه‌مجار له‌مرۆ هه‌ینیدا پاش بریاره‌که‌ى وه‌زاره‌تى نه‌وتى سعودیه‌ هات تا کۆتایى مانگى نیسان ملیۆنێک به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ که‌مده‌کاته‌وه‌. سعودیه‌ یه‌کێکه‌ له‌وڵاتانى به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وت و ئه‌ندامى رێکخراوى ئۆپێکه‌و بریاره‌ دواى مانگى نیسان گفتوگۆ بکرێت له‌سه‌ر زیادکردنى به‌رهه‌مو هه‌نارده‌ى نه‌وتى ناو.  

هاوڵاتى دواینیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پاپاى ڤاتیکان گه‌یشته‌ به‌غداد له‌ کۆشکى سه‌لام له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک کۆمارى عێراقه‌وه‌ پێشوازى لێکرا. دواى ئه‌وه‌ى له‌ کۆشکى کۆمارى له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک کۆمارى عێراق پێشوازى له‌ پاپاى ڤاتیکان کرا، له‌ پێشکه‌شکردنى وتارێکدا سه‌رۆک کۆمارى عێراق ڕایگه‌یاند" عێراقییه‌کان شانازى به‌وه‌ده‌که‌ن که‌ ئه‌وان بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ له‌ شاره‌ فره‌ ره‌نگه‌کانیاندا ژیاون". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" مسوڵمان و سابیئه‌ و جوله‌که‌ بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ پێکه‌وه‌ ژیاون و برایانه‌ له‌ یه‌ک شار و یه‌ک گه‌ڕه‌کدا ده‌ژین، هه‌روه‌ها کڵێساکان دراوسێى مزگه‌وت و حوسێنییه‌کانن، تیایدا ده‌نگى زه‌نگ و هه‌روه‌ها بانگه‌کان له‌ ئاسمانى عێراق یه‌کده‌گرنه‌وه‌". لاى خۆیه‌وه‌ پاپا فرانسیس له‌کۆشکى سه‌رۆکایه‌تى وتارێکى پێشکه‌شکرد و تێیدا جه‌ختى له‌سه‌ر پاراستنى برایه‌تى و یه‌کڕیزى گه‌لانى عێراق کرده‌وه‌ و وتی" پێویسته‌ جیاوازییه‌کان بکه‌ینه‌ سه‌رچاوه‌ى تێگه‌یشتن له‌یه‌کترى و گه‌شه‌کردنى کۆمه‌ڵگا". راشیگه‌یاند" پێویسته‌ گوێ له‌هاوڵاتیان بگیرێت و جیاوازییه‌کانى یه‌کترى قبوڵبکه‌ین، پێویسته‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌کان بخه‌ینه‌ لاوه‌، به‌سه‌ توندوتیژى و یه‌کتر کوشتن". بڕیاره‌ پاپا له‌سه‌ردانه‌که‌یدا چاوى به‌ دیارترین مه‌رجه‌عه‌کانى شیعه‌ له‌ عێراق بکه‌وێت، له‌ناویاندا عه‌لى سیستانى، هه‌روه‌ها به‌ پێى ئه‌جێنداى سه‌ردانه‌که‌ى چه‌ند ناوچه‌یه‌کى عیراق به‌سه‌رده‌کاته‌وه‌و دواتر روو له‌ هه‌رێمى کوردستان بکات.  

هاوڵاتى ‌نرخى نه‌وتى خاو له‌ بازاڕه‌کانى جیهانیدا به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ و به‌رمیلێک نه‌وتى برێنت گه‌یشته‌ 68 دۆلار ئه‌مڕۆ هه‌ینى 5ى ئازارى 2021، به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى برێنت به‌ 68 دۆلارو سێ سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هه‌روه‌ها به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(رۆژئاواى ته‌کساس) به‌ 64 دۆلارو 98 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هاوکات به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به‌ 62 دۆلارو 18 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى نه‌وتى خاو له‌جیهاندا پاش بڕیاره‌که‌ى وه‌زاره‌تى نه‌وتى سعودیه‌ هات که‌ بریاریدا تا کۆتایى مانگى نیسانى داهاتوو هه‌نارده‌ى نه‌وت رۆژانه‌ ملیۆنێک به‌رمیل که‌مبکاته‌وه‌.    

هاوڵاتى ‌ژماره‌یه‌ک له‌ کۆنگرێسمانه‌کانى ئه‌مریکا داواکارییه‌کانیان بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ئێران دووپاتده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌و وڵاته‌ به‌ هۆکارى تێکچوونى سه‌قامگیرى ناوچه‌که‌ داده‌نێن. به‌پێى هه‌واڵى میدیا ئه‌مریکییه‌کان، ئه‌ندامانى کۆنگرێسى ئه‌مریکا له‌ ھه‌ردوو پارتى کۆمارى و دیموکراته‌کان جارێکى دیکه‌ داوا ده‌که‌ن لێپرسینه‌وه‌ له‌ ئێران بکرێت، به‌رامبه‌ر به‌ پێشێلکردنى مافى مرۆڤ و ناسه‌قامگیرکردنى ره‌وشى وڵاتانى ناوچه‌که‌. تۆم ماکلینتوک ئه‌ندامى کۆمارییه‌کان ده‌ڵێت، ده‌بێت ئیداره‌که‌ى جۆ بایدن لێکۆڵینه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دابمه‌زرێنێت له‌سه‌ر پێشێلکارییه‌کانى ئێران که‌ ماوه‌ى چوار ده‌یه‌یه‌ به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا سه‌لمێندراوه‌. مانگى رابردوو 112 ئه‌ندامى کۆنگرێسى ئه‌مریکا پرۆژه‌ بریارێکیان پێنشیازکرد سه‌باره‌ت به‌ پشتگیرى کۆنگرێس بۆ ئێرانێکى دیموکرات و عه‌لمانى و ئیدانه‌کردنى پلانه‌ توندره‌وه‌کانی.

هاوڵاتى جارێکى دیکه‌ نه‌وتى خاو به‌رزده‌بێته‌وه‌ له‌ بازاره‌کانى جیهاندا و نزیکده‌بێته‌وه‌ له‌ 64 دۆلارو 50 سه‌نت.  ئه‌شمه‌و نرخى به‌رمیلێک نه‌وتى برنت به‌ 64 دۆلار و 35 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هه‌روه‌ها به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى رۆژئاواى ئه‌مریکا(ته‌کساس) به‌ 61 دۆلارو 55 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت. هاوکات به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به‌ 61 دۆلارو 98 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت    

هاوڵاتى ‌پاپا فرانسیس پاپاى ڤاتیکان رایگه‌یاند، سه‌ڕه‌راى هێرشه‌ موشه‌کیه‌که‌ى سه‌ر سه‌ربازگه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌د، سه‌ردانه‌که‌ى بۆ عێراق هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه‌. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3ى ئازارى 2021، ئاژانسى فرانس پرێس بڵاویکرده‌وه‌، پاپا فرانسیس جه‌ختى له‌سه‌ر سه‌ردانه‌که‌ى بۆ عێراق کردوه‌ته‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى هێرشه‌ موشه‌کیه‌کانى ئه‌مڕۆى سه‌ر سه‌ربازگه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌د. ئه‌و ئاژانسه‌ هیچ زانیاریه‌کى دیکه‌ى له‌باره‌ى وته‌کانى پاپا و هه‌ڵوێسته‌کانى له‌باره‌ى هێرشه‌ موشه‌کیه‌کان و روداوه‌ ئه‌منیه‌کانى عێراق نه‌خستوه‌ته‌ڕو. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 10 موشه‌ک ئاڕاسته‌ى بنکه‌ى سه‌ربازى عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ پارێزگاى ئه‌نبارکران که‌ هێزه‌کانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى تێدا جێگیرکراوه‌ و هیچ ورده‌کارییه‌ک له‌باره‌ى زیانه‌کانى هێرشه‌که‌ نه‌خراوه‌ته‌روو. بڕیاره‌ پاپا فرانسیس رۆژى 5ى ئازار له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى فیومیتچینۆى رۆماوه‌ به‌سه‌ردانێک بگاته‌ فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌غدا و بۆ ماوه‌ى سێ رۆژ بمێنێته‌وه‌.  به‌پێى به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌که‌ش، پاپا ده‌چێته‌ نه‌جه‌ف و پاشانیش رو له‌ پارێزگاى هه‌ولێر ده‌کات و چه‌ند ناوه‌ندێکى تایبه‌ت به‌ مه‌سیحیه‌کان به‌سه‌رده‌کاته‌وه‌. هاوکات له‌ یاریگاى فه‌ره‌نسو حه‌ریرى له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ 10 هه‌زار کریستیاندا نوێژو دوعا ده‌که‌ن.  

هاوڵاتى سه‌رۆکى ڕێکخراوى وڵاته‌ هه‌نارده‌کاره‌کانى نه‌وت ناسراو به‌ ئۆپێک مژده‌ى ئه‌وه‌ ده‌دات که‌ دواى ئه‌وه‌ى به‌هۆى که‌مبوونه‌وه‌ى خواست له‌سه‌رى به‌هۆى کۆرۆنا، بازاڕى نه‌وت هاوسه‌نگى خۆى بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى ئازارى 2021، دیامانتینۆ ئۆزیفیدۆ، سه‌رۆکى ڕێکخراوى ئۆپێک رایگه‌یاند:" نه‌وت به‌شێوه‌یه‌کى ڕێژه‌یى جێگیره‌ و خواست له‌سه‌ر نه‌وت و خستنه‌ڕوو تاڕاده‌یه‌کى زۆر هاوسه‌نگن". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:"به‌ دڵنیاییه‌وه‌ خواست له‌سه‌ر نه‌وت زیاد ده‌کات، ئه‌وه‌ش به‌هۆى دابه‌شکردنى ڤاکسینه‌کانى دژه‌ کۆرۆنا له‌ جیهاندا و بازاڕى نه‌وت باڵانسى خۆى به‌ده‌ستده‌هێنێته‌وه‌". به‌رمیلێک نرخى نه‌وتى برێنت به‌ 63 دۆلارو 57 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌کرێت، به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى رۆژئاواى ئه‌مریکا(ته‌کساس) به‌ 60 دۆلارو 69 سه‌نته‌.  

کاکەلاو عەبدولڵا لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا لەژێر سەرپەرشتی ئیدارەی بایدن دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، بەڵام بەهێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی تاران لەسوریا ئەو پەیامەی گەیاند کەناهێڵێت «بریکارەکانی چیان پێ خۆشبێت لەهەرێمەکەدا ئەنجامی بدەن». بۆ یەکەمجار لەژێر سەرپەرشتی جۆو بایدن، ئەمریکا گورزی خۆی وەشاند لەئێران و لەچەند هێرشیکی ئاسمانیدا چەند گروپێکی سەر بەئێرانی لەسوریا کردە ئامانج. هێرشەکان لەبەرەبەیانی ٢٦ی مانگی رابردوو ئەنجامدران و وەڵامێک بوون بۆ هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر لە ١٥ی هەمان مانگ کەبووە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێک و بریندابروونی نۆ بەڵێندەری تر لەگەڵ سەربازێکی ئەمریکی لەبنکەی هاوپەیمانان لەفرۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر. «ئێمە دڵنیاین ئەو ئامانجەی پێکامان لەلایەن هەمان ئەو میلیشیا شیعانەوە بەکاردەهێنران» کەهێرشەکانی هەولێریان ئەنجامدا، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا دوای هێرشەکان وای وت. هێرشەکانی ئەمریکا چەند دامەزراوە و بنکەیەکی سەربازیی کردە ئامانج لەناوچەی ئەبوکەمال کەدەکەوێتنە نێوان سنوری سوریاو عێراق. بنکەکان سەر بە کەتائیبی حزبوڵا و کەتاییبی سەید ئەلشوهەدا بوون کەدوو گروپی سەر بەحەشدی شەعبین. روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە (٢٢) سەرباز لەهەردوو گروپ لەهێرشەکاندا کوژراون. پەیامی هێرشە ئاسمانییەکە بەپێی وتەی شارەزایان، هێرشەکەی واشنتن پەیامێک بوو بۆ ئێران کە رێگە نادات نیازپاکی ئیدارەی بایدن بقۆزێتەوەو بریکارەکانی هەرشتێکیان بوێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامی بدەن. پۆڵ ئادەمز، شیکەرەوە لە (بی بی سی نیوز) نووسیویەتی، «هێرشەکان پەیامێکە بۆ ئێران کە : تەنها لەبەرئەوەی ئامادەی دانیشتنین لەگەڵتان مانای ئەوە نییە بریکارەکانت لەهەرێمەکەدا چیان بوێت بیکەن». دوای (٢٤) کاتژمێر لەئەنجامدانی هێرشەکە، جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لەوەڵامی پرسیارێکدا کەئایا پەیامی هێرشەکەی چی بوو رایگەیاند، «ناکرێت بەجۆرێک رەفتار بکەیت کە وابزانیت لێی قوتار دەبیت، ئاگاداربن». سباستیان رۆبڵن، ستووننوسی گۆڤاری (فۆربسی ئەمریکی)، لەوتارێکدا نووسیویەتی: پەیامی ئیدارەی بایدن سەبارەت بەهێرشەکەی ئەبوکەمال دوو مەبەستی هەبوو: بۆ ئەوەی پیشانی بدات سزای هەر هێرشیکی کوشندە دەدات بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا. «بەڵام بەشێوەیەک وەڵامی دەبێت کەهاوئاست بێت بەهیوای ئەوەی کە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران زیندوو ببێتەوە». سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشەکەی ئەمریکای ئیدانە کردو بە «شەڕەنگێزی نایاسایی» وەسفی کرد. بایدن و رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ یەکێک لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی جۆو بایدن  گەڕانەوەی ئەمریکا بوو بۆ رێککەوتنی چەکی ئەتۆمی ئێران کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لەساڵی ٢٠١٨ لێی کشایەوەو سزای ئابوریی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە. ئەوەی تائێستا روونە هیچ لایەکیان ئامادەی ئەوە نین دانیشتن لەگەڵ یەک ئەنجامبدەن بەوپێیەی واشنتن داوای ئەوە دەکات ئێران پابەندی تەواوەتی خۆی بە رێککەوتنەکەوە بکات لەکاتێکدا تاران داوای ئەوە دەکات دەبێت لەپێشدا هەموو سزا ئابورییەکانی لەسەر هەڵبگیرێت. لە ١٩ى شوباتى ٢٠٢١، نێد پرایس وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا، رایگه‌یاند ئه‌مریکا «بانگهێشتنامه‌ی» وڵاته‌ ئه‌ندامه‌ هه‌میشه‌ییه‌کانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان قبوڵ ده‌کات بۆ کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و گفتوگۆکردن له‌سه‌ر رێگاچاره‌یه‌کى دیپلۆماتى له‌سه‌ر پرۆگرامى ئەتۆمی ئێران. لەناوەڕاستی مانگی رابردوودا ئێران هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌یکرد که‌ده‌ستپێگه‌شتنى لێکۆڵه‌رانى ئاژانسى وزه‌ى ئه‌تۆمى نێوده‌وڵه‌تى سنوردار ده‌کات بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌وزه‌ى ناوکى وڵاته‌که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانى رێککه‌وتنه‌که‌ى ٢٠١٥ په‌یوه‌ستییه‌کانى خۆیان جێبه‌جێ نه‌که‌ن. له‌سه‌ره‌تاى ساڵى ٢٠٢١شه‌وه‌ تاران پیتاندنى یۆرانیۆمى گه‌یانده‌ له‌سه‌دا ٢٠%، که‌ئه‌مه‌ش سه‌رپێچییه‌و به‌پێى رێککه‌وتنه‌که‌ ته‌نها له‌سه‌دا ٣.٦٧% رێگه‌ی پیدراوه ‌یۆرانیۆم بپیتێنێت. بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ ئاژانسەکە، ئێران ماوەی سێ مانگی بۆ لێکۆڵەران درێژ کردەوە تا بتوانن لەلێکۆڵینەوەکانیان بەردەوام بن، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی چەندین پەرلەمانتار کەپرۆژەیاساکەیان تێپەڕاندبوو بۆ قەدەغەکردنی لێکۆڵینەوەی ئاژانسەکە لەدامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. لەنێوخۆی ئێراندا، دوو بۆچون دروست بوون، کە یەکێکیان دەیەوێت وڵاتەکە زیاتر تووند بێت و خاڵەکانی رێککەوتنەکە زیاتر پێشێلبکرێت و ئەویتریش دەیەوێت کە نەرمی پیشانبدات. رۆژنامەی رۆژانەی ئێران، کە لەحەسەن رۆحانی سەرۆکی ئیرانەوە نزیکە، لەستوونێکدا باس لەوەدەکات: ئەوانەی دەڵێن دەبێت ئێران کردەی توند بگرێتەبەر لەسەر رێککەوتنەکە، دەبێت ئەوەش بڵێن کەگەرەنتی چییە ئێران دیسان وەک رابردوو بەتەنها بەجێناهێڵرێت. ئەم ستوونە دوای رێگەپێدانی حکومەتی ئێرانە بەلێکۆڵەرەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بۆ سێ مانگی تر بڵاوکرایەوە. لەلایەکی ترەوە رۆژنامەی رۆژانەی کەیهان، کەسەرنوسەرەکەی لەلایەن عەلی خامنەییەوە دەستنیشانکراوە، رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد بەبڵاوکردنەوەی ئەوەی کە رێککەوتنەکە «بەبێ بەشداری و بۆچوونی ئەنجومەنی ئاسایشی باڵای نیشتمانی ئامادە نەکراوە». میر جاودەنیفەر، مامۆستا لەناوەندی هەرزیلە لەئیسرائیل، بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە کە «ئابوری ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکا، کۆڤید-١٩، هەروەها گەندەڵییەوە زۆر خراپی لێ بەسەرهاتووە، بۆیە ئەگەر بایدن یەکەم هەنگاو بنێت بەلابردنی بەشێک لەسزاکان... خامنەیی ئامادە دەبێت کەبگاتە رێککەوتنێک لەگەڵی». دوای بوونی جۆو بایدن بەسەرۆکی ئەمریکا چی گۆڕاوە لەسیاسەتی کۆشکی سپی بەرامبەر ئێران سیاسەتی کۆشکی سپی بەرامبەر ئێران گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەدیوە دوای دۆناڵد ترەمپ و هاتە سەرتەختی جۆو بایدن بەوپێیەی سزاکانی سەردەمی سەرۆکی پێشوو هێشتا ماون و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران هێشتا باش نین. بەپێی وتەی شیکەرەوان، ئەوەی جێی سەرنجە کەئیدارەی بایدن وەک ئیدارەی پێشوو هەڵەشە نییە لەبەرامبەر تاراندا، ئەمەش دوای هێرشە ئامسانییەکە دەرکەوت بۆ سەر ناوچەی ئەبوکەمال لەسوریا. «وادیارە واشنتن جیاوازییەکی روون دەردەخات بە بەراورد بەکردە هەڵەشەییەکانی ئیدارەی پێشوو»، ئادەمز وای نووسیوە. لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەبەرامبەر کوژرانی بەڵێندەرێکدا لەعێراق لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٩، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بەکوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، کرد لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ لەکاتێکدا وەڵامی ئیدارەی بایدن، بەپێی وتەی چاودێران، بۆ کوژرانی بەڵێندەرێک لەهێرشەکەی هەولێردا «هاوئاست بوو» بەجۆرێک لەجۆرەکان «حەق بەحەق بوو». هێرشەکەی ئیدارەی بایدن ئەوەش دەردەخات کەنابێتە مەترسی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران. نیک پاتن واڵش، سەرنووسەری بەشی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سی ئێن ئێن، لەوتارێکدا نووسیویەتی: هێرشەکەی ئەمریکا لەسەر سنوری عێراق-سوریا هەڕەشەیەکی بەرجەستە دروستناکات بۆ دیبلۆماسییەت لەگەڵ ئێران، رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بۆ ئەوە پێکهێنرا کەئێران دووربخاتەوە لەدەستخستنی بۆمبی ئەتۆمی نەک ویستی بۆ هەژمونی هەرێمی و کارکردن لەسەر پرۆگرامی چەکی تر». ئابوری ئێران و هەناردەی نەوت سزا ئابورییەکانی ئەمریکا زیانێکی زۆر گەورەی گەیاندووە بەئابوری ئێران، بەڵام ئەوەی ئیدارەی پێشووی دەیخواست کەگەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران بوو بە «سفر» نەهاتە دی، بەڵکو لەکاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە لەتشرینی دووەمی ٢٠٢٠، هەناردەی نەوتی وڵاتەکە لەهەڵکشاندایە. بەپێی وتەی جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، کەهەفتەی پێشوو بۆ پرێس تیڤی ئێران قسەی کرد، سزا ئابورییەکانی واشنتن بڕی یەک ترلیۆن دۆلار زیانی گەیاندووە بەئابوری وڵاتەکەی. زەریف وتیشی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ (٨٠٠) جۆری سزای کۆنی سەپاندووەتەوەو (٨٠٠) جۆری تری نوێی لەسەر داناوە بۆ تێکشکاندنی ئابوری وڵاتەکەی. زەریف باسی لەوەشکرد، لەحاڵەتی گەڕانەوەیان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا داوای قەرەبوو دەکەنەوە. لەئایاری ٢٠١٨ بەفەرمانی دۆناڵد ترەمپ ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ی ئێران کشایەوەو لەچوارچێوەی هەڵمەتی «فشاری باڵا» واشنتن دەستیکرد بەسەپاندنەوەی سزای ئابوری لەسەر تاران. لەساڵی ٢٠١٩، مایک پۆمپێیۆ باسی لەوەکرد کەدەیانەوێت هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەننە سفر، لەکاتێکدا کە رایگەیاند سزاکانی وڵاتەکەی هەناردەی نەوتی ئێرانی گەیاندووەتە (٤٠٠) هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا. بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیای S&P Global Platts، کەکۆمپانیایەکی بەریتانییە و زانیاری بازرگانی و شیکاری نرخی نەوت بڵاودەکاتەوە، هەناردەی نەوتی ئێران لەمانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە بەرزبووەتەوەو مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵیش ئاستی بەرهەمهێنان بەرزترینی تۆمارکردووە لەساڵی ٢٠١٩ەوە. بەپێی راپۆرتەکە، ئێران لەمانگی کانونی دووەمی ٢٠٢ەوە، (٨٠٠) هەزار بۆ یەک ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی نەوتی قورسی هەناردەکردووە، کەئەمەش هەڵکشانێکی بەرچاوە بەبەراورد بەساڵی رابردوو کە لەهەندێک مانگدا هەناردەی رۆژانەی وڵاتەکە دەگەیشتە (٥٠٠) هەزار بەرمیل. کڕیاری نەوتی ئێران بەپلەی یەکەم چینەو دوای ئەویش ڤەنزوێلاو یابان و کۆریای باشور دێن. راپۆرتەکە ئەوەش دەردەخات کەحکومەتی ئێران داوای لەدامەزراوەکانی کردووە کە بەرهەمهێنان زیاد بکەن و لەمانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ بەرهەمهێنان گەیشتووەتە دوو ملیۆن و (١٤٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە، ئەمەش زۆرترین ئاستی بەرهمهێانە لەتشرینی دووەمی ٢٠١٩ەوە. بەڵام کۆمپانیای پێترۆ لۆجیستیکی سویسری، لەنوێتترین راپۆرتدا رایگەیاندووە کە مانگی شوبات هەناردەی نەوتی ئێران کەمیکردووەو ئەو هەڵکشانەی لەمانگی کانوونی دووەمدا بەخۆیەوە بینیوە بۆ (٢٥٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمیکردووە.

هاوڵاتى نوێنه‌رى کریستیانه‌کان له‌وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئایینى حکومه‌تى هه‌رێم پێیوایه‌ هاتنى پاپاى ڤاتیکان بۆ عێراق و هه‌رێمى کوردستان رووداوێکى مێژوویى زۆر گرنگ ده‌بێت و ده‌شڵێت:» پاپاى ڤاتیکان نزا بۆ کورد ده‌کات». رۆژی پێنجى ئادار پاپا فره‌نسیس پاپاى ڤاتیکان ده‌گاته‌ عێراق، دواتر سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات و بڕیاره‌ له‌یاریگاى فەڕه‌نسو هه‌ریرى نووێژو چه‌ند دوعایه‌کی به‌کۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ (10) هه‌زار کریستیان ئه‌نجامبدات. خالید جه‌مال، نوێنه‌رى کریستیانه‌کان له‌وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئایینى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» هاتنى پاپاى ڤاتیکان بۆ عێراق و هه‌رێمى کوردستان رووداوێکى مێژوویى زۆر گرنگه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ یه‌که‌مجاره‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ بکرێت». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان چه‌ند لیژنه‌یه‌کى پێکهێناوه‌ بۆ چۆنیه‌تى پێشوازیکردن له‌ پاپا، ئه‌وان سه‌رپه‌رشتى کۆى مه‌راسیمه‌کان ده‌که‌ن، وتیشى:» ئه‌وه‌ى به‌ئێمه‌ سپێردراوه‌ ده‌ستنیشانکردنى کۆمه‌ڵێک له‌پیاوانى ئایینى دیار له‌پێکهاته‌کانى کوردستانە بۆ ئاماده‌بوون له‌مه‌راسیمه‌که‌، کۆمه‌ڵێک پێشنیارمان داوه‌ته‌ سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم بۆ چۆنیه‌تى پێشوازیکردن له‌ پاپاى ڤاتیکان». بڕیاره‌ پاپاى ڤاتیکان کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌کان له‌عێراق ئه‌نجامبدات و په‌یماننامه‌یه‌ک له‌نێوانیاندا واژۆ بکرێت له‌سه‌ر ئاشتى و پێکه‌وه‌ژیان له‌نێوان پێکهاته‌کانى عێراق و یه‌کتر قه‌بوڵکردن. نوێنه‌رى کریستیانه‌کان له‌وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئایینى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو پاپاى ڤاتیکان سه‌ردانى هه‌ولێر ده‌کات و دیدارى ده‌بێت له‌گه‌ڵ  سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تدا، وتیشى:»له‌یاریگاى فه‌ڕه‌نسو هه‌ریرى به‌به‌شدارى (10)هه‌زار کریستیان نووێژو نزاى خێر بۆ عێراق‌و گه‌لى کوردو کریستیانه‌کان ده‌کات». به‌پێى ئامارى فه‌رمى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئایینى حکومه‌تى هه‌رێم له‌دوای 2003 له‌عێراق ملیۆنێک و (800) هه‌زار کریستیانى ده‌ژیان، به‌ڵام ئێستا ژماره‌یان که‌مبووەته‌وە بۆ (400)هه‌زار که‌س، نوێنه‌رى کریستیانه‌کان له‌وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف وتى: »دڵنیام سه‌ردانه‌که‌ى پاپا هانده‌رێکى زۆر باش ده‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌ کریستیانه‌کان بۆ زێدى خۆیان، ئێستا نزیکه‌ی (270)بۆ(300) هه‌زار کریستیان له‌هه‌رێمى کوردستان ده‌ژین». خالید جه‌مال پێشیوابوو پێگه‌ى ڤاتیکان له‌جیهان زۆر به‌هێزه‌و  سه‌ردانه‌که‌ى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى کوردستان ده‌بێته‌ پاڵنه‌رێکى باش تاپه‌یوه‌ندییه‌کانى به‌غداو هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ڤاتیکان به‌هێزتر ببێت. وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، له‌ 7ى کانونى یه‌که‌مى 2020دا له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا رایگه‌یاند: «به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین پاپا فه‌ره‌نسیس، پاپاى کڵێساى کاسۆلیک له‌ (5 تاوه‌کو 8)ى مانگى ئادارى ساڵى 2021 سه‌ردانى عێراق ده‌کات، سه‌ردانه‌که‌ په‌یامێکى ئاشتییه‌ بۆ عێراق و ناوچه‌که‌ به‌تێکڕا، که‌ جه‌خت له‌سه‌ر یه‌کێتى هه‌ڵوێستى مرۆیى له‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندئاژوویى و ململانێکان ده‌کات، هاوکات فره‌ پێکهاته‌یى و لێبوورده‌یى و پێکه‌وه‌ژیان به‌هێزتر ده‌کات». به‌پێى پلانه‌که‌ى ڤاتیکان، سه‌ردانه‌که‌ى پاپا بۆ عێراق له‌ (5 تاوه‌کو 8)ى ئادار ده‌خایەنێت، پاپا سه‌ردانى به‌غداو شارێکى دێرینى وڵاته‌که‌ ده‌کات که‌ له‌ئینجیلدا ناوى هاتووه‌، هه‌روه‌ها سه‌ردانى هه‌ولێرو موسڵ ده‌کات و ده‌چێته‌ کڵێساى قه‌ره‌قۆش له‌حه‌مدانییه‌. عه‌مار یاکو سه‌رپه‌رشتیارى که‌نیسه‌ى تاهیره‌ى ئه‌لکوبرا له‌قه‌زاى حه‌مدانییه‌ له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت: »پاپاى ڤاتیکان دواى گه‌یشتنى به‌عێراق سه‌ردانى که‌نیسه‌ى تاهیره‌ى ئه‌لکوبرا ده‌کات که‌ له‌سه‌رده‌مى داعش به‌ته‌واوى سووتێنرابوو، ماوه‌یه‌کى زۆرە ده‌ستمان به‌نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى که‌نیسه‌که‌ کردووەو‌ پێش سه‌ردانى پاپا بۆ که‌نیسه‌که‌ ته‌واو ده‌بێت و ئاماده‌ ده‌بێت بۆ پێشوازیکردن له‌ پاپاى ڤاتیکان». که‌نیسه‌ى تاهیره‌ى ئه‌لکوبرا له‌قه‌زاى حه‌مدانییه‌، له‌ساڵى 1932 دروستکراوه‌و به‌گه‌وره‌ترین که‌نیسه‌ له‌عێراقدا داده‌نرێت. عه‌مار یاکو، باسى له‌وه‌شکرد  سه‌ردانه‌که‌ى پاپا بۆ حه‌مدانییه‌و که‌نیسه‌ى تاهیرى ئه‌لکوبرا مێژوویى و زۆر گرنگه‌و هانده‌رێکى باش ده‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌کان بۆ سنورى پارێزگاى نه‌ینه‌وا، چونکه‌ تائێستا ژماره‌یه‌کى که‌م له‌ئاواره‌ کریستیانه‌کان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌نته‌رى شارى نه‌ینه‌وا، وتیشى: »هیوادارین لاپه‌ڕه‌یه‌کى نوێ له‌گه‌ڵ کریستیانه‌کان هه‌ڵبدرێته‌وه‌ تاهه‌موویان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدى خۆیان».

هاوڵاتى ‌فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) به‌فه‌رمى بانگهێشتى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتوه‌کانى ئه‌مریکا ده‌کرێت. نیکۆڵاس ھێراس به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یوه‌ندییه‌ حکومییه‌کانى په‌یمانگه‌ى توێژینه‌وه‌ى جه‌نگ له‌ئه‌مریکا له‌تویتێکدا نوسویه‌تى: "جه‌نه‌راڵ مه‌زڵوم عه‌بدى سه‌ردانى واشنتۆن ده‌کات". نیکۆڵاس ئه‌وه‌شى نوسیووه‌ که‌ "له‌و سه‌ردانه‌یدا بۆ ئه‌مریکا، عه‌بدى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکاو ژماره‌یه‌ک ئه‌ندامى کۆنگرێس کۆده‌بێته‌وه‌". تورکیا داوایکردوه‌، ئه‌مریکا سه‌رجه‌م هاوکاریه‌کانى بۆ هێزه‌کانى ڕۆژئاڤاى کوردستان ڕابگرێت. ڕۆژى 15ى تشرینى یه‌که‌مى ساڵى 2019 دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکى ئه‌وکاتى ئه‌مریکا، په‌یوه‌ندیى به‌مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتى هه‌سه‌ده‌وه‌ کرد.