هاوڵاتی لە ویلایەتی تەکساس، قوتابخانەیەکی تایبەت بە ئەو کچە هەرزەکارانە هەیە کە دووگیانن یان منداڵیان هەیە و تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، ئەمەش لەپێناو پاراستن ودانەبڕانیان لە پڕۆسەی خوێندن. قوتابخانەی ئامادەیی  لینکۆڵن پارک لە شاری برانوسڤیل لە ویلایەتی تەکساسە، لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەو خوێدنکارانە وەرئەگرێت کە لەتەمنی هەرزەکاری بوونەتە دایک یاخود دایکن و تەمەنیان لە نیوان ١٤ بۆ  ١٩ ساڵاندایە. زۆرینەی خوێندکارانی قوتابخانەکە خەڵکی ئەمریکای لاتینن و هیسپانیەکان %٩٤ لەسەدی خەڵکی شارەکە پیکدەهێنن و ڕێژەی کچانی هەرزەکاری دووگیان ودایکی هەرزەکار لە تیایاندە بەرزترینە. بەڕێوبەری قوتابخانەی لینکۆڵن دەڵێت، پێویستە گرنگی بدەین بەو هەرزەکارانە و بەردەوام بین و لە پڕۆسەی خوێندن، هەروەها بە خوێندکارەکانی دەڵێت پێویستە ئەوە بزانن کە ئەمە کۆتایی دوونیا نیە و ژیانێکی گەورەیان لەپێشە. زۆربەی ئەو خوێندکارانەی لە ئامدەیی لینکۆڵن پارک دەخوێنن خاوەنی داهاتێکی کەمی ڕۆژانەن، بەشێکیان مەکسیکین ولەدایکبووی ئەمریکان، ڕۆژانە بۆ ئەوەی بگەنە قوتابخانە لە ماتامۆرس لە تاماولیپاسەوە دێنە ئەمریکا. قوتابخانەکە وەک هەر قوتابخانەیەکی دیکەی ئاسایی ئەمریکا دیزاین کراوە و پاسی تایبەت بە خوێندکارانی تێدایە، هەروەها لەسەر دیواری قوتابخانەکان پۆستەری جۆراوجۆر هەڵواسراون کە هانی خوێندکاران دەدەن بچنە خوێندنی زانکۆ، لەگەڵ ئەوەشدا دیواری قوتابخانەکان پۆستەری تایبەت بۆ رێنمایی دایکایەتی وپەروردەکردنی منداڵ و خزمەتگوزاریەکانی دایکایەتی پێوەهەڵواسراوە. یەکیك لە خویندکارەکان  لەتەمنی ١٥ ساڵیدا لە ڕۆژی لەدایکبونەکەی هەستی بەوەکردووە دووگیانە،  دەڵێت ئەو دوای ئەوەی هاوپۆلەکانی دەزانن کە دووگیانە خۆیانی لێ دوورئەخەنەوە هەربۆیە لە پڕۆسەی خوێندن دادەبڕێت وهاوڕێکانی خۆیانی لێ دوورئەخەنەوە، ئەو ئیستا یەکێکە لە خویندکارەکانی قوتابخانەی لینکۆڵن پارک لە ئەمریکا. لە کاتێکدا کە مافی دایکایەتی ومافی لەبابردنی منداڵ لە ئەمریکادا هێشتا گفوگۆی گەرمی لەسەرە وکاردناوەیەکی گەورە لەسەر قەدەغەکردنی مافی لەباربردن کرا لەماوەی رابردوودا ، قوتابخانەی لینکۆڵن پارک پڕۆگرام وپەیڕەوی تایبەت بۆ ئەو کچە هەرزەکارانە دادەنێت کە لەتەمەنێکی هەرزەکاریدا بوونەتە دایک و دووگیان بوون،وەک بەڕێبوبەری قوتابخانەکە دەڵێت لەپێناو ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ئاستەنگانەیە کە لەو تەمەنەدا تووشی بوون. هەرچەندە رێژەی لەدایکبوونی منداڵ و هەرزەکارانی دووگیان لە ئەمریکا لەسەرانسەری ئەمریاک ڕووی لەکەمبون کردووە، بەڵام لەناو کچە هەرزەکارانی باشور وناوەڕاستی ئەمریکا رووی لە زیادبوون کردووە و شتێکی باوە لەنێویاندا.  پسپۆڕان هۆشداری ئەدەن لە بەرزی رێژەی دایکانی هەرزەکار لە لەناو خەڵکی لاتینی ئەمریکا، ئەمەش بەتایبەت دوای بڕیارەکەی  ساڵی ٢٠٢٢ ی  دادگای باڵا کە رێگری لە لەباربردنی منداڵ دەکات ڕێژەکە ڕووی لە زیادبوون کردووە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئامارەكانی شەڕی دژی داعش لە ٢٠٢٢ی لەعێراق و سوریا خستووەتەڕوو، دەشڵێت، ٣١٣ ئۆپراسیۆنیان لە دژی داعش ئەنجامداوە، كە ١١٨ئۆپراسیۆنیان لە سوریا و١٩٥ ئۆپراسیۆنیش لە عێراق بووە. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا هێزەكانیان لەگەڵ هێزە هاوبەشاكانیان لە عێراق و سووریا، ٣١٣ ئۆپراسیۆنیان لە دژی داعش ئەنجامداوە، كە ١٠٨ ئۆپراسۆنیان لە سووریا و ١٩١ ئۆپراسیۆنیش لە عێراق بوووە. ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانیان لە عێراق توانیویانە ٢٢٠ ئەندام و سەركردەی داعش بكوژن و ١٥٩ ئەندام و بەرپرسی ئەو رێكخراوە دەستگیر بكەن بەهاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق. ئەو فەرماندەیە دەشڵێت، لە سوریا ٤٤٦ چەكداری داعش كوژراون و ٢١٥ ئەندامی دیكەشیان دەستگیركردووە. لە راگەیەندراوەكەدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا روونیكردووەتەوە، لە سووریا زیاتر لە ١٠هەزار ئەندام و سەركردەی داعش لە زینداندان، هەروەها لە عێراقیش زیاتر لە  ٢٠ هەزار ئەندام و سەركردەی داعش لە زینداندان. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا جەختی لەسەر لاوازكردنی داعش لە ساڵی ٢٠٢٢ كردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانیان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت و هێشتا كاری زۆرماوە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە هاوبەشەكانیان لە عێراق و سووریا پێكەوە ئەنجامی بدەن. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكا ئەوەشیخستوەتەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا لەو ئۆپراسیۆنە سەربازییانەی دژی داعش ئەنجامیانداوە هیچ سەربازێكیان نەكوژراوە. ئەو فەرماندەیە بارەی كامپی هۆڵیشەوە وتی، زیاتر لە ٢٥ هەزار منداڵی ئەندامانی داعش لەو كەمپەدا هەن و بوونەتە ئامانجی سەرەكی چەتەكانی داعشن. جێگای ئاماژەیە، كەمپی هۆل دەكەوێتە دووری ٤٥ كیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی حەسەكە و گەورەترین كامپی كەسوكاری چەكدارانی داعشە و بەپێی ئامارەكان نزیكەی ٧٠ هەزار كەسی سەر بە داعشی تێدایە.

هاوڵاتی لە بەیاننامەیەکدا وڵاتانی گروپی حەوت کە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بڵاوی کردۆتەوە داوا لە تاڵیبان دەکات دەستبەجێ ئەو بڕیارەی کە قەدەغەی کارکردنی ژنان دەکات هەڵبوەشێتەوە. وڵاتانی گروپی حەوت لە بەیاننامەکەدا ڕایانگەیاندووە کە نیگەرانن لەو بڕیارانەی تاڵیبان بۆ قەدەغەکردنی کاری ژنان لە ڕێکخراوە ناحوکمیەکاندا، هەروەها دەشڵێن ئەو بڕیارە زەرەرێکی زۆر بەهاوڵاتیانی ئەفغانستان دەگەێنێت و ڕێگە لەگەیشتنی هاوکاریە مرۆییەکان دەگرێت بە خەڵکی ئەفغانستان. هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ژنان ڕۆڵیکی گرنگیان هەیە لە کارەکانی ڕێکخراوەکان، ئەگەر کارکردنی ژانن قەدەغە بکرێت ئەوا هاوڵاتیانی ئەفغانستان ناتوانن دەستیان بە خواردن وکەلوپەلی پێویست ودەرمان بگات. ئەم یاننامەیەی وڵاتانی گرووپی حەوت لەدوای دواین سەرکوتکاریەکانی تاڵیبان دێت بەرامبەر ژنان، کە قەدەغەکردنی مافی خوێندنی ژنان بوو لە زانکۆکان و دواینیشیان کارکردنی ژنان بوو  لە رێکخراوە ناحوکمیە ناوخۆیی وبیانیەکان. وڵاتانی گرووپی حەوت، کە هەریەکە لە وڵاتانی کەنەدا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا وفەڕەنسا، ئیتاڵیا، یابان دەگرێتەوە بە وڵاتانی پێشەنگی ئابوری وپیشەسازی دائەنرێن لە جیهاندا.

هاوڵاتی کۆمەڵەی شاهانەی فەلەکناسی  ڕایگەیاندووە، کە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر بەماوەیەکی کەم دوای خۆر ئاوابوون دەتوانرێن بە چاوی ئاسایی لە ئاسماندا ببینرێن. دکتۆر ڕۆبەرت ماس، لەبارەی بینینی هەسارەکانەوە وتی، باشترین کات بۆ بینینی هەسارەکان ماوەیەکی کەم دوای خۆر ئاوابوونە، هەروەها وتی پینج لەو هەسارانە دەتوانرێ بەڕوونی ببینرێن بەڵام هەسارەکانی وەک نیپتۆن وئۆرانۆس کە دورترن دەبێت بە تەلیسکۆب سەیربرکرێن. هەریەک لە هەسارەکانی عەتارد وڤینۆس شوینەکانیان لە ئاسماندا بەجۆرێکە کە بینینیان زەحمەتتر دەبێت. هەروەها ئەو دکتۆرە وتیشی، ئەوکەسانەی چاودێری ئاسمان دەکەن پێویستە خاڵێکی ڕوون بۆزنەوە لە باشوری ڕۆژئاواوە بۆ ئەوەی بتوانن بینەری دیمەنەکە بن. لەبارەی باشترین ئەو ناوچانەی کە دەتوانرێ هەسارەکانی تێدا ببینرێ، دکتۆر ڕۆبەرت ماس لە کۆمەڵگەی شاهانەی فەلەکناسی وتی، ئەوانەی لە باشوری ئەوروپاوە دورترن و نزیکترن لە هێڵی ئیستیوایی ئەوا باشتر دەتوانن هەسارەکان ببینن ئەوەش بەوەی لەسەر هێڵێکی ڕاست کە هەسارەکان ڕیزبوون، هەروەها هەسارەی عەتارد لە بەشی باشورەوە باشتر دیار ئەبێت. هەروەها هەسارەی مەریخ لە ئێسستادا لە باشترین ئاستیدایە بۆیە باسترین کاتە بۆ بینینی هەسارەکە، پێویستە هەموو کەسێک بیبینێت چونکە ماوەیەکی زۆری دەوێت تا جارێکی تر بتوانین بیبینیەوە. هەرچی دەربارەی هەسارەی ڤینۆس و زوحەلە دەبێت بە جوانترین شێوە دەربکەون، هەسارەی ڤینۆس ڕونکاترین هەسارەیە ودەبێ لە نزمترین ئاستدا دەربکەوێت، دوای ئەویش موشتەری وزوحەل؛ هاوکات وتیشی باشترین شووێن بۆ بینینی هەسارەی ڤینۆس لەباشورەوە بەرەو ڕۆژئاوایە. دکتۆرماس ئاماژەی بەوەکرد ، هەرکەسێک لەڕێگەی تەلەسکۆپەوە سەیر بکات، پێویستە بتوانێت وردەکارییەکانی مانگەکانی موشتەری و لەوانەشە  سیستەمی هەور یان خاڵە تاریکەکانی سەر موشتەری و مەریخ ببینێت. هەروەها پێشبینی ئەوە دەکرێت  ئاسمان لە باشووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا و باشوور و ڕۆژئاوای وێڵز ڕوونتر بێت، بەڵام لە باکووری ئینگلتەرا و سکۆتلەندا بەهۆی هەورەکانەوە ڕەنگە دیمەکان باش دەرنەکەون.. ئەمە لەکاتێکدایە لە مانگی حوزەیران عەطارد و ڤینۆس و مەریخ و موشتەری و زوحەل دەرکەوتن لەکاتی  یەکگرتنی هەسارەکاندا کە چۆن یەکدەگرنەوە.  

هاوڵاتی شروبێکی منداڵان کە کۆمپانیایەکی هندی دروستی کردووە بووە هۆی مردنی ١٨ منداڵ لە ئۆزباکستان هاوکات مردنی ئەم منداڵانە دوای ئەوە دێت ٧٠ منداڵ لە گامبیا و٢٠٠ کەس لە ئیندۆنوسیا بە هۆی شروبی کۆکەی دروست کراو لە هندستان گیانیان لەدەستداوە. وەزارەتی تەندروستی ئۆزبەکستان ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە بەلایەنی کەمەوە 18 منداڵ لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەستداوە دوای ئەوەی شەربتی دۆکیو 1 ماکس بەکارهێناوە کە لەلایەن کۆمپانیای دەرمانسازی هیندی ماریۆن بیوتێک دروست کراوە. لە وڵامی ئەمەدا کۆمپانیاکە دروستکردنی شروبەکەی ڕاگرتووە. نوێنەری یاسایی کۆمپانیاکە حەسەن هاریس بە  ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: "ئێمە دڵگرانین بە مردنەکان، حکومەت لێکۆڵینەوەی دەست پێکردووە و ئێمەس دوای لێکۆڵینەوەکان کاردانەوەمان دەبێت . وازارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند شروبی  کۆکەکە بڕێکی زۆری مادەیی ژەهراویی ئێثیلین گلایکۆلی تێدایە کە دۆسەکەی لە ستاندارتە جیهانییەکان بەرزترە کە بۆ منداڵان دانراوە. وتیشی حەوت کارمەند دەرکراون لە دوای لێکۆڵینەوەیەکان ڕێوشوێنی پێویست بەرامبە هەندێک لە پسپۆڕەکان لە دروستکردنی ئەو شروبە گیراوەتە بەر، ئەو شروبە لە هەموو دەرمانخانەکان دەرهێنراون. ڕووداوەکەی ئۆزبەکستان دوای مردنی 70 منداڵ لە گامبیا دێت کە بەهۆی بەکارهێنانی شروبی کۆکەی دروستکراو لەلایەن کۆمپانیای دەرمانسازی میدێن دەلهی نوێ دروست کراوبوو. تاقیکردنەوەکان لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە بۆیان دەرکەوت کە بەرهەمەکان چەندێتی دوو ماددەیان تێدایە کە ژەهراوین هاوکات حکومەتی هیندستان و ئەو کۆمپانیای دەرمانسازییە ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردەوە کە شروبەکە پەیوەندی بە مردنەکانەوە هەبوبێت.

هاوڵاتی وەزیری بەرگری فەڕەنسا، سیابستیان لیکۆرنۆ لەگەشتەکەیدا بۆ ئۆکرانیا پشتگیری فەڕەنسای بۆ ئۆکرانیەکان دووپاتکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوکاریەکان کە لەنێویاندا پێدانی ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆیە، بەردەوام دەبن بۆ ئۆکرانیا. وەزیری بەرگری فەڕەنسا، دوای گەشتەکەی بۆ پۆڵەندا سەردانی ئۆکرانیای کرد وچاوی بە ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا کەوت و باسیان لە هاوکاری وپشتگیریەکانی فەڕەنسا بۆ ئۆکرانیا کرد؛ سیاستیان لیکۆرنۆ ئاماژەی بەوەدا کە  ٢٠٠  ملیۆن یۆرۆ و  کەلوپەلی سەربازی دەدەن  بە ئۆکرانیا.  وەزیری بەرگری ئۆکرانیا، باسی لەوە کردووە کە فەڕەنسا لەزووترین کاتدا دەست ئەکات بە مەشقپێکردنی سەربازەکانی ئۆکرانیا، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە لەداهاتوودا فەڕەنسا سیستەمێیکی نوێی ئاسمانی بدات بە ئۆکرانیا، بەڵام لەو بارەیەوە هیچ زانیاریەک و وردەکاریەک نەخراوەتە ڕوو. لەگەڵ ئەوەشدا هەریەک لە وەزیرانی بەرگری ئۆکرانیا وفەڕەنسا باسیان لە  سیستەمی مامبای ئاسمانی کردووە کە درووستکراوی فەڕەنسا وئیتاڵیایە، کە هاوشێوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی ئەمریکایە. لەبارەی هاوکاریەکانی فەڕەنسا بە ئۆکرانیا، ئۆفیسی وەزیری بەرگری فەڕەنسا بە  دەزگای هەواڵی ئاسۆشیەیتد پرسێسی ڕاگەیاندووە کە لەسەرەتا مەشق بەسەربازە ئۆکرانیەکان دەکەن دواتر سیستەمیی بەرگری ئاسمانیان ئبۆ دەنێرن؛ هاوکات باسیشی لەوە کردووە کە ئێستا سیستەمی بەرگری ئاسمانی کرۆتاڵی لە ئۆکرانیا بەکارخراوە وکاری پێئەکرێت. ئەم سەردانەی وەزیری بەرگری فەڕەنسا لەکاتێکدایە کە ئۆکرانیەکان بەهۆی هەوڵەکانی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی ڕووسیا- ئۆکرانیا گومانیان لە هاوکاری وپاڵپشتی فەڕەنسا هەبوو، لەکاتێکدا فەڕەنسا هەر لەسەرەتای جەنگەکەوە بەردەوام هاوکاری سەربازی ئۆکرانیای کردووە.

ئیتاڵیا هۆشداریی دەدات ئەگەر دەسەڵاتی ئێران لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران رانەگرێت ئەوا لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی سزای قورس و کاریگەر بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن. جیۆرجا میلۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا، رۆژی پێنجشەممە لە دوایین کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ساڵی 2022 رایگەیاند؛ ئەوەی ئێستا لە لایەن دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر بە خەڵک و خۆپیشاندەران دەکرێت بۆ رۆما قبوڵکراو نییە و چیتر لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا دان بەخۆماندا ناگرین.  میلۆنی وتی: ئەگەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەڵسوکەوتی خۆی نەگۆڕێت ئەوا ئیتاڵیا و وڵاتانی هاوپەیمانی سزای توند و کاریگەری دژی ئەو دەسەڵاتە دەسەپێنن. لێدوانەکانی میلۆنی لە کاتێکدایە رۆژی چوار شەممە باڵیۆزۆی ئێران لە رۆما بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا کرا و پێی راگەیەنرا دەبێت بە زوترین کات سزای سێدراە و ئەشکەنجەی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە راگیرێت. ئێران لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و کاردانەوەکانی دوو دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی لە مەشهەد و تاران لەسێدارە داوە و سزای سێدارەش لانیکەم 100 کەس دەگرێتەوە و 59 کەسیش کە 15 گەنجی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تاران و کەرەج مەترسیی لەسێدراەدانیان لەسەرە.  

هاوڵاتی حوکمەتی ڕاستڕەوی ئیتاڵیا، ئەو ڕێکخراوانە سزا ئەدات کە لەناو دەریادا ئەو پەنابەرانەی گیریانخورادووە ڕزگار دەکەن، هەر کەشتیەکی ڕێکخراوەکان سەرپێچی یاسا نوێەکە بکەن دەستی بەسەردائەگیرێت، ئەمەش ژیانی خەڵکێکی زۆر دەخاتە مەترسیەوە. ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی ئیتاڵیا، فەرمانێکی دەرکرد دژی کاری ڕێکخراوە ناحوکمیەکان کە پەنابەران دەگوازنەوە وڕزگاریان دەکەن و دەیانگەێننە دەریای ناوەڕاست، داواشی لەڕێکخراوەکان کرد کە پابەند بن بەم یاسا نوێیەی حوکمەتی ئیتاڵیا. لە فەرمانەکەدا هاتووە پێویستە کەشتیەکانی ڕێکخراوە ناحوکمیەکان سەرنشینەکان ئاگاداربکەنەوە لەوەی کە دەتوانن داوای یارمەتی نێودەوڵەتی بکەن لە یەکێتی ئەوروپا. بەپێی یاسا تازەکە هەر کاپتنی کەشتیەک سەرپێچی یاساکە بکات، بەنزیکەیی بە بڕی ٥٠ هەزار یۆرۆ سزا ئەدرێت، ئەگەر هاتوو سەرپێچی یاساکەی کردەوە دووبارە ئەوا دەست بەسەر کەشتیەکەدا ئەگیرێت. لە ئێستادا ڕێکخراوە ناحوکمیەکان لەناو دەرییای ناوەراستدا چەندین ڕۆژ دەمێننەوە بە مەبەستی ڕزگارکردنی ئەو پەنابەرانەی لە دەریادا تووشی کیشەبوون، هەروەها دەیانگوازنەوە بۆ دەریایی ناوەڕاست. لەدوای دەستبەکاربوونی سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیتاڵیا، جۆرجیا میلۆنی، حوکمەتی نوێی ئیتاڵیا ڕێکخراوە ناحوکمیەکانی کردۆتە ئامانج و چالاکیەکانی دژی ئەو ڕێکخراوانە وپەنابەران تووندتر کردۆتەوە، هەروەها ڕێکخراوەکانیش بەوە تۆمەتبار ئەکات کە ئاسانکاری ئەکەن لە گواستنەوەی پەنابەرەکان، لەبەرامابەردا ڕێکخراوەکان ئەو تۆمەتانە بەتەواوی ڕەت ئەکەنەوە. لە بەیاننامەیەکدا کە وەزیری ناوخۆیی ئیتاڵیا، ماتیۆ پیانتێدۆسی بڵاوی کردۆتەوە، باس لەوە دەکات تەنها ١٠ لەسەدی ئەو پەنابەرانەی هاتوونەتە ئیتاڵیا لەڕێگەی بەلەم وکەشتیەکانی ڕێکخراوە ناحوکمیەکانەوە گەڕێندرانەتەوە کەناری دەریا. لەماوەی ساڵی ٢٠٢٢ دا نزیکەی ١٠٢ هەزار پەنابەر چوونەتە ئیتاڵیا، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ رێژەکە زۆر زیادی کردووە کە ٦٨ هەزار و ٥٠٠ پەنابەر بووە، هاوکات ژمارەی پەنابەران کە چووبونە ئیتاڵیا  لە ساڵی ٢٠١٦ دا گەیشتە لووتکە کە ژمارەیان ١٨١ هەزار پەنابەر بوو.

هاوڵاتی بەدلەی مۆڵی بەدلەیەکی ئەلکترۆنیە تایبەت درووستکراوە بەوکەسانەی کە بەهۆی نەخۆشی و ناتەواویەکانی ماسولکەکان توانای ڕۆشتن وجوڵەیان بەشێوەیەکی ئاسایی لەدەست داوە . بەدلەکە ٥٨ ئەلکترۆدی گەیەنەری کارەبایی پێوەیە کە هاندانی کارەبایی دەنێرێت بۆ ئەو ماسولکانەی کە لەمێشکەوە گەیەنەرە کارەباییەکانیان پێناگات و ماسولەکەکان خاو دەکاتەوە وگرژی ماسولەکەکان کەم دەکاتەوە، بەمجۆرەش کەسی بەکارهێنەر دەتوانێت بەشێوەیەکی ئاسایی بجوڵیت ولەسەر پێ بوەستێت. داهێنەری بەدلەکە دەڵێت ئەو کەسانەی دەتوانن سودمەند بن لە بەدلەی مۆڵی ئەوانەن کە بەهۆی کێشە لە بەشەکانی مێشکیان کە تایبەت بە ماسولکە و جوڵەیە توانای ئاسایی ڕۆشتن و وەستانیان لەدەست داوە، بۆ نمونە ناتەواوی ونەخۆشیەکانی وەک گرژبوون وڕەقبوونی نائاسایی ماسولکەکان، زەبری مێشک، سکلیرۆسس کە کاریگەری لەسەر مێشک وبڕبڕەی پشت درووست دەکات. بەدلەکە نرخی ٦ هەزار دۆلارە، و لەبارەی بەردەست بوونی فرێدریک لوندکڤیست داهێنەری بەدلەی مۆڵی دەڵێت هێشتا تاقیکردنەوەی زیاتر پێویستە سەبارەت بە کاریگەری وسودەکانی بەدلەکە بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە کە هەریەک لەوانەی تاقیانکردۆتەوە بەڕێژەی جیا جیا سودیان لێوەرگرتووە و بێگومان کاریگەریەکەشی لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆرێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دوای لەبەرکردنی بۆ ماوەی ٤ڕۆژ کاریگەریەکەی دەمێنێتەوە.  

هاوڵاتی فەرمانگەی کەشناسی بەریتانیا ڕایگەیاند، ساڵی ٢٠٢٢ گەرمترین ساڵ دەبێت لە مێژووی بەریتانیا کە تۆمارکرابێت، هەروەها  بەپێی ئامارەکان تەواوی مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٢ پلەکانی گەرما بەردەوام بەرزبوون، جگە لە مانگی کانوونی دووەم. ساڵی ٢٠٢٢ شەپۆلێکی گەرمای توند سەرانسەری بەریتانیای گرتەوە، مانگی حوزەیران بۆ یەکەم جار بوو کە پلەکانی گەرما بگاتە ٤٠ پلە لە بەریتانیا، مانگی تەمموز فەرمانگەی کەشناسی کارتی سوری بۆ هۆشداری لەو پلە گەرمیە بەرزە هەڵکرد. دکتۆر مارک مەکارتی، زانای بواری کەشوهەوا لە فەرمانگەی کەشناسی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد ئەم  پلەی گەرمایەی کە تۆمارکراوە لە بەریتانیا، پێش شۆڕشی پیشەسازی بەدور ئەبینرا بەوشێوەیە پلەکانی گەرما بەرزببنەوە. هاوکات وتیشی، هەرچەندە پلەکانی شەپۆلێکی سەرما لەم چەند هەفتەیەی مانگی کانوونی دووەم توند بوون بەڵام هێشتا کەمترن بەراورد بەو پلە گەرما بەرزەی بەریتانیا.

هاوڵاتی بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە گازینۆی گراند دایمۆند سیتی هۆتێلی شاری پۆیپێت لە کەمبۆدیا  زیاتر لە 12 کاتژمێری خایاند بەلایەنی کەمەوە 19 کەسی کوشت و زیاتر لە 60 کەسیش بریندار بوون. ئەمڕۆ پێنجشەممە لە کازینۆی هۆتێلێکی کەمبۆدیا ئاگرێکی بەهێز کەوتەوە، سیک سۆخوم، بەرپرسی بەشی زانیاری پارێزگای بانتیای دایچەی وتی، هەندێک قوربانی هێشتا لەژێر پاشماوەی بەشێکی بیناکەدان یان لە ژوورە داخراوەکاندا بوون لە کاتی ئاگرەکەدا هەربۆیە تیمەکانی بەرگری شارستانی نەیانتوانیوە ڕزگاریان بکەن بۆیە  پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانیان بەرزبنەوە . وتیشی لە ناو کوژراو بریندارەکاندا هاوڵاتی تایلەندی، چینی، مالیزیای، ڤێتنامی و کەمبۆدیا تێدایە. بەشی نەهێشتنی ئاگر و کوژاندنەوە و ڕزگارکردن بڵاویکردەوە کە لە نهۆمەکانی 13 و 14 و 15 لە کاتژمێر 4 ی سەر لەبەیانی خەڵکی لەناو ئاگرەکەدا مابوون وداوای یارمەتییان دەکرد. ئاگرەکە، کە لە دەوروبەری نیوەشەوی چوارشەممە دەستی پێکرد، لە کۆتایدا کاتژمێر ٢ی نیوەڕۆی پێنجشەممە کۆنتڕۆڵکرا. سۆخوم، وتیشی: ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن بەردەوامە و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ئاگرەکە بەهۆی زیادەڕەویدا بووە لە بەکارهێنانی کەلوپەلی ڕازاندنەوە بۆ سەری ساڵ و کارەبایەکی زۆری ڕاکێشاوەو بۆتە هۆی دروستبونی شۆڕتی کارەباو سوتانی وایەرەکان ئەمەش بۆتە هۆی دروستبونی ئاگرەکە.

هاوڵاتی وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە ئەو کەسانەی هەڵگری دوو ڕەگەزنامەن و هاوڵاتی بەریتانین نابێت دەستگیربکرێن. ڕۆژی چوارشەممە وتەبێژی ڕیشی سوناک، وتیشی داوای ڕوونکردنەوەی بەپەلەمان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتیانەی کە ئێرانین و خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانین، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوە کرد کە نابێت ئەم پرسە بۆ کاریگەری وکاری دیپلۆماسی بەکاربهێنرێت. ئەم داوایەی بەریتانیا دوای ئەوە هات کە دەزگای سەر بە هەواڵی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایەگەیاند چەند کەسێکییان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کە هەندێکییان خاوەنی ڕەگەزنامەی ئێرانی و بەریتانیشن. پارتی کرێکارانی بەریتانیا داوای سزای نوێی کردووە بۆسەر ڕێکخراو و دەسەڵاتدارانی ئێران. هاوکات دەیڤد لامی، وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە هەرچەندە لەماوەی ڕابردوودا سزایان بەسەر زیاتر لە ٤٠ بەرپرسی ئێراندا سەپاندووە، بەڵام بەردەوام دەبن لە لێکۆڵینەوە و سزای نوێ بەسەر ئەو بەرپرس و رێکخراوانەی ئێران کە دەستیان هەیە لە سەرکوتکاریەکانی سەر خۆپیشاندەران.

هاوردەی کاڵای ئێران بۆ چین بۆ کەمترین ئاستی 20 ساڵی رابردو دادەبەزێت و تمەن 70٪ی بەهاکەی لەدەست دەدات. گومگرگی وڵاتی چین بڵاوی کردوەتەوە ؛هاوردەی کاڵای ئێران بۆ وڵاتەکەی لە مانگی رابردودا 326 ملیۆن دۆلار بوە لە کاتێکدا پێشتر ئێران مانگانە بە بڕی زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار کاڵای بۆ چین ناردوە. بە پێی بەراوردەکان ئەو بڕە لە هاوردەی کاڵای ئێران بۆ ناو چین کەمترین رێژەی 20 ساڵی رابردوە و سێ مانگە لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان بە بەردەوامی هاوردەی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ چین کەمی کردوە. بە گشتی چین لە 11 مانگی ئەمساڵدا بڕی شەش ملیار دۆلار کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردوە و هاوکات هەر لەو ماوەیەدا بە بڕی هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کاڵای بۆ ئێران ناردوە. چین بە گەورەترین هاوبەشی ئابوریی ئێران لە ناوچەکە ئەژمار دەکرێت و کەمبونەوەی هاوردەی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە کاریگەریی زۆری لەسەر پێگەی تاران لە ناوچەکەدا دەبێت. لە لایەکی دیکەوە بەهای هەر دۆلارێک لە ئێران جارێکی دیکە بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەهای یەک دۆلار گەیشتە زیاتر لە 44 هەزار تمەن. بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار ژمارەیەک بازاڕ و شوێنی ئاڵوگۆڕی دراو لە تارانی پایتەختی ئێران لە لایەن کاسبکارانەوە وەک ناڕەزایەتییەک داخران. زیاتر لە سێ  مانگە دابەزینی بەهای تەمەن بەردەوامە و تەنها لە یەک ساڵدا تمەن 70٪ی بەهاکەی بەرامبەر دراوی دۆلار لەدەستداوە.  

هاوڵاتی لە هندستان زانایەکی کۆمپیوتەری هندی کامێرایەکی درووستکردووە کە دەتوانێت وێنەی ژنان بگرێت و لەڕێگەی پلەی گەرمیەوە بوونی خانە شێرپەنجەییەکان لە تووشبوانی شێرپەنجەی مەمک دیاری بکات. پشکنینەکە بەجۆرێکە کە ئەو ژنانەی پشکنینیان بۆ ئەکرێت جلەکانی سەرەوەیان لادەبەن و بێ ئەوەی کەسیک دەستیان لێبدات لەڕێگەی کامێراکەوە وینەیەکیان دەگیرێت، ئەگەر خانەیەکی شێرپەنجەیی هەبێت لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، ئەگەر خانەیەکی شێرپەنجەیی لە کەسەکە بدۆزرێتەوە دواتر پشکنینی زیاتری بۆ ئەنجام ئەدرێت.  گیتا مەنجونات کە داهێنەری ئامێرەکەیە دەڵێت کامێراکە زۆر ئاسان بەکاردێت و هەرکەس  بیەوێ دەتوانێت لەگەڵ خۆی بۆهەموو شوێنێکی بگوازێتەوە وکێشێکی کەمی هەیە. گیتا مەنجونات، دەڵێت ئەم هەوڵەم بۆ ئەوەیە کە ڕێژەی تووشوبون و گیان لەدەستدان بە شێرپەنجەی مەمک لە هیندستان کەم بکەمەوە، هاوکات باس لەوە دەکات کە بەهۆی تێچووی" مەمۆگرافی" ودەستڕاگەیشتنی زۆرێک لە ژنان ناتوانن زوو ئاگاداربن لەوەی کە تووشی شیرپەنجەی مەمک بوون؛ هەربۆیە ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی  ئەوکەسانەی ناتوانن پشکنینی مەمۆگرافی ئەنجام بدەن لەم رێگەیەوە پشکنین بکەن. بەشێک لەو ژنانەی کە ئەم پشکنیەیان کردووە بەخۆشحاڵیەوە پێشوازی لێدەکەن ودەڵین هەستێکی خۆشە کە بەبێ ئەوەی کەس دەست لێبدات پشکنینەکەت بۆ دەکات، لەگەڵ ئەوەی کە هیچ ئازارێکی نیە وتێچویەکی کەمی هەیە. گیتا مەنجونات دەڵێت، هەمیشە خەوم بەوە بینیوە کە لە هندستان ڕزگارمان بێت لە ڤایرۆسی ئیفلیجی پۆلیۆ، لەگەڵ ئەوەشدا هیوادارم کە لە شێپرپەنجەی مەمک ڕزگارمان بێت. ئەم داهێنانەی کۆمپانیای نیرامای کە گیتا مەنجونات بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە وداهێنەری ئەم ئامێرەیە لەکاتێکدایە کە زیاتر لە نیوەی تووشبوانی شێرپەنجەی مەمک لە هیندستان ناتوانن چاکبنەوە و گیان لەدەست ئەدەن. کۆمپانیای نیرامای کە خاوەنی داهێنانەکەیە، تاوەکوو ئێستا نزیکەی ٦٠ هەزار پشکنینی ئەنجامداوە لە هندستان، هەروەها باس لەوە دەکەن کە %٩٠ ئەنجامی پشکنینەکان دەقیق بوون، بەڵام پزیشکانی رۆژئاوا و بەڕێبەرایەتی خۆراک ودەرمانی ئەمریکا دەڵێن باشترین پشکنین بۆ شێرپەنجەی مەمک " مەمۆگرافیە"        

103 رۆژە ناڕەزایتەییەکان بەردەوامن و تەنها لە دو رۆژدا رێوڕەسمی چلەی 11 کوژراوی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مەهاباد و بۆکان و پیرانشار و سەقز و سنە بەڕێوچو و  لەو شارانە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامبون و گەنجان بە کردنەوەی ئاگر لە شەقامەکان دروشمیان دی دەسەڵاتی ئێران وتەوە و هاوکات ولاتی ئەڵمانیا پشتیوانیی بۆ ناڕەزایەتییەکان دوپات کردەوە و رایگەیاند؛ دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ تاران راگیراون و سەرنجی وڵاتەکەی تەنها لەسەر خۆپیشاندان و پشتیوانیی لە خەڵک و خۆپیشاندانی ئاشتییانەیە لە ئێران. ئەمڕۆ چوارشەممە لە بۆکان چلەی مەرگی میلاد مەعروفی تەمەن 23 ساڵ بەڕێوەچو و دایکیشی لەسەر گڵکۆکەی رایگەیاند؛ کوڕەکەی ئەو چێ شانازییە کە شەهیدی رێگەی ئازادیی و کوردستانە بۆیە گریانی ناوێت، ئەو وتیشی" دەبێت بەکرێگیراوان بگرین کە لە پێناو پارە و ماڵی دنیا خۆیان و خەڵک و رۆڵەکانی ئێمەیان فرۆشت، دایکی میلاد دەڵێت: ناگریم بۆ کوڕەکەم و شانازیی پێوە دەکەم  ئەوان شەهیدە و رۆڵەی ئاگر و خوێنە. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەکی کە لە رێوڕەسمەکە بڵاو کراوەتە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە زەبری هێز بڵاوەیان بە بەشداربوان و یادی چلەی میلاد مەعروفی کردوە.    هەر لە شاری بۆکان رێوڕەسمی چلەی مەرگی شەهریار محەمەدی یەکێکی دیکە لە کوژراوانی شارەکە بەڕێوچو. لە شاری مەهاباد رێوڕەسمی چلەی مەرگی مێهران رەحمانی بەڕێوەچو کە دوای برینداربونی بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە نەخۆشخانەیەکی شاری ورمێ گیانی لەدەستدابو. بە پێی دوایین ئامار لە ناڕەزایەتییەکانی 103 رۆژ لە رۆژهەڵاتی کوردستان 139 کەس کوژراون کە تەمەنی زۆرینەیان لە نێوان 19 بۆ 26 ساڵ بوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە لە ماوەی 20 رۆژی رابردودا دەیان کوڕ و کچی گەنجی ئیلام و کرماشان و مەهاباد و سەقز و بۆکان دەستگیرکراون و چارەنوسی زۆربەیان نادیارە. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە تا ئێستا ناسنامەی 201 کچ و ژنی کورد کە لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر کراون ئاشکرابوە. رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران رۆژی چوارشەممە بڵاوی کردوەتەوە  تا 102 رۆژی ناڕەزایەتییەکان 476 کەس لە خۆپیشاندەران بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە کوژراون. ئەگەرچی تا ئێستا حکومەتی ئێران هیچ ئامارێکی فەرمیی لە ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بڵاو نەکردوەتەوە بەڵام ئاشکرای کردوە 51 ئەندامی هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی لەو ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون. بە کۆی ئامارەکانی حکومەتی ئێران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئەو وڵاتە کە بارەگاکانیان لە دەرەوەیە لە ماوەی 102 رۆژی ناڕەزایەتییەکان بە گشتی 527 کەس کوژراون و لەو ژمارەیەش 69 کەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر بوە. لە رۆژانی 21 تا 22 مانگی ئیلولی ئەمساڵ هەشت لاو کە تەمەنیان 16 ساڵ بو لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو دو رۆژەی سارەکانی ورمێ و پیرانشار و شنۆ و دێدەشت و تاران و زەنجان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستدا.   لە لایەکی دیکەوە ئێوارەی چوارشممە کریستۆفەر بێرگەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند؛ چیتر پێویست ناکات دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ دەسەڵاتی تاران بەردەوام بێت چونکە ئامانج و سەرنجی سەرەکیی ئەڵمانیا پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو وڵاتەیە. لەگەڵ لێدوانی کریستۆفەر بێرگەر ئەندامێکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا رەخنەی لە بەرپرسانی وڵاتەکەی و ئەوروپا گرت کە تا ئێستا سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان نەخستوەتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا. هاوکات هەر ئەمڕۆ بەریتانیا رایگەیاند؛ داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردوە ئەو حەوت هاوڵاتییە بەریتانی-ئێرانییە ئازاد بکات کە لە ماوەی رابردودا لە لاین سوپای پاسدارانەوە دەستگیر کرابون. لە بەیاننامەکەدا هاتوە؛ بەریتانیا هیچ کاتێک قبوڵی ناکات هاوڵاتییانی وەک بارمتە بە ئامانجی فشاری سیاسیی سودیان لێورگیرێت و پێویستە ئێران دەستبەرداری ئەو شێوازە بێت کە دەیەوێت بە دەستگیرکردنی هاوڵاتییانی هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی دەرەوە و بە تایبەت بەریتانیا ، فشاری سیاسیی لەسەر لەندەن دروست بکات.