هاوڵاتی پارێزگاری بانکی ناوەندی دوای کۆبونەوەکەی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ پێداچوونەوە بەو سزایانەی بەسەر ژمارەیەک لە بانکە عێراقییەکاندا سەپاندوویانە کە بەشێوەیەکی ڕاستەخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار و هۆکاری نزمی نرخی دیناریشی ئاشکرا کرد. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی په‌رله‌مانی عێراق، لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ عه‌لی عه‌لاق پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی، گه‌مارۆكانی بانكه‌كان و كه‌لێنی فرۆشتنی دۆلاریان تاوتوێكرد دوای کۆبونەوەکە عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ کۆنترۆڵکردنی ناجێگیری بەھای دۆلار لە عێراق، لەگەڵ  ئەمریکا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێک بۆ پێداچوونەوە بەو سزایانەی بەسەر ژمارەیەک لە بانکە عێراقییەکاندا سەپاندوویانە.  وتیشی، ناسەقامگیری بازاڕەکانی دراو و بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار، دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەی نایاسایی بازرگانە بچووکەکانی مامەڵەکاری دراو، کە بە نایاسایی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە دۆلارەوە دەکەن. سه‌باره‌ت به‌چاپكردنی دراوی ناوخۆیی، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی باسی له‌وه‌كردوه‌، "پرۆسه‌ی چاپكردنی دراوی ناوخۆیی به‌پێی پێداویستی دارایی ده‌بێت، به‌ شێوه‌یه‌كیش ئه‌نجامده‌درێت كه‌ هاوسه‌نگی دراوی بیانی و ناوخۆیی بپارێزێت بكات و ڕێگری له‌ هه‌ر هه‌ڵاوسانێكی دارایی بكات". نرخی دۆلارلە چەند مانگی ڕابردوودا بۆ زیاتر لە 160 هەزار دینار بەرزببۆوە بەڵآم لە ئێستادا لە دوای ڕێکارەکانی بانکی ناوەندی عێراق نرخی 100دۆلار بۆ 150هەزار دابەزیووە.      

هاوڵاتی دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، عەرەبێکی هاوردە لە شاری عەفرین منداڵی خاوەن کارەکەی دەکوژێت،  له‌ شاری عەفرین و شارۆچکەی جه‌ندرێس، به‌هۆی كوشتنی ئەو منداڵەوە خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ستی پێكرد، سەرچاوەیەکی خۆجێیی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆژئاوا " نۆرس پرێسی" ی ڕاگەیاندوە، سەدان کەس لە شاری عەفرین و جه‌ندرێس لە بەردەم نەخۆشخانەی سەربازی شاری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، و داوایان كرد لێپرسینەوە له‌گه‌ل بکوژی ئه‌و منداڵه‌ بكرێت. سەبارەت بە چۆنییەتی ڕوداوەکەش ئاماژەی بەوەکردووە، مێرمنداڵێک بە ناوی وەلید  رۆژی چوارشەممە، 13-03-2024، لە ناوچەی جندرێسی سەر بە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لە لایەن عەرەبێکی هاوردەوە دوای ئەوەی بە چەقۆ کوژراوە هەڵدراوەتە ناو بیرێکەوە . ڕونیشیکردەوە، تاوانبارەکە لە نانەواخانەی باوکی ئەم منداڵە کاریکردووە بەڵام دوای ئەوەی باوکی وەلید کرێکارەکەی دورخستۆتەوە لە کارەکەی دوای ڕۆژێک هەستاوە بە کوشتنی کوڕەکەی.  بکوژەکە بە رەچەڵەک عەرەبە و ناوی یامین ئەحمەد ئیبراهیمە، خەڵکی ئیدلیبە و لەدوای داگیرکردنی عەفرین چووەتە ناوچەکە.  هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان بکوژەکە لەلایەن پۆلیسی عەفرین دەستگیرکراوە، بەڵام ماڵباتەکەی هەڵاتوون.  

ئا: هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی ٨ی ئازار لەکۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی دامەزراوەی تورکە گەنجەکان لەشاری ئێستانبووڵ دەربارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە رۆژی ٣١ی ئازار بەڕوە دەچێت دواو وتی، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی لەساڵی ٢٠٢٤ دوایین هەڵبژاردن دەبێت کە ئەو لەسەر کورسی دەسەڵات دەبێت و دوای ٢ دەیە بوون لەسەر کورسی دەسەڵات، دەبێ دەسەڵات دەستاودەست بێت و دەستبەرداری کورسی دەسەڵات بێت. لەساڵی ٢٠٠٣ ەوە کە ئەردۆان گەیشتووەتە دەسەڵات و دەسەڵاتی تورکیای گرتەدەست ئەمە یەکەمجارە باس لەوە دەکات دەسەڵات دەستاودەست دەبێت و واز لەدەسەڵات دەهێنێت. ئەردۆغان لەدیدار لەگەڵ «دامەزراوەی تورکە گەنجەکان (TUGVA) « باسی لەجێهێشتنی کورسی دەسەڵات کردو وتی :» من بەردەوام خەریکی کارم و لەهەوڵدام، ئێمە بێوچان هەڵدێین، لەبەرئەوەی ئەمە دوایین کاری منە». سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردەوە بەپێی یاسای ئێستا، ئەو ناتوانێت لەدەوری داهاتووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا خۆی بپاڵێوێ و بەشداری بکات. بەڵام دژبەرانی ئەردۆغان باس لەوەدەکەن سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا دەیەوێت جارێکیتر دەست ببات بۆ یاساو یاسا لەبەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت. ئەوان باس لەوە دەکەن کەساڵی ٢٠١٧ لەبەرژەوەندی خۆیدا دەستیبرد بۆ یاساو یاسای گۆڕی. ئەگەر ئەمجارەیەش وەک چۆن ساڵی ٢٠١٧ بەپەنابردن بۆ ریفراندۆم یاسای گۆڕی، بتوانێت ئەم کارە بکات، دەکرێ لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوەو تەنها رێگای مانەوەشی لەدەسەڵات پەنابردنە بۆ گۆڕینی یاسا. رەجەب تەیب ئەردۆغان رێبەری ٧٠ ساڵەی پارتی دادو گەشەپێدان کەپارتیکی کۆنسێرڤاتە دڵنیایی دا بەلایەنگرەکانی بەوە کە حزبەکەی لەدەسەڵاتدا دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەوکاتەی خۆشی خانەنشین دەبێت و واز لەکورسی سەرۆککۆماری دەهێنێت. ئەردۆغان کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان سەردانی ئێستانبووڵی کردووە دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و گرینگی ئەنجامەکەی دواو وتی:» سەرکەوتن لەم هەڵبژاردنە گواستنەوەی میراتە بۆ ئەو برادەرانەی کەدوای من دێن و دەسەڵات دەگرنە دەست». بەدەستهێنانی شارەوانی ئێستانبووڵ کە یەکێکە لەگەورەترین و گرنگترین شارەکانی تورکیاو سەرکەوتن لەهەڵبژاردن لەم شارەدا بۆ پارتی دادو گەشەپێدان زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی ساڵی ٢٠١٩ و لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا ئەم شارەی لەدەستچوو و ئۆپۆزیسیۆن توانیان زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنن و حزبەکەی ئەردۆغان لەم شارەدا دۆڕا. ئێستا ئەردۆغان و پارتی دادو گەشەپێدان هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتەگەڕ بەوەی لەم شارەدا سەرکەوتوو بن. بەڵام تائێستا بەپێی راپرسییەکان ئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی حزبەکەی ئەردۆغاندا نییە. لەئیستانبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرەڕای هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتی «میللەت» کە ساڵی 2019 کاندیدی بوو، هێشتا دەنگەکانی پاراستووە و لەپێش کاندیدی ئاکپارتی و هاوپەیمانێتی کۆمار دایە. کۆتا راپرسییەکان ئەوە دەخەنەڕوو، ئیمامئۆغڵو، 2 بۆ 3 خاڵ لەپێش موراد کوڕوم دایە. هاوکات دەنگی کاندیدانی دەم پارتی کە لەئیستانبوڵ چارەنووسی ئەم هەڵبژاردنە دیاری دەکات، لەسەدا 4 بۆ 5ـە. ئێستانبووڵ ئەو شارە گرنگەیە کە ئەردۆغان نایهەوێت ئەمجارەش دۆڕاو بێت لەو شارەدا. لەبەرئەوەی قسەیەک هەیە لەتورکیا کەزۆر باوەو دەیڵێنەوە، ئەویش ئەوەیە هەرکەس ئێستانبووڵ بباتەوە هەموو تورکیای بردۆتەوە. ئەردۆغانیش دەیەوێت براوەی ئەم یارییە بێت.   گرنگی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەتورکیا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە ٣١ی ئازار بەڕێوەدەچێت گرنگییەکی تایبەتی هەیەو لەڕاستییدا دەرخەری سەنگی ئەردۆغان و حزبەکەیەتی لەکۆمەڵگای تورکیا. ئەردۆغان و حزبەکەی خۆیان مڵاس داوە بەوەی بتوانن شارەوانی ئەو شارانەی کە ساڵی ٢٠١٩ لەدەستیان چووبوو بەدەستیبهێننەوە. بەتایبەت شارەوانی ئێستانبووڵ وەک گرنگیترین شاری تورکیا دوای ئەنقەرەی پایتەخت. سەرکەوتنی ئەردۆغان و حزبەکەی دەکرێ مەترسی بێت بۆ سەر پرۆسەی دیمۆکراسی بەگشتی لەتورکیا و  ئەردۆغان و ماوەی ٢٠ ساڵەی دەسەڵاتدارێتییەکەی ئەوەی خستۆتەڕوو رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر پشت لەبەها دیمۆکراسییەکان ئەکەن و دەیانەوێت تورکیا بەرەو وڵاتێکی تەک حزبی بەرن. سەرکەوتنی ئەردۆغان لە شارەوانییەکان لەوڕووەوە مەترسییە – بەتایبەت ئەگەر سەرکەوتنی بەرچاو بێت-جارێکیتر متمانە بەخۆبوونیان ببێت بەوە دەست ببەنەوە بۆ یاسای وڵات و بەڕیفراندۆم یاسا بگۆڕن و رەنگیشە بیانهەوێت ئەردۆگان لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە بۆ ٥ ساڵیتر و لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ دا خۆی بپاڵێوێتەوە. ئێستانبووڵ و ئەنقەرە دوو گەورەشاری تورکیان و لە ئێستادا شارەوانی ئەم دوو شارە بە دەستی پارتی کۆماری گەل (CHP) ەیە. بەڵام ئەردۆگان وای داناوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا ئەم دوو شارە گەورەیە بە دەست بهێنێتەوە. ئێستانبووڵ و ئەنقەرە ، دوو پێتەختی ئابووری و سیاسی تورکیان و ساڵی ٢٠١٩ پارتی کۆماری گەل (CHP) ساڵی ٢٠١٩ توانی ئەم دوو شارە لە دەست ئەردۆغان بێنێتە دەرو لەم دوو پایتەختە ئابووری و سیاسییەی تورکیادا شکست بە ئاکپارتی بهێنێت. لە لایەکیترەوە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا کە بە «بەرەی نەتەوەیی « ناسرابوو دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆککۆماری کە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو و ئەردۆگان تێیدا براوە بوو، وەک پێشتر یەکگرتوو نین. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان هەموو حیزبەکانی بەشدار لە «بەرەی نەتەوەیی» بە پاڵیوراوی خۆیان بەشدارن. حیزبی باش (IYI PARTI) کە حیزبێکی سیاسی نەتەوەخوازی سێکۆلارە و پارتی یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان (DEM PARTI) هەرکامەیان بە پاڵێوراوی خۆیانەوە لەم هەڵبژاردنانەدا بەشدارن و نوێنەری خۆیان هەیە. ئەکرەم ئیمام ئۆغلوو ساڵی ٢٠١٩ وەک سەرۆکی شارەوانی ئێستانبووڵ هەڵبژێردرا، لە وتووێژێکدا ماوەیەک لەوە پێش وتوویەتی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی پەیامێکی گرینگی پێیە بۆ ئەردۆغان و پارتەکەی، هەڵبژاردنی ئازاری ٢٠٢٤ پەیامی « دیمۆکراسی، یەکسانی و حکوومەتی یاسا»ی پێیە بۆ دەوڵەتی ئەردۆغان. ئاک پارتی بۆ هەڵىژاردنەکانی ئێستانبووڵ» مرات کۆرۆل»ی کاندید کردووە کەپێشتر وەزیری ژینگەو شارسازی بووە، بەڵام پێش بینییەکان ئاماژەن بەوەی ئیمام ئۆغلوو لەپێشە.   شارە کوردییەکان و هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ساڵی ٢٠١٩ لەزۆربەی زۆرە شارە کوردییەکانی باکوور پارتی‌ دیموكراتی‌  گه‌لان- هه‌ده‌په‌ دەنگی سەرتری هێناو توانی سەرۆکی شارەوانی دیاری بکات. بەڵام هەدەپە دوای گوشارەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان هەڵوەشایەوەو لەئێستادا (دەم پارتی) نوێنەرایەتی کورد دەکات لە هەڵبژارنی شارەوانییەکان و هیواخوازە بەوەی بتوانێت سەرکەوتنەکانی (هەدەپە) لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەساڵی ٢٠١٩ دووبارە بکاتەوە. هەدەپە ٣ گەورە شارەوانیی ئامەد، مێردین و وانی بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەش شارەوانیی ٥ پارێزگای دیکە ( ئێلح، ئیدر، سێرت، جۆلەمێرگ و قەرس) و ١٥ قەزا و شارۆچکەی لەهەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ بردەوە. هەدەپە شارەوانیی ناوەندی پارێزگاکانی دێرسیم، شێرناخ، بەدلیس و ئاگری لەدەستدا. بەڵام شارەوانی شاری قەرسی بەدەستهێنایەوە کەپێشتر لەدەستی دابوو. لەشارەکانی مووش و دێرسیم بە جیاوازییەکی کەم دەنگی نەهێنایەوەو سەرکەوتوو نەبوو، هەرچەند هەر ئەو دەم هەدەپە تانەی لەهەڵبژارنەکان دا لەو ٢ پارێزگەیە و رایگەیاند بەزەبری هێز ئەنجامی دەنگەکان لەو ناوچانە گۆڕدراوە. لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی ٢٠١٩ و لەدەستدانی چەند شارەوانی گەورە وەک (دێرسیم، شێرناخ، بەدلیس و ئاگری) زۆر رەخنە لەهەدەپە گیرا و باس لەوە کرا هەدەپە شکستی هێناوە. بێگومان ئەوە کەهەدەپە ئەو شارانەی لەدەستدابوو حاشاهەڵنەگر بوو. بەڵام پێویستە ئەو دۆخ و هەلومەرجە لەبەرچاو بگیردرێت کە هەڵبژاردنەکانی ئازاری ٢٠١٩ی تێدا بەڕێوەچوو. پێویستە دوای ٥ ساڵ خوێندنەوەمان بۆ ئەو دۆخە سیاسی و ئەمنییە ببێت کە (هەدەپە) تێیدا چووە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانەوە و بەبێ لێکدانەوە ئەو دۆخە ناتوانین هۆکارەکان ببینین. لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ٢٠١٤ کورد سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا. ئەمە وایکرد بە بیانووی جیاواز (ئاکەپە) هێرش بکاتەسەر چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد لەباکووری کوردستان. پێویستە ئەوەمان لەبەرچاو بێت ٢٠١٩ کوردو هەدەپە لەژێر توندترین گوشارەکانی دەوڵەتی فاشیستی ئاکەپە- مەهەپەدا بەشداری هەڵبژاردنیان کرد. لەکاتێکدا دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردنکرد زیاتر لە ١٠ هەزار سیاسەتمەداری کوردی نزیک لە (هەدەپە) لە زیندان بوون. هاوشارەدارو پەرلەمانتارەکانی لەزیندان بوون. تەنانەت لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا سەدان بەرپرس، پاڵێوراو و ئەندامی هەدەپە دەستگیرکران. دۆخێکی ئەمنی سەربازی خوڵقا. دەوڵەت هەموو دامودەزگا و هێزەکانی خۆی بۆ دژایەتیکردنی هەدەپە تەرخانکردو لەهەموو روویەکەوە دەرفەتەکانی بەکارهێنا بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژارنەکان بەدڵی خۆی بێت و لەبەرژەوەندی خۆیدا بێت. (دەم پارتی) لەئێستادا هیوای کوردەکانە لەباکووری کوردستان و بەشی زۆری دەنگدەرانی کورد لەخۆی کۆدەکاتەوە. بەڕوانگەیەکی رەخنەییەوە لەئەزموونی (هەدەپ) دەڕوانێ و هیواخوازە بتوانێت سەرکەوتنەکانی (هەدەپ) دووبارە بکاتەوەو ئەو پارێزگایانەش کە ساڵی ٢٠١٩ لەدەستچوون بەدەستبهێنێتەوە، ئەگەر وەها بێت دەبێ بەشکستێکی گەورە بۆ ئەردۆغان. ئەردۆغان و ئاکەپە لەئێستادا کەوتوونەتە دژایەتی توندنی ( دەم پارتی)، بە هەمانشێوەی ٢٠١٩ باس لەوە دەکرێت دۆخی ترساندن و تۆقاندن زاڵەو دەیانەوێت کەڵک لە هەموو میکانیزمەکان وەربگرن بەوەی دەنگدەری کورد لەباکووری کوردستان دەنگ بە (دەم پارتی) نەدات و دەنگەکانی لەبەرژەوەندی (ئاکەپە) بچنە سندووقەکانەوە. ئەردۆغان (دەم پارتی) بەدرێژکراوەو درێژەدەری رێگای (هەدەپە) دەزانێت و نیگەرانە لەوەی ( جەهەپە) بەئاشکرا یان نهێنی پەیوەندی لەگەڵ (دەم پارتی) هەیە. رۆژی ٢٤ی شوبات لەپارێزگای (ئەدەنە) هێرشی کردەسەر (جەهەپەو دەم پارتی) و پەیوەندی (جەهەپە) لەگەڵ (دەم پارتی) و وتی : «ئۆپۆزیسیۆن بەهۆی ململانێییە نێوخۆییەکان و کێشمەکێشەکانی نێو حزب ناتوانن سەرنجی خۆیان بخەنە سەر بابەتەکانی دیکە. هەوڵی ئەوە دەدەن لەرێگەی رێککەوتنی گوماناوی هەڵبژاردن ببەنەوە. دەیانەوێت خەڵک ناچاریان بێت و دەنگیان پێبدات، بەڵام من باوەڕم وایە خەڵک دەیانکات بەپەند. ئیدارەی جەهەپە هێز ئۆپۆزیسیۆنی ئەم وڵاتەی بەلاوەناوە و لەکاری خستووە». ئەدەپە هەروەها رۆژی ٢٣ی شوبات لەکۆبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە بالیکێسر دەربارەی پەیوەندی (جەهەپە) و ( دەم پارتی) وتی:» جەهەپە درێژە بەهاوپەیمانیەتی نهێنی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دەدات، ئەمجارەیان لەگەڵ دەم پارتی و قەندیلە». هەروەها رۆژی ٨ی شوبات، سەرۆککۆماری تورکیا دەربارەی پەیوەندی (جەهەپە) و (دەم پارتی) قسەیکرد و وتی : «ئێمە وەک جەهەپە لەدیوی پشتی دەرگاکان لەگەڵ دەم پارتی ‹درێژکراوەی رێکخراوی جوداخواز› دانانیشن، بەڵکو وەک هاوپەیمانیەتی کۆمار راستەوخۆ قسە لەگەڵ خەڵک دەکەین. ئیدارەی جەهەپە لەخەمی چارەسەرکردنی خەڵک نییە. هەموویان هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسین». هاوپەیمانی و پەیوەندی نێوان (جەهەپە) و ( دەم پارتی) بە تایبەت لەشارێکی گەورەی وەک (ئێستانبووڵ) لێدانێکی گەورەیە بۆ ئاکپارتی و ئەردۆغان و دەنگی کوردو پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ (جەهەپە) دەتوانێت جارێکیتریش ئێستانبووڵ لەدەست ئاکپارتی بهێنێتە دەرەوە.   ئەردۆغان: لەسەرۆکی شارەوانییەوە بۆ سەرۆککۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا، هەنگاو بەهەنگاو پێگە سیاسییەکەی بەدەستهێناوەو لەئێستادا بەیەکێک لەقۆرخکارترین سیاسییەکان ئەزانرێت. ئەردۆغان بۆ ماوەی ٤ ساڵ و لە ساڵی ١٩٩٤ەوە بۆ ١٩٩٨ سەرۆکی شارەوانی ئێستانبووڵ بوو. ساڵی ٢٠٠٣ بوو بەسەرۆک وەزیران لەتورکیا . ئەوکات سەرۆک وەزیران گرنگترین پلەی سیاسی بوو لەتورکیا. سالی ٢٠١٤ دوای ٣ دەورە مانەوە لەپلەی سەرۆک وەزیرانیدا، بوو بەسەرۆککۆمار. ساڵی ٢٠١٧ و پاش ریفراندۆمێ ١٦ی ئاپریلی ٢٠١٧، سیستەم گۆڕا بۆ سیستەمی کۆماری و پلەی سەرۆک وەزیران لەتورکیا هەڵوەشایەوەو ئەمە رێگەخۆشکەر بوو بەوەی ئەردۆغان لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوەو ساڵی ٢٠١٨ بوو بەسەرۆککۆمار. ساڵی ٢٠٢٣ لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا لەخولی دووهەمدا جارێکیتر بووەوە بەسەرۆککۆمار و لەئێستادا زیاتر لە ٢٠ ساڵە کەسی یەکەمی سیاسەتی تورکیایە. بەپێی یاسا ئەردۆغان ساڵی ٢٠٢٨ جارێکیتر ناتوانێت خۆی بپاڵێوێت و خۆشی باسی لەوە کردووە ئەمە دوایین هەڵبژاردنە لەسەردەمی سەرۆککۆماری ئەودا.   ئەردۆغان و وازهێنان لەدەسەڵات رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و کەسی یەکەمی (ئاک پارتی) لەکۆبوونەوە لەگەڵ «دامەزراوەی تورکە گەنجەکان (TUGVA) « لەئێستانبووڵ باسی لەوەکرد ئەمە دوایین هەڵبژاردنی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەوە. لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ دا بەشداری ناکات و واز لەدەسەڵات دەهێنێت بۆ هاوڕێکانی. ئەم وتانەی ئەردۆغان لەتۆڕە کۆمەڵآیەتییەکان رەنگدانەوەی بووەو بەشێکی زۆر لەچالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی تورکیا بەگومانەوە لەم قسانەیان روانیوە و لایان وایە ئەردۆغان راستگۆ نییە لەقسەکانیدا و باس لەوە دەکەن ئەگەری هەیە ئەردۆغان جارێکیتر هەوڵدەدات یاسا بگۆڕێت لەبەرژەوەندی خۆیدا. ئەرکان ئۆزکان، چالاکی مافی مرۆڤ لە تورکیا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی X بەگومانەوە لەقسەکانی ئەردۆغان دەڕوانێت و ئەوە دەهێنێتەوە بیر کەساڵی ٢٠١٧ لە بەرژەوەندی خۆیدا رێفراندۆمی رێکخست و توانی یاسا لەبەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت. ئەم چالاکە مافی مرۆڤییە نووسیویەتی :» بڕوای پێ مەکەن، هەموومان دەزانین و ئاگادارین ئەو لەهەوڵی ئەوەدایە یاسا لەبەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت و جارێکیتر خۆی بپاڵێوێتەوە». ژمارەیەک لەچالاکانی سیاسی تورکیا باس لەوە دەکەن باسکردن لەکۆتایی هاتنی وادەی سەرۆککۆماری دوای ٢٠٢٨ و دەستبەرداری دەسەڵاتبوون لەئێستادا فێڵێکە لەلایەن ئەردۆغانەوە دەکرێت بۆ ئەوەی متمانەی خەڵک لەهەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازار بەدەستبهێنێت و خەڵک متمانەیان پێبکەن. ئەرکان ئۆزکان لەتویتێکی تردا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی X  دەربارەی ئەردۆغان و پارتەکەی نووسیویەتی :» ئەو ( ئەردۆغان) هەر رۆژەو رەنگێک دەگۆڕێت. رۆژێک خۆی بە نەتەوەیی نیشان دەدات و رۆژێک پیاوی ئایینی. ئێستاش دەیەویت خۆی بە دیمۆکراسیخواز نیشان بدات، بەڵام لە ٢٠٠٣ ەوە ئەوان دژی دیمۆکراسی و ئازادین لەتورکیا». محەممەد گۆنێش خوێندکاری دۆکتۆرای زانستەسیاسییەکان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی X  نووسیویەتی :» ئەردۆغان هیچکات بەدروشمەکان و قسەکانی خۆی وەفادار نەبووە جگە لەو قسانەی کە دژی ئازادی بوون. دیمۆکراسی لەتورکیا لەمەترسیدایە».   ئەردۆغان لەچی ئەترسێت؟ ئەردۆغان لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەردەوام هێرش دەکاتەسەر (دەم پارتی) و (جەهەپە). ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەردۆغان وەک ساڵانی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی ئیتر پارتەکەی و خۆی هێزی یەکەم نین. پرۆسەی سیاسی لەتورکیا لە ٢٠٠٣ ەوە بۆ ئێستا زۆر گۆڕاوە. ساڵی ٢٠٠٣ کە  پارتی داد و گەشەپێدان دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەردۆغان وەک رێبەرێک دەرکەوت کە توانی زۆرینەی رەهای دەنگەکان لەتورکیا و بەتایبەت لەناوچە کوردنشینەکان بەدەستبهێنێت. ئەردۆغان ٢٠٠٣ و ٢٠٠٨ و ٢٠١٣ لەناوچە کوردنشینەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا. تەنانەت وا لێکدرایەوە ناوچە کوردنشینەکان ئەردۆغانیان گەیاندە دەسەڵات. بە بانگەشەی  گەشەی ئابووری و کرانەوەی سیاسییەوە هاتە مەیدان. هەستی ئایینی خەڵکی لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکار هێناو خۆی وەک رێبەرێکی بێ رەقیب دەرخست. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا و بەتایبەت دوای هەڵبژارنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩، ئەردۆغان شکستی گەورەی هێنا. هەردوو پاڵێوراوی پارتی دادو گەشەپێدان لەدوو گەورە شاری ئێستانبووڵ و ئەنقەرە دەرنەچوون و پێگەی ئەردۆغان و پارتەکەی وەک ساڵانی سەرەتا نەماوە لە تورکیاو ئەو خۆشەویستییەی نەماوە. لەهەڵبژاردنەکانی ئایاری ٢٠٢٣ بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە نەیتوانی رێژەی پێویست دەنگ بهێنێتەوەو ببێت بەسەرۆککۆمار و  هەڵبژاردنەکان گەیشتە خولی دووهەم. لەخولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کەساڵانی یەکەمی سەرۆک وەزیران بوونی، وەک رێبەرێکی بێ رەقیب دەردەکەوت، بەجیاوازییەکی کەم توانی لە «کەمال قلیچدار ئۆغلوو» پاڵێوراوی ( جەهەپە) بباتەوە. لە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ٢٠٢٣  لەمانگی ئایاردا، ئەردۆغان ٥٢.١٨ لەسەدی دەنگەکانی هێنایەوە. لەبەرامبەردا «کەمال قلیچدار ئۆغلوو» ٤٧.٨٢ لەسەدی دەنگەکانی هێنایەوە. ئەمەش ئەوە دەخاتەڕوو ئەردۆغان ئیتر ئەو رێبەرە بێ رەقیبە نییە کە لەساڵانی یەکەمدا هەبوو و لەئێستادا ترسی لێ نیشتووە بەوەی لەهەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاردا بدۆڕێت.   شەڕی پ.ک.ک بەدادی ئەردۆغان دەگات؟ ئەردۆغان لەساڵی رابردوودا بەشێوەی چڕوپڕ کەوتووەتە هێرش بۆ سەر باشووری کوردستان و بنکەکانی پ.ک.ک و بانگەشەی ئەوە دەکات قەندیل بڕووخێنێت. ئەردۆغان دەیهەوێت هەستی نەتەوەیی دەنگدەرانی تورک بۆلای خۆی رابکێشێت و بەناوی وەستانەوە دژی (پ.ک.ک) کە ئەو بەتیرۆریستیان ناو دەبات، دەنگدەرانی نەتەوەپەرستی تورک بۆلای خۆی رابکێشێت. بەڵام لەناوخۆی کۆمەڵگای تورکیا ناڕەزایەتی گەورە هەیە لەم هێرشە چڕوپڕانەی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان و بنکەکانی پ.ک.ک لە باشوور. تائێستا نەیتوانیوە سەرکەوتنێکی هەرچەند بچووکیش بەدەستبهێنێت. لەبەرامبەردا سەدان لە هێزەکانی سوپای تورکیا لەم جەنگەدا کە خۆیان دایانگیرساندووە کوژراون. ئەم جەنگە لە باری ئابوورییەوە تێچوویەکی قورسی هەیە و بووە بۆ تورکیا. ئەردۆغان کە بەدروشمی باشترکردنی دۆخی ئابووری خەڵک گەیشتە دەسەڵات، لەئێستادا شکستی هێناوەو وڵاتەکەی لەباری ئابوورییەوە لەدۆخێکی خراپدایە. جەنگی بەربڵاو لەگەڵ پ.ک.ک تێچوویەکی گەورەی بۆ ئەو وڵاتە هەبووە. ئەمانە وا دەکات دەنگدەری نەتەوەییخوازی تورک رازی نەبێت لەهەڵسووکەوتەکانی ئەردۆغان و رەنگە جارێکیتر شکست بهێنێتەوە.

هاوڵاتی ئەنجومەنى شوراى هەرێمى كوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە لەبارەی بریارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی عێراق کە تایبەت بوون بە هەرێمی کوردستان. لە بەیاننامەکەدا ئەنجومەنى شوراى هەرێمى كوردستان رایگەیاند "لە سۆنگەى هەستكردن بەبەرپرسیارێتى مێژوویی و یاسایی بەرامبەر بەو ئاراستە نوێبەى دادگەى ئیتیحادى باڵاى عێراقی لە بڕیارەكانى ئەم دواییەیدا لەخۆى گرتووە دەربارەى ئەو دەعوایانەى دژ بەهەرێمى كوردستان بەرزكراونەتەوە، كە چەندین سەرپێچی لەخۆگرتووە بۆ دەقە دەستورییە روونەكان و بنەما یاساییە چەسپاوەكان، هەروەها لە ڕوانگەى باوەڕبوونمان بە سیستەمى فیدرالى لە عێراق، ئێمە لە ئەنجومەنى شوراى هەرێمى كوردستان - عێراق، گرنگترین تێبینییە یاساییەكانمان دەربارەى ئەو سەرپێچییانە بۆ ڕاى گشتى دەخەینەڕوو". دەقی بەیاننامەکەى ئەنجومەنى شوراى هەرێمى كوردستان - عێراق: لە سۆنگەى هەستكردن بەبەرپرسیارێتى مێژوویی و یاسایی بەرامبەر بەو ئاراستە نوێبەى دادگەى ئیتیحادى باڵاى عێراقی لە بڕیارەكانى ئەم دواییەیدا لەخۆى گرتووە دەربارەى ئەو دەعوایانەى دژ بەهەرێمى كوردستان بەرزكراونەتەوە، كە چەندین سەرپێچی لەخۆگرتووە بۆ دەقە دەستورییە ڕوونەكان و بنەما یاساییە چەسپاوەكان، هەروەها لە ڕوانگەى باوەڕبوونمان بە سیستەمى فیدرالى لە عێراق، ئێمە لە ئەنجومەنى شوراى هەرێمى كوردستان - عێراق، گرنگترین تێبینییە یاساییەكانمان دەربارەى ئەو سەرپێچییانە بۆ ڕاى گشتى دەخەینەڕوو: 1- دادگەى ئیتیحادى باڵا خۆى خستۆتە شوێنى دەسەڵاتى یاسادانان، بەجۆرێك لە حوكمى دەعواى ژمارە (83) و هەردوو یەكخراوەكەى (131) و(185)/ ئیتیحادى/2023، چەندین دەقى یاسایی تەشریع كردووە لە بەندەكانى (دووەم) و(سێیەم) و(چوارەم) و(پێنجەم)ى حوكمى ئاماژەپێكراودا، ئەویش دواى ئەوەى بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونى هەندێك ماددە و بڕگەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان - عێراق ژمارە (1)ى ساڵى 1992ى هەمواركراو. ئەمەش پێشێلكردنێكى ڕوونە بۆ ماددە (93)ى دەستورى عێراقى ساڵى (2005)، بەتایبەت بەندى (یەكەم)ى، كە تیایدا كارى دادگەى ئیتیحادى باڵا كورتكراوەتەوە سەر پیادەكردنى تایبەتكاری چاودێرییكردنى مەوداى دەستوری بوونى یاسا و پێڕەوە بەركارەكان. بۆیە هێنانەكایەى دەقى یاسایی لە بڕیارى دادگەى ئیتیحادی باڵا دەستوەردانە لە تایبەتكارییەكانى دەسەڵاتى یاسادانان و سەرپێچییەكى ڕوونە بۆ ماددە (47)ى دەستور كە دەقى كردووە لەسەر ئەوەى هەر دەسەڵاتێك پیادەى تایبەتكارییەكانى خۆی دەكات لەسەر بنەماى جیاكردنەوەى دەسەڵاتەكان. 2- پابەند نەبوونى دادگەى ئیتیحادى باڵا بە عەریزەى دەعواى داواكار، بەجۆرێك داواكارى دەعواى ژمارە (83)ى ئاماژەپێكراو، داواى هەڵوەشاندنەوەى یازدە كورسییەكەى (كورسییەكانى كۆتا)ى نەكردووە، بەڵكو داواى دوبارە دابەشكردنەوەى كورسییەكانى پەرلەمانى كوردستانى كردووە بەسەر پارێزگەكانى هەرێم بەگوێرەى پێوەرى ژمارەى دانیشتووان، كەچى دادگەى ئیتیحادى باڵا لە بەندى (یەكەم)ى حوكمەكەیدا بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونى دەستەواژەى (یازدە) لە ماددەى یەكەمى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستان ى هەمواركراو، ئەمەش داواكار لە عەریزەى دەعواكەى داواى نەكردبوو، بەم پێیەش ئەمە دەبێتە پێشێلكردنێكى ڕوونى ئەو بنەمایەى لە یاسا و لە دادگەرییدا چەسپاوە كە دەڵێت: دەعوا لە چوارچێوەى عەریزەكەیدا سنووردارە، و نابێت حوكم بكرێت بە زیاتر لەوەى داواكار داواى دەكات. 3- لە دەعواى ژمارە (83)ى ئاماژەپێكراو دیارە كە كەسانى داوالێكراو بریتین لە: - سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان. - سەرۆكى هەرێمى كوردستان. - سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان. دادگەى ئیتیحادى باڵا لە بەندى (هەشتەم)ى حوكمى دەعواى ئاماژەپێكراو بڕیاریداوە بە رەتكردنەوەى دەعوا بەرامبەر هەردوو داوالێكراو سەرۆكى هەرێمى كوردستان و سەرۆكى حكومەتى هەرێمى كوردستان لەبەر ئاراستەنەبوونى نەیارى (عدم توجه الخصومە). بەمەش نەیاری (الخصومە) كورتكرایەوە سەر سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان، بەڵام دادگەى ئیتیحادى باڵا بێئاگایە لەوەى بەبڕیارى ژمارە (233) و یەكخراوەكانى (239) و(248) و(253)/ئیتیحادى/2022 لە 30/5/2023 حوكمى داوە بە نادەستوریی بوونى یاساى بەردەوامبوونى خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان - عێراق ژمارە (12)ى ساڵى 2022، بەم پێیەش سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان و سەرجەم ئەندامەكانى لەبنەڕەتدا بوونی یاساییان نەماوە، لە كاتێكدا ماددەى (4)ى یاساى دادبینیی مەدەنیی ژمارە (83)ى ساڵى 1969ى هەمواركراو مەرجى داناوە بەوەى پێویستە داوالێكراو نەیار بێت. بەگوێرەى ئەم ماددەیە پێویست بوو دەعواكە رەت بكرێتەوە لەبەر نادروستى مامەڵەكردن لەگەڵ سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان وەك نەیارێك چونكە لەكاتى بەرزكردنەوەى دەعواكە بوونى یاسایی نەماوە. 4- سەرپێچیكردنى دادگەى ئیتیحادى باڵا بۆ رێسا یاساییە رێكارییەكان، كاتێك لە دەعواى ژمارە (233) و یەكخراوەكانى (239) و(248) و(253)/ئیتیحادى/2022، بڕیاریداوە بە قەبولكردنى نووسراوى لادانى هەردوو بڕیكار (د. وعدی سلێمان مزورى) و فەرمانبەری مافپەروەر (شەرمین خچر بهجت)، هاتوو لە پەرلەمانى كوردستان بە ژمارە (1369) لە ڕێكەوتى 23/5/2023 و هەڵوەشاندنەوەى تەخویلكردنى ئامادەبوونیان لەدادبینیكردن لەبەردەم دادگەى ئیتیحادى لە دەعواى ئاماژەپێكراودا. كەچى دادگەى ئیتیحادى باڵا لەبڕگەى ژمارە (1)ى حوكمى ئاماژەپێكراویدا بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوونى یاساى بەردەوامبوونى خولى پێنجەمى پەرلەمانى كوردستان - عێراق ژمارە (12)ى ساڵى 2022، بەم حوكمەش سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان دەسەڵاتى لادانى هەردوو بریكارى ئاماژەپێكراوى نامێنێت.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە لە وردبینی کردنی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ بڕێک پارەی دیکەی خستەسەر هەژماری هەرێم. ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئازاری 2024 لەلایەن وەزارەتى دارایی عێراقەوە بڕى 800 ملیۆن دینارى دیکە خرایەسەر هەژمارى هەرێمى کوردستان و ئەو بڕە پارەیەى هاتووە بۆ دەستەى وەبەرهێنانە و پارەکە خراوەتە سەر هەژماری ئەو دەستەیە. بۆ مووچەی مانگی شوباتی 2024 حکومەتی عێراق تائێستا لەکۆی 618 ملیار دینارەکە تەنها 561 ملیار دیناری خستووەتەسەر هەژماری هەرێمی کوردستان.

هاوڵاتی نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و ئەمەش وایکردووە خواستی هاوڵاتییان بۆ کڕینی کەمبێتەوە. مریشکفرۆشێک لە شاری سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند "نرخی کیلۆیەک مریشک لە دوو هەزار و 450 دینارەوە بۆ دوو هەزار 750 دینار بەرزبووەتەوە ئەمەش وایکردووە خواستی هاوڵاتییان لەسەر کڕینی مریشک کەمبێتەوە". لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشک ئەو مریشکفرۆشە وتی "بەهۆی ئەوەی مریشک هەناردەی باشووری عێراق دەکرێت نرخەکەی بەرزبووەتەوە، پێدەچێت لە رۆژانی داهاتووشدا نرخەکەی زیاتر بەرزێتەوە".

هاوڵاتی بەرپرسی کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دهۆک رایدەگەیەنێت تا ئێستا 12 کەس لە دهۆک وەک کاندیدی سەربەخۆ ناویان تۆمارکردووە، ئاماژە بەوەشدەکات لە کارەکانیان بەردەوامن خالید عەباس، بەرپرسی کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دهۆک تایبەت بە هاوڵاتی راگەیاند "تائێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک 12 کەس وەک کاندیدی سەربەخۆ ناویان تۆمارکردوە، هیچ هاوپەیمانییەک لای ئێمە تۆمارنەکراوە، حزبەکانی وەک پارتی، یەکێتی و پارتەکانی تر ناوی کاندیدانی خۆیان پێشکەش بە ئێمە نەکردووه، دواین وادەش بۆ تۆمارکردنی کاندیدەکان 22ی ئەم مانگەیە". بەرپرسی کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لە دهۆک دەشڵێت"سەڕەرای بایکۆتی حزبە تورکمانەکان و کریستیانەکان و چەند پێشهاتێکی تازە، بەڵام هەموو ئەمانە هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کارەکانمان نەکردووە و بەردەوامین لەسەر کارەکانمان". سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ی دیاریکردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی عێراق دڵنیایی دەداتە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت "ناردنی پارە بەردەوامی دەبێت". باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند "ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و ئەو هەواڵانەی لەبارەی راگرتنی پارەدارکردنەوە بڵاودەکرێنەوە دوورە لە راستییەوە". ئاماژەی بەوەشکرد "وەزارەتی دارایی عێراق پابەندە بە دابینکردنی دارایی هەرێم بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئازار، هەروەها پێویستە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی و وەزارەتی دارایی هەرێم هەماهەنگی بکەن بۆ پەلەکردن لە پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەخۆران لە بانکە باوەڕپێکراو و پەسەندکراوەکان".

هاوڵاتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی لە سنووری پەتکێ لە شاری پیرانشار، دوای کوشتنی کۆڵبەرێک بە تەقەی راستەوخۆ، تەرمەکەیان لە ژێر بەفر شاردووتەوە و جێیانهێشتووە. رکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی ئازاری ٢٠٢٤ تەرمی محەمەد گەنجە کە کۆڵبەری خەڵکی شاری پیرانشار دوای ٤٨ کاتژمێر گەڕان بە دوای تەرمەکەیدا لە ژێر بەفر لە سنووری پەتکێ سەر بە شاری پیرانشار دۆزرایەوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی ئەم کۆڵبەرە لەکاتێکدا دۆزراوەتەوە کە بە فیشەکێک شانی راستی پێکراوە. محەمەد گەنجە کە خێزاندارە و باوکی منداڵێک بووە، لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە دوای رۆیشتنی بۆ سنووری پەتکێ بەمەبەستی کۆڵبەری، بێسەروشوێن بووە و دوای دوو شەو و رۆژێک تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

سازگار ئەحمەد ئەمساڵ ٣٦ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە تێپەڕدەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستاش بەپێی پێویست کار لەسەر دۆسییەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە نەکراوە، شارەزایانیش پێیان وایە ئەمە هۆکارێک دەبێت بۆ زیادبوونی تاوانە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان. هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکات و هۆکاری ئەوە ئاشکرادەکات بۆچی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کار لەسەر ئەو دۆسییە ناکات، هەروەها لەئێستادا تیمێک پارێزەر لەسەر سکاڵای ژمارەیەک لەکەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە لەدادگای سلێمانی کار لەسەر ئەو دۆسییە دەکەن. لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەهاوڵاتی وت «ئێمە وەک کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە رێککەوتمان لەگەڵ دەستەیەک پارێزەری نێودەوڵەتی کردووە و چوار هەزارو ٨١٧ کەسوکاری شەهیدو قوربانییان سکاڵایان لەدادگای سلێمانی تۆمارکردووە وەکالەتیان داوەتە ئەو پارێزەرانە». سکاڵای کەسوکاری قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەسەر ئەو کۆمپانیاو کەسایەتی و بازرگانانەیە کە چەکی کیمیاییان بەحکومەتی بەعس فرۆشتووە لەو سەردەمەدا. هەروەها لەبارەی بەرەوپێشچوونی سکاڵاکە لوقمان عەبدولقادر وتی ‹›دۆسییەکە لەدادگادا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، ئەگەر بڕیاربدرێت دەبێت ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی کە چەکیان داوە بەحکومەتی بەعس قەرەبووی قوربانییان و کەسوکاری قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە بکەنەوە». سەبارەت بەڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو دۆسیەیەی کەسوکاری قوربانییانی هەڵەبجە ناوبراو دەڵێت «حکومەتی هەرێم هاوكاربووە لەگەیاندنی سکاڵاکان و دادوەرێکی داناوە بەردەوام کار لەسەر دۆسییەکە دەکات، هەروەها سکاڵاکان کە چوون بۆ کۆمپانیاکان لەڕێگەی نوێنەری حکومەتی هەرێمەوە براون و وەڵامەکانیان گەڕاوەتەوە». سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی هەڵەبجە رایگەیاند «رۆژی ١٢ی ئازاری ٢٠٢٤ دانیشتنی دادگا بەڕێوەچوو، لەدانیشتەنەکدا کۆمەڵێک بەڵگەو دیکۆمێنتی دیکە لەلایەن دادوەرەوە وەرگیراو داوای راپۆرتی بریندارەکانی رووداوی کیمیابارانی هەڵەبجە کراو لەماوەی سێ مانگدا دەبێت هەزارو ٧٠٠ بەرکەوتەی چەکی کیمیایی راپۆرت بدەنە دادگا، بڕیارە دانیشتنی داهاتووش لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ئەنجامبدرێت». ئەو گروپە پارێزەرەی کە کار لەسەر دۆسییەی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکەن گروپێکی نێودەوڵەتین و لەسەر ئاستی هەموو وڵاتان نوێنەریان هەیەو ئامانجیانە ئەو کەیسە بگەییەنە دادگای تایبەت بەقەرەبوو لەئەوروپا و لەوێوە بڕیار لەسەر ئەو کەیسە بدرێت و قەرەبووی قوربانییانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بکرێتەوە. ئەیاد کاکەیی، یەکێکە لەو پارێزەرە کوردانەی کەکار لەسەر دۆسییەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات و لەبارەی ئەوەی بۆچی دادگای نێودەوڵەتی کار لەسەر ئەم دۆسییە ناکات، قسەی بۆ هاوڵاتی کردو وتی «لەسەر ئاستی نێوەدەوڵەتی یەک دادگا هەیە ئەویش دادگای تاوانی نێودەوڵەتییە کە نەک تەنها دۆسییەی هەڵەبجە بگرە دۆسییەکانی ئەنفال، فەیلی و بارزانی و پاکتاوی نەژادی و راپەڕین و کۆمەڵێک دۆسییەی دیکەی هاوشێوەی لەخۆنەگرتووە». روونیشیکردەوە «دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەساڵی ٢٠٠٢ دامەزراوە، بۆیە ئەو دادگایە ئەو تاوانانە دەبینێت کە لەدوای ئەو ساڵەوە روویانداوە، هەروەها تاوانەکانی بەرامبەر بەهەرێمی کوردستان کراوە پێش ئەو ساڵەیە، بۆیە لەدەسەڵاتی ئەو دادگایە نییە کە ئەو تاوانانە ببینێت». لەساڵی ٢٠١٨وە تاوەکو ئێستا کار لەسەر دۆسیەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دەکرێت، سەرەتا دۆسییەکە لەدادگای بەرایی هەڵەبجە بووە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ دادگای بەرایی سلێمانی کەتایبەتە بەقەرەبووکردنەوەی قوربانییان و کەسوکاری قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە. هەروەها د.ئاوارە حسێن ئەحمەد راگری کۆلێژی یاساو کارگێڕیی لەزانکۆی هەڵەبجە کەتوێژینەوەی دکتۆراکەی تایبەت بووە بەجینۆساید بەهاوڵاتی راگەیاند «لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٠ لە دادگای باڵای تاوانکاریی عێراقی بەپێی ماددەی ١١ی پەیڕەوی بنەڕەتی دادگا دۆسییەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک جینۆساید ناسێندراوە کەماوەی ١٤ ساڵ دەکات». لەبارەی ئەوە تا چەند لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کار لەسەر دۆسییەی کیمیابارانی هەڵەبجە کراوە د.ئاوارە حسێن ئاماژەی بەوەکرد «تائێستا تەنها لەدادگای شاری لاهای کار لەسەر دۆسییەی یەک بارزگانی چەکی کیمیایی کراوە ئەویش، بازرگانێکی هۆڵەندی بوو بەناوی (فرانس ڤان ئەنرات) کە لەساڵی ٢٠٠٥ دادگایی کراو بەتۆمەتی فرۆشتنی چەکی کیمیایی بە رژێمی بەعس و راوێژکردن بەحکومەتی ئەوکاتەی عێراق کەچۆن ئەو چەکانە دژی کورد بەکاربهێنێت سزای ١٧ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، دواتر لەدادگای پێداچوونەوەی شاری لاهای و دادگای باڵای ئەمستەردام و دواتر لەدادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا پێداچوونە بەدۆسییەی ئەو بازرگانەدا کراو سزادرایەوە بە ١٦ ساڵ و نیو زیندانیکردن». روونیشیکردەوە «لەو دۆسییەیەدا ١١٣ جار ناوی هەڵەبجەو چەند گوندێکی دیکەی هەرێمی کوردستان و ناوچەی سەردەشت و چەند گوندێکی رۆژهەڵاتی کوردستان هاتووە، بەڵام هەڵەبجە یەکێکە لەو شارانەی کەزۆرترین جار ناوی هاتووە، لەبەرئەوەی زۆرترین قوربانی داوە». د.ئاوارە حسێن حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەمتەرخەم دەزانێت لەسەر کارکردن لەسەر دۆسییەی کیمیابارانی هەڵەبجە و دەڵێت «لەساڵی ٢٠٠٨وە دوای ئەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کەیسی هەڵەبجەی بەجینۆساید ناساند لەبڕیارەکەدا داوا لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کراوە کە سکاڵا دژی ئەو دەوڵەت و کۆمپانیا و لایەن و کەسایەتییانەی چەکی کیمیاییان فرۆشتووە بەحکومەتی بەعس تۆماربکات، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم ئەرکە هەڵنەساوە، ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کەحکومەتی هەرێم لە ئاست ئەم کەیسەدا کەمتەرخەمە». دەشڵێت «ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوکارەی بکردایە، ئەوا دەبووە هۆکارێک بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کورد رووبەڕووی تاوانە نێودەوڵەتییەکان نەبێتەوە، بەتایبەت لەئێستادا کەهەرێمی کوردستان رووبەڕووی تاوانی نێودەوڵەتی دەبێتەوە لەلایەن تورکیاوە، ساڵانە بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانی». هەروەها لەلایەکی دیکەوە پەرلەمانی کوردستانیش بەکەمتەرخەم دادەنرێت لەدۆسییەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، بۆ نموونە لەپێنج خولی پەرلەماندا نەتوانراوە یاساییەک بۆ قەرەبووکردنەوە قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە دابنرێت، تەنانەت نەیتوانیوە هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە دەرەکییەکان بۆ قەرەبووکردنەوە، بۆیە ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە نەبوونی یاسایەکی تایبەتە. لەڕۆژی ١٦ی ئازاری ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن حکومەتی ئەوکاتەی رژێمی بەعسی عێراقییەوە لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە شاری هەڵەبجە کیمیابارانکراو پێنج هەزار ژن و پیاوو گەنج و منداڵ شەهیدبوون و بەهەزارەهای دیکەش بریندارو بێسەروشوێن و ئاوارەبوون، ئەمساڵیش کەساڵی ٢٠٢٤-ە ماوەی ٣٦ ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕدەبێت، بەڵام بەپێی پێویست کار لەسەر دۆسییەی ئەو تۆمەتبارو کۆمپانیاو بازرگانە نێودەوڵەتییانە نەکراوە کەهاوکاری حکومەتی بەعس بوون لەو رووداوەدا، هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە وەک پێویست خزمەتی خەڵک و شارەکەش نەکراوە.

هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت جەخت دەکەنەوە کە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان. مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە پەیجى خۆى لە فەیسبوک نووسیویەتى "لە کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا، وەزیری دارایی و ئابووری ئاماژەی دا بەوەی، کە وەزارەتەکەی، داوای تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق کردبوو بۆ مانگی شوبات بە بڕی ( 949,813,146,170) ملیار دینار، بەڵام وەزارەتی دارایی عیراق، 569 ملیار و 219 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە، کە دەکاتە ڕێژەی (%59) لە کۆی گشتی مووچە و ئەمەش وا دەکات کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات دروست ببێت". راشیگەیاندووە "جەخت دەکەینەوە کە پێویستە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت و نابێت مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بێبەش بکرێن لە ماف و شایستەی دارایی خۆیان، چونکە ئەمە مافی دەستوریی و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە و نابێت تێکەڵی هیچ ناکۆکیەکی نێوان هەردوو حکومەت بكرێ و کۆسپ و تەگەرە بخرێتە بەردەم خەرجکردنی". باسی لەوەشکردووە "هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ پشت بەستن بە پڕۆژەی (هەژماری من) کە پڕۆژەیەکی گرنگ و پێشکەوتووی بانکییە و هاوشێوەی پرۆسەی ( تەوتین)ە، بۆیە دەبێ مووچەخۆرانی هەرێم، لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و ( هەژماری من ) ەوە، مووچەی خۆیان وەربگرن، پرۆسەکەش بەردەوامە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ، هەموو مووچەخۆرانی هەرێم ، حیسابی بانکیان بۆ بکرێتەوە، ئەو بانکانەی لە ( هەژماری من )یش بەشدارن، مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندی عێراقین و بەشێکن لە پرۆسەی ( توطين) کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە". نووسیوشیەتی "وەک چۆن مووچەخۆرانی عێراق، ئازادن لە هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی ئەو بانکانەی حیسابی لێ دەکەنەوە، بە هەمانشێوە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ئازادبن کە لە چوارچێوەی ( هەژماری من)دا، لە چ بانکێک حیساب بکەنەوە، کە ئێستا پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکە و لە ماوەیەکی نزیکیشدا، چەندین بانکی تریش دەبنە بەشێک لە پرۆژەکە".  

هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پاشەكشێ ناکات لە "هەژماری من"، ئاماژە بەوەشدەکات سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندیدایە، بۆئەوەی پارەی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت. پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان پاشەكشێ ناکات لە "هەژماری من" و وای تەواوبوونی هەژماری من ئابووری هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، ئەوانەی کارتی هەژماری من-یان هەبێت دەتوانن قەرز وەربگرن و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم فەرمانبەران ئەو کارتەیان دەبێت". ئاماژەی بەوەشکرد "سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندیدایە، بۆئەوەی پارەی تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و کێشەکە چارەسەر بکرێت". لەبارەی لیستی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت "ئەو پارەی کە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی دەستی لێنەدراوە، دەبێت ئەو پارەیە بە تەواوی بنێردرێت ئینجا دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و تا ئێستا مووچەی خانەوادەی شەهیدانی هەرێمی کوردستان نەنێدراوە و ئێمە دەستبەرداری مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان نابین". لەبارەی هێزی پێشمەرگەوە ناوبراو وتی "هێزی پێشمەرگە لە پێداویستی سەربازی و مووچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بێبەش کراوە، لەکاتێکدا هێزی نایاسایی و لە یاسا دەرچوو پارەیەکی زۆریان بۆ دابین دەکرێت". دەشڵێت "دادگای فیدراڵی لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە هەشت بڕیاری دژی هەرێمی کوردستان دەریکردووە، دادگای فیدراڵی لە بری حکومەت و پەرلەمانی عێراق بڕیار دەدات، هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیارەکانی سیاسین و دژی دەستووری عێراقن".      

هاوڵاتی میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا بڕیار دراوە مووچە دابەش نەکرێت تا بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش دەنێرێت. میدیای یەکێتی لە زاری سەرچاوەیەکەوە ئەمرۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە،  لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بڕیاردراوه‌، مووچەی مانگی شوبات دابەشناکرێت تا بەغدا مووچەی ھێزە ئەمنییەکان دەنێرێت. سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لە رۆژانی داھاتوو شاندێکی حکومەتی ھەرێم بۆ پرسی مووچە دەچێتەوە بەغدا.  

شەنای فاتیح ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا بازاڕ تاڕادەیەک بووژانەوەیەک بەخۆیەوە دەبینێت بەراورد بەپێش رەمەزان، کاڵاکان خواستێکی زیاتریان لەسەر دەبێت بەتایبەت بابەتە خۆراکییەکان و شیرینی و شەربەت، بەڵام رەمەزانی ئەمساڵ لەهەرێمی کوردستاندا جیاوازە لەساڵانی رابردوو و بازاڕ سست بووەو کاڵاو شمەک و خواردەمەنییەکان خواستیان کەمتر لەسەرە. کاسبکاران و هاووڵاتیان هۆکاری سستی بازاڕ دەگەڕێننەوە بۆ قەیرانی دارایی و دابەشنەکردنی موچە لەکاتی خۆیدا، ئەمە لەکاتێکدایە کەئەمڕۆ ١٣ی ئادارە، بەڵام تائێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی شوباتیان وەرنەگرتووە، هەرچەندە رۆژی ١١ی ئادار وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خستووەتە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان، بەڵام تائێستا شێوازو کاتی دابەشکردنی موچەی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نادیارە. رۆژی دووشەممە، ١١ی ئاداری ٢٠٢٤ قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند:  هەڵمەتی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بۆ دوکان و بازاڕو شوێنە گشتییەکان و پشکنین بۆ ئەو خواردن و خواردنەوانەی بەهاووڵاتیان و رۆژوەوان دەفرۆشرێت ئەنجامدراوە. هەروەها راگەیەندراوەکە باسی لەوەشکردووە خشتەی کارو چالاکی لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بەجۆرێک رێکدەخرێت کەبەردەوام چەند لیژنەیەک لەبازاڕ پشکنین بۆ ئەو خواردن و خواردنەوانە ئەنجامبدەن لەمانگی رەمەزاندا خواستی زۆریان لەسەرە. سەبارەت بەبەرزبوونەوەی نرخ قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە « لەکۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەکاری بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز بڕیاردراوە، هەر بازرگان و دوکاندارێک بەبێ هۆکار نرخی کاڵاو شمەک بەرزبکاتەوە شوێنەکەی دادەخرێت و خاوەنەکەشی رووبەڕووی رێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە». محەمەد عەبدوڵا، فرۆشیارێکی شیرینی و شەربەتە لەنێو بازاڕی شاری سلێمانی و لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بەشێوەیەکی گشتی بازاڕ لەسەرەتای رەمەزاندا کزە، بەڵام هیچ ساڵیک وەک ئەمساڵ نەبووە، ساڵی گرانییەکە کاسبکار لەڕەمەزاندا پارەی شەش مانگی پەیدا دەکرد، بەڵام ئەمساڵ خەڵک پارەی پێ نییە. وتیشی: موشتریمان کەمی کردووە بەراورد بەساڵانی رابردوو بەهۆی قەیرانەوە، چونکە خەڵک نانەکی گرنگترە هەیبێت تاشەربەت و شیرینی. «ئەگەر ساڵانی رابردوو لەم کاتانەدا  ١٠ موشتەریمان هەبووایە، ئێستا شەش تا حەوت موشتەریمان هەیە« محەمەد عەبدوڵا وای وت. عەلی قادر، یەکێکی دیکەیە لەفرۆشیارەکانی شاری سلێمانی و زیاتر لە ٣٠ ساڵە فرۆشگای پێداویستییەکانی رۆژانەی هاووڵاتیانی هەیە و لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: لەئێستادا بازاڕ سفرە ساڵ بەساڵ خراپتر دەبێت، ئەم بێبازاڕییە بووەتە مایەی زەرەرێکی زۆر بۆ کاسبکاران و دوکانداران. وتیشی: ئەوەی کرێ دوکان دەدات کرێکەی دەرناهێنێتەوەو ئەوەشی لەشاگردێک زیاتری هەبووبێت هەموویانی ئیزن داوەو تەنها شاگردێکی لای خۆی هێشتووەتەوە. عەلی قادر باسی لەوەشکرد کە نرخیان بەرز نەکردووەتەوەو هەمان نرخی ساڵانی رابردوو و پێش رەمەزانە، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کەدەفتەری قەرزیان نەهێشتووە، چونکە دەفتەری قەرزیان هەیە نزیکی حەوت ملیۆن دیناریان لەقەرزدا هەیەو تائێستا هیچ بڕە پارەیەکیان بۆ نەگەڕاوەتەوە. «ئەگەر ساڵان ١٠ موشتەریم هەبووایە ئێستا بووەتە موشتەرییەک یان دوو موشتەری« عەلی قادر وای وت. ئەحمەد عوسمان، فرۆشیارێکی دوکانی مریشکەو لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: بازاڕ زۆر سستەو ساڵی رابردوو لەم کاتەدا سێ شاگردم هەبوو فریای بەڕێکردنی موشتەرییەکان نەدەکەوتن، بەڵام ئەمساڵ یەک موشتەریم هەیەو بازاڕ لاوازە. وتیشی: باشی و خراپی بازاڕ پەیوەستە بەموچەوە، هەرچەندە بەشێکی هاووڵاتیان بەقەرز پێداویستییەکانیان دەبەن، بەڵام بەو شێوەیەش بازاڕ هەو لاوازە. «ئەگەر ساڵانی رابردوو ١٠ موشتەریم هەبووبێت، ئێستا تەنها دوو موشتەریم ماوە«. ئەحمەد عوسمان وای وت. فاتمە عومەر، هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٥ ساڵەو نیشتەجێی شاری سلێمانییە، لەلێدوانێکدا بەهاوڵاتی وت: خێزانێکی پێنج کەسیم هەیە و یەک سەرچاوەی داراییمان هەیە، ئەویش موچەی هاوسەرەکەمە، هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ بارودۆخمان خراپ نەبووە. وتیشی: ئەمساڵ نیوەی ساڵانی رابردوو پێداویستی رەمەزانم کڕیوەو نیوی ئەوەشی کەکڕیومە بەقەرز هێناومە.

  هاوڵاتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووەوە و ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، وەزیری دارایی گوتوویەتی، هەر وەزارەتێک داتای دروستی ناردبێ مووچەیان بۆی ناردووە و بو هیچ شێوەیەک کار بە پڕۆژەی هەژماری من ناکات. د. جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا ته‌یف سامی، وه‌زیری دارایی عێراق وتی لیستی هه‌ر وه‌زاره‌تێك ره‌وانه‌ كرابێت موچه‌كه‌ی ره‌وانه‌كراوه‌ به‌ڵام ده‌ڵێت، "حكومه‌تی هه‌رێم پابه‌ندنییه‌ به‌ یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتوی عێراق و ئه‌گه‌ر بۆ مانگی داهاتوش توطین نه‌كرێت ئه‌وا موچه‌ نانێرێت". وتیشی،  وەزیری دارایی عێراق داوای کردوە کە داتای هەموو هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت بۆ عێراق هاوشێوەی وەزارەتەکانی دیکە و ئەو کات مووچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت. بەوتەی جەمال کۆچەر، وەزیری دارایی عێراق باسی لەوە کردوە کە ئەوان کار بە پڕۆژەی 'هەژماری من' ناکەن و دەبێت، پشت بە بانکە فیدڕاڵییەکان ببەستین و وتویەتی، ئاماده‌نیم یه‌ك دینار بۆ مووچه‌ى مانگى ئازارى مووچه‌خۆرانى هه‌رێم بنێرم هه‌تاوه‌كو هه‌ژمارى بانكى و كارتيان بۆ دروستنه‌كرێت. سەبارەت بەوەش کەدروستکردنی ئەو هەژمارە بانکیانە کاتی زۆریان پێویستە ڕایگەیاندووە، كۆمپانیا هه‌یه‌ ئێمه‌ گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵى هه‌یه‌ وتویه‌تى: به‌ 15 رۆژ كارتى بانكى بۆ سه‌رجه‌م مووچه‌خۆرانى هه‌رێم دروستده‌كات، بۆچى گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ ناكه‌ن"؟! . هەروەها وەزیریی دارایی عێراق سەبارەت بە مووچەی هێزە ئەمنییەکان دەڵێت،" هەمو ئەو وەزارەتانەی هەرێم کە  ناو و زانیاریان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردوە موچەیان بۆ نێردراوە، موچەی وەزارەتی پێشمەرگە نەنێردراوە چونکە داتاکانیان بە وەزارەتەکە نەگەیشتوە، بە دڵنیاییەوە ئەگەر داتای موچەخۆرانی وەزارەتی پێشمەرگە بنێردرێت پارەیان بۆ دەنێرن." رۆژی سێشەممە دادگەی فیدراڵی لەسەر ناردنی مووچە داوای لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە پەلە بکەن لە پرۆسەی جێبەجێکردنی بە ئەلکترۆنی کردنی  (بەبانکیکردنی) مووچە و تائەو کاتەی پرۆسەکەش تەواو دەبێت، مووچەی فەرمانبەران بە کاش بدرێت.  بەڵام بەپێی قسەی دوو ئەندامی لیژنەی دارایی، ئەمڕۆ وەزیری دارایی شتێکی پێچەوانەی ئەو بڕیارەی وتووە و بڕیاری داوە بە بێ هەژماری بانکی هیچ بڕەپارەیەک بۆ مووچەی مانگی سێ نەنێرێت