هاوڵاتی پەرلەمانتارێكی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و سەر بەدەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نوری مالیكی ڕایگەیاند:"چوارچێوەی هەماهەنگی بەهاوكاریی هاوپەیمانەكانی لەیەكێتیی‌و سیادە و سەربەخۆمان توانای ئەوەمان هەیە كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار تێپەڕێنین". كازم حەیدەری دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند:"لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو ژمارە پەرلەمانتارە نوێیە ئاشكرادەبن كە دەچنە پاڵ چوارچێوەی هەماهەنگییەوە". هەروەها راشیگەیاند كە چوارچێوەی هەماهەنگی‌و هاوپەیمانەكانی لەگەڵ بەشێك لەهاوپەیمانی سیادە و سەبەخۆكان دەتوانن ژمارەی پێویست بۆ دروستكردنی نیسابی یاسایی پەرلەمان‌و تێپەڕاندنی كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار تەواو بكەن. لەئێستادا پەرلەمانی عێراق لەسەرەتای پشووی یاسادانانی خۆیدایە، بوتەی ئەو پەرلەمانتارە بەو هۆیەوە ناكرێت لەئێستادا پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمار یەكلایی بكرێتەوە.  

    هاوڵاتی   سیستمی سیاسیی تورکیا لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا بەگۆڕینی هیچ حکومەتێک و هاتنەسەرکاری هیچ حزبێک گۆڕانکاری تیادا ئەنجام نەدراوە، بەڵکو هەریەک لە حکومەتەکان و ئەو حزبانەی چوونەتە دەسەڵات بەپێی قۆناغەکەی خۆیان کاریان بۆ پتەوترکردن و ریشەدارترکردنی ئەو سیستمە کردووە. سەرەتای سیستمی سیاسی و تەنزیمات کۆماری تورکیا لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣و لە دوای رووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە بەهاوکاریی پاشماوەکانی گروپی ئیتحادو تەرەقی و تورکە لاوەکان دامەزرا. بەهۆی ئەوەی عوسمانییەکان لە باشووری رۆژهەڵات و باڵکان بەشێک لە خاکی ئەوروپایان داگیرکردبوو سنوور و کاروباریان و پەیوەندییان لەگەڵ ئەوروپیەکان زۆر بوو. پێشکەوتنەکانی ئەوروپا وایکرد، گروپێک لە تورکەکان بە چاوکردن لە ئەوروپا و لەناوەڕاستی سەدەی ١٩ دا کار بۆ پێشخستنی عوسمانی بکەن. لەو چوارچێوەیەدا بە فەرمانی سوڵتان مەحمودی دووەم لە ٣ی تشرینی دووەمی ١٨٣٩دا دەزگایەک بە ناوی تەنزیمات بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتە ئەوروپیەکان دامەزرا، کە خۆی لە شکڵی تەنزیماتێکی خێرخوازیدا وێنا دەکرد. لەو کاتەوە دەستکرا بەدامەزراندنی ژمارەیەک گروپ و رێکخراوو سەردەمی تەنزیمات دەستپێکرد. بەکارهێنانی لایەنی سەرکوتکاریی مۆدێرنیتە بۆ مانەوەی دەسەڵات عوسمانییەکان وەک زۆربەی هەرە زۆری دەسەڵاتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپێشکەوتنەکان و مۆدێرنیتەی ئەوروپا بە پلەی یەکەم و بەشێوەی سەرەکی لایەنی پڕچەککردنی سوپا، دروستکردنی هێزی ئاسایشی ناخۆ بۆ سەرکوتی خەڵک، دروستکردنی زیندان و نووسینی یاساکانی سزادان وەرگرت و ئەوانەش بەشێوەیەک رێکخرابوون، کە هەموویان بچنە خزمەتی پاراستنی دەسەڵاتەوە. لە دوای گرنگیدان بەهۆیەکانی سەرکوتکردن و وەرگرتنیان بەشێوەی مۆدێڕن، ماوەیەکی زۆر دواتر دەسەڵاتی عوسمانی بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراوو سنووردار دەستیکرد بە کردنەوەی خوێندنگە و زانکۆ، نەخۆشخانە و دەرمانخانە... زۆر دواتریش بەشێوەیەکی زۆر کەم و لە ژێر چاودێری چڕی دەوڵەت و خەلافەتدا رێگا بە هەندێک کارو کەمێک ئازادیی سیاسی و کاروباری رێکخراوەیی درا. زۆر بەدرەنگیشەوە رۆژنامەگەری و ئازادیی حزب و گەلەک دواتر لەوانەش هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان و شارەوانی خرانە بەرنامەی کاری دەوڵەتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بە عوسمانی و تورکیای نوێ و دەوڵەتی ئێران و عەرەبییەکانیشەوە. دەوڵەتەکانی ناوچەکە لەمۆدێرنیتە گرنگییەکی باشیان بەوەرگرتنی لایەنی توندڕەوی، سەرکوتکاری، ناسیۆنالیزم، نکۆڵیکردن و سڕینەوە، عروبە، پان تورکیزم، پان ئیرانیزم و پان فارسیزم، پارن عەرەبیزم و دروستکردنی سوپای پڕچەککراو بەگازی کیمیایی و فڕۆکەو مین و گروپی تیرۆریستی و... دا. ئێستاشی لەسەر بێت هیچ یەک لەدەوڵەتەکانی ناوچەکە دیموکراسی نین و هەمویان بۆ مانەوەی خۆیان پشتیان بە سەرکوتکاری، سڕینەوە، نکۆڵیکردن، لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژکردن و کۆنترۆڵکردنی هەڵبژاردن و پەرلەمان و جموجوڵی حزبەکان و میدیا بەستوە... دەوڵەت و مۆدێرنیزم لەتورکیا وەک هیتلەر، مۆسۆلینی، ستالین، سەدام، شای ئێران و... هتد لایەنە تێکدەرانەکەی مۆدێرنیتەی بۆ خۆی بەکارهێناوە و دەیەوێت بە سوودوەرگرتن لەو نموونانە بەردەوامی بەو سیستمە بدات، کە تەنها یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک دەوڵەت و یەک وڵاتی قبوڵە. ئەوەش بەمانای سڕینەوەی ئەوانی ترو قبوڵنەکردنی ئەوانی ترە، ئەوەش کۆڵەکەی سەرەکیی فاشیزم و شۆڤێنیزمە. مەشروتە و حەربییە  عوسمانییەکان بۆ ئەوەی لەئەوروپیەکان دوانەکەون لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٨٧٦دا دەستیان بە پرۆسەیەک بەناوی مەشروتە لەتورکیادا کرد. ئامانج لە مەشروتە دیاریکردنی سنوورەکانی دەسەڵات و کارکردن بوو بۆ بە دامەزراوەیکردن و بە یاسایکردنی کاروبارەکان، بەڵام مەشروتە تەمەنی کەم بوو و دوای نزیکەی چوار ساڵ کۆتایی پێهێنرا. لە دوای نزیکەی چوار ساڵ خەلافەت و دەوڵەتی عوسمانی لەسەر شێوازی ئەوروپی پەیمانگاو خوێندگای جۆراجۆریان بە ناوەکانی حەربییە، مولکییە کردەوە، کە لەلایەن راهێنەرانی فەرەنسی و ئەوروپییەوە بەڕێوەدەبران. ئیتحاد و تەرەقی و تەشکیلاتی مەخسوسە لەبەردەوامیی ئەو رەوتەدا لە ٦ی شوباتی ١٨٨٩دا گروپی ئیتحادو تەرەقی دروستبوون. ئەو گروپە دوو کۆڵەکەی بۆ خۆی کردبووە بنەما، یەکەم تورکایەتی و پانتورکیزم. دووەم، ئایینی ئیسلام وەک کۆڵەکەیەک لە بەرامبەر مەسیحیەت و ئاینەکانی تردا. ئەو گروپە لە ٢٢ی ئەیلولی ١٩٠٩دا خۆیان وەک حزب راگەیاند. لە چوارچێوەی ئەوانەدا تورکە لاوەکان دەستیان بەسەر هەموو جومگەکانی سیاسەت و دامودەزگاکان و سوپا و حکومەتدا گرت. لەساڵی ١٩١١دا دەزگایەکی هەواڵگرییان بە ناوی تەشکیلاتی مەخسوسە دامەزراند. تەشیکلاتی مەخسوسە لە کۆماری تورکیادا بوو بە دەزگای زانیاری و ئاسایشی نەتەوەیی و دواتر بەهاوکاریی سی ئای ئەی ئەمریکی و موسادی ئیسرائیلی هەندێک گۆڕانکاری و دابەشکاری لەو دەزگایەدا کراو لەو چوارچێوەیەدا دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی (مەگەکە)، دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و دەزگای هەواڵگریی جەندرمە (ژیتەم) دامەزران. پرۆسەی دروستکردنی تورکی خالس لەکوردستان و ئەنادۆڵ  سێ پاشاکە، واتە جەمال پاشاو ئەنوەر پاشاو تەلعەت پاشا رۆڵێکی گەورەیان گێڕا بۆ هێنانەدیی بیرۆکەی مۆدێرنی خۆیان بۆ سڕینەوەی نەتەوەیی و دروستکردنی ناوچەیەکی تورکی خالس و رەسەن، کە پشتی بە ئایینی ئیسلام بەستبێت، چونکە هیچ نەتەوەیەک بەبێ ئایین و ئایدۆلۆژیایەک ناتوانیت بناغەکانی خۆی پێناسە و گەشە پێبدات. بۆ ئەوەش بە فتوای شێخولئیسلامی بارەگای بابی عالیی سوڵتانی عوسمانی عەبدولحەمیدی دووەم  دەستیانکرد بە پاککردنەوەی ناوچەی ئەنادۆڵ لەهەموو نەتەوە و ئایینەکانی ترو لەو چوارچێوەیەشدا گەورەترین کۆمەڵکوژی و راگواستنیان بەرامبەر بە ئەرمەن و کورد ئەنجامدا. لەو پرۆسەی جینۆسایدکردنەدا ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار ئەرمەنی و ٨٠٠ هەزار کورد کۆمەڵکوژو پاکتاوکران. ملیۆنێک مەسیحیی تریش راگوێزران بۆ یۆنان. لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییانە حزبی ئیتحادو تەرەقی خۆی لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨دا هەڵوەشاندەوە، بەڵام تێزەکان و عەقڵییەت و شێوازی کارکردنیان بووە توخمێکی سەرەکی و گرنگ و نەگۆڕی سیستمی سیاسیی بۆ تورکیا، کە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆ کاریان پێدەکرێت... ئەتاتورک و تەواوکردنی پرۆسەی ئیتحادو تەرەقی  مستەفا کەمال وەک کەسێکی ئەندامی گروپی تورکە لاوەکان و ئیتحادو تەرەقی چییەک بە هاوکاریی پاشماوەی ئیتحادو تەرەقی کۆماری تورکیای دامەزراندو کاریکرد بۆ تەواوکردنی پرۆسەی سڕینەوەی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان لەناو خاکی تورکیادا، سەرەکیترین ئامانجیشیان سڕینەوەی کورد بوو. ماوەی سەد ساڵە هەموو حکومەتەکانی تورکیا و هەموو ئەو حزبانەی لە تورکیا چوونەتە سەر دەسەڵات کار بۆ تەواوکردنی پرۆسەی سڕینەوەی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان و بە تایبەتی کورد دەکەن و ئەوەشیان بە هەموو هێزیانەوە ئەنجامداوەو ئەوەی پێیانکراوە درێغیان لێ نەکردووە، کە زیاتر لە ٢٥ سەرکوتکاری و کۆمەڵکوژی و پرۆسەی پاکتاوکردن و سڕینەوەیان لە دژی کورد ئەنجامداوە. رۆڵی کورد لەدامەزراندنی کۆماری تورکیادا پێش ئەوەی کۆماری تورکیا دابمەزرێت، مستەفا ئەتاتورک لە کۆنفرانسەکانی ئەرزنجان و ئەرزرۆم و سیواس لە باکووری کوردستان بەڵێنی بە کوردەکان و سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان دا، کە تورکیا دەبێتە تورکیای کوردو تورک و پێکەوە یەکسان دەبن. تەنانەت لە کاتی دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیا لە ٢٣ی شوباتی ١٩٢٠ دا کوردەکان ٧٠ نوێنەریان بەشداریی پەرلەمان پێکردو بە جلوبەرگ و زمانی کوردییەوە لە پەرلەمان بوون و پێشوازییان لێکرا. ئەوانە وایکرد، کورد بەشداریش لە شەڕی دەرکردنی یۆنانییەکان لە پارێزگاکانی رۆژئاوای تورکیادا بکەن، کە دەوڵەتی تورکیا شەڕەکانی ئەو ساڵانە بە شەڕی رزگاریی نەتەوەیی پێناسە دەکات. کاتێک کۆماری تورکیا دامەزرا و یۆنانییەکان پاشەکشەیان پێکرا و مەترسیی دەرەکی لەسەر تورکیا کەمبووەوە، ئەتاتورک دەستیکردەوە بە تەواوکردن و درێژەدان بەپرۆسە و سیاسەتی سڕینەوەی نەتەوە و پێکهاتەکان لەناوخۆی تورکیا بە تایبەتی کورد، چونکە لە دیدی دەوڵەتی تورکەوە کورد گەورەترین نەتەوەی ناو تورکیایە، کە نزیکەی خاک و رووبەری تورکیای بە دەستەوەیە و ئەوەش رێگرە لەبەردەم دروستکردنی پرۆسەی تورکی خالس و ڕسەن دا، بۆیە دەبێت بە هەموو شێوەیەک و هەنگاو بەهەنگاو کورد بسڕدرێتەوە، بۆیە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیستمی سیاسیی تورکیا لەسەر سڕینەوەی کورد دامەزراوە. سیاسەتی سڕینەوەی کورد ئەتاتورک بۆ سەرخستنی پرۆسەی سڕینەوەی کورد لە تورکیا بە گرتنەبەری سیاسەتی ئیتحاد و تەرەقی بە چڕی کاریکرد بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی دروستکردنی تورکی خالس و رەسەن، بۆیە زۆر بە خێرایی پرۆسە پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژییەکانی بەرامبەر بە شێخ سەعید و هاوڕێیەکانی، شۆڕشی ئاگری، راپەڕینی کۆچگری و دێرسیم ئەنجامدا. هاوکات بۆ ئەوەی کورد لەڕەگوڕیشەی خۆی داببڕن و لە ناو سیستمی سیاسیی تورکیدا بیتوێننەوە زمان و کولتورو جلوبەرگ و هونەر و ئاهەنگ و بۆنەی کوردییان بەتوندترین شێوە قەدەغە کرد. ناوی شارو شاخ و گوند و کانیاوو رێگاوبانەکانی کوردستانیان گۆڕی. هاوکات لەگەڵ پرۆژەی جینۆسایدی سوور پرۆسەی جینۆسایدی کولتوریشیان لە دژی کورد بەڕێوەبرد. یەکێک لە پرۆژەکان بۆ تواندنەوەی کورد پرۆژی ئیسلاحاتی شەرق بوو، کە بەپێی ئەو پرۆژەیە ژمارەیەک پرۆژە لە ناوچە کوردییەکان جێبەجێکران و بەناوی ئەو پرۆژانەوە زەوی و زار لە کوردەکان سەندرانەوە و تورکیان هێنرایە شوێن و کوردیش بۆ شارە تورکییەکانی رۆژئاوای تورکیا راگوێزران و بەوەش بەشی رۆژئاوای فورات لە زۆرینە کوردەوە کرا بە زۆرینەی تورک و رێژەی کورد لەو ناوچانە، کە پارێزگاکانی سیواس، گازی عەنتاب، مەرەش، سەمسور، سامسۆن، خارپێت و مەلاتییە دەگرێتەوە کەمکرایەوە بۆ کەمتر لەسەدا ١٥. لەگەڵ ئەوانەدا لەسەرتاسەری کوردستان باری نائاسایی سەربازی راگەیەندرا و کوردستان لە دونیای دەرەوەو جیهان دابڕێندرا و بەکردەوە گەشت و سەردان و هاتوچۆکردن بۆ کوردستان لە دۆخی قەدەغەکاریدا بوو. ئەو شێوازە لە سیاسەتی تورکی تاوەکو ساڵانی ١٩٦٠ بەردەوامیی هەبوو و پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) بەڕێوەبەرو جێبەجێکاری ئەو پرۆژانە بوو. سیستمی سیاسیی تورکیا؛ بازنەی کرانەوە و پاکتاوکردن سیستمی سیاسیی تورکیا توانای گەشەی دیموکراسی و کرانەوە و ریفۆرمی نییە، چونکە بناغەکانی بۆ دروستکردنی تورکی رەسەن هەڵدەوەشێتەوە، کاتێک عەدنان مەندرێس و تورگوت ئۆزال خواستیان هەندێک گۆڕانکاری لەو سیستمەدا ئەنجام بدەن لەلایەن سیستمی سیاسیی تورکیاوە لەسێدارە دران و کوژران. سیاسەتی سڕینەوەی کورد بەڕادەیەک بە دامەزراوەیی کراوە، کە هیچ هێزێکی ئۆپۆزسیۆن لەو سیستمە سیاسییەدا ناتوانێت راشکاوانە باسی کێشەی کوردو چارەسەرکردنی بکات. سەرباری شەڕی چەکداریی قورسی پەکەکە لە دژی دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵ و ئەنجامدانی چەند کودەتا و دروستبوونی دەیان قەیرانی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری و سەربازیی، بەڵام هیچ یەک لە حزب و لایەنەکانی ناو سیستمی سیاسیی تورکیا ناتوانن بەڕاشکاوی باسی کێشەکە بکەن، باسی کێشەی باشووری رۆژهەڵات، کێشەی ئابووری، دواکەوتووی، هەژاری، کێشەی ئاسایش و ناڕەزایەتی دەکەن، بەڵام باسی کرۆکی سەرەکیی هەموو ئەو کێشانە، کە کێشەی کوردە ناکەن. باس لە ئاوەدانی و رێگاوبان و کارەبا دەکەن، بەڵام باس لەو کێشەیە ناکەن، کە هەموو ئەوانەی لە پێناو سڕینەوەیدا بۆ ئەنجام دەدەن. لەم سەردەمەدا بەهۆی ئەوەی شاردنەوەی کێشەکە زۆر قورس بووە، چونکە کورد لە بواری مەدەنی، سیاسی، سەربازی، رێکخستن و راگەیاندندا لە پەرلەمانەوە بۆ شارەوانییەکان و شەڕی گەریلایی و خۆپیشاندان و بۆنەکانی نەورۆز توانیویەتی بوونی کێشەکە نیشان بدات و ئیدی کەس نەتوانێت وەک پێشتر نکوڵیی لێبکات، بەڵام سەرباری ئەوانەش ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵە ئەوانەی لە سیستمی سیاسیی تورکیادان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە دەڵێن، ناکرێت بە ئاشکرا باسی کێشەکە بکرێت، چونکە کۆمەڵگەی تورکی و لایەنگرانمان  و دەنگدەرانمان و سوپاو پۆلیس لێمان قبوڵ ناکەن. دەیانەوێت بڵێن، کودەتامان لێدەکەن و دەمانکوژن، ئەوەش یانی نابێت باسی کێشەکە بکرێت و بەوەش بەشێوەی جددیش کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ناکرێت. ئەوەش کۆدی چارەسەنەکردنی کێشەی کوردە لەو سیستمە سیاسییەی تورکیادا. ئەو سیستمە سیاسییە لە تورکیا بەرگەی هیچ کرانەوەیەک ناگرێت، بۆیە لەدوای هەر هەوڵێک بۆ چارەسەری و کرانەوە دەوڵەت و هێزە سیاسییەکانی تورکیا توندتر لە پێش سیاسەتی سەرکوتکاری و تواندنەوە و کۆمەڵکوژییان لەدژی گەلی کورد ئەنجامداوە. مێژووی ئەو سیستمە سیاسییەی تورکیا پڕە لەو رووداو و کارەساتانە لە دژی گەلی کورد. رۆڵی ئیسلامی تورکی لەپاراستنی دەوڵەت و سوپاو خەونی پانتورکیزمدا لەمێژووی تورکیا هەموو لایەنەکان کاریان بۆ سەرخستنی پرۆسەی تورکایەتی و ئیسلامی تورکی کردووە. لە هەندێک قۆناغدا لایەنێک پێداگریی لە یەکێکیان کردوەو لە هەندێک قۆناغدا هەردوکیان پێکەوە و لە هەندێک قۆناغیشدا لایەنی ئیسلامی تورکی بەشێوەی زەقتر لەدژی گەلی کورد بەکارهێنراوە. گەرچی بانگ و نووێژ لە تورکیا کران بە تورکی و رێگری لە لەچک کرا، بەڵام دەزگای دیانەتی تورکی و خوێندنگەکانی ئیمامی خەتیب هەموو کات جمەیان هاتووە لە کەسانێک، کە کاریان بۆ ئیسلامی تورکی کردووە، ئیسلامی تورکی ئەو ئیسلامییەیە لەخزمەتی ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانی دەوڵەتی تورکدایە. لەسەردەمی ئاکەپە بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان ئیسلامی تورکی لە هەموو کاتێک زیاتر لە دژی کورد بەکارهێنرا، کە نموونە زۆر دیارەکەی ئەوە بوو لەکاتی هێرشی داگیرکەریی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین، مەلاکانی دەوڵەتی تورکیا لە ٧٠ هەزار مزگەوتەوە سورەتی فەتحیان بۆ سەرکەوتنی سوپا عیلمانیەکەیان بەسەر هاووڵاتیانی کوردی چەوساوەی زۆرینە مسوڵماندا خوێندەوە. بەشێک لەمەلاکان چوونە سەر سنوور و جلوبەرگی سەربازییان لەبەرکردو بۆ سوپای دەوڵەتە ئەتاتورکییەکەیان پاڕانەوە. هەروەها ناوی مزگەوتی کوردان-یان لە کیلیس گۆڕی بۆ مزگەوتی تورکان. ئەو مزگەوتە ماوەی ٣٠٠ ساڵ ناوی مزگەوتی کوردان بوو، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپەی ئیسلامی ئەوەی پێ قبوڵ نەکراو کردی بەمزگەوتی تورکان... بۆیە کاتێک ئەردۆغان دەچێتە وان و دەڵێت، «من ئێوەم لەبەر خودا خۆشدەوێت» نەک کەس بڕوا بەو قسەیە ناکات، بەڵکو ئەو وێنایە لەمێشکی زۆر کەسدا دروست دەبێت، کە خواکەی ئەردۆغان خوایەکی تورکییە و بۆ خزمەتکردن بە سیاسەت و دەوڵەت و سوپا لە تورکیا بەکاردەهێنرێت و جیاوازە لە خوای زۆربەی مسوڵمانان و ئایینەکانی تر. ئەردۆغان لەهەموو حزب و دەسەڵاتەکانی پێش خۆی زیاتر بنەماکانی ئیتحادو تەرەقی جێبەجێکردووە و کاریان پێدەکات. لە یەک کاتدا کار بەهەردوو توخمی تورکایەتی و ئیسلام دەکات. ئیسلامی تورکی قۆناغی تریشی بڕی بۆ ماوەیەک خۆی وەک ئیسلامی میانڕەوو  بەدیلی تیرۆریستانی کارەساتەکەی ١١ی سێپتەمبەرو ئەلقاعیدە نیشان دەدا، بەڵام ئەو شانۆگەرییە ماوەیەکی کەمی خایاند و ئاکەپە و دەوڵەتی تورک و سوپا و میت بوونە پێشەنگ و چاوساغ و راهێنەرو یارمەتیدەری گروپە جیهادییە توندەڕەوەکانی وەک بەرەی نوسرەو نورەدین زەنگی و داعش و هتد... ئاڕاستەی ئەو گروپانەیان گۆڕی بۆ شەڕ لە دژی گەلی کورد، کاتێک ئەو گروپانە کەوتنە بۆسەی ئیسلامی تورکییەوە گەورەترین گورزیان لەسەر دەستی کورد لەکۆبانێ و رەققە و دێرزور بەرکەوت و تائێستاش پشتیان راست نەکردووەتەوە. دەزگای دیانەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ بەسەربازکردنی منداڵانی کۆمەڵگەی تورکیا نەک هەر لە ناوخۆی تورکیا، بەڵکو لە ئەڵمانیا و نەمسا و بەشێک لەمزگەوتە تورکییەکاندا لە خولی ئاینییدا جلوبەرگی سەربازی لەبەر منداڵانی تورک دەکەن و دەیانکەن بەسەربازو ئامادەیان دەکەن شەڕ بۆ دەوڵەتی تورک بکەن. بڵاوبوونەوەی هەندێک ڤیدیۆو وێنەکانی ئەو شانۆگەرییانەی ئیسلامی تورکی لەو وڵاتانەدا بووە هۆی ئابڕوچوونێکی گەورە بۆ دەزگای دیانەتی تورکیا.  ئۆپۆزسیۆن تەواوکاری پرۆسەکانی سیستمی سیاسیی تورکیایە سیستمی سیاسیی تورکیا هەموو توخمەکانی خاک، ئایین، نەتەوە، توندڕەوی، زەبروزەنگ و توندوتیژی، تێزەکانی تیپۆلۆژی بۆ دیاریکردنی شکڵ و شێوەی مرۆڤی تورک، پێوانەکردنی کەلەسەری مرۆڤ و پشکنینی خوێن بۆ دیاریکردنی خوێنی تورکی و ناتورکی و هەموو بنەما راسیزمی و شۆڤێنی و نەژادپەرستییەکانی بۆ خۆی بەکارهێناوەو بە دامەزراوەیشی کردوون. لەدوای ئەوەی لە ١٩٦٠ی سەدەی رابردوودا تورکیا لە تاک حزبییەوە، واتە لە دەسەڵاتی حزبی کۆماریی گەل (جەهەپە) رۆیشتە قۆناغی فرە حزبی و ژمارەیەک حزبی تر دروستبوون و بەشێکیان خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن پێناسەکرد، ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەسەر چۆنیەتیی پاراستنی پایەکانی کۆمارو دەوڵەتی تورکیا بووە نەک لەسەر گۆڕینی ئەو سیستمە، کە کار بۆ تورکسازیی خالس دەکات. جگە لەژمارەیەک حزبی شۆڕشگێڕو ئازادیخوازو هەندێک رێکخراوو چەند کەسایەتییەک، هیچ یەک لەحزبە سەرەکی و دیارەکانی تورکیا هەوڵی گۆڕینی ریشەییانەی دەستوور و سیستمی سزادان و جیاکردنەوەی سوپا و پۆلیس لەدەوڵەت و کاروباری حوکمڕانی و هێنانەبەر باسی کێشەی کوردو چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نەبووەتە بەشێک لەپلان و بەرنامەو ستراتیژیان، بەڵکو هەموویان لەچوارچێوەی نکۆڵیکردن لە کوردو مافەکانی، بەشێوەی تاکتیکی و بەشێوەی مامەڵەکردن و هەوڵ بۆ دواخستنی کێشەکەو شاردنەوەی کێشەکە لەکێشەی کورد نزیک بوونەتەوە. ئۆپۆزسیۆنی تورکیاو کورد ئێستا لەتورکیا شەش حزبی ئۆپۆزسیۆن پێکەوە لە کۆبوونەوە و هاوپەیمانیدان لە دژی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، ئەو ئۆپۆزسیۆنە هەروەک دەسەڵات ئامادە نییە لەگەڵ کورد مامەڵە بکات و بەبێ کوردو هەدەپە کۆدەبنەوە و باس لە دیموکراسی و گۆڕینی سیستمی سەرۆکایەتی بۆ پەرلەمانی و نەهشتنی گەندەڵی و ئاشتی دەکەن!. ئەو حزبانە دەزانن تورکیا لە بنبەست نزیک بووەتەوە. دەزانن ئاکەپە نزیکەی نیوەی دەنگەکانی لە دەستداوەو ناتوانێت بە تەنها و تەنانەت لەگەڵ مەهەپەشدا حکومەت پێکبهێنێتەوە. ئاکەپە بۆ خۆی دەزانێت هاوپەیمانی نەماوە!، بە سیاسەتەکانی گولەنییەکانی لەدەستدا، کوردی لەدەستدا، گەرچی مەهەپە و فاشیستەکانی لەگەڵدایە، بەڵام ناتوانن رزگاری بکەن. ئاکەپە و مەهەپە لە چوارچێوەی سیاسەتی چڵە پوشەکەدا بۆ گەیاندنی مەهەپە بە پەرلەمان رێژە بەربەستی پەرلەمانیی لەسەدا ١٠ بۆ سەدا ٧ کەم کردووەتەوە، بەڵام ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، کە ئەوەش دادی ئەردۆغان و ئاکەپە نادادت. جەهەپە جەهەپە بەسەرۆکایەتیی کەمال قلیچدار ئۆغڵو بە درێژایی مێژووی نەک کارێکی جدیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەکردووە، بەڵکو بەشێک بووە لە سیستمی سیاسی تورکیا بۆ سڕینەوەی کورد. بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئەمساڵانەی دواییەوە، جەهەپە لە هەندێک خاڵدا لەکورد و هەدەپە نزیک بووەوەو بەو هۆیەوە پێکەوە توانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانیی پێشوودا هەموو گەورە شارەکانی تورکیا لە دەست ئاکەپە و مەهەپە دەربهێن. ئەوە گورزێک بوو بۆ بەرەو لێواربردنی ئاکەپە. جەهەپە تەنها ئەمسال لە دژی درێژکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور دەنگی داوە. گەرچی ئەوە کارێکی خراپ نییە، بەڵام لە ئاست چارەسەرکردنی کێشەی کورددا نییە. ئیی پارتی و دایکی تورک  ئیی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەراڵ ئاکشەنەر لەدژی هاوپەیمانیی مەهەپە لەگەڵ ئاکەپەدا لە مەهەپە  جیابووەوە. ئیی پارتی هەروەک مەمەپە حزبێکی نەژادپەرەست و توندڕەوە. مەراڵ ئاکشنەر لە ناو تورکە شۆڤێنی و فاشیستەکاندا نازناوی ئاسێنای پێدراوە. بەپێی ئەفسانەی گروپە نەژادپەرستەکانی تورکیا، ئاسێنا گورگێکی مێ بووە و بە شیری خۆی منداڵێکی بەخێوکردووەو دواتر تورکەکان لەو منداڵەوە دروستبوون. بەپێی ئەو ئەفسانەیە ئاکشەنەر نازناوی دایکی تورکی هەیە، هەر چۆن ئەتاتورک بە مانای باوکی تورکە. ئاکشەنەر لە نەژادپەرستیدا هیچی لە دەوڵەت باخچەلی و مەهەپە کەمتر نییە. تەنانەت کاتێک سوپای تورکیا هێرشی کردەسەر شارەکانی باکووری کوردستان ئاکشەنەر بۆ ماوەی چەند مانگێک وەزیری ناوخۆ بوو، هێزە تایبەتەکانی سوپای تورک و پۆلیس لەسەر دیواری ماڵە رووخاوەکانی کورد لە سلۆپی و جزیر دەیانووسی «ئەمە دیارییە بۆ مەراڵ ئاکشەنەر»، یان لە کاتی هێرشی سەر عەفریندا لەسەر گولە تۆپەکان دەیاننوسی، ئەو دیاری ئاکشەنەرە بۆ خێزانێکی کورد. هەر توندی و پێداگریی ئاکشەنەر یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ هەدەپە کار نەکات. حزبی ئایندە (گەلەجەک) حزبی ئایندە (گەلەجەک) بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد داود ئۆغڵو دامەزراوە. داود ئۆغڵو لەساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٦ نزیکەی حەوت ساڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆک وەزیرانی تورکیای سەردەمی ئاکەپە بوو. ئەحمەد داود ئۆغڵو بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ ئەردۆغان لە ئاکەپە جیابووەوە. داود ئۆغڵو زۆرینەی بیری سیاسیی خۆی بۆ پاراستنی سیستمی سیاسیی تورکیا لەکتێبی قوڵایی ستراتیژیدا نووسیوە و ئەوەی ئێستا ئاکەپە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان و لە قەرەباغ و ئاوەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست و لیبیا جێبەجێی دەکات لەژێر سایەی ئەو پرۆژەو فکرەی داود ئۆغڵودایە بۆ پاراستنی تورکیاو سیستمە سیاسییەکەی. لەبەرئەوەش داود ئۆغڵو نەک ناتوانێت هیچ هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەری کێشەی کورد بنێت، بەڵکو بۆ خۆی رێگری گەورەیە لەبەردەم چارەسەرکردنی کێشەی کورد. بەپێی قوڵایی ستراتیژی نەک کورد، بەڵکو دەبێت بەشێک لەگەلانی تریش و پێکهاتەکان خزمەتکاری تورک بن. حزبی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) حزبی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) بە سەرۆکایەتیی عەلی باباجان دامەزراوە. عەلی باباجان لە دەسەڵاتی ئاکەپەدا بۆ ماوەیەک وەزیری دەرەوەو بۆ ماوەیەکیش وەزیری دارایی بوو. بابا جان لە دیدی ئابورییەوە بۆ کێشەکان دەڕوانێت و هاوشێوەی تانسۆ چیللەرە. باباجان لەناو ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا لە هەموویان زیاتر باسی ئەوەی کردووە، کە دەبێت ئاسانکاری بۆ خوێندن بە زمانی کوردی بکرێت، بەڵام ئەوە تەنها یەکێک لە داواکانی گەلی کوردو بزووتنەوەکەیەتی و ئەو دەیەوێت کێشەی کورد لەچوارچێوەی ئابووری و کەمێک مافی کولتوریدا کورت بکاتەوە، کە بێگومان ئەو کێشە دێرین و قووڵەی کورد لە تورکیا بەوە چارەسەر نابێت. حزبەکانی فەزیەلەت و دیموکرات حزبی فەزیلەت درێژەکراوەی حزبی سەعادەتی نەجمەدین ئەربەکانە و ئێستا تەمەل کەرەم ئۆغڵو سەرۆکایەتیی دەکات. ئەربەکان گەرچی دەستپێشخەریەکی کورتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد کرد، بەڵام نەیتوانی کێشەی کورد چارەسەر بکات. ئەو حزبە رۆڵێکی وای لەگۆڕەپانی تورکیادا نەماوە. حزبی دیموکراتیش بە سەرۆکایەتیی گوڵتەکین ئویساڵ تەنها ناوێکە و کاریگەریی نییە. ئەو حزبانە هیچ پرۆژەیەکی جدییان بۆ کوردو کێشەکەی پێ نییە. سەردەمی تاکە حزبی دەسەڵاتدار کۆتایی پێدێت و تاکە رێگای تورکیاش دیموکراسی، یان پارچەبوونە ئەوەی ئێستا لەناو سیستمی سیاسیی تورکیادا روودەدات بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە هیچیان بۆ چارەسەرکردنی ریشەییانە و دیموکراتیانەی کێشەی کورد پێ نییە. ئەوەش دۆخی تورکیا بەرەو ئەوە دەبات، کە هیچ حزبێک بەتەنها نەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت. دەبێت بەهۆی قەیرانەکانی جەنگ و ئابووری و سیاسییەوە کۆمەڵێک حزب پێکەوە حکومەت پێکبهێن و ئەوەش رێگا بۆ دروستبوونی ژمارەیەک قەیرانی ترو ناسەقامگیریی سیاسی و ئابووری زیاتر دەکاتەوە... ئەوەی تائێستا خۆی وێنا کردووەو بەپێی مێژووەکەی و کارکردنەکەی تاکە رێگای تورکیا گۆڕینی سیستمی سیاسیی تورکیایە بۆ سیستمێکی دیموکراسییانە، یان هەڵوەشاندنەوەو پارچە پارچەکردنی تورکیایە.  

هاوڵاتی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەكردنەوەی شۆڕشگێڕییدا لە گردی جودیی مەتینا، 62 سەربازی تورك كوژراون و گورزی كەمەرشكێنیان لێدراوە، قەرەیلان لەرێگەی ئامێری بێتەل پەیامێكی گرنگی بڵاوكردەوە كە وردەكاری شەڕ و ترسی سەربازانی تورك ئاشكرا دەكات. ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی حوزەیرانی 2022، ناوەندی راگەیاندن وچاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل –(هەپەگە) ڕایگەیاند، كە 62 داگیركەر لە چالاكیی گەریلاكاندا لە مەتینا و زاپ سزادراون هیچ زیانێكی گیانی لە ڕیزەكانی گەریلادا نەبووە. هەپەگە لە ڕاگەیەندراوەكەیدا دەشڵێت:" تیمە گەڕۆكەكانمان لە مەیدانی شەڕ و هەڤاڵانمان لە تونێلەكانی شەڕدا بە چالاكی كاریگەر و بەرخۆدانی مێژوویی خۆیان داستان دەنوسن". هەروەها ئەوەخراوەتەروو كە سوپای توركی داگیركەر ویستیان لە مەیدانی بەرخۆدانی گردی جودی پێشڕەوی بكەن، بەڵام" هێزەكانمان هێرشی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕانەیان دەستپێكرد بۆ تۆڵەسەندنەوەی منداڵانی گەلی كورد لە شەنگال كە لەلایەن دەوڵەتی توركەوە كۆمەڵكوژكران بە تاكتیكی بەهێز ئەو ئۆپەراسیۆنە تۆڵەسەندنەوەیان دەستپێكردووە و لەو ئۆپەراسیۆنەدا هیچ زیانێك بەر هەڤاڵانمان نەكەوتووە و بەڵام 62 داگیركەریان كوژراون و گەریلاكانمان وانەیەكی مێژووییان بە سوپای توركی داگیركەر داوە". " لە 15ی حوزەیراندا، داگیركەران ویستیان بچنە تونێلەكانی شەڕی گردی جودی، بەڵام تیمە گەڕۆكەكانی گەریلا ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕییان دەستپێكردووە و كاتژمێر ١٨:٣٠ خولەك تیمە گەڕۆكەكانمان داوایان لە داگیركەران كرد كە “خۆیان بەدەستەوە بدەن” داگیركەران پاش بانگەوازییەكە هەڵاتن و هێزەكانمان لە دوو قۆڵەوە بە چالاكی گەریلاكانەوە هێرشیان كردە سەر داگیركەران و چوونە سەر تەرمی 12 داگیركەر". هاوكات هەر ئەمڕۆ موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە)، لەرێگەی ئامێری بێتەلەوە كەدەنگەكەی لە میدیاكانی فورات نیوز و رۆژنیوز نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) بڵاوكراوەتەوە دەڵێت:"دوژمن لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا شكستی گەورەی هێناوە، بۆیە ڕوویان لە ڕۆژئاوای كوردستان كردووە، دەیانەوێت بە شەڕكردن دژی كورد و پەكەكە، ڕۆژەڤێكی سیاسی لەناو تەپوتۆزی جەنگدا دروستبكەن و لەو ڕێگەیەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەن، بەڵام ناتوانن و شكستدەهێنن". موراد قەرەیلان لەڕێگەی بێتەلەوە قسەی بۆ گەریلاكان كرد لە زاپ، ئاڤاشین و مەتینا كردو وتی:"هاوڕێیانی بەڕێز، لە ١٧ی نیسان دوژمن لە زاپ هێرشی بۆ سەر بزووتنەوەكەمان دەستیپێكرد و ئەمڕۆ بەرخۆدانی مێژوویی هەڤاڵان لە بەرامبەریدا چووەتە قۆناغێكی نوێوە، دوژمن بە هەموو توانایەوە ٣٩ ڕۆژ هەوڵیدا ئەنجامێك بەدەست بهێنێت، واتە زاپ داگیر بكات و زاپ بخات، بەڵام بەرخۆدانی بوێرانە و ئازایانەی هەڤاڵان بە پێشەنگایەتیی هەڤاڵ مزگین و ڕۆهاتەكان ڕێگەیان پێنەدان و شكستیان هێنا". هەروەها دەشڵێت:" لە بنچینەدا پلانەكەیان ئەوە بوو، سەرەتا تەواوی هەرێمەكانی پاراستنی میدیا داگیربكەن و پاشان بەرەو شەنگال بەڕێ بكەون، ڕوو لە ڕۆژئاوای كوردستانیش بكەن، بەڵام لەسەر بنەمای بەرخۆدانی هەڤاڵان لە زاپ و لە ئاڤاشین گەشتنە بنبەست و شكستیانهێنا، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەڤاڵان لە چیاڕەش و كۆڕەژارۆ هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامدا و گورزی كوشندەیان لێدان". قەرەیلان باس لە پلانێكی دیكەی ڕژێمەكانی ئاكەپە و مەهەپە دەكات و دەڵێت:" ئەوان دەیانەوێت بە شەڕكردن دژی كورد و پەكەكە ڕۆژەڤێكی سیاسی بۆ خۆیان لە ناو تەپوتۆز و دوكەڵی جەنگدا دروست بكەن و بەم شێوەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدەن و بەوە ڕێگە لە لەناوچوون و ڕووخانی خۆیان بگرن، بەڵام ناتوانن". قەرەیلان ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە دوژمن بۆیان دەركەوت كە لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیادا هیچ ئەنجامێك بەدەستناهێنن، بەو هۆیەشەوە ڕوویان لە ڕۆژئاوای كوردستان كرد، بەڵام لەڕۆژئاوای كوردستان هەمان وەڵامیان دەست دەكەوێت، "وەڵامێكی وەك وەڵامی زاپ، ئێستا خۆیان بۆ جموجوڵ لە رۆژئاوای كوردستان ئامادە دەكەن، بەڵام ئێمە لەو بڕوایەداین، كە جارێكیتر هەرگیز عەفرینی دووەم، یان سەرێكانی و گرێ سپیی دووەم دووبارە نابێتەوە". موراد قەرەیلان باس لە ڕووداوێكی سەیر دەكات لە تونێلەكانی شەڕدا و ئەوە ئاشكرا دەكات " كاتێك دوژمن ویستوویەتی سەگەكانی ڕەوانەی تونێلەكانی گەریلا بكات، سەگەكان نەهاتوون، ئەمە بەو واتایە دێت كە ئیدی سەگەكانیش تێگەیشتوون كە دەوڵەتی تورك ئەوان ڕەوانەی مردن دەكات، پاشان دەیەوێت سەربازەكانی ڕەوانە بكات، سەربازەكانیش دەنگە دەنگیان تێدەكەوێت و نایانەوێت وەرن، پاشان چوار كەس ئامادە دەكەن و مل دەنێن و دەربازی تونێلەكان دەبن، لەو چوارەش دووانیان لەدەرەوەی تونێلەكان ڕادەوەستن، دووان لەوانەش لەتاشە بەردەكان دەكەونە خوارەوە و دەمرن". فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە " هەڤاڵانی هێژا دەبێت مرۆڤ بانگەوازی لەو سەربازانە بكات، ئەوان بۆ ڕژێم و دەوڵەتێكی فاشیست شەڕ دەكەن، هاتوون خاكی كوردستان داگیربكەن و بۆ پارە شەڕ دەكەن، بەڵام ئێمە لەپێناو ئازادیی گەلەكەماندا، بۆ ئازادیی گەلان، بۆ بەرقەراركردنی دیموكراسی، بۆ نرخە پیرۆزەكانی مرۆڤایەتی شەڕ دەكەین، شەڕەكەمان شەڕێكی پیرۆزە، بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە بانگەوازی لەوانە بكەین، لەهەر دەرفەتێكدا دەبێت هەڤاڵان بانگەوازیان لێ بكەن و پێیان بڵێن، وەرن ڕادەست ببن خۆتان ڕادەستی گەریلا بكەن". " هەڤاڵانی بەنرخ، ئەمە شەڕێكی مێژووییە، دەمانەوێت لەم شەڕەدا وەڵامی ‌ هاوڕێیانی شەهید بدەینەوە، بۆ چاوەڕوانییەكانی ڕێبەر ئاپۆ ببینە وەڵام، ڕێبەر ئاپۆ بە هەڵوێستێكی گەورە24 ساڵە خۆڕاگری دەكات و چاوی لە ئێمەیە، ئێمە دەبینە وەڵام، هەروەها بۆ هیواكانی گەلەكەمان و گەلانی ناوچەكە و هیواكانی دایكانی كوردستان، ئەركی ئێمە ئەمەیە، لەبەر ئەو ئەركە دەبێت ئێمە خۆڕاگریی بنوێنین، شەڕ بكەین، بەڵام خۆمان و هەڤاڵانمان بپارێزین، نەك خۆمان بكەینە ئامانج، ئێمە دەمانەوێت لەم شەڕەدا سەربكەوین، لەبەر ئەوەش دەبێت لە قاڵبوونەوە لە تاكتیك، وردبوونەوە، بەرەوپێشچوون ئاگاداربین، قەرەیلان وا دەڵێت. لەكۆتایشدا قەرەیلان ئەوەی روونكردەوە كە ئەو تاكتیكانەی ئێستا لە ئاڤاشین، زاپ، مەتینا دەگیرێنەبەر بۆ هەموو كەس بەرهەمە، یاخود هەموو كەس دەتوانێت سودی لێوەربگرێت، گەریلا رۆڵێكی جیهانی و گەردوونی دەبێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، بۆ خەڵكانی بندەست ڕۆڵی گرنگی دەبێت، هەر بۆیە دەبێت بە وەستایانەوە بەرەوپێشی ببەن، ئێمە بە پشوودرێژییەوە و ژیرانە، بە قوڵبوونەوە مامەڵە دەكەین.

 هاوڵاتی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەسەر پەلامارەكانی توركیا هاتەدەنگ‌و ڕایگەیاند: "پێویستە حكومەتی عێراق پێداچوونەوە بەهەڵوێستەكانیدا بكات‌ بەرانبەر توركیا". نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەتویتێكدا لەسەر هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق نوسیویەتی:" دەستدرێژیكردنەسەر سەروەریی عێراق لەلایەن هیچ وڵاتێكەوە قبوڵناكرێت‌و دەبێت حكومەت ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی". هەروەها دەشنوسێت: "دووبارەبوونەوەی پێشێلكارییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق لەهەرێمی كوردستان‌و شەهیدو برینداركردنی هاوڵاتییانی مەدەنیی زیانی زۆر گەورە بەپەیوەندییەكانی نێوان عێراق‌و توركیا دەگەیەنێت". مالیكی لەرێگەی ئەم تویتەیەوە رەخنەی توند لە حكومەتەكەی مستەفا كازمی دەگرێت كە بێدەنگە بەرانبەر هێرش و پێشێلكارییەكانی توركیا. میدیاكانی عێراق ئەوەیان دووپاتكردووەتەوە كە نوری مالكی یەكێكە لە بەهێزترین كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران.  

هاوڵاتی بەهای تمەن لەدوو رۆژی رابردوودا بۆ نزمترین ئاستی نیو سەدەی رابردوو لەمێژووی دراو لەئێران دابەزیی و بەهای هەر دۆلارێك لەو وڵاتە گەیشتە زیاتر لە 33 هەزار تمەن و بەرپرسانی وڵاتەكەش رایانگەیاند:» داهات 50% زیادی كردووەو لەسێ مانگیشدا زیاتر لەهەشت ملیار دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە». دابەزینی بەهای تمەن لەڕۆژی یەكشەممەی رابردوو 12ی حوزەیرانی 2022 بەگەورەترین و مێژوویترین هاڕەی تمەن لەمێژووی ئەو دراوەدا لەقەڵەمدەدرێت كەهاوشێوەی بۆمبێكی ئابوریی بووەو بووە هۆی هەژاندنی بازاڕەكانی دراو لەئێران و هەندێك وڵاتی دیكەی جیهانیش. پۆلیسی ئێران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخی بازاڕی دراوی وڵاتەكە ژمارەیەك دەلڵاڵ و بازرگانی زێڕو دراوی وڵاتەكەی دەستگیر كردو رایگەیاند:» ئەو كەسانە یارییان بە بەهای دراو و زێڕەوە كردووەو هەر ئەوانیش هۆكاری سەرەكیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەبەرامبەر تمەندا بوون». ئەوەی روونە لە ماوەی رابردوداو لە رۆژی پێنجشەممە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بڕیارێكی لەدژی بەرنامە ئەتۆمییەكی ئێران دەركردو هەر ئەو كات پێشبینیی كرا بەهای تمەن دابەزین بەخۆیەوە ببینێت و ئابوریی وڵاتەكەش رووبەڕووی كێشە ببێتەوە بەتایبەت كە بەرپرسانی تاران كاردانەوەی توندیان بەرامبەر بڕیارەكە پیشانداو ژمارەیەك كامێرای چاودێریی نێودەوڵەتیی وێستگە ئەتۆمییەكانیان كوژاندەوەو هاوكات ژمارەیەك كورەی ئەتۆمیی دیكەیان پێچەوانەی رێككەوتنی ئەتۆمیی خستەوە گەڕ. بەرپرسانی تاران بەو هەنگاوانەش نەوەستانەوە هەڕەشەی كاردانەوە دژی ئەمریكاو ئەو وڵاتانەیان كرد كەدژی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی بڕیاریان داوە كە هەموو ئەمانە بووە هۆی شۆڕبونەوەی بەهای ئەو تمەنەی كە پێشتر بەرەو بەرزبوونەوە هەنگاوی دەنا. ژمارەیەك شارەزا و پسپۆڕی ناو ئێران لەنامەیەكدا بۆ سەرۆك كۆماری وڵاتەكە رایانگەیاند ئەوەی حكومەت بە نای نەشتەرگەریی ئابوریی دەیكات چارەسەری دۆخی وڵاتەكە ناكات و تەنها ئاساییكردنەوە پەیوەندییە سیاسی و نێودەوڵەتییەكان بە تایبەت لەبواری ئەتۆمیی لەگەڵ ئەمریكا پردی پەڕینەوەیە بۆ چارەسەری قەیرانە ئابورییەكان. هاڕەی مێژویی تمەن نرخی هەر دۆلارێك رۆژی یەكشەممە (12/6/2022) بە كردنەوە بازاڕەكانی دراو لە ئێران گەیشتە زیاتر لە 33 هەزار و 250 تمەن لە كاتێكدا حكومەت نرخی هەر دۆلارێكی لە شوێنە فەرمییەكانی ئاڵوگۆری دراو بە 27 هەزارتمەن بۆ 27 هەزار و 34 تمەن دەستنیشان كردبو واتە جیاوازیی نرخی دەستنشانكراوی فەرمی لەگەڵ بازاڕەكاندا بۆ هەر دۆلارێك زیاتر لە شەش هەزار تمەن بوو.  بەرزبونەوەی بەهای دۆلار و هاڕەی تمەن بە بومەلەرزەیەكی گەورەی ئابوریی لە مێژوی ئێران ئەژمار دەكرێت، چونكە تمەن زۆرترین بەهای مێژوویی خۆی لەدەستداو لەماوەی 43 ساڵیشدا ئەو دراوە زیاتر لەسێ هەزار و 200 هێندە بەهاكەی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەست داوە. بەو پێیە تمەن لەساڵی نوێداو لەماوەی شەش مانگدا لەئێران نزیكەی 30٪ی بەهاكەی لەدەستداوە و لە ساڵی 1979 تا 2022 واتە لە 43 ساڵدا بەهای دۆلار، سێ هەزار و 200 هێندە جار لە بەرامبەر دراوی تمەندا بەرز بووەتەوە. بەهای هەر دۆلارێك لەسەرەتای مانگی پێنج و لەگەڵ ئاماژەكانی پێداگریی تاران و ئەمریكا بۆ بەردەوامبونی دانوستانەكانی ڤیەننا لەپێناو زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی بە جۆرێك لە (7/5/2022) بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار 12٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر دۆلارێك لە ئێران لە 30 هەزار تمەنەوە بۆ 25 هەزار و 651 تمەن دابەزی. داوای ئەوەی لە ماوەی رابردودا 14٪ی بەهاكەی لەدەست دا، تمەن بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر دۆلارێك لە 30 هەزار تمەنەوە بۆ نزیكەی 26 هەزار تمەن لە بازاڕەكانی ئێران دابەزی. بەرزبونەوەی بەهای تمەن لەلەرامبەر دۆلار لەو كاتەدا بەهۆی راگرتنی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا لەدوو هەفتەدا 14٪ی بەهاكەی لەدەستدا، بەڵام قەتەر لەگەڵ راگەیاندنی هەوڵی نێوەندگیریی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بوە هۆی بەرزبونەوەی بەهای تمەن ئەو هەنگاوی قەتەر وای كرد دەستپیكردنەوەی دانوستانەكانی ڤیەننا رابگەیەنرێت كە64  رۆژ بو راگیرابو بۆیە هەر هەنگاوێكی ئەرێنی بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەتوانێت تمەن و تاران رزگار بكات. پۆلیسی ئابوریی ئێران هەوڵی رزگاركردنی تمەن و دەستگیردنی فرۆشیارانی دۆلار دەدات پۆلیسی ئابوریی ئێران رۆژی یەكشەممەی رابردو و لەكاتی بەرزبونەوەی دۆلار ئاشكرای كرد ژمارەیەك دەڵال و بازرگانی بەتۆمەتی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار دەستگیركردوە. بە وتەی سۆهراب بەهرامی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاسایشی ئابوریی ئێران 31 كەس بەهاوكاریی بانكی ناوەندیی بە تۆمەتی  تێكدانی بازاڕەكانی دراو لە ئێران دەستگیركراون و ئە كەسانە یارییان بە نرخی دۆلار كردوە و بە مامەڵەی هەوایی زێر و ئاڵتون و دۆلار هۆكاری سەرەكیی بەرزبونەوەی نرخەكان بون. حكومەت لە رۆژی بەرزبونەوە مێژوییەكەی بەهای دۆلار لە ئێران رایگەیاند؛ هەر جۆر مامەڵە و كڕین و فرۆشتنێكی هەوایی دۆلار و زێر و ئاڵتون یاسایی رێگەپێدراو نییە و هەركەسێك پێچەوانەی یاسا مامەڵە بە زێڕو دراو بكات دەستگیر دەكرێت. ئەگەرچی دەستگیركردنی ئەو كەسانە بە هەنگاوێكی گرنك لە لایەن پۆلیسی ئابوریی ئێران وەسف كرا بەڵام ئەوەش دادی تمەنی نەدا و لە كاتی داخستنی بازاڕیشدا دۆلار بەردەوامبو لە تۆماركردنی ژمارەی پێوانەیی لە وڵاتەكە و پۆلیس سەركەوتو نەبو لە راگرتنی. ئێران دۆلاری زیاد دەكات و چاپكردنی تمەن كەم حكومەتی ئێران رایگەیاندوە بانكی ناوەندی لە دوو مانگ و 20 رۆژدا زیاتر لە هەشت ملیار و 100 ملیۆن دراوی دۆلاری خستوەتە بازاڕەكانەوە لە كاتێكدا ئەو ژمارەیە لەو ماوە دیاریكراوەی ساڵی رابردودا چوار ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بوە بەواتایەكی دیكە بەراوردی ژمارەكە دەریدەخات داهاتی حكومەت بەراورد بە ساڵی 2021 زیاتر لە 50% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. عەلی ساڵح ئابادی، بەڕێوبەری بانكی ناوەندیی ئێران رایگەیاند؛ رۆژانە 200 بۆ 300 ملیۆن دۆلار حەواڵەی فەرمی و ئاڵوگۆری یاسایی دۆلار لەناوخۆی ئێران بۆ وڵانی دیكە روو دەدات بۆیە لە ئێران كێشەیەك بە ناوی كەمیی دراوی دۆلار بوونی نییە. ساڵح ئابادی جەختی كردوەتەوە خستنە بازاڕی دۆلار لە ئێران زۆر زیاترە لە ئاستی داواكاریی و خواست بۆ كڕینی بۆیە گومان هەیە لە یاریكردن بە بەهای ئەو دراوەوە و هاوكات بەهۆی ئەوەی ئابوریی وڵاتەكە زیاتر لە 50 ساڵە روبەڕوی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بوەتەوە توانای كڕینی دراوی دۆلار لەناوخۆدا زۆر كەمە. هەروەها بانكی ناوەندی ئاشكرای كردوە قەبارەی پارەی چاپكراوی لە ئەمساڵدا چوار ترلیۆن و 828 هەزار ملیار تمەن بووە كە بەراورد بەساڵی 2021 زیاتر لە 10هەزار كەمی كردوە ئەوەش وای كردووە چاپكردنی پارە بۆ 4% لەئێران كەم بكات بەوتەی بەڕێوبەری بانكی ناوەندی كەمكردنەوەی چاپكردنی دراوی تمەن ئاماژەی باشە بۆ چارەسەریی و رێگریی لە هەڵاوسان. تەقینەوەی ئابوریی ئێران 61 شارەزا و پسپۆڕی ئابوریی ئێران بەنامەیەك هۆشدارییان داوەتە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری وڵاتەكە كە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بۆ قۆناغی سێ ژمارەیی، واتە 100% تێدەپەڕێنێت. ئەو پسپۆرە ئابورییانە لەبەیاننامەیەكدا رایانگەیاندووە پشتبەستنی 90%ی وڵاتەكە بەفڕۆشتنی نەوت و بەدەستهێنانی دۆلار لەئەنجامی فرۆشتنی نەوت  و ئەوەی حكومەت ناوی ناوە نەشتەرگەریی ئابوریی كە بەرزبوونەوەی نرخی زۆربەی كاڵاو پێدوایستییە سەرەكییەكانی لێكەوتووەتەوە، كۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو تەقینەوەی ئابوریی و كۆمەڵایەتیی بردووە لە كاتێكدا دەتوانرێت بەپلانی گونجاو داهاتی نانەوتیی ئێران كە لەساڵێكدا 35 ملیار دۆلار بگاتە سالڵانە زیاتر لە 70 ملیار دۆلار. پسپۆرەكان ئاماژەیان بەوەكردووە لەئێستادا چارەنووسی هەموو خەڵكی ئێران بە رێككەوتنی ئەتۆمیی و فرۆشتنی نەوت و پەیوەندیی ئابوریی تاران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەستراوەتەوە كە ناكر‌ێت بە بێگوێدان بەوانە خەڵكی وڵاتەكە لەنوقمبون لەقەیرانە ئابورییەكان رزگا بكرێن لە هەمانكاتیشدا نابێت نەوت و داهاتەكەی هەموو ژیانی خەڵكی ئەو وڵاتە یەكلایی بكاتەوە. بەوتەی شارەزایانی ئابوریی ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی ئێستای ئێران سنوری 50%ی تێپەڕاندوە. لەنوێترین راپۆرتی نێودەوڵەتییدا كە ئەمساڵ بڵاو كراوەتەوە پێگەی ئێران لە رووی شەفافبوونی ئابورییەكەی لەنێوان 180 وڵاتدا بووەتە 150 كە بە زمانێكی دیكە، ئەو وڵاتە یەكێك بووە لە 30 وڵاتە هەرە ناشەفافەكانی جیهان لە رووی ئابورییەوە. هاوكات هەر بەپێی راپۆرتێكی دیكە پلەی ئێران لە رووی حوكمڕانی و دەسەڵاتەوە لە نێوان 200 وڵاتە 127ەمین وڵات بووە كە لەوەشدا دەردەكەوێت یەكێكە لە وڵاتە خراپەكانی جیهان لە رووی حوكمڕانییەوە. لەنوێترین راپرسیی ناوخۆی ئێراندا دەركەوتووە ساڵی 1980 متمانەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بەكۆماری ئیسلامی و حوكمڕانییەكەی 70% بووە بەڵام لە ساڵی 2022 بۆ ئەو متمانەیە بۆ كەمتر لە 20% دابەزیووە و ئەوەش زەنگی ئاگاداركردنەوەیە بۆ دەسەڵاتدارانی هەر وڵاتێك كە متمانەی خەڵكەكە بە رێژەی 50% لەدەست بدات. گرانبوونی خۆراك و نان حكومەتی ئێران لەسەرەتای مانگی پێنج بەفەرمی نرخی مریشك و هێڵكە و رۆن و شیرەمەنییەكانی لە وڵاتەكەی بەرز كردوەو رایگەیاند ئەو بەرزكردنەوەیە دوای چاكسازیی لەبودجەی وڵاتەكە بڕیاری لەسەر دراوە، ئەویش بە نەهێشتنی دۆلاری چوار هەزارو 200 تمەنیی كە پێشتر رادەستی بازرگانەكان دەكرا بۆ هاوردەكردنی خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكان. ئەو بڕیارە لە كاتێكدا بوو كە لەماوەی یەك ساڵدا زۆربەی پێدوایستییە خۆراكییەكان 25 بۆ 60٪ بەرزبووەوە و لەهەندێك حاڵەتیشدا نرخی ئارد لە نانەواخانەكان زیاتر لە 12 هێندە بەرز بووەوە. حكومەت، هاوكات لەگەڵ بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی كاڵا و پێداویستییەكان رایگەیاندووە 46 هەزار ملیار تمەنی وەك هاوكاریی ماددیی خستوەتەسەر ئەژماری 47 ملیۆن و  360 هەزار كەس لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەكە لە 84 ملیۆن كەس زیاترە. هاوكارییەكەی حكومەت لەئێران كە بە یارانە ناودەبرێت دەكاتە یەك ملیار و 700 هەزار دۆلار كە دەبێت بەسەر زیاتر لە 84 ملیۆن دانیشتوی وڵاتەكە دابەش بكرێت، بۆیە هەر كەسێك لەئێران تەنها 13 دۆلاری بەردەكەوێت. بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی زیاتر لە 60 ملیۆن دانیشتوانی ئێران بەهەژار ئەژمار دەكرێن و لەو ژمارەیە 13 ملیۆن كەسیان لەژێر هێڵی هەژارییەوەن و برسیەتی هەڕەشە لەژیانیان دەكات. ئێران بەچوارەم وڵاتی دەوڵەمەند بەنەوت و غاز ئەژمار دەكرێت بەڵام سزاكانی 40 ساڵی رابردوی ئەمریكا و شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتەكە وای كردووە خەڵكەكەی خێر لەو سەرچاوانە نەبینن و بەبەردەوامی چاوەڕوانی رێككەوتنی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا بن بۆ دەركەوتنی ئاسۆیەك بۆ باشبوونی ژیانیان. ئەتۆم سەری تمەن دەخوات بەرپرسانی حكومەت و میدیاكانی ئێران لە رۆژانی رابردوو هۆشدارییان دابوو كە ناكۆكییەكانی نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی لەگەڵ تاران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی كاریگەریی لەسەر بازاڕەكان و دراوی تمەن لە وڵاتەكە دەبێت. ئێوارەی پێنجشەممە ئەنجومەنی بڕیاردەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لەكۆی 35 ئەندام بە 30 دەنگ بڕیارێكیان لەدژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەركردو لەبەرامبەردا ئێران كامێراكانی چاودێریی ئەو ئاژانسەی لەوێستگە ئەتۆمییەكانی لەكارخست و نەوەی نوێی كوڕەی ئەتۆمیی لەژمارەیەك ویستگە خستەكار. ئەو هەنگاوەی ئێران، بەسەركێشیی لەبەرامبەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی وەسف كرا بەتایبەت كە ئەو وڵاتە بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی، نابێت پیتاندنی یۆرانیۆمی لە 5٪ زیاتر بەرزبكاتەوە، بەڵام ئەو وڵاتە پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی گەیاندووەتە زیاتر لە 60٪ و جەختی لەوە كردەوە لەبەرامبەر هەر هەنگاوو سزایەكی دیكەدا كاردانەوەی دیكەی دەبێت. ئێران كە لەبەرامبەر هەر سزایەكی ئەمریكا و بڕیارێكی نێودەوڵەتیدا پیتاندنی یۆرانیۆم بەرزدەكاتەوە و ئەوەش وادەكات بەهای دراوی وڵاتەكەی دابەزێت و دۆلاریش بەرز ببێتەوە بۆیە رێككەوتنی ئەتۆمیی چارەنووسی دراوی تمەن و پێگەی نێودەوڵەتی تاران دیاری دەكات.

هاوڵاتی سوپاكەی ئەردۆغان لە ناوچەی بادینانی باشووری كوردستان، لە زاپ و ئاڤاشین و مەتینا گیریان خواردووە و توانای دەرچوون و گەرانەوەیان نەماوە و گورزی كەمەرشكێنیان لێدراوە. ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە ئاماری دوو مانگی رابردووی شەرو پێكدانانەكانی لەگەڵ سوپای داگیركەری سوپای توركیا بڵاوكردووەتەوە كە تا ئەمڕۆ هەزارو شەش سەربازی ئەردۆغان كوژراون. رۆژی 14ی نیسان تا 14ی حوزەیرانی 2022، كوژراوانی سوپاكەی ئەردۆغان گەیشتووەتە 985 كەس و لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا 21 كەسی دیكەیان كوژراوە بەو پێیە بێت دەگاتە هەزارو شەش سەرباز كە دوانیان ئەفسەری باڵای سوپای توركن. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ئاماژەی بەوەكردووە كە هێزەكانی گەریلا 744 چالاكییان ئەنجامداوە، 15 فرۆكەی بێ فڕۆكەوان و دوو ئوتومبێلی زێپۆش تێكشكێندراون. ئەوەش خراوەتەروو كە هێرشی داگیركاریی لەسەر هەرێمەكانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینای باشووری كوردستان دوو مانگ زیاتری تێپەڕاند، گەریلاكانی ئازادیی كوردستان لەدژی هێرشەكان، لە هەموو گۆڕەپانێك كە داگیركەران لەوێن، دەستیان بە قۆناغی شەڕێكی مێژوویی كردووە، دەوڵەتی داگیركەری تورك بە تەكنیكی شەڕی پێشكەتووی سەردەم، بە پشتگیریی ناتۆ و جاشەكان بە هەزاران جار بە تۆپ، هاوەن، فڕۆكە و هەلیكۆپتەری شەڕ، هێرشی كردووەتە سەر هەرێمەكانی پاراستنی میدیا، بەڵام نەیتوانیوە ئەنجام بەدەست بهێنێت. هاوكات باسی ئەوەشكراوە كە كە سوپای داگیركەری تورك لە زاپ گیریخواردووە، دەشڵێن:" بۆیە شەوی ٢٥ی ئایار هێرشی خۆی فراوان كرد و چووە ڕۆژئاوای ئاوی زاپ، بەڵام هێزەكانمان لەو گۆڕەپانە، لەسەر بناغەی هەنگاوی شۆڕشگێریی بە چالاكی بەهێز وڵامی سوپای داگیركەری توركیان دایەوە، سوپای تورك ویستی لە دۆخی گیرخواردووی خۆی لە زاپ بچێتە دەرەوە، بەڵام زیاتر بووەتە ئامانجی هێزەكانی گەریلا و هیچ ئەنجامێكی بەدەستنەهێناوە. ناوەندی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ئەوەشیان خستۆتەروو كە ؛ سوپای داگیركەری تورك دوو هەزار و 65 بۆردوومان بە فڕۆكەی جەنگیی و هەزار و 493 بۆردوومان بە هێلیكۆپتەری جەنگیی كردووە. هەروەها 779 جار سوپای تورك چەكی كیمیایی لە دژی گەریلا بەكارهێناوە، لەبەرانبەردا گەریلا 15 جار هەڵیكوتاوەتە سەر سوپای تورك و 11 چالاكی دەستبەسەراگرتن و 101 چالاكی تەقاندنەوە، 132 چالاكی پێكدادان و دوو چالاكی بۆسەدانان و 151 چالاكی بەچەكی قورس و 288 گورز وەشاندن و كە لە ئەنجامدا لە 14ی نیسان تا 14 حوزەیران 985 سەرباز كوژراون كە دوانیان ئەفسەری پلە باڵان و 166 سەربازی دیكەی ئەردۆغان برینداربوون. هاوكات، گەریلا بە بەرخودان و گیانفیدایی خۆی دەستیان بەسەر 915 چەك و تەقەمەنی و تۆپهاوێژ و كەلوپەلی سەربازی سوپاكەی ئەردۆغاندا گرتووە.  " 96 هێلیكۆپتەر، فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، تانك و زرێپۆش، سەنگەر و ڕادار و كامێرای چاودێرییان تێكشكاندووە، كە سیانیان هێلیكۆپتەر و 15 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بوون، گورزیش لە 62 هێلیكۆپتەر و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و سەنگەری سوپای تورك دراوە"، ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە وا دەڵێن. ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە لە دوو مانگی رابردوودا 58 گەریلا شەهید بوون كە 13 یان بە چەكی كیمیایی بووە.

هاوڵاتی سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا، كە نوری مالكی سەركردایەتی دەكات دەڵێت" لەكۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و عەزم و یەكێتی نوری مالكی بە فەرمی نەبووەتە كاندید تەنها چەند ناوێك باسكراون". وائیل ركابی، سەركردە لە دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێكی تایبەتدا بەهاوڵاتی وت:" لەكۆبونەوەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و عەزم و یەكێتی بریار نەدراوە نوری بكرێتە كاندیدی سەرۆك وەزیران، بەڵام لێرەو لەوێ باسكراوەو هیچ شتێكی فەرمی نییە". ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كە نوری مالكی مافی خۆیەتی وەك هەر سەركردەیەكی دیكە كاندید بێت، وتیشی:" چەند ناوێك باس كراون، بەڵام بڕیار لەسەر هیچ كاندیدێك نەدراوە و هێڵدراوەتەوە بۆ كۆبونەوەكانی دیكە و وەرگرتنی بۆچونی لایەنەكانی دیكە". رۆژی سێشەممە 14ی حوزەیران، لەنوسینگەی مالكی، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوپەیمانی عەزم و بابیلۆن كۆبونەوەو تێیدا باسیان لەوەكرد پەلە بكرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی تەوافوقی، لەپاش كۆبونەوەكە میدیا عێراقییەكان ئەوەیان خستەروو كە نوری مالكی بەهێزترین كاندیدە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق. نوری مالكی، سەرۆكی دەوڵەتی یاسایە و خاوەنی 37 كورسی پەرلەمانەو لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكاندایە كە بەهەموویان خاوەنی 81 كورسی پەرلەمانن و بە نزیك لە كۆماری ئیسلامی ئێران هەژمار دەكرێن. دوای دەستلەكاركێشانەوەی هەموو پەرلەمانتارانی سەدر كە 73 كورسی هەبووە، دۆخێكی سیاسی نوێ هاتۆتە ئاراوەو چاوەروان دەكرێت لایەنەكانی دیكە حكومەت پێكبهێنن بەبەشداری سونەو كورد.

هاوڵاتی لە باكوور و باشووری كوردستان 18 سەربازی دیكەی سوپاكەی ئەردۆغان كوژران  سێ سەنگەریشیان بە تەواویی خاپووركران. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە) ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێكدا ئاماری چالاكیەكانی گەریلای لەو هەرێمانە بڵاوكردەوە كە شەڕیان تیادا ڕوودەدات و ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە" هێزەكانمان لە تونێلەكانی شەڕ خۆڕاگری دەكەن و تیمە گەڕۆكەكانمان بە شێوەیەكی هەماهەنگ بە چەكی قورس، نیشانشكێن و چوونەسەر چالاكی ئەنجام دەدەن". دەقی راگەیەندراوی هەپەگە:  لەو چالاكیانەدا كە بە شارەزایی گەورە ئەنجامدران و زیانی گیانیمان نەبوو، ١٨ داگیركەر سزادران، ٢ سیستمی رادار و ٣ سەنگەر بە تەواوەتی رووخێنران.  لە گۆڕەپانەكانی بەرخودانیش لەلایەن سوپای توركی داگیركەرەوە ١٥ جار بە هەلیكۆپتەر، ٢٤ جار بە فڕۆكەی شەڕ و ٣ جاریش بە تەقەمەنی تونێلەكانی شەڕی بۆردومان كردان. لە هەرێمی جودیی بۆتان، سوپای توركی داگیركەر لە ٢٧ی ئایار بە فڕۆكەی شەڕ ١١ جار هەرێمی جودیی  – بۆتانی بۆردومان كرد. دوای ئەو بۆردومانە داگیركەران دەستیان بە هێرشێك كرد و بە بێ ئەنجام كشانەوە. راگەیاندنی شەڕی تایبەتی تورك رایگەیاند، كە لەو هێرشەدا ٣ هاوڕێمان شەهیدبوون. بەڵام ئەو زانیاریانەی راست نین، لە چوارچێوەی ئەو هێرشەدا زیانی گیانیمان بەرنەكەوتووە. ئەنجامی چەند چالایەكی لە هەرێمی مەتیناش خستووەتە ڕوو كە لە ڕۆژی ١٣ی مانگدا لەلایەن گەریلاوە ئەنجام دراوە.  لەبارەی هەرێمی زاپ لە دوو چالایدا ٣ داگیركەر لەو ناوچەیە سزادراون،  لە هەرێمی خواكورك لە دوو چالاكیدا ٤ داگیركەر سزادراون.

هاوڵاتی  سەرۆكی بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی توركیا (مەهەپە) رایگەیاند:" نوێنەرانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) "سوكایەتی" بە دەوڵەت و هێزەكانی پۆلیس دەكەن، بۆیە داوا لە دادگای دەستوری وڵاتەكەی دەكات هەدەپە دابخات. ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، دەوڵەت باخچەلی كە حزبەكەی هاوپەیمانی حزبەكەی ئەردۆغانە، رایگەیاند:" لەكاتێكدا پەرلەمانتارانی هەدەپە موچە لە دەوڵەت وەردەگرن، لە هەمان كاتدا سوكایەتی بە دەوڵەتیش دەكەن و هێرشدەكەنەسەر كارمەندانی پۆلیس، بۆیە دەبێت رێكاری یاسایی بەرامبەریان بگیرێتەبەر و لە پەرلەمان دەربكرێن و هەدەپەش دابخرێت".  رۆژی 12ی ئەم مانگە بەشێك لەلایەنگران و پەرلەمانتارانی هەدەپە لە ئیستانبوڵ دژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی كورد خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، لەكاتی خۆپیشاندانەكەشدا شەڕە بۆكس لەنێوان پەرلەمانتارێكی هەدەپە و كارمەندێكی پۆلیس رویدا، ئەوەش لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی توركیادا كاردانەوەی لێكەوتەوە. پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە)، یەكێكە لە پارتە بەهێزەككانی توركیاو  خاوەنی 59 پەرلەمانتارەو سێیەم پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا

هاوڵاتی مالیكی بەهێزترین كاندیدە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، داوا لە بارزانی و حەلبوسی دەكرێت بچنە سەر مێزی گفتوگۆ. بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەسەردانێك گەیشتە شاری بەغداو ڕاستەوخۆ چووە ماڵی نوری مالیكی بۆ بەشداریكردن لەكۆبونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان سەبارەت بەئاڵۆزیە سیاسییەكان بەتایبەت دوای كشانەوەی ڕەوتی سەدر لەپرۆسەی سیاسیی. بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیانكردەوە، قۆناغی داهاتوو گرنگەو پێویستی بەپەلەكردن لەدەستپێكردنی هەنگاوە كردەییەكانی تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكان‌و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی گونجاو هەیە كە توانای جێبەجێكردنی داواكاری عێراقییەكانی هەبێت‌و ژیانێكی شایستە دابینبكات‌و ئاسایش‌و سەقامگیریش بۆ هەمووان بپارێزێت. ئەوانەی بەشداربووی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ پشتیوانی تەواویان بۆ نوری مالكی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران پیشانداوەو بەڵێنیانداوە كار بۆ سەرخستنی بكەن. فازڵ مەواد ئەندامی دەوڵەتی یاسا بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاند:" نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كاندیدی بەهێزی چوارچێوەكەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت‌و سەرۆكایەتیكردنی حكومەتی داهاتووی عێراق". هەروەها راشیگەیاند:"وەك چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لەبارزانی‌و حەلبوسی دەكەین بچنەسەر مێزی گفتوگۆو كار بۆ پێكهێنانی حكومەت بكەن، خواستی زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیە نوری مالیكی ببێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو". هاوكات ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە ئەگەر سەدر سوربێت لەسەر بڕیارەكەی، ئەوا دەبێت شوێنی پەرلەمانتارەكانیان پڕبكرێتەوەو دواتر لەگەڵ كوردو سوننەكان‌و پێكهاتەكان حكومەت پێكبهێنرێت. هەریەك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی  كە خاوەنی 31 كورسییە لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، نوێنەری زۆرینەی سونەكان كە خاوەنی 37 كورسییە، لەگەڵ موقتەدا سەدر كە خاوەنی 73 كورسی پەرلەمانی عێراق بوو هاوپەیمانی(رزگاری نیشتمان"یان پێكهێنا، بەڵام دوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی سەدر، هاوپەیمانییەكە هەڵوەشاوەتەوە. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە بە نزیك ئێران هەژمار دەكرێن، كشانەوەی سەدر وەك سەركەوتن لە پرۆسەی سیاسی تۆمار دەكەن كە بە نزیك لە ئەمریكاو وڵاتانی كەنداو توركیا تۆمەتباریان دەكرد.  

هاوڵاتی هەریەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم و بزوتنەوەی بابل لەسەر ئاستی لوتكە كۆبونەوە و رایانگەیاند:" پێویستە هەنگاوەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت خێراتر بكرێن". ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیرانی 2022، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی و و بزوتنەوەی بابل بە سەرۆكایەتی ڕەیان كلدانی كۆبونەوەیەكی ئەنجامدا. بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە باسیان لە پێشهاتەكانی بارودۆخی سیاسی ئێستا و ڕێگاكانی پەلەكردن لە تەواوكردنی شایستە دەستورییەكان بە بەشداری هەمو هێزە نیشتمانییەكان كردووە. هاوكات، ئامادەبوان جەختیانكردەوە قۆناغی داهاتوو گرنگە و داوای پەلەكردنی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەكان دەكەن، بۆ تەواوكردنی رێكارە دەستورییەكان بۆ"هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتوو كە لە توانایدا بێت داواكاریەكانی هاوڵاتیانی عێراق بەدیبهێنێت و ژیانێكی شایستەیان بۆ مسۆگەر بكات لەگەڵ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەمووان". چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە سەرجەم هێزە سیاسییە كاراكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كردووە، بەشداری بكەن لەدیالۆگ و دانوستانەكان، ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە بۆ نزیكبونەوە لە لایەنەكان كە "حكومەتی داهاتو دەبێت حكومەتێكی بەهێز و بەتوانا بێت كە خزمەتگوزاری پێشكەش بكات".  

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی  لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی بابلیوون، هاوپەیمانی عەزم و بەشێك لە سەربەخۆكان لە نووسینگەی نووری مالیكی لە كۆبوونەوەدان بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق. نوری مالكی، سەرۆكی كوتلەی دەوڵەتی قانون سەرۆكایەتی كۆبونەوەكە دەكات و گفتوگۆ دەكەن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقەوە پاش دەستلەكاركێشانەوەی 73 ئەندامەكەی كوتلەی موقتەدا سەدر. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە پێكهاتوون لە(نوری مالكی، هادی عامری، قەیز خەزعەلی، حەیدەر عەبادی، عەمار حەكیم) چەندین كەسایەتی دیكەی شیعەكان كە بە نزیك لە ئێران هەژمار دەكرێت.  

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە بە نزیك لە ئێران دادەنرێن دەڵێن:" رێز دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكانی سەدر لە پەرلەمان دەگرین و كاردەكەین بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی". دوای ئەوەی فراكسیۆنی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق لەسەر داوای رەوتی سەدر دەستیان لەكاركێشایەوە، ئێوارەی ئەمرۆ چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا رایگەیاند "رێز لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدر دەگرین، و كار دەكەن بۆ تەواوكردنی بنەما دەستوورییەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەتی نوێ". هەروەها چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەی خستۆتەروو كە لەگەڵ هەموو لایەنەكان كار دەكەن بۆ بەشدارییەكی فراوان لەپێناو بەدیهێنانی هیواكانی گەلی عێراق بۆ ئاسایش و ئارامی. بریارە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆكانیان دەست پێبكەن و بریارە بەم زوانە هادی عامری، بە نوێنەرایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان سەردانی هەولێر بكات و لەگەڵ پارتی و یەكێتی كۆبونەوە ئەنجام بدات. كشانەوەی سەدر لە پەرلەمانی كوردستان بە سەركەوتنی ئێران لە ناوەندە سیاسییی و میدیاییەكانی عێراق وەسف دەكرێت كە چوار چێوەی هەماهەنگی شیعەكان ئامادە نەبوون سەدر حكومەت پێكبهێنێت بەبێ لایەنەكانی نێو هەماهەنگی شیعەكان كە پێكهاتوون لە(مالكی، هادی عامری، خەزعەلی، عەبادی، عەمار حەكیم) چەندین كەسایەتی دیكەی شیعەكان.  

هاوڵاتی محەمەد حەلبوسی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا لە ئوردن رایگەیاند:" ناوچەكە پێویستی بە دەستوەردانی دەرەكی نیە"، راشیگەیاند:" ئەندامیەتی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر لە پەرلەمان كۆتاییهاتوە و پێویستی بەدەنگدانی ئەندامانی پەرلەمان نییە". ئەمڕۆ دووشەممە 13ی حوزەیرانی 2022، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:"ئێمە دڵسۆزانەو راستگۆیانە هەوڵماندا، تا سەماحەتی موقتەدا سەدر لەم هەنگاوە پاشەكشەبكات، بەڵام ئەو پێی باش بو قوربانی بێت نەك پەكخەر، لە پێناوی نیشمان و گەلدا سوربو لەسەر بڕیارەكەی". ناوبراو راشیگەیاند:"ئێمە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدرمان لە پەرلەمان پەسەندكردوە، بەو پێیەش ئەندامیەتی هەر پەرلەمانتارێك كۆتایی دێت، دوای ئەوەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەش كرد و ئەو بابەتەش پێویستی بە دەنگدانی پەرلەمان نیە". هاوكات حەلبوسی ئەوەی خستەروو كە بەگرنگی دەزانن لەم كاتەدا هەنگاوی خێرا بنرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت و چارەسەری كێشەكانیش كاری لەپێشینەی لایەنەكان بێت. دوای ئەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكەی كرد دەستلەكاركێشانەوەكەیان كە چەند رۆژێك لەمەوبەر نوسیبویان، پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن، شەوی رابردو محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەستلەكاركێشانەوەی سەرجەم پەرلەمانتارانی سەدری پەسەندكرد.  

هاوڵاتی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بە یەك كاندیدی سەرۆك كۆمار رووبەرووی ئەردۆغان دەبنەوە لە هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوودا و ئەردۆغانیش وەڵامیان دەداتەوە. رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند:" هیچ بەرنامەیەكیان نیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023 هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پەرلەمان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەدەچن داوا لە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) دەكەم كاندیدی خۆی بۆ پۆستەكە رابگەیەنێت". رەجەب تەیب ئەردۆگان راشیگەیاند:"هەڵبژاردنی پێشوەخت لە توركیا ئەنجام نادرێت و مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023 هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت". 31ی ئایاری ئەمساڵ سەرۆكی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەبێ بەشداری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە ئەنقەرە بۆ جاری پێنجەم كۆبونەوە، لەكۆبونەوەكەدا هەر شەش پارتەكە لەسەر ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، گەڕاندنەوەی سیستمی پەرلەمانی و بونی كاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێككەوتن. پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەڵێن، لەكۆبونەوەكەدا لایەنەكان زانیاری ئەوەیان دەستكەوتوە كە ئاكەپە رێكخستنەكانی خۆی راسپاردوە كە "ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت بكەن"، بۆیە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش لەسەر ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت رێككەوتون. ئەو كۆبونەوانە بێ بەشداری هەدەپە بەڕێوەدەچن، لە كاتێكدا هەدەپە یەكێكە لە پارتە بەهێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی توركیا و خاوەن جەماوەرێكی زۆرە؛ لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیادا كە 2019 بەڕێوەچو، هەدەپە پشتیوانی لە جەهەپە كرد و بەوجۆرە ئۆپۆزسیۆن گەورەشارەوانییەكانی وەكو ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئەنتاڵیا و چەندین شارەوانیی دیكەی گرنگ لە ئاكپارتی وەرگرتەوە.