هاوڵاتی بڵاوبونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیمون وای لە تەندروستی جیهانی كردووە كە باری نائاسایی رابگەیەنێت، بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش ئاشكرای كرد: " پەتایەكە لەناو ئەو پیاوانەدا زیاتر بڵاودەبێتەوە كە سێكس لەگەڵ پیاواندا دەكەن". تائێستا زیاتر لە 16 هەزار حاڵەتی تووشبوون بەپەتای ئاوڵەی مەیمون لەزیاتر لە 75 وڵاتدا تۆماركراوە، لەئەفریقاش پێنج كەس گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی تەموزی 2022، تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند:"بڵاوبونەوەی خێرای پەتای ئاوڵەی مەیمون حاڵەتێكی لەناكاوی تەندروستی جیهانی هێناوەتە ئاراوە كە لەبەرزترین ئاستی ئاگاداركردنەوەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیدایە". هەروەها راشیگەیاند:"ناونیشانە نوێیەكەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (PHEIC) تەندروستی گشتی بۆ نیگەرانی نێودەوڵەتی لەناكاو بۆ دەستپێكردنی وەڵامێكی نێودەوڵەتی گونجاو داڕێژراوەو دەتوانێت بودجە دابینبكات بۆ هاوكاریكردن لەهاوبەشیكردنی ڤاكسینو چارەسەرییەكاندا". لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بەڕۆژنامەنوسانی وت"ئەندامانی لیژنەیەكی پسپۆڕ ڕۆژی پێنجشەممە كۆبونەتەوە بۆ تاووتوێكردنی ڕاسپاردەكان لەسەر بڕیارەكە، بەڵام 9 ئەندامیان دژی بڕیارەكە بوونو شەش ئەندامیان لەگەڵ بەیاننامەكەدا بوون". هاوكات، وتیشی:" هەرچەندە باری نائاسایی تەندروستی گشتیی ڕادەگەیەنم كە جێگەی نیگەرانی نێودەوڵەتییە، بەڵام بۆ ئێستا ئەمە پەتایەكە كە لەناو ئەو پیاوانەدا زیاتر بڵاودەبێتەوە كە سێكس لەگەڵ پیاواندا دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی چەندین هاوبەشی سێكسیان هەیە". لەبارەی مەترسیەكانی تووشبوون بەپەتای ئاوڵەی مەیمون وتویەتی:"لەڕێگەی بەركەوتنی نزیكەوە بڵاودەبێتەوەو ئەگەری ئەوەشی هەیە ببێتە هۆی نیشانەكانی هاوشێوەی ئەنفلۆنزاو برینەكانی پێستی پڕ لەچڵكو پیسی - لەئاستی جیهانیدا مامناوەندە، تەنها لەئەوروپا نەبێت كە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی مەترسییەكەی بەبەرز زانیوە".
هاوڵاتی سەلوە یوسف، جێگری مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریا دیموكرات (هەسەدە) لە هێرشێكی درۆندا لەگەڵ دوو چەكداری پاسەوانیی لە هێزی قامشلۆ لەلایەن توركیاوە شەهیدكران و مەزڵوم عەبدی دەڵێت:" تۆڵەی شەهیدەكانمان دەكەینەوە." ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی تەموزی 2022، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەكانی سووریا دیموكرات (هەسەدە) لە تویتێدا شەهیدكردنی سەلوەی پشتڕاستكردووەتەوە و رایگەیاند، لەلایەن توركیاوە بە ئامانج گیراوە. هەروەها فەرماندەی هێزەكانی سووریا دیموكرات (هەسەدە) دەڵێت:" سەلوە ناوی "گیان عەفرین" بووە و سەرۆكی فەرماندەی ئۆپەرسیۆنە هاوبەشەكانی هەسەدە بووە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی كاری كردووە و دژی داعش جەنگاوە. مەزڵوم عەبدی داوا لە هاوبەشەكانی دەكات ئەو كارە"دووژمنكارییانەی توركیا" رابگیرێت و دەشڵێت: "تۆڵەی شەهیدەكانمان دەكەینەوە."
هاوڵاتی سوپای توركیاو میلیشیاكانی هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ سەر ڕۆژئاڤای كوردستان دەستپێكردووە و لەیەك كاتدا چەندین ناوچە تۆپباران دەكەن و زیانی گیانیی لێكەوتووەتەوە. ئەمڕۆ 24ی تەموزی 2022، ئاژانسی هاوار نیوز بڵاویكردووەتەوە، سوپای تورك و میلیشیاكانی لە بەیانی ئەمڕۆوە دەستیان بە تۆپبارانكردنی ناوچەكانی زرگان، تلتەمر، تلڕەفعەت و ڕێگای نێوان تلتەمر-قامیشلۆ كردووە. هەروەها ئاماژە بەوەكراوە كە سوپای توركیا دەیان گوندی ئەو ناوچانە و سەنتەری ناوچەی تلڕەفعەت تۆپباران دەكەن و چەندین گوللـەتۆپیان ئاراستەی ئەو ناوچانە كردووە. لە تۆپبارانەكەی سەر تلتەمر-دا هاوڵاتییەك و گیانی لەدەستدا و چوار هاوڵاتیش برینداربوون، كە دوانیان ژنن، هەروەها سەربازێكی سوپای سووریا كوژراوە و چوار سەربازی دیكەش برینداربوون. هاوكات بەهۆی تۆپبارانی سوپای توركیا لە ناوچەكانی شەرا و شێراوای عەفرین، دوو سەربازی سوپای سووریا برینداربوون. هەر لە تۆپبارانەكانی سوپای توركدا لە ناوچەی زرگان، سەربازێكی سوپای سووریا كوژرا و چوار كەسی دیكەش برینداربوون.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گەڕاندنەوەی باڵیۆزەكەی لە ئەنقەرەوە بۆ بەغدا ڕاگەیاند، ئەوەش وەك وەڵامدانەوەیەكی عێراق لە بەرامبەر هێرش و بۆردومانەكانی توركیا. ئەمڕۆ شەممە 223ی تەموزی 2022 ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، راگەیاند:"وەزارەت بڕیاریدا بە گەڕاندنەوەی باڵێۆزی كاربەڕێكەری عێراق لە ئەنقەرە بۆ بەغدا". هەروەها راشیگەیاند كە "وەزارەتی دەرەوە جەخت دەكاتەوە هیچ ڕێككەوتنێكی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ توركیادا نییە." عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سكاڵای لە توركیا كرد و داوای دانیشتنێكی نائاسایی ئەنجومەنەكەی كرد لەبارەی دەستدرێژییەكانی توركیا و بەپێی وتەی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر داوای عێراق لەبارەی بۆردومانەكەی زاخۆ گفتوگۆ دەكات.
هاوڵاتی لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، وەزارەتی بەرگری راپۆرتێكی لەبارەی تۆپباران و بۆردوومانەكانی سوپای توركیا خوێندووەتەوە وەزیری بەرگری ئاشكرای كرد كە توركیا بە قوڵایی 105 كیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوە و داگیری كردووە. ئەمڕۆ شەممە 23ی تەموزی 2022، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی لەبارەی هێرش و تۆپبارانەكانی توركیا كرد و لە دانیشتنەكەدا وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئامادەبوون. لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، وەزارەتی بەرگری راپۆرتێكی لەبارەی هێرشەكانی توركیا و هاتنە ناوەوەی سوپای ئەو وڵاتەی بۆ ناو خاكی عێراق خوێندووەتەوە. وەزیری بەرگری عێراق جەختی لەوەكردەوە كە سوپای توركیا بەقوڵایی 105 كیلۆمەتر خاكی عێراقی داگیر كردووە. هەر بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، سوپای توركیا چەندین جۆر چەكی قورس و سووكی لە خاكی عێراقدا هەن، لەوانە زرێپۆش، تانك، تۆپ، كۆپتەر و چەندین جۆرە تەقەمەنی و چەكی سووك. بەپێی راپۆرتەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەنجامی لێكۆڵینەوەی تۆپبارانەكەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی گوندی پەرەخێ لە سنووری زاخۆ. هێرشەكە بە تۆپی جۆری 155ملیم كراوە، كە ئەو جۆرە تۆپەش ناتوانرێت جێگۆڕكێی لە ناوچە شاخاوییەكاندا پێبكرێت و دەبێ جێگیربێت كە سوپای توركیا بۆردومانەكەی ئەنجام داوە.
هاوڵاتی سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق، لەپەرلەمان ئاشكرای كرد سوپای توركیا سەد خاڵی سەربازی و پێنج بنكەی گەورەی ئاسمانی سەربازی و چوار هەزار سەربازی لەناو هەرێمی كوردستاندا هەیە. ئەمڕۆ شەممە 23ی تەموزی 2022، عەبدولئەمیر یارەڵا، سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق لەپەرلەمانی عێراق راپۆرتێكی لەبارەی سوپاكەی ئەردۆغان لەهەرێمی كوردستان خستەروو و تێیدا ژمارەی هێزەكان و بنكە سەربازییەكانی توركیای ئاشكرا كرد. عەبدولئەمیر یارەڵا وتی:" توركیا چوار هەزار سەربازی لەخاكی هەرێمی كوردستان جێگیر كردووە". هەروەها وتیشی:" سوپای توركیا بنكەی گەورەی ئاسمانی سەربازی سەد خاڵی سەربازی لە هەرێمدا هەیە". هاوكات، ئاماژەی بە پێنج بنكە سەربازییە گەورەكەی سوپای توركیا كرد كە دەكەونە چ ناوچەیەكی سەر بەپارێزگای دهۆك و هەولێرەوە. ئەم وتانەی سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ پەرلەمان بانگێشتی وەزیری بەرگری و دەرەوەو سەرۆك ئەركانی سوپای كردووە بۆ پەرلەمان كە رۆژی چوارشەممە 20 ی تەموز سوپاكەی ئەردۆغان لە گوندی پەرەخێ لەبادینان بۆرودمانی گوندەكەیان كردووەو بەو هۆیەوە نۆ كەس گیانیان لەدەستداو 31 كەسی دیكە برینداربوون كە هەموویان خەڵكی ناوەراست و خواری عێراق بوون.
هاوڵاتی "كاتێك دەچیتە چەند ناوچەیەكی بادینان و بەتایبەت برادۆست، هیچ تۆڕێكی پەیوەندیی شەبەكەی نامێنێتو نامەیەكت بۆ دێت دەڵێت، بەخێربێی بۆ خاكی توركیاو ئەوەش پاكێجەكانی پەیوەندیی كردنی توركیایە"، ئەندامێكی تیمی رێكخراوی CPT وا دەڵێت. كامەران عوسمان ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPT چەند زانیارییەكی گرنگ لەبارەی داگیركاریەكانی توركیاوە ئاشكرادەكاتو ڕاشیگەیاند:"كە دەچیتە گوندی بەرمیزە لەسنوری برادۆست هیچ تۆڕێكی پەیوەندیی شەبەكەی نامێنێتو نامەیەكت بۆ دێت دەڵێت، بەخێربێی بۆ خاكی توركیاو ئەوەش پاكێجەكانی پەیوەندیی كردنی توركیایە". هەروەها ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هەر لەو سنورە خەڵكەكەی ناتوانن بینەری هیچ كەناڵێكی كوردی بنو هەرچی كەناڵێك كە بونی هەیە توركیە، وتیشی:"سوپای توركیا دەچنە ناو خەڵكی ئەو سنورەو دیاری بەخەڵكی گوندەكەو سنورەكە دەدەن... منداڵانێكی زۆر لەو گوندەو دەڤەری برادۆست فێری توركی بونو ئەمەش بۆتە گرفت بۆ لەیەكحاڵیبونی منداڵانی ئەو سنورە، چونكە بەشێكیان بەتوركی قسە دەكەن".
هاوڵاتی لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق وەزیری دەرەوە ئاشكراكرد:" ئەم سێشەممەیە ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر هێرشەكەی زاخۆ كۆدەبێتەوە". لەكۆبونەوەی ئێستای پەرلەمانی عێراقدا كە تایبەتە بەهێرشەكەی چوارشەممەی ڕابردووی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لەسەر داوای عێراق، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر بۆردومانەكەی گوندی پەرخی زاخۆ كۆدەبێتەوە. ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 20ی 7ی 2022 بەهۆی تۆپبارانی ناوچەیەكی گەشتیاریی لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 10 گەشتیار گیانیان لەدەستداو 26ی دیكەش برینداربوون.
هاوڵاتی كەمێك بەرلەئێستا پەرلەمانی عێراق كۆبونەوەی نائاسایی خۆی تایبەت بە تاوتوێكردنی بۆردومانەكەی دوو ڕۆژی ڕابردووی سوپاكەی ئەردۆغان لە زاخۆ بە بەشداری وەزیری دەرەوە و بەرگری و سوپاسالاری عێراق دەستپێكرد. بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە، لە كۆبونەوەكەدا پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیرانی بەرگریی و دەرەوە و سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق بەشدارن. میدیا عێراقیەكان بڵاویانكردەوە كە هەڵوێستی پەرلەمانتاران توندەو چاوەروان دەكرێت پەرلەمان هەڵوێستێكی زۆر "توند" ئاراستەی توركیا بكات و چەندین بڕیار دەربكات لەنێویاندا دەرچوونی هێزەكانی سوپاكەی ئەردۆغان لەسەر خاكی عێراق. ڕۆژی چوارشەممە 20ی تەموز سوپای توركیا تۆپبارانی گوندی پەرەخی لە سنووری زاخۆ كرد و بەهۆیەوە نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 31ی دیكەش بریندار بوون، كە سەرجەمیان لە نەتەوەی عەرەب بوون و خەڵكی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.
هاوڵاتی پەرلەمانی عێراق لەبارەی تۆپبارانەی توركیا لەزاخۆ، كۆدەبێتەوەو و وەزیرانی بەرگری و دەرەوەو سەرۆك ئەركانی سوپا بانگێشت كراون، بڕیارە فوئاد حوسێن راپۆرتی لێكۆڵینەوەيان بخاتەروو. ئەمڕۆ شەممە 23ی تەموزی 2022، بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ پەرلەمان، تایبەت لەبارەی هێرشەكەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی توركیا لەزاخۆ كۆدەبێتەوە. تێیدا هاتووە، وەزیرانی (بەرگری و دەرەوە)و سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق بانگهێشتكراونو ئامادەی كۆبوونەوەكە دەبن. بڕیارە لەو كۆبونەوەیەدا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە راپۆرتی لێكۆڵینەوە بخاتەروو كە سەرۆكایەتی وەفدێكی عێراقی كردو سەردانی "گوندی پەرەخێ"یان كرد. ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 20ی تەموزی 2022 بەهۆی تۆپبارانی ناوچەیەكی گەشتیاریی لەسنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 9 گەشتیار گیانیان لەدەستداو 26ی دیكەش برینداربوون. فوئاد حوسێن، كەلەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەزیری دەرەوەی عێراقە ئەوەی دووپاتكردەوە كە سوپای توركیا لەرێگەی چوار تۆپەوە بۆردومانی گوندی پەرەخێی كردووە، هەروەها راشیگەیاند:" توركیا بەرپرسیاری رووداوەكەیەو دەبێت داوای لێبوردن بكات و قەرەبووی كوژراوان و بریندارانی رووداوەكە بكاتەوە". هاوكات دوێنێ فوئاد حوسێن لەگەڵ هاوتا ئێرانیەكەیدا جارێكی دیكە توركیای بەدرۆ خستەوەو وتی:" پەكەكە لەو ناوچەیە بوونی نییەو توركیا ئەنجامدەری رووداوەكەی زاخۆ بووە".
هاوڵاتی چەند كەسایەتییەكی شیعی لەهەوڵدابوون بۆ ئەوەی ئاشتەوایی لەنێوان مالكی و موقتەدا دروست ببێت، بەڵام وەزیرەكەی سەدر هەموو گفتوگۆیەكی لەوبارەیەوە هەڵوەشاندەوە. ساڵح محەمەد عێراقیی ناسراو بەوەزیری سەدر لەتویتێكدا رایگەیاند:"ئەوانەی دەیانەوێت ئاشتەوایی لەگەڵ خاوەنی تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكەدا بكرێت، ئایا دەتانەوێت لەگەڵ بەكرێگیراوو بكوژی میللەتدا ئاشت ببینەوە؟، یان دەتانەوێت ڕێبەرەكەمان لەگەڵ ئەوكەسەدا ئاشت ببێتەوە كە جنێو بەگەل دەداتو پەلاماری هێزە ئەمنییەكانو حەشدی شەعبی دەدات؟". پەیامەكەی وەزیرەكەی سەدر وەك ئاماژەیەكە بەوەی، موقتەدا سەدر ئامادەنییە پێشوازیی لەو دەستپێشخەرییە بكاتو بەنوری مالیكی ببینێت.
هاوڵاتی رووسیا و ئۆكرانیا رێككەوتنێكیان بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان و توركیا واژۆ كرد سەبارەت بە دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەی دانەوێڵە كە دەتوانێت قەیرانی خۆراكی لە جیهان چارەسەر بكات. بۆ كردنەوەی رێگەكانی گەیاندنی خۆراك و پەینی كشتوكاڵی لە نێو دەریای رەش، سێرگی شوێیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا و ئۆلیكساندر كوبراكۆڤ، وەزیری ژێرخانی ئۆكرانیا هەریەكەیان بە جودا رێككەوتنێكی هاوشێوەیان لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان و توركیادا واژۆكرد. بەرپرسانی ئۆكرانیا رایانگەیاند، بەهۆی ئەو شەڕە خوێناوییەی كە ماوەی پێنج مانگە لە نێوانیاندایە، نایانەوێت ناوی خۆیان لەسەر هەمان بەڵگەنامەی رووسیا دابنێن. دیپلۆماتەكان پێشبینی دەكەن تا ناوەڕاستی مانگی ئاب، بۆ یەكەمجار هەناردەی دانەوێڵە بە قەبارەی تەواوی خۆی بگاتە نێو دەریای رەش. لەكاتێكدا كە دوای چەند مانگێك لە دانوستاندن رێككەوتنەكە واژۆكرا، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی: "ئەمڕۆ ترووسكەیەك لە دەریای رەشەوە هەیە، ترووسكەیەكی هیوا، ترووسكەی ئەگەرەكان، ترووسكەیەكی بەهاناوەچوون." گۆتێرێز گوتیشی: رێككەوتنەكە "ئاسوودەیی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتووی لێواری مایەپووچبوون و خەڵكی بەشمەینەتی لێواری قاتوقڕی دەهێنێت." هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان مەزەندە دەكات كە 47 ملیۆن كەسی دیكە لە ئەنجامی راستەوخۆی شەڕی ئۆكراینا رووبەڕووی "برسێتی تووند" بوونەتەوە. هاوكات، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند:"هیوادارم ئەو رێككەوتنە لە كۆتاییدا رێگە بۆ بەرپابوونی ئاشتی لە ئۆكراینادا خۆشبكات". شەڕەكە لە یەكێك لە بەپیتترین ناوچەكانی سەرانسەری ئەوروپا لەلایەن دوو لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی دانەوێڵە لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت. بەڵام كەشتییە جەنگییەكانی رووسیا و مینەكانی ئۆكرانیا بۆ رێگریكردن لە هێرشێكی وشكانی لەنێو دەریای رەشدا دانراون، بوونەتە رێگر لەبەردەم هەناردەكان، لە ئەنجامدا نزیكەی 25 ملیۆن تۆن گەنم و دانەوێڵەی دیكە لە بەندەر و سایلۆكاندا ماونەتەوە. بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێن، بەخێرایی بڕیاردرا، چونكە لابردنی مین لە ناوچەكەدا كاتێكی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی مەترسییەكانی برسێتی كە لەسەر هەندێك لە هەژارترین ناوچەكانی جیهان درووستبوون، كەم ببنەوە. ئەو رێككەوتنەی كراوە، ژمارەیەك رێڕەوی سەلامەت دادەمەزرێنێت كە لە رێگەیانەوە كەشتییەكانی ئۆكراینا دەتوانن لە سێ بەندەری دیاریكراوی دەریای رەش لە ئۆدێسا و دەوروبەری بێنە ژوورەوە و دەربچن. هەروەها هەردوولا بەڵێنیان دا كە لە كاتی هاتووچۆدا هێرش نەكەنە سەر كەشتییەكان. میخایلۆ پۆدۆلیاك، راوێژكاری سەرۆكایەتی ئۆكرانیا هۆشداریدا كە هەر پێشێلكارییەكی رووسیا لە دژی رێككەوتنەكە یان هەر لەشكركێشییەكی بۆسەر دەوروبەری بەندەرەكانی ئۆكرانیا بە "وەڵامێكی سەربازی دەستبەجێ" وەڵام دەدرێتەوە. ناوەندێكی هاوبەشی فەرماندەیی و كۆنترۆڵكردن لە ئەستەنبوڵ دادەمەزرێت بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و دڵنیابوونەوە لە روونەدانی كێشە لە گواستنەوەی دانەوێڵەكان.
هاوڵاتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ هاوتا ئێرانییەكەی دووپاتكردەوە كە "توركیا بۆردومانەكەی زاخۆی ئەنجامدراوەو لێكۆڵینەوەی وردیان كردووەو خۆم لەوێ ئامادەبووم، تۆمەتباركردنی "پە.كە.كە" ئەسڵی نییەو دوورە لە راستییەوە". فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەمڕۆ هەینی جارێكی دیكە توركیای بەدرۆ دەخاتەوە. بەپێی راگەیەندراوێكی كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، ئەمیر حسێن عبداللهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەنجامداوە و تۆپبارانكردنی شاری زاخۆ لە دهۆكی هەرێمی كوردستانی عێراقـ كە لەلایەن توركیاوە ئەنجامدرا و كۆمەڵێك خەڵكی بێتاوان لە نێویاندا ژنان و منداڵان و چەند خێزانێك كە بە مەبەستی گەشتیاری و چێژ وەرگرتن لە سروشتی ئەو ناوچەیە لەوێدا بون، بونە قوربانی سەركۆنە كرد. هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە، وەزیری دەرەوەی ئێران وێڕای دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ خێزانی قوربانییەكان، حكومەت و گەلی عێراق، جەختی لەسەر پاڵپشتی تەواوی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق كردەوە" وەزیری دەرەوەی ئێران، فوئاد حسێنی لە بڕیار و دیدگای سەرانی سێ وڵاتی بەشدار لە كۆبونەوەی ئاستانەی تاران، بە تایبەت دەربارەی جەختكردنەوە لەسەر بەكارهێنانی رێگا ئاشتیخوازەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە سنورەكاندا، ئاگاداركردەوە." لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق وێڕای سوپاسی هاوخەمی و پرسەی كۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند كە"لە شوێنی تۆپبارانەكە ئامادەبووم و لە نزیكەوە بەدواداچوونم بۆ دوا گۆڕانكاریەكان كردووە و تۆپبارانكردنی ئەو ناوچەیەم بە توندی ئیدانە كردووە و ئەو كردەوەیە بە پێشێلكردنی سەروەری عێراق بووە". هەروەها فوئاد حسێن ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە "بانگەشەی بونی گروپی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) لەو ناوچەیەدا دورە لە راستییەوە". پاشنیوەڕۆ رۆژی چوارشەممە 20ی تەموزی 2022، ناوچە گەشتیارییەكەی زاخۆ بە چوار تۆپ لەلایەن توركیاوە تۆپباران كراو بووە هۆی كوژرانی 9 گەشتیاری عەرەب و برینداربونی 23 گەشتیاری دیكە، ڕوداوەكەش كاردانەوەی لێكەوتەوەو لایەنە سیاسییەكان بە توندی دژی هێرشەكە وەستانەوە. ئەنجومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی بۆردومانەكەوە دەركرد و بڕیاریدا، باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە بكشێنێتەوە و بەفەرمیش لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان سكاڵا لەسەر توركیا تۆماربكات.
هاوڵاتی شەشەم تۆماری دەنگی دزەپێكراو كە دەوترێت دەنگی نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە بڵاوكرایەوە و تیایدا باس لە سوونەكان دەكات و دەڵێت:" شیعە لە مەترسیدایە و ئێستا بەعسییەكان بەشێوەیەكی مەترسیدار پێشكەوتوون و هاتونەتە ناو جومگەكانی دەوڵەتەوە". كەسێك بەناوی عەلی فازڵ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر ماوەیەكە دەستی كردووە بە بڵاوكردنەوەی كۆمەڵیك تۆماری دەنگی كە وەك خۆی دەڵێت، هەموویان لە كۆبوونەوەیەكدا تۆماركراوە و دزەی پێكراوە. لە تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكەدا ئەو كەسەی دەوترێت مالكییە دەڵێت: "زۆرێك لە كەسایەتییەكان و هێزەكان لە لایەن حەلبوسییەوە بە پارە كڕدراون و هەرچی لە كۆبوونەوەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا باسی دەكەین دەگاتەوە بە حەلبوسی، چونكە لە ناوماندا بەكرێگیراوی تێدایە." لە تۆمارە دەنگییەكەدا كەسەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، "شیعە لە مەترسیدایە و ئێستا بەعسییەكان بەشێوەیەكی مەترسیدار پێشكەوتوون و هاتونەتە ناو جومگەكانی دەوڵەتەوە." هەروەها دەشڵێت، "بەعسییەكان حزبییان دروستكردووە لە ژێر ناوی تەقەدوم كە هی حەلبوسییە." ئەو كەسەی رۆژنامەنووسەكە دەڵێت مالیكیە باس لەوەش دەكات، بە سەرۆك وەزیرانی وتووە، "گوناحت دەگات، حەلبوسی چییە گۆڕانكاری لە سەركردە و پارێزگارەكان دەكات، بەڵام ئەو بێدەنگە تا لە بەرامبەردا حەلبوسی دەنگی پێبداتەوە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران." ئەوەش دەخاتەڕوو، كە مەرجەعییەتی شیعەكانی بێدەنگە، وەك ئەوەی رووداوەكان مێزەكە بەسەر ئەوان و شیعەدا هەڵنەگەڕێنێتەوە. بڵاوكردنەوەی تۆمارە دەنگییەكان لە رۆژی 13ی تەمموزەوە دەستیپێكردووە و ئەمەش شەشەم دەنگی دزە پێكراوە، بەڵام نوری مالیكی و حزبی دەعوە رەتیدەكەنەوە كە ئەو تۆمارە دەنگییانە، دەنگی ئەو بێت و رایگەیاندووە كە ئەو تۆمارە دەنگییانە، ساختەن و دروستكراون. دەسەڵاتی دادوەری عێراق رۆژی 19ی مانگ رایگەیاند، لێكۆڵینەوەكان لە راست و دروستی تۆمارە دەنگییەكانی نوری مالیكی دەستی پێكردووە.
هاوڵاتی كۆبونەوەكەی بەغدا بە بەشداری سەركردە سیاسیەكان و سەرۆكایەتیەكانی عیراق كۆتایی هات و تەئكید لە گرتنەبەری ڕێككارە پێویستەكان دژی بۆرودمانەكەی دەوڵەتی توركیا كرایەوە. هەرچوار سەرۆكایەتیەكەی عێراق و نوێنەری لایەنە سیاسیەكان و مالیكی و هادی عامری و سەركردە سیاسیەكانی دیكە و نوینەری موقتەدا سەدر بەشداری كۆبونەوەیەكی سیایسیان لە ابرەی وەڵامدانەوەی دەوڵەتی تورك كرد. نوسینگەی ڕاگەیاندنی مستەفا كازمی ڕایگەیاند:" پێداچوونەوەیان بە وردەكاریی دۆخی سیاسی و مەیدانی و پێشهاتەكان و وردەكارییەكانی هێرشەكەی ئەم دواییەی توركیا و بەدواداچوونی حكومەت بۆ كەسوكاری شەهیدان و بریندارەكان كردووە. هەروەها نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كۆبونەوەكەی ئەمشەودا تەئكیدیان كردەوە لەو: ڕێوشوێنانەی لە ئاستە جیاوازەكاندا گیراونەتەبەر بۆ بەرگریكردن لە سەروەری عێراق و ئەو هەنگاوە ئەمنی و سیاسی و دیپلۆماسییانەی حكومەت گرتوویانەتەبەر، ئەو سكاڵایەی عێراق دەیخاتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان. هاوكات، بەپێی بەیاننامەكە، ئامادەبووان یەكڕیزی نیشتمانی عێراقیان دووپاتكردەوە لە پاراستنی سەروەری عێراق و گیانی عێراقییەكان، دەستدرێژییەكانی توركییان ئیدانە كرد و پاڵپشتیكردنی خۆیان بۆ رێكارەكانی سكاڵا نێودەوڵەتییەكان راگەیاند. بەشداربوانی كۆبونەوەكە دووپاتیان كردەوە عێراق رێز لە بنەماكانی دراوسێیەتی باش بگیرێت، رێگری بكات لە دەستدرێژی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ لە خاكەكەیەوە. لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر یەكدەنگی هەڵوێستی سیاسی و جەماوەری بەرامبەر بەو دۆخەكرایەوە، داواش لە حكومەت كرا هەموو رێكار و هەنگاوێكی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق ورێگری لە دووبارەبوونەوەی هێرشەكان بكات.