لیژنەی گشتی دادگای دەستوری بنەڕەتی تورکیا، لە دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلاندا (هەدەپە) لەبارەی بڕیاری پارتەکە کە نایەوێت بە زارەکی لە دادگا بەرگری لە خۆی بکات کۆبووە و دۆسیەکەی بۆ ریپۆرتەری تایبەتی دادگاکە نارد. ئەمڕۆ دادگای دەستوری تورکیا لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە کۆبووە و پێویست بۆ بەرپرسانی هەدەپە بە شێوەیەکی زارەکی لە دادگاکەدا بەرگری لە پارتەکەیان بکەن، بەڵام بەرپرسانی پارتەکە رایانگەیاندبوو کە ئەوان ئامادە نین بە زارەکی بەرگریەکە بکەن. دادگاکە بڕیاریدا دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ ریپۆرتەری دادگەکە بنێردرێت. ریپۆرتەکەش بەگوێرەی دۆسیەکە راپۆرتی خۆی ئامادە دەکات و دواتر پێشکەشی ئەندامانی دادگاکەی دەکەن. چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو مانگێکی دیکە راپۆرتەکە ئامادە بکرێت. دواتر زوختو ئارسلان سەرۆکی دادگاکە بۆ بڕیاردان لەبارەی داخستن یاخود دانەخستنی هەدەپە رۆژێک دیاری دەکات. پێشبینی دەکرێت، بڕیارەکە یەک دوو رۆژێک بەر لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار بدرێت. پێویستە لە ١٥ ئەندامی دادگای دەستوری ١٠ ئەندام بڕیاری داخستنی هەدەپە پەسەند بکەن. تاوەکو ئێستا کەمتر لە ١٠ ئەندامی دادگاکە لەدژی هەدەپە بڕیاریان داوە. ١٧ ئازاری ٢٠٢١، بەکر شاهین، سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای دەستووریی تۆمار کرد بۆ داخستنی هەدەپە. ئەو تۆمەتە لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢١ بە کۆی دەنگ لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بەهۆی کەموکورتییەوە رەتکرایەوە. سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ جارێکی دیکە سکاڵاکەی تۆمارکردەوە. دادگای دەستووریی بە کۆی دەنگی ئەندامانی دادگاکە، لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ تۆمەتە نوێیەکەی قبوڵ کرد.
روسیا بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە سوتەمەنییەکەی رەوانەی ئێران دەکات و ئاژانسێکی هەواڵیش ئاشکرای دەکات ئەو سوتەمەنیانە لە سنوری کازاخستان و تورکمانستانەوە بۆ ئێران دەنێردرێت. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) ئاشکرای کردوە؛ لە دوو مانگی وەرزی زستانی ئەمساڵدا روسیا بڕێ 30 هەزار تۆن بەنزین و گازی بە شەمەندەفەر رەوانەی ئێران کردوە. ئاماژە بەوە کراوە؛ لە دوای هێرشی روسیا بۆ ئۆکرانیا، فرۆشی نەوت و سوتەمەنییەکانی روسیا بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە روبەڕوی کێشە بوەتەوە و بۆ یەکەمجار لە رێگەی شەمەندەفەرەوە چەند جۆرێکی سوتەمەنیی رەوانەی ئێران کردوە. ئاژانسەکە رونی کردوەتەوە؛ روسیا لە رێگەی شەمەندەفەرەوە بەنزین و گازی بەرهەمی وڵاتەکەی بە سنورەکانی وڵاتی کازاخستان و تورکمانستان بۆ ئێران رەوانە کردوە و ئەو وڵاتەش گواستویەتییەوە بۆ عێراق. بە پێی زانیارییەکانی رۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەوە رێککەوتنی بازرگانیی نێوان مۆسکۆ و تاران بۆ فرۆشتنی ئەو سوتەمەنیانەیان پشتڕاست کردوەتەوە بەڵام ئێران و روسیا ئامادە نەبون هەواڵەکە بۆ ئەو ئاژانسە پشتڕاست بکەنەوە. روسیا بەهۆی ئەوەی تێچوی رەوانەکردنی سوتەمەنیی بۆ ئێران لە رێگەی کەشتی و دەریاوە زۆرە بڕیاری داوە بە شەمەندەفەر بەنزین و گاز رەوانەی ئێران بکات کە تێچوی کەمترە.
بەهۆی ژەهراویبونی خوێندکاران ژمارەیەک خوێندکاری شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەند شارێکی ئێران رەوانەی نەخۆشخانە کران. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ ئەمڕۆ سێشەممە لە شارەکانی کامیاران و کرماشان زیاتر لە 82 خوێندکاری کچ بەهۆی ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون. لە شاری کامیاران سەر بە پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان 12 خوێندکاری کچ کە لە خوێندگەکەیاندا ژەهراویبونەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سینا لەو شارە کراون. لە شاری کرماشان زیاتر لە 60 خوێندکاری کچ رەوانەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کراون و بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی هەواڵ دۆخی تەندروستیی دوو خوێندکار ناجێگیرە و لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکیدان. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ سێشەممە روداوی ژەهراویبون لە ژمارەیەک خوێندگەی شارەکانی ئەسفەهان ، تەبرێز، مەشهەد و گەناوە دوبارە بوەتەوە و دەیان خوێندکاری كچ رەوانەی نەخۆشخانە کراون. ژەهراویبونی خوێندکاران زیاتر لە سێ مانگە بوەتە دیاردە لە رۆژهەڵات و ئێران و چالاکوانانی سیاسی، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە رێگەی چەند ماددەیەکی ژەهراویی بۆندار هێرش دەکرێتە سەر خوێندگەکان و قوربانییانیش زۆربەیان خوێندکارانی کچن. تا ئێستا جگە لە رەوانەکردنی دەیان خوێندکاری کچ بۆ نەخۆشخانەکان، مێرمنداڵێکی کورد لە شاری تاران بە ناوی کارۆ پەشابادی بەهۆی ژەهراویبون گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی شاری کامیاران لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرایەوە. رۆژنامەی (هەم میهەن) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ لە چەند خوێندگەیەک شتێک هاوشێوەی تۆپی یاریی لە دەرەوە خراوەتە ناو حەوشە و بینای خوێندگەکان و دواتر بۆنی میوەی رزیو و پرتەقاڵ و نارنگیی بڵاو بوەتەوە و لە ئەنجامدا خوێندکاران بەو بۆنە ژەهراویی بون. چەند سەرچاوەیەک لە ناو ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئەو کچانە لە رێگەی سپرا ژەهراویی کراون و پێشتر گروپێک بە ناوی فیداییانی ویلایەت وەک ئاماژەیەک بە پشتیوانیی لە بازنەی دەسەڵاتی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو روداوانەیان گرتوەتە ئەستۆ بەڵام لە ئێستا تەنها گروپی هێزارەگەرا تۆمەتباری سەرەکیی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچە. پزیشکێک ئاشکرای کردوە لە روداوی بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی دژی خوێندکارانی کچ، چەند ماددەێک بە تێکەڵکراوی بەکار هێنراون کە دەست کەسانی ئاسایی ناکەوێت. محەمەدڕەزا هاشمیان، پسپۆڕی بواری چاودێریی وردی پزیشکی لە نەخۆشانەیەکی تاران رایگەیاندوە لە نزیکەوە چاودێریی ژمارەیەک خوێندکاری کچی کردوە کە ژەهراویبون و هۆکارەکەشی هەڵمژینی چەند جۆرێک ماددەی کیمیاییە کە تێکەڵکراوە و کەسانی ئاسایی ناتوانن ئەو ماددە کیمیاییانە دەستخەن و یان بەکاری بهێنن.
ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا داوا لە ئەوروپا دەکەن سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆر و دەڵێن کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی تیرۆر و رفاندنی هاوڵاتییانی ئەوروپای داوە. 150 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (کۆنگرێس) لە نامەیەکدا بۆ جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا داوایان کردوە یەکێتی ئەوروپا سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە. لە نامەکەدا کە واژۆی 150 نوێنەری دیموکراتەکان و کۆمارییەکانی ئەمریکای لەسەرە ئاماژە بەوە کراوە؛ سوپای پاسداران لە پێنج ساڵی رابردودا لانیکەم 33 پیلانی رفاندن و تیرۆر و سیخوڕیی دژی هاوڵاتییانی ئەوروپا ئەنجام داوە. لە نامەکەدا هاتوە: کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی تیرۆرە و چەند دەیەیە پیلان دژی هاوڵاتییانی ئەوروپا دەگێڕێت. پێشتر پەرلەمانی ئەوروپا لە کۆبونەوەیەکیدا بە کۆی 598 دەنگی بەڵی و تەنها 9 دەنگی نەخێر و 31 دەنگی بێ لایەنن گەڵالەی بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی پەسند کرد کە دەبێت لە لایەن ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاوە جێبەجێ بکرێت. داواکارییەکەی ئەو نوێنەرانەی ئەمریکا لە کاتێکدا واشنتۆن لە ساڵی 2019 سوپای پاسدارانی خستوەتە لیستی تیرۆری وڵاتەکەیەوە و زیاتر لە 12 هەزار کەس لە بەردەم پەرلەمانی ئەوروپا خۆپیشاندانیان کرد بۆ ئەوەی ئەو سوپایە بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا.
لیستی کاندیدەکانی ٢٦ پارتی سیاسی بۆ ٢٨مین خولی پەرلەمانی تورکیا رادەستی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە کرا و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ژمارەی کورسیەکانی پارێزگاکانی ئاشکرا کرد. ئەحمەد یەنەر سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەی، ٢٦ پارتی سیاسی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش کردووە و سبەینێ پێداچوونەوە بە ناوی کاندیدەکان دەکەن و لە ئەگەری هەر کێشەیەکدا دەیگەڕێننەوە بۆ پارتەکان. لە کاتێکدا کە ٣٣ رۆژ بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا ماوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردەنەکان ژمارەی کورسیەکانی پارێزگاکانی باکوری کوردستان و تورکیای بڵاوکردەوە کە بەم شێوەیەیە: ئەستەنبوڵ ٩٨، ئەنقەرە ٣٦، ئیزمیر ٢٨، بورسا ٢٠، ئارتڤین ٢، ئایدن ٨، بالیکەسیر٩، بیلەجیک٢، بەدلیس٣، بۆلو٣، بوردوور٣، ئەنتاڵیا١٧، ئاگری٤، ئاماسیا٣، ئەدەنە١٥، سەمسور٥، ئافیۆنکاراهیسار ٦، کۆنیا ١٥، قەرس٣، کاستامۆنو٣، قەیسەری١٠، کرکلارئەلی٣، کرشەهیر٢، دیلۆک١٤، ئەدرنە٤، خارپێت٥، ئەرزینگان٢، ئەرزەرۆم٦، ئەسکیشەهیر٦، روحا١٤، تۆکات٥، ترابزۆن٦، ئوشاک٣، مێرسین١٣، هاتای١١، ئسپارتا٤، ئامەد١٢، چاناککالە٤، چانکری٢، چروم٤، دەنیزلی٧، مانیسا١٠، کوتاحیا٥، مەلەتی ٦، مەرەش٨، مێردین ٦، موغلا٧، موش ٣، سامسون ٩، سێرت ٣، سینۆپ ٢، سێواس ٥، تەکرداغ ٨، وان ٨، یۆزگات ٤، زۆنگولداغ ٥، ئاکسارای ٤، ئێلح (باتمان) ٥، کارامان ٣، کرککالە ٣، شڕنەخ ٤، بارتین ٢، ئەردەخان ٢، گیرەسون ٤، گوموشخانە ٢، جۆلەمێرگ ٣، نەوشەهیر ٣، نیغدە ٣، ئۆردو ٦، ریزە ٣، ئیدر ٣، کارابوک ٣، کیلیس ٢، عوسمانیە ٤، دوزجە ٣، دەرسیم یەک و بایبورت یەک.
بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند کە بەهای راستەقینەی دۆلار لە وڵاتەکە لەگەڵ ئەو نرخانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تێلێگرام بڵاو دەکرێنە زۆر جیاوزە و بەهای راستەقینەی هەر دۆلارێک 28 هەزار و 500 تمەنە کە نزیکەی 2% بەرزی و نزمیی بەخۆیەوە دەبینێت. محەمەدڕەزا فەرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران لە لێدوانێکدا وتی: بەهای راستەقینەی دۆلار ئەو بەهایانە نییە کە لە تێلێگرام بڵاو دەکرێنەوە. فەرزین وتویەتی: لە ساڵی رابردودا بانکی ناوەندیی زیاتر لە 65 ملیارد دۆلاری رادەستی خەڵک کردوە کە بەهای هەر دۆلارێک نزیکەی 28 هەزار تمەن بوە. لێدوانی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دوشەممە بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی دراوی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران لە نێوان 50 بۆ 51 هەزار تمەنە.
هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز لە ئەستەنبوڵ رایگەیاند، کاروباری هەڵبژاردن لە ئەستەنبوڵ بەردەوامە و ئامانجیانە دوو ملیۆن دەنگ لەو پارێزگایە بەدەست بهێنن. مەولود ئوستابش هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز بۆ میدیاکانی نزیک لە پارتەکەی قسەی کرد و وتی، " پارتەکەمان لە ئەستەنبوڵ و ناوچەکانی کە ١٦ ملیۆن کەس تێیدا دەژین، ٢٥٠ ناوەندی هەڵبژاردنی کردووەتەوە و پلانی هەیە لە ١٩١٧ قۆتابخانەدا، ٦٢ هەزار و ٥٠٠ چاودێر، چوار هەزار کارمەندی سەر سندوقەکان و دوو هەزار پارێزەر دابنێت." ئوستاباش باسی ئەوەی کرد کە ساڵێکە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام دوای ئەوەی هەدەپە بڕیاریدا لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکات، کاروبارەکانیان خێرا کردووە و لەنێو خەڵکدا کاروبارەکانیان بەباشی بەڕێوە دەچن. مەولود ئوستابش هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز دەشڵێت، ئەمڕۆ پێویستە هەموو هێزی خۆیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەکار بهێنن و کۆتایی بە دەسەڵاتی تاکڕەوی ئاکەپە و مەهەپە بهێنن. باسی ئەوەشی کرد کە پارتەکەی پلانی هەدەپە لەسەدا ٢٠ی دەنگەکانی ئەستەنبوڵ بەدەست بهێنێت کە دەکاتە ملیۆنێک نیو بۆ دوو ملیۆن دەنگ. ٣٤ رۆژ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا ماوە و لایەنە سیاسیەکان لیستی کاندیدەکانیان رادەستی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کردووە. بەرپرسانی هەدەپە رایدەگەیەنن کە ئامانجیان ئەوەی لانیکەم ١٠٠ کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن.
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای دەکات ئێران بۆ تۆڵەکردنەوەی دوو ئەندامی سوپای پاسداران هەوڵی هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل دەدات. رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە یەکەی بۆشایی ئاسمان و هێزی ئاسمانیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئامادەکاریی دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل لە کەنەداو و دەریای عومان ، ئەوەش وەک تۆڵەیەک بەرامبەر کوژرانی دوو ئەندامی سوپای پاسداران لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر دەوروبەری دیمەش لە سوریا. ئەو رۆژنامەیە زانیارییەکانی لە زاری شیکەرەوەیەکی سەربازیی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاو کردوەتەوە. سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە بەهۆی هێرشەکانی رۆژی هەینی 31ی ئەم مانگەی ئیسرائیل لە دیمەشق دوو ئەندامی ئەو سوپایە بە ناوەکانی میقداد مەهقانی و میلاد حەیدەری کوژراون. بڵاوبونەوەی ئامادەکارییەکانی سوپای پاسداران بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) یەکێک لە ژێردەریاییەکانی وڵاتەکەی بە ئامانجی بەرنگاربونەوەی هێرشەکانی ئێران لە سوریا رەوانەی کەنداو کردوە.
دەسەڵاتی ئێران بۆ سزادانی ئەو کچ و ژنانەی کە پابەندی سەرپۆش نابن کامێراکانی پۆلیسی هاتوچۆ بەکاردەهێنێت. محەمەدحسێن حەمیدی، بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆ لە ئێران رایگەیاند؛ کامێراکانی چاودێریی بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی شۆفێران و ئۆتۆمبێلەکان سودیان لێوەردەگیرێت بە مەبەستی ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی پابەندی سەرپۆش نابن. بە وتەی حەمیدی ئەو سیستمە کامێرایانەی کە ئێستا لە ئێراندا بۆ تۆمارکردنی سەرپێچیی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرێت، دەتوانێت سەرپێچی نەبونی سەرپۆش و باڵاپۆش تۆمار بکات. ئاماژەی بەوە کراوە ؛ کامێراکانی چاودێریی پۆلیسی هاتوچۆ بە جۆرێک رێکدەخرێن کە هاوکات سەرپێچییەکانی ئۆتۆمبێل و کەسانی بێسەرپۆش تۆمار بکات و داوتر بەشەکانی دیکەی پۆلیس و دادگا لەسەر بنەمای تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی تایبەت بە سەرپۆش، سزا بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنن. بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆ رونی کردوەتەوە؛ ئەو کامێرایانی پۆلیسی هاتوچۆ بۆ کۆنتڕۆڵی قەرەباڵغی و ترافیکی هاتوچۆ لە تاران بەکاری دەهێنێت لە لایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانیشەوە سودی لێوەردەگیرێت بە بێ ئەوەی تۆمارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ روبەڕوی کێشە ببێتەوە. پێشتر رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) بڵاوی کردەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران لە جیاتی (پۆلیسی ئەخلاق) لە شەقامەکان بە کامێرا چاودێریی سەرپۆش و باڵاپۆشیی کچان و ژنان دەکات و لە رێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگاداریان دەکات و سزایان بۆ دەبڕێتەوە. لە چەند رۆژی رابردودا بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی جەختیان لە توندکردنەوەی رێوشوێنەکانی سەپاندنی سزا بەسەر کچان و ژنانی بێسەرپۆشدا کردوەتەوە.
سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران هۆشداریی دەدات لە دۆخی ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتەکە و داوا دەکات بۆ چاکسازیی لە بواری ئابوریی و سیاسیی، ریفراوندۆم بکرێت. حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران لە دیدارێکیدا لەگەڵ بەرپرسانی کابینیەی پێشوی حکومەت رایگەیاند؛ دۆخی ناڕەزایەتیی وڵاتەکە لە ئاستێکدایە کە پێویستە باڵاترین قۆناغی یاسای دەستور جێبەجێ بکرێت چونکە وڵاتەکە پێویستی بە گۆڕانکاریی هەیە. رۆحانی ئاماژەی بەوە کردوە؛ دەبێت بە پێی یاسای 59ی دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران راپرسی و ریفراندوم سەبارەت بە سێ پرسی سیاسەتی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوە و ئابوریی لە وڵاتەکە بکرێت. بە وتەی رۆحانی هەندێک لە ماددە و بڕگەکانی دەستور کەمترین سەرنجیان لەسەر بوە و جێبەجێ نەکراون بە تایبەت وەرزی سێیەمی دەستور کە ئاماژەی رون بە مافەکانی دانیشتوانی ئێران دەکات. سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران وتوشیەتی: ناڕەزایەتییەکانی رابردو روداوێکی ناخۆش بون بۆیە بۆ گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵکی ناڕازی و دانیشتوانی وڵاتەکە پێویستە هەنگاوی گەورە بنرێت. داواکارییەکەی حەسەن رۆحانی لە کاتێکدایە زیاتر لە دوو مانگ پێش ئێستا میرحسێن موسەوی، یەکێک لە سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە نوسینەوەی دەستور و گۆڕانکاریی ریشەیی لە دەسەڵات و حوکمڕانیی وڵاتەکە کردوەتەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی و خۆپیشاندانی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناکۆکییەکانی نێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی قوڵتر بوەتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردەکانی باڵی ریفۆرمخواز داوای بەڕێوچونی ریفراندۆم و راپرسییان لە ئێران کردوە.
ئەمڕۆ ٩ی نیسان، دوایین وادەی رادەستکردنی لیستی ناوی کاندیدەکانی پارتە سیاسیەکانی تورکیایە بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان. لە کاتێکدا کە ٣٥ رۆژ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا ماوە و ئەمڕۆ دوایین وادەی رادەستکردنی لیستی ناوی کاندیدەکانە، پارتە سیاسیەکان بە خێرایی کار دەکەن و تاوەکو کاتژمێر پێنجی ئێوارە پێویستە لیستەکانیان رادەستی کۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردنەکانی تورکیا بکەن. تاوەکو ئێستا پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست، پارتی کۆمۆنیستی تورکیا، پارتی رزگاری گەل و پارتی گەل، لیستی ناوی کاندیدەکانیان پێشکەش کردووە. لە ماوەی دوو رۆژدا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لێکۆلینەوە لە لیستی کاندیدەکانی پارتەکاندا دەکات و لە ئەگەری هەر کێشەیەکدا، دەیگەڕێنێتەوە و پێویستە تاوەکو ١٩ی مانگ پارتەکان کەموکورتیەکانیان چارەسەر بکەن. لەلایەکی دیکەوە، فۆرمی دەنگدانی پەرلەمانی لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە ئاشکرا کرا و ١٥ پارت و ٥ هاوپەیمانی لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن. هەروەها فۆرمی دەنگدانی سەرۆکاتیش ئاشکرا کرابوو کە چوار کەس خۆیان بۆ پۆستەکە هەڵبژاردووە.
ئەمریکا ژێردەریاییەک بە 154 موشەکەوە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و هێرشەکانی چەکدارانی سەر بە ئێران لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا بە هۆکاری رەوانەکردنی ئەو ژێردەریاییە لەقەڵەم دەدرێت. تیم هاوکینز، وتەبێژی یەکەی پێنجەمی هێزە دریاوانییەکانی سوپای ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشیەیتدپرێس)ی راگەیاندوە؛ ژێردەریایی (یو ئێس ئێس فلۆریدا) رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ لێدوانی هاوکینز لە کاتێکدایە هیچ کاتێک ئەمریکا شوێنی ژێردەریاییەکان و گەشتەکانیان بەو شێوەیە ئاشکرا ناکات و تەنانەت پنتاگۆن وێنەی رەوانەکردنی یو ئێس ئێس فلۆریدای بڵاو کردوەتەوە. بە پێی زانیارییەکانی ئەسۆشیەیتدپرێس؛ هێرشەکانی ئەم دواییانەی چەکدارانی سەر بە ئێران لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا و جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە هۆکاربوە بۆ بڕیاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) بۆ رەوانەکردنی ئەو ژێردەریاییە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. یو ئێس ئێس فلۆریدا هەڵگری 154 موشەکی جۆری (تۆماهۆک)ە و ئامانجەکانی بە وردی دەپێکێت و لە ئەگەری روداوانی مەترسیی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەو ژێردەریاییە جوڵەی پێدەکرێت. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) بڵاوی کردوەتەوە پنتاگۆن زانیاریی بەدەست گەیشتوە کە ئەگەری هێرش و جموجۆڵی سەربازیی ئێران لە ناوچەکە هەیە و ئەو هێرشانەش کاتی دەبێت لە بەرامبەردا ئەمریکا دەیەوێت وەڵامدانەوەی توندی بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکان و هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت. دوای چەند هێرشێک بۆسەر بنکە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هێرشە ئاسامنییەکەی ئەمریکا بۆسەر چەکدارانی سەر بە ئێران لە سوریا کە 19 کەسی تێدا کوژرا،وتی: ئەو هێرشە کاردانەوە هێزی سەربازیی وڵاتەکەمان بو بەرامبەر ئەو پەلامارانەی چەکدارانی نزیک لە ئێران لە دێرزۆر و چەند ناوچەیەکی سوریا کردیانە سەرهاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی جەنگ لە دژی رێکخراوی داعش.
هاوڵاتی هەژاریی لەئێران گەیشتووەتە 37% و هەڵاوسانی ئابوریش بەرزترین رێژەی 50 ساڵی میژووی وڵاتەكەی تۆماركردووەو سەرجەم چینی كرێكارو خانەنشینانی وڵاتەكەش لەهێڵی هەژاریدا دەژین و حكومەتی وڵاتەكەش بڵاوكردنەوەی ئامارە فەرمییەكانی هەڵاوسانی بۆ مانگەكانی داهاتوی راگرتووە. لەئامارەكانی مانگی رابردووی بانكی ناوەندیی دەركەوتوە تاڕێژەی هەڵاوسانی ئابوریی بەراورد بەهەمان مانگ لەساڵی 2022 63.9% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوەو لەمانگی ئازاری ئەمساڵدا زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو شتومەك لەبازاڕەكانی ئێران تۆماركراوەو ئەوەش بەرزترین هەڵاوسانی یەك مانگی، 50 ساڵی مێژووی وڵاتەكەی لێكەوتووەتەوە. هەڵاوسانی ئابوریی ئێران لەكاتێكدا لەئەمساڵدا بەهای تومەن نزمترین ئاستی بەرامبەر دۆلارو زۆربەی دراوەكانی جیهان تۆمار كردو لەیەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لەمێژوودا بەهای یەك دۆلار لەئێران گەیشتە 60 هەزارو 50 تومەن و ئەوەش بەژمارەیەكی پێوانەیی دۆلار لەقەڵەمدرا. دراوی تومەن تەنها لەئەمساڵدا زیاتر لە 70%ی بەهاكەی لەدەستداوەو بەگشتی ئەو دراوە لەمێژووی خۆیدا 96%ی بەهاكەی لەبەرامبەر دراوی دۆلاردا لەدستداوە . دۆخی خراپی ئابوریی وایكردووە تەنانەت خواردنی گۆشتی سورو مریشك لەئێران بەشێوەیەكی بەرچاو كەمدەكات و زۆربەی ماسیی ئەو وڵاتە رەوانەی دەرەوە بكرێت. مەسعود رەسوڵی، سەرۆكی ئەنجومەنی بەرهەمهێنانی گۆشت و ماددە پڕۆتینییەكانی ئێران ئاشكرایكرد؛ لەیەك ساڵی رابردودا خواست لەسەر گۆشتی سور بەڕێژەی 50% كەمیكردووەو هاوكات خواست بۆ گۆشتی مریشك بەڕێژەی 30% كەمیكردووە. بەپێی ئەو نرخانەی بڵاوكراونەتەوە یەك كیلۆ گۆشتی سور لەئێران لە 180 هەزار تومەنەوە گەیشتووەتە 500 هەزار تومەن و نرخی گۆشتی بەرخ 870 هەزار تومەن، بەڵام دەسەڵاتی وڵاتەكە نرخی رەسمی گۆشتی بە 277 هەزار تومەن راگەیاندووە. هەر كرێكارێك لەئێران رەنگە لەمانگێكدا شەش ملیۆن تەمەن داهاتی هەبێ كەدەتوانێت 12 كیلۆ گۆشتی پێبكرێت لەكاتێكدا بەپێی راپۆرتی تەندورستیی خوراكی ئەو وڵاتە زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەكە لەساڵێكدا توانای كڕین و بەكارهێنانی 12 كیلۆ گۆشتیان نییە. حەسەن سادقی سەرۆكی سەندیكای كرێكاران لەئێران رایگەیاندووە؛ لەیەك ساڵ و نیودا رێژەی هەژاریی لە 27% بۆ 37% بەرزبووەتەوەو چینی خانەنشین و كرێكاری سەرجەم وڵاتەكە لەهەژاریدا دەژین. ئەو ئاماژەی بەوەكردوە كەداهاتی یەك مانگی كرێكارێك لەساڵی رابردودا 253 دۆلار بووە، بەڵام بەهای ئەو موچەیە لەئەمساڵدا بۆ 122 دۆلار كەمیكردووە چونكە بەهای تومەن بەرامبەر دۆلار دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
ئێران کەمترین گەشەی ئابوریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا هەیە و بانکی جیهانی هۆشداریی دەدات لە قوڵبونەوەی قەیرانە ئابورییەکانی ئەو وڵاتە. بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرای کردوە کە گەشەی ئابوریی ئێران بۆ ساڵی 2023 ناگاتە 2% لە کاتێکدا گەشەی ئابوریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە 3% پێشبینیی کراوە. ئاماژە بەوە کراوە کە رێژەی گەشەی ئابوریی ساڵی 2022ی ئێران 2.7% بوە و ئەمساڵ بۆ 1.8% دادەبەزێت لە کاتێکدا گەشەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی رابردودا 5.8% بوە. بە پێی ئامارەکانی ئێران و لێدوانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە؛ گەشەی ئابوریی ساڵی 2022 لە ئێران 4% بوە بەڵام بانکی جیهانی ئاشکرای کردوە گەشەی ئابوریی ئەو وڵاتە لەو ساڵەدا 2.7% بوە و نەگەیشتوەتە 3%. لە وردەکارییەکانی راپۆرتەکەی بانکی جیهانیدا ئاماژە بە پێشبینییە راستەکانی ئەو بانکە سەبارەت بە ئابوریی ئێران کراوە چونکە بانکی جیهانی لە ساڵی 2021 پێشبینیی گەشەی ئابوریی 2.9ی بۆ ساڵی 2022 لەو وڵاتە کردبو و پێشبینیی گەشەی 1.9% بۆ 2.2%ی بۆ ساڵی 2023 تا 2024 لە ئێران کردوە. لە دوو راپۆرتی بانکی جیهانی لە ماوەی سێ مانگدا سەبارەت بە ئابوریی ئێران دەرکەوتوە؛ بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی و بەرزبونەوەی سودی بانکی و کەمبونەوە سەرمایە و دروستبونی کێشە لە دابەشکردنی کاڵا و پێداویستییەکانی ژیان لەو وڵاتە هۆکاری سەرەکیی خاوبونەوەی گەشەی ئابورییەکەیەتی. بانکی جیهانی پێشبینیی کردوە ئاستی گەشەی ئابوریی ئێران هاوتای وڵاتی جەزایر بێت کە روبەڕوی قورسترین قەیرانی ئابوریی مێژویی بوەتەوە.
هاوڵاتی لەكاتێكدا عێراق یەكێكە لەوڵاتە نەوتییە گەورەكانی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام بەدەست هاوردەكردنی غازو سوتان و بەفیڕۆچوونی غازەوە دەناڵێنێت و ساڵانە 12 ملیار دۆلار زیان دەكات، بەرپرسانی عێراقیش دەڵێن لە دوو ساڵی ئایندەدا سوتان و بەفێڕۆدانی غازی پەیوەندیدار لەكێڵگە نەوتیەكان بگەیەننە سفر، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش رایدەگەیەنێت هەرچەندە وڵاتەكەی رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات بەڵام كێشەی بەرهەمە نەوتییەكانی هەیە، لەكەربەلاش گەورەترین پاڵاوگەی بەرهەمە نەوتییەكان كرایەوە كە توانای دابینكردنی لەسەدا 70ی پێداویستی بەرهەمە نەوتییەكانی عێراقی هەیە، لەپارێزگای ئەنباریش بۆ یەكەمجار پرۆسەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لەكێڵگەی عەكاز دەستیپێكرد كەزیاتر لە40 ساڵ لەمەوپێش دۆزراوەتەوە. بەوتەی مەزهەر محەممەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو زیانانەی عێراق لەئەنجامی هاوردەكردنی غاز بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، یان سووتاندنی غازی پەیوەندیدار لە كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشوورەوە دروستدەبن، ساڵانە بە نزیكەی 12 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، تێچووشی گەورەیە لەسەر سەرچاوە نەوتییەكان، سەرچاوە داراییەكانی وڵات. ئەو راوێژكارە بڕواشی وایە لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا سووتانی غازی پەیوەندیدار بگاتە سفرو بەكارهێنانی دەگاتە 100%. لەمانگی شوباتی رابووردووش، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو كە لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا عێراق پێویستی بەهاوردەكردنی غاز نابێت و خۆی پێداویستی خۆی دابین دەكات. یەكێكیش لەو بوارانەی عێراق دەبێت غازەكە بخاتە خزمەتییەوە بواری كارەبایە، كە لەئێستادا عێراق گەورەترین گرفتی كارەبای هەیە بەجۆرێك لەهاویندا پێویستی بە 30 هەزار مێگاوات كارەبا هەیە كەچی ئێستا 16 هەزار مێگاوات بەرهەمدەهێنێت و چاوەڕوانیش دەكرێت لەساڵی 2050 بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانییەوە پێداویستییەكانی زیاتر بێت. سودنەبینی عێراق لەغازەكەی لەساڵانی رابووردوودا گرفتێكی گەورەبووەو باسكراوە، بەڵام لەساڵی 2010ەوە عێراق رێككەوتنی لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی كردووە بۆ ئەوەی لەساڵی 2030 رێژەی سوتانی غازی پەیوەندیدار بەدەرهێنانی نەوتەوە بگاتە سفر، هەروەها لەساڵانی 2009 بۆ 2014 چەندین رێككەوتننامەی لەگەڵ كۆمپانیاكاندا كردووە بۆ ئەوەی سود لەغازی كێڵگەكانی ناسریەو بەسرە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا ببینێت، بەڵام سەركەوتوو نەبووە، بەبڕوای شارەزایانیش ئەگەربێت كاربكرێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە ئەوا تاوەكو ساڵی 2030 رێژەی غازی سووتاو دەگاتە سفر. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەكانیش عێراق لەناو ئەو نۆ دەوڵەتەدایە كە بەرپرسن لەزۆرینەی سوتاندنەكانی غازو بەپێی داتاكانی بانكی نێودەوڵەتیش لەساڵی 2020 قەبارەی غازی سوتاو لەعێراقدا 17.374 ملیۆن مەترسێجا بووە. هاوكات لەئێستادا عێراق پشت بەهاوردەكردنی غاز لەئێرانەوە دەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، بەجۆرێك عێراق 14 هەزار مێگاوات بەرهەمدەهێنێت لەناوخۆداو چوار هەزار مێگاوات لەڕێگای هاوردەكردنی غازەوە لەئێران بەرهەمدەهێنێت كە لەسەدا 80ی هەناردەی كارەبای ئێران بۆ دەرەوە ئەژماردەكرێت، ئەمەش بەبڕوای چاودێرانی سیاسی وەك كارتێكی فشاری ئێران بۆ سەر عێراق وەسفدەكرێـت بەوەی زۆرجار ئێران غازەكە دەگرنەوەو كەمی كارەبا سەرهەڵدەدات. لەمیانی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی كردنەوەی پاڵاوگەی كەربەلا، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند هەرچەندە وڵاتەكەی رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات بەڵام كێشەی بەرهەمە نەوتییەكانی هەیە، سوودانی ئاماژەشی بەوەكرد پێویستە عێراق وەبەرهێنان لەسامانە سرووشتییەكانیدا بكات بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی دابین بكات و جەختیشی لەوەكردەوە پاڵاوگەی كەربەلا لەسەدا 60 بۆ 70ی پێداویستی عێراق لەبەرهەمە نەوتییەكان دابیندەكات كە ساڵانە سێ ملیار دۆلاری بۆ هاوردەكردنی خەرج دەكات. -پاڵاوگەی كەربەلا رۆژانە توانای پاڵاوتنی 140 هەزار بەرمیل نەوتی بەنوێترین تایبەتمەندییە ئەوروپییەكان هەیە، یەكەم پااوگەیە لەعێراقدا بەو تایبەتمەندیانە. -لەئێستادا لەسەدا 60 ی پاڵاوگەكە كەوتۆتە كارو لەمانگی تەمموزی داهاتوو بەتەواوەتی دەكەوێتە كار. -رێژەی ئۆكتانی بەنزینەكەی 95 -توانای بەرهەمهێنانی 200 مێگاوات كارەبای هەیەو 60 مێگا دەداتە كارەبای نیشتیمانی -رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی (9 ملیۆن لیتر بەنزین، 4 ملیۆن لیتر گاز، غازی شل 750 تۆن، سوتەمەنی قورس 8 ملیۆن لیتر، كیرۆسین 3 ملیۆن لیتر، كیبریت 360 تۆن)ی هەیە. -پەیڕەوی لەڕێنماییە ژینگەییە جیهانییەكان دەكات -33 یەكەی تەشغیلی و خزمەتگوزاری و گەنجینەیی بەتوانای گەورەوە -كۆگای گەورەو كارگەیەكی پڕكردنی غاز - 100 یەكەی نیشتەجێبوون و كۆمەڵگای نیشتەجێبوون هەر لەدرێژەی هەوڵەكانی عێراق بۆ پەرەپێدانی غاز لەچەند رۆژی رابووردوودا بۆ یەكەمجار پرۆسەی بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی لەكێڵگەی عەكاز بەبڕی 60 ملیۆن پێ سێجا لەڕۆژێكدا، كەدەكاتە نزیكەی یەك ملیۆن و 700 هەزار مەترسێجا. لەپارێزگای ئەنبار دەستیپێكرد كە كێڵگەكە 42 ساڵ لەمەوبەر دۆزراوەتەوەو یەدەگەكەی بەپێنج ترلیۆن مەترسێجا دەخەمڵێندرێت. كێڵگەی عەكاز كە لەساڵی 1981 دۆزراوەتەوە، یەدەگەكەی بەپێنج ترلیۆن مەترسێجا دەخەمڵێندرێت، لەساڵی 2011دا گرێبەستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی ئەو كێڵگەیە درایە كۆمپانیایەكی كۆریای باشوور، بەڵام لەپاش تەواوكردنی 60%ـی كارەكانی بەهۆی شەڕی داعش كێڵگەكەی بەجێهێشت و وەزارەتی نەوت ئەركی بەرهەمهێنانی گرتەئەستۆ. بەپێی وتەی وەزیری نەوتی عێراق ئەو بڕە گازە سرووشتییەی لەكێڵگەی عەكاز بەرهەمدەهێندرێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لەوێستگەی كارەبای عەكاز بەكاردەهێندرێت بۆ بەدەستخستنی 90 بۆ 95 مێگاوات كارەبا.
