هاوڵاتی 99 ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە یاداشتێكدا داوا لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن لەبارەی بۆردومانەكەی سوپای توركیا لە زاخۆ  كازمی و وەزیری بەرگری بانگێشت بكرێن. هادی سەلامی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیستێک لەناوى پەرلەمانتارانى بڵاوکردەوە، کە واژۆى 99 پەرلەمانتارى لەسەرە و تێیدا داوایان لە محەمەد حەلبووسى، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردووە، دانیشتنێکى پەرلەمان لەبارەى کۆمەڵکوژییەکەی دوێنێى دەوڵەتى داگیرکەرى تورک لە زاخۆ ئەنجام بدات. ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن: داوا دەکەین لە کۆبونەوەکەى پەرلەمانی عێراقدا مستەفا کازمى سەرۆکی حکومەتى عێراق و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان و وەزیری بەرگریی بەشداربن. جێگەى ئاماژەیە، دوێنێ دەوڵەتى تورکيا تۆپبارانى گوندى پەرەخى لە سنوورى زاخۆ کرد و بەهۆیەوە نۆ گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 26ی دیکەش بریندار بوون، کە سەرجەمیان لە نەتەوەی عەرەب بوون و خەڵکی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.  ناوى پەرلەمانتارانەش بەمشێوەیەیە:- هادی سەلامی محەممەد شياع سودانی ئيڤان فایەق جەبرۆ عەدنان جابری سۆران عومەر سەعيد باسم خەشان عەلی عەبدولستار مەشكور كازم فەياز             مەديحە موسوی نيسان زائر كاروان عەلی ياروەيس حەيدەر سەلامی دورەيد جەميل بەيدء خضر سەلمان ئەسوان كلدانی فارووق حەنا عەتۆ ئيمان عەبدولڕەزاق محەممەد  مستەفا خەليل كەرعاوی هەرێم کەمال ئاغا سۆزان مەنسور کەریم کەریم شکوور کوردە عومەر سەباح حەبيب  غەريب ئەحمەد عەلی شداد فارس نەرمين مەعرووف غەفوور سروه عەبدولواحید رونزی زياد سيدۆ بەدريە حوسێن عەزيز موەفەق حوسێن قادر ئەمير كامیل مەعموری رێبوار ئەوڕەحمان وەستا ساڵح مستەفا سەنەد موحسین عەلی ئەكبەر عەتوان عەتوانی ئەحمەد جبووری موسەننا ئەمين سوهيلە سوڵتانی ڤيان عەبدولعزيز دارا سێكانيانی ياسين عامری عەلی موسەوی سەردی نايف محياوی باسم نغيمش غرێباوی جەمال كۆچەر غەريب ئەحمەد مستەفا حەيدر موتێری حوسێن سەعبری ياسر حوسێنی نیداء كرێتی حوسێن حەبيب محەممەد حەسەن رازی زەهرە بجاری خەليل غازی دۆسكی كاڤين سەعيد محەممەد ئەڤين سەليم نووری زۆزان عەلی ساڵح عومەر ساڵح عومەر سەگڤان يوسف بەشار سندی دیلان غەفوور ساڵح فیراس مەسلماوی ڤيان دەخيل سەعيد مونا محەممەد خەڵەف بوشرا قەيسی شێروان دووبەردانی نەهلە ئەفەندی ئومێد محەممەد ئەحمەد توعمە لهێبی خالید سەليم رێكانی ياسر هاشم حوسێنی محەممەد جاسم محەممەد عەلی خەفاجی زوهێر شەهيد عەبدوڵڵا حەسوون فەتلاوی مونتەها عەبدولوهاب فازڵ مەنال موسوی نفوز حوسێن موسەوی زياء هندی ئەحمەد جەواد مازی سائیب خەڵەف حجامی فاتن قەرەغولی ئەحمەد جەواد مازی كیفاح سودانی فاتیمە عيساوی ئەحمەد شەرمانی كامیل عەنيد موحسین شەعۆ هودا سامر نوور نافیع جلێحاوی عەلا روكابی فەلاح هیلالی حوسێن يەساری ئیبتیسام هیلالی شێخ سائیر جبووری محەممەد زيانی حوسێن نیعمه بەتات شوان محەممەد رۆستەم موەفەق شەهاب پاشا چرۆ حەمەشەريف عەبدوڵڵا ماجد شنگالی حەيدەر تاریق شەمخی

هاوڵاتی ژمارەیەك لەهاوڵاتیان لە بەغدای پایتەختی عێراق نزیك باڵوێزخانەی توركیا لەناوچەی وەزیرییە كۆبونەتەوەو دروشمی توند دژی ئەنقەرە دەڵێنەوە.  خۆپێشاندان دژی تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆ دەستیپێكردووەو كە بەهۆیەوە نۆ كەس كوژران و زیاتر لە 20 كەسی دیكەش بریندار بوون.  خۆپێشاندەران داوای دەركردنی باڵیۆزی توركیا لە بەغدا دەكەن، خۆپیشاندەرێك بە پێگەی بەغداد الیوم راگەیاندووە كە بەردەوام دەبن تا دەركردنی باڵوێزی توركیا لەبەغدا جێبەجێ دەكرێت. بەشێكی دیكە لە میدیاكانی عێراق ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە دوانیوەرۆی ئەمڕۆ تا شەو خۆپیشاندانی فراوان دژی سوپای توركیاو بوونی باڵوێزی توركیا لە بەغداد ئەنجام دەدرێت و لە تۆرەكانی كۆمەڵایەتی فەیسبوك هاشتاگ بڵاوكراوەتەوە بۆ دەركردنی توركیا لە عێراقدا.

هاوڵاتی دادگای دەستوریی توركیا بڕیارێكی گرنگی دەركردو هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەڵاحەدین دەمیرتاش كرابوون ڕەتكردەوە و ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە" دەسەڵاتی دادوەریی توركیا پێشێلی مافەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاشی كردووە لەسەر بنەمای نایاسایی". ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی تەموزی 2022ن دادگای دەستوریی توركیا دانی بەوەدانا، "دەسەڵاتی دادوەریی توركیا پێشێلی مافەكانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشوتری پارتی دیموكراتی گەلانی كردووەو لەسەر بنەمای نایاسایی تۆمەتی پشتیوانییكردنی تیرۆریان خستۆتە پاڵ، جگە لەوەی دادگا بڕیاری قەرەبووكردنەوەشی بۆ دەمیرتاش دەركردووە". دادگای دەستوریی توركیا لەبڕیارەكەیدا ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە بەرزكردنەوەی سكاڵا دژ بەسەڵاحەدین دەمیرتاش بەتۆمەتی بەشدارییكردن لەچالاكییەكی ساڵی 2011 كە بەشێك لەبەشداربووان دروشمیان بۆ پشتیوانییكردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) وتۆتەوە، پێشێلكردنی مافەكانی ناوبراوە. " دەركەوتووە كە دەمیرتاش لەڕێكخەرانی چالاكییەكە نەبووە، هەروەك بەشداریكردنیشی بەتەنها مانای ئەوەنییە كە ناوبراو بەشدارە لەجوڵەی ئەوكەسانەی چالاكیی نایاساییان ڕێكخستووە"، دادگای دەستوری توركیا وا دەڵێن. لەبەشێكی تری بڕیارەكەی دادگای دەستووریی توركیادا هاتووە، "بەرزكردنەوەی ئاڵای ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان‌و دروشمەكانی پشتیوانیكردنیان لەلایەن بەشێك لەبەشداربووان لەكاتی بەشداریكردنی دەمیرتاش، پاساو نییە بۆئەوەی بڕیاری دواخستنی یەكلاییكردنەوەی داواكەی بدرێت‌و ماوەی سێ ساڵ لەژێر چاودێرییدا بهێڵرێتەوە". جگەلەوەی دادگا بڕیاریداوە دەبێت هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە بەبڕی 13 هەزارو 500 لیرە قەرەبوو بكرێتەوە. سەڵاحەدین دەمیرتاش لەنۆڤەمبەری لەساڵی 2016وە بەتۆمەتی پشتیوانیكردنی پەكەكە لەزیندانی ئەدرنەدایەو سەرەڕای ئەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بێتاوانی ناوبراوی سەلماندووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا ئامادەنین ئازادی بكەن.

هاوڵاتی مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتی عێراق بڕیاریدا 21ی تەممووزی 2022 ماتەمینیی گشتی بێت لە عێراق بۆ ئەو نۆ كەسەی كە لە تۆپبارانەكەی سوپای توركیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گیانیان لەدەستداوە.  ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێكدا ئەوەی خستۆتەروو كە مستەفا كازمی، سەرۆكی حكومەتی عێراق فەرمانی داوە بەوەی رۆژی پێنجشەممە 21ی تەممووزی 2022 ماتەمینیی گشتیی رابگەیێندرێت لە سەرانسەری عێراق بۆ كوژراوانی بۆردوومانەكەی سنووری زاخۆ. 20ی تەممووزی 2022 بەهۆی تۆپبارانی سوپاكەی ئەردۆغانەوە لە ناوچەیەكی گەشتیاریی گوندی پەرەخی سنووری زاخۆ نۆ كەس گیانیان لەدەستدا و 26 كەسی دیكەش بریندار بوون.  هاوكات وەزارەتی دەرەوەی عێراق دۆسیەی پرسە بۆ كوژراوانی تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆ دەكاتەوە لە باڵەخانەی ئەو وەزارەتە لە بەغدای پایتەختی عێراق و سەرجەم نێردە دیپلۆماسییەكانی لە دەرەوەی وڵات. دوێنێ چوارشەممە 20ی تەموز، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لیژنەیەكی بۆ بەدواداچون و لێكۆڵینەوە رەوانەی گوندی پەرخی سنوری ئیدارەی زاخۆ كردو تێیدا وەزیری دەرەوەی عێراق بە میدیاكانی راگەیاند كە تۆپبارانەكە لەلایەن سوپاى توركیاوە بووە. هەروەها راشیگەیاند:" سەرجەم رێكارە دیپلۆماسییەكان دەگرینەبەر بۆ وەستاندنی ئەو ئۆپەراسیۆنانە لەنێو خاكی عێراق".

هاوڵاتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند:"دەركەوت توركیا شەڕەكەی لەگەڵ پەكەكە نیە". وەزیری دەرەوەی عێراق دوای ئەوەی دەوڵەتی تورك حاشای لەوە كرد كۆمەڵكوژیەكەی ئەمڕۆی زاخۆی ئەنجام دابێت ڕایگەیاند، دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە كراوە. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە زاخۆ رایگەیاند:" ئێمە شارەزا و بەرپرسی سەربازیمان لەگەڵدایە دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە". ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی عێراق دوای ئەوەهات كە وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند ئەوان كۆمەڵكوژیەكەیان ئەنجام نەداوە و پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) كرد. فواد حسین كە لەسەر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەزیری دەرەوەی عیراقە وتیشی:" پرۆسەی سەربازی توركیا لەناو خاكی عێراق قبوڵناكرێت. دەركەوت توركیا شەڕەكەی لەگەڵ پەكەكە نیە، توركیا دەیان گوندی كوردستانی عێراقیان داگیركردووە، لە جیاتی شەڕی پەكەكە پەلاماری گوندەكان دەدەن و خەڵكی سڤیل دەكوژن". هاوكات، داوای كرد دەوڵەتی توركیا داوای لێبوردن بكات، ئەم هێرشانە رابگرێت، ئاشكراشی كرد لە ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی سكاڵا تۆماردەكەن لەسەر حكومەتی توركیا.  

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی توركیا لەبارەی هێرشەكەی سنوری زاخۆوە پەنجەی تۆمەت بۆ "پە.كە.كە" رادەكێشێت دەشڵێت، داوا لە بەرپرسانی عێراق دەكەن لەژێر كاریگەری "پە.كە.كە" لێدوان نەدەن. وەزارەتی دەرەوەی توركیا، لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی هێرشەكەی سنوری زاخۆ ئاماژەی بەوەداوە كە وڵاتەكەی "دژی هەر هێرش و كردەوەیەكە كە خەڵكی سڤیل دەكاتە ئامانج" و هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە ئۆپەراسیۆنەكانیدا دژی پەكەكە، "زۆر بە هەستیارییەوە ئۆپەراسیۆنەكان ئەنجام دەدات بۆ ئەوەی خەڵكی سڤیل، ژێرخانی سڤیل، پێگەی مێژویی و كولتووری، سروشت پارێزراوبن." ئەوەش لەكاتێكدایە لە هێرشەكانی ئەو وڵاتەدا لە باشوری كوردستان چەندین جار هاوڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانی. لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا، پەنجەی تۆمەتی بۆ پەكەكە راكێشاوە لەبارەی ئەنجامدانی هێرشەكەو وتوشیەتی"توركیا ئامادەیە هەمو هەنگاوێك لە هەر خاڵێك بنێت تاراستییەكان ئاشكرا دەكرێن." ئەوەش رووندەكاتەوە كە داوا لە بەرپرسانی عێراق دەكەن لەژێر كاریگەریی پەكەكە لێدوان نەدەن.  

هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق ژمارەیەك بڕیاری لەبارەی بۆردومانەكەی توركیا دەركرد و بڕیاریدا، باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە بكشێنێتەوە. بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران، ئەمشەو مستەفا كازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی، كۆبونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی كرد، لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا، ئەنجومەنەكە بە توندترین زاراوە سەركۆنەی ئەو هێرشە دڕندانەیەی توركیای كرد كە لە هاوینەهەواری گەشتیاری لە پارێزگای دەهۆك هاوڵاتیانی بێتاوانی كردە ئامانج، ژمارەیەك شەهید و برینداری لێكەوتەوە.  دەقی بڕیارەكانی ئاسایشی نیشتمانی عێراق: یەكەم: ئەنجومەنی ئاسایشی، وەزارەتی دەرەوەی ئاڕاستەی كرد كە دۆسیەی یەكپارچەی هێرشە دوبارەبوەكانی توركیا بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی عێراقییەكان ئامادە بكات، هەروەها سكاڵایەكی بەپەلە لەو بارەیەوە پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان  بكات. دوەم: ئاڕاستەكردنی وەزارەتی دەرەوە بۆ بانگهێشتكردنی باڵیۆزی توركیا لە عێراق و ئاگاداركردنەوەی لە سزاكەیان. سێیەم: هێنانی بەرپرسی كاروباری عێراق لە ئەنقەرە بۆ مەبەستی ڕاوێژكاری، ڕاگرتنی ڕێكارەكانی ناردنی باڵیۆزی نوێ بۆ توركیا. چوارەم: ئاڕاستەكردنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بۆ پێشكەشكردنی راپۆرتێك لەسەر دۆخی سنوری عێراق و توركیا، هەروەها بۆ گرتنەبەری هەمو هەنگاوێكی پێویست بۆ بەرگریكردن لە خۆ. پێنجەم: بەدواداچون بۆ قوربانیانی هێرشەكە و كەسوكاری شەهیدان، و قەرەبوكردنەوەیان. شەشەم: هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی چارەنوسساز بۆ رێگریكردن لە پێشێلكاری. حەوتەم: داواكردن لە توركیا داوای لێبوردنێكی فەرمی پێشكەش بكات و هێزە سەربازییەكانی لە سەرجەم خاكەكانی عێراق بكشێنێتەوە. هەشتەم: ئەنجومەنی ئاسایش رەتكردنەوەی خۆی دوپاتكردەوە بۆئەوەی خاكی عێراق ببێتە گۆڕەپانی هێرشكردنە سەر هەر وڵاتێك و یەكلاكردنەوەی حسابەكان، هەروەها رەتكردنەوەی توندی خۆی لە بونی هەر رێكخراوێكی تیرۆریستی یان گروپێكی چەكدار لەسەر زەویەكانی دوپاتكردەوە.  

هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند، وەفدێكی عێراق گەیشتۆتە فڕۆكەخانەی هەولێر لەلایەن سەرۆك ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگەوە پێشوازی لێكراوە، بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەفدی هاوبەش سەردانی ئەو ناوچەیە لە زاخۆ بكەن كە بەر بۆردومانەكانی توركیا كەوتوە. ئێوارەی ئەمڕۆ 20ی تەموزی 2022، وەزارەتی پێشمەرگە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ ئێوارە ٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٢، فەریق روكن عیسا عوزێر سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازی كرد لە شاندێكی باڵای حكومەتی عێراقی، كە پێكهاتبوون لە د. فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و فەریقی یەكەمی روكن عەبدولئەمیر شەمەری جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق و شاندێكی یاوەریان." هەروەها ئاماژەی بەوەشكردووە كە وابڕیارە، هەر ئەمڕۆ شاندی هاوبەش سەردانی ئیدارەی زاخۆ و ئەو ناوچەیە بكەن، كە" بەر بۆردومانەكان كەوتووە و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوون، بۆئەوەی لەنزیكەوە زیانە گیانی و مادییەكانی ناوچەكە ببینن و ئاگاداری روداوەكە بن." بەهۆی بۆردومانەكانی توركیا لەگوندێكی بادینان نۆ كەس گیانیان لەدەستداوەو ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە 26 كەس كەهەموویان گەشتیاری عەرەبن، بەڵام كرێكارێكی كورد لەو ناوچە گەشتیارییە برینداربووە.  

هاوڵاتی سەرۆكی حكومەتی عێراق لەبارەی تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:""پێویستە دۆسیەیەكی تەواو لەسەر پێشێلكارییە بەردەوامەكانی توركیا ئامادەبكرێت بۆ ئەوەی بدرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی." مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەتی عێراق بڕیارە كۆبونەوە لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی عێراقدا ئەنجام بدات. كازمی ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە پێشێلكارییەكانی توركیا بۆ سەرخاكی عێراق پێویستە رابگیرێت. سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق راشیگه‌یاند، ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ دڕندانه‌یه‌، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات لایه‌نی توركیا گوێی به‌ داواكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی عێراق نه‌داوه‌. ده‌شڵێت: "عێراق پابه‌ندی یاساكانی رێزگرتنی دراوسێیه‌، ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌ر لایه‌نێك خاكی عێراق له‌ دژی وڵاتێكی دیكه‌ به‌كار بهێنێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا ره‌تی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ ژێر ئه‌م پاساوه‌دا ژیانی هاووڵاتیان بخرێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌".

هاوڵاتی رێبەری رەوتی سەدر پەیامێكی تووند لەبارەی تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆ بڵاوكردەوە و داوادەكات "فڕۆكەخانە و  دەروازە سنورییە وشكانییەكانی نێوان عێراق و توركیا دابخرێن" و دەشڵێت:" دەستدرێژی بۆ سەر پارێزگاكانی باكورو هەرێم چیتر قبوڵناكرێت". موقتەدا سەدر لە پەیامەكەیدا دەڵێت "توركیا زیاتر بێ ئەدەب بووە، بەوەی وادەزانێت عێراق ناتوانێت وەڵامی بداتەوە جگە لەوەی لە وەزارەتی دەرەوە بەشێوەیەكی لاواز ئیدانە بكرێت". هاوكات سەدر دەڵێت پێشنیاز دەكات ئەم هەنگاوانە دژی توركیا بگیرێتەبەر: نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیا كەمبكرێتەوە.  فرۆكەخانەو دەروازە زەمینییەكانی نێوان عێراق و توركیا دابخرێن.  بەشێوەیەكی فەرمی سكاڵا بۆلای نەتەوە یەكگرتووەكان بەرز بكرێتەوە.  رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ توركیا هەڵبوەشێندرێتەوە.  دەستدرێژی بۆ سەر پارێزگاكانی باكورو هەرێم چیتر قبوڵناكرێت.

هاوڵاتی گروپێك لەچەكدارانی سەر بە"قەڵغانی فورات" كە میلیشیای سەر بە توركیان، پەلاماری گوندێكی نزیك لەمەنبەجیاندا و هێرشەكەیان لەلایەن شەرڤانانەوە تێكشكێندرا. ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تەموزی 2022، ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج لەڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد، گروپە چەكدارەكانی سەر بەتوركیا هەوڵیانداوە بچنە ناو گوندی (محسێنلی) لەمەنبەج، بەڵام شەڕڤانان وەڵامێكی توندیان داونەتەوەو هێرشەكەیان تێكشكاندووە. هەروەها ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازیی مەنبەج ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە"شەڕڤانانی ئەنجومەنەكە وەڵامی هەوڵی گروپێك لەچەتەكانی "قەڵغانی فورات"یان داوەتەوە، كە سەر بەتوركیان، ئەو میلیشیایانە دەیانویست بچنە ناو گوندی محسێنلی لەباكوری مەنبەج". هاوكات ئەوەش روونكراوەتەوە كە "دوای شەڕێكی كورت‌و لەئەنجامی بەرخۆدانی شەڕڤاناندا هێرشی میلیشیاكان تێكشكێنراوەو ناچار هەڵهاتوون". دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لە كۆبونەوەی لوتكەی (ئێران، روسیا، توركیا) لەتاران لەهەوڵی ئەوەدا بوو كە قەناعەت بە پوتن و ئیبراهیم رەئیسی بكات تا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵبكرێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر باكورو رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاڤای كوردستان) بەڵام سەرۆكی روسیاو ئێران بێ ئومێیدیان كردو لەبەیاننامەی هاوبەشدا ئەوە خراوەتەروو كە رێگری لەجوداخوازی دەكەن و كێشەكانی سوریا لەرێگەی دیالۆگی(سوری- سوری) چارەسەر بكرێت و هاوكاری دیمەشق بكرێت.  

هاوڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لەنێوان عەبادی و ئەعرەجی یەكیان دەكەنە كاندیدی سەرۆك وەزیران كە زۆرترین چانسیان هەیە لەنێو پێنج كاندیدەكەیاندا. پێگەی (بغداد الیوم) بڵاویكردەوە كە لیژنەیەك لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی پێكهێنراوە كە لەماوەی 48 كاتژمێری داهاتوودا كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكلابكرێتەوەو دووان لەكاندیدەكان زۆرترین چانسیان هەیە كە پێكهاتوون لە(حەیدەر عەبادی، سەرۆكی كوتلەی نەسرو قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی). ئەو پێنج كاندیدەی لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت پێكهاتوون لە(حەیدەر عەبادی، محەمەد شیاع سودانی، قاسم ئەعرەجی، عەلی شوكری، عبد الحسێن عەبتان). هاوكات چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان دوا پەیامیان ناردووە بۆ پارتی و یەكێتی كە لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار رێكبكەون و خۆیان یەكلایبكەنەوە.  

هاوڵاتی سەرۆكی روسیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بێ ئومێد دەكات لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان و عەلی خامنەیی ۆابەری كۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری توندی داوەتە سەرۆكی توركیا. لەكۆبوونەوەی لووتكەی سەرۆكانی (رووسیا، ئێران و توركیا) لەتارانی پایتەختی ئێران ئەنجامدراو دەرئەنجامی كۆبونەوەكان بەدڵی ئەردۆغان نەبووە. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، پێویستە دۆخی سووریا بە رێگەی ئاشتی چارەسەر بكرێت، دەستوەردانی دەرەكی دۆخی ئەم وڵاتە ئاڵۆزتر دەكات"سەروەری خاكی سوریا هێڵی سوورە، دەبێت كۆتایی بە چالاكییەكانی تیرۆر لەم وڵاتە بهێندرێت". هاوكات ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی رووسیاش ئاماژەی بەوە كرد كە  دوای ئەم كۆبوونەوەیە دەست بەگفتوگۆی سیاسی بونیادنەر لەبارەی دۆخی سووریا دەكەن، كە دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەكگرتووەكان هاوكاری دیمەشق بكەن"پێویستە هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوریا چڕ بكرێتەوەو دۆخەكە بەرەو ئاسایبوونەوە ببرێن نەك ئاڵۆز بكرێت". میدیاكانی ئێران ئەوەیان بڵاوكردەوە، دیدارەكانی سێ قۆڵی تاران بە دڵی ئەردۆغان نەبوون و بێزاری و توڕەیی بە ئەردۆغانەوە دیار بووە، چونكە پوتن و رئیسی دژی ئۆپەراسیۆنی توركیا بوون و رایانگەیاندوە" نابێت توركیا ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات". هەروەها چەند میدیایەكی ئێرانیش باسیان لەوە كردوە، خامەنەیی بە شێوەیەكی روون و راشكاو بە ئەردۆغانی راگەیاندووە، كە ئەوان دژی ئۆپەراسیۆنی توركیان و پێویستە جوڵە سەربازییەكانی رابگرێت. لای خۆشییەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند" وڵاتەكەمان مەترسی لەسەرەو لە چەند لایەكەوە رێكخراوە تیرۆرستییەكان هێرش دەكەنە سەر وڵاتەكەمان، بۆیە ئێمە پێویستە ئەو هەڕەشانە نەهێڵین". ئاماژەی بەوەشكردوە، هیچ جیاوازییەك لە نێوان رێكخراوە تیرۆریستییەكانی ناو سووریا نابینێت و بەوتەی خۆی ئەوان چالاكن و بەردەوام لە ئەنجامدانی هێرشەكانیان. ئەردۆغان وتیشی:"ئەو رێكخراوانە خاكی سووریا دابەش دەكەن، ئەوان مەترسین بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی توركیا، بۆیە پێویستە رووبەڕووی رێكخراوە تیرۆریستییەكان لە سووریا ببینەوە".

هاوڵاتی توركیا لەڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە هێرشیكردەسەر سەربازگەیەكی سوپای سوریا لەشاری تەلڕەفعەت‌و بریندار هەیە. بەپێی میدیای كوردی لەڕۆژئاڤای كوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تەموزی 2022، توركیا لەڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە هێرشیكردۆتەسەر سەربازگەیەكی سوپای سوریا لەشاری تەلڕەفعەت كە چەند ڕۆژێكە لەو شوێنە جێگیربوون. هەروەها ئەوەش خراوەتەروو كە"بەهۆی تەقاندنەوەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەكە لەناو سەربازگەكەدا دوو سەربازی سوپای سوریا برینداربوون". دوێنێ لەچوارچێوەی‌ ڕێوشوێنە سەربازییەكانی حكومەتی دیمەشق، كاروانێكی دیكەی سەربازیی لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتەوە لەدەروازەی‌ تایهەی‌ ڕۆژئاوای مەنبەج، گەیشتە كوبانێ. لەسەر بنەمای لێكگەیشتەكانی هەسەدەو حكومەتی دیمەشق، بەچاودێریی ڕوسیا، بەشێوەیەكی بەردەوام هێزی سەربازیی سوریا دەبرێتە ناوچە سنورییەكان لەگەڵ توركیاو گروپە چەكدارەكانی هاوسۆزی.

هاوڵاتی دوای بڵاوبونەوەی تۆمارە دەنگییەكانی مالكی دژی موقتەدا و حەشدی شەعبی، سەدر داوا لە عامری دەكات خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و پشتیوانی دەكات. میدیا عێراقییەكان بڵاویانكردەوە كە "موقتەدا سەدر پەیوەندیی بەهادی عامرییەوە دەكات‌و ئاگاداری كردووەتەوە لەوەی، ڕەوتی سەدر پشتیوانی دەبێت گەر خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران".