هاوڵاتى راوێژکاری ئابووریی و دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند:" رێککەوتنەکە بنیادنراوە لەسەری ئەوەی عێراق رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی چین بکات و داهاتەکەی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان بێت:" مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری ئابووریی و دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاند :" عێراق بە قۆناخ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2019 رێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ چین واژۆکردووە، کە هاوپێچی حیسابی و نەوتی لەگەڵە، رێککەوتنەکە بەوە دەستپێدەکات، هەردوو وڵات بە هاوبەشی پارە تەرخان بکەن بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ژێرخان لە عێراقدا. مەزهەر محەممەد ساڵح، زیاتر روونیکردەوە، پرۆژەکە بنیادنراوە لەسەری ئەوەی عێراق رۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی چین بکات و داهاتەکەی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان بێت، کە لەلایەن کۆمپانیا چنییە رەسەن جێبەجێبکرێن. ئێستا پارەکە دەچێتە سەر ئەو هەژمارە بانکییەی کە بۆ ئەو رێککەتنە دروستکراوە. حکومەتی عێراقیش لە هەوڵدایە لەسەر ئاستی باڵا باشترین پرۆژە دیاری بکات. رێكکه‌وتنه بۆ ماوه‌ی 20 ساڵ به‌بێ سه‌پاندنی مه‌رجی قورس له‌نێوان هه‌ردوولا به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌كاتی دروستبونی گرفت و تێكچوونی كه‌شی په‌یوه‌ندییه‌كان دەسته‌ی باڵای نێوده‌وڵه‌تی نێوه‌ندگیری ده‌كات. بەپێی رێککەوتنەکە رۆژانه عێراق 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌هه‌ردوو كۆمپانیای (زنهوا، سینوك)ی چینی ده‌فرۆشێت. ئاستی به‌شداری بانكی چین بۆ سندووقی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا 10 ملیار دۆلار ده‌بێت، له ئەگەری سه‌ركه‌وتنی قۆناخی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كان، عێراق راده‌ستكردنی نه‌وت به كۆمپانیا چینیه‌كان بۆ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له رۆژێكدا زیاد ده‌كات، چین بڕی پێدانی پاره بۆ 30 ملیار دۆلار زیاد ده‌كات. لە رێککەوتنی عێراق و چین هاتووە، پاره‌كانی سندووقه هاوبه‌شه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵات تەرخان دەکرێت، بۆ بواره‌كانی دروستكردنی فڕۆكه‌خانه، خوێندنگه، قیرتاوكردنی رێگەوبانه‌كانی ده‌ره‌وه، دروستكردنی هێڵی ئاسنین، پاكکردنه‌وه‌ی ئاوی دیجله، فورات و شه‌تولعه‌ره‌ب، دروستكردنی یه‌كەی نیشته‌جێبوون، جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی وزه، پرۆژه‌كانی ژێرخان، جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی دیكه له‌سه‌ر داواكاریی حكومه‌تی عێراق.
هاوڵاتى به فیلمی سینه‌مایی "کچانی خۆر" یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە سینەما "ئۆکتۆبەر" لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕوسیا ده‌کرێته‌وه. فیلمی سینه‌مایی "کچانی خۆر" Girls of the Sun له ده‌رهێنانی "ئێوا هوسۆن" و به رۆگێڕانی "گوڵشیفته فه‌راهانی" ئه‌کته‌ری ناوداری سینه‌مای ئێران و جیهان، به‌رهه‌می وڵاتی فڕه‌نسا ئەمڕۆ چوارشەممە له رێوڕه‌سمی کردنه‌وه و به‌شی "نمایشی تایبه‌تی" یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە هۆڵی ژماره 11ی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتۆبەر" لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی فیدڕاسیۆنی ڕوسیا نمایش دەکرێت. فیلمی سینه‌مایی "کچانی خۆر" باسی خه‌بات و به‌رخۆدانی کچانی کوردیی کۆبانێ له دژی گروپی تیرۆریستی داعش دەکات، له یه‌که‌مین به‌شداریی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له به‌شی رکابه‌ریی سه‌ره‌کیی حه‌فتاویه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "کان" له وڵاتی فڕه‌نسا، چوه سەر شاشەی سینەما و پێشوازییه‌کی بێوێنه‌ی لێ‌کرا. "ئێوا هوسۆن بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئاگاداربون له کرده‌وه‌ی نامرۆڤانه‌ی داعش له‌گه‌ڵ ئێزدییه‌کان له هه‌رێمی کوردستانی عێراق و به‌سه‌رهاته خه‌مناک و دڵته‌زێنه‌کانی ژنان و کچانی به‌دیلگیراوی کوردی به ئه‌نگێزه‌ی سه‌ره‌کیی خۆی له باسکردنی ئه‌م بابه‌ته گرینگه ناو برد. به‌وته‌ی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره ناوداره فڕه‌نسییه، ئازایه‌تی و بێباکی و له‌خۆبردویی ژنانی کورد له خه‌باتی چه‌کدارانه له‌گه‌ڵ داعش کاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و هه‌بوە، هه‌ر به‌م هۆیه‌ش بڕیاریداوه، چه‌ند گۆشه‌یه‌ک له‌م خه‌باته قاره‌مانانه‌یه وێنه بگرێت. "ئێوا هوسۆن" باوه‌ڕی وایه که "کچانی خۆر" له‌و ده‌گمه‌ن فیلمه جه‌نگیانه‌یه به ته‌وه‌ری ئافره‌ت که وێنه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه له روداوه‌کانی ئه‌م کاره‌ساته مرۆڤانه‌یه ئاراسته ده‌کات؛ له هه‌مان کاتیش‌دا، په‌یامێکی ئه‌رێنی هه‌یه و باسی شایسته‌یی و لێهاتویی و تواناییه‌کانی ژنان ده‌کات. "ئێوا هوسۆن" یه‌کێکه له سینه‌ماکارانی ژنی ناوداری سینه‌مای فڕه‌نسا و به‌رهه‌م گه‌لێکی دره‌وشاوه‌ی وه‌کو؛ "به هیوای مردن" Hope to Die، "بۆ ئه‌وانه‌ی که هه‌میشه ئاڵۆزن" و "به‌نگ گه‌نگ" Bang Gang ی له کارنامه‌ی پیشه‌یی خۆیدا هه‌یه.
هاوڵاتى هێمن هەورامی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند:" ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمیشە ڕومان لە ئایندەیە و ڕابردو بۆ وانە وەرگرتن بەکاردێنین بە مەبەستی وەدەستهێنانی ئامانجەکان و دەستنیشانکردنی چوارچێوەی ستراتیژیەتمان". دەڵێت:" پەرلەمان توانیویەتی دەسکەوتی زۆر باش وەدەست بێنێت و یاسای گرینگ تێبپەڕێنێت کە پارتی کلیلی سەرەکیان بو". هێمن هەورامی لەمیانی بەشداریکردنی لە وێبینارێکی لقی 6ی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان ئێستا بە پڕۆسەی دەوڵەتسازی و بەهێزترکردنی دامەزراوەکان و خزمەتکردنی هاوڵاتیاندا تێدەپەڕێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەمیشە ڕومان لە ئایندەیە و ڕابردو بۆ وانە وەرگرتن بەکاردێنین بە مەبەستی وەدەستهێنانی ئامانجەکان و دەستنیشانکردنی چوارچێوەی ستراتیژیەتمان". ئاماژەی بەوەشکردوە، "کۆمەڵێك تەحەدیاتی گەورە لەبەردەمی هەرێمی کوردستانن لەسەر ئاستەکانی ناوخۆ، عیراق و ناوچەکە و جیهاندا کە پێویستە هەرێم خۆی بۆی ئامادە بکات، لە ناوخۆشەوە هەرێمی کوردستان روبەڕوی سێ تەحەدیاتی گەورە بوەتەوە کە بریتین لە تەحەدیاتە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکان". هێمن هەورامی باسی لەوەشکردوە، "بەهۆی ژمارەیەك هۆکاری جییاوازی ناوخۆ و دەرەکی، هەڵکشان و داکشانێکی زۆر لە پەیوەندی نیوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا هەیە، دەبوا لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ڕەچاوی ئەو تەحەدیاتانەیان بکردبایە لە عیراق و ناوچەکە و جیهاندا، پەیوەندییەکی تەندروست تر لە نێوانیاندا هەبوایە". ئەوەشی خستوەتەڕو، "بەغدا هەر بەردەوامە لە سزادانی هەرێمی کوردستان کە ئەوەش لەگەڵ بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا بونە تەحەدیاتێکی گەورەی ئابوری کە هەرێمی کوردستان دوچاری بوەتەوە". سەبارەت بە بارودۆخی عیراق و هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، هێمن هەورامی وتی، "عێراق بە ئاڵۆزییەکی یەکجار گەورە تێدەپەڕێت و ناڕونی و نادڵنیایی لە کەیسی عیراقدا هەیە، واپێدەچێت عێراق و تەواوی ناوچەکە چیتر لە ئەولەویاتی سەرەکی ئەمریکادا نەبێ، ئێستاش ڕون نیە کە هەڵبژاردن دەکرێت یان نا، چاوەڕوانی دروستکردنی ئاستەنگ بۆ ئەنجامدانی دەکرا". سەبارەت بە پەرلەمانی کوردستانیش، هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەدا کەوا هەرچەندە ئەوان بە تەواوی لە ئەدا و کاری پەرلەمان و بەرنامەکانیدا ڕازی نین و لە ئاستی تەموحدا نەبون، ئەویش بەهۆی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی حکومەت و دواتریش بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و کەڕەنتینەی گشتی، بەڵام هاوکات "خولی ئەوجارەی پەرلەمان توانیویەتی دەسکەوتی زۆر باش وەدەست بێنێت و یاسای گرینگ تێبپەڕێنێت کە پارتی کلیلی سەرەکیان بو".
هاوڵاتى کۆشکی سەرۆکایەتی فڕەنسا ئیلیزێ رایگەیاند، لەسەر بڕیاری ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکە، بەردەوام دەبن لە پشتیوانیی و هاوکاری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. کۆشکی سەرۆکایەتی فڕەنسا ئیلیزێ راگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبونەوەی شاندی رۆژئاڤای کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ماکرۆن پێداگریی کردوە لەسەر ئارامیی سیاسی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و بەڕێوەبەرییەکی گەشتر و سەرکەوتوتر و لەو بابەتانەدا کە پێویستی بە کار هەیە". ماکرۆن رایگەیاندوە، "پاریس لە شەڕی دژی تیرۆردا بەردەوام دەبێت لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە" ئەوەش لەکاتێکدایە لەو رۆژەوەی هەسەدە لە ساڵی 2017 رەققەی کۆنتڕۆڵکرد، کە بە قەڵای داعش دەناسرا، فڕەنسا زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی مرۆیی بە ناوچەکە کردوە و بەڵێنی داوە، کە هاوکارییەکانیان زیاتر دەکەن. ماکرۆن هەروەها باسی ئازایەتیی شەڕڤانان لە ناوچەى باکور و رۆژهەڵاتی سوریای ژێر کۆنتڕۆڵی کوردان کردوە و و بەردەوامبونی پشتیوانییەکانی دژی داعش دوپاتکردوەتەوە". لەسەر بانگهێشتی ئیمانوئێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا، شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) سەردانی فڕەنسایان کرد و لە کۆشکی ئیلیزێ لە شاری پاریس لەگەڵ شاندەکەدا کۆبوەوە. شاندەکەى مەسەدە پێکهاتبون لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە)، بێریڤان خالید، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکور – رۆژهەڵاتی سوریا و غەسان یوسف هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی مەدەنیی دێرەزور.
هاوڵاتى وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کۆتایی ئەم هەفتەیە دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا بەڕێودەچێت و پرسی مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان دەبێت. هاوکات، تایبەت بە ئەنجامدانی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا و ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی مستەفا کازمی، لە رۆژی 26ی ئەم مانگە بۆ ئەمریکا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و شاندێکی هاوڕێی گەشتنە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا. بڕیارە رۆژی 23ی تەمموز، گەڕی چوارەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق بەڕێوەبچێت و، تیایدا بەغدا و واشنتۆن تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، هەماهەنگییەکانیان، هەژموونی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق تاوتوێ دەکەن. بڕیارە هەفتەی داهاتووش، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بکات و 26ی مانگ لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆببێتەوە. پێشتریش، لەراگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، کە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی بەغدا و واشنتۆن، رەوشی ئەمنیی و سیاسی عیراق، هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وڵاتە لە عێراق، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانیان دەبن.
هاوڵاتى به‌پێى رۆژنامه‌ى واشنتۆن پۆستى ئه‌مریکى له رێگه‌ى به‌رنامه‌یه‌کى ئیسرائیلییه‌وه هه‌وڵى کردنه ئامانجى مۆبایلى زیاتر له 50 هه‌زار که‌س دراوه که له‌نێویاندا ژماره مۆبایلى به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک کۆمارى عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سه‌رۆکى فه‌ره‌نسا هه‌ن. به‌پێى راپۆرتێکى رۆژنامه‌ى واشنتۆن پۆست، له‌نێو ئه‌و لیسته 50 هه‌زار که‌سییه‌دا سه‌دان سیاسه‌تمه‌دارو به‌رپرسى حکومه‌تى جیهان هه‌ن که له رێگه‌ى به‌رنامه‌ى پیگاسۆسى ئیسرائیلییه‌وه هه‌وڵدراوه مۆبایله‌کانیان هاک بکرێن و سیخوڕییان به‌سه‌ره‌وه بکرێت. هه‌روه‌ها ئه‌وه خراوه‌ته‌روو که له‌نێو لیسته‌که‌دا سێ سه‌رۆکى ئێستاى وڵاتان هه‌ن که پێکدێن له ئیمانوێل ماکرۆن، سه‌رۆکى فه‌ره‌نساو به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆکى عێراق و سیریل رامافوزا، سه‌رۆکى ئه‌فریقاى باشور، له‌گه‌ڵ پاشایه‌کدا. هه‌روه‌ک لیسته‌که سێ سه‌رۆک وه‌زیرانى ئێستاى وڵاتان و حه‌وت سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشوو له‌خۆده‌گرێت. سه‌رۆکایه‌تى فه‌ره‌نسا له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى راپۆرته‌که‌وه وتویه‌تی، ئه‌گه‌ر ئه‌م زانیارییانه راست بن ئه‌وا "زۆر مه‌ترسیدارن." واشنتن پۆست ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه که نازانرێت ئایا هه‌وڵى هاککردنه‌که دراوه‌و مۆبایلى ئه‌و که‌سانه هاککراون یاخود هێشتا هه‌وڵى هاککردنیان نه‌دراوه‌و ته‌نها له‌و لیسته‌دان بون بۆ ئه‌وه‌ى هاک بکرێن.
هاوڵاتى شانه‌ى ڕاگه‌یاندنى ئه‌منى عێراق ئامارى فه‌رمى قوربانیانى ته‌قینه‌وه‌که‌ى شه‌وى ڕابردووى گه‌ڕه‌کى سه‌درى شارى به‌غدا بڵاوکرده‌وه و ڕایگه‌یاند "به‌هۆى کرده‌وه تیرۆرستییه‌که‌وه 80 که‌س کوژراون و برینداربوون و هۆکارى ته‌قینه‌وه‌که‌ش خۆکوژى بووه". ئه‌مڕۆ 20ى ته‌موزى 2021شانه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌منى عێراق بڵاویکرده‌وه "ئامارى قوربانیانى کرده‌وه تیرۆرستییه‌که‌ى دوێنێى شه‌وى بازارى وه‌حیلاتى گه‌ڕه‌کى سه‌درى شارى به‌غدا گه‌یشتووه‌ته 30 کوژارو و 50 بریندار". هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه کراوه که تیمه ئه‌منییه‌کان لێکۆڵینه‌وه‌ى ورد و چڕیان له ڕووداوه‌که کردووه و له‌ئاکامدا بۆیان ده‌رکه‌وتووه "ته‌قینه‌وه‌که کرده‌وه‌یه‌کى تیرۆرستى خۆکوژیى بووه". هاوکات له‌ڕێگه‌ى ده‌سته‌به‌رکردنى زانیاریى هه‌وڵگری، هێزه ئه‌منییه‌کان سه‌رقاڵى دۆزینه‌وه و ڕاوه‌دوونانى ئه‌و گروپه تیرۆرستییه‌ن که‌ده‌ستیان هه‌بووه له هێرشه‌که‌دا.
هاوڵاتى به‌ڕێوه‌به‌رێتى خۆپاراستنى ته‌ندروستى سلێمانى پێنج رێنمایى ئاراسته‌ى هاوڵاتیان کرد بۆئه‌وه‌ى له رۆژانى جه‌ژنى قورباندا په‌یڕه‌وى بکه‌ن و به‌دوربن له توشبون به ڤایرۆسى کۆرۆنا. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 20ى ته‌موزى 2021، له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا خۆپارێزى ته‌ندروستى سلێمانى رایگه‌یاندوه، ژماره‌ى توشبوان و مردن به ڤایرۆسى کۆرۆنا ڕو له‌زیاد بونه، تکایه پابه‌ندى ڕێنماییه ته‌ندروستیه‌کان به بۆ پاراستنى خۆت و خانه‌واده‌که‌ت. خۆپارێزى ته‌ندروستى سلێمانى داواشیکردوه هاوڵاتیان له‌رۆژانى جه‌ژندا ئه‌م رێنماییانه جێبه‌جێبکه‌ن: یه‌که‌م: واز ماچکردن و ته‌وقه‌کردن بێنن. دوه‌م: تابۆتان ده‌کرێت له‌ماڵ بمێننه‌وه و تێکه‌ڵى قه‌ڵه‌باڵغى مه‌به. سێیه‌م: زو زو ده‌سته‌کانت به‌ئاو و سابون بشۆ یان هه‌ر پاکه‌ره‌وه‌یه‌کى کحولی. چواره‌م: ئه‌گه‌ر له‌ماڵ ده‌رچویت به بێ به‌ستنى ماسک له‌ماڵ ده‌رمه‌چۆ. پێنجه‌م: ئه‌گه‌ر خۆت نه‌کوتاوه به‌زوترینکات خۆت تۆمار بکه له‌ڕێگه‌ى ئه‌پلیکه‌یشنى (KURDVAC ) بۆ کوتان تا پارێزراو بیت.
هاوڵاتى هاوسه‌رۆکى پارتى دیموکراتى گه‌لان( هه‌ده‌په) ره‌خنه له هه‌ڵوێستى پارته ئۆپۆزسیۆنه‌کانى تورکیا ده‌گرێت به‌رامبه‌ر به چاره‌سه‌رى پرسى کورد و ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر پارته‌که‌شیان دابخرێت، ده‌توانن هاوکێشه‌ى سیاسى له‌و وڵاته بگۆڕن. مه‌دحه‌ت سانجار، هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په رایگه‌یاند:" پارته‌کانى ئۆپۆزسیۆن ده‌توانن به‌رنامه و پلانیان هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى کورد، به‌ڵام ئه‌وان ترسیان له چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى کورد هه‌یه و به‌شێکیان لێدوانى خراپ و جێگه‌ى نیگه‌رانى ده‌ده‌ن، که مایه‌ى شه‌رمه‌زارییه". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:"هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌ى له تورکیا ده‌کرێنه سه‌ر هه‌ده‌په، ته‌نها هێرش نین بۆ سه‌ر پارتێک، به‌ڵکوو هێرشن بۆ سه‌ر دیموکراسى له‌و وڵاته". هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په راشیگه‌یاند: "پارته‌که‌یان ئه‌و هێزه‌ى هه‌یه بتوانێت له ئه‌گه‌رى داخستندا به‌رگرى له خۆى بکات، هه‌روه‌ها به‌رنامه و پلانى بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتووش هه‌یه". هاوکات سانجار جه‌ختیشیکرده‌وه: "ئێمه وه‌کوو هه‌ده‌په له‌گه‌ڵ ئه‌وه داین تورکیا بچێته ناو هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌وه و له‌و ڕووه‌شه‌وه ئاماده‌کاریى کراوه. ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په دابخه‌ن، ئه‌وه بزانن ئه‌وه‌ى هاوکێشه‌ى سیاسى له تورکیا ده‌گۆڕێت هه‌ر ئێمه‌ین و ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێنین".
هاوڵاتى موراد قه‌ره‌یلان رایگه‌یاند:"هێشتا هێزه‌کانى په‌ده‌که(پارتى) له هه‌رێمه‌کانى گه‌ریلا نه‌کشاونه‌ته‌وه، بۆیه دۆخه مه‌ترسییداره‌که تێنه‌په‌ڕیووه و هه‌میشه گومانى ئه‌وه هه‌یه، که له شوێنێک هه‌ڵه‌یه‌ک ڕووبدات"، هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" نامانه‌وێت هیچ حزبێک لاواز ببێت و هیواش ده‌خوازێت یه‌نه‌که کێشه ناوخۆییه‌کانى به به‌هێزییه‌وه، چاره‌سه‌ر بکات". موراد قه‌ره‌یلان ئه‌ندامى کۆمیته‌ى به‌ڕێوبه‌ریى پارتى کرێکارانى کوردستان- په‌که‌که، له چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى فورات، دوایین هه‌ڵویسته‌کانى پارتى خسته‌ڕوو. ده‌قى وته‌کانى موراد قه‌ره‌یلان، ئه‌ندامى کۆمیته‌ى به‌ڕێوبه‌ریى په‌که‌که: له‌سه‌ر مه‌ترسیى هێنانى هێز له‌لایه‌ن په‌ده‌که‌وه بۆ هه‌رێمه‌کانى گه‌ریلا، قه‌ره‌یلان وتی: ئه‌مه دۆخێکى جدییه و زۆر گرنگه، که ئێستاش له ڕۆژه‌ڤدایه، ئه‌وه‌ى ئێمه له بانگه‌وازییه‌که‌ى پێشوومان باسمان کرد ڕاستییه‌که و سروشتى بوو، ئه‌وه‌ى ئاگامان لێى بوو باسمانکرد، دواى ئه‌وه، گه‌لى کورد له چوارپارچه و ده‌ره‌وه‌ى وڵات هاتنه سه‌ر شه‌قام و که‌وتنه جوڵه، ڕۆشنبیر، هونه‌رمه‌ند، سیاسه‌تمه‌دار و زۆر که‌سى دیکه لێدوانیان دا و داواى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌ییان کرد و ڕاى گشتیى له‌سه‌ر دروست بوو، له‌م باره‌وه هه‌موو که‌سێک ڕه‌نجیاندا و هۆشیارانه مامه‌ڵه‌یان کرد، ئه‌مه ئه‌رکى وڵاتپارێزیى نه‌ته‌وه‌ییه، ده‌مه‌وێت جارێکى دیکه سوپاسیان بکه‌م و سڵاویان بۆ بنێرم. “دۆخه مه‌ترسییداره‌که تێنه‌په‌ڕیوه” له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، قه‌ره‌یلان جه‌ختده‌کاته‌وه، که ئه‌و دۆخه مه‌ترسیداره تێنه‌په‌ڕیوه، “چونکه هێزه چه‌کداره‌کان هێشتاش له‌و جێگانه ماونه‌ته‌وه، بۆیه هه‌میشه گومانى ئه‌وه هه‌یه که له شوێنێک هه‌ڵه‌یه‌ک ڕووبدات، یان هه‌ندێک شت که مرۆڤ نایه‌وێت ڕووبدات، واتا مه‌ترسییه‌که بنبێ نه‌بووه”. “چاوه‌ڕوانین قسه‌کان ببن به کردار” هه‌روه‌ها، ئاماژه‌ى به قسه‌یه‌کى جه‌میل بایک کردووه، که چوارشه‌مه‌ى ڕابردوو وتی؛ “کاک مه‌سعود به هه‌ندێک که‌سى وتووه، که هێشتاش له‌سه‌ر به‌ڵێنى خۆمم، کورد به‌ده‌ستى کورد نه‌کوژرێت”، قه‌ره‌یلان وتی: هاوسه‌رۆکمان دڵخۆشیى و خۆشحاڵیى خۆى هێنایه زمان، ئه‌مه چوارچێوه‌یه‌کى گرنگ بوو که منیش به‌شدارى ده‌بم، بۆیه ئه‌و شتانه دووباره ناکه‌مه‌وه، ڕاگه‌یه‌ندراوى ده‌ستپێکمان هێشتاش له‌جێى خۆى دایه و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئێمه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ڵویستى خۆى ڕوون کردووه‌ته‌وه، هیوادارین له هه‌ردوو لاوه له‌م باره‌وه پێشکه‌وتن دروست بێت و هه‌ندێک ئه‌و دۆخه مه‌ترسیداره بگۆڕێت، یان ئه‌و شتانه‌ى ده‌وترێت به کرده‌وه نیشانبدرێت، له‌سه‌ر ئه‌مه ئێمه هێشتا چاوه‌ڕوانین. “پیلانى تورکیا مه‌ترسییداره” موراد قه‌ره‌یلان، هه‌روه‌ها وتی: ده‌وڵه‌تى تورک ده‌یه‌وێت سنووره‌کانى فراوان بکات و ببێته ئیمپراتۆریه‌ت و ده‌وروبه‌رى خۆى داگیربکات، ئه‌م پیلانه شاراوه نییه، ئه‌مه پیلانێکى شۆڤێنی، نه‌ژادپه‌رستانه و داگیرکه‌رانه‌یه، له سه‌روویانه‌وه بۆ ئێمه‌ى کورد مه‌ترسیى هه‌یه، سیاسیه‌تى کورد ده‌بێت ئه‌مه له به‌رچاو بگرێت، په‌یمانى لۆزان بۆ ١٠٠ ساڵ واژۆکراوه و دوو ساڵى ماوه کۆتاییبێت، ئه‌م په‌یمانه بۆ کورد سووکایه‌تییه‌کى گه‌وره بوو، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى کورد، گه‌لێکى له مێژینه‌ى ناوچه‌که بوو، نکۆڵیى لێ‌کرا و کوردستان کرا به چوار پارچه‌وه، له‌و کاته‌وه تا ئێستا له کوردستان تراژیدیاى گه‌وره، کۆمه‌ڵکوژی، ئه‌نفال و جینۆساید ڕوویداوه، که تا ئێستاش به‌رده‌وامه، به‌ڵام تورکیا ده‌ڵێت که له‌م په‌یمانه‌دا مافى خوراوه، بۆیه له هه‌وڵدایه ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێنێته‌وه. “بۆ ئه‌وه‌ى تووشى لۆزانێکى دیکه نه‌بین، پێویسته یه‌کبگرین” قه‌ره‌یلان به‌رده‌وامیى به قسه‌کانى دا و وتی: ئێستا له چوارچێوه‌ى ئه‌و پلانه‌دا ده‌یه‌وێت میساقى میللى زیندوو بکاته‌وه، له بوارى سیاسیی، یاسایى و سه‌ربازییدا ئاماده‌کاریى بۆ ده‌کات، ئه‌مه‌ش بۆ ئێمه مه‌ترسییه‌کى گه‌وره‌یه، مسۆگه‌ر نییه هیچ سیاستمه‌دارێکى کورد ئه‌مه‌ى نه‌دیبێت، ئێستا له ناوچه‌که شه‌ڕى سێیه‌مى جیهانى به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌مووان ده‌زانن که دواى ئه‌م شه‌ڕه، ناوچه‌که سه‌رله‌نوێ دیزاین ده‌کرێته‌وه، بۆیه ده‌وڵه‌تى تورک و داگیرکه‌رانى دیکه‌ش له‌ناو هه‌وڵدان دان، ئێمه‌ى کوردیش بۆ ئه‌وه‌ى تووشى لۆزانێکى دووه‌م نه‌بین، بۆ ئه‌وه‌ى که وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک، سروشتیى و له‌سه‌ر خاکى خۆمان به ماف و ئازادیى بژین، پێویسته په‌رته‌وازه نه‌بین، پێویسته یه‌کبگرینه‌وه و خاوه‌ن ستراتیژیه‌کى هاوبه‌ش بین، واتا ستراتیژییه‌کى نه‌ته‌وه‌ییمان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ین به‌مه، له‌جێى ده‌بێت خه‌ریکى یه‌کتر بین و له‌یه‌ک بده‌ین، خوێنى کورد به‌ده‌ستى کورد بڕژێت، ئه‌مه‌ش ١٠٠ ساڵى دیکه‌مان له کیس ده‌دات و زۆر شتمان له‌ده‌ست ده‌چێت و کاره‌سات ڕووده‌دات. قه‌ره‌یلان به پێویستى ده‌زانێت”به ستراتیژییه‌کى هاوبه‌شه‌وه پێشوازیى له ٢٠٢٣ بکه‌ین، پێویسته یه‌کتر لاواز نه‌که‌ین، که‌س که‌س نه‌سڕێته‌وه، با سیاستى کورد به‌هێز بێت، پێویسته ئه‌م قۆناغه ڕاست بخوێندرێته‌وه، ئه‌م قۆناغه، قۆناغێکى ئاسایى نییه، قۆناغێکى ستراتیژییه، ئه‌وانه‌ى ستراتیژێکى ڕاست دانه‌ڕێژن و ڕاست نه‌ڕۆن، داده‌بڕێن، بۆیه پێویسته که‌س تاکتیکى بیر نه‌کاته‌وه، کێشه‌مان هه‌یه، ئه‌گه‌ر ناتوانن یه‌کبگرنه‌وه با یه‌کتر لاواز نه‌که‌ن، ئێمه نامانه‌وێت هیچ حزبێک لاواز بێت، نامانه‌وێت که‌س په‌ده‌که لاواز بکات، نامانه‌وێت یه‌نه‌که له‌و کێشانه زیان ببینێت، هیوادارین یه‌نه‌که له‌و کێشه ناوخۆییانه‌دا به عه‌قلێکى سه‌لیم، نه‌ک به‌لاوازیی، به به‌هێزیى ده‌ربازى بێت”. له به‌رده‌وامیى ئه‌و باسه‌دا قه‌ره‌یلان ده‌ڵێت: هه‌ڵویستى ده‌وڵه‌تى تورک دیاره، کورد به مه‌ترسییه‌ک بۆسه‌ر خۆى ده‌بینێت، به‌تایبه‌تیش، په‌که‌که، ڕۆژئاوا و پێگه‌ى باشوورى کوردستان به مه‌ترسیى بۆسه‌ر خۆى ده‌بینێت، واتا ناسنامه‌ى کورد بۆ ئه‌و مه‌ترسییه، پێشتریش سه‌دام وتبووى که کێشه‌م له‌گه‌ڵ کورددا نییه، کێشه‌م له‌گه‌ڵ پیشمه‌رگه‌یه، ته‌نانه‌ت ئۆتۆنۆمییشى دایه کورد، هه‌مان شت ئێستا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى تورکه‌وه دووباره ده‌بێته‌وه، هه‌ر که‌سێک له باکوور باسى دۆزى کورد، ئازادیى و زمانى کوردیى بکات ده‌بێت ئامانج، مۆرى په‌که‌که‌ى لێده‌ده‌ن، چاولێکه، دژى ئه‌وه بوو له ژاپۆن کوردیى بخوێندرێت، پێویسته ئێمه ئه‌م زیهنییه‌ته بخوێنینه‌وه و له به‌رامبه‌ریدا ڕێوشوێن بگرینه‌به‌ر، به پێچه‌وانه‌وه خه‌سارى گه‌وره به‌دواى خۆیدا دێنێت، بۆیه وتمان ئه‌مه کاره‌ساته، بۆیه یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى به گرنگ ده‌بینین”. موراد قه‌ره‌یلان له کۆتاییدا داواکارییه‌که‌ى دووباره ده‌کاته‌وه، “هه‌موو سیاسه‌تمه‌دارانى کورد، هه‌موو سه‌رکرده سیاسییه‌کانى کورد، هه‌مو که‌سه په‌یوه‌ندیداره‌کان هه‌وڵ بۆ یه‌کیتى نه‌ته‌وه‌یى بده‌ن، چونکه گه‌له‌که‌مان پێویستیى پێیه‌تی، بۆ داهاتوومان پێویستیمان به یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى هه‌یه”.
هاوڵاتى بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی رایگەیاند:" مەترسییەکانی تیرۆر ماون و پێویست دەکات بە یەکڕیزی، تەبایی و ھەماھەنگی ھەموولایەک زاڵبین بەسەر کێشەکان، ھەماھەنگی و ھاریکاری ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان لە ھەموو کات پێویستترە بۆ سەرکەوتن بەسەر کێشە ئەمنییەکان و فەراھەمکردنی ئاسایش و ئارامی زیاتر لەووڵات لەو پێناوەشدا وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی ھەموو پشتیوانی و ھەماھەنگییەکین بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش". بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لە راگەیەنراوێکدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیانی کردەوە تێرۆریستییەکەی ناوچەی سەدر لە بەغداد دەکات. دەقی راگەیەنراوەکە وێڕای دەربڕینی پرسەوسەرەخۆشی بۆ قوربانییانی کردەوە تیرۆریستییەکەی ناوچەی سەدر لەبەغدا، ھیوای ھەرچی زووە بۆ چاکبوونەوەی برینداران دەخوازین. بەتوندترین شێوەش ئیدانەی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە دەکەین کە ژمارەیەک ھاووڵاتی مەدەنی تێدا بوونە قوربانی. ئەم رووداوانە ئەوەمان پێدەڵێت ھێشتا مەترسییەکانی تیرۆر ماون و پێویست دەکات بە یەکڕیزی، تەبایی و ھەماھەنگی ھەموولایەک زاڵبین بەسەر کێشەکان، ھەماھەنگی و ھاریکاری ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان لە ھەموو کات پێویستترە بۆ سەرکەوتن بەسەر کێشە ئەمنییەکان و فەراھەمکردنی ئاسایش و ئارامی زیاتر لەووڵات، لەو پێناوەشدا وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی ھەموو پشتیوانی و ھەماھەنگییەکین بۆ رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش و گەیشتن بەدیالۆکی نیشتمانی بونیادنەرانە لەپێناو سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتر لەنێوان ھەموو نەتەوە و پێکھاتە و ئاینزاکاندا. بەوھیوای ئاسایش و ئارامی زیاتر باڵبکێشێ بەسەر ووڵات و گەلماندا. بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
هاوڵاتى سەرۆکی تەریقەتی کەسنەزانی رایگەیاند:" كاری لەپێشینەی تەریقەتی كەسنەزانی لێكنزیككردنەوەی ئایینەكانە". لە راگەیەندراوێکدا بارەگای سەرۆکایەتی تەریقەتی کەسنەزانی بڵاویکردووەتەوە، "لەدانیشتنەكەدا شێخ نەهرۆ كەسنەزانی بانگهێشتی شاندەكەی کردووە بۆ ئامادەبون لە كۆنگرەی تەسەوفی جیهانی كە بەسەرۆكایەتی شێخ نەهرۆ لە هەرێمی كوردستان لەئایندەیەكی نزیكدا دەبەسترێت، بەئامادەبوونی دەیان هێمای تەسەوفی ناخۆیی و جیهانی". هەر لە دانیشتنەکەدا شێخ نەهرۆ کەسنەزانی رایگەیاندووە:"كاری لەپێشینەی تەریقەتی كەسنەزانی لێكنزیككردنەوەی ئایینەكانە". شەوی رابردوو، لە تەکیەی کەسنەزانی لە شاری سلێمانی، ئەمپا ئەنتونیۆس، جێگری پاپای ڤاتیكان، محەمەد حەجازین،کۆنسوڵگەری گشتی میسر لە هەرێمی كوردستان، قەشە حەكیم شنۆدە، سەرۆكی ئەقباتیەكانی كوردستان و عیراق سەردانی سەرۆكی تەریقەتی كەسنەزانی لەجیهان شێخ نەهرۆ كەسنەزانیان كرد. دواتریش جێگری پاپای ڤاتیكان و شاندی یاوەری بەشداریان لە مەراسیمی زیكری شەوی جەژنی قوربانی پیرۆز كرد، كە بەسەدان دەروێش و مورید ئامادەی مەراسیمەكەبوون.
هاوڵاتى جێف بێزۆس دامەزرێنەری ئەمازۆن و دەوڵەمەندترین کەسی جیهان ئەمڕۆ بە کەشتی بلو ئۆریجن دەچێتە بۆشایی ئاسمان کەشتییەکە بە تەواوی ئۆتۆماتیکییە و پێویستی بە فڕۆکەوان نییە. گەشتەکە لە 55ـەمین ساڵڕۆژی نیشتنەوەی یەکەم گەشتی نیل ئارمسترۆنگ و بووز ئاڵدرین لەسەر مانگ ئەنجامدەدرێت. مارک بێزۆس، برای جێف بێزۆس، ژنێکی 82 ساڵان و گەنجێکی تەمەن 18 ساڵان یاوەری گەشتە ئاسمانییەکەی جێف بێزۆس دەبن ئەوەش دەبێتە یەکەم گەشتی کەشتییەکەی کۆمپانیای بلو ئۆریجن کە بە سەرنشینەوە دەچێتە بۆشایی ئاسمان. کەشتییەکە بە تەواوی ئۆتۆماتیکییە و پێویستی بە فڕۆکەوان نییە. جێف بێزۆس، دامەزرێنەری ئەمازۆن رایگەیاند "بۆئەوەی زەوی لە بۆشاییەوە ببینی، ئەمە دەتگۆڕێت. پەیوەندیت لەگەڵ ئەو هەسارەیە و مرۆڤایەتیی دەگۆڕێت. دەمەوێت ئەو گەشتە بکەم چونکە ئەوە شتێکە بەدرێژایی ژیانم ویستوومە. ئەوە سەرکێشییە، رێککەوتنێکی گەورەیە بۆ من. براکەمم بانگێشتکردووە بۆئەوەی لەم گەشتەدا لەگەڵم بێت چونکە ئێمە نزیکترین هاوڕێین". چەند ساڵێکە ملیار دێر و کۆمپانیاکان لە پێشبڕکێدان بۆئەوەی بتوانن بەزوویی گەشتیاران ببەنە بۆشایی ئاسمان. هەر یەک لە جێف بێزۆس، ئیلۆن مەسک و ریچارد برانسۆن ملیاران دۆلاریان لەو بوارەدا خەرجکردووە. بۆب سمیس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بلو ئۆریجن وتی "مەیلی دانی پارەیەکی زۆر هێشتا لە ئاستێکی بەرزدایە. گەشتەکانی سەرەتاییمان بە نرخێکی باش دەبن. بینیتیان کە حەز و تامەزرۆی خەڵک لە سەرەتا زۆر بوو. ئێمە خەڵکمان هەیە لە تەمەنی بیستەکان دایە، هەموویان حەز دەکەن." لە 11ی ئەم مانگە، ریچارد برانسۆن، دامەزرێنەری ڤێرجن گالاکتیک لەگەڵ سێ کەسی دیکە بە کەشتی ڤێرجن گالاکتیکی دروستکراوی کۆمپانیاکەی چوو بۆشایی ئاسمان. بەگوێرەی کۆمپانیاکە 600 کەسیش داوایان کردووە وەک گەشتیار بچنە بۆشایی ئاسمان. کۆمپانیاکەی ڤێرجن گالاکتیک، تاوەکو ئێستا 600 تیکتی فرۆشتووە هەر تیکتێک بە 250 هەزار دۆلار. برانسن بەڵێنی داوە نرخی تیکتی گەشتەکانی داشکێنێت بۆ 40 هەزار دۆلار. بەڵام ساڵی 2022 دەست بە گەشتی بازرگانی بۆ بۆشایی ئاسمان دەکات. کۆمپانیای بلو ئۆریجن، کۆمپانیاکەی جێف بێزۆس تیکتێکی بە 200 هەزار دۆلار دەفرۆشێت. بێزۆس هێشتا خشتەیەکی دیارکراوی بۆ نرخی تیکتەکانی دانەناوە، بەڵام 20ـی ئەم مانگە لە رێگەی مەزاتکردنەوەوە تیکتێکی کەشتییە ئاسمانیەکەی بێزۆس بە 28 ملیۆن دۆلار دەخرێتە مەزاتەوە. هەروەها مانگی 9ی ئەمساڵ ئێلۆن مۆسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و بەڕێوەبەری سپەیس ئێسک گەشتیارانی سڤیل دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان و لە ساڵی 2023 شدا پلانی هەیە بۆ مەبەستی بازرگانی دەست بە گەشتەکان بۆ بۆشایی ئاسمان بکات.