هاوڵاتى ‌به‌شى ژمێریارى سایلۆى هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئاگادارى ئه‌و جوتیارانه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ له‌ساڵى 2015 گه‌نمیان راده‌ستى بنکه‌ى سایلۆکانیان کردووه‌، سبه‌ینێ ده‌توانن سه‌ردانیان بکه‌ن به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى چه‌کى پاره‌کانیان.  سه‌باح ره‌فیق به‌رپرسى ژمێریارى سایلۆى هه‌ولێر له‌راگه‌یه‌نراوێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌ که‌" ئه‌و جوتیارانه‌ ئاگادار ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ساڵى 2015 گه‌نمیان راده‌ستى سایلۆى بنکه‌کانى (اربیل قدیم ساحات، اربیل قدیم بناکر، مرکز عنکاوه‌ و مرکز کۆیه‌)کردوه‌، رۆژى پێنجشه‌ممه‌ سه‌ردانى  سایلۆ بکه‌ن به‌ مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى چه‌کى پاره‌کانیان". وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراق بڕى 268 ملیاره‌ 892 ملیۆن و 500 هه‌زار دینارى پاره‌ى قۆناغى یه‌که‌مى که‌نمى ساڵى 2014 و 2015 و 2016ى جوتیاران بۆ هه‌رێمى کوردستان ره‌وانه‌کرد، دابه‌شکردنى پاره‌که‌ به‌سه‌ر جوتیاران ده‌ستیپێکردووه‌. کۆى گشتى پاره‌ى گه‌نمى جووتیاران له‌ ساڵه‌کانى 2014 و 2015 و 2016 بریتییه‌ له‌ 576 ملیاره‌ 885 ملیۆن دینار.

هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، له‌کۆى 10 هه‌زارو 132 پکنینى کۆرۆنا هه‌زارو 159 که‌سى دیکه‌ تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بوون و 17 دیکه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و 485 که‌سیش چاکبونه‌ته‌وه‌. ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى:  

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رایگەیاند  هەوڵ دەدات بۆ بە نێودەوڵەتی كردنی كەیسی ئەنفال و بە جینۆساید ناساندنی، ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات داوا ده‌كات حكومەتی فیدڕاڵ پرسی قەرەبوو كردنەوەی زیان لێكەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت. وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە بەیاننامەیەكدا ئەمرۆ ژوارشەممە، 14ی نیسانی 2021  بڵاوكردەوە ئاماژە بەوە دەدات  هەوڵ دەدات بۆ بە نێودەوڵەتی كردنی كەیسی ئەنفال و بە جینۆساید ناساندنی. ده‌قى به‌یاننامه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان: بەیاننامەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە (33) هەمین ساڵیادی شاڵاوەكانی ئەنفالدا. كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان... خەڵكی تێكۆشەری كوردستان... ئەمڕۆ 33 ساڵی تەواو بەسەر گەورەترین شاڵاوی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدكردنی گەلی كوردستاندا تێپەڕ دەبێت، ئەنفال بەشێك بوو لە زنجیرە و پلانێكی شۆڤێنیانەی دوژمنانی گەلەكەمان بۆ لێسەندنەوەی ناسنامەی بوون و ژیان و سڕینەوەی بوونی نەتەوەییمان لەسەر خاک و زێدی ڕەسەنی خۆمان. ڕژێمی بەعسی ڕووخاو پلانی وابوو دوابەدوای خاپوور كردنی گوندەكان  و ئەنفالكردنی خەڵكەكەى و كۆكردنەوەی هاووڵاتیان لە ئۆردوگا زۆرە ملێکاندا، كۆتایی بە گەلی كوردو شۆڕشەكەی بهێنێت، خۆڕاگری خەڵكی تێكۆشەری كوردستان و وورە بەرزی و نەبەزی هێزی پێشمەرگە، مەرامی سڕینەوە و تواندنەوە و جینۆسایدكردنی گەلەكەمانى شكست پێهێنا و پاش تێپەڕ بوونی كەمتر لە (3) سێ‌ ساڵ بەسەر ئەو شاڵاوە دڕندانەیەی ئەنفالداو لە ساڵی 1991 خەڵكی ستەم دیدەی كوردستان ڕاپەڕین و كۆتاییان بە زوڵم و ستەمی دەیان ساڵەی بەعس هێنا. كەس و كاری قوربانیانی ئەنفال تاقانەكانی جینۆساید لە كوردستان دوابەدواى پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003  حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتە سۆراغ و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی جینۆسایدکراوانمان و هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی بیابانەكانی باشووری عێراق و لە درێژەی ئەو هەوڵانەشیدا توانی ژمارەیەکى زۆر گۆڕی بە كۆمەڵ هەڵبداتەوە و كاری جدیش بكات بۆ هێنانەوەی ڕووفاتی 3737 شەهیدی جینۆسایدكراو كە دواهەمین گۆڕی بە كۆمەڵیان لە ساڵی 2019 لە بیابانەكانی پارێزگای سەماوە بوو كە 171 ڕوفاتی ئەنفالی تیادا بوو،  لە پاش ڕێكارە ئیداری و یاساییەكان ئامادەكاری كرا بۆ هێنانەوەیان و سپاردنەوەیان بە خاكی پیرۆزی كوردستان، هەرچەندە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە دواكەوت، بەڵام لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی بارودۆخەكەداو لە كاتێكی گونجاودا بە مەراسیم و شكۆوە دەیان هێنینەوە كوردستان و بە خاكی کوردستانیان دەسپێرینەوە. لەم یادەدا ئەوە وەبیر دەهێنینەوە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش 60 دانیشتنی دادگاکەیان لەسەر كەیسی ئەنفال دواجار لە ڕۆژی 24/6/2007 پشت بەست بە سەرجەم بڕگەو ماددە یاساییەكانی دادگاو ووتەی شایەد حاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامەو پەیماننامە نێودەوڵەتیە پەیوەندیدارەكان گەیشتە ئەو باوەڕەی كە پڕۆسەكانی شاڵاوی بەناو (ئەنفال) جینۆسایدە، هەر بۆیە كۆی پڕۆسەكەی بە جینۆساید ناساندو سزای یاسایی بەسەر ئەنجامدەرانیدا سەپاند. بۆ بەرزو پیرۆز ڕاگرتنی یادی شەهیدەكانمان لە مەرگەساتەكانداو بە تایبەتیش یادی شەهیدانی ئەنفال، ساڵانە وەزارەتمان یادی شەهیدانی ئەو یادە كارەساتبارانە دەكاتەوە، لە ئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و بۆ زیاتر پابەندبوونمان بە بڕیار و ڕاسپاردەكانی لایەنی تەندروستی و بۆ پاراستنی زیاتری گیانی كەس و كاری شەهیدان لەمساڵدا بە دانانی تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری پیرۆزی شەهیدان یادو بیرەوەری ئەو شەهیدانەمان  بەرز و پیرۆز ڕادەگرین. كەس و كاری شەهیدانی جینۆساید و تاقانەكانی ئەنفال وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە كاتێكدا درێژە بە هەوڵەكانی دەدات بۆ بە نێودەوڵەتی كردنی كەیسی ئەنفال و بە جینۆساید ناساندنی، لە هەمان كاتدا بەردەوام پەرۆشی خزمەتكردنی زیاتری كەس و كاری شەهیدانی ئەنفال و كیمیاران و زیندانیانی سیاسی و تاقانەكانی جینۆسایدە... هەر بۆیە جارێكی تریش وەك هەمیشە جەخت لەسەر داواكاری ڕەوای خەڵكی كوردستان دەكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ چیدی پرسی قەرەبوو كردنەوەی زیان لێكەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوو دوا نەخات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بەم ئەركە یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت و لە هەمان كاتدا زەمانەتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە مەرگەساتانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نابێتەوە. نەمریی بۆ شەهیدانی جینۆساید و سەرجەم شەهیدانی كوردستان سەربەرزى بۆ خانەوادەکانیان                                                 وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان                                                                           14/4/2021

هاوڵاتى بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان رایگەیاند ئاستى ئاوى بەنداوەکە بەراورد بە ساڵانى رابردوو کەمترە، پێویستە بەخێرایی رێوشوێن بگیرێتەبەر، دەشڵێت، "بۆ ئەمساڵ نیوەى ساڵى رابردوو ئاو بەردەدەینەوە." رەحمان خانى، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئەمڕۆ چوارشەممە 14-4-2021، لە كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "پلانى بەردانەوەى ئاو لە پێنج مانگى ئایندەدا جێبەجێدەکرێت و بۆ ئەمساڵ نیوەى ساڵى رابردوو ئاو بەردەدەینەوە". باسى لەوەشکرد، سەربارى کەمبوونەوەى ئاو، ئاوێکى زۆر بەفیڕۆ دەڕوات بەهۆى گۆڕینى رێڕەوى سروشتى ئاوەکە لە روبارى سیروان لەلایەن ئەو کارگانەوەی کە لەسەر رۆخى روبارەکەوە کاردەکەن . لەبارەی پلانی ئەمساڵیشەوە رایگەیاند، "بۆ ئەمساڵ تەنها جەختیان لەسەر دابینکردنى ئاوى خواردنەوە و لەناونەچوونى باخ و دارستانەکانە." بەنداوی دەربەندیخان یەکێکە لە دوو بەنداوە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان و ئێستا بەنداوەکە ملیارێک و 200 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى تێدایە، کە بەشێکى بە ئاستى مردوو دادەنرێت و بەهۆى قوڕولیتەوە ناتوانرێت سودى لێببینرێت.

هاوڵاتى سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌په‌رله‌مانی كوردستان رایگەیاند  پارتی و یه‌كێتی ده‌بێت داوای لێبوودن له‌خه‌ڵك بكه‌ن كه‌ نه‌وتی ئه‌م وڵاته‌ فه‌رهوود ده‌كه‌ن". كازم فاروق، سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 14-4-2021،  لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا له‌باره‌ی ڕێگریكردن له‌چوونه‌ نێو په‌رله‌‌مان له‌كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا  وتی " پارتی و یه‌كێتی ده‌بێت داوای لێبوودن له‌خه‌ڵك بكه‌ن كه‌ نه‌وتی ئه‌م وڵاته‌ فه‌رهوود ده‌كه‌ن" جارێكی دیكه‌ ڕێگریی له‌ كازم فاروق، سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ كرا بچێته‌وه‌ نێو په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌ویش هۆشداریده‌داته‌ پارتی و یه‌كێتی. وتیشی، "ده‌بێت ئه‌و دوو هێزه‌ له‌سه‌ر 31ی ئاب و 16ی ئۆكتۆبه‌ر داوای لێبووردن بكه‌ن و من تا قیامه‌ت داوای لێبووردن ناكه‌م".  کۆبوونەوەى 31ئازاری پەرلەمانى کوردستان گرژى و مشتومڕى توندى بەخۆوە بینى، بەهۆى قسەى بەشێک لە پەرلەمانتاران لەسەر حکومەت و پرسی لێبڕینى موچە.      

هاوڵاتى سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند  هەوڵدەدات ئەنبار لە روی ئاوەدانکردنەوەدا هاوشێوەی هەرێمی کوردستان لێبکات. هاوکات دەشڵێت، "گرووپە چەکدارەکان لە دەوڵەت مووچە وەردەگرن و بە ئۆتۆمبێلی حەشدی شەعبی نمایش دەکەن".  محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 14-4-2021، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، "دامەزراندنی هەرێمی ئەنبار نەخراوەتەڕوو، بەڵام ئایا هەرێمەکان دەستوورین یاخود نادەستوورین؟ ئەو هێزە سیاسیەی دەستووریان نووسیوەتە ئێستا رێگە لە هەر پارێزگایەک دەگرن کە داوای هەرێم بوون دەکات، هەرێمبوون بابەتێکی دەستوورییە، هەرێمیش کاریگەری ناکاتە بەوەی بەغدا ناوەند بێت. سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختلەوەدەکاتەوە، "بیرۆکەی هەرێم لە ئەنبار نییە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئەنبار و هەر پارێزگاکایەکی دیکە سازش لەسەر ئەو مافەیان بکەن، ئەگەر ناوەند نەتوانێت خزمەتگوزارییان بۆ رێکبخات. ئەمڕۆ بەسرە داوای هەرێم دەکات. ئەو سۆنگەی هەرێمی بەسرە قبووڵە، بەڵام ئەگەر بەیانی سەلاحەددین داوای هەرێم بکات، ئەوا دەڵێن نەخێر و رێگری لێدەکرێت، دەگوترێت ئەمە لە دەرەوە پشتیوانی دەکرێت، ئەگەر وابێت بۆچی لە پارێزگاکایەک پشتیوانی دەرەوەی لێدەکرێت لە پارێزگاکای دیکە لێی ناکرێت". لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا حەلبووسی دەڵێت، "هەرێمەکان لە عێراق ئەوکات دروستدەبن، کە عێراق لە دۆخێکی باش بێت، نەک لەنێو کێشە و گرفت بێت. من دژی هەرێم نیم بەڵکو لەوکاتەدا لەگەڵی نیم، بەڵکو لەگەڵ ئەوەم کاتێک عێراق سەقامگیربوو، هەرێم دروستبکرێت".   سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند، دەیانەوێت پارێزگای ئەنبار لە رووی ئاوەدانکردنەوەی بگەیێننە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان.  سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، دەسەڵاتی خۆی بەکارهێناوە بۆ دواخستنی لێپرسینەوە لەگەڵ د. عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی، بەهۆی ئەوەی عێراق لە دانوستاندن بووە لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و نێوەندە جیهانییەکان. حەلبووسی پێیوایە زۆری لێرسپینەوە پێوەری سەرکەوتنی پەرلەمان نییە، هاوکات دەشڵێت، سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئاستەنگ لە بەردەم هیچ لێپرسینەوەیەک دروستناکات. سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی لە کاژێر 1ـی دواینیوەڕۆ بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە بەیانییەکەی پەرلەمانتاران سەرقاڵن بەوەی بەدواداچوون بۆ کاری هاووڵاتیان دەکەن لە سەردانی فەرمانگەکان. هاوکات دەپرسێت، "کەی بۆچی کەس رەخنە لەوە ناگرێت کاژێر 4 کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچن، لەکاتێکدا کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کاژێر 1ـی دواینیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت". هەر لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد، گرووپە چەکدارەکان مووچە لە دەوڵەت وەردەگرن و بە ئۆتۆمبێلەکانی حەشدی شەعبیش نمایش دەکەن. ئەگەر ئەمانە سەر بە حەشدی شەعبین ئەوا پێویستە حەشد لێپرسینەوە دەستگیریان بکات، ئەگەرنا دەبێت مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات.  

هاوڵاتى سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند  رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە پیلانی بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستانی داڕشت و دةلَيَت "هێشتا‌  هەرێمی کوردستان پێویستیان بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە". مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی رایگەیاندووە "داعش بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەت بەهۆی توانای پەڕینەوەی چەکدارەکانی لە سنوورەکان و دزەکردنیان بۆ ناو خاکی عێراق". مەسرور بارزانی  راشیگەیاندووە " شانە تیرۆریستییەکەی داعش لە کەمپی هۆل لە سووریاوە، پیلانی بۆ بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان ئامادەکردبوو". سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پێویستی هەرێمی کوردستان و عێراق بە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش کردووەتەوە و رایگەیاندووە: بۆ دڵنیابوون لە شکستپێهێنانی یەکجاریی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، هێشتا‌ عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە. مەسرور بارزانی داوای لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش کردووە مەترسی و هەڕەشەکانی داعش بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و دەرەوە، بەجددی وەربگرن.

هاوڵاتى جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند هیچ لایەنێكی سیاسی پێی خۆش نییە لێبڕینی مووچە هەبێت، بە تایبەتیش  بۆ مووچەی سێ مانگی رابردووهەرێمی کوردستان چاوەڕێی پابەندبوونی حکوومەتی عێراقە بە یاسای بودجە. ئەمڕۆ چوارشەممە 14-4-2021، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا راگەیاند " دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان تایبەتە بە ساڵوەگەڕی کارەساتی ئەنفال و تێیدا ”بە ئامادەبوونی لایەنی حکوومەت، باسی پرۆژەکانی گەرمیان دەکەین“. هێمن هەورامی لەبارەی گەیشتنی راپۆرتی چاکسازیی حکوومەت، رایگەیاند" راپۆرتی دووەمی چاكسازیی حکوومەت ”لەم دوو سێ ڕۆژە“ دەگاتە پەرلەمانی كوردستان، کە راپۆرتێکی جیاواز دەبێت لە راپۆرتەكانی دیكە، چونكە زیاتر تیشک دەخاتە سەر داتاکان لەبارەی جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی چاكسازی". جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی یاسای بودجەوە، وتی" حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكی بە یاسای بودجەی عێراق راگەیاندووە، ”چاوەڕێ دەكەین بزانین حكوومەتی عێراق لە ماوەی 20 رۆژی داهاتوودا پابەند دەبێت یان نا، بە تایبەتیش بۆ مووچەی سێ مانگی رابردوو“. هێمن هەورامی جەختی لەوە کردەوە، کە هیچ لایەنێكی سیاسی پێی خۆش نییە لێبڕینی مووچە هەبێت،  بەڵام ”چاوەڕێی حکوومەتی عێراق دەکەین“ بۆ پابەندبوون بە یاسای بودجە و تاچەند بەغدا پابەند دەبێت بەو پارەییەی بەپێی یاساکە دەبێ بینێرێت.

هاوڵاتى وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هیچ بنكەیەكی هەواڵگری ئیسرائیلی لە هەرێمی كوردستاندا بونی نیە تا كرابێتە ئامانج . جوتیار عادل ئەوەشی دوپاتكردۆتەوە " ژمارەیەک میدیای ناوچەکە، ھەواڵێکیان بڵاو کردووەتەوە کە گوایە بنکەیەکی ناوەندی زانیاری و چالاکی دەزگایەکی ھەواڵگری ئیسرائیلی لە ھەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج و چەند کارمەندێکی ئەو بنکەیە کوژراون و بریندار بوون "ئەو هەواڵانە دورن لە راستیەوە". دەقی روونکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:- ژمارەیەک میدیای ناوچەکە، ھەواڵێکیان بڵاو کردووەتەوە کە گوایە بنکەیەکی ناوەندی زانیاری و چالاکی دەزگایەکی ھەواڵگری ئیسرائیلی لە ھەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانج و چەند کارمەندێکی ئەو بنکەیە کوژراون و بریندار بوون. ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیێنین ئەو ھەواڵە سەرلەبەری دوورە لە ڕاستییەوە، هەروەک چۆن لە ڕابردووشدا چەندینجار ئەو جۆرە تۆمەتانەیان ئاراستە کردووین بەوەی بنکەیەکی دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیل لە کوردستانە، ئێمە پێمان وایە ئەو ھەواڵ و تۆمەتە بێ بنەمایانە مەبەستدارە و تەنیا ئامانجیان پیلانگێڕییە بەرامبەر بە ھەرێمەکەمان. د.جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

هاوڵاتى كەسوكاری ئەنفالكراوانداوا دەکەن ناسنامەی ئەو رووفاتانە دەستنیشانبکرێن کە لە ماوەی رابردوو دۆزراونەتەوە، هاوکات داوای هێنانەوەی روفاتەکانیان لە بیابانەکانی عێراق دەکەن و داواش دەکەن تاوانبارانی ئەنفال بدرێنە دادگا. ئەمڕۆ چوارشەممە 14-04-2021، 13 ساڵ بەسەر ناساندنی ئەنفال وەکو جینۆساید لە پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت. وەک بڕیاربوو لەبەر دۆخی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، تەنها ڕێوڕەسمی دانانی تاجەگوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتی ئەنفال بەڕێوەبچێت، به‌ڵام کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال، بەرامبەر بەبەرپرسانی ئامادەبووی ڕێوڕەسمەکە نیگەرانی خۆیان دەربڕی‌و نەیانهێشت مەراسیمی دانانی تاجە گوڵینە تەواوبکرێت‌و لەسەر فەرشی سوور بڕۆن.

هاوڵاتى   دوای 97 رۆژ لە لەندەن و چەند شارێکی تر هاوڵاتیان رێگەیان پێدراوە بچنەوە سەر شەقامەکان و لە ئێستاشدا ئاهەنگ دەگێڕن. ماڵپەڕە بەریتانەکان وێنەی شەوی رابردووی خەڵکی لەندەن و چەند شارێکی ترییان بڵاوکردەوە، کە دوای 97 رۆژ لە داخستنی زۆربەی شوێنەکان ئەمڕۆ بەڕووی خەڵکیدا کراونەتەوە. لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی بەریتانیا قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتینەی گشتی لە سەرتاسەری وڵات لە سەرەتای ئەمساڵدا راگەیاند و بڕیار وابوو تا ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵ بەردەوام بێت، کە ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی‌ ژماری توشبووان بە کۆرۆنا و زنجیرەی نوێی کۆرۆناوە بوو. لە سەرەتای مانگی ئازاردا ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بڕیاریداوە گۆڕانکاری لە رێگارەکانی رووبەڕوبوونەوەی کۆرۆنادا بکات، ئاماژە بەوەشکرابوو، لە یەکەم قۆناغدا دەرگای خوێندنگاکان دەکرێنەوە و قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی هەڵدەگیرێت

شاناز حەسەن كاتژمێر 11ی ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان لەبارەی یادی 33 ساڵەی ئەنفال  بۆ رەخساندنى هەلى كار و پێشەنگى بە كچ و كوڕى شەهیدان و ئەنفالكراوان، و گەڕاندنەوەى روفاتى قوربانیانى تاوانى ئەنفال بۆ هەرێمی كوردستان کۆدەبێتەوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 14-04-2021، 13 ساڵ بەسەر ناساندنی ئەنفال وەکو جینۆساید لە پەرلەمانی عێراق تێدەپەڕێت، بڕیارە پەرلەمانی کوردستان لە راپۆرتێکدا کە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەت بە کاروباری شاڵاوەکانی ئەنفال ئامادەکراوە، 19 داواکاری بخاتەڕوو.  محمد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی درایی و كاروباری ئابوری، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت" كاتژمێر 11ی ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان لەبارەی یادی 33 ساڵەی ئەنفال  بۆ رەخساندنى هەلى كار و پێشەنگى بە كچ و كوڕى شەهیدان و ئەنفالكراوان، و گەڕاندنەوەى روفاتى قوربانیانى تاوانى ئەنفال بۆ هەرێمی كوردستان کۆدەبێتەوە". ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد   داواکارییەکان لەبارەی نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بۆ ئەو ناوچانەن کە لە پرۆسەی ئەنفال زیانیان پێگەیشتووە، هەروەها دابەشکردنی زەوی و ئاسانکاری لە دابینکردنی هەلی کار بۆ کەسوکاری شەهیدا و ئەنفالکراوان دەبن. لە پرۆسەکەدا حكومەتى پێشووی عێراق، زیاتر لە 182 هەزار هاونیشتمانی شەهید و بێسەروشوێن كردن، هەروەها زیاتر لە 4500 گوندى هەرێمی كوردستان سووتێنران و لەگەڵ زەویدا تەخت كران، بەمەش بەشێكى گرنگى بنەماى ئابووریى باشووری كوردستان وێرانكرا، لە رووى كشتوكاڵ و ئاژەڵدارى و دارستان. ئەنفالی گەرمیان لە کۆتایی قۆناخی شاڵاوی سێیەمی ئەنفال بوو، بەڵام لە هەموو قۆناخەکانی دیکە کارەساتبارتر و زیانبەخشتر بوو، چونکە 70 بۆ 80 هەزار کەس تێیدا شەهید و بێسەروشوێن کران. پرۆسەکە ئەم ناوچانەی گرتەوە (دوزخورماتوو، کفری، کەلار، دەربەندیخان، چیاکانی قەرەداخ، تەکیە، چەمچەماڵ، قەرەهەنجیر، قادرکەرەم، سەنگاو، تیلەکۆ، پێباز و ئاغجەلەر). قۆناخی سێیەمی ئەنفال، لە 31ى ئادارى 1988 دەستیپێکرد و لە 14ى نیسانى 1988 گەرمیانیشی گرتەوە، تاوەکو 20ی نیسان بەردەوامبوو. نزیکەی 500 گوندی ئەم ناوچانەی گرتەوە، گوندەکانی گەرمیان تەخت کران و سوتێنران. تەنیا لە 14ی نیسانی 1988 حکومەتی ئەو کاتی عێراق نزیکەی 20 هەزار ژن و منداڵ و پیاوی لە هەردوو گوندی کوڵەجۆ و ملە سوورە کۆکردنەوە و بۆ شارەدێی قۆرەتووی رەوانەکردن و پاشان شوێنبزری کردن. ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە 14-04-2008 ئەنفالى وەکو جینۆساید ناساند. هەروەها دادگاى باڵاى تاوانەكانی عێراقیش لە 24-06-2007 ئەنفالى وەكو تاوانى جینۆساید ناساند. بەو پێیەش (عەلى حەسەن مەجید، هاشم حسین رەشید) سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا، سزای زیندانى هەتاهەتایش بەسەر کەسانی دیکە کە لە تاوانەکە بەشداربوون سەپێنرا.

هاوڵاتى ئه‌مڕۆ نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برێنت بە 64 دۆلار و 12 سه‌نت مامەڵەی پێوەده‌كرێت، هاوكات به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی ئه‌مریكاش بە 60 دۆلار و 65 سه‌نت مامەڵەی پێوەکرا. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ی نیسانی 2021، لەكاتی كردنەوەی بازاَڕ نرخی نەوت بەرەو بەرزبونەوە چوو و بە 64 دۆلار و 12 سه‌نت مامەڵەی پێوەده‌كرێت، هاوكات به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی ئه‌مریكاش بە 60 دۆلار و 65 سه‌نت مامەڵەی پێوەکرا. لە ساڵی 2020 خواست لەسەر نەوتی خاو بە رێژەی 30٪ دابەزی، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا، بەڵام لەگەڵ پەسه‌ندکردنی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا، نرخی نەوت بەرزبووەتەوە. ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ به‌جۆرێك چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ سه‌رو 60 دۆلاره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت.

  پ. دهۆك شەش مانگانە سەدان خێزانی ئاوارەی چیای شەنگال هیچ هاوكارییەكیان پێنەگەیشتووەو دەڵێن لەكارەساتداین، قایمقامیش دەڵێت:» هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین تا بەزووترین كات جارێكی تردەست بەدابەشكردنی هاوكاری مانگانە بۆ ئەو ئاوارانە بكرێت». عەڤدۆ قاسم، ئاوارەیەكی كەمپی سەردەشتە لەچیای شەنگال، نزیكەی حەوت ساڵە لەو كەمپە دەژیت بەهۆی وێرانكردنی خانووەكەی لەناحیەی گرعوزێری سەر بەقەزای شەنگال ناتوانێت بگەرێتەوە زێدی خۆی، بەهاوڵاتی وت: «هەر لەمانگی تشرینی یەكەمی 2020 تائێستا حكومەتی عێراق هاوكارییەكانی راگرتووە بەبیانووی ئەوەی دەبێت كەمپەكە چوڵ بكرێت». بەپێی بڕیارێک حكومەتی عێراق بەنیازە لەمساڵدا تەواوی كەمپەكانی نەینەواو شەنگال دابخات. عەڤدۆ قاسم ئاماژەی بەوەشكرد دۆخیان زۆر خراپە، وتیشی:»كەس لەئێمە ناپرسێت، هەموو شت لەسەر حسابی خۆمان دەكڕین، ئاوارەكانی دهۆك و ناوچەكانی تر مانگانە هەموو جۆرە هاوكارییەك وەردەگرن، بەڵام بۆ ئێمە هیچ شتێك ناكرێت، ئەگەر هاوكاریمان نەكرێت كارەسات روودەدات». بەڕێوەبەری كەمپی سەردەشت لەچیای شەنگال پێیوابوو حكومەتی عێراق بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەئاوارەكان دەڵێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆتان، بۆیە هەموو هاوكارییەكانی راگرتووە. عەلی شەعبۆ، بەڕێوەبەری كەمپی سەردەشت لەچیای شەنگال بەهاوڵاتی وت: «دوای ئەوەی حكومەتی عێراق بڕیاریدا بەداخستنی ژمارەیەك كەمپ لەسنوری پارێزگای نەینەوا، كەمپی سەردەشتیان لەلای خۆیان داخستووە، هەر لەمانگی تشرینی یەكەمی 2020 هاوكاری مانگانەی راگرتووە». ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو حكومەتی عیراق دوو جار مافی ئاوارەكانی چیای شەنگالی پێشێل كردووە جارێك كەمپەكەی لەدەرەوەی خواستی ئاوارەكان داخستووە، كەهێشتا (550) خێزان لەكەمپی سەردەشت دەژین، جاری دووەم هێشتا ئاوارەن و هاوكاریی مانگانەیان لێبڕاوە. عەلی شەعبۆ ئەوەشی دووپاتكردەوە كەحكومەتی عێراق بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ بەئاوارەكان دەڵێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆتان، هەربۆیە هەموو هاوكارییەكانی بۆ ئاوارەكان راگرتووە. بەشێكی زۆری هاووڵاتیانی ئاوارەی ئێزیدی لەسەروبەندی هێرشەكانی داعش روویانكردە چیای شەنگال و هێشتا سەدان خێزان لەدوو كەمپی ئەو سنورەدا ماون، كەمپی چیای شەنگال زیاتر لەدوو هەزارو كەمپی سەردەشت زیاتر لەهەزار خێزانی تێدا دەژین. قایمقامی ناوەندی قەزای شەنگال دەڵێت هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی هاوكاری پێویست بگەیەننە ئەو خێزانانە. فەهد حامد، قایمقامی ناوەندی قەزای شەنگال بەهاوڵاتی وت» لەنزیكەوە ئاگاداری كێشەو گیروفتەكانی ئاوارەكانی چیای شەنگالین و داواكاری و كێشەكانی ئەوانمان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، بەڵام بەداخەوە تائێستا هاوكاری بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەش نەكراون، ئێمە بەردەوام داوا لەڕێكخراوەكانی ناوخۆو بیانی دەكەین كەهاوكارییەكانی خۆیان بگەیەننە چیای شەنگال، چونكە ئەوان لەبارودوخێكی زۆر خراپدا دەژین». قایمقامی ناوەندی شەنگال جەختی لەوەشكردەوە كەئەو ئاوارانەی ئێستا لەچیای شەنگال دەژین زۆرینەیان لەبەر وێرانبوونی خانووەكانیان ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، وتیشی:» چۆن ئاوارەكانی ناوچەكانی تر هاوكاری مانگانە وەردەگرن، بەهەمان شێوە دەبێت پێداویستییەكان بگەیەنرێتە ئاوارەكانی چیای شەنگالیش»

  هەڵۆ سەربەست   سوپای توركیا لەڕۆژئاڤای كوردستان چەند رۆژێكە هێرشەكانی چڕكردووەتەوەو بەردەوام لەڕێگەی تۆپ و فڕۆكەوە بۆردومانی گوندو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەكات و ئەوانیش بەتوندی وەڵامیان دەدەنەوە. بەپێی ئاژانسە هەواڵییەكانی رۆژئاڤا، تەنیا لەهەفتەی ڕابردوودا (11) هاووڵاتی كوژراون و (20)ی تریش برینداربوون. بەپێی هەواڵەكانی ئەو ئاژانسانە بەرەبەیانی رۆژی پێنجەشەممە لەكاتژمێر 2.30 خولەكدا سوپای توركیا هێرشی كردووەتە سەر گوندی سەیدا لەگرێ سپی و شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) وەڵامی هێرشەكەیان داوەتەوەو شەڕێكی توند لەنێوان هەردولادا روویداوەو دواتر هێرشەكە تێكشكێندراوە. دوای تێكشكانی هێرشەكەش سوپای توركیا بەهاوەن بۆردومانی ناوەندی گرێ سپی و رێگای (ئێم-4)ی كردووەو لەبەرەبەیانی رۆژی دواتریشدا تۆپبارانی ناوچەی شەهبایان كردووەو ئێوارەكەشی گوندەكانی ئاقدێ و بێنێ-ی ناوچەی شێراواو گوندی تەنانێ-ی شەهبای سەر بەكانتۆنی عەفرینیان تۆپباران كرد. ئەم هێرشانەی توركیا لەكاتێكدایە بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی هاوار لەمانگی 11ی 2020وە توركیا لەدەوروبەری گرێ سپی و بەتایبەتی لەسەر رێگای (ئێم-4)ی كانتۆنی كۆبانێ، لەگوندەكانی خالدیە، مەلیك، هۆشان، مەشرفە و سەیدێ، پێنج بارەگای سەربازییان دروست كردووەو زۆر كات وەك خاڵی دەستپێكی هێرشەكانیان بەكاریدەهێنن. لەئێستاشدا هێزەكانی توركیا بەدرێژایی شەش كیلۆمەترو بەرامبەر رێگای (ئێم- 4) دەستیانكردووە بەلێدانی كەندێ‌ (خەندەق) و دەیانەوێت رێگاكە ببڕن. شارەزایانی سەربازیی و چاودێرانی دۆخی ناوچەكە دەڵین، ئامانجی توركیا لەهەڵكەندنی ئەو كەندڕە گەمارۆدانی گرێ سپییە، تا لەداهاتوودا پەلاماری بدات، بەئاماژەی ئەوەی لەگەڵ دەستكردن بەهەڵكەندنی كەندڕەكەدا دەستیكردووە بەناردنی چەكی قورس بۆ ئەو ناوچانە. لەلایەكی تریشەوە توركیا بۆ پتەوكردنی پێگەكانی خۆی لە تەل تەمر، دەستیكردووە بەلێدانی خەندەق و بەرزكردنەوەی ساترە خۆڵینەكان. لەوبارەیەوە ماڵپەڕی (خەبەر 24) بڵاویكردەوە كەهێزەكانی توركیا دوو ساتری جیا لەیەكیان بەرزكردووەتەوە، یەكەمیان لەباكوری رۆژئاوای ناحیەی زركان كەدەكەوێتە ناوچەكانی ژێردەستی توركیاو گروپە هاوپەیمانەكانی و لەسنوری توركیاوە لەنزیك گوندی (باب الفرج)ەوە دەستپێدەكات و ماوەی نێوان ساترەكە و ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤا نزیكەی چوار كیلۆمەتر دەبێت، ساتری دووەمیش لەگوندی (السفح)ەوە بەرەو رۆژئاوا لێدەدرێت. هاوكات روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ راپۆرتێكی دەربارەی دۆخی عفرین و چالاكییەكانی توركیا لەو ناوچەیە بڵاوكردەوەو رایگەیاند، سوپای توركیا، هەموو رۆژێك لەعەفرین مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات. بەپێی راپۆرتەكە، لەمانگی ئازاردا، سوپای توركیا زیاتر لە (21) هاووڵاتی مەدەنییان لەشاری عەفرین و ناوچەكانی مابەتا، جندرێس، شێراواو راجۆ رفاندووە كەحەوت كەسیان ژنن و تائێستا چارەنووسی (14) كەسیان نادیارە. روانگەی سوری لەڕاپۆرتەكەیدا ئەوەشی ئاشكرا كردووە، تاوانەكان لەعەفرین بەتەنیا لەلایەن سوپای نیشتیمانی ئەنجامنادرێن، بەڵكو ئەنجومەن و دەستەی مەدەنیش تاوان ئەنجامدەدەن. سەرچاوەیەكیش لەعەفرینەوە بەڕوانگەی سوری راگەیاندووە، ئەنجومەنی هەرێمیی سەر بەسوپاو حكومەتی توركیا، بەڵگەكانی ئاژانسی حكومەتی سوریای رەتكردوەتەوە، كە بەپێی ئەو بەڵگانە، ئەو كەسانەی لەدەرەوەی عەفرینن جا چ ئاوارەبوون یان كۆچیان كردووە یاخود بۆ كارێكی تر چوونەتە دەرەوەی شارەكە، دەتوانن موڵكەكانیان بدەن بەخزمەكانیان و ئەوان سودیان لێببینن تا خۆیان دەگەڕێنەوە، بەڵام روانگەكە ئاشكرایكردووە كە ئەنجومەنەكە هەندێك بڕیار بەسەر دانیشتواندا دەسەپێنێت تا ئەو بەڵگانە هەڵبوەشێننەوە بۆ ئەوەی قبوڵ نەكرێن. بەوەش خزمانی ئەو كەسانەی كۆچیان كردووە یان ئاوارەبوون ناتوانن موڵك و زەوی كۆچبەرەكان بەكاربهێنن، ئامانجی ئەنجومەنەكەش لەو كارە ئەوەیە كە لەو بارەدا زەوییەكان بێخاوەن دەمێننەوەو بەوشیوەیەش هەموویان دەكەونە خزمەتی ئەنجومەنەكەو لەلایەن ئەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و بەكاردەهێندریت. راپۆرتەكەی روانگەی سوری باس لەداگیركردن و وێرانكردنی زەوی كشتوكاڵیی و باخە زەیتونەكانی ناوچەكە دەكات لەلایەن سوپای توركیا و گروپە چەكدارییە هاوپەیمانەكانیەوەو ئاشكرایكردووە كەچەكدارانی گروپی (سقور الشام)ی سەر بەتوركیا لەگوندی قزلباشی سەر بەناوچەی بلبلی عەفرین، زیاتر لە (400) داری زەیتونی هاووڵاتییەكیان بڕیوەتەوەو لەلایەكی دیكەوە نووسینگەی ئابوریی سەر بەگروپی (سوڵتان موراد) دەستی بەسەر نزیكی (60) باخی دار زەیتونی هاووڵاتیانی هەرێمی مەیدانكێی سەر بەناوچەی شەرادا گرتووەو هاوكات لەناوچەی شیێ، چەكدارەكانی (فرقەی سولەیمان شام لە ئەلئەمشەت) دەستیان بەسەر زەوییەكی زۆری كشتوكاڵیدا گرتووەو داگیریان كردوون. روانگەی سوری لەكۆتایی راپۆرتەكەیدا نووسیویەتی:»پێشێلكارییەكان لە ناوچەكانی دیكەی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی توركەوە بەردەوامە، گروپە چەكدارییەكان هەموو یاسایەكی نێودەوڵەتی پێشێل دەكەن و هیچ هەوڵێكیش بۆ راوەستاندنی پێشێلكاریەكان لەبەرامبەر خەڵكی سوریا نادرێت.» رۆژی شەممەش چەكدارەكانی (بەرەی شام) كە یەكێكە لەهاوپەیمانە نزیكەكانی توركیا  دوو كەسی گوندی زیارای ناوچەی شێراوای عەفرینیان لەناوچەی عەزاز رفاند بەناوەكانی ماهیر خالید ئوسۆ تەمەن (20) ساڵ و موستەفا عەباس ئەحمەد تەمەن (22) ساڵ