هاوڵاتى وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان رایگەیاند، ئەگەر عێراق بودجە نەنێرێت، پێدانی مووچە هاوشێوەی مانگی رابردوو بە لێبڕینی 21% دەبێت. ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان رایگەیاند، لێبڕینی مووچە بەردەوام دەبێت و مووچە هاوشێوەی مانگی رابردوو بە لێبڕینی 21% دابەش دەکرێت. ئەمڕۆ شاندی دانوستاندنكاری حكومە‌تی ھە‌رێمی کوردستان بە ‌سە‌رۆكایە‌تی، قوباد تاڵە‌بانی لە‌گە‌ڵ سە‌رۆكایە‌تی پە‌رلە‌مان و سە‌رۆكی فراكسیۆنە‌كان و لیژنە‌کانی دارایی و وزە و سامانە سرووشتییەکان کۆبوونەوە. لەبارەی چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانەوە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ناتوانن بەبێ لێبڕین مووجە دابەش بکەن چونکە ئەو بودجەیەی بەغدا دەینێرێت، بەشی مووچەی 682 هەزار فەرمانبەر دەکات، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزار فەرمانبەری هەیە. وەزیری دارایی وتوویەتی، لێبڕینی مووچە هاوشێوەی مانگەکانی رابردوو بەردەوام دەبێت و لەهەمانکاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوادەی خۆیدا و بە لیبڕینی 21% مووچە دابەشدەکات.

لاڤین مەحمود سەرەڕای ئەوەی داوای (107) كەسی پزیشكی كراوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، لەئێستادا (52) كەسیان یەكلاكراونەتەوە، ئەمیداری گشتی وەزارەت دەڵێت:» دامەزراندنەكان بەگرێبەستەو بەمووچەی مانگانەی (500) هەزار دینار دەبێت». لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «وەزارەتی پێشمەرگە داوای كردووە  لەحكومەت  بۆ دابینكردنی بەشێك لەكارمەندی پزیشكی داواكرا لەخەڵك تەقدیمی بكەن بەمەبەستی وەرگرتنیان، بەشێكی زۆر لەخەڵك تەقدیمی كردووەو بەڕێوبەرایەتی پزیشكی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە هەڵیبژاردوون». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد پاش ئەوەی ناوەكان چووە ئەنجومەنی وەزیران و رەزامەندی پێدرا، بەڕێوەبەرایەتی پزیشكی لەوەزارەتی پێشمەرگە لیژنەیەكیان پێكهێناوە لەڕێگەی ئەو لیژنەیەوە ئەو كەسانەی پێشكەشیان كردووە لێیان هەڵبژێردراوە، دواتر نێردراوە بۆ وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر داوە. سەبارەت بەو دەنگۆیانەی كە باس لەوەدەكرێت پارتی بەشێكی زۆری خۆی دامەزراندووە، لیوا قارەمان وتی: « نەخێر شتی وانیە تیایدا نەنووسراوە ئەمە یەكێتییەو ئەمە پارتییە، ناوەكان بەرزكراوەتەوە هەندێكی هاتۆتەوەو هەندێكی نەهاتۆتەوە، نەخۆشخانەكە نەخۆشخانەیەكی نوێیەو پێویستی بەو كادرانەیە كەئێمە ناردوومانن.» نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لەسەر ئەركی حكومەتی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە دروستكراوەو یەكێكە لەگرنگترین ئەو پڕۆژانەی، كەحكومەتی ئەڵمانیای فیدڕاڵ وەك دیاری پێشكەش بەوەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە، لەیەكی ئازاری ئەمساڵدا بەفەرمی لەهەولێر كراوەتەوە. جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت: « تائێستا هیچ دامەزراندنێك نەهاتووە، تەنها وەزارەتی پێشمەرگە داوای كردووە، ئەویش پزیشك نا یاریدەدەری پزیشكی بۆ دامەزرێنن بۆ نەخۆشخانەی وەزارەتی پێشمەرگە». ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەشی روونكردەوە كە ئەو یاریدەدەری پزیشكیانە بەگرێبەست دامەزراون و مانگانە بەمووچەی (500) هەزار دینار دەوام دەكەن «ناوی نزیكەی (52) كەسیان هاتۆتەوە، چاوەڕێی وەجبەی دووەمیان دەكەین بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە دایاندەمەزرێنین».

پ.دهۆك لەسنوری پارێزگای دهۆك رێژەی توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدارو بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن لەسەدا 60%ی هاووڵاتیان رێنماییەكانی تەندروستی جێبەجێ ناكەن. وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی رۆژانە ئامارەكانی تووشبوون و گیانلەدەستدان و چاكبوونەوە بەڤایرۆسی كۆرۆنا رادەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا داوای خۆپاراستن و جێبەجێكردنی رێنماییەكان دەكات. دكتۆر فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری كاروباری خۆپاراستنی دهۆك لەلێدوانێكدا  بەهاوڵاتی وت:»ئێمە رۆژانە سێ بۆ چوار هەزار پشكنینی كۆرۆنا بۆ خەڵك دەكەین، ئەگەر بەراوردی بكەین بەناوچەكانی تر بەتایبەت سلێمانی رێژەكەی ئێمە دوو ئەوەندە زیاترە». ناوبراو پێشیوابوو زیادبوونی رێژەی تووشبوون بەكۆرۆنا لەدهۆك پەیوەندی بەژمارەی زۆری پشكنینەوە هەیەو لەگەڵ ئەوەشدا پاپەندنەبوونی هاووڵاتیانیشی بەهۆكارێكی دیكە دانا بۆ زۆربوونی تووشبووان بەكۆرۆنا. دكتۆر فەرهاد ئیسماعیل وتیشی» ئێستا لەشەپۆلی دووەمی كۆرۆناداین، ئەگەر هاووڵاتیان پاپەند نەبن رێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدانیش هێشتا زیاتر دەبێت». بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی لەماوەی هەفتەی رابردوو لەیەكی نیسان تا 10 نیسان سێ هەزار و (901) كەس تووشی كۆرۆنا بوون لەپارێزگای دهۆك و (40) كەسیش گیانیان لەدەستداوە. بەڕێوەبەری نەخۆشییە گواستراونەكان لەدهۆك دەڵێت لەسەدا 60%ی هاووڵاتیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان نابن. سەگڤان حەسەن عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشییە گواستراوەكان لەدهۆك بەهاوڵاتی وت:» لەمانگی ئادار بەتایبەت لەڕۆژانی جەژن لەسەدا98 %ی خەڵك پێگیر نەبوون بە رێنماییەكانی تەندروستی، ئێستاش لەسەدا 60٪ی دانیشتووانی پارێزگای دهۆك بەتەواوی رێنماییەكان جێبەجێ ناكەن». بەڕێوەبەری نەخۆشییە گواستراوەكان لەدهۆك ئاماژەی بەوەشكرد ئێستا سەنتەری نەخۆشخانەی (50) قەرەوێڵەیی (كۆڤید 19)و نەخۆشخانەی لالاف ئەویش (100) قەڕەوێڵەیی و نەخۆشخانەی هاوارهاتنی زاخۆو بەشێك لەنەخۆشخانەی گوڵان لەئاكرێ ، ئەمانە تایبەتن بەنەخۆشی كۆرۆنا. هاوكات، سەگڤان حەسەن ئەوەشی خستەروو (70) تا (80)  تووشبووی كۆرۆنایان لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدایە، وتیشی:»تائێستا نەگیشتووینەتە رادەیەكی زۆر مەترسیدار، بارودۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵی ئێمەدایە، ئەگەر ناچاربین ئەوكات بەشێك لەنەخۆشخانەی گشتیی ئازادی لەناوەندی دهۆك بۆ تووشبووانی كۆرۆنا ئامادە دەكەین». «قەدەغەی تەواوەتی زۆر باشە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی تووشبوون بەكۆرۆنا، بەڵام لەعێراق و كوردستان زەحمەتە جارێكی تر قەدەغەی تەواوەتی رابگەیەنرێت، ئەوەش بەهۆی دۆخی دارایی و بژێویی خەڵك، پێشنیارمان كردووە شەوانی رەمەزان بكرێتە قەدەغەی هاتوچۆ چونكە دوای بەربانگ قەرەباڵغییەكی زۆر دروستدەبێت بەتایبەت لەناو بازاڕدا» سەگڤان حەسەن وای وت. سەگڤان حەسەن رەتیكردەوە كە بەرزبوونەوەی ئاماری كۆرۆنا بەهۆی ئەو كەسانەوە بێت كە لەدەرگای نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل دێنە دهۆك، وتیشی: «هەركەسێك لەدەروازەكە بێتە ناو دهۆك پشكنینی كۆرۆنای بۆدەكرێت، بەرزبوونەوەی ئامارەكان هیچ پەیوەندیی بەدەروازەكەوە نیە، زیاتر لەناو دانیشتووان بەخێراییەكی زۆر بڵاودەبێتەوە».

هاوڵاتى ئەمڕۆ شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنەکانی دارایی، وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.  بڕیارە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 12-04-2021 شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکەن لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەی دارایی و لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە. شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکەن، پێکهاتوون لە هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، د.دارا رەشید، وەزیری پلاندانان، خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری نێوان هەردوو حکومەت، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، د. یوسف گۆران، لە نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران و د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، لە فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون.

هاوڵاتى وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان بڵاویکردەوە، پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگای هەولێر یەکێکە لە پرۆژەگەورەکان و لەتوانایدایە سێ هەزار کەس لە دەرچووان و دەستی کار بخاتە سەرکار. بێگەر تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم رایگەیاندووە، سەردانێکی مەیدانیان ئەنجامداوە بۆ پرۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگای هەولێر، کە دروستکردنی سایلۆکان لە ٪85ی کارەکانی تەواوبووە و بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکرێ کە بەرهەمی جوتیارانی ئەم ساڵ وەربگیرێت، ئەوەش هاتووە، "کارگەکانی ئارد و ساوەر و بروێش و عەلەفی حەیوانی دەواجن و مەعکەرۆنی لە هەمان پرۆژە لە ئاستێکی زۆرباشدا بونیادنراون". بێگەر تاڵەبانی نووسیوشییەتی، "ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پرۆژە هەرەگرنگەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان کە لەسەر رووبەری هەزار و 200 دۆنم زەویدایە". ئەوەشی خستووەتەڕوو،"20 سایلۆی گەورەی لە قۆناغی یەکەم لێدروستکراوە، کە هەر سایلۆیەک توانای هەڵگرتنی پێنج هەزار تەن گەنمی هەیە". راشیگەیاندووە، "ئەم پرۆژەیە لە توانایدایە سێ هەزار کەس لە دەرچووان و دەستی کار بخاتە سەرکار، کە لە مانگی حەوتدا یەکەم وەجبەی ئاردی خۆماڵی کارگەکانی ئەم پرۆژەیە دەکەوێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان".

هاوڵاتى وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند ئیسرائیل لە پشت هێرشە ئەلیکترۆنییەکەی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز بووە و وتی، بە زیاتر پەرەدان بە توانا ئەتۆمییەکانمان وەڵامی هێرشەکانیان دەدەینەوە. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دانیشتنێكی تایبەتدا لەگەڵ لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، رایگەیاندووە ئیسرائیل چەندینجار راشکاوانە رایگەیاندووە هەرگیز رێگەنادات سزاکانی سەر ئێران هەڵبگیرێن و ئێستاش بە کردنەئامانجی بنکەی ئەتۆمی نەتەنز ئەوان باوەڕیان وایە کە توانا ئەتۆمییەکانی ئێران لەناودەچن و بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون.   لەبارەی پەرەدان بە ئامێرەکانی بنکەکە زەریف گوتی: "دەبێت ئیسرائیل ئەوە بزانێت کە ئێران بە زیاتر پەرەدان بە توانا ئەتۆمییەکانی، وەڵامی هێرشەکە دەداتەوە". رۆژی یەکشەممە لەکاتی کارپێکردنی چەند سەنتەرفیوجێکی نوێ لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنزی ئێران، کێشە بۆ سیستەمی کارەبایی بنکەکە دروستبوو، ئێران سەرەتا گوتی رووداوێک لە بنکەکە روویداوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت هێرشی ئەلیکترۆنی کراوەتەسەر بنکەکە. نیویۆرک تایمز دەڵێت هێرشەکە زیانی بە سیستەمی ناوخۆیی بنکەکە گەیاندووە، کە وزە دەداتە ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەهۆیەوە لانی کەم پرۆسەی پیتاندنیی یۆرانیۆم 9 مانگ دوادەخات. هەروەها سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: ئیسرائیل چەندین جار هەڕەشەیان کردووە، ئەو ئامێرانە هەموویان جۆری ئای ئاڕ 1 بوون، دەبێت بزانن کە هەموو ئامێرەکان دەگۆڕدرێن، ئامێری پێشکەوتووتر دادەنێن. لەبارەی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی ڤییەننا کە لەنێوان ئێران و وڵاتانی 4+1 بوو، سەعید خەتیبزادە دەڵێت: پێشتریش گوتوومە کە ئەو گفتوگۆیانەی لە ڤییەننا دەکرێن لەبارەی چەکی ئەتۆمی نین، تەنیا باس لە هەڵگرتنی سزاکان دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئێوارەخوانێک لەگەڵ بەرپرسە سەربازییەکانی وڵاتەکەی هێرشی کردە سەر ئێران، گوتی، "شەڕی ئێران و گرووپە چەکدارییەکانی سەربە ئێران و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران ئەركێکی گەورەیە". سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش داوە: "زۆر ئەستەمە بتوانین قسە لەسەر ئەو سەرکەوتنانە بکەین کە لە ئیسرائیل بەدەستمان هێناون. جاران هێندە بێ دەسەڵات بووین وێنەی نەبوو؛ ئێستاش بووینەتە زلهێزێکی جیهان.   رۆژی شەممە 10-04-2021 بە بڕیاری حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران تێستی سێنتریفیوچ لە جۆری IR-9، کە جۆرێکی زۆر پێشکەوتووی سێنتریفیوچە و هەروەها ناوەندی مۆنتاژی نەوەی نوێی سێنتریفیوچ دەستی پێکرد.   دوای رۆژێک رێکخراوی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند، رووداوێک لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز، یەکێک لە بنکە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، روویداوە، بەڵام کوژراو و برینداری لێنەکەوتووەتەوە.   

هاوڵاتى وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند " لە رۆژی شەممە 17-04-2021 پرۆسەی خوێندن بەشێوازی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین لە ناوەندەکانی خوێندن لە قۆناغی 1ـی بنەڕەتی تاوەکو 11ـی ئامادەیی و پەیمانگەکانی وەزارەتی پەروەردە بەشێوەی ئیلزامی بەردەم دەبێت. ئەمڕۆ دووشەممە 12-04-2021 وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بە پەسندکردنی پلانی وەزارەتی پەروەردە لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا رایدەگەیێنێت: "پێش کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرز ئەگەر هەڵسەنگاندنی تەندروستی رێگە بدات خوێندنی ناو پۆل بەشێوازی تەناوب [بە نۆرە] دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئەگەر دۆخی تەندروستی رێگە نەدات تەنیا تاقیکردنەوەکانی وەرز لەسەر بنەمای خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین دەکرێن". دوێنێ کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕبوونەوەی کۆرۆنا جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، خوێندن لەسەرجەم قوتابخانە و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە رادەگیرێت و تەنیا بە رێگەی ئۆنلاین بەردەوام دەبێت. هەروەها پرۆسەی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەکخۆی [سیستەمی ئاوێتە] بەردەوام دەبێت.  لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا لەبارەی دەوامی پەیمانگەکان هاتووە: "ئەو قۆناخانەی پەیمانگەکان کە بابەتی پراکتیکیان هەیە لە حکومی و ناحکومی دەتوانن بابەتە پراکتیکییەکان بەگوێرەی خشتەیەکی تایبەت و بە رێنوێنیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەیمانگەکان لە ناو پەیمانگە بخوێنن".

  سازدانی: ماردین نورەدین ئەندامێكی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری كوردستان كە لەگەڵ سەرۆكی حزبەكەی بەشداریی كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كرد، وردەكاری كۆبوونەوەكەو گفتوگۆكان بۆ هاوڵاتی ئاشكرادەكات. فاروق عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵ لەم چاوپێكەوتنەیدا ئاماژە بەوە دەدات كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سزادانی گیراوانی بادیناندا نەبووە بەو شێوەیەو لەبارەی مووچەشەوە نێیچیرڤان بارزانی ئەوەی باسكردووە كە بۆ دەستكاریكردنی لێبڕینی مووچە یان نەهێشتنی چاوەڕێی جێبەجێكردنی یاسای بودجەو پلانی حكومەت دەكەین. ‌هاوڵاتی: ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی لایەنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم چی بوو؟ فاروق عەلی: كۆبوونەوەكە لەسەر بانگهێشتی سەرۆكایەتی هەرێم بوو بۆ بەرپرسی یەكەمی حزب و لایەنەكان، كۆبوونەوەكە بۆ پرس و راوێژ بوو لەسەر بارودۆخی ئێستای كوردستان و ئەو بارودۆخەی دۆخی كوردستانی تێدایە لەو پاشەكشە سیاسییەی كە لەبەرامبەر بەغدا سەنگ و قورسایی و پێگەی نەماوە، ئەو هۆكارانەی وای لێكردووە كە بەو شێوازە بێت سەنگ و قورسایی نەمێنێت، بێگومان ئەوەش بۆ كاریگەریی خراپ ئیدارەدانی ئەم هەرێمە دەگەڕێتەوە كە لەلایەن پارتی و یەكێتی ئیدارە دراوە  بەشێوازێكیش ئیدارەیان داوە كە سەنگ و قورسایی نەمێنێت.  قسەكردن بوو لەسەر رێكکەوتننامەی تێپەڕاندنی یاسای بودجەی حكومەتی ناوەندی و پشكی هەرێی كوردستان تێیداو چۆنیەتی پابەندبوونی كوردستان و بەغدا بەو رێكکەوتننامەیەوە، ئەم رێکكەوتننامەیە كاتێك سودی دەبێت كاتێك كاریگەری لەسەر ژیانی خەڵكی بەجێبهێڵێت، ئەو بڕینی مووچەو پاشەكەوتی مووچە چی تر كۆتایی پێبهێنرێت، كەمكردنەوەی باج و زەریبە بەناوی ئەو باج و زەریبەیەی كە لەهاووڵاتیان وەردەگیرێت، لەخاوەن كۆمپانیاكان و وەبەرهێنەرەكان وەردەگیرێت لەهەرێمی كوردستان، لەمەرزەكان كەلوپەل بەقاچاخ دەهێنرێت، خاوەن كارگەكان زەرەری لێدەكەن، دەبێت ئەمە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان چارەسەری بكەن، خاڵێكی دیكەش كە قسەو باسی لەسەركرا رۆژنامەنووسەكانی بادینان بوو كەهەموو لایەكی نیگەران كرد، بەشێوەیەكی نادادگەرانە دادگای كران، هیچ دادگاییەك نەبووە، هیچ دۆسیەیەك نەبووە لەیەك دانیشتن دادگای بكرێت و سزایان بدرێت، دۆسیە هەبووە چوار ساڵ و پێنج ساڵی خایاندووە ئەو دۆسیەیە چۆن لەحاڵەتێكی ئاواوە یەكسەر یەكلایی كراوەتەوە ئەگەر بابەتەكە سیاسی نەبێت و لایەنداری نەبێت. هەروەها خاڵێكی دیكە كە قسەو باسی لەسەركرا رۆڵی خراپی سۆشیال میدیاو میدیاو میدیای سێبەرە، كە بەداخەوە بە پارەی زۆرو قووتی خەڵكی و هاووڵاتیان بەتایبەتی پارتە دەسەڵاتدارەكان لێشاوێكی زۆر لەمیدیایان خستۆتەگەڕ، میدیای سێبەریان خستۆتەگەڕ، كە ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاشتی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان، داڕمانی ئەخلاقی، ئەمەش پێویستی بەچارەسەرە، ماقوول نیە ئەو هەموو خەرجییە لەسۆشیال میدیا سەرف دەكەن لەبەرامبەر یەكتردا، ئەم لایەنە سیاسییانە تا توانیان شەڕی یەكتریان كرد لەشاخ، شەڕی ناوخۆیان كرد نەیانتوانی یەكتر لەناوبەرن، ئێستا بەسوكایەتی و بێڕێزیی و جوێندان لەسۆشیال میدیا بەیەكتر دەتوانن چی چارەسەر بكەن. هەروەها یەكێكی دیكە لەتەوەرە سەرەكییەكان بابەتی لابردنی پاشەكەوتی مووچەو كەمكردنەوەی مووچە بوو، ئامادەبووان داوایانكرد لەپێناو ئەوەی ئەم كۆبوونەوانە دەرەنجامیان هەبێت پێویستە لەسەر ئەرزی واقیع ئەم پێشنیارانە كاردانەوەیان هەبێت، خەڵك هەست بكات بەوەی كەكاریگەریی هەبووە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان، ئەگەر كاریگەرییان هەبوو دەكرێت ئەم كۆبوونەوانە بەگڕوتینێكی باشترەوە ئەنجامبدرێت،  ئەگەریش نا ئەوا مەحاڵە جارێكی كە كۆبوونەوە بكرێت لەسەر ئەرزی واقیع كاری لەسەر نەكرێت. هاوكات خاڵێكی دیكە كەبابەتی هەڵبژاردنەكان بوو، پرسی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و بەتایبەتی لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان، ئەگەر كورد یەك نەبێت و هەماهەنگ و هاوكار نەبێت نەتوانێت پێكەوە هاوكارو هەماهەنگ و هاوپەیمان بن، ئەوە لەوانەیە كورد  بەتەواوەتی پێگەی خۆی لەكەركوك لەدەستبدات، لەكاتێكدا كە هەڵوەشانەوەو رێكنەكەوتنەكان هەمووی لەپێناوی كەركوكدا بووە، بەهۆی كێشەكانی نێوان یەكێتی و پارتی خەریكە كەركوكیش لەدەست دەچێت و ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی هەمووی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندییەوە، ئەوەش وادەكات هەموو ئەو قوربانیانەی كەدراون لەماوەی ساڵەهای ساڵە بە زایە بچێت، بۆیە باشترە كەكێشە لاوەكییەكانی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكان بخاتە لاوەو بیر لەچارەسەری كێشەكان بكاتەوە بۆ ئەوەی بە تەبایی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات، بەتایبەتی لەو ناوچە جێناكۆكانە. هاوڵاتی: رێككەوتن بەیەك لیستی هاوپەیمانی لەناوچە جێناكۆكەكان بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن یان تەنیا قسەتان لەبارەوە كرد؟ فاروق عەلی: لەو رووەوە پێشنیار كرا كەزۆربەی زۆری ئامادەبووان قسەیان لەسەر ئەوەش كرد كە بەپلانێكی تۆكمەوە بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكرێت، بەڵام جێهێڵدراوە بۆ مەڵبەندەكانی ئەو سنورە و بۆ كۆبوونەوە لاوەكییەكان، لەو كۆبوونەوەیە تەنها ئاماژەی پێكراو وەك پرسێكی گرنگ راگۆڕینەوەی لەسەركرا، هێشتا بڕیاری لێنەدراوە. هاوڵاتی: بۆچی لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە هیچ راگەیەندراوێكی هاوبەشی لایەنەكان بڵاونەكرایەوە؟ ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ناتەبایی نێوان لایەنەكان یاخود هۆكاری دیكەی هەیە؟ فاروق عەلی: كۆبوونەوەكە كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری بوو، كۆبوونەوەیەك نەبوو كەبڕیاری لەسەربدرێت، بێگومان ناتەباییەكانیش هەبوون، لەسەر ئەوە ناكۆك بووین ئاخۆ كە لەو گلەیی و گازندانەی كە لەشێوازی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان كراوە لەكۆبوونەوەكەدا ئەگەر لەبەیاننامەكەدا جەرد دەكرێت بڵاودەكرێتەوە، ئەگەر جەرد ناكرێت ئەوا بەپێویستی نازانین. هاوڵاتی: هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سزادراوانی بادینان و پرسی مووچە چی بوو لەكۆبوونەوەكەدا وتی چی؟ فاروق عەلی: نێچیرڤان بارزانی لەبارەی سزادراوانی بادینان باسی لەوەكرد كەئەویش لەگەڵ ئەو جۆرە سزادانەدا نەبووە كە بەیەك جەلسەی دادگا سزادراون و لەگەڵ ئەوەدا بووە كەكاتی زیاتریان پێبدرێت. هەروەها لەبارەی مووچەوە مامۆستا عەلی باپیر باسی لەوەكرد كەچیتر ناكرێت خەڵك مووچەی لێببڕدرێت، ئەوە رێككەوتنی عێراق و هەرێم كراوە، نێچیرڤان بارزانی ئەوەی باسكرد كەئەوان چاوەڕێی جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەكەن لەلایەنی حكومەتی عێراقەوەو دواتر سەیری پلانی حكومەتی هەرێم دەكەن كە لێبڕین كۆتایی پێبهێندرێت یان دەستكاری بكرێت.

هاوڵاتى رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران دەڵێت، بنکەی ئەتۆمی نەتەنز لە باشووری تاران کراوەتە ئامانجی هێرشی "تیرۆریستی" و  بە مافی خۆیان دەزانن تۆڵەی "هێرشەکە" بکەنەوە. عەلی ئەکبەر ساڵحی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند، بە مافی خۆیان دەزانن تۆڵەی "هێرشەکە" بکەنەوە. لە راگەیێندراوێکدا، ساڵحی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەکات "رووبەڕووی هەوڵە تیرۆریستییەکان بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکان ببنەوە." میدیای ئیسرائیلیش لەزاری بەرپرسێکی هەواڵگریی رۆژئاواییەوە گواستیەوە کە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ناسراو بە مۆساد ئەنجامدەری "هێرش"ـەکەی سەر بنکەی ئەتۆمی نەتانز بووە و زیانی گەورەیشی بە پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بنکە ئەتۆمییەکە گەیاندووە.  سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش، هاوشێوەی زۆرجاری دیکە لەبارەی ئێران قسەیکرد. بنیامین نەتەنیاهوو لە ئێوارەخوانێکدا قسەیکرد و وتی، "زۆر ئەستەمە بتوانین قسە لەسەر ئەو سەرکەوتنانە بکەین کە لە ئیسرائیل بەدەستمان هێناون. جاران هێندە بێ دەسەڵات بووین وێنەی نەبوو؛ ئێستاش بووینەتە زلهێزێکی جیهان." سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی، "شەڕی دژی ئێران، شەڕەنگێزییەکانی و خۆپڕچەککردنی کارێکی ئێجگار گەورەیە". چەند رۆژێک پێش ئێستاش کەشتییەکی ئێرانی لەکەنداو هێرشیکرایەسەر. میدیای ئەمریکی بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان بڵاویکردەوە، ئیسرائیل دەستی لە هێرشی سەر کەشتییەکەی ئێران هەبووە؛ بەرپرسانی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، ئەو هێرشە لە تۆڵەی چەند هێرشێکی ئێران بووە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لە سنوورە ئاوییەکان. ئەمە یەکەمجار نییە بنکەی ئەتۆمی نەتەنز رووبەڕووی کێشە و هێرش دەبێتەوە. لە تەممووزی 2020 دا بڵاوبووەوە کە بنکە ئەتۆمییەکە ئاگری تێدا کەوتوەتەوە، میدیای ئەمریکی ئەو کاتە بڵاویکردەوە، ئەوەی روویداوە لە لایەن ئیسرائیلەوە بووە.  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای راپۆرتەکەی میدیای ئەمریکی هەڕەشەی تووندی لە هەر "لایەنێک" کرد دەستی لە ئاگرکەوتنەوەکەی نێو بنکەی ئەتۆمی نەتەنز هەبووبێت. دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز دەکەوێتە 320 کیلۆمەتر باشووری تاران و بەشێکی لەژێر زەویدایە.    

هاوڵاتى ‌ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم  رایگەیاند پێویستە هەموو موسوڵمانێك لەماڵەوە دەستنوێژ بگرێت و  نوێژی عیشا و تەراویح ماوەكەی نابێت لە 35 خولەك زیاتر بێت. وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێم  بە 13 خاڵ ئەو رێنماییانەیان بڵاوكردۆتەوە كە پێویستە لەناو مزگەوتەكاندا لەبەرچاو بگیرێت وەك رێگایەكی خۆپارێزی و رێگرتن لە بڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا هەر مزگەوتێكیش پابەند نەبێت دادەخرێت. ئەمڕۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووی كۆرۆنا كۆبووەوە و تێیدا بڕیار دراوە لەمانگی رەمەزاندا دەرگای مزگەوتەكان بەڕووی نوێژخوێنان بكرێنەوە، بەڵام بەچەند مەرج و رێنماییەكەوە و هەر مزگەوتێكیش پابەندی ئەو مەرجانەی نەبێت دادەخرێت. بەهۆی زۆربوونی حاڵەتەكانی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان، لەمانگی رابردووەوە دەرگای مزگەوتەكان و چەند شوێنێكی دیكە داخران.

هاوڵاتى ڕێکخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاشکرایده‌کات، له‌کۆبونه‌وه‌یاندا له‌گه‌ڵ پارتى‌و یه‌کێتى پێیانڕاگه‌یاندون، کۆتایى به‌قۆرخکارى بازار بهێنن‌، ده‌شڵێت:" ھه‌واڵى وه‌رگرتنى بودجه‌ یان بڕه‌ پاره‌یه‌ک له‌پارتى یان ھه‌ر حزبێکى سیاسیى دیکه‌، زانیارییه‌کى ناڕاست‌و بێبنه‌مایه‌" عومه‌ر سه‌ید عه‌لى ڕێکخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕایده‌گه‌یه‌نێت:"خه‌ڵکى کوردستان خه‌باتى بۆ خۆشگوزه‌رانى کردوه‌ بۆیه‌ ده‌بێت ژیان‌و بژێویان پارێزراوبێت‌و ژیانێکى شایسته‌یان بۆ دابینبکرێت، ئێمه‌ش وه‌ک گۆڕان به‌شداریمان له‌حکومه‌ت هۆکارنییه‌ بۆ بێده‌نگیمان له‌ئاست خراپیه‌کان‌و وه‌ک هه‌میشه‌ داکۆکیکارى مافه‌کانى خه‌ڵکین‌و کار بۆ باشکردنى ژیانیان ده‌که‌ین". هه‌روه‌ک ئاماژه‌ى به‌دوا کۆبونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان کردوه‌ له‌سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم‌و وتویه‌تى:"به‌ڕونى به‌یه‌کێتیو پارتیمان وتوه‌، پێویسته‌ کۆتایى به‌قۆرخکارى بازار بهێنن‌و ڕێگریى بکه‌ن له‌به‌رده‌وامى قاچاخى سنوره‌کان‌و دۆخ‌و بژێوى خه‌ڵک باشبکه‌ن". ڕێکخه‌رى گشتى گۆڕان ئاماژه‌ى به‌و تۆمه‌تانه‌ش کردوه‌ که‌ ده‌کرێنه‌ سه‌ر بزوتنه‌وه‌که‌ییو جه‌ختیکردۆته‌وه‌، "وته‌بێژى گۆڕان ڕونکردنه‌وه‌ى پێوستیداوه‌و ئێمه‌ش جه‌ختده‌که‌ینه‌وه‌، ھه‌واڵى وه‌رگرتنى بودجه‌، یاخود بڕه‌ پاره‌یه‌ک له‌پارتى دیموکراتى کوردستان، یان ھه‌ر حزبێکى سیاسیى دیکه‌، زانیارییه‌کى ناڕاست‌و بێبنه‌مایه‌".

هاوڵاتى ‌  وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رایگەیاند 1129 كه‌سی دیكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونه‌ 11 تووشبووش به‌ په‌تاكه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. له‌ راگه‌ینراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیدا هاتووه‌، له‌ كۆی (9) هه‌زار و (414) پشكنین، رێژه‌ی تووشبووان به‌راورد به‌ دوێنێ زۆر زیاد كردووه‌، كه‌ هه‌زار و (129) كه‌سی دیكه‌ تووشی په‌تاكه‌ بوون و (360) كه‌سی چاكبوونه‌ته‌وه‌. ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی ژماره‌ (410)ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان: ١. پشکنین: (٩٤١٤ پشکنینی نوێ) • (٣٠٧٨) هەولێر • (٢٥٨٢) سلێمانی • (٣٠٩٥) دهۆك • (١٨٩) هەڵەبجە • (٤٧٠) گەرمیان • (٠) ڕاپەڕین ٢. تووشبوو: (١١٢٩ تووشبووی نوێ) • (٣٠٢) هەولێر • (٤٢٣) سلێمانی • (٣٣٣) دهۆك • (٢٣) هەڵەبجە • (٤٨) گەرمیان • (٠) ڕاپەڕین ٣. چاکبوون: (٣٦٠ چاکبوون) • (٩٠) هەولێر • (٨٨) سلێمانی • (١٥٤) دهۆك • (١) هەڵەبجە • (٢٤) گەرمیان • (٣) ڕاپەڕین ٤. مردن: (١١ مردن) • (٦) هەولێر • (١) سلێمانی • (٣) دهۆك • (٠) هەڵەبجە • (١) گەرمیان • (٠) ڕاپەڕین  ئاماری گشتی: کەرەنتین هاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو) پشکنین ١٤٨٤٦٨٧ (٥٢٦٦٧٦ هەولێر، ٣٢٩٤٨٠ سلێمانی، ٦٢٠٢٢٦ دهۆك، ٨٣٠٥ هەڵەبجە) تووشبوون ١٣٢٢٧٠ (٤٥١٠١ هەولێر، ٣٨٥٥٠ سلێمانی، ٤٥٤٣٣ دهۆك، ٣١٨٦ هەڵەبجە) چاکبوون ١١٣٩٥٩ (٣٩١٩٤ هەولێر، ٣١٨٨٣ سلێمانی، ٣٩٩٠١ دهۆك، ٢٩٨١ هەڵەبجە) لەژێر چارەسەر ١٤٥٢٥ (٤٨٦٤ هەولێر، ٤٨٩١ سلێمانی، ٤٧٠٩ دهۆك، ٦١ هەڵەبجە) مردن ٣٧٨٦ (١٠٤٣ هەولێر، ١٧٧٦ سلێمانی، ٨٢٣ دهۆك، ١٤٤ هەڵەبجە)

هاوڵاتى ‌ وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەندێک خەڵک لە ژێر ناوی کۆمپانیای گەشتوگوزار و دابینکردنی ڤیزا پارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان وەردەگرن، تا ئێستاش خەڵکێکی زۆریان دەستگیرکردوە، کە قاچاغچێتی بە ڤیزا دەکەن چ لە هەرێمی کوردستان چ لەگەڵ وڵاتانی تر.  رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ  لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و رەوەندی رەوەندی كوردی کۆبوەوە و دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بابەتی دابینکردنی ڤیزای شنگن کە هەندێک خەڵک لە ژێر ناوی کۆمپانیای گەشتوگوزار و دابینکردنی ڤیزا ئەنجامی دەدەن پارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت، زۆربەی جار پارە هاوڵاتیان دەفەوتێت، ئێمە لە وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنیەکان خەڵکێکی زۆرمان دەستگیرکردوە کە قاچاغچێتی بە ڤیزا دەکەن چ لە هەرێمی کوردستان چ لەگەڵ وڵاتانی تر". ئاماژەی بەوەشکرد، لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان خەڵکێکی زۆر دەستگیرکراوە کە ڤیزای ساختەیان پێبوە کە لە رێگەی ئەو قاچاغچیانەوە بۆیان دابینکراوە، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکات کە پارە لە هیچ کۆمپانیایەک نەخەوێنن بۆ وەرگرتنی ڤیزا، چونکە ئەو کۆمپانیایانە بەشێوەیەکی فەرمی مۆڵەتی وەرگرتنی ڤیزایان وەرنەگرتوە، هەربۆیە ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و رەوەندی رەوەندی كوردی گفتوگۆیان کرد بۆ ئەوەی رێکاری پێویست و یاسایی لەگەڵ وەزارەتەکانی تر بگیردرێتەبەر.

هاوڵاتى ‌ . مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هیواخوازم کۆمکاری عەرەبی، ڕۆڵی گرنگیی خۆی بگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی عێراق" جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، خوازیارە باشترین پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبیدا هەبێت. ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەحمەد ئەبولغەیت ئەمینداری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کرد بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستیان، لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی عەرەبی تاوتوێ کرا.  لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، ستایشی ڕۆڵ و پێگەی  گرنگیی هەرێمی کوردستانی کرد کە پێشکەوتنێکی ئابووری دیاری بەدەستهێناوە و ئاماژەی بەوەدا ، کە  سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، پەیامێکە بۆ وڵاتانی عەرەبی کە پێوستە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، پەرە پێ بدەن، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وەبەرهێناندا. هاوکات لای خۆشیەوە سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانیی ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کرد و هیوای خواست، کۆمکاری عەرەبی، ڕۆڵی گرنگیی خۆی بگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی عێراق، جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، خوازیارە باشترین پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبیدا هەبێت.

هاوڵاتى ‌   وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمانگی رەمەزاندا قەدەغەی هاتووچۆ بەو شێوەیە نامێنێت دەرگای مزگەوتەکان ئەمڕۆ لە لیژنەی باڵای روبەڕبونەوەی کۆرۆنا بڕیاری پێویست دەدرێت.  ئەمڕۆ یەکشەممە 11-04-2021 لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لەبارەی دوایین راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی کۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی قەدەغەی هاتووچۆ دەدرێت  وەزیری ناوخۆ رایگەیاند "گونجاندنی رێکار و رێنوێنییەکان لەگەڵ مانگی پیرۆزی رەمەزان، بەدڵنیاییەوە گۆڕانکاری بەسەردادێت بە تایبەتی قەدەغەی هاتووچۆ، چونکە لە مانگی رەمەزانی پیرۆز ژیان دەکەوێتە شەو". لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رێبەر ئەحمەد رایگەیاند، دەبێت رێکارەکان لەگەڵ کاتی بەربانگ و پارشێو و ئەو رێوڕەسمانە بگونجێنن کە لەگەڵ مانگی رەمەزان دێت، رێکارەکان بە شێوەیەک بێت کە کەمترین بەرکەوتن دروست ببێت، لە هەمان کاتیشدا ئەوەی پێویستە لە رووی عیبادەتەوە لەو مانگەدا وەکو خۆی بەڕێوەبچێت. لە رۆژی 08-04-2021 قەدەغەی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بڕیارە ماوەی قەدەغەی هاتووچۆکە چوار رۆژ بێت و 12ـی مانگ کۆتایی بێت. بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە لە کاژێر 08:00ـی شەو تاوەکو 06:00ـی بەیانی قەدەخە دەبێت. قەدەغەی هاتووچۆ گەشتیارانی فڕۆکەخانەی نەدەگرتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەو بارەوە رایگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانە بەردەوامن و راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ ئەو گەشتیارانە ناگرێتەوە کە بەنیازن گەشت بکەن یان دەگەڕێنەوە.