هاوڵاتى ‌ ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ 11ی نیسانی 2021، نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برێنت بە 62 دۆلار و 95 سه‌نت مامەڵەی پێوەده‌كرێت، هاوكات به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی ئه‌مریكاش بە 59 و دۆلار و 32 سه‌نت مامەڵەی پێوەکرا. لە ساڵی 2020 خواست لەسەر نەوتی خاو بە رێژەی 30٪ دابەزی، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە جیهاندا، بەڵام لەگەڵ پەسه‌ندکردنی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا، نرخی نەوت بەرزبووەتەوە. ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ به‌جۆرێك چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ سه‌رو 60 دۆلاره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت.

هاوڵاتى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ به‌غدا، له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق کۆبوه‌وه‌ و له‌دیدارێکیشدا، جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگى به‌رده‌وامى گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان و جێبه‌جێکردنى یاساى بودجه‌ کرده‌وه‌. ئه‌مشه‌و شه‌ممه‌ 10ى نیسانى 2021، به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێکى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ به‌غدا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق کۆبوه‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌ کۆى پێشهاته‌کانى بارودۆخى وڵات و چه‌ند پرسێکى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش کرا و جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیى به‌رده‌وامیى گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان به‌پێى ده‌ستور و جێبه‌جێکردنى به‌نده‌کانى یاساى بودجه‌ى فیدراڵى کرایه‌وه‌ که‌ به‌مدواییه‌ په‌سه‌ند کرا به‌ جۆرێک مافى هاوڵاتیانى عێراق بپارێزێت. هاوکات، ئاماژه‌ به‌ گرنگیى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ له‌ واده‌ى دیاریکراوى خۆیدا و ڕه‌خساندنى که‌شێکى له‌بار بۆ ئه‌نجامدانى کرایه‌وه‌ به‌ جۆرێک هاوڵاتیان نوێنه‌رانى خۆیان به‌ ئیراده‌یه‌کى ئازاد هه‌ڵبژێرن و متمانه‌یان به‌ ئه‌نجامه‌که‌ى پته‌و بکات.  

هاوڵاتى ئه‌حمه‌د ئه‌بو غیت ئه‌میندارى گشتى کۆمکارى عه‌ره‌بى به‌ سه‌ردانێکى فه‌رمى گه‌یشته‌ هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان و له‌لایه‌ن رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێمه‌وه‌ پێشوازى لێکرا. هه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌میندارى گشتى کۆمکارى عه‌ره‌بى به‌ سه‌ردانێکى فه‌رمى گه‌یشته‌ عێراق و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمار و مسته‌فا کازمى سه‌رۆکى حکومه‌تى عێراق کۆبووه‌وه‌. هاوکات ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ ئه‌حمه‌د ئه‌بو غیت ئه‌میندارى گشتى کۆمکارى عه‌ره‌بى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌ به‌غدا کۆبووه‌وه‌ و دۆخى عێراق و هه‌رێمى کوردستانیان به‌گشتى تاوتوێ کرد. هاوکات، هه‌ردوولا کۆک بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ عێراق دابین ده‌کات و به‌مه‌ش عێراق ده‌بێته‌وه‌ به‌ وڵاتێکى به‌هێزى ناوچه‌که‌ و ڕۆڵى ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تیى خۆى ده‌گێڕێت.  

هاوڵاتى ‌سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان په‌یامێکى له‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا پێ ده‌گات که‌ تێیدا "سوپاسى هه‌وڵ و پشتگیریى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ دایه‌لۆگى ستراتیجى عێراق-ئه‌مه‌ریکا ده‌کات". به‌پێى راگه‌یه‌ندراوى فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیارى "سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان مه‌سرور بارزانى په‌یامێکى له‌ ئه‌نتۆنى بلینکن، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا پێگه‌یشتتووه‌". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ له‌ په‌یامه‌که‌یدا که‌ له‌ دواى کۆتاییهاتنى گه‌ڕى سێیه‌مى دایه‌لۆگى ستراتیجى عێراق- ئه‌مه‌ریکا نێردراوه‌، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا ، سوپاس و ستایشى هه‌وڵ و پشتگیرییه‌کانى سه‌رۆکى  حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات و ئاماده‌یى وڵاته‌که‌شى ده‌ربڕی، بۆ په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان ئه‌مه‌ریکا و هه‌رێمى کوردستان  

هاوڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عێراق كۆبوه‌وه‌ و هەردوولا  جه‌ختیان له‌پێویستی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوان دامه‌زراوه‌ دادوه‌ریه‌كان کردەوە و كۆك بون كه‌ ئه‌ركی دادگای فیدراڵی سه‌خته‌ و گرنگه‌ كار و بڕیاره‌كانی و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیسته‌مێكی تۆكمه‌ی دادگه‌ر بێت و بڕوا و متمانه‌ی ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق به‌هێزتر بكات. سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، له‌ به‌رده‌وامیی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ فایه‌ق زێدان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراق و ژماره‌یه‌كی له‌ دادوه‌ران و سه‌رۆكی دادگاكان كۆبوه‌وه‌. له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی ده‌ستحۆشی له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری و به‌تایبه‌تی فایه‌ق زێدان كردوە بۆ هه‌وڵ و ڕۆڵی ئه‌رێنییان له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی هه‌مواركردنی یاسای دادگای فیدراڵی و دامه‌زراندنه‌وه‌ی دادگاكه‌‌، كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌ستبه‌كاربێت و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست. ئەوەش هاتووە، نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان كۆك بوون كه‌ ئه‌ركی دادگای فیدراڵی سه‌خته‌ و گرنگه‌ كار و بڕیاره‌كانی و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سیسته‌مێكی تۆكمه‌ی دادگه‌ر بێت و بڕوا و متمانه‌ی ته‌واوی پێكهاته‌كانی عێراق به‌هێزتر بكات و هه‌موان له‌باره‌یه‌وه‌ به‌ ته‌واوی هه‌ست به‌ دڵنیایی بكه‌ن. له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌كه‌دا هەردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگی و پێویستیی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان دامه‌زاراوه‌ دادوه‌رییه‌كانی فیدڕاڵ و هه‌رێمی كوردستاندا كردوەتەوە‌ و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و دامه‌رزاوه‌ دادوه‌رییه‌كانیان تاوتوێكردوە.

هاوڵاتی سەرۆکی كۆمه‌ڵی دادگه‌ریی كوردستان نیگەرانە لە درێژه‌كێشانی باری ناهه‌مواری بژێوی موچه‌خۆران ‌و هاوڵاتیان‌، داواکاریشە هەرچی زووە کۆتایی بە لێبڕینی موچە بهێنرێت. عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەشکردووە، حزبەکەیان نیگەرانە لە درێژه‌كێشانی باری ناهه‌مواری بژێوی موچه‌خۆران ‌و هاوڵاتیان‌، داواکاریشە هەرچی زووە کۆتایی بە لێبڕینی موچە بهێنرێت.  داهاتى هەرێم مانگانە زیاترە لە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلارە لەکاتێکدا دابەشکردنی موچە بەبێ لێبڕین پێویستى بە 600 ملیۆن دۆلارە.  حکومەتی هەرێم بۆ کۆتایهێنان بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران تەنها پلانی ئەوەی هەیە موچەی ئەم مانگە 21٪ کەمبکاتەوە بۆ 15٪، ئەوە لەکاتێکدایە، پێشتر وتەبێژی حکومەت رایگەیاندبوو دابەشکردنی موچە بەپێی داهات دەبێت.

هاوڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەشاری بەغدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوەوە و هەردولا گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرێك كرد، كازمی هیوای خواستووە، پڕۆژەیاسای بودجە و ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا وەك خۆی و بە وردی جێبەجێبكرێت. نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردووەتەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە و لە كۆبونەوەیەكدا چەند مەلەفێكی گرنگ باس كراون. هەروەها ئەوەش هاتووە، لەوانەش هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوەكانی دەوڵەتی فیدراڵ و حكومەتی هەریمی كوردستان بەپێی دەستور، ئەوەش سەرەڕای گفتوگۆكردن لەسەر هەوڵەكان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و تاوانی ڕێكخراو و كەیسی شنگال لەنێوان بەغدا و هەرێم.   بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بارودۆخی تەندروستی تایبەت بە كۆرۆنا و زیادبونی توشبووان و هەوڵە بەردەوامەكان بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ توشبووان و دابینكردنی ڤاكسین كراوە.   ئەوەش هاتووە، كازمی ستایشی ئەو پێشكەوتنەی كردووە لەبواری دامەزراندنی ئالیەتە دەستورییە ناوخۆییەكان بەدەست هاتووە، كە بوونەتە هۆی ڕێكەوتن لەسەر دادگای فیدراڵی و پەرلەمانیش توانی پرۆژە یاسای بودجە تێپەڕێنێت، هیواشی خواستووە كە پرۆژە یاساكە بە وردی جێبەجێ بكرێت و بە جۆرێك خوێندنەوەی بۆ نەكرێت كە دژ بێت لەگەڵ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانی عێراق، ئەوەش بەپێی مەبدەئی دادپەروەری لە دابەشكردنی سەروەت و ساماندا.   مستەفا كازمی هەر لە كۆبونەوەكەدا ئاماژەی بەوەداوە، پێویستە تەواوكاریی ئەمنی لەنێوان بەغدا و هەولێردا بەهێز بكرێت بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری ناوخۆیی و ڕێگەگرتن لە دروستبونی هەر كەلێنێك كە تیرۆر و تاوانی ڕێكخراو بیقۆزنەوە، لە ناوچە جێناكۆكەكان و ناوچەكانی تریش.   سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیلەوەشكردووەتەوە، سەردانە بەردەوامەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا نامەیەكی دروست ئاڕاستەی سەرجەم عێڕاقیەكان دەكات و هاوكار دەبێت لە بنیادنانی متمانە و ئاماژەیە بۆ نیازپاكی و هاندانی ڕۆحی هاوكاری و هاوبەشیی و هەماهەنگی لە سەرجەم بوارەكان لە بەرژەوەندی وڵات.   بەپێی هەمان بەیاننامە، لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كردووە و ستایشی هەوڵەكانی كازمی كردووە لە ڕووی سیاسی و ئابوریی و دبلۆماسییەوە، وتوشیەتی كە هەوڵە دبلۆماسیە عێراقیەكان لەماوەی ڕابردوودا و سەردانەكان و كۆبونەوەكان پێگەی عێراقی بە گشتی بەرز كردووەتەوە و گەڕاندویەتیەوە بۆ ڕۆڵی سروشتی هەرێمیی و نێودەوڵەیی خۆی.   هەروەها سەرۆكی هەرێمی كوردستان ستایشی ڕێچكەی دانایی بۆ چارەسەركردنی كەیسە ناوخۆییەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی ئەمنی و پێویستی گەشەپێدان كردووە، پشتگیری خۆشی بۆ حكومەتی عێڕاق دەربڕیوە بۆ بەهێزكردنی پێگەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەشێوەیەك كە بتوانێت ئاڵنگاریەكان چارەسەر بكات.   نێچیرڤان بارزانی، ستایشی ڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی كردووە بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجە و جەختیلەوەشكردووەتەوە، كە پێویستە چارەسەركردنی كەیسە هەڵواستراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر ڕێگە خۆش بكات بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنی زیاتری عێراق.    

هاوڵاتی سەرکۆماری عێراق دەڵێت، "پێویستمان بە رێککەوتنی نوێی سیاسی ھەیە کە بەڕێوەبردن بەرەو دەوڵەتێکی بەتوانا و خاوەن سەروەریی ببات". بەرھەم ساڵح، سەۆککۆماری عێراق لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی، "یادی شەھیدبوونی ئیمام سەدر و رووخانی رژێمی ستەمکار دەکەینەوە، ئەو رژێمەی کە قێزەونترین تاوانی بەرامبەر عێراقییەکان ئەنجامداوە". راشیگەیاندووە، "ناکرێت لە گۆڕانکارییە گەورە بەدیھاتووەکان کەمبکەینەوە، ھاوکات دەبێت دان بەو شکستانەدا بنێین کە ناکرێت تەنیا بە میراتی رژێمی پێشوو، پاساویان بۆ بھێندرێتەوە". بەرھەم ساڵح ھەروەھا نووسیوویەتی، "پێویستمان بە رێککەوتنێکی سیاسیی نوێیە کە بەڕێوەبردن بەرەو دەوڵەتێکی بەتوانا و خاوەن سەروەریی ببات".

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماری رۆژانەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 612 تووشبووی نوێی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراون و لەو ماوەدا 11 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، هاوکات 384 تووشبووی پێشووش چاکبوونەتەوە. بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی، لە 24 کاژێری رابردوودا حەوت هەزار و 367 پشکنینکراون، ئەنجامی پشکنینی 612 کەس پۆزەتیڤ بوون، زۆرترین تووشبوو لە پارێزگای دهۆک بووە.  تووشبووەکان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەشبوون: هەولێر: 146 تووشبوو سلێمانی: 63 تووشبوو دهۆك: 396 تووشبوو هەڵەبجە: 7 تووشبوو هاوکات 384 تووشبووی پێشوو چاکبوونەتەوە: هەولێر: 94 چاکبوونەوە سلێمانی: 90 چاکبوونەوە دهۆك: 198 چاکبوونەوە هەڵەبجە: 2 چاکبوونەوە لەو ماوەدا 11 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە کە چواریان لە پارێزگای هەولێر و شەشی دیکەیشیان لە پارێزگای دهۆک و کەسێکیش لە هەڵەبجە بووە. ئاماری گشتی: پشکنینەکن: 1475273 پشکنین تووشبووان: 131141 تووشبوو چاکبووان: 113619 کەس ئەوانەی لەژێر چارەسەردان: 13746 کەس گیانلەدەستدان: 3776 کەس.

هاوڵاتی شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغدا. لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە کۆبووەوە. بریاریشە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق ببێتەوە. ئەمڕۆ شەممە 10-04-2021 نێچیرڤان بارزانی شاندێکی باڵا گەیشتە بەغدا، بڕیارە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هەریەکە لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کۆببێتەوە. هەروەها هاتووە" له‌ سه‌ردانه‌كه‌يدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زيران، سه‌رۆک كۆمار، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق و نوێنه‌رى تایبەتی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى باڵاى سياسيى وڵات كۆده‌بێته‌وه‌. لە بەشێکی دیکەی سەردانەکەیدا نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق و نوێنه‌رى تایبەتی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و به‌رپرسانى باڵاى سياسيى عێراق كۆده‌بێته‌وه‌. نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند،"لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی مستەفا  كازمی و نێچیرڤان بارزانی  باس له‌ ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌ له‌بواره‌كانی هاوكاری و هاوبه‌شیكردنی نێوان ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت له‌ حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا". نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئه‌مڕۆ مسته‌فا كازمی، پێشوازی له‌ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد و له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا باس له‌ ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌ له‌بواره‌كانی هاوكاری و هاوبه‌شیكردنی نێوان ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت له‌ حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ده‌ستوردا دیاریكراوه‌، هه‌روه‌ها گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر و تاوانی ڕێكخراو و هاوكاری له‌ شه‌نگال له‌ نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێم. هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، "مسته‌فا كازمی و نێچیرڤان بارزانی باسیان له‌ بارودۆخی ته‌ندروستی په‌یوه‌ست به‌ په‌تای كۆرونا و هه‌ڵكشانی زیانه‌ گیانییه‌كان و هه‌وڵی به‌رچاو كرد بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی بۆ توشبوان و دابینكردنی ڤاكسین". سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ستایشی ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی كرد كه‌ له‌ بواری چه‌سپاندنی میكانیزمه‌كانی ده‌ستوری ناوخۆدا به‌دیدێن و ئاماژه‌شی به‌ رێكه‌وتنی نێوان هه‌ردولا له‌سه‌ر دادگای فیدڕاڵی و هه‌وڵه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد بۆ تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ی فیدڕاڵی و راشیگه‌یاند، "به‌هیوایه‌ به‌وردی رێكه‌وتنه‌كان جێبه‌جێبكرێن، به‌بێ ده‌ستوه‌ردانی نه‌چنه‌ ناو شیكردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان و خزمه‌تگوزاری پێویست پێشكه‌ش به‌هاوڵاتیان بكرێت". كازمی، "جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی به‌هێزكردن و یه‌كخستنی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر كرده‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك سه‌قامگیری ناوخۆیی به‌دیبهێنن و ڕێگه‌ له‌ هه‌ر كه‌لێنێك بگرن كه‌ تیرۆر یان تاوانی ڕێكخراو له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان یان له‌ شوێنه‌كانی تر دروستی بكه‌ن". سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختیكرده‌وه‌، "سه‌ردانه‌ دووباره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ به‌غدا په‌یامی ڕاست و دروست به‌ هه‌مو عێراقییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت، گیانی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌ هه‌مو بواره‌كاندا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی وڵات دروستده‌كات، ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانی داهاتوشی بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد". هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، "سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاسگوزاریی خۆی بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی مسته‌فا كازمی ده‌ربڕی و هه‌وڵه‌كانیشی له‌ ڕوی سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسییه‌وه‌ به‌رزنرخاند و جه‌ختیكرده‌وه‌، هه‌وڵی دیپلۆماسیی عێراق له‌ ماوه‌ی ڕابردودا و سه‌ردان ده‌بێته‌ هۆی پێگه‌یه‌كی شایسته‌ بۆ عێراق و دوباره‌ بینینی رۆڵی ئاسایی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌ و وڵاتانی جیهان". سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ستایشی شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ناوخۆی له‌ئاستێكی به‌رزی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی كرد و به‌گرنگیزانی په‌ره‌ی پێبدرێت، له‌باره‌ی یاسای بودجه‌شه‌وه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران جه‌ختیكرده‌وه‌، چاره‌كردنی پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر ڕێگه‌ خۆشكه‌ره‌ بۆ سه‌قامگیری و پێشكه‌وتنی زیاتر بۆ عێراق.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك بڵاویكردەوە، بەهۆی بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2017 دۆسییەی 49 ئەفسەری كورد رەوانەی دادگای سەربازیی موسڵ كرا. ئەمڕۆ شەممە 10ی نیسانی 2021 بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردەوە، بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كە لە 4ی (نیسان/4)ی ئەمساڵ نێردراوە بۆ دادگای موسڵ دۆسییەی 49 (چل ونۆ) ئەفسەری كورد بە مەبەستی دادگاییكردن رەوانەی ئەو دادگایە كراون.  هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو ئەفسەرانە تۆمەتبارن بەوەی كە بەشداریانكردوە لە پڕۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، كە (ئەیلول/9)ی2017 ئەنجامدراوە. هاوكات جوڵاندنی دۆسییەی ئەفسەرانی كورد لە كەركوك بۆ 26ی (تشرینی یەكەم/10)ی 2017 دەگەڕێتەوە، بەڵام دۆسییەكە بە بڕیاری سیاسیی و بەشێوەی كاتی راگیرا، تا لە 17ی (ئازار/3)ی ئەمساڵ جارێكی تر بە رەزامەندی وەزیری ناوخۆی عیراق دۆسییەكە جوڵێنرایەوە. ئەو 49 ئەفسەرە لە عەمید، عەقید، مقەدەم، رائید، نەقیب، ملازم و ملازی یەكەم پێكدێن، لە ئێستاشدا لە هۆبە و یەكە جیاوازەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك لەئەرك و دەوامی فەرمیدان. تائێستاش هیچ راگەیاندراوێك لە لایەن دادگای موسڵەوە لەبارەی پرسی ئەو 49 كەسە و چۆنیەتی یەكەم دانشتنی ئەو دادگایەش بڵاونەكراوەتەوە.  

هاوڵاتی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوودا، وەزارەتی دارایی پرسی لێبڕینی موچە یەكلاییدەكاتەوە كە ئایا بۆ ئەم مانگە بە لێبڕین یان بەبێ لێبڕین دابەشدەكرێت. ئەمڕۆ شەممە 10ی نیسانی 2021 جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند" پاش پەسەندكردنی یاسای بودجە، حكومەتی عێراق پێویستە رێنمایی دەربكات لەسەر چۆنێتی جێبەجێكردنی یاساكە و نوێنەری تەكنیكی هەرێمیش ئاگاداری ئەو رێنماییانە بێت كە دەردەكرێن". هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد تا كۆنەبنەوە و تێنەگەن لەو پارەیەی بەغدا چۆن دەدرێت و چەند پارە دێت ناتوانن بڕیاربدەن، بۆیە نازانن موچەی ئەم مانگە چۆن دەبێت. هاوكات، جوتیار عادل راشیگەیاند:" لە چەند رۆژی داهاتوودا و پاش زانینی وردەكارییەكانی بودجە و دڵنیابوونەوە لە ناردنی پشكی هەرێم، وەزارەتی دارایی بڕیاری خۆی لەبارەی رێژەی لێبڕینەوە دەدات".  

هاوڵاتى راوێژکارى باڵاى کاروبارى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژى داهاتوودا، نێچیرڤان بارزانى به‌ مه‌به‌ستى کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاکانى حکومه‌تى عێراقى سه‌ردانى به‌غدا ده‌کات. ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10ى نیسانى 2021، له‌ چاوپێکه‌وتنێکى له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى "سه‌باح"ى عێراقی، فه‌لاح مسته‌فا راوێژکارى باڵاى کاروبارى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم باسى له‌وه‌کردووه‌، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان، به‌مه‌به‌ستى په‌ره‌پێدان و پته‌وکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى به‌غدا و هه‌ولێر، له‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژى داهاتوودا ده‌چێته‌ پایته‌خت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، له‌ رۆژانى داهاتوودا، کات و به‌روارى سه‌ردانه‌که‌ ئاشکرا ده‌کرێت و بڕیاریشه‌ له‌چوارچێوه‌ى سه‌ردانه‌که‌یدا، چاوى به‌ سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆک وه‌زیران و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسه‌ باڵاکان و کاربه‌ده‌ستانى حکومه‌تى ناوه‌ندى بکه‌وێت.

هاوڵاتى له‌ئێواره‌ى ئه‌مڕۆوه‌ دوو بومه‌له‌رزه‌ له‌سنورى قه‌زاى پێنجوێن رویانداوه‌ و له‌ماوه‌ى که‌متر له‌هه‌فته‌یه‌کیشدا 10 بومه‌له‌رزه‌ به‌ گوڕى جیاوازى ڕێخته‌ر قه‌زاکه‌ و ده‌وروبه‌رى هه‌ژاندوه‌.  گوڕى بومه‌له‌رزه‌کانى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ 2.9 پله‌ به‌پێوه‌رى رێخته‌ر بون و له‌لایه‌ن به‌شێکى به‌رچاو له‌هاوڵاتیانى قه‌زاى پێنجوێن ده‌وروبه‌رى هه‌ستیان پێکراوه‌. شه‌شى ئه‌م مانگه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى که‌شناسى و بومه‌له‌رزه‌زانى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، بومه‌له‌رزه‌یه‌ک به‌ گوڕى 5.4 پله‌ به‌پێوه‌رى رێخته‌ر رویداوه‌ و ناوه‌نده‌که‌ى 9.5 کیلۆمه‌تر له‌قه‌زاى پێنجوێن دوربوه‌.

هاوڵاتى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت له‌ باره‌ى دابه‌شکردنى زه‌ویه‌وه‌ به‌سه‌ر قوربانیانى ئه‌نفال و زیندانه‌ سیاسییه‌کان، وه‌ڵامى وه‌زیرى شاره‌وانى له‌ پشکى پارتى ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت " هیچ که‌س و هێزێک نیه‌، بتوانێت له‌به‌رده‌م مافه‌ ره‌واکانتان بوه‌ستێته‌وه‌". ده‌قى وه‌ڵامى قوباد تاڵه‌بانى: دڵنیاییه‌ک بۆ که‌سوکارى سه‌ربه‌رزى شه‌ھیدان و ئه‌نفالکراوان و زیندانیانى سیاسى له‌ھه‌موو پارێزگاکانى ھه‌رێمى کوردستان له‌وانه‌یه‌ به‌ لێدوان و ڕوونکردنه‌وه‌ى نابه‌رپرسانه‌، دڵگران بووبن و وا هه‌ستتانکردبێت که‌سانێک هه‌ن، ڕێگرن له‌به‌رده‌م وه‌رگرتنى زه‌وییه‌کانتان که‌ مافێکى ڕه‌وا و یاسایى خۆتانه‌. من لێره‌وه‌ دڵنیاتان ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ هیچ که‌س و هێزێک نیه‌، بتوانێت له‌به‌رده‌م مافه‌ ره‌واکانتان بوه‌ستێته‌وه‌.  ئه‌و زه‌وییانه‌ى وه‌رى ده‌گرن هه‌موو ڕێکارێکى یاسایى پێویستى بۆ کراوه‌ و به‌ئیمزاى به‌نده‌ و به‌پێى سێ فه‌رمان له‌ کابینه‌ى هه‌شته‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌رکراون و رێکاره‌کان له‌کابینه‌ى نۆیه‌مدا ته‌واوکراون، که‌ ناوه‌ڕۆکى سێ فه‌رمانه‌که‌ بریتییه‌ له‌ دابه‌شکردنى زه‌وى به‌سه‌ر ١١١٤٢ که‌س له‌ که‌سوکارى شه‌هید و ئه‌نفالکراوان و زیندانیانى سیاسى له‌ هه‌موو پارێزگاکانى کوردستان. بۆیه‌ دووباره‌ دڵنیاتان ده‌که‌مه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قابلى قه‌بوڵ نابێت ڕێگریتان لێ بکرێت بۆ وه‌رگرتنى مافێکى ڕه‌وا و یاسایى ئێوه‌ى دڵسۆز و قوربانیده‌ر.   هه‌میشه‌ دڵسۆزتان قوباد تاڵه‌بانی جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران