هاوڵاتى، کاکەلاو عەبدوڵا «تاکە شت کە دەکرێت بەسەرۆکی وڵاتێکی بڵێیت کە بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ ملیۆنەها کۆمەڵگەی جیاوازی ئایینی بکات، ئەوەیە پێی بڵێیت پشکنینی دەروونی ئەنجامبدات. ماکرۆن پێویستی بەچارەسەری دەروونی هەیە»، ئەمە وتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیایە لەهەفتەی رابردوو لەوتارێکی تەلەفزیۆنیدا. وتەکانی ئەردۆغان وەڵامدانەوەی ئەو کەمپینەی ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی ئیسلامی لەفەرەنسا و بەرگریکردنی لەئازادی رادەڕبڕین. بەرپرسانی فەرەنسا وتەکانی ئەردۆغانیان بە «قبوڵنەکراو» و «زیادەڕەوی» لەقەڵەمدا لەکاتێکدا تورکیا داوای بایکۆتکردنی بەرهەمی فەرەنسی کرد. بەربەرەکانێ تووندەکەی پاریس-ئەنقەرە دوای ئەوە دێت فەرەنسا بەچەند هێرشێکی تیرۆریستی لەلایەن تۆمەتبارانی توندڕەوی ئیسلامی شۆککراوە، دوو هەفتە لەمەوبەر سامیۆل پاتی مامۆستایەکی مێژوو، لەلایەن موسوڵمانێکی گەنجی چیچانییەوە سەربڕدرا. پێشتر پاتی چەند کاریکاتێرێکی گۆڤاری چارلی ئیبدۆی نیشانی پۆلەکەی دابوو لەسەر پێغەمبەر موحەممەد، چەند ئەندامێکی گۆڤارەکە لەساڵی ٢٠١٥ تیرۆرکران لەلایەن چەند توندرەوێکی ئیسلامییەوە دوای بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرەکان. بەم دواییانەش لەپێنجشەممەی رابردوودا سێ کەس لەشاری نیس کوژران کە بەکارێکی تری توندڕەوی ئیسلامی لەقەڵەمدرا. تەنانەت پێش ئەم رووداوانەش، هەردوو سەرۆکەکە چەندین جار دژایەتی یەکتریان کردووە لەسەر ململانێکانی لیبیا، سوریا، هەروەها ناگۆرنۆ قەرەباغ لەنێوان ئەرمینیا-ئازربایجان، هەروەها دژایەتییە توندەکەی نێوان یۆنان و تورکیا لەسەر مافی دەرهێنانی گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست. هەندێک لەشیکەرەوان پێیانوایە گرژییەکەی نیوان ماکرۆن و ئەردۆغان تەنها «سیاسییە». «بەزۆرێک لەشێوەکان، هەست دەکەم ماکرۆن و ئەردۆغان دوژمنایەتییەکی نایابیان لە یەکتریدا دۆزیوەتەوە»، ئەسلی ئەیدینتاباس، توێژەر لەناوەندی توێژینەوەی ئەنجومەنی ئەوروپی بۆ پەیوەدندی دەرەکی، ئەمەی بە رۆژنامەی تایمزی بەریتانی راگەیاند. ئەوەی تێبینی دەکرێت لەلێدوانەکانی هەردوولا ئەوەیە ئەردۆغان بەشێوەیەکی شەخسی لێدوانەکانی دەدات لەدژی ماکرۆن. برونۆ تێرترایس، جێگری بەڕێوبەری ناوەندی توێژینەوەی ستراتیجی لەپاریس پێیوایە بەربەستەکانی بەردەم ئەردۆغان، لەوانە داڕووخانی ئابووری وڵاتەکەی، وا دەکات دوژمنێکی دەرەکی لەڕووی سیاسییەوە بەسوود بێت. «دەکەوینە هەڵەوە ئەگەر هەردووکیان بە یەکسان لەقەڵەم بدەین، ماوەی ساڵێکە ئەردۆغان بەشێوەیەکی شەخسی هێرش دەکاتەسەر ماکرۆن... ئەمە پێچەوانەکەی راست نییە. بەڕوونی دیارە ئەردۆغان لەسەر شەپۆلێکی پۆپۆلیستی-ناسیۆنالیستی هەنگاو دەنێت و ماکرۆن بەکاردەهێنێت وەک توورەکەی بۆکس لێدان»، تێرترایس ئەمەی بە NBC Newsی ئەمریکی وت. لەچوارشەممەی رابردوودا گرژییەکان زیاتر قوڵبوونەوە کاتێک گۆڤاری چارلی ئیبدۆ کارکاتێرێکی لەسەر سەرۆکی تورکیا بڵاوکردەوە کە تێیدا لەسەر کورسییەک ماددەی کحولی دەخواتەوەو خزمەتکارەکەی ئافرەتێکە کە دواوەی رووتە. ئەردۆغان ئیدانەی گۆڤارەکەی کردو و بە کارێکی دوژمنکارانەی دژی موسوڵمانان وەسف کردو رایگەیاند ئەوە نیشانەی ئەوەیە چۆن ئیسلامۆفۆبیا «وەک شێرپەنجە تەشەنە دەستێنێت، بەتایبەتی لەناو ئەوانەی ئەوروپا بەڕێوە دەبەن». «ئازارو ناڕەحەتیم بەهۆی ئەوەوە نییە هێرش کراوەتەسەرم، بەڵکو لەبەر ئەوەیە هەمان میدیا سەرچاوەی بێڕێزییە بەرامبەر پێغەمبەرەکەمان کە لەژیانی خۆمان زیاتر ئازیزترە»، ئەردۆغان وای وت. لەکاتێکدا هەندێک سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن پشتگیری ئەردۆغانیان کرد بەوتنی ئەوەی کاریکاتێرەکە بێڕیزیکردن بوو بەرامبەر تورکیا، بەڵام یەکێک لە هاوپەیمانە پێشووەکانی رایگەیاند سەرۆک دەیەوێت رای گشتی بەلاڕێدا بەرێت لەمەڕ گرفتە ئابورییەکان و کێشە گرنگەکانی تری وڵاتەکە. «دوای (٤٨) کاتژمێر هەمووی لەبیر دەکرێت. هەرکاتێک ئەجێندای ناوخۆیی گیربخوات، ئەوان لەم جۆرە ئاراستە گۆڕینە ئەنجام دەدەن»، عەلی باباجان ئەمەی بە رۆژنامەی کەراری تورکی وت کە جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشوو بوو، لە ئەردۆغان جیابووەوە بۆ دروستکردنی پارتی تایبەت بەخۆی لە بەهاری ئەمساڵدا. حکومەتی تورکیا بەدەست دابەزینی لیرەوە دەناڵێنێت. لە دووشەممەی رابردوودا لیرەی تورکی بۆ کەمترین ئاستی دابەزی لەمێژوویدا بەرامبەر دۆلار بەجۆرێک گەیشتە (٨.١٥) لەبەرامبەر یەک دۆلاری ئەمریکی. لەلایەکی ترەوە شیکەرەوان پێیانوایە میدیای تورکیا رۆڵێکی خراپی بینیوە لەگواستنەوەی رووداوەکاندا بۆ پشتیوانانی ئەردۆغان لەتورکیا، کە پڕوپاگەندەی ناسیۆنالیستیان دەرخواد دەدرێت لەلایەن ئۆرگانەکانی حکومەتەوە، ئەم رووبەڕوبوونەوەیە لەگەڵ فەرەنسا تەنها بەشێکە لە زنجیرە «بێڕێزییەکان» لەلایەن دوژمنەکانی تورکیا لە دەرەوەو دەبێت تۆڵە بسەنرێتەوە. «خەڵک پێیان دەوترێت سەرۆکی فەرەنسا بێڕێزی بەو شتانە دەکات کە لای ئێمە پیرۆزەو نیشتمانپەروەرترین و راستترین کار ئەوەیە ئێمەش لێیان توڕە بین»، سەلیم کۆرو، شیکەرەوە لەناوەندی توێژینەوەی سیاسەتی ئابوری لەئەنقەرە ئەمەی بە رۆژنامەی تایمز وت. ژۆن مارکاو، سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەزانکۆی پۆ گرینۆبڵی فەرەنسی، پێیوایە میدیای تورکی رۆڵی هەبووە لە توانای ئەردۆغان بۆ ئاراستەکەردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ماکرۆن. «ئەردۆغان سوود لەو راستییە دەبینێت کە میدیای زمانی تورکی زۆر کەم گرنگییان داوە بە سەربڕینی مامۆستاکە. بەواتایەکی تر هۆکاری پشت پێوەرە نوێیەکانی ماکرۆن بۆ رووبەڕووبونەوەی توندڕەوی ئیسلامی. دەرهێنانی پێوەرە نوێیەکان لەسیاقی خۆیان ئاسانتری دەکات بۆ ئەردۆغان تا ماکرۆن وەک کەسێکی شێت بناسێنێت»، مارکاو ئەمەی بە رۆژنامەی دەچ ویڵی ئەڵمانی وت. لەسەرەتای مانگی رابردوو ئیمانیۆل ماکرۆن لەوتارێکیدا رایگەیاند ئیسلام « لە قەیراندایە لەهەموو جیهاندا»و پلانی خۆی راگەیاند بۆ «چاکسازی ئیسلامی» تا زیاتر بگونجێت لەگەڵ بەها کۆماری و سیکۆریزمییەکانی وڵاتەکەیدا. دوای تیرۆرکردنی مامۆستاکەش، ماکرۆن وتی کە «پاشگەزنابنەوە» و بەردەوام دەبن لە بڵاوکردنەوەی کاریکاتێر، ئەمەش تووڕەیی جیهانی ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێناو لەچەندین وڵات بایکۆتی شتومەکی فەرەنسی راگەیاندراو خۆپیشاندان دژی ماکرۆن و بێڕیزیکردن بە پێغەمبەری ئسیلام ئەنجامدرا. «پێموایە ئەو کاردانەوانە ئەنجامی بەدرۆکردن و شێواندنی قسەکانی من بوون، چونکە خەڵک وا تێگەیشتوون من پشتگیریم لەو کاریکاتێرانە کردووە»، ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری ئەمەی وت کە شەممەی رابردوو بڵاوکرایەوە. بەربەرەکانێ و پێکدادانی ئەم دوو سەرۆکە رەنگە سوودی بۆ ماکرۆنیش هەبێت. «وادیارە [ئەم پێکدادانە] یارمەتیدەری سەرۆکی فەرەنساش بێت. هەردوو سەرکردەکە لەوە تێدەگەن دەستکەوتێک هەیە بەدەستی بهێنن بۆ پاشخانی خۆیان، ماکرۆن هێندەی ئەردۆغان لەوە تێدەگات»، کۆرو وای وت. ماکرۆن بۆ رازیکردن و بەدەستهێنانی دەنگ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٢ دەیەوێت وەک کەسێکی تووند خۆی دەربخات دژی ئەردۆغان لە ناوخۆی فەرەنسا لەکاتێکدا ئەردۆغانیش لەم نێوەندەدا جەماوەری ناوخۆ بۆ لای خۆی رادەکێشێت. «ئەردۆغان بەنزین بە ئاگری ناسیۆنالیستیدا دەکات و ماکرۆنیش دەیەوێت جەخت بکاتەوە لەسەر ترسی فەرەنسییەکان بەرامبەر ئیسلامیزم و تاوان تا دەنگدەرانی راستڕەو لەخۆی رازی بکات لەپێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ٢٠٢٢دا»، دیدیەر بلیۆن، جێگری بەڕێوبەری پەیمانگەی فەرەنسی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ستراتیجی ئەمەی بە دەچ ویڵی وت. لەلایەکی ترەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، شەڕ دژی ماکرۆن وا لە ئەردۆغان دەکات خۆی وەک دەنگی جیهانی ئیسلامی دەربخات، لەکاتێکدا زۆرێک لەسەرکردە موسوڵمانەکان سوورن لەسەر دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی لەگەڵ رۆژئاوادا لەسەر سیکۆلاریزم و ئازادی رادەربڕین. «ئەمە هەلێکی زێڕینە بۆ ئەردۆغان تا بێتە پێشەوەو وەک پارێزگاری ئیسلام و سەرکردەی سوونی لەجیهانی عەرەبیدا خۆی دەربخات و بۆ ماکرۆنیش [ئەم هەلە بوونی هەیە] تا بتوانێت هەژموونی خۆی زیاتر بکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا»، ئەیدنتاباس وای وت. هەندێک پێیانوایە  سەرکردەی تری جیهانی سووکایەتی بە موسوڵمانان دەکەن و موسوڵمان دەکوژن، بەڵام ئەردۆغان تەنها ئەم شەڕەی لەگەڵ ماکرۆن دەستپێکردووە. «[ئەردۆغان] هەر بەڕاستی پێیوایە بەو قسانەی ماکرۆن بێڕێزی پێکراوەو بڕوای وایە بێڕێزی کردنە بەرامبەر موسوڵمانان، بەڵام بەشیوەیەکی ستراتیجی ئەو ئەم ساتەی هەڵبژاردووە تا بڵێت بێڕێزیم پێکراوە. ترەمپ زۆرجار لەملاولا شتی زۆر خراپ بە موسوڵمانان دەڵێت. پوتن موسوڵمانان لە سوریا دەکوژێت و چینیش دەستگیریان دەکات، بەڵام ئەو بڕیاریداوە ئەم هێرشە بکات لەم کاتەدا»، دیپلۆماتکارێکی خانەنشین ئەمەی بە تایمز وت. سینان ئۆڵگن، بەڕێوبەری ناوەندی تووێژینەوەی ئابوری و سیاسەتی دەرەوە لە ئەستەنبوڵ پێیوایە ناکۆکی تورکی-فەرەنسی کاریگەرییەکی درێژخایەنی دەبێت. «ئەم ناکۆکییە لێکترازانی شارستانیەتی نێوان تورکیاو رۆژئاوا فراوانتر دەکات، کە لەئیسلامۆفۆبیاوە سەرچاوەی گرتووە. گرژی لەنێوان ئەوانەی پشتگیری ئازادی رادەڕبرین دەکەن و ئەوانەی دەیانەوێت پارێزگاری لەبەها ئایینییەکان بکەن زیاتر قووڵ دەبێتەوە»، ئۆڵگن ئەمەی بە دەچ ویڵی وت.

‌هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستیکردووە بە مامەڵەی ئامادەکردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیە پێشوەختەکان کەبڕیارە حوزەیرانی 2021 ئەنجامبدرێن، بەرپرسێکی هەڵبژاردن چوارشەممە (28ی تشرینی یەکەم) بەدیارونای وت. هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەتایبەتی بۆ عێراق گرنگن، کە لەتشرینی یەکەمی رابردووەوه‌ خۆپیشاندانی زۆری تێدا بووە دژی گەندەڵی و کرده‌وه‌کانی میلیشیاکانی سەر بەئێران. پەرلەمانی عێراق پڕە لەهاوپەیمانێتی هاوسۆزی ئێران کەدژی چاکسازییە سیاسییەکانن، چونکە دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی ئامادەییەکی بەهێزیان ده‌بێت لەپەرلەمانی داهاتوودا، سەرەڕای ناڕەزایی فراوانبووی جەماوەری له‌پێشێلکاریەکانیان کە سوود به‌ئێران ده‌گه‌یه‌نن، لەسەر حسابی عێراق. وتەبێژی کۆمسیۆنه‌که‌، جومانە غولای وتی کۆمسیۆن دەستیکردووە بە رێکارەکانی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی دەبێتەوە. باسی لەوەشکرد لەنێو ئەمانەدا نەبوونی پشتیوانی دارایی، بەربەستەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) و ئەو راستییەی کە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن تەواو نەبووە. پەرلەمانی عێراق پلانی دانا بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێک بۆ دەرکردنی ڤێرژنێکی هەموارکراوی یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن کە وڵاتەکە دابەشدەکات بۆ چەندین یەکەی هەڵبژاردن، لەجیاتی یەک یەکە. وەک بەشێک لەئامادەکارییەکان، ناوەندەکانی تۆماری هەڵبژاردن لەبەغدا و پارێزگاکانی دیکە دەرگاکانیان دەکەنەوە لە رۆژانی پشووی هەفتەو پشووە فەرمیەکاندا بۆ پێشوازیکردن لە دەنگدەران کەهەوڵدەدەن کارتی دەنگدانی (بایۆمەتری)یان نوێبکەنەوە. کارتە نوێکان وێنەیه‌کی که‌سه‌که‌ و (10) پەنجەمۆر له‌خۆده‌گرن. غولای وتی «ناوەندەکان کارتە نوێکان بۆ ئەو کەسانەش دەردەکەن کە کارتەکانیان تێکچووه‌ یان ونبوون و وتیشی تێچووی نوێکردنەوە لەئێستادا وەرناگیرێت.» وتیشی «ناوەندەکانی کۆمسیۆن دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی ئەو دەنگدەرە نوێیانەی بەمدواییانە گەیشتونەتە تەمەنی دەنگدان (ئه‌وانه‌ی 2001 و 2002 لەدایکبوون) لەگەڵ خەڵکانی ئاوارە». هه‌روه‌ها وتی «تیمە گەڕۆکەکان نێردراون بۆ دەزگا فەرمییەکان و گەڕەکەکان بۆ تەواوکردنی تۆمارو نوێکردنەوەی کارتەکانی ئەو کەسانەی ناتوانن سەردانی ناوەندەکان بکەن. لەنێو ئەوانەدا کەسانی نەخۆش و کەمئەندام و به‌ته‌مه‌نان». (26 ) ملیۆن کەس مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ کۆمسیۆنەکە تائێستا داوای (300) قەوارەی پێگەیشتووە کە دەیانەوێت خۆیان بپاڵێون بۆ هەڵبژاردنی نوێ و (72) قەوارەی دیکەش لەئێستادا لە پرۆسەی خۆتۆمارکردندان. غولای وتی «کۆمسیۆنی هەڵبژاردن مەبەستێتی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بکات کە تایبەتمەندە لە تەکنەلۆژیای یاریدەدەری کۆمپیوتەری بۆ دەنگدان و ژماردنی دەنگەکان». هەروەها وتی «لیژنەیەکی تەکنیکی پێکهاتوو لەنوێنەری وەزارەت و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان، بەرپرس دەبن لە چاودێریکردنی کارەکانی کۆمپانیاکە و دڵنیاییدان لەوەی پێوەرەکانی راستگۆیی و وردێتی و شەفافیەت لەپرۆسەی هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا پارێزراو ده‌بن.» وتیشی کۆمسیۆنەکە «چەندین هەوڵیشی بەگەڕخستووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری جەماوەری دەربارەی گرنگیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا». هەڵمەته‌که‌ی هۆشیاری جەماوەری پۆستەرو ڤیدیۆ له‌خۆده‌گرێت و ناوەندی کۆمسیۆن هەماهەنگی دەکات لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیەکان بۆ ناردنی زانیاری بە نامە بۆ مۆبایلی دەنگدەران و بۆ گەشەدان بە بەرنامەیەکی خۆڕایی کە رێبدات بەدەنگدەران بەدوای دۆخی کارتی دەنگدانەکانیاندا بچن. لایەنەکانی سەر بەئێران هەڕەشە لەهەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق دەکەن پسپۆڕان هۆشداریدەدەن لەوەی میلیشیاکانی سەربەئێران بەئاسانی دەستبەرداری رووکاری سیاسیی خۆیان نابن کە رێیانپێدەدات دەستتێوەردان لەکاروباری ناوخۆی عێراقدا بکەن. عێراقیەکان بەهیوان هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی داهاتوو نەخشەی سیاسی لەوڵاتەکەیاندا بگۆڕێت بەجڵەوکردنی نفوزی لایەنەکانی سەر بەئێران. ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریانەی لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا دەستیانپێکرد دژی گەندەڵی و کرده‌وه‌کانی میلیشیاکان بوونەتە هۆی تووڕەییه‌کی جەماوەریی زۆر کەدەکرێت ببنەهۆی له‌ده‌ستدانی ده‌نگ بۆ ئەو لایەنانە. به‌گوێره‌ی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لەوتارێکیدا بۆ خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ لە 24ی تشرینی یەکەم وتی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی حوزەیرانی 2021، کە له‌ئه‌نجامی وەڵامدانەوەی داواکانی خۆپیشاندەراندا هاته‌پێشه‌وه‌، ئەنجامدەدرێن. پەرلەمانی عێراق پڕە لەلایەنەکانی سەربەئێران کە دژی چاکسازیی سیاسیی بەرچاون، لەکاتێکدا مشتومڕ لەسەر یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دەکرێت. پیاوی باڵای ئاینی شیعەی عێراق عەلی سیستانی پشتیوانی له‌هەڵبژاردنە پێشوەختەکان کردو هانی عێراقیەکانی دا بۆ بەشداریکردنێکی به‌رفراوان تێیاندا. هۆشداریشی دا لەوەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان یاخود ئەنجامدانیان بەبێ دابینکردنی دۆخی گونجاو بۆ دڵنیابوون لەسەرکەوتنیان «کێشەکانی وڵاتەکە قوڵتر دەکاتەوە». ئاستەنگ بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت مامۆستای پەیوەندییە ئابورییەکان لەزانکۆی عێراقیە، عەبدولڕەحمان مەشهەدانی وتی خۆپیشاندانەکان دەریانخست کە لایەن و میلیشیاکانی سەربەئێران «هیچ پشتیوانییەکی جەماوەرییان نییە». وتی «توڕەیی جەماوەریی زیاد دەکات دژی پێشێلکارییەکانی ئەم گروپانەو دەکرێت ئەمە سەربکێشێت بەزیانی ئەو لایەنانەی هاوپەیمانی ئێرانن لەڕووی دەستڕاگەیشتنه‌وه‌ بەنوێنەرایەتی لە پرۆسەی سیاسییدا». مەشهەدانی وتی «گۆڕانکاری لەدیمەنی سیاسیی عێراقیشدا پەیوەستە بەدابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ هەڵبژاردن کە ئازادبێت لە نفوزی گروپە چەکدارەکان». وتیشی «ئەمە ئاستەنگێکی سەرەکییە بۆ حکومەت، چونکە گروپەکانی سەر بەئێران چەکی نایاساییان پێیە و «شەرم ناکەن لە ئەنجامدانی هەر کارێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان». پسپۆڕان دەڵێن دەسەڵاتی سیاسیی پارە و چەکی ده‌ست گروپەکانی سەر بەئێران بوونەتە هەڕەشەیەکی جددی و گروپەکان دەکرێت نفوزیان بەکاربهێنن لەپرۆسەی سیاسییدا، وەک لە هەڵبژاردنەکانی 2018 ئەنجامیاندا. توێژەری کاروباری سیاسی و پسپۆڕی سەربازی، ئەیاد توفان بە دیارونای وت: « لەڕێی کردەکانیانەوە، بەردەوام هەوڵیانداوە لەبایەخی هێزی یاسا کەمبکەنەوە، لە رۆڵی هیزە ئەمنی و دەزگا فەرمییەکان بدەن و زیانبده‌ن لەئاسایش و بەرژەوەندیی عێراقیەکان. وتی هەروەها هەڕەشە لەئاشتی مەدەنیی عێراق دەکەن و ئاماژەیکرد بەسووتاندنی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا، دوای ئەوەی سەرکردەیەکی حزبەکە، هۆشیار زێباری، داوای ئەوەی کرد میلیشیاکان لەناوچەی سەوز دەربکرێن. توفان وتی میلیشیاکان «بەئاسانی دەستبەرداری رووکاری سیاسی خۆیان نابن بۆ دەستتێوەردان لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاری نیشتمانی و پاراستنی نفوزی خۆیاندا بەمەبەستی خزمەتکردن بەپرۆژەی ئێران». هۆشدارییدا لەوەی رەنگە هەوڵبدەن دۆخی ئەمنی بشێوێنن پێش هەڵبژاردنەکان. پرۆسەیه‌کی سیاسیی نوێ گروپەکانی دڵسۆزی ئێران، لەنێویاندا عەسائیب ئەهل حەق بەسەرکردایەتی قەیس خەزعەلی و رێکخراوی بەدر، لەئێستادا بەشێکن لەهاوپەیمانێتی فەتح، که‌ فراکسیۆنێکی پەرلەمانییە. پسپۆڕی بواری ئاسایش، مەجید قەیسی وتی  «ئەم گروپانە نفوزیان بەکاردەهێنن بۆ دڵنیابوون لەوەی ئامادەییەکی بەهێزیان ده‌بێت لەپەرلەمانی داهاتوودا». وتیشی «دەستیانکردووە بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان بەگۆڕینی سەرکردە سەربازییەکانیان بە سەرکردەی سیاسی، بەڵام سەرەڕای ئەمە، ژمارەی کورسییە پەرلەمانیەکانی ئەم میلیشیایانە دەکرێت لە (47) کورسییەوە ببنە (10 بۆ 12) کورسی». هەروەها وتی «بۆئەوەی ئەمە رووبدات، دەوڵەت دەبێت چەند هەنگاوێک بنێت بۆ سنووردارکردنی بوونی چەک، جێبەجێکردنی یاسایەکی روون و دادپەروەردانەی هەڵبژاردن و لەهەمووی گرنگتر، تەواوکردنی رێژەی دیاریکراوی دادگای فیدراڵی». وتیشی «گوڕی جەماوەری کە هەژموونی ئەم میلیشیایانە رەتدەکاتەوە، گرنگییەکی زۆری هەیە لە بەرهەمهێنانی پرۆسەیەکی سیاسی و دیموکراتیی نوێ لەعێراقدا».  

      شاناز حه‌سه‌ن   پێشڕه‌و به‌کر، (35) ساڵ، که‌ ماوه‌ى مانگێکه‌ دایکى له‌ده‌ستداوه‌، باس له‌وه‌ده‌کات به‌هۆى نه‌بوونى پاره‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ دایکى ببنه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کى ئه‌هلى و گیانى له‌ده‌ستداوه‌ دوای تووشبوونی بۆ کۆرۆنا. پێشڕه‌و وتى «دایکم به‌ ئازاره‌وه‌ ده‌یناڵاند، سویندی منى دا نه‌یبه‌مه‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى، چونکه‌ تێچووى زۆره‌ و خه‌مى منى بوو». دایکى پێشڕه‌و ته‌مه‌نى هه‌بووه‌ و نه‌خۆشى درێژخایه‌نى بووه‌، دواى مانه‌وه‌ى زیاتر له‌ (40) رۆژ له‌نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌تى کۆرۆنا له‌سلێمانى بارودۆخى ته‌واو تێکده‌چێت و ده‌مرێت. پێشڕه‌و، شۆفێرى بارهه‌ڵگرێکه‌ رۆژانه‌ به‌ (35) هه‌زار دینار، وتى «من و دایکم پێکه‌وه‌ ده‌ژیاین، ده‌یزانى چه‌نده‌ به‌ نه‌هامه‌تى پاره‌ په‌یدا ده‌که‌م و بارى داراییمان باش نیه‌، بۆیه‌ نه‌مبرده‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌کى ئه‌هلى و به‌هۆى بێ پاره‌ییه‌وه‌ مرد». زیاتر له‌هه‌شت مانگه‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستاندا بڵاوبۆته‌وه‌و ‌به‌پێى ئاماره‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى تائێستا له‌هه‌رێم نزیکه‌ى (77) هه‌زار که‌س تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون، زیاتر لە (41) هه‌زاریان چاکبوونه‌ته‌وه‌و دوو هه‌زار و (400) کەس گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و (29) هه‌زار  تووشبوو له‌ژێر چاره‌سه‌ردان. پزیشکان دەڵێن تووشبووەکان سێ جۆرن، (ئاستى سوک، مامناوه‌ند، توند)، جۆرى چاره‌سه‌ره‌کان بۆ هەر جۆرێکیان ده‌گۆڕێت، به‌و پێیه‌ش تێچووى چاره‌سه‌رکردنه‌که‌ى ده‌گۆڕێت. ئه‌وانه‌ى به‌ئاستى سوک تووشى ڤایرۆسه‌که‌ ده‌بن، له‌دواى پشکنینى یه‌که‌م ته‌نیا دوو جۆر حه‌ب و ڤیتامینێک وه‌رده‌گرن و چاکده‌بنه‌وه‌. دووه‌م و سێیه‌م ئاستى تووشبوونى کۆرۆنا به‌ ئاستى مامناوه‌ندو توند ناوده‌برێت، که‌ تووشبووه‌که‌ نیشانه‌کانى هه‌مووى تێدا ده‌رده‌که‌وێت و به‌پێى ئاستى به‌رگرى که‌سه‌که‌ ده‌رمان و پشکنینى بۆ ده‌کرێت. له‌ئێستادا به‌هۆى زۆرى ژماره‌ى تووشبوون له‌هه‌رێمى کوردستان زۆربه‌ى هاوڵاتیان له‌نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى یاخود له‌ماڵه‌وه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، که‌ئه‌وه‌ش بڕه‌ پاره‌یه‌کى زۆرى ده‌وێت. هه‌ڵگورد عوسمان، ته‌مه‌ن (40) ساڵ، تووشبویه‌کى کۆرۆنایه‌و دوو جار تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بووەو جارى یه‌که‌م له‌نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌کۆرۆنا بووه‌ و دووه‌م جار له‌ماڵه‌وه‌ له‌ێگه‌ى پزیشکى تایبه‌ته‌وه‌، چاودێریى کراوه‌. ئه‌م نه‌خۆشه‌، باس له‌وه‌ ده‌کات سه‌ره‌تا ته‌نیا پشکنینى کۆرۆناى دووجار به‌ پاره‌ بۆ دووباره‌ کراوه‌ته‌وه‌و به‌کۆى ئه‌و تێچووه‌ى له‌ماوه‌ى تووشبوونیدا تا چاکبوونه‌وه‌ى زیاتر بووه‌ له‌ (200) دۆلار، به‌ڵام جارى دووه‌ م له‌ڕێگه‌ى پزیشکى تایبه‌ته‌وه‌و له‌ماڵه‌وه‌ زیاتر له‌سێ هەزارو (400) دۆلاری تێچووه‌. ئه‌م پیاوه‌ بەتەلەفۆن قسەی بۆ ‌هاوڵاتی کرد، ئێستاش هه‌ڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنایه‌و له‌ماڵه‌وه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت، باس له‌وه‌ ده‌کات ته‌نیا پزیشکه‌که‌ رۆژانه‌ به‌ (100) هه‌زار دینار دووجار سه‌ردانى کردووه‌و کۆرسى ده‌رمانه‌کانى بۆ دیاریکردووه‌. هه‌ڵگورد، له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى تووشبوونیدا، زیاتر له‌ چوار جار پشکنینه‌کانى دووباره‌ کردۆته‌وه‌و هه‌ر جاره‌ى زیاتر له‌ (135) هه‌زار دینارى تێچووه‌. چوار رۆژ به‌ به‌رده‌وامى ئۆکسجینی بۆ به‌کارهاتووە، بە ملیۆنێک دینار. ئه‌م نه‌خۆشه‌ تائێستا زیاتر له‌ (23) ده‌رزى بۆ به‌کارهاتووه‌، نرخه‌کانیان له‌ (42) دۆلارەوە‌ تا (499) دۆلار بووە بۆ هەر یەکێکیان بەپێی جۆری دەرزییەکان. هه‌ڵگورد عوسمان وتی «نرخى ده‌رمان و ده‌رزى و ئۆکسجین زۆر گرانن و پێویسته‌ هاوکارى خه‌ڵک بکرێت، نه‌ک خه‌ڵک بمرێت، به‌هۆى نه‌بوونى پاره‌وه‌ بۆ دابینکردنى ده‌رمان و ئۆکسجین». به‌رپرسانى ته‌ندروستى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌که‌ن هه‌ر تووشبوویه‌کى کۆرۆنا داخڵى نه‌خۆشخانه‌ ببێت هه‌موو ده‌رمان و پێداویستى و پشکنینێکى بێ به‌رامبه‌ر بۆ ده‌کرێت، دەشڵێت بەڵام زۆر تووشبووش هه‌یه‌ له‌ماڵه‌وه‌ یاخود له‌نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن. هه‌مزه‌ ره‌زیفى، به‌رپرسى راگه‌یاندنى ته‌ندروستى دهۆک، له‌لێدوانێکدا به‌‌‌هاوڵاتی وت» له‌ناو نه‌خۆشخانه‌کاندا هه‌مووى له‌سه‌ر حکو‌مەته‌، ته‌نیا پشکنین بۆ ئه‌وه‌ به‌پاره‌ ده‌کرێت که‌ سه‌فه‌رێکیان هه‌یه‌و به‌په‌له‌ پێویسته‌ له‌کاتى رۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه‌ پشکنین بکه‌ن». له‌پارێزگاى دهۆک زیاتر له‌ (11) هه‌زار که‌س له‌ماڵه‌وه‌ که‌ره‌نتین و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، به‌رپرسى راگه‌یادنى ته‌ندروستییه‌که‌یان وتى» ئه‌گه‌ر حاڵى هه‌ر نه‌خۆشێک دژوار بوو له‌ڕێگه‌ى تیمه‌کانى ئێمه‌وه‌ ده‌هێنرێنه‌ نه‌خۆشخانه‌«. هه‌مزه‌ ره‌زیفى، وتیشى «نه‌خۆشێک له‌نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت چاره‌سه‌ر ‌وەربگرێت، بێگومان زیاترى تێچوو ده‌بێت وه‌ک له‌نه‌خۆشخانه‌ حکومییه‌کان». هه‌روه‌ها ئازاد محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌،  وتى»تێچووى نه‌خۆشێک رۆژانه‌ ده‌گاته‌ یەک ملیۆن دینار به‌پێداویستى پزیشکى و ده‌رمان و ئۆکسجینى به‌رده‌وام». باسى له‌وه‌شکرد «له‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ رۆژانه‌ دوو ته‌ن ئۆکسجینى شل به‌کاردەهێنین و ده‌توانین ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى داخڵى نه‌خۆشخانه‌ ده‌بن پێداویستى پێویستیان بۆ دابین بکه‌ین». ئه‌و تووشبووانه‌ى له‌ماڵه‌وه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، پشت به‌ نۆرینگه‌ و پزیشکى تایبه‌ت ده‌به‌ستن. خاوه‌نى نۆرینگه‌یه‌کى پزیشکى، باس له‌وه‌ ده‌کات نه‌خۆش هه‌یه‌ له‌ماڵه‌وه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت و زیاتر له‌ دووهەزار  دۆلاری خه‌رجکردووه‌ له‌دابینکردنى ده‌رمان و پشکنین. دکتۆر هاوڕێ جه‌زا وتی «ڤایرۆسى کۆرۆنا ڤایرۆسێکى نوێیه‌ و به‌پێى بارودۆخى که‌سه‌که‌ و ئاستى به‌رگرى له‌شى تووشبووه‌که‌ ده‌رمانه‌کانى که‌ پێویستیه‌تى تا چاکبوونه‌وه‌ى ده‌گۆڕێت، جۆرى ئه‌و پشکنینانه‌ى که‌ بۆشى ده‌کرێت جیاوازه‌«. وتیشی «هه‌موو تووشبوویه‌کى کۆرۆنا به‌هۆى زۆرى نرخى ده‌رمان و پشکنینه‌کانه‌وه‌، پێویستى به‌ پێنج گه‌ڵا به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ ده‌بێت تا چاکده‌بێته‌وه‌و ته‌ندروستى جێگیر ده‌بێت». هاوڕێ جه‌زا، به‌و پێیه‌ى وه‌ک پزیشک و خاوه‌ن نۆرینگه‌یه‌ک چه‌ندین نه‌خۆشى کۆرۆناى بینیوه‌و چۆته‌ ماڵه‌وه‌ بۆ سه‌ردانیان و چاره‌سه‌رى بۆ کردون، ئه‌وه‌ روونده‌کاته‌وه‌، نه‌خۆشێک که‌ پێویستى به‌ ئۆکسجین و ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد بێت، زیاتر له‌دوو هەزار دۆلاری پێویسته‌ تا چاکبوونه‌وه‌ى، حاڵه‌تیشمان هه‌یه‌ که‌ ده‌رزی وایان پێویسته‌ نرخه‌که‌ى زۆر گرانه‌و تێچووه‌که‌ى ده‌گاته‌ سێ هەزار دۆلار بۆ سه‌ره‌وه‌«. ئه‌م خاوه‌نى نۆرینگه‌یه‌، وتى «ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى سه‌ردانى ئێمه‌ ده‌که‌ن، به‌پێى بارى دارایى نه‌خۆشه‌که‌ له‌ ده‌رمانه‌ زۆر پێویسته‌کانه‌وه‌ کۆرسه‌که‌ى بۆ دیاریده‌که‌ین و هاوکارى ده‌بین و به‌پێى حاڵه‌تى زۆر پێویستى پشکنینه‌کانى بۆ دووباره‌ ده‌که‌ینه‌وه‌«. دکتۆر هاوڕێ وتیشى «نه‌خۆش هه‌یه‌ بارى ته‌ندروستى خراپه‌و هه‌ژاریشه‌، که‌ سه‌ردانى نه‌خۆشخانه‌ حکومییه‌کان ده‌کات هیچ جۆره‌ ده‌رمان و پشکنینێکى بۆ ناکرێت به‌بێ پاره‌، ته‌نیا ئۆکسجین هه‌یه‌«. وتیشی «ئه‌گه‌ر نۆرینگه‌کان نه‌بن، تواناى ئێستاى که‌رتى ته‌ندروستى حوکمى ناتوانێت فریاى ئه‌و تووشبووه‌ زۆره‌ى کۆرۆنا بکه‌وێت و دۆخه‌که‌ له‌کۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چێت». هه‌ر نه‌خۆشێکى کۆرۆنا سه‌ره‌تا تووشى کۆرۆنا ده‌بێت پێویسته‌ پشکنینى کۆرۆنا بکات که‌نرخى (60) هه‌زار دیناره‌، که‌ ده‌رکه‌وت هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌کەیە‌ پێویسته‌ دواى دووهه‌فته‌ دووباره‌ى بکاته‌وه‌، واته‌ دووجار پشکنینى کۆرۆناى پێویسته‌ که‌تێچووى هه‌ردوو پشکنینه‌که‌ ده‌کاته‌ (120)هه‌زار دینار بۆ یه‌ک توشبوو. دواى یه‌ک هه‌فته‌ له‌ پشکنین که‌سى تووشبوو ئه‌گه‌ر له‌ناو نه‌خۆشخانه‌کانى کۆرۆنادا چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت رۆژانه‌ یاخود دوو رۆژ جارێک پشکنینى ( پشکنینى خوێن، مادده‌ى ئاسن، خه‌ستبوونه‌وه‌ى خوێن)ى بۆ دووباره‌ ده‌کرێته‌وه‌ که‌ به‌ کۆى گشتى نرخه‌که‌یان ده‌گاته‌ (50 بۆ60) هه‌زار دینار بۆ هه‌ر جارێک. له‌حاڵه‌تى تووشبوودا که ‌به‌ئاستى مامناوه‌ند یان توند دیاریده‌کرێت، تووشبووه‌که‌ به‌پێى ئیلتیهاباتى سه‌ر سنگى رێژه‌ى وه‌رگرتنى ئۆکسجینى بۆ دیاریده‌کرێت، که‌ هه‌ر بتڵێکى بچووکى ئۆکسجین له‌ (18بۆ30) هه‌زاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات تا (100)هه‌زار دینار، که‌ تووشبوویه‌ک هه‌ر پێویستى به‌ ئۆکسجین بێت، رۆژانه‌ پێویستى به‌ (5) بتڵ ئۆکسجین ده‌بێت.  ده‌رزی بۆ تووشبوویه‌کى کۆرۆنا هه‌ریه‌که‌ى نرخى (5) هه‌زار دیناره‌، که‌هه‌ر تووشبوویه‌ک پێویستى به‌ده‌رزى بێت له‌ (10) ده‌رزى که‌مترى بۆ به‌کارنایه‌ت، واته‌ نرخى ( 10)ده‌رزى بۆ تووشبوویه‌ک (50) هه‌زار دیناره‌، ئه‌گه‌ریشى هه‌یه‌ ئه‌م ده‌رزیانه‌ى بۆ دووباره‌ بکرێته‌وه‌. له‌حاڵه‌تى زۆر توندى تووشبوون به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ تووشبووه‌که‌ پێویستى به‌ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد ده‌بێت، که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌کانى کۆرۆناو نه‌خۆشخانه‌ حکومییه‌کاندا نرخه‌که‌ى ته‌نیا بۆ شه‌وێک یه‌ک ملیۆن و (700) هه‌زار دیناره‌. پزیشکه‌که‌ى کۆرۆنا ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ له‌ئێستادا نه‌خۆشخانه‌یه‌کى ئه‌هلى تایبه‌ت نیه‌ که‌ تووشبووى کۆرۆنا وه‌ربگرێت، به‌ڵام له‌ماڵه‌وه‌ چاودێریى ده‌کرێن و ده‌رمان وه‌رده‌گرن. بژار موسا، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌ولێر، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتی وت «تیچووى نه‌خۆشى کۆرۆنا ناتوانرێت به‌خه‌مڵاندنیش دیاریبکرێت، چونکه‌ به‌پێى ئاستى تووشبوون و به‌رگرى نه‌خۆشه‌که‌ ده‌گۆڕێت». هه‌روه‌ها وتیشى «له‌سنورى پارێزگاى هه‌ولێر هه‌موو پشکنین و ده‌رمانه‌کان بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ى له‌ناو نه‌خۆشخانه‌کانن به‌بێ به‌رامبه‌ر ده‌کرێت و هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ک له‌نه‌خۆش وه‌رناگیرێت». هەندێ لەپزیشکان دەڵێن تێچووى تووشبوویه‌کى کۆرۆنا زۆر گرانترو قورستره‌ له‌ تووشبوویه‌کى شێرپه‌نجه‌ یان هه‌ر نه‌خۆشییه‌کى دیکه‌ى درێژخایه‌ن. هەندێک لەو چارەسەرانەی بەکاردەهێنرێن بریتین لەدژه‌ به‌کتریا و ڤیتامینات و چارەسەر بۆ به‌رگرى و رێگەگرتن لەخه‌ستبوونەوەی خوێن و ده‌رزى هەوکردن. پزیشکێک له‌نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌چاره‌سه‌رى کۆرۆنا، داوای کرد ناوی نەهێنرێت، وتی «ماوه‌ى پێشتر ده‌رزى هه‌بوو له‌ (200) دۆلاره‌وه‌ تا (800) دۆلار، هه‌ر نه‌خۆشێک  (7بۆ10) ده‌رزى پێویست ده‌بوو، بۆیه‌ تێچووه‌که‌ له‌ نه‌خۆشێکه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشێکى دیکه‌ جیاواز ده‌کات». ده‌رزى ئه‌کتێمرا هه‌یه‌ که‌ بۆ هه‌موو نه‌خۆشێک ناکرێت، ئه‌م ده‌رزییه‌ نرخى هه‌زار دۆلاره‌، ته‌نیا به‌و تووشبووانه‌ ده‌درێت که‌ نیشانه‌ى قورسیان هه‌یه‌ یان له‌به‌شى چاودێرى چڕدان. ئه‌م پزیشکه‌ وتیشى « ئه‌م ده‌رزیه‌ بۆ هه‌موو نه‌خۆشێک ناکرێت، به‌ڵام نه‌خۆش هه‌یه‌ دووجار وه‌ریگرتووه‌«. جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه ‌«نه‌خۆشمان هه‌یه‌ رۆژانه‌ پشکنینى بۆ دووباره‌ ده‌کرێته‌وه‌ و هه‌مانه‌ دوو رۆژ جارێک یاخود هه‌فتانه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌زانستى بکرێت ده‌بێت رۆژانه‌ پشکنینه‌کان دووباره‌ بکرێته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ له‌به‌ر گیرفانى خه‌ڵک چاوپۆشى له‌بابه‌ته‌ زانستییه‌که‌ ده‌که‌ین».

سازدانى: ئارا ئیبراهیم ئارێز عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى رایدەگەیەنێت له‌کابینه‌ى نۆیه‌مدا جۆرێک تاکڕه‌وى و کارى ژێربه‌ژێر ده‌کرێت. هەروەها دەڵێت حزبەکەی هەڵەی کردووە سەرۆکی پەرلەمانی وەرگرتووە، چونکە زۆرینەی پەرلەمان نین و لەبەرژەوەندییان نیە. هەروەها باسی ئەوەدەکات کە مۆرکی حزبی بەکابینەی نۆیەمەوە دیارە، دەڵێت «خۆزگه‌ ده‌کرا ئه‌م وڵاته‌ حکومه‌ت به‌بێ یه‌کێتى یا به‌بێ پارتى به‌ڕێوه‌ده‌چوو» رەخنە لەپارتیش دەگرێت کە پۆست ده‌دات به‌که‌سانێک تا واز له‌یه‌کێتى بهێنن. ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌ڵێت، ململانێکانى نێوان پارتى و په‌که‌که‌ چۆته‌ قۆناغێکى «مه‌ترسیدار»و جوڵاندنى هێز له‌لایه‌ن پارتى له‌ناوچه‌ى زێبارى و بادینان و هه‌ندێ ناوچه‌ى گرتووه‌و دۆخه‌که‌ به‌ره‌و ئاڵۆزى ده‌چێت و ئه‌وه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى کوردستان نییه‌. ئارێز عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتی، ده‌ڵێت «یه‌کێتى ئاماده‌یى تێدایه‌ نێوه‌ندگیرى پارتى و په‌که‌که‌و تورکیا و په‌که‌که‌ش بکات، ئه‌گه‌ر گوێى لێبگیرێت». ده‌شڵێت «پێویسته‌ رێگرى له‌شه‌ڕى نێوان پارتى و په‌که‌که‌ بکرێت، که‌شه‌ڕ دروستبوو به‌ئاسانى ناکوژێته‌وه‌و شه‌ڕه‌که‌ لێره‌ ناوه‌ستێت به‌تایبه‌تى بۆ پارتى ده‌گوازرێته‌وه‌ ئه‌و دیو سنوریش». ‌هاوڵاتی: به‌شێک له‌سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى گله‌یى له‌کابینه‌ى نۆیه‌م هه‌یه‌؟ ئارێز عه‌بدوڵا:  خۆزگه‌ ده‌کرا ئه‌م وڵاته‌ حکومه‌ت به‌بێ یه‌کێتى یا به‌بێ پارتى به‌ڕێوه‌ده‌چوو، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا به‌بێ هیچیان به‌ڕێوه‌ناچێت، ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها به‌ پارتى به‌ڕێوه‌بچوایه‌ ده‌مێک بوو یه‌کێتى له‌حکومه‌ت پاشه‌کشه‌ى ده‌کرد. کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌لومه‌رجه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌که‌ له‌هه‌رێمى کوردستان ناکرێت پارتى و یه‌کێتى له‌حکومه‌تدا نه‌بن، له‌م قۆناغه‌دا راسته‌ یه‌ک حکومه‌ت و په‌رله‌مانمان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌زۆر جومگه‌ى ده‌سه‌ڵات دوو ئیداره‌یى هه‌یه‌، زۆر سیاسه‌ت و هه‌ڵوێست هه‌یه‌ جیاوازه‌، لەحکومه‌ت پارتى و یه‌کێتى گۆڕان به‌شدارن، به‌ڵام له‌بڕیاردان و ستراتیژ و کارکردندا زۆر شت مۆرکى حزبى پێوه‌ دیاره‌ تامۆرکى گشتى، مۆرکى پارتى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌شێوازى به‌ڕێوه‌بردنى حکومه‌ت بێت ئاساسیه‌، به‌ڵام ئه‌و مۆرکه‌ى پارتى په‌لده‌کێشێت بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌و سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌و وڵاتانى ئیقلیمى و عێراقى، له‌وه‌شدا یه‌کێتى جیاوازییه‌کى زۆرى له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌کانى وڵاتانى ئیقلیمى و عێراق و ناوچه‌که‌، که‌ ئه‌و جیاوازییانه‌ هه‌بوو، حکومه‌تیش به‌و جیاوازیانه‌ کارده‌کات و دوو بۆچونى جیاواز دروستده‌بێت. ‌هاوڵاتی: ئایا ده‌سه‌ڵاته‌کانى حکومڕانى لاى پارتین که‌ ده‌ڵێیت مۆرکى پارتى پێوه‌ دیاره‌؟ ئارێز عه‌بدوڵا: پێشتریش ده‌سه‌ڵات لاى پارتى بووه‌، مادام حکومه‌ته‌که‌ حکومه‌تێکى هاوبه‌شییه‌، سیاسه‌ته‌ گشتییه‌کانى حوکمڕانى ده‌بێت به‌ هاوبه‌شى بێت، بۆ نمونه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌یاننامه‌یەى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم ده‌ریکرد، که‌ پێنج ئه‌ندامى هه‌یه‌ سیانیان ئاگادارى نه‌بوون، به‌ چ حه‌قێک که‌مینه‌یه‌ک دێت بڕیار یان به‌یاننامه‌یه‌ک ده‌رده‌کات، ئه‌نجومه‌ن به‌بۆچوونى ئه‌نجومه‌نه‌که‌ بێت، ئه‌گه‌ر ناکۆکى هه‌بێت به‌ده‌نگدان یه‌کلایبکرێته‌وه‌، به‌ڵام بابه‌تێکى هه‌ستیار وه‌ک ئه‌وه‌ى به‌رانبه‌ر تورکیاو په‌که‌که‌ کرا به‌بێ ئه‌وه‌ی گفتوگۆى له‌سه‌ر بکرێت ئه‌وه‌ کاریگه‌رى حزبى پارتییه‌ به‌سه‌ر داموده‌زگاکانه‌وه‌یه‌. له‌ناو داموده‌زگاکانى حکومه‌ت به‌داخه‌وه‌ حزبایه‌تى زۆر به‌توندى ده‌کرێت، جیاوازى له‌نێوان فه‌رمانبه‌رێک بۆ فه‌رمانبه‌رێکى دیکه‌ ده‌کرێت ئه‌مه‌ له‌هه‌ولێر باس ده‌که‌م، به‌خشینى ئیمتیازاتى حکومه‌ت له‌پێناو راکێشانى ئه‌ندامانى یه‌کێتى بۆ ناو پارتى زۆر زۆره‌، بۆ نموونه‌ پۆست ده‌درێت به‌که‌سێک واز له‌یه‌کێتى بهێنێت یان پله‌ى به‌رزده‌که‌نه‌وه‌، یا گواستنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رێک بۆ شوێنێکى تر ده‌یکه‌ن، ده‌ڵێن وه‌ره‌ ببه‌ به‌پارتى، غه‌در له‌فه‌رمانبه‌رانى یه‌کێتى ده‌کرێت، خه‌ڵکى زۆر به‌توانا هه‌یه‌ له‌هه‌ولێردا که‌ یه‌کێتین، له‌به‌رئه‌وه‌ى پارتى نییه‌ فه‌رامۆش ده‌کرێت، به‌ڵام خه‌ڵکى زۆر بێ توانا به‌رپرسیارێتى پێ ده‌سپێردرێت ئه‌وه‌ یه‌کێتییه‌کانى نیگه‌ران کردووه‌. پارتى پێیوایه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ئه‌و ده‌یکات هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ به‌ راست ده‌زانێت ئه‌وه‌ حه‌قى خۆیه‌تى، بۆ نموونه‌ به‌رانبه‌ر به‌ به‌غدا، به‌ڵام ناکرێت ئه‌و سیاسه‌ته‌ى خۆى به‌ کوردایه‌تى و نیشتمانپه‌روه‌رى له‌قه‌ڵه‌م بدات و ئه‌گه‌ر لایه‌نێکى تر بۆچوونى ترى هه‌بوو به‌ خیانه‌تکار له‌قه‌ڵه‌مى بدات. ‌هاوڵاتی: له‌ناو سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى به‌ فعلى هه‌ڵوێستتان به‌رانبه‌ر به‌کابینه‌ى نۆیه‌م چیه‌؟ ئارێز عه‌بدوڵا: تیمى یه‌کێتى له‌حکومه‌ت ئه‌رکى خۆى جێبه‌جێ ده‌کات، له‌لایه‌ک فشارى یه‌کێتى له‌سه‌ره‌، له‌لایه‌ک فشارى پارتى له‌سه‌ره‌، ئینسان خۆزگه‌ به‌ تیمى یه‌کێتى له‌ حکومه‌ت ناخوازیت، هه‌ندێ فشار هه‌یه‌ که‌ له‌تیمى یه‌کێتى له‌حکومه‌ت ده‌کرێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین یه‌کێتى له‌سه‌دا 50%ی حکومه‌تى نییه‌، زۆربه‌ى خه‌ڵکى یه‌کێتى وا سه‌یرى یه‌کێتى ده‌که‌ن که‌ یه‌کێتى سه‌دا (50 به‌ 50) له‌حکومه‌تدا به‌شداره‌ له‌گه‌ڵ پارتى، به‌ راشکاوى ده‌یڵێم ئه‌وه‌ گۆڕاوه‌، خۆتان ده‌زانن یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان (21) کورسى هه‌یه‌، وه‌کو جاران نه‌ماوه‌ یه‌کێتى و پارتى به‌ هاوسه‌نگى بڕیار له‌سه‌ر بابه‌ته‌کان بده‌ن. ئێمه‌ وه‌کو یه‌کێتى سه‌نگى یه‌کێتى به‌ (21) کورسى نازانین زۆر زیاتره‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵکى یه‌کێتى ناڕازییه‌. پێموایه‌ ئه‌و رێککه‌وتنانه‌ى له‌نێوان پارتى و یه‌کێتى کراوه‌ ورده‌کارییه‌کان باس بکرانایه‌و بڵاوبکرایه‌ته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ فێر نه‌بووین له‌گه‌ڵ پارتى له‌ رێککه‌وتنه‌کان بچینه‌ ناو ورده‌کارییه‌کان، که‌ نه‌چووینه‌ ناو ورده‌کارییه‌کان کێشه‌مان بۆ دروست ده‌بێت. بۆ نمونه‌ یه‌کێتى و پارتى و گۆڕان ده‌بوو به‌رانبه‌ر به‌غدا هه‌ڵوێست و ستراتیژیان یه‌ک بێت، مادام پێکه‌وه‌ن له‌حکومه‌ت، ده‌بێت سیاسه‌تى حکومه‌ت به‌رانبه‌ر وڵاتانى دراوسێ یه‌ک سیاسه‌ت بێت، ناکرێت سیاسه‌تى حکومه‌ت له‌ژێره‌وه‌ به‌رانبه‌ر تورکیا شتێک بێت و له‌ راگه‌یاندنیشدا شتێکى دیکه‌ بێت، ئه‌وه‌ ناکرێت، له‌گه‌ڵ ئێرانیش به‌هه‌مان شێوه‌. ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌کانى تواناکانى حزب له‌ناو حکومه‌ت قه‌ده‌غه‌ بکرێت، نه‌قسێک له‌نێو رێککه‌وتنه‌کانى نێوان پارتى و یه‌کێتى و پارتى و گۆڕاندا هه‌یه‌، کێشه‌که‌ ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ چه‌ند وه‌زیرت هه‌یه‌، کێشه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ رێککه‌وتنه‌کان گشتگیر نین و کێشه‌که‌ روئیاو ستراتیژو سیاسه‌تى حکومه‌ته‌. ‌هاوڵاتی: ئایا تیمى یه‌کێتى له‌کابینه‌ى نۆیه‌م ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌؟ ئارێز عه‌بدوڵا: وه‌زیره‌کان به‌پێى یاسا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌و ده‌سه‌ڵاتى خۆیان به‌کارده‌هێنن، جێگیرى سه‌رۆکى حکومه‌تی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاته‌کانى خۆى بەکارده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌کابینه‌ى نۆیه‌مدا جۆرێک تاکڕه‌وى و کارى ژێربه‌ژێر ده‌کرێت زیاتر ده‌بینرێت وه‌ک له‌کابینه‌کانى پێشتر، ئه‌وه‌ بۆ یه‌کێتى و گۆڕان کارێکى باش نییه‌. ‌هاوڵاتی: هه‌ڵوێستان چییه‌ به‌رانبه‌ر په‌که‌که‌ وه‌ک یه‌کێتى؟ ئایا ده‌بێت په‌که‌که‌ چۆن مامه‌ڵه‌ى لەگەڵ بکرێت؟ ئارێز عه‌بدوڵا: ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێم نه‌ک پارتى به‌ ته‌نها یان یه‌کێتى به‌ جیا رێوشوێنى گونجاو بدۆزێته‌وه‌ بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌، پێویسته‌ په‌که‌که‌ش به‌دواى رێوشوێنێکى گونجاودا بگه‌رێت، به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا شه‌ڕو ئاڵۆزى دروست ده‌بێت، ئه‌و شێوازه‌ کارکردنه‌ى ئێستا دۆخه‌که‌  خراپ ده‌کات و به‌ره‌و شه‌ڕى ده‌بات و مه‌ترسییه‌کى گه‌وره‌ش هه‌یه‌. په‌که‌که‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ کوردین و بۆ کورد هه‌وڵده‌ده‌ین و له‌و شاخه‌ین، پارتیش ده‌ڵێت ئه‌وه‌ سنورى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌و ده‌بێت ئه‌و سنوره‌ بپارێزرێت، بۆچوونى هه‌ردووکیان راسته‌، به‌ڵام په‌که‌که‌ ده‌ڵێت تۆ که‌ رێگه‌ت داوه‌ سوپاى تورکیا بهێنیته‌ هه‌رێمى کوردستان له‌بامه‌رنێ و هه‌فتانین و ناوچه‌کانى بادینان بۆ من لێره‌ نه‌بم، کێشه‌که‌ له‌نێوان پارتى و په‌که‌که‌دایه‌. ‌هاوڵاتی: کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ حکومه‌تى هه‌رێم و په‌که‌که‌ گفتوگۆى راشکاوانه‌ بکه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ رێککه‌وتن؟ ئارێز عه‌بدوڵا: هاتنى هێزه‌کانى تورکیا بۆ هه‌رێم و زیادبوونى فشاره‌کانى تورکیا له‌سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، رێککه‌وتنى شه‌نگال که‌ ئه‌و رێکه‌وتنه‌ ئێمه‌ى وه‌ک یه‌کێتى تیانین و لەپه‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا باس کرا که‌ له‌سه‌ر داواى تورکیا ئه‌و رێککه‌وتنه‌ کراوه‌، جوڵاندنى هێز له‌لایه‌ن پارتى له‌ناوچه‌ى زێبارى و بادینان و هه‌ندێ ناوچه‌ى گرتووه‌و دۆخه‌که‌ به‌ره‌و ئاڵۆزى بچێت و ئه‌وه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى کوردستان نییه‌، له‌به‌رژه‌وه‌ندى په‌که‌که‌و پارتیش نییه‌، پێویسته‌ رێگرى لەشه‌ڕى نێوان پارتى و په‌که‌که‌ بکرێت، که‌ شه‌ڕ دروست بوو به‌ئاسانى ناکوژێته‌وه‌و شه‌ڕه‌که‌ لێره‌ ناوه‌ستێت به‌تایبه‌تى بۆ پارتى ده‌گوازرێته‌وه‌ ئه‌ودیو سنوریش، ئه‌و لایه‌نانه‌ى کاریگه‌رییان هه‌یه‌ جگه‌ له‌پارتى و په‌که‌که‌ پێویسته‌ رۆڵیان هه‌بێت له‌ رێگه‌نه‌دان به‌و شه‌ڕه‌ ئیتر حزبى سیاسییه‌، رێکخراوى مه‌ده‌نى و رۆشنبیرو رۆژنامه‌نووسانه‌، هه‌موو هه‌وڵێک بدرێت بۆ رێگرتن له‌و شه‌ڕه‌. کات تێپه‌ڕبووه‌و پارتى پێویسته‌ هه‌لومه‌رجه‌کانى باکورى کوردستان له‌به‌رچاو بگرێت و په‌که‌که‌ش هه‌لومه‌رجه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رچاو بگرێت، کاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ حکومه‌تى هه‌رێم گفتوگۆ له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ ده‌ستپێبکات و دانیشتن بکرێت و دانوساندن بێت، ده‌بێت رێوشوێن بگیرێته‌به‌ر. ‌هاوڵاتی: نێچیرڤان بارزانى که‌ سه‌رۆکى هێزه‌ چه‌کداره‌کانى هه‌رێمى کوردستانه‌ ده‌توانێت رۆڵ ببینێت له‌هێنانه‌دى ئاشتى له‌نێوان پارتى و په‌که‌که‌دا؟ ئارێز عه‌بدوڵا: هه‌موویان کاریگه‌رییان هه‌یه‌، بێگومان کاک نێچیرڤان بارزانى کاریگه‌رى هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بڕیار ده‌دات مه‌سعود بارزانییه‌، ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌بیرنه‌چێت. ‌هاوڵاتی: رۆڵى هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى له‌پرسى چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى نێوان پارتى و په‌که‌که‌ چى ده‌بێت؟ ئارێز عه‌بدوڵا: دڵنیام یه‌کێتى هیچ شه‌ڕێکى پێ خۆش نییه‌و له‌گه‌ڵیشیدا نییه‌ و شه‌ڕى ناوێت له‌نێوان پارتى و په‌که‌که‌دا، یه‌کێتى له‌ رابردوودا رۆڵى هه‌بووه‌ له‌نێوه‌ندگیرى په‌که‌که‌و تورکیا له‌ راگرتنى شه‌ڕ، ئێستاش یه‌کێتى ده‌توانێت هه‌مان رۆڵ ببینێت له‌نێوان پارتى و په‌که‌که‌و په‌که‌که‌و تورکیاشدا ئه‌گه‌ر پێویست بکات، به‌ڵام ده‌بێت پارتى و په‌که‌که‌ش ره‌زامه‌ندبن به‌نێوه‌ندگیرى یه‌کێتى و گوێى لێ بگرن، تا ئێستاش یه‌کێتى له‌ ململانێى نێوان پارتى و په‌که‌که‌ بێلایه‌نه‌، ناشمانه‌وێت شه‌ڕ دروست ببێت و داوا له‌په‌که‌که‌ ده‌که‌ین رێز له‌سه‌روه‌رییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بگرێت و داواش له‌پارتى دەکەین ره‌چاوى بارودۆخه‌که‌ بکات. ‌هاوڵاتی: یه‌کێتى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستانى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و گله‌یى زۆر له‌په‌رله‌مان هه‌یه‌ له‌به‌رانبه‌ر حکومه‌تدا که‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان حکومه‌ت رێژه‌ى له‌سه‌دا 21 یا که‌مترى بڕیوه‌ له‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران؟ ئارێز عه‌بدوڵا: ئێمه‌ هه‌ڵه‌مان کردووه‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مانمان وه‌رگرتووه‌، که‌ حزبێک زۆرینه‌ نه‌بێت له‌ په‌رله‌ماندا هه‌ڵه‌یه‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مان وه‌ربگرێت، که‌ زۆرینه‌ نه‌بیت ناتوانیت ئه‌و به‌رنامانه‌ دابنێت که‌ ده‌ته‌وێت، چونکه‌ زۆرینه‌ پارتییه‌ له‌په‌رله‌ماندا، به‌وه‌رگرتنى سه‌رۆکى په‌رله‌مان هیچ هاوسه‌نگییه‌ک بۆ یه‌کێتى به‌رانبه‌ر پارتى دروست نه‌بووه‌. یه‌کێتى به‌شداربووه‌ له‌لێبیرنى موچه‌و ئه‌و واقعه‌ى که‌هه‌یه‌ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌حکومه‌تدان به‌شداربوون له‌لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران. ‌هاوڵاتی: ئه‌وانه‌ى باس له‌ دوو ئیداره‌یى ده‌که‌ن مه‌به‌ست لێى چییه‌؟ ئایا ده‌کرێت هه‌رێمى کوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو ئیداره‌یى؟ ئارێز عه‌بدوڵا: باسکردن له‌ دوو ئیداره‌یى زۆر زۆر مه‌ترسیداره‌، ئێمه‌ به‌نیاز بووین که‌رکوک و شه‌نگال و مه‌نده‌لى به‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ سه‌ر کوردستان، ئێستا دواى ئه‌و هه‌موو ساڵه‌، دواى ئه‌و هه‌موو قوربانیدانه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دوو ئیداره‌یى که‌ زۆر مه‌ترسیداره‌، پێگه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ئاستى ناوخۆیى و عێراق و ئاستى نێوده‌وڵه‌تى زۆر زۆر بێ هێز ده‌کات و سه‌د هه‌نگاو بۆ دواوه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌.

‌هاوڵاتی، سەروەر ساڵەیی داعش کەوتۆتە جموجۆڵ لەبۆشاییەکانی نێوان پیشمەرگەو هێزە عێراقییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان کە بەسەدان کیلۆمەتر دەبێت لەنەینەواوە هەتا دیالە. دوایین ده‌رکه‌وتنه‌کانی ئەو هێزەش له‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییانه‌دا له‌ناوچه‌ی شێخ بزێنی سنووری پارێزگای که‌رکوک بوون که‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ناحیه‌ی سێگردگانی سنووری قه‌زای کۆیه‌. له‌شه‌وی 17ی تشرینی یه‌که‌می 2020 چه‌کدارانی داعش سێ گه‌نجی خه‌ڵکی گوندێکی ناوچه‌ی شێخ بزێنی کوشت و دوای کوشتنیشیان ئاگری له‌ لاشه‌کانیان به‌ردا، شه‌وانی دواتریش چه‌کداره‌کانی داعش له‌ چه‌ند گوندێکی تری سنووره‌که‌ بینراون و دواتر هه‌وڵیانداوه‌ له‌ڕێی زێی بچووکه‌وه‌ بپه‌ڕنه‌وه‌ بۆ ناحیه‌ی سێگردکان به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌و ئاسایشه‌وه‌ به‌رپه‌رچ درانه‌وه‌. جموجۆڵه‌کانی داعش تازه‌ نین، به‌ڵکو ئه‌و رێکخراوه‌ به‌رده‌وام جموجۆڵی هه‌بووه‌و له‌دوای ساڵی 2017 وه‌ که‌ حکومه‌تی فیدڕاڵی عێراق که‌ کۆتایی داعشی راگه‌یاند. جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بە‌هاوڵاتی وت «ئێمه‌ ئه‌وکاتیش وتوومانە که‌ داعش رێکخراوێکی تیرۆریستی نێوده‌وڵه‌تییه‌و کۆتایی نه‌هاتووه،‌ به‌ڵام شێوازی کاری تیرۆریستی ده‌گۆڕێت». وتیشی «پێش 2017 ئیماره‌تی هه‌بوو به‌ناوی ئیماره‌تی ئیسلامی و کیان و زه‌وی و هێزی گه‌وره‌ی هه‌بوو، داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی دروستکردبوو، له‌دوای نه‌مانی ئه‌و ئیماره‌ته‌وه‌ شێوازه‌که‌ی گۆڕی بۆ کرده‌وه‌ی تیرۆریستی بچووک بچووک». ئاماره‌کانی به‌رده‌ستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن که‌ له‌ساڵی 2018 داعش (456) کرده‌ی تیرۆریستی هه‌بووه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌که‌، له‌ 2019 نزیکه‌ی (300) کرده‌ی تیرۆریستی هه‌بووه‌ به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌کانی جێناکۆک. له‌سه‌ره‌تای 2020وه‌ تاکو کۆتایی مانگی نۆی ئه‌مساڵ (176) کرده‌ی تیرۆریستی له‌ناوچه‌ جێناکۆکەکان هه‌بووه‌. جه‌بار یاوه‌ر وتی «ئه‌م جموجۆڵه‌ تازه‌ نییه‌و به‌رده‌وام جموجۆڵی داعش هه‌یه‌و به‌شێوازی گروپ گروپی بچووک ده‌گه‌ڕێن و شێوازی شه‌ڕی پارتیزانی به‌کارده‌هێنن، یان مین داده‌نێن له‌سه‌ر جاده‌کان یان په‌لاماری پێگه‌یه‌ک ده‌ده‌ن و ده‌کشێنه‌وه‌، یان که‌مین داده‌نێن له‌سه‌ر جاده‌یه‌ک و له‌کاروانێکی سه‌ربازیی ده‌ده‌ن و ده‌کشێنه‌وه‌ یان خه‌ڵک ده‌ڕفێنن و پاره‌یان لێ وه‌رده‌گرن». هۆکاری جموجۆڵه‌کانی داعشی له‌ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان بۆ شێوازی تازه‌ی کارکردنی رێکخراوه‌که‌ گەڕاندەوە که‌ بووه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی جوڵه‌کردنیان له‌شێوه‌ی گروپ گروپدا ئاسان بێت. وتیشی «بۆشایی هه‌یه‌ له‌نێوان دابه‌شبوونی هێڵه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌و هێڵه‌کانی سوپای عێراق له‌خانه‌قینه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ره‌بیعه‌و ئه‌و بۆشاییه‌ش بووه‌ته‌ هۆکارێکی یارمه‌تیده‌ر بۆ ئه‌وان که‌ بتوانن به‌ئاسانی له‌و ناوچانه‌ بگه‌ڕێن و کرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجامبده‌ن».  ئه‌گه‌رچی له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ند ده‌نگۆیه‌ک بڵاوکرایه‌وه‌ له‌باره‌ی رێککه‌وتنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق بۆ دروستکردنی چوار ژووری هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراقدا، به‌ڵام جه‌بار یاوه‌ر جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ تائێستا رێککه‌وتنی کۆتایی نه‌کراوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌. وەزارەتی پیشمەرگە تائێستا سێ کۆبوونه‌وه‌ی کردووە لەگەڵ سوپای عێراق، له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی و سه‌ربازیی. جەبار یاوەر وتی «له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێک لێکتێگه‌یشتنی هاوبه‌شمان هه‌بووه‌ که‌ ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ئه‌فسه‌رانی هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق له‌به‌غداو هه‌ولێرو دیاله‌و مه‌خمور و موسڵ دابمه‌زرێت و جگه‌ له‌وه‌ش هێڵه‌کانمان هاوبه‌ش بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بۆشاییه‌کان پڕ بکه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ین له‌و ناوچانه‌و بازگه‌ی هاوبه‌شمان هه‌بێت». له‌دوای ئه‌و سێ کۆبوونه‌وه‌یه‌ ئێستا به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی رێککه‌وتن کراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌ندێکی سه‌ره‌کی له‌به‌غدا دروستبکرێت و ناوه‌ندێکی سه‌ره‌کیش له‌هه‌ولێر و ئه‌وه‌ش ره‌نگه‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ جێبه‌جێ بکرێت. جگه‌ له‌وه‌ش فه‌رمانده‌کانی ناوچه‌کانی پارێزگای دیاله‌ که‌ میحوه‌ری یه‌ک و دووی پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی دیاله‌ و فیرقه‌ی پێنجی سوپای عێراقن راسپێردراون که‌ کۆبوونه‌وه‌ بکه‌ن له‌دوای 5ی مانگی 11وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌ک ئاماده‌ بکه‌ن بۆ دروستکردنی ناوه‌ندێکی هاوبه‌ش بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌پارێزگای دیاله‌و خانه‌قین بۆ بازگه‌ی هاوبه‌ش و پڕۆسه‌ی هاوبه‌ش و دوای ئه‌وه‌ بیخه‌نه‌ به‌رده‌م لیژنه‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگێ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ربدرێت. دوای پارێزگای دیاله‌ بڕیارە کاربکرێت له‌سه‌ر دروستکردنی ژووری هه‌ماهه‌نگی هاوشێوه‌ له‌که‌رکوک و مه‌خمورو موسڵ. ناسر حه‌مدی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مانی عێراق جه‌خت له‌وه‌ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌سه‌ردان و کۆبوونه‌وه‌کانی نێوان هه‌ردوو وه‌فدی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ئه‌و شوێنانه‌ ده‌ستنیشان کراون که‌ پێویسته‌ ژوری هه‌ماهه‌نگییان تێدا دابنرێت. وتی «له‌چه‌ند رۆژی رابردووشدا بڕیار له‌سه‌ر دروستکردنی ژووری هه‌ماهه‌نگی سه‌ره‌کی له‌به‌غدا درا و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق وه‌کو پێویست ئاماده‌ نییه‌ ئه‌و رێککه‌وتنه‌ بکه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌و لیژنه‌ تایبه‌ته‌کان رێگرن له‌جێبه‌جێکردنی ئه‌و رێککه‌وتنانه‌«. ناسر حه‌مدی بە ‌هاوڵاتی وت «ئه‌م بابه‌ته‌ خاڵێک بووه‌ له‌به‌رنامه‌ی کۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری عێراق و له‌و کۆبوونه‌وه‌یەدا ئه‌وه‌م پێگوت که‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق بیانوو د‌ێنێته‌وه‌ بۆ جێبه‌جێنه‌کردنی ئه‌و رێککه‌وتنه‌، ئه‌ویش له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌ڵێنیدا به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ بکات و قسه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بکات». وتیشی «هۆکاری ئه‌و زیانانه‌ی به‌خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان ده‌که‌ون له‌ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌یه‌ که‌ رێگرن له‌به‌رده‌م جێبه‌جێکردنی ئه‌و رێککه‌وتنه‌، بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و رێککه‌وتنانه‌ش هه‌بووایه‌ ئه‌و جوڵه‌ی داعش زۆر زۆر که‌متر ده‌بوو، ده‌توانرا پێکه‌وه‌ له‌بوونی داعش که‌م بکه‌نه‌وه‌«. هەروەها وتی «ده‌توانین بڵیین داعش له‌ته‌واوی عێراق و له‌ناوچه‌کانی که‌رکوک و موسڵ و سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ هه‌یه‌«.

‌هاوڵاتی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند لەگەڵ هەسەدو هاوپەیمانە کوردەکانمان داعشیان تێکشکاندووە لەکاتێکدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا هەوڵی پاوانخوازی لەناوچەکەو سوریا داوە. لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری، ئیمانوێل ماکرۆن وتی “ئێمە لەژێر چەتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا ئامادەبوونێکی ئاسمانیمان هەبوو، هەروەها لە ژێر سایەی هاوپەیمانانمان لە سەر زەوی کە هەسەدە و شەڕڤانە قارەمانەکانی کورد نوێنەرایەتیان دەکرد، داعشمان شکست پێهێنا». وتیشی «ئەنقەرە شکستی هێناوە لەڕێزگرتن لەبڕیاری قەدەغەکردنی چەک لە لیبیا لەکاتێکدا کەڕەفتارێکی زۆر شەڕانگێزانەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست». وتیشی “ئێمە بەنیاز بووین بەسەر داعشدا سەرکەوین، تورکیا سوریای داگیرکرد بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئەوانەی (هەسەدە) کە دوێنێ هاوپەیمانمان بوون“. وتیشی، “تورکیا مەیلی پاوانخوازی لە ناوچەکەدا هەیە، پێموایە ئەم مەیلانە بۆ سەقامگیرییان کارێکی باش نییە». چاوپێکەوتنەکەی ماکرۆن لەمیانی وتووێژێکیدا هات لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری سەبارەت بە کاردانەوەکانی وڵاتانی ئیسلامی لەسەر قسەکانی ماکرۆن سەبارەت بە کاریکاتێرەکان. ماکرۆن وتی قسەکانی ئەو شێوانراوە، چونکە ئەو کاریکاتێرانە پیوەندیان بە حکومەتەوە نیە، بەڵکو پەیوەندییان بەئازادی رادەربڕینەوە هەیە کە لەکۆتاییەکانی سەدەی (19) لەدەستوری وڵاتەکە جێگیراوەو ئەو وەکو سەرکۆماری ئەرکی ئەوەیە ریزی لە ئیرادەی گەلەکەی و دەستوری وڵاتەکەی بگرێت. پێشتریش مەزڵوم عەبدی (کۆبانی) سەبارەت بەقسەکانی ئەردۆغان لەسەر ماکرۆن وتبووی «ماکرۆن یارمەتی مسوڵمانەکانی دا لەڕزگاربوون لەدەستی داعش». مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە تویتەری خۆیەوە رایگەیاند «سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانیۆل ماکرۆن یارمەتی مسوڵمانەکانی دا لەڕزگاربوون لەدەستی داعش و رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لەشکستپێهێنانی رێکخراوەکە و پاراستنی بەها مرۆییەکان». وتیشی «ئەردۆ‌غان پاڵپشتیی داعشی دەکرد، ئەو لەڕێگەی سوکایەتیکردن بە ماکرۆنەوە، گوزارشت لە بیروڕای مسوڵمانان و بەرژەوەندییەکانی جیهانی ئیسلامی ناکات، بەڵکو ئایینی ئیسلام بۆ بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت». کاتێک ساڵی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی فەڕەنسا بڕیاریدا هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بکشێنێتەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا وتی «نابێت دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مەریکا له‌بیری بچێت هه‌سه‌ده‌ گه‌وره‌ترین پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش بووه‌ له‌سووریا». ماکرۆن لەوکاتەدا وتی کە زۆر نیگەرانی بڕیارەکەی ترەمپه‌ بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەسووریا.

  ‌هاوڵاتی، لاڤین مەحمود پۆلیس دەڵێت پێدەچێت شێرەکەی بازیان کەفەیسبوکی تەنیوە، لەباخچەی سەرمایەدارێک هەڵهاتبێ، یان بەرەڵاکرابێ، چونکە بۆیان بەخێونەکراوە، رێکخراوێکی سروشتی رەخنە دەگرێت لەشێوازی گەڕان بەدوای شێرەکەدا لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە لەکاتێکدا تیمی ڤێتەرنەرییان لەگەڵ نەبووە. دوای ئەوەی پیاوێکی بەتەمەن لەگەڵ هاوژینەکەی لەگوندی چاڵەڕەشی سنوری شارۆچکەی بازیان شێرێک دەبینن هەرزوو پۆلیسی دارستانی لێ ئاگادار دەکەنەوە، دواتر پۆلیسی دارستان لەڕێگەی فڕۆکەوە دەگەڕێن بۆ شێرەکە، ماوەی چەند رۆژێکە ئەم بابەتە بۆتە باسی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لەلایەن هاووڵاتیانی ناوچەی سنوری بازیان ترسی دروستکردووە. هێمن کەمەرخان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێکیدا بە‌هاوڵاتی وت «تائێستا نازانین ئەم شێرە لەکوێیە، بەڵام بەپێی بوچوونەکانی خۆمان ئەگەری هەیە هی سەرمایەدارێک بووبێت لەباخی ئەو هەڵهاتبێت». شایەتحاڵەکان بەپۆلیسی دارستانیان وتووە شێرەکە فێری دەستەخۆری بووە هاوشیوەی ئاژەڵی تری ماڵی، بۆیە پۆلیس پێیوایە کە پێدەچێت شێرێکی دڕندە نەبێت و ماڵی بێت. هێمن باسی لەوەشکرد کەئاگادارن لەسنوری دهۆک و سلێمانی سەرمایەدار هەیە کە باخی هەیەو پێدەچێت ئاژەڵی پڵنگ یان شێریان کڕیبێت بۆ بەخێوکردن. رێکخراوێکی سروشتی رەخنە دەگرێت لەشێوازی گەڕان بەدوای شێرەکەدا لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە   جگە لەو پیاوە جوتیارەی کە دەڵیت لەنزیک بازیان بینیویەتی، بەپێی وتەی پۆلیس دارستان رۆژێک دواتر کەسێکی تر لەگوندەکانی نزیک تەیناڵ لە رۆژئاوای سلێمانی گوێی لەنەڕەی بووە، ئەوە تەنها دوو بەڵگەیە کە پۆلیس پشتی پێ دەبەستێت. هێمن کەمەرخان وتی «تاوەکو ئێستا لەگەڕانداین و مەفرەزەکانمان بەدوایدا دەگەڕێن، دووبارە بەکۆپتەرەکە خۆم جارێکی تر بەدوایدا دەگەڕێم، ئێمە بەردەوام کێوماڵی ئەو شوێنانە ئەکەین کەئەگەری هەیە شێرەکەی لێبێت». ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی شاخاوییە بەڵام کەمتر گیانداری دڕەندەی لێیە بەوپێیەی خەڵکی هەمیشە لەناوچەکاندا نیشتەجێبوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا پڵنگ دەرکەوتوون. بۆ یەکەمجار لەساڵی 2011 پڵنگێکی دەگمەن لەو کامێرایانەدا دەرکەوت کەڕێکخراوی سروشتی عێراق ریکۆردی کردبوو، دوای گەڕانێکی زۆر لەڕێگەی کامێرای جێگیرکراو بۆ دۆزینەوەی ئاژەڵی کێوی لە یاکانی کوردستان، دوای چەند ساڵێک یەکێ لەو پڵنگانە بەکوژراوی لەناوچەی چیای پیرەمەگرون دەدۆزرێتەوە. پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەڵێت لەسنووری بەڕێوبەرایەتیەکەیان پڵنگ بوونی هەیەو رووی لەزیادبوون کردووە، بەڵام جاری یەکەمە کە دەبیستن لەم سنورەدا شێر هەبێت، هەروەها پڵنگ لەسنوری گوندی گلیانە لەسنوری هەڵەبجەو قەرەداغ و پیرەمەگرون بینراون. لەچەند مانگی رابردوودا پڵنگێک لەپیرەمەگرون کوژرا دوای ئەوەی هاووڵاتیەک زیان بەر مەڕوماڵاتەکەی کەوتبوو لەناوچەکە زەهری کردبوو بەپارچەیەک گۆشتەوە بۆ گورگەکان، بەڵام پڵنگەکە خواردبووی. هێمن کەمەرخان وتی «هەندێک لەو سنورانەی کەگومان دەکرێت هەندێک لەو ئاژەڵانەی لێدەژیت ناومان ناون ئاژەڵی شەرمن، تەنها لەکاتی شەودا بۆ نێچیرەکەی خۆی دەردەچێت، ئەویش خۆی دەپارێزێت لە دەستی مرۆڤەکان، هیچیان زەرەروزیانیان بەر هاووڵاتی نەگەیاندووە، تەنها گورگ و ئەو پڵنگەی لەو سنورەدا کە باسمکرد مەڕوماڵاتی خواردبوو». رێکخراوی سروشتی عێراق لە 2004ەوە دامەزراوەو لە ٢٠٠٧-ەوە لەکوردستاندا کاردەکەن و لەساڵی ٢٠١١ بۆ یەکەم جار وێنەی پڵنگیان ریکۆرد کرد لەسنووری پارێزگای سلێمانی. هانا ئەحمەد رەزا، بەڕێوەبەری پڕۆژەی پاراستنی گیاندارە شیردەرەکان لەڕێکخراوی سروشتی عێراق بە ‌هاوڵاتی وت «دیارە ئەم شێرە سروشتیی نیە، یان لەباخچەی کەسێکەوە هەڵهاتووە، یاخود ئەو کەسەی خاوەنی بووە چیتر نەیتوانیوە بەخێوی بکات بەهۆکاری ئەوەی شێر پێویستی بەخواردنی زۆرە، یان کە حەجمی گەورە دەبێت رەنگە مەترسی زیاتر بێت بۆ خاوەنەکەی و کەسێکیان نەدۆزیبێتەوە رایبگرێت و چەندین هۆکاری شاراوەی تریش هەیە کەئێمە نایزانین». وتیشی «خەڵکەکە زۆر دڵنیان لەوەی کە بینیویانە شێرە، ئەگەر وابێت چەندین لێکەوتەی لێ دەبێتەوە، یەکێک لەوانە مادام فڕۆکە جوڵێنرابوو نەدۆزراوەتەوە، دیارە شێرەکە توانای ئەوەی هەیە خۆی بشارێتەوە یاخود ئەوانەی گەڕاون نەیانزانیوە پشکنینەکە بکەن، بۆیە نەدۆزراوەتەوە». هەروەها وتی «هەموو گیانەوەرێک ئەگەر دەستەمۆش بکرێت توانای ئەوەی هەیە پارێزگاری لەخۆی بکات و لەهەر شوێنێک هەست بەمەترسی بکات پەلاماردەدات، چارەسەری ئەوەی کە بگیرێت و بەڕەڵا بکرێتەوە لەشوێنێکی دوورەدەستدا، ئەوە چارەسەر نیەو ناشبێت بکرێت، چونکە ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بۆ شێر گونجاو نیە.» ئاماژەی بەوەشکرد «هەر گیانەوەرێک دەستەمۆ بکرێت پێویستە لەسەر ئەوکەسە کە خواردنی بۆ بهێنێت، چیتر کە لەسروشتدا نەبووبێت فێر نەکراوە کە چۆن راوی خواردن بکات، لەبەرئەوەش کەخواردنی ئەمان گۆشتە بەتەنها ئاسان نیە بمێننەوە، یان بەبێ ئەوەی خواردنێکیان دەستبکەوێت بژین، ئەگەر برسی بێت ئەگەری هەیە ببێتە کێشە، رەنگە بچێتە ناو ماڵەکانەوە بۆ ئەو ئاژەڵانەی خەڵکەکە رایانگرتووە، لەوکاتەدا بەرکەوتەی لەگەڵ خەڵکەکەدا دەبێت و ئەوە خۆی مەترسییە، ئەگەریش خواردنی دەستنەکەوێت مردار دەبێتەوە». جەختی لەوەشکردەوە کەپێویستە گرتنی ئەو شێرە بەشێوەیەکی زانستی بێت و نەبێتە سترێس بۆ شێرەکە، «ئەگەر بدۆزرێتەوە ئەو تیمی فڕۆکانەی کە دانرابوو زۆر هەڵەبوو، لەبەرئەوەی تیمی ڤێتەرنەرییان لەگەڵدا نەبوو، ئەگەر شێرەکەیان بدۆزیایەتەوە من نازانم کە چیان دەکرد، یەعنی تەقەیان لێدەکردو دەیانکوشت یان شەبەکەیان بۆ فڕێدەدا». وتیشی شیوازی گەڕانەکە بەدوایدا «هەڵە بووە» چونکە ئەگەر سترێسی بۆ دروست بکرێت رەنگە مرداربێتەوە.  رەخنەشی لەوەگرت کەتیمەکە پزیشکی ڤێتەرنەرییان لەگەڵ نەبوو بۆ بێهۆشکردن. هەروەها وتی «سەیرم لێدێت لەیەکەم رۆژ کۆپتەریان بەرزکردۆتەوە، ئیتر ئێستا هیچ هەواڵێکی تر نیە». وتیشی «ئێمە وەک رێکخراوی سروشتی عێراق چەندین دەورەمان کردۆتەوە بۆ پسپۆڕانی ڤێتەرنەری مامۆستای زانکۆی ڤێتەرنەری کە چۆن گیانەوەری کێوی بێهۆش بکەن». شێر (١٠ بۆ ١٥) رۆژ دەتوانێت بێ خواردن بژێت، هانا وتی «ئەگەر خواردنیش بخوات دەبێت خەڵکی سنورەکە بزانێت کە ئاژەڵیان خوراوەو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداربکەن، تەنها چارەسەر بۆ ئەوەی ئەو شێرە بگیرێتەوە ببرێتە کوێ، ئەوە نابێت بگەڕێنرێتەوە سروشت». بەوتەی رێکخراوەکە شێر لەساڵی (50)کانیشەوە لەعێراق و کوردستان نەبینراوە، چونکە ژینگەکەی لەبار نیەو حەزیان لەشوێنی نزماییەو چاویان دورببینێت بۆ بینینی نێچیرو شوێنکەوتنی نەک کەژو کێو. ئەو رێکخراوە ماوەی چەند ساڵێکە کامێرای جێگیر دادەنێن بۆ بینینی گیاندارە دەگمەنەکان. سەربارەت بەکامێرای جێگیرکراو بۆ ئاژەڵە کێوییەکان هانا وتی «لەبەرئەوەی گیاندارەکە سەری لێتێکچووە بەردەوام ئەڕوات ئەگەر کامێرای شاراوەشی بۆ دابنێیت ئەوە زەحمەتە بگەڕێتەوە، ئەگینا کامێرای شارەوامان هەیەو بەردەوام دەبێت چاودێری بکرێت و رەنگە کامێراکانیش بدزرێن، ئێمە بەکامێراکانمان نزیکەی (١٥) جۆر شیردەرمان وێنە گرتووە لەهەرێم و عێراقیش تەنها گیانەوەری پشیلەی حەجم گەورە پڵنگە». نۆ ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکم جار توانرا وێنەی یەکەم بڵنگ بگیرێت لەلایەن رێکخراوێکی تایبەت بەگیانداران لەناوچەی قەرەداغ. سەبارەت بەو پڵنگەی پیرەمەگرون کە لەماوەی رابردوو کوژرا، وتی «ئەو پڵنەگەش رەنگە هەواڵەکە وا دیاربێت کە یەکەم جارە پڵنگ دۆزرابێتەوە بەڵام بۆ شاخی پیرەمەگرون یەکەم جارە پڵنگمان ریکۆرد کردبێت هەتا نەشگەڕێیت نازانیت چەنێک هەیە، بەتایبەت پڵنگی نێرە ماوەی دوورودرێژ دەڕۆن و لەیەک شوێن بەتەنها نامێننەوە» وتیشی «ئەمانە رەنگە تەنها پیایدا رۆشتبن نەمابنەوە، ئاسان نیە بێ بەدواداچوون بڵێیت ئەم پڵنگە هی پیرەمەگرونە، رەنگە لەشاخی ترەوە هاتبێت، دەمێکە دەزانین لەزنجیرە چیای ئاسۆس خەڵک پڵنگیان بینیوە گوێیان لێببوە، لەبەرئەوە پڵنگ خواردنی سەرەکی ئاژەڵی کێوییەو لەهەر شوێنێک ئاژەڵی کێوی هەبێت بەتایبەتی دارستانی چرو بەردەڵانی سەختی لێبێت ئەگەری هەیە کەپڵنگیش بەکاری بهێنێت و پیایدا بڕوات و بۆ مێینە بگەڕێت، بەڵام ناتوانیت بێ داتا بڵێیت کە لەوێ دەمێنێتەوە».

شاناز حه‌سه‌ن له‌هه‌رێمى کوردستاندا دووباره‌ تووشبوونه‌وه‌ى هاوڵاتیان به‌کۆرۆنا ژماره‌ى زیادده‌کات و له‌تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان زۆر که‌س باس له‌سێ جار تووشبونه‌وه‌ى به‌کۆرۆنا ده‌کات. دواى زیاتر لە (10) مانگ له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌وڵاتانى جیهانداو ھەشت مانگ لەبڵاوبوونەوەی لەھەرێمی کوردستان ژماەیەک توشبوو بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دووباره‌ تووشبوونەتەوە. پسپۆرێکى نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌کانیش جه‌خت له‌وه‌ده‌کاته‌وه‌ سێ جار تووشبوون به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا هه‌ر بوونى نیه‌و ئه‌و حاڵه‌تانه‌ به‌دووباره‌ تووشبوو هه‌ژمار ده‌کرێن که‌دواى سێ مانگ له‌چاکبوونه‌وه‌ى که‌سه‌که‌ دووباره‌ تووشى کۆرۆنا ببێته‌وه‌و نیشانەکانیان تێدا دەرکەوێتەوە. نه‌ورۆز عوسمان، لێپرسراوى کۆنتڕۆڵکردنى نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌کان له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆپاراستنى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به ‌‌ھاوڵاتی  وت «ناتوانین بڵێین ئه‌و که‌سانه‌ یه‌کسه‌ر دووباره‌ تووشبوونه‌وه‌، چونکه‌ دووباره‌ تووشبوونه‌وه‌ به‌که‌سێک ده‌وترێت دواى سێ مانگ له‌چاکبوونه‌وه‌ى ته‌واوى، جارێکى دیکه‌ تووشببێته‌وه‌«. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى باسکرد «شتى وا هه‌ر نیه‌ له‌هه‌موو دنیادا، سێیه‌م جار که‌سێک تووشبێته‌وه‌، خه‌ڵک هه‌یه‌ ده‌ڵێت هه‌ر نیه‌، یان ده‌ڵێن دووجار و سێ جار تووشبووم، که‌هیچ کامیان راست نیه‌، به‌ڕاستى ئه‌و فه‌وزایه‌ى تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ناویانه‌ته‌وه‌، سه‌ریان له‌هه‌موو خه‌ڵک تێکداوه‌«. باسی لەوەشکر کە ئه‌و حاڵه‌تانه‌ به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمى و له‌سه‌دا سه‌د لێرە تۆمار نه‌کراوه‌، «ته‌نیا ئه‌وانه‌ چه‌ند که‌سێکن که‌زۆربه‌یان نه‌گه‌یشتۆته‌ سێ مانگ. بۆیه‌ ئه‌مه‌ به‌پێى ستانداردى جیهانى و ته‌ندروستى به‌دووباره‌ تووشبوونه‌وه‌ دانانرێت». لێپرسراوى نه‌خۆشییه‌ گوازراوه‌کان ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ «مرۆڤ کاتێک ڤایرۆسێک ده‌چێته‌ له‌شیه‌وه‌، به‌رگرى یه‌کسه‌ر په‌یداده‌بێت، هه‌ندێک جار ئه‌و ڤایرۆسه‌ به‌شێوه‌یه‌کى ناچالاک ده‌مێنێته‌وه‌، به‌هه‌ر هۆکارێک بێت چالاک ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌یان که‌زیاتر لاى خۆمان تۆمار ده‌کرێت و به‌دووباره‌ تووشبووه‌وه‌ ناوده‌برێت لەلاى خه‌ڵکه‌وه‌«. له‌ئێستادا له‌هه‌رێمى کوردستاندا زۆر که‌س هه‌ن باس له‌ دووباره‌ تووشبوونه‌وه‌ به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا ده‌که‌ن. هه‌نى محه‌مه‌د، (27) ساڵ، دەڵێت ئەوە دووەم جارە تووشى کۆرۆنا دەبێت، ئەوەش دواى سێ مانگ نیشانەکانی تێدا دەرکەوتۆتەوە له‌نه‌خۆشخانه‌ى عه‌لى ناجی سلێمانی، پزیشکه‌کان پشتڕاستیان کردۆته‌وه‌ که‌ دووباره‌ تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بووه‌. ئه‌م  ژنه‌ باس له‌وه‌ده‌کات جارى دووه‌م ئازارێکى زۆرترى هه‌بووه‌، زیاتر نیشانه‌کانى تێدا ده‌رکه‌وتووه‌ و وتى «ئازارى هه‌موو گیانم و نه‌مانى تامى خواردن و خه‌و که‌ وایلێکردم مردنم بینى، هه‌رگیز ئازارى وا به‌هیچ نه‌خۆشییه‌ک نه‌بووه‌ و نه‌مبینیوه‌«. زیاتر لەھەشت مانگه‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستاندا بڵاوبۆته‌وه‌و ‌به‌پێى ئاماره‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى تائێستا له‌هه‌رێم نزیکەی (70) ھەزار که‌س تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون که‌نزیکەی (40) هه‌زاریان چاکبوونه‌ته‌وه‌ و دوو هه‌زار و (٣١٤) یان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و (27) هه‌زار توشبوو له‌ژێر چاره‌سه‌ردان.  به‌پێى ئامارێکى خه‌مڵێنراو له‌هه‌رێمدا تائێستا دەیان کەس دووباره‌ تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بوونه‌ته‌وه‌و (6) که‌سیان مردوون. نه‌به‌رد جاسم ، ته‌مه‌ن (41) ساڵ، کارى ئۆنلاین ده‌کات، باس له‌وه‌ده‌کات که‌ سێ جار تووشى کۆرۆنا بووه‌ و وتی «یه‌که‌م جار به‌هۆى کاره‌که‌مه‌وه‌ تووشى کۆرۆنا بووم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى زۆریش خۆم ده‌پاراست، که‌ به‌هۆى پژمینى که‌سێکه‌وه‌ تووش بوم، زۆر به‌توندى گرتم». وتیشی «جارى دووه‌م دواى مانگێک له‌ چاکبوونه‌وه‌ى دووباره‌ توشبۆته‌وه‌ و وتى له‌جارى یه‌که‌م باشتر بووم، واته‌ زۆر بێتاقه‌تى نه‌کردم، و جارى سێیه‌م که‌دواى سێ مانگ زیاتر بوو که‌گرتمه‌وه‌، هیچ هه‌ستى بۆنکردن و تام کردنم نه‌ما». کچێکى دیکه‌ که‌ دووجار تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بووه‌، باس له‌وه‌ ده‌کات هه‌ردوو جاره‌که‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ تووشى کۆرۆنا بووه‌ و بۆى گوازراوه‌ته‌وه‌. کورده‌ ئه‌نوه‌ر، خانمێکى (31) ساڵه‌و باس له‌وه‌ ده‌کات که‌یه‌که‌م جار تووشبوونى به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌دواى له‌دایکبونى منداڵه‌که‌یه‌وه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ تووشبووه‌ و  دووه‌م جار بۆ کوتانى منداڵه‌ تازه‌ له‌دایکبووه‌که‌ى ده‌چێته‌ نه‌خۆشخانه‌ و تووشبۆته‌وه‌. ئه‌م ژنه‌ ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌، راسته‌ له‌ماڵه‌که‌یاندا  که‌سى دیکه‌ى خێزانه‌که‌ى که‌ له‌نهۆمى سه‌ره‌وه‌ خۆیان که‌ره‌نتین کردووه‌ تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بوون. وتى «من پێش نه‌شته‌رگه‌رى له‌دایکبوونى منداڵه‌که‌م زۆر ئاسایى بووم و ته‌نیا زۆر خۆم ده‌پاراست، به‌ڵام به‌سێ رۆژ دواى له‌دایکبوونى کۆرپه‌که‌م تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بووم». کورده‌ وتی «سه‌ره‌تا هه‌ر وام زانى گرانه‌تامه‌، چونکه‌ پێشتر زۆرجار تووشببووم، به‌ڵام دواتر هه‌ستم کرد ئازاره‌که‌ زۆر زۆر له‌گرانه‌تا زیاتره‌و ئێستاش بارودۆخم زۆر خراپه‌و ئازارێکى زۆر هه‌موو لاشه‌مى داگیرکردووه‌«. توسبویه‌کى دیکه‌ى کۆرۆنا که‌ دواى دوو مانگ دووباره‌ ڤایرۆسه‌که‌ى گرتۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌ڵێت که‌ جارى یه‌که‌م به‌ توندى توشى ڤایرۆسه‌که‌ بوه‌ و دواى ئه‌وه‌ى توانیویه‌تى به‌سه‌ریدا زاڵ بێت خۆپارێزى نه‌کردووه‌ و بۆیه‌ دووه‌م جار توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بۆته‌وه‌. کاروان جه‌زا، ته‌مه‌ن 27سالًَ، وتیشى" دوو مانگ له‌ ڤایرۆسه‌که‌ چاکبومه‌وه‌ و دوباره‌ توشبومه‌وه‌، چونکه‌ وامزانى نایگرمه‌وه‌". ئه‌م کوڕه‌ ئه‌وه‌شى باسکرد کۆرۆنا ڤایرۆسێکى قورسه‌ ووتى" هیوادارم هه‌موو که‌س خۆى بپارێزێت، چونکه‌ ئازارێکى سه‌خته‌ و هه‌موو جه‌سته‌ت به‌ئازار بوو، قاچه‌کانم ئیشیان نه‌ده‌کرد تامى خواردنم نه‌مابوو، سنگم ئازاێکى توند هه‌بوو، که‌ هیچ کات نه‌خۆشى ئاوا  به‌ئازارم نه‌دیوه‌".  ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم، له‌لێدوانێکدا به‌‌‌ھاوڵاتی  وت «حاڵه‌تى دووباره‌ تووشبوونه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام که‌مه‌«. هه‌روه‌ها وتیشى «نه‌ک له‌هه‌رێمدا، به‌ڵکو له‌هه‌موو جیهاندا به‌حاڵه‌ت هه‌یه‌ دووباره‌ که‌س تووشى کۆرۆنا ببێته‌وه‌، به‌ڵام که‌من ئه‌و حاڵه‌تانه‌«. ماوه‌ى ھەفتەیەکە، ژمارەی تووشبووان زیادیان کردووەو ھەندێ جار زیاتر له‌هه‌زار که‌س تووشى کۆرۆنا ده‌بن لەیەک رۆژدا، که‌ به‌رپرسانى ته‌ندروستى هۆکارى سه‌ره‌کى زیادبوونى تووشبووان بۆ پابه‌ندنه‌بوونى هاووڵاتیان ده‌گێڕنه‌وه‌. ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم، ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌« هۆکارى یه‌که‌م پابه‌ندنه‌بوونى خه‌ڵکه‌ به‌ رێنماییه‌کان و ئه‌و شوێنانه‌ى که‌پێشتر داخرابوون، له‌دواى کردنه‌وه‌یان پابه‌ندى رێنماییه‌کان نابن و  هۆکارن بۆ قه‌ڕه‌باڵغى زۆرو به‌رکه‌وته‌ى زۆرى هاووڵاتیان و تووشبوونیان». وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ کێشه‌ى زۆرى تووشبوون و مردن له‌ئێستادا به‌هه‌ڵه‌ چاره‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌، وتى «به‌هه‌ڵه‌ ده‌رمان وه‌رگرتن له‌نۆرینگه‌کان واده‌کات نه‌خۆش بگه‌یه‌نێته‌ دۆخێکى خراپ تا ده‌گه‌نه‌ نه‌خۆشخانه‌کان و به‌ئه‌مه‌ش حاڵه‌تى مردن زیاد ده‌کات». بەپێی قسەی بەرپرسانی تەندروستی لەقه‌زاى پێنجوێن به‌هۆى شوێنى جوگرافیه‌که‌یه‌وه‌ که‌ده‌که‌وێته‌ سه‌ر  سنورى ئێران و هه‌رێم، به‌هۆیه‌وه‌ تائێستا نیوەی زیاتری دانیشتوانى قه‌زاکه‌ تووشى کۆرۆنا بوون و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى دواى مانگى ته‌مموز حاڵه‌تى مردن له‌پێنجوێن تۆمار نه‌کراوه‌، به‌ڵام له‌م مانگه‌دا ژماره‌ى تووشبوون زۆر زیادى کردووه‌. هێرش عه‌لی، به‌رپرسى ئامارو زانیارى تووشبووانى کۆرۆنا له‌نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌هیدانى پێنجوێن، له‌لێدوانێکدا وتى «ده‌توانین بڵێین له‌ئێستادا له‌ پێنجوێن هه‌موو ماڵ و خێزانێک تووش بوى کۆرۆناى هه‌یه‌و به‌پێى شوێنى نیشته‌جێبوون پێنجوێن که‌ده‌که‌وێته‌ سه‌ر سنورى ئێرانه‌وه‌، بۆیه‌ به‌هۆى هاتوچۆوه‌، ژماره‌که‌ به‌ره‌وام زیاد ده‌کات». له‌دواى مانگى پێنجه‌وه‌، پێنجوێن بووه‌ هێڵى سوور و ژماره‌ى زۆرى تۆمارکرد، له‌ناویشیاندا گیانله‌ده‌ستدان زۆر بوو. ئه‌م به‌رپرسه‌ وتیشى «خۆم تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بووم، بینیومه‌ چۆنه‌، به‌ڵام دووباره‌ تووشبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ که‌مه‌، چونکه‌ بۆ ئامارى وردى ئه‌وه‌ ده‌کرێت سه‌یرى پشکنینى سه‌ره‌تایى بکرێت، چونکه‌ له‌سه‌ره‌تادا به‌هۆى نه‌بوونى که‌ره‌سته‌ى پێویستى پزیشکى و ئامێرو  پشکنینه‌وه‌، پشکنین بۆ چه‌ند نه‌خۆش له‌تیوبێکدا ده‌کرا، واته‌ که‌ که‌سێک له‌و پێنج که‌سه‌ پۆزه‌تیف بوایه‌، هه‌مووى به‌پۆزه‌تیف ده‌گه‌ڕایه‌وه‌«.

کاکەلاو عەبدوڵڵا لەکاتێکدا نزیکەی هەفتەیەکی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، چەندین وڵات بەوریاییەوە تەماشای دۆخەکە دەکەن بەوپێیەی سەرکەوتنی هەر کاندیدێک جیاواز دەبێت، بەتایبەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ژمارەیەکی بەرچاوی سەرکردە جیهانییەکان دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەیان بەلاوە گرنگە لەگەڵ ئەوەی سەرکەوتنیان پەیوەستە بەبردنەوە یاخود شکستی دۆناڵد ترەمپەوە. دەرچوونی هەریەک لە جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان، یان دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی  کۆمارییەکان، گۆڕانکارییەکی گەورە دروستدەکات، بەتیابەتی بۆ کێشەی لەمێژینەی ئیسرائیل-فەلەستین، ئێران، هەروەها ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تەنانەت هەندێک وڵاتی عەرەبی چاوەڕێی لێکەوتەکانی هەڵبژاردنەکەن پێش ئەوەی بڕیار بدەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل لەمیانی رێککەوتنی ئاشتی بەسەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا. وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتە عەرەبییەکانی وەک سعودیە، ئیمارات، عومان زۆرجار بەفەرمی رەزامەندیی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە سیاسەتەکانی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی کاتێک دژایەتی ئێران بووە. شا سەلمان، پاشای سعودیەو شازادە موحەمەد بن زاید فەرمانڕەوای ئیمارات پاڵپشتیکەرێکی گەورەی ئیدارەی ئۆباما نەبوون کە تێیدا جۆو بایدن جێگری سەرۆک بوو. هەردوو وڵات دەستخۆشییان لەکشانەوەی ئەمریکا کرد لە رێککەوتنی ٢٠١٥ی چەکی ئەتۆمی ئێران و سەپاندنی سزا لەسەر تاران کە ئابوری وڵاتەکەی خستووەتە تەنگەژەیەکی گەورەوە. هەروەها ترەمپ ڤیتۆی لەسەر بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیراندا کەکۆتایی دەهێنا بە پاڵپشتیکردنی جەنگی یەمەن بەسەرکردایەتی سعودیە و ئیمارات. بەپێچەوانەوە بایدن بەڵێنی داوە گوێ رابگرێت بۆ داوای کۆنگرێس سەبارەت بەڕاگرتنی پشتگیری ئەمریکا بۆ ریاز و ئەبوزەبی بۆ جەنگی یەمەن. کرسیتین فۆنتینرۆز، بەڕێوەبەری پێشووی کاروباری کەنداو لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئیدارەی ترەمپ، بە رۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی راگەیاند، «هەموو وڵاتێک کەسەرکردەکانیان پەیوەندییەکی نزیکی هەبێت لەگەڵ سەرۆکی ئێستا ئەوان خۆیان لە تەنگەژەدا دەبیننەوە ئەگەر بایدن ببێتە سەرۆک». «پێموایە ئەو وڵاتانەش میسر، رەنگە تورکیا، بەدڵنیاییەوە سعودیە و ئیمارات دەبن»، فۆنتینرۆز وای وت. تەنانەت ترەمپ بەرگری لەشازادە موحەمەد بن سەلمان کرد لەسەروبەندی کوژرانی جەمال خاشقچی، رۆژنامەنووس و ستوونووسی واشنتن پۆستی ئەمریکی، لەساڵی ٢٠١٨ لەتورکیا لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بایدن شانشینی سعودیەی بە شانشینێکی «قێزەون» وەسفکرد و بەڵێنیدا ریاز باجی کوژرانی جەماڵ خاشقچی بدات. هەرچەندە کۆنگرێس دژی سیاسەتەکانی ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، هەڵوێستی وەرگرتووە سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆ، سیاسەتی دەرەکی، هەروەها هەوڵی پاوانخوازی سەرکردەکەی تورکیا، بەڵام سەرۆکی تورکیا توانیویەتی «پەیوەندییەکی باش»ی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەبێت. ئەمە لای جۆو بایدن بەپێچەوانەوەیە کاتێک لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز هێرشی توندی کردەسەر ئەردۆغان. چاوپێکەوتنەکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ و بایدن دەڵێت کە «زۆر نیگەرانە» لە رێبازی ئەردۆغان لەبەرامبەر کوردو هەماهەنگی سەربازیی لەگەڵ روسیا جگە لەوەی پشتگیری خۆی دەردەبڕێت بۆ سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا «ئەوەی من پێموایە دەبێت بیکەین گرتنی رێبازێکی جیاوازە لەبەرامبەر ئەو [ئەردۆغان] تا لای روون بێت ئێمە پاڵپشتی سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکەین». بایدن وتیشی دەبێت ئەردۆغان «باجی ئەوانە بدات» و جەختیشی لەوە کردەوە دەبێت واشنتن سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان بەهێز بکات «تابتوانن رووبەڕووی ئەردۆغان بوەستنەوە و تێکی بشکێنن، نەک لەڕێی کودەتاوە بەڵکو لەڕێی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە». لەگفتوگۆکەیدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز بایدن باس لەوەش دەکات هەڵوێستێکی توندتری دەبوو بەرامبەر سەرۆکی تورکیا سەبارەت بەهێرشکردنە سەر کوردەکان لە سوریا بەپێچەوانەی ترەمپەوە کە رێی بۆ چۆڵکرد. «ئەگەر من بومایە دوایین شت بمکردبا ملدان بوو بۆ ئەو سەبارەت بەکوردەکان، بەدڵنیاییەوە ئەوە دوایین شت دەبوو». ئێران لەچەندین بەیاننامەو چاوپێکەوتندا بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە بەلایانەوە گرنگ نییە کێ هەڵبژاردن دەباتەوە. «دژایەتی ئەمریکا بەرامبەر نەتەوەکەمان لە دێرزەمانەوەیە و هیچ گۆڕانکارییەک روونادات لە سیاسەتی ئاسایی بایدن یان ترەمپ بەسەرۆک هەڵبژێردرێن»، موحەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران مانگی رابردوو ئەمەی وت. «بەڵام ئەمە پێچەوانەی تێڕوانینێکە لەئێران کە پێیوایە ئەگەر بایدن دەسەڵات بگرێتە دەست هەوڵی ئەوە دەدەت ئەمریکا دووبارە بخاتەوە رێکەوتنی چەکی ئەتۆمی ٢٠١٥ ، لەمەشدا چەند سزایەکی توند هەڵدەگرێت لەسەر ئابوری ئێران»، ئیشان سارور ستوونوسی واشنتن پۆست لەوتارێکیدا وادەڵێت. بەپێی راپۆرتێکی بلۆۆمبێرگی ئەمریکی، «ئەگەر بایدن سەربکەوێت هەناردەی نەوتی خاوی ئێران دوو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تێدەپەڕینێت». پێگەی ئۆیڵ ریپۆرت بڵاوی کردەوە کەهەناردەی نەوتی خاوی ئێران بۆ مانگی ئەیلول یەک ملیۆن و (٥٠٠) هەزار بەرمیل بووە کە دوو ئەوەندەی مانگی ئابەو مانگەکانی پێشتریش رێژەکە زۆر کەمتر بووە. لە مانگی ئابی ٢٠١٩ بەهۆی سزا قورسەکانی ئیدارەی ترەمپ هەناردەی نەوتی خاوی ئێران دابەزی بۆ (٤٠٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە کە کەمترین ئاست بوو لە مێژووی وڵاتەکەدا. بایدن چەندین جار رایگەیاندووە ئامادەیە لەگەڵ ئێران دەست بەگفتوگۆ بکات ئەگەر رێز لەبەندەکانی رێککەوتنی ٢٠١٥ بگرێت، ئەمەش کارێکە کەوڵاتە ئەوروپییەکانیش پێشوازی لێدەکەن. بایدن بەڵێنی داوە کە «رێچکەیەکی باوەڕپێکراوی دیبلۆماسی» پێشکەشی ئێران دەکات. «زۆربەی زۆری خەڵکی ئێران و نوخبەی ئێران پێیان باشە بایدن دەسەڵات بگرێتەدەست، بەڵام هەندێک جیاوازی هەیە»، عەلی ئومێدی، پرۆفیسۆر لەزانستی سیاسەتی لەزانکۆی ئەسفەهان ئەمەی بە ئەتلانتیک کاونسڵ وت. مەبەست لەجیاوازی، پەبێی وتەی ئومێدی، ئەوەیە کە کۆمەڵیک دەمارگیری نوخبەی ئێرانی هەن کە دەستکەوتی سیاسییان دەبێت لەگرژکردنەوەی کیشەکان لەگەڵ ترەمپ. بەڵام هەندێک پێیانوایە سەرکەوتنی بایدن نابێتە بەڵگە بۆ ئەوەی کە رێکەوتنێکی سەرتاسەری بکرێت. سەعید گوڵکار، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لەزانستی سیاسەتی لەزانکۆی تێنەسی لە وتارێکیدا بۆ ئەلجەزیرەی قەتەری باس لەوەدەکات ئەگەری رێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران دوورە لەوەی رووبدات بەوپێیەی رەنگە سوپای پاسدارانی ئێران دەسەڵات بگرێتە دەست. نزیکەی هەشت مانگی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوەدەچێت، چەندین بۆچوون هەیە کە کەسێکی ناو سوپای پاسداران دەبێت بەسەرۆکی وڵاتەکە. گوڵکار پێیوایە «سەرکردایەتی سوپای پاسداران بەشێوەیەک لەئەمریکا دەڕوانێت کە ئامانجی ئەوەیە پشێویی ناوخۆیی دروستبکات و رژێمەکەی بڕوخێنێت» لەکاتێکدا کشانەوەی واشنتن لە رێکەوتنی چەکی ئەتۆمی لەساڵی ٢٠١٨ وای لەسەرکردایەتی سوپای پاسدران کردووە کە «بێ هیچ گومانێک» ئەمریکا بە «نەیارێکی متمانەپێنەکراو» ببینن. «سەرکردەکانی سوپای پاسداران جیاوازییەکی وا نابینن لەنێوان دیموکرات و کۆمارییەکان کاتێک دێتەسەر باسی سیاسەتیان لەمەڕ ئێران. ئەوان پێیانوایە سەرکەوتنی دیموکراتەکان لەهەڵبژاردنەکان نابێت وەک هەلێک ببینرێت بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان، چونکە هەردوو پارتەکە هەمان ئامانجیان هەیە [بەرامبەر ئێران]»، گوڵکار وای نووسیوە. رێککەوتنی ئاشتی لە ١٣ی ئابی ٢٠٢٠ ئیمارات بووە یەکەم وڵات کە پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە لەگەڵ ئیسرائیل بەسەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ لەچوارچێوەی «رێککەوتنی ئاشتی» یان «رێککەوتنی ئەبراهام». دوای ئیمارات، بەحرەین و سودان بوونە دووەم و سێیەم دەوڵەت کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، ئەمەش بووەتە رووبەڕوو رەخنەی تووند بووەتەوە لەلایەن سەرکردەکانی فەلەستینەوە. بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیەسی ئەمریکی، مەغریب  و عومان چاوەڕێ دەکەن کێ براوە دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا پێش ئەوەی هیچ بڕیارێک بدەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل، لەکاتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە سعودیە بێتە ناو رێککەوتنەکەوە لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا. لە راپۆرتێکی دیکەدا کە گۆڤاری تایم بڵاویکردووەتەوە هاتووە، کە هاتنە ناوەوەی سعودیە بۆ رێککەوتنەکە، بەپێی وتەی شیکەرەوان، ئەگەرێکی گەورەیە ئەگەر ترەمپ سەربکەوێتەوە. ململانێی فەلەستین-ئیسرائیل ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە کە لە رێچکەی نەریتی سەرۆکەەکانی ئەمریکا لایداوەو لەکێشەی فەلەستین-ئیسرائیلدا پشتگیرییەکی گەورەی ئیسرائیلە. لەماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ ئۆرشەلیم-قودس و بەرزاییەکانی جۆلانی  بەسەروەری ئیسرائیل ناساند، باڵیۆزخانەی ئەمریکای گواستەوە بۆ ئۆرشەلیم، یارمەتی دارایی بڕی بۆ رێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ئاوارە  فەلەستینییەکان، رێککەەتنی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خۆی دەبینێتەوە لەفراوانکردنی رووبەری ئیسرائیل لەسەر کەناری خۆرئاوای فەلەستین. رەنگە کەس هێندەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هیوای لەسەر بردنەوەی ترەمپ هەڵنەچنیبێت. سەرکردە ئیسرائیلییەکە، کە پەیوەندییەکی خراپی هەبوو لەگەڵ ئۆباما، ستایشی ترەمپی کردووەو بە «نایابترین هاوڕێی» ئیسرائیلی وەسفکردووە کەوڵاتەکەی تا ئێستا بەخۆیە بینیبێت لەکۆشکی سپیدا. «بۆ ناتانیاهۆ، بردنەوەی بایدن دەبێتە کارەسات»، ئیتان گیلبۆوا، شارەزا لەململانێی فەلەستین- ئیسرائیل بە ئەسۆشیەتید پرێسی وا وت. بەهۆی ئەوەی ترەمپ فەرامۆشی کردوون، فەلەستینییەکان ئەوە ناشارنەوە کە هیوای سەرکەوتنی بایدن دەخوازن. «ئەگەر چوار ساڵی تر لەگەڵ سەرۆک ترەمپدا بژین، ئەوا خوا یارمەتیمان بدات»، موحەمەد ئیشتییە سەرۆک وەزیرانی فەلەستین هەفتەی رابردوو وای وت. بەپێچەوانەی راپرسییەکانی ئەمریکا کە زۆربەیان بایدن بەبراوە دادەنێن بەڕێژەیەکی زۆر، راپرسییەکان لە ئسیرائیل ترەمپ بە باشتر دەزانن تا دووبارە ببێتەوە بەسەرۆک. بەپێی راپرسییەکی رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی، لەسەدا ٥٠٪ی ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت ترەمپ دووبارە سەربکەوێتەوە بەبەراورد بە لەسەدا ٢١٪ کە پێیان باشە بایدن بیباتەوە لەهەڵبژاردنەکانی ٣ی تشرینی یەکەم، ئەمەش پێچەوانەی دۆخی ٢٠١٦یە کە زۆربەی ئیسرائیلییەکان هیلاری کلینتۆنیان پێ باشتر بوو لەدۆناڵد ترەمپ تا ببێتە سەرۆک. کۆنگرەی٢٠٢٠ی  پارتی دیموکراتەکان بانگەشەی دروستکردنی دوڵەتێکی «کردەیی» فەلەستینی کرد کەتێیدا فەلەستینییەکان «پێویستە ئازادبن لە بەڕێوەبردنی خۆیان» و بەشێوەیەکی روون دژی هەر «کردەیەکی تاکلایەنانە» بوو لەلایەن هەر بەرەیەکەوە. جۆو بایدن خۆشی پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات بۆ فەلەستین و ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی بەڵێنیداوە یارمەتی دارایی دووبارە وەگەڕبخاتەوە بۆ فەلەستینییەکان ئەگەر هەڵبژێردرێت، هەرچەندە لە ئایاری ئەمساڵ رایگەیاند باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم دەهێڵێتەوە، بەڵام بەڵێنیدا کونسوڵخانەی ئەمریکا دووبارە لە رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بکاتەوەو کونسوڵخانەی دیبلۆماسی فەلەستینیش لەواشنتن دووبارە بکاتەوە. هەندێک شارەزای ئیسرائیلی پێیانوایە هاوڕێیەتی نزیکی ترەمپ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەڕاستیدا خزمەتی بە بەرژوەندییەکانی ئیسرائیل نەکردووە. «کاتێک دێینە سەر باسی رواڵەت وەک: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەئۆرشەلیم یان رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ چەند وڵاتێک کەهەرگیز شەڕمان لەگەڵ نەکردوون، ئەوا ئیسرائیل بێ ئەوانە باشترە»، نیمرۆد نۆڤیک توێژەر لەئیسرائیل پۆلسی فۆروم و راوێژکارێکی پێشووی سەرۆکی ئیسرائیل ئەمەی بە واشنتن پۆست وت. «بەڵام کاتێک دێینەسەر ناوەڕۆک سەبارەت بەگەورەترین دوو بەربەستی ئێمە – پێویستی چارەسەرکردنی ململانێ لەگەڵ فەلەستینییەکان و پێویستی کۆنترۆڵکردنی خواستە هەرێمی و هەنوکەییەکانی ئێران – حاڵمان زۆر خراپترە».

  ‌هاوڵاتى ئازادکردنی سەدەها چەکداری داعش و ئاوارەی سوری لەکەمپی ئەلهۆل لەلایەن بەڕێوبەرایەتی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا پرسی ئەمنی و مەترسی تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگە دروستکردووە. لەپێنجشەممەی رابردوو، دەسەڵاتدارانی کورد لەباکورو رۆژهەڵاتی سوریا ئازادکردنی سەدەها ئەندامی داعش (خەلافەتی ئیسلامی)یان راگەیاند وەک بەشێک لە لێبوردنێکی گشتی. ئامینە عومەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات – باڵی سیاسی هێزکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) – لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە شاری قامیشلۆ رایگەیاند ئەو ئەندامانەی داعش کە ئازادکراون «دەستیان بە خوێن سوور نییە» و هەموویان پەشیمانن لەچوونە نێو گروپە توندڕەوەکە. ئامینە عومەر وتیشی ئەو ئەندامانە هیوای ئەوەیان تێیدایە «بگۆڕێن بەرەو چاک» کە هەموویان خەڵکی سوریان و لانی کەم نیوەی سزای زیندانیان بەسەربردووە. ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رایگەیاند  ئەوانەی ئازادکراون (٦٣١)  کەسن و «(٢٥٣) کەسی تریش هەن کە سوودمەند دەبن لەلێبوردنەکە و ئازاد دەکرێن هەرکات نیوەی سزای زیندانیان تەواوکرد». بەڕێوبەرایەتی خۆسەر نزیکەی (٢٤) زیندانی هەیە کە (١٠) هەزار ئەندامی داعشی لەخۆ گرتووە. لەسێشەممەی رابردوو، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئازادکردنی (٢٨٩) ئاوارەی سوری، کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن، راگەیاند کە»نەسەلمێنراوە لەتوندوتیژی یاخود تاوان دژی خەڵکی سوریا بەشداربووبن». ئازادکردنی ئاوارە و ئەندامانی داعش دوای ئەوە دێت بەرپرسانی کورد هۆشداریان دابوو لەقەرەباڵغی کەمپەکان، بەتایبەتی ئەلهۆل کەچیتر توانای بەڕێوبردنیان نییە. بەپێی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لەمانگی تەمووز، کەمپی ئەلهۆل (٦٥) هەزار و (٤٠٦) کەسی تێدابووە. لەوانە لەسەدا ٤٧٪ (٣٠هەزار و ٥٧٣)یان عێراقی بوون، لەسەدا ٣٨٪ (٢٤ هەزار و ٩١٤)یان سوری بوون، هەروەها لەسەدا ١٥٪ (نۆ هەزار و ٩١٢) یان خەڵکی وڵاتانی ترن کە گەشتیان کردووە بۆ عێراق یان سوریا بۆ چوونە نێو داعش. چەندین هۆزی عەرەبی بۆ چەندین جار داوای ئازادکردنی ئاوارە و ئەندامە بێ زیانە سورییەکانیان کردووە لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر. بڕیاری ئازادکردنی ئەو کەسانە لەبەرئەوە دراوە کە «چیتر پێویست ناکات لە کەمپەکاندا بمێننەوە، هەروەها ئەم بڕیارە دوای داواکاری شێخەکان دێت»، بەدران چیا کورد جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری بەئاژانسی هەواڵی هاواری راگەیاند. چیا کورد ئەوەشی خستەڕوو لەمەودوا سورییەکان دەتوانن کەمپەکانیان بەجێ بهێڵن و ئەم بڕیارە نوێیە پرۆسەکە خێراتر دەکات. بەپێی چەندین راپۆرتی ناوخۆیی، بەم دواییانە لە کەمپەکەدا تاوانی کوشتن زیادی کردووە کەدواترینیان پەنابەرێکی عێراقی بوو لە ٩ی ئەم مانگەدا لەلایەن چەند هێرشبەرێکەوە کوژراوە کە دەمانچەیان بەکارهێناوە بە بێدەنگکەرەوە. لە پێنجشەممەی رابردوودا، هەسەدە رایگەیاند سێ ئەندامی شانەی نهێنی داعشیان دەستگیرکردووە کە لەناوچەی کەمپی ئەلهۆل چالاک بوون و دەستیان بەسەر چەندین چەکیاندا گرتووە کەنیازیان بووە بەقاچاغ بیگوازنەوە بۆ ئەو دانیشتوانانەی ناو کەمپەکە کە هاوسۆزن لەگەڵیان. چیا کورد باسی لەوە کرد لەئێستادا چالاکی خەلافەتی ئیسلامی زیادیکردووە لەکەمپەکەدا «بۆیە زۆر پێویستیە بۆ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر تاهەنگاوی زیاتری ئەمنی بنێت لەگەڵ دوورخستنەوەی منداڵان لەچالاکی توندڕەویی». تائێستا هەوڵدانی گەڕاندنەوەی (٢٤) هەزار ئاوارە سوریەکە لەکەمپی ئەلهول بۆ ناوچەکانی خۆیان لەلایەن ئەمریکاوە پەسەندکراوە. «ئێمە گفتوگۆی ئەمەمان کردووە لەگەڵ ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و تێدەگەین لەوەی چی وتراوە لەسەر ئەلهۆل گوزارشت لەگۆڕانێک ناکات لەپرۆسەکەدا بۆ سورییەکان تا کەمپەکە بەجێ بهێڵن»، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمەی بەدەنگی ئەمریکا وت دوای ئازادکردنی ئاوارەکان. «ئێمە گەڕانەوە و دەستپێشخەری تێکەڵبوونی ئەو ژن و ژمارە زۆرانەی منداڵ بە ئەرێنی دەبینین، ئێمە زۆر راشکاو بووین لەوەی بارودۆخ لە کەمپی ئەلهول، سەرەڕای هەوڵی ئەنجومەنی سوری، گونجاو نییە بۆ ژیان». بەپێی ئاماری ناوەندی زانیاری رۆژاڤا، لەمساڵدا چوار هەزار ئاوارەی سوری گەڕاونەتەوە ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمەش لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە بە سەرکەوتوو ناوزەند کراوە، بەپێی راپۆرتەکەی دەنگی ئەمریکا. تەنانەت بەرپرسە ئەمریکییەکان کە قسەیان بۆ دەنگی ئەمریکا کردووە ستیاشی ئازادکردنی ئەندامانی داعشیان کردووەو رایانگەیاندووە تێکەڵکردنەوەی ئەوانە بۆ نێو کۆمەڵگەی سوری لەژێر چاودێری شێخ و گەورەی هۆزەکان کارێکی باشە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، هێشتا ترس و نیگەرانی بوونی هەیە کەکەمپی ئەلهۆل خۆی لەخۆیدا بووەتە مەکینەی بەرهەمهێنانی تیرۆریستانی نەوەی داهاتوو. لەکۆڕبەندێکی پەیمانگەی ئاشتی ئەمریکی لە ئابی ئەمساڵ جەنەڕال کێنز مەکێنزی، فەرماندەی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا رایگەیاند ئەلهۆل «شوێنێکی باش نییە بۆ ژیان، لەڕووی بەتوندڕەویی بوونەوە شتی خراپ روودەدات». «هێشتا پلانێکم نەبینیوە کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ بەتوندڕەویی کردن بکات بەشێوازێکی فراوان»، مەکێنزی وای وت. چەندین پەرپرسی سەربازیی ئەمریکی تر هۆشداریان داوە کەزانیارییەکان ئەوە دەخەنەڕوو هەندێک لەو ژنانەی لەئەلهۆلن زیاترن لە خێزان یان کچانی ئەندامانی داعش بەڵکو «شەڕکەرن». «ئێمە بەڵگەی باشمان لایە کە هەندێک کەسی ناو کەمپەکان، بەتایبەتی ئەلهۆل، تەنها ئەندامانی خێزانی داعشەکان نین، بەڵکو هەندێکیان شەڕکەرن کە وا هەڵکەوتووە ژن بن»، ئەلێکس گرینکویچ، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆن و زانیاری هیزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا وای وت. هەروەها، بەپێی راپۆرتەکەی دەنگی ئەمریکا، هەندێک سەرکردەی هۆزە عەرەبییەکان کشاونەتەوە لەوەرگرتنی خەڵکی زیاتر لەئەلهۆل بەوپێیەی «ئایدۆلۆژیای داعش هێشتا کاریگەری هەیە لەسەر ئەم ژنانە». لەسەرەتای راگەیاندنی لێبووردنە گشتییەکەوە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئەوەی خستتەڕوو لێبوردنەکە ئەوانە دەگرێتەوە کە نەخۆشن، تەمەنیان لەسەروو (٧٥) ساڵە یان تاوانەکانیان بچووکن، لەکاتێکدا ئەوانە ناگرێتەوە کە تاوانبارن بە سیخوڕی، کوشتنی شەرەف، خیانەت، دەستدرێژی سێکسی، هەروەها فەرماندە گەورەکانی داعش. ترسی ئەوە هەیە کە ئازادکراوەکان مەترسی دروستبکەن لەکاتی تێکەڵبوونەوەیان بەنێو کۆمەڵگە. دارین خەلیفە، شیکەرەوەیەکی باڵا لەگروپی قەیرانی نیودەوڵەتی بەپێگەی عەرەب نیوزی راگەیاند رەنگە لێبوردنەکە زیانبەخش بێت بۆ ئاسایشی ناوچەکە. «ئازادکردنیان پێویستی بە پاڵپشتییەک هەیە کە هەسەدە ناتوانێت و ناشبێت تەنها خۆی لە ئەستۆی بگرێت. توانای هەسەدە بۆ رێکخستنی تێکەڵکردنەوەی هەزارەها دەستبەسەر سنوردارە»، دارین خەلیفە وای وت. دارین خەلیفە وتیشی، «هەم کەسە ئادیۆلۆژیستەکان و هەم قوربانییەکان لە ئێستادا پێویستیان بەپاڵپشتی کۆمەڵایەتی و تەندروستی دەروونی هەیە کەئێستا بوونی نییە».

ھاوڵاتی  راپۆرتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان لە 151 لاپەڕە و هەشت بەش پێکھاتووە.  پوختەیەک لەبارەی راپۆرتەکە: به‌شی یه‌كه‌م ئەم بەشەی راپۆرته‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئامانجه‌كان، تێیدا فه‌رمان دراوه‌ به‌: به‌دامه‌زراوه‌ییكردن و يه‌كخستنى به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى و فه‌رمانگه و يه‌كه جياجياكان، كه مووچه‌ى خانه‌نشينى تێدا خه‌رج ده‌كرێت و، وەزاره‌تى دارايى راسپاردووه بۆ دامه‌زراندنی سندوقی خانه‌نشینی له‌ هه‌رێمی كوردستان. تێیدا وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به‌ هامه‌هه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كار له‌سه‌ر كاراكردن و پشتیوانیكردنی دارایی سندوقی خانه‌نشینی ده‌كات. بەشی دووەم ئەم بەشەش تایبه‌ته‌ به‌ رێكخستنەوەی ماف و ئیمتیازاتەكانی میراتگرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی. به‌شی سێیه‌م تایبه‌ته‌ به‌ نەهێشتنی سوودمەندبوون لە جارێك زیاتر لە بودجەی گشتی، تێیدا هه‌نگاوه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خراوه‌نه‌ته‌ڕوو بۆ بنبڕكردنی دوو مووچه‌یی و زیاتر، كه‌ پشتبه‌ستراوه‌ به‌ چه‌ند بڕگه‌ و مادده ‌و بڕیارێك. بەشی چواره‌م ئەم بەشەش لە راپۆرته‌كه‌ تایبه‌ته‌ بە پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ. له‌ گرنگترین خاڵه‌كانیشی یەکخستنی یەکەکانی ژمێریارییه‌ لە وەزارەت و هێزەکانی (70) و (80) لە یەک یەکەی ژمێریاریدا لە بەڕێوبەرایەتیی گشتی بودجە و بەرنامەکان/ ژمێریاری سەربازی و دەکەوێتە ژێر چاودێریی فەرمانگەی چاودێری دارایی لە وەزارەتی پێشمەرگە و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، هه‌روەها رێكخستنه‌وه‌ی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی و گواستنەوەی گشت پاسەوانەكان بۆ سەر میلاكی هێزەكانی یەكەی پاسەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ. "بەهیچ جۆرێك نابێت پاسەوان لەسەر میلاكی هیچ یەكەیەكی تری سەربازی یان هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هەبێت، جگە لە یەكەی پاسەوانی سەر بە وەزارەتی ناوەخۆ، خەرجكردنی مووچەی پاسەوانی تەنها لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتی ناوخۆ دەبێت دوای هاوتاكردن و یەكخستنیان، ئەم پڕۆسەیە دوای دەرچوواندنی پەیڕەوی یەکەی پاسەوانی دەچێتە بواری جێبەجێکردن". به‌شی پێنجه‌م تایبه‌ته‌ به‌ ده‌رماڵه‌كان: كه‌ له‌ گرنگترین خاڵه‌كانی ناوەندی راوێژی یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران رەشنووسی بڕیاری رێکخستنەوە و پێداچوونەوە بە گشت دەرماڵەکانی ئامادەکردووە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی پەسەندکردنی لەسەر راسپاردەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی. به‌شی شه‌شه‌م ته‌رخانكراوه‌ بۆ رێكخستنەوەی هەژماركردنی خزمەت، كه‌ گشت وەزارەت و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت دەستیان بە پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران کردووە و تا ئێستا (٢٠٨٩٤٤) دۆسیەی فەرمانبەران وردبینییان بۆ کراوە. به‌شی حه‌وته‌می ئەم بەشەی راپۆرتی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی تایبه‌ته‌ به‌ بواری خانه‌نشینی كه‌ له‌ گرنگترین خاڵه‌كانیشیدا هاتووە: 1- بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە گشت بەڕێوەبەرایەتییەکان لیژنەی لاوەکی پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوەی دۆسیەی گشت خانەنشینکراوەکان بە مەبەستی جیاکردنەوەی خانەنشینانی شایستە و ناشایستە. 2- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و رێکخراوی UNDP و فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاری سیستەمێکی ئەلیکترۆنی داناوە بەمەبەستی دروستکردنی دۆسییەی ئەلیکترۆنی بۆ گشت خانەنشینکراوان، ئەم پرۆسەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ لێکدی جیاکردنەوەی کەسانی شایستە و ناشایستە و یەکخستنەوەی مافەکانیان. 3- لیژنەی باڵای بایۆمەتری لە ڕێگەی فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیارییەوە لە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریدا سیستەمی خانەنشینی بە سیستەمی بایۆمەتری دەبەستێتەوە. به‌شی هه‌شته‌م به‌ چه‌ند بڕگه ‌و بابه‌تێك حوكمه‌كانی كۆتایی خراوه‌نه‌ته‌ڕوو، هه‌روها بڕیاردراوه‌ دامەزراندن لە وەزیفەكانی (بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار و سەرووتر) لە دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ـ عێراق رادەگیرێت، مەگەر تەنها لەو كاتەی پلەی بەتاڵ هەبێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووری گشتاندنی کردووە بە ژمارە (٢٦٨) لە ١٧/٦/٢٠٢٠ بۆ سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت و تاوەکو ئێستا (٦٨٥٠٧) فەرمانبەر و مووچەخۆر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوە و پرۆسەکە بەردەوامە. كۆتایی راپۆرته‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دۆكیومێنت و نووسراوه‌كان، كه‌ بۆ سه‌رجه‌م هه‌نگاو و بڕیاره‌كانی جێبەجێکردنی یاسایی چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان ئاماژه‌بۆكراو هاوپێچ كراوه‌. دەقی تەواوی راپۆرتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی لەم لینکەدا ببینە   

    ‌هاوڵاتى   نزیکەی (26) ملیۆن کەس لەئەمریکا پێشوەختە دەنگیان داوە بەھۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کە یاسا رێگەیان پێدەدات (45) رۆژ پێش دەستپێکردنی دەنگدانی فەرمی لەھەندێ ویلایەت دەنگدانی پێشوەختە ئەنجامبدرێت. رۆژی (18)ی ئەیلول لەویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا لەچوارچێوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەدا، دەنگدانی پێشوەخت دەستیپێکرد. خەڵکی ویلایەتەکە لەڕێگەی پۆستە یان سەردانی راستەوخۆ بەشدارییان کرد لەبنکەکانی دەنگدان، بۆئەوەی دەنگ بۆ کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بدەن. بەگوێرەی رێساکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەئەمریکا، (45) رۆژ پێش دەستپێکردنی رۆژی دیاریکراوی هەڵبژاردن، دەتوانرێت لەهەندێک ویلایەت و لەهەندێک رۆژی جیاوازدا دەنگدانی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. تاوەکو چوار رۆژ پێش هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، لەو ماوەیەشدا نزیکەی (20) ویلایەت رێگەیان پێدراوە دەنگدانی پێشوەخت بەڕێوەببەن و تائێستا گەیشتۆتە نزیکەی (26) ملیۆن دەنگدەر. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جۆ بایدنی رکابەرە دیموکراتەکەی دەیانەوێت کاریگەری لەسەر بەشداربووانی دەنگدانی پێشوەختە دروستبکەن لەڕێی چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی بانگەشەدا بەر لەئەنجامدانی دوایین دیبەیتی نێوانیان کە بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت. بڕیارە ترەمپ رۆژانە بەشداری لەهەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بکات تاوادەی مێزگردەکە کە لەفلۆریدا ئەنجامدەدرێت، لەو ماوەیەشدا دەچێتە ئەریزۆنا و نۆرس کارۆلاینا، وەک ئەوەی تیم میرتۆ، وتەبێژ بەناوی هەڵمەتەکەی ئاشکرایکردووە. بایدنیش سەرەتا روو لە نۆرس کارۆلاینا دەکات کە تائێستا (1.2) ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە دەنگدانی پیشوەختەدا کردووە لەو ویلایەتەد،  تائێستا نزیکەی (26) ملیۆن کەس لەسەرتاسەری ئەمریکادا بەشدارییان لەدەنگدانی پێشوەختەدا کردووە. هۆکاری ئەوەی ئەو ژمارەیە لەهاووڵاتییان بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختدا کردووە دەگەڕێتەوە بۆ ترسیان لەدۆخی تەندروستی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تائێستا بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە (220) هەزار ئەمریکی و توشبوونی زیتر لە (8.1) ملیۆنی دیکە. دیموکراتەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لەدەنگدانی پێشوەختە لەڕێی پۆستەوە لەپێشەوەن، لەکاتێکدا ئامارەکان نیشانیدەدەن کە (5.8) ملیۆن دیموکراتی لەکۆی (10.6) ملیۆن دەنگدەریان لەڕێی پۆستەوە بەشدارییان کردووە. زۆرێک وایدادەنێن براوە لەکێبڕکێی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاتێک دیاری دەکرێت، هەر کە کاندیدی دۆڕاو وتاری شکستهێنان پێشکەش دەکات، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە بەفەرمی راگەیاندنی براوەی سەرۆکایەتی پرۆسەیەکە چەند مانگێک دەخایەنێت و هەتا مانگی یەک تەواو نابێت. هەڵبژاردنەکانی رۆژی٣ی مانگی یانزەی داهاتوو لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (٥٩)ەمین هەڵبژراندی سەرۆکایەتییە لەئەمریکا. ترەمپ یا بایدن، هەر یەکێکیان براوەی هەڵبژاردنەکان بن، دەبنە بە تەمنترین سەرۆک لەمێژووی ئەمریکا، بایدن (٧٨) ساڵە، ترەمپ-یش بەتەواوکردنی خولی دووەم دەبێتە (٧٨) ساڵ. هەردووکیان لە رۆنالد ریگانی (٧٧) ساڵانە بەتەمەنتر دەبن. ئەم هەڵبژاردنە، تەنها هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نییە، بەڵکو بۆ (٣٥) ئەندامی سینات- ئەنجومەنی پیران، (١١) حاکمی ویلایەتەکان و (٤٣٥) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانە. هەروەها لەکۆی (٩٩) ئەنجومەنی یاسادانان- نوێنەران و سینات لەسەرئاستی ویلایەتەکان (٨٦) دانەیان هەڵدەبژێردرێنەوە، کە کۆی هەمووی دەکاتە پێنج هەزارو(٨٧٦) کورسی. هەروەها (٨٢) ئەندامی دادگای باڵا لە (٣٤) ویلایەت هەڵدەبژێردرێن، لەگەڵ (١٢٠) پڕۆژەی یاسایی لە (٣٢) ویلایەتدا دەخرێتە دەنگدانەوە، لەهەموو بوارێکدا، هەر لەبیمەی تەندروستیەوە تاماددە هۆشبەرەکان، هەروەها بوارەکانی باج، ماف و یاساکانی بواری هەڵبژاردن، پەروەردەو ماف و ئازادییە مەدەنی  و سیاسییەکان . دیموکراتەکان دەیانەوێ کۆنتڕۆڵی، سینات ( ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا) بکەن، بە بەدەستهێنانی تەنها چوار کورسی تر بۆ ئەوەی ژمارەی کورسییەکانیان ببێت بە (٥١) کورسی، لە ڕووی مێژووییەوە  لەئەمریکا روودانی ئەمە زەحمەتە، چونکە چوارساڵە  ئەمە رووینەداوەو هەروەها کۆمارییەکان زۆربەی کات سەرکەوتووبوونە لەکۆنترۆڵکردنی سینات. پسپۆڕانی هەڵبژاردن پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆنا  (کۆڤید 19)ەوە ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران ئەوانەی پێشبینی دەکرێن دەنگ لەڕێی پۆستەوە بدەن، بەو هۆیانەوە ژماردنی دەنگەکان ماوەی زیاتری پێبچێت. لییا مێڕیڤاکی یاریدەدەری پرۆفیسۆر بۆ سیاسەتی ئەمەریکایی لەزانکۆی ستانی میسیسیپی دەڵێت «ئەمانە رێکاری یاسایین و دەبێت پەیڕو بکرێن». شارەزایەکی بواری ئابووری لەئەمریکا رایگەیاندووە کە پەتای کۆڕۆنا زیانێکی گەورەی ئابووری بەوڵاتەکەیان گەیاندووە. بەپێی هەواڵێک کە لەماڵپەری (بلۆمبێرگ)ی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، دێڤید کاتلر کە پێشتر وەزیری گەنجینەی ئەمریکی بووە، رایگەیاندووە کە کۆرۆنا زیانی ئابووری گەورەی بە ئەمریکا گەیاندووەو پێشبینی دەکرێت کۆی گشتی زیانەکان (16) تریلیۆن دۆلار بێت. ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو زیانانەی کە پەتای کۆرۆنا بەئەمریکا گەیاندوویەتی نزیکە لەو بڕە پارەیەی کەئەمریکا لەشەڕی عێراق و ئەفغانستان خەرجیکردووە. ماڵپەرەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە لەچوار مانگی رابردوودا ئابووری ئەمریکا بەڕێژەی 32% داکەوتووە.

  ‌هاوڵاتى ئێران بە(137) ملیار بەرمیل یەدەگی نەوت بەسێیەم وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت لەجیهاندا لەقەڵەم دەدرێت و رۆژگارێک رۆژانە شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەی بازاڕەکانی جیهان کردوەو خاوەنی (13%) نەوت و (16%) هەموو غازی جیهانەو یەکێک لەوڵاتە زلهێزە نەوتییەکانەو تەمەنی بەرهەمهێنانی زێڕی رەش لەو وڵاتە دەگاتە (112) ساڵ کە بۆ یەکەمجار لەلایەن بەریتانیاوە دەستی بەسەرداگیراو بووە دەستمایەی سەرکەوتنی ئەو وڵاتە لەدوو جەنگی گەورەی جیهان چونکە بەریتانیا بۆ ماوەی نزیکەی (50) ساڵ خاوەنی بەرکابەری نەوتی ئێران بوو لەدەرهێنانیەوە تا بەکارهێنان و فرۆشتنی و لەکاتی دووەم جەنگی جیهانیدا ئەمەریکاو سۆڤیەت خۆیان گەیاندە نەوتەکەی ئێران و بوونە کێشەی گەورە لەبەردەم بەریتانیادا.  ئەوەی روونە نەوت دەتوانێت رۆژگارێکی رەش بۆ هەر وڵاتێک دروستبکات کەپشتی پێ ببەستێت و ئێران لەو وڵاتانەیە کەپێچەوانەی بانگەشەکانی، پشتی زۆری بەنەوت بەستووە ئەگەرچی بەرهەمهێنان لەبواری سامانەکانی دیکەی وڵاتەکەیدا فەرامۆش نەکردوە بەڵام سزادانی کەرتی نەوتی ئێران و نزیکبوونەوەی ئابوری لەداڕمان دەریخست سەرچاوەی یەکەم و سەرەکیی ئەو وڵاتە نەوت‌و غازەو هەر مەترسییەک بۆسەر ئەو بەرهەمە ئابوریی ئێران ژێروژور دەکات و ئەوەی کەئەمڕۆ لەو وڵاتە بەهای هەر دۆلارێک گەیشتوەتە (31) هەزار تمەن ئاماژەکانی ئەم ژێروژوربوونەیە. دەرهێنانی نەوت و بەنیشتیمانیکردن ساڵی (1908) نەوت لەسەر دەستی هاووڵاتییەکی بەریتانی بەناوی ویلام ناکس دارسی لەشاری (مەسجد سلێمان) لەئێران بەرهەمهێنراو بەپێی رێککەوتنێک نەوتی هەموو جوگرافیای ئێران جگە لەباکوری ئەو وڵاتە بۆ ماوەی (60) ساڵ رادەستی بەریتانیا کراو لەبەرامبەردا تەنها (16%) داهاتی نەوتەکە بۆ ئێران بێت و ئەمەش ناڕەزایەتیی ناوخۆیی لەو وڵاتە لێکەوتەوەو دواجار لەساڵی (1940) بەهەوڵی ژمارەیەک پەرلەمانتارو سکاڵای دیپلۆمات و سیاسییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران، سەرجەم رێککەوتنەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانی بەریتانیا لەگەڵ ئێران هەڵوەشێنرانەوەو ئەو وڵاتە بەنیشتیمانیکردن یان خۆماڵیکردنی نەوتی وڵاتەکەی راگەیاند کە بەقۆناغێکی گرنگی مێژویی هاوچەرخی وڵاتەکە لەقەڵەمدەدرێت، بەڵام لەڕاستیدا بەریتانیا هەر لەڕێگەی ژمارەیەک کۆمپانیاوە دەستبەرداری نەوتی ئێران نەبوو. نەوتی ئێران سوتەمەنیی دوو جەنگی جیهانی دوای دەستپێکردنی  یەکەم جەنگی جیهانی لەساڵی (1914) ئاستی هەناردەی ئێران لەڕۆژانە (274) هەزار تۆن نەوت گەیشتە ملیۆنێک و (500) هەزار تۆن و بەریتانیا توانی بەسودوەرگرتن لەنەوتی ئێران بەرەی جەنگ لەبەرژەوەندیی خۆی و هاوپەیمانەکەی بەهێزبکات و بەشی زۆری کەشتییە جەنگییەکانی هاوپەیمانانی بەریتانیا سودیان لەنەوتی ئێران وەردەگرت و ئەمەش بوەمایەی سەرکەوتنیان لەڕووی دەریایی و سەربازییەوەو دوای ساڵی (1939) لەگەڵ دەستپێکردنی دووەم جەنگی جیهانیدا، ئێران بێلایەنی خۆی راگەیاند لەکاتێکدا رەزا پەهلەوی پاشای ئەوکاتی ئێران پشتیوانیی بۆ ئەڵمانیا دەربڕیبوو، ئەمەش نیگەرانیی هاوپەیمانانی لەدژی ئەدۆڵف هیتلەری لێکەوتەوەو جارێکی دیکە بەریتانیا هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زۆربەی سەرچاوە نەوتییەکانی ئێرانی داو باجی بەرهەمهێنانی نەوتیشی لەئێران زیاد کردو (80%)ی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ خۆی دەبردو (14%) دیکەی نەوتەکەی دەدا بەئەمەریکا وەک هاوپەیمانێکی جەنگ لەدژی هیتلەر، واتە ئێران لەو سەردەمەدا تەنها (6%)ی نەوتەکەی خۆی بۆ دەمایەوە. بەریتانیا بەدامەزراندنی چەند پاڵاوگەیەک لەئێران توانی سوتەمەنیی فڕۆکەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی دابین بکات کەبەشێکی بەرچاوی نەوتی باکوری ئەفەریقاو دەریای رەش-یان بەهۆی داگیرکارییەکانی هیتلەرەوە لەدەستدابوو بۆیە بەزمانێکی دیکە دابینکردنی سوتەمەنیی دوو جەنگی گەورەی جیهان بەنەوتی ئێران بوو ئەو وڵاتە هەم لەڕووی سیاسییەوەو هەم لەڕووی ئابورییەوە بووە سوتەمەنیی جەنگێک کە خۆی بەبێلایەن دەزانی تێیدا. نەوتی ئێران و (50 بە 50) ساڵی (1940) لەگەڵ زیادبوونی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆو پەرلەمانی ئەو سەردەمی بەناوی (شورای میللی ئێران) و داگیرکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمەریکاو بەریتانیاو سۆڤیەت، نەوتی وڵاتەکە بووەهۆی ناکۆیی داگیرکەران و ئەمەش وایکرد رێککەوتنی نەوتیی پێشوی بەریتانیا لەگەڵ ئێران هەڵبوەشێنرێتەوەو چیتر بەریتانیا نەتواێت (80%)ی نەوتی ئەو وڵاتەو داهاتەکەی بۆ خۆی ببات، بۆیە سۆڤیەت لەباکورەوە نەوتی ئێرانی بۆخۆی دەبردو ئەمەریکاو بەریتانیاش خۆیان بەخاوەنی نەوتی باشوری ئێران دەزانی و دواتر بەبڕیارێکی پەرلەمانی ئەوکاتی ئێران هەموو ئەو ئیمتیازانەی درابوون بەوڵاتانی بیانیی هەڵوەشێنرانەوەو بەریتانیاش بەهۆی ئەوەی دەستی سۆڤیەت لەنەوتی ئێران کورت کاتەوە رەزامەندیی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەربڕی بەڵام دەستی بەدانوستان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کرد بۆ واژۆکردنی گرێبەستی دیکەی نەوتی لەگەڵ ئەو وڵاتە کردو بڕیاریدا لەبەرامبەر هەر بڕە نەوتێکی ئێران بۆ کۆمپانیاکانی خۆی لەو وڵاتە (50%)ی داهاتەکەی رادەست بکاتەوە کەئەمەش دووبارە ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران و پەرلەمانی ئەو وڵاتەی بەدواوە بوو بوەهۆی ئاڵۆزبونی دۆخی ناوخۆو کوشتنی دەیان کرێکاری بواری نەوت و خۆپیشاندەری ناڕازیی کەماوەی (10) ساڵ پڕۆسەی دۆزینەوەو دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوتی ئێرانی لەئاستێکدا وەستان و ئەو بوارە گەشەی بەخۆیەوە نەبینی. ئۆپیک داڵدەیەک بۆ ئێران ڤەنزوێلا کەخاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهان بوو لەساڵی (1949) داوای لە (ئێران، عێراق، سعودیە، کوەیت) کرد کە رێکخراوێکی تایبەت بەوڵاتانی هەناردەکاری نەوت دابمەزرێنن و دواجار دوای زیاتر لە (10) ساڵ و دوای کۆبونەوەی سەرکردەی ئەو وڵاتانە لەبەغدای پایتەختی عێراق رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (Organization of the Petroleum Exporting Countries) بە کوتکراوەی (ئۆپیک) دامەزراو ئەو وڵاتانە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان سەبارەت بەئاستی هەناردەو نرخی نەوت رێککەوتن و هەریەکە لەوڵاتانی (جەزائیر، لیبیا، نێجیریا، قەتەر، ئیمارات، ئیکوادۆر، ئەنگۆلا، کۆنگۆ) دواتر بوونە ئەندامی رێکخراوەکەو ئەمەش بەوەرچەرخانێکی گرنگی ئابوریی لەمێژوی جیهاندا لەقەڵەم دەدرێت، بۆیە ئێران توانی بەسودوەرگرتن لەڕێکخراوەکە زۆرینەی داهاتی نەوتەکەی لەچنگی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی سەر بەبەریتانیاو ئەمەریکاو سۆڤیەتی جاران دەربهێنێت یان قازانجێکی زیاتر بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی وڵاتەکەی لەکاتێکدا پێشتر تەنها نیوەی داهاتی نەوتەکەی بۆ دەمایەوەو حەوت کۆمپانیای بەریتانیاو ئەمەریکا کە بەحەوت خوشکی نەوتی دەناسران رێگرییان لەبەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکردو پێش دروستبونی ئۆپیک نرخی هەر بەرمیلێک نەوت تەنها دوو دۆلار بوو کەدواتر نرخەکە لەسایەی ئۆپیکەوە بەرز بوەوەو گەیشتە نزیکەی (25) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئێران خاوەنی یەدەگی زیاتر لە (211) ملیار بەرمیلی نەوتە کەدەکاتە نزیکەی (13%)ی هەموو نەوتی جیهان و دەتوانێت تا (112) ساڵی دیکە نەوت بەرهەم بهێنێت  پێگەی نەوتیی ئێران بەپێی دوایین ئامارە جیهانییەکان ئێران خاوەنی یەدەگی زیاتر لە (211) ملیار بەرمیلی نەوتە کەدەکاتە نزیکەی (13%)ی هەموو نەوتی جیهان و دەتوانێت تا (112) ساڵی دیکە نەوت بەرهەم بهێنێت و سێیەم وڵاتی نەوتییە دوای ڤەنزوێلاو سعودیە، بۆیە داهاتی سەرەکیی ئەو وڵاتەش بەستراوەتەوە بەفرۆشی نەوتەوە لەکاتێکدا پێشتر توانیبوی ئاستی هەناردەی رۆژانەی نەوتی وڵاتەکەی بگەیەنێتە شەش ملیۆن بەرمیل، بەڵام سزاکانی ئەمەریکا بۆسەر ئێران وایکرد ئاستی هەناردەی نەوتەکەی بۆ بازاڕەکانی جیهان دابەزێت بۆ (250) هەزار بەرمیل لە رۆژێکداو رۆژگاری ئەو وڵاتە وەک نەوتەکەی رەش بکات. کێڵگە نەوتییەکانی ئێران  بەپێی ئامارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وڵاتەکەی لەئێستادا خاوەنی (11) کێڵگەی نەوتییە کە یەدەگەکانیان بە (154) ملیار بەرمیل نەوت خەمڵێنراوەو تا (53) ساڵی دیکە توانای دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوتیان لەو کێڵگانە هەیەو گەورەترین گێڵگە نەوتییەکانی بریتین لە (ئەهواز، نامئاوەران، گەچساران)، جگە لەو کێڵگە نەوتییانە خاوەنی (42) کێڵگەی غازە کەیەدەگیان دەگاتە (33) ترلیۆن سێجا کەدەکاتە (17%)ی غازی هەموو جیهان و زۆربەشیان لەناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە ئیلام و کرماشان هەڵکەوتون و بەمەش لەڕووی غازەوە ئێران دووەم وڵاتە لەجیهانداو رەنگە بەهۆی دابەزینی ئاستی هەناردەو کەمبونەوەی نرخی نەوت ئەو وڵاتە لەداهاتودا پەنا بۆ فرۆشتنی زیاتری غاز بەرێت و ببێتە بەدیلێکی گەورەی نەوت. کۆتایی ساڵە نەوتییەکانی ئێران ساڵی (1973) بەهۆی سەرهەڵدانی جەنگی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل ئاستی نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەوەو بۆ یەکەمجار لەمێژودا نرخی یەک بەرمیل نەوت گەیشتە زیاتر لە (40) دۆلارو ئەمەش وایکرد ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران لەو سەردەمەدا بگاتە شەش ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕۆژێکداو داهاتی نەوتیی ئەو وڵاتەش لە دوو ملیارەوە بۆ (20) ملیار بەرزبوەوە ئەگەرچی ئەو دۆخە بۆ جیهان شۆک و گرانیی بوو بەڵام بۆ ئێران بوەمایەی خێروخۆشیی کەدوای کۆتایی ئەو شۆک و دۆخە چیتر ئێران هەناردەی هاوشێوە و داهاتی تا ئەو ئاستەی بۆ جارێکی دیکە بەخۆیەوە نەبینییەوە. راپەڕینی ئێران هەناردەی نەوتی بۆ نیوە دابەزاند پێش روخانی رژێمی پاشایەتی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لەساڵی (1979) لەو وڵاتە ئاستی هەناردەی نەوت بەبەردەوام نزیکەی چوار ملیۆن و (500) هەزار بەرمیل بووە لەڕۆژێکداو بەمەش بوەتە دوەمین وڵاتی هەناردەکاری نەوتیی جیهان و دەستپێکی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران لەساڵی (1980) ئاستی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەی بۆ کەمتر لەیەک ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا دابەزاندو دوای کۆتایی جەنگ توانی ئاستی هەناردەی نەوتەکەی بۆ دوو ملیۆن و (875) هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبکاتەوە. سزای رەشی ئێران بەریتانیا کەخۆی یەکەم بەرهەمهێن و فرۆشیاری نەوتی ئێران بووە یەکەم وڵاتیش بوو کە لەساڵی (1950)و دوای بەنیشتیمانیکردنی نەوت لەلایەن ئێرانییەکانەوە ئەو وڵاتەی لەڕووی بازرگانیی بەنەوتەوە سزا داوەو دوای ئەو ئەمەریکا بەبیانوی بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەهاوکاریی ژمارەیەک وڵات لەساڵی (2012)دا نەوتی ئێرانی کردە ئامانج و بەهەموو شێوەیەک هەوڵیدا رێڕەوە نەوتییەکانی ئێران بەبیانوی سەربازی و سیاسییەوە دابخات و داهاتەکەی کەمبکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (2017) بڵاوکردنەوەو ئامارە رەسمییەکانی بەرهەمهێنان و داهاتی نەوتیی وڵاتەکەی راگرتوەو ئەو ئامارانەی ئاماژەی پێدەکرێن ناڕەسمییە، ئەگەرچی زۆرجار ئامارە ناڕەسمییەکانیش ئەو راستیە دەردەخەن کەئێران بەو سزایانەی ئەمەریکا، تەنگەتاو بووە چونکە (50%)ی بودجەی ئێران لەداهاتی فرۆشتنی نەوتەوەیەو ئەمەریکا بەهەستیارییەکی زۆرتر لەجاران ئەو سەرچاوەیەی کردووەتە ئامانج بەشێوەیەک پێگەی ئێرانی لەسێیەم وڵاتی نەوتی و دووەم وڵاتی غازیی جیهان  کردووە بەیەکێک لەو وڵاتانەی کەئابورییەکەی لەلێواری رووخاندایە. نەوتی ئێران سامانێکی زۆرو داهاتێکی کەم ئەگەرچی لەئێستاشدا ئێران خەون بەزیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتەوە دەبینێت، بەڵام ناچارە ئەو نەوتە زۆرەی کەدەگاتە زیاتر لەچوار ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا لەکۆگای تایبەتی و هەندێکجار کەشتی نەوتهەڵگر لەدەریاکاندا پاشەکەوت بکات بەهیوای ئەوەی رێگەیەک بۆ فرۆشتنی بدۆزێتەوە کەشارەزایانی ئابوریی ئەوە بەدور دەزانن، بەپێی دوایین ئاماری ئۆپیک کەئێران وڵاتێکی گرنگە لەو رێکخراوە، تاساڵی (2022) ئاستی داواکاریی بۆ نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا بەرز نابێتەوەو گەشەی ئابوریی بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەدابەزیندایەو لەلایەکی دیکەوە زۆربەی وڵاتانی پیشەسازیی جیهان بیر لەبەدیلێکی دیکەی وزە دەکەنەوە بەتایبەت وزەی پاک کە لەخۆرو با بەرهەمدەهێنرێت، بۆیە ساڵی (2033) ئاستی داواکاریی بازاڕەکانی نەوت بۆ هەمیشە روو لەدابەزین دەکات کەئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی نەوتە پاشەکەوتەکانی ئێران رەنگە ئاو بیبات و رۆژگارێکی باش بۆ ئێران بەدی نەهێنێت.  

    ‌هاوڵاتى   رێـکخـراوى توێژینه‌وه‌و گـه‌شـه‌پێـدان (RDO) راپۆرتێکی ئادەکردووە لەسەر بەڵێنەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردەنکانی دوو ساڵی پێشوو کەزۆربەیان جێبەجێنەکراون. زۆرترینی بەڵێنەکان لەلایەن لیستی گۆڕانەوە دراوە کە (228) بەڵێن لەخۆدەگرێت و بەدوای ئەویشدا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (183) بەڵێن و پاشان یەکگرتووی ئیسلامی (127) بەڵێن و پاشان کۆمەڵی ئیسلامی (79) بەڵێن. پارتی دیموکراتی کوردستان (60) بەڵێنی داوە،  ھەروەھا نەوەی نوێ (50) بەڵێن کەیەکێک لە بەڵێنەکان دابینکردنی (150) ھەزار ھەلی کار بووە. رێـکخـراوى توێژینه‌وه‌و گـه‌شـه‌پێـدان (RDO ) رێکخراوێکى ناوخۆیى سه‌ربه‌خۆى ناحکومییه‌، ئیش له‌سه‌ر توێژینه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان له‌هه‌رێمى کوردستان ده‌کات. بەپێی راپۆڕتی رێکخراوەکە لە تایبەتە بەکارەکانی په‌رله‌مانى کوردستان له‌ساڵى دووه‌میدا (1/10/2019 ــ 30/9/2020)، لەو ماوەیدا که‌ده‌کاته‌ ماوه‌ى یه‌ک ساڵى ته‌واو، په‌رله‌مانى کوردستان ته‌نیا (31) کۆبوونه‌وه‌ى کردووه‌، (17) کۆبوونه‌وه‌ له‌وه‌رزى پاییز‌ى ساڵى یه‌که‌م بووه‌، (7) کۆبوونه‌وه‌ له‌وه‌رزى به‌هاره‌ى ساڵى دووه‌م بووه‌، (7) کۆبوونه‌وه‌ له‌وه‌رزى پاییزى ساڵى دووه‌م بووه‌ ته‌نیا (7) یاساى په‌سندکردووه‌. هه‌ڵسه‌نگاندنێک بۆ به‌ڵێنه‌کانى شه‌ش لیستى ناو په‌رله‌مانى کوردستان پڕۆژه‌ى چاودێریکردنى جێبه‌جێکردنى به‌ڵێنى لیسته‌کانى په‌رله‌مانی کوردستان، بۆ ساڵى یه‌که‌م ته‌نیا چوار لیستى گه‌وره‌ى ناو په‌رله‌مانى ده‌گرته‌وه‌، که‌ بریتى بوون له‌پارتى دیموکراتى کوردستان (45) کورسى، یه‌کێتیى نیشتیمانیى کوردستان (21) کورسى، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان (12) کورسى، نه‌وه‌ى نوێ (8) کورسى ــ هه‌رچه‌نده‌ کۆمه‌ڵێک کێشه‌ى ناوخۆییان هه‌یه‌و هه‌ندێک له‌ئه‌ندامانیان بانگه‌شه‌ى جیابوونه‌وه‌ له‌م فراکسیۆنه‌ ده‌که‌ن. له‌ساڵى دووه‌مدا، جگه‌ له‌م چوار  لیسته‌، ئێمه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌ردوو لیستى ئیسلامی، کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌کوردستان (7) کورسى ، یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان خاوه‌نى (5) کورسیش ده‌که‌ین. لێره‌ له‌خواره‌وه‌، رێژه‌و راده‌ى جێبه‌جێکردنى به‌ڵێنى لیسته‌کان له‌ماوه‌ى ساڵى دووه‌مى په‌رله‌مان، ده‌خه‌ینه‌ڕوو. دواتر کۆى گشتى راده‌ى جێبه‌جێکردنى به‌ڵێنه‌کان له‌ماوه‌ى هه‌ردوو ساڵى ته‌مه‌نى په‌رله‌مانى کوردستان، بۆ ئه‌م شه‌ش لیسته‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو. یه‌که‌م: لیستى ژماره‌ (183)ى پارتى دیموکراتى کوردستان. به‌رنامه‌ى لیستى پارتى له‌ (10) به‌ش پێکهاتووه‌و له‌کۆى گشتیدا بریتییه‌ له‌ (60) به‌ڵێن، هه‌ر به‌شێک دابه‌ش ده‌بێته‌سه‌ر چه‌ندین ته‌وه‌رو سێکته‌رى جیاواز، به‌جۆرێک به‌رنامه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ فراوانه‌، ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى تێدایه‌، هه‌ندێکیان جێبه‌جێکردنیان ئه‌سته‌مه‌و هه‌ندێکى تریشیان هیچ پەیوه‌ندى به‌په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ نییه‌. به‌شى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان (10) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردن له‌خۆده‌گرێت، به‌شى دووه‌م (11) به‌ڵێنى تێدایه‌، به‌شى سێیه‌میش (8) به‌ڵێن، به‌شى چوارەم (3) به‌ڵێن، به‌شى پێنجه‌م (4) به‌ڵێن، به‌شى شه‌شه‌م (5) به‌ڵێن، به‌شى حه‌وته‌م (5) به‌ڵێن، به‌شى هه‌شته‌م (6) به‌ڵێن، به‌شى نۆیه‌م (4) به‌ڵێن و به‌شى دە‌یه‌م (4) به‌ڵێن له‌خۆده‌گرێت.  کۆى به‌ڵێنه‌کانى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ ده‌نگده‌رانى، بریتییه‌ له‌ (60) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردن که‌پێویست ده‌کات له‌ماوه‌ى چوار ساڵى خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستاندا جێبه‌جیێان بکات. به‌شێک له‌م به‌ڵێنانه‌ به‌شێکن له‌کارى حکومه‌ت، وه‌کو ده‌زانین جیاوازى هه‌یه‌ له‌نێوان به‌ڵێنه‌کانى هه‌ڵبژاردن که‌ لیسته‌کان به‌ده‌نگده‌رى خۆیانى ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى کارى حکومه‌ت که‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانى حکومییه‌وه‌ پێشکه‌ش به‌په‌رله‌مانى کوردستان کراوه، بۆ نموونه‌، به‌شێک له‌به‌ڵێنه‌کانى لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، بریتییه‌ له‌مانه‌ى خواره‌وه‌: - «جێبه‌جێکردنى ماده‌ى (140)ى ده‌ستوورو پێداگیرى له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ى هه‌موو ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و دیاریکردنى سنوورى کوردستان و کۆتاییهێنان به‌دواخستن و خۆدزینه‌وه‌ له‌جێبه‌جێکردنی». - «ڕێکخستنى نوێنه‌رایه‌تى و په‌یوه‌ندییه‌کان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدراڵى له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا». - «؛کارکردن بۆ چاره‌سەرکردنى گرفتى ئاواره‌کان به‌گشتى و باشترکردنى بارو گوزه‌رانیان، هاوکات هه‌وڵدان و هاوکارى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدراڵى بۆ دابینکردنى سه‌قامگیریی له‌ناوچه‌کانیان به‌مه‌به‌ستى گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کى شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌و سه‌ربه‌رزانه‌و ژیانێکى ئاسووده‌«. ئه‌م سێ خاڵه‌ نموونه‌ى زۆر بچووکن له‌باره‌ى گشتگیرى به‌ڵێنه‌کان و ئه‌سته‌مى جێبه‌جێکردنیان، چونکه‌ پەیوه‌ندییان به‌کارى په‌رله‌مانییه‌وه‌ نییه‌و به‌رپرسیارێتى حکومه‌تى عێراقى و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌، بۆیه‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى لیستى (183)ى پارتى به‌ده‌نگده‌رانى خۆیانیان داوه‌، به‌شێکن له‌کارنامه‌ى حکومه‌ت و پەیوه‌ندییان به‌کارى په‌رله‌مانییه‌وه‌ نییه‌و له‌په‌رله‌مانیش جێبه‌جێ ناکرێن. جگه‌ له‌م تێبینییانه‌ له‌باره‌ى به‌ڵێنه‌کان، له‌ساڵى دووه‌مى کارى خۆیاندا، لیستى پارتى ته‌نیا دوو (2) به‌ڵێنیان جێبه‌جێکردووه‌ که‌ بریتین له‌مانه‌ى خواره‌وه‌: (1) سیسته‌می مووچه‌و خانه‌نیشینی و هه‌موو جۆره‌ ئیمتیازاتێکی ماددی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی شه‌فاف دابڕێژرێنه‌وه‌ که‌عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌دی بێنێ). ئه‌م به‌ڵێنه‌ له‌نێو یاساى چاکسازیدا جێبه‌جێکراوه‌. (2) داکۆکیکردن له‌مافه‌ سیاسى و کارگێڕى و کولتوورییه‌کانى تورکمان و کلدان، سریان، ئاشوورو ئه‌رمه‌ن، هه‌روه‌ها مافى کوردانى ئێزدى و فه‌یلى و، کارکردن بۆ ده‌سته‌به‌رکردنیان). به‌شێک له‌م به‌ڵێنه‌ که‌ تایبه‌ته‌ به‌تورکمان، له‌نێو بڕیارى ده‌ستنیشانکردنى بۆنه‌ فه‌رمییه‌کانى پێکهاته‌ى تورکمان جێبه‌جێکراوه‌. دووه‌م: لیستى ژماره‌ (105)ى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان یه‌کێتیى نیشتیمانى کوردستان (183) به‌ڵێنى به‌ده‌نگده‌رانى خۆی داوه‌و کارنامه‌که‌ له‌ (5) به‌ش پێکهاتووه‌، هه‌ر به‌شێک دابه‌ش ده‌بێته‌ سه‌ر چه‌ندین مادده‌و سێکته‌رى جیاواز، به‌رنامه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ فراوانه‌و ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى تێدایه‌، هه‌ندێکیان جێبه‌جێکردنیان ئه‌سته‌مه‌و هه‌ندێکى تریشیان هیچ پەیوه‌ندى به‌کارى په‌رله‌مانییه‌وه‌ نییه‌. به‌ڵێنه‌کانى یه‌کێتى له‌پێشه‌کییه‌کى (9) خاڵى پێکدێت، ئینجا به‌شى یه‌که‌م (17) به‌ڵێن، به‌شى دووه‌م (9) به‌ڵێن، به‌شى سێیه‌م (33) به‌ڵێن، به‌شى چواره‌م (80) به‌ڵێن، به‌شى پێنجه‌م (35) به‌ڵێن، له‌خۆده‌گرێت. وه‌کو سه‌رجه‌م لیسته‌کانى تریش، به‌شێک له‌به‌ڵێنه‌کانى یه‌کێتى نیشتیمانى، جگه‌ له‌وه‌ى به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى نین، به‌رنامه‌و کارى رۆژانه‌و ئاسایى حکومه‌تن، یا پرۆگرامى حکومه‌تن و ده‌بێت حکومه‌ت جێبه‌جێیان بکات، یان ته‌نانه‌ت به‌حکومه‌تی هه‌رێمى کوردستانیش جێبه‌جێ ناکرێن، نه‌وه‌کو په‌رله‌مان، بۆ نموونه‌: ــ کارکردن بۆ دیاریکردنى سنوورى باشوورى کوردستان، به‌جێبه‌جێکردنى ماده‌ى (140)ى ده‌ستوورى عێراقى فیدراڵ. ــ ئه‌نجامدانى سه‌رژمێرى گشتى له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستان. ــ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى بڕیارى پێدانى سولفه‌ى عه‌قار. ئه‌م سێ خاڵه‌، نموونه‌یه‌کى بچووکن له‌باره‌ى گشتگیرى به‌ڵێنه‌کان و ئه‌سته‌مى جێبه‌جێکردنیان، چونکه‌ پەیوه‌ندییان به‌کارى په‌رله‌مانییه‌وه‌ نییه‌و به‌رپرسیارێتى حکومه‌تى عێراق و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌. جگه‌ له‌م تێبینییانه‌ له‌باره‌ى به‌ڵێنه‌کان، ده‌بینین لیستى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان له‌ساڵى دووه‌مى کارى په‌رله‌ماندا ته‌نیا (4) به‌ڵێنى جێبه‌جێکردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌میانه‌ى په‌سندکردنى دوو یاسادا، به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌: (1) به‌ڵێنى ژماره‌ (4) له‌نێو به‌ڵێنه‌کانى تایبه‌ت به‌که‌رتى دارایى و بانکى که‌جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ (رێکخستن و یه‌کخستنه‌وه‌ی مووچه‌و که‌مکردنه‌وه‌ی جیاوازی مووچه‌ی نێوان پله‌ باڵاکان و فه‌رمانبه‌ران). ئه‌م به‌ڵێنه‌ له‌نێو یاساى چاکسازیدا جێبه‌جێکراوه‌. (2) به‌ڵێنى ژماره‌ (5) له‌نێو به‌ڵێنه‌کانى تایبه‌ت به‌که‌رتى دارایى و بانکى که‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ (پشتیوانیکردن له‌هه‌ر پڕۆژه‌یه‌کی چاکسازی که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت). ئه‌م به‌ڵێنه‌ش له‌نێو یاساى چاکسازیدا جێبه‌جێکراوه‌. (3) به‌ڵێنى ژماره‌ (3) له‌نێو به‌ڵێنه‌کانى تایبه‌ت به‌که‌رتى ته‌ندروستى که‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ (کارکردن بۆ ده‌رکردنى یاساى پاراستنى مافى نه‌خۆش)، ئه‌م به‌ڵێنه‌ له‌نێو یاساى پاراستنى مافى نه‌خۆشدا جێبه‌جێکراوه‌. (4) به‌ڵێنى ژماره‌ (1) له‌نێو به‌ڵێنه‌کانى تایبه‌ت به‌خانه‌نشینان که‌ جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ له‌سه‌ر (هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى خزمه‌ت و خانه‌نشینى پله‌ تایبه‌ته‌کان و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌کان، بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى جیاوازى مووچه‌ى نێوانیان له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌ران)، ئه‌م به‌ڵێنه‌ له‌نێو یاساى چاکسازیدا جێبه‌جێکراوه‌. سێیه‌م: لیستى ژماره‌ (148)ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌رنامه‌ى لیستى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ (4) ته‌وه‌ر پێکهاتووه‌و له‌کۆى گشتیدا (228) به‌ڵێن له‌خۆده‌گرێت، هه‌ر ته‌وه‌رێک دابه‌ش ده‌بێته‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک به‌ش و سێکته‌رى جیاواز، به‌جۆرێک به‌رنامه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ فراوانه‌، ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى تێدایه‌، هه‌ندێکیان جێبه‌جێکردنیان ئه‌سته‌مه‌و هه‌ندێکى تریشیان هیچ پەیوه‌ندى به‌کارى په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ نییه‌.  له‌ته‌وه‌رى یه‌که‌مدا (33) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى به‌ده‌نگده‌رانى خۆی داوه‌و له‌ته‌وه‌رى دووه‌میشدا (72) به‌ڵێن هه‌یه‌، له‌ته‌وه‌رى سێیه‌میشدا (56) به‌ڵێن دراوه‌و له‌ته‌وه‌رى چواره‌میشدا (67) به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردن له‌خۆده‌گرێت. به‌م شێوه‌یه‌ کۆى گشتى به‌ڵێنه‌کانى لیستى (148)ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌گاته‌ (228) به‌ڵێن، به‌زۆرترین به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى نێو چوار لیسته‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ى په‌رله‌مان داده‌نرێت. به‌ڵێنه‌کانى هه‌ڵبژاردنى لیستى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش هه‌روه‌کو به‌ڵێنه‌کانى لیستى پارتى و یه‌کێتى، به‌شێکى زۆرى ئه‌م به‌ڵێنانه‌، یا پەیوه‌ندییان به‌په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌ نییه‌، به‌و مانایه‌ى به‌ڵێن نین بۆ دانانى یاسایه‌کى په‌رله‌مانى، یا ده‌رکردنى بڕیارێکى په‌رله‌مانى، به‌ڵکو به‌شێکن له‌کارى حکومه‌ت. بۆ نموونه‌، به‌شێک له‌به‌ڵێنه‌کانى لیستى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، بریتییه‌ له‌مانه‌ى خواره‌وه‌: - «پێداگیری له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى ناوچه‌دابڕاوه‌کان به‌پێى ستراتیژییه‌کى نیشتیمانى و به‌پشتبه‌ستن به‌ده‌ستوورو به‌ڵگه‌نامه‌و راستییه‌ مێژوویى و جوگرافییه‌کان، به‌تایبه‌ت پرسى که‌رکوک و چاره‌سه‌رکردنى به‌گوێره‌ى ماده‌ى (140)ى ده‌ستوورى عێراق». -  «دامه‌زراندنى ده‌سته‌یه‌ک بۆ گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و پارانه‌ى به‌نایاسایى براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم». - «له‌ماوه‌ى یه‌ک مانگدا خاوه‌ندارێتى هه‌ردوو پاڵاوگه‌ى بازیان و که‌ڵه‌ک بدرێته‌وه‌ به‌حکومه‌تى هه‌رێم». -»سپاردنى پرسى په‌سندکردنى بودجه‌ به‌په‌رله‌مان». ئه‌م چوار خاڵه‌، نموونه‌ى زۆر بچووکن له‌باره‌ى گشتگیرى به‌ڵێنه‌کان و جێبه‌جێ نه‌کردنیان، چونکه‌ به‌شێکیان پەیوه‌ندییان به‌کارى په‌رله‌مانییه‌وه‌ نییه‌و به‌رپرسیارێتى حکومه‌تى عێراق و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌، پرسى بودجه‌ش تائێستا دواى دوو ساڵ له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، ئه‌گه‌رچى وه‌زیرى دارایى گۆڕانیشه‌، به‌ڵام تا (30/9) نه‌هاتۆته‌ په‌رله‌مان. بۆیه‌ به‌شێکى زۆر له‌و به‌ڵێنانه‌ى لیستى (148)ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان داویانه‌ته‌ ده‌نگده‌رانیان، به‌شێکن له‌کارنامه‌ى حکومه‌ت و پەیوه‌ندییان به‌کارى په‌رله‌مانییه‌وه‌ نییه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ڵێنه‌کانى لیستى گۆڕان له‌هه‌ندێک خاڵدا، نزیکن له‌وه‌ى به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى بن، چونکه‌ جه‌خت ده‌که‌نه‌سه‌ر داڕشتنى یاساى تازه‌، یا هه‌موارکردنه‌وه‌ى هه‌ندێک یاساى پێشتر، ئه‌وه‌ش بنه‌ماى سه‌ره‌کى کارى په‌رله‌مانییه‌. جگه‌ له‌م تێبینییانه‌ له‌باره‌ى به‌ڵێنه‌کان، له‌ساڵى دووه‌مدا لیستى گۆڕان ته‌نیا (2)  به‌ڵێنى خۆیان جێبه‌جێکردووه‌ که‌بریتین له‌: (1) هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یان هه‌موارکردنى هه‌موو ئه‌و یاساو رێنمایى و بڕیاره‌ تایبه‌تانه‌ى په‌یوه‌ندیدارن به‌سیسته‌مى مووچه‌، خانه‌نشینى و ئیمتیازى به‌رپرس و وه‌زیرو په‌رله‌مانتاران، به‌جۆرێک دادپه‌روه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى تێدا فه‌راهه‌م بێت). به‌شێک له‌م به‌ڵێنه‌ له‌نێو یاساى چاکسازیدا جێبه‌جێکراوه‌. (2) چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانى بیرۆکراتى و پله‌به‌ندیى له‌نێوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌کاندا، به‌جۆرێک که‌شێکى دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ناو نه‌خۆشخانه‌کان له‌نێوان پزیشک و به‌رپرس، پزیشک و کارمه‌ند، کادیرى ته‌ندروستى و نه‌خۆشدا بێته‌ ئاراوه‌). به‌شێک له‌م به‌ڵێنه‌ له‌نێو یاساى ماف و ئه‌رکى نه‌خۆش جێبه‌جێکراوه‌. چواره‌م: لیستى ژماره‌ (134)ى نه‌وه‌ى نوێ. نه‌وه‌ى نوێ (50) به‌ڵێنى به‌ده‌نگده‌رانى خۆی داوه‌، وه‌کو سه‌رجه‌م لیسته‌کانى تریش، به‌شێکى زۆرى به‌ڵێنه‌کانى جووڵانه‌وه‌ى نه‌وى نوێ، جگه‌ له‌وه‌ى به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى نین، به‌رنامه‌و کارى رۆژانه‌و ئاسایى حکومه‌تن، یا پرۆگرامى حکومه‌تن و ده‌بێت حکومه‌ت جێبه‌جێیان بکات، هه‌ندێک له‌م به‌ڵێنانه‌ به‌حکومه‌تیش جێبه‌جێ ناکرێن، نه‌وه‌کو په‌رله‌مان. له‌کاتێکدا جووڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێ خۆى به‌ئۆپۆزسیۆن ده‌زانێت و به‌شداریش نییه‌ له‌حکومه‌ت تاوه‌کو ئیشیان له‌سه‌ر بکات، بۆ نموونه‌: ــ ره‌خساندنى  (150) هه‌زار هه‌لى کارى نوێ. ــ دروستکردنى (100) هەزار یه‌که‌ى نیشته‌جێبوون. ــ دروستکردنى (20) به‌نداو له‌هه‌رێمى کوردستان. ــ دروستکردنى (20) نه‌خۆشخانه‌ى (200) قه‌ڕه‌وێڵه‌یى. ــ دروستکردنى سێ پاڵاوگه‌ى نوێ له‌هه‌رێمى کوردستان. ــ دامه‌زراندنى سێ بانکى ئه‌هلى گه‌وره‌ له‌هه‌رێمى کوردستان. ــ به‌رزکردنه‌وه‌ى تواناى به‌رهه‌مهێنانى چیمه‌نتۆ بۆ (10) ئه‌وه‌نده‌. ئه‌م خاڵانه‌مان ته‌نیا وه‌کو نموونه‌یه‌ک له‌نێو به‌ڵێنه‌کانى لیستى نه‌وه‌ى نوێ ده‌رهێناوه‌، ئه‌گینا به‌ڵێنى له‌م شێوه‌یه‌ى زۆرى تێدایه‌ پەیوه‌ندییان به‌کارى په‌رله‌مانییه‌وه‌ نییه‌. به‌گشتى لیستى نه‌وه‌ى نوێ له‌ماوه‌ى ساڵى رابردووى کاره‌کانى په‌رله‌مانى کوردستاندا، هیچ یه‌کێک له‌م (50) به‌ڵێنه‌ى جێبه‌جێ نه‌کردووه‌ که‌ به‌ده‌نگده‌رانى خۆى داوه‌. پێنجه‌م: لیستى ژماره‌ (194)ى کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان. کۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌رنامه‌ى هه‌ڵبژاردنى خۆى دابه‌شکردۆته‌ سه‌ر (7) ته‌وه‌ر، هه‌ر ته‌وه‌رێک کۆمه‌ڵێک به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردن له‌خۆده‌گرێت و به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌ دابه‌شکراوه‌: سیاسى (9) به‌ڵێن، یاسایى (7) به‌ڵێن، ئابوورى و خۆشگوزه‌رانى (13) به‌ڵێن، ئایینى (7) به‌ڵێن، په‌روه‌رده‌و فێرکردن (11) به‌ڵێن، کۆمه‌ڵایه‌تى (11) به‌ڵێن، شه‌فافییه‌ت و دادگه‌رى (11) به‌ڵێن. وه‌کو سه‌رجه‌م لیسته‌کانى تریش، به‌شێک له‌به‌ڵێنه‌کانى کۆمه‌ڵى ئیسلامى، جگه‌ له‌وه‌ى به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى نین، به‌رنامه‌و کارى رۆژانه‌و ئاسایى حکومه‌تن، یا پرۆگرامى حکومه‌تن و ده‌بێت حکومه‌ت جێبه‌جێیان بکات، یا ته‌نانه‌ت به‌حکومه‌تی هه‌رێمى کوردستانیش جێبه‌جێ ناکرێن، نه‌وه‌کو په‌رله‌مان، له‌کاتێکدا کۆمه‌ڵى ئیسلامى خۆى به‌ئۆپۆزسیۆن داده‌نێت و به‌شداریش نییه‌ له‌حکومه‌ت، بۆ نموونه‌: - رێگریکردن له‌تاڵانفرۆشى نه‌وتى خاوو به‌رهه‌مه‌کانى و ده‌رهێنانى له‌ده‌ستى که‌س و حزب. - په‌ره‌پێدان و پاراستنى به‌ها باڵاکانى کۆمه‌ڵگه‌، له‌ڕێگه‌ى دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کانى وه‌کو خێزان، میدیا، مزگه‌وت، قوتابخانه‌و ڕێکخراوو یانه‌کانه‌وه‌، هه‌روه‌ها گرنگیدان به‌و هۆکارو شێوازانه‌ى ده‌توانن ڕۆڵى گه‌وره‌ ببینن له‌چه‌سپاندن و په‌ره‌پێدانى ئاکارو ڕه‌وشتى ئیسلامى. - کردنه‌وه‌ى شوێنى تایبه‌ت به‌نوێژکردن له‌فه‌رمانگه‌و شوێنه‌ گشتییه‌کان. ئه‌م سێ خاڵه‌مان ته‌نیا وه‌کو نموونه‌یه‌ک له‌نێو به‌ڵێنه‌کانى لیستى کۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌رهێناوه‌، ئه‌گینا به‌ڵێنى له‌م شێوه‌یه‌ى زۆرى تێدایه‌، نموونه‌یه‌کى بچووکن له‌باره‌ى گشتگیرى به‌ڵێنه‌کان و ئه‌سته‌مى جێبه‌جێکردنیان له‌نێو هۆڵى په‌رله‌ماندا، چونکه‌ پێوه‌ندییان به‌کارى په‌رله‌مانییه‌وه‌ نییه‌. به‌شێکى زۆرى به‌ڵێنه‌کانى لیستى کۆمه‌ڵ، به‌شێکن له‌کارنامه‌ى حکومه‌ت، نه‌وه‌کو په‌رله‌مان. به‌گشتى کۆمه‌ڵى ئیسلامیى (69) به‌ڵێنى به‌ده‌نگده‌رانى خۆی داوه‌، له‌ماوه‌ى یه‌ک ساڵى ڕابردووى کاره‌کانى په‌رله‌مانى کوردستاندا ته‌نیا (2) به‌ڵێنى خۆى جێبه‌جێ کردووه‌: (1) کردنه‌وه‌ى شوێنى تایبه‌ت به‌چاره‌سه‌رى ئالووده‌بووان به‌ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان و سه‌رله‌نوێ گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ ناو کۆمه‌ڵگه‌). که‌ به‌ژماره‌ (10) له‌نێو به‌ڵێنه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا هاتووه‌. (2) نیوه‌ى ئه‌م به‌ڵێنه‌یان جێبه‌جێکراوه‌ (به‌رکارکردنى یاساى خانه‌نشینى یه‌کگرتووى عێراق و به‌رزکردنه‌وه‌ى که‌مترین مووچه‌ى خانه‌نشینى و که‌مکردنه‌وه‌ى مووچه‌ى پله‌ باڵاکان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خانه‌نشینى نایاسایى سه‌ربازیى و مه‌ده‌نى) که‌ به‌ژماره‌ (8) له‌نێو به‌ڵێنه‌کانى تایبه‌ت به‌شه‌فافییه‌ت و دادگه‌ریدا ئاماژه‌ى بۆ کراوه‌. لیستى کۆمه‌ڵ نه‌یتوانیوه‌ نیوه‌ى یه‌که‌مى ئه‌م به‌ڵێنه‌ جێبه‌جێ بکات، به‌ڵام نیوه‌ى دووه‌مى له‌نێو یاساى چاکسازیدا چه‌سپێنراوه‌. شه‌شه‌م: لیستى ژماره‌ (119)ى یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان. یه‌کگرتووى ئیسلامى به‌رنامه‌ى هه‌ڵبژاردنى خۆى دابه‌شکردۆته‌ سه‌ر (11) ته‌وه‌رو (127) به‌ڵێنى به‌ده‌نگده‌رانى داوه‌. هه‌ر ته‌وه‌رێک کۆمه‌ڵێک به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردن له‌خۆ ده‌گرێت، به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌ دابه‌شکراوه‌: حوکمڕانى ره‌شید (7) به‌ڵێن، دژایه‌تیکردنى گه‌نده‌ڵى (6) به‌ڵێن، پێگه‌ى هه‌رێمى کوردستان (9) به‌ڵێن، گه‌شه‌پێدانى ئابوورى (37) به‌ڵێن، خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌کان (19) به‌ڵێن، ئاسایش و ئاشتى کۆمه‌ڵایه‌تى (8) به‌ڵێن، رۆشنبیرى و هونه‌رو وه‌رزش (9) به‌ڵێن، چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى (9) به‌ڵێن، رۆڵ و پێگه‌ى ئافره‌تان (5) به‌ڵێن، رۆڵ و پێگه‌ى گه‌نجان (8) به‌ڵێن، پاراستنى ژینگه‌ (5) به‌ڵێن. به‌شێک له‌به‌ڵێنه‌کانى یه‌کگرتووى ئیسلامیش هه‌روه‌کو حزبه‌کانى تر جگه‌ له‌وه‌ى به‌ڵێنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى نین، به‌رنامه‌و کارى رۆژانه‌و ئاسایى حکومه‌تن، یا پرۆگرامى حکومه‌تن و ده‌بێت حکومه‌ت جێبه‌جێیان بکات، یا ته‌نانه‌ت به‌حکومه‌تی هه‌رێمى کوردستانیش جێبه‌جێ ناکرێن، نه‌وه‌کو په‌رله‌مان، بۆ نموونه‌: -دامه‌زراندنى په‌یوه‌ندییه‌کى هاوسه‌نگ له‌نێوان گه‌لى کوردستان و گه‌لانى دراوسێ و ناوچه‌که‌، بۆ به‌دیهێنانى ئاشتى و سه‌قامگیرى سیاسى نێوانمان و دۆزینه‌وه‌ى فۆڕمى نوێى پێکه‌وه‌ ژیان له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزو به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش. -چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ى که‌رکوک و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان و گێڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان له‌چوارچێوه‌ى جێبه‌جێکردنى ماده‌ى (140)ى ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عێراقدا. -دروستکردنى ژماره‌یه‌ک به‌نداوى گه‌وره‌و بچووک. -گه‌یاندنى گازى سروشتى به‌ماڵان و شوێنه‌ گشتییه‌کان. -دروستکردنى یاریگاو کۆمه‌ڵگه‌ى وه‌رزشى.  ئه‌م پێنج خاڵه‌مان ته‌نیا وه‌کو نموونه‌یه‌ک له‌نێو به‌ڵێنه‌کانى لیستى یه‌کگرتووى ئیسلامی ده‌رهێناوه‌، ئه‌گینا به‌ڵێنى له‌م شێوه‌یه‌ى زۆرى تێدایه‌، ئه‌مانه‌ نموونه‌یه‌کى بچووکن له‌باره‌ى گشتگیرى به‌ڵێنه‌کان و ئه‌سته‌مى جێبه‌جێکردنیان له‌نێو هۆڵى په‌رله‌ماندا، چونکه‌ پێوه‌ندییان به‌کارى په‌رله‌مانییه‌وه‌ نییه‌. به‌شێکى زۆرى به‌ڵێنه‌کانى لیستى یه‌کگرتوو، به‌شێکن له‌کارنامه‌ى حکومه‌ت، نه‌وه‌کو په‌رله‌مان، له‌کاتێکدا یه‌کگرتوو خۆى به‌ئۆپۆزسیۆن ده‌زانێت و به‌شدار نییه‌ له‌حکومه‌ت و ناتوانێت جێبه‌جێیان بکات. به‌شێک له‌به‌ڵێنه‌کانیش، به‌ڵێنى په‌رله‌مانین و ده‌کرێت له‌په‌رله‌ماندا کاریان له‌سه‌ر بکرێت و جێبه‌جێ بکرێن، ئێمه‌ش چاودێرى راده‌و رێژه‌ى جێبه‌جێکردنیان ده‌که‌ین.     لیستى یه‌کگرتووى ئیسلامى که‌ (127) به‌ڵێنى به‌ده‌نگده‌رانى خۆی داوه‌، له‌ماوه‌ى ساڵى رابردووى کاره‌کانى په‌رله‌مانى کوردستاندا، ته‌نیا یه‌ک  به‌ڵێنی جێبه‌جێ  کردووه‌ که‌بریتى بوو له‌: (1)            پێداچوونه‌وه‌ به‌سیسته‌می مووچه‌ به‌جۆرێک دادپه‌روه‌ری ده‌سته‌به‌ربکات له‌نێوان مووچه‌ى پله‌ باڵاکان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ئاسایی). ئه‌م به‌ڵێنه‌ له‌ناو یاساى چاکسازیدا جێبه‌جێکراوه‌.  

ھاوڵاتی، شاناز حه‌سه‌ن   سازان جەمال عەبدوڵڕەحمان، کارمەندی تەندروستی لەشاری سلێمانی، ھەفتەی رابردوو گیانی لەدەستدا دوای دووەمجار توشبوونی بەکۆرۆنا. سازان لەدایکبووی ساڵی 1973 بوو، پێشتر دووچاری نەخۆشی شیرپەنجە بوو، بەڵام چاکبووەوە، لەجاری یەکەمیشیدا لەھاوینی ئەمساڵ بەکۆرۆنا دیسانەوە چاکبووەوە، بەڵام ھەفتەی رابردوو دوای توشبوونی بۆ جاری دووەم بە نەخۆشی کۆرۆنا رۆژی 14ی ئەم مانگە کۆچی دوایی کرد. پزیشکێکى پسپۆر هۆشدارى ده‌دات ده‌کرێت دواى دوو مانگ له‌چاکبوونه‌وه‌ى توشبوویه‌کى کۆرۆنا دووباره‌ تووشى ڤایرۆسه‌که‌ ببێته‌وه‌و ده‌ڵێت» رۆژانه‌ شتى نوێى له‌سه‌ر  ڤایرۆسه‌که‌ ده‌رده‌که‌وێت و دژه‌ته‌نه‌کان تا دوومانگ به‌رگرییان به‌رامبه‌ر ڤایرۆسه‌که‌ ده‌مێنێت». زیاتر له‌حه‌وت مانگه‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستاندا بڵاوبۆته‌وه‌و تاوه‌کو ئێستا  (60) هه‌زارو (906) توشبووى کۆرۆنا ده‌ستنیشانکراون، (37) هه‌زارو (119) توشبوویان چاکبوونه‌ته‌وه‌و دوو هه‌زار و (129) توشبووش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌پێى ئامارێکى خه‌مڵێنراو له‌هه‌رێمدا تائێستا زیاتر له‌ (100) توشبوو دووباره‌ تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بوونه‌ته‌وه‌و (6) که‌سیان مردوون، که‌یه‌کێکیان پزیشکه‌که‌ى دهۆک و ئه‌وه‌ى دیکه‌یان کارمه‌ندى ته‌ندروستى بووه‌ له‌سلێمانى. تائێستا له‌هه‌رێمى کوردستاندا زیاتر له‌دوو هه‌زارو (500) پزیشک و کارمه‌ندى ته‌ندروستى تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون و  (50) توشبوویان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و له‌و ژماره‌یه‌ دوو که‌سیان دووه‌م جار کۆرۆنایان گرتووه‌و گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. یه‌کێک له‌و توشبووانه‌ کارمه‌ندێکى ته‌ندروستى سلێمانیه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ى هه‌ناوى، دواى ئه‌وه‌ى دووجار تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوو، گیانى سپارد. دکتۆر ژیار به‌ختیار، پزیشکى نیشتەجێی خولاو له‌نه‌خۆشخانه‌ى شار له‌پارێزگاى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «به‌داخه‌وه‌ توشبوومان هه‌یه‌ که‌دواى چاکبوونه‌وه‌ى دووباره‌ تووشى ڤایرۆسه‌که‌ ده‌بنه‌وه‌ به‌دوو هۆکار یه‌کێکیان ئه‌و که‌سانەن کە له‌شى دژه‌ته‌نى په‌یدا نه‌کردووه‌ یان زۆر که‌مى په‌یدا کردووه‌ به‌رامبه‌ر ڤایرۆسه‌که‌و دووه‌میش ئه‌و توشبووانەن که‌ ڤایرۆسه‌که‌ کاریگه‌رى له‌سه‌ر سییه‌کانى کردووه‌و دووباره‌ که‌ به‌رکه‌وته‌ ده‌بێته‌وه‌ تووشى ڤایرۆسه‌که‌ ده‌بێت». له‌باره‌ى توشبوون و مردنى کارمه‌نده‌که‌ى ته‌ندروستییه‌وه‌ ئه‌م پسپۆڕه‌ وتى «ئه‌و کارمه‌نده‌ به‌رکه‌وته‌ى رۆژانه‌ى له‌گه‌ڵ توشبووان هه‌بوو، که‌ یەکه‌م جار توشبووه‌ به‌توندى گرتوویه‌تى و ئه‌و په‌ڵانه‌ى له‌ سییه‌کاندا دروستى کردووه‌ نه‌ڕۆیشتووه‌ که‌ جارێکى دیکه‌ گرتوویه‌تیه‌وه‌، سییه‌کانى لەکارخستووە، واته‌ سییه‌کانى زه‌ره‌رى ته‌واوه‌تى پێگه‌یاندووه‌و له‌گه‌ڵیدا خوێن خه‌ست ده‌کاته‌وه‌و بۆته‌ هۆى مردنى». ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ «ئه‌و که‌سانه‌ى دووباره‌ تووشى کۆرۆنا ده‌بنه‌وه‌و ده‌مرن، هۆکاره‌که‌ى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و په‌ڵانه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ له‌جه‌سته‌ى توشبووه‌که‌دا له‌جارى یه‌که‌مدا به‌جێى هێشتووه‌، ده‌مێننه‌وه‌و ده‌بنه‌ هۆى زیان به‌ سییه‌کان و جه‌ڵده‌ى سییه‌کان یان جه‌ڵته‌ى دڵ یاخود جه‌ڵته‌ى مێشک له‌که‌سه‌که‌ ده‌دات و ده‌بێته‌ هۆى مردنى». دکتۆر ژیار جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ «مه‌رج نیه‌ هه‌موو ئه‌و توشبووانه‌ى بۆ جارى دووه‌م تووشى کۆرۆنا ده‌بن، به‌جه‌ڵده‌ى دڵ بمرن، چونکه‌ هه‌یانه‌ به‌ سییه‌کان ده‌مرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى نه‌خۆشییه‌کى دیکه‌یان هه‌یه‌و ده‌رمانى په‌ستانى خوێن و شه‌کره‌و نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌کانى دیکه‌ به‌کارده‌هێنن زیاتر به‌جه‌ڵده‌ى دڵ ده‌مرن».  کاتێک که‌سێک تووشى کۆرۆنا ده‌بێت زیان به‌ سییه‌کانى ده‌گات و خوێنى خه‌ست ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێک توشبوو هه‌یه‌ زیان به‌ سییه‌کانیان ده‌گات، ئاسایى له‌و کاتانه‌دا تا (28) رۆژ نه‌خۆشه‌که‌ ده‌مێنێته‌وه‌ دواتر ده‌مرێت. یاخود که‌سه‌که‌ به‌خێرایى له‌ماوه‌یه‌کى که‌مدا خوێنى خه‌ست ده‌بێته‌وه‌و ده‌مرێت. دکتۆر ژیار، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد «ھەفتەی پێشوو له‌به‌ریتانیا یه‌که‌م حاڵه‌ت له‌جیهاندا تۆمارکرا که‌ به‌هۆى کۆرۆناوه‌ توشبووه‌که‌ تواناى بیستنى له‌ده‌ستداوه‌ واته‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌که‌ نوێیه‌و ره‌نگه‌ زۆر نیشانه‌و کاریگه‌رى دیکه‌ى هه‌بێت که‌ تائێستا درکى پێنه‌کراوه‌و نه‌گوازراوه‌ته‌وه‌. ئه‌م پسپۆڕه‌ هۆشدارى ده‌دات که‌ له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى دۆخه‌که‌ له‌مه‌ترسیدایه‌و وتى «ئێستا رۆژانه‌ وا هه‌ژمارده‌کرێت، هه‌موو کاتژمێرێک یه‌ک که‌س به‌کۆرۆنا گیان له‌ده‌ستده‌دات». له‌سه‌ره‌تاى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆناوه‌ به‌و پێیه‌ى ڤایرۆسێکى نوێیه‌و پسپۆران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن زۆر شتى له‌سه‌ر نازانرێت، وا ده‌رکه‌وت ئه‌و که‌سه‌ى تووشى ڤایرۆسه‌که‌ ده‌بێت دژه‌ته‌نێک له‌له‌شدا دروستده‌کات وه‌ک به‌رگرى بۆ  ڤایرۆسه‌که‌، به‌ڵام له‌ئێستادا له‌جیهاندا ژماره‌یه‌کى که‌مى توشبووان دووباره‌ تووشده‌بنه‌وه‌ و هه‌ندێکیان گیانله‌ده‌ستده‌ده‌ن. ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «کۆرۆنا ڤایرۆسێکى تازه‌یه‌و زۆر شێوازو نیشانه‌ى هه‌یه‌و له‌هه‌ر که‌سه‌دا به‌شێوازێک ده‌رده‌که‌وێت، بۆیه‌ دووباره‌ توشبوونه‌وه‌ش ئه‌گه‌رێکه‌و له‌ئێستادا به‌حاڵه‌ت هه‌یه‌«. وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم وتیشى «به‌ڵام ئه‌وه‌ ستاندار نیه‌ هه‌موو توشبووى کۆرۆنا دووجار تووش ببێت یاخود که‌توشبوو بێت و چاکبێته‌وه‌ ته‌واو هه‌رگیز ئه‌و ڤایرۆسه‌ نه‌گرێته‌وه‌، به‌ڵکو شێوازى هه‌موو ڤایرۆسه‌کان ئاوایه‌ دووباره‌ که‌سه‌که‌ تووش ده‌بێته‌وه‌«. ئاسۆ حه‌وێزى، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ «ڤایرۆسه‌که‌ نوێیه‌و پێویسته‌ چاوه‌ڕێى هه‌موو ئه‌گه‌رێک بکرێت و هاووڵاتیان به‌چاکبووان و ئه‌وانه‌ش که‌توشبوو نین خۆیان بپارێزن». عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «ئه‌و کارمه‌نده‌ به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌رده‌وام به‌رکه‌وته‌ى هه‌بوو له‌گه‌ڵ توشبووه‌کاندا دواى ئه‌وه‌ى جارى یه‌که‌م چاکببوه‌وه‌و گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر کاره‌که‌ى دووباره‌ تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بووه‌وه‌ و گیانى سپارد». له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى زیاتر له‌ (900) پزیشک و کارمه‌ند تووشى کۆرۆنا بوون. جێگرى ته‌ندروستى سلێمانى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ «کارمه‌ندێکى ماندوو نه‌ناس بوو که‌ بۆ دووه‌م جار توندتر تووشى ڤایرۆسه‌که‌ بوو و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى پێشتر نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ى هه‌بوو، به‌ڵام به‌ کۆرۆناکه‌ گیانى سپارد».