‌هاوڵاتى تیرۆری رەش کۆماری ئیسلامی ئێران رەش دەکات دوای ئاشکرابوونی پەرەسەندنی چالاکیی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران نزیکەی (10) زانای بواری فیزیاو ئەتۆم لەو وڵاتە کوژراون کەدوایین نموونەیان کوشتنی موحسین فەخری زادە بوو کە بەپێشکەوتووترین پلانی تیرۆر لەجیهاندا لەقەڵەمدەدرێت و دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی بەگەورەترین گورز دژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەژمار دەکرێت چونکە بەپێی ئەو زانیارییانەی کەمیدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە بەچەکی ئۆتۆماتیک و لەڕێگەی مانگی دەستکردووە ئەو زانایە کوژراوەو زنجیرەی ئەم کوشتنانە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەتیرۆری رەش ناوی دەهێنرێت و بەرپرسانی وڵاتەکە راستەوخۆ ئەمەریکاو ئیسرائیل و بەریتانیا تۆمەتباردەکەن و ئەو سێ وڵاتە بەسێ گۆشەی رەش ناوزەد دەکەن. کوشتنی فەخری زادە بەتیرۆری کەسی پێنجەمی باڵادەستی نێو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەمدەدرێت کە بەباوکی موشەکی و ئەتۆمیی ئێران دەناسرێت، بۆیە ئەم رووداوە بەگورزێکی کوشندەی دیکە دژی کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرێت کەپێشبینی دەکرێت کاردانەوەی توندی لێبکەوێتەوە. دەستپێکردنی کوشتنی زانایانی ئەتۆمیی تەلەفیزیۆنی ئێن بی سی (NBC) ئەمەریکا ئاشکرای کردووە لەساڵی (2007) چوار زانای ئەتۆمیی لەلایەن رێکخراوی موجاهیدنی خەلقی ئێران کە نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێرانن، کوژراون و ئەمە دەستپێکی ئەو زنجیرە تیرۆرانەیە کە دژی زانایانی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکردووە و لەساڵی (2010) تا (2012) شەش زانای ئەتۆمیی ئێران کراونەتە ئامانج و تەنها یەک کەسیان رزگاری بووەو کۆماری ئیسلامی ئێران دانی بەوەداناوە کە لەو دوو ساڵەدا پێنج زانای بواری ئەتۆمیی کوژراوەو تیرۆر کراون. ئەو تەلەفیزۆنەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردووە کوشتنی موحسین فەخری زادە کە رۆژی هەینی (27/11/202) لەشارۆچکەی ئابسەرد لەتاران روویدا درێژکراوەی ئەو زنجیرە بەئامانجگرتنانەیە کە بووەتەهۆی کوشتنی زانایانی ئەتۆمیی ئێران. سێگۆشەی رەش ئیلی کوهن، وەزیری هەواڵگریی ئیسرائیل لەلێدوانێکیدا رۆژی هەینی و حەوت رۆژ دوای کوشتنی فەخری زاد رایگەیاند: بەهۆی کوشتنی موحسین فەخری زادە، خەویان لەچاوی زاناکانی دیکەی ئێران زڕاندووەو مەرگ چاوەڕوانی ئەو کەسانە دەکات کە دەبنەهۆی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و ناوچەکە و جیهان. ئەم لێدوانەی کوهن بەگرتنە ئەستۆی کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی ئێران بەتایبەت فەخری زادە لەقەڵەمدەدرێت، بەڵام هیچ کاتێک ئیسرائیل بەوشێوەیە بەئاشکرا کوشتنی هیچ زاناو پسپۆڕێکی ئەتۆمیی ئێرانی لەئەستۆ نەگرتووەو ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کەکۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ بەڵگە بانگەشەی ئەوەی نەکردووە کە (ئەمەریکا، ئیسرائیل، بەریتانیا) راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەستیان لەکوشتنی زاناکانیدا هەیەو بەسێگۆشەی رەش ناوی هێناون. دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) رایگەیاندووە؛ ئەو چەکە ئۆتۆماتیکەی کە لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە موحسین فەخریی پێ تیرۆرکراوە لەلایەن ئەمەریکاوە دروستدەکرێت و هەر ئەمەش ئاماژەیە کە ئەمەریکا هاوشێوەی رابردوو دەستی لەو تیرۆرەدا هەیە. بەڵگەی ئێران بۆ تۆمەتبارکردنی بەریتانیا لەتیرۆری زانا ئەتۆمییەکانی ئەوەیە، کە لەڕابردوودا چەند هاووڵاتییەکی بەڕەگەزنامە بەریتانیی بەتۆمەتی سیخوڕی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی دەستگیرکردووە و دانیان بەوەدا ناوە کەدەستیان هەبووە لەکوشتنی زانا ئەتۆمییەکاندا، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کردووە ئەو دانپێدانانە لەژێر فشاردا بووەو دووربون لەڕاستییەوە. ئیسرائیل ئەزموونێک لەتیرۆری ئەتۆمیی ئیسرائیل بڕوای وایە ئەگەر کۆماری ئیسلامی  ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی، دەبێتە گەورەترین هەڕەشە بۆسەر وڵاتەکەی، لەو چوارچێوەیەدا دەستی لەهیچ هەوڵێک بۆ راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەپاراستووەو بەئاشکرا رایگەیاندووە هەر کەسێک ببێتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتەکەی، دەیکاتە ئامانج، بۆیە هەمان رێگەی لەدژی زانا ئەتۆمییەکانی عێراق لەسەردەمی سەددام حسێن-دا گرتەبەرو ژمارەیەک زانای ئەتۆمیی عێراق بەدەستی سیخوڕەکانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە فەڕەنساو چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئەوروپا تیرۆر کران. مۆساد مێژوویەکی دورودرێژی لەکوشتنی زانایانی بواری ئەتۆمیی و موشەکیی وڵاتانی (ئەڵمانیا، میسر، عێراق، ئێران) هەیەو گۆڤاری (ئەتلانتیک) لەساڵی (2012)دا راپۆرتێکی سەبارەت بەکوشتنی ژمارەیەک لەزاناکانی ئەو وڵاتانە بەدەستی مۆساد بڵاوکردووەتەوەو نووسیویەتی لەساڵی (1963) لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دامۆکلس (Operation Damocles) وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەهەوڵەکانی میسر بۆ پەرەپێدانی بواری موشەکیی، زانایەکی ئەڵمانیی بەناوی ئەتتو سکۆرتسێنی لەو وڵاتە لەڕێگەی پۆستکردنی پاکەتێکی بۆمبیی کوشت و دواتریش بەهەمان شێوە چەند پاکەتێکی پۆستیی بۆ ژمارەیەک زانای موشەکیی میسر رەوانە کردو پێنج زانای میسری کوشت. مۆساد لەساڵی (1979) دوای ئەوەی عێراق گەشەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێدەکات، هەوڵەکانی بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە دەخاتەگەڕو لەساڵی (1980) یەحیا ئەلمەشەد، زانای ئەتۆمیی و بەڕێوەبەری گەشەی بەرنامەی ئەتۆمیی عێراق لەهوتێلێک لەڕێگەی ژنێک لەبەرگی خزمەتکاری هوتێلەکەدا دەکوژێت کەدەوترێت ئەو ژنە، تسیبی لیڤنی بووە کە ئەوکات کاراکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ بەئامانجگرتنی زانا ئەتۆمییەکانی عەرەب و بەتایبەت عێراق، لیڤنی لەساڵی (2006) تا (2009) وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بوو. ئەگەرچی مۆساد بەکوشتنی یەحیا ئەلمەشەد گورزێکی کاریگەری لەعێراق دابوو، بەڵام دەستبەرداری کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی عێراق نەبوو لەڕێگەی تەقینەوە لەکۆمپانیایەک لەوڵاتی ئیتاڵیا ژمارەیەک زانای دیکەی عێراقی کوشت و دواتر دوو زانای دیکەی ئەو وڵاتەی ژەهراوی کردو گیانیان لەدەستدا. ئەم هەوڵانەی مۆساد سەلمێنەری ئەوەیە کەئیسرائیل توانایەکی تایبەتی هەیە بۆ لەناوبردن و بەئامانجگرتنی ئەو کەسانەی بەجۆرێک لەجۆرەکان دەبنە مەترسیی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی و لەو چوارچێوەیەشدا سڵ لەکوشتنی کەس ناکاتەوە ئەگەر ئەڵمانی و یان ئێرانی بێت، بۆیە کوشتنی موحسین فەخری زادە کەبەڕێوەبەری گەشەپێدانی بەرنامەی موشەکیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە بەئامانجێکی گرنگی مۆساد هەژمار کراوە. فەخری زادەی سوپای پاسداران موحسین فەخری زادە لەدایکبووی ساڵی (1957) لەپارێزگای ئەسفەهان لە ئێران بووە و هەندێک میدیاو راگەیاندنی وڵاتەکەی زیاتر پێگە زانستییەکەی بڵاودەکەنەوە، لەکاتێکدا یەکێک بووە لەفەرماندە سەرەکییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەڕێوەبەری گەشەپێدانی بەرنامەی موشەکیی ئەو سوپایە بووە لەوڵاتەکەی کە رەنگە هەر ئەمەش وایکردبێت ئیسرائیل بیری لەکوشتنی کردبێتەوە . گۆڤاری (فۆڕن پۆڵسی) بڵاویکردووەتەوە فەخری زادە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بووە لەبواری ئەندازیاری ئەتۆمی و بەپێنجەم کەسی بەهێزی ئێران لەقەڵەمدەدرێت و ناوی لەلیستی ئەو بەرپرسانەی ئێراندا بووە کەساڵی (2007) لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکانەوە سزایان بەسەردا سەپاوەو گەشتی دەرەوەیان لەژێر چاودێریدا بووە، ئەو بەمەبەستی گەشەپێدانی بەرنامەی موشەکی و ئەتۆمیی وڵاتەکەی هاوڕێ لەگەڵ حەسەن تارانی مۆقەدەم یەکێک لەفەرماندەکانی سوپای پاسداران لەشەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، سەردانی کۆریای باکور دەکەن و لەنزیکەوە سێیەم تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە لەنزیکەوە دەبینن و چاودێریی ئەو تاقیکردنەوە ئەتۆمییە دەکەن. فەخری زادە جگە لەوەی دەیان ناوەندی زانستیی تایبەت بەفیزیاو بایۆلۆژیی لەزانکۆکانی ئێران دامەزراندووە، لەساڵی (2011) ناوەندی پەرەپێدان و تووێژینەوەی بەرگریی (سپند)ی لەوەزارەتی بەرگریی و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزراند کەئەرکی ئەو ناوەندە پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکیی و سەربازیی وڵاتەکەیەتی. دوو مانگ پێش تیرۆرکردنی فەخری زادە، (ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگریی ئێران) کە سەر بەڕێکخراوی موجاهیدنی خەلقی ئێرانە ئاشکرای کرد: دوو دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران لەباشوری تاران و شاری ئابادە لەپارێزگای فارس-ی ئەو وڵاتە بەسەرپەرشتیی موحسین فەخری زادەو ناوەندی (سپند) چەکی ئەتۆمیی تێدا تاقیدەکرێتەوە. ساڵی (2010) رۆژنامەی گاردیەن-ی بەریتانی نووسی: گومان دەکرێت فەخری زادە بەرپرسی سەرەکیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بێت و ساڵی (2012) رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ-ی ئەمەریکا فەخری زادەی بەمامۆستای بۆمبی ئەتۆمیی ئێران لەقەڵەمداو ساڵی (2014) رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەوی بە ئۆپنهایمەر(Julius Robert Oppenheimer)ی ئێران ناوبرد، چونکە ئۆپنهایمەر یەکەم زانای بەرهەمهێنی بۆمبی ئەتۆمیی ئەمەریکایە لەسەردەمی دووەم جەنگی جیهانی، سەرەڕای هەموو ئەمانە زۆربەی بەرپرسانی ئێران لەکاتی کوژرانی فەخری زادەدا هەوڵیاندا ئەو وەک مامۆستایەکی زانکۆو زانایەکی بایۆلۆژی لەقەڵەم بدەن، بەڵام عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەپرسەنامەیەکدا دانی بەوەدا نا کەئەو پسپۆڕی بواری ئەتۆمیی وڵاتەکەی بووە. بیانوی ئێران بۆ کشانەوە لەڕێککەوتنی ئەتۆمیی دوای کوشتنی فەخری زادە، پەرلەمانی ئێران جارێکی دیکە پرۆژەو پلانی کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان وڵاتەکەی و وڵاتانی (5+1) هێنایەوە ناو دانیشتنەکانیەوەو دوای چەند رۆژ تاووتوێکردن، پلانەکە بە دوو خاڵی سەرەکی و بەپەلە وەک یاسا پەسندکرا کە لەماوەی یەک مانگدا حکومەت ناچاردەکات پیتاندنی یۆرانیۆم لە (120) کیلۆگرامەوە بۆ نزیکەی هەزارو (500) کیلۆ بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی دەبێت رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لە (300) کیلۆ کەمتر بێت، هەر ئەمەش ناکۆکیی لەنێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دروست کردووە، چونکە محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاندوە بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بووە بە یاساو حکوت ناچارە جێبەجێی بکات و ئەمە دەبێتە هەنگاوێک بۆ بەردەوامبوونی رێگەو رێبازی موحسین فەخری زادە، لەبەرامبەردا حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە سەرجەم ئەندامانی تیمی حکومەت دژی بەرزکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراون لەوڵاتەکەیان و ئەم کارە دەبێتەهۆی ئەوەی نەتوانن دانوستان و گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی بەتایبەت لەگەڵ ئەمەریکا بکەن، هاوکات ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری رایگەیاندووە نابێت پەرلەمان بەهیچ بیانوویەکەوە دەستوەردان لەپرسی ئەتۆمیی وڵاتەکەدا بکات، چونکە بەپێی دەستوری ئێران ئەو پرسە لەژێر بڕیارو فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکەو ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێراندایە. لەلایەکی دیکەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە ئەو یاسایەی پەرلەمان هاوشێوەی کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەڕێککەوتنی ئەتۆمی دەبێتەهۆی پەراوێزکەوتنی وڵاتەکەمان. کوشتنی فەخری زاد لەئێران بووەتە مایەی پەرەسندنی ململانێکانی نێوان حکومەت و پەرلەمان و هاوکات ناکۆکیی بەرپرسانی بۆ تۆڵەسەندەوە زەق کردووەتەوە. ئێران بەدوای گۆڕەپانی تۆڵەوەیە ئەگەرچی باڵیۆزو نوێنەری هەمیشەیی ئێران لەنەتەوەیەکگرتووەکان لەنامەیەکدا بۆ بەڕێوبەری نووسینگەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەڤیەننا داوای کردووە تیرۆری موحسین فەخری زادە، زانا ئەتۆمییەکەی ئێران، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئیدانە بکرێت و کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت سکاڵای یاسایی لەدژی ئیسرائیل تۆمار بکات، بەڵام زۆرینەی بەرپرسانی سەربازیی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران پەیامی توند بڵاودەکەنەوەو راستەوخۆ هەڕەشە لەئیسرائیل دەکەن. عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی سەبارەت بەکوژرانی موحسین فەخری زادە، لەپەیامێکدا وتی: پیرۆزبایی شەهیدبوون لەو زانایە دەکەم چونکە ئەمە پاداشتی خودایە بۆ ئەوو هاوکات سەرەخۆشی لەهەموو کەسوکارو خەڵکی ئێران دەکەم بۆ لەدەستدانی زانایەکی پایەبەرز، دەبێت بە زووترین کات هەموو رێگایەک بگیرێتەبەر بۆ دۆزینەوەو تۆڵەسەندنەوە لەهۆکارو بکەرانی ئەو تاوانەو پێویستیشە رێگەی زانست و پیشەیی ئەو زانایە بەردەوام بێت. عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای نیشتیمانی ئێران دوای کوشتنی فەخری زادە رایگەیاند: پێشتر گومانمان هەبووە کەئیسرائیل هەوڵی کوشتنی ئەو زانا ئەتۆمییە دەدات، چونکە لە رابردوشدا هەوڵی تیرۆکردنی دراوە بەڵام هەوڵەکە پووچەڵکرایەوە، بۆیە کارەکە پێشبینیکراو بوو ئێران وەڵامی گونجاوی دەبێت. رۆژنامەی (کەیهان) کە سەر بەتوندڕەوکانی باڵی محافزکارو بەزمانحاڵی سوپای پاسداران لەقەڵەمدەدرێت، دوای کوشتنی فەخری زادە، بەناونیشانی (کاتی ئەوە هاتووە هێرش بکەینەسەر بەندەری حەیفا) نووسیویەتی: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر چەندجارێک وتوویانە ئەگەر ئیسرائیل هەڵەبکات هێرش دەکەینەسەر حەیفا لەو وڵاتە، بۆیە لەئێستادا کە ئاماژەکانی تیرۆرکردنی موحسین فەخری زادە، زانای بواری ئەتۆمیی و بەرگریی ئێران دەریدەخەن تەلئەبیب دەستی لەو تیرۆرەدا هەبووە، کاتی ئەوەیە کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشی موشەکیی بکاتەسەر حەیفا لەئیسرائیل. کەیهان جەختی لەوە کردووەتەوە وەڵامدانەوەی تیرۆری فەخری زادە نابێت هاوشێوەی موشەکبارانەکەی ئێران بۆسەر بنکەی (عەین ئەسەد)ی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق بێت کەزیانێکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە، بەڵکو دەبێت بەندەری حەیفا لەئیسرائیل بەتەواوەتی لەناوبچێت بۆ ئەوەی هێرش و تیرۆرەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی پێبێت و رابگیرێن. عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران لەوتارێکدا بۆ رۆژنامەی (ئێران) نووسیویەتی تیرۆری قاسم سولەیمانی و موحسین فەخری زادەو تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمیی وڵاتەکەمان لە (10) ساڵی رابردوودا ئەنجامی ئەو سەرکەوتن و شانازییەیە کە لەبواری زانست و سیاسەت و ستراتیژیدا بەدەستمان هێناوەو ئامانج لەتیرۆری کوێرو زیرەکانە، تێکدانی ئاسایشی دەروونیی کۆمەڵگە و بێهیواکردنی خەڵک و سەرلێشواندنی ستراتیژیی ئێرانە، بەڵام مێژوی (40) ساڵی رابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران پیشانیداوە ئەو تیرۆرانە ئەنجامی پێچەوانەی هەبووەو هاوکات کۆماری ئیسلامی بەو ئەزموونەی کە هەیەتی، کات و شوێنی جوگرافیایی وەڵامدانەوەو تۆڵەکردنەوە بەوردیی لێکدەداتەوەو ناکەوێتە داوی ئەو پیلانەی دوژمنان بەتایبەت ئەمەریکا و ئیسرائیل کەدەیانەوێت ئێران دەستبەجێ و لەناوچەکەدا یان لەو گۆڕەپانەی ئەوان دەستنیشانیان کردووە کاردانەوەی هەبێت، ئەو تیرۆرە بێ وەڵام نابێت، بەڵام لەگۆڕەپان و کاتێکدا کەئێران بۆ یارییەکە دیاریی دەکات.

‌هاوڵاتى سەدەها خۆپیشاندەر ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە رژانە سەرشەقامەکان لەخۆپیشاندانێکى پڕ لەگرژییدا وەکو بەشێک لەو ناڕەزایەتیانەی کە شارو شارۆچکەکانی پارێزگای سلێمانیان گرتۆتەوە دژ بەدواکەوتنن مووچە. دانیشتوانی پیرەمەگروون یادەوەری (11) ساڵ لەمەوبەریان بیرھێنایەوە کاتێک دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاری رژانە سەر شەقام، پیرەمەگروون نەیھێشت خۆپیشاندان دامرکێتەوە. یەکێتی دەڵێت تەقەیان لە خۆپیشاندەران نەکردووە، بەڵام پارتی دەڵێت بەناڕاستەوخۆ فیشەکی گڕداریان تەقاندووە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی نزیک لەبارەگاکەیان. ھەردوو حزبەکەش دەڵێن لەنێو خۆپیشاندەرانەوە تەقە کراوە. خۆپیشاندانەکە لەکاتێکدا ھات کەچەند رۆژێک بوو خۆپیشاندانە دوو رۆژیەکەی ھەفتەی رابردووی سلێمانی بەرەو کپبوونەوە دەڕۆیشت بەھۆی دەستگیرکردنی چەندین مامۆستای خۆپیشاندەر کە لەھەڵسوڕاوانی گردبوونەوە جەماوەریەکەی چوارشەممەو پێنجشەمەی ھەفتەی رابردوو بوون. خۆپیشاندەرانی پیرەمەگروون بارەگای یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان لەشارەکە سوتاند، ئەوەش یادی خۆپیشاندانێکی (11) ساڵ لەمەوبەری وەبیرھێنایەوە کە شارۆچکەکە رۆژێک لەپەشێوى و فەرتەنەی بەسەربرد کەدەیەها بریندارو سووتانى ئۆتۆمبێلى پۆلیسى لێکەوتەوە. ئەو رۆژە گەورەترین توندوتیژى شەقام بوو لەھەرێمی کورددستان لەپاش سووتانی مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە لە 2006  لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە. تەنھا گەنجان نەبوون کە بەشداری خۆپیشاندانەکەی دوێنێی پیرەمەگروونیان کرد، بەڵکو خەڵکانی بەتەمەنیش بەشداربوون. یەکێک لەوانە کەپیاوێکی بەساڵاچووی خانەنشین بوو، وتی (40) ملیۆن دینار پارەی پاشەکەوتی لای حکومەتەو پارەی حەوت مانگی ئەمساڵیشی وەرنەگرتووە بۆیە ھاتۆتە سەر شەقام. جەزا سەید مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند هەندێک کەس لەناو خۆپشاندەرەکان ئاراستەی خۆپیشاندانیان گۆڕیوەو چوونەتە سەر کۆمیتەی یەکێتی لەپیرەمەگروون. بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوونەتەوە، خۆپێشاندەران هێرشیان کردووەتەسەر بارەگای پارتیش لەشارۆچکەکە، بەڵام بە تەقە وەڵامدراونەتەوە.  پێگەى فەرمى یەکێتى بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لەهاووڵاتیانی ناحیەی پیرەمەگروون چونە سەر بارەگای کۆمیتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەبێ ئەوەی هیچ گرژییەک لەنێوان پاسەوانانی کۆمیتەکەو خۆپیشاندەراندا رووبدات، خۆپیشاندەران بارەگای کۆمیتەی یەکێتییان سووتاند.  ئاماژەى بەوەشکردووە «دوای سووتاندنی بارەگای کۆمیتەی یەکێتی، خۆپیشاندەران چوونە سەر ناوچەی پارتی، بەڵام لەلایەن پاسەوانانی ناوچەی پارتییەوە بەچەک وەڵامدرانەوەو تەقەیان لێکرا». شایەتحاڵەکان وتیان پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان پارێزگاری لەناوچەی پارتی دەکەن و هەوڵی دوورخستنەوەی خۆپیشاندەران دەدەن.  بەڵام بەرپرسى لیژنەى ناوچەى پیرەمەگروونى پارتى رایگەیاند، زیاتر لەسێ کاتژمێرە تەقەیان لێدەکرێت، لەلایەن خەڵکێکى زۆرەوە کە لەبەردەم بارەگاکەیان کۆبوونەتەوە. شێروان عەبدوڵڵا، بەرپرسی ناوچەی پارتی لەپیرەمەگروون وتی «هەڤاڵانمان لەگەڵ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لەسەر هێڵن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، بەڵام کەمتەرخەمییەکی زۆریان پێوە دەبیندرێت... نزیکەی سێ کاژمێرە هێرشمان لەسەرەو تاوەکو ئێستا نەهاتوون بەهانامانەوە». ھەندێک لەشایەتحاڵەکان وتیان لەناو بارەگای پارتییەوە تەقە کراوە، بەڵام شێروان عەبدوڵڵا، وتی « تەقەی راستەوخۆمان لەخۆپێشاندەران نەکردووە، ئەگەری هەیە هەندێک تەڵقەی ئاسمانی بەهەواداو بەئاسماندا کرابێت.. ئەوەش تەنیا کاتەکەی درێژکردووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکان». بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆیەک کە بڵاوبووەتەوە دەنگی تەقە لەشارۆچکەکە دەبیستران و گولەی گڕدار دەچوون بەئاسماندا، پۆلیس دەڵێت ئەفسەرێکی ھێزەکانی ناوخۆ لەگرژیەکەدا بریندار بووە. جەزا سەید مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان راگەیاند «لەناو خۆپێشاندەرانی پیرەمەگروون تەقە کراوە، پشێوی نراوەتەوە و ئاراستەی خۆپێشاندانەکانیان گۆڕیوە». پێشتر وابڵاوکرایەوە کە خۆپێشاندەران هێرشیان کردبووە سەر مەکۆی گۆڕانیش لەپیرەمەگروون، بەڵام عەزیز محەممەدئەمین، لێپرسراوی بازنەی پیرەمەگروونی گۆڕان وتی هیچ بارەگایەکیان لە پیرەمەگروون نییە، زیاتر لە پێنج مانگە مەکۆکەیان چۆڵکردووە. هاوکات شایەتحاڵەکان لەشارەدێی پیرەمەگروون باس لەوەدەکەن، کە لەوکاتەی خۆپیشاندەران چوونە سەر ناوچەی پارتی، لەبارەگاکەوە تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا کرا بۆ رێگری لێکردنیان، بەڵام هەر بارەگاکەی پارتی بەشێکی سووتێنرا. شێروان عه‌بدوڵڵا ، به‌رپرسی ناوچه‌ی پارتی له‌پیره‌مه‌گروون رایگەیاند، هیچ هێزێکی ئەمنی بەرگری لەناوچەی پارتی لەپیرەمەگروون ناکات. لای خۆشیەوە، کادیرێکی کۆمیتەی یەکێتی لەپیرەمەگروون باس لەوەدەکات، خۆپیشاندەران چوونەتە سەر کۆمیتەی یەکێتی و ئێمەش هیچ کاردانەوەیەکمان نەبوو بەرامبەریان و داوایان لەپاسەوانەکان کرد، کە بارەگاکە چۆڵ بکەن و هیچ تەقەیەک نەکەن، خۆمان دوورخستەوەو کۆمیتەکەمان سووتێنراو خۆپیشاندان لەلای ئێمە کۆتایی پێهات. وتیشی “زیانەکان لەئەنجامی سووتاندنی کۆمیتە بەنزیکەی (40) ملیۆن دینار مەزەندە دەکرێت و ئێمە هیچ کاردانەوەیەکمان بەرامبەر خۆپیشاندەران نەبوو، سوپاس بۆ خوا یەک قەترە خوێن لەلووتی کەس نەهات”. ئەمە یەکەمجار نیە دانیشتوانی پیرەمەگروون خۆپیشاندان دەکەن، لەکۆتایی مانگی 12ی ساڵی 2017دا دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بارەگای سەرجەم حزبەکانیان لەشارۆچکەکە سووتاند. ھەروەھا لەساڵی 2009 بۆ یەکەم جار خۆپیشاندان لەپیرەمەگروون روویدا کەتێیدا دانیشتوانەکەی داوای خزمەتگوزاریی باشتریان بۆ شارۆچکەکەیان کرد، بەڵام توندوتیژی لێکەوتەوە. هۆکارى خێرا کەوتنەوەى توندوتیژییەکانی خۆپیشاندانەکەی (11) ساڵ لەبەوبەر بەهۆى دەرکەوتنى سەرۆکى شارەوانى ئاوات تۆفیق بوو کەشەوێک پێشتر لەسەر شاشەیەکى تیڤییەوەو خەڵکى شارۆچەکەکەى بە «کوێر» ناوزەند کردبوو وتبووی «پێشکەوتنەکان نابینن». لەساڵی 2009 دانیشتوانى شارۆچکەکە تووڕەبوون لەسەرۆکى شارەوانیەکەیان ئاوات تۆفیق کە لەلایەن یەکێتیەوە دانرابوو، فەرمانبەرانی شارۆچکەکە ئەوکات مووچەی مانگانەیان لەکاتی خۆیدا وەردەگرت، بەڵام دەیانوت شارۆچکەکەیان لەڕووی خزمەتگوزارییەوە پشتگوێ خراوە، زۆربەى خەڵکەکەى باسیان لەنەبوونى کارەبا و سیستەمى ئاوەڕۆو ئاویان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ کەمتر باسی ئەو شتانەیە، بەڵکو زیاتر باسی مووچەیان دەکرد. (11 ) ساڵ لەمەوبەر پیرەمەگروونیەکان هەڵیانکوتایە سەر بارەگاى سەرۆکى شارەوانى و هەستان بەشکاندنى پەنجەرەکانى بەبەردو شێواندنى باخچەکەى بەردەمى. خۆپیشاندەران پەرتەوازەبوون پاش ئەوەى لەیەکێک لەسەربانەکەکانى بنکەیەکى نزیکى یەکێتیەوە چەکدارەکان دەستیانکرد بەتەقەکردن بەسەریاندا، بەڵام ئەمساڵ یەکیتی دەڵێت تەقەی نەکردووە، بەڵام پارتی نایشارێتەوە تەقەی ناڕاستەوخۆی کردووە. جەزا سەید مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان راگەیاند هاووڵاتیان و مووچەخۆران لەشارۆچکەی پیرەمەگروون خۆپیشاندانیان کردووەو ئەوانیش بەپاسەوانانی بارەگاکانیان وتووە «بەهیچ جۆرێک نابێت ئازار بەهیچ کەسێک بگات و نابێت کەس تەقە بکات». دانیشتوانی شارۆچکەکە زیاتر لە (30) ھەزار کەس دەبن، سەدان کەس لەکەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لەو شارۆچکەیەدا دەژین. پیرەمەگرون لەساڵى 1988 دروستکراوە وەک کامپێکى ئاوارە بۆ ئەو خەڵکەى کە لەلایەن سەدامەوە راگوێزراون وەک بەشێک لەهەڵمەتى ئەنفالى دژ بەکورد.

شاناز حه‌سه‌ن مامۆستایه‌کى ناڕازیى و چالاکوانى مه‌ده‌نى ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات کارده‌که‌ن بۆ خۆپیشاندانى سه‌رتاسه‌رى و پلانى ورد داده‌ڕێژن بۆ خه‌باتى مه‌ده‌نى له‌هه‌رێمى کوردستان. ماوه‌ى چەند رۆژێکە خۆپیشاندانی هاووڵاتیان و فەرمانبەران و مامۆستایانى ناڕازیى بەڕێوەدەچێت، لەدوو رۆژی خۆپیشاندانی سەرەتادا لەسلێمانی گرژیی تێکەوت، دواتر ژمارەیەک مامۆستای سەرپەڕسیتاری خۆپیشاندانەکە دەستگیرکران و دوای دوو رۆژ ئازادکران. مامۆستایان دەڵێن دەستگیرکردنەکان نایانوەستێنێت و بەردەوام دەبن لەخۆپیشاندان، دەشڵێن خۆپیشاندانەکە تەنها دەربڕینی پەیامی ناڕەزایەتی بووە بەڵکو کاردەکەن بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری. عوسمان گوڵپى، چالاکوانى مه‌ده‌نى له‌پارێزگاى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت « ئه‌و دوو رۆژه‌ ته‌نیا ده‌ربڕینى ناڕه‌زایى بووه‌، به‌ڵام بۆ داهاتوو کار بۆ خۆپیشاندانى سه‌رتاسه‌رى ده‌که‌ین که‌پێویستى به‌پلانه‌، له‌مه‌ودوا به‌پلان کارده‌که‌ین پلانێکى تۆکمه‌ترو فراوانتر داده‌نێین». هەروەها وتی «خۆپیشاندانه‌کانى رۆژانی رابردوو ده‌نگى ناڕه‌زایى موچه‌خۆران و هه‌موو خه‌ڵکى کوردستان بوو، نه‌ک ته‌نیا چین و تووێژێک، کێشه‌کان هى هه‌موومان و قه‌یرانه‌کان بۆ هه‌موو خه‌ڵکه‌، بۆیه‌ پێکه‌وه‌ ناڕه‌زاییه‌کان ده‌رده‌بڕین و هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌رکردنى ده‌ده‌ین». عوسمان گوڵپى، داوای لەهاووڵاتیان و خۆپیشاندەران کرد کەبێهیوا نەبن و وتی «بێهیوا بوون به‌قازانجى ده‌سه‌ڵاته‌و پێویسته‌ پێمان وابێت ته‌نیا چاره‌سه‌ر خه‌باتى مه‌ده‌نییه‌، بۆیه‌ هیچ شتێک نابێت ساردمان بکاته‌وه‌و دواجار هه‌ر خه‌باتى مه‌ده‌نى پێویسته‌ سه‌ربکه‌وێت و ببێته‌ رزگارکه‌رى ئه‌م میلله‌ته‌«. ئه‌نجومه‌نى ناڕازى مامۆستایان (5) ساڵه‌ دامه‌زراوه‌و تائێستا زیاتر له‌ (60) جار خۆپیشاندانیان کردووه‌و هیچ کات موڵه‌تیان بۆ خۆپیشاندانه‌کان وه‌رنه‌گرتووه‌.‏ پێشنیوه‌ڕۆى پێنجشه‌ممه‌ 3-12-2020 خۆپیشاندان له‌سه‌راى سلێمانى ده‌ستیپێکرد، دواتر هێزێکى ئه‌منى زۆر له‌سه‌راى سلێمانى بۆ کۆنترۆڵى خۆپیشاندانه‌کان بڵاوه‌یان پێکراو گازى فرمێسکڕێژ به‌کارهێنراو زیاتر له‌ (43) مامۆستاو موچه‌خۆر ده‌ستگیرکران. ئه‌نجومه‌نى مامۆستایانى ناڕازیى هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختیان له‌وه‌ کرده‌وه‌، به‌رده‌وام ده‌بن له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌تیه‌کان تا به‌ڵێنى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ وه‌رده‌گرن. مامۆستا عادل حه‌سه‌ن، مامۆستاى ناڕازیى له‌پارێزگاى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «هه‌فته‌ى داهاتوو ئه‌نجومه‌ن کۆده‌بێته‌وه‌و هه‌ڵوێستى خۆمان له‌سه‌ر هه‌موو رووداوه‌کان و کارى داهاتوومان راده‌گه‌یه‌نین». ئه‌م مامۆستایه‌ خۆى یه‌کێک بووه‌ له‌و گیراوانه‌ى که‌ له‌به‌رده‌رکى سه‌راى سلێمانى گیراوه‌و وتى «ئه‌و (43) که‌سه‌ى که‌ گیرابووین، (30) که‌سیان مامۆستا بوون، بۆیه‌ زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى له‌خۆپیشاندانه‌کاندان مامۆستان و دواى ئه‌وانیش موچه‌خۆرو خه‌ڵکى گشتین». هه‌روه‌ها وتیشى «خۆپیشاندانه‌کان به‌کارتى فشار ده‌زانین بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، چونکه‌ حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات وایان له‌خه‌ڵکى نێوده‌وڵه‌تى و جیهانى گه‌یاندووه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ى بۆ خه‌ڵکیان خوڵقاندووه‌، پێیان وایه‌و ده‌ڵێن خه‌ڵک رازییه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ کارتێکى فشاره‌ بۆ ئه‌و درۆیه‌ى ده‌سه‌ڵاتداران که‌دەڵێن خه‌ڵک رازییه‌، به‌ڵکو خه‌ڵک زۆر ناڕازییه‌«. وتیشى «جاران سه‌رکوتکردن ته‌نیا له‌ده‌ڤه‌رى زه‌رد هه‌بوو، ئێستا گوازراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڤه‌رى سه‌وز، بۆیه‌ ئێستا هیچ جۆره‌ جیاوازییه‌ک له‌نێوان پارتى و یه‌کێتى و ده‌ڤه‌رى سه‌وز و زه‌رد نیه‌، هه‌موویان به‌یه‌ک جۆر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئازادى راده‌ربڕین ده‌که‌ن». زیاتر وتی «یه‌کێتى نه‌یتوانى له‌پارتى جیاواز بێت و کرده‌وه‌کانى پارتى دووباره‌ کرده‌وه‌، بۆیه‌ پارتى نه‌بوایه‌ خه‌ڵک به‌گشتى ده‌هاته‌ سه‌ر شه‌قام». سه‌باره‌ت به‌به‌شداریکردنى خه‌ڵک و موچه‌خۆران له‌خۆپیشاندانه‌کاندا وتى «پارتى و یه‌کێتى و هێزه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و دوو حزبه‌، دۆخێکى نائومێدییان خوڵقاندووه‌، خیانه‌ت و درۆیان له‌گه‌ڵ ئومێدى خه‌ڵک کردووه‌، ئومێدى خه‌ڵکیان خسته‌ خزمه‌تى گه‌نده‌ڵییه‌کانى ده‌سه‌ڵات، بۆیه‌ ئومێد زۆر که‌مبووه‌ به‌خۆپیشاندان و به‌هه‌موو هه‌وڵه‌کان». ئه‌م ئه‌ندامەى ئه‌نجومه‌نى مامۆستایان، وتیشی «ئێمه‌ شەش ساڵه‌ مۆڵه‌تمان وه‌رنه‌گرتووه‌ بۆ هیچ خۆپیشاندانێک، بۆیه‌ زوڵمه‌ به‌و درۆیانه‌ خۆپپیشانده‌رو ده‌نگى ناڕه‌زایى کپ بکه‌ن». بەپێی یاسای خۆپیشاندانەکان کە پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کرد، دەبێت پێش خۆپیشاندان مۆڵەت وەربگیرێت، بەڵام مامۆستایان پابەند نابن بەمۆڵەتەوە. عادل حه‌سه‌ن وتی «به‌ به‌رپرسه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر کوردستان ئه‌منه‌ و ئاسایشه‌، بۆچى (62) هه‌زار پۆلیسى پاسه‌وانمان هه‌یه‌؟ بۆیه‌ پێویسته‌ خۆیان وه‌ڵامى ئه‌وه‌ بده‌نه‌وه‌و کار بۆ ئه‌منیه‌تى هه‌رێم بکه‌ن». دوابەدوای خۆپیشاندانەکانی سلێمانی، خۆپیشاندان لەچەند شارو شارۆچکەیەکی تر بەڕێوەچوو، شەوی رابردووش بارەگای یەکێتی لەپیرەمەگروون سووتێنرا. شه‌ممه‌ 5ى کانونى یه‌که‌مى 2020، له‌شارى رانیه‌ش خۆپیشاندانى هاووڵاتیان و موچه‌خۆران ده‌ستیپێکردوو داوایان له‌حکومه‌تى هه‌رێم کرد دۆخى ژیان و گوزه‌رانى هاووڵاتیان باش بکات و موچه‌ له‌کاتى خۆیدا بدات و چیتر له‌وه‌ زیاتر دوانه‌خرێت. فه‌تاح عه‌بدولکه‌ریم، هاووڵاتیه‌کى موچه‌خۆرى شارى رانیه‌یه‌و جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ بارودۆخیان زۆر خراپه‌و خه‌ڵک گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ى ته‌نیا خۆپیشاندان و خه‌بات دژى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌توانێت ببێته‌ فشارێکى به‌هێز له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم. فه‌تاح عه‌بدولکه‌ریم، ته‌مه‌ن (43) ساڵه‌ و خێزانداره‌، فه‌رمانبه‌ره‌ له‌یه‌کێک له‌فه‌رمانگه‌کان و ته‌نیا بژێویى له‌سه‌ر موچه‌که‌یه‌تى، وتى»ئه‌مه‌ ژیان نیه‌، چاوبه‌ره‌و ژێرى لاى ماڵ و منداڵیان کردووین». ئه‌م پیاوه‌ یه‌کێک بوو له‌خۆپیشانده‌ران، خاوه‌نى (5) منداڵە، ته‌نیا بژێوی له‌سه‌ر موچه‌که‌یه‌تی، وتی «بۆیه‌ ئه‌وه‌ زوڵمه‌ نه‌توانم مانگى جارێک موچه‌که‌م وه‌ربگرم و ماڵ و منداڵەکه‌مى پێ بژیه‌نم». فه‌تاح عه‌بدولکه‌ریم، ئه‌وه‌شى باسکرد که‌زۆربه‌ى خه‌ڵکى رانیه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌کاندان و وتى «له‌ئێستاوه‌ کارده‌که‌ین بۆ خۆپیشاندانى سه‌رتاسه‌رى و گه‌یاندنى ناڕه‌زاییه‌کانى خه‌ڵک به‌حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات». لەبەرامبەردا دوێنێ لیژنەی باڵای ئەمنی رایگەیاند هیزه ئەمنیەکان دەستکراوه کراون «بەشێوازیکی یاسایی» بەئەرکی خویان هەڵبسن. لە راگەیانراوێکی لیژنەی باڵای ئەمنیدا هاتووە: ‎١-لەئەنجامی خۆپیشاندانە بێ مۆڵەتەکەی ئەمڕۆی شارۆچکەی پیرەمەگرون پشێوی و توندووتیژی لێکەوتەوە، بەداخەوە لەناو خۆپیشاندەرەکانەوە تەقە بەئاڕاستەی هێزەکانی پۆلیسی چالاکییە مەدەنیەکان کراو لەئەنجامدا ئەفسەرێک بەپلەی نەقیب بەفیشەک بریندارکراو لەمەرگ گەڕایەوە. ‎٢- لێرەوە داوا لەهەموو لایەک دەکەین هێمنی و ئارامی بپارێزن، چونکە نەریتی سوتاندنی بارەگا حزبییەکان و دامودەزگاکانی حکومەت مافەڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک دەستەبەرناکات . ‎٣-هێزە ئەمنییەکان بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن ئارامی و جوڵەی کاسبی و ژیانی خەڵک تێکبدرێت و پاراستنی دامودەزگا حکومییەکان و بارەگا حزبیەکان لەئەرکه فەرمیەکانی هێزه ئەمنیەکانه و بۆ ئەم مەبەسته دەستکراوه کراون بەشیوازێکی یاسایی بەئەرکی خویان هەڵبستن.

    ئارا ئیبراهیم   حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق گه‌یشتونه‌ته‌ لێکتێگه‌شتنێک بۆ رێککه‌وتن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ بودجه‌ى 2021 و بڕیاره‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌و له‌سه‌دا 50% داهاته‌ فیدراڵییه‌کان بدرێته‌ به‌غدا و له‌به‌رانبه‌ردا نزیکه‌ى تریلۆنێک دینارى مانگانه‌ ره‌وانه‌ بکرێت. پڕۆژه‌ بودجه‌ى 2021ى عێراق بڕه‌که‌ى 153 تریاۆن دیناره‌و 45 تریلۆن کورتهێنانى هه‌یه‌ که‌ ده‌کاته‌ له‌سه‌دا 30%ى کۆى گشتى بودجه‌که‌ و نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاو به‌ 42 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێک جێگیر ده‌کرێت. هه‌فته‌ى رابردوو وه‌فدێکى ته‌نکیکى حکومه‌تى هه‌رێم به‌سه‌رۆکایه‌تى ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى حکومه‌تى هه‌رێم سه‌ردانى عێراقیان کردو گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى و وه‌زیرى دارایى عێراقدا کردووه‌و گه‌یشتونه‌ته‌ لێکتێگه‌شتنێک له‌سه‌ر پڕۆژه‌ بودجه‌ى ساڵى داهاتوو که‌ له‌ دوو پێشنیار پێکهاتووه‌: 1.حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یه‌ رۆژانه‌ داهاتى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ى هه‌رێم له‌گه‌ڵ نیوه‌ى داهاتى ده‌روازه‌ سنورییه‌ فیدراڵییه‌کان ته‌سلیمى به‌غدا بکات، له‌به‌رانبه‌ردا حکومه‌تى هه‌رێم شایسته‌ داراییه‌کانى پێبگات و خۆى به‌رپرس ده‌بێت له‌پێدانى شایسته‌ داراییه‌کانى کۆمپانیاکانى نه‌وت که‌ له‌هه‌رێمى کوردستان کار ده‌که‌ن. 2.حکومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌یه‌ داهاتى 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ ته‌سلیمى به‌غدا بکات، به‌ڵام ده‌بێت عێراق شایسته‌ داراییه‌کانى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان بدات، هه‌روه‌ها نیوه‌ى داهاتى ده‌روازه‌ فیدراڵییه‌کان و له‌به‌رانبه‌ردا شایسته‌ داراییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم مانگانه‌ ره‌وانه‌ى هه‌ولێر بکرێت. ئه‌و ره‌شنووسه‌ى که‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداوه‌ له‌ دوو رۆژى رابردوودا په‌سه‌ندکراوه‌، هه‌مان ئه‌و رێککه‌وتنه‌یه‌ که‌ له‌ یاسایى بودجه‌ى 2019ى عێراقدا هاتووه‌، به‌ڵام هه‌ندێک ده‌ستکارى کراوه‌. وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم، کۆپییه‌کى راپۆرتى کۆمپانیاى ( دیلۆیت ) که‌ وردبینیکردن له‌ پرۆسه‌ى  نه‌وتى هه‌رێم دا ئه‌نجام ده‌دات، داوه‌ته‌ وه‌فدى حکومه‌تى عێراق، که‌ له‌ دوا راگه‌یاندنیدا ئاشکرایکرد که‌ به‌رهه‌مهێنانى رۆژانه‌ى نه‌وتى هه‌رێم 460 هه‌زار به‌رمیله‌، له‌و بڕه‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌ 430 هه‌زار به‌رمیلى ده‌فرۆشرێت، 30 هه‌زار به‌رمیلیشى بۆ به‌کارهێنانى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستانه‌. بڕیاره‌ ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ مسته‌فا کازمى له‌سه‌ر کۆى پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى عێراق له‌ به‌غدا کۆبێته‌وه‌، رۆژى سێ شه‌ممه‌ش ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق له‌سه‌ر دوا ده‌ستکارى پرۆژه‌ یاساکه‌ کۆده‌بێته‌وه‌و دواتر راده‌ستى په‌رله‌مان بکرێت. به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى ‌هاوڵاتى که‌ له‌دوو سه‌رچاوه‌ى ئاگادار تاکیدى کردووه‌ته‌وه‌، حکومه‌تى عێراق ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر پێشنیارى یه‌که‌م ده‌ربڕیووه‌ که‌ رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى پێبکات له‌گه‌ڵ له‌سه‌دا 50%ى داهاتى ده‌روازه‌ سنورییه‌کان. یه‌کێک له‌و سه‌رچاوانه‌ که‌ ئاگادارى کۆبونه‌وه‌ى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق بووه‌ به‌‌هاوڵاتى وت:» حکومه‌تى هه‌رێم نییه‌تى جدى هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق، ئه‌و دوو پێشنیاره‌ش تاوتوێکراوه‌ ئینجا دراوه‌ته‌ به‌رپرسانى عێراق». هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد:» هه‌نارده‌ى نه‌وت هه‌ر له‌رێگه‌ى بۆرى هه‌رێمى کوردستان ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌کرێت و راسته‌وخۆ داهاتى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ته‌سلیمى کۆمپانیاى سۆمۆى نیشتمانى عێراق ده‌کرێت له‌گه‌ڵ له‌سه‌دا 50 داهاتى ده‌روازه‌ سنورییه‌کان، حکومه‌تى عێراقیش له‌سه‌دا 12.67ى پشکى هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌کات که‌ نزیکه‌ى 12 تریلۆن دیناره‌ بۆ ماوه‌ى ساڵێک» که‌ پشکى پێشمه‌رگه‌شى تێدایه‌«. هاوکات، سه‌رچاوه‌که‌ى ‌هاوڵاتى، جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ له‌ کۆبونه‌وه‌ى وه‌فدى ته‌کنیکى هه‌رێم و سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌یدا و به‌شداربوانى کابینه‌ی نۆیه‌م به‌ (پارتى، یه‌کێتى، گۆڕان)ه‌وه‌، ئه‌م لێکتێگه‌شتنه‌یان به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌و ئه‌گه‌ر له‌ په‌رله‌مانى عێراق بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت، هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت به‌ته‌واوى رێککه‌وتنه‌که‌وه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق. سه‌رچاوه‌یه‌کى دیکه‌ى ئاگادار له‌ حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى بۆ ‌هاوڵاتى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ له‌ئێستادا رۆژانه‌ 460 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێندرێت و 430 هه‌زار به‌رمیل له‌رێگه‌ى بۆرى ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ ده‌کات و 30 هه‌زار به‌رمیل بۆ به‌کارهێنانى ناوخۆ دانراوه‌، وتیشى:» ئه‌و 430 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌یه‌ پشکى کۆمپانیاکانى نه‌وتى تێدایه‌و ته‌نها 265 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌مێنێته‌وه‌و حکومه‌تى عێراقیش ئاگاداره‌«. ده‌رباره‌ى ناردنى 320 ملیار دینارى مانگى 10 ئه‌مساڵ، ئه‌و به‌رپرسه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى ئاشکرا کرد تا ئێستا حکومه‌تى عێراق ره‌زامه‌ندى نه‌داوه‌ له‌سه‌ر ناردنى 320 ملیار دیناره‌که‌ بۆ هه‌رێم. ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت:»حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق رێکبکه‌ون و له‌بودجه‌دا جێگیر بکرێت و مانگانه‌ نزیکه‌ى تریلۆنێک دینار بۆ هه‌رێم ره‌وانه‌ بکرێت سه‌رجه‌م کێشه‌ داراییه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌بێت». شیروان میرزا ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت:» دوو پێشنیار دراوه‌ته‌ حکومه‌تى عێراق، حکومه‌تى هه‌رێم هه‌ر پێشنیارێکیان بێت به‌راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ بێت یان 450 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و به‌غدا خۆى ته‌حه‌مولى تێچووى کۆمپانیاکانى نه‌وت بکات باشترین رێگاه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنى دۆخى دارایى». ناوبراو وتیشى:»رێکه‌وتن بکرێت مانگانه‌ نزیکه‌ى تریلۆنێک دینار ره‌وانه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم دەکرێت له‌گه‌ڵ داهاته‌ ناوخۆییه‌کان که‌ بۆ هه‌رێم ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وکاته‌ ده‌گه‌رێینه‌وه‌ سه‌رده‌مى زێرینى حکومه‌تى هه‌رێم له‌رووى داراییه‌وه‌ که‌ کێشه‌ى موچه‌و وه‌به‌رهێنان و پڕۆژه‌کان به‌ته‌واوى چاره‌سه‌ر ده‌بێت واتا ده‌گه‌رێینه‌وه‌ ساڵى 2011 و 2012 له‌رووى داراییه‌وه‌«. ده‌رباره‌ى ئه‌رکى فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان تا دانوساندن له‌گه‌ڵ فراکسیۆنه‌ شیعى و سونییه‌کاندا بکه‌ن، شیروان میرزا وتى:» ده‌بێت جوڵه‌ى سیاسى له‌لایه‌ن حزبه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کان بکرێت له‌گه‌ڵیدا ئێمه‌ش گفتوگۆ له‌گه‌ڵ فراکسیۆن و ئه‌ندامانى شیعه‌و سونه‌ بکه‌ین تا له‌کاتى گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌ بودجه‌ى 2021 قه‌ناعه‌ت بکه‌ن و په‌سه‌ند بکرێت». « ئه‌رکى ئێمه‌یه‌ وه‌ک فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان دابنیشن له‌گه‌ڵ فراکسیۆنه‌کانى سونه‌و شیعه‌دا، به‌ڵام پێویسته‌ دڵنیایی وه‌ربگرین له‌ حکومه‌تى هه‌رێم که‌ پێوه‌ى پابه‌ند بێت تا متمانه‌ بگه‌رێته‌وه‌«. سه‌ره‌راى گفتوگۆى وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق بۆ گه‌یشتن به‌ رێککه‌وتن له‌سه‌ر پرۆژه‌ بودجه‌ى 2021ى ساڵى داهاتوو، به‌ڵام جوڵه‌ى سیاسى حزبه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى شیعه‌و سونه‌ ده‌چێته‌ خزمه‌تى په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌ بودجه‌ى عێراقه‌وه‌ که‌ مافه‌کانى کورد به‌پێى ده‌ستور فه‌راهه‌م بکرێت. شوان ته‌ها، به‌رپرسى لقى 5ى پارتى له‌ به‌غدا له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت:»کێشه‌کان له‌نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراقدایه‌، به‌ڵام ده‌توانین ته‌رجه‌مه‌ى بکه‌ین که‌ کێشه‌کان سیاسیین، په‌رله‌مانى عێراق بۆ خۆى کێشه‌یه‌ و پێویستمان به‌ لێکتێگه‌شتنى ته‌واو هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کاندا». به‌رپرسى لقى 5ى پارتى له‌ به‌غدا، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ عێراق به‌رده‌ر نییه‌ له‌هاوکێشه‌ ئیقلیمییه‌کان که‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێم و عێراق و ته‌نانه‌ت کێشه‌ى له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌کان و پارێزگاکانى عێراقیشدا تێکداوه‌، وتیشى:» سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ کوردییه‌کان به‌تایبه‌ت پارتى که‌ ئه‌و حه‌قه‌مان هه‌یه‌ وا بڵێن، زۆر جدین له‌ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و هه‌وڵده‌ده‌ین به‌ په‌یوه‌ندیکردنمان و گفتوگۆکانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى به‌غدا کێشه‌کانى نێوان حکومه‌تى عێراق و هه‌رێم چاره‌سه‌ر بکه‌ین».

‌هاوڵاتى دابەزینی ئاستی ئامێری پڕوپاگەندەی داعش کە رۆژێک لەڕۆژان زۆر پێشکەوتوو بوو، لەدەستدانی خاک و ئایدیۆلۆژیاکەی گروپەکە دەردەخات کە لەم چەندساڵەی دواییدا دووچاری هاتووە، ھەروەھا ھەزاران ئەکاونتی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییە ناسراوەکان داخراوەو پەنا بۆ تۆڕە کەمناسراوەکان دەبات. کەناڵە پڕوپاگەندەکانی رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) لە تەلەگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەم چەند مانگەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو خراپبوون، کە بڵاوکراوەکانیان تەنیا نووسین و جارجارەش وێنەو ڤیدیۆی بێکوالێتی لەخۆدەگرن. ئەم دۆخەی رەنگدانەوەی ئەو لەدەستدانانەیە کە گروپەکە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەئەفغانستان و بەشەکانی دیکەی جیهان دووچاری هاتووە. شکستی ناوچەیی داعش لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەئازاری 2019 گورزێکی کوشندەی لەناوەندی سەرەکیی پڕوپاگەندەی گروپەکە وەشاند، لەکاتێکدا ئەندامان و پڕوپاگەندەچییەکانی یان کوژران یان دەستگیرکران دوای داڕمانی بەناو «خەلافەتەکە». لەوکاتەوە، چەندین ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و هەواڵگری توانا تەکنیکییەکانی گروپەکەیان سنووردار کردووە و زۆربەی سەکۆ میدیاییەکانی، تەکنەلۆژیا، ڤیدیۆگرافەرەکان، تەکنیکارانی دەنگ و پڕوپاگەندەچییەکان و کارمەندەکانی دیکەشی لێدابڕیون. ماوەی دوای ژمارەیەک هێرشی گەورەی ئەمدواییە بەرەو خراپترچوونی ئۆپەراسیۆنە میدیاییەکانی گروپە تیرۆریستییەکەیان دەرخستووە. لەچەند ساڵی رابردوودا، میدیای داعش چەندین وێنەو ڤیدیۆی کوالێتی بەرزی تاوانەکانی، لەپێش ئەنجامدان و لەکاتی ئەنجامدان و دوای ئەنجامدانیانی بڵاودەکردەوە. بەڵام ئێستا، لەگەڵ کاڵوکرچ بوونی توانای میدیاکەی، وێنەی بێ کوالێتی بڵاودەکاتەوە، ئەوەش دەریدەخات گروپە تیرۆریستییەکە هیچ توانایەک و کەرەستەیەک یان کارمەندێکی نییە بۆ دۆکیومەنتکردنی هێرشەکان بەدرێژایی پرۆسەی ئەنجامدانیان. خراپبوونی ئاستی ئەو میدیایە لەسوریاو عێراق زۆر روونە، ئەو شوێنانەی گروپەکە رۆژێک لەڕۆژان زۆرترین ناوچەی لەژێردەستدا بوو. لەکاتێکدا چیتر ناتوانێت سەرکەوتنی سەربازیی پیشانبدات یان زوڕنا بۆ خەلافەتەکەی لێبدات، گروپەکە ئێستا بەزۆری پەیامی نووسراوی سادە بڵاودەکاتەوە کە زۆربەی کات لەئەستۆگرتنی ئەنجامدانی هێرشەکانی ناتوانرێت پشتڕاست بکرێنەوە. داعش لەهه‌موو جیهاندا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راودەنرێت لەوکاتەوەی داعش لەهەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان قەدەغەکراوە، گروپەکە توانای لەدەستداوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. شیکاروانانی هەواڵگری و رۆژنامەوانی دەڵێن رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) رووبەڕووی چەند بەربەستێکی بەرچاو بووەتەوە له‌هەوڵدانیدا بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی لەسەر ئینتەرنێت. هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان -- لەنێویاندا فەیسبووک، تویتەر، واتسئەپ، تەلەگرام -- که‌ناڵ و پەیجەکانی گروپەکەیان داخستووەو ناچاریانکردووە چەند تۆڕێکی نادیار بەکاربهێنێت بۆ برەودان بە چالاکی و ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. ئەمە زیاتر ده‌رکه‌وت کاتێک ئەکاونتێکی پەیوەندیدار بەئاژانسی هەواڵی ناشری داعشه‌وه‌ هێرشەکەی 29ی تشرینی دووەمی سه‌ر پردێکی لەندەن (له‌نده‌ن بریدج)ی لەئەستۆگرت لەڕێی بەرنامەیەکی پەیام گۆڕینەوەی روسییەوە بەناوی تامتام. دەستبەجێ دوای چەند رۆژێک لەهێرشەکە، بەهەزاران ئەکاونت و که‌ناڵی تەرخانکراو بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی داعش لەسەر تامتام دەرکەوتن. بەڵام بەگوێرەی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە 3ی کانوونی یەکەم، تامتام سەدان ئەکاونتی پەیوەندیدار بەداعشی سڕییەوەو بەشێوەیەکی کاریگەر گرووپەکەی لەمینبەرەکە دەرکرد. لەکارخستنی تۆڕی ئینتەرنێتی داعش رەعد کەعبی مامۆستای تووێژینه‌وه‌ رۆژنامەوانیەکان لەزانکۆی بەغدا، باس لەوەدەکات کەهەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی مینبەرە کەمناسراو یان ناجەماوەرییەکان «سەلمێنەری ئەوەیە کە چیتر ئازاد نیە بۆ بڵاوکردنەوەی هەرشتێک کەبیەوێت بەشێوەیەکی بەرفراوان لەسەر تۆڕە جەماوەرییەکان». کەعبی وتی «وادیارە هەوڵدەدات بەدوای دەرچەی دیجیتاڵی جێگرەوەدا بگەڕێت، چونکە گرنگترین شت بۆ گروپەکە ناردنی پەیامەکانێتی بۆ جیهانی دیجیتاڵی لەهەر رێگەیەکەوە بێت. زۆرێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرۆگرامی وایان داڕشتتووە کە خۆکارانە رێدەگرن لەو بابەت و ڤیدیۆیانەی بره‌و به‌داعش ده‌ده‌ن. لە 2017، تەلەگرام رایگەیاند زیاد لە 8 هەزارو (500) که‌ناڵی قەدەغەکردووە کەپروپاگەندەی تووندڕەوییان بڵاودەکردەوە، داعش گواستییه‌وه‌ بۆ تەلەگرام دوای ئەوەی لەتویتەرو فەیسبووک دەرکرایە دەرەوە. هه‌روه‌ها هەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی ئینستاگرام، کە لەلایەن فەیسبووکەوە خاوەندارێتی دەکرێت و لەگەڵ سناپچات و ھەروەھا تیک تۆک، کە لەلایەن کۆمپانیای چینی بایتدانسەوە خاوەندارێتی دەکرێن، لەلایەن بەکارهێنەران و کارمەندانی کۆمپانیاکان و فیلته‌ره‌کانی زیرەکی دەستکردەوە چاودێری دەکرێن. لەتشرینی دووەم، کارمەندێکی تیک تۆک بەئاژانسی فرانس پرێسی وت مینبەرەکە نزیکەی (10) ئەکاونتی داعشی سڕیوەتەوە له‌سه‌ر بڵاوکردنەوەی چەند ڤیدیۆیەک کە جەستەی مرۆڤیان نیشاندەدا بەنێو شەقامەکاندا رادەکێشران لەگەڵ چەکدارانی داعش بەچەکەوە. تیک تۆک، کە رێ بەبەکارهێنەرانی دەدات ڤیدیۆی کورت دروستبکەن و بڵاوبکەنەوە، بەتایبەتی لەنێو لاواندا باوە. پێشئەوەی داعش هێرشەکەی پردی لەندەن لە ئەستۆ بگرێت لەسەر تامتام، یۆرۆپۆل، دەزگای جێبەجێکردنی یاسای یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند بەشێوەیەکی کاریگەر تۆڕی سەر ئینتەرنێتی داعشی لەکارخستووەو نزیکەی (26) هەزار ماڵپەڕو ئەکاونتی ئینتەرنێتی داخستووە. هەڵمەتەکە ئەکاونتەکانی سەر تەلەگرامی داعشی له‌خۆگرت، وەک ئاژانسی هەواڵی «ناشر»، کە بابەته‌کانی «ئەعماق»ی بڵاودەکردەوە، که‌ باڵی پروپاگەندەی داعشه‌. سوپای ئەمریکاش ماوەیەکە کاردەکات بۆ لەکارخستنی هەوڵەکانی داعش بۆ پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێت بەئۆپەراسیۆنێکی هاککردن کەدەگەڕێتەوە بۆ 2016. پێشتر بەڵگەنامە تەواو نهێنیەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە 21ی کانونی دووەم بڵاوکرانەوەو رایانگەیاند که‌فەرماندەیی ئینتەرنێتی ئەمریکا «بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەسەر داعشدا زاڵبووە لەبواری زانیاری» و هەوڵەکانی سەر ئینتەرنێتی سنووردارکردووە بۆ تووندڕەوکردن و راکێشانی خەڵک. کەعبی وتی «لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بابەتی تووندڕەوانە لەسەر ئینتەرنێت سەرکەوتوو بووە»و وتیشی سەرکەوتنەکە «رێ لەتیرۆریستان دەگرێت دەرفەتی ئەوەیان هەبێت کاریگەری بخەنەسەر جەماوەرو مێشکیان ژەهراوی بکەن یان بیانتۆقێنن». رێگرتن لەپروپاگەندەی داعش فازل ئەبوڕەغیف پسپۆڕی عێراقی له‌بواری هەواڵگریدا، وتی «وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆو دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق توانیویانە رێگربن لەچالاکییە ئینتەرنێتیەکانی داعش و لەڕێی هەوڵێکی هاوبەشی چەند مانگییەوە قەدەغەیان بکەن». باسی لەوەکرد «ئەم هەوڵە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەند تۆڕو کەسێک کە تێوەگلابوون لەدروستکردن و بەڕێوەبردنی چەندین پەیج و ئەکاونت کەپشتیوانیی چالاکی و ئایدۆلۆژیای داعشیان دەکرد لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان». نزیکەی دوو ھەزار کەس لەتەواوی عێراقدا دەستگیرکراون و (22) مینبەری ئینتەرنێتی چالاکی گروپەکە داخراون. ئەبوڕەغیف وتی «بەدەستگیرکردنی پشتیوانانی داعش لەتەواوی جیهانداو داخستنی پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێتیان «سەختە بۆ داعش لەمڕۆدا ئەو مینبەرانە بەکاربهێنێت بۆ خزمەتکردن بەکارنامەکەی». وتیشی «هەوڵی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن که‌ رێده‌گرن لەمە.» بەڵام هۆشدارییدا لەوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای تووندڕەو «هێشتا هەڕەشەیە، سەرەڕای هەنگاوەکان بۆ رێگرتن لەوەی ئەمە بکەن». ھەروەھا وتی «بۆ ئەوەی ئەمە کەمبکرێتەوە دەبێت چاودێریی ئەلیکترۆنی چڕبکرێتەوە». دوای لەدەستدانی سەکردەو پارەکانی، میدیاش لەدەستدەدات داعش گەیشتووەتە کۆتایی خۆی دوای ئەوەی زۆرینەی سەرکردایەتی باڵای لەدەستدا، لەگەڵ سەرچاوەکانی پشتیوانی دارایی و تواناکانی شه‌ڕکردنی. ئیبراهیم سەراجی بەڕێوەبەری رێکخراوی بەرگری لەمافەکانی رۆژنامه‌وانان، وتی «هەوڵە بەردەوامەکانی گروپەکە بۆ دۆزینەوەی پێگەیەکی سەلامەت و بێ چاودێریی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تووشی شکست بوون و ناتوانن سەرکەوتوو بن بەهۆی ستراتیژە جیهانییەکانه‌وه‌ بۆ بەرگرتن بەو بابەتانەی لەسەر ئینتەرنێت پشتیوانی له‌تیرۆر دەکەن.» سەراجی وتی «سەرنجەکە بەردەوام لەسەر جوڵەو چالاکییەکانی داعشەو راستییەکەی ئەوەی پەنادەبەن بۆ مینبەری دیکه‌، مانای ئه‌وه‌ نییه‌ دەتوانن لەوە رزگاربن کەئاشکرا بکرێن و بەدوویان بکەون». جەختیکردەوە لەپێویستیی جێبەجێکردنی «یاسای نێودەوڵەتیی تووند» کە رێگربن لەوەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوەو برەودان به‌تووندڕەوی.

ھاوڵاتی   ئەو زانا ئەتۆمییەی ئێران کە تاهەینی رابردووش دەستخستنی وێنەیەکی سەخت بوو، بەشێوەیەکی ئاسان کوژرا، شێوازێک کە بووەهۆی تووڕەیی و قینی ئێرانییەکان سەبارەت بە دامودەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکە کەتەنها «هەڵەداوانیانە» بۆ سەرکەوتکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووسان. موحسین فەخریزادە، کەدەوترێت باوکی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی ئێران بوو، هەینی رابردوو ٢٧ی تشرینی دووەم، لەلایەن چەند کەسێکەوە کوژرا لەکاتێکدا بەڕێوەبوو بۆ ئەبسارد کە ناوچەیەکی گەشتیارییە لەدەرەوەی تارانی پایتەخت. هەر زوو دوای بڵاوبوونەوەی مردنەکەی، قینی خەڵکی ئێرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و تانەیان لەدامودەزگا ئەمنییەکاندا کە هەر خەریکی سەرکەوتکردنی خوێندکار، چالاکوان، رۆژنامەنووسان، هەروەها خۆپیشاندەرانن، بەڵام شکستیان خوارد لە «رێگەگرتن لەکوشتنی گەورەترین زانای ناوکی» وڵاتەکە. لەتویتێکدا گوڵناز ئەسفەندیاری، رۆژنامەنووسی ئێرانی، نووسیویەتی «بەرپرسانی ئێران بەدوای خوێندکاران و کەسانی ئەکادیمی و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤەوەن، بەڵام نەیانتوانی رێگری بکەن لەکوشتنی گەورەترین زانای ناوکی موحسین فەخریزادە، ئەمە ریسوابوونێکی گەورەیە لەئاسایشدا کە پرس و رەخنەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت». فەخریزادە، هەروەک قاسم سولەیمانی، یەکێک بوو لەو بەرپرسانەی ئێران کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە زۆرترین پارێزگاری لێدەکرا. لەسەرەتادا، میدیا ئێرانییەکان چەند وردەکارییەکی کەمی چۆنیەتی کوشتنی فەخریزادەیان خستەڕوو، بەڵام محەممەد مەجید، رۆژنامەنووسی ئێرانی لەزنجیرە تویتێکدا چەندین نهێنی ئاشکرا کردو باس لەوە دەکات (٦٢) کەس بەشداربوون لەئۆپەراسیۆنەکەدا. بەپێی تویتەکانی محەممەد مەجید، کە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی وەک سەرچاوە وەریگرتووە، (١٢) کەس بەشێوەیەکی کرداری لەکوشتنی فەخریزادە بەشداربوون، لەکاتێکدا (٥٠) کەسەکەی تر وەک رێنیشاندەر و هاوکاری لۆجیستی بۆ (١٢) کەسەکە بەشدارییان کردووە لەئۆپەراسیۆنەکەدا. موححەمەد مەجید یەکێکە لە رۆژنامەنووسە دیارەکانی ئێران و هەر ئەویش بوو مەترسی و زۆری ڤایرۆسی کۆرۆنای لەوڵاتەکەیدا ئاشکرا کرد، مەجید باسی لەوە کردووە ئەو زانیارییانە لە بەرپرسانی ئێرانەوە دزەی پێکراوەو ئەو دەستی کەوتووە. بەپێی زانیارییەکان، تیمەکە دەیانزانی فەخریزادە لەهەینییدا دەچێت بۆ  ناوچەی ئەبساردو بەوردی چاودێرییان کردووە و ئەو (١٢) کەسەی زاناکەیان کوشتووە «راهێنراوی دەزگای هەواڵگری دەرەوە بوون و یارمەتییان دراوە». ئەبسارد ناوچەیەکی گەشتیارییە و (٥٠) کم لەتارانەوە دوورە کەزۆربەی دەوڵەمەندەکان ڤێلایان هەیە لەوێ و فەخریزادەی تەمەن (٦٠) ساڵیش یەکێک بووە لەوانە. ئەوەش هاتووە، کاروانەکەی فەخریزادە سێ ئۆتومبیلی گوللەنەبڕ بوون و فەخریزادە خۆی لەئۆتومبیلی ناوەڕاستدا بووە، ئەمە لەکاتێکدایە میدیا ئێرانییەکان باسی ئەوەیان نەکردووە ئاخۆ ئۆتومبیلەکەی فەخریزادە گوللەنەبڕ بووە یاخود نا. لەیەکەم دووڕیان بۆ ئەبسارد، نیسان پیکابێکی بۆمبڕیژکراو لەڕێڕەوی شەقامەکە جێگیرکراوەو لەساتی گەشتنی کاروانەکە دەتەقێتەوە. پاشان دوای تەقینەوەی نیسانەکە، هۆندایەک لەجۆری (سانتا فی) بەچوار سەرنشینەوەو چوار ماتۆرسکیل لەئۆتومبیلەکەی فەخریزادە نزیک دەبنەوە. بڕینی کارەبا و دەنگی تەقەیەکی زۆر لەناوچەکە لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکرابووەوە. ئۆتومبیلەکەی فەخریزادە لەلایەن (١٢) بکوژەوە کە دوانیان نیشانەشکێنن دەدرێتە بەر دەستڕیژی گوللە. «بەپێی زانیارییە دەزەپێکراوەکان، سەرکردەی تیمەکە فەخریزادەی هێناوەتە دەرەوە لەئۆتومبیلەکەی و تەقەی لێکردووە تا دڵنیاببێتەوە مردووە»، مەجید وای نوسیووە، دواتریش تیمەکە خۆیان قوتار دەکەن بەبێ لەدەستدانی هیچ یەکێکیان. بەڵام میدیاکانی ئێران باس لەوەدەکەن فەخریزادە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ دوای ئەوەی تیمی پزیشکی نەیانتوانیوە رزگاری بکەن، گیانی لەدەستداوە. چەندین ساڵە فەخریزادە لای دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا بەعەقڵی پەرەپێدانی نهێنی چەکی ئەتۆمی ئێران ناسێندراوەو زۆر بەکەمی لەبەرچاوان بووەو بەنهێنی کاری کردووە لەژێر پارێزگارییەکەی توندی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە. «فەخریزادە لەهەموو مرۆڤێکی زیندوو زیاتر دەربارەی پرۆگرامی ئێران شارەزایی هەبوو، لەدەستدانی سەرکردایەتی، زانیاری، یادگەی ئەو بە بێگومان زیانێکی گەورەیە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران»، کەریم سەجادپوور، تووێژەر لە رێکخراوی کارنەیجی ئەمەی بە واشنتن پۆست وت. فەخریزادە تاکە زانای ئێرانییە کە ناوی هاتووە لە راپۆرتی «هەڵسەنگاندنی کۆتایی»ی ٢٠١٥ی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کە دەربارەی پرۆگرامی ناوکی ئێرانە. راپۆرتەکە باس لەوە دەکات فەخریزادە بەرپرسیارییەتی چالاکی «پاڵپشتی ئەگەری رەهەندی سەربازیی کردووە لە پرۆگرامی ناوکیدا» لەناو پلانی «ئاماد». راپۆرتێکی تری هەمان رێکخراو لە ٢٠١١، فەخریزادەی بە «بەرپرسی جێبەجێکار» ناساندووە کە کەسایەتییەکی گرنگە و گومانی لێدەکرێت کاربکات بۆ پەرەسەندنی ئەو  کارامەیی و تەکنەلۆجیایەی پێویستیە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. لەنیسانی ٢٠١٨، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ناوی فەخریزادەی وەک کەسایەتییەکی گەورە هێنا لە «پرۆگرامێکی نهێنی چەکی ئەتۆمیدا» لەژێر ناوی پرۆگرامێکی مەدەنیدا. ناتانیۆهۆ لەو کاتەدا چەندین بەڵگەی خستەڕوو کە کارمەندانی مۆساد توانیبویان بەدەستی بهێنن و بەڵگەنامەکان نزیک دەبنەوە لەهەزارەها فایلی نهێنی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی ئێران، هەرچەندە ئێران رایگەیاند بەڵگەنامەکان ساختەن. «ئەم ناوەتان بیر بێت، فەخریزادە»، ناتانیاهۆ وای وت و زانا ئێرانییەکەی بە بەرپرسی پلانی «ئاماد» ناوزەند کرد. ناتانیاهۆ وتیشی، دوای ئەوەی پلانی «ئاماد» کۆتایی پێهێنراوە، فەخریزادە بەردەوام بووە لەکارکردن لە ئاژانسێکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران لەمیانی «پرۆژە تایبەتییەکاندا». وەزارەتی بەرگریی ئێران فەخریزادەی وەک بەرپرسی رێکخراوی تووێژینەوە و داهێنان ناساندبوو لەوەزارەتەکەدا. هەرچەندە بەگەورە زانا ناودەبرێت لەبواری ئەتۆمیدا، بەڵام هەندێک شارەزا پییانوایە  بە نەمانی فەخریزادە ئێران لەبەرەوپێشبردنی پرۆگرامی چەکی ناوکی ناکەوێت. مارک فیتزپاتریک، تووێژەر لەپەیمانگەی نێودەوڵەتی لەندەن بۆ کاروباری ستراتیجی لە تویتێکدا نووسیویەتی: «پرۆگرامی ناوکی ئێران لەمێژە لەو خاڵە دەرچووە کە پشت ببەستێ بە تەنها تاکە کەسێک». «ئەم جۆرە کەسانە گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام دواجار بێ جێگرەوە نین»، سامین هیندرسۆن، شارەزا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک ئەمەی بە واشنتن پۆست راگەیاند. هەرزوو ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەو بەڵێنی «تۆڵە»ی قورسیدا لەبەرامبەر کوشتنی زانا ئەتۆمییەکەیدا، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی کوشتنەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. پێشتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری سێ بەپرپرسی ئەمریکی بڵاوی کردەوە ئیسرائیل لەپشت کوشتنی فەخریزادەوەیە. هەندێک شارەزا پێیانوایە ئەم هەڵمەتە لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە کاری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جۆو بایدن، سەخت بکات لەڕێکەوتنی لەگەڵ ئێران و دنەی تاران بدرێت بۆ کاردانەوە تا پەلکێشی جەنگی راستەوخۆ بکرێت. «ئامانجی پشت کوشتنەکە بۆ پەکخستنی پرۆگرامی ناوکی ئێران نەبوو، بەڵکو بۆ لەقکردنی دیبلۆماسییەتە»، ئێڵی گرانمایا، شارەزا لەسیاسەتی ئێران لەئەنجومەنی ئەوروپی بۆ پەیوەندیی نێودەوڵەتی، ئەمەی لە تویتەری خۆی نووسیوە. گرانمایا باسی لەوەشکردووە سەردانەکانی ئەم دواییانەی وەفدی باڵای ئەمریکی بۆ ئیسرائیل و سعودیە «گومانی دروستکرد کە شتێک بەڕێوەیە» بۆ «دنەدانی ئێران و ئاڵۆزکردنی دەستپێشخەری بایدن»ە. تریتا پارسی، جێگری سەرۆکی پەیمانگەی کوینسی ئەمریکی باس لەوە دەکات دۆخەکە بەهەر بارێکدا بکەوێت لەقازانجی بنیامین ناتانیاهۆ دەبێت. پارسی بەئەلجەزیرەی قەتەری راگەیاند، ئەگەر ئێران وەڵامی هەبێت ئەوا ناتانیاهۆ دەتوانێت واشنتن پەلکێشی شەڕ بکات دژی ئێران، بەڵام ئەگەر تاران دەستکراوەیی پیشان نەدا ئەوا «سەرکردە ئیسرائیلییەکە ژینگەیەکی وای دروستکردووە کە کاری دیبلۆماسی ئەمریکا لەگەڵ ئێران سەخت بکات». «لەدیدگای ناتانیاهۆوە، ئێستا ساتی ئەوەیە بتوانێت پێگەی بایدن لەق بکات، بەجۆرێک لەجۆرەکان، بایدن لێرەدا ئامانجە راستەقینەکەیە»، پارسی وای وت. لەوتارێکدا بۆ رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیل، ئامۆس هاریل، شارەزا لەبابەتە سەربازیی و بەرگرییەکاندا، باس لەوە دەکات هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکە لە «تەلەڤزیۆنەکانی ئیسرائیلدا بە سەرکەوتویی وەسفکراو کەشێکی دڵخۆشیان دروستکرد» بەڵام دەکرێت ئەم هەڵمەتە بە مەبەست بێت بۆ خراپکردنی دۆخەکە. «ناتوانین ئەو ئەگەرە لەبەرچاو نەگرین کە ئەم سەرکەوتنە تەکتیکییە مەبەستێکی ستراتیجی لێدەکەوێتەوە لەشێوازی پێکدادانی هەرێمی، بەڵام خۆ رەنگە مەبەستەکە هەر ئەوە بووبێت».

ھاوڵاتی دابەزینی ئاستی ئامێری پڕوپاگەندەی داعش کە رۆژێک لەڕۆژان زۆر پێشکەوتوو بوو، لەدەستدانی خاک و ئایدیۆلۆژیاکەی گروپەکە دەردەخات کە لەم چەندساڵەی دواییدا دووچاری هاتووە، ھەروەھا ھەزاران ئەکاونتی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییە ناسراوەکان داخراوەو پەنا بۆ تۆڕە کەمناسراوەکان دەبات. کەناڵە پڕوپاگەندەکانی رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) لە تەلەگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەم چەند مانگەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو خراپبوون، کە بڵاوکراوەکانیان تەنیا نووسین و جارجارەش وێنەو ڤیدیۆی بێکوالێتی لەخۆدەگرن. ئەم دۆخەی رەنگدانەوەی ئەو لەدەستدانانەیە کە گروپەکە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەئەفغانستان و بەشەکانی دیکەی جیهان دووچاری هاتووە. شکستی ناوچەیی داعش لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەئازاری 2019 گورزێکی کوشندەی لەناوەندی سەرەکیی پڕوپاگەندەی گروپەکە وەشاند، لەکاتێکدا ئەندامان و پڕوپاگەندەچییەکانی یان کوژران یان دەستگیرکران دوای داڕمانی بەناو «خەلافەتەکە». لەوکاتەوە، چەندین ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و هەواڵگری توانا تەکنیکییەکانی گروپەکەیان سنووردار کردووە و زۆربەی سەکۆ میدیاییەکانی، تەکنەلۆژیا، ڤیدیۆگرافەرەکان، تەکنیکارانی دەنگ و پڕوپاگەندەچییەکان و کارمەندەکانی دیکەشی لێدابڕیون. ماوەی دوای ژمارەیەک هێرشی گەورەی ئەمدواییە بەرەو خراپترچوونی ئۆپەراسیۆنە میدیاییەکانی گروپە تیرۆریستییەکەیان دەرخستووە. لەچەند ساڵی رابردوودا، میدیای داعش چەندین وێنەو ڤیدیۆی کوالێتی بەرزی تاوانەکانی، لەپێش ئەنجامدان و لەکاتی ئەنجامدان و دوای ئەنجامدانیانی بڵاودەکردەوە. بەڵام ئێستا، لەگەڵ کاڵوکرچ بوونی توانای میدیاکەی، وێنەی بێ کوالێتی بڵاودەکاتەوە، ئەوەش دەریدەخات گروپە تیرۆریستییەکە هیچ توانایەک و کەرەستەیەک یان کارمەندێکی نییە بۆ دۆکیومەنتکردنی هێرشەکان بەدرێژایی پرۆسەی ئەنجامدانیان. خراپبوونی ئاستی ئەو میدیایە لەسوریاو عێراق زۆر روونە، ئەو شوێنانەی گروپەکە رۆژێک لەڕۆژان زۆرترین ناوچەی لەژێردەستدا بوو. لەکاتێکدا چیتر ناتوانێت سەرکەوتنی سەربازیی پیشانبدات یان زوڕنا بۆ خەلافەتەکەی لێبدات، گروپەکە ئێستا بەزۆری پەیامی نووسراوی سادە بڵاودەکاتەوە کە زۆربەی کات لەئەستۆگرتنی ئەنجامدانی هێرشەکانی ناتوانرێت پشتڕاست بکرێنەوە. داعش لەهه‌موو جیهاندا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راودەنرێت لەوکاتەوەی داعش لەهەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان قەدەغەکراوە، گروپەکە توانای لەدەستداوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. شیکاروانانی هەواڵگری و رۆژنامەوانی دەڵێن رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) رووبەڕووی چەند بەربەستێکی بەرچاو بووەتەوە له‌هەوڵدانیدا بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی لەسەر ئینتەرنێت. هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان -- لەنێویاندا فەیسبووک، تویتەر، واتسئەپ، تەلەگرام -- که‌ناڵ و پەیجەکانی گروپەکەیان داخستووەو ناچاریانکردووە چەند تۆڕێکی نادیار بەکاربهێنێت بۆ برەودان بە چالاکی و ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. ئەمە زیاتر ده‌رکه‌وت کاتێک ئەکاونتێکی پەیوەندیدار بەئاژانسی هەواڵی ناشری داعشه‌وه‌ هێرشەکەی 29ی تشرینی دووەمی سه‌ر پردێکی لەندەن (له‌نده‌ن بریدج)ی لەئەستۆگرت لەڕێی بەرنامەیەکی پەیام گۆڕینەوەی روسییەوە بەناوی تامتام. دەستبەجێ دوای چەند رۆژێک لەهێرشەکە، بەهەزاران ئەکاونت و که‌ناڵی تەرخانکراو بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی داعش لەسەر تامتام دەرکەوتن. بەڵام بەگوێرەی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە 3ی کانوونی یەکەم، تامتام سەدان ئەکاونتی پەیوەندیدار بەداعشی سڕییەوەو بەشێوەیەکی کاریگەر گرووپەکەی لەمینبەرەکە دەرکرد. لەکارخستنی تۆڕی ئینتەرنێتی داعش رەعد کەعبی مامۆستای تووێژینه‌وه‌ رۆژنامەوانیەکان لەزانکۆی بەغدا، باس لەوەدەکات کەهەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی مینبەرە کەمناسراو یان ناجەماوەرییەکان «سەلمێنەری ئەوەیە کە چیتر ئازاد نیە بۆ بڵاوکردنەوەی هەرشتێک کەبیەوێت بەشێوەیەکی بەرفراوان لەسەر تۆڕە جەماوەرییەکان». کەعبی وتی «وادیارە هەوڵدەدات بەدوای دەرچەی دیجیتاڵی جێگرەوەدا بگەڕێت، چونکە گرنگترین شت بۆ گروپەکە ناردنی پەیامەکانێتی بۆ جیهانی دیجیتاڵی لەهەر رێگەیەکەوە بێت. زۆرێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرۆگرامی وایان داڕشتتووە کە خۆکارانە رێدەگرن لەو بابەت و ڤیدیۆیانەی بره‌و به‌داعش ده‌ده‌ن. لە 2017، تەلەگرام رایگەیاند زیاد لە 8 هەزارو (500) که‌ناڵی قەدەغەکردووە کەپروپاگەندەی تووندڕەوییان بڵاودەکردەوە، داعش گواستییه‌وه‌ بۆ تەلەگرام دوای ئەوەی لەتویتەرو فەیسبووک دەرکرایە دەرەوە. هه‌روه‌ها هەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی ئینستاگرام، کە لەلایەن فەیسبووکەوە خاوەندارێتی دەکرێت و لەگەڵ سناپچات و ھەروەھا تیک تۆک، کە لەلایەن کۆمپانیای چینی بایتدانسەوە خاوەندارێتی دەکرێن، لەلایەن بەکارهێنەران و کارمەندانی کۆمپانیاکان و فیلته‌ره‌کانی زیرەکی دەستکردەوە چاودێری دەکرێن. لەتشرینی دووەم، کارمەندێکی تیک تۆک بەئاژانسی فرانس پرێسی وت مینبەرەکە نزیکەی (10) ئەکاونتی داعشی سڕیوەتەوە له‌سه‌ر بڵاوکردنەوەی چەند ڤیدیۆیەک کە جەستەی مرۆڤیان نیشاندەدا بەنێو شەقامەکاندا رادەکێشران لەگەڵ چەکدارانی داعش بەچەکەوە. تیک تۆک، کە رێ بەبەکارهێنەرانی دەدات ڤیدیۆی کورت دروستبکەن و بڵاوبکەنەوە، بەتایبەتی لەنێو لاواندا باوە. پێشئەوەی داعش هێرشەکەی پردی لەندەن لە ئەستۆ بگرێت لەسەر تامتام، یۆرۆپۆل، دەزگای جێبەجێکردنی یاسای یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند بەشێوەیەکی کاریگەر تۆڕی سەر ئینتەرنێتی داعشی لەکارخستووەو نزیکەی (26) هەزار ماڵپەڕو ئەکاونتی ئینتەرنێتی داخستووە. هەڵمەتەکە ئەکاونتەکانی سەر تەلەگرامی داعشی له‌خۆگرت، وەک ئاژانسی هەواڵی «ناشر»، کە بابەته‌کانی «ئەعماق»ی بڵاودەکردەوە، که‌ باڵی پروپاگەندەی داعشه‌. سوپای ئەمریکاش ماوەیەکە کاردەکات بۆ لەکارخستنی هەوڵەکانی داعش بۆ پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێت بەئۆپەراسیۆنێکی هاککردن کەدەگەڕێتەوە بۆ 2016. پێشتر بەڵگەنامە تەواو نهێنیەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە 21ی کانونی دووەم بڵاوکرانەوەو رایانگەیاند که‌فەرماندەیی ئینتەرنێتی ئەمریکا «بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەسەر داعشدا زاڵبووە لەبواری زانیاری» و هەوڵەکانی سەر ئینتەرنێتی سنووردارکردووە بۆ تووندڕەوکردن و راکێشانی خەڵک. کەعبی وتی «لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بابەتی تووندڕەوانە لەسەر ئینتەرنێت سەرکەوتوو بووە»و وتیشی سەرکەوتنەکە «رێ لەتیرۆریستان دەگرێت دەرفەتی ئەوەیان هەبێت کاریگەری بخەنەسەر جەماوەرو مێشکیان ژەهراوی بکەن یان بیانتۆقێنن». رێگرتن لەپروپاگەندەی داعش فازل ئەبوڕەغیف پسپۆڕی عێراقی له‌بواری هەواڵگریدا، وتی «وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆو دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق توانیویانە رێگربن لەچالاکییە ئینتەرنێتیەکانی داعش و لەڕێی هەوڵێکی هاوبەشی چەند مانگییەوە قەدەغەیان بکەن». باسی لەوەکرد «ئەم هەوڵە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەند تۆڕو کەسێک کە تێوەگلابوون لەدروستکردن و بەڕێوەبردنی چەندین پەیج و ئەکاونت کەپشتیوانیی چالاکی و ئایدۆلۆژیای داعشیان دەکرد لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان». نزیکەی دوو ھەزار کەس لەتەواوی عێراقدا دەستگیرکراون و (22) مینبەری ئینتەرنێتی چالاکی گروپەکە داخراون. ئەبوڕەغیف وتی «بەدەستگیرکردنی پشتیوانانی داعش لەتەواوی جیهانداو داخستنی پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێتیان «سەختە بۆ داعش لەمڕۆدا ئەو مینبەرانە بەکاربهێنێت بۆ خزمەتکردن بەکارنامەکەی». وتیشی «هەوڵی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن که‌ رێده‌گرن لەمە.» بەڵام هۆشدارییدا لەوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای تووندڕەو «هێشتا هەڕەشەیە، سەرەڕای هەنگاوەکان بۆ رێگرتن لەوەی ئەمە بکەن». ھەروەھا وتی «بۆ ئەوەی ئەمە کەمبکرێتەوە دەبێت چاودێریی ئەلیکترۆنی چڕبکرێتەوە». دوای لەدەستدانی سەکردەو پارەکانی، میدیاش لەدەستدەدات داعش گەیشتووەتە کۆتایی خۆی دوای ئەوەی زۆرینەی سەرکردایەتی باڵای لەدەستدا، لەگەڵ سەرچاوەکانی پشتیوانی دارایی و تواناکانی شه‌ڕکردنی. ئیبراهیم سەراجی بەڕێوەبەری رێکخراوی بەرگری لەمافەکانی رۆژنامه‌وانان، وتی «هەوڵە بەردەوامەکانی گروپەکە بۆ دۆزینەوەی پێگەیەکی سەلامەت و بێ چاودێریی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تووشی شکست بوون و ناتوانن سەرکەوتوو بن بەهۆی ستراتیژە جیهانییەکانه‌وه‌ بۆ بەرگرتن بەو بابەتانەی لەسەر ئینتەرنێت پشتیوانی له‌تیرۆر دەکەن.» سەراجی وتی «سەرنجەکە بەردەوام لەسەر جوڵەو چالاکییەکانی داعشەو راستییەکەی ئەوەی پەنادەبەن بۆ مینبەری دیکه‌، مانای ئه‌وه‌ نییه‌ دەتوانن لەوە رزگاربن کەئاشکرا بکرێن و بەدوویان بکەون». جەختیکردەوە لەپێویستیی جێبەجێکردنی «یاسای نێودەوڵەتیی تووند» کە رێگربن لەوەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوەو برەودان به‌تووندڕەوی.

ھاوڵاتی ھاشم حەیدەری کە پیاوێکی ئایینی شیعە مەزھەبە چوار ھەفتە لەمەوبەر بزووتنەوەیەکی نوێی راگەیاند بەناوی عەھدوڵا کە خۆی بەدڵسۆزی خامنەئیی دەزانێت و بانگەشە بۆ ویلایەتی فەقیهـ دەکات وەکو روویەکی دیکەی ئێران لەعێراق. چالاکوانە عێراقییەکانیش دەڵێن ئامانجی تێکدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووە. ماوەیەك پێش ئێستا هاشم حەیدەری لەمیدیاكانی عێراقەوە دەركەوت و بەشێكیان لێكچوواندنیان بۆكرد لەگەڵ حەسەن نەسڕوڵای لوبنانی و سەركردەی حزبوڵڵای لوبنان، كاتێكیش كە لەناوچەی كازمیەی عێراقەوە بۆ یەكەمجار چاوی راگەیاندنەكانی خرایە سەر وەك حەسەن نەسڕوڵای عێراقی ناوی هێنرا. هەندێك لەمیدیاكانیش ئەو لێكچوونەیان بەشتێكی هەڕەمەكی نەزانی و رایانگەیاند كە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوانیاندا هەیە، هەرچەندە زۆركاری بۆ ئەوە كردووە لقێكی حزبوڵڵا بھێنێتە عێراق بەڵام رەتكراوەتەوەو رێگەی پێنەدراوە ئەو كارە بكات. وێڕای گروپەکانی دیکە کەپێشتر ناسراون، وەک  حزبوڵڵا و عەسائیب و نوجەبا و هەندێک گروپی دیکە، بەڵام بەم دواییانە چەندین گروپی نوێی چەکدار لەعێراق کە بەنزیک لەکۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرێن، خۆیان راگەیاندووە، لە رێگەی بەیاننامەو تۆمارە ڤیدیۆکاندا هەڕەشیان لەهێزەکانی ئەمریکا لەعێراق کردووە، لەوانە رەبعوڵڵا، ئەسەحابولکەهف، قەبزەت مەهدی، عسبەت سائیرین. دواترینیان گروپی عەھدولایەو سەرکردەکەشی ھاشم حەیدەریە کە جلوبەرگی ھاوشێوەی حەسەن نەسڕوڵا لەبەردەکات و خۆی بەکەسی دڵسۆزی خامنەئیی دەزانێت و چەندین وێنە و ڤیدیۆی خۆی لەگەڵیدا بەم دواییانە بڵاوکردۆتەوە. کاریگەریدانان لەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی داهاتوو حەیدەری ئاماژەی بەدۆخی ئێستای عێراقیش كردووەو وتوویەتی بزووتنەوەكەیان بەشداری هەڵبژاردنەكان ناكات، بەڵام بەرچاوڕوونی بەخەڵك و لایەنگرەكانی خۆی دەدات كە چ جۆرە كاندیدێك هەڵدەبژێرن و لەو پێناوەشدا ئامادەیی هەموو جۆرە هاوپەیمانێتی و كارێكی هاوبەشیان هەیە. ئێران ماوەیەکە پشتیوانی دەکات لەپێکهێنانی لایەن و بزووتنەوەی سیاسی نوێ بەئامانجی کاریگەریدانان لەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی داهاتوو کەبڕیارە لەحوزەیرانی 2021 ئەنجامبدرێن، کە تاڕادەیەک وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بوو. هەوڵەکانی ئێران لەوەڵامی سەرهەڵدانی ژمارەیەك بزووتنەوەی لاوان و مەدەنیدا دێن کە لەخۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا هاتنە ئاراوەو هەوڵی بەشداریکردن دەدەن لەهەڵبژاردنەکانداو کاریگەری دانان لەسەر حوکمداری لەوڵاتەکەدا. لەبەیاننامەی دامەزراندنی عەهدوڵڵادا، پیاوی ئایینی شیعە، هاشم حەیدەری، بانگەشەی ئەوەی کرد کەئەندامانی بزووتنەوەکە "نەوە عێراقییەکان"ی رابەری باڵای ئێران عەلی خامنەئیی و روحوڵڵا خومەینین، کە مردووە. بزووتنەوەکە مەزهەبی ویلایەتی فەقیهـ (فەرمانڕەوایی ئاخوندان) لەخۆدەگرێت، کە داوای دڵسۆزی بۆ خامنەئیی دەکات و مەبەستێتی پابەندبێت بە رێچکەی کەسی پێش خۆیەوە، ئەویش خومەینیە کە سێ دەیەیە مردووە. بەگوێرەی بەیاننامەی دامەزراندنەکە، "رێچکەی خومەینی تەنیا بۆ وڵاتێك، گروپێکی ئێتنی یان جەماوەری لەدژی ئەوانیدی دانەنراوە". ھاشم حەیدەری؛ رۆڵە دڵسۆزەکەی خامنەیی لەعێراق   تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی سەر بەهاشم حەیدەری بەردەوام ئەو وێنەو ڤیدیۆیانە بڵاودەكەنەوە كە لەگەڵ رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران دانیشتووەو باس لەڕۆڵی ئەو دەكەن لەچارەسەركردنی كێشەكانی ناو عێراق و تەنانەت بۆچوونەكانی لەبارەی حوسیەكانی یەمەن و سوریاوە بڵاودەكەنەوە. لەبەیاننامەكەی دامەزراندنی حزبوڵڵادا کە لە 4/11 بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتووە كە بەشێوەیەكی گشتی لەئایینی ئیسلام دەڕوانن وەك ئاینێكی شموولی و تێرو تەواو كە بەرنامەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی هەمەلایەنەیە. ئەو سەركردەیە پێی وایە هۆكاری خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵك سەرچاوەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خەڵك لەئیسلام دووركەوتووەتەوە. بۆیە ئەو هەموو كێشەو گرفتەیان تووش بووە، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئیسلامی موحەمەدی بێگومان ئەو كێشانەیان نابێت. بزوتنەوەی عەھدوڵای ئیسلامی ناوی تەواوی حزبە نوێیەكەیەو سەرەڕای باوەڕی تەواو بەهەموو بنەما ئیسلامییەكان، لەسەر بنەمای ئال و بەیت دامەزراوەو خۆیان بە نەوەی ئیمام خومەینی دەزانن لەعێراق و پێیان وایە لەڕێگەی ئەوەوە ئاینی ئیسلام لەم سەردەمەدا بووژاوەتەوەو باوەڕیشیان بەهیچ سنورو نیشتیمانێكی دیاریكراو نییەو بزوتنەوەكەشیان حساب بۆ نەتەوەو زمان و وڵات ناكات و تەنها باوەڕی بەموسڵمانێتی هەیە. لەبارەی سەرجەم بیردۆز و بۆچوونەكانی رێكخستنی ژیان و فەرمانڕەواییەوە سەرجەمیان  بە "لادەرو نەفام و دوور لەخودا" ناودەبەن و پێیانوایە هەرچی نەهامەتی و نەگبەتی هەیە لەڕێگەی ئەوانەوە هاتووەو هەموویان بەلادەرو شكستخواردوو ناودەبەن، ئیتر سەرچاوەكانیان ئەوروپا بن یان ئەمەریكا گرنگ نییە. گرووپەکە کۆمەڵگە دابەشدەکات بۆ حەق و باتڵ عەھدوڵا جیاواز لە بزووتنەوە شیعیەكانی پێش خۆی كۆمەڵگەی دابەشكردووە بۆ دوو بەرەی –حەق و باتڵ- و پێیی وایە بەرەی حەق ئەوەیە كە عەلی خامنەئیی لە ئێران و سیستانی لەعێراق نوێنەرایەتی دەكەن و حەشدی شەعبیش لەسەری دەڕۆن، بەرەی باتڵ و پووچیش ئەوەیە كە ئەمەریكاو ئیسرائیل و سعودییەو ئیمارات رابەرایەتی دەكەن. هاشم حەیدەری باس لەوە دەكات كەماوەیەك پێش ئەوەی قاسم سولەیمانی بكوژرێت، كۆبوونەوەی لەگەڵ هەبووەو پێی گوتووە ئامۆژگاریت دەكەم لەوتارەكانتدا زۆر باسی ئایەتوڵا سیستانی بكە، لەبەرئەوەی تەنها كەسێكە سەید عەلی خامنەئیی باوەڕی پێی هەیە، هەتا ئەو هەبێت ئیسلام بەهێز دەبێت، ئەگەر كۆماری ئیسلامیش نەمێنێت ئیسلامیش لاواز دەبێت، ئەو دەڵێت قاسمی پێی گوتم سیستانی زامنی ئەمن و ئاسایشی عێراقە. حەیدەری ساڵی 1946 لەكازمیەی بەغدا لە دایكبووەو ناوی لەنێو بنەماڵە سەیدەكانی كازمیەدا تۆماركراوە. ساڵی رابردوو کاتێک بەرپرسی رۆشنبیریی رێکخراوەی حەشدی شەعبی بوو رەخنەی گرت لەوتەکانی ژمارەک لەبەرپرسانی عێراقی لەسەر پیشاندانی هەڵوێستی بێلایەنی خۆیان لەگرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران.  هاشم حەیدەری  وتی "لە قەیران نانەوەی ئەمدواییەی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەک لەڕێبەرە عێراقییەکان دەڵێن نابێ بچینە نێو ریزبەندییەکان و عێراق دەبێ بێلایەن بێت و خۆی گیرۆدەی ئەم کێشەو قەیرانە نەکات". وتیشی "ئێمە رێزدەگرین لەم کەسانە، بەڵام ئەم روانگەیەی ئەوانمان قەبووڵ نییە، چونکە بەپێچەوانەی ئایینی ئیسلام و مەزھەبی شیعە و تەنانەت نیشتمانخوازیی عێراقییە". ھەروەھا وتی "لەشەڕی نێوان حەق و باتڵ و زاڵم و مەزڵووم نابێ بێلایەن بین، ئایا ئەوە لەگەڵ راسپاردەکانی قۆتابخانەی ئیمام حسەین و چاوەڕوانیی حەزرەتی مەهدی یەکدەگرێتەوە، چۆن دەتوانین لەسەرزەمینی عێراق لەسەرزەمینی حسەین و سەرزەمینی حکومەتی جیهانی مەهدییە، باسی بێلایەنی و بەشداری نەکردن لەڕیزبەندییەکان بکەین لەنێوان حەق و باتڵدا. ھەروەھا وتیشی "تەنانەت ئەگەر کەسانێک بن کە لەڕوانگەی دینیی سەیری ئەم پرسە نەکەن، لەڕوانگەی نیشتیمانخوازییش عێراق ناتوانێ بێلایەن بێت". رەتکردنەوەی بەرفراوانی جەماوەری عەهدوڵڵا رووبەڕووی رەتکردنەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوان بووەوە لەعێراق، کە وەك درێژبوونەوەیەکی بزووتنەوەکانی دیکەی سەر بەئێران دەبینرێت، وەك کەتائیب حزبوڵڵا و روبعوڵڵا. ئەندامێکی بزوتنەوەی مەدەنی عێراقی، عەلی دەڕاج وتی "بزووتنەوەکە مەبەستێتی هەڵبژاردنەکان تێکبدات و سەر لەدەنگدەران بشێوێنێت". ھەروەھا وتی "بزووتنەکەوەکە پابەند نییە بەیاسای هەڵبژاردنەوە لەبەرئەوەی خۆی بەشوناسێکی ئێرانییەوە دەناسێنێت و بانگەشە بۆ دامەزراندنی ویلایەتی فەقیهـ دەکات لەعێراق، وڵاتێك کەشوێنی تایەفە و ئایین و گروپی ئێتنیی هەمەجۆرە." وتیشی "عێراق تەنیا لەلایەن دەسەڵاتی دەستورو یاسایەکەوە فەرمانڕەوایی دەکرێت". بەبڕوای دەڕاج چاوەڕواندەکرێت بزووتنەوە و لایەنی سیاسی هاوشێوە رابگەیەنرێن، بەئامانجی ئەوەی "سەر لەدەنگدەران بشێوێنرێت و لە بایەخی هێزە مەدەنییەکان و کاندیدە سیاسییەکان کەمبکرێتەوە کە بەهۆی بزوتنەوەی خۆپیشاندانەوە دەرکەوتن". باسی لەوەکرد حەیدەری پێشتر لەوێنەدا لەگەڵ خامنەئیی دەرکەوتووەو ئاماژەیکرد بەوەی بزووتنەوەکەی تەنیا دەکرێت وەك بزووتنەوەیەکی ئێرانی ببینرێت بە روکارێکی نوێوە. غەیس تەمیمی سیاسییەکی عێراقیە، وتی "بزووتنەوەی وەك عەهدوڵڵا پێکهێنراون وەك بەشێك لەستراتیژێك کە لەڕێیەوە ئێران هەوڵی دروستکردنی چەندین ناوو بزووتنەوەی چەکدارو گروپ دەدات بەکارنامەیەکی تائیفیەوە." ھەروەھا وتی "ئەوە زۆر باشە دەبینم دروستبوونی ئەم بزووتنەوەیە گاڵتەی پێدەکرێت، چونکە دەریدەخات خەڵکی عێراق ئاگادارن لەمەترسییەکانی دەستتێوەردانی رژێمی ئێران لەوڵاتەکە." 'دەلاقەیەکی نوێ' بۆ پاسداران دامەزراندنی بزووتنەوە و میلیشیا نوێکانی سەر بەئێران کاریگەریان دەبێت بۆسەر عێراق، لەبەرئەوەی پابەندی ئەو کارنامانەن کەدژی حکومەتن، ئەوەش بە بڕوای پارتە سیاسییە نادینیەکان. فەلاح جەنابی ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی عێراقە، وتی "ژمارەی حزب و میلیشیاکان کێشەکان لەعێراق زیاد دەکەن و کاردەکەن بۆ دابڕینی عێراق لەھەموو جیھان". داوای لەحکومەت کرد بۆ "زۆرکردن لەو لایەنانە بۆ پابەندبوون بەیاسای حزبە سیاسییەکانی عێراق و جێبەجێکردنی یاسا لەسەریان گەر هەر تاوانێك یان کارێك ئەنجامبدەن کە دژی سیاسەتی دەوڵەت بێت یان زییان لە بەرژەوەندیەکانی بدات". فوئاد عەلی، تووێژەری کاروباری عێراقە، گروپی عەهدوڵڵای لەقەڵەمدا بە "دەلاقەیەکی نوێ" کە لەڕێیەوە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەوڵدەدات بێتە نێو عێراقەوە. فوئاد عەلی، وتی "هاووڵاتیانی عێراق چاوەڕێن چارەسەرێك بۆ کێشە ئابوری و خزمەتگوزاریی و موچە و کێشەکانی پەیوەست بە ئاسایشەوە بدۆزرێتەوە، بەڵام ئێران بەردەوامە لە دامەزراندنی بزووتنەوەی نوێ لەنێو عێراقدا کە داوای دامەزراندنی ویلایەتی فەقیهـ دەکەن". فوئاد عەلی وتی "بەڵام خۆ ئەوە نییە ویلایەتی فەقیهـ لەئێران سەرکەوتوو بووبێت، کە خەڵکەکەی لەبرسا دەمرن و فەرامۆشکراون و گیرۆدەی ترس و ستەمکارین". وتیشی "بێکاری بەرفراوانە لەئێران و خەڵکی ئەوێ دۆخیان هیچ باشتر نییە لەخەڵکی عێراق".

ھاوڵاتی ‌به‌هار مونزیر بەڕێوەبەری رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان رایگەیاند کەبەڵگەیان لایە کچە (13) ساڵەکە ھەینی گواستراوتەوەو ئەو پیاوەی کە لەمیدیاکان حاشای کردووە لەمارەبڕینی کچەکە خزمێکى نزیکى پیاوه‌که‌  دانی بەوەدا ناوە مارەی بڕیوە. ماوەی چەند رۆژێکە وێنەی پیاوێک لەگەڵ کچێکی منداڵدا بڵاوبۆتەوە کەھاوسەرگریی لەگەڵ کردووە، بەڵام پیاوەکە لەچەند میدیایەک قسەی کردووەو دەڵیت شتەکە وانیە. ‌به‌هار مونزیر به‌هاوڵاتى وت بەڕێوەبەری رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان باسی لەوەشکرد کەکچەکە تەمەن (13) ساڵە لەبری قەرز دراوەتە پیاوەکە کەتەمەنی سەروو (40) ساڵە.  دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش، پیاوە (40) ساڵانەکە روونکردنەوەی داو گوتی، کارێکی وای نەکردووە، ئەو کچەی وێنەکەی لەگەڵیدا بڵاوبووەتەوە، کچی هاوڕێیەکیەتی و لەموسڵ وێنەکە گیراوە. ‌به‌هار مونزیر وتیشی "چاره‌که‌ سەعاتێک پێش ئه‌وه‌ى ئه‌و پیاوه‌ى هاوسه‌رگیرى کردووه‌و کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌که‌ ئه‌نجامبدات قسه‌مان له‌گه‌لًَ خزمێکى پیاوه‌که‌ کردووه‌ و دڵنیایى کردوینه‌وه‌و وتى هیچ دوودڵى تێدا نیه‌ ئه‌و که‌یسه‌ وایه‌، هاوسه‌رگیری کردووه‌ رۆژى جومعه‌ گوێزاویه‌ته‌وه‌". وتیشی "چوار پێنج ژنى تائێستا هێناوه‌، ئه‌م کچه‌ مناڵه‌ که‌هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵدا کردووه‌ رۆژى هەینی گوێزاویه‌تیه‌وه‌". ھەروەھا وتی "سه‌دان که‌یسى له‌م جۆره‌ هه‌یه‌، خۆ ئه‌و که‌یسانه‌ى سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ ئه‌وانه‌ که‌سانێکى به‌ویژدانن پێیانوایه‌ ئه‌مه‌ ناماقوڵه‌ پیاوێکى چل په‌نجا ساڵ له‌گه‌ڵ کچێکى سیانزه‌ چوارده‌ ساڵ هاوسه‌رگیرى بکات، به‌و ده‌ستدرێژییه‌ ئه‌ڵێن زه‌واج، ئیتر به‌هه‌ر دین و یاسایه‌ک بێت". به‌هار ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌سکاڵایان له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ نه‌کردووه‌، ته‌نها داوایان له‌حکومه‌ت کردووه‌ بچن به‌دوایدا، چونکه‌ پاراستنى ئه‌و ته‌مه‌نه‌ له‌سه‌ر حکومه‌ته‌ "مه‌لاکان له‌ده‌ره‌وه‌ى دادگا ده‌چن به‌چوارده‌ پانزه‌ ساڵى ماره‌یان ده‌بڕن که‌س نازانێ کێن". بەهار مونزیر، وتیشی "قسەمان لەگەڵ کەسوکاری پیاوەکە کردووە گوتویانە ئەو کچەی کەتەمەنی (13) ساڵ و چەند مانگێکە لەبری قەرز لەماڵێک وەرمانگرتووەو ئێستا دراوەتە پیاوێکی تەمەن (40) ساڵ.   بەوتەی بەهار مونزیر، مارەبڕینەکە لەڕێگەی مامۆستایەکی ئایینییەوە کراوەو نازانن کەمامۆستاکە سەر بەوەزارەتی ئەوقافە یاخود نا.

ھاوڵاتی بافڵ تاڵەبانى هاوسەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، ئاگادارى بەشێک لەدۆسیەى نەوتن نەک هەموو وردەکارییەکان و دژى دوو ئیدارەییە.  ھەەروەھا رایگەیاند چوارجار چووە بۆلای پارتی و وتیشی "گاڵتە"ی دێ بەدوو ئیدارەیی. داواشی لەمیدیاکان کرد پرسیاری قورس لەبەرپرسان بکەن. "دەچینە سەر قاچاخچیەکان" بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدانیشتنێکدا کە لەدەباشان سازی کرد بۆ نوێنەری ژمارەیەک لە کەناڵەکانی راگەیاندن، وتی "کاری قاچاخچێتی و مافیایی بوونی هەیە، هەموو ئەو کەسانە دەستگیردەکەین کەکاری مافیایی ئەنجامدەدەن". هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانەی قسەکانیدا وتیشی " ئێمە بڕیارمانداوە هەموو مافیاکان دەستگیربکەین، تەنانەت هەرکەسێکیان لەپشت بێت". هاوردەکردنی کاڵای قاچاخ و نایاسایی بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە لەو پرسەدا یەکسەر باسی دەروازەی سنووریی باشماخ دەکرێت، هەروەها نەگەڕانەوەی بەشێكی زۆری داهاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ حكومەت زۆر رەخنەی لێدەگیرێت. لەو بارەیەوە بافڵ تاڵەبانی وتی "لێپێچینەوەی زۆر تووندمان دەستپێكردووە بۆ دووگ و هەموو شتێكی قاچاخ، لیژنەیەكی باڵامان دروستكردووە بۆ پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو كارانەی پەیوەندییان بە یەكێتییەوە هەیە". هاوسەرۆكی یەكێتی سەبارەت بەو گرووپ و كەسانەی كەسەرانە وەردەگرن و بوونەتە مەترسی بۆ سەر هاونیشتمانیانیش دەڵێت: "لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكان كۆبووینەتەوە بۆ دەستگیركردنی ئەو گرووپە مافیاییانەی دروستبوون و هەڵدەكوتنە سەر هاونیشتمانیان، دەستمان كردووە بەدەستگیرکردنیان" . "ئاگاداری رێکەوتنی (50) ساڵەی نەوت نین" بافڵ تاڵەبانی لەبارەی رێکەوتنی (50) سالەی نێوان ھەرێم و تورکیا وتی "ئێمە وەک یەکێتى ئاگادارى بەشێک لەدۆسیەى نەوتین، نەک هەموو وردەکارییەکە، ئاگادارى رێککەوتنى پەنجا ساڵەى نەوتیش نین".   لەبارەى چاکسازییەوە، بافڵ تاڵەبانى باسى لەوەکرد، چاکسازیی نابێت هەر بڕینى موچە بێت، بەڵکو پێویستە پێداچوونەوە بەگرێبەستەکانى نەوت و سنورەکاندا بکرێت، ئیشێکى جددى بکرێت لەسەر گەندەڵى. وتیشى "دەبێت بەرنامەى چاکسازیی تۆزێک قورسترو توندتر بێت، ئەمەش بەشێکە لەگفتوگۆکانمان لەگەڵ پارتى". بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەدیدارێکی رۆژنامەنووسیداو لەوەڵامی پرسیارێکی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، کەحزبەکەی تاڕادەیەک ئاگاداری مەلەفی نەوتە، بەڵام ئاگاداری گرێبەستی (٥٠) ساڵی نییە لەگەڵ تورکیادا. لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی لەکاتێکدایە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی تیمی یەکێتی لەحکومەت، پێشترو چەند جارێک رایگەیاندبوو، ئاگاداری تەواوی دۆسیەی نەوتە. لە ١٥ی ئەم مانگەدا، لەبارەی رێککەوتنی (٥٠) ساڵەی هەرێم و تورکیاوە لەسەر نەوت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بۆ یەکەمجار بەئاشکرا دانی بەوەدا نا کە لەسەر نەوت رێککەوتنی پەنجا ساڵەیان لەگەڵ تورکیا کردووە، بەڵام وتی، ئەو رێککەوتنە کاریگەری نابێت لەسەر رێککەوتنیان لەگەڵ بەغداد. "گاڵتەم بەدوو ئیدارەیی دێ" بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان باس لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانیان دەکات لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو دەڵێت "بەرنامەی یەكێتی و پارتی بۆ حكومەت یەك بەرنامەیە"و دژی دوو ئیدارەیین. بافڵ تاڵەبانى وتى "گاڵتەم دێت بەدوو ئیدارەیی، ئەو هەموو خوێنەمان نەڕشت تا کوردستان بکەین بەچەند پارچەیەک، لەو نێوانەدا زۆر حەلى دیکە هەیە، من بڕوام بەدوو ئیدارەیی نییە، بەم هەموو حزبە نەتوانین کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین، چۆن بەیەک حزب دەتوانین".  وتیشی "ئەو هەموو خوێنەمان نەدا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بكەینە دوو پارچە، هیچ كات لەگەڵ دووئیدارەیی نین و لەبەرنامەی یەكێتیدا نییە، بەڵام دەبێ كێشەكانمان چارەسەر بكەین".  بافڵ تاڵەبانی جەختدەکاتەوە لەوەی "بەرنامەی یەكێتی و پارتی بۆ حكومەت یەك بەرنامەیە و مەكتەبی سیاسی دەنگی لەسەر داوە، تیمی یەكێتیش لەناو حكومەت سەرپشكن بۆ بڕیاردان و پێویست ناكات بگەڕێنەوە بۆ حزب". بافڵ تاڵەبانی لەوەڵامی یەکێک لە رۆژنامەنووسەکاندا سەبارەت بەئەگەری درووستبوونی شەڕی پەکەکە لەگەڵ لایەنێکی کوردی وتی "ئێمە دژی هەڵگیرسانی شەڕی کورد بەکورد و بەدیاریکراوی پەکەکەین". "کاک قوباد زۆر پیاوە.. داوا لەکاک مەلا بەختیار دەکەم ژێرزەمینی پارەکانمان پیشان بدات" لەوەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى قسەکانى پێشووى مەلا بەختیار لەبارەى ئەوەى کە وتبووى ژێرزەمینەکان پڕن لەفەردە دۆلار، بافڵ تاڵەبانى وتى "سوپاسى کاک بەختیار دەکەین بێت ئەو ژێرزەمینانەمان پیشان بدات با بزانین لەکوێیە چونکە پێویستمانە". لەدوایین كۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، كە رۆژی 21ی تشرینی یەكەمی 2020 بەڕێوەچوو، بڕیاردرا ئاگاداری بدرێتە دکتۆرەڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان. بافڵ تاڵەبانی ھەڵویستی قوباد تاڵەبانی لەکۆوبوونەوەکە نرخاند و وتی "کاک قوباد زۆر پیاوە".  وەک بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە، لەکۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی یەکێتی و پارتیدا دۆسیەی نەوت یەکێک دەبێت لەتەوەرەکانی گفتوگۆ، چونکە دەڵێت "بەگشتی ئاگاداری دۆسیەی نەوتین، بەڵام چەند گرێبەستێك هەن ئاگاداریان نین، لەگەڵ پارتی لەبارەی ئەوانە گفتوگۆ دەکەین".  هەرچەندە لەدوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە، پارتی و یەكێتی نەیانتوانیوە هیچ كۆبوونەوەیەكی فراوان بکەن، بەڵام بافڵ تاڵەبانی دەڵێ: "ئێمە لیژنەیەكمان پێكهێناوەو بەردەوام لە گفتوگۆدان و كارەكانیان بەرەوپێش چووە، دوای ئەوەی كارەكانیان تەواوبوو كۆبوونەوەی فراوانی یەكێتی و پارتی دەكرێت". "حوکمی سەربازیی لەکەرکوک جێبەجێ دەکرێت"  لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کەرکوک و رێککەوتنەکان و هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، بابەتێکی دیکەی نێوان رۆژنامەوانان و هاوسەرۆکی یەکێتی بوو. بافڵ تاڵەبانی لەبارەی شێوەی ئێستای بەڕێوەبردنی كەركوك وتی "حوكمێكی عەسكەرییە". وتیشی "پێشتر هەوڵماندا پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنێین، بەڵام هەندێك لایەن ناڕازی بوون، دوای هەڵبژاردنی عێراق هەوڵدەدەین پارێزگارێكی كورد لەكەركوك دابنێین". بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بەهەوڵی چەند پەرلەمانتارێکی کورد لەبەغداو ئیمزا کوکردنەوەیان بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم  بۆ سەر بەغدا، وتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵیدا نین و رێگەی پێنادەین.

‌هاوڵاتى ھێشتا ئێران ئەو راپۆرتانە رەتدەکاتەوە کە بڵاوبوونەوە تایبەت بەکوشتنی عەبدوڵا ئەحمەد عەبدوڵا ناسراو بە ئەبو محەمەد میسری کەسی دووەمی قاعیدە کە بەشێوەیەکی نهێنی لەتاران لەلایەن رێکخراوە ئیسرائیلیەکانەوە کوژرا، بەڵام ئەوە بووەتە پرسێکی نوێ بۆ ئەو وڵاتە کەبۆچی بەرپرسانی ئێران میسرییان لەگەڕەکێکی دەوڵەمەندی تاران بۆ ماوەی چەندین ساڵ پاراستووە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەینی (13ی تشرینی دووەم) رایگەیاند کە میسری  لەئەمریکا تۆمەتبارکراوە بەتێوەگلان لە تۆمەتەکانی 1998ی پەیوەندیدار بەتەقینەوەکانی باڵیۆزخانەکانی لەتەنزانیا و کینیا، ئەم هاوینە بەنهێنی لەتاران تەقەی لێکراو کوژرا لەلایەن بەکرێگیراوانی ئیسرائیلەوە لەسەر ماتۆڕێک بەفەرمانی واشنتۆن. بەپشتبەستن بەچەندین سەرچاوەی هەواڵگری، رۆژنامەکە رایگەیاند کە سەرکردە باڵاکەی قاعیدە لەگەڵ کچەکەی، مریەم، کوژران کە ژنی پیشووی حەمزەی کوڕی ئوسامە بن لادن بوو. بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا بە تایمزیان وت، میسری  لەژێر «سەرپەرشتی» ئێراندا بوو لەساڵی 2003وە، بەڵام لانیکەم لە 2015وە ئازادانە دەژیا لەگەڕەکێکی دەوڵەمەندی سەرەوەی تاران. چیرۆکێکی کوشتنەکەی لەبەرەبەیانی 8ی ئاب، میسری ئۆتۆمبێلێکی جۆری رینۆی سیدانی لێدەخوڕی لەگەڵ کچەکەی لەنزیک ماڵەکەی خۆی، کاتێک دوو چەکدار بەسواری ماتۆڕێکەوە پێنج جار تەقەیان لێکردن. دوو ئاژانسی هەواڵی ئێران -- ئاژانسە فەرمییەکانی ئیرناو میهر -- لەوکاتەدا رووداوێکی هاوشێوەیان راگەیاندو قوربانییەکەیان وەک حەبیب داود ناساند، مامۆستایەکی لوبنانیی وانەی مێژوو، تەمەن (58) ساڵ، لەگەڵ مریەمی کچی، تەمەن (27) ساڵ ، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر بڵاوبکەنەوە. کەناڵی هەواڵی لوبنانی ئێم تیڤی و چەند هەژمارێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران رایانگەیاند کە داود ئەندامی حزبوڵا بووە، کە رێکخراوێکی میلیشیای سەر بەئێرانە لە لوبنان. نیویۆرک تایمز رایگەیاند کە راپۆرتەکان پەسەند دەردەکەون، بەڵام راستییەکە ئەوەیە هیچ حەبیب داودێک بوونی نییە. رۆژنامەکە رایگەیاند کە چەند لوبنانییەک کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێراندا هەیە هیچ شتێکیان دەربارەی داود یان کوژرانەکەی نەبیستووە. هیچ راپۆرتێک نییە کە مامۆستایەکی لوبنانیی مێژوو لەهاوینی رابردوودا لەئێران کوژرابێت، لێکۆڵەرێکی پەروەردەییش کە لیستی هەموو مامۆستاکانی مێژووی ئێرانی لەبەردەستدایە وتی هیچ کەسێک بە ناوی حەبیب داود لەتۆماری ئەواندا نییە. بەرپرسێکی هەواڵگری وتی لەڕاستیدا «حەبیب داود» نازناوێکە بەرپرسانی ئێران داویانەتە پاڵ ئەبو محەمەد میسری. نەبیل نەعیم، سەرکردەی پێشووی جیهادی ئیسلامی لەمیسر، کە سەر بەقاعیدەیەو هاوڕێیەکی لەمێژینەی میسرییە، هەمان شتی بە کەناڵی ئەلعەرەبیەی سعودی وت لەتشرینی یەکەمدا. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوەو بە «زانیاریی ساختەو دروستکراو» لەقەڵەمیدان. بوونی پەیوەندیی لەگەڵ رژێمی ئێران میسری  یەکێک بوو لە سەرکردە دامەزرێنەرەکانی قاعیدەو پێدەچێت یەکەمین بووبێت بۆ سەرکردایەتیکردنی رێکخراوەکە دوای سەرکردەکەی ئێستای، ئەیمەن زەواهیری. دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر لەئەمریکا لە 2001، میسری  و سەیف عادل و حەمزە بن لادن بەشێک بوون لەگروپێک لەسەرکردە باڵاکان کە لەئەفغانستان هەڵهاتوون و لەئێران بەدوای پەناگەیەکدا گەڕاون. بەگوێرەی تایبەتمەندانی بواری تیرۆر، لەئێران میسری  وەک راوێژکارێکی باوەڕپێکراوی حەمزە بن لادن کاری کردووە، کەئامادەدەکرا بۆ سەرکردایەتیکردنی رێکخراوەکە، حەمزە بن لادن ساڵی رابردوو کوژرا لەئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆردا لەناوچەی ئەفغانستان-پاکستان. لە 2017، حکومەتی ئەمریکا کۆگایەکی بەڵگەنامەی ئاشکراکرد لەشوێنەکەی ئوسامە بن لادن لە ئابۆت ئابادی پاکستان، کە لەوێ لەلایەن هێزی دەریاوانیی ئەمریکاوە لە 2011 کوژرا. بەڵگەکان تیشکێکی نوێ دەخەنە سەر پەیوەندییە نهێنییەکەی قاعیدە لەگەڵ ئێران، کە ڤیدیۆی ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەی حەمزەشیان تێدابوو لەئێران. ئەو بەڵگانە، لەگەڵ کوشتنەکەی ئەمدواییەی میسری و چەندین بەڵگەی دیکە لەم ساڵانەدا، دەریدەخەن کە رژێمی ئێران، بەتایبەتی سوپای پاسداران، پەیوەندییەکی تووندی لەگەڵ قاعیدەدا هەیە. گوماندەکرێت سوپای پاسداران ژمارەیەکی زۆر چەکداری قاعیدە لەخۆبگرێت کە لەلایەن بەرپرسە نێودەوڵەتییەکان رادەکەن. بەگوێرەی نەبیل نەعیم ، سەرکردەی پێشووی جیهادی ئیسلامی لەمیسر، کە دژی تووندڕەوی وەستاوەتەوە، لیوا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی ئەوکاتەی هێزی قودسی سوپای پاسداران کە لەکانوونی دووەم لە بەغدا کوژرا، «ئەندازیاری پەیوەندیی نێوان قاعیدە و ئێرانە». نەبیل نەعیم وتی پێشئەوەی لە 2008 لەسوریا بکوژرێت، فەرماندەی سەربازیی حزبوڵا عیماد موغنییە «رۆڵێکی گرنگی گێڕا لەمەشقپێکردنی چەکدارانی [قاعیدە]، بەتایبەتی شێوازی بۆمبڕێژکردن و ئەنجامدانی تەقینەوەکان». پەیوەندیی قاعیدە لەگەڵ هەردوو سوپای پاسداران و هەواڵگریی ئێران پەیوەندییەکی بەهێزەو ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە «هێماکانی ئەو پەیوەندییە روون بوون کاتێک ئێران میوانداریی کرد لەخێزانی سەرکردەی قاعیدە ئوسامە بن لادن». نەعیم وتی هەردوولا بۆ ماوەی چەندین ساڵ هاندەری شەڕی مەزهەبی بوون، لەگەڵ ئەوەی «سوپای پاسداران خۆی وەک پارێزەری مافەکانی شیعەو بەرگریکردن لێیان دەرخستووە، قاعیدەش هەمان تاکتیک لەگەڵ سوننیەکان بەکاردەهێنێت». ئێران بەردەوام نکۆڵیی کردووە لەوەی پێشوازیی کردبێت لەبەرپرسانی قاعیدە، بەڵام بەهۆی ئاشکرابوونەکانی ئەمدواییەوە، سەختە بڕوا بەو سیاسەتە بکرێت. شرۆڤەکارێکی دژەتیرۆر لەناوەندی سوفان، کۆلین پی کلێرک، بەئاژانسی فرانس پرێسی وت «ئێران جیاوازی مەزهەبی بەکاردەهێنێت وەک کوتەکێک کاتێک بەسوودی خۆی بشکێتەوە، بەڵام دەشخوازێت چاوپۆشی بکات لەجیاوازیی نێوان سوننەو شیعە کاتێک لەبەرژوەندی ئێراندا بێت.» مردنی زەواھیری و کێشەی جێگرتنەوەی کەسی یەکەمی گرووپەکە رۆژنامەی ‹عەرەب نیوز›ی پاکستانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، سەرچاوەکانی نێو پاکستان و ئەفغانستان گیانلەدەستدانی زەواهیرییان بۆ دووپاتکردووەتەوە کە زەواهیری مردووە، بەڵام هەندێکی دیکەیان دەڵێن کوژراوە. زەواهیری تەمەن (69) ساڵ، لە نامەیەکی تۆمارکراوی ڤیدیۆییدا ئەمساڵ لەساڵیادی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری ئەمریکادا، دەرکەوت. نەتەوەیەکگرتووەکان، لەڕاپۆرتێکی خۆیدا لەحوزەیرانی رابردوو، لەبارەی چالاکیی گرووپە تیرۆریستییەکان ئاشکرایکردبوو، قاعیدە بەنهێنی لە (12) ناوچەی ئەفغانستان جموجووڵی هەبووەو زەواهیری سەرکردەشی، لەئەفغانستان دەژی. نەتەوەیەکگرتووەکان پێیوایە کۆی ژمارەی چەکدارەکانی قاعیدە لەئەفغانستان، لەنێوان (400) تاوەکو (600) چەکداردایە. کەسی دووەمی رێکخراوەکە (ئەبو محەممەد میسری) کەتۆمەتباربوو بەپلاندانان و جێبەجێکردنی تەقینەوەی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لەنایرۆبی و دارولسەلام لەئەفریقیا، لەمانگی ئابی ئەمساڵدا، لەتارانی پایتەختی ئێران کوژرا.  بۆیە کوژرانی زەواهیری، کێشە بۆ جێگرتنەوەی کەسی یەکەمی قاعیدە دروستدەکات، چونکە لەماوەی رابردوودا، ئەو رێکخراوە دوو لەگەورەترین پاڵێوراوەکانی بۆ جێگرتنەوەی زەواهیری لەسەرۆکایەتی رێکخراوەکەدا لەدەستداوە. زەواهیری دووەم کەسایەتی دیاری رێکخراوی قاعیدە بوو دوای بن لادن، ئەو ساڵی 2011 لەپاش کوژرانی ئوسامە بن لادن سەرۆکایەتی رێکخراوەکەی لەئەستۆ گرت.

  شاناز حه‌سه‌ن   لیژنه‌ى مافى مرۆڤ له‌په‌رله‌مانى کوردستان کار بۆ لێبوردنى گشتى ده‌کات له‌هه‌رێمى کوردستان و  به‌دواداچوونیان بۆ بارودۆخى زیندانییه‌کان له‌هه‌رێمى کوردستان کردووه‌، گله‌یى له‌حکومه‌ت و وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ن که‌هیچ وه‌ڵامێکیان نه‌بووه‌ بۆ لێبوردنی گشتی. له‌ئێستادا زیاتر له‌ (5) هه‌زار زیندانى له‌هه‌رسێ چاکسازى گه‌ورانى پارێزگاى هه‌ولێرو سلێمانى و دهۆک هه‌ن که‌ به‌مادده‌ى جۆراوجۆر سزادراون. به‌دریه‌ ئیسماعیل، له‌لیژنه‌ى مافى مرۆڤ و ئه‌ندامى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ ‌هاوڵاتى وت «ئه‌مه‌ جارى سێیه‌ممانه‌ که‌ راپۆرت به‌رزده‌که‌ینه‌وه‌ بۆ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار که‌حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رییه‌، که‌ ته‌نیا له‌جارى یه‌که‌مدا وه‌زاره‌تى کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى وه‌ڵامى هه‌بوو و به‌ده‌م داواکه‌مانه‌وه‌ هات». ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه‌ که‌ له‌ئێستادا له‌هه‌رسێ چاکسازییه‌که‌ ده‌ستیان کردۆته‌وه‌ به‌سه‌ردانیکردن و به‌دواداچوون بۆ بارودۆخى زیندانییه‌کان،  وتى»بۆ ئه‌وه‌ى له‌نزیکه‌وه‌ ئاگادارى هه‌موو داواکارییه‌کانیان بین و به‌دواداچوونمان کردووه‌ له‌ڕووى ئیدارى و خه‌ده‌مى و خۆراک و جێگایانه‌وه‌و هەروەها بابه‌ته‌ یاساییه‌که‌ش و راپۆرتى خۆمان ئاماده‌کردووه‌«. تائێستا ماوه‌ى شه‌ش مانگه‌ په‌رله‌مانتارانى په‌رله‌مانى کوردستان سێ جار سه‌ردانى هه‌رسێ چاکسازییه‌کانیان کردووه‌و راپۆرتى خۆیان ئاماده‌کردووه‌ له‌سه‌ر ره‌وشى ژیانى زیندانییه‌کان له‌زیندانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان. به‌دریه‌ ئیسماعیل ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد، به‌وپێیه‌ى  سه‌ردانى زیندانیه‌کانیان کردووه‌ له‌نزیکه‌وه‌ له‌بارودۆخیان ئاگادارن. هەروەها وتى «له‌و کاته‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا بڵاوبووەته‌وه‌و له‌زۆربه‌ى وڵاتانى جیهان لێبوردنى گشتى بۆ زیندانییه‌کان ده‌رده‌کرێت زیندانییه‌کانى ئێره‌ش که‌وتوونه‌تە بارودۆخێکى ده‌روونى خراپ و ناجێگیره‌وه‌«. ئه‌م ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى مافى مرۆڤ وتیشى «له‌دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان داواى ئاماده‌بوونى هه‌رسێ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارو سێ وه‌زاره‌ته‌که‌مان کردبوو که‌په‌یوه‌ندیدارن به‌بابه‌ته‌که‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئاماده‌نه‌بوون». لیژنەکە بۆ جارى سێیه‌م له‌ڕاپۆرته‌که‌دا داوایان کردووە کە له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌دا وه‌ڵام بدرێینه‌وه‌، بەڵام حکومەت هێشتا وەڵامی نەداونەتەوە. له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى له‌ئێستادا (103) پیاو سزادراون و له‌زیندانه‌کاندان و  (37) ژن و (25) له‌ نه‌وجه‌وانان سزادراون و له‌زیندانه‌کاندا ژیانده‌که‌ن، که‌ له‌ئێستادا (13) که‌سیان تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون. تائێستا نزیکی (94) هەزار تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون و زیاتر لە سێ هەزار کەسیش مردوون، بەڵام ئاماری ورد لەبەردەستدا نیە لەسەر ئەوانەی کە لەگرتووخانەکان تووشبوون. زانا خالید، ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆناو قه‌ره‌باڵغى زیندانه‌کان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین لیبوردن هه‌بێت بۆ به‌شێکى زۆرى ئه‌و حاڵه‌تانه‌و به‌پێى یاساکه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت، چونکه‌ پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ هه‌بێت به‌بارودۆخى زیندانییه‌کان و ناو چاکسازییه‌کان، چونکه‌ به‌پێى قه‌باره‌ى چاکسازییه‌کان ژماره‌ى زیندانییه‌کان دوو ئه‌وه‌نده‌یه‌«. دوو جۆر لێبوردن هەیە کەلێبوردنى تایبه‌ت و گشتین، لێبوردنى تایبه‌ت لەده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆکى هه‌رێمه‌و ئه‌ویش بۆ ئه‌و که‌یسه‌ تایبه‌تانه‌یه‌ که‌ له‌دادگاکاندا ئاماژه‌یان پێده‌درێت. ئه‌ندامه‌کەى فراکسیۆنى پارتى وتى «له‌پێشتردا لیژنه‌ى تایبه‌ت هه‌بوو له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ ئه‌و بابه‌ته‌و به‌ڕاسپارده‌ى سه‌رۆکى حکومه‌ت، ئه‌ندامى لیژنه‌کان پێکهاتوون له‌ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان، بۆیه‌ بۆ ئه‌م وه‌زعه‌ى ئێستاش راپۆرتى خۆیان ئاماده‌ کردووه‌و به‌وپێیه‌ که‌ته‌واو تاووتوێکرا بابه‌ته‌که‌ بکرێته‌ لێبوردنى گشتى». وتیشى «له‌ئێستادا که‌یسه‌که‌ کارى له‌سه‌رده‌کرێت و چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامه‌کانى لیژنه‌که‌ین له‌کاتێکى دیارینه‌کراودا». ئه‌ندامێکى  لیژنه‌ى یاسایى پێى وایه‌ لێبوردنى گشتى له‌هه‌موو کات و ساتێکدا بوونى یاساییه‌و هیچ رێگرییه‌کى نیه‌. جه‌لال محه‌مه‌د، ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى یاسایى له‌فراکسیۆنى گۆڕان له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «له‌ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆکى هه‌رێمدا هه‌یه‌ که‌ داوابکات و بتوانێت بۆ لیبوردنى گشتى ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى بکات و په‌رله‌مانتارانیش بۆ خۆیان  ده‌توانن پرۆژه‌یه‌کى لێبوردنى گشتى پێشکەش بکه‌ن بۆ سه‌رۆکایه‌تى». ئه‌ندامه‌که‌ى لیژنه‌ى یاسایى وتى «له‌هه‌موو کات و بارودۆخێکدا ده‌کرێت له‌لایه‌ن سه‌رۆکى هه‌رێم و په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ ئه‌و که‌یسه‌ بجوڵێنرێت». له‌ساڵى 2007 له‌هه‌رێمى کوردستان لێبوردنى گشتى بۆ ژماره‌یه‌ک زیندانى ده‌رکراو دواى پێنج ساڵ واته‌ له‌ساڵى 2012دا جارێکى دیکه‌ ژماره‌یه‌کى تر زیندانى به‌ر لێبوردنى گشتى که‌وتنه‌وه‌و بۆ جارى سێیه‌م له‌ 2017دا لێبوردنى گشتى ده‌رکراوه‌ته‌وه‌، واته‌ ماوه‌ى سێ ساڵه‌ لێبوردنى گشتى له‌هه‌رێم نه‌دراوه‌. دانا دارا، راوێژکارى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت»لێبوردنى گشتى پرسێکى قورسه‌و جیاوازه‌ له‌لێبوردنى تایبه‌ت، له‌ده‌سه‌ڵاتى راسته‌وخۆى په‌رله‌ماندایه‌و پێویسته‌ ورده‌کارى له‌سه‌رى هه‌ژمار بکرێت، به‌پێى حاڵه‌ته‌که‌و سزاکه‌ى دیاریده‌کرێت». هه‌روه‌ها وتیشى «نێوان هه‌ر ده‌رچوونێکى لێبوردنى گشتى له‌هه‌رێم تائێستا چوار ساڵى پێچووه‌، به‌پێى یاسا رێکخراوه‌و جێبه‌جێکراوه‌«. دانا دارا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد»باوه‌ڕناکه‌م ئێستا حکومه‌ت داواى ئه‌و لێبوردنانه‌ بکات». بۆ  په‌رله‌مانیش وتى «پێویسته‌ (10) په‌رلەمه‌نتار واژۆ بکات و  به‌رزى بکه‌نه‌وه‌و پێویستى به‌گه‌ڕانه‌وه‌ نییه‌ بۆ لایه‌نێکى دیکه‌«. راوێژکاره‌که‌ى په‌رله‌مان ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ «لێبوردنى گشتى به‌گشتى که‌ باسبکرێت باش نیه‌، چونکه‌ که‌ به‌دواى رێگه‌چاره‌یه‌کى باشدا بگه‌رێین ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بارودۆخى چاکسازییه‌کان و  مه‌رجه‌کانى گرتن و ئازادکردن هه‌مواربکرێته‌وه‌و به‌و شێوه‌یه‌ى ئه‌و که‌سه‌ى ماوه‌یه‌کى سزاکه‌ى به‌سه‌ر ده‌بات، ئیسڵاحى بکات و ئازادبکرێت واته‌ ئازادبوون به‌مه‌رج». له‌هه‌مانکاتدا ئه‌وه‌شى وت «لێبوردنى تایبه‌ت بۆ هه‌ندێک که‌یس پێویسته‌ به‌رده‌وام هه‌بێت، بۆ نموونه‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى به‌ته‌مه‌نن و نه‌خۆشن،  که‌ئه‌مه‌ زیاتر سه‌ڵاحیه‌تى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمه‌«.

  کاکەلاو عەبدولا   ئەو فرۆکە بۆمبهاوێژەی زۆرترین خزمەتی هەیە لەسوپای ئەمریکادا گەیەندرایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوەک «پەیامێک بۆ ئێران» لێکدەدرێتەوە. ناوەندی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند گەشتێکی تاقیکردنەوەی دوور مەودایان بەفڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی  B-52 کردووە لەشەممەی رابردوودا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی « ساردکردنەوەی کردەی شەڕەنگێزانەو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا». سوپای ئەمریکا باسی لەوە نەکردووە کەئایا ئەو فڕۆکە جەنگییانە چوون بۆ کام وڵات و ناوچانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاند لەبنکەی ئاسمانی مینۆت لە نۆرس داکۆتاوە فڕیون. فرۆکەی جەنگی B-52 فرۆکەیەکی دوورمەودای بۆمبهاوێژە کە لەتوانایدایە (٣٢) هەزار کیلۆگرام چەک هەڵبگرێت لەبۆمبی ناوکی، موشەکی کروزی و هەروەها چەندین جۆری بۆمبی تر جگە لەوەی دەتوانێت زیاتر لە (١٤) هەزار کم ببڕێت بەبێ پڕکردنەوەی سووتەمەنی. ساڵی ١٩٤٦ دەستکراوە بەدیزاینکردنی لەلایەن کۆمپانیای بۆینگی ئەمریکی و یەکەم فڕینی لەساڵی ١٩٥٢ بووەو لە ١٩٥٥ چووەتە بواری خزمەتەوە لەسوپای ئەمریکاو تائێستاش بەردەوامە کە لەوکاتەوە (٧٤٤) دانەی لێ دروستکراوە. نرخی هەر دانەیەکی لەنێوان (٦١-٧٤) ملیۆن دۆلارەو بەپێی ئامارێکی حوزەیرانی ٢٠١٩، (٥٨) دانە لە خزمەتدان و (١٨) دانەش لەیەدەگدان جگە لەوەی کە (١٢) دانە لەکۆگای درێژخایەندان. B-52 فرۆکەیەکی زۆر زەبەلاحەو درێژییەکەی (٤٧) مەترەو پانییەکەشی (٥٦) مەترە و دەتوانێت (١٥) هەزار مەتر بەرزببێتەوە، کێشی (٨٣) هەزار (٢٥٩) کیلۆگرامەو لەکاتی هەستانیشدا دەبێت بە (٢٢٠) هەزار کیلۆگرام و ئەوپەڕی خێرایی دەگاتە هەزارو  (٤٠) کم لەکاتژمێرێکدا. ئامانج لەدروستکردنی هەڵگرتنی چەکی ناوکی بووە لەسەردەمی جەنگی سارددا بۆ ئەرکی ساردککردنەوەی هەوڵەکانی یەکێتی سۆڤیەت، بەڵام بەردەوام بووە لەخزمەت و لەجەنگی ڤێتنام، جەنگی کەنداو، هەروەها جەنگی ئەفغانستان بەشداری کردووە، زۆرترین خزمەتی هەیە زیاتر لەهەر فرۆکەیەکی جەنگی لەسوپای وڵاتانی جیهاندا. بەهۆی ئەدایەکی باڵادەست لەبەرزاییەکی زۆر بەخیراییەکی زۆر باشەوەو هەروەها بەهۆی تێچوویەکی کەمی کارپێکردنییەوە، سوپای ئەمریکا لەخزمەتدا هێشتویەتییەوە سەرەڕای ئەوەی فرۆکەی پێشکەوتووتر دروستکراون. سوپای ئەمریکا لەساڵی ٢٠١٠، (٧٥٠) ملیۆنی بۆ (١٠) ساڵ لەپاڵپشتی و تازەکردنەوەی فرۆکەکەدا تەرخان کردو بەنیازە تاساڵی ٢٠٥٠ لەخزمەتدا بیهڵێتەوە. ئەم هەنگاوەی واشنتن بە «پەیامێک بۆ ئێران» لێکدەدرێتەوە لەلایەن چەند میدیایەکی ئەمریکاوە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بڵاوبووەوە دۆناڵد ترەمپ داوای بژاردەی هێرشی کردووە بۆ سەر ئێران، بەڵام دواتر پەشیمان بووەتەوە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی هەفتەی رابردوو لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەمریکا لەکۆبوونەوەیەکی باڵای ئیدارەکەیدا کەوەزیری دەرەوەو وەزیری بەرگری بەوەکالەت ئامادەی بوون داوای کردووە بژاردە سەربازییەکانی  بۆ هێرش کردنەسەر ئێران بخەنەڕوو، ئەوەش دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند ئێران  (١٢) ئەوەندەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی رێگەپێدراوی لەکۆگایەکیدا هەیە. لەکۆبوونەوەکەدا مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوە، هەروەها کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگری بەوەکالەت بەشداربوون و چەند سیناریۆیەکیان خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ تا هێرش بکاتەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. «ئەو داوای بژاردەیەکی لێکردن، ئەوانیش چەند سیناریۆیەکیان خستە بەردەمی، بەڵام دواتر بڕیاریدا کە بەردەوام نەبێت»، بەرپرسەکە ئەمەی بە نیویۆرک تایمز وت.

  ‌هاوڵاتى سێ کچی کورد لەیەک هەفتەدا سی خەڵاتی جیهانییان وەرگرت، کەئەوانیش هەریەکە لە سارا عومەرو زێڕین گەردی لەباشوورو زارا دۆغان لەباکوری کوردستانن. خەڵاتی ئەمساڵی ‹لاوراڵ›ی ئەدەبی لەدانیمارک درا بە سارا عومەر تەمەن (33) ساڵ، کە خەڵکی سلێمانییەو دانیشتووی دانیمارکە، هەروەها خەڵاتی ئەمساڵی کاریگەری جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ درایە زێڕین گەردی لەباشووری کوردستان.  زارا دۆغانیش خەڵاتی کارۆڵ رامای ئیتاڵی لەبواری هونەردا بردەوەو بووە سێیەم کچی کورد کە خەڵاتی جیهانی بەرز وەرگرن تەنها لەیەک هەفتەدا. هەریەکە لەزاراو سارا ئەوە یەکەم جاریان نییە کەخەڵاتی جیهانی دەبەنەوە. چیرۆکی زارا دۆغان چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە، ماوەی  سێ ساڵە لەزیندانەکانی تورکیا ژیان دەگوزەرێنێت، تورکیا بەهۆی چەند تابلۆیەکەوە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکەی داوەتە پاڵ زاراو زیندانی کردووە. زارا دەڵێت لەزینداندا دوو رێگام لەپێش بوو: یان تەسلیم بوون یان بەرخۆدان... رێگای بەرخۆدانم هەڵبژارد. چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکەی زارا لێرەوە دەستپێدەکات: زارا بەنهێنی لەزیندان بەردەوامبووە لەکێشانی تابلۆکانی و بەقاچاغیش تابلۆکانی ناردۆتە دەرەوەی زیندان. زارا لەزینداندا هیچ کەرەستەیەکی بۆ کێشانی تابلۆکانی دەستنەکەوتووە، ناچار جلی کۆن و موقەباو پەڕەی رۆژنامەی وەک گراوند بەکارهێناوە. گیاوگۆڵ، سوتەکی جگەرە و توێکڵی هەنار، گەڵای خاس و تۆزی قاوەو تەنانەت خوێنی سوڕی مانگانەی بۆ رەنگەکان بەکارهێناوە. سەرەنجام زارا وانەیەکی تری «بەرخۆدان ژیانە»ی پێگوتین. زارا خۆی زیندانیی بوو و تابلۆکانی بەئازادی لەهۆڵەکانی هونەر لەئەوروپا و ئەمریکا ئازارو مەینەتییەکانی زاراو نەتەوەکەی دەگایەندە هەزاران کەس. زارا لەزیندانەوە تەسلیم نەبوو و بووە براوەی خەڵاتی کارڵ رامای ئیتاڵیی.. زارا دۆغان ماوەی سێ ساڵە لە زیندانەکانی تورکیادایە و بەتۆمەتی بانگەشە و پشتیوانی بۆ پەکەکە، ئەوەش دوای ئەوەهات کە تابلۆیەکی لەسەر رووداوەکانی نوسەیبین لە12ی تەمموزی 2016دا کێشا کە تیایدا هێرشەکانی تورکیای بۆسەر خەڵکی ناوچەکە دەگێڕایەوە. بەگوێرەی لێدوانێکی بۆ ئاژانسی فرانس 24 بەشێوەی نووسراو، وتوویەتی تابلۆکانم لێرە لەسەر تیشێرت و خاولی دەکێشم و سەرین و کەتان و زەرف و کاغەزی جگەرە بەکاردەهێنم. ئەو وتووشیەتی، فڵچەی بۆیەکانی لەقژی هاوڕێکانی دروستکراوەو توێکڵی پەتاتە، تەماتەو چا توێکڵی هەنارو تۆزی قاوە بەکاردەهێنێت و هەندێک جار بە «جوانترین رەنگ» ی خۆی کە خوێنی سوڕی مانگانەیەتی وێنەکانی دەکێشێت. ئێستا زارای تەمەن (30) ساڵان، لەزیندانەوە، براوەی خەڵاتی کارڵ رامای ئیتاڵییە، یەکەم زیندانی سیاسییە کە بەهۆی کێشانی وێنەکێشانەوە دەستبەسەر دەکرێت، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بەرەو نائومێدی بچێت، زیاتر داهێنەرو کارکەر بووە.. هونەرمەندەکە بەئاژانسە فەرەنسیەکەی وتووە، بەهاوکاری و هاوڕێی زیندانیەکانی تابلۆکانی ئامادە کردووە کە هەر شتێک زانیبێتیان رەنگی دەبێت لەخواردنە بەجێماوەکەیان بۆیان هێناوە، لەکاتی کارکردندا بەدەوریدا کۆبوونەتەوە و هانیانداوە. زارا دۆغان لەنامەکانیدا لەزیندانەوە بۆ هاوڕێکەی ناز ئۆکەی کە رۆژنامەوان بووە بەرهەمەکانی ناردووەتە دەرەوەو چەند چیرۆک و کارێکیشی لەو رێیەوە بەزمانی فەرەنسی بڵاکردووەتەوە. زارا دۆغان لەساڵی 1989 لەئامەد لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی دیجلەیە. لەکاتی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆدا زارا دۆغان لەشەقامەکانی شارۆچکەی نسێبین لەمێردینی باکووری کوردستان تابلۆی لەسەر دیوارەکان دەکێشاو بەهۆیەوە تۆمەتی ئەندامبوون لەپەکەکەی خرایەپاڵ.  رۆژی 23ی تەممووزی 2016 لەمێردین دەستگیرکراو رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ ئازادکرا، دوای بێتاوانبوونی لەو تۆمەتانەی خرابوونە پاڵی، لەمانگی حوزەیرانی 2017دا بەتۆمەتی ئەندامبوون و پرۆپاگەندەکردن بۆ پەکەکە بۆ ماوەی (33) مانگ لەگرتووخانەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستبەسەر کراو رۆژی 24ی شوباتی 2019 ئازادکرا. زارا درێژەی بەکارە هونەرییەکانی داو تابلۆکانی لە مۆزەخانەی سانتا گیولیا بیچ (Santa Giulia Beach) نمایشکرا و بووە مایەی سەرنجی زۆر هونەرمەندان و هونەردۆستانی ئیتاڵیا. زارا لەماوەی دوو ساڵدا خەڵاتێکی هونەریی لەئیستەنبووڵ و شەش خەڵاتی دیکەی هونەریی لەئیتاڵیا بەدەستهێنا. هەر لەچەند رۆژی رابردوودا، سارا عومەر، لەوپەڕی باکوری دونیا، لەوڵاتی دانیمارک و زێڕین گەردیش لەوپەڕی باشوری دونیا، لەوڵاتی نیوزلەندا دوو خەڵاتی باڵا وەردەگرن. خاتو سارا خەڵاتی ‹لاورەڵ›ی زێڕێنی پێدەبەخشرێت، کە بەرزترین خەڵاتی دانیمارکە لەبواری ئەدەبداو ساڵانە بەو نووسەرانە دەدرێت کە خاوەنی پڕفرۆشترین و نایابترین کتێبن. زێڕین گەردیش خەڵاتی کاریگەری جیهانی پێدەبەخشرێت، کەساڵانە لەلایەن YPO بەیەکێک لەو گەنجە رابەرانە دەدرێت کە لەبواری مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهاندا کاریگەرییان هەیە. ئارام رەفعەت، نووسەر، لەوبارەیەوە دەڵێت ئەو کچانە پێمان دەڵێن «ئەگەر تاکی کورد هەلی بۆ بڕەخسێت لە تاکی نەتەوەکانی تر باڵاتر نەبێت، کەمتر نییە. ئەگەر دەسەڵاتیش دەرفەتێک بەو مرۆڤە جوانانە نادات، با ئێمەی هاووڵاتی رێز لە بەهرەو جوانییەکانیان بگرین». سالی رابردووش سارا عومەر، نووسەرو رۆشنبیرو پارێزەری مافی مرۆڤ لەوڵاتی دانیمارک، خەلاتی ژنی ساڵی پێبەخشرا. خه‌ڵاتی ژنی ساڵ لە دانیمارک ده‌درێت به‌و ژنانه‌ی که‌ له‌ناو ژنه‌کانی تردا کاره‌کانیان به‌شێوازێکی رێچکه‌شکێن دیاره‌،  ئەویش له‌وڵاتی دانیمارک و ئه‌سکه‌نده‌ناڤیاو زۆربه‌ی به‌شه‌کانی تری جیهان کار بۆ مافه‌کانی ژن و منداڵ و مرۆڤ ده‌کات. سارا عومەر، دەڵێت «کار بۆ شکاندنی تابۆکان ده‌که‌م، هه‌ر له‌و تابۆیانه‌وه‌ که‌ دین و پیاوسالاری دروستی کردوون هه‌تا ئه‌و تابۆیانه‌ی که‌کراون به‌کولتورو هه‌ندێک ژن له‌به‌ر وشه‌ی عه‌یبه‌ به‌توندی ده‌ستی پێیانه‌وه‌ گرتووه‌.» سارا عومەر تەمەنی (33) ساڵە و خەڵکی سلێمانیەو ساڵی 2017 رۆمانی مردوشۆری بڵاوبووەوە و لەجیهاندا دەنگدانەوەی هەبوو.  

‌ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود  فۆتۆ: سامان مەجید ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لەبەغدا کەبانگەشەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەن بۆسەر بەغدا، تۆمەتباردەکرێن بە «ختووکەدانی ئازارەکانی مووچەخۆران» بەمەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چونکە هەوڵەکەیان پاڵپشتی یاسایی نییە، ئەوەش بەبڕوای لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و شارەزایانی یاسایی. ماوەی چەند مانگێکە هەوڵێک هەیە لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی کوردەوە لەبەغدا کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر حکومەتی عێراق، ئەوەش لەسەر داواکاری فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازیی بوو کە بەیاداشتیک دابوویانە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق و دواتر لەناو پەرلەمانتاراندا (138) ئیمزا بۆ پاڵپشتی کۆکرایەوە. گروپێک بەناوی (کەمپینی واژۆ بۆ گوستنەوەی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران) خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن لەسەر ئەو هەوڵەو دەڵێن «شەرەفی» بنیاتنانی بەردی بناغەی بڕۆژەکە بەر ئەوان دەکەوێت و مژدەی ئەوە دەدەن کەپرۆژەکەیان خەریکە دەگاتە ئەنجام، بەڵام لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و شارەزایانی دەستوور باس لەگرفتە یاساییەکانی هەوڵەکە دەکەن و هەندێکیشیان پەرلەمانتارانی پاڵپشتیکاری پڕۆژەکە تۆمەتباردەکەن بەهەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کەبڕیارە لەحوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت. دڵشاد عەبدولڕەحمان، سیاسەتمەدارو وەزیری پێشووتری پەروەردە لەهەرێمی کوردستان وتی «بەداخەوە هەندێک لەپەرلەمانتارانی کورد دەیانەوێت مووچەی فەرمانبەران بکەنە توێشوو بۆ وەرگرتنی پۆست لەپەرلەمانی عێراق و هەروەها دەیانەوێت بانگەشەیەک بکەن بۆ هەڵبژاردنیان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان و ئەوەش بێویژدانییەو ختووکەدانی ئازارەکانی مووچەخۆرانە، بۆیە پەرلەمانتارانیش دەزانن کە سەرناگرێت.» وتیشی «تەنها رێگە بۆ گەڕانەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، فشار خستنەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا.» هەریەکە لەپەرلەمانتاران غالب محەمەد، رێبوار کەریم ، ئەحمەد حاجی رەشید، سەرکەوت شەمسەدین رایانگەیاند بە هاوبەشی هاورێکانیان لەکوتلە جیاوازەکانی عێراق توانیمان گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران پشتیوانی زۆرینەی هەرە زۆری فراکسیۆنە عێراقییەکانی بۆ بەدەستبهێنین و بەیاسا دەچەسپێنرێت لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان». بەهار مەحمود، پەڕلەمانتاری لیژنەی یاسایی لەلێدوانێکیدا بە ‌ھاوڵاتی وت «هەوڵی چەند پەرلەمانتارێکی هاوڕێمان بەرز دەنرخێنین، ئەوان بەنیەتی باش ئەو هەوڵەدەدەن، بۆ ئەوەی قازانج بەموچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگەیەندرێت، بەڵام لەڕووی دەستورییەوە بەپێی ماددەی (١٢١ و ١١٧)ی دەستور سێ دەسەڵاتەکەی هەرێمی کوردستان دانیان پێدانراوە». وتیشی « لەڕووی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نیە بڕیاری لەو شێوەیە دەربکات بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەت، چونکە لەیاسای بودجەشدا پەرلەمان دەسەڵاتی زیادکردنی بودجەی نیە، بەڵکو تەنها توانای گواستنەوەی هەیە لەنێوان فەسڵ و ماددەکاندا، هەر پڕۆژە یاسایەک کەپاڵپشتی دارایی بوێت، دەبێت پەرلەمان پرس بەحکومەت بکات، یان پڕۆژەکە خۆی لەحکومەتەوە هاتبێت یان پەرلەمان رای حکومەت وەربگرێت و حکومەت رازی بێت.» بەهار مەحمود هەروەها وتی «بەڕای من حکومەت رازی نابێت، بەبێ رادەستکردنی داهاتەکانی هەرێم... بڕواناکەم هەوڵێکی لەم جۆرە ئەنجامی هەبێت». ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی یاسایی باشترین چارەسەر بەوە دەزانێت کە فشار بخرێتەسەر حکومەتی هەرێم کە پابەندبێت بەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ئەوەی لەبودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا بچەسپێنین. یاسای کورتهێنانی بودجە کە رێگە دەدات حکومەتی عێراق قەرزبکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە لە 12ی ئەم مانگەدا لە پەرلەمانی عێراق بەبێ کورد دەنگی لەسەر درا، یاساکە هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە رادەستکردنی نەوت، ئەوەش کیشەیەکی چەند ساڵەی نیوان هەردوولایەو چارەسەر نەکراوە. ئەو پەرلەمانتارانەی کە واژۆیان کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگوازرێتەوە سەر بەغدا، دەڵێن هەرێم ئامادە نیە لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت بۆیە ئەو بژاردەیەیان پی باشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغداوە بێت. چەند پەرلەمانتارێکی کورد کە پاڵپشتی پڕۆژەکە دەکەن دەڵێن تائێستا (١٣٨) هەزار ئیمزایان کۆکردۆتەوەو بەردەوامیش دەبن تاهەوڵەکەیان دەکرێتە یاسا. رێبوار کەریم، پەرلەمانتاری عێراق یەکێکە لەپاڵپشتیکارانی پڕۆژەکە، لەلێدوانێکیدا بە ‌ھاوڵاتی وت «ئێمە ئیمزای پێویستمان بەزیادەوە بۆ کۆکردۆتەوە ئاڕاستەی لیژنەی تایبەتمەند کراوە بۆ ئەوەی بکرێت بەبڕیارو بەیاسا یەکێک بێت لەڕێگە چارەسەرەکانی مووچەی فەرمانبەران». وتیشی « ئێمە کارێک دەکەین بەغدا دان بەهەموو مووچەخۆرانی هەرێمدا بنێت، تائێستا خۆشبەختانە رێگریی گەورە نیە، ئێمە دەمانەوێت رێگرییەکان لابەرین، ئەگەرهاتوو سەربگرێت لەساڵی داهاتووەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخرێتەسەر عێراق.» بەڵام بەبڕوای شارەزایانی یاسایی هەوڵی ئەو پەرلەمانتارانە یاسایی نیەو پێیانوایە کە گەشبینیدان بە فەرمانبەران دەبێتەهۆی نائومێدکردنیان، لەدواجاردا کاتێک کە دەبینن پڕۆژەکە سەرناگرێت. حاکم شێخ لەتیف پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و شارەزای دەستوورو یاسا وتی «بۆ ئەوەی مووچەخۆران دڵخۆش نەکرێن و دواتریش تووشی نائومێدی زیاتر نەکرێنەوە، سەرەتا دەبێ ئەوە بزانن کە پەرلەمان دەسەڵاتی بڕیاردانی خەرجکردنی پارەی نیەو ناتوانێ هیچ بڕە خەرجیەکی ئیزافی بەدەر لەوەی لەو بودجەیەی بڕیاری لەسەردراوە، زیاد بکات یان حکومەت ناچار بکات بەو خەرجییە». وتیشی «هەر جۆرە خەرجیەکی زیادە دەبێ پرۆژەکە لەڕێی حوکمەتەوە پێشکەش بکرێ یان بە رەزامەندی حکومەت بێت، ئەگەرنا پابەندی بۆ حکومەت دروست ناکات». ئەگەرچی پەرلەمانتارە کوردکان دەڵێن هەوڵەکەیان دەکەن بەیاسا، بەڵام حاکم شێخ لەتیف وتی «ئەگەر بەیاساش دەربچێت بێ رەزامەندی حکومەت هیچ بەهای نابێ و دەتوانێ پابەند نەبێت پێوەی، چونکە لەدەسەڵاتی پەرلەمان نیە». وتیشی «پەرلەمانی عێراق بێ رەزامەندی حکومەت لەم بابەتەدا تەنها یەک دەسەڵاتی هەیە، ئەویش ئەوەیە بەدەرکردنی بڕیارێکی نامولزەم بۆ حکومەتی عێراق کە لەچوارچێوەی یاسای بودجەو ئیدارەی مالی چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە، هەر ئەوەندەو زیاتر نا». لەگەڵ ئەوەی شارەزایانی یاسایی دەڵێن هەوڵەکە سەرناگرێت بەڵام گروپێک بەناوی ‹ کەمپینی واژۆ بۆ گوستنەوەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران، خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن و دەڵێن پڕۆژەکەیان خەریکە دەگاتە ئەنجام. پێش ئەوەی پڕۆژەکە بچێتە پەرلەمانی عێراق ئەم گروپە ئیمزایان کۆکردۆتەوە. بەپێی راگەیەنراوێکی گروپەکە کەدوێنێ یەکشەممە بڵاویان کردەوە، دەڵێن «ئەو پرۆژەیەی ئێمە شەرەفی بنیاتنانی بەردی بنەغەکەیمان پێدەبڕێت خەریکە دەگاتە ئەنجام». گروپەکە لە ١٣/٥/٢٠٢٠ کەمپینی واژۆ کۆکردنەوەیان دەستپێکردو دەڵێن توانیویانە زیاتر لە (١٥٧) هەزار واژۆ کۆبکەنەوە لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان بۆ پشتگیریی پرۆژەکە. گروپەکە لەو راگەیەندراوەدا دەڵێن «ئەوانەی پشتیوانییان لەسەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە کردووە، لە دهاتوودا حەق وایە ناویان بەزێڕ بنووسرێتەوە، چونکە لەوەتەی حکومەتی عێراق دروست بووەتەوە دوای رژێمی سەدام ، هیچ پرۆژەیەک هێندەی ئەم پرۆژەیە خزمەت بەخەڵک و فەرمانبەرانی هەرێم ناکات». بەڵام عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان و بەرپرسی پێشووی ژووری ئابوری بزووتنەوەی گۆڕان بەدووری دەزانێت هەوڵەکە سەربگرێت و دەڵێت ئەوەی ئەو باسی دەکات رەنگە بە خواستی زۆرینەی مووچەخۆران نەبێت، بەڵام پێیوایە ئەوە «واقیعە». عەلی حەمەساڵح وتی «تاوەکو ئەم ساتە کازمی باشترین دۆستی پارتی و یەکێتیە، نەک هەڵوێستێکی وا؛ ئامادەنیە لێدوانێکیش بدات دژی گەندەڵی بەرپرسانی هەرێم، چ جای بیەوێت دەسەڵاتیان لێوەربگرێت». وتیشی «تاوەکو ئەم ساتە کازمی تەنیا نمایش دەکات، بپرسن دوای چوونی بۆ باشماخ و ئیبراهیم خەلیل چی روویدا؟ گەندەڵی و قاچاخی زیادی کرد». ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان داوای رێگەچارەیەکی تر دەکات، ئەویش ئەوەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گەرەنتی بکرێت لەبودجەی ٢٠٢١ و لەبەرامبەریشدا هەرێم ئامادەبێت (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی لێوەربگیرێت و ٥٠٪‏ ی داهاتە فیدڕاڵییەکان بدات». عەلی حەمە ساڵح وتی «ئەمریکاو هێزە نێودەوڵەتیەکانیش لەگەڵ ئەم بژاردەیەن.» هەروەها وتی «پاشان با هەڵمەتێکی گەورە دژی ئەم قاچاخچێتی و گەندەڵییەی ناوخۆ بەرپابکەین، من خۆم بەهەموو توانام بۆ ئەم ئامانجە کاردەکەم».