هێمن حهسهن جارێکی دیکه ههڕهشهکانی رهجهب تهیب ئهردۆغان بۆ سهر کهمپی مهخمور دهستیپێکردهوهو رایگهیاند، بابهتی مهخموریان بهجددی وهرگرتووهو بهم زووانه کهمپهکه چارهسهر دهکهن، نوێنهری ههدهپهش لهههرێم دهڵێت:» حکومهتی عێراق و نهتهوهیهکگرتووهکانیان لهو ههڕهشانهی ئهردۆغان ئاگادارکراوهتهوه«. رۆژی شهممه پێنجی حوزهیران و تهنیا سێ رۆژ دوای ئهم لێدوانه تورکیا بهفڕۆکه هێرشیکرده سهر کهمپی مهخمورو بههۆیهوه سێ پهنابهری کهمپهکه گیانیان لهدهستدا، ئهوهش دهستپێکی ئۆپهراسیۆنێکی نوێیه لهدژی پهکهکهو کۆتاییهێنان بهو کهمپه. میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردهوه که لهدوای 15ی ئهم مانگهوه ئۆپهراسیۆن بۆسهر کهمپی مهخمور دهستپێبکات. لهماوهی ساڵی رابردووهوه تائێستا نزیکهی (10) جار بۆردومانی کهمپهکه کراوهو دوایەمین جاریان مانگی یهکی ئهمساڵ بوو که بههۆیهوه دوو گهنجی کهمپهکه گیانیان لهدهستداو تائێستاش بهردهوام فڕۆکهی بێفرۆکهوان رۆژانه بهسهر ئاسمانی کهمپهکهدا دهسوڕێتهوه. ئهمه تازهترین ههڕهشهو هێرشی تورکیا بوو سهبارهت بهکهمپی مهخمور، بهڵام تازهترین ههوڵ نییه بۆ کۆتاییهێنان بهو کهمپه لهلایهن ئهو وڵاتهوه، لهماوهی چهند ساڵی رابردوودا بهردهوام ههوڵی داخستنی کهمپهکهی داوه، بهڵام بههۆی فشاره نێودهوڵهتییهکان و رێگرییهکانی نهتهوهیهکگرتووهکان و حکومهتی عێراق شکستی هێناوه. حاجی کاچان، هاوسهرۆکی ئهنجومهنی بهڕێوهبردنی کهمپی مهخمور دهڵێت:» ئهگهر هێرشیان بکرێتهسهر هیچ دهسهڵاتێکیان نییهو ناتوانن بهرگری لهخۆیان بکهن». هاوسهرۆکی ئهنجومهنی کهمپی مهخمور بههاوڵاتى وت:» ههموو کهس دهزانێت ئهوانهی لهکهمپی مهخموردان هاووڵاتی سادهو بێدهسهڵاتن کهزۆربهیان ژن و مناڵن، حکومهتی عێراق و نهتهوهیهکگرتووهکان هاتوون بۆ لامان و سهردانیان کردوین و راپۆرتیان ئاماده کردووه که ئهمه کهمپێکی خهڵکی سڤیله نهک پهکهکه«. ههروهها کاچان بهرپرسیارییهتی پاراستنی کهمپهکهی خسته ئهستۆی حکومهتی عێراق و نهتهوهیهکگرتووهکان، وتی:» ئهوان هیچ چهک و هێزێکیان نییه بهرگری لهخۆیان بکهن، بۆیه داوا لهنهتهوهیهکگرتووهکان دهکهین لهدهستی تورکیا بمانپارێزن». لەلایەکی دیکەوە لەسەر هەڕەشەو بۆردومانەکانی رۆژی شەممەی ٥ی حوزەیرانی سەر کەمپی مەخمور پاش چەند کاتژمێرێک، کیلی کرافت باڵیۆزی ئەمریکا لەنەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی هێرشکردنەسەر کەمپی پەنابەرانی مەخموری کردو رایگەیاند هێرشکردنەسەر خەڵکی سڤیل و ئاوارەی کەمپەکە بەپێشێلی سەر ماڤی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەین و تورکیامان لەو پێشێلکارییە ئاگادارکردووەتەوە . مانگی کانوونی دووهمی ئهمساڵ خولوسی ئاکار وهزیری بهرگریی تورکیا سهردانی عێراق و ههرێمی کوردستانی کرد، لهو سهردانهدا ئاکار داوای لهبهغداو ههولێر کرد کهمپی مهخمور چارهسهر بکهن که بووەته لانهی دروستکردنی گهریلای پهکهکه، ئهگهرنا خۆیان چارهی کهمپهکه دهکهن. لهدوای ئهو سهردانهش حکومهتی تورکیا بهردهوام بووه له فشارهکانی بۆ سهر حکومهتهکانی بهغداو ههولێر تا کهمپی مهخموور دابخهن کهنزیکهی (12) ههزار پهنابهری باکووری کوردستانی تێدایه، بهڵام کهمپهکه له ژێر چاودێریی نهتهوهیهکگرتووهکاندایه. لهگهڵ بهردهوامی فشارهکانی تورکیاش بۆ داخستنی کهمپهکه هاوکات فشارهکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆسهر ئهو کهمپه دهستیپێکردووهو ئهو گهمارۆیهی که ساڵی رابردوو خستوویهتیه سهر کهمپهکه له دوو مانگی رابردوودا تائێستا توندتری کردووهتهوهو رۆژانه چالاکوانانی ئهو کهمپه دهستگیر دهکات. کهمپی مهخمور ماوهی (22) ساڵه لهقهزای مهخمورو له رۆژئاوای ههولێر دروستکراوه که تایبهته به کوردانی باکووری کوردستان. پهنابهرانی ناو کهمپهکه بهشێکیان لهلایهن تورکیاوه بهپشتیوانیکردن یان ئهندامبوون لهپهکهکه تۆمهتبار کراون، بهشێکیشیان بههۆی سهپاندنی سزای چهند ساڵی لهسهر کاری سیاسی چوونهته ئهو کهمپه، ئێستا تورکیا کهمپی مهخمور به لانهو قوتابخانهی پێگهیاندنی کادرو گهریلا بۆ پهکهکهی دهزانێت. لهسهرهتای کردنهوهی ئهو کهمپه ژمارهی پهنابهرهکانی تهنیا (5) ههزار بوو، بهڵام ساڵ بهساڵ ژمارهی پهنابهرانی ناو کهمپهکه زیاتر بووه، ئهوهش بههۆی فشارهکانی حکومهتی تورکیا لهسهر ئهو خێزانانهی که یهکێک لهئهندامانیان لهناو پهکهکه بووه یان هیچ لانهو جێگهیهکی مانهوهیان نهبووه لهدوای وێرانکردنی ناوچهکانیان لهلایهن سوپای تورکیاوه. نوێنهری ههدهپه لهههرێمی کوردستان ئاماژه بهوه دهدات، کهمپهکهیان هیچ پهیوهندییهکی به پهکهکهوه نییهو ئهوانهی لهناو ئهو کهمپهدان لهدهست زوڵم و زۆریی حکومهتی تورکیا باکووری کوردستانیان جێهێشتووه. مزگین ئاری، نوێنهری پارتی دیموکراتی گهلان (ههدهپه) لهههرێمی کوردستان، ئهوه رهتدهکاتهوه که ئهوانهی لهکهمپی مهخموردان گهریلای پهکهکه بن، بهڵکو بهوتهی ئهو ئهوانه خهڵکی شارو گوندهکانی باکووری کوردستانن که ئهردۆغان وێرانی کردووه لێیان. مزگین ئاری لهلێدوانێکدا به هاوڵاتى وت:» ههڕهشهکانی ئهردۆغان جددین و دهبێت نهتهوهیهکگرتووهکان و حکومهتی عێراق ئهوه بزانن کهههموو کورد وهک پهکهکه دهبینێت، بۆ ههر داگیرکارییهک پهکهکه دهکاته بیانوو». ههروهها پێشیوابوو جاری یهکهم نییه ئهردۆغان داوای داخستنی کهمپی مهخموور دهکات، بهڵکو بهردهوام ههڕهشهی له عهفرین و کۆبانی و قهندیل و شنگال و کهرکوک و مهخموور کردووه. نوێنهری ههدهپه لهههرێم ئاماژهی بهوهشکرد، کهئهوان نهتهوهیهکگرتووهکان و حکومهتی عێراق و حکومهتی ههرێم به بهرپرسیار دهزانن لهسهلامهتی کهمپی مهخمورو وتیشی:» که ئهو سێ لایهنه لهههڕهشهکانی ئهردۆغان ئاگادارکراوهتهوه که رێگه بههێرشی دهوڵهتی تورک نهدهن بۆ سهر کهمپهکه«. حکومهتی تورکیا بهشێوهیهکی فهرمی داوای لهحکومهتی ههرێم و حکومهتی عێراق کردووه کهمپی مهخموور دابخهن، بهڵام لهبهرامبهردا ههردوو حکومهت به ئهنقهرهیان راگهیاندووه، ئهو کهمپه تهنیا هاووڵاتیانی ئاسایی تێدا دهژین و هیچ گهریلایهکی پهکهکهی تێدا نییهو پرسی داخستنی کهمپهکهش پهیوهندیی بهنهتهوهیهکگرتووهکانهوه ههیه. هاوکات حکومهتی تورکیا داواشی لهنهتهوه یهکگرتووهکان کردووه که بهزوویی بابهتی مهخموور چارهسهر بکات، چونکه پهکهکه ئهندامهکانی لهوێ پێدهگهیهنێت و پهروهردهیان دهکات، ئهگهر ئهوه نهکرێت ناچارن خۆیان بهو کاره ههستن. لهئێستادا دوو پیشنیار خراوهته بهردهم نهتهوهیهکگرتووهکان لەههردوو حکومهتی عیراق و ههرێمدایه ئهوهیه کهمپهکه بهتهواوی لهپهکهکه داببڕن بۆ ئهوهی لههێرشی تورکیا بیپارێزن ئهویش بهقسهکردن و رێککهوتن لهگهڵ پهکهکه، یان ئهوهتا پهنابهرانی کهمپهکه بۆ وڵاتی سێیهم بگوازنهوه. سهرچاوهیهکی ئاگادارو باڵا لهحکومهتی ههرێمی کوردستان لهلێدوانێکدا به هاوڵاتى وت:»بهرپرسیاریهتی پاراستنی کهمپی مهخمور لهئهستۆی حکومهتی عێراق و نهتهوهیهکگرتووهکانهو پێویسته ئهوان رێگهچارهیهک بۆ پاراستنیان بگرێته بهر، حکومهتی ههرێمیش دهتوانێت تهنیا هاوکار بێت». ئهو سهرچاوهیه پێشیوابوو پهکهکه بهئاشکرا لهکهمپی مهخمور ههیهو ئهوان پهیوهندییان لهگهڵیاندا ههیه، بۆیه تورکیا ئهوه دهزانێت و هێرش دهکاتهسهریان «ئهمه پاساو نییه بۆ ئهوهی خهڵکی کهمپهکه بکرێنه ئامانج، بهڵام پێویسته پهکهکه رهچاوی ئهو ههستیارییه بکات و لهکهمپهکه دوور بکهوێتهوه«. رۆژی ١٧ی مانگی حەوت لهڕیستۆرانتی هۆقهباز لهشاری ههولێر لهلایهن چهند هێرشبهرێکهوه دیبلۆماتکارێکی تورکیا کوژرا، لهوکاتهوه گهمارۆ خراوهتهسهر مهخمور کهزیاتر له (12) ههزار ئاوارهی باکووری کوردستانی تێدا نیشتهجێن و رۆژبهڕۆژیش بارودۆخی دانیشتوانی کهمپهکه خراپتر دهبێت. بهڵام سهرچاوهکهی حکومهتی ههرێم رهتیدهکاتهوه هیچ گهمارۆییهک خراپێته سهر کهمپی مهخمورو وتی:» لهکاتی رووداوهکهی هۆقهباز بۆ چهند ههفتهیهک رێکارهکان توندکرانهوه تا تۆمهتبارهکان دهستگیرکران، دواتر دۆخهکه ئاسایی بووهتهوه«. حاجی کاچان باس لهوه دهکات، پارتی گهمارۆیهکی زۆر قورسی خستووهته سهر کهمپی مهخمورو کارئاسانیش دهکات بۆ دهوڵهتی تورک تا هێرش بکاتهسهر کهمپهکیان، دهشڵێت» لێدوانهکانی دیندار زێباری بهئاشکرا دژایهتی (12) ههزار ئاوارهی کهمپی خهمخورو پشتیوانی لهدهوڵهتی تورک دهردهخات». شاهۆ مهتین یهکێک لهفهرماندهکانی پهکهکه لهلێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئهوهی دووپاتکردهوه که هیچ ئهندامێکی پهکهکه یان کهسوکاریان لهناو کهمپی مهخموردا بوونی نییه، ئهوه تهنیا پڕوپاگهندهی ئهردۆغانه، «ئهوانهی لهو کهمپهدان لهدهسهڵاتی فایسستی ئهردۆغان رایانکردووهو لهباشور نیشتهجێن». مهتین بهپێویستی دادهنێت نهتهوهیهکگرتووهکان و حکومهتی عێراق مهترسییهکانی ئهردۆغان بهجددی وهربگرن و کاربکهن بۆ پاراستنی ئهو پهنابهرانه کهههموو مامهڵهیهکی یاساییان لهلایهن نهتهوهیهکگرتووهکانهوه بۆ کراوه بۆ گهیاندنیان بهوڵاتی سێیهم. دوێنێ یەکشەممە ئەردۆغان لەتویتێکیدا بەناوی تورکەکانەوە سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کەڕۆڵیان لەبۆردومانی کەمپی مەخموردا هەبووە، هەروەها نووسی: بەردەوام دەبین لەدژایەتیکردنی کەمپی مەخمورو رێگە بەنەیارانمان نادەین.
نامۆ سەربەست كۆمپانیای دیلۆیت، كە ماوەی پێنج ساڵە وردبینی بۆ داهات و خەرجییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات لەلایەن وڵاتی مالیزیاوە بەهۆی تێوەگلان لەگەندەڵییەوە (80) ملیۆن دۆلار سزا دەدرێت. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سێی حوزەیرانی 2021 وەزارەتی دارایی مالیزیا لەماڵپەڕی فەرمی خۆیدا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند:» كۆمپانیای دیلۆیت بڕی (80) ملیۆن دۆلاری رادەستی حكومەتی مالیزیا كرد»، كە پێشتر سزا درابوو بەهۆی»تێوەگلانی لەگەندەڵییەكانەوە»، پێدانی ئەو بڕە لەلایەن دیلۆیتەوە جارێكی تر لەناوەندەكانی میدیادا باسی گەندەڵییەكانی ئەو كۆمپانیایە دەكرێت كە لە 2016وە لەڕێگەی گرێبەستێكەوە لەگەڵ حكومەتی هەرێم وردبینی بۆ داهات و خەرجییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات. ساڵی 2014 ئاشكرابوونی گەندەڵییەكانی نەجیب رەزاق سەرۆك وەزیرانی مالیزیا، بووە دەنگۆی جیهان و پرسی سەرەكیی هەواڵ و راپۆرتەكانی دەزگاكانی راگەیاندن. گەندەڵییەكە لە سندوقی ( پێشخستنی مالیزیای سنوردار 1MDB) دا كرابوو. ئەو سندوقەی ساڵی 2009 رەزاق دایمەزراند بۆ وەبەرهێنان لەكەرتی وزەو كەرتی خانوبەرەی كوالالامپوری پایتەختدا. بەڵام لەساڵی 2014دا راپۆرتێكی دەزگای ساراواك Sarawak Report news portal ی مالیزی دەریخست، سندوقەكە (11) ملیار دۆلار قەرزدارەو لەوێوە پرسی گەندەڵییەكە بووە ناونیشان و سەردێڕی هەواڵەكان. ساڵی 2015 وردەكارییەكان زیاتر ئاشكرا بوون و سەرنجی جیهانیان زیاتر راكێشا. بەتایبەتی كاتێك رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، چەند بەڵگەنامەیەكی بڵاوكردەوەو سەلماندی بڕی (681) ملیۆن دۆلار خراوەتە سەر ئەژمارە بانكییەكەی نەجیب رەزاق. دواتر وەزارەتی دادی ئەمریكا كەوتە لێكۆڵینەوە لەو دەنگۆیانەی كەگوایا پارەكانی 1MDB لەڕێی سیستمی دارایی ئەمریكاوە سپی كراونەتەوەو رایگەیاند كە بایی ملیارێك و (800) ملیۆن دۆلار، كاڵاو پشك بە نەختینە كڕدراوە. وەزارەتەكە ئەوەشی ئاشكراكرد، كە لەساڵانی 2009 بۆ 2015، زیاتر لە چوار ملیارو (500) ملیۆن دۆلار، لەلایەن بەرپرسانی باڵای مالیزیاوە لە 1MDB دزراوە. هەروەها بەهۆی ئاشكرابوونی ئەو گەندەڵییانەوە، نەجیب رەزاق هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018ی دۆڕاندو درایە دادگاو لەئەنجامی دادگاییكردنیدا سزای (12) ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا. هەر لەسەرەتای ئاشكرابوونی ئەو گەندەڵییانەوە، لایەنە پەیوەندیدارەكانی مالیزیا، پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی كۆمپانیاكانی (دیلۆیت) و ئەمبانك گروپ Ambank Group و كۆمپانیای KPMG كرد، بەوپێیەی ئەوان پرسی چاودێریكردن و پێداچوونەوە و وردبینیكردنی ئەژمارەكانی 1MDBیان لەئەستۆدا بووە، بۆیە ناكرێت ئەو بڕە زەبەلاحانەی پارە دیارنەمێنن و ئەوان ئاگادار نەبن. لەو كاتەدا كەكۆمپانیای دیلۆیت رووبەڕووی ئەو تۆمەتانە ببووەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگفتوگۆدابوو لەگەڵیداو ساڵی 2016 وردبینی داهاتی نەوتی هەرێمی پێسپێردرا، ئەوەش بووە مایەی سەرسوڕمانی چاودێرو شارەزایانی ئابوریی، كەچۆن كۆمپانیایەك لەژێر لێكۆڵینەوەدا بێت، وردبینی داهاتی سەرەكیی هەرێمی پێدەدرێت، چونكە رووداوەكەی مالیزیا دوو مانای هەیە، یان ئەوەتا كۆمپانیاكە هاوبەش و بەشداربووە لەگەندەڵییەكەدا، یان ئەوەتا كۆمپانیایەكی سەركەوتوو نییە لەكارەكانیدا، چۆن (681) ملیۆن دۆلار لەحسابی سندوقەكەوە، دەخرێتە سەر حسابی سەرۆك وەزیران و ئەو لەوردبینییەكاندا بۆی دەرناكەوێت؟ هاوكات چۆن چوار ملیارو (500) ملیۆن دۆلار لەپارەی سندوقەكە دیارنامێنێت و وردبینیكەری ئەژمارەكان پێی نازانن. ئەو شارەزاو چاودێرە ئابورییانە دەڵین، هەركامێك لەوانە راستبن، نەدەبوایە حكومەتی هەرێم «ئەگەر مەبەستێكی لەپشتەوە نەبێت» وردبینیی داهاتی نەوتی بدایەتایە ئەو كۆمپانیایە. لێكۆڵینەوەو دادگاییەكان بەردەوامبوون و حكومەتی نوێی مالیزیا بەسەرۆكایەتی مەهاتیر محەمەد كە بەدامەزرێنەری مالیزیای نوێ دادەندرێت و لەساڵی 1981ەوە تا 2003 سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكە بوو؛ تا لەو ساڵەدا خۆی خانەنشین كرد، بەڵام بەهۆی دەركەوتنی گەندەڵییەكانەوە ساڵی 2018 لەتەمەنی (93) ساڵیدا گەڕایەوە پۆستەكەی؛ كەوتنە گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی سندوقەكە. لەدەرئەنجامی گفتوگۆكاندا لەگەڵ كۆمپانیای دیلۆیت، گەیشتنە رێككەوتنێك كەكۆمپانیاكە بڕی (80) ملیۆن دۆلار وەك قەرەبوو بداتەوە مالیزیاو بخرێتەوە سندوقەكە. رۆژی پێنجشەممەی رابردووش 3/6/2021 وەزارەتی دارایی مالیزیا لەماڵپەڕی فەرمی خۆیدا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند:» كۆمپانیای دیلۆیت بڕی (80) ملیۆن دۆلارەكەی رادەستی حكومەتی مالیزیا كردووە».
شاناز حەسەن هەفتەی رابردوو تەندروستی سلێمانی گیانلەدەستدانی تووشبوویەكی نەخۆشی كەڕووی رەشی راگەیاند، ئەوەش دڵەراوكێی لەناو هاووڵاتیاندا دروستكرد، پزیشكێكی پسپۆڕ دەڵێت:» خەرجی چارەسەری تووشبووی كەڕووی رەش رۆژانە هەزار دۆلار لەسەر نەخۆشەكە دەكەوێت». كەڕووی رەش یەكێكە لەو نەخۆشییە ڤایرۆسیانەی كە بە نەخۆشییە «كوشندە»كان دیاریكراوە لەجیهانداو تووشی ئەو مرۆڤانە دەبێت كە بەرگری لەشیان زۆر لاوازە. هەفتەی رابردوو تەندروستی سلێمانی گیانلەدەستدانی تووشبوویەكی نەخۆشی كەڕووی رەشی راگەیاند كەپیاوێكی تەمەن (43) ساڵ بوو دانیشتووی خوارووی عێراق بوو بۆ چارەسەری نەخۆشی كۆرۆنا سەردانی نەخۆشخانەی كردبوو. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» تەنیا ئەو حاڵەتە بوو بەخۆشحاڵییەوە تا ێستا حاڵەتی ترمان نەبووە بەنەخۆشی كەڕووی رەش». ناوبراو ئەوەشی دووپاتكردەوە كەهیچ مەترسییەكی ئەو نەخۆشییەیان لەسەر نیەو تائێستا بوونی نەبووە ، بۆیە پێویست ناكات هیچ رێكارێك بگیرێتەبەر. پزیشكێكی پسپۆر لەنەخۆشخانەی شار لەسلێمانی باس لەوەدەكات دەرزی چارەسەری نەخۆشی كەڕووی رەش زۆر گرانەو رۆژانە نزیكەی هەزار دۆلار لەسەر نەخۆش دەكەوێت لەقۆناغی چارەسەر وەرگرتندا. سوارە عەلی، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی لەنەخۆشخانەی شار لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» بەداخەوە كەڕووی رەش نەخۆشییەكی كوشندەیە و لەماوەی دیاریكراوی خۆیدا چارەسەر نەكرێت، نەخۆشەكە ئەگەری مردنی لەسەدا (50بۆ80) بەرزدەبێتەوە». كەڕووی رەش یەكێكە لەو نەخۆشییانەی تووشی مرۆڤ دەبێت و دەگمەنەو كوشندەیە، لەهیندستان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا حاڵەتەكان زۆرتر بووە. كەڕووی رەش تووشی ئەو كەسانە دەبێت كە بەرگریی لەشیان زۆر لاوازە یاخود نەخۆشی شەكرەیان هەیە كۆنتڕۆڵ نەكراوە. ئەم پزیشكە رێگاكانی گواستنەوەی بۆ مرۆڤ باسكرد كە لەڕێگەی خۆڵ و خواردنی بۆگەن و كۆن یاخود برینەوە تووشی مرۆڤ دەبێت. سوارە عەلی، ئەوەشی روونكردەوە كۆرۆنا خۆی ڤایرۆسەو شەڕ لەگەڵ بەرگری لەش دەكات، بەتایبەت ئەو كەسانەی بەئاستی مامناوەندو توند كۆرۆنایان گرتووە، بەگری لەشیان زۆر دابەزیوە ، بۆیە پێشیوابوو كەڕووی رەش بەهەمان شێوەیە. ئەم پزیشكە پسپۆرە لەبارەی نیشانەكانی كەڕووی رەشەوە ئاماژەی بەوەكرد لەڕێگەی هەناسەوە دەبێتە هۆی هەوكردنی رووخساری كەسەكە، هەوكردنی شانەكانی ژێر پێست و تا ئێسكەكان دەڕوات و دەیپوكێنێتەوەو خوێن بۆ شانەو بۆریەكان ناچێت، دەبێتە هەوكردنی مێشك، بۆیە كوشندەیە، لەسەرەتادا بۆ سێ رۆژ چارەسەر نەكرا دەبێتە هۆی هەوكردن، بۆیە بە گرنگی دادەنێت زوو چارەسەر بكرێت. سوارە عەلی وەك پزیشكی پسپۆر ئەوەی دووپاتكردەوە تەنیا دەرزی هەیە بۆ چارەسەری كەڕووی رەش و وتی:» دەرزییەكان بەداخەوە زۆر گرانن، تووشبوویەكی كەڕووی رەش رۆژانە چارەسەربكرێت پێویستی بەخەرجی هەزار دۆلار دەبێت و ئەوەش لەسەر نەخۆشەكە دەكەوێت». تائێستا زیاتر لە (10) حاڵەتی كەڕووی رەش لەعێراقدا تۆماركراوە و چوار حاڵەتیان لەپارێزگای كەركوك بووە. هاوكات وڵاتی هیندستان زۆرترین حاڵەتی تووشبوونی هەبووە كەزیاتر لە (10) هەزار كەس تووشی كەڕووی رەش بوون و (200) كەسیان بەنەخۆشی كەڕووی رەش گیانیان لەدەستداوە.
ماردین نورەدین كۆتایی هەفتەی رابردوو لیترێك بەنزین (50 بۆ 100) دیناری خرایەسەرو ئەوەش كاردانەوەی شۆفێرانی لێكەوتەوە بەتایبەت ئەوانەی كاری گواستنەوەی هاووڵاتیان دەكەن، پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت:» هۆكاری گرانی نرخی بەنزین وەزارەتی سامانە سروشتییەكان خۆیەتی و سوتەمەنی نادات بەپاڵاوگەكان و باج و گومرگی لەسەر بەنزینخانەكان زیاد كردووە». لەدوای بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەشێك لەشۆفێرانی تاكسی رۆژی شەممە پێنجی حوزەیران لەسلێمانی گردبوونەوەو رێگای سەرەكی بەردەم پارێزگای سلێمانیان گرت و داوایان لەحكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كەنرخی بەنزین كەمبكرێتەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رێگاكە كرایەوە گردبوونەوەكە كۆتایی پێهێندراو هیچ بەڵێنێكیشیان پێنەدرا. هادی كەریم شۆفێرێكی تاكسی لەسلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەئێستادا نرخی بەنزین بەرزبۆتەوە بەڕاستی بۆ ئێمە بەم شێوەیە كاركردن هیچ دەریناهێنێت، وەك وایە بەبەلاش كار بكەین، نرخی لیترێك بەنزین بە (850)دینارە كەداخلییەك بكەی دوو سێ لیتر بەنزین دەسوتێنیت». ئەو شۆفێری تاكسییە باسی لەوەشكرد لەكەركوك و بەغدا نرخی لیترێ بەنزین بە (450)یە، ئەمە جیاوازییەكی زۆر زۆرە. لەئێستادا لەبەنزینخانەكان نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆڕماڵ بە (700) دینارو موحەسەن (750)، سۆپەر بە (825) دینارە. خاوەنی یەكێك لەبەنزینخانەكان كەنەیویست ناوی بهێندرێت باسی لەوەكرد كە قازانجەكان بەنیسبەت هەموو بەنزینخانەكانەوە دیاریكراوە لەنێوان (35-45) دینار بۆ هەر لیترێك. هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی بۆ بەرزبوونەوەی نەوتی خاو گەڕاندەوەو ئەوەشی دووپاتكردەوە كەگومرگیان لەسەر بەنزینخانەكان سێ قات كردووە، وتیشی:» تاكە چارەسەر ئەوەیە حكومەتی هەرێم دەعمی بەنزینخانەكان بكات بڵێت من بەوەندە دەتدەمێ تۆش بەو نرخە بیفرۆشە». پەرلەمانتارێك: گەندەڵییەكە لەوەدایە بەرهەمی بەنزینی خۆماڵی بەهەمان نرخی بەنزینی هاوردەكراو دەفرۆشرێت شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی سوتەمەنی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» گەندەڵییەكە لەوەدایە بەرهەمی بەنزینی خۆماڵی بەهەمان نرخی بەنزینی هاوردەكراو دەفرۆشرێت، بۆ ئەوەی ئەو كۆمپانیا خۆماڵییانە قازانج بكەن كە سەر بەحزبن و لەو ناوەدا شۆفێری ئۆتۆمبێل و تەكسی دەبێتە قوربانی». هەروەها ئەو پەرلەمانتارە پێشیوابوو دەبێت پارێزگاكان بەپلەی یەك كۆنتڕۆڵی ئەو نرخە بكەن، لەبەر ئەوەی ناكرێت بەرهەمی خۆماڵی بەنزین بەهەمان نرخی بەنزینی هاووردەكراو لەدەرەوەی وڵات بفرۆشرێت. شێركۆ جەودەت وتیشی:»ئەوە بڕیاری حكومەت و پارێزگاكانە لەڕێگەی كەرتی تایبەتەوە بەنزین هاوردە بكرێت». هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بەشەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، نیوەی لەڕێگەی پاڵاوگە ناوخۆییەكانەوە دابین دەكرێت و سێ ملیۆن لیترەكەی دیكە لەڕێگەی بازرگانەكانەوە لەتوركیاو ئێرانەوە هاوردە دەكرێت. شێركۆ جەودەت وتیشی:»نیوەی پێویستی خۆماڵی لەبەرهەمی خۆماڵییەوە دابین دەكرێت پەیوەندی بەبۆرسەو دەرەكییەوە نیە، نیوەكەی دیكە لەدەرەوەی وڵات دەكڕدرێت كە لەوانەیە ئەوە كاریگەری هەبێت لەسەر نرخ، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا نابێت بەو شێوەیە گران بكرێت، بەڵگەش ئەوەیە لەناوچەكانی تری عێراقدا لیتری بەنزین بە (400-450)دینارە، بەڵام هەر كە دێیتە ئەمدیو بۆ هەرێمی كوردستان دەفڕێت بۆ (700-750) دینار». هەڤاڵ ئەبوبەكر: هۆكاری گرانی بەنزین وەزارەتی سامانە سروشتییەكان خۆیەتی هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ، هۆكاری ناوخۆیی گرانبوونی نرخی بەنزینی باس كرد «یەكەمیان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە سیاسەتی خۆیدا تائێستا بڕیاری نەداوە نەوتی خاو بدات بەپاڵاوگەكانی ناوخۆ تابتوانن بیپاڵێون و بەو نرخەی كەهەیە بیفرۆشن، یاخود رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بكات وەكو چۆن لەسەر بودجە كراوە». پارێزگاری سلێمانی پێشیوابوو هۆكاری دەرەكی كە پەیوەندی بەگرانبوونی نرخی نەوتی خاو لەبازاڕی نێودەوڵەتی هەیەو بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلار دابەزیوە»سوتەمەنی بەدۆلار دەكڕدرێت و جارێكی دیكە بەدینار بەهاووڵاتیان دەفرۆشرێت». پارێزگاری سلێمانی باسی لەوەشكرد»هەرێم دەتوانێت رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ بكات بەو نرخە پشتیوانیكراوەی حكومەتی فیدڕاڵی دەیدات بەهەموو پارێزگاكانی تر لەبەسرەوە تا كەركوك بیدات بەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش». هەڤاڵ ئەبوبەكر ئەوەشی دووپاتكردەوە كە پاڵاوگەكانی ناوخۆ لەبەرئەوەی نەوتی خاویان پێنادرێت توانای بەرهەمهێنانی بەنزینیان بۆ بازاڕەكان نیە، ئەو پاڵاوگە ناوخۆییانەشی كە نەوت لەحكومەتی فیدڕاڵ یان شوێنێكی دیكە پەیدا دەكەن بەنرخی بازاڕو بۆرسە دەیفرۆشنەوە بەبەنزینخانەكان» ئەوانیش لەجیاتی ئەوەی ببێت بەسەرچاوەی پشتیوانیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی بووە بەهۆی گرانبونی بەرهەمە ناوخۆییەكان كەهەمانە». لەبارەی چارەسەری گرانبوونی بەنزین، هەڤاڵ ئەبوبەكر بەپێویستی دادەنێت وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕێك لەو سوتەمەنیە دابینبكات بۆ پێداویستی ناوخۆ بەنرخێكی پاڵپشتیكراو بیفرۆشێت و بیدات بەپاڵاوگە ناوخۆییەكان كە سێ پاڵاوگەی سەرەكی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییەكانی ناوخۆ دابینبكەن، «یاخود ئەو باج و گومرگ و رسوماتەی لەسەر هێنانی سوتەمەنی دایناوە هەڵیبگرێت بۆ ئەوەی ئەو نرخە بگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتیان نەك بچێتە سەر داهاتی گشتی كەدواجار دەبێت هەموومان باجەكەی بدەین».
هاوڵاتى دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران و زیادبوونی دەنگی ناڕەزایی شەقامی عێراقی بەرامبەر گروپەكان، ئێران گروپی نوخبە بەناوی"وەلائییەكان" لە میلیشیاكانی عێراق دروستدەكات. هاوكات جێگرتنەوەی سولەیمانی لەلایەن ئیسماعیل قائانییەوە، كە ناتوانێت وەك ئەو دەسەڵاتی بەسەر گروپە چەكدارەكاندا بسەپێنێت، هەژمونی ئێران لەعێراق پاشەكشەو كەمبوونەوەی بەخۆوە بینی، بۆیە ماوەیەكە تەكتیكێكی نوێی گرتووەتە بەرو گروپی نوخبە بەناوی"وەلائییەكان" لەمیلیشیاكانی عێراق دروستدەكات. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەبنكۆڵكارییەكدا دەڵێت، ئێران لەنێو كادری بەهێزترین گروپە چەكدارەكانی سەر بەخۆیدا، سەدان كادری متمانەپێكراوی هەڵبژاردووەو گروپی نوخبەی بچكۆلەترو وەفادارتری بۆ خۆی لێدروستكردوون. ئەوەش گۆڕانێكە لەشێوازی سەپاندنی هەژمونەكەیدا، كەپێشتر پشتی بەگروپە گەورەكان دەبەست. ئەم گروپە نوێیە نهێنییانە، لەساڵی رابردوو مەشقیان لەسەر بەكارهێنانی درۆن و شێوازەكانی چاودێریكردن و پڕوپاگەندەی ئۆنلاین پێدەكرێت و راستەوخۆ بەستراونەتەوە بە فەیلەقی قودسەوە. بەوتەی بەرپرسە ئەمنییە عێراقییەكانیش بەرپرسیارن لەزنجیرەیەك هێرشی ناوازە دژی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی و بەرپرسانی چەند گروپێكی چەكداریی ترو دیپلۆماتە رۆژئاواییەكان و سەرچاوە سەربازییەكان. راپۆرتەكە دەڵێت ئێران ئەم تەكتیكەی وەك كاردانەوەیەك بەكارهێناوە، بەرامبەر ئەو پاشەكشەیەی لەداوی كوژرانی قاسم سولەیمانییەوە تووشی هاتووە، چونكە ئیسماعیل قائانی جێگرەوەی، شارەزای سیاسەتی ناوخۆی عێراق نییە و هێندەی ئەو هەژمونی بەسەر میلیشیا شیعییەكانەوە نییە. هاوكات گروپە گەورەكانی سەر بەئێران، بەهۆی خۆپشاندانەكانی تشرینەوە، ناچاربوون نهێنییانەتر كاربكەن و دوای كوژرانی سولەیمانیش بوون بەچەند بەشێكەوەو بەوەش كۆنترۆڵكردنیان لەلایەن ئێرانەوە سەختتر بووە. لەلایەكی تریشەوە پشتبەستن بەگروپی بچوكتر، باشەی زۆری هەیە، چونكە رێگردەبێت لەوەی ریزەكانیان ببەزێندرێت و كاریگەرتریشە لەلێدان و هێرشكردندا، بەتایبەتی لەكاتی بەكارهێنانی ئەو تەكنیكە نوێیانەی ئێران بەرهەمیان دەهێنێت وەكو درۆنە سەربازییەكان. لەو بارەیەوە بەرپرسێكی ئەمنیی عێراقی بەڕۆیتەرزی وت:"ئەم فەسیڵە نوێیانە راستەوخۆ بەستراونەتەوە بەفەیلەقی قودسەوەو فەرمانەكانیان لەئەوان وەردەگرن و لەهیچ لایەنێكی عێراقی وەریناگرن". ئەو لێدوانەش لەلایەن بەرپرسێكی ئەمنی تری عێراقی و سێ فەرماندەی میلیشیا گەورەكانی لایەنگری ئێران و بەرپرسێكی حكومەتی عێراق و دیپلۆماتێكی رۆژئاوایی و سەرچاوەیەكی سەربازیی رۆژئاواییەوە، تەئكیدی لێكراوەتەوە كە راستە. فەرماندەی یەكێك لەمیلیشیا لایەنگرەكانی ئێرانیش دەڵێت:"ئێرانییەكان گروپی نوێیان دروستكردووە كە ئەندامەكانیان زۆر بەوریاییەوە هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی هێرش ئەنجامبدەن و بەنهێنی بمێننەوە، ئێمە نازانین ئەوانە كێن". بەرپرسانی ئەمنیی عێراقی دەڵێن، لە ماوەی چەند مانگێكی 2020دا بەلایەنی كەمەوە (250) جەنگاوەر چوونەتە لوبنان و لەوێ لەسەر دەستی شارەزایانی سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان، مەشقیان لەسەر بەكارهێنانی درۆن و هەڵدانی موشەك و چاندنی بۆمب كردووە. هاوكات چۆنیەتی بڵاوكردنەوە و پڕوپاگەندە كردن بۆ هێرشەكانیان لەتۆڕە كۆمەڵاتییەكاندا. بەرپرسێكی ئەمنیی عێراقیش بە رۆیتەرزی وت:"گروپە نوێیەكان بەنهێنی كاردەكەن و بەرپرسەكانیشیان كە نەناسراون، راستەوخۆ لەژێر فەرمانی سوپای پاسداراندان". چەند بەرپرسێكی تری ئەمنیی عێراقی و سەرچاوە رۆژئاواییەكانیش دەڵێن، گروپە نوێیەكان لەپشت چەند هێرشێكەوە بوون كە كراوەتەسەر هێزە ئەمریكییەكان و بنكەی عەین ئەسەدو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو هێرشەكەی مانگی كانونی دووەمی سەر سعودیەش. هەموو هێرشەكانیش لەڕێگەی درۆنەوە كراون. ئەگەرچی ئەو هێرشانە هیچ قوربانییەكیان لێنەكەوتووەتەوە، بەڵام دیقەت و ناوازەییان، بوونەتە ئاگاداركەرەوەیەك بۆ هێزە رۆژئاواییەكان. دوای ئەوەی ئەمریكا لەساڵی 2003دا رژێمە سونییەكەی سەدام حسێنی رووخاند، ئێران وەك هێزی سەرەكیی شیعەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كەوتە هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر ئەو وڵاتانەدا كە شیعەیان تێدایە، بەتایبەتی ئەوانەی زۆرینە شیعەن. لەوكاتەشەوە كەوتە كێشمەكێش لەگەڵ ئەمریكادا، لەسەر هەژمونی عێراق، بەتایبەتی كە لەعێراقدا حوكمی شیعە باڵادەستبوو. ئەمریكا لە 2011دا هێزەكانی لەعێراق كشاندەوە، بەڵام دروستبوونی داعش وایكرد هەزارانیان بگێڕێتەوە ئەو وڵاتە، بووە دەرفەتێكیش بۆ ئێران، تاوەكو بەرگێكی فەرمی بدات بەچەندین گروپی چەكداریی لایەنگری خۆی و ژمارەو قەبارەیان زیاترو گەورەتر بكات، دیارترینیان كەتائبی حزبوڵاو كەتائبی سەید ئەلشوهەدا و عەسائبی ئەهلی حەق. بەڵام دوای كوژرانی سولەیمانی و بەهۆی ئەوەشی خۆپیشاندەران بەئاشكرا كەوتنە دژایەتیكردنی گروپە لایەنگرەكانی ئێران، بەوتەی هەندێك لەبەرپرسانی ئەو گروپانە، ئێران گومانی لەبەرامبەریاندا دروستكردو رەزامەندییان بەرامبەر هەندێكیان كەم بووەوە. یەكێك لەفەرماندەكانی ئەو گروپانە بەڕۆیتەرزی وت:"ئێرانییەكان باوەڕیان وایە دزەكردنی زانیاری لەیەكێك لەگروپەكانەوە یارمەتیدەرو هۆكار بووە بۆ كوشتنی سولەیمانی، هاوكات بەهۆی بەرژەوەندی كەسییەوە، دابەشبوون دەبینن لەناو گروپەكاندا". فەرماندەیەكی تریش وتوویەتی:"كۆبوونەوە و پەیوەندی نێوان ئێمەو ئێرانییەكان كەمبووەتەوە، چیتر كۆبوونەوە ئاساییەكانمان نەماوە لەگەڵیان و ئەوانیش وەستاون لەوەی بانگهێشتمان بكەن بۆ ئێران". بەرپرسە ئەمنییە عێراقییەكان و بەرپرسێكی حكومی و سێ بەرپرسی گروپە چەكدارییە لایەنگرەكانی ئێران جەختیانكردەوە لەئەوەی بەچەند مانگێك دوای كوژرانی سولەیمانی، فەیلەقی قودس دەستیكرد بەجیاكردنەوەی چالاكوانە متمانەپێكراوەكانی لەگروپە سەرەكییەكان. ئەو گۆڕانكارییە لەپشتیوانیكردنی گروپی گەورەوە بۆ پشتبەستن بەگروپی بچوكتر لەكادری كۆنترۆڵكراو، ستراتیجێكە پێشتریش ئێران پەیڕەوی كردووە. لەگەرمەی داگیركاریی ئەمریكادا لەعێراق، ساڵەكانی 2005 بۆ 2007، ئێران شانەی تایبەتی دروستكردو كاریگەریی خۆیان سەلماند لەدروستكردنی بۆمبی ناوازەدا، كە توانای بڕینی زرێپۆشە ئەمریكییەكانی هەبوو. لەدوای سەركەوتنی جۆو بایدنەوە، تاران كەناڵە دیپلۆماتییەكانی لەگەڵ واشنتۆن و ریازدا كردەوە، بەڵام یەكێك لەسەرچاوەكانی باڵادەستیی ئێران لەئەو گفتوگۆیانەدا، تواناكەیەتی لە لێدانی دوژمنەكانیدا. ئەو درۆنانەی لەئێستادا لایەنگرەكانی بۆ هێرشكردن بەكاریدەهێنن ئاشكراكردن و بەرگریكردن لێیان زۆر لەموشەكە ئاساییەكان سەختترە، بەوەش مەترسیی سەر ئەو دوو هەزارو (500) سەربازە ئەمریكییەی لەعێراق ماونەتەوە، زۆر زیاتر بووە. جەنەراڵ كێنس مەكێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا، دوای هێرشەكانی مانگی نیسانی سەر فڕۆكەخانەی هەولێر وتی كە ئێران دەستكەوتی گرنگی بەدەستهێناوە لەڕێی وەبەرهێنانەكانییەوە لەدرۆندا. ساڵی رابردوو، گروپێك كە پێشتر نەناسرابوون، دەستیانكرد بەبانگەشەی بەرپرسیاربوونیان لەهێرشی موشەكی و چاندنی بۆمب لەسەر رێگاكان. بەرپرسە رۆژئاواییەكان و راپۆرتە ئەكادیمییەكان ئەو ئەگەرەیان دوورخستەوە كە ئەوانە واجیهەی كەتائبی حزبوڵا یان گروپە ناسراوەكانی تربن، بەڵام سەرچاوە عێراقییەكان ئاشكرایانكرد، كە ئەوانە جیان و سەربەخۆیانە هەڵسوكەوت دەكەن. بەرپرسێكی حكومەتی عێراقیش دەڵێت:"لەژێر فەرمانڕەوایی قائانی جێگرەوەی سولەیمانیدا، هەوڵدەدەن گروپی ئەوتۆ دروستبكەن كە چەند سەد كەسێك لەملاوئەولا لەخۆدەگرێت، ئامانجەكە ئەوەیە دڵسۆزی و وەفاو ئەمەكیان، تەنیا بۆ فەیلەقی قودس بێت، ئەوانە نەوەیەكی نوێن".
هێمن حەسەن پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) شەڕ لەهەرێمی كوردستانەوە دەباتەوە ناو خاكی توركیا، شەڕ لە تفەنگەوە دەگۆڕێت بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەدژی سوپای توركیا، فەرماندەیەكی پەكەكەش ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە» بە فڕۆكەی درۆن زیانی زۆریان لەسوپای تورك داوە». هێرشی گەریلاكانی پەكەكە بەفڕۆكەی (درۆن) بۆ سەر بنكەی سەربازیی ئامەدو باتمان لەباكوری كوردستان نوێترین جۆری ئەو شەڕە نوێییە كە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەدژی سوپای توركیا دەستیپێكردوە، ئەم تەكنیكە نوێیەش زۆرترین زیان لەتوركیا دەدات و كەمترین زیانی گیانی بۆ گەریلاكانی پەكەكە دەبێت. لەچەند رۆژی رابردوودا میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە كە پەكەكە بەشێوەیەكی مۆدێرن و لەئاسمانەوە شەڕ لەگەڵ سوپای توركیا چڕ كردووەتەوەو ئەو شەڕەش بەفڕۆكەی درۆنە كەچەند وڵاتێك هاوكاریی پەكەكە دەكەن. چەند شارەزایەكی سەربازی توركیا بۆ ئەو میدیایانە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كەڕاهێنەرانی هۆڵەندیو ئەمریكی سەرپەرشتی چۆنێتی بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و درۆنی پەكەكەیان كردووە، بەوەش پەكەكە توانیویەتی سەركەوتن لەبەكارهێنانی ئەو فڕۆكانەو پێكانی ئامانجەكانیان بەدەستبهێنن. فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەلایەن پەكەكەوە كە بەمدواییە چەند چالاكییەكیان لەناوەوەو دەرەوەی توركیا دژ بەسوپای توركیا ئەنجامدا بڵاویكردووەتەوە، پەكەكە خاوەنی (41) جۆر لەفڕۆكەی بێفڕۆكەوانی نموونەییە. میدیاكانی توركیا باسیان لەوەش كردووە كە پەكەكە فڕۆكەكانی لەوڵاتی ئیماراتەوە بەدەستگەیشتووەو داواكاری بۆ دەسخستنی (120) فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دیكە پێشكەشكردووە. «پەكەكە ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی پێیگەیشتووە لەڕێگەی ناوچەی سلێمانیی و پاشان رەوانەی مەخموور كراونو دوای ماوەیەك، پارچەكانی فڕۆكەكان لەهەردوو ناوچەی مەخموور لەهەولێرو رەققە لەڕۆژئاڤای كوردستان بەستراون»، بەپێی میدیای خەبەر تورك. لەبەرامبەردا پەكەكە ئەو زانیاریانە رەتدەكاتەوەو ئاماژە بەوەدەكات، چۆن توركیا دەستی بەچەكی پێشكەوتوو دەگات پەكەكەش دەستی پێدەگات و ئێستا خاوەن چەكی پێشكەوتووە، جەختیش دەكاتەوە بەنیازیشن لەڕووی چەك و تەكنیكی شەڕەوە پەرەی زیاتر بەخۆیان بدەن. گابار ئامەد یەكێكە لەفەرماندەكانی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: »دەوڵەتی تورك هەموو هەوڵێكی ئەوە دەدات بزانێت كە ئەو فڕۆكانە چۆن بەدەستی گەریلا كەوتووە، كاتێكیش كەدەزانێت گەریلا توانای هەموو شتێكی هەیە تۆمەت دروستدەكات و دەڵێت لەفڵان وڵات دەیكڕێت». گابار ئامەد، وتیشی:» ئێستا گەریلا وەك ساڵانی رابردوو نییە، بەڵكو چەكی پێشكەوتووی لەبەردەستە، ئەمە مافێكی ئاسایییە پەكەكە چۆن و لەكوێ ئەو چەك و فڕۆكانەی دەستدەكەوێت». «لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا تائێستا زیاتر لە (60) فڕۆكەی درۆنی توركیان خستووەتە خوارەوە بەڵام توركیا تەنیا چوار فڕۆكەی گەریلایان خستووەتە خوارەوە، ئەوانیش دوای ئەوەی كە ئامانجی خۆیان پێكاوە»، گابار وا دەڵێت. یەكەمجار پەكەكە لە 10ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2018 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی لەدژی سوپای توركیا بەكارهێنا، لەدوای ئەو چالاكیەی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، توركیا لەبەشێكی زۆری بنكە سەربازییەكانیدا، سیستەمی تێكشكاندنی فڕۆكە درۆنەكانی جێگیر كردووە، بەڵام تائێستا سەركەوتوو نەبووە. لەتێكشكاندنی ئەو فڕۆكانە، چونكە بەشێكی زۆریان رادار نایانخوێنێتەوە. بنكەی سەرەكیی هەشتەمی سوپای توركیا لەئامەد تائێستا دووجار كەوتۆتەبەر هێرشی درۆنەكانی پەكەكەو دوای ماوەیەكی كەم، بنكەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا لەباتمانو بنكەی فەرماندەی فیرقەی (23) لەشڕناخ، لەلایەن درۆنەكانی پەكەكەوە هێرشیكراوەتەسەر. میدیاكانی توركیا ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە لەو هێرشانەی كە بەفڕۆكەی درۆن ئەنجامدراون ئامانجی خۆیان پێكاوەو زیانی گیانی و ماددی بەسوپای توركیا گەیاندوە. شاهۆ مەتین یەكێكی دیكەیە لەفەرماندەكانی هەپەگەو ئاماژە بەوە دەكات، فڕۆكە درۆنەكانی گەریلا سەرجەم ئامانجەكانی خۆیان پێكاوەو زیانی زۆریان لەسوپای توركیا داوە، «ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانە جۆری شەڕی گەریلایان بەهێزترو كاریگەرتر كردووە و سوپای تورك تووشی شۆك بووە». شاهۆ مەتین ئەوەشی خستەڕوو لەماوەی شەش مانگی رابردوودا زیاتر لە (40) هێرشی ئاسمانییان بەفڕۆكەی درۆن كردوەتەسەر سوپای توركیا لەناو خاكی باشورو باكوری كوردستاندا كەسەرجەمیان ئامانجەكانیان پێكاوە، بەڵام ژمارەیەكی كەمیان لەلایەن سوپای توركیاوە پێكراون، بەڵكو سەرجەمیان گەڕاونەتەوە دەستی گەریلا. هاوكات ئەو فەرماندەیەی هەپەگە وتیشی:» گەریلا لەدوو مانگی رابردوودا هێرشەكانی لەناو باكوری كوردستاندا چڕكردووەتەوەو دەمانەوێت مەیدانی شەڕ لەباكور بەهێزتر بكەینەوەو گەریلای زیاتر رەوانەی ناو خاكی توركیا كراوەو دەكرێت». رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا پرسیاری ئەوەی كردووە، چۆن دەبێت هێزێكی وەك پەكەكە، كەبەردەوام لەلایەن سوپای توركیاوە هێرشی دەكرێتەسەر ببێتە خاوەنی ئەو تواناو تەكنەلۆژیایە، كێش سەرپەرشتی راهێنانی گەریلاكانی ئەو هێزەی بۆ بەكارهێنانی فڕۆكە درۆنەكان كردووەو چۆن چۆنی ئەو تەكنەلۆژیایە گەیشتۆتە دەستیان. هاوكات بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری توركیا لە راپۆرتێكدا ئاماژەیان بەوە كردووە كە پەكەكە ئەكادیمیای فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی درووستكردووەو راهێنان بەگەریلاكانی پەكەكە دەكات كە چۆن بۆمب لەو فڕۆكانە ببەستن و بنكە سەربازییەكانی توركیا بكەنە ئامانج. بەهەمان شێوە توركیاش بەشێكی زۆری لەهێرشەكانی دوو ساڵی رابردووی لەسوریاو لەسنورەكانی هەرێم لەدژی پەكەكە بەفڕۆكەی درۆن ئەنجامداوە، لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا ژمارەیەك سەركردەی پەكەكە شەهید بوون كە توركیا بەو فڕۆكەیە كردونییەتە ئامانج. شاهۆ مەتین فەرماندەكەی هەپەگە، ئەوەش ئاشكرا دەكات، لەداهاتوویەكی نزیكدا بەهەموو توانای گەریلاوەو بەفڕۆكەی درۆنیشەوە لەناو خاكی توركیادا سەركەوتنی مێژوویی رادەگەیەنن بەسەر سوپای توركیادا، دەشڵێت» ئێستا گەریلا توانای دروستكردنی فڕۆكەی بێفرۆكەوانی هەیەو پێویستی بەدەوڵەتان نییە، بۆیە دەوڵەتی ئەردۆغان لەترسی ئەمە تۆمەت دەخاتە پاڵ وڵاتان». وەك دوو فەرماندەكەی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) جەختیان لەوە كردەوە ە بەهۆی فڕۆكەی درۆنەكانیانەوە تائێستا نزیكەی (50) سەربازی توركیاو (22) تانكیان تێكشكاندووە، ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ سەركەوتوویی بەكارهێنانی ئەو فڕۆكە بێفرۆكەوانانەی كە لەلایەن گەریلاوە بەكارهێندراون. فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا لەكاتی بەكارهێنانیان لەشەڕەكانی سوریا، لیبیاو ئازەربایجان ناوبانگێكی زۆریان دەركرد، پێشتریش توركیا ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی بەئۆكرایناو قەتەر و ئازەربایجان و چەند وڵاتێكی دیكە فرۆشتووە. جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە لەچاوپێكەوتنێكدا كە چەند رۆژی رابردوو بڵاوكرایەوە رایگەیاند»راستە دەوڵەتی تورك خاوەنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی شەڕكەرە، بەڵام گەریلاش رۆژبەڕۆژ بەشێوازو تاكتیكو توانای شەڕی خۆی كاریگەری ئەم تەكنۆكۆژیاو چەكو فڕۆكانە بۆ سەر خۆی كەمدەكاتەوە». هاوسەرۆكی كەجەكە باس لەوەشدەكات كە، ئەوەی لەگارە روویدا گەریلا بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان و بەو ئیرادە مەزنەی هەیبوو شەڕێكی سەركەوتوو تاكتیكی داهێنەرانەیان كرد» تاكتیكو شێوازی شەڕی گەریلا لەتوانایدا هەیە لەداهاتوودا چەكە پێشكەوتووەكانی توركیا بێكاریگەر بكات».
شاناز حەسەن بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەدات زۆر حاڵەت هەیە منداڵان بەسكچوون و رشانەوە تووشی كۆرۆنا دەبن، بەڵام مەرج نیە هەموو سكچوون و رشانەوەیەك تووشبووی ڤایرۆسەكە بن. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:»بەحوكمی هاتنی زووتری وەرزی گەرما، ئەمساڵ سكچوون و رشانەوە لەناو منداڵاندا زۆرەو تەنیا پەتایەكی وەرزییەو هەموو ساڵێك لەم وەرزەدا بڵاودەبێتەوە». هەروەها وتیشی:»لەناو حاڵەتەكانیشدا راستە هەندێك لەو منداڵانەی تووشی سكچوون و رشانەوە دەبن كۆرۆنایان هەیە». هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كەناكرێت بوترێت هەموو نەخۆشێكی سكچوون و رشانەوە تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنایە. دكتور پشدەر عەبدوڵڵا ئەوەشی باسكرد لەناو منداڵاندا كۆرۆنای گۆڕاو زۆرەو وتی:»حاڵەتەكان زۆرن، بەڵام توندنین و تەنیا دوو سێ رۆژ كاریگەریەكەی بەسەریانەوە دەبێت و زوو چاكدەبنەوە». دەربارەی بوونی نەخۆشی كۆلێرا لەناو منداڵاندا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی وتی:»ساڵانە لەم وەرزەدا حاڵەتی نەخۆشی كۆلێرا هەیە، بەڵام زۆر كەمن». جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەحاڵەتی نەخۆشی كۆلێرا لەسلێمانی تۆمار نەكراوە. هێرش سەلیم، وتی:»هەموو ساڵێك لەگەڵ رێكخراوی جیهانی لەسەر هێڵین، لەبوونی هەر ئەگەرێكی حاڵەتی كۆلێرا ئاشكرای دەكەین و رێنمایی تایبەت بەبازاڕو شوێنە گشتییەكان دەخەینەڕوو».
هاوڵاتى توركیاو ئێران كەمیراتگری دوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی-ن سەرەڕای ململانێكانیان، ستراتیژێكی نزیك و دوژمنكارانەیان لەسەر پرسی كورد هەیەو هیچ كات ناكۆكییەكانیان وای نەكردووە دژی كورد كۆك نەبن و پەكەكە وەك هێزێكی سەرەكیی كورد باجی ستراتیژی هاوبەشی تاران و ئەنقەرە دەدات. پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كە لەساڵی (1978) دامەزراندنی خۆی راگەیاندو وەك هێزێكی سیاسی و سەربازیی بۆ بەدەستهێنانی بەشێك لەمافەكانی كورد چالاكییەكانی لەبازنەی چوارپارچە یان كوردستانی گەورە رێكدەخات، بەبەردەوامی دەكرێتە ئامانجی وڵاتانی وەك (ئێران و سوریاو عێراق و توركیا) بەڵام توركیاو ئێران راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ زیاترین رێگریی و دوژمنایەتیی ئەم هێزە دەكەن و زۆرجار لەڕێگەی بەكرێگیراوان یان هێرشی سەربازییەوە پەكەكە دەكەنە ئامانج، چونكە ئەم دوو وڵاتە مێژوییەكی هاوبەشی دورودرێژیان هەیە لەدژایەتیی كوردو بزوتنەوەكانی، بۆیە پەكەكە بەپێی ئەو هەلومەرجانە پلان و ستراتیژیی خۆی بۆ هەڵسوكەوت یان خۆپاراستن لەبەرامبەر دەسەڵاتی ئەو دوو وڵاتە رێكدەخات. توركیاو ئێران وەك دوژمن و نەیاری پەكەكە هەوڵی دانوستانی نهێنی و رێككەوتن لەگەڵ ئەو هێزە دەدەن و رەنگە مەبەستیشان لەم كارە زیانگەیاندن بەپەكەكە و پرسی كورد بێت بەتایبەت كۆماری ئیسلامی ئێران بەبەردەوامیی هەوڵیداوە كە هەستیاریی لەگەڵ پەكەكە دروستنەكات بۆ ئەوەی لەلایەك كێشەی كورد لەئێران هاوشێوەی توركیا سەرهەڵنەدات و لەلایەكی دیكەوە پەكەكە ببێتە مایەی لاوازبوونی توركیا وەك ركابەرێكی سەرەكیی ئێران لەناوچەكەدا. رێككەوتنی توركیاو سوریا ستراتیژی پەكەكە دەگۆڕێت ناكۆكییەكانی توركیاو سوریا كەمێژوویەكی دورودرێژی هەیەو رەنگە بتوانرێت بووترێت سەرچاوەی ئەو ناكۆكییەش ئاوی رووباری فورات بووە كە لەناوچە شاخاوییەكانی باكوری كوردستانەوە هەڵدەقوڵێت و ئەم دوو وڵاتە لەگەڵ عێراق لەچەند قۆناغێكی جیاجیاو لەساڵانی (1960) تاساڵی (1990) چەند رێككەوتنێكی سێقۆڵیی نێوانیان ئەنجامداوە، بەهۆی ئەوە زۆربەی ئاوی روباری فورات دەچێتە سوریاو ژیانی بەشێكی بەرچاوی خەڵكی ئەو وڵاتەی پێوە گرێدراوەتەوە، توركیا بەبەردەوامیی وەك كارتێكی فشار لەدژی سوریاو هەندێكجاریش دژی عێراق بەكاریهێناوە. كودەتای سەربازیی (1980)ی توركیا دژی حكومەتی سولەیمان دەمێرەل و دەستگیركردنی ئەندامانی پەكەكەی بەدوای خۆیدا هێناو ئەو كودەتایە (210) هەزار دۆسیەی دادگایی لێكەوتەوەو (230) هەزار كەس دادگایی كران و بڕیاری لەسێدارەدان بۆ حەوت هەزار كەس دەرچوو (400) رۆژنامەنوس دەستگیركران و سەرجەم چوار هەزار ساڵ زیندانییان بۆ بڕایەوەو ژمارەیەكی بەرچاویش بەهۆی مانگرتن و هەوڵی راكردن لەزیندانەكانی توركیا گیانیان لەدەستدا، بووە هۆی ئەوەی پەكەكە پەنا بۆ خاكی رۆژئاوای كوردستان لەژێر دەسەڵاتی حافز ئەسەد بەرێت. كودەتا سەربازییەكەی توركیاو قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ سوریا لەسەر ئاوی رووباری فورات رەنگە هۆكارێكی سەرەكیی بووبێت بۆ ئەوەی رژێمی ئەوكاتی حافز ئەسەد لەسوریا چاوپۆشیی لەبوونی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان لەو سەردەمەدا بكات. ئەگەرچی بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان حافز ئەسەد سەرۆكی ئەو كاتی سوریا ویستوویەتی بەجێگیربوونی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان ئەو هێزە دژی توركیا وەك كارتێكی فشار بەكاربهێنێت، بەڵام واژۆكردنی رێككەوتنی نێوان توركیاو سوریا بەناوی (پەیمانی ئادانا) لەساڵی (1998) بووە هۆی دەستبەجێ دەركردنی پەكەكە لەخاكی رۆژئاوای كوردستان، چونكە توركیا بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ دیمەشق رێگەپێدراو بوو كە بەمەبەستی سەركەوتنی هێزە نەیارەكانی تاقوڵایی پێنج كیلۆمەتر بچێتە خاكی سوریاوە. دوای رێككەوتنی (ئادانا) كە ئێران و روسیا نێوبژیوانی بوون رژێمی سوریا بڕیاری دەركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی پەكەكە و پارتەكەی دەدات، بۆیە ئەو پارتەو هێزەكەی بۆ خۆپاراستن لە رژێمی سوریاو حكومەتی توركیا پەنا بۆ هێڵە سنورییەكانی نێوان خاكی رۆژهەڵاتی كوردستان و باكوری كوردستان بەتایبەت قەندیل دەبات و بەشێك لەهێزەكانیشی لەناوچەكانی (ورمێ، خۆی، سەڵماس، ماكۆ) جێگیردەكات، ئەمەش وایكردووە توركیا بە بەردەوامیی تۆمەتی پەیوەندیی نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و پەكەكە بداتەپاڵ ئەو دوو لایەنەو لەدوایین رووداویشدا كاتێك ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی ئێران لەعێراق رایگەیاند؛ ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان نایاساییەو پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراقە، سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی توركیا بەتوندی وەڵامی مەسجدی دایەوەو رایگەیاند؛ تائێستا ژمارەیەك چەكداری پەكەكە لەسنورەكانی ئێرانن و حكومەتی ئەو وڵاتە داڵدەیان دەدات، ئەم گرژییەش بانگهێشتی باڵیۆزەكانی ئەو دوو وڵاتەی لەئەنقەرە و تاران لەلایەن توركیاو ئێرانەوە لێكەوتەوە. رێككەوتنەكەی سوریاو توركیا بووە هۆی ئەوەی ئۆجەلان بڕواتە دەرەوە لەسوریا و روو لەچەند وڵاتێكی وەك (روسیا، ئیتاڵیا، یۆنان) بكات و دواجار لەپیلانێكی نێودەوڵەتییدا لەساڵی (1999) لەكینیا دەستبەسەر كراو ئەمەش كاردانەوەی كوردی لەهەموو جیهان و بەتایبەت لەناوچە كوردییەكان لێكەوتەوەو رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژی دەستگیركردنی ئۆجەلان وەك ناوچەیەكی سەربازیی لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە راگەیەنراو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لەچەند رۆژێكدا دەیان قوربانیی و برینداری لێكەوتەوەو سەدان كەسیش دەستگیركران و هێزە ئەمنییەكانی ئێرانیش بەهەموو شێوەیەك هەوڵی سەركوتی ئەو خۆپیشاندانانەیان دەدا بەجۆرێك سوپاو هێزە ئەمنییەكانی زۆربەی ناوچەكانی ئێران بۆ سەركوتی خۆپیشاندەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان روویان لەو ناوچانە كرد. رێككەوتنی سوریاو توركیاو دەستگیركردنی ئۆجەلان، ستراتیژیی پەكەكەی بەتەواوەتی گۆڕی و ئەو گۆڕانكارییە لەبەهێزبوونی پەكەكە لە رووی سەربازیی و سیاسییەوە بەدی دەكرێت، چونكە حاشا لەوەناكرێت كە توركیا دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان بەهاوكاریی سەرەكیی ئیسرائیل، خەونی بە لەناوچوونی ئەو هێزەوە دەبینی و پێی وابوو بەو هەنگاوەی چیتر پرسی كورد لەتوركیا نابێتە كێشەی سەرەكیی دەسەڵات لەو وڵاتە. پەكەكە لەستراتیژی ئێراندا زۆربەی شیكەرەوانی سیاسیی تورك پێیان وایە بەهۆی ئەوەی دوای رووخانی سۆڤیەت لەساڵی (1991) توركیا پەیوەندییە سەربازیی و هەواڵگرییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل بەرفراوان كردووە، ئێران وەك پیشەیەكی مێژویی خۆی هاوشێوەی پشتیوانیی لەمەلا مستەفا، سەرۆكی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی) لە رابردووداو هاوكاریی پارتی و یەكێتیی نیشتیمانی (یەكێتی) لەدژی رژێمی بەعس لەعێراق، دەیەوێت پەكەكە هاوشێوەی ئەو هێزانە دژی توركیا بەكاربهێنێت و یەكەم هەنگاویشی لە رێگەی رژێمی حافز ئەسەد لەسوریا بووە و كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (1988) لە رێگەی رژێمی سوریاوە بەبەردەوامیی پەیوەندیی بەسەركردەكانی ئەو هێزەوە كردووە و بواری بۆ رەخساندون سەردانی تاران بكەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران. ئێران هاوشێوەی توركیا خاوەنی كێشەی پرسی كوردە، بەڵام دنیابینی ئێران بۆ پرسی كوردو داگیركردنی شێوازێكی دیكەی هەیە و بەچاوخشاندنێكی خێرا لەپلانی داگیركردنی كورد بەدەستی ئێران دەردەكەوێت ئەو وڵاتە پێچەوانەی توركیا كەكورد بەگەلێكی جیاواز لەتورك دەزانێت، دەیەوێت بەپشتبەستن بەچەند سەرچاوەیەكی مێژوویی درۆو دوور لە راستیی بەبەردەوامی گەلی كورد وەك بەشێك یان پاشكۆی نەتەوەی فارس یان هەندێك جار بەهاونەژاد لەگەڵ گەلانی ئێران ناوببات و لەم سۆنگەیە بەشێك لەستراتیژو سیاسەتی خۆی بۆ داگیركردنی كورد داڕشتوە. بۆیە بەرپرسانی ئێران بەگشتی هیچ كات نایەنەوێت پرسی كورد هاوشێوەی پرسی كورد لەتوركیا یان وەك نەتەوەیەكی سەربەخۆخواز ببێتە بابەتێكی سەرەكیی لەئێران و وڵاتانی دراوسێشی. موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) و ئەندامی سەركردایەتیی پەكەكە ساڵی (2014) لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا ئاشكرای دەكات، كە پەكەكە دوای رێككەوتنی توركیاو سوریا لەساڵی (1998) بۆ پاراستنی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دانوستانی كردووە بەڵام هیچ پەیوەندییەكی پەكەكە لەسەر زیانگەیاندن بەپرسی گەلی كورد نەبووەو نابێت. قەرەیلان لەو چاوپێكەوتنەدا دەڵێت: «ئەو سەردەمەی پەیوەندیی لەنێوان ئێمە و ئێران هەبووە، رێگەمان نەداوە زیان بەپرسی كوردو هیچ رۆڵەیەكی كورد بكەوێت و ئەگەر هەر كەسێكیش بەڵگەیەكی لەسەر ئەوە هەیە كە لەو سەردەمەدا پەكەكە لەسەر زیانگەیاندن بەپرسی كورد پەیوەندیی لەگەڵ ئێران هەبووە دەتوانێت ئاشكرای بكات و رەخنە لەپەكەكە و سەركردەكانی بگرێت». ئەو سەركردەیەی پەكەكە لە نوێترین لێدوانیدا بۆ گۆڤارێكی ئیسرائیلی رایگەیاندووە توركیاو ئێران وەك دوژمنی هاوبەشی گەلی كوردن و تەنانەت ئەو دوو وڵاتە پێكەوە هێرش دەكەنەسەر پەكەكەو پژاك و لایەنەكانی دیكەی كورد لەزۆربەی ناوچەكانی كوردستان و بەتایبەت باكورو رۆژهەڵاتی كوردستان. لەلایەكی دیكەوە جەمیل بایك، هاوسەرۆكی (كەجەكە)و یەكێك لەدامەزرێنەرو سەركردەكانی (پەكەكە) لەنوێترین لێدوانیدا بۆ (شارپرێس) رایگەیاندووە: لەو سەردەمەی عەبدوڵا ئۆجەلان لەلوبنان و سوریا بووە پەیوەندییان لەگەڵ حكومەتی سوریاو ئێران هەبووەو دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان ئەو دوو وڵاتەش لەژێر كاریگەریی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا دەكەونە دژایەتیی پەكەكە. دەشڵێت:»ئێمە بەهۆی هەرێمی پاراستنی مێدیا سنورێكی بەرفراوانمان لەگەڵ ئێران هەیەو ئەو وڵاتە لەساڵی (2011) بەشێوەیەكی بەرفراوان هێرشی كردەسەر قەندیل كە هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) تێیدا جێگیرن، بۆیە بەئاگربەستێكی ناڕاستەوخۆو دوو لایەنە هێرشەكان كەمكرایەوە، سەڕای ئەوانەش بەهۆی ئەو پەیوەندییانەی ئێران لەگەڵ توركیا هەیەتی ناوبەناو هێرش دەكاتەسەر گەریلا لەناوچە سنورییەكانی نێوان باكوری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان. بایك جەختی كردووەتەوە هیچ پەیوەندییەكی سیاسییان لەگەل ئێران نییەو ئەوەی لەسەر پەیوەندیی نێوان ئێران و پەكەكە بڵاودەكرێتەوە تەنها پڕوپاگەندەیە. لای هەموو كەس و بەتایبەت سەركردەكانی پەكەكە روونە كەپەیمانی ئادانا زیانیكی گەورەی بەكوردو پەكەكە گەیاندووە، بەڵام حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لەپێنجەمین كۆبوونەوەی (ئاستانە) لەنێوان روسیاو توركیاو ئێران لەسەر شەڕی ناوخۆی سوریا رایگەیاند؛ باشترین بژاردە بۆ چارەسەری دۆخی سوریا چالاككردنەوەی رێككەوتنی ئادانایە بۆ ئەوەی نیگەرانییەكانی نێوان سوریاو توركیا چارەسەر ببێت، چونكە بەهۆی دۆخی سوریاوە بە كردەوە ئەو رێككەوتنە لەساڵی (2011)ەوە راگیراوە. لێدوانەكەی رۆحانی ئاشكرایە كە كۆماری ئیسلامی ئێران هاوشێوەی توركیا تا چ ئاستێك خوازیاری زیانگەیاندن بەپرسی كوردو لێدانی پەكەكەیە، بۆیە زۆر روونە ئێران لەستراتیژدا دژی پەكەكەو پرسی كوردە، بەڵام نایەوێت پەكەكە یان پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) لەدژی خۆی و پرسی كورد بوروژێنێت، بەڵكو دەیەوێت ئەو هێزانە بەبەردەوامی ببنە هۆی لاوازكردنی توركیا وەك ركابەرێكی سەرەكیی كۆماری ئیسلامی ئێران لە رووی نێودەوڵەتیی و ناوچەییەوە. رێككەوتنی توركیاو ئێران دژی پەكەكە كۆمەڵێك رێككەوتنی سەربازیی و ئەمنیی لەنێوان توركیاو ئێراندا هەیە بۆ ئەوەی رێگە بەهیچ وڵات و هێزێكی نەیاریان نەدەن سود لەخاكی وڵاتەكانیان وەگرن دژی دەسەڵات و حوكمڕانیی ئەنقەرەو تاران، بەڵام زۆرجار بەئەنقەست و دەمارگیرانە هەندێك هەواڵ و زانیاریی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و لایەنەكانی نزیك لەم هێزە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاودەكرێتەوە كەسەرچاوەی زۆربەی ئەو هەواڵ و زانیارییانە دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی وەك توركیاو ئێرانە بۆ نموونە دەوترێت زۆربەی سەركردەكانی پەكەكە عەلەوی-ن، بۆیە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەیە لەكاتێكدا گومانەكان لەمێژووی عەلەوی لەلای شیعەو سوننە نەڕەویوەتەوە، بەڵام شیعەكان تا ئاستێك هەوڵی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو پێكهاتە ئاینییە دەدەن. جگە لە رێككەوتنە گەورە ئابورییەكانی نێوان ئەنقەرەو تاران كەهەندێك جار دەگاتە (35) ملیار دۆلار لەساڵێكدا، كۆمەڵێك رێككەوتنی سەربازیی مێژویی لەنێوان توركیاو ئێران هەیە كەگرنگترینیان بە رێككەوتنی (سەعدئاباد)ناوی دەهێنرێت و بەپێی رێككەوتنەكە ئەو دوو وڵاتە نابێت هاوكاریی هیچ وڵات و لایەنێك بكەن بۆ داگیركردن و زیانگەیاندن بەوڵاتەكانیان و هاوكات لە رووی ئەمنیی و هەواڵگریی و سەربازییەوە دژی نەیارانیان هاوكاریی یەكتری بكەن و لەنوێترین رێككەوتنیشیاندا، رۆژی سێشەممە (8/9/2020) حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران بەئۆنلاین لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا قسەی كردو دواتر بەیاننامەیەكی هاوبەشی (10) خاڵییان بڵاوكردووە كە لەچەند خاڵێكیدا ئاماژە بەپاراستنی بەرژەوەندیی هەردوولا لەدژی نەیاران و گروپە چەكدارەكانی وڵاتەكەیان كردبوو . لەو رێككەوتنە (10) خاڵییەدا پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) وەك نەیاری توركیاو ئێران ناویان هێنراوەو چەند سەعاتێك دوای ئەو رێككەوتنە بۆردومان و بۆمبارانی هاوبەشی هێزە سەربازییەكانی ئێران و توركیا دژی ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردو رۆژی دواتر سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی لە راگەیەنراوێكیدا ئاشكرای كرد بۆردومانەكانی سوپاكەیان بۆسەر هەرێم لەچوارچێوەی رێككەوتنی توركیاو ئێران بووە بۆ لێدان لەنەیارانی ئەو دوو وڵاتە لەسنورەكانیان
عەمار عەزیز. دهۆك سوپای توركیا زیاتر لە (40) كیلۆمەتر خاكی هەرێمی بەزاندووەو سەرەڕای داگیركارییەكەی دەستیكردووە بە بڕینەوەی دارەكانی سنوری بادینان و دەیباتەوە وڵاتەكەی خۆی و تائێستاش حكومەتی هەرێم هەڵوێستی نەبووە، بەڵام ناوەندی پاراستنی گەل هەپەگە دەڵێت:» ئەم تاوانە بێ سزا نامێنێتەوەو پێویستە كەس نەبێتە هاوبەشی ئەم تاوانە». سوپای توركیا هاوشێوەی داگیركارییەكەی شاری عەفرینی رۆژئاڤای كوردستان كەزۆربەی دار زەیتونەكانی عەفرینی لەڕەگەوە هەڵكەندووەو بردویەتیەوە بۆ توركیا، بەهەمان شێوەی عەفرین، لەپارێزگای دهۆك و ناوچە داگیركراوەكانی بادینان دارەكان دەبڕێتەوەو دەیباتەوە شارەكانی (هەكاری، شڕناخ، گەڤەر، وان)، وەك پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت:» جەندرمەكانی توركیا لەبادینان داریان بڕیوەتەوە تەمەنی سەد ساڵ بووە»، ئەمەشی بەكارێكی مەترسیدار وەسف كرد بۆ لەناوبردنی ژینگەی بادینان. ئازاد ئەدیب موسا، موختاری گوندی هرورێ سەر بەناحیەی كانی ماسی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە دەست سوپای توركیا، بارەگاو خاڵی سەربازییان داناوە، دەستیان بەبڕینی دارەكان كردووە، دواتر دەیگوازنەوە بۆ توركیا، خەڵوزی لێ دروستدەكەن لەگەڵ هەندێك شتی تر». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد جەندرمەكانی توركیا هاتوونەتە ناو گوندی هرورێ لەسنوری قەزای ئامێدی بەخەڵكیان وتووە لەكاتی سەردانتان بۆ ناو باخچەكانی خۆتان چەك لەگەڵ خۆتان نەبن و نابێت بەهیچ شێوەیەك هاوكاری گەریلاكانی پەكەكە بكەن، وتیشی:» چەتەكانی توركیا ئەوانەی لەگەڵ سوپای توركیا بەخەڵكی گوندیان وتووە دارەكانی سنوری گوندی هرورێ دەبڕین، ئێمەش وتوومانە بەهیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەین، هەموو شوێنێكمان ئاگاداركردووەتەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم هیچ هەڵوێستی نەبوو، چەتەكانی توركیاش دەستیان بەبڕینی دار كرد هەموومان پێكەوە هێرش دەكەینەسەر خاڵە سەربازییەكانی توركیا». «تەنها لە زناری كێستە سوپای توركیا چوار خاڵی سەربازییان داناوە، لەدەوروبەری خاڵە سەربازییەكانی خۆیان تەواوی دارەكانیان بڕیوە، كەس نازانیت چەند دارن، بەڵام بەسەدان داریان بڕیوە»، موختاری گوندی هروری وادەڵێت. موختارەكە ئەوەشی خستەڕوو كەئێستا (45) خێزان لەناو گوندی هرورێدا دەژین، زیاتر لەدوو هەزار دۆنم زەوی لەسنوری گوندەكە بەهۆی بۆردوومانەكانی توركیا سووتاون، زیانێكی زۆری دارایی بەهەموو خەڵك كەوتووە، «سەرەڕای هەموو ئەمانە گوندەكەی خۆمان بۆ هیچ كەس و لایەنێك چوڵناكەین، زۆر شتمان قبوڵ كرد، بەڵام لەمەودوا هەڵوێستی توندمان دەبێت». لە 23ی مانگی رابردوودا سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە «چڕنووكی هەورە برووسكە»ی بەپاساوی رووبەڕووبوونەوەی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەبەرزاییەكانی سنوری پارێزگای دهۆك دەستپێكرد، لەهەندێك شوێن تا (40) كێلومەتر هاتووەتە ناو خاكی كوردستان . پەرلەمانتارێكی بادینی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەسوپای توركیا لەڕێگەی كۆمپانیایەكەوە دارەكانی ناوچەكانی بادینان دەبڕنەوەو دەیبەنەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان. رێڤینگ هروری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتى وت: « بابەتی بڕینی دار لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی سەر بەتوركیا لەسنوری پارێزگای دهۆك كۆنە، چەند ساڵێكە ئەم كارە دەكرێت، لەچەند ساڵی رابردوو ئەو كۆمپانیایانە لەڕێگای جەندرمەكانی توركیا هەڵساون بەبڕینی ژمارەیەكی زۆر لەدارەكانی دارستانی تاوێ لەسنوری ئامێدی و ناوچەی گەڤەرۆكێ و خۆركێ لەسنوری قەزای زاخۆ «. رێڤینگ هروری ئەوەشی باسكرد كە توركیا هەر ناوچەیەك بۆردوومان بكات دواتر دەیستوتێنێت، یەكەمجار بەشۆفڵ رێگا دەكاتەوە دواتر لەڕێگای جەندرمەكانی خۆی و بەهاوكاری چەند كۆمپانیایەك دەست بەبڕینی دارەكان دەكات» بەداخەوە هەندێك دار هەیە تەمەنی سەرووی (100) ساڵە دوای بڕینی دارەكان دەگوازرێنەوە بۆ توركیا». ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی روونكردەوە كە ئەو ناوچانەی كە بەم دواییە بەتایبەت لەسنوری ناحیەی كانێ ماسێ داگیركراوە هێشتا دەستی بەبڕینی دار نەكردووە ، نازانین لەوێش بەهەمان شێوە دەست بەبڕینی دار دەكات یان نا. « ئەم بابەتە زۆر ترسناكە ، تێكدانی ژینكەو بڕینی دارەكان و وشكبوونەوەی ناوچەكە كاریگەریی زۆر خراپ دەكاتەسەر ژینگەی ناوچەكە، پێویستە بەزووترین كات دەزگا پەیوەندیدارەكان گفتۆگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانە بكەن كە بەم كارەوە هەڵساون و چیتر رێگانەدەن دارەكان ببڕێن» رێڤینگ هروری وای وت . هەپەگە رایگەیاند دەوڵەتی داگیركەری تورك سروشتی كوردستان تاڵان دەكات و ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە»ئەم تاوانە بێ سزا نامێنێتەوەو پێویستە كەس نەبێتە هاوبەشی ئەم تاوانە». رۆژی 28ی ئایاری 2021، ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، لەبەشێكیدا ئاماژە بە بڕینەوەی دارەكان لەهەرێمەكانی پاراستنی مەدیا و بەدلیس كردووەو هۆشداریی بەتاڵانكەرانی سروشتی كوردستان داوە. هەپەگە رایگەیاند:» دەوڵەتی داگیركەرو مشەخۆری تورك لەگەڵ هەوڵە داگیركەرانەكانیدا، بێ وەستان جوگرافیای كوردستان بۆردوومان دەكات و هەموو دارستانەكانی دەسووتێنێت و دارەكانی دەبڕێت، بەتایبەتیش لەم دواییانەدا، لەهەرێمكانی مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و مەیدانەكانی دۆڵی شێخ جومعە و شەهید مزگین لەهەرێمی خەرزانی بەدلیس». هەروەها لەڕاگەیەندراوەكەیاندا هاتووە» سوپای داگیركەری تورك بەدەستی چەتە و كۆنتراكان (جاشەكان)ی دارەكان دەبڕێت، دەوڵەتی داگیركەری تورك دژی گەلی كورد تاوانی قڕكردن ئەنجامدەدات، هاوكات بەتاڵانكردنی سروشتی كوردستان تاوانی گەورە دەكات، بەهۆی ئەوەی ئەم تاوانە بێ سزا نامێنێتەوە، پێویستە كەس نەبێتە هاوبەشی دەوڵەتی تورك بۆ تاڵانكردنی جوگرافیای كوردستان». پەیامنێری هاوڵاتى پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی دهۆك كرد، بەڵام وتیان ئەم بابەتە پەیوەندی بەئێمەوە نیە، بۆ راستی بابەتەكەش دەبێت لیژنەیەك پێكبهێنرێت و ئنجا كاری لەسەربكرێت . ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت:»پێویستە هەرسێ سەرۆكایەتی هەرێم بێنە سەر خەت و بڕینەوەی دارەكان و ئەم كارە ترسناكە رابگیرێت». عەبدولسەمەد تیلی عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەفراكسیۆنی یەكگرتوو بۆ هاوڵاتى، ئاماژەی بەوەكرد تائێستا لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك هیچ دانیشتن و كۆبوونەوەیەك لەسەر بابەتی بڕینەوەی دارەكانی ناوچەكانی بادینان لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی توركیا ئەنجامنەدراوە، بەڵام دەبوایە بەلایەنی كەمەوە دانیشتنێكیان لەسەر ئەم بابەتە بكردایە. عەبدولسەمەد تیلی وتیشی: «پێویستە هەرسێ سەرۆكایەتی هەرێم بێنەسەرخەت و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراق بكەن تا ئەم كارە ترسناكە رابگیرێت، ئەگەر وابڕوات و هیچ هەڵوێستێك لەلایەن بەغدا و هەرێمی كوردستان نەبێت، توركیا بەردەوام دەبێت و ژینگەی بادینانیش بەرەو وێرانییەكی خراپ دەڕوات».
شاناز حەسەن جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەڵێت: »(13) هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستییان كەمەو ئەوەش كێشەی بۆ دروستكردوون و داوامان لەقوباد تاڵەبانی كردووە چارەسەری بكات». دوێنێ یەكشەممە نوێنەری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كردو بەڵێنیدا كێشەی كەمی دەرمان و كارمەندی تەندروستی بۆ پارێزگاكە چارەسەر بكات. هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»ئەو میلاكەی ئێستا هەمانە زۆر كەمترە لەو رێژەیەی كە دەبێت هەبێت كە لەسەدا (50 بۆ 60) سەرچاوەی مرۆییمان كەمە». جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا ئاستی دامەزراندن زۆر لاوازە، بۆیە پێشنیاریان كردووە كەمی میلاك بەوە پڕبكرێتەوە ئەو كارمەندانەی مۆڵەتیان وەرگرتووە یان ئەوانەی كە خانەنشین بوون كەسی دیكە بكرێتە شوێنیان. هەروەها وتی:»بەپێی میلاكی وەزارەتی تەندروستی بۆ پارێزگای سلێمانی پێویستە (27) هەزار كارمەندو پزیشكی بواری تەندروستی هەبێت، لەئێستادا كەمتر لە (14) هەزار میلاك هەیە، واتا پێویستمان بە (13) هەزار پزیشك و كارمەندی تەندروستی زیاتر هەیە». هێرش سەلیم، جەختی لەوەشكردەوە»دەتوانین پێداویستییەكان هەرچۆنێك بێت دابینی بكەین، بەڵام سەرچاوەی مرۆیی ناتوانین پڕبكەینەوە، بۆ نموونە ناتوانین نەخۆشخانەیەكی تازە بكەینەوە تاپسپۆری تازە دانەمەزرێنرێت تاكێشەی كەمی كارمەندو پزیشك چارەسەر نەبێت».
ئارا ئیبراهیم بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان دەڵێن هاوپەیمانێتییەكەیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵكەو ئارامیی سیاسی و ئابووری لێدەكەوێتەوەو دەتوانن پێكەوە بەرگری لەمافەكانی كورد لەبەغدا بكەن. هەریەكە لەیەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كەبڕیارە لە10/10ی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت هاوپەیمانێتییەكیان پێکهێناوە بەسەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی. یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق خاوەنی (20) كورسی و بزوتنەوەی گۆڕان پێنج كورسییان هەیە كە بەهەردوولایان دەگەنە (25) كورسی. بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان، عێراق دابەشكراوە بۆ (81) بازنەی هەڵبژاردن كەپێشتر هەر پارێزگایەك یەك بازنە بووەو ئەوەش دەنگی لایەنەكان لەزۆری بازنەكاندا پەرت دەكات. سەركردایەتییەكی یەكێتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەسەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكە لەلایەن لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی كەپێگەی جەماوەری بەهێزە، رۆڵی دەبێت لەوەی هاووڵاتیان و ئەندام و لایەنگرانیان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان. ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هاوپەیمانێتی بۆ بەغدا گرنگە بۆ هاوهەڵوێستی نێوانمان، چەند یەكدەنگ بین ئەوەندە كاریگەریی دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كوردو ناوچە دابڕێندراوەكان». هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد بنكەی جەماوەریی یەكێتی و گۆڕان ئەگەر سەد لەسەد نزیك نەبن ئەوا زۆر زۆر لێك نزیكن، لەبەرئەوە گرنگە هەردوولا پێكەوەبن لەپێناو ئەو بنكە جەماوەرییە، وتیشی:»ململانێكانی یەكێتی و گۆڕان كاریگەری یان كاردانەوەی خراپی لەبواری ئابووری هەبوو، ئەو هاوپەیمانێتییە هەڵبژاردنێكی ئارامی لێدەكەوێتەوە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە بەگشتی». ئارێز عەبدوڵا، ئەوەشی باسكرد كە هاوپەیمانێتییەكەیان بۆ دژایەتی پارتی و هیچ لایەنێكی دیكە نییە» هەڵبژاردن ململانێیەكی دیموكراسییە، بێگومان ئێمە حەزدەكەین پارتی كورسی نەهێنێت، پارتیش حەز دەكات ئێمە كورسی نەهێنین، بەڵام ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی ئەو هاوپەیمانێتییەمان كردووە، ئەگەر هاوپەیمانێتییەكەمان لەگەڵ گۆڕان ببێتە شكستی نەیارەكانمان كارێكی باشە». هەروەها ئەو سەركردایەتییەی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە كەسەرۆكایەتی هاوپەیمانێتییەكە لەلایەن لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی كەپێگەی جەماوەریی بەهێزە، رۆڵی دەبێت لەوەی هاووڵاتیان و ئەندام و لایەنگرانیان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، وتیشی:» راستە بازنەكانی هەڵبژاردن لەعێراقدا زیادیان كردووە، بەڵام یەكێتی و گۆڕان دڵنیام دەنگەكانیان زیاتر دەكەن و قورساییان پێكەوە زیاتر دەبێت لەبەغدا». هاوكات، ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت:» هاوپەیمانێتی یەكێتی و گۆڕان كاریگەری لەسەر باشتركردنی ژیانی خەڵك دەبێت». وشیار عومەر، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی كاریگەری دروستدەكات لەهەڵبژاردنەكاندا لەهەرێمی كوردستان، هەمیشە ململانێ و نائارامی هەبووە كەئێمەش سەرچاوەی ئەو نائارامییە نەبووین، گۆڕان هێزێكی مەدەنییە لایەنەكانی بەرانبەر كاردانەوەیان بەرانبەر گۆڕان هەبووە». هەروەها پێشیوابوو هاوپەیمانان خواستیان ئەوەیە كەكورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بێت و ئەو هۆشدارییە دراوە بەلایەنە سیاسییەكان كەكورد ئاگاداری خۆی بێت كەئەو عێراقەی ئێستا عێراقی (17) ساڵی رابردوو نییە، هەمواری دەستورو زۆر پرسی تر لەئارادایە، «كورد پێویستە یەكڕیز بێت و كار بۆ یەكخستنی هەڵوێستەكانی بكات». « یەكێتی و گۆڕان لەسەر ئاستی حكومەتی خۆجێیی رێکكەوتنیان هەیەو پێویستە بەوردی چاوپیاخشاندنەوەی تێدا بكرێت كەسلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە لە زۆر رووەوە بێبەش كراوەو ناعەدالەتیی هەیە، هەمیشە خەڵك زیاتر چاوی لەو رێکكەوتنەی حكومەتی خۆجێیی زیاتر بووە وەك لەبەشداری گۆڕان لەكابینەی نۆیەمدا»، وشیار عومەر وا دەڵێت. دەربارەی پارێزگاریكردن لەدەنگ و كورسییەكانیان لەڕێگەی ئەم هاوپەیمانێتییەوە، وشیار عومەر وتی:» دڵنیام ئەو پێنج كورسییەی بەغدا قورسایی گۆڕان نییەو زۆر لەوە زیاترە، وڵاتانیش كەبەردەوام دەیانبینین دەزانن قورسایی گۆڕان زۆر زیاترە، چونكە هیچ هێزێك بەقەدەر گۆڕان ئەم ماوەیە تووشی دژایەتی و ململانێ نەبووەتەوە، بەڵام دڵنیام دەنگەكانمان دەپارێزین و قورسایمان زیاتر دەبێت، ئەوەش كارو بەرنامەی دەوێت، چونكە رەخنەی خەڵك كە هەبووبێت لەسەر پرۆژەكانی گۆڕان بووە كە باش تێنەگەیشتووە لە نیەت و كاری گۆڕان».
شاناز حەسەن سەرەڕای واژۆی ئەندامانی فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بەردەوامی لێبڕینی موچە، بەڵام هێشتا سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاری یەكلاكەرەوەی نەداوە دانیشتنێكی تایبەتی لەسەر ئەنجام بدات، بەڵام پەرلەمانتاران دەڵێن داوایان كردووە ستافی حكومەت بەشداربێت. ماوەی حەوت مانگە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەڕێژەی لەسەدا 21% بەردەوامەو ئەوەش نیگەرانی موچەخۆرانی لێكەوتووەتەوەو پێیانوایە داهاتی ناوخۆ زیادی كردووەو نرخی نەوتیش بەرزبووەتەوە ناكرێت لێبڕینی موچە بەردەوام بێت. دانیشتنی پێشتری پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە واژۆ كۆكرایەوە بۆ ئەوەی ئەم هەفتەیە بڕیار بدرێت دانیشتنێكی تایبەت بەو پرسە ئەنجامبدرێت، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە. پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی كۆمەڵ: لەم قۆناغەدا پێویستە بڕیار بدرێت لێبڕینی موچە نەمێنێت نەگ گفتوگۆی لەسەر بكرێـت روپاك ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كۆدەنگییەك لەناو پەرلەمانتاران هەیە بەڵام دوو بەش دروستبوون، ئێمە (57) پەرلەمانتار واژۆمان بۆ ئەوە كۆكردۆتەوە كە پرسی لێبڕینی موچە نەمێنێت بەڵام (60) پەرلەمنتاری دیكە لەحزبەكانی بەشدار لەحكومەت واژۆیان كردووە بۆ گفتوگۆكردن». «لەم قۆناغەدا پێویستە بڕیار بدرێت لێبڕینەكە نەمێنێت نەك تەنیا گفتوگۆی پەرلەمان بێت، چونكە كە بڕیار نەدات گفتوگۆ هیچ ئەنجامێكی نابێت»، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ وای وت. روپاك ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو هەندێك لەپەرلەمانتارەكانی گۆڕان و یەكێتی لەهەرودوو لاوە واژۆیان كردووە. پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرسی لێبڕینی موچە بوونەتە دوو بەش (57) پەرلەمانتار لەفراكسیۆنە جیاوازەكان واژۆیان كردووە پرسی لێبڕینی موچە نەمێنێت. بەشەكەی دیكەی ناو پەرلەمان لەفراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی و پارتی (60) واژۆیان كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان گفتوگۆ بكات لەسەر پرسی لێبڕینی موچە. حكومەتی هەرێم ماوەی حەوت مانگە موچە بەلێبڕینی لەسەدا 21% دابەشدەكات و بۆ مانگی ئایاریش لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پەسەندكردنی بودجەی عێراقیش بەو شێوازەی خۆی بەردەوامە لەدابەشكردنی موچە. ئەبوبەكر هەڵەدنی: هیچ پاساوێك بۆ لێبڕینی موچە نەماوە و پێویستە ستافی حكومەت لەپەرلەمان ئامادەبن ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هیچ بیانویەك بۆ لێبڕینی موچە نەماوە لەدوای رێككەوتنی لەگەڵ بەغداو بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆش زۆر بووە». هەروەها باسی لەوەشكرد، داهاتەكان زۆربوون بەڵام بەداخەوە دوو حزبی دەسەڵات داهاتەكان ناگێڕنەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و وەزارەتی دارایی وەك چالاكی حزبی و دەربڕین و سەنگەر گواستنەوە بەكاریدەهێنن. ئەبوبەكر هەڵەدنی وتیشی:» دانیشتنی ئەم جارە تایبەت دەبێت بەهەڵگرتنی لێبڕینی موچە بەئامادەبونی وەزیرە پەیوەندیدارەكان تابڕیاری كۆتایی لەبارەی هەڵگرتنەوە بدرێت، چونكە بڕیارەكە بەئەنجومەنی وەزیران بووەو دەبێت سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان بێنە پەرلەمان و بەدەستەجەمعی بڕیارەكەیان داوە نەك تەنیا وەزیر بێت هیچ دەسەڵاتێكی نەبێت بڕیار بدات». سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: چاوەڕێین لەیەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان لێبڕینی موچە كۆتایی پێبهێنرێت زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد بارودۆخی دارایی هەرێم لەبارودۆخێكی باشدایە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە لێبڕینەكە نەمێنێت، بۆیە پێكەوە هەموویان كار بۆ ئەوە دەكەن. سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە: « كاركردنی هەموو لایەنەكان و فراكسیۆنەكان پێكەوە كاریگەرییەكان لەسەر حكومەت زیاد دەكات و وادەكات كۆتایی بەلێبڕینی موچە بهێنرێت». پەرلەمانتارێكی پارتی: خۆمان بەخاوەنی كەیسی هەڵگرتنی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەزانین رێبوار عەبدولڕەحیم، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە وەك پارتی هەر زوو لەسەر ئەوە قسەمان كردووەو خۆمان بەخاوەنی كەیسی هەڵگرتنی لیبڕینی موچە دەزانین، چونكە زۆرینەی خەڵكی هەرێم دەنگی بەئێمە داوە». پەرلەمانتارەكەی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان پێشیوابوو ئەوان یەكەم كەس بوون واژۆیان كردووە كە شاندی ئەنجومەنی وەزیران بێتە پەرلەمان و كار بۆ كۆتایی هاتنی لێبڕینی موچە بكەن. رێبوار عەبدولڕەحیم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد» ئێمە داوا دەكەین شاندی حكومەت بێتە پەرلەمان كەئەو شاندە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێدەدات لەكێ و كێ پێكهاتووە دێنە دانیشتنی ئەمجارەی پەرلەمانەوە». پەرلەمانتارێكی گۆڕان: پێویستە هەموو ئەوانەی پەیوەندی بەبودجە و داهاتی وڵاتەوەیە پێكەوە بێنە پەرلەمان بەڵێن ئیسماعیل، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لێبرێنی موچە بڕیارێكی نایاسایی ئەنجومەنی وەزیرانە كەدەسەڵاتی خەرجكردن گەورەترین كێشەیە كە یاسایەكی تایبەتی نیەو لەسەری بڕوات». پەرلەمانتارەكەی گۆڕان پێیوابوو ئەم خەمە بەردەوام هەبووەو ئێستا چڕتر بۆتەوەو پێویستە حكومەتیش كار لەسەر ئەوە بكات و ئەو ژمارانە بخاتەڕوو كەداهاتەو لەبەردەستدایە تا بەو پێیە كاربكرێت بۆ كۆتایی هاتنی لێبڕینی موچە. بەڵێن ئیسماعیل ئەوەشی دووپاتكردەوە كەئەمجارە پێكەوە ستافی ئەنجومەنی وەزیران بێنە پەرلەمان و لەسەر هەڵگرتنی لێبڕینەكە بڕیار بدرێت.
عەمار عەزیز. دهۆك سوپای توركیا زیاتر لە (40) كیلۆمەتر خاكی هەرێمی بەزاندووەو سەرەڕای داگیركارییەكەی دەستیكردووە بە بڕینەوەی دارەكانی سنوری بادینان و دەیباتەوە وڵاتەكەی خۆی و تائێستاش حكومەتی هەرێم هەڵوێستی نەبووە، بەڵام ناوەندی پاراستنی گەل هەپەگە دەڵێت:» ئەم تاوانە بێ سزا نامێنێتەوەو پێویستە كەس نەبێتە هاوبەشی ئەم تاوانە». سوپای توركیا هاوشێوەی داگیركارییەكەی شاری عەفرینی رۆژئاڤای كوردستان كەزۆربەی دار زەیتونەكانی عەفرینی لەڕەگەوە هەڵكەندووەو بردویەتیەوە بۆ توركیا، بەهەمان شێوەی عەفرین، لەپارێزگای دهۆك و ناوچە داگیركراوەكانی بادینان دارەكان دەبڕێتەوەو دەیباتەوە شارەكانی (هەكاری، شڕناخ، گەڤەر، وان)، وەك پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت:» جەندرمەكانی توركیا لەبادینان داریان بڕیوەتەوە تەمەنی سەد ساڵ بووە»، ئەمەشی بەكارێكی مەترسیدار وەسف كرد بۆ لەناوبردنی ژینگەی بادینان. ئازاد ئەدیب موسا، موختاری گوندی هرورێ سەر بەناحیەی كانی ماسی لەلێدوانێكدا بە وت: « ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە دەست سوپای توركیا، بارەگاو خاڵی سەربازییان داناوە، دەستیان بەبڕینی دارەكان كردووە، دواتر دەیگوازنەوە بۆ توركیا، خەڵوزی لێ دروستدەكەن لەگەڵ هەندێك شتی تر». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد جەندرمەكانی توركیا هاتوونەتە ناو گوندی هرورێ لەسنوری قەزای ئامێدی بەخەڵكیان وتووە لەكاتی سەردانتان بۆ ناو باخچەكانی خۆتان چەك لەگەڵ خۆتان نەبن و نابێت بەهیچ شێوەیەك هاوكاری گەریلاكانی پەكەكە بكەن، وتیشی:» چەتەكانی توركیا ئەوانەی لەگەڵ سوپای توركیا بەخەڵكی گوندیان وتووە دارەكانی سنوری گوندی هرورێ دەبڕین، ئێمەش وتوومانە بەهیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەین، هەموو شوێنێكمان ئاگاداركردووەتەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم هیچ هەڵوێستی نەبوو، چەتەكانی توركیاش دەستیان بەبڕینی دار كرد هەموومان پێكەوە هێرش دەكەینەسەر خاڵە سەربازییەكانی توركیا». «تەنها لە زناری كێستە سوپای توركیا چوار خاڵی سەربازییان داناوە، لەدەوروبەری خاڵە سەربازییەكانی خۆیان تەواوی دارەكانیان بڕیوە، كەس نازانیت چەند دارن، بەڵام بەسەدان داریان بڕیوە»، موختاری گوندی هروری وادەڵێت. موختارەكە ئەوەشی خستەڕوو كەئێستا (45) خێزان لەناو گوندی هرورێدا دەژین، زیاتر لەدوو هەزار دۆنم زەوی لەسنوری گوندەكە بەهۆی بۆردوومانەكانی توركیا سووتاون، زیانێكی زۆری دارایی بەهەموو خەڵك كەوتووە، «سەرەڕای هەموو ئەمانە گوندەكەی خۆمان بۆ هیچ كەس و لایەنێك چوڵناكەین، زۆر شتمان قبوڵ كرد، بەڵام لەمەودوا هەڵوێستی توندمان دەبێت». لە 23ی مانگی رابردوودا سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە «چڕنووكی هەورە برووسكە»ی بەپاساوی رووبەڕووبوونەوەی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەبەرزاییەكانی سنوری پارێزگای دهۆك دەستپێكرد، لەهەندێك شوێن تا (40) كێلومەتر هاتووەتە ناو خاكی كوردستان . پەرلەمانتارێكی بادینی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەسوپای توركیا لەڕێگەی كۆمپانیایەكەوە دارەكانی ناوچەكانی بادینان دەبڕنەوەو دەیبەنەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان. رێڤینگ هروری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان بە هاوڵاتى وت: « بابەتی بڕینی دار لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی سەر بەتوركیا لەسنوری پارێزگای دهۆك كۆنە، چەند ساڵێكە ئەم كارە دەكرێت، لەچەند ساڵی رابردوو ئەو كۆمپانیایانە لەڕێگای جەندرمەكانی توركیا هەڵساون بەبڕینی ژمارەیەكی زۆر لەدارەكانی دارستانی تاوێ لەسنوری ئامێدی و ناوچەی گەڤەرۆكێ و خۆركێ لەسنوری قەزای زاخۆ «. رێڤینگ هروری ئەوەشی باسكرد كە توركیا هەر ناوچەیەك بۆردوومان بكات دواتر دەیستوتێنێت، یەكەمجار بەشۆفڵ رێگا دەكاتەوە دواتر لەڕێگای جەندرمەكانی خۆی و بەهاوكاری چەند كۆمپانیایەك دەست بەبڕینی دارەكان دەكات» بەداخەوە هەندێك دار هەیە تەمەنی سەرووی (100) ساڵە دوای بڕینی دارەكان دەگوازرێنەوە بۆ توركیا». ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی روونكردەوە كە ئەو ناوچانەی كە بەم دواییە بەتایبەت لەسنوری ناحیەی كانێ ماسێ داگیركراوە هێشتا دەستی بەبڕینی دار نەكردووە ، نازانین لەوێش بەهەمان شێوە دەست بەبڕینی دار دەكات یان نا. « ئەم بابەتە زۆر ترسناكە ، تێكدانی ژینكەو بڕینی دارەكان و وشكبوونەوەی ناوچەكە كاریگەریی زۆر خراپ دەكاتەسەر ژینگەی ناوچەكە، پێویستە بەزووترین كات دەزگا پەیوەندیدارەكان گفتۆگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانە بكەن كە بەم كارەوە هەڵساون و چیتر رێگانەدەن دارەكان ببڕێن» رێڤینگ هروری وای وت . هەپەگە رایگەیاند دەوڵەتی داگیركەری تورك سروشتی كوردستان تاڵان دەكات و ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە»ئەم تاوانە بێ سزا نامێنێتەوەو پێویستە كەس نەبێتە هاوبەشی ئەم تاوانە». رۆژی 28ی ئایاری 2021، ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، لەبەشێكیدا ئاماژە بە بڕینەوەی دارەكان لەهەرێمەكانی پاراستنی مەدیا و بەدلیس كردووەو هۆشداریی بەتاڵانكەرانی سروشتی كوردستان داوە. هەپەگە رایگەیاند:» دەوڵەتی داگیركەرو مشەخۆری تورك لەگەڵ هەوڵە داگیركەرانەكانیدا، بێ وەستان جوگرافیای كوردستان بۆردوومان دەكات و هەموو دارستانەكانی دەسووتێنێت و دارەكانی دەبڕێت، بەتایبەتیش لەم دواییانەدا، لەهەرێمكانی مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و مەیدانەكانی دۆڵی شێخ جومعە و شەهید مزگین لەهەرێمی خەرزانی بەدلیس». هەروەها لەڕاگەیەندراوەكەیاندا هاتووە» سوپای داگیركەری تورك بەدەستی چەتە و كۆنتراكان (جاشەكان)ی دارەكان دەبڕێت، دەوڵەتی داگیركەری تورك دژی گەلی كورد تاوانی قڕكردن ئەنجامدەدات، هاوكات بەتاڵانكردنی سروشتی كوردستان تاوانی گەورە دەكات، بەهۆی ئەوەی ئەم تاوانە بێ سزا نامێنێتەوە، پێویستە كەس نەبێتە هاوبەشی دەوڵەتی تورك بۆ تاڵانكردنی جوگرافیای كوردستان». پەیامنێری هاوڵاتى پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی دهۆك كرد، بەڵام وتیان ئەم بابەتە پەیوەندی بەئێمەوە نیە، بۆ راستی بابەتەكەش دەبێت لیژنەیەك پێكبهێنرێت و ئنجا كاری لەسەربكرێت . ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت:»پێویستە هەرسێ سەرۆكایەتی هەرێم بێنە سەر خەت و بڕینەوەی دارەكان و ئەم كارە ترسناكە رابگیرێت». عەبدولسەمەد تیلی عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەفراكسیۆنی یەكگرتوو بۆهاوڵاتى ، ئاماژەی بەوەكرد تائێستا لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك هیچ دانیشتن و كۆبوونەوەیەك لەسەر بابەتی بڕینەوەی دارەكانی ناوچەكانی بادینان لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی توركیا ئەنجامنەدراوە، بەڵام دەبوایە بەلایەنی كەمەوە دانیشتنێكیان لەسەر ئەم بابەتە بكردایە. عەبدولسەمەد تیلی وتیشی: «پێویستە هەرسێ سەرۆكایەتی هەرێم بێنەسەرخەت و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراق بكەن تا ئەم كارە ترسناكە رابگیرێت، ئەگەر وابڕوات و هیچ هەڵوێستێك لەلایەن بەغدا و هەرێمی كوردستان نەبێت، توركیا بەردەوام دەبێت و ژینگەی بادینانیش بەرەو وێرانییەكی خراپ دەڕوات».
هاوڵاتى وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدایە بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی و پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە «ئەمجارە وەفدی هەرێم لەبەغدا بەدەست بەتاڵی ناگەڕێتەوە، چونكە كێشەی سیاسی لەسەر نییەو هەردوو حكومەتیش ئامادەن پابەندبن بەیاسای بودجەوە». ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێكی حكومەت بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان كردەوەو بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر پرسی نەوت و جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەست بەگفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەحكومەتی فیدڕاڵ بكەنەوە. بودجەی گشتی عێراق لەشەوی 31ی ئازاری 2021 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكراو بەپێی یاساكەو لەماددەی (11)دا پشكی هەرێم دیاریكراوە كە لەسەدا (12.67)ی بودجەی فعلی دەبێت، لەبەرانبەر تەسلیمكردنی داهاتی نەوتی رۆژانەی (250) هەزار بەرمیل بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق و لەسەدا 50%ی داهاتە فیدراڵییەكان. شیروان میرزا، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» كێشەی سیاسی لەسەر یاسای بودجە نییەو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەیی نیشانداوە بۆ جێبەجێكردنی، حكومەتی هەرێمیش پابەندی خۆی راگەیاندووە، بۆیە تەنها گفتوگۆ لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنەكەی دەكرێت». ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، یاسای بودجە بۆ یەك ساڵەو پشكی هەرێم لەپێنج مانگی رابردوو بەشێوەی قەیدی حسابی یان مەقاسە دەدرێت بەهەرێمی كوردستان، وتیشی:» بەو پێیەی داهاتی نەوتی هەرێم بەپێی نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ دەبێت، كەواتە مانگانە گۆڕانكاری لەپشكی هەرێمدا روودەدات بەوپێیەی نرخی نەوت جێگیر نییە». شیروان میرزا پێشیوابوو سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی وادەكات كە»ئەمجارە وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدا بەدەست بەتاڵی ناگەڕێنەوە». هاوكات، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغدا راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تایبەت بەجێبەجێكردنی یاسای 2021 دەستپێدەكەن. یەكێك لەئەندامانی وەفدی دانوسانكاری حكومەتی هەرێم لەبەغداوە ئەوەی بۆ هاوڵاتى دووپاتكردەوە كەجێبەجێكردنی ماددەی (11)ی یاسای بودجەی ئەمساڵ تەنها چۆنیەتی جێبەجێكردنی ماوە. هەروەها ئەوەی ئاشكراكرد كە كۆبوونەوەی وەفدی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ وەزیرانی نەوت و دارایی و پلاندانان و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری كۆمپانیای سۆمۆی عێراق بۆ فرۆشتنی نەوت دەبێت. هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە وەفدی هەرێم چاوەڕێی بۆچوونی وەفدی عێراقە بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە كە چ میكانیزمێك دیاری بكرێت و هەژماری بانكی لەچ شوێن و بانكێك بكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم داهاتی نەوت و نانەوتی بكاتەسەرو لەبەرانبەردا بەغدا پشكی هەرێم رەوانە بكات. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى ، حكومەتی هەرێم چاوەڕێی ئەوەیە كە پشكی هەرێم لەماوەی ئەم پێنج مانگەی رابردوودا بەشێوەی»مەقاسە» رەوانەی هەرێم بكات كە زیاتر لە ترلیۆنێك دینارە بەو پێیەی حكومەتی هەرێم داهاتی نەوتی (250) هەزار بەرمیلی رۆژانەو لەسەدا 50%ی داهاتی فیدڕاڵی، ناگاتە (700) ملیار دینار، بەڵام چاوی لەوەیە بەغدا پشكی هەرێم وەك خۆی رەوانە بكات كەمانگانە (956) ملیار دینارەو بەو پێیە بێت بۆ مانگەكانی (5،4،3،2،1) زیاتر لەترلیۆنێك و (250) ملیار دینار»ی لای حكومەتی عێراقە.
هاوڵاتى بڕیارە مانگی داهاتوو هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەئێران بەڕێوەبچێت و پێشبینییەكان ئاماژەن كە رێژەی بەشداریی خەڵك لەنێوان (25%) بۆ (39%) دەبێت و كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان هیوایەكی ئەوتۆی لەسەر ئەو هەڵبژاردنە هەڵنەچنیوەو بانگەشەی بایكۆت گەرمترە لەبەشداریی. رێژەی بەشداریی كەمی كورد رەنگە بۆ چەند هۆكارێكی سەرەكیی بگەڕێتەوە چونكە بەپێی یاساو دەستور ناتوانن خۆیان بۆ سەرۆك كۆماریی كاندید بكەن و دواجار ناوچە كوردنشینەكان لەدیدی كۆماری ئیسلامییەوە وەك جوگرافیایەكی سیاسی مەترسیدار لێی دەڕوانرێت و بەبەردەوامی تێڕوانینی ئاسایشی و ئەمنیی بۆ كوردو ئەو ناوچانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە زاڵە. لەماوەی پێنج رۆژدا (592) كەس لەئێران ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی تۆمار كردووەو لەئێستاوە (320) كەسیان بەهۆی نەبوونی ناسمانەو مەرجەكان رەتكراونەتەوە، زۆرترین ناوی دووبارە یان كاندیدی پێشوو بەشداریی ئەو پڕۆسەیەیان كردووە، بەڵام (14) كەسیان شانسی بەشدارییان لەهەڵبژاردنەكان زیاترەو سێ كەسیشیان ئەگەری سەركەوتنیان زیاترە. كوردو سەرۆك كۆماری لەئێران بەپێی تووێژینەوەیەكی ناوەندی تووێژینەوەی زانستی مرۆیی و لێكۆڵینەوەی كەلتوریی ئێران پێشترو لەساڵی (1979) واتە یەكەم خولی هەڵبژاردنەكانی دوای رووخانی سیستمی پاشایەتی لەو وڵاتە، ئاستی بەشداریی خەڵكی كورد یان ناوچە كوردییەكان لەهەڵبژاردنەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران نزیكەی (13%) بووەو قۆناغ بەقۆناغ لەخولی شەشەم بۆ (53%) و دواتر لەخولی حەوتەمی سەرۆك كۆماریی بۆ (79%) بەرزبووەتەوە كەهۆكارەكەشی گەڕێندراوەتەوە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری و گەشەی ئەو ناوچانە. لەتووێژینەوەكەدا كە پشت بەئاماری بەشداریی خەڵكی كورد لەهەڵبژاردنە گەشتییەكان و سەرۆك كۆماریی ئێران لەپارێزگای (سنە) لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەستووە، روونیكردووەتەوە خەڵكی ئەو ناوچانە زیاتر بەشداریی لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەوانییەكان دەكەن، چونكە كاندیدی كورد لەو هەڵبژاردنانەدا بوونیان هەیە، بەڵام بەپێچەوانەوەی ئاستی بەشداریی لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەو پارێزگایە بەراورد بەهەڵبژاردنەكانی دیكە زۆر كەمتر دەبێتەوە و تەنانەت هەر كاتێك رێگریی لەكاندیدی ریفۆرمخوازان كرابێت بۆ هەڵبژاردنەكان، ئەوا ئاستی بەشداریی خەڵك لەهەڵبژاردنەكاندا بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. لەئامارەكاندا ئەوە ئاشكرایە كەخەڵكی كورد لەحەوتەمین خولی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماری ئێران لەساڵی (1997) زیاترین رێژەیان لەبەشداریی لەهەڵبژاردنەكان تۆمار كردووەو رێژەی بەشدارییەكە گەیشتبووە زیاتر لە (79%) كەهیچ كات ئەو رێژەیە لەبەشداریی لەمێژووی ناوچە كوردییەكان دووبارە نەبووەتەوەو هۆكارەكەشی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی كە خەڵك بەهیوای ریفۆرم و چاكسازیی لە تێڕوانینی كۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بەكورد زیاترین دەنگیان دا بە محەمەد خاتەمی، كاندیدی ریفۆرمخوازان لەو سەردەمەدا. دوای ئەوەی محەمەد خاتەمی لەساڵی (1997) و بەزیاتر لە (20) ملیۆن دەنگ بووە پێنجەمین سەرۆك كۆماری خولی حەوتەم، جارێكی دیكە لەساڵی (2001) خۆی بۆ خولی هەشتەم كاندید كردەوە، ئەگەرچی سەركەوتنی بەدەستهێنایەوە بەڵام ئاستی بەشداریی كورد بۆ (53%) دابەزی كە ئەمەش ئاماژەیە بەكەمبوونەوەی هیوای هەڵچنراوی خەڵكی كورد سەبارەت بە ریفۆرم و ریفۆرمخوازن لەئێران. ساڵی (2005) و لەهەڵبژاردنەكانی خولی نۆیەمی سەرۆك كۆماریی لەئێران، حزبی دیموكراتی كوردستان لەژێر كاریگەریی لێدوان و بەیاننامەی میرحسێن موسەوی و مەهدی كەڕوبی، كاندیدەكانی ریفۆرمخوازان سەبارەت بەچارەسەری كێشەی پێكهاتە نەتەوەییەكان لەئێران كەكوردیشی لەخۆ دەگرت، داوایان لەخەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد كەبەشداریی لەو هەڵبژاردنانە بكەن و ئەو حزبە ناڕاستەوخۆ داوای لەخەڵك كرد دەنگ بەكاندیدی ریفۆرمخوازان بۆ سەرۆك كۆماریی لەئێران بدەن، بەڵام ئەو داواكارییەی حزبی دیموكرات دادی ریفۆرمخوازانی ئێرانی نە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و نە لەئێران نەداو رێژەی بەشداریی خەڵكی كورد لەو هەڵبژاردنەدا بۆ (24%) دابەزی و مەحمود ئەحمەدی نەژاد، كاندیدی محافزكارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەقۆناغی دووەمی ئەو هەڵبژاردنانەدا سەركەوتنی بەدەستهێنا و بووە شەشەمین سەرۆك كۆماری ئێران. لەخولی دەیەمی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەئێران لەساڵی (2009) كە ئەحمەدی نەژاد، جارێكی دیكە بەشداریی تێدا كردووە و بۆ جاری دووەم بووەوە بە سەرۆك كۆمار، رێژەی بەشداریی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە (64%) لەقەڵەم دراوەو پێدەچێت ئەحمەدی نەژاد بەپۆشینی جلوبەرگی كوردی و سەردانی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و بەرزكردنەوەی كاتیی ئاستی ئابوریی ناوچە كوردنشینەكان ئەم رێژە لەبەشدارییەی لە بەرژەوەندیی خۆی بەرز كردبێتەوە. كورد زیاترین دەنگی بەڕۆحانی داوە لەساڵی (2013) كە حەسەن رۆحانی وەك میانڕەوێكی سەر بە ریفۆرمخوزان خۆی بۆ خولی یانزەیەمی سەرۆك كۆماریی ئێران كاندید كردو ئاماژەی بە رەچاوی كردنی پێگەی پێكهاتە نەتەوەییەكان ئێران بەتایبەت كورد لەجومگەكانی دەسەڵاتدا كردو ئەمەش وایكرد رۆحانی (73%)ی دەنگەكانی كورد بۆ خۆی ببات و سەركەوتنی پێ مسۆگەر بكات بەڵام ئاستی بەشداریی خەڵك لەو ناوچانە لە (56%) تێپەڕی نەكرد. ساڵی (2007) جارێكی دیكە حەسەن رۆحانی وەك حەوتەمین سەرۆك كۆماری ئێران لە هەڵبژاردنەكانی خولی دوانزەیەمی سەرۆك كۆماری خۆی كاندید دەكاتەوە، ئەگەرچی ئەمجارەش رێژەی بەشداریی كورد (58%) بووە، بەڵام رێژەیەكی بەرچاو لەخەڵكی كورد دەنگ بە رۆحانی دەدەن و ئەو رێژەیەش كە زیاتر بووە لە (70%) بەراورد بەكۆی دەنگەكانی رۆحانی لەناوچە جیاوازەكانی ئێران زیاترین رێژەی دەنگی خاوێن لەبازنەی ناوچە كوردییەكان بووە واتا كورد لەئێران زیاترین دەنگی بە رۆحانی داوە. ئامارەكان ئەوە دەردەخەن كورد بەژمارە و رێژەی بەشداریی لەهەڵبژاردنەكاندا خوازیاری گۆڕانكاریی بنەڕەتییە بۆ باشبوونی دۆخی خۆی، چونكە بەپێی ئامارەكانی ئێران رێژەی بەشداریی كورد لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی ئێران لەپێنج خولدا كەمترین ئاست بووە لەئێران و لەڕووی بەشداریی كەم لە هەڵبژاردنەكاندا لەڕیزبەندی دووەم بووە، رەنگە ئەم بەشدارییە كەمە ئاماژە بێت بۆ بەدی نەهاتنی خەون و خواستەكانی و هەڵنەچنین هیوای بۆ سەرۆك كۆماریی لە ئێران. لەلایەكی دیكەشەوە لەدەستورو یاسای ئێستای ئێراندا پێوەری سەرەكیی كاندیدبوون بۆ سەرۆك كۆماریی ئەوەیە كە لەكەسانی سیاسیی متمانەپێكراوی كۆماری ئیسلامی ئێران و سەر بەئاینیی شیعە بێت لەكاتێكدا بەشێكی بەچاوی كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەسوننە ئەژمار دەكرێن. لەشكرێك كاندیدی سەرۆك كۆماری لەئێران رۆژی سێشەممە (11/5/2021) تۆماركردنی ناوی كاندیدەكانی خولی (13)ی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەئێران بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوامبوو لەو ماوەیەدا (592) كەس ناوی خۆیان تۆمار كرد كەپێدەچێت زۆربەی هەرە زۆریان رەتبكرێنەوە. رۆژنامەی (ئافتابێ یەزد) كە نزیكە لە ریفۆرمخوازنەوە نووسیویەتی: لەشكرێك دەموچاوی دووبارە ناوی خۆیان بۆ سەرۆك كۆماریی لەئێران تۆمار كردووە، دەكرێت لەشكركێشی دەستەواژەیەكی گونجاو بێت بۆ پڕۆسەی ناو تۆماركردنەكە چونكە لەپێنج رۆژدا نزیكەی (600) كەس ناوی خۆیان تۆماركردووە لەكاتێكدا ئەو پڕۆسەیە گرنگترین هەڵبژاردنە لەوڵاتەكەداو زیاترین ناوی دووبارەی تێدایە و تەنانەت هەندێك كەس بۆ گاڵتەو خۆدەرخستن بەشداریی ناو تۆماركردنەكەیان كردووە. لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاندووە؛ لەقۆناغی یەكەمی پێداچونەوە بە بەڵگەنامەكانی ئەو كەسانەی كەناوی خۆیان بەمەبەستی خۆكاندیدكردن لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی تۆمار كردبوو (320) كەسیان بەهۆی نەبوونی بڕوانامە و جیاوازی تەمەنی دیاریكراوو پێشینەی دادگایی و زیندانیی، رەتكراوەتەوەو بڕیاری كۆتایی لەلایەن ئەنجومەنی چاودێریی كۆماری ئیسلامی ئێران (شورای نیگابان)ەو ئەوان ئەركیان یەكلاییكردنەوەی چارەنووسی ئەو كەسانە دەبێت كە ناوی خۆیان تۆماركردووەو هەر كەسێك بتوانێ دەنگی حەوت كەس لەو ئەندامانە مسۆگەر بكات، دەبێتە كاندیدی سەرۆك كۆماریی لەئێران. سێ كوچكەی ناكۆكی كاندیدەكان هەریەكە لە عەلی لاریجانی سەر بەمحافزكاران و سەرۆكی پێشوی پەرلەمان و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی دەزگای دادو كاندیدی پێشوو ئێستای محافزكاران بۆ سەرۆك كۆماریی و ئیسحاق جیهانگیری، جێگری سەرۆك كۆمارو كاندیدی پێشوو ئێستای ریفۆرمخوازان بۆ سەرۆك كۆماریی، ناوی خۆیان تۆماركردووە بەمەبەستی بەشداریی لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەئێران كە بڕیارە لەڕێككەوتی (18/6/2021) بەرێوەبچێت، ئەم سێ كەسە بەهۆی پۆست و دەسەڵات و لایەنەكانیان بە سێكوچكەی ناكۆك ناودەهێنرێن، چونكە پێكهاتەی سەرەكیی سێ جومگەی دەسەڵاتی (پەرلەمان و دادوەریی و حكومەت) لەكۆماری ئیسلامی ئێران بوون و هاوكات هەریەكەیان خۆی بەباڵی دژبەرو ركابەر لەقەڵەمداوە. شانسی سێكوچكەی (لاریجانی، رەئیسی، جیهانگیری) بۆ سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی ئێران بەراورد بەكەسانی دیكە زیاترە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە محافزكاران ژمارەی كاندیدی دیارو دووبارەیان زۆرە بۆ نمونە (مۆحسین رەزایی، سەرۆكی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كە لەچوار خولی پێشوی سەرۆك كۆماریی ئێران كاندیدبووە بەڵام لەسێ خولدا سەركەوتنی بەدەستنەهێناوەو لەخولێكیشدا لەهەڵبژاردنەكان كشاوەتەوە، هاوكات سەعید جەلیلی، ئەندامی ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران كاندیدێكی دیكەی دیاری سەر بەمحافزكارانە، واتە محافزكاران خاوەنی سێ كاندیدی دیاری وەك (رئیسی، رەزایی، لاریجانی)ن، بەڵام ریفۆرمخوازان تەنها ئیسحاق جیهانگیرییان بەدەستەوە ماوەتەوە كە شانسی بۆ سەركەوتن هەبێت. رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) كە سەر بە ریفۆرمخوازانە بەناونیشانی (یەك لایەن و سێ ناوەند) نووسیویەتی: عەلی لاریجانی سەرۆكی پێشوی پەرلەمان و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی دەزگای داد، ناوی خۆیان وەك كاندید بۆ سەرۆك كۆماریی لەئێران تۆمار كردووە، بەڵام رەئیسی و لاریجانی كە لەمحافزكاران ئەژماردەكرێن ئاوی پاكیان كردووە بەدەستی محافزكارانداو رایانگەیاندوە وەك كاندیدی سەربەخۆ بەشداریی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان دەكەن، ئەوەی روونە محافزكاران پەرتەوازییەكی بەرچاویان پێوە دیارەو بە «یەك لایەن و سێ ناوەند» لەئێران ناویان دەهێنرێت. ریفۆرمخوازانیش لەماوەی رابردوودا دوو جار توشی شۆك بوون و ئەویش بەهۆی پاشگەزبوونەوەی حەسەن خومەینی بۆ كاندیدبوونی بۆ سەرۆك كۆماریی، چونكە هیوای زۆریان لەسەر هەڵچنیبوو و دوای ئەویش محەمەد جەواد زەریف ئامادە نەبوو خۆی وەك كاندید بەشداریی پڕۆسەكە بكات بوو كەئەمەش هێندەی دیكە ریفرۆمخوازانی بێهیوا كرد، بۆیە تەنها بژاردەیەك كە بەدەست ئەو باڵەی كۆماری ئیسلامی ئێران مایەوە ئیسحاق جیهانگیری، جێگری سەرۆك كۆماری ئێران بوو، ئەمەش لەكاتێكدا جیهانگیری پێشتر و لەخولی (12)ی سەرۆك كۆماریی یەكێك بوو لەكاندیدەكان و لەبەرژەوەندیی حەسەن رۆحانی كشایەوە. جیهانگیری وەك پیشەی پێشوی لەدوایین ساتەكانی مۆلەتی ناو تۆماركردنداو دوای داواو تكای سەركردەكانی ریفۆرمخوازان ناوی خۆی بۆ كاندیدبوون تۆمار كرد. گرەو لەسەر رێژەی كەمی بەشداریی و سەركەوتنە.. تائێستا ژمارەیەك راپرسیی لەئاستی بەشداریی خەڵك لەهەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی لەئێران كراوەو بەپێی ئەو راپرسیانە رێژەی بەشداریی خەڵك لەنێوان (25%) بۆ (39%) دەبێت، كە ئەمەش شانسی محافزكاران بۆ سەركەوتن بەرزدەكاتەوە، هاوشێوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئێران لەساڵی (2020) كە رێژەی بەشداریی (42%) بوو ئەمەش بووە هۆی ئەوەی محافزكاران لەكۆی (290) كورسی (221) كورسی مسۆگەر بگەن و ریفۆرمخوازن بە لەدەستدانی (101) كورسیی خولی رابردوودا، تەنها (20) كورسی بەدەستبهێنن و ئەمەش گەورەترین شكستی ریفۆرمخوازان بوو كە زۆربەی شارەزایان، بەشداریی كەمی خەڵك بەهۆكاری ئەو شكستە گەورەیەی ریفۆرمخوازان ناودەبەن.