سه‌رکۆ جه‌مال پاش تێپه‌ڕبوونى هه‌فته‌یه‌ک به‌سه‌ر هێرشه موشه‌کییه‌که‌ى هه‌ولێردا تائێستا ده‌زگا ئه‌منییه‌کانى هه‌رێم لهلێکۆڵینهوهکانیان به‌رده‌وامن و هیچ زانیارییه‌کى ورد له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌ن و وڵاته‌ى له‌پشت ئه‌و هێرشه‌وه بووه بۆ راى گشتى ئاشکرا نه‌کراون. شه‌وى 15ى شوباتى هه‌فته‌ى رابردوو له‌ڕێگه‌ى چه‌ند مووشه‌کێکه‌وه هێرشکرایه سه‌ر شارى هه‌ولێر، به‌پێى راگه‌یه‌ندراوى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێم، که‌سێک گیانى له‌ده‌ستداوه‌و هه‌شت که‌سی دیکه برینداربوون که به‌شێکیان ئه‌مریکین. گروپێک که خۆیان به "سرایا أولیا‌ء الدم" ناو ده‌هێنن له به‌یاننامه‌یه‌کدا، به‌رپرسارێتى خۆیان له‌هێرشه موشه‌کیه‌که‌ى هه‌ولێر راگه‌یاند. ئه‌و گروپه ئه‌وه‌شیان راشگه‌یاندووه که سیسته‌مى سیرام (CRAM) نه‌یتوانیوه رێ لهمووشهکهکانیان بگرێت که (24) مووشه‌کیان ئاراسته کردووه و سه‌رجه‌میان ئامانجه‌کانیان پێکاوه. رووداوه‌که کاردانه‌وه‌ى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى لێکه‌وته‌وه، به‌وته‌ى به‌رپرسانى ئه‌منیى هه‌ریه‌ک له‌ئه‌مریکا و عێراق و حکومه‌تى هه‌رێم به‌جیا لێکۆڵینه‌وه له‌ڕووداوه‌که ده‌که‌ن. ئه‌و کرده‌وه‌یه کارێکى هه‌واڵگرى تیرۆریستى وردى پلان بۆ داڕێژراوه نه‌ک کرده‌وه‌یه‌ک که‌میلیشیایه‌کى چه‌کدار ئه‌نجامى بدات وه‌ک ئه‌وه‌ى باس له‌حه‌شدى شه‌عبى ده‌کرێت، چونکه گه‌یاندنى مووشه‌که‌کان و ئۆتۆمبێله‌که‌ش زۆر به‌وردى کراوه، ئه‌و که‌سانه‌ش که ئه‌نجامیانداوه ورده‌کار بوون و زۆر شاره‌زا بوون، ئه‌و کاره‌ش به‌میلیشیایه‌ک ناکرێت بریکارى پێشووى وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێم ده‌ڵێت:"هه‌ڵدانى ئه‌و مووشه‌کانه به‌گروپێکى میلیشیا ناکرێت و کارێکى وردى هه‌واڵگرییه". جه‌لال شێخ که‌ریم، بریکارى پێشووى وه‌زیرى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێم و شاره‌زاى ئه‌منیی، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت "که‌موکورتى ئه‌منیى له‌وه‌دایه که ئاگادار نه‌بوون کارێکى له‌وشێوه‌یه روویداوه له‌کاتێکدا ئه‌و که‌سانه زۆر به‌وردى ئه‌و کاره‌یان ئه‌نجامداوه ئه‌مه پرۆسه‌یه‌کى وردى هه‌واڵگرى بووه". ناوبراو پێشیوابوو ئه‌و ناوچه‌یه‌ش (رێگاى هه‌ولێر- گوێر) بوارى زۆر هه‌یه که به‌وشێوه‌یه رووداوێک رووبدات، وتیشى:"کاریگه‌رى خراپیشى ده‌بێت له‌سه‌ر متمانه‌ى هێزه ئه‌منییه‌کانى هه‌رێم له‌لاى هاوپه‌یمانان". جه‌لال شێخ که‌ریم وتیشى:" ئه‌و کرده‌وه‌یه کارێکى هه‌واڵگرى تیرۆریستى وردى پلان بۆ داڕێژراوه نه‌ک کرده‌وه‌یه‌ک که‌میلیشیایه‌کى چه‌کدار ئه‌نجامى بدات وه‌ک ئه‌وه‌ى باس له‌حه‌شدى شه‌عبى ده‌کرێت، چونکه گه‌یاندنى مووشه‌که‌کان و ئۆتۆمبێله‌که‌ش زۆر به‌وردى کراوه، ئه‌و که‌سانه‌ش که ئه‌نجامیانداوه ورده‌کار بوون و زۆر شاره‌زا بوون، ئه‌و کاره‌ش به‌میلیشیایه‌ک ناکرێت". "ئه‌و که‌سانه‌ى کرده‌وه‌که‌یان ئه‌نجامداوه، ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌یان قۆستووه‌ته‌وه، بۆیه پێویسته رێوشوێنى جیاواز بگیرێته‌به‌ر بۆ پاراستنى هه‌ولێر لههێرشى مووشه‌کی، حکومه‌تى هه‌رێم کارى ئه‌وه‌یه که بیپارێزێت و هاوپه‌یمانانیش له‌ڕێگه‌ى ته‌کنیکى پێشکه‌وتووه‌وه خۆیان لههێرشى سه‌ربازیى ده‌پارێزن"، جه‌لال شێخ که‌ریم وا ده‌ڵێت. هه‌روه‌ها جه‌لال شێخ که‌ریم جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که ئه‌و مووشه‌که‌ى هێرشه‌که‌ى پێ ئه‌نجامدراوه رووسییه، ئه‌و جۆره‌ش که به‌کارهاتووه له‌هێرشه‌که‌دا مووشه‌کى شه‌شى و دوانزهییه که زیاتر له‌هه‌شت کیلۆمه‌تر ده‌ڕوات، "گومانى ئه‌وه‌ش ده‌کرێت کهوڵاتێکى دیکه ئه‌و مووشه‌کانه‌ى پێدابن و که‌سانى زۆر شاره‌زاش له‌گه‌ڵیان بووه بۆ هه‌ڵدانى مووشه‌که‌که". قادر حه‌مه‌جان: یه‌که‌مجار نییه کێشه‌ى ئه‌منیى له‌وشێوه‌یه ڕووبدات هاوکات، قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که یه‌که‌مجار نییه کێشه‌ى ئه‌منیى له‌وشێوه‌یه ڕووبدات، وتیشى:" ئه‌وه‌ى له‌کۆیه‌ش روویدا هه‌مان شت بوو، به‌مووشه‌ک کارێکى له‌وشێوه‌یه ئاسانه رووبدات". رۆژى 8ى ئه‌یلولى 2018 له‌لایه‌ن کۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه به حه‌وت مووشه‌ک هێرش کرایه سه‌ر باره‌گاى حزبى دیموکراتى ئێران(حدک) که به‌و هۆیه‌وه (٤٠) که‌س کوژران و برینداربوون. سه‌رچاوه‌یه‌کى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق: ئه‌مریکیه‌کان به‌دوورى ده‌زانن ئێران له‌پشتى هێرشه‌که‌وه بێت و زیاتر گومانه‌کانیان به‌لاى وڵاتێکى دیکه‌ى هه‌رێمیدا ده‌ڕوات سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم که له‌به‌ر هه‌ستیارى بابه‌ته‌که نه‌ویست ناوى بنووسرێت به هاوڵاتى وت" هه‌ریه‌ک له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان لیژنه‌یه‌کى هاوبه‌شیان پێکهێناوه، له‌سه‌ر ئاستى باڵاش لیژنه‌یه‌ک له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا و هاوپه‌یمانان بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌هێرشه پێکهێنراوه". فه‌ریق جه‌مال ئیمینکی، سوپاسالارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه، بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى ته‌نها به‌وه‌کرد کهچاوهرێى ته‌واوبوونى لێکۆڵینه‌وه‌کان ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها لیوا قاره‌مان که‌مال، جێگرى سوپاسالارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه بۆ هاوڵاتى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که وه‌زاره‌تى ناوخۆ‌و ده‌زگاى ئاسایش لێى بهرسن، وتیشى:"وه‌ک وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه به‌یاننامه‌مان ده‌رکردووه و هیچى تر‌ى له‌سه‌ر ناڵێن". به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى هاوڵاتى که له‌سه‌رچاوه‌یه‌کى ناو وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ستى که‌وتووه تائێستا به‌رپرسانى ئه‌منیى هه‌رێمى کوردستان به به‌رپرسانى عێراق و هاوپه‌یمانانیان وتووه که ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ى هێرشه مووشه‌کیه‌که‌ى لێوه ئه‌نجامدراوه له‌ناوچه‌یه‌کى نزیک موسڵه‌وه هاتووه، که مه‌به‌ست لێى (به‌عشیقه‌و به‌رده‌ڕه‌ش)ەوه هاتبێت، به‌ڵام هاوپه‌یمانان و به‌رپرسانى باڵاى عێراقیش ئه‌و زانیاریانه‌یان تائێستا به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه و ده‌یانه‌وێت لێکۆڵینه‌وه‌ى ورد‌و جددى له‌وباره‌یه‌وه ئه‌نجامبدرێت. هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێم چاوه‌رێى ته‌واوبوونى لێکۆڵینه‌وه‌ى ئه‌مریکییه‌کان ده‌کات تا لێکۆڵینه‌وه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم نزیک بێت له‌ده‌رئه‌نجامى راپۆرتى ئه‌مرییکه‌کان له‌وباره‌یه‌وه. سه‌رچاوه‌یه‌کى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق هێما بۆ ئه‌وه ده‌کات که ئه‌مریکیه‌کان به‌دوورى ده‌زانن ئێران له‌پشتى هێرشه‌که‌وه بێت و زیاتر گومانه‌کانیان به‌لاى وڵاتێکى دیکه‌ى هه‌رێمیدا ده‌ڕوات. سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌لیواى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق، به هاوڵاتى وت" گومان ده‌کرێت وڵاتێکى دراوسێى عێراق له‌و دۆسیه‌یه تێوه‌گلابێت و ئه‌مریکیه‌کانیش جددین له‌وه‌ى به‌وردى لێکۆڵینه‌وه له‌وباره‌یه‌وه بکرێت، بۆیه دۆسیه‌که زۆر هه‌ستیاره‌و هیچ لایه‌نێک پێش بڵاوکردنه‌وه‌ى لێکۆڵینه‌وه لێدوان نادات". هه‌روه‌ها وتیشى:"هه‌م ئه‌مریکیه‌کان هه‌م شاره‌زایانى ئه‌منیى به‌دوورى ده‌زانن ئێران له‌و کرده‌وه‌یه‌دا ده‌ستى هه‌بێت، گومانیش ده‌کرێت ئه‌و کرده‌وه‌یه له‌لایه‌ن وڵاتێکى دراوسێ بۆ تۆمه‌تبارکردنى حه‌شدى شه‌عبى و که‌مکردنه‌وه‌ى نفوزیان له‌ناوچه سوننیه‌کان ئه‌نجامدرابێت، تا ئه‌مریکا له‌و رێگه‌یه‌وه فشار بخاته‌سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى بیانکاته ئامانج". به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان شوێنى ئه‌و ئوتومبێله‌یان دۆزیوه‌ته‌وه که مووشه‌که‌کانى لێوه هاوێژراوه که ئوتومبێله‌که جۆرى (کیا)یه‌و له‌ڕێگه‌ى نێوان هه‌ولێرو گوێڕ دۆزراوه‌ته‌وه. له راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمدا ئه‌وه‌ش هاتووه "ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه، هه‌مان شێواز‌و ته‌کنیک که لههێرشى پێشووى سه‌ر فرۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر به‌کارهاتبوو، لههێرشى شه‌وى 15/٢/2021 دووباره بووه‌ته‌وه. لێکۆڵینه‌وه‌کانیش به‌رده‌وامن بۆ ئاشکراکردنى ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ى له‌پشت هێرشه‌که‌وه‌ن".
عه‌مار عه‌زیز. دهۆک دواى ئه‌وه‌ى دادگاى هه‌ولێر سزاى شه‌ش ساڵ زیندانى به‌سه‌ر پێنج رۆژنامه‌نووس و چالاکوانى مه‌ده‌نى له‌پارێزگاى دهۆک سه‌پاند، بڕیاره‌که بووەته جێگه‌ى نیگه‌رانى و توڕه‌یى به‌شێک له‌خه‌ڵکى کوردستان و که‌سوکارى ده‌ستگیرکراوه‌کانیش داواده‌که‌ن پێداچوونه‌وه به‌بڕیاره‌که بکرێت و ئازاد بکرێن. دادگاى تاوانه‌کانى هه‌ولێر- کوردستانى عێراق سزاى شه‌ش ساڵ زیندانى بۆ هه‌ریه‌که له‌پێنج رۆژنامه‌نووس و چالاکوانى مه‌ده‌نى دهۆک و هه‌ولێر ده‌رکرد، که‌پێنج مانگ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستگیرکرابوون. بڕیاره‌که ناڕه‌زایى توندى رۆژنامه‌نووسان، پارێزه‌ران، چالاکوانانى مه‌ده‌نیى و په‌رله‌مانتارانى به‌دواداهات ئه‌و پێنج رۆژنامه‌نووس و چالاکوانه (شێروان شێروانی، گۆهدار محه‌مه‌د، ئه‌یاز که‌ره‌م، شڤان سه‌عید و هاریوان عیسا) رۆژى سێشه‌ممه 16ى شوباتى ٢٠٢١ له‌دووه‌م رۆژى دانیشتنى دادگادا به«هه‌وڵدان بۆ تێکدانى ئاسایش و سه‌قامگیریى هه‌رێمى کوردستان»، تاوانبارکران و بڕیاردرا به‌شه‌ش ساڵ زیندانى حوکم بدرێن. زێدان موحه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدولمه‌جید، براى رۆژنامه‌نووس گوهدار زێبارى به‌هاوڵاتى وت»براکه‌م له رێکه‌وتی 22ی تشرینى یه‌که‌مى 2020 ده‌ستگیرکراوه، ده‌رچوونى بڕیارى زیندانیکردن بۆ ماوه‌ى شه‌ش ساڵ بۆ براکه‌م و هاوڕێکانى رهتدهکهینهوهو بڕیاره‌که هیچ دادوه‌رى تێدانیه«. ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد براکه‌ى هیچ تاوانێکى نه‌کردووه‌و ته‌نیا ره‌خنه‌ى له‌حکومه‌ت گرتووه، ئه‌وه‌ش شتێکى ئاساییه. زێدان وتیشی»رۆژى هه‌ینی 20ى مانگ گوهدار په‌یوه‌ندى به‌ئێمه‌وه کرد، قسه‌مان له‌گه‌ڵ گوهدار کرد وتى هه‌موو هه‌وڵێکى خۆتان بده‌ن تا بڕیاره‌که هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه، ئه‌وه‌شى وت که‌خۆتان خه‌مبار نه‌که‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر شه‌ش ساڵیش زیندانی بکرێم به‌سه‌ربڵندییه‌وه ده‌گه‌ڕێمه‌وه لاتان». «داوا له‌هه‌موو لایه‌ک ده‌که‌م به‌هاناى ئێمه‌وه بێن و هاوکاریى ئێمه بکه‌ن تاوه‌کو بڕیارى زیندانیکردن بۆ براکه‌م و هاوڕێکانى ههڵدوهشێنرێتهوه، په‌یامى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان هیوایه‌کى زۆر به‌ئێمه به‌خشیوه، هیوادارین هه‌موو لایه‌ک وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێم مامه‌ڵه له‌گه‌ل که‌یسه‌که بکه‌ن»، براکه‌ى گوهدار واده‌ڵێت. رۆژى 18ى شوباتى 2021، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد»بڕیارى دادگا بۆ سزادانى چه‌ند راگیراوێک نیگه‌رانى دروستکردووه، به‌ڵام ئه‌وه دوا بڕیار نییه، به‌پێى یاسا، مافى سزادراوانه تانه له‌بڕیاره‌که بده‌ن، دادگاى پێداچوونه‌وه‌ش ئه‌رکیه‌تى به‌پشتبه‌ستن و رێزگرتن له‌یاساو مافه‌کانى مرۆڤ و مافى یاسایى سکاڵالێکراوو سکاڵاکار، به‌که‌یسه‌که‌دا بچێته‌وه تاهه‌مووان هه‌ست بکه‌ن وه‌ک یه‌ک مافیان پارێزراوه«. سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که «لاى خۆمانه‌وه چاودێریى ئه‌و پرسه ده‌که‌ین، جه‌خت له‌سه‌روه‌ریى یاسا‌و رێزگرتن لهسهربهخۆییى بڕیارى دادگا‌و لهپرهنسیپهکانى مافى مرۆڤ ده‌که‌ینه‌وه...گه‌لى کوردستان هه‌رگیز پاشه‌کشه له‌ئازادى ناکات، رێگه‌ش نادرێت ئازادى بۆ له‌باربردنى خودى ئازادی، خراپ به‌کاربهێنرێت. پاراستن و چه‌سپاندن و په‌ره‌پێدانى ئازادى و دیموکراسی، بریتییه له‌سه‌روه‌ریى یاسا‌و سه‌ربه‌خۆییى دادگا». نوێنه‌رى که‌سوکارى زیندانکراوانى بادینان، ده‌نگى ناڕازیبوونى که‌سوکارى زیندانکراوانى بادینانم گه‌یاندووه‌ته نوێنه‌رانى هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى له‌به‌غداو هه‌رێمى کوردستان نوێنه‌رایه‌تیان هه‌یه له‌گه‌ڵ یوئێن و زۆرینه‌ى رێکخراوه جیهانییه‌کان نوێنه‌رى که‌سوکارى زیندانکراوانى بادینان ئاماژه به‌وه‌ده‌دات که‌ده‌نگى ناڕه‌زایى که‌سوکارى ده‌ستگیرکراوانى گه‌یاندووه‌ته نوێنه‌رانى زۆربه‌ى وڵاتان. ئه‌یهان سه‌عید، نوێنه‌رى که‌سوکارى زیندانکراوانى بادینان به‌هاوڵاتى وت»ده‌نگى ناڕازیبوونى که‌سوکارى زیندانکراوانى بادینانم گه‌یاندووه‌ته نوێنه‌رانى هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى له‌به‌غداو هه‌رێمى کوردستان نوێنه‌رایه‌تیان هه‌یه له‌گه‌ڵ یوئێن و زۆرینه‌ى رێکخراوه جیهانییه‌کان». ناوبراو باسى له‌وه‌شکرد ئێستا چاوه‌ڕێى بڕیارى کۆتایى دادگاى ته‌ممیز ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش بڕیاره‌که‌ى دادگای 2ى هه‌ولێر په‌سند بکه‌ن، ئه‌وا ئه‌وکات ناڕازیبوونهکانى خۆیان فراوانتر ده‌که‌ن و که‌یسه‌که زیاتر به‌نێوده‌وڵه‌تى ده‌که‌ن. جێگرى مه‌ڵبه‌ندى چوارى یه‌کێتى له‌بادینان:دیاره ئه‌م که‌یسه به‌لاڕێدا براوه واته سزاکه نادادوهرانهیهو جۆرێک له‌هیوا ده‌بینین که‌دووباره پێداچوونه‌وه به‌که‌یسه‌که بکرێت ئه‌یهان وتیشی»ئێمه بێده‌نگ نابین تا ته‌واوى زیندانکراوان ئازاد ده‌کرێن، ئه‌گه‌ر دادگاى ته‌ممیز سزاکه‌ى ئه‌وان که‌مبکاته‌وه ئه‌وا هه‌ر رازیى نابین، ده‌بێت ئازادبکرێن، بڕیارێکى دادوه‌رانه ده‌ربکات». نوێنه‌رى که‌سوکارى ده‌ستگیرکراوانى بادینان په‌یامه‌که‌ى سه‌رۆکى هه‌رێمى به‌ئه‌رێنى وه‌سف کرد‌و وتى:» هیوادارین هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان و حکومه‌تى هه‌رێم پشتگیریى له‌په‌یامه‌که‌ى سه‌رۆکى هه‌رێم بکەن، نه‌بێته هۆکاری ئەوەی لایه‌نى به‌رامبه‌ر که‌ئه‌ویش ده‌سته‌ڵاتى جێبه‌جێکاره زیاتر که‌یسه‌که وه‌ک بابه‌تێکى سیاسى لێبکات و ته‌نها زیندانکراوان باجه‌که‌ى بده‌ن». دواى بڕیاره‌که‌ى دادگاى دووى هه‌ولێر، مه‌کته‌بى سیاسى و سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى داوایان کرد رێز له رۆژنامه‌نووسان بگیرێت و دادگا سه‌روه‌ریى خۆى بپارێزێت. قادر حه‌سه‌ن، جێگرى مه‌ڵبه‌ندى چوارى یه‌کێتى له‌بادینان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» ئه‌وه‌ى تێبینیمان کردووه له‌میدیاکان و ده‌زگا حزبییه‌کان شتێکیان ده‌گوت له‌سه‌ر ئه‌م چالاکوانانهو له‌هۆڵى دادگاش شتێکى تر بوو، واته ئه‌وه‌ى لهڕاگهیاندنهوه باسى لێوه ده‌کرا ئه‌وه نه‌بوو له‌بنه‌ڕه‌تدا، دیاره ئه‌م که‌یسه زیاتر که‌یسێکى سیاسییه نه‌ک یاسایى». هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ى بۆ په‌یامه‌که‌ى سه‌رۆکى هه‌رێم کرد‌و وتى:»دیاره ئه‌م که‌یسه به‌لاڕێدا براوه واته سزاکه نادادوهرانهیهو جۆرێک له‌هیوا ده‌بینین که‌دووباره پێداچوونه‌وه به‌که‌یسه‌که بکرێت. هه‌ر بڕیارێک ده‌ربچێت ده‌چێته لاى داواکارى گشتى و داواکارى گشتى ده‌داته دادگاى پێداچوونه‌وه ، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌که دادوه‌رانه‌بوو په‌سند ده‌که‌ن و به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر که‌موکوڕى هه‌بێت دووباره ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ دادگا تاپێداچوونهوەى له‌سه‌ر بکرێت. جێگرى مه‌ڵبه‌ندى چوارى یه‌کێتى له‌بادینان، پێشیوابوو نابێت که‌یسى له‌م شێوه‌یه وه‌کو خۆى بڕوات و بێده‌نگی لێبکرێت» ئه‌مه گورزێکى گه‌وره‌یه به‌سه‌ر دیموکراسى و دادگا له‌هه‌رێمى کوردستان، یه‌کێتى به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌ته‌و به‌دواداچوون بۆ که‌یسه‌که ده‌کات و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رازى نابێت که‌یسه‌که وه‌کو خۆى بڕوات». لێپرسراوى به‌شى راگه‌یاندنى لقى یه‌کى پارتى له‌دهۆک ده‌ڵێت:»ئه‌وانه‌ى سزادراون ئه‌و که‌سانه بوون که‌هه‌فتانه یه‌کجار یا رۆژانه جارێک ده‌چوونه سه‌رشه‌قام تا نائارامى له‌دهۆک په‌یدابکه‌ن». مه‌سعود سه‌رنی، لێپرسراوى به‌شى راگه‌یاندنى لقى یه‌کى پارتى له‌دهۆک له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» هه‌ر له‌وکاته‌ى ئه‌و که‌سانه ده‌ستگیرکراون شارى دهۆک زۆر زۆر ئارام بووەته‌وه، هیچ کێشه‌مان نیه، خه‌ڵکیش ئارام بووەته‌وه، ئه‌و که‌سانه‌ى ده‌ستگیرکراون پێده‌چیت گرێدراون به‌هه‌ندێک ئه‌جێنداى خه‌ڵکى ده‌ره‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى دژایه‌تى هه‌رێمى کوردستان و پارتى ده‌که‌ن وه‌ک په‌که‌که«. ناوبراو وتیشى:» ئه‌و پێنج رۆژنامه‌نووس و چالاکوانه زۆر کاریگه‌رییان کردبووە سه‌ر شه‌قامى دهۆک و خه‌ڵکه‌که به‌تایبه‌ت».
پ.دهۆک به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌جیهان و هه‌رێمى کوردستان ده‌روازه‌ى سه‌رزێڕى نێوان تورکیا‌و پارێزگاى دهۆک له‌مانگى ئادارى 2020داخرا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه بڕیاره دووباره به رووى گه‌شتیاران و خه‌ڵکى ناوچه‌که بکرێته‌وه. سه‌ربه‌ست سه‌بری، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى کانى ماسێ له‌لێدوانێکدا بههاوڵاتىوت:»پێش دوو رۆژ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێم ره‌زامه‌ندى خۆیان ده‌ربڕى بۆ دووباره کردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌ى سه‌رزێڕى نێوان تورکیا‌و پارێزگاى دهۆک». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 22ى شوبات به‌ئاماده‌بوونى به‌رپرسانى هه‌ردوو لایه‌ن به‌فه‌رمى دووباره به رووى گه‌شتیاران و خه‌ڵکى پارێزگاکانى باکورى کوردستان و خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان ده‌کرێته‌وه. ده‌روازه‌ى سه‌رزێڕى نێوان تورکیا و پارێزگاى دهۆک بۆ یه‌که‌مجار له‌ساڵى 2016 به‌فه‌رمى کرایه‌وه که‌ده‌که‌وێته سنورى ناحیه‌ى کانی ماسێ سه‌ر بهقهزاى ئامێدى له‌سنورى پارێزگاى دهۆک و له‌تورکیاش ده‌که‌وێته ناوچه‌ى جوله‌مێرگى کوردستانى باکور. به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى کانى ماسێ باسى له‌وه‌کرد ده‌روازه‌که ته‌نیا بۆ مه‌به‌ستى گه‌شتیارى و هاتوچۆى خه‌ڵکى هه‌رێم و پارێزگاکانى باکوورى کوردستان به‌کارده‌هێنرێت، وتیشى:» ته‌نیا ئۆتۆمبێلى بچووک ده‌توانن له‌م ده‌روازه‌یه بچنه تورکیا‌و ده‌روازه‌یه‌که به‌ڕێککه‌وتنى هه‌رێم و تورکیا کراوه‌ته‌وه«. دوورى نێوان ناحیه‌ى کانی ماسێ و پارێزگاکانى باکورى کوردستان وه‌کو شاره‌کانى وان، شه‌مزینان دوو کاتژمێرو نیوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لهدهروازهى ئیبراهیم خه‌لیله‌وه بچێته ئه‌و شارانه‌وه پێویستى به نۆ کاتژمێر ده‌بێت. «له‌وه‌رزى هاوین رۆژانه هه‌زارو (200) که‌س هاتۆچۆیان ده‌کرد، به‌ڵام له‌وه‌رزى زستان بۆ نزیکه‌ی (600) که‌س که‌مده‌بێته‌وه، خه‌ڵکى ئێمه زیاتر بۆ مه‌به‌ستى چوونه لاى پزیشک و وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ر سه‌ردانى پارێزگاکانى باکورى کوردستان ده‌که‌ن، له‌هه‌مانکاتدا خه‌ڵکى ئه‌و پارێزگایانه‌ش دێنه هه‌رێم بۆ کرینى شه‌کرو زۆر شتى تر» سه‌ربه‌ست سه‌برى واى وت. کانى ماسێ ده‌که‌وێته سنورى قه‌زاى ئامێدى له(76) گوند پێکهاتووه‌و ژماره‌ى دانیشتووانه‌که‌ى ده‌گاته هه‌شت هه‌زار که‌س. له‌هه‌رێمى کوردستاندا (29) ده‌روازه بوونى هه‌یه‌و ده‌روازه‌ى سه‌رزێڕى نێوان تورکیا‌و پارێزگاى دهۆک نافهرمییهو تائێستا له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه به‌فه‌رمى دانى پێدا نه‌نراوه.
شاناز حه‌سه‌ن وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت:»حاڵه‌تى کۆرۆناى گۆڕاو زۆره‌و وه‌زاره‌ت به‌رده‌وامه له‌گه‌ڕان به‌دواى سه‌رچاوه‌ى تووشبوونهکهیاندا که‌ئه‌وانه گه‌شتى ده‌ره‌وه‌یان نه‌کردووه‌و له‌ناوخۆى هه‌رێمدا بوون». رۆژى شه‌ممه 20ی شوباتى 2021 پشکنین بۆ پێنج تووشبووى کۆرۆنا ئه‌نجامدرا کهگومانى تووشبوون به‌کۆرۆناى گۆڕاویان لێده‌کرا، به‌ڵام رۆژى 21ى شوبات راگه‌یه‌ندرا که‌تووشى کۆرۆناى گۆڕاو بوون و سه‌رجه‌میان دانیشتووى پارێزگاى هه‌ولێرن. ئاسۆ حه‌وێزی، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» ته‌ندروستى پێنج تووشبووه‌که جێگیره، تووشبووه‌کان له‌ماوه‌ى رابردوودا گه‌شتى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیان نه‌کردووه‌و وه‌زاره‌تمان به‌رده‌وامه له‌گه‌ڕان به‌دواى سه‌رچاوه‌ى تووشبوونهکهدا». هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد هه‌موو پێداویستییه‌کانى ده‌ستنیشانکردن لهئامێرى تایبه‌تمه‌ندو پشکنینى تایبه‌ت به‌ڤایرۆسه‌که دابینکراوه‌و چاره‌سه‌ره‌کان و پرۆتۆکۆڵه‌کان بۆ تووشبووانى کۆرۆناى گۆڕاو هه‌مان رێکاره‌کانى تووشبووانى جۆره باوهکهى ڤایرۆسى کۆرۆنایه. وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه ئه‌و ئامێره‌ى ڤایرۆسى کۆرۆناى گۆڕاوى پێ ده‌پشکنرێت، ته‌نها له‌هه‌ولێردا هه‌یه‌و له‌هه‌وڵدان له‌هه‌موو شاره‌کانى دیکه دابینى بکه‌ن. سه‌باره‌ت به رێوشوێنى نوێ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى باڵاى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا له‌هه‌رێم، ئاسۆ حه‌وێزى ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه که‌بڕیاره رۆژى سێشه‌ممه 23ى ئه‌م مانگه لیژنه‌ى باڵاى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا کۆببنه‌وه‌و کۆمه‌ڵێک رێکارى نوێ بۆ رێگریکردن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى کۆرۆناى گۆڕاو رابگه‌یه‌نن. به‌پێى دوایین راگه‌یه‌ندراوى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم, کۆى گشتى تووشبووانى کۆرۆنا له‌هه‌رێم گه‌یشتووه‌ته (107) هه‌زار و (626) که‌س، له‌و ژماره‌یه (102) هه‌زار و (913) که‌س چاکبوونه‌ته‌وه‌و سێ هه‌زار و (505) که‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه. کۆرۆناى گۆڕاو نزیکه‌ى دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌به‌ریتانیا بڵاوبووه‌وه، تائێستا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نییه کهڤایرۆسهکه کوشنده بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تائێستا ده‌رکه‌وتووه خێرایى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و ڤایرۆسه له‌جۆره باوهکهى کۆرۆناش زیاتره. که‌متر له‌مانگێکه مه‌ترسیى بڵابوونه‌وه‌ى ئه‌و جۆره‌ى کۆرۆنا له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستیش دروستبووه، به‌و هۆیه‌شه‌وه به‌شێک لهسنوورهکانى نێوان عێراق و ئێران داخران. به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشییه گواستراوه‌کان له‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه بهنیشانهکانى کۆرۆناى گۆڕاو ده‌کات و ده‌ڵێت:» ئه‌وانه‌ى تووشى کۆرۆناى گۆراو ده‌بن ئازارى سک و سکچوون و رشانه‌وه‌یان ده‌بێت». بینا هه‌ڵکۆ، به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشیه گواستراوه‌کان له‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی حکومه‌تى هه‌رێم، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» کۆرۆناى گۆڕاو زۆربه‌ى نیشانه‌کانى وه‌ک ڤایرۆسى کۆرۆنایه‌و ته‌نیا لهبڵاوبوونهوهدا خێراتره بۆیه مه‌ترسیداره«. هه‌روه‌ها به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشییه گوازراوه‌کان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که تووشبووانى کۆرۆناى گۆڕاو تووشى ئازارى سک و سکچوون و ڕشانه‌وه ده‌بین، که‌ئه‌مه باوترین نیشانهیهتى کهجیادهکرێتهوه له (کۆڤید19). هاوکات، به‌پێویستى داده‌نێت هاووڵاتیان به‌هه‌مان رێکارى ڤایرۆسى کۆرۆنا باوه‌که خۆیانى لێ‌بپارێزن و به‌رده‌وام بن له‌خۆپارێزی له‌به‌ستنى ده‌مامک و دوورکه‌وتنه‌وه له‌یه‌کترى. هه‌فته‌ى رابردوو کۆرۆناى گۆڕاو له‌عێراق تۆمارکراو وه‌زیرى ته‌ندروستیى عێراقیش هۆشداریى له‌باره‌ى به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى تووشبووانى کۆرۆناى گۆڕاو راگه‌یاند و بڕیاره سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو سێ ملیۆن ژه‌مه فاکسینى دژه کۆرۆنا بگاته به‌غدا.
سه‌رکۆ جه‌مال بریکارى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه به‌وه ده‌دات تائێستا هیچ بڕیارێک له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌که‌یانه‌وه نییه بۆ گۆڕانکارى له‌شێوازى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى خوێندن، به‌ڵکو چاوه‌ڕێى بڕیارى لیژنه‌ى باڵاى رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى کۆرۆنا ده‌که‌ن. ئێستا پرۆسه‌ى خوێندن له‌هه‌رێم به‌شێوه‌ى «رۆژ ناڕۆژێک» به‌ڕێوه‌ده‌چێت، رێگه‌ده‌درێت هه‌ر خوێندکارێک بیه‌وێت به‌ئۆنلاین بخوێنێت له‌ڕێگه‌ى پڕکردنه‌وه‌ى فۆڕمێک ده‌توانێت نه‌چێته‌وه بۆ خوێندنگەکهى. سه‌یوان عه‌لی، بریکارى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «تائێستا هیچ بڕیارێک له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌که‌مانه‌وه نییه بۆ گۆڕانکارى له‌شێوازى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى خوێندن له‌هه‌رێم». هه‌روه‌ها وتیشى:» چاوه‌ڕێى راپۆرتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستین که پابه‌ند ده‌بێت بهبڕیارهکانى لیژنه‌ى باڵاى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا له‌هه‌رێم، که به‌مزووانه کۆده‌بێته‌وه‌و بڕیار ده‌دات». ناوبراو پێشیوابوو پێشنیازى چۆنیه‌تى به‌ڕێوه‌چوونى پرۆسه‌ى خوێندن له‌کاتێکدا ده‌بێت کهجۆرى نوێى ڤایرۆسى کۆرۆنا بڵاوبووه‌ته‌وه تائێستا هیچ شتێک له‌وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده باسنه‌کراوه. بڕیاره سبه‌ینێ سێشه‌ممه 23ى شوبات لیژنه‌ى باڵاى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستان کۆببێته‌وه و چه‌ند رێوشوێنێکى نوێ بڵاوده‌کاته‌وه. کۆتایى ساڵى رابردوو به‌هۆى هه‌ڵکشانى ئاماره‌کانى کۆرۆنا له‌هه‌رێم، لیژنه‌ى باڵاى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى کۆرۆنا بڕیاریدا بهڕاگرتنى پرۆسه‌ى خوێندن له‌خوێندنگه و په‌یمانگه‌و زانکۆکانى هه‌رێم، به‌ڵام له‌مانگى یه‌کى 2021 له‌گه‌ڵ دابه‌زینى ئاماره‌کانى تووشبوانى کۆرۆنا بڕیاردرا بهدهستپێکردنهوهى خوێندن له‌ناوه‌نده‌کانى خوێندندا.
هاوڵاتى ئه‌ندامێکى کوردى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه رێککه‌وتنى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرۆژه بودجه ته‌نها واژۆکردنى ماوه. به‌سه‌رۆکایه‌تى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم، بڕیاره له‌م رۆژانه‌دا وه‌فده‌که بۆ نۆیه‌م جار بگه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا بۆ گفتوگۆى کۆتایى و واژۆکردنى رێککه‌وتن له‌سه‌ر پرۆژه بودجه‌ى 2021 که‌پشکى شایسته داراییه‌کانى هه‌رێم به‌ته‌واوى جێگیر بکرێت. به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى هاوڵاتى، لایه‌نه شیعییه‌کان رێککه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم رۆژانه (430) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بداته کۆمپانیاى نیشتمانى عێراقى (سۆمۆ)و له‌گه‌ڵ نیوه‌ى داهاته نانه‌وتییه فیدراڵییه‌کان، له‌به‌رانبه‌ردا شایسته دارایییه‌کانى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان به‌نه‌وت بده‌نه‌وه بهههرێمى کوردستان. ئه‌ندامێکى لیژنهیى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ئاشکرایده‌کات، سه‌رجه‌م لایه‌نه شیعه‌کان ئێستا کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌رێم و به‌غدا رێککه‌وتن ئه‌نجامبده‌ن. شیروان میرزا، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» که‌شوهه‌واى گفتوگۆکانى هه‌رێم و به‌غدا زۆر باشه، دۆخه‌که هێمنتره له‌وه‌ى رابردوو، ئومێدى رێککه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا زۆره‌و ته‌نها واژۆکردنى ماوه«. ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى دارایى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو سه‌رجه‌م لایه‌نه شیعه‌کان کۆکن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا رێککه‌وتن ئه‌نجامبده‌ن. بڕیاره په‌رله‌مانى عێراق له‌کۆتایى ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا کۆببێته‌وه بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه یاساى بودجه، به‌ڵام شیروان میزا ده‌ڵێت تائێستا به‌فه‌رمى ئاگادار نه‌کراونه‌ته‌وه. سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت شیعه‌کان ده‌ستکارى بڕگه‌کانى پرۆژه بودجه تایبه‌ت به‌شایسته داراییه‌کانى هه‌رێم ده‌که‌ن. ڤیان سه‌بری، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌هاوڵاتى وت »تائێستا گفتوگۆکان به‌شێوه‌یه‌کى ئه‌رێنى به‌رده‌وامن له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، بڕواش ناکه‌م رۆژى پێنجشه‌ممه ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه یاساى بودجه بدرێت». هه‌روه‌ها وتیشى «له‌پرۆژه یاساى بودجه‌دا پشکى هه‌رێم یه‌کلا بووه‌ته‌وه‌و ته‌نها په‌سه‌ندکردنى ماوه، به‌ڵام لایه‌نه شیعه‌کان ده‌ستکارى هه‌ندێک بڕگه‌ى دیکه‌ى پرۆژه‌یاساکه ده‌که‌ن». ئه‌ندامێکى وهفدى دانوسانکارى حکومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق، بۆ هاوڵاتى ئاشکرا ده‌کات کهداواى شایسته‌ى دارایى مانگه‌کانى کانوونى دووه‌م و شوباتیان له‌به‌غدا کردووه‌و چاوه‌ڕێى په‌سه‌ندکردنى بودجهکهن. ئه‌ندامێکى وهفدى دانوسانکارى حکومه‌تى هه‌رێم بههاوڵاتىوت»تائێستا ئه‌و پێشنیازه‌ى حکومه‌تى عێراقى ماوه‌ته‌وه که‌پێشتر ره‌وانه‌ى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى کردبوو بۆ رێککه‌وتنى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، به‌ڵام دوو پێشنیازى تر گه‌ڵاڵه کراوه‌و ڕه‌وانه‌ى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ده‌کرێت». ئه‌و ئه‌ندامه‌ى وهفدى حکومه‌تى هه‌رێم باسى له‌وه‌کرد پێشنیازه‌کان حکومه‌تى هه‌رێمى لێ ئاگادار کراوه‌ته‌وه‌و ره‌زامه‌نده له‌سه‌رى. به‌پێى پێشنیازه‌که‌ش ده‌بێت حکومه‌تى عێراق شایسته داراییه‌کانى هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌کى ته‌واوه‌تى بدات بۆ ساڵى 2021، ئه‌ویش به‌پێى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى عێراق. «به‌پێى پێشنیازه کۆنه‌که‌ى حکومه‌تى عێراق بۆ لیژنه‌ى دارایى، حکومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌یه نه‌وت راده‌ست بکات له‌گه‌ڵ نیوه‌ى داهاتى ناوخۆ، به‌پێى پێشنیازه نوێیه‌که‌ش هاوشێوه‌ى پێشنیازه‌که‌ى تره‌و به‌جۆرێکه نه شه‌قامى عێراقى بهه‌ژێت و نه هه‌ردوو حکومه‌تیش زیانمه‌ند بن»، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى وهفدى حکومه‌تى هه‌رێم وا ده‌ڵێت. ئه‌و ئه‌ندامه‌ى وهفدى دانوسانکارى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا که‌پێى باش نه‌بوو ناوى بهێندرێت ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه کهههرکاتێک رێککه‌وتنه‌که واژۆ بکرێت و یاساکه په‌سه‌ند بکرێت له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه، ده‌بێت حکومه‌تى عێراقى شایسته داراییه‌کانى هه‌رێم بۆ مانگى یه‌ک و دووى 2021 یش بۆ هه‌رێم بنێرێت. به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى هاوڵاتى که له‌نووسینگه‌ى فه‌رمى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ستى که‌وتووه« قوباد تاڵه‌بانى هه‌وڵى ته‌واوى داوه‌و ده‌یدات له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسى و حکومییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى حکومه‌تى عێراق و کوتله سیاسییه‌کان بۆ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێم رازیى بکات و داتا‌و زانیارى وردیان داوه‌ته عێراق له‌باره‌ى داهات و خه‌رجییه‌کانى هه‌رێم و ویستى رێککه‌وتن». به‌پێى ره‌شنووسى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021ى عێراق ، له‌گه‌ڵ راده‌ستکردنى (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى خاو به‌نرخى کۆمپانیاى سۆمۆ، له‌گه‌ڵ راده‌ستکردنى 50%ى داهاته فیدراڵییه‌کان به‌حکومه‌تى عێراق، به‌غداش پشکى بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌نێرێت که به‌ڕێژه‌ى له‌سه‌دا 12.67%ى بودجهکهیهو بڕه‌که‌ى هێشتا دیارى نه‌کراوه. به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى هاوڵاتى، پشکى هه‌رێم له‌پرۆژه بودجه‌ى عێراقدا نزیکه‌ى (14) ترلیۆن دینار ده‌بێت دواى ده‌رکردنى بودجه‌ى حاکیمهو سیادى، به‌و پێیه بێت مانگانه زیاتر لهترلیۆنێک دینار ره‌وانه‌ى هه‌رێم ده‌کرێت پاش رێککه‌وتن. دوێنێ یه‌کشه‌ممه، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌میانى پێشوازى لهعهمار حه‌کیم سه‌رۆکى ره‌وتى حیکمه‌ى عێراقی، رایگه‌یاند:»هه‌رێم چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى کێشه‌کانى ده‌وێت له‌گه‌ڵ عێراق، ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌ماى دابینکردنى ماف و شایسته داراییه‌کانى هه‌رێم به‌پێى ده‌ستور». هاوکات ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که‌ئه‌و رێککه‌وتنه پێویسته له‌سه‌ر بنه‌ماى پاراستنى قه‌واره‌ى هه‌رێم و تایبه‌تمه‌ندییه فیدراڵییه‌کان و رێزگرتن له‌هاوسه‌نگى و رێککه‌وتنه‌کان بێت
سه‌رکۆ جه‌مال وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق ئه‌وه ئاشکراده‌کات که‌داهاتى تاک له‌هه‌رێمى کوردستان له‌دواى 2014وه مانگانه (200) هه‌زار دیناره، به‌ڵام له‌عێراقدا (500) دۆلارى مانگانه‌یه. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ساڵى 2014 به‌دواوه له‌قه‌یرانى داراییدا بووه‌و موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران پاشه‌که‌وت کرداوه‌و به‌شێکى نه‌دراوه‌و قه‌رزێکى (28) ملیار دۆلارى له‌سه‌ره که‌نزیکه‌ى (10) ملیار دۆلارى موچه‌ى موچه‌خۆرانه. له‌سه‌دا 31%ى خێزانه‌کانى عێراق له‌دۆخێکى خراپى ئابووریدان به‌پێى دوایین راپۆرتى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق، ده‌رکه‌وتووه له‌سه‌دا 31%ى خێزانه‌کانى عێراق له‌دۆخێکى خراپى ئابووریدان و داهاتى مانگانه‌ى هه‌ر خێزانێک له‌خوار (200) هه‌زار دیناره‌وه‌یه، وه‌زاره‌تى پلاندانان جه‌ختى کردووه‌ته‌وه، نزیکه‌ى له‌سه‌دا 28%ى گه‌نجانى عێراق بێکارن و له‌سه‌دا 90%ى هێزى کارى ژنانیش له‌که‌رتى گشتیى حکومی‌دا کارده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش روونکراوه‌ته‌وه له‌سه‌دا 31%ى خێزانه‌کان مانگانه که‌متر له‌یه‌ک ملیۆن دینار خه‌رج ده‌که‌ن و له‌سه‌دا 48%یشیان له‌نێوان یه‌ک ملیۆن و زیاتر‌و له‌سه‌دا 14%ى خێزانه‌کانیش له‌نێوان دوو تا سێ ملیۆن دینار داهاتیانه. به‌پێى ئامارێک کهدهزگاى ناوه‌ندى عێراق بۆ سه‌رژمێرى ئه‌نجامیداوه «له‌ساڵى 2018دا ژماره‌ى تێکڕایى خێزانى عێراقى شه‌ش سه‌ر خێزانن، به‌و پێیه‌ش له‌سه‌دا 45.7%ى هاووڵاتییانى عێراق مانگى (200) هه‌زار دینار خه‌رجده‌که‌ن بۆ هه‌ر تاکێک، هه‌روه‌ها له‌سه‌دا 26.8%یان خه‌رجیى مانگانه‌یان له (200) هه‌زار دیناره‌وه تا (300) هه‌زاره، به‌پێى هه‌مان ئه‌و ئاماره، له‌سه‌دا 13.3%ى هاووڵاتیانى عێراقى له‌مانگێکدا (400) هه‌زار دینار یان زیاتر خه‌رجده‌که‌ن، به‌ڵام خه‌رجیى خێزان بۆ هه‌ر تاکێک له‌هه‌رێم به‌پێى دوایین ئامارى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم (239) هه‌زار دینار بووه بۆ مانگێک، به‌وپێیه‌ش داهاتى تاک له‌هه‌رێم که‌متره له‌داهاتى تاک له‌عێراق. ده‌زگاى ناوه‌ندى بۆ سه‌رژمێرى عێراق، ئاماژه‌ى به‌وه داوه، به‌پێى سه‌رژمێریى ساڵى 2018 کۆى ژماره‌ى دانیشتوانى عێراق (38) ملیۆن و (124) هه‌زارو (182) که‌سه، ژماره‌ى نێرینه له‌عێراقدا (19) ملیۆن و (261) هه‌زارو (253) که‌سه، که‌ده‌کاته له‌سه‌دا 51%. داهاتى تاک له‌عێراقدا مانگانه 500 دۆلاره به‌پێى وته‌ى عه‌بد زه‌هره هینداوی، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى پلاندانى عێراق بێت، داهاتى تاک له‌عێراقدا ساڵانه شه‌ش هه‌زار دۆلاره‌و پێش 2003 ته‌نیا (300) دۆلار بووه. ده‌زگاى ناوه‌ندیى بۆ سه‌رژمێری، ئاشکراشیکردووه، عیراق ساڵانه (850) هه‌زار بۆ یه‌ک ملیۆن که‌س زیاد ده‌کات، پێشبینیش ده‌کرێت تاساڵى 2030 ژماره‌ى دانیشتوانى عێراق بگاته (50) ملیۆن که‌س. له 2003 تا 2012 هه‌رێم باشترین ئاستى داهات و خه‌رجى تاکى هه‌بووه له‌مانگى 7ى 2012دا، عه‌لى سندی، وه‌زیرى پلاندانان له‌حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌میانى دانیشتنێکى په‌رله‌ماندا که‌تایبه‌ت کرابوو بهتاووتوێکردنى بودجه ئاشکرایکردووه، که «له‌ساڵى 2003 داهاتى ساڵانه‌ى تاک له‌هه‌رێمى کوردستاندا (300) دۆلار بووه تا 2012 گه‌یشتووه‌ته چوار هه‌زار دۆلار». داهاتى تاک له‌هه‌رێم به‌راورد به‌عێراق له‌دواى ساڵى 2012ه‌وه له‌هه‌رێمى کوردستان به‌وپێیه‌ى سه‌ر به‌عێراقه به‌هه‌مانشێوه‌ى عێراق هێڵى هه‌ژارى (110) هه‌زارو (800) دینارى عێراقى هه‌ژمارکراوه وه‌ک که‌مترین داهاتى تاک له‌مانگێکدا. له‌سه‌ر ئاستى عێراق، له‌ساڵى 2012 رێژه‌ى هه‌ژارى له‌سه‌دا 19.1%، به‌ڵام له‌هه‌رێم له‌و ساڵه‌دا له‌سه‌دا 3.5% بووه، له‌ساڵى 2014 رێژه‌ى هه‌ژارى له‌عێراق ئه‌وه‌نده‌ى تر به‌رزبووه‌ته‌وه‌و گه‌یشتووه‌ته له‌سه‌دا 22.5%، له‌هه‌رێمیش بۆ 12.5% به‌رزبووه‌ته‌وه، له‌ساڵى 2018دا له‌عێراق و هه‌رێمیش ئاستى رێژه‌ى هه‌ژارى دابه‌زیوه، له‌عێراق رێژه‌ى هه‌ژارى دابه‌زیوه بۆ 20% و له‌هه‌رێمیش بۆ له‌سه‌دا 5.5%. وه‌زیرى پلاندانانى عێراق رایگه‌یاند که‌ژماره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى له‌ژێر هێڵى هه‌ژارییه‌وه‌ن له‌عێراق (11) ملیۆن و (400) هه‌زار که‌سه. خالید به‌تال، وه‌زیرى پلاندانانى عێراق وتیشى:» به‌به‌راورد به‌ساڵى 2019 رێژه‌ى هه‌ژارى له‌عێراق له‌ساڵى 2020دا له‌سه‌دا 20% زیادى کردووه«. به‌پێى خه‌مڵاندنى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم، خه‌رجى خێزان له‌ساڵى 2018دا له‌هه‌رێم له‌ماوه‌ى ساڵێکدا ملیۆنێک و (293) هه‌زار دینار بووه، به‌پێى ئه‌و ئامارانه له‌ئێستادا به‌تایبه‌ت دواى قوڵبوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌کانى هه‌رێم له‌دواى ساڵى 2014ه‌وه داهاتى تاک له‌هه‌رێم له‌داهاتى تاک له‌عێراق که‌متره. هه‌رچه‌نده هه‌رێمى کوردستان سامانێکى زۆرى نه‌وتى هه‌یه، به‌ڵام به‌پێى دوایین خه‌مڵاندنه‌کانى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم له 2020دا هه‌ژارى له‌سه‌دا 20%ی تێپهڕاندووهو داهاتى تاکیش که‌مبووه‌ته‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا خه‌رجییه‌کان زیادیان کردووه. پسپۆرێکى ئابوورى ده‌ڵێت له‌ساڵى رابردوودا به‌شێکى زۆر له‌هاووڵاتیان په‌نایان بۆ قه‌رزکردن بردووه بۆ ئه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کانیان دابین بکه‌ن. بیلال ره‌ئوف پسپۆڕى ئابوورى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت: »له‌ساڵى 2020دا زۆربه‌ى تاک و خێزانه‌کانى هه‌رێم په‌نایان بۆ قه‌رز یاخود فرۆشتنى زه‌وى و که‌لوپه‌له‌کانیان بردووه تا بژێویى ژیانیان دابین بکه‌ن، به‌شێکیشیان ده‌ستیان بۆ ئه‌و داهاته بردووه که‌چه‌ندین ساڵه پاشه‌که‌وتیان کردووه‌و خه‌رجیان کردووه«. به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانى هه‌رێمه‌وه ده‌ستى هاوڵاتى که‌وتوون، له‌دواى ساڵى 2018ه‌وه داهاتى مانگانه‌ى هه‌ر تاکێک له‌کوردستان له (500) دۆلاره‌وه دابه‌زیوه بۆ که‌متر له (200) دۆلار، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌و قه‌یرانه یه‌ک له‌دواى یه‌کانه دێت که به‌سه‌ر خه‌ڵکى کوردستاندا هاتوون. بیلال ره‌ئوف پسپۆڕى ئابوورى گومانى له‌ئه‌م ئامارهو ئاماره‌کانى دیکه‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانانى حکومه‌تى هه‌رێم هه‌یه، چونکه پێوه‌ره‌کان به‌واقیعى نازانێت، ده‌شڵێت:»حکومه‌تى هه‌رێم (100) هه‌زار دینارى داناوه بۆ هه‌ر تاکێک له‌خێزاندا، له‌کاتێکدا زۆربه‌ى خێزانه‌کان له‌هه‌رێم که‌سێک یاخود دوو که‌س تیایدا کارده‌کات، که‌ئه‌مه‌ش شتێکى ناواقیعییه«. ئەو پسپۆڕه ئابوورییه پێشیوابوو ده‌بوو هه‌رێمى کوردستان به‌راورد به‌عێراق تاکه‌کانى زۆر باشتر بژیانایهو داهاتیان زیاتر بوایه، به‌وپێیه‌ى له‌دواى 2003ه‌وه له‌عێراق ناسه‌قامگیرى بوونى هه‌یه‌و حکومه‌ت نه‌یتوانیوه خزمه‌تگوزارى به‌هاووڵاتیان بگه‌یه‌نێت. هاوکات، عیزه‌ت سابیر شاره‌زاى بوارى ئابووری پێیوایه رێککه‌وتن له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ئه‌نجامبدرێت بۆ ئه‌مساڵ داهاتى تاکه‌که‌س زیاد ده‌کات. عیزه‌ت سابیر شاره‌زاى بوارى ئابووری له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» به‌دڵنیاییه‌وه له‌دواى 2015ه‌وه تائێستا تێکڕاى داهاتى تاکه‌که‌س که‌میکردووه، به‌به‌راورد به 2013 و 2012 ، چونکه بودجه له‌به‌غداوه نه‌هاتووه و داهاتى نه‌وت که‌متربووه له‌جاران، ئه‌مه‌ش وایکردووه داهاتى تاکه‌که‌س که‌م ببێت». هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق رێکبکه‌ون، داهاتى تاکه‌که‌س به‌رزده‌بێته‌وه.
هاوڵاتى لەسەروبەندی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەرکەوتنی خۆی راگەیاند لەشەڕی گارە کەماوەی چوار رۆژ ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنی چڕی ئەنجامدا لەزنجیرە چیاکانی ناوچەکەدا دژی گروپەکە. پەکەکە لە راگەیەندراوێکدا سەرکەوتنی لەشەڕی گارە راگەیاند، ئەمەش دوای چوار رۆژ لەئۆپەراسیۆنێکی چڕ لەزنجیرە چیاکانی گارە لەلایەن تورکیاوە دژی پەکەکە کەئەنقەرە کۆتایی پێهێنا، لەکاتێکدا (١٠) هەزار چەکداری حەشدی شەعبی رەوانەی شەنگال کران بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەگەری هێرشی ئەنقەرە بۆ سەر قەزاکە. بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) بڵاویکردەوە «بەهۆی شکستهێنانیان، سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ناچاربووە بکشێتەوە». لەلایەکی ترەوە خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا، لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکەیان دژی پەکەکە کۆتایی هاتووە لەهەرێمی گارەو (٤٨) گەریلایان شەهید کردووە. ئاکار راشیگەیاند (١٣) «هاوڵاتى تورکی بێ‌تاوان»یان دۆزیوەتەوە لەیەکێک لەئەشکەوتەکانی گارە کە لەلایەن پەکەکەوە لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە کوژراون و (١٢) کەسیان فیشەک بەسەریانەوە نراوە، بەڵام پەکەکە پێشتر رایگەیاندبوو کەتورکیا بۆمبارانی ئەو شوێنانە دەکات کەدیلی تێدایەو دیلەکان «پۆلیس و سیخوڕی» تورکن. لە راگەیاندراوەکەی نەپەگەدا هاتووە کە «سوپای تورک هێرشی ئاسمانیی و زەمینی کردووەتەسەر کامپی دیلەکان و بووەتە هۆی کوژرانی بەشێک لەئەندامانی میت و پۆلیسی خۆی، کە لای گەریلا دیل بوون». گــــارە تورکیا لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢١ ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ-٢ی راگەیاند کە بەئامانجی پاراستنی سنور‌و رزگارکردنی چەند دیلێک بوو لەژیر دەستی پەکەکە لەزنجیرە چیاکانی گارە لەهەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا پەکەکە باس لەوەدەکات کەئۆپەراسیۆنەکە بۆ داگیرکردنی شنگال و دواتر باشوری کوردستانە. نەپەگە لەڕاگەیاندراوەکەدا باسی لەوە کردووە «هێرشی سەر کامپی دیلەکان، بەهیچ جۆرێک بۆ رزگارکردنیان نەبووە، بەڵکو ئامانج لەناوبردنیان بوو، دەوڵەتی تورک خۆی لێی بەرپرسیارە». ئۆپەراسیۆنەکە ماوەی چوار رۆژی خایاند‌و تێیدا شەڕی قورس لەنێوان هەردوولا روویداو هەر لایەکیش ئاماری جیاوازی قوربانی دەخاتەڕوو. ئاکار رایگەیاند کە لەئۆپەراسیۆنەکەدا (٥٠) پێگەی پەکەکەیان تێکشکاندووەو سێ سەربازیان کوژراوەو و دوو سەربازی تریشیان بریندارە، بەڵام پێشتر پەکەکە رایگەیاندبوو (٣٠) سەربازیی تورکیایان کوشتووە. ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ-٢ ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زەمینی بوو کە لەزنجیرە چیاکانی گارە ئەنجامدرا کەدەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی پاریزگای دهۆک و (٥٠) کیلۆمەتر لەپارێزگاکەوە دوورە. ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنقەرە دوای سەردانی وەفدەکەی تورکیا دێت بەسەرکردایەتی خلوسی ئاکار لە ١٨ی مانگی رابردوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کەتێیدا وەزیری بەرگریی تورکیا باسی لەوەکرد وڵاتەکەی دەیەوێت هێرشەکانی پەکەکە کۆتایی پێبهێنێت بۆ «زامنکردنی ئاسایشی سنوری وڵاتەکەی و ئاشتی ناوچەکە». پێشتر بڵاوکرایەوە کەپارتی دیموکراتی کوردستان لەهێرشەکانی تورکیا بەشدارەو هاوکاریی تورکیا دەکات بەبەشداریپێکردنی پێشمەرگە لەشەڕەکەدا، بەڵام دواتر پەکەکە رایگەیاند هیچ بەڵگەیەک نییە کەئەو هەواڵانە پشتڕاستبکاتەوە، هەرچەندە تورکیا بنکەکانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی. تائامادەکردنی ئەم راپۆرتە، پەکەکە قوربانییەکانی خۆی نەخستووەتەڕوو لەگەڵ هەواڵی نوێ لەسەر ژمارەی کوژراوانی سەربازانی تورکی، بەڵام لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە بەمزووانە قوربانییەکان بڵاودەکرێتەوە بۆ رای گشتی. شـــەنگــال لەسەروبەندی ئۆپەراسیۆنەکەداو پێش ئۆپەراسیۆنەکەش هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کەتورکیا بەنیازە هێرش بکاتەسەر شەنگال، کەهێزێکی سەر بەپەکەکەی لێ جێگیرە بەناوی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە). لە رۆژی شەممەی رابردوو، ١٣ی شوباتی ٢٠٢١، سێ فەیلەقی هیزەکانی حەشدی شەعبی رەوانەی شەنگاڵ کران کەژمارەیان (١٠) هەزار سەربازە، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی بەرپرسانی تورکیا کە بەنیازن هێرش بکەنەسەر قەزاکە. لەمانگی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا نیازی خۆی نەشاردەوە لەپەلاماری شەنگال و رایگەیاند «تورکیا هەمیشە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ عێراق دژی پەکەکە، رەنگە لەپڕێکدا لەشەوێکدا بگەینە ئەوێ». لەپێنجشەممەی رابردووش‌دا ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا، بەدووری نەزانی ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدرێت لەشەنگال دژی یەبەشەو راشیگەیاند ئەنقەرە بەهەماهەنگی بەغدادو هەولێر پێشتر ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی پەکەکە ئەنجامداوە. لەساڵی ٢٠١٤ پەکەکە توانی پێگەی خۆی بەهێز بکات لەشەنگال دوای چوونە ناوەوەی هێزەکانی بۆ پارێزگاریکردن لەیەزیدییەکانی ناوچەکەو شەڕکردنی دژی داعش، تائێستاش یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە) هەژموونی خۆی هەیە بەسەر قەزاکەوە. یەبەشە لەئێستادا بەسێکە لەحەشدی شەعبی. لەمانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان بەسەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنێکیان ئەنجامدا بۆ دەرکردنی هەموو هێزەکانی شەنگال و دامەزراندنی هێزێکی حکومی بۆ پاراستنی ناوچەکە، بەڵام تائێستا ئەو رێککەوتنە شکستی هێناوە، ئەمەش لەئاستی چاوەڕوانییەکانی تورکیادا نییە. لەشهممەی رابردوودا 13ى شوباتى 2021، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا، هادى عامرى سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى فه‌تح رایگه‌یاند:» زانیاریى وردى هه‌واڵگرى و پشتڕاستکراومان پێگه‌یشتووه که‌سوپاى تورکیا به‌رنامه‌ى هه‌یه هێرشبکاته سه‌ر چیاى شه‌نگال و داگیرکارى ئه‌نجامبدات». هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: »پێویسته حکومه‌تى تورکیا کۆتایى به‌و هه‌ڵسوکه‌وته دوژمنکارانه‌یه‌ى به‌رامبه‌ر خاکى عێراق بهێنێت، چونکه خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى هه‌ردوو وڵات ناکه‌ن و کاریگه‌ریى خراپیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌بێت». عەبدوڵا حەوێز، رۆژنامەنووس و تووێژەر، لەتویتەری خۆی نووسیویەتی: «دەنگۆ هەیە کەبڵاوەپێکردنە نوێیەکەی میلیشیاکانی شیعە [بۆ شەنگال] لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە فەرمانی لەسەر دراوە کەمانای ئەوەیە رێککەوتنەکەی بەغدادو هەولێر لەسەر شەنگال، کەباس لەوەدەکات میلیشیای شیعەو یەبەشە دەبێت دەربکرێن، کۆتایی پێهاتووە». حەوێز نووسیویشیەتی، ناردنی هێز «ئەوەش نیشان دەدات کە بەغداد بەتوندی دژی هەنگاوی تورکیایە لەشەنگال». بەڵام مایکڵ روبن، تووێژەر لە پەیمانگەی ئەمەریکان ئینتەرپرایس، باس لەوەدەکات سەرۆک وەزیرانی عێراق نایەوێت زۆر لەتورکیا بکات لەشەنگالدا. «مستەفا کازمی لەئێستادا زۆر کێشەی هەیە رووبەڕووی ببێتەوە وەک قەیرانی ئابوری و هەڕەشەی میلیشیاکانی سەر بەئێران، بۆیە ئامادە نییە فشاری توند لەتورکیا بکات هەرچەندە بەرگریکردن لەسەروەری عێراق پێویستی بەوەیە». روبن، کە لەچاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی هاوار نیوز قسەی کردووە، باس لەوەدەکات کە مەبەستی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال سێ هۆکاری هەیە. «هۆکاری یەکەم، بەسادەیی رەگەزپەرستییە، ئەو [ئەردۆغان] رقی لەکوردە... دووەم هۆکار ئەوەیە ئەو دەزانێت ئەو گروپانەی فەلسەفەی گشتیی عەبدوڵا ئۆجەلان پەیڕەو دەکەن، هەڕەشەن بۆ خۆی و داردەستەکانی. ئەم گروپانە زۆر ناسراون لەناو شەنگال و بەشێوەیەکی زیاد لەسەرتاسەری کوردستانی عێراق ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەوان دەیانەوێت حوکمڕانییەکی پاکترو کاریگەرتر پێشکەش بکەن بەبەراورد بەپارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا کەهەردووکیان گەندەڵن». روبن هۆکاری سێیەم بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کەتورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان هەردووکیان دەیانەوێت شکستە ئابورییەکانی خۆیان بەهۆی شەڕەوە بشارنەوە. «کۆتا هۆکار بۆ ئەوەی کەشەڕ بوونی هەیە، ئەوەی کەهەم پارتی دیموکراتی کوردستان و هەم ئەردۆغان دەیانەوێت سەرنج لەسەر ئەو راستییە لابدەن کەئابوری هەردوولایان لەقەیراندایە بەهۆی خراپ مامەڵەکردنیانەوە»، روبن وای وت
هاوڵاتى 17ى شوباتى ساڵى (2011) و رۆژانى دوایی، زنجیره‌یه‌ک خۆپیشاندانى ناڕه‌زایه‌تى له‌شارو شارۆچکه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجامدراو دوو مانگ به‌رده‌وامییان هه‌بوو، جوڵه‌یه‌کى جه‌ماوه‌ریى و سیاسى لێکه‌وته‌وه، له‌ئه‌نجامدا (10) که‌س شههیدبوونو زیاتر له (500) که‌سیش برینداربوون، ئه‌ویش به‌هۆى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نێوان هێزه ئه‌منییه‌کان و خۆپیشانده‌ران. دواى کۆتایى هاتنى 17ى شوبات، لیژنه‌یه‌کى په‌رله‌مانى به‌دواداچوونیان بۆ رووداوه‌کان کرد‌و بڕیارى ژماره دوویان ده‌رکرد که‌چه‌ندین خاڵى له‌خۆگرتبوو، به‌ڵام تا ێستا ئه‌و داواکارییانه جێبه‌جێنه‌کراون. که‌سوکارى یه‌کێک لهشههیدهکانى 17ى شوبات ده‌ڵێت خۆپیشاندانه‌که خۆڕسک بووه، که‌سوکارى یه‌کێکى دیکه‌شیان ده‌ڵێت ئه‌و رۆژه ته‌نیا ئازاره‌که‌ى بۆ ئه‌وان بووه. رێزان عه‌سکه‌ر، دایکى شه‌هید گه‌رمیان، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت »که‌یسى ئێمه له‌گه‌رمیان بوو له‌که‌لار به‌ڵام گه‌ڕاندمانه‌وه بۆ چه‌مچه‌ماڵ، هه‌رچه‌نده تائێستا هه‌شت جار فه‌رمانى ده‌ستگیرکردن بۆ محه‌مه‌د که‌مال به‌رپرسى لقى (19) ده‌رچووه به‌ڵام ده‌ستگیرنه‌کراوه«. وه‌ک دایکى شه‌هید گه‌رمیان ده‌ڵێت»ئێستا گه‌نده‌ڵى و ده‌ستگیرکردن و گه‌نده‌ڵى له 17ى شوباتى 2011 زیاتره، به‌ڵام حزبه‌کانى ئۆپۆزسیۆن بێده‌نگن، 17 ى شوبات ته‌نیا ئازاره‌که‌ى بۆ ئێمه بوو کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکى کرد به‌وه‌زیرو په‌رله‌مانتار، به‌ڵام هه‌ندێک خه‌ڵکى باشیش ماون که رێزمان ده‌گرن، به‌تایبه‌ت سێ لایه‌نه‌که‌ى ئۆپۆزسیۆنى ئه‌وکات به‌ته‌واوه‌تى دۆسیه‌ى 17 ى شوباتیان پشتگوێخستووه«. زاهیر سدیق، باوکى شه‌هید سورکێو که لهخۆپیشاندانى رۆژى 17ى شوبات گیانیله‌ده‌ستدا، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت»17 ى شوبات خۆپیشاندانێکى خۆڕسک بوو، ئه‌و رۆژه کۆمۆنیسته‌کان مۆڵه‌تى خۆیان بۆ خۆپیشاندان وه‌رگرتبوو، که کۆتایى به‌مه‌راسیمى ئه‌وان هات خه‌ڵکى سلێمانى خۆڕسکانه خۆپیشاندانیان ده‌ستپێکرد، له‌شه‌قامى مه‌وله‌وییه‌وه خه‌ڵک چووه به‌رده‌م لقى چوار». باوکى شه‌هید سورکێو ده‌ڵێت «ئه‌وه‌ى کهئاگادارم دۆسیه‌کانى 17ى شوبات داخراون، که‌یسى ئێمه‌ش وه‌ک خۆى ماوه‌ته‌وه‌و هیچ یه‌کێک لهتۆمهتبارهکانى ده‌ستگیرنه‌کراون و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌کراوه«. وته‌بێژى کۆمه‌ڵ: هه‌میشه بڕوامان وابووه ده‌بێت دادگا رۆڵى خۆى ببینێت رێبوار حه‌مه‌د، وته‌بێژى کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت»ئێمه له‌پێش 17 ى شوبات و دواى 17ى شوباتیش هه‌میشه پێمان وابووه کهداواى ره‌واى خه‌ڵک ئه‌رکى ده‌سه‌ڵاته جێبه‌جێى بکات، هیچ کاتێک ئێمه نه‌مانبینیوه حکومه‌ت داواکارى خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بکات، به‌ڵکو هه‌میشه به‌شێوه‌ى ترساندن و فشار رووبه‌ڕووى خۆپیشانده‌ران بوونه‌ته‌وه«. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد هه‌میشه ئه‌وه‌یان ره‌تکردووه‌ته‌وه‌و به‌کارێکى ناڕه‌وایان زانیوه‌و له‌گه‌ڵ بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانى خۆپیشاندان و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌کان ناگونجێت که خۆپیشانده‌ر بکوژرێت و بریندار بکرێت. وتیشى «هه‌میشه بڕوامان وابووه ئه‌وانه‌ى به‌ناحه‌ق کوژراون ده‌بێت دادگا رۆڵى خۆى ببینێت و یاسا له‌سه‌رووى هه‌مووانه‌وه بێت، هه‌ر ئه‌وکاتیش له‌په‌رله‌مانى کوردستان فشارمان کرد و بڕیارى ژماره دوو ده‌رچوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه جێبه‌جێ نه‌کرا». هاوڵاتى بۆ وه‌رگرتنى راى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان په‌یوه‌ندى کرد به‌دلێر عه‌بدولخالق وته‌بێژى گۆڕان، به‌ڵام به‌بیانووى ئه‌وه‌ى «رۆژێک پێش 17ى شوبات له‌وباره‌یه‌وه به‌یاننامه بڵاوده‌که‌نه‌وه« ئاماده‌نه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه لێدوان بدات. به‌هه‌مان شێوه هاوڵاتى بۆ وه‌رگرتنى راى هه‌ریه‌ک له‌یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان په‌یوه‌ندى بهوتهبێژى ئه‌و حزبه‌و چه‌ند ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تییه‌وه کرد، به‌ڵام ئه‌وانیش ئاماده‌نه‌بوون لێدوان له‌وباره‌یه‌وه بده‌ن. کارگێڕێکى لقى چوارى پارتى له‌سلێمانی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان دۆسیه‌ى 17ى شوبات یه‌کلایى بکرێته‌وه کامه‌ران غه‌ریب، کارگێڕى لقى چوارى پارتى دیموکراتى کوردستان به‌هاوڵاتى وت»کاتێک رووداوه‌کانى 17ى شوبات روویدا، بووه هۆى گیانله‌ده‌ستدانى کۆمه‌ڵێک که‌س له‌شارو شارۆچکه‌کان، کێشه‌ى ئابوورى نه‌بوو، به‌شێک لهکهسایهتییهکانى ئۆپۆزسیۆن به‌مه‌به‌ستى که‌سى که‌وتنه جوڵاندنى دۆخه‌که وه‌ک پشتگیرییه‌ک له‌خۆپیشاندانه‌کانى به‌هارى عه‌ره‌بى به‌و بیانووه‌وه خۆپیشاندانیان سازکرد». هه‌روه‌ها وتیشى «ئێمه له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانى ره‌واین، به‌ڵام نابێت هیچ حزبێک خه‌ڵک وه‌کو ئامرازێک به‌کاربهێنێت، ئێمه شایه‌تین له 17ى شوبات ئه‌و که‌سانه‌ى خه‌ڵکیان هان ده‌دا که‌سانێک بوون بڕوایان به‌خودى ئازادى نه‌بووه، دواجار ئه‌گه‌ر دادگا له‌سنوورى سلێمانى سه‌ربه‌خۆ بێت ده‌زانرێت کێ تاوانبارى سه‌ره‌کییه له‌و تاوانانه، ئه‌وان رووداوه‌که‌یان به‌ئاڕاسته‌ى لقى چوار گۆڕی، له‌کاتێکدا دۆخى خه‌ڵک باش بوو، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وان بوونه هۆکارێک بۆ تێکچوونى دۆخه‌که«. ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى پێشیوابوو ده‌بێت خه‌ڵکى کوردستان ئه‌و پرسیاره له‌ئۆپۆزسیۆن بکات بۆچى که‌ئێستا دۆخى خه‌ڵک خراپه ئه‌وان هاوکارى خه‌ڵک نین بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کانیان، «ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین رێکاره یاساییه‌کانى دۆسیه‌کانى 17 ى شوبات یه‌کلایى بکرێنه‌وه، که‌مترین قوربانى له‌به‌رده‌م باره‌گاى پارتى بووه‌و ئه‌وانه‌ش که‌کوژراون به‌ته‌قه‌ى پاسه‌وانانى لقى پارتى نه‌بووه، به‌ڵکو که‌سانى دیکه ته‌قه‌یان لێکردوون، پێمخۆشه بێ ده‌ستتێوه‌ردانى حزبى ئه‌و دۆسیه‌یه دادگا یه‌کلایى بکاته‌وه«. ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان: په‌رله‌مان ده‌ست ناخاته ئه‌و دۆسیه‌یه‌وه باڵانبۆ محه‌مه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ناوخۆ‌و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌کان له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت »هه‌ر که‌یسێک چووبێته دادگا په‌رله‌مان ده‌ست ناخاته کاروباره‌کانیه‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌چووایه‌ته دادگا که‌یسه‌که ئه‌وکات لیژنه‌که‌مان ده‌یتوانى به‌دواداچوون بکات».
شاناز حه‌سه‌ن «شاخه‌وان وه‌ک کارمه‌ندێکى ئاسایش له‌بازگه‌ى تاسڵوجه له‌ده‌وامى ئاسایى خۆیدا بوو ژماره‌یه‌ک که‌س له‌هێزى کۆماندۆى یه‌که‌ى حه‌فتا داده‌به‌زن و چه‌قۆیه‌ک له‌سه‌ر دڵى ده‌ده‌ن و ده‌که‌وێته سه‌رزه‌وى ته‌نها شه‌ش هه‌زار دینار له‌گیرفانیدا بوو»، شێرزادى براى وا ده‌ڵێت. کاتژمێر 10:30 خوله‌کى رۆژى 10ى شوبات، ژماره‌یه‌ک له‌هێزى کۆماندۆى (ئاڵتونى) یه‌که‌ى حه‌فتا که‌وه‌ک پاسه‌وانى جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ناوده‌برێن له‌بازگه‌ى تاسڵوجه، چوار کارمه‌ندى ئاسایشى سلێمانیان به‌چه‌قۆ بریندار کرد‌و یه‌کێک له‌کارمه‌نده‌کان به‌ناوى شاخه‌وان ئه‌حمه‌د گیان له‌ده‌ستده‌دات. که‌سوکارى شاخه‌وان چى ده‌ڵێن؟ شاخه‌وان ئه‌حمه‌د خه‌ڵکى چنیانى سه‌ر بهدهڤهرى شارباژێره، کوڕى بچووکه و سێ براى دیکه‌و هه‌شت خوشکى هه‌یه‌و دایکى و باوکى له‌ژیاندایه‌و کچێکى شه‌ش ساڵانى هه‌یه. شێرزاد ئه‌حمه‌د براى شاخه‌وان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» ئه‌و چه‌قۆیه به‌مه‌به‌ست بۆ کوشتنى لێى درابوو راسته‌وخۆ دراوه له‌سه‌ر سنگى براکه‌م و بووه گیانله‌ده‌ستدانى». براکه‌ى به‌گریانه‌وه به‌سه‌رهاتى ژیانى شاخه‌وانى گێڕایه‌وه‌و وتى» براکه‌م کوڕه هه‌ژار بوو، له‌گه‌ڵ کچه‌که‌ى و پورم ده‌ژیا، له‌ماڵێکى هه‌ژارانه‌دا ژیانێکى ئاسایى ده‌ژیان». شێرزاد، باسى له‌کچه شه‌ش ساڵانه‌که‌ى شاخه‌وان ده‌کات و ده‌ڵێت» به‌رده‌وام داواى باوکى ده‌کات و ده‌ڵێت له‌کوێیه و که‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و بیرى باوکم ده‌که‌م». شاخه‌وان ماوه‌ى 8 ساڵه ئاسایشه‌و ماوه‌ى ساڵێک و سێ مانگه له‌بازگه‌ى تاسڵوجه کارده‌کات. وه‌ک براى شاخه‌وان وتیشى» شاخه‌وان کوڕى کاک بافڵ هاوسه‌رۆکى یه‌کێتییه‌و داوا ده‌که‌ین چۆن به‌رگرى لهبراو که‌سى خۆى ده‌کات ئاواش به‌رگرى له‌خوێنى براکه‌مان بکات، ئه‌گینا ئێمه ژیانمان نامێنێت و ناتوانین به‌ئارامى بژین». شێرزاد ئه‌حمه‌د جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه«ئه‌وه‌ى له‌دڵى ئێمه‌دا ئازاره بۆ هێزێکى ئاوابێت به‌چه‌قۆ براکه‌م پارچه پارچه بکات، به‌ڵام ئاسایش لهبازگهکهیدا کهتهعداى لێبکرێت مۆڵه‌تى ته‌قه‌کردنیان پێ نه‌بێت». شێرزاد ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه تائێستا که‌س نه‌هاتووەته لایان و وتى»ئێمه ده‌مانه‌وێت خوێنه‌که‌ى له‌ڕێگه‌ى ئه‌وه‌وه وه‌ربگرینه‌وه‌و بچێته گۆڕه‌وه وه‌ک براکه‌ى من، نه‌ک بڵێن زیندانییهو دواى ماوه‌یه‌ک له‌وڵاتانى ده‌ره‌وه ببینرێت». هاوکات، ئه‌حمه‌د مه‌حمود ، باوکى شاخه‌وان بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که‌هیچ تاوانێک به‌رامبه‌ر که‌س ئاوا نه‌کراوه وه‌ک ئه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر جهرگهکهى ئه‌وان کراوه، وتیشى: «چه‌قۆیه‌ک دراوه له‌دڵى نازانم ئه‌م چه‌قۆیه چییه‌و چۆنه به‌چه‌ند چرکه‌یه‌ک گیانى له‌کوڕه‌که‌م سه‌نده‌وه«. باوکى شاخه‌وان ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه تائێستا نازانن ئه‌وانه‌ى ده‌ستگیرکراون کێن و چین و خه‌ڵکى کوێن، ئاوا ئه‌م مناڵه داماوه‌یان له‌که‌سوکارى کرد‌و منداڵێکى شه‌ش ساڵانیان له‌چاوه‌ڕوانى باوکی‌دا هێشته‌وه. باوکى شاخه‌وان له‌باره‌ى تۆمارکردنى سکاڵاوه وتى»هه‌قى کوڕه‌که‌مم داوه‌ته ده‌ست یاسا‌و ئه‌وانه‌ى به‌رگرى له‌مافى مرۆڤ ده‌که‌ن، تا ئه‌وان ههقیم بۆ بسه‌نن». ئه‌حمه‌د مه‌حمود وتیشى» ته‌نیا به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى سلێمانى هاتۆته لامان و پێی وتووه« ئه‌گه‌ر هه‌ست به‌وه ده‌که‌ن کارمه‌ندى خۆتانه، فه‌رموون خۆتان حه‌قى وه‌ربگرن». ورده‌کارى رووداوه‌که‌ى بازگه‌ى تاسڵوجه به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى، که له‌سێ سه‌رچاوه‌ى ئه‌منیى جیاوازه‌وه ده‌ستى که‌وتووه، چۆنیەتى رووداوه‌که‌یان بۆ هاوڵاتى گێڕایه‌وه که به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى ته‌کیه له‌گه‌ڕانه‌وه‌دا به‌ره‌و سلێمانى له‌ڕێگه‌دا له‌گه‌ڵ چه‌ند ئوتومبێلێکى جام ره‌شى هێزى کۆماندۆى (ئاڵتونى) که‌ژماره‌یان بیست که‌س ده‌بێت ره‌ماش و ده‌ستشکانه‌وه به‌سه‌ر یه‌کتردا ده‌که‌ن و به‌و هۆیه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى ته‌کیه پێش ئه‌وان ده‌گاته بازگه‌ى تاسڵوجه و داوا ده‌کات ئه‌و ئوتومبێلانه رابگرن و هه‌ڕه‌شه‌یان لێکردووه. به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى ته‌کیه بازگه‌که به‌جێده‌هێڵێت و ئه‌و بیست که‌سه‌ى هێزى کۆماندۆى یه‌که‌ى حه‌فتا کهپاسهوانى جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فان، له‌لایه‌ن (شاخه‌وان)ه‌وه که لهبازگهکهدا بووه داواى راگرتنیان لێده‌کات، به‌ڵام ئه‌وان داده‌به‌زن و ده‌ماقاڵێ دروستده‌بێت و حه‌وت بۆ (10) که‌سیان داده‌به‌زن بهچهقۆوهو چه‌قۆیه‌ک له‌دڵى شاخه‌وان ده‌درێت و چوار ئاسایشى دیکه بریندار ده‌کرێن، شاخه‌وان پێش گه‌یشتنى به‌نه‌خۆشخانه به‌هۆى سه‌ختى برینه‌که‌ى و برینى ده‌مارى دڵى گیان له‌ده‌ستده‌دات. له‌بازگه‌ى تاسڵوجه‌وه ته‌له‌فۆن بۆ ئاسایشى سلێمانى ده‌کرێت و هێزه جل ره‌شه‌که‌ى ئاسایش به‌چوار مێگزه‌مینى کهدۆشکهیان له‌سه‌ره ده‌گه‌نه بازگهکهو هێزه کۆماندۆکه ئه‌و شوێنه به‌جێده‌هێڵن و ته‌نها دوو که‌سیان ده‌مێنێته‌وه بۆ گفتوگۆ، به‌ڵام به‌رپرسى هێزه جل ره‌شه‌که‌ى ئاسایش داوا ده‌که‌ن هه‌موو ئه‌و که‌سانه ته‌سلیم بکرێت که له‌ڕووداوه‌که‌دا بوون و ده‌هێندرێنه‌وه بازگه‌که دواى ته‌له‌فۆنى جه‌عفه‌ر شێخ مستهفاو به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى سلێمانى ئه‌و که‌سانه ده‌ستگیر ده‌کرێن. ئاسایشی سلێمانى ده‌ڵێن سکاڵایان تۆمارکردووه هاوڵاتى له‌سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاسایشى سلێمانى که‌نه‌یویست ناوى ئاشکرابکرێت به‌هاوڵاتى وت »ده‌زگاى ئاسایش که‌یسه‌که‌ى گرتۆته ده‌ست و سکاڵا له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه تۆمارکراوه کههێرشیان کردووەتهسهر بازگه‌که«. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد به‌رده‌وامن له‌لێکۆڵینه‌وه لهکهیسهکهو هیچ هه‌وڵێک بۆ ئاشته‌وایى کۆمه‌ڵایه‌تى (سوڵح) بوونى نییه« له‌به‌رئه‌وه‌ى سکاڵا هه‌یه دۆسیه‌که له‌ده‌ستى ئاسایشه‌و ئه‌و که‌سانه‌ى له‌کاتى رووداوه‌که له‌و شوێنه‌دا بوون هه‌موویان ده‌ستگیرکراون و لێکۆڵینه‌وه لێیان به‌رده‌وامه«. دواى ئه‌وه‌ى کێشه ده‌که‌وێته نێوان کوڕێکى قادر عه‌زیز، کارگێڕى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى و ئه‌فسه‌رێک، کوڕه‌که‌ى قادر عه‌زیز ده‌چێته سه‌ر ماڵى ئه‌فسه‌ره‌که‌و کاردانه‌وه‌ى دروستکردو دواى ئه‌و رووداوه، بافڵ تاڵه‌بانى، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى، له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند»له‌م زۆنه‌ى ئێمه ئیتر ئه‌مانه مایه‌ى قبوڵ نیه، ئه‌وه‌ى خۆى تاقیبکاته‌وه به‌خوا زه‌ره‌رێکى گه‌وره ده‌کات». که‌سوکارى شاخه‌وان داوا ده‌که‌ن بافڵ تاڵه‌بانى هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى ئه‌و قسانه‌ى بکاته کردار بۆ لێپرسینه‌وه‌و وه‌رگرتنه‌وه‌ى خوێنى کوڕه‌که‌یان. «جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا زۆر نیگه‌رانه له‌ڕووداوه‌که« دواى رووداوه‌که‌ى بازگه‌ى تاسڵوجه، نووسینگه‌ى جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم روونکردنه‌وه‌یه‌کى له‌سه‌ر روداوهکهداو تێیدا هاتبوو» له‌بازگه‌ى ده‌روازه‌ى تاسڵوجه، ئاڵۆزییه‌ک ده‌که‌وێته نێوان چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک و برایانى ئاسایشى سلێمانى که به‌داخه‌وه بووه هۆى شه‌هیدبوونى برایه‌کى ئاسایش به‌ناوى (شاخه‌وان ئه‌حمه‌د محەمەد)، لێره‌وه پرسه‌و سه‌ره‌خۆشى خۆمان راده‌گه‌یه‌نین و له‌خواى گه‌وره داواکارین که‌گیانى پاکى به‌به‌هه‌شتى به‌رین شاد بکات». هه‌روه‌ها جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئاماژه‌ى به‌وه‌کردبوو که له‌کاتى ئاگادارکردنه‌وه‌یاندا له‌م رووداوه، ده‌ستبه‌جێ فه‌رمانیاندا که‌هه‌ر که‌سێک ده‌ستى هه‌بووه له‌و رووداوه، رووبه‌ڕووى یاسا بکرێته‌وه« بۆیه ئه‌و پێشمه‌رگانه‌مان ده‌ستبه‌جێ راده‌ستکرد که به‌شداریى ئه‌و ئاڵۆزییه بوون، ئێمه خۆمان به‌به‌شێک له‌ئاسایشى ئه‌م هه‌رێمه ده‌زانین، هه‌موو کات ئاماده‌ین بۆ پارێزگاریکردن له‌سه‌روه‌رى یاسا». به‌پێى بهداواچوونهکانى هاوڵاتى، جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا «زۆر نیگه‌رانى رووداوه‌که بووه«و چه‌ند به‌رپرسێکى باڵاى یه‌کێتى له‌ماڵه‌که‌ى خۆى سه‌ردانى ده‌که‌ن له‌سلێمانى و له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ئاشته‌وایى کۆمه‌ڵایه‌تى بۆ رووداوه‌که ئه‌نجامبده‌ن دواى هێوربوونه‌وه‌ى دۆخه‌که، به‌ڵام جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه «ئه‌وانه‌ى ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌یان کردووه ده‌بێت باجه‌که‌ى بده‌ن».
هاوڵاتى کۆمارى ئیسلامى ئێران یادى (42) ساڵه‌ى دامه‌زراندنى له‌کاتێکدا ده‌کاته‌وه کهدروشم و خه‌ونه‌کانى بۆ نههاتوهتهدى کۆمه‌ڵێک قه‌یرانى دروستکردوه که له‌کۆى (84) ملیۆن که‌سى دانیشتوانه‌که‌ى (62) ملیۆنیان به‌هه‌ژار ئه‌ژمار ده‌کرێن. دروشم و دوژمنه‌کانى کۆمارى ئیسلامى ئێران کۆمارى ئیسلامى له‌ئێران ساڵى (1978) به‌دروشمى «نا بۆ رۆژهه‌ڵات نا بۆ رۆژئاوا، به‌ڵێ بۆ ده‌سه‌ڵاتى کۆمارى ئیسلامی »دواى رووخانى سیستمى پاشایه‌تى له‌ئێران کۆڵه‌که‌و بناغه‌ى کۆمارێکى به‌ناو ئیسلامیى له‌سه‌ر ده‌ستى روحه‌ڵڵا خومه‌ینى له‌سه‌ر بنه‌ماى رێبازى شیعه‌ى (12) ئیمامه دامه‌زراو له‌و چوارچێوه‌یه‌داو به‌دروشمى وه‌ستانه‌وه دژى سته‌م و داگیرکه‌رو پشتیوانیى له‌هه‌ژاران هه‌وڵى سه‌پاندنى هه‌یمه‌نه‌ى خۆى له‌ناوخۆى ئێران و وڵاتانى شیعه به‌تایبه‌ت (عێراق، سوریا، لوبنان، یه‌مه‌ن، ئه‌فغانستان) ده‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌سیاسه‌ت و هه‌نگاوى ئه‌و کۆماره‌دا به‌دیناکرێت به‌دیهاتنى دروشم و خهونهکانیهتى، چونکه به‌هۆى دوژمنایه‌تى له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا په‌نا بۆ وڵاتانى رۆژهه‌ڵات ده‌بات و گه‌وره‌ترین نموونه‌ى رێککه‌وتنى (25) ساڵه له‌گه‌ڵ وڵاتى چین و هه‌وڵى رێککه‌وتنى درێژخایه‌نى (20 بۆ 50) ساڵه له‌گه‌ڵ روسیا-یه. کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌کاتیکدا یادى (42) ساڵه‌ى دامه‌زراندنى ده‌کاته‌وه که‌پێشتر به‌پرسانى ئێسرائیل به‌ڵێنیان دابوو به‌هۆى ئه‌و سزایانه‌ى به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پێنراوه ئه‌و کۆماره هه‌ره‌س بهێنێت و نه‌توانێت یادى دامه‌زراندنه‌که‌ى بکاته‌وه، که‌ئه‌مه‌ش هه‌رزوو کاردانه‌وه‌ى محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێرانى لێکه‌وته‌وه‌و وتی» نه‌ک یادى (42)ساڵه‌ى دامه‌زراندن، به‌ڵکو یادى (43)و ساڵه‌کانى دیکه‌ش ده‌که‌ینه‌وه«. شه‌یتانى گه‌وره ئێران باجى هه‌ڵکوتانه سه‌ر باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ریکا ده‌دات روحه‌ڵڵا خومه‌ینی، دامه‌زرێنه‌رى کۆمارى ئیسلامى له‌ساڵى (1979) دواى ئه‌وه‌ى که‌ژماره‌یه‌ک له‌لایه‌نگران و ئه‌ندامانى سه‌ر به‌کۆمارى ئیسلامى ئێران هه‌ڵده‌کوتنه‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ریکا له‌تاران و (53) دیپلۆماتى ئه‌مه‌ریکى ده‌ستگیرده‌که‌ن، ده‌سته‌واژه‌ى (شه‌یتانى گه‌وره) بۆ ئه‌مه‌ریکا به‌کارده‌هێنێت وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ پشتیوانیى ئه‌و که‌سانه‌ى دژایه‌تى و دوژمنایه‌تیى ئه‌مه‌ریکا ده‌که‌ن و ئه‌م وته‌یه‌ى خومه‌ینى تائێستاش باڵى به‌سه‌ر په‌یوندییه‌کانى نێوان ئه‌مه‌ریکاو ئێران‌دا کێشاوه‌و ته‌نانه‌ت دواى (35) ساڵ له‌و رووداوه له‌ساڵى (2015) کۆنگرێسى ئه‌مه‌ریکا یاسایه‌کى په‌سندکرد بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌ى قه‌ره‌بووى هه‌ڵکوتانه‌سه‌ر باڵیۆزخانه‌که‌یان له‌پاره بلۆککراوه‌کانى ئێران له‌وڵاتانى جیهان به‌تایبه‌ت له‌فه‌ڕه‌نسا وه‌رگرنه‌وه، بۆیه نزیکه‌ى چوار ملیۆن و (400) هه‌زار دۆلار وه‌ک قه‌ره‌بوو لهپارهکانى ئێران راده‌ستى هه‌رکه‌سێک له‌و (53) دیپلۆماته ئه‌مه‌ریکییه کرا که (444) رۆژ له‌لایه‌ن کۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر کرابوون، واته بۆ هه‌ر رۆژێک دهستبهسهربوونى هه‌ر ئه‌مه‌ریکییه‌ک له‌ئێران نزیکه‌ى (10) هه‌زار دۆلار قه‌ره‌بوو ته‌رخان کراوه. ئه‌مه‌ریکا و ئێران به‌ڕه‌سمى له‌ساڵى (1899) تا (1979) په‌یوه‌ندیى سیاسى و دیپلۆماسى و ئابورییان هه‌بووه‌و دواى رووخانى سیستمى پاشایه‌تى هیچ جۆره په‌یوه‌ندى و دانوستانێکى ئاشکرا له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا نامێنێت و کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ یه‌که‌مجار له‌ساڵى (1979) ده‌که‌وێته به‌ر لێشاوى زیاتر له (25) بڕیارنامه‌و سزاى ئه‌مه‌ریکا که‌خۆیان له‌هه‌زاران جۆرى سزا ده‌بیننه‌وه که گه‌وره‌ترینیان به‌ربه‌ستى هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئه‌و وڵاته بووه که‌داهاتى نه‌وتیى ئێرانى له‌زیاتر له (100) ملیار دۆلاره بۆ (11) ملیار دۆلار دابه‌زاندووه، جگه له‌وه‌ى تائێستا (154) ملیار دۆلارى ئه‌و وڵاته‌شى له‌بانکه جیهانییه‌کان بلۆک کردووه‌و کۆمارى ئیسلامى ئێران و هیچ وڵاتێکى دیکه ناتوانن ئه‌و پارانه به‌کاربهێنن جگه له‌ئه‌مه‌ریکا. ئێران و ئیسرائیل کۆمارى ئیسلامى ئێران به‌به‌رده‌وامى بوونى وڵاتى ئیسرائیل ره‌تده‌کاته‌وه، له‌کاتێکدا ئیسرائیل و ئێران له‌سه‌رده‌مى پاشایه‌تیى محه‌مه‌د رەزا په‌هله‌وى له‌نێوان ساڵانى (1947 بۆ 1978) په‌یوه‌ندییه‌کى توندوتۆڵ له‌نێوانیاندا هه‌بوو ته‌نانه‌ت به‌شێک له‌ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کان و سه‌ربازییه‌کانى سه‌ر به‌پاشاى ئێران له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه راهێنانیان پێده‌کرا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنه‌سه‌رکارى کۆمارى ئیسلامیی، شکستى سوپاى عێراق له‌جه‌نگى که‌نداوو رووخانى یه‌کێتى سۆڤیه‌ت له روسیا‌و تێکچوونى هاوسه‌نگییه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ئه‌و رووداوانه له‌دواى ساڵى (1991) بووه هۆى به‌هێزبوونى کۆمارى ئیسلامى، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکرد ئیسرائیل و ئێران خۆیان به دوو هێزى سه‌ره‌کیى ئه‌م ناوچه‌یه بزانن و تیر‌و شیر له‌یه‌کتر بسونهوهو له‌قۆناغى ئاشتیى سارد به‌ره‌و توندوتیژیى له‌لێدوانى سه‌رکرده‌کانیاندا هه‌نگاو بنێن، به‌جۆرێک که‌ده‌یان به‌رپرسى سیاسى و سه‌ربازیى ئێران له‌لێدوانه‌کانیاندا رایانگه‌یاندووه ئیسرائیل له‌نه‌خشه‌ى جیهان دهسڕنهوهو له‌ناوى ده‌به‌ن. حکومه‌تى سه‌رده‌مى ئیسحاق رابین له‌ئیسرائیل و له‌ساڵانى (1992 تا 1994) ببووه مۆته‌که‌یه‌ک بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران، چونکه ئه‌و زیاترین هه‌ڵوێستى توندى به‌رامبه‌ر تاران دهدهبڕى و هاوکات بڕواى به‌ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستین هه‌بوو به‌بێ ده‌ستوه‌ردانى کۆمارى ئیسلامى له‌ئێران، تائێستاش ئیسرائیل له‌هیچ شوێنێکى جیهان خۆی ناپارێزێت لهگورزوهشاندن دژى کۆمارى ئیسلامى ئێران کهنوێترین نموونه‌کانى ئه‌م گورزانه بریتین له‌هێرشه ئاسمانییه‌کانى ئیسرائیل له‌دژى چه‌کدارانى ئێران لهسوریاو کوشتنى موحسین فه‌خرى زاده، گه‌وره‌ترین زانای ئه‌تۆمیى که به‌باوکى ئه‌تۆمى کۆمارى ئیسلامى ناوده‌هێنرا. وه‌ک کاردانه‌وه‌یه‌ک به‌رامه‌ر کوشتنى باوکى ئهوتۆمیى ئێران، په‌رله‌مانى کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌هه‌وڵدایه پرۆژه یاسایه‌ک په‌سەند بکات که به‌پێى بڕگه‌و مادده‌کانى ده‌بێت تاساڵى (2040) حکومه‌تى وڵاته‌که‌یان هه‌موو هاوکارییه‌ک پێشکه‌شى فه‌له‌ستین و لایه‌نه نه‌یاره‌کانى ئیسرائیل بکات بۆ له‌ناوچوونى ته‌واوه‌تى ئیسرائیل. کۆمارى ئیسلامى ئێران به‌به‌رده‌وامى ئیسرائیل به‌داگیرکارى به‌شێک له‌خاکى فه‌له‌ستین له‌قه‌ڵه‌مده‌دات و ئه‌و وڵاته تۆمه‌تبار ده‌کات به‌کوشتنى پێنج زاناى ئه‌تۆمیى وڵاته‌که‌ى و پشتیوانیى له‌حزبى موجاهیدینى خهلقى ئێران و جوندوڵا له‌دژى کۆمارى ئیسلامى و له‌به‌رامبه‌ردا ئیسرائیل کۆمارى ئیسلامى تۆمه‌تبار ده‌کات به‌وه‌ى که پشتیوانیى له (حزیبوڵڵا) له‌لوبنان و جیهادى ئیسلامى و حه‌ماس له‌فه‌له‌ستین ده‌کات بۆ دژایه‌تیى وڵاتى ئیسرائیل. خه‌ونى گه‌وره لەنهخشهى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هێڵێکى که‌وانه‌یى وڵاتانى (لوبنان، سوریا، عێراق، ئێران، پاکستان و ئه‌فغانستان) به‌یه‌کتره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه‌و ئه‌م که‌وانه‌یه زۆربه‌ى ئه‌و وڵاتانه ده‌گرێته‌وه که‌خه‌ڵکى شیعهمهزههبى تێدا نیشته‌جێیه‌و ئه‌مه‌ش ده‌توانێت سوننه‌کان له‌داهاتووى ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ى به‌هێزى سیاسى خۆیان له‌و وڵاتانه‌و ته‌نانه‌ت جیهانیش نیگه‌ران بکات، بۆیه یه‌کێک له‌گومانه به‌هێزه‌کان به‌پێى ده‌ستوه‌ردانه‌کانى تاران له‌و وڵاتانه ئه‌وه‌یه کهکۆمارى ئیسلامى ئێران خه‌ونى به‌دیهێنانى ده‌سه‌ڵات و هه‌یمه‌نه‌ى شیعه‌ى له‌و وڵاتانه هه‌یه‌و ئه‌مه‌ش به‌خه‌ونى که‌وانى شیعه له‌لایه‌ن نه‌یارانى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانه‌وه ناوده‌هێنرێت. ئه‌و وڵاتانه‌ى بهکهوانى شیعه ناوده‌هێنرێن زیاترین ناسه‌قامگیریى سیاسى و ئابوریى تێدا به‌دیده‌کرێت و ئه‌مه‌ش به‌دیهاتنى خه‌ونه گه‌وره‌که‌ى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ که‌وانى یان هیلالى شیعه ئاڵۆز ده‌کات و به‌ره‌و نه‌مانى ده‌بات. عێراق شوێنى هه‌ناسه‌دانی کۆمارى ئیسلامى ئێران په‌یوه‌ندییه دێرین و میژووییهکانى عێراق و ئێران به‌تایبه‌ت له رووى ئایینى و شیعه‌گه‌رییه‌وه بووه‌ته دهروازەیەک بۆ بازرگانى و دواى رووخانى به‌عس کۆمارى ئیسلامى هیواى گه‌وره‌ى لهسهرههڵچنى، که ئه‌و هیوایه‌ى به‌هۆى رێگرییه‌کانى ئه‌مه‌ریکاو نه‌یارانى کۆمارى ئیسلامى له‌عێراق نه‌هاتووه‌ته دی. رووخانى رژێمى به‌عس له‌عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه له‌ساڵى (2003) بووه هۆى «گۆڕانکارییه‌کى گه‌وره بۆ ده‌ستوه‌ردانى ئێران، کۆمارى ئیسلامى ئه‌و هه‌له‌ى لهبهرژهوهندیى خۆى و شیعه‌کانى عێراق قۆسته‌وه‌و هاوکاریى گروپه شیعه‌کانى ده‌کرد بۆ پێکهێنانى حکومه‌تێکى نوێى شیعى دواى سه‌دام و ئه‌مه‌ش بووه‌هۆى زاڵبوونى هه‌یمه‌نه‌ى سیاسى ئه‌و زۆرینه شیعه‌یه‌ى که له‌ڕابردودا رۆڵیان له‌ده‌سه‌ڵاتى سیاسى به‌غدا پێنهدهدراو بگره سه‌رکوت ده‌کران و ئه‌مه‌ش کۆمارى ئیسلامى ئێرانی لهخهونهکهى زیاتر نزیک کردووه‌ته‌وە. ئه‌مه‌ریکا له‌عێراق راپۆرتێکى هەزارو (300) لاپه‌ڕه‌یى له‌باره‌ى ئۆپراسیۆنى وڵاته‌که‌ى له‌نێوان ساڵانى (2003 تا 2018) بڵاوکرده‌وه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه که‌دواى ئه‌و چه‌ند ساڵه‌و گۆڕانکارییه‌کان له‌عێراق، واده‌رده‌که‌وێت که‌ئێران براوه‌ى یه‌که‌مه لهوڵاتهکهدا، چونکه گروپه شیعه‌کان ده‌سه‌ڵاتى سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانیان به‌ده‌سته‌وه گرتووه. هه‌یمه‌نه‌ى ئێران له‌عێراق نه‌یارو دژبه‌رى هه‌یه‌و کوشتنى قاسم سوله‌یمانى و که‌مکردنه‌وه‌ى ئاستى هاورده‌ى کاڵاى ئێرانى و که‌مکردنه‌وه‌ی کڕینى غاز‌و کاره‌با به‌شێکه له‌و ئاسته‌نگانه‌ى نایارانى کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌عێراق به‌تایبه‌ت که‌ئه‌مه‌ریکا پشتیوانیى لهسنوردارکردنى ده‌ستوه‌ردانه‌کانى کۆمارى ئیسلامى له‌عێراق ده‌کات، به‌ڵام بههاتنهسهرکارى جۆو بایدن وه‌ک سه‌رۆکى نوێى ئه‌مه‌ریکا پێده‌چێت بوارى هه‌ناسه‌دان بۆ ئێران بکرێته‌وه‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا گه‌شتى ئه‌م دواییه‌ى فوئاد حسێن، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌گه‌ڵ شاندێکى یاوه‌رى بۆ تاران وه‌ک ئاماژه‌یه‌کى ئه‌و بواره له‌قه‌ڵه‌مده‌درێت. ئێران پێشتر هیواى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ئابوریى و بازرگانى له‌گه‌ڵ عێراق هه‌ڵچنیبوو خوازیارى ئه‌وه بوو ساڵانه ئاستى بازرگانیى نێوانیان بگاته (20) ملیار، به‌ڵام به‌پێى ئاماره‌کان؛ ئاستى بازرگانییه‌کانى ساڵانه‌ى نێوان ئه‌و دوو وڵاته ناگاته حه‌وت ملیار دۆلار، له‌لایه‌کى دیکه‌وه به‌وته‌ى به‌رپرسانى کۆمارى ئیسلامى ئێران زیاتر له (36) ملیار دۆلار لهپارهکانى وڵاته‌که‌ى له‌عێراق به‌هۆى سزاکانى ئه‌مه‌ریکاوه بلۆک کراوه‌و ناگه‌ڕێنرێنه‌وه بۆ ئێران ئه‌مه‌ش وایکردوه چاوه‌ڕوانییه‌کانى ئێران له‌عێراقیش نهیهنهدى و ته‌نها بوارى هه‌ناسه‌دانێکى ئاسایى پێبدرێت. کۆمارێک لهبێکاریی سندوقى دراوى نێوده‌وڵه‌تى (International Monetary Fund) له‌نوێترین راپۆرتى ساڵانه‌ى خۆیدا ئاشکراى کردووه ئاستى بێکاریى له‌جیهاندا به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو زیادى کردووه‌و پێناچێت به‌تێپه‌ڕاندنى دۆخى کۆرۆنا ئاستى بێکاریى وه‌ک رابردوو که‌م ببێته‌وه‌و پێشبینیى کردووه ئاستى بێکاریى له‌ئێران بگاته (16.3%) له‌کاتێکدا به‌پێى ژماره‌ى بێکاره‌کان پێده‌چێت ئاست و رێژه‌ى بێکاریى له‌و وڵاته زیاتر بێت له‌و رێژه‌یه‌و له‌لایه‌کى دیکه‌وه ناوه‌ندى ئامارى سه‌ر به‌حکومه‌تى ئێران بڵاویکردووه‌ته‌وه که رێژه‌ى بێکاریى له‌وڵاته‌که‌ى له‌ساڵى (2020)دا گه‌یشتووه‌ته (9.5%)، بۆیه به‌چاوخشاندنێک به‌ڕیزبه‌ندى ئێران له رووى بێکارییه‌وه، ده‌رده‌که‌وێت ئه‌و ژماره‌یه دووره له‌ڕاستییه‌وه‌و ئاستى بێکاریى زۆر لهژمارهکهى ناوه‌ندى ئامارى ئێران زیاتره. (ئاژانسى ته‌سنیم) سه‌ر بهمحافزکارانى کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامارێکى سه‌رنجڕاکێشى سه‌باره‌ت بهبێکاریى له‌وڵاته‌که‌ى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌و به‌پێى ئاماره‌که له‌کۆى (83) ملیۆن و (158) هه‌زار که‌سى دانیشتووى ئێران، (61) ملیۆن و (666) هه‌زار که‌س ده‌چنه خانه‌ى بێ‌کاری له‌و وڵاته‌دا که (23) ملیۆن (492) هه‌زار که‌سیان ته‌مه‌نیان له (15) ساڵدایه، به‌ڵام له‌و (61) ملیۆن که‌سه، ته‌نها (24) ملیۆن و (167) هه‌زار که‌سیان کاریان هه‌یه یان چالاکن. له‌و (61) ملیۆن که‌سه‌ى ده‌ستى کار، پێنج ملیۆن و (989) که‌س خاوه‌نى بڕوانامه‌ى خوێندنى باڵان، که یه‌ک ملیۆن و (204) هه‌زار که‌سیان بێکارن. ته‌سنیم روونیکردووەتهوه له‌کۆى ئه‌و (24) ملیۆن و (167) هه‌زار که‌سه‌ى که‌کار ده‌که‌ن (18) ملیۆن و (282) که‌سیان خاوه‌نى هیچ جۆره بڕوانامه‌یه‌کى خوێندنى باڵا نین. کۆمارێک له‌هه‌ڵاوسان جه‌واد حسێن زاده، به‌ڕێوەبه‌رى ناوه‌ندى ئامارى ئێران رایگه‌یاندووه (475) که‌ڵاو پێدوایستى خه‌ڵک له‌ناو لیستى هه‌ڵاوساندایه که‌ئاستى ههڵاوسانهکانیان (26%) بۆ (55%)ە، به‌ڵام هه‌میشه جیاوازیى هه‌یه له‌ئاستى هه‌ڵاوسان به‌ژماره‌و ئه‌وه‌ى که‌خه‌ڵک هه‌ستى پێده‌کات، چونکه ژماره‌ى هه‌ڵاوسانه‌کان به‌پێى خاڵ و مانگ و ساڵ گۆڕانکاریى به‌سه‌ردا دێت و لهکاڵایهکهوه بۆ کاڵایه‌کى دیکه جیاوازه، بۆیه جارى وا هه‌یه ته‌نها کاڵایه‌ک گران ده‌بێت، به‌ڵام خه‌ڵک هه‌ست بهههڵاوسان و گرانییه‌کى زۆر ده‌کات، ئه‌مه‌ش به‌پێى تواناى ماددى و دارایى که‌سه‌کان جیاوازه‌و ته‌نها رێگاچاره‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڵاوسانه چالاککردنى (70%)ی هێزى کارى ناو وڵاته‌که‌یه. کۆمارێک له‌سزا به‌پێى وته‌ى به‌رپرسانى کۆمارى ئیسلامى ئێران دواى جه‌نگى هه‌شت ساڵه‌ى نێوان عێراق و ئێران، سزاکانى ئه‌مه‌ریکا زیاترین زیانى لهئابوریى وڵاته‌که‌یان داوه‌و ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر ده‌ستى دۆناڵد تره‌مپ-ى سه‌رۆکى پێشوو جه‌نگى ئابوریى له‌دژى ئێران به‌ڕێوه‌بردووه‌و له سێ ساڵدا هه‌ر (48) سەعاتێک سزایه‌کى به‌سه‌ر ئێران‌دا سه‌پاندووه‌و شاره‌زایانى ئابوریش پێیانوایه ئێران پێویستى به (15) ساڵ کاته تادۆخى ئاسایى ببێته‌وه‌و زیان و قه‌یرانه ئابورییه‌کانى ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ى قه‌ره‌بوو بکاته‌وه‌و ئه‌م دۆخه وا له‌کۆمارى ئیسلامى ده‌کات له‌جیاتى هه‌وڵه‌کانى بۆ ده‌ستوه‌ردان و سه‌پاندنى هه‌یمه‌نه‌ى خۆی، سه‌رقاڵ و گیرۆده‌ى چاره‌سه‌رى دۆخى سیاسى و ئابوریى ناوخۆیى خۆى و وڵاتى ئێران بێت.
شاناز حه‌سه‌ن ئه‌وانه‌ى له‌ڤایرۆسى کۆرۆنا چاکبوونه‌ته‌وه کاریگه‌ریى نه‌رێنییان له‌سه‌ر ده‌رکه‌وتووه‌و به‌شێکیان به‌و هۆییه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و تووشى نه‌خۆشییه‌کانى (ئازارى ماسولکه‌کان، گورچیله، کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌دان، مێشک و ده‌مار، نه‌مانى هه‌ستى بۆن‌کردن و تامکردن)یان بۆ دروست ده‌بێت. دوێنێ یه‌کشه‌ممه سامان به‌رزنجى وه‌زیرى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم هۆشدارییه‌کى نوێیدا بۆ هاووڵاتیان تا پابه‌ندى رێنماییه‌کان بن به‌وپێیه‌ى کۆرۆنا بوونى ماوه‌و رایگه‌یاند:»له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا کۆرۆنا ماوه‌و له‌هه‌ندێ شوێن دووباره زیادى کردووه‌ته‌وه، راست نییه بوترێت کۆرۆنا له‌هه‌رێمدا نه‌ماوه‌و پێویسته هاووڵاتیان پابه‌ندى رێنماییه‌کان بن». له‌هه‌رێمى کوردستاندا زیاتر له (106)هه‌زار و (870) که‌س توشى کۆرۆنا بوون و (102) هه‌زار و (234) که‌س چاکبوونه‌ته‌وه و سێ هەزارو (496) که‌س به‌هۆى ڤایرۆسه‌که‌وه گیانیان لههدستداوه. هاوڵاتى چیرۆکى چه‌ند خێزانێکى وه‌رگرتووه‌و که‌سوکاریان ئاماژه به‌کاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌کانى دواى چاکبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا ده‌که‌ن و به‌شێک له‌وانه به‌و هۆیه‌وه دواى ماوه‌یه‌ک گیانیان له‌ده‌ستداوه. خه‌ڵات ستار، ته‌مه‌ن (27) ساڵ بۆ هاوڵاتى، ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد مانگێک پێش ئێستا دایکى تووشى کۆرۆنا بووه‌و دواى دوو هه‌فته زۆر به‌سه‌ختى ڤایرۆسه‌که‌ى تێپه‌ڕاندو ته‌واو چاکبووەتهوهو پێشتر هیچ نه‌خۆشییه‌کى دیکه‌ى نه‌بووه. ئه‌م کچه به‌گریانه‌وه بۆ هاوڵاتى دواو وتیشى:» دایکم دواى چاکبوونه‌وه‌ى له‌کۆرۆنا تووشى خه‌ستیى خوێن بوو بوو، کاریگه‌ریى زۆرى کردبووه سه‌ر سییه‌کانى و دواى مانگێک گیانى له‌ده‌ستدا». دایکى خه‌ڵات (59) ساڵه‌و کێشى جه‌سته‌ى زیاد بوو، مانگێگ دواى چاکبوونه‌وه‌ى له‌کۆرۆنا تووشى خوێن خهستبونهوهى کردووه‌و تووشى جه‌ڵده‌ى مێشکى کردووه وه‌ک خه‌ڵاتى کچى ده‌ڵێت. تووشبویه‌کى دیکه‌ى کۆرۆنا باس له‌بارودۆخى دواى چاکبوونه‌وه‌ى له‌کۆرۆنا ده‌کات و ده‌ڵێت» ئازارى ماسولکه‌و گورچیله‌م بۆ دروستبووه«. نه‌ریمان خه‌سره‌و، (41) ساڵ، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت: »ماوه‌ى شه‌ش مانگ پێش ئێستا تووشى کۆرۆنا بووم و دواى دوو هه‌فته لهچاکبوونهوهم له‌ئێستادا تووشى ئازارى گورچیله‌و ماسولکه‌کان بووم، کۆرۆناکه به‌قه‌د ئه‌م ئازارانه ئازارى نه‌داوم، له‌دواى چاکبوونه‌وه‌م رۆژێک بهلەشى ساغ نه‌ژیاوم». ئه‌م پیاوه ماوه‌ى شه‌ش مانگه چاکبووەتهوهو هه‌شت جار چۆته سه‌ردانى پزیشک و وتیشى »تائێستا بارودۆخى ته‌ندروستیم زۆر خراپه‌و وه‌زعم باش نیه، به‌رده‌وام نه‌خۆشم و هه‌موو گیانم ئازارى هه‌یه«. نه‌ریمان ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه پێشتر هیچ نه‌خۆشییه‌کى نه‌بووه، ماوه‌ى چوار ساڵه سه‌ردانى پزیشکى نه‌کردووه، پێش ئه‌وه‌ى تووشى کۆرۆنا ببێت. هه‌ندێک له‌و که‌سانه‌ى تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا ده‌بن، دواى چاکبوونه‌وه‌یان لهڤایرۆسهکه، نیشانه‌ى نه‌خۆشى دیکه‌یان تێدا ده‌رده‌که‌وێت، وه‌ک خۆیان باسى ده‌که‌ن نه‌خۆشییه‌کانى (ئازارى ماسولکه‌کان، گورچیله، کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌دان، مێشک و ده‌مار، نه‌مانى هه‌ستى بۆن‌کردن و تامکردن). نه‌رمین خدر، ژنێکى ته‌مه‌ن (38) ساڵه‌و ماوه‌ى نۆ مانگ پێش ئێستا کۆرۆناى گرتووه‌و چاکبۆته‌وه بۆ هاوڵاتى باسى له‌وه‌کرد له‌و کاته‌وه‌ى چاکبووه‌ته‌وه تائێستا به‌ئاواته‌وه‌یه رۆژێک له‌شى ساغ بێت، وتیشى:» به‌رده‌وام سه‌رئێشه‌یه‌کى توند‌و ئازارێکى زۆرم لهماسولکهکان هه‌یه و به‌رده‌وام ده‌رمان به‌کارده‌هێنم تا به‌رگه‌ى ئازارى گیانم بگرم و پزیشکه‌کان ده‌ڵێن به‌هۆى تووشبونتهوهیه به‌کۆرۆنا». به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى عه‌لى ناجى ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه ئه‌وانه‌ى له‌ڤایرۆسى کۆرۆنا چاکده‌بنه‌وه دواى ئه‌وه کاریگه‌ریى بهجیدههێڵن له‌سه‌ر که‌سه‌که، به‌رگرى له‌شى تووشبوه‌که کاریگه‌رییه‌کان ده‌گۆڕێت. سه‌رخێڵ ئاراس، پزیشکى نه‌خۆشى گشتیى و به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى عه‌لى ناجى بۆ تووشبوانى کۆرۆنا له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت »کاتێک نه‌خۆشییه ڤایرۆسییه‌کان تووشى جه‌سته‌ى مرۆڤ ده‌بن دواى خۆیان کاریگه‌ریى به‌جێده‌هێڵن له‌سه‌ر که‌سه‌که‌و به‌پێى توانا‌و به‌رگرى له‌شى تووشبوهکهش کاریگه‌رییه‌کان ده‌گۆڕێن». ناوبراو وتیشى:» تووشبوانى کۆرۆناو زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى تووشى نه‌خۆشییه ڤایرۆسیه‌کان ده‌بن دواى چاکبوونه‌وه‌یان کاریگه‌ریى نه‌خۆشیى دیکه‌یان له‌سه‌ر ده‌رده‌که‌وێت، وه‌ک نه‌خۆشى گورچیله‌و کۆئه‌ندامى هه‌ناسه‌و هه‌ستى بۆن‌کردن و تامکردن و نه‌خۆشییه‌کانى مێشک و ده‌مار». ئه‌م پزیشکه پسپۆڕه پێشیوابوو نه‌خۆشى کۆرۆنا زیاتر کاریگه‌ریى له‌سه‌ر سییه‌کان جێده‌هێڵێت و زیانى پێده‌گه‌یه‌نێت. له‌دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا وه‌ک ڤایرۆسێکى نوێ، چه‌ندین تاقیکردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر کراو زانیارى نوێ له‌باره‌ى ڤایرۆسه‌که‌وه دۆزرایه‌وه، له‌تازه‌ترین تاقیکردنه‌وه‌کان ده‌رکه‌وتووه کۆرۆنا له‌دواى خۆى کاریگه‌ریى زۆر نه‌خۆشى دیکه له‌له‌شى مرۆڤدا جێده‌هێڵێت به‌تایبه‌تیش ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ى په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆیان بهکۆئهندامى هه‌ناسه‌و سییه‌کانه‌وه هه‌یه. محه‌مه‌د قادر، پسپۆڕى نه‌خۆشییه ده‌رونییه‌کان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت »ئه‌وانه‌ى تووشى کۆرۆنا ده‌بن، ده‌رکه‌وته‌ى کورتخایه‌ن و درێژخایه‌نى هه‌یه، له‌سه‌ر لایه‌نى جه‌سته‌یى و ده‌روونى تووشبوه‌که«. «لایه‌نى ده‌روونى به‌پێى داتا‌کان له‌سه‌دا 20ى ئه‌وانه‌ى تووشى کۆرۆنا ده‌بن دواى چاکبوونه‌وه‌یان ده‌رکه‌وته‌ى ده‌رونییان ده‌بێت و تووشى چه‌ندین شڵه‌ژانى ده‌روونى ده‌بن کهحاڵهتى خه‌مۆکى و دڵه‌ڕاوکێ و بیرهێنانەوەى ژیانى پێشوو له‌که‌سه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت»، محه‌مه‌د قادر وا ده‌ڵێت. له‌باره‌ى چاره‌سه‌رییه‌کانه‌وه وتیشى »له‌زۆر باردا ئه‌مانه ته‌نیا به‌پاڵپشتى ده‌روونى و چاودێرى کۆمه‌ڵایه‌تى چاره‌سه‌رده‌بن، به‌ڵام هه‌ندێکیان پێویستیان به‌سه‌ردانى پزیشک هه‌یه‌و هه‌ندێکیشیان پێویستیان به‌به‌کارهێنانى ده‌رمانه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن کاریگه‌ریى کۆرۆنا له‌سه‌ریان نه‌مێنێت». دکتۆر محه‌مه‌د قادر، باسى لهبهرکهوته جه‌سته‌ییه‌کان کرد‌و وتى»زۆربه‌ى ڤایرۆسه‌کان دواى چاکبوونه‌وه‌یان ده‌رکه‌وته‌ى جه‌سته‌ییان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌کۆرۆنا ریپۆرت ده‌کرێت به‌به‌راورد بهڤایرۆسهکانى تر درێژخایه‌نه‌و ده‌مێنێته‌وه له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌مه تۆمارکراوه و سه‌ڵمێندراوه
عه‌مار عه‌زیز . دهۆک له‌چه‌ند رۆژى رابردوو هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى سه‌دان چه‌کداریان بردووه‌ته شەنگال وه‌ک ئاماده‌کارى بۆ هه‌ر هێرشێکى تورکیا‌و فهرماندهکهشیان ده‌ڵێت:» ئه‌و هێزانه‌ى له‌چه‌ند رۆژى رابردوو بردوومانه‌ته شەنگال ده‌مێننه‌وه تامهترسییهکه نامێنێت». خال عه‌لى فه‌رمانده‌ى حه‌شدى شه‌عبى لهشەنگال له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت»هه‌فته‌ى رابردوو ده‌زگاى گشتى حه‌شدى شه‌عبى بڕیاریدا ژماره‌یه‌ک لیوا ره‌وانه‌ى شەنگال بکات، ئه‌وه‌ش دواى هه‌ڕه‌شه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر شەنگال و ده‌ستپێکردنى ئۆپهراسیونى تورکیا بۆ سه‌ر چیاى گاره له‌سنورى پارێزگاى دهۆک». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد هه‌ریه‌ک لهلیواکانى (21،33،14،51)ى حه‌شدى شه‌عبى ئێستا لهشەنگالن، هه‌ر لیوایه‌ک له‌سێ هه‌زار چه‌کدار پێکهاتووه، وه‌ک فه‌رمانده‌که‌یان ده‌ڵێت:»به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئاماده‌ین بۆ شه‌ڕ له‌دژى تورکیا بۆ پاراستنى شەنگال، ئێمه ئاماده‌کارى باشمان کردووه‌و به‌شه‌وو رۆژ چاودێرى دۆخى ناوچه‌که ده‌که‌ین، هه‌رکاتێک هێرش کرا به‌بێ دوودڵی ئێمه‌ش شه‌ڕ له‌دژى تورکیا ده‌که‌ین». خال عه‌لى وتیشی»کۆى گشتیى ژماره‌ى سه‌ربازانى حه‌شدى شه‌عبى ئێستا لهشەنگال نزیکه‌ی (15) هه‌زاره، ئه‌م هێزه له شەنگال ده‌مێنێته‌وه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک خاکى شەنگال چوڵناکهن تا به‌ته‌واوى دڵنیابن که‌هیچ مه‌ترسییه‌ک نه‌ماوه، ئینجا ده‌چنه‌وه شوێنه‌کانى خۆیان، به‌ڵام هه‌رکاتێک دووباره مه‌ترسى دروستببێت جارێکى تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه«. «هه‌ندێک زانیارى به‌ئێمه گه‌یشتووە کهپێشمهرگه نیازى هه‌یه له‌دواى هێرشى تورکیا بۆ سه‌ر شەنگال دووباره بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئێمه رازى نین و رێگاناده‌ین پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه،تائێستا به‌ته‌واوى نازانین که‌ئایا تورکیا هێرش ده‌کاته‌سه‌ر شەنگال یان نا، به‌ڵام زانیاریمان وه‌رگرتووه که‌تورکیا به‌نیازه هێرشێکى گه‌وره بکاته سه‌ر شەنگال»، خال عه‌لى وا ده‌ڵێت. فه‌رمانده‌که‌ى حه‌شدى شه‌عبى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که‌هێزه‌کانى دیکه لهشەنگال له‌ئاماده‌باشیدان وه‌کو سوپاى عێراق و هێزه‌کانى پاراستنى به‌رخودانى شەنگال (یه‌به‌شه) «ئیراده‌ى خه‌ڵکى شەنگال و ئه‌و هێزانه‌ى لهشەنگالن له‌هه‌موو شتێک به‌هێزتره‌و له‌هیچ هه‌ڕه‌شه‌و فشار ناترسین، به‌پێچه‌وانه زیاتر به‌هێز ده‌بین».
هاوڵاتى به‌پێى ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ئاراسته‌یان کراوه‌و ئاسایش دانپێدانانیانى له‌سه‌ر تۆمه‌ته‌کان خستۆته‌ڕوو، چالاکوانه ده‌ستگیرکراوه‌کانى بادینان سزاى قورس چاوه‌ڕێیان ده‌کات، په‌رله‌مانى کوردستانیش جگه له‌داواى روونکردنه‌وه ناتوانێت کاریگه‌ریى هه‌بێت له‌سه‌ر چاره‌نووسیان. دوێنێ یه‌کشه‌ممه ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى به‌فه‌رمى داواى ئازادکردنى ده‌ستگیرکراوانى بادینانى کرد که به‌هۆى خۆپیشاندانه‌کانه‌وه له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌کانه‌وه ده‌ستگیرکراون. کۆتایى مانگى ته‌مموزى ساڵى رابردوو له‌به‌رامبه‌ر دواکه‌وتنى موچه‌دا (23) رۆژنامه‌نووس و مامۆستا‌و چالاکوانى مه‌ده‌نى خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا، دواتر له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه ده‌ستگیرکران. له‌ماوه‌ى رابردوودا چه‌ندین فشار له‌ده‌ره‌وه‌و ناوخۆدا کراوه بۆ ئازادکردنیان، به‌ڵام تائێستا هیچ نیازێک بۆ ئازادکردنیان نییه، به‌پێى ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ئاراسته‌یان کراوه چه‌ندین ساڵ حکوم ده‌درێن. به‌دریه ئیسماعیل، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى و داکۆکیکردن له‌مافى مرۆڤ له‌په‌رله‌مانى کوردستان به‌هاوڵاتى وت: «به‌وته‌ى که‌سوکاریان و پارێزه‌ره‌کانیان له‌ژێر فشاردا دانپێدانانیان پێکراوه، که‌یسه‌کانیان ده‌گۆڕن و به‌زۆر دانپێدانانى جیاوازیان پێده‌که‌ن». بڕیارده‌رى لیژنه‌ى کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى و داکۆکیکردن له‌مافى مرۆڤ له‌په‌رله‌مانى کوردستان وتیشی: «ئه‌وانه‌ى ده‌ستگیرکراون به‌تۆمه‌تى سیخوڕ‌ى و تیرۆر‌و تیکدانى ئاسایش و ئارامى هه‌رێم که‌یسیان بۆ دروستکراوه، به‌پێى یاساى تیرۆر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت». سه‌باره‌ت به‌هه‌وڵه‌کانیان بۆ له نزیکه‌وه بینینى ده‌ستگیرکراوه‌کان وتی: «تائێستا رێگه‌مان پێنه‌دراوه ده‌ستگیرکراوه‌کان ببینین، گیراوه‌کانى ئاسایش تادواى حوکمدانیان به‌ئه‌سته‌م ده‌بینرێن». چاره‌نووسى ده‌ستگیرکراوه‌کان رۆژى 10ى ئه‌م مانگه دواى کۆتاییهاتنى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌نووسیدا سه‌باره‌ت بهدهستگیرکراوانى بادینان مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت رایگه‌یاند: «ئه‌وانه‌ى گیراون هه‌ندێکیان رۆژنامه‌نووس و چالاکوان نین و سیخوڕن، به‌شێکیشیان ویستویانه ته‌قینه‌وه بکه‌ن». ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌په‌رله‌مانى کوردستان به‌هاوڵاتى وت: «قسه‌کانى سه‌رۆکى حکومه‌ت له‌سه‌ر چالاکوانه‌کان پێش بڕیارى دادگایه، ئه‌مه ده‌لاله‌ته له‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌یه‌کترى جیانه‌کراونه‌ته‌وه، ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن هه‌ژموونى هه‌یه به‌سه‌ر هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کانى تردا». هه‌روه‌ها پێشیوابوو ئه‌مه به‌شێکى بۆ «چاوترساندنى خه‌ڵک»و یه‌کێک له‌گومانه‌کان له‌و دۆسیه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه که رووبه‌ڕووى سزاى قورس ده‌بنه‌وه. هه‌ڵه‌دنى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى دراوه‌ته پاڵ چالاکوانانى ده‌ستگیرکراو سیاسییه‌و پێشوه‌خته‌یه، ئه‌گه‌ر دادگا له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه بڕیاربدات سزاى قورس ده‌درێن که بەلایهنى که‌م (15) ساڵ زیندانى سزا ده‌درێت، وتیشى:» په‌رله‌مان له‌م دۆسیه‌یه‌دا ناتوانێت ده‌ستتێوه‌ردان بکات و ته‌نها ده‌توانێت داواى روونکردنه‌وه بکات، چونکه په‌رله‌مان کاریگه‌ریى نابێت له‌سه‌ر بڕیارى دادگا». دوێنێ یه‌کشه‌ممه ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجامداو یه‌کێک له‌داواکارییه‌کانیان ئه‌وه‌بوو که «سه‌رکۆنه‌ى هه‌موو جۆره گرتن و زیندانى کردنێکى له‌سه‌ر بیروڕاى ئازاد‌و چالاکى سیاسى و مه‌ده‌نى ده‌که‌ین به‌تایبه‌ت له‌ده‌ڤه‌رى بادینان، بۆیه داواى ئازادکردنى به‌په‌له‌ى سه‌رجه‌م گیراوان ده‌که‌ین له رۆژنامه‌نووسان، چالاکوانى مه‌ده‌نی، کادرانى یه‌کێتى و حزبه‌کانى تر». پارێزگاى دهۆک دوێنێ یه‌کشه‌ممه، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا له‌باره‌ى ده‌ستگیرکراوانى سنوورى پارێزگاکه له‌سه‌ر بیروڕاى سیاسى و ئازادیى راده‌ربڕین، وه‌ڵامى یه‌کێتى دایهوەو ده‌ڵێت: »ئازادیى راده‌ربڕین جیاوازه لهجاسوسىو قاچاخچێتىو فرۆشتنى چهکو ته‌قه‌مه‌نى به‌گروپه چه‌کداره‌کان». هه‌رچه‌نده له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌یدا پارێزگاى دهۆک ناوى ئه‌و لایه‌نه سیاسییه‌ى نه‌هێناوه که‌وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه، به‌ڵام میله‌ت عیسمه‌ت، سکرتێرى رۆژنامه‌وانیى پارێزگاى دهۆک، وتوویه‌تی: راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یان وه‌ڵامه بۆ یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان. له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى پارێزگاى دهۆکدا هاتووه «ماوه‌یه‌که لایه‌نێکى سیاسى باسى ده‌ستگیرکردنى خه‌ڵک ده‌کات به‌تاوانى بیروباوه‌ڕى سیاسى‌و ئازادیى راده‌ربڕین له‌ده‌ڤه‌رى پارێزگاى دهۆک، ئازادیى سیاسى‌و راده‌ربڕین جیاوازه لهجاسوسىو قاچاخچێتىو فرۆشتنى چهکو ته‌قه‌مه‌نى به‌گروپه چه‌کداره‌کان». به‌قسه‌ى راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى پارێزگاى دهۆک «هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ى له‌پارێزگاى دهۆک ده‌ستگیرکراون به‌بڕیارى دادگا بووه‌و هه‌ر دادگاش بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسیان ده‌دات».
ئارا ئیبراهیم به‌پێى بهوداداچوونهکانى هاوڵاتى، ئه‌مریکا بۆ رێککه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غدا نێوه‌ندگیرى ده‌کات و نزیکن له رێککه‌وتن له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وت و جێگیرکردنى پشکى هه‌رێم له‌پرۆژه بودجه‌دا. پڕۆژه‌ى بودجه‌ى عێراق له‌ئێستادا (26) ترلیۆن دینار کورتهێنانى هه‌یه‌و به‌رمیلێک نه‌وتى خاو به (45) دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێک دیارى کراوه، پشکى هه‌رێمیش له‌و بودجه‌یه تائێستا یه‌کلانه‌کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام پێشبینى ده‌کرێت له‌م هه‌فته‌یه‌دا یه‌کلایى بکرێته‌وه. سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له‌گفتوگۆکانى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق به‌هاوڵاتى وت: »ئه‌مریکا رۆڵى نێوه‌ندگیر ده‌بینێت و فشار ناکات، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێم و به‌غدا رێکبکه‌ون». هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد کهشیعهکان کۆده‌نگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێم راده‌ستى سۆمۆ بکرێت و به‌شى پێداویستى ناوخۆیى و شایسته داراییه‌کانى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کانى هه‌رێم بدرێته‌وه به‌حکومه‌تى هه‌رێم هه‌ر به‌نه‌وت، وتیشى:»هه‌رێم به‌و مه‌رجانه رازییه، به‌ڵام نایه‌وێت به‌غدا بزانێت رۆژانه چه‌ند هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنرێت و هه‌نارده‌ى ده‌کات». هاوکات، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که لایه‌نه شیعه‌کانیش هادى عامری-یان سه‌رپشک کردووه له‌وه‌ى قسه‌ى کۆتایى بکات و راى شیعه‌کان به‌وه‌فدى هه‌رێم بڵێت». لاى خۆیه‌وه، سه‌میر هه‌ورامی، وته‌بێژى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به وت »وهفدى هه‌رێمى کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تى قوباد تاڵه‌بانى لهبهغدایه به‌مه‌به‌ستى درێژه‌دان به‌گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان و کوتله‌و لایه‌نه سیاسییه‌کانى عێراق». هه‌روه‌ها وتیشى «گفتوگۆکان ده‌رباره‌ى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021ى عێراق و په‌سه‌ندکردنى ئه‌و بڕگانه‌یه که‌په‌یوه‌ستن بهههرێمى کوردستان، به‌رده‌وامه«. «لهسهردانهکانى پێشووى وهفدى حکومه‌تى هه‌رێم و کۆبوونه‌وه‌کان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدراڵ و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان، راشکاوانه هه‌موو داتا‌و زانیارییه‌کان له‌باره‌ى داهاته نه‌وتى و نانه‌وتیه‌کان و هه‌روه‌ها خه‌رجییه‌کان خراونه‌ته‌ڕوو، وهفدى هه‌رێم هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کى ده‌ربڕیوه بۆ رێککه‌وتن له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورو یاسا به‌رکاره‌کان» سه‌میر هه‌ورامى واى وت. سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند له‌دوو رۆژى داهاتوودا پشکى هه‌رێم له‌ڕێگه‌ى گفتوگۆکانه‌وه یه‌کلاده‌کرێته‌وه. هه‌یسه‌م جبورى سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند: «لیژنه‌ى دارایى ئه‌و دۆسیه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى هونه‌رى و پیشه‌یى چاره‌سه‌رکردووه دوور له‌هه‌ر ده‌ستتێوه‌ردان و لایه‌ندارییه‌کى سیاسی، که به‌هه‌ماهه‌نگى نێوان چاودێرى دارایى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق سه‌رجه‌م زانیارى و داتا‌کان خراونه‌ته‌ڕوو، وه‌زیرى نه‌وت چه‌ندینجار به‌شداریکردووه‌و چه‌ند بژارده‌یه‌ک دانراون، که‌تێیدا مافه‌کانى سه‌رجه‌م گه‌لى عێراق پارێزراوه‌و هه‌ردوولا له‌سه‌رى ره‌زامه‌ندن». سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که له‌دوو رۆژى داهاتوودا گفتوگۆکانى نێوان هه‌رێم و عێراق به‌ته‌واوى یهکلادهکرێنهوهو کۆتایى ئه‌م هه‌فته‌یه ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساکه ده‌درێت