بەهای تمەن بەردەوامە لە دابەزین و هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران بۆ زیاتر لە 40 هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە و پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی هەر دۆلارێک بگاتە 50 هەزار تەمەن. نرخی هەر دۆلارێک رۆژی شەممە لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 40 هەزار و 300 تمەن و پێشبینی دەکرێت دابەزینی تمەن لەبەرامبەر دۆلاردا بەردەوام بێتو هاوکات لەگەڵ دۆلار نرخی  یەک یۆرۆ گەیشتە 42 هەزار و935 تمەن. پێگەی (ئێقتیساد 24) لە ئێران کە تایبەتە بە شیکردنەوەی ئابوری لە زاری شارەزایانی ئابوریی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ نرخی هەر دۆلارێک لە کۆتایی ئەمساڵدا دەگاتە 50 هەزار تمەن. دوای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رۆژانە بەهای تمەن لە بەرامبەر زۆربەی دراوەکانی جیهاندا بەردەوام بوە لە دابەزین و بە پێی نوێترین راپۆرتی ئابوریش دراوی تمەن تا ئێستا زیاتر لە 95٪ی بەهاکەی لە بەرامبەر دراوی دۆلاردا لەدەستداوە. لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنی هاوبەشی بازرگانیی ئێران و کەنەدا ئاشکرای دەکات لە ساڵێکدا 70 ملیار دۆلار سەرمایەی وڵاتەکە رەوانەی وڵاتانی جیهان کراوە و بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار جارێکی دیکە سودی بانکیی بەرز بوەتەوە. ئەنجومەنەکە ئاشکرای کردوە کە لە ماوەی ساڵێکدا سەرمایەدارانی ئێران لانیکمە 70 ملیار دۆلار لە سەرمایەکانیان بۆ وڵاتانی دیکە گواستوەتەوە. سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردوەتەوە سودی بانکیی وڵاتەکە بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر تمەن لە 20٪  بۆ 21٪ بەرز بوەتەوە و پێشبینی دەکرێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکان و سزا نێودەوڵەتییەکانەوە ئابوریی ئێران روبەڕوی قەیرانی زۆر ببێتەوە.  

هاوڵاتی لە ئیسلام ئابادی پاکستان، لە ئەنجامی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێکەوە بەرپرسێکی پۆلیس کوژرا وچەندین بریناری لێکەوتەوە کە لەنێویاندا ٤ پۆلیس هەیە. دوای تەقینەوەکە، تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند و وتی " ئێمە بەرپرسیارێتی خۆمان لە هێرشە خۆکوژیەکەی دژی دوژمنانی ئیسلام ڕادەگەێنین" بەپێی وتەکانی سوهەیل زەفار، سەرۆکی هێزەکانی پۆلیسی ئیسلام ئاباد، باسی لەوەکرد کە تەقینەوەکە خۆکوژی بووە وژن وپیاوێک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، تەقینەوەکە لە نزیک بارەگایەکی پۆلیس ڕوویداوە  دوای ئەوەی خاڵی پشکنینیان تێپەڕاندووە، بەهۆی ئەوەی پۆلیس شوێنیان کەوتووە خۆیان تەقاندتۆتەوە. وەزیری ناوخۆی پاکستان لەبارەی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە پڕبووە لە تەقەمەنی وئامانجێکی تری هەبووە بۆ کردە تیرۆریستیەکە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکە تەقیەوە، وتیشی ئەگەر بگەشتایەتە ئەو شوێنەی کە پلانیان بۆ دانابوو، ئەوا زیانەکانی زۆرتر دەبوو. لەبارەی هێرشەکەوە، سەرۆک وەیزرانی پاکستان، شەهباز شەریف وتی، بەهۆی ئەوەی لە کە پۆلیس لەکاتی خۆیدا  توانی کردەکە ئاشکرا بکات، توانیان ڕێگری بکەن لە زیانێکی زۆر وخوێنڕێژیەکی گەورە. ئەم هێرشەی تاڵیبان لە پاکستان لەکاتێکدایە کە مانگی ڕابردوو، ئاگربەستی نێوان تاڵیبانی پاکستان وحوکمەتی پاکستان کۆتای پێهات، هەروەها هێرشەکە تەنها دوای دوو ڕۆژ لە ڕووبەڕووونەوەی هێزە ئەمنیەکانی پاکستان وتاڵیبان لە بنکەیەکی پۆلیسدا روویدا، کە تێیدا ٣٥ چەکداری تاڵیبان کوژران.        

هاوڵاتی لە سەروبەندی دواین ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٢ دا، شەپۆلێکی سەما و زریانی بەهێز ئەمریکای گرتۆتەوە، کە کاریگەری لەسەر ٢٠٠ ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی هەبووە، بەجۆرێک هۆزەکانی  ویلایەتی داکۆتای باشور لە  ئەمریکا جلوبەرگ دەسوتێنن بۆ خۆ گەرمکردنەوە بەهۆی کەمی سوتەمەنی. بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و زریانی بەهێزەوە کە لە باکور و باشوری ئەمریکا بۆ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی گرتۆتەوە، تا ئێستا لانی کەم ١٢ کەس گیانی لەدەست داوە. هاوکات هەزاران گەشتی فڕۆکەوانی هەڵوەشاونەتەوە و سەدان هەزا سەرنشین لە فڕۆکەخانەکان ماونەتەوە. لە کەنەدا و لە پارێزگاکانی ئۆنتاریۆ و کیوبیک لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە، زریان و پەستانی سەرما بووەتە هۆی پچڕانی کارەبای سەدان هەزار کەس

هاوڵاتی  وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە تویتێکدا هاوخەمی خۆی بۆ رووداوەکەی دوێنێی فەرەنسا دەربڕی، ئەوەش دوای هێرشکردنە سەر ناوەندێکی رۆشنبیری کوردی لە فەڕەنسا کە تیایدا سێ کورد کوژران. ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌، "هاوخەمی خێزانی قوربانیانی هێرشەکەی دوێنێم کە کرایە سەر سەنتەرێکی کوردی لە پاریس" وتیشی ، "لەم ڕۆژە ناخۆشەدا بیرم لە لای کۆمەڵگەی کوردی و خەڵکی فەڕەنسایە " ئەم تویتەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە رۆژی هەینی، 23-12-2022، پیاوێکی تەمەن ٦٩ساڵ  لە ناوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تەقەی لە ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا و سەرتاشخانەیەک کرد و لە ئەنجامدا سێ هاونیشتمانی کوژران و سێ کەسی دیکەیش برینداربوون.  هاوکات  ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی هێرشەکەی پاریس و کوژرانی سێ کورد، سەرەخۆشی لە کوردانی فەرەنسا کرد و رایگەیاند، "کوردەکانی فەرەنسا لە نێوەندی شاری پاریس بوونە ئامانجی هێرشێکی دڕندانە و دڵمان لای قوربانییان، برینداران و خێزان و کەسوکارەکانیانە."

ئەڵمانیا رایگەیاند بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران ئاسانکاریی بۆ هەناردەکردن و سەرمایەی نێودەوڵەتی لە دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە راگرەتوە.   وەزارەتی ئابوریی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ئەو ئاسانکاریی و دڵنیاییانەی کە دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی بۆ هەناردە و وەگەڕخستنی سەرمایەی نێودەوڵەتیی لە ئێران ئێران کراو،ە سەرجەمیان رادەگیرێن ئەوەش وەک سزایەک دژی  سێدارە و سەرکوت لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە. بە پێی بەیاننامەکە، ئەڵمانیا چیتر ئاسانکاریی ناکات بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی و سەرمایەدارانی جیهان هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەشی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن. وەزارەتی ئابوریی رونی کردوەتەوە لە ساڵی 2016 و دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 وڵاتی، ئەڵمانیا لە روی ئابورییەوە ئاسانکاریی کردوە بۆ هەناردە و وەگەڕخستنی سەرمایەیەی بیانی لە وڵاتە بەڵام بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و سەپاندنی سزای سێدارە لە لایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، سەرجەم ئەو ئاسانکارییانە جارێکی دیکە هەڵدەپەسێردرێن. ئەڵمانیا جەختی کردوەتەوە ئەو سزایانە کەرتی تەندروستی و ئەو بوارانە ناگرێتەوە کە پەیوەندیی بە مافەکانی مرۆڤەوە هەیە. بڕیارەکەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە 43 پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە داوایان کردوە بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا.  

هاوڵاتی فیفا لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن چەند کەسێک بەبێ ئەوەی مۆڵەتییان هەبووبێت توانیویانە لە دوای کۆتا یاری مۆندیالی ٢٠٢٢ بچنە ناو یاریگاوە، یەکێک لەو کەسانەش نوسرەت گۆکچەیە. نوسرەت گۆکچە کە خاوەنی زنجیرەیەک رێستۆرانتە و بە شێوازی پرژاندنی خوێ بەناوبانگە، لە یاری کۆتایی مۆندیالی ٢٠٢٢دا و دوای ئەوەی ئەرجەنتین لە فەڕەنسای بردەوە، چووە ناو یاریگاوە و لەگەڵ یاریزانان و جامەکەدا وێنەی گرت. بەرپرسێکی فیفا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی BBCی بەریتانی، رایگەیاند: "لێکۆڵێنەوەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی کە هەندێک کەس دوای رێوڕەسمی جامی جیهانی، چۆن بەبێ مۆڵەت، چوونەتە ناو یاریگاوە، دەستپێکردووە. بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر". بەگوێرەی یاساکانی فیفا تەنها یاریزانانی هەڵبژاردەی براوە، دەستەیەکی هەڵبژێردراو لە بەرپرسانی فیفا و سەرۆکی وڵاتان، دەتوانن جامی جیهانی بەرز بکەنەوە.

هاوڵاتی لەو کارەسات و رووداوانەی بەهۆی بەفربارینی چڕەوە لە ناوچە جیاجیاکانی ژاپۆن روویان دا، هەشت کەس گیانیان لەدەست دا و ٤٥ی دیکەش برینداربوون. تەلەڤیزیۆنی فەرمی ژاپۆن "NHK" بڵاوی کردووەتەوە کە لە کۆتایی هەفتەوە بەفربارین کاریگەریی نەرێنی لەسەر ویلایەتەکانی باکوور و خۆرئاوای وڵات دروستکردووە. بەگوێرەی راگەیەندراوی ئاژانسی کارەسات و ئاگرکوژێنەوە لە ژاپۆن (Shobocho)، لەو کارەسات و رووداوانەی بەهۆی بەفربارینی چڕەوە روویان داوە، لەسەرتاسەری وڵات هەشت کەس گیانیان لەدەست داوە و ٤٥ی دیکەش برینداربوون. بەفربارین پچڕانی کارەبا و وەستانی خزمەتگوزاری شەمەندەفەری خێرای لێکەوتەوە. بەرپرسانی کەشناسی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەستووری بەفر لە ناوچەکانی شیمانە، هێرۆشیما، کۆچی و هۆکایدۆ لە سەرووی ئاستی ئاسایی وەرزییەوەیە و پێشبینی دەکرێت بەفربارین بەردەوام بێت. هەر بەهۆی کاریگەریی بەفربارینەوە جەنجاڵی هاتوچۆ لەسەر رێگاوبانەکان دروست بوو. لەو ویلایەتانەی هاوسنوورن لەگەڵ دەریای ژاپۆن (دەریای خۆرهەڵات)، بانگەوازی خەڵک کرا کە پێشوەختە خۆراکە سەرەتاییەکانی خۆیان دابین بکەن و ئەگەر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە.

هاوڵاتی  کۆنگرێسی ئەمریکا لە نوێترین بەدواداچونیدا بۆ ئەو هێرشانەی ساڵی رابردوو کرابوویە سەر دامەزراوەی کاپیتۆڵی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوی وڵاتەکەی وەکو "ئاژاوەگێڕ" تۆمەتبارکرد، پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا شکستی هێنا و ئەنجامی پێویستی بەدەستنەهێنا. لیژنەی تایبەتمەند بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی لەبارەی هێرشەکانی سەر کۆنگرێس، راپۆرتێکی ٨٤٥ لاپەڕەیی ئامادەکردووە، تۆمەتەکانی هێرشەکە بەتەواوی دەخاتە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، کە پێشتر کاندیدی کۆمارییەکان بوو بۆ هەمان پۆست، بەڵام لە بەرامبەر جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەدا شکستی هێنا. لە رۆژی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، لە پاش راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم کاپیتۆڵ گوتارێکی بۆ دەنگدەرەکانی پێشکەشکرد، دواتر پشێوی دروستبوو، خەڵکەکە بەچەکەوە هێرشیانکردە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس. یەکێک لە راسپاردەکانی راپۆرتەکەی کۆنگرێس، ئەوەیە لە داهاتوودا بەدەستهێنانی پۆستی گشتی لە دۆناڵد ترەمپ قەدەغە بکرێت، چونکە "کاری ئاژاوەگێڕیی ئەنجامداوە"، ئەگەرچی ناوبراو لەماوەی رابردوو هەنگاوەکانی دەستپێکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی داهاتوو دژی کۆمارییەکان و بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا. لیژنەکەی کۆنگرێس بۆ ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە ١٨ مانگ کاریان کردووە و ١٠ کۆبوونەوەی گشتییان ئەنجامداوە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ هەزار شایەتحاڵ ئەنجامداوە، کە لەنێویاندا بەرپرسان و کاربەدەستانی ئیدارەکەی ترەمپ، ئەندامانی خێزانی ترەمپ، ئەفسەرانی پۆلیسی کاپیتۆڵ، دەستگیرکراوەکان و تۆمەتبارەکان...هتد، هەبوون. لە بەشێکی راپۆرتەکەدا لیژنەکە ئاماژەیان بە تویتێکی ترەمپ کردووە، کە لە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بڵاوی کردووەتەوە و نوسیویەتی: "ناڕەزایەتییەکی گەورە لە دی سی لە ٦ی کانوون بەڕێوەدەچێت و لەوێ بە"، بەو شێوەیە هانی هەوادارەکان و دەنگدەرەکانی داوە لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا پشێویی دروست بکەن، چونکە چەندین جار بە ئاشکرا وتبووی ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکەدا کراوە.

هاوڵاتی لە رووداوێکی تەقەکردندا لە نێوەندی شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا لانیکەم دوو کەس کوژران و چوار کەسیش برینداربوون  دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە پاریسی پایتەختی فڕەنسا روداوێکی تەقەکردن لەنزیک ناوەندی کلتوری کوردیی ئەحمەد کایا رویدا و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان لە ئەنجامدا دو کەس کوژراون و چوار کەسی دیکەش برینداربون. بەگوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە گومانلێکراوێکی هێرشەکە لەلایەن هێزەکانی ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و لەئێستاشدا لێکۆڵینەوە لە روداوەکە بەردەوامە. هەروەها تۆڕی تەلەفزیۆنی فەرەنسی بی ئێف ئێم تیڤی بڵاویکردەوە, ڕووداوی تەقەکردنەکە لە دەوروبەری ناوەندێکی کلتوری کوردی ڕوویداوە، هاوکات ئیمانوێل گرێگۆیر جێگری سەرۆکی شارەوانی شارەکە لە تویتێکدا نووسی "بیرمان لای خێزانی قوربانی و هەموو ئەو کەسانەیە کە ئەم ڕوداوەیان بینیوە". دوکاندارێکی نزیک لە ڕوداوەکەش بە ئەی ئێف پی گووت کە گوێیان لە دەنگی  حەوت یان هەشت فیشەکبووە"  وتی "زۆر ترساین و خۆمان لەناو دوکانەکەدا شاردەوە". فەرمانگەی داواکاری گشتیش ڕایگەیاند،پیاوێکی گومانلێکراوی تەمەن 69 ساڵ لەسەر ڕوداوەکە دەستگیرکراوە.

هاوڵاتی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، ڤۆلکەر تورک دانوستانکاری مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەگرتووەکان رایگەیاند، لەسەر حکومەتی بەریتانی پێویستیە پێداچوونەوە بە پلانەکانی ناردنی پەنابەران بکات بۆ رواندا بکات. ڤۆڵگەر تورک دانوستانکاری مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ناردنی کۆچبەران لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا ڕایگەیاند ،پێویستە حکومەتی بەریتانیا بەم بڕیارەیدا بچێتەوە چونکەلەگەڵ ئەوەی بڕیارەکە لە  ڕووی یاسایی و ئەخلاقییەوە کێشەی هەیە ئەنجامدانی کارێکی قورسە. وتیشی، "تۆ ناتوانیت بەرپرسیارەتی خۆت دوور بخەیتەوە و بیکەیتە سەر شانی دەوڵەتێکی تر بەو شێوەیەی کە لە لایەن حکومەتی بەریتانیاوە پێشبینی دەکرێت" هەروها ئەم کارە "نیگەرانییەکی زۆر جدی دروست دەکات، هەم لە ڕوانگەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و هەم لە ڕوانگەی یاسای پەنابەری نێودەوڵەتیەوە". ئەوەشی ڕونکردەوە، "کە ئامڕازو ڕێگەی دیکە هەیە بۆ ڕێگریکردن لە پەنابەران، وپێدانی مافی پەنابەری بەو کەسانەی کە شایەنین بەڵام پرۆگرامی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا هیچکام لەمانە ناکات". ئەم قسانەی دانوستانکاری مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەگرتووەکان دوای ئەوەدێت، بڕیاری ناردنی پەنابەران بۆ راواندا لە لایەن دادگای باڵای بەریتانیاوە بە یاسایی دانرا. لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 40 هەزار کەس بە بەلەمی بچووک چونەتە بەریتانیاوە،هاوکات هەفتەی ڕابردوو چوار کەس مردن دوای ئەوەی بەلەمەکەیان لە کەناری کێنت تووشی گرفت بوو نقوم بوو.  

هاوڵاتی کۆشکی سپی ڕایگەیاند گروپێکی چەکداری کە یارمەتی ڕوسیا دەدات لە جەنگی دژی ئۆکرانیادا چەکی لە کۆریای باکور کڕیوە و کۆریای باکوریش ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە. رۆژی پێنجشەممە 22-12-2022، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ،"بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا سوورن لەسەر ئەوەی کە کۆریای باکوور چەکی بە گروپی ڕاگنەر فرۆشتووە کە جۆرەکانی مووشەک و تۆپهاوێژی تێدا بووە. وتیشی،"ئێمە باوەڕمان وایە ناردنی ئەو چەکانە بۆ ئەو گروپە کاریگەری لەسەر ڕێڕەوی جەنگی ئۆکرانییا دروست ناکات،بەڵام نیگەرانین لەوەی کە کۆریای باکور لە پلانیدایە کەلوپەلی سەربازی زیاتر بنێرێت بۆ ڕوسیا" میدیای فەرمیی کۆریا لەبارەی هەواڵەکەوە  ئەمڕۆ هەینی  ئەو تۆمەتانەی ئەمەریکای بە تەواوی ڕەتکردەوەو بە "بیردۆزێکی بێبنەما ناوی برد" . هەروەها کۆشکی سپی نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە زیادبوونی بەشداری واگنەر لە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیادا  بە تایبەتی لە ناوچەی دۆنباسی ڕۆژهەڵات . کیربی وتی لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراودا بەرپرسانی سەربازی ڕووسیا تەنانەت "ملکەچی فەرمانەکانی واگنەر دەبن".  لیندا تۆماس گرینفیڵد نێردەی ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەم کارەی ڕوسیای بە  "چەپەڵ" ناوبرد و وتی "  ڕوسیا ئەندامی هەمیشەیی ڤیتۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەشداری کردووە لە سەپاندنی سزاکان ئێستا ئەو چەکانە بەکاردەهێنێت کە لە کۆریای باکوور و ئێرانەوە وەریدەگرێت بۆ ئەوەی جەنگ دژی ئۆکرانیا درێژە پێبدات". جۆن کێربی لەبارەی ئەو هێزەوە دەڵێت: ژمارەی سەربازەکانی گرووپی واگنەر 50 هەزار کەسە کە 10 هەزاریان سەربازی لێهاتوون و 40 هەزار کەسیشیان تۆمەتباری هەڵاتووی بەکرێگیراون.  جەیمس کڵێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەو بارەیەوە دەڵێت، بەریتانیا لەگەڵ ئەمریکا هاوڕایە و ئەو کارەی گرووپی واگنەر ئەنجامیداوە پێشێلکاریی یاساکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە. کڵێڤەرلی دەشڵێت، کڕینی چەک لە کۆریای باکوور لەلایەن پووتینەوە ئەوە نیشاندەدات رووسیا "کڵۆڵ و دابڕاوە."  جێگەیباسە،  گرووپی واگنەر لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمەتبارکراون بە چەندین پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری ئەفریقا و لە پێشوودا بەوە ناویان دەرکردبوو کە لە جەنگی سووریادا "رۆڵێکی تووندوتیژ"یان هەبووە لە دژی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو وڵاتە.  

هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات. جۆرجیا میلۆنی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق دەکات، هەروەها بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی سەربازەکانی ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.  ئەم گەشتەی  سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا وەک نەریتێکی ساڵانەیە، کە لە کریسمسدا  سەردانی سەربازانی وڵاتەکەی دەکات، هاوکات ئەمساڵ ئەو سەربازانە بەسەردەکاتەوە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن.  جێگەی باسە  ئیتاڵیا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ئەندامە لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و چەندین ھاوکاری و پاڵپشتی پێشکەشی عێراق و ھەرێم کردووە.  بەپێی راپۆرتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش، ئیتاڵیا ٩٠٠ سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و ھەرێم ھەیە کە مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن.       

تمەن جارێکی دیکە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە زیاتر لە 40 هەزار تمەن. ئێوارەی پێنجشممە بەهای دۆلار لە ئێران ژمارەیەکی دیکەی پێوانەیی تۆمار کرد و هەر دۆلارێک بە 40 هەزار و 30 تمەن مامەڵەی پێوەکرا لە کاتێکدا میدیاکانی حکومەت بلاویان کردبوەوە نرخی هەر دۆلارێک لە 39 هەزار تمەنەوە بۆ 36 هەزار تمەن دادەبەزێت. پێشتر عەلی ساڵح ئابادی ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاندبو؛ بەهای دۆلار لە وڵاتەکە راستەقینە نییە بەڵام خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان هۆکاری دابەزینی زیاتری بەهای تمەن بوە لە بەرامبەر دۆلاردا. لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نرخی هەر دۆلارێک لە وڵاتەکە 30 هەزار تمەن بو، دوای 97 رۆژ ناڕەزایەتیی هەر دۆلارێک  بۆ زیاتر لە10 هەزار تمەن بەرز بوەتەوە. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و کوژرانی دەیان خۆپیشاندەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاترین سزا روبەڕوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بوەتەوە و ئەمریکا بە راشکاوی رایگەیاندوە رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەو وڵاتە چالاک ناکاتەوە بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژیی دژی ناڕەزایەتییەکان و سەرکوت و سێدارەی گەنجان .   نرخی هەر دۆلارێک لە ئێران 40 هەزار تمەنی تێپەڕاند دۆلار بەردەوامە لە تۆمارکردنی بەهای مێژویی لە ئێران   تمەن جارێکی دیکە دابەزینی بەخۆیەوە بینی و بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە زیاتر لە 40 هەزار تمەن. ئێوارەی پێنجشممە بەهای دۆلار لە ئێران ژمارەیەکی دیکەی پێوانەیی تۆمار کرد و هەر دۆلارێک بە 40 هەزار و 30 تمەن مامەڵەی پێوەکرا لە کاتێکدا میدیاکانی حکومەت بلاویان کردبوەوە نرخی هەر دۆلارێک لە 39 هەزار تمەنەوە بۆ 36 هەزار تمەن دادەبەزێت. پێشتر عەلی ساڵح ئابادی ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاندبو؛ بەهای دۆلار لە وڵاتەکە راستەقینە نییە بەڵام خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان هۆکاری دابەزینی زیاتری بەهای تمەن بوە لە بەرامبەر دۆلاردا. لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نرخی هەر دۆلارێک لە وڵاتەکە 30 هەزار تمەن بو، دوای 97 رۆژ ناڕەزایەتیی هەر دۆلارێک  بۆ زیاتر لە10 هەزار تمەن بەرز بوەتەوە. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی و کوژرانی دەیان خۆپیشاندەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان زیاترین سزا روبەڕوی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بوەتەوە و ئەمریکا بە راشکاوی رایگەیاندوە رێککەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئەو وڵاتە چالاک ناکاتەوە بەهۆی بەکارهێنانی توندوتیژیی دژی ناڕەزایەتییەکان و سەرکوت و سێدارەی گەنجان .    

هاوڵاتی یەکێتی ئەوروپا بری ٤ملیۆن یۆرۆ وەک هاوکاری مرۆی دەداتە عێراق  وڕایگەیاند  ئەو بڕە پارەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی 4,000 خێزانی ئاوارە و هەزار خێزانی دیکەش کە ئەندامێکی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، یان چیدی توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان نییە. ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی کانوونی یەکەمی 2022، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ناسەقامگیریی سیاسی، گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بەهۆی وشکەساڵی و هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بوونەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی عێراق دەستیان بە پێداویستییە بنەڕەتییەکانیان نەگات." دەشڵێت،" ئەو پارەیە بۆیارمەتی چینی هەژار سەرفدەکرێت  بەتایبەتی ئەوانەی ئاوارەن و نیشتەجێی دەرەوەی کەمپەکانن  بۆ ئەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن" جانێز لێنارچیچ، کۆمیسیاری یەكێتیی ئەوروپا بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان ڕایگەیاند، "تا بێت ژمارەی ئەو کەسانە بەرزدەبنەوە کە کاریگەرن بە نەبونی ئاسایشی خۆراک لە عێراق بە تایبەت ئاوارەکان وخەڵکی هەژار لەو ناوچانە هاوکات یەکێتی ئەوروپا خۆی بە  بەرپرسیاردەزانێت لە یارمەتیدانی ئەم چینە هەربۆیە بڕی 4 ملیۆن یۆرۆی زیادەمان تەرخانکرد بۆ یارمەتیدانی ئەو خەڵکەی عێراق کە پێویستییان پێیەتی بۆ تێپەڕاندنی ئەم کاتە سەختە." لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش ڕونکراوەتەوە کە ئەو بڕە پارەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی 4,000 خێزانی ئاوارە کە مانگانە بڕە پارەیەکیان بەسەردا دابەش دەکرێت. جگە لەوەش، هەزار خێزانی دیکەش کە ئەندامێکی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، یان چیدی توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان نییە، لە هاوکاریی کاش سوودمەند دەبن. جێگەی باسە،لە ساڵی 2014ەوە، یەکێتی ئەوروپا 530.5 ملیۆن یۆرۆی یارمەتی مرۆیی تەرخان کردووە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی عێراق  

بەپێی ئامارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەرەتای سەرھەڵدانی جەنگی ئۆکراینەوە، نزیکەی ھەشت ملیۆن پەنابەری ئۆکراینی گەیشتوونەتە ئەوروپا. کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بڵاویکردەوە، زیاتر لە حەوت ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار ئۆکراینی گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا، ئەوەش لە مانگی شوباتی رابردووی ئەمساڵەوە کە جەنگی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دەستیپێکرد.  بەپێی ئاماری کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تەنھا روسیا پێشوازی لە دوو ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار پەنابەر کردووە، ئەڵمانیاش پێشوازی لە زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری ئۆکراینی کردووە.