هاوڵاتی رێباز حهملان یاریدهدهری سهرۆكی حكومهتی ههرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند،ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و عێراق سەبارەت بە پڕۆژەی هەژماری من نزیکەو بانکێکی گەورەی عێراقیش دێتە ناو پڕۆژەکەوە. ئەمڕۆ شەممە، 06-04-2024، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای پارتی ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و ڕێککەوتنمان لەبارەی مووچە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی کرداری (ئینفاقی فیعلی) جیاکراوەتەوە". وتیشی، "دوای جەژن بانکی ئەهلی (تی بی ئای)ـی عێراقی دێتە نێو پڕۆسەی هەژماری من و دەرگا بۆ هەموو بانکە ئەهلییەکانی دیکەی عێراق کراوەتەوە بۆ ئەوەی بەشداریی پڕۆژەکە بکەن". بەوتەی ڕێباز حەملان "ئهوهی (ههژماری من)ی تهواوكردبێت بهو ههژماره موچه وهردهگرێت، ئهوهی تهواوی نهكردووه جارێ به كاش موچه وهردهگرێت، هەروەها ئهوهی له رێككهوتنی ئهمجارهدا گرنگه ئهوهیه موچه پهیوهست نهكراوه به مهسهلهی نهوتهوه". جەختی لەوەشکردوەتەوە "ئهگهر ههناردهكردنی نهوت دهستپیبكاتهوه، بازاڕ ئهبوژێتهوه، چونكه خهڵكێكی زۆر لهو كۆمپانیایانهی نهوت كاردهكهن كه له ههرێمی كوردستان نهوت دهردههێنن". بەگوێرەی قسەکانی ڕێباز حەملان بە دەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی کرداری (ئینفاقی فیعلی) گرفتی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێت بەڵام بۆ گەرەنتی چارەسەری مووچە، لە ھەمواری یاسای بودجەی ئەمساڵدا دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە خەرجی راستەقینە دەربھێندرێت، ئەوەش تاکە رێگایە بۆ گەرەنتی دوانەکەوتنی مووچە لە ھەرێمی کوردستان.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد لێپرسراوی زەڕەنگەرانی سلێمانی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕدەکات و ئاماژە بەوەدەدات لە داهاتوودا نرخەکەی زیاتر بەرزدەبێتەوە. دلێر تاهیر، لێپرسراوی زەڕەنگەرانی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەو بەرزبوونەوەی لە نرخی زێڕدا روویداوە بەرزبوونەوەیەکی مێژوییە، لەئێستادا کیلۆیەک زێڕ نرخەکەی حەوت دەفتەر و 40 وەرەقەیە لەکاتی کڕینەوە". لەبارەی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕەوە دلێر تاهیر وتی "ئەمەریکا ویستی سوود زیادبکات، بەڵام سوودی زێڕ کەمیکرد و ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، هەروەها دابەزینی بەهای دۆلار و بێ بەهابوونی دراوی تورکیا و ئێران وایکرد نرخی زێڕ زیاتر بەرزبێتەوە، چونکە ئەو وڵاتانەی کە دراوەکانیان بێ بەها دەبێت هەوڵی یەدەگ کردنی زێڕ دەدەن لە بانکەکانیان". ئاماژەی بەوەشکرد "بازاڕی زیڕ زۆر خراپە و هاوڵاتییان مامەڵەی پێوەناکەن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، هەروەها پێشبینیش دەکرێت لە داهاتوودا نرخی زێڕ زیاتر بەرزێتەوە. نرخی زێڕ لە بازاڕەکاندا بەمشێوەیەیە: - یەک مسقاڵ زێڕی عیارە 18 بە 414 هەزار دینارە. - یەک مسقاڵ زێڕی عیارە 21 بە 483 هەزار دینارە.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان نێردراوە، تێیدا داوادەکرێت پلەی فەرمانبەرانی بانکەکان بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان بەرز بکرێتەوە. ئەمڕۆ شەممە 6ی نیسانی 2024، بەپێی نووسراوێک کە مەولود سابر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکانی واژۆی کردووە، نووسراوەکەی ئاراستەی سەرجەم لقەکانی بانکە بازرگانییەکانی کردووە، داوای کردووە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی بانکەکان، بەپێی یاسا و رێنمایی دیاریکراو دیاری بکرێت. بەپێی نووسراوەکە، پلەبەرزکردنەوەکە تاوەکو رۆژی 1/5/2024، بۆیان دەبەسترێت، بە مەرجێک رەچاوی مۆڵەتی بێ مووچە و سزا بکرێت بۆیان.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان خشتەیەکی نوێی مووچەی بۆ مانگی ئادار بڵاوکردەوە و دەڵێت، رۆژی شەممە، 06-04-2024 دەست بە دابەشکردنی دەکەن و تاوەکو پێش جەژن مووچە دابەشدەکەن. ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان خشتەی موچەی مانگی سێی بڵاوکردەوە کە لە سێ ڕۆژدا دابەشدەکرێت . بەپێی خشتەکە، سبەینێ موچەی کەسوکاری شەھیدان زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستی تایبەت و خانەنشینی شارستانی و خانەنشینی پێشمەرگە دابەش دەکرێت. ھەروەھا رۆژی یەکشەممە مووچەی تەندروستی و کاروباری کۆمەڵایەتی و دارایی و ناوخۆ و مامفی مرۆڤ و دەستەی دەستپاکی و دەستەی وەبەرھێنان و دەستەی ژینگە ودەزگای مین و ناوچەکانی دەرەوەی ھەرێم و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن دابەشدەکرێت. ھەر بەپێی خشتەکە، رۆژی دووشەممە موچەی موەزارەتەکانی پەروەردە و داد ئەنجومەنی دادوەری و ئەوقاف و دیوانی چاودێری دارایی و پلاندانان و بازرگانی و سامانە سروشتییەکان و گواستنەوە، کشتوکاڵ و شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە و رۆشنبیری و کارەبا و خوێندنی باڵا دابەش دەکرێت. ھەروەھا ھەمان رۆژ موچەی کاروباری شەھیدان و دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش و زێرەڤانی و بەرگری فریاکەوتن و یەکەی ٧٠ و٨٠ و پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان و ھەرێم و ئەنجومەنی وەزیران دابەش دەکرێت. هاوکات وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات، خشتەی مووچەکە بەپێی کاتی هاتنی تەمویلی وەزارەتی دارایی عێراق دانراوە، لەکاتی دروستبونی هەر گۆڕانکاریەک لە هاتنی تەمویلەکە گۆڕانکاری لە خشتەکەشدا دەکرێت.
هاوڵاتی بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی فەرمی هەردولا بڕیارە سبەی شەممە هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەردانی بەغدا بکەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی دواخستنی هەڵبژاردن و مووچە و هەناردەی نەوتی هەرێم. دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەیانی شەممە دەچێتە بەغدا و لەسەر مەلەفی بودجە و مووچە، نەوت و هەناردەکردنەوەی، هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەکات و لەگەڵیان کۆدەبێتەوە. هەر ئەمڕۆش میدیای یەکێتی بڵاویکردەوە، سبەینێ شەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای عێراق، تایبەت بە پرسی هەڵبژاردن و کێشەی مووچە و ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداد کۆدەبێتەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی هەردولا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی یەکێتی لە سەردانەکەیان بۆ بەغداد، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە سیاسییەکانی پێکھێنەری حکومەتی فیدراڵ کۆدەبنەوە ، جێگەیباسە تا ئێستا نازاندرێت ئایا پێکەوە کۆبونەوەکان ئەنجامدەدەن یانیش بە جیا لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی بەغدا کۆدەبنەوە. سهرۆكی ههرێم رۆژی 10ی حوزهیرانی ئهمساڵی وهكو وادهی بهڕێوهچوونی ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان دیاریكردووه، بهڵام پارتی دیموكراتی كوردستان له پرۆسهكه كشاوهتهوهو تێبینی ههیه لهسهر ههڵوهشاندنهوهی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتهكان و چۆنیهتی دابهشكردنی كورسییهكانی پهرلهمان بهسهر بازنهكانی ههڵبژاردن و ههندێك تێبینی تر لهبارهی چۆنیهتی بهڕێوهبردنی پرۆسهی ههڵبژاردن لهلایهن كۆمسیۆنهكهی عێراقهوه و داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکات، هەربۆیە سهردانی بافڵ تاڵهبانی بۆ بهغداد هاوكات لهگهڵ سهردانهكهی نێچیرڤان بارزانیدا پهیوهندی بهم پرسهوه ههیه.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادەی هۆشبەرەکان بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەڕین باندێکی بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیردەکات. دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لەڕۆژی٢٠٢٤/٤/٢ دوای بەدواداچوون و چاودێکردن، هێزەکانی ئاسایش لەسەر بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانیان چوار تۆمەتباری بازرگانی مادەی هۆشبەر لەڕووبەڕوبونەوەیەکی چەکداری لە ڕانیە دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی (٣،٥٠٠) سێ کیلۆ و نیو مادەی کریستاڵ و بڕی (٣٠٠) دەنک حەبی تڕاماڵ و (٥٠٠) گرام شیلەی تلیاک و (دوو) ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەی ماددەکان بەکاردەهێنران". ئاماژە بەوەشکراوە "لەئێستادا بە مادەی (٢٦) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە".
هاوڵاتی هەپەگە ئاماری چالاکییەکانی مانگی ئازاری گەریلاکانی ئازادیی بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ١٥ چالاکییان دژ بە سوپای تورکیا ئەنجامداوە و تێیدا ٤٣ سەرباز کوژراون و ١١ی دیکەش برینداربوون. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە، ئاماری چالاکییەکانی گەریلاکانی ئازادیی لە دژی سوپای تورکیا لە مانگی ئازاردا بڵاوکردەوە، بەپێی راگەیاندراوەکەی هەپەگە، گەریلاکانی ئازادیی لە مانگی ئاداردا ١٥ چالاکییان دژ بە سوپای تورکیا ئەنجامداوە و تێیدا ٤٣ سەربازی تورکیا کوژراون، هەروەها ١١ی دیکەش بریندارکراون. هەروەها ئەوەش هاتووە، سێ کۆنتێنەر، حەوت مۆڵگە، سیستەمێکی رادار، ١٢ کامێرای چاودێری، هەشت بلاجیکتۆر، حەوت کامێرا، دوو چادر و نارنجۆک هاوێژێك تێکشکێنراون و لەناوبراون. ئاماژەی بەوەشداوە، دەستیان بەسەر ئەم کەرەستە و چەکانەدا گرتووە، چەکێکی بی کەی سی نیو ئۆتۆماتیک، ١٥٠ فیشەک و زنجیرێکی بی کەی سی، چەکێکی بی٧، دوو چەکی مەپەتە-٥٥، دوربینێکی ڕۆژ، ئامێرێکی دەستنیشانکردنی چەک، سیستەمێكی دەنگ، دەستکێشێک، دوو پاتر و ئەدامتەرێکی کامێرای گەرمی. بەپێی راگەیەندراوەکەبێت لە مانگی رابردوودا، هێرشە سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەردەوام بوون و هەپەگە ئامارەکەی بەم شێوەیە خستووەتەڕوو، ٢٢٦ جار بە فڕۆکەی جەنگی، پێنج جار بە هێلیکۆپتەر، نۆ جار بە بۆمبی قەدەغەکراو و ١٥ جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری تەقەمەنی.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 33 ساڵەی ر دەرچوونی بڕیاری 688 ی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند "هێشتا مەترسی و هەڕەشە لە سەر خەڵکی کوردستان و ماف و دەسکەوتەکانی هەیە". دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: ئەمڕۆ ( 33 ) ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیاری 688 ی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان تێدەپەڕێت کە لە 1991/4/5 لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق بۆ سەر کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان بەرەو سنوورەکان هاتە ئاراوە. ئەم بڕیاره گرنگ و مێژووییەی ئەنجومەنی ئاسایش، بووە بنەمایەک بۆ دانانی ناوچەی دژە فڕین و لە ئەنجامدا سنوورێکی بۆ هێرش و زوڵم و ستەمکارییەکانی رژێمی بەعس دانا و کوردستانی لە جینۆسایدێکی دیکە پاراست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانای گەلی کوردستانەوە هات و دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام درا و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات. بڕیاری 688 وەرچەرخانێکی مێژووییە لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە پێناو مافە ڕەواکانیدا. لەم یادەدا، ڕێز و پێزانینێکی زۆرمان بۆ هاوکاری و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا هەیە، بەتایبەتی پشتیوانی و پشتگیریی خوالێخۆشبووان سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا فرانسۆ میتران و هاوژینەکەی دۆستی دڵسۆزی گەلی کورد خاتوو دانیێل میتران هەرگیز لە یاد ناکرێت. هەروەها پشتگیری خوالێخۆشبوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆرج بوش و هەروەها بەرێزان جۆن مەیجەر سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا و جەیمس بەیکەر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا مایەی ڕێز و پێزانینی خەڵکی کوردستانە. لە هەمانکاتدا سوپاسی هاوکاری و یارمەتییەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیاش دەکەین کە سنوورەکانیان بەڕووی سەدان هەزار پەنابەری هەرێمی کوردستان کردەوە. لە ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 688 ، دووپاتی دەکەینەوە کە هێشتا مەترسی و هەڕەشە لە سەر خەڵکی کوردستان و ماف و دەسکەوتەکانی هەیە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، هەڵوێستی جیددی لە پاراستنی خەڵکی کوردستان و داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانیدا هەبێت و دڵنیایی بدات کە خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبێت و جارێکی دیکە ڕووبەڕووی شاڵاوەکانی جینۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی نابێتەوە. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2024/4/5
هاوڵاتی شارەزایەکی کەشناسی لەبارەی شەپۆلێکی بارانبارین و کەشوهەوای رۆژانی جەژنی رەمەزان زانیاری دەخاتەڕوو و رایدەگەیەنێت، جەژنێکی باراناوی بەڕێدەکەین. پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای بواری كەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند "بەپێی ئەو لێكدانەوە و پێشبینیانەی كردوومانە بۆ كەشوهەوای هەفتەی داهاتوو دەردەكەوێت كە لە كۆتایی شەوی حەوت لەسەر هەشتی ئەم مانگە، گۆڕانكاری لە كەشوهەوادا دروستدەبێت و پێشبینی دەسپێكردنەوەی بارانبارین دەكرێت، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی رێژەی شێ لە هەوادا بەهۆی شەپۆلی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست". ئاماژەی بەوەشدا "كاریگەری شەپۆلی بارانبارینەكە بە تەوای لە 10ی ئەم مانگە كە هاوكات دەبێت لەگەڵ یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەستپێدەكات و تا رۆژی داهاتووتر واتە تا 11ی مانگ كاریگەرییەكەی دەمێنێت، لەو شەپۆلەشدا ناوبەناو باران بارین بە بڕی جیاواز هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و هاوكات لەگەڵ ئەو شەپۆلەدا تاوەبارانی بەخوڕ و هەورەبروسكەی بەهێز و تەرزەی لەگەڵ دەبێت". ئەوەشی خستەڕوو "لەدوای ئەو شەپۆلەوە شەپۆلی دیكەی باران بارین بەردەوامی دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە وەرزی بەهارداین، گۆڕانكارییەكان زۆر خێرا روودەدەن ناتوانین بەدڵنیایی شەپۆلی دیكەی باران بارین دیاری بكەین، بەڵام ئەوەی تا ئێستا جێگیرە ئەوەیە كە لە رۆژانی جەژن باران بارین دەستپێدەكات و جەژنێكی باراناوی بەڕێدەكەین".
هاوڵاتی مامۆستایان و فهرمانبهرانی ناڕازی سلێمانی رایدهگهیهنن، له ههردو پهروهردهی ڕۆژئاوا و ڕۆژههڵاتی سلێمانی زیاتر له سێ ههزار مامۆستا به نههاتو (غیاب) سزادراون و داواشدهكهن، وهزارهتی پهروهرده سهرجهم سزاكان ههڵبوهشێنێتهوه. مامۆستایان و فهرمانبهرانی ناڕازی سلێمانی ئەمشەو پێنجشەممە لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویانكردهوه، "بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە، لە بری ئەوەی لە خەمی مامۆستایاندا بن و پشتیوانیمان بکەن، بە پێچەوانەوە بە فەرمانی حیزبییانە دەستیانبرد بۆ سزادانی مامۆستایان و ژمارەیەکی زۆر مامۆستای بەهەڵوێست لەسەرجەم پەروەردەکان سزادران و نایاساییانە و نا پەروەردەییانە مامەڵەیان لەگەڵ کرا." لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا داوایان لە بەرپرسانی پەروەردە کردووە تەواوی فەرمانەکانی سزادان هەڵبوەشێننەوە؛ "دەبێ لەوە تێبگەن کە مامۆستایەك داوای مافی خۆی بکات بە چ یاسایەك سزادەدرێت؟". مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، "تهنها له ههردو پهروهردهی ڕۆژئاوا و ڕۆژههڵاتی سلێمانی زیاتر له سێ ههزار مامۆستا به نههاتو (غیاب) سزادراون، وێڕای گواستنهوهی زۆرهملێ كه ڕویهكی دیكتاتۆریانهی پهروهردهی نیشانداین و له زۆربهی پهروهردهكانیش بڕیاری سزادان جێبهجێكراوه". ئاماژە بەوەش دەکەن، "پێشتر لە رێگەی تیمی پارێزەرانی خۆبەخش هەوڵماندا سزاکانی سەر مامۆستایان هەڵبوەشێتەوە، بەڵام جگە لە بەڵێنی زارەکی هێشتا فەرمانەکانی سزادانی بەکۆمەڵ هەڵنەوەشاوەتەوە و هەرکات بیانەوێت دەتوانن بیانخەنە نێو مەلەفی مامۆستا و فەرمانبەرانەوە." لەپاڵ ئەمەشدا "گواستنەوەی زۆرەملێی ژمارەیەك لە مامۆستایان لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی دیکە و بانگهێشتکردنی مامۆستایان بۆ لێپرسینەوە لەدەرەوەی بنەما یاساییەکان، بەردەوامە." مامۆستایان و فهرمانبهرانی ناڕازی سلێمانی راشیانگهیاندوه،" هیوادارین تا 25ی (نیسان/4)ی 2024 بڕیار له ههڵوهشانهوهی سزاكان بدرێت و ئهو ڕێگا ههڵانه ڕاستبكرێنهوه كه بهرامبهر مامۆستایان و فهرمانبهران گیرانهبهر، بۆ ئهوهی ناچار نهبین فشارهكانمان دهستپێبكهینهوه و ئهو ماوه كهمهی خوێندن بێ گرفت تێپهڕ ببێت، چونكه دڵنیابن پرسی سزادانی مامۆستایان به ساڵی داهاتو ناسپێرین و پێویسته لهم ساڵدا نیگهرانیهكانی مامۆستایان كۆتاییان بێت".
هاوڵاتی هێزێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕەکە لە ئێستادا لە شوێنی ڕوداوەکەن و بە گوێرەی زانیارییەکان سێ کەس بریندارن و کەسێکیش کوژراوە. ئێوارهی ئهمڕۆ جارێكی تر له گوندی گووڵهخانهی سنووری شارهزوور گرژی و ئاڵۆزی و رووبهڕووبوونهوه لهنێوان هێزهكانی سهر به محهمهدی حاجی مهحمود سهرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان و هێزهكانی عهبدوڵای حاجی مهحمودی برایدا روویدا و بە گوێرەی زانیارییەکان سێ کەس بریندارن و کەسێکیش کوژراوە. لەم بارەیەوە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، جێگری پێشووی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە میدیاکانی راگەیاند، هێزێکی پارتی سۆسیالیست هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان لە گوندی گوڵەخانە و ئێستا شەڕە و کورەکەی فیشەک بەر سەری کەوتووەو بە سەختی برینداربووە. وتیشی: "بە ئاڕپیجی لە ماڵەکەم دراوە و کوڕەکەم بریندارکراوە ". بە گوێرەی زانیارییەکان لە ئێستادا شەڕەکە وەستاوەو پیشمەرگەیەک بەناوی دابان عوسمان کە پاسەوانی حەمەی حاجی مەحمودە و تەمەنی 27 ساڵە گیانیلەدەستداوە، تەرمەکەی لە نەخوشخانەی شەهید شەوکەتە لەقەزای سیدسادق و پێشمەرگەیەکی دیکەش برینداربووە و هەردوکیان سەر بە هێزەکانی محەمەدی حاجی مەحمودن . هاوکات هێزێکی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی شەڕەکە لە ئێستادا لە شوێنی ڕوداوەکەن. لەماوەى رابردوودا کێشە و ململانێ لەنێوان محەمەد حاجى مەحمود، سەرۆکى پارتى سۆسیال دیموکراتى کوردستان و عەبدوڵا حاجى مەحمودى براى دروستبوو، بەهۆى کێشەکانەوە چەندین جار روبەڕووبوونەوە و گرژى روویداوە و هێزە ئەمنییەکان چووبوونە ناوچەکە بۆ رێگگرتن لە گرژى زیاتر. ئەمڕۆ پێنجشەممەش ، پارتى سۆسیال دیموکراتى کوردستان کۆنگرەى هەشتەمى خۆى بەست و محەمەد حاجى مەحمود بە سەرۆکى پارتەکە هەڵبژێردرایەوە، عەبدوڵا حاجى مەحمودیش لە کۆنگرە دوورخرایەوە.
هاوڵاتی ئێوارهی ئهمڕۆ جارێكی تر له گوندی گووڵهخانهی سنووری شارهزوور گرژی و ئاڵۆزی و رووبهڕووبوونهوه لهنێوان هێزهكانی سهر به محهمهدی حاجی مهحمود سهرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان و هێزهكانی عهبدوڵای حاجی مهحمودی برایدا روویدا و بریندار هەیە. عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، جێگری پێشووی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-04-2024، بە میدیاکانی راگەیاند، هێزێکی پارتی سۆسیالیست هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان لە گوندی گوڵەخانە و ئێستا شەڕە و کوڕەکەی بریندارە. وتیشی: "بە ئاڕپیجی لە ماڵەکەم دراوە و کوڕەکەم بریندارکراوە و تا ئێستاش شەڕەکە بەردەوامە". بە گوێرەی زانیارییەکان، ئێوارهی ئهمڕۆ پاش تهواوبونی كارهكانی كۆنگرهی ههشتهمی پارتی سۆسیال دیموكرات، محهمهد حاجی مهحمود سهرۆكی ئهو حزبه بڕیاریداوه سهرجهم ماڵ و موڵك و ئهو كهلوپهلانهی لهلای براكهیهتی و پێشتر وهریگرتون لێی وهربگرێتهوه، بۆئهو مهبهستهش هێزێكی چهكداری رهوانهی ماڵهكهی عهبدوڵای برای لهگوڵهخانه كردوه و داوایكردوه، خانوهكهی رادهست بكات. هاوکات پاسهوانانی خانوهكهی عهبدوڵا حاجی مهحمود بهسهرۆكایهتی دابانی كوڕی وهڵامی هێزهكانی محهمهد حاجی مهحمودیان داوهتهوه و شهڕ و پێكدادان لهنێوان ههردولا دروستبوه و لە ئێستاشدا هێزێكی ئهمنیش لهههوڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخهكه و كۆتاییهێنان بهشهڕهكه. لەماوەى رابردوودا کێشە و ململانێ لەنێوان محەمەد حاجى مەحمود، سەرۆکى پارتى سۆسیال دیموکراتى کوردستان و عەبدوڵا حاجى مەحمودى براى دروستبوو، بەهۆى کێشەکانەوە چەندین جار روبەڕووبوونەوە و گرژى روویداوە و هێزە ئەمنییەکان چووبوونە ناوچەکە بۆ رێگگرتن لە گرژى زیاتر. ئەمڕۆ پێنجشەممە ، پارتى سۆسیال دیموکراتى کوردستان کۆنگرەى هەشتەمى خۆى بەست و محەمەد حاجى مەحمود بە سەرۆکى پارتەکە هەڵبژێردرایەوە، عەبدوڵا حاجى مەحمودیش لە کۆنگرە دوورخرایەوە.
هاوڵاتی راپۆرتێکی چاودێریی ئینستتیوتی پەی ئاشکرای دەکات، ئەو پێنج پەرلەمانتارەی لە خولی پێنجەمدا دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەستبەکار بوون، داوای خانەنشینکردنیان کردووە و کارکردن و خانەنشینکردنیانی بە نایاسایی لەقەڵەمدا. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو پێنج پەرلەمانتارە لە ماوەی کارکردنیان کەمتر لە نۆ خولەک لە پەرلەمان قسەیان کردووە و 172 ملیۆن دیناریان وەرگرتووە. ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتی ژمارە 16ی خۆی بە ناونیشانی "خانەنشينى ناياسایی" لە پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە، کە پەیوەستە بەو پەرلەمانتارانەی لە دوای درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمان لە 6-11-2022 دەستبەکار بوون، کە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە "نایاسایی" هەژمار دەکرێن. دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لە 7/10/2023 بە نایاسایی تەمەنی خۆی درێژكردەوەو هەڵبژاردنی دواخست، لەبەرامبەردا لەئەنجامی سكالا لەلایەن دادگای فیدرالیەوە لە رۆژی 30/5/2023 ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی كوردستانی بە نادەستوری ناوزەد كرد و رایگەیاند كە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی (6/11/2022)ەوە كۆتای هاتووە، وە رایگەیاند كە هەموو ئەو یاساو بڕیاریارانەی لە دوای (6/11/2022) لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوبێت بەهەڵوەشاوە و نادەستوری هەژمار دەكرێت و حكومەتی هەرێمی بە حكومەتێكی كاربەڕێكەر ناوبرد. بەپێی ئەم بڕیارەی دادگای فیدرالی هەموو ئەو كەسانەی لەدوای ئەم رێكەوتەوە لەشوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكان كراون بە ئەندامی پەرلەمان، بە نایاسایی دادەنرێن و ناكرێت وەك ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەژمار بكرێن و هەر ئیمتیازاتێكیشیان وەرگرتبێت نایاساییەو لێیان دەسەنرێتەوە. كە ئەمانەن: یهكهم: سۆز عبدالقادر عبدالرحمن: لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاكێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (شایان كاكە ساڵح) لە رۆژی 30ی 11ی 2022 لە پەرلەمان سوێندی خوارد. دوهم: دلێر عبدالخالق حاجی: لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاكێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (عەلی حەمە سالح) لە رۆژی 15ی 3ی 2023 لە پەرلەمان سوێندی خوارد. سێیهم: بێریوان فەقێ ئیسماعیل: لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتو لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاكێشاوە (هلز ئەحمەد محەمەد) لە رۆژی 15ی 3ی 2023 لە پەرلەمان سوێندی خوارد، لەكاتێكدا یەكگرتوی ئیسلامی بڕیاری دەستلەكار كێشانەوەی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمان دابو، بەڵام ناوبراو پەیوەست نەبو بە بڕیاری حزبەكەیەوەو سور بو لەسەر ئەوەی بچێتە پەرلەمان، لەسەر ئەوە یەكگرتوی ئیسلامی بڕیاری دور خستنەوەی ناوبراویاندا لە حزبەكەیان. چوارهم: عەبدوڵا حەسەن حەمەد: لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوە یەكگرتو (ئیسماعیل عەلی تەها) لە رۆژی 15ی 3ی 2023 لە پەرلەمان سوێندی خوارد. پێنجهم: لەیلا عەلی عەبدولعەزیز: لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەی یەكگرتو (سەرچنار ئەحمەد مەحمود) لە رۆژی 15ی 3ی 2023 لە پەرلەمان سوێندی خوارد. رێکخراوەکە دەڵێت، جگە لەوەی لەو ماوەیەدا ئەو کەسانە مووچەیان وەرگرتووە و نەیانگەڕاندووەتەوە، داوای خانەنشینیشیان کردووە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "دەبووایە مووچەکانیان بۆ گەنجینەی گشتی بگێڕنەوە، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێك مووچەكەی نەگێڕایەوە، بەوانەشەوە كە ئێستا لیستیان دروستكردووە". ئەو پێنج پەرلەمانتارە بەپێی راپۆرتەکە یەكێكیان تەنیا پێنج مانگ، چوارەكەی دیکەشیان تەنیا دوو مانگ و 15 رۆژ لە پەرلەمان دەوامیان كردووە. یەكێكیان بەشداری پێنج كۆبوونەوە و ئەوانەی دیکە بەشداری تەنیا سێ كۆبوونەوەیان كردووە، هیچ كامیان هیچ پرۆژەیاسایەكیان واژۆ نەكردووە، بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی لیژنەكانیان نەكردووە، تەنانەت بە هەر پێنجیان لەو ماوەیەی لە پەرلەمان بوون تەنیا 8 خولەک و 45 چركە لە دانیشتنەكاندا قسەیان كردووە، هەروەها لە بەرامبەردا پێکەوە 172 ملیۆن دینار مووچەیان وەرگرتووە. وەک لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە : "ئێمە وەك ئینستتوتی پەی، چەندین راپۆرتمان بۆ رای گشتی بڵاو كردەوە، دەیان یادداشتمان پێشكەش بە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، هەر لە سەرۆكایەتیەكانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەریەوە تا وەزارەتی دارایی، بەڵام سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بەردەوام بوون لە پێدانی موچە نایاساییەكە، یادداشتمان پێشكەش بە دامەزراوەكانی (داواكاری گشتی، دەستەی نەزاهە، دیوانی چاودێری دارایی) كرد، بەڵام ئەوانیش كە ئەركی خۆیان بوو بەدواداچوون بكەن و رێگر بن، كەچی هیچكامیان دەنگیان لێوە نەهات!"
هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت دەبێت متمانەی بانکی بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتییان لە دانانی پارەکانیان لە بانک نەترسن، ئاماژە بەوەشدەکات ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "ئێستا ئێمە کێشەی نەختینە، سیولە و متمانەی بانکی و چەند کێشەیەکی دیکەمان هەیە و دەبێت لە قۆناغی یەکەمدا ئەو کێشانە چارەسەر بکەین و قۆناغی دووەم دێتە سەر پڕۆژەی هەژماری من چونکە شێوازی وەرگرتن و خەرجکردنی پارەیە". وتی "دەبێت متمانەی بانکی بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتییان لە دانانی پارەکانیان لە بانک نەترسن و بتوانن مامەڵەی بانکی بکەن و ئەو کارانەش هەموویان پێویستان بە کردار هەیە، هاوکات پێویست ناکات زۆر لە کەس بکەین لە شوێنێکی دیاریکراو هەژمار بکاتەوە بەڵکو دەبێت کێشەی پێنەدانی مووچە چارەسەر بکەین". سەبارەت بە کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر دەڵێت "فڕۆکەخانەی سلێمانی پابەندە بە تەواوی رێنماییەکانی دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق و نێودەوڵەتی و هیچ لادانێکی یاسایی نەکردووە، بەڵام ئەو بڕیارە بڕیارێکی سیاسی و ئەمنی و سەربازییە و ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا".
سازگار ئەحمەد لەهەرێمی کوردستان ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کرێکار لەکاتی کارکردندا لەپرۆژەکان گیانلەدەستدەدەن و بریندارو کەمئەندام دەبن، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش دەڵێت «هەموو پرۆژەیەک پێویستە خولی هۆشیاری بکاتەوە بۆ ئەو کرێکارانەی کاردەکەن»، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستانیش ئاماژە بەوەدەدات کە حکومەت بەپێی پێویست چاودێری لایەنی سەلامەتی پرۆژەکان ناکات، هەروەها وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم باس لەبێدەنگی کرێکاران دەکات بەرامبەر بەکەمتەرخەمی خاوەنکارەکان. چالاک رەئوف، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند «پابەندنەبوونی کرێکاران بەسەلامەتی کارەوە رێژەیەکی کەمە، بەڵام خاوەنکارەکان بەڕێژەیەکی زۆر پابەندنین بەدابینکردنی پێدوایستی سەلامەتی کرێکاران، ئەگەر دابینیشی بکەن پابەندین بەچۆنیەتی بەکارهێنانی کەرەستەکانی سەلامەتی». ئاماژەی بەوەکرد «هەموو پرۆژەیەک پێویستە خولی هۆشیاری بکاتەوە بۆ ئەو کرێکارانەی کاردەکەن، هەروەها پێویستە هەموو پرۆژەیەک بەرپرسێکی شارەزا هەبێت سەرپەرشتی لایەنی سەلامەتی بکات لەناو پرۆژەکان کە ئەمە بەڕێژەیەکی زۆر کەم لەپرۆژەکاندا جێبەجێ دەکرێت». ئەوەشی خستەڕوو «ئەو پابەندنەبوونەی پرۆژەکان هۆکارن بۆ ئەوەی کە رووداوی نەخوازراو رووبدات و ببێتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی کرێکاران». سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان روونیشیکردەوە «هۆکارێکی دیکەی ئەو رووداوانە ئەوەیە کەحکومەتی هەرێمی کوردستان بەوردی چاودێری پرۆژەکان ناکات و لێپێچینەوە ناکات، هەروەها پارێزگاریکردن لە کرێکاران و دابینکردنی کەرەستەی سەلامەتی و چۆنیەتی بەکارهێنانی کەتێچووی زۆری دەوێت خاوەنکار بەکاریان ناهێنێت». چالاک رەئوف ئاشکراشیکرد، هەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە پێنج کرێکار لەکاتی کارکردن لەپرۆژەکان لەسنووری پارێزگای سلێمانی گیانیان لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەشدا، بەڕێوەبەرایەتی بەکارخستن کە سەر بەوەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە دەبێت چاودێری لایەنی سەلامەتی کرێکاران بکات لەپرۆژەکان کە لەیاسای کاردا هاتووە، بەڵام ئەم بەڕێوەبەرایەتییانە کە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم هەن بەدواداچوونەکانیان زۆر زۆر کەمە یان هەر نییە، ئەمەش کەمتەرخەمییەکی دیکەیە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە. هەر لەسەر هەمان پرس هەنگاو عەبدوڵڵا، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بەهاوڵاتی وت «رەوشی کرێکاران لەهەرێمی کوردستان زۆر خراپە، چونکە حکومەتی هەرێم بودجەی پێویستی لەبەردەست نییە ئەمەش کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی کاری پرۆژەکان دەبێت و کرێکاران کەمتر کاریان دەبێت و دۆخ و گوزەرانیان خراپتردەبێت». سەرۆکی یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی کوردستان پێوایە ئەرکی خاوەنکارە کە بۆ هەر کارێک رێنمایی کرێکار بکات بۆ ئەوەی بەسەلامەتی کارەکەی بکات، هەروەها وتی «لایەنێکی دیکەی سەلامەتی کرێکار وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کەبەشی سەلامەتی و پیشەیی بەس بەناو هەیە هیچ لیژنەیەکی چاودێری سەلامەتی و پیشەیی نییە». وتیشی «بەپێی یاسا بێت نابێت هیچ خاوەنکارێک کار بداتە کرێکار تاوەکو رێنمایی پێویستی پێنەدات لەسەر ئەنجامدانی کارەکە». ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند «زۆرکات خاوەن پرۆژەکە کەرەستەکانی سەلامەتی دابینکردووە، بەڵام کرێکارەکان پێوەی پابەند نابن». ئەوەشی وت «لیژنەکانی ئێمە بەردەوام دەگەڕێت و چاودێری پرۆژەکان دەکات و زۆرجاریش لەسەر پرسی سەلامەتی خاوەنکار سزادراوە». وتیشی «لایەنی تەندروستی و سەلامەتی لەهەرێمی کوردستان تەنها لە ١٪ی بۆ تەرخانکراوە کە لەعێراق بەڕێوەبەرایەتیەکی بۆ دابینکراوە ئەمەش کەمییەکە کەهەیە، بەڵام ئێمە لیژنەی پشکنینمان هەیە کە دەوری تەندروستی و سەلامەتی دەبینن و هەر پرۆژەیەک لە لایەنی سەلامەتی کەمتەرخەم بێت خاوەنکارەکە سزادەدرێت یان کرێکارەکە بانگ دەکەن». وتەبێژی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر لایەنێکی دیکەو ئاماژەی بەوەدا «کرێکارەکان نایەن سکاڵا بکەن و بڵێن خاوەنکارەکان کەرەستەکانی سەلامەتی دابین ناکەن، هەروەها زۆرکاتیش لەکاتی رووداوەکان کەئێمە لیژنەی بۆ پێکدەهێنین هیچ سکاڵایەک نییە لەسەر خاوەنکارەکان و زۆرکاتیش لەدادگا کاتێک بابەتەکە یەکلادەبێتەوە دەبینین کرێکارەکە کەمتەرخەم بووە». ئاریان ئەحمەد دڵنیایی دەدات بەکرێکاران و دەڵێت «ئێمە هێڵی گەرمان هەیە هەر کرێکارێک سکاڵای هەبێت دەتوانێت پەیوەندیمان پێوەبکات و ناوەکەشی پارێزراو دەبێت». بەپێی ئامارێکی رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی لەهەرێم، لەساڵی ٢٠٢٣دا ٧٣ کرێکار لەشوێنی کارەکانیان گیانیان لەدەستداوە کە ٥٢ کەسیان لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بوون و ٢١ کەسیشیان لەکەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون و تەمەنیان لەنێوان ١٥ بۆ ٧٠ ساڵدابووە و ١٨ کرێکاری بیانیش گیانیان لەدەستداوە. هەر بەپێی ئاماری رێکخراوی کرێکارانی بیناسازی ئەو کرێکارانەی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٣ گیانیان لەدەستداوە بەمشێوەیە بووە، (لەهەولێر ٢٢ کرێکار، لەسلێمانی ١٩ کرێکار، لەدهۆک شەش کرێکار، لەهەڵەبجە پێنج کرێکار). وەک رێکخراوی بیناسازی ئاماژەی پێداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەکاتی کاردکردندا لەساڵی رابردوو بەهۆی کەوتنەخوارەوەیان بووە لەشوێنە بەرزەکان. یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی کارکردن پاراستنی گیانی کرێکاران و بایەخدانە بەسەلامەتی ژینگەی کار، بەڵام لە هەرێمی کوردستان گرنگییەکی کەم بەم لایەنە دەدرێت و رۆژ بەڕۆژ کێشەو گرفتەکانی کرێکاران زیاتر دەبێت.
