هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت ئاستەنگ بۆ دابەشکردنی مووچە دروستکراوە، ئاماژە بەوەشدەکات واز لە مافە دەستوورییەکان ناهێنن. ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئازاری 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ماوەیەکی زۆرە پیلان هەیە قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنیت یان لاوازبکرێت و بەشێوازی جۆراوجۆر پیلانەکە جێبەجێکراوە، هەروەها لە ناوخۆدا هاوکاری ئەو بۆ چوونانە دەکرێت کە هەوڵی نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدەن و رێگەیان بۆ خۆشکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد "ئاستەنگ بۆ دابەشکردنی مووچە دروستکراوە، لە هەوڵداین بگەیەنە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەسەر ئەوەکردەوە کە واز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم ناهێنن و وتیشی "عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام بەداخەوە ئیدارەیەکی باشی داهات و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە نەکراوە".
هاوڵاتی وهزارهتی سامانه سروشتییهكانی ههرێم لهپهیامێكدا بهبۆنهی تێپهڕبونی ساڵێك بهسهر راگرتنی ههناردهی نهوتی ههرێم رایگەیاند، دوای ڕاگرتنی ههناردنی نهوت، ههرێمی كوردستان کەوتۆتە ناو قهیرانێكی دارایی توندهوه "له كاتێكدا پێش راگرتنی هەناردەکردنی ، مانگانه موچهی فهرمانبهران بهبێ دوا كهوتن دهدرا". ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە: "لە هەوڵەکانمان بۆ دوبارە هەناردەى نەوتى هەرێم بەردەوامین، بەڵام لەگەڵ ئەوەى هەردوو حکومەتى هەرێم و فیدراڵ رێککەوتبون لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردە، تا ئێستا دەستى پێنەکردوەتەوە." ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە نەوتى هەرێم بێ خەرجکردنى بودجە دامەزراوە، بەڵام لە بودجەدا هاوشێوەى ئەو پیشەسازییانە هەژمارکراوە کە ملیارەها دۆلارییان لەسەر بودجەى گشتى تێچوە و ئەو بڕە پارەیەی بۆ (بەرهەمهێنان و گواستنەوە)ی نەوتی هەرێم تەرخانكراوە، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ تێچونی راستەقینەی پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان ناگونجێت. ئهوهشی ئاشكراكردوه، "نهوتی ههرێم تهنها له (10%)ی نهوتی ههناردهكراوی عێراق پێكدههێنا و داهاتی ئهم نهوته تهنها بهشێك له شایسته داراییهكانی خهڵكی ههرێم له بودجهی گشتیی وڵات بو، ههر له دوای ڕاگرتنی ههناردنی نهوتی ههرێم، ههرێمی كوردستانیان خستوهته ناو قهیرانێكی دارایی توندهوه كه بههۆیهوه پێدانی موچهكانی فهرمانبهرانی ههرێم دواكهوتوه". وهزارهتی سامانه سروشتیهكان دهشڵێت، "حكومهتی ههرێم بڕی زیاتر له 11 ملیۆن بهرمیل نهوتی رادهستی حكومهتی فیدڕاڵ كرد، تا ئێستاشی لهگهڵدا بێت یهك دیناری وهرنهگرتوه، بۆئهوهی بتوانێت شایسته داراییهكانی كۆمپانیا بهرههمهێنهرهكانی نهوت بداتهوه". لە بەیاننامەکەی وەزارەتەکەدا ئەوەش باسکراوە کە بەمەبەستى چارەسەرى ئەم کێشانە هەردوو وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم راسپێردراون بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و گرفتی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم .
هاوڵاتی لە ناوچەیەکی نزیک بە شاری "خینک" لە بەلجیکا یەکشەممە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٤ چەند تورکێکی "ڕەگەزپەرست" دوای ئاهەنگی نەورۆز هێرشیان کردە سەر چەند خێزانێکی کورد کە ژمارەیان ٣٠ بۆ ٣٥ کەس دەبوو و لە ئەنجامدا شەش هاوڵاتی برینداربوون، دوای چارەسەرکردن چواریان نێدراونەتەوە بۆ ماڵەوە. لەمبارەیەوە ڕۆژنامەنووس هەندرێن هەورامی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا لە شوێنی ڕوداوەکەوە ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکە دوو لەو کەسانەی برینداربوون ناویان، سولەیمان یاقوتی تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی سێرکی باکوری کوردستان و ئەوی دیکەشیان ناوی حەمید یاقوت-ە. ڕوداوەکە یەکشەممە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٤ لە بەلجیکا ڕویداوە بەو پێیەی لە بەشێکی زۆری شارەکانی ئەو وڵآتە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕدرا لە دوای ئاهەنگەکانەوە ئەو خێزانە لەلایەن چەند تورکێکی "ڕەگەز پەرستەوە" هێرشکراوەتە سەریان . ئەو ڕۆژنامەنوسە باسی لەوەکردوە لە دوای ئاهەنگەکە ئەو هاوڵاتییە تورکانە دوای ئەو خێزانە کوردانە کەتون ولە شارۆچکەیەکی نزیکی خێنک (ئۆدسن زۆندێڕ) هێرشەکەیان کردووەتە سەریان بە گەمارۆدانیان لە ماڵێکدا و "هەوڵی کوشتنیان"داوە و هەوڵیان داوە ماڵەکە بسوتێنن، دوای ئەوەی هەواڵەکە بڵاوبووەتەوە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کورد چونە بەرەو پیرییان و بەمشێوەیەش پێکدادان لەنێوان تورک و کوردەکاندا ڕویداوە. سەبارەت بەو کەسانەشی برینداربوو هەندرێن هەورامی دەڵێت، هاوڵاتییە تورکەکان هێرشیان کردۆتە سەر ئەو پۆلیسانەشی هاتونەتە شوێنی ڕوداوەکە بەوهۆیەوە جگە لە هاوڵاتییە کوردەکان ژمارەیەک پۆلیسی بەلجیکاش برینداربوون و لەناو تورکەکانیشدا بریندار هەیە. دوای ئەوەشی بریندارە کوردەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کوردی نیشتەجێی ئەو وڵاتە بۆ پاراستنیان لەبەردەم نەخۆشخانەکە ماونەتەوە. جێگەیباسە لە دوای ڕوداوەکە ئاڵۆزییەکی زۆر لە بەلجیکا ڕویداوەو بەردەوام شەڕوپێکدادان لە نێوان هاوڵاتییانی کوردو تورکدا ڕودەدات، هاوکات خۆپیشاندان لە لایەن هاوڵاتیانی کوردەوە لە دژی ئەو هێرشە بەردەوامە و داوای دەستبەجێ دەستگیریکردنی ئەو هێرشبەرە "ڕەگەز پەرستانە" کرا. هاوکات لە چوارچێوەی خۆپیشاندانەکانی دژ بەم هێرشە سەدان کورد لە ناوچە جیاوازەکانی ئەورووپاوە لەبەردەم پەرلەمانی ئەورووپا لە بروکسل کۆبوونەوە و داوا لە بەرپرسانی بەلجیکا کرا سەلامەتی هاوڵاتیانی کوردا مسۆگەر بکەن و فشار لە دەوڵەتی تورکیا بکەن ڕێز لە یاسا و یەکسانی بگرێت. دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی بەلجیکا:
هاوڵاتی نوێنەری سێ بەشی پزیشکانی نەخۆشخانەی شار (پزیشکانی نیشتەجێی دێرین و پلەبەند و خولاو) لە سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاند و دەڵێن، تا مووچە دابەش نەکەن ناچینەوە سەر کارەکانمان و هۆشداری دەدەن. ئهو پزیشكانه بهیانی ئهمڕۆ سێشهممه 26ی ئاداری 2024، له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا له بهردهم نهخۆشخانهی شار له سلێمانی رایانگهیاند، له ههردوو پارێزگای سلێمانی و ههڵهبجه، ئیدارهكانی گهرمیان و راپهڕین ژمارهیان لە ههزار پزیشك زیاتره و بههۆی ئهوهی زیاتر له 54 رۆژه مووچهیان وهرنهگرتووه ناتوانن بهردهوام بن لهكارهكانیان. ئاماژهیان بهوهشدا، تا مووچه وهرنهگرن ناچنهوه سهر كارهكانیان. دەشڵێن: لە ئەمڕۆ بایکۆتی سەرجەم ناوەندە تەندروستییەکانی ناو شاری سلێمانی و دەرەوەی شارییان کردوە،تەنها بەشەکانی فریاکەوتن و نەشتەرگەرییە کتوپڕەکان دەوام دەکەن، داواش دەکەن حکومەت دەستبەجێ موچەکانیان پێبدات. ئەو پزیشکانە کە ژمارەیان زیاتر لە هەزار پزیشکی گەنجە هۆشداری دەدەن، لەئەگەر دابەشنەکردنی موچەکانیان هەڵوێستی توندتریان دەبێت و پەنا دەبنە بەرداخستنی سەرجەم بەشە فریاکەوتنەکان، ئۆباڵی ژیانی خەڵکیش دەخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێم. بایکۆتی پزیشکان لەکاتێکدایە، دوێنێ کارمەندانی تەندروستی سلێمانی بایکۆتیان لە کارکردن رایانگەیاند و جەختیان کردەوە، ناچنەوە سەرکارەکانیان تا ئەو کاتەی موچەکانیان دابەشدەکرێت هاوکات مامۆستایانو فەرمانبەرانیش بایکۆتیان ڕاگەیاندووە و داوای دابەشکردنی شایستە داراییەکانیان دەکان بەڵام تا ئێستا هیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو هاوکات چارەنوسی موچەکانی مانگی سێ و مانگەکانی دواتر بەهۆی ململانێکانی نێوان هەرێم و بەغدا تا ئێستا نادیارە.
هاوڵاتی لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەبای کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون ستییەکان کۆبوونەوەیەکی سازکرد و تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی سێ دیاریکرد، کە ٢٥٢ دینار بۆ ھەر کیلۆواتێک. بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، بەگوێرەی نرخی گازوایل لەبازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی ستییەکان ئامادەکراوە نرخی کیلۆوات ئاوەڕێک کارەبای موەلیدەی ستییەکان بۆ ئەم مانگە ئاداربریتییە لە ٢٥٢ دینار. ئهوهش لهكاتێكدایه مانگی (شوبات/2) نرخی كیلۆواتێك كارهبای مۆلیدهی ستییهكان (254) دینار بو، ئهوهش واته نرخی كیلۆواتێك دو دینار دابهزیوه. كارهبای سلێمانی جهختیشیكردۆتهوه، پێویسته سهرجهم ستییهكانی سنوری پارێزگای سلێمانی پابهندبن بهنرخهكهوه، بهپێچهوانهوه ئهگهر زیاتر لهو نرخه وهربگرن روبهڕوی رێكاری یاسایی دهكرێنهوه.
هاوڵاتی شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت شەپۆلێکی دیکەی باران بارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات لە سبەینێوە شەپۆلێکە دەستپێدەکات. شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی راگەیاند "بەهۆی هاتنی کۆمەڵێک هەور بە پلەی سەرەکی لە دەریای ناوەڕاست و دواتر هەندێک هەوری دیکە لە دەریای رەشەوە وا پێشبینی دەکەین لە سبەی سێشەممەوە حاڵەتێکی تری دابارین داخڵی ناوچە جیاوازەکان بێت سەرەتاش لە ناوچەکانی باکووری هەرێمەوە داخڵ دەبێت وەک سنووری بادینان دواتر ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی هەرێم بەهۆی چالاکبوونی بای باشوور لەسەر ناوچە جیاوازەکانی گەرمیان و سلێمانی و هەڵەبجە و هەندێک ناوچەی دیکە ئەگەر هەیە لەم ناوچانە بڕی بارانەکە کەم بێت وە بەشێوەی گشتگیریش هەموو ئەوانە نەگرێتەوە". ئاماژەی بەوەشکرد"لە کاتەکانی بەیانیدا شەپۆلەکە داخڵ دەبێت لەکاتەکانی دوانیوەڕۆ و درەنگان بۆ شەو بە تایبەتی کاریگەری بەرفراوان دەبێت و زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە سەرەتاش لە بادینان و دواتر سنووری هەولێرو ئیدارەی راپەرین و کۆیە و دواتر درێژ دەبێتەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و باکوری گەرمیانو سنووری هەڵەبجە، بەگشتی لەسەر گەرمیان و هەڵەبجەو بەشێکی پارێزگای سلێمانی کاریگەری لاواز دەبێت جگە لە باکووری سلێمانی و کەرکوکو هەندێ شوێنی تری گەرمیان تایبەت باکووری بەهۆی چالاکی بای باشوور و راماڵینی بەشێکی هەورەکان بۆ سەرەوەو بۆ باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێم، ئەگەری زیادبوونی بای باشوور هەیە لەبەشێکی زۆری ناوچەکان بەپلەی سەرەکیش گەرمیان دواتر سلێمانی و هەڵەبجە و بەخێرایی کەمتر بۆ کۆیەو ئیدارەی ڕاپەرین و بەشێکی سنوری هەولێر". دەشڵێت "لەمەودای شەپۆلەکەدا ئەگەری باران بارینی مام ناوەند و باش هەیە لە بەشێک ناوچەکانیش بڕەکە کەمە تایبەت ناوچە جیاوازه کانی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان، هەروەها ئەگەری بەفر بارین هەیە لە هەریەک لە ناوچە شاخاوییە بەرز و سنووریەکانی دهۆک و هەولێر و راپەرین و سنووری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ بارینی تەرزە لە هەندێک شوێنی کەم، بەڵام پێشبینی تەرزەی قەبارە گەورە ناکرێت و لە هەندێک شوێنیش هەورە بروسکە دەبێت". شاڵاو هیدایەت وتیشی "رۆژی چوارشەممە کۆتایی بەم شەپۆلە دێت، پلەکانی گەرما تا چوارشەممە بەنزمی دەمێننەوە و دواتر لە چوارشەممە و پێنجشەممه بە پلەی کەم بەرزدەبنەوە، بەڵام لە هەینی و بەولاوە بەشێوازی بەرچا و بەرزدەبنەوە".
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گەلی سیڤا لە سنوری قەزای ئامێدی بۆردوومانکرد. هاوڵاتییەکی سنووری ناحیەی دێرەلوک بە هاوڵاتی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئازاری 2024 گەلی سیڤا کە دەکەوێتە بەرامبەر گوندەکانی گۆهەرزێ و بڵاڤە لە رۆژهەڵاتی قەزای ئامێدی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردوومانکرا". تاوەکو ئێستا زیانی بۆردوومانەکە دیارنییە و فڕۆکەکانی تورکیا زۆر بە چڕی ناوچە بۆردوومان دەکەن.
هاوڵاتی لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی مامۆستایانی ناڕازی لە شاری سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەشێک لە مامۆستایان دەستگیرکران بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک. یەکێک لەو مامۆستایانەی کە ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیرکرا بە هاوڵاتی راگەیاند "ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئازاری 2024 بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی هەر لە بەردەم ماڵەکانی خۆیان دەستگیرکرابوون، هەروەها لەکاتی چوونمان بۆ لای پارکی مەلیک مەحمود بە مەبەستی بەڕێکەوتنمان بۆ دەباشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاوەمان پێکرا و ژمارەیەک مامۆستای دیکەش دەستبەسەرکران". ئاماژەی بەوەشکرد "لەلایەن هێزەکانەوە ئازارمان درا و ئاسایشەکان زۆر بەشێوەیەکی ناشرین قسەیان لەگەڵ دەکردین و مامۆستاکانیان دەستگیردەکرد و ماوەی چەند کاتژمێرێک لە ناو ئۆتۆمبێلی ئاسایش ماینەوە و دواتر بردیانین بۆ ئاسایش بینمان زیاتر لە 100 کەس دەستگیرکرابوون، دوای چەند کاتژمێرێک مانەوە ئازادکراین".
هاوڵاتی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی رایگهیاند، داواکارن بەر لە هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، هەریەک لە موچەکانی مانگی (شوبات/2)ی (ئازار/3)ی 2024 دابەش بکەن، "لەوە زیاتر خەڵک و موچەخۆران برسیمەکەن و مەمانچەوسێننەوە". ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی كه بڕیاربو ئهمڕۆ بچنه بهردهم دهباشان و خۆپیشاندان بکەن بەڵام ڕێگرییان لێکرا له بهیاننامهیهكدا کە ڕووی دەمیان لە یەکێتییە دەڵێن،ئەگەر لەگەڵ بەیاننامە و وتار و قسەی ناو دیدارەکانتان ڕاستگۆن! وەک چۆن بەوپەڕی شادومانییەوە باوەشتان بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵیی کردەوە لە هەمبەر (هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان و دابەشکردنی هەرێم بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن)؛ فەرموون بڕیاری بە نیشتمانیکردنی مووچەش بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە؛ کە لەلایەن هەمان دادگاوە لە هەمان ڕۆژدا دەرچوو. له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، "ئەگەر دەتانەوێت میللەت بۆ یەکجاریش بێت بڕوابەوەکات، کە ئێوە و پارتی دوڕوی یەک دراونین و حیزبێک نین لەگەڵ گورگ گۆشت بخۆن و لەگەڵ مەڕ شین بکەن؛ فەرمون قۆڵی مەردایەتی لێهەڵماڵن و هەر ئەمڕۆ بەفەرمیی کارەکانی تایبەت بە هەژماری منی سەپێنراو لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆتاندا ڕابگرن و هەماهەنگی لەگەڵ بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید بکەن، تا بەزویی وەک موچەخۆرانی عێراق، لە ڕێی کی کاردەوە موچەکانمان وەربگرین". باسیان لەوەشکردووە، "ئێوەی دەسەڵاتداری ئەم سنوورە، کە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازدان، دوو بژاردەتان لەبەردەمە، یان ئەوەتا لەپێناو درێژەدان بە شەریکایەتیتان لەگەڵ پارتی و ڕاگرتنی دڵیان، پشت لە مووچەبەبارمتەگیراوانی ئێره دەکەن و دواتر بەر لە هەرکەس و لایەنێک خۆتان بەسەختی باجەکەی دەدەن". مامۆستایان و فهرمانبهرانی ناڕازیی داوا دهكهن بەر لە هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، هەریەک لە موچەکانی مانگی شوبات/2) و (ئازار/3) دابەشبكرێت، لەوە زیاتر خەڵک و موچەخۆران برسینەکەن و نەمانچەوسێننەوە، وەک چۆن 10 ساڵە هاوبەشێکی سەرەکیی پارتین لە سیاسەتی برسیکردندا، ئەگەرنا دڵنیاتان دەکەینەوە، سزای گەورەی خودا و شۆڕشی برسییەکان بەرۆکتان دەگرێت، مێژوی دەسەڵاتە تاڵانکارەکانمان لە پێشچاوە، کە چۆن بون و چییان لێ بەسەرهات".
هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داھاتوودا بەغداد موچەی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان بنێرێت تابتوانرێت لەم ھەفتەیەدا موچە دابەش بکرێت. د.نەرمین مەعروف ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە میدیای یەکێتی راگەیاند،دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق چاوەڕواندەکرێت لەچەند رۆژی داھاتوودا بەغداد موچەی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان بنێرێت تا ئەو کێشەیەش نەمێنێت و بتوانرێت لەم ھەفتەیەدا موچە دابەش بکرێت. وتیشی لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ سودانی پێی ڕاگەیاندووە، "لەگەڵ حکومەتى هەرێم رێککەوتوین کێشەى موچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێم چارەسەر بکەین"، لەبرى زانیارى کۆدەکانیان نێردراوە بۆ وەزارەتى دارایی و لە ڕۆژانى داهاتوودا موچەکانیان دەنێردرێت. لەبارەى موچەى مانگى سێوە ئاماژەى بەوەکرد، سودانى وتویەتى "تا پرۆسەى تەوتینى موچەخۆرانى هەرێم تەواودەبێت ناردنى موچە بۆ هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبێت"، بۆ ناردنى موچەى مانگى سێیش دەبێت موچەى مانگى دوو دابەشبکرێت و دواتر داواى موچەى مانگى سێ بکرێت. زیاتر لە ٥٤ ڕۆژە فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و لە شەش مانگی ڕابردودا تەنها یەک مووچە وەرگیراوە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر هاوڵاتییان دروستکردووە، لەگەڵ ئەوەی بەغدا ٦٠٨ ملیاری بۆ موچەی مانگی دوو ناردووە بەڵآم حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشیناکات بە بیانوی نەبونی پارەی پێویست و نەبونی داهاتی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە.
هاوڵاتی بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەوە، سەندیكای كارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بایكۆتی سەرتاسەرییان راگەیاند، تەنیا لە بەشەكانی فریاكەوتن و بەشە هەستیارەكان دەوام دەكرێت. هاوژین عوسمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،لە شارەکانی خواروی عێراق کارمەندانی تەندروستی پلەیان بەرزدەکرێتەوە و زەوییان پێدەدەرێت، بەڵام کارمەندانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان هەمو مانگێک دەبێت لە دڵەڕاوکێی موچەکانیان بن. وتیشی: چیتر ناتوانن پشو درێژبن و بەبێ موچە دەوام بکەن، بۆیە بڕیاریان داوە بایکۆتی سەرتاسەری لەسەرجەم ناوەندەکانی تەندروستی رابگەیەنن، هەتا چارەنوسی موچەکانیان بۆ یەکلادەکرێتەوە و بایکۆتەکەش تەواوى بنکە تەندروستى و نەخۆشخانەکان دەکرێتەوە جگە لە فریاکەوتنى خێراى شارەکە. هاوژین عوسمان جەختی لەوەشكردەوە، زۆر هەوڵیانداوە نەگەنە ئەو بڕیارە، چونكە تەندروستی سێكتەرێكی هەستیارە و پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە، بەڵام بەداخەوە پاش لێدوانی وەزیری دارایی تێگەیشتن كە تروسكاییەك یاخود بەروارێك بۆ دابەشكردنی مووچە و چارەسەركردنی دۆخی دارایی نییە، بۆیە ناچاربوون لەژێر فشاری ئەندامان و چین و توێژەكانی تەندروستی، بایكۆتی سەرتاسەریی رابگەیەنن. هیواشیخواست، لە رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیران كە كۆدەبێتەوە بڕیاربدات لەسەر دابەشكردنی مووچە، چونكە مووچە لە بەغدادەوە گەیشتووە و دەتوانرێت بە داهاتی ناوخۆ كورتهێنانەكەی پڕبكرێتەوە ودابەشبكرێت. زیاتر لە ٥٤ ڕۆژە فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە و لە شەش مانگی ڕابردودا تەنها یەک مووچە وەرگیراوە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری لەسەر هاوڵاتییان دروستکردووە، لەگەڵ ئەوەی بەغدا ٦٠٨ ملیاری بۆ موچەی مانگی دوو ناردوووە بەڵآم حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشیناکات بە بیانوی نەبونی پارەی پێویست و نەبونی داهاتی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەی کەمهێنانی مووچە. لە ئێستاشدا جگە لە بایکۆتکردنی دەوام لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانگەکانی سلێمانییەوە خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازیش دەستیپێکرد و ژمارەیەک مامۆستاش دەستگیرکراون.
هاوڵاتی كهمێك پێش ئێستا رێگری له خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازیی له شهقامی 60 مهتری سلێمانی كرا و هێزێكی زۆری ئهمنی بڵاوهیپێكرا، ئهندامێكی ئهنجومهنی مامۆستایانی ناڕازیش دهڵێت، له شارهكانی سلێمانی، ههڵهبجه و ههروهها گهرمیان ژمارهیهك مامۆستا دهستگیركراون. هاوکات پەیامنێری هاوڵاتی ڕایگەیاند لە شوێنی خۆپیشاندانەکان هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەیپێکراوە و ڕێگەنادرێت میدیاکان ڕوماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن. ئەندامێکی ئەنجومەنى مامۆستایانى ناڕازیی رایگهیاند، "له شاری ههڵهبجه مامۆستا دانا و هاوڕێكانی و له سلێمانی مامۆستا نهجمهدین و له گهرمیانیش مامۆستا سالم دهستگیركراون، پێیانوایه پۆست و بڵاوكراوهی وروژێنهریان كردوه". ئاماژهی بهوهشكرد، بۆ خۆپیشاندانهكهی ئهمڕۆ مۆڵهتیان وهرنهگرتوه.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دووشەممە بڕیارە مامۆستایانی ناڕازی بە مەبەستی داوا کردنی مووچەکانیان بڕیارە لە دەباشان خۆپیشاندان ئەنجامبدەن بەڵام سەرچاوەیەک بە هاوڵاتی وت پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە ژمارەیەک مامۆستا دەەسگیرکراون. سەرچاوەیەک لەناو مامۆستایانی ناڕازی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند :چوار مامۆستا لە شەوی ڕابردوەوە لە قەزای کەلار بە بیانوی بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکانی سلێمانی دەستگیرکراون و تائێستا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕاگیراون و ماونەتەوە. بڕیارە ئەمڕۆ لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سنوری پارێزگای سلێمانی ،دەستەی مامۆستایانی ناڕازی خۆپیشاندانێکی بەرفراوان ئەنجام بدەن و کاتژمێر ۱۱ لە پارکی مەلیک مەحمودەوە بە ڕێپێوان بچنە دەباشان ، وەک ناڕەزایەتیەک گرفتەکانیان بگەیەنە سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی ،بەتایبەت پرسی هەژماری من کە لە ئێستادا بابەتی گەرمی ناو مووچەخۆرانی هەرێمە. ئهمه لهكاتێكدا نزیكهی دوو مانگه هیچ مووچهیهك له ههرێمی كوردستان دابهش نهكراوه، ئهمهش وای كردووه دۆخی ئابووری فهرمانبهران و مووچهخۆران قورس ببێت، هاوكات له پارێزگاكانی سلێمانی و ههڵهبجهو ئیداره سهربهخۆكانی گهرمیان و راپهڕین، بایكۆتی دهوام بههۆی دواكهوتنی مووچه زۆربهی فهرمانگهكانی گرتووهتهوه. لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک داوا لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان دەکات لەگەڵ ناردنی لیستی مووچەدا، لیستی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش بنێرن. بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ئیمزای ئاوات شێج جەناب وەزیری دارایی لەسەرە و ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و دەستە سەربەخۆکانی حکوومەتی هەرێمی کردووە و داوا دەکات، هاوپێچ لەگەڵ لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی ئادار، لیستێکی دیکە ئامادە بکەن کە شایستەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی تێدا دیاری کرابێت، لە کاتی گونجاودا ئاراستەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بکەن. ای خۆیانهوه پهیجهكانی سهر به مامۆستایانو فهرمانبهرانی ناڕازی له تۆڕی كۆمهڵایهتی فهیسبوك ئەم نوسراوەیان بەوە لەقەڵەمدا کەدەیانەوێت فێڵ له مامۆستایان بكهن و بڕیارەکە جێبەجێ ناکرێت. ئهمه لهكاتێكدا نزیكهی دوو مانگه هیچ مووچهیهك له ههرێمی كوردستان دابهش نهكراوه، ئهمهش وای كردووه دۆخی ئابووری فهرمانبهران و مووچهخۆران قورس ببێت، هاوكات له پارێزگاكانی سلێمانی و ههڵهبجهو ئیداره سهربهخۆكانی گهرمیان و راپهڕین، بایكۆتی دهوام بههۆی دواكهوتنی مووچه زۆربهی فهرمانگهكانی گرتووهتهوه. لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە. لە دوای شەڕی داعش و بڕینی بەشە بودجەکەی لەلایەن بەغداوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رێکاری گرتەبەر، لەوانە پاشەکەوتکردنی مووچە، راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، نەدانی پارەی بەڵێندەران و رێکخستنەوەی باج و رسوومات، پێشبینیش دەکرێت مەبەست لە داواکردنی ئەم لیستە بۆ ئەوە بێت ە پلەی فەرمانبەران بەرزبکرێتەوە و ئەو زیادەکەی بەگوێرەی پلەکەیان دەچێتە سەر مووچەکەیان لە لایەن عێراقەوە بۆیان ببەسترێت.
هاوڵاتی دهستهی داكۆكی له مامۆستایان و فهرمانبهرانی ناڕازی جهخت لهسهر رهتكردنهوهی پرۆژهی (ههژماری من) دهكاتهوه و راشیدهگهیهنێت، بێباكی حكومهتی ههرێم وایكرد رو له بهغدا بكهین. دهستهی داكۆكی له مامۆستایان و فهرمانبهرانی ناڕازی لهڕاگهیهندراوێكدا بڵاویكردهوه،"بێباكی حكومهتی ههرێم وایكرد رو له بهغدا بكهین، به خۆشحاڵیهوه، بهرههمی ههوڵه مهدهنیهكانمان بریتیبو له راگهیاندنی پرۆژهی بهنیشتیمانیكردنی دابهشكردنی موچهی موچهخۆرانی ههرێم (تهوتین) لهڕێگهی بانكه فیدڕاڵیهكانی ڕهشید و ڕافیدهینهوه". ئاماژهی بهوهشكردوه "له ئێستادا بێباكی حكومهتی ههرێم گهیشتوهته ئاستێك نهوهك تهنیا بهدهم بهرههمی خهباته مهدهنییهكهمانهوه نایهن و نایانهوێت موچهكانمان لهڕێگهی بانكه فیدڕاڵیهكانهوه دابهشبكرێت، بهڵكو دهستیشیان بهسهر قوتی ئێمهدا گرتوه و رێگهنادهن پارهی نێردراوی موچهش دابهشبكرێت". دهستهی داكۆكی له مامۆستایان و فهرمانبهرانی ناڕازی ئەوەشیخستۆتەڕوو کە " مامۆستایان و فهرمانبهرانی كۆڵنهدهر، دوباره و سهدباره جهخت لهسهر رهتكردنهوهی پرۆژهی (ههژماری من) دهكهینهوه، بهردهوامیش دهبین له خهباتی مهدهنی، بهڵام رێگهشنادهین خهباتی مهدهنی ئێمه بۆ هیچ مهرامێكی سیاسی بهكاربێت". باسلەوەشدەکەن، "ئێمه بهردهوامین له خهباتی مهدهنی، چونكه پێمانوایه تاكه رێگه بۆ گهیشتن به ئامانجهكانمان شهقام و دهسهڵاتی دادوهریی و رێكاری مهدهنییه". ڕاگەیەندراوەکەی مامۆستایانی ناڕازی لە کاتێکدایە کە دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنێکیدا سەبارەت بە سکاڵای مامۆستایان بڕیاریدا مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لە لایەن بەغداوە دابەشبکرێت و وەزارەتی دارایی عێراقیش داوای لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کرد بۆ مانگی دوو هاوکات دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران بۆ مووچەکانی مانگی سێ و مانگەکانی داهاتووی ساڵی ٢٠٢٤، لە ئێستاشدا لەگەڵ ئەوەی بەغدا بەشێکی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی ناردووە بەڵام حکومەتی هەرێم هێشتا دەستی بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە نەکردووە و هیچ هەنگاوێکیشی بۆ دروستکردنی ئەو هەژمارە بانکیانە نەداوە کە لییان داوا دەکرێت لە لایەن عێراقەوە . هاوکات وەزیری دارایی هەرێمیش ڕایگەیاند دەستبەرداری هەژماری من نابن و پێویستە مووچە لەو هەژمارەوە دابەشبکرێت کە بەغدا ڕەتیدەکاتەوە بەکاریبهێنێت ئەمەش مامۆستایان و فەرمانبەرانی توڕە و بێئومێد کردووە.
