هاوڵاتی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەڵامی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی دایەوە و رایگەیاند، ئەو کەسەی بەناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنها تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزاریەکەیان دەکات دوای ئەوەی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "ئەوانەی لە کوردستان پشتگیریی دادگای فیدراڵی دەکەن لەبەر ئەوەیە کە لە بەرژەوەندیی ئەوان هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاری نادەستووری دەدات." رۆژی هەینی 22ی ئاداری 2024 بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وتی، "ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و رۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە." سەرۆکی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات، هەر جۆرە "ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپ"یش بەرامبەر دادگای فیدراڵیی عێراق رەتدەکەنەوە و دەڵێت، ئەو دادگەیە "سەربەخۆ و پیشەییە، کە بەشداری کارایە لە پاراستنی سیستمی سیاسی لە عێراق و پاراستنی سەربەخۆیی، ئەوەش لە قووڵایی ئەرکە دەستووری و نیشتمانییەکانە." دوای ئەو نووسینە، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسینێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "ئێمە هەموومان لەگەڵ سەروەریی یاسا و دادگەیەکی بێلایەن و دەستووریداین، بەڵام تائێستا بەپێی دەستوور، عێراق دادگایەکی دەستووریی نییە و ئەو دادگایە بە نادەستووری بەردەوامە و بڕیارەکانیشی نایاسایی و نادەستوورین." بە وتەی پێشەوا هەورامانی، "ئەوانەی لە کوردستان پشتگیریی ئەو دادگایە دەکەن، لەبەر ئەوەیە لە بەرژەوەندیی ئەوان هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاری نادەستووری دەدات". لە وڵامی ئەمەدا سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: کەسێک بەناو وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لێدوانی داوە لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و مافی موچەخۆرانی کوردستانەوە. دەشڵێت: لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، کەسێکمان نەبووە و نییە کە وەک وتەبێژ، هەڵوێستەکانی تەعبیری لە سیاسەت و بۆچونەکانی تیمی وەزاری یەکێتی بکات، بەڵکو ئەو کەسەی بەناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنها تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزاریەکەیان دەکات بۆیە ئەوەی وتوویەتی هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نییە. لە ڕاگەیەندراوەکەى سەمیر هەورامیدا هاتووە: لەبری لێدوان و قسەو تۆمەت بەخشینەوە، واباشتر بوو بەهەموومانەوە هەوڵی چارەسەر کردنی گرفتەکان بدەین و مافی موچەخۆران دەستەبەر بکەین. هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان بەبێ متمانە و پشتگیری خەڵکی کوردستان و تەنها بە دروشم ناپارێزرێت. ناکۆکی نێوان لایەنەکان سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردن و مووچەی فەرمانبەران و یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان تا دێت زیاتر دەبێت و گەیشتۆتە شەڕە بەیاننامەو ڕاگەیەندراوی جیاواز بەرامبەر بە یەکتری. دەستپێکی ناکۆکی نێوان لایەنەکانیش دوای ئەوە هات رۆژی 21-02-2024 کە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، دەبێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 100 کورسی تێنەپەڕێت و کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیشی بە نادەستووری ناوبرد. ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەسەر بنچینەی سکاڵایەک بوو کە لەلایەن زیا جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی کورسی کۆتاکان و بازنەی هەڵبژارنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرابوو دوا بەدوای بڕیارەکەش پارتی دیموکراتی کوردستان دادگاکەی بە نادەستوری ناوبرد و بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنی دا و تورکمانەکان و 10 حیزب و لایەنی کریستیان هاوشێوەی پارتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد. لەبەرامبەر ئەمەدا حزبەکانی دیکەی وەک یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو بەرەی گەل پاڵپشتی خۆیان بۆ بڕیارەکەی دادگا و ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕاگەیاند و نانکۆکی نێوان حیزبەکان سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگاکە دەستی پێکرد.
هاوڵاتی حکومەتی عێراق ئامادە نییە بودجەی پێویست بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان بکات بە بیانووی ئەوەی هێزێکی "سیادی" نییەو هێزێکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە. جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، عێراق وتویەتى بەپێی دەستور پێشمەرگە هێزێکی سیادی هاوشێوەی سوپای عێراق نییە، بەڵکو وەکو پۆلیس و ئاسایش هێزێکی ناوخۆیی هەرێمە، بۆیە دەبێت هەرێم لە بودجەی خۆی خەرجییان دابین بکات. هەندێکجاریش بیانووی ئەوە دەهێننەوە گوایە ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە زۆرە. وتیشی، "حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق هیچ بودجەیەکیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە خەرج نەکردووە. ئەو بڕە پارەیەش لە یاسای بودجەی عێراق دا بۆ پێشمەرگە دانراوە بەشی موچەو پێداویستی یەک لیوای پێشمەرگە دەکات." بەپێی یاسای بودجەی عێراق، بودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی بەرگری عێراق 9 تریلیۆن و 764 ملیار دینارە، پشکە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لەم بڕە پارەیە، 228 ملیارو 304 ملیۆن دینارە. هاوکات لەشەڕی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو چەکدارانی ڕێکخراوی داعش، 1810 پێشمەرگە گیانیان لەدەستداو 10720 پێشمەرگەش برینداربوون،لەو بارەیەوە سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە،"تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ کەسوکاری شەهیدو بریندارەکان تەرخان نەکراوە." جێگەیباسە هەرچەندە حکومەتی عێراق ماوەی هەفتەیەکە بڕی 600 ملیار دیناری ناردووە بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بەڵام حکومەتی هەرێم تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەی بەسەر موچەخۆراندا دابەش نەکردووە بەبیانووی ئەوەی عێراق موچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی نەناردووە.
هاوڵاتی ئەمساڵ لە هەرچوار پارچەی کوردستان نەورۆزی "بەرخودان" بەڕێوەچوو ، بە گوێرە میدیاکانی تورکیاش دەسەڵاتدارانی تورکیا زیاتر لە ۲۰۰ کەسیان دەستگیرکردوە، کە لەنێویاندا ۳۸ منداڵ هەیە بە تۆمەتی لەبەرکردنی جلی کوردی و ڕەنگی قەدەغەکراوە لە پێش و لە کاتی ئاهەنگگێڕانی ۲۱ی ئازاری ساڵی نوێی کوردی. بە پێی ڕاپۆرتی میدیا تورکی و کوردیەکان هاوکات دامەزراوەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا کە بەڵگەنامەی پێشێلکارییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ قوربانیانی ئەشکەنجە لەو وڵاتە بڵاودەکاتەوە ڕایگەیاند لە ئاهەنگەکانی نەورۆزدا لە تورکیا زیاتر لە ٢٠٠ کەس دەستگیرکراون و لەنێویاندا ۳۸ منداڵ هەیە و بەلایەنی کەمەوە 70 لەوانە لە 17 ی مانگی سێدا لە میانەی خۆپیشاندانێکی نەورۆزدا لە ناوچەی یێنیکاپی ئەستەنبوڵ دەستگیرکراون هاوکات نۆ لە دەستگیرکراوەکانی ئەو خۆپیشاندانە منداڵ بوون و ڕووبەڕووی توندوتیژی پۆلیس بوونەتەوە. هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو هاوڵاتییانە بەهۆی لەبەرکردنی جلوبەرگ و بەرزکردنەوەی ئاڵا بووە بە ڕەنگەکانی سوور و سەوز و زەرد کە ڕەنگی ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە . پۆلیسی تورکیا دەڵێت هەندێک لە دەستگیرکراوەکان پۆستەری عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرزکردۆتەوە لە میانەی کۆبونەوەو ئاهەنگەکاندا. لەم بارەیەوە سییلان ئاککا کوپۆلۆ یاسادانەرێکی پارتی دیموکراتی دیاربەکرە ڕایگەیاند لە بەشێکی زۆری کۆبونەوەکاندا نە ئاڵای پەکەکە بەرزکراوەتەوە نە وێنەی عەبدوڵا ئۆجەلان بەڵام پۆلیسی تورکیا بەبێ هۆ هێرشی کردۆتە سەر ژمارەیەکی زۆر لە بەشداربوانی ئاهەنگەکان. وتیشی ئەو سەرکوتکردنەی تورکیا پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیایە کە بڕیارە لە 31 ی مانگی سێدا ئەنجام بدرێت و حکومەتی تورکیاش نەورۆز بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەرمان.
هاوڵاتی نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا لە چاوپێکەوتێکدا ڕایدەگەیەنێت، مەسعود بارزانی دڵنیایی پێداوە کە پارتی بەشداریی لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکات. مالیکى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى سۆمەریە باسی لە پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان خۆی و مەسعود بارزانی کرد و ڕایگەیاند، لەگەڵ مەسعود بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم ئەنجامدا، دڵنیایی پێدام کە پارتی لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم ناکشێتەوە، بەڵام چاوەڕێی لێکدانەوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەکەن. مالیکى ئاشکراى دەکات کە بەڵێنێکى بە مەسعود بارزانى داوە و دەڵێت: بارزانیم دڵنیاکردەوە ئەو کێشانەی نێوان هەرێم و بەغدا بەم نزیکانە چارەسەر دەبێت. سەرۆکى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا راشیگەیاند، یەکێک لەو کێشانەى کۆتایینەهاتووە، یاساى نەوت و گازە کە لە 2007 دەنگى لەسەر دراوە رەوانەى ئەنجوومەنى نوێنەران کراوە، ئەوەى پەسەندکردنەکەى دواخستووە، ئەو هەموارانەن هەرێمى کوردستان و وەزارەتى نەوت پێشکەشیان دەکەن. لەبارەى دادگاى فیدراڵیشەوە مالیکى وتى: دادگای فیدراڵی دەزگایەکی بێلایەن و لایەنێکی ژیرە کە کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی نێوان لایەنە جیاوازەکان و دادگای فیدراڵی هەڕەشەی لە کەس نەکردووە و بەبێ بەڵگە تۆمەتی خراوەتە پاڵ. ڕۆژی 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێتدوای ئەو ڕاگەیاندنەش ئەو حیزبە کۆبونەوەکانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم دەستپێکرد. ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024 وەکو وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت و بڕیاری کشانەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەکان دوای بریارێکی دادگای فیدراڵی بوو کە لهسهر سكاڵایهكی فراكسیۆنی یهكێتی نیشتمانی كوردستان له خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان، شێوازی ههڵبژاردنی له یهك بازنهییهوه بۆ چوار بازنهیی گۆڕی و 11 كورسی پێكهاتهكانی لابردو ژمارهی كورسییهكانی پهرلهمانی له 111 كورسییهوه بۆ 100 كورسی كهمكردهوه.
هاوڵاتی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمی دیموکراسی و رەوتی حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو، ئاماژە بەوەشدەکات پشتیوانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەن. بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمی دیموکراسی و رەوتی حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو. چەسپاندنی سەروەری یاسا و دادپەروەری لە پایەکانی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتین کە زامنی مافی هاوڵاتییان و کۆمەڵگەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان". ئاماژەی بەوەشکرد "لە کاتێکدا ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە، هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپیش رەتدەکەینەوە بەرامبەر دادگای باڵای فیدراڵی، کە دادگایەکی سەربەخۆ و پیشەییە کە بەشداری کارایە لە پاراستنی سیستمی سیاسی لە عیراقدا و پاراستنی سەربەخۆیی ئەوەش لەقوڵایی ئەرکە دەستووریی و نیشتمانییەکانە". وتیشی "دەسەڵاتی دادوەری عیراقی بە سەربەخۆییەکەی ناسراوە و رێزگرتن لەوسەربەخۆییەش رەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و فاکتەرێکی گرنگە کەهاوڵاتییان لەسایەیدا هەست بەسەقامگیری، ئاسایش، ئۆقرەیی و زامنی مافەکانیان دەکەن". سەرۆکی یەکێتی دەڵێت "با پێکەوە کاربکەین بۆ بەهێزکردنی روحییەتی هانابردن و رێزگرتنی ڕەها بۆ یاسا، سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری جێگیر بکەین، کە سەرۆک مام جەلال رۆڵی گرنگی هەبووە لە چەسپاندنیدا لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا".
هاوڵاتی مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی هەواری شار بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی راپەرین تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بەفێڵ بڕی 40 هەزار دۆلاری لە هاوڵاتییەک وەرگرتبوو. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە تۆمەتبارێک فێڵی لێکردوەو بەپاساوی ئەوەی خۆی و خێزانەکەی دەبات بۆ دەرەوەی وڵات بڕی 40 هەزار دۆلار (چوار دەفتەر)ی لێ وەرگرتووە و دواتر تۆمەتبار خۆی ونکردووە، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی هەواری شار توانییان شوێنی تۆمەتبار بدۆزنەوەو بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەرین لەقەزای ڕانیە دەستگیریانکرد". ئاماژە بەوەشکراوە "لەلێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار دانی بەوەدانا کە بەو پارەیەی لەسکاڵاکاری سەندووە، ئوتۆمبێلێک و دەمانچەیەکی کڕیوە، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە توانرا دەستبگیرێت بەسەر ئوتۆمبێل و دەمانچەکەو بڕی ماوەی پارەکە". پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند "لەئێستادا تۆمەتبار (س، ج، س) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی 456 لەیاسای سزادان راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە".
هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایدەگەیەنێت پرسی دیاریکردنی پارێزگار بۆ شاری کەرکوک وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ پێشکەوتنێک نییە و شارەکە لە بۆشاییەکی کارگێڕی و یاساییدایە. ئەحمەد رەمزی، ئەندامی سەرکەوتووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە میدیای شەفەق نیوزی راگەیاندووە "گفتوگۆکان لەسەر پرسی دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکوک و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ نییە، هەرچەندە کەرکوک لە بۆشاییەکی کارگێڕی و یاساییدایە". ئاماژەی بەوەشکردووە "سەڕەڕای هەوڵەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک تائێستا لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ شارەکە". وتوشیەتی "ئەمڕۆ کەرکوک بەهۆی نەبوونی حکومەتی خۆجێی بۆشایی کارگێڕی و یاسایی بەخۆیەوە دەبینێت و ئەنجومەنی پارێزگاش ئەرکی یاسادانان و چاودێریکردنی خۆی جێبەجێناکات".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان بێت باران و بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرماش گۆڕانکارییان بەسەردادێت. بەپێی پێشبینییەکان بێت، ئەمڕۆ هەینى 22- 03- 2024 بەهۆی کاریگەری بەردەوامى ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەى لەسەر ناوچەکەمان هەیە تەواوى ئاسمانى هەرێم هەورى باراناوى دەبێت لە زۆربەی ناوچەکان، سەرەتا لە ڕرۆژئاواى هەرێم بە شێوەى نمە باران و بارانی مامناوەند دەستپێدەکات و پاشان کاریگەری درێژ دەبێتەوە بۆ سەر تەواوی ناوچەکانى تر، لە سنووری پارێزگای دهۆک ڕێژەی دابارین زیاتر دەبێت و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ لێزمە باران و هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت، لە کانەکانی دوای نیوەڕۆ لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان بارانی مامناوەند دەبارێت و هەندێک کات باران بەشێوەی تاوە بارانی کورت خایەن دەبێت، پاشان بۆ کاتەکانی شەو کاریگەری ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان لاواز دەبێت، هەروەها بەفرێکی کەم لەناوچە شاخاوییە سنوورێیەکان دەبارێت، خێرایی با لەسەرخۆ - مامناوەند (10 – 20)کم/س دەبێت و پلەکانی گەرما بە نزیکەی 1 تا 3 پلە نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. ئاماژە بەوەشدراوە، سبەی شەممە 23- 03- 2024 ناجێگیرى کەشوهەوا لەسەر ناوچەکەمان بە رێژەیەکی کەمتر بەردەوامى دەبێت، ئاسمانی هەرێم بە گشتی هەورى تەواودەبێت لە زۆربەی ناوچەکان نمە باران و بارانی مناوەند دەبارێت بە تایبەت سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان باران بارینی زیاتر دەبێت بەروارد بە ناوچەکانی تر، لە هەندێک کات و ناوچە پێشبینی هەورە تریشقە و تاوە بارانى کورت خایەن دەکرێت، خێرای با لەسەرخۆ - مامناوەند (10 – 20)کم/س دەبێت هەندی کات چالاک دەبێ بۆ سەروی 30 کم/س، پلەکانی گەرما / بەرز دەبێتەوە بە 2 تا 4 پلە بە بەراوورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 19 سلێمانی: 18 دهۆک : 17 زاخۆ : 17 هەڵەبجە: 19 کەرکوک: 22 سۆران: 12 حاجی ئۆمەران: 5 گەرمیان : 24
هاوڵاتی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا نامەیەک ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بهبۆنهى جهژنى نهورۆزهوه نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان، نامهيهكى پيرۆزبايى له هاكان فيدان، وهزيرى دهرهوهى توركياوه پێگهيشت كه تيايدا هيواى ساڵێكى پڕ له خۆشى و ئارامى و تهندروست باشی بۆ دهخوازێت. له نامهكهدا هاتووە "بهڕێز سهرۆك، دۆستى ئازيزم، له ناخهوه پيرۆزباييى جهژنى نهورۆزتان لێدهكهم كه سيمبولى خۆڕاگرى و ئاشتى و ژيانهوهى سروشت و ساڵيكى نوێ و نهريتێكى كۆنى هاوبهشمانه. ههروهها هيواى خواستووه ههماههنگى و هاوبهشيى نێوان ههردوولا بههێزتر بێت لهپێناو ئارامى و ئاشتى له ناوچهكهدا".
هاوڵاتی سەرچاوەیەک لە وهزارهتی بهرگری توركیاوە رایگهیاند كه حكومهتی عێراق وهڵامێكی ئهرێنی نیشانداوه بۆ كردنهوهی ناوهندێكی ئۆپهراسیۆنی هاوبهش له دژی پارتی كرێكارانی كوردستان "پهكهكه" و ئاژانسی ڕۆیتەرزیش ڕایگەیاند، پێشبینی دهكرێت له سهردانهكهی ئهردۆغان بۆ عێراق ڕێکەوتننامەیەک لەو بارەیەوە واژۆ بكرێت. ئهمڕۆ پێنجشهممه 21ی ئاداری 2024 ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە،لە دانیشتنەکانی هەفتەی ڕابردوی نێوان تورکیا و عێراقدا حکومەتی عێراق ئەرێنی بووە سەبارەت بە دروستکردنی ناوەندێکی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ عێراقدا دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان . باسی لەوەشکردووە، ئهنقهره دهیهوێت دامهزراندنی ئەو ناوەندە بخرێته ناو بهڵگهنامهی ڕێككهوتنێكهوه كه پێشبینی دهكرێت له سهردانهكهی ئهردۆغان لە دوای مانگی ڕەمەزان و سەرەتای مانگی چوار بۆ عێراق واژۆ بكرێت. سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ ئامادەکردنی ئەو ڕێککەوتنە سەرچاوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەو ئاژانسەی ڕاگەیاندووە، ئامادەکارییەکان بۆ ئامادەکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بەردەوامە و رێککەوتنەکەشی بە "بەڵگەنامەی چوارچێوەی ستراتیجی" ناوبردووە. سەرچاوەکە دەشڵێت، دوای واژۆکردنی رێککەوتن و بەڵگەنامەکە، وردەکاری و ناوەڕۆکی ناوەندی ئۆپراسیۆنی هاوبەشی هەردوولا دیاریدەکرێن. ئەمەش لە کاتێکدایە ١٢ی ئازاری ٢٠٢٤ وەزارەتى بەرگریی تورکیا و شاندێکى پاسەوانى سنووریى عێراق لەسەر سنوورەکانى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوە و وەزارەتى بەرگریی تورکیا وێنەیەکی کۆبونەوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵآیەتی ئێکس بڵاوکردەوەو رایگەیاند، "ئۆپراسیۆنەکانمان لە هەرێمى کوردستان بە هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکانى عێراق بەڕێوەدەچێت". توركیا له ساڵی 2019هوه ئۆپهراسیۆنی سهربازی لهودیو سنورهكانییهوه له دژی پهكهكه له ههرێمی كوردستان له ژێر ناوی " چنگی پڵنگ" دهستپێكردووه و تا ئێستاش بهردهوامه و بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆری دانیستوانی گوندە سنورییەکانی هەرێم ماڵەکانیان جێهێشتووە و بەشێکی زۆری گوندەکان بە تەواوی چۆڵکراون.
هاوڵاتی سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەنێرێت. هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچە، ناردنی کۆدی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لە هەولێرەوە بۆ بەغدا بووە. بەگوێرەی میدیای نزیک لە پارتی، محەممەد شیاع سوودانی و مەسرور بارزانی رێککەوتوون لە بری لیستی مووچە، کۆدی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بنێردرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی مووچەکانیان ڕەوانە بکرێت و دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەستپێبکات. ئەو میدیایە باسی لەوەکردووە هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، لەسەر میکانیزمی ناردنی کۆد لەبری وردەکاری ناوی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە رێککەوتون تاوەکوو مووچەکانیان خەرجبکرێت، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەرێی گەیشتنی ئەو کۆدانەیە. هاوکات بڕیاربووە ئەم هەفتەیە مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە لە بەغداوە خەرج بکرێت و لە هەرێمی کوردستانیش دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی دوو بکرێت، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی ناردنی کۆدی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، ناردنی پارەش دواکەوت و مایەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو. بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە تا ئەو کاتەی موچە بە نیشتمانیی دەکرێت، فەرمانبەرانی هەرێم موچەکانیان بە کاش وەردەگرن هاوکات هەفتەی داهاتوو کە بڕیارە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی کۆببنەوە بڕیارە بابەتی هەژماری من یەکلای بکرێتەوە.
هاوڵاتی تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بانگی لە کوردانى هەر چوار بەشی کوردستان کردو یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنن، دەشڵێت: "ئەوە سێ ساڵە سیاسەتی گۆشەگیری بەڕێوە دەبەن، ناتوانن ئیرادەی ملیۆنان کەس گۆشەگیر بکەن، ناتوانن داوای ئاشتی و دیموکراسی ملیۆنان کەس بخەنە گۆشەوە". ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بە درووشـمی “ڕاپەڕە کاتی ئازادی و سەرکەوتنە” ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەچوو، تونجەر باقرخان هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ئاهەنگەکەدا قسەی کرد و نەورۆزی لە سەدان هەزار ئامادەبوو پیرۆزکرد. باقرخان لە وتارەکەیدا پەیامێکی ئاڕاستەی تورکیا کرد و وتی ،" ئەوە سێ ساڵە سیاسەتی گۆشەگیری بەڕێوە دەبەن، ناتوانن ئیرادەی ملیۆنان کەس گۆشەگیر بکەن، ناتوانن داوای ئاشتی و دیموکراسی ملیۆنان کەس بخەنە گۆشەوە." وتیشی: "باشترە گوێ لە داخوازی ئەو ملیۆنان کەسە بگرن. پێتان دەڵێین، لەبری شەڕ، چارەسەر هەڵبژێرن، ئەگەر ناونیشانی چارەسەرتان دەوێت، زۆر نزیکە، لە دوورگەی ئیمراڵیە." هاوکات هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی ، لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد داوای لە کوردانى هەر چوار پارچەی کوردستان کرد یەکێتی نەتەوەیی پێکبهێنن و ڕایگەیاند، "پێویستە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان نەکەونە ژێر فشاری دەسەڵات و خاوەنداری زیاتر لە پرسی کورد بکەن، پاشان بانگەوازی لە هەموو کوردێک کرد و ڕایگەیاند: ئەوان بە هەموو بستێکی کوردستان دەڵێن “تیرۆریستان” لە سلێمانی تا دهۆک و کۆبانێ، لە هەر چوارپارچەی کوردستان تۆپ دەبارێنن، واتە دوژمنی هەر چوار پارچەی کوردستانن، بانگەواز لە کوردانی چوار پارچەی کوردستان دەکەم، ئەگەر ئەمڕۆ ڕۆژی یەکێتی نەتەوەیی نەبێت، ئیتر کەیە؟" هەروەها جەختیکردەوە، ئەگەر یەکێتی خۆیان بنیات بنێین، دەتوانین ڕێگە لە ئۆپەراسیۆن و شەڕی دژی کوردان بگرین، پێویستە کورد یەکێتی خۆی بنیات بنێت و ئاستەنگەکانی بەردەمی هەڵبگرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی ئازار ئاهەنگی نەورۆز لە هەرچوار پارچەی کوردستان بە ڕێوڕەسمی چیاجیا بەڕێوەچوو لە ئامەدیشلە پاركی نەورۆزی ناوچەی رەزانی ئامەدی باكووری كوردستان مەراسیمی ملیۆنی پیرۆزبایی نەورۆز بە دروشمی 'رابن، كاتی ئازادی و سەركەوتنە' دەستیپێكرد ولە رێوڕەسمەكەدا چەندین وتار پێشكەشكران تێیدا داوای ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كرا. هەروەها لە بەشێكی دیكەی ئەو وتارانەدا داوا لە هاووڵاتیانی باكووری كوردستان كرا بە گەرموگوڕییەوە بەشداری هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ببن لە 31ی ئاداردا و پەیامی ئەو زیندانیانە خوێندرایەوە كە ماوەی ١١٦ رۆژە لە پێناو ئازادیی ئۆجەلان و چارەسەری دیموكراتیكی پرسی كورد مانیان لە خواردن گرتووە. هاوکات لە مەراسیمی نەورۆزی ئامەد ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەندان لەوانە دوو هونەرمەندی رۆژهەڵاتی كوردستان غەزەڵ مستەفا و فەرەج عەلیپوریش بەشداربوون و گۆرانیان پێشكەش كرد.
هاوڵاتی ئهندامێكی خانهی ڕاپهڕاندنی بزووتنهوهی گۆڕان ڕایدهگهیهنێت، گهر پارتی بایكۆت بكات و بهشداری له ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان نهكات، پێناچێت ڕێگه به ئهنجامدانی پرۆسهكه له ههولێر و دهۆك بدات. سهفین مهلا قهره، ئهندامی خانهی ڕاپهڕاندنی بزووتنهوهی گۆڕان و ئهندامی وهفدی حزبهكهی بۆ كۆبوونهوه لهگهڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، به دهنگی ئهمریكای وت: "وهفدی پارتی لهگهڵ ئێمه باسی ڕێگریكردنیان له ههڵبژاردن نهكرد، بهڵام گهر بهشداری نهكهن، پێموایه ناهێڵن ههڵبژاردن له ههولێر و دهۆك ئهنجام بدرێت". وتیشی، "پێموانیە پارتی بچێتە ژێر باری ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە، گەر هەڵبژاردنیش ئەنجام نەدرێت کاریگەری خراپی دەبێت و دام و دەزگاکانی هەرێم دەکەونە بۆشایی دەستورییەوە." ڕۆژی 18 ی مانگی 3 ی 2024، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە نایانەوێت بەشداربن لە پرۆسەیەکدا کە نایاسایی، نادەستوری و لە سایەی سیستمێکی سەپێنراودا بێت، دوای ئەو ڕاگەیاندنەش ئەو حیزبە کۆبونەوەکانی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم دەستپێکرد و لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی 19 ی مانگی 3 ی 2024، وەفدێکی باڵای مەکتەبی سیاسی پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە. سەفین مەلا قەرە، کە بەشداری کۆبوونەوەی نێوان پارتی و گۆڕانی کردبوو باسی لەوەشکرد کە،"پارتی هیچ داواکارییەکیان نەبوو، ڕوونکردنەوەیان دا لەسەر هۆکاری بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردن، وتیان ئێمە هەڵبژاردنی پاک و بێگەردمان دەوێت و گومانمان هەیە لەوەی هەڵبژاردنە پاک بێت." هاوکات سەبارەت بەوەی لە حاڵەتی ڕێگریکردندا لە هەڵبژاردن تا چەند ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هەیە، سەفین مەلا قەرە دەڵێت،"پێناچێت هەڵبژاردن لە سلێمانی و هەڵەبجەش بەڕێوەبچێت گەر لە هەولێر و دهۆک نەکرێت، بەڵام گەر پارتی ڕێگری بکات عێراق و دادگا هەڵوێست وەردەگرن." ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024 وەکو وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت و بڕیاری کشانەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەکان دوای بریارێکی دادگای فیدراڵی بوو کە لهسهر سكاڵایهكی فراكسیۆنی یهكێتی نیشتمانی كوردستان له خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان، شێوازی ههڵبژاردنی له یهك بازنهییهوه بۆ چوار بازنهیی گۆڕی و 11 كورسی پێكهاتهكانی لابردو ژمارهی كورسییهكانی پهرلهمانی له 111 كورسییهوه بۆ 100 كورسی كهمكردهوه.
هاوڵاتی هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، گەریلاکانی ئازادی لە زاپ، لە ١٩ی ئازاردا ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید جوان – شەهید ئەندۆکیان ئەنجامدا. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ی ئازاری ٢٠٢٤ هێزەکانى پاراستنى گەل- هەپەگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، گەریلاکانی ئازادی لە زاپ، لە ١٩ی ئازاردا ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید جوان – شەهید ئەندۆکیان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا ٤١ سەربازی سوپای تورکیا کوژران. دەقی راگەیەندراوی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە: ڕێپێوانی سەرکەوتنی هەڵمەتی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بێپسانەوە بەردەوامە، گەریلاکانمان پێشوازیان لە جەژنی ژیانەوە و بەرخودانی نەورۆز بە ڕۆحی کاوەی هاوچەرخ هەڤاڵ مەزڵوم دۆغان کرد، گەریلاکانی ئازادی کوردستان کە بە سەرکەوتنی گەورەی ئاسمانی نەورۆزی ٢٠٢٤یان کردە دیاری بۆ گەلی کورد، لە سەر زەویشەوە لە ١٩ـی ئاداری ٢٠٢٤دا بە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی گورزی قورسیان لە سوپای تورک وەشاند و بەم جۆرە جەژنی نەورۆزی گەلە وڵاتپاڕێزەکەمانیان پیرۆز کرد. لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، لە دژی سێ بارەگای سوپای تورک ، ڕۆژی ١٩ـی ئادار کاتژمێر ٠٩:٢٥ ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید جوان- شەهید ئاندۆک بەڕێوەچوو، ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی بە تاکتیک و تەکنیکێکی تایبەت بە دەستپێشخەری هێزەکانمان دەستیپێکرد و سەرەتا لە داگیرکەران لە گۆڕەپانی شەهید جەمرە درا، لەو گورزە قورسەدا ٢ کۆنتینەر، خێمەیەک، سەنگەرێک لەناوبران، ١٥ داگیرکەر سزادران، ٩ داگیرکەریش برینداربوون، دوای ئەو لێدانە گورزی کاریگەر لە داگیرکەران لە گۆڕەپانی شەهید جەمرە وەشێندرا، لە گورزی باسکی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیدا ٢ داگیرکەر سزادران، داگیرکەرێک برینداربوو، ٢ سەنگەر و چەکێکى نارنجۆک هاوێژی زنجیردار لەناوبران. لە گۆڕەپانی شەهید جەسور لە چوار قۆڵەوە گورزی کاریگەر لە داگیرکەران وەشێندرا، لەوێ بەگشتی ٢٤ داگیرکەر سزادران، داگیرکەرێکیش برینداربوو، هەروەها هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی چوونە سەر تەرمی ٧ داگیرکەر و دەستیان بەسەر بۆمبهاوێژێکی بی ٧، چەکێکی نیوئۆتۆماتیک، زنجیر و ١٥٠ فیشەکی، دوربینێکی ڕۆژ، ئامێرێکی دەستنیشانکردن، سیستمێکی دەنگ، دەستکێشێک، ٢ باتری تەرمال، ئاداپتۆرێک و دوو کامێرا، هێزە پرۆفیشناڵەکانی گەریلا دەستیان بەسەر چەکێکی بۆمبهاوێژی بی ٧دا گرت و ئەو چەکەیان لە دژی داگیرکەران بەکارهێنا، بە ڕۆکێتی بی ٧ گورز لە زرێپۆشێکی داگیرکەران وەشێندرا. بە چەکی سوک و نیو ئۆتۆماتیک گورز لە داگیرکەران لە گۆڕەپانی شەهید پیردۆغان وەشێندرا، لە ئەنجامدا کامێرایەکی چاودێری و سێ پڕۆژێکتۆر لەناوبران. هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی گورزی بەهێزیان لەو داگیرکەرانە وەشاند کە دەیانویست بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش دەستوەردان لە گۆڕەپانی چالاکیەکەدا بکەن، ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکان دوای ئەو گورزەی بەریان کەوت ناچاربوون بکشێنەوە. لە ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕی شەهید جوان- شەهید ئاندۆکدا بە گشتی ٤١ داگیرکەر سزادران، ١١ داگیرکەریش برینداربوون، چوونە سەر تەرمی ٧ داگیرکەر و دەستیان بەسەر بۆمبهاوێژێکی بی ٧، چەکێکی نیو ئۆتۆماتیک، زنجیر و ١٥٠ فیشەکی، دوربینێکی ڕۆژ، ئامێرێکی دەستنیشانکردن، سیستمێکی دەنگ، دەستکێشێک، ٢ باتری تەرمال، ئاداپتۆرێک و ٢ کامێرادا گرت، نارنجۆکهاوێژێکی زنجیردار، چەکێکی کەسی ئێم پی تی- ٥٥، ٧ کامێرا، ١٢ کامێرای مۆبیس، ٨ مرۆژێکتۆر، ٧ سەنگەر، ٣ کۆنتینەر، ٢ خێمە و ڕادارێک لەناوبران. هەڤاڵانمان ئەکین و جانشێر، کە لەو ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕیەدا بە گیانی نەورۆز چوونە سەر دوژمن و بە قارەمانێتیەوە شەڕیان کرد، شەهیدبوون، زانیاری فراوان لە سەر ناسنامەی هاوڕێ شەهیدەکانمان دواتر بۆ گەلە وڵاتپارێزەکەمان و ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە.
هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕؤ سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی شاری هەولێر بکات و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی مووچەوە کۆبوونەوە ئەنجام بدات. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی ئازاری 2024 محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەولێر دەکات، دوای بەشداریکردنی لە ئاهەنگی نەورۆز لە چیای کۆڕەک لەسەر پرسی مووچە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە. هەروەها لە سەردانەکەیدا بڕیارە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە بەرپرسانی دیکەی هەرێم کۆبێتەوە.
