هاوڵاتی وەزارەتی بازرگانی عێراق پێشنیازی زیادکردنی ھێلکە و مریشک دەکات بۆ سەبەتەی خۆراکی مانگی رەمەزان، رێکاریش بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخ دەگرنەبەر. "لەما ھاشم موسەوی" بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەرھەمە خۆراکییەکان لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، پێشنیازکراوە چەند بەرھەمێکی خۆراکی بۆ سەبەتەی خۆراکی مانگی رەمەزان زیادبکرێت، کە یەکێک لە پێشنیازەکان بریتین لە مریشک یاخود ھێلکە یان ھەردووکیان پێکەوە، بەڵام ھێشتا تاوتوێی بابەتەکە دەکەن و لە رۆژانی داھاتوودا بابەتە زیادکراوەکان بۆ سەبەتەی خۆراک دیاریدەکرێن. وتیشی، لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان، رێکار گیراوەتەبەر بۆ سنوردارکردنی نرخ و کۆنترۆڵکردنی نرخەکان لە بازاڕەکاندا.  بە وتەی "لەما ھاشم"،  ئەو بابەتە خۆراکییانەی زیاددەکرێن سەرجەم ئەو ھاووڵاتیانە دەگرێتەوە کە کۆبوونی خۆراکیان ھەیە. 

ئەمریکا بە لێدوانێک میدیا و بەپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەدرۆ دەخاتەوە و رایدەگەیەنێت سەرنجی لەسەر دەنگە ناڕەزایەکانە دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە و چیتر ئامانجی زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی نییە. نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاد؛ ئیدارەی ئێستای وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن گوێ لە دەنگە ناڕازییەکان دژی کۆماری ئیسلامی دەگرێت و دەیەوێت هاوکاریی نەیارانی دەسەڵاتی ئێران بکات. پرایس وتویەتی: ئەمریکا گوێ لەو هاوڵاتییانەی ئێران دەگرێت کە لەدەرەوەی وڵاتەکەیان دەژین و نەیاری کۆماری ئیسلامین بەڵام ناکرێت لە دەرەوە بڕیاری یەکلاکەرەوە و چارەنوسساز بۆ خەڵک و دانیشتوانی ئێران بدرێت و تەنانەت واشنتۆن ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە دەنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو وڵاتەیە. ئەو ئاماژەی بەوە کردوە؛ لە ئێستادا واشنتۆن لە نزیکەوە لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە پەیوەندیدایە و گوێبیستی هەڵوێست و ئامانجەکانیانە دژی کۆماری ئیسلامی. پرایس جەختی لەوە کردوەتەوە؛ گەڕانەوە یان چالاک کردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی لە پلانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکادا نەماوە. لێدوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدایە بەرپرسانی باڵا و میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە چەند رۆژی رابردودا بڵاویان کردوەتەوە کە واشنتۆن پەیامی بۆ تاران ناردەوە سەبارەت بە چالاک کردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1.    

هاوڵاتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دووشەممە ڕایگەیاند، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی ڕێگە بە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات بە شێوەیەکی کاتی دوو دەروازەی سنووری زیادە لە تورکیاوە بەکاربهێنێت بۆ وەرگرتنی یارمەتی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە لە ناوخۆی سوریا. ئاژانسی هەواڵی فەڕمی سوریا سانا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە وتی: سەرۆک ئەسەد پێویستی هێنانی هاوکاری بەپەلەی بۆ هەموو ناوچەکانی سوریا دووپاتکردەوە، لەوانە ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە ژێر داگیرکاری و هەژموونی گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکانەوە.   ئەم ڕاگەیاندنە دوای چەند کاتژمێرێک دوای کۆبوونەوەی مارتن گریفیتس، بەرپرسی مرۆیی ناوبراو لەگەڵ ئەسەد و بەرپرسانی باڵای سوریا لە دیمەشق هات، گریفیتس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داوای کردووە ڕژێمی سوریا  ڕێگەی زیاتر بۆ مرۆڤدۆستان بکاتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە زۆر لایەنەوە کەوتۆتە بەر ڕەخنە بەهۆی  لاوازی و هێواشی وەڵامدانەوەی خەڵک لە ناوخۆی سوریا و بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی گروپەچەکدارەکان و ئۆپۆزسیۆنی سوریادان. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ڕووسیا چوار خاڵی هاتوچۆی کەمکردووەتەوە بۆ تەنها یەک خاڵ کە یارمەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات مانگانە بگاتە ٢.٤ ملیۆن سوری لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا. هاوکات لە دوای بوومەلەرزەکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بە گشتی "٥٨"  بارهەڵگر لە ناوەندەکەی تورکیاوە، لە ڕێگەی دەروازەی سنووری" باب ئەلهاوە" چوونە  باکووری ڕۆژئاوای سوریا، کە بە شێوەیەکی سەرەکی خێمە  و کەلوپەلی ناخۆراکییان هەڵگرتووە..  

هاوڵاتی  ئیبراهیم ڕەئیسی،  سەرۆکۆماری ئێران ڕۆژی سێ شەممە  لەسەر داواکاری سەرۆکۆماری چین بەسەردانێکی سێ رۆژە گەیشتە پەکین و و لەمیانەی کۆبوونەوەکانیاندا " ٢٠ گرێبەستی هاوکاری" لەنێوان هەردوولادا واژۆکرا. ئاژانسی هەواڵی ئیرنا ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی شاندەکانی هەردوولا بیست بەڵگەنامەی هاوکاری لە نێوان ئێران و چیندا واژۆکراوە، هەروەها  سەرچاوە هەواڵییەکانی ئێرانیش ڕایانگەیاندووە  سەرۆک کۆماری چین لە کۆنگرەی نەتەوەیی گەلی چین بە فەرمی بەخێرهاتنی شاندی ئێرانی کرد و ڕاستەوخۆ دوای ئەم مەراسیمەکەش  دانوستانی شاندەکانی هەردوولا دەستی پێکردووە. لەم سەفەرەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەوان پارێزگاری بانکی ناوەندی و وەزیرانی بازرگانی، ئابووری و نەوت، یاوەری ئیبراهیم ڕەئیسین، لەوبارەیەشەوە بە گوتەی تەسنیم، بە ئاماژەدان بەوەی کە پێکهاتەی سەرەکیی شاندی یاوەری سەرۆک کۆمار تیمی ئابوورییە، وتی کە "چین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێرانە، بۆیە کردەوەیەکی ستراتیژی لەم سەفەرەدا لە بواری گەشەپێدان و خێراکردنی دەبێت". هەروەها بە گوێرەی ئاژانسی تەسنیم  ڕێکەوتنە ئابوورییەکان  ئەوە نیشان دەدات کە ئێران لەسەر ڕێگایە  بۆ گەشەکردن و گەشەسەندنی کارلێکە بازرگانییەکانی لەگەڵ چیندا.  ئیبراهیم ڕەئیسی و شی جینپینگ بۆ یەکەمجار لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەی لوتکەی ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای لە ئۆزبەکستان دیداریان کرد و دوای ئەوە سەرۆک کۆماری ئێران خوازیاری فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم وڵاتە بوو. لەبارەی کۆبوونەوەکەشەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند،" پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بنیاتنەرانە و "دژی هیچ وڵاتێکی تر نییە". ئەم بانگهێشتەی سەررۆکۆماری ئێران لەسەر خواستی سەرۆکی چین لەکاتێکدایە، کە سەرۆکی چین لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوودا سەردانی سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کرد و زنجیرەیەک ڕێککەوتنی گەورەی ئابووری لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا، بەبێ ئەوەی سەردانی ئێران بکات، ئەمەش وەک هەڵوێستی چین دژی ئێران لێکدرایەوە.  ئێران و چین پەیوەندییەکی بەهێزی ئابوورییان بە تایبەتی لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە، کشتوکاڵ، بازرگانی و وەبەرهێنان واژۆ کردووە، هەروەها ساڵی ٢٠٢١ هەردوو وڵات ڕێککەوتنی هاوکاری " ستراتیژیان" بۆماوەی ٢٥ ساڵ واژۆکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی هه ڵوێسته کانیان له باره ی ڕووسیا و هێرشه که ی بۆ سه ڕ ئۆکرانیا که ساڵێک له مه وبه ڕ ده ستیپێکرد، له ژێر گوشاری ڕۆژئاوادان. .  

دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایدەگەنێت لە سێ ئۆپەراسیۆنیاندا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی نەجەف و شاره‌وانی و سایلۆی شاره‌كه بۆیان دەرکەوتوە، نزیكه‌ی 600 هه‌زار دۆلار لە پڕۆژه‌یەک به‌فیڕۆ دراوه‌. بەشی لێکۆڵینەوەی ده‌سته‌کە لە بڵاوکراویەکدا ڕایگەیەندووە: تیمی کاری فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی نەجەف ئاشکرای کرد، دوای ئەنجامدانی کاری وردبینی و بەدواداچوون، له‌سه‌ر بەهەدەردانی زیاتر لە 582 هەزار دۆلار، لە ئەنجامدانی سەرپێچی لیژنەکانی جێبەجێکردن هه‌بووه‌. ئاماژەی داوە ، گه‌نده‌ڵییه‌كانی له‌ پڕۆژەی جێبەجێکردنی رێگایەکی دەروازە لە کۆتایی رێڕەوی فڕینی فڕۆكه‌خانه‌ و تەواوکردنی سیاجەکەی دەرەوە لەبەردەم ناوچەی فڕۆکەوانی (E) دا كراوه‌. هەر لەو بڵاوکراوەدا باسی ئەوەدەکات، لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی نەجەفدا، ناروونیه‌ك  لە قەرزەکانی ئەو وەبەرهێنەرەی کە پرۆژەی ئاوی شار جێبەجێ دەکات، به‌دی كرا، چونکە شارەوانی رێکاری یاسایی پێویستی بەرامبەری نەگرتووه‌ته‌بەر، بڕی قەرزە کەڵەکەبووی وەبەرهێنەرەكه‌ كه‌ قەرزداری سەرمایەدارەکە بووە، (651,193,750) ملیۆن دینار بووه‌. باسی کەمتەرخەمی کردووە، له‌ سایلۆی ئەبو ساخیر کراوە و دەستیان بەسەر (5,700) تۆن برنجی عه‌نبه‌ردا گرتووە كه‌ زیانی پێگه‌یشتبوو، ئه‌مه‌ش كارمه‌ندانی سایلۆكه‌ تۆمه‌تباربوون، چونكه‌ به‌باشی ئه‌و برنجه‌یان هه‌ڵنه‌گرتبوو.

بەریتانیا بەڵگەکانی پڕچەککردنی حوسییەکانی یەمەن لە لایەن ئێرانەوە بڵاو دەکاتەوە و رادەستی نەتەوەیەکگرتوەکانی دەکات. بۆ یەکەمجار و بەشێوەی رەسمی هێزەکانی بەریتانیا تۆمار ڤیدیۆیی و ئەو بەڵگانەیان خستەڕو کە لە درۆنێکی ئێرانی لە دەریای عومان تۆمار کراوە. ئاژانسی (ئەسۆشیەتێدپرێس) لە زاری بەرپرسانی سەربازیی بەریتانیا بڵاویان کردوەتەوە؛ درۆنەکە لە جۆری (Quadcopter)  لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بەکارهێنراوە و هێزە دریاوانییەکانی بەریتانیا دەستیان بەسەردا گرتوە. هێزە دەریاوانییەکانی بەریتانیا ئاماژەیان بەوە کردوە سوپای پاسداران زانیارییەکانی ناو درۆنەکەی نەسڕیوەتەوە و دەرکەوتوە ئەو درۆنە 22 جار لە تاران تاقی کراوەتەوە و دواجار کە کۆتاییەکانی ساڵی رابردودا لە لاین هێزەکانی بەریتانیاوە دەستی بەسەردا گیراوە. لە تۆمارە ڤیدیۆییەکان ئەو درۆنە دەرکەوتوە ئێران چەک و موشەکی پێشکەوتوی رادەستی چەکدارە حوسییەکان لە یەمەن کردوە. وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاندوە؛ سەرجەم ئەو تۆمارە ڤیدیۆیی و بەڵگانە رادەستی نەتەوەیەکگرتوەکان کراوە و هەنگاوەکانی ئێران بە پێی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی درۆنەکەی سوپای پاسداران پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشە.      

حکومەتی ئێران رایگەیاند؛ پلانی هەیە بۆ گەڕانەوەی ئەو کسانەی لە وڵاتانی دەرەوە نیشتەجێن و سەرۆک کۆماریش بەڵێن دەدات دەستگیر نەکرێن و لێکۆڵینەوەیان لێنەکرێت. بە پێی پلانێکی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران هەوڵی گەڕانەوەی ئەو کەسانە دەدرێت کە وڵاتەیان جێهێشتوە و حکومەت ئاسانکارییان بۆ دەکات کە بە بێ سزادان و لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان بگەڕێنەوە وڵات و زێدی خۆیان. میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە ؛حکومەت بە دیارییکرداوی دەیەوێت ئەو گەنج و لاوە وەرزشکار و پاڵەوان، خوێندکار و هونەرمەندانە رازی بکات بە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان کە بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی پێنج مانگی رابردو رویان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە کردوە. لە پلانەکەی حکومەتی ئێران کە رەئیسی ئامادەی کردوە، بەڵێن بەو کەسانە دەدرێت کە خوازیارن بگەڕێنەوە وڵاتەکە کە بە هیچ شێوەیەک فشاریان نەخرێتەسەر و لە لایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانەوە لێکۆڵینەوەیان لێنەکرێت. ئەو پلانەی رەئیسی لە کاتێکدا لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاترین پاڵەوان و یاریزان و هونەرمەندی ناودار وڵاتەکە و زێدی خۆیان جێهێشتوە و دژی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوە لێدوانیان داوە. سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی رابردوشدا حکومەت هەوڵی هاوشێوەی داوە بەڵام زۆربەی ئەو کەسانەی لە ئەوروپا و ئەمریکاوە گەڕاونەتەوە روبەڕوی تۆمەتی سیخوڕی بۆ وڵاتانی بیانی کراونەتەوە و سزا دراون. لە خۆپیشاندانەکانی دوا مەرگی ژینا ئەمینی زیاتر لە 80 کەسی خەڵکی ئێران کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتانی بیانی بون دەستگیرکراون و تا ئێستا زۆرینەیان لە زیندانەکاندان.

وه‌زیری دارایی عێراق: كێشه‌ی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دیناری عێراقی به‌ ئیراده‌ی حكومی و جه‌ماوه‌ری چاره‌سه‌ركرا، له‌ئێستاشدا حكومه‌ت به‌رنامه‌یه‌كی گه‌وره‌ جێبه‌جێده‌كات كه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت.   ته‌یف سامی وەزیری دارایی عێراق، ئەمڕۆ له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ كۆڕبه‌ندی به‌رده‌وامیی دارایی كه‌ له‌ ئیمارات به‌ڕێوه‌چو له‌ وتارێكدا وتی: حكومه‌تی عێراق به‌رنامه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌ ئاستی ئابوری و دارایی جێبه‌جێده‌كات كه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ و دامه‌زراوه‌یی ده‌وڵه‌ت بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رده‌وامیی دارایی ده‌بێت. دەربارەی  به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار لەماوەی ڕابردوو، ته‌یف سامی ڕایگەیاند، كێشه‌ی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌دینار به‌ ئیراده‌ی حكومی و جه‌ماوه‌ری بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دیناری عێراقی چاره‌سه‌ر كرا. هەروەها دەربارەی ئامادەکارییەکانی بودجەی ساڵی نوێ، سامی ئاماژەی بەوەدا، حكومه‌ت له‌ لێواری ته‌واوكردنی كاره‌كانه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2023.

هاوڵاتی لە ناوچەی دەفنەی پارێزگای هاتای کە بومەلەرزەکە کاریگەریەکی زۆری لەو ناوچەیە دروست کردووە، سێ کەس کە پیکابێکیان پێبووە و کەلوپەلی ماڵانیان بار کردبوو، لەلایەن هەندێک کەسی دیکەوە بە لێدان و ئەشکەنجە کوژران. رۆژی ٦ی شوباتی ئەمساڵ بومەلەرزەیەکی بەهێز کە ناوەندەکەی پارێزگای مەرەشی باکوری کوردستان بوو روویدا و کاریگەری لەسەر ١٠ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان و چوار پارێزگای سوریا و رۆژئاوای کوردستان دروست کرد. لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دیمەنێکی ڤیدیۆیی بڵاوبووەتەوە کە سێ کەس بە دەموچاوی خوێناویەوە لەسەر زەوی کەوتون. باسی ئەوە دەکرێت کە ئەو سێ کەسە لە هاتای دەستیان بە تاڵانی کردووە و کەلوپەلی ماڵانیان دزیوە. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە تۆڕەکاندا بڵاودەکرێنەوە، سێ کەسەکە بە ئەشکەنجە و لێدان کوژراون. لە ماوەی چەند رۆژی دوای بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا، چەندین دیمەنی بەم شێوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبوونەتەوە کە سەربازانی تورکیا، چەندین کەس بە تۆمەتی دزیکردن لە باڵەخانە رووخاوەکاندا ئەشکەنجە دەدەن. بەگوێرەی ئامارێکی ئاژانسی ئەنادۆڵۆی فەرمی تورکیا، تاوەکو ئێستا نزیکەی ١٠٠ کەس لەو شارانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکراون.

پۆلیسی تورکیا لە شاری سەمسور 5 گەنجی کوردی دەستگیرکرد و ئەشکەنجەی دان، کە بە خۆبەخش لە ئامەدەوە بە مەبەستی رزگارکردنی هاوڵاتیان چوونەتە ئەو شارە. رەجەب تانریڤەردی، ئایدن تانریڤەردی، یوسف ئاباتای، ئیبراهیم تانریڤەردی و ئەرهان تانریڤەردی کە لە قایمقامی ناوچەی چناری ئامەد مۆڵەتیان وەرگرتبوو، کە بە شێوەیەکی خۆبەخش بەشداری لە هەڵمەتی رزگارکردنی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە بکەن، لە سەمسور لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، ئەو گەنجانە دوێنێ تەرمێکیان لەژێر باڵەخانە رووخاوەکاندا دەرهێنابوو، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیاندا بۆ رزگارکردنی هاوڵاتیانی دیکە لەلایەن جەندرمەکانەوە وەک کەسانی گۆماناوی دەستگیرکران. جەندرمەکان ئەو 5 کەسیان رادەستی پۆلیس کرد. گەنجەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس ئەشکەنجەدران و دواتر بەبێ جلوبەرگ و بە رووتی لە شاری سەمسور دەرکران.  

شەوی رابردوو لە پارێزگای موسەننای باشووری عێراق، لە روبەڕوبوونەوەیەکدا،ئەفسەرێک و دوو ئەندامی باندێک کوژران.   لەم بارەیەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دوێنێ شەممە، 11ی2ی2023، بڵاویکردەوە، لە ناوچەی ئوم عەسافیر لە باکووری پارێزگاری موسەننا، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزێکی پۆلیسی پارێزگای موسەننا و باندێکی مادەی هۆشبەر و دزی روویدا.    بەپێی راگەیێندراوەکەدا، لە ئەنجامی شەڕەکە دوو ئەندامی باندەکە کوژران و دووی دیکەی برینداربوون، ئەفسەرێکیش کوژراوە. بەپێی زانیاری وەزارەتی ناوخۆی عێرق ، باندەکە مانگی رابردوو هەڵاتبوون و هێزەکانی پۆلیسی بەدواوەیان بوون.     ئەو ئەفسەرەی کوژراوە پلەکەی ملازمی یەکەمە و ناوی عەبدوڵڵا کامل بەراکە و لە بەڕێوەبەرایەتیی تاوانی موسەننا کاری کردووە.    ژمارەی ئەو کەسانەی لە 10 مانگی ساڵی 2022دا بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون 13 هەزار و 680  کەسە؛ تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەم هەزار و 360 کەس دەستگیر کراون. وێنەی ئەفسەرە کوژراوەکە

هاوڵاتی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە باکووری کوردستان، تورکیا، رۆژئاوای کوردستان و سووریا بۆ 33 هەزار و 179 کەس بەرزبووەوە. نەتەوەیەکگرتووەکانیش هۆشداری دەدات کە دەکرێت ژمارەکە دوو هێندەی لێ بێت.  رۆژی یەکشەممە 12-2-2023، سەرۆکایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا - ئافاد بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی رابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە بۆ 29 هەزار و 605 کەس بەرزبووەتەوە. هەر لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە 80 هەزار و 276 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا برینداربوون.  بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی سووریا، هەزار و 408 کەس لەوان لەو ناوچانە گیانیان لەدەستداوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدان؛ هاوکات 2 هەزار و 167 کەس لەو ناوچانە گیانیان لەدەستداوە لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتن.  ئەوە لە کاتێكدایە، مارتن گریفیس، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی شەممە، 11ـی شوباتی 2023 هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 و رایگەیاند، 50 هەزار کەس تێدەپەڕێنێت.  هاوکات،ستیفان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە بەرنامەی تۆدەی رادیۆی چواری بی بی سی وتی، بۆ ئەوەی تیمەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگەنە هەندێک ناوچەی سوریا، دانوستان بەردەوامە و داوای لە وڵاتان کرد پشتیوانی و هاوکاری لەم رووەوە بکەن. سەرلەبەیانی ٦ی ئەم مانگە چەند بومەلەرزەیەكی بەهێز باكورو رۆژئاوای كوردستانی هەژاندو كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لێكەوتەوە، ناوەندی بومەلەرزەكە باكوری كوردستان بوو. یەكەم بومەلەرزە كاتژمێر 4:17 بەگوڕی ٧.٧ ناوچەی پازارجكی پارێزگای مەرەش، دووەم بومەلەرزە كاتژمێر 4:26 بەگوڕی 6.4 ناوچەی نورحەقی دیلۆك (عەنتاب) و سێیەم بومەلەرزەش كاتژمێر 4:36 بە گوڕی ٥.٥ ناوچەی ئیسلاحیەی دیلۆكی (عەنتاب) باكوری كوردستانی هەژاند. بومەلەرزەكان لەقۆڵایی هەشت بۆ پێنج كیلۆمەتر لەژێر زەوی روویانداو هەرسێكیان زیاتر لەخولەكێك بەردەوام بوو. لەگەڵ پارێزگاكانی دیلۆك و مەرەش، بومەلەرزەكان كاریگەریەكی زۆریان لەسەر پارێزگاكانی، ئامەد، سەمسور، روحا، مێردین، سێرت، شڕنەخ، كلس، مەلەتی، عوسمانیە، هاتای و ئەدەنەی باكوری كوردستان و توركیا دروستكرد.

جارێکی دیکە بەهای تەمەن بەرامبەر دۆلار دابەزیی و میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێرانیش بەهای جیاواز و کەمتر لە نرخی راستەقینەی دۆلار بڵاو دەکەنەوە. ئەمڕۆ بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە زیاتر لە 46 هەزار و 50 تمەن و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی بەهای دۆلار لەو وڵاتە ئەژمار دەکرێت. بەهای یەک یۆرۆ لە 50 هەزار تمەن نزیک بوەوە و هەر پاوەندێکی بەریتانی بۆ زیاتر لە 55 هەزار تمەن بەرزبوەوە. لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم سەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردەوە کە بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەکاندا بۆ 42 هەزار و 987 تمەن دابەزیوە. دابەزینی بەها لە بەرامبەر تەمەندا تەنها رۆژێک دوای بەڕێوچونی ساڵیادی 44 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران رویدا کە دەیان بەرپرسی باڵا لە ساڵیادەکەدا بەڵێنی باشترکردنی دۆخی ئابوریی وڵاتەکە و بژێویی خەڵکیان دا.  

هاوڵاتی بەهۆی زۆری ژمارەی ئاوارەکانی ناوچە کارەساتبارەکانی بومەلەرزەکەی تورکیا، عێراق بڕیاری داوە، دووەم ناوەندی پەناگە بۆ ئاوارەکان بکاتەوە. باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ئەنقەرە دوەم سەنتەری پەناگە لە قوتابخانەی داهێنەری عێراقی كرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بەهۆی زیادبونی ژمارەی هاوڵاتیانی ئاوارە لە ناوچەکانی بومەلەرزە وێرانکەرەکە. ئەوەش ئاشکراکراوە، بڕیارەکە لە چوارچێوەی زۆری ژمارەی کۆچبەراندا دراوە کە بەهۆی بومەلەرزە وێرانکەرەکەی تورکیاوە ئاوارەبوون و دوای ئەوەی، دوێنی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە کارەکانی ناردنەوەی ٧٥ هاوڵاتی عێراقی و دەرکردنی بەڵگەنامەی تایبەتی بە مەبەستی گواستنەوەیان بۆ عێراق تەواوکرد. 6ی ئه‌م مانگه‌ بومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز باكوری كوردستان، توركیا و سوریا و رۆژئاڤای كوردستانی گرته‌وه‌ و تائێستاش هه‌زاران كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌زاران بینا و باڵه‌خانه‌ش روخاون.  

هاوڵاتی وەزیری کشتوکاڵی تورکیا له‌باره‌ی بەنداوەکانی وڵاته‌كه‌ی له‌ دوای بومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌ "دڵنیایی"دا كه‌ هەمو بەنداو و وێستگەکانی کارەبای وڵات لە دۆخێکی باشدان و کاریگەرییان لەسەر نەبوە، هه‌ندێك له‌ شارەزایانیش ده‌ڵێن، بەنداوەکانی تورکیا هەرچەندە هۆکاری راستەوخۆی بومەلەرزەکە نەبون، بەڵام بەشدارییان کردوە لە زیادکردنی هێزی بومەلەرزەکەی تا ئەوڕادەیەی کە بوەتە وێرانکەر. دوای بڵاوبوونەوەی چەند دەنگۆیەک سەبارەت بە تەقینی بەنداوەکان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەڕەشی باکووری کوردستان، ڤاهیت کیریشچی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-2-2023، سەردانی پارێزگای ئەدەنەی کرد و رایگەیاند، "بەنداوەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و لە هیچیاندا دزەی ئاو بەدی نەکراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، تیمە تەکنیکیەکان پشکنین و چاودێری بەنداو و وێستگەکانی کارەبا ده‌كه‌ن بۆ دڵنیابون لە سەلامەتییان، به‌ڵام "هیچ دزەکردنێک نییە، چ لە بەنداوەکان و چ لە وێستگەکانی کارەبای ئاویدا". وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا ئاشکرایکرد، 110 بەنداو و 30 پۆند لە ناوچەی بوومەلەرزەلێدراو هەن و گوتی: "لەو 140 بەنداو و پۆندەدا هیچ کێشەیەک دروستنەبووە و رۆژانە پشکنینیان بۆ دەکرێت. لە 132یاندا تیمەکانمان دڵنیابوونەتەوە لەوەی هیچ بەهاناوەچوونێک پێویست نییە. پشکنینی هەشت بەنداویش بەردەوامە". بومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ی ئه‌م مانگه‌، زیانێکی زۆری ماددی و مرۆیی لێكه‌وته‌وه‌، هەروەها مشتومڕێکی بەرفراوانی لەسەر سەلامەتی بەنداوەکان لە هەردو وڵاتی تورکیا و سوریا دروستکردوه‌. بەوتەی شارەزایان، بەنداوەکانی تورکیا هەرچەندە هۆکاری راستەوخۆی بومەلەرزەکە نەبون، بەڵام بەشدارییان کردوە لە زیادکردنی هێزی بومەلەرزەکە تا ئەوڕادەیەی کە بوەتە وێرانکەر، بەو پێیەی ئەو بەنداوانە لە ناوچەکانی چالاکیی بومەلەرزەیی مەترسیدار و چالاکدا هەڵکەوتون. شارەزایان دەڵێن، ئەو بەنداوانە کاریگەرییان لەسەر توێکڵی زەوی و ژێر خاکەکەی هەیە، بەوپێیەی ئاو لە درزەکانەوە دەڕژێتە ناو زەوی و دادەبەزێت بۆ ناو حەوزەکانی ژێر زەوی و دەبێتە هۆی پرۆسەی فراوانبون یان شکانەکانی ناو حەوزەکان و خلیسکانیان. ژمارەی بەنداوەکانی تورکیا 579 بەنداوە، کە کۆگاکەیان 650 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێپەڕاندوە و بەنداوی ئەتاتورک و کەبان گەورەترین بەنداون لە وڵاتەکەدا. رۆژی 6-2-2023 پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان بە بوومەلەرزەیەکی 7.8 پلەی رێختەر هەژا. تائێستا زیاتر لە 24 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 80 هەزار کەسیش بریندارن.