‌هاوڵاتى تیرۆری رەش کۆماری ئیسلامی ئێران رەش دەکات دوای ئاشکرابوونی پەرەسەندنی چالاکیی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران نزیکەی (10) زانای بواری فیزیاو ئەتۆم لەو وڵاتە کوژراون کەدوایین نموونەیان کوشتنی موحسین فەخری زادە بوو کە بەپێشکەوتووترین پلانی تیرۆر لەجیهاندا لەقەڵەمدەدرێت و دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی بەگەورەترین گورز دژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەژمار دەکرێت چونکە بەپێی ئەو زانیارییانەی کەمیدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە بەچەکی ئۆتۆماتیک و لەڕێگەی مانگی دەستکردووە ئەو زانایە کوژراوەو زنجیرەی ئەم کوشتنانە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەتیرۆری رەش ناوی دەهێنرێت و بەرپرسانی وڵاتەکە راستەوخۆ ئەمەریکاو ئیسرائیل و بەریتانیا تۆمەتباردەکەن و ئەو سێ وڵاتە بەسێ گۆشەی رەش ناوزەد دەکەن. کوشتنی فەخری زادە بەتیرۆری کەسی پێنجەمی باڵادەستی نێو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەمدەدرێت کە بەباوکی موشەکی و ئەتۆمیی ئێران دەناسرێت، بۆیە ئەم رووداوە بەگورزێکی کوشندەی دیکە دژی کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرێت کەپێشبینی دەکرێت کاردانەوەی توندی لێبکەوێتەوە. دەستپێکردنی کوشتنی زانایانی ئەتۆمیی تەلەفیزیۆنی ئێن بی سی (NBC) ئەمەریکا ئاشکرای کردووە لەساڵی (2007) چوار زانای ئەتۆمیی لەلایەن رێکخراوی موجاهیدنی خەلقی ئێران کە نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێرانن، کوژراون و ئەمە دەستپێکی ئەو زنجیرە تیرۆرانەیە کە دژی زانایانی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکردووە و لەساڵی (2010) تا (2012) شەش زانای ئەتۆمیی ئێران کراونەتە ئامانج و تەنها یەک کەسیان رزگاری بووەو کۆماری ئیسلامی ئێران دانی بەوەداناوە کە لەو دوو ساڵەدا پێنج زانای بواری ئەتۆمیی کوژراوەو تیرۆر کراون. ئەو تەلەفیزۆنەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردووە کوشتنی موحسین فەخری زادە کە رۆژی هەینی (27/11/202) لەشارۆچکەی ئابسەرد لەتاران روویدا درێژکراوەی ئەو زنجیرە بەئامانجگرتنانەیە کە بووەتەهۆی کوشتنی زانایانی ئەتۆمیی ئێران. سێگۆشەی رەش ئیلی کوهن، وەزیری هەواڵگریی ئیسرائیل لەلێدوانێکیدا رۆژی هەینی و حەوت رۆژ دوای کوشتنی فەخری زاد رایگەیاند: بەهۆی کوشتنی موحسین فەخری زادە، خەویان لەچاوی زاناکانی دیکەی ئێران زڕاندووەو مەرگ چاوەڕوانی ئەو کەسانە دەکات کە دەبنەهۆی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و ناوچەکە و جیهان. ئەم لێدوانەی کوهن بەگرتنە ئەستۆی کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی ئێران بەتایبەت فەخری زادە لەقەڵەمدەدرێت، بەڵام هیچ کاتێک ئیسرائیل بەوشێوەیە بەئاشکرا کوشتنی هیچ زاناو پسپۆڕێکی ئەتۆمیی ئێرانی لەئەستۆ نەگرتووەو ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کەکۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ بەڵگە بانگەشەی ئەوەی نەکردووە کە (ئەمەریکا، ئیسرائیل، بەریتانیا) راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەستیان لەکوشتنی زاناکانیدا هەیەو بەسێگۆشەی رەش ناوی هێناون. دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) رایگەیاندووە؛ ئەو چەکە ئۆتۆماتیکەی کە لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە موحسین فەخریی پێ تیرۆرکراوە لەلایەن ئەمەریکاوە دروستدەکرێت و هەر ئەمەش ئاماژەیە کە ئەمەریکا هاوشێوەی رابردوو دەستی لەو تیرۆرەدا هەیە. بەڵگەی ئێران بۆ تۆمەتبارکردنی بەریتانیا لەتیرۆری زانا ئەتۆمییەکانی ئەوەیە، کە لەڕابردوودا چەند هاووڵاتییەکی بەڕەگەزنامە بەریتانیی بەتۆمەتی سیخوڕی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی دەستگیرکردووە و دانیان بەوەدا ناوە کەدەستیان هەبووە لەکوشتنی زانا ئەتۆمییەکاندا، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کردووە ئەو دانپێدانانە لەژێر فشاردا بووەو دووربون لەڕاستییەوە. ئیسرائیل ئەزموونێک لەتیرۆری ئەتۆمیی ئیسرائیل بڕوای وایە ئەگەر کۆماری ئیسلامی  ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی، دەبێتە گەورەترین هەڕەشە بۆسەر وڵاتەکەی، لەو چوارچێوەیەدا دەستی لەهیچ هەوڵێک بۆ راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەپاراستووەو بەئاشکرا رایگەیاندووە هەر کەسێک ببێتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتەکەی، دەیکاتە ئامانج، بۆیە هەمان رێگەی لەدژی زانا ئەتۆمییەکانی عێراق لەسەردەمی سەددام حسێن-دا گرتەبەرو ژمارەیەک زانای ئەتۆمیی عێراق بەدەستی سیخوڕەکانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە فەڕەنساو چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئەوروپا تیرۆر کران. مۆساد مێژوویەکی دورودرێژی لەکوشتنی زانایانی بواری ئەتۆمیی و موشەکیی وڵاتانی (ئەڵمانیا، میسر، عێراق، ئێران) هەیەو گۆڤاری (ئەتلانتیک) لەساڵی (2012)دا راپۆرتێکی سەبارەت بەکوشتنی ژمارەیەک لەزاناکانی ئەو وڵاتانە بەدەستی مۆساد بڵاوکردووەتەوەو نووسیویەتی لەساڵی (1963) لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دامۆکلس (Operation Damocles) وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەهەوڵەکانی میسر بۆ پەرەپێدانی بواری موشەکیی، زانایەکی ئەڵمانیی بەناوی ئەتتو سکۆرتسێنی لەو وڵاتە لەڕێگەی پۆستکردنی پاکەتێکی بۆمبیی کوشت و دواتریش بەهەمان شێوە چەند پاکەتێکی پۆستیی بۆ ژمارەیەک زانای موشەکیی میسر رەوانە کردو پێنج زانای میسری کوشت. مۆساد لەساڵی (1979) دوای ئەوەی عێراق گەشەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێدەکات، هەوڵەکانی بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە دەخاتەگەڕو لەساڵی (1980) یەحیا ئەلمەشەد، زانای ئەتۆمیی و بەڕێوەبەری گەشەی بەرنامەی ئەتۆمیی عێراق لەهوتێلێک لەڕێگەی ژنێک لەبەرگی خزمەتکاری هوتێلەکەدا دەکوژێت کەدەوترێت ئەو ژنە، تسیبی لیڤنی بووە کە ئەوکات کاراکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ بەئامانجگرتنی زانا ئەتۆمییەکانی عەرەب و بەتایبەت عێراق، لیڤنی لەساڵی (2006) تا (2009) وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بوو. ئەگەرچی مۆساد بەکوشتنی یەحیا ئەلمەشەد گورزێکی کاریگەری لەعێراق دابوو، بەڵام دەستبەرداری کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی عێراق نەبوو لەڕێگەی تەقینەوە لەکۆمپانیایەک لەوڵاتی ئیتاڵیا ژمارەیەک زانای دیکەی عێراقی کوشت و دواتر دوو زانای دیکەی ئەو وڵاتەی ژەهراوی کردو گیانیان لەدەستدا. ئەم هەوڵانەی مۆساد سەلمێنەری ئەوەیە کەئیسرائیل توانایەکی تایبەتی هەیە بۆ لەناوبردن و بەئامانجگرتنی ئەو کەسانەی بەجۆرێک لەجۆرەکان دەبنە مەترسیی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی و لەو چوارچێوەیەشدا سڵ لەکوشتنی کەس ناکاتەوە ئەگەر ئەڵمانی و یان ئێرانی بێت، بۆیە کوشتنی موحسین فەخری زادە کەبەڕێوەبەری گەشەپێدانی بەرنامەی موشەکیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە بەئامانجێکی گرنگی مۆساد هەژمار کراوە. فەخری زادەی سوپای پاسداران موحسین فەخری زادە لەدایکبووی ساڵی (1957) لەپارێزگای ئەسفەهان لە ئێران بووە و هەندێک میدیاو راگەیاندنی وڵاتەکەی زیاتر پێگە زانستییەکەی بڵاودەکەنەوە، لەکاتێکدا یەکێک بووە لەفەرماندە سەرەکییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەڕێوەبەری گەشەپێدانی بەرنامەی موشەکیی ئەو سوپایە بووە لەوڵاتەکەی کە رەنگە هەر ئەمەش وایکردبێت ئیسرائیل بیری لەکوشتنی کردبێتەوە . گۆڤاری (فۆڕن پۆڵسی) بڵاویکردووەتەوە فەخری زادە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بووە لەبواری ئەندازیاری ئەتۆمی و بەپێنجەم کەسی بەهێزی ئێران لەقەڵەمدەدرێت و ناوی لەلیستی ئەو بەرپرسانەی ئێراندا بووە کەساڵی (2007) لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکانەوە سزایان بەسەردا سەپاوەو گەشتی دەرەوەیان لەژێر چاودێریدا بووە، ئەو بەمەبەستی گەشەپێدانی بەرنامەی موشەکی و ئەتۆمیی وڵاتەکەی هاوڕێ لەگەڵ حەسەن تارانی مۆقەدەم یەکێک لەفەرماندەکانی سوپای پاسداران لەشەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، سەردانی کۆریای باکور دەکەن و لەنزیکەوە سێیەم تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە لەنزیکەوە دەبینن و چاودێریی ئەو تاقیکردنەوە ئەتۆمییە دەکەن. فەخری زادە جگە لەوەی دەیان ناوەندی زانستیی تایبەت بەفیزیاو بایۆلۆژیی لەزانکۆکانی ئێران دامەزراندووە، لەساڵی (2011) ناوەندی پەرەپێدان و تووێژینەوەی بەرگریی (سپند)ی لەوەزارەتی بەرگریی و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزراند کەئەرکی ئەو ناوەندە پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکیی و سەربازیی وڵاتەکەیەتی. دوو مانگ پێش تیرۆرکردنی فەخری زادە، (ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگریی ئێران) کە سەر بەڕێکخراوی موجاهیدنی خەلقی ئێرانە ئاشکرای کرد: دوو دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران لەباشوری تاران و شاری ئابادە لەپارێزگای فارس-ی ئەو وڵاتە بەسەرپەرشتیی موحسین فەخری زادەو ناوەندی (سپند) چەکی ئەتۆمیی تێدا تاقیدەکرێتەوە. ساڵی (2010) رۆژنامەی گاردیەن-ی بەریتانی نووسی: گومان دەکرێت فەخری زادە بەرپرسی سەرەکیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بێت و ساڵی (2012) رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ-ی ئەمەریکا فەخری زادەی بەمامۆستای بۆمبی ئەتۆمیی ئێران لەقەڵەمداو ساڵی (2014) رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەوی بە ئۆپنهایمەر(Julius Robert Oppenheimer)ی ئێران ناوبرد، چونکە ئۆپنهایمەر یەکەم زانای بەرهەمهێنی بۆمبی ئەتۆمیی ئەمەریکایە لەسەردەمی دووەم جەنگی جیهانی، سەرەڕای هەموو ئەمانە زۆربەی بەرپرسانی ئێران لەکاتی کوژرانی فەخری زادەدا هەوڵیاندا ئەو وەک مامۆستایەکی زانکۆو زانایەکی بایۆلۆژی لەقەڵەم بدەن، بەڵام عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەپرسەنامەیەکدا دانی بەوەدا نا کەئەو پسپۆڕی بواری ئەتۆمیی وڵاتەکەی بووە. بیانوی ئێران بۆ کشانەوە لەڕێککەوتنی ئەتۆمیی دوای کوشتنی فەخری زادە، پەرلەمانی ئێران جارێکی دیکە پرۆژەو پلانی کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان وڵاتەکەی و وڵاتانی (5+1) هێنایەوە ناو دانیشتنەکانیەوەو دوای چەند رۆژ تاووتوێکردن، پلانەکە بە دوو خاڵی سەرەکی و بەپەلە وەک یاسا پەسندکرا کە لەماوەی یەک مانگدا حکومەت ناچاردەکات پیتاندنی یۆرانیۆم لە (120) کیلۆگرامەوە بۆ نزیکەی هەزارو (500) کیلۆ بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی دەبێت رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لە (300) کیلۆ کەمتر بێت، هەر ئەمەش ناکۆکیی لەنێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دروست کردووە، چونکە محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاندوە بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بووە بە یاساو حکوت ناچارە جێبەجێی بکات و ئەمە دەبێتە هەنگاوێک بۆ بەردەوامبوونی رێگەو رێبازی موحسین فەخری زادە، لەبەرامبەردا حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە سەرجەم ئەندامانی تیمی حکومەت دژی بەرزکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراون لەوڵاتەکەیان و ئەم کارە دەبێتەهۆی ئەوەی نەتوانن دانوستان و گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی بەتایبەت لەگەڵ ئەمەریکا بکەن، هاوکات ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری رایگەیاندووە نابێت پەرلەمان بەهیچ بیانوویەکەوە دەستوەردان لەپرسی ئەتۆمیی وڵاتەکەدا بکات، چونکە بەپێی دەستوری ئێران ئەو پرسە لەژێر بڕیارو فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکەو ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێراندایە. لەلایەکی دیکەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە ئەو یاسایەی پەرلەمان هاوشێوەی کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەڕێککەوتنی ئەتۆمی دەبێتەهۆی پەراوێزکەوتنی وڵاتەکەمان. کوشتنی فەخری زاد لەئێران بووەتە مایەی پەرەسندنی ململانێکانی نێوان حکومەت و پەرلەمان و هاوکات ناکۆکیی بەرپرسانی بۆ تۆڵەسەندەوە زەق کردووەتەوە. ئێران بەدوای گۆڕەپانی تۆڵەوەیە ئەگەرچی باڵیۆزو نوێنەری هەمیشەیی ئێران لەنەتەوەیەکگرتووەکان لەنامەیەکدا بۆ بەڕێوبەری نووسینگەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەڤیەننا داوای کردووە تیرۆری موحسین فەخری زادە، زانا ئەتۆمییەکەی ئێران، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئیدانە بکرێت و کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت سکاڵای یاسایی لەدژی ئیسرائیل تۆمار بکات، بەڵام زۆرینەی بەرپرسانی سەربازیی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران پەیامی توند بڵاودەکەنەوەو راستەوخۆ هەڕەشە لەئیسرائیل دەکەن. عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی سەبارەت بەکوژرانی موحسین فەخری زادە، لەپەیامێکدا وتی: پیرۆزبایی شەهیدبوون لەو زانایە دەکەم چونکە ئەمە پاداشتی خودایە بۆ ئەوو هاوکات سەرەخۆشی لەهەموو کەسوکارو خەڵکی ئێران دەکەم بۆ لەدەستدانی زانایەکی پایەبەرز، دەبێت بە زووترین کات هەموو رێگایەک بگیرێتەبەر بۆ دۆزینەوەو تۆڵەسەندنەوە لەهۆکارو بکەرانی ئەو تاوانەو پێویستیشە رێگەی زانست و پیشەیی ئەو زانایە بەردەوام بێت. عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای نیشتیمانی ئێران دوای کوشتنی فەخری زادە رایگەیاند: پێشتر گومانمان هەبووە کەئیسرائیل هەوڵی کوشتنی ئەو زانا ئەتۆمییە دەدات، چونکە لە رابردوشدا هەوڵی تیرۆکردنی دراوە بەڵام هەوڵەکە پووچەڵکرایەوە، بۆیە کارەکە پێشبینیکراو بوو ئێران وەڵامی گونجاوی دەبێت. رۆژنامەی (کەیهان) کە سەر بەتوندڕەوکانی باڵی محافزکارو بەزمانحاڵی سوپای پاسداران لەقەڵەمدەدرێت، دوای کوشتنی فەخری زادە، بەناونیشانی (کاتی ئەوە هاتووە هێرش بکەینەسەر بەندەری حەیفا) نووسیویەتی: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر چەندجارێک وتوویانە ئەگەر ئیسرائیل هەڵەبکات هێرش دەکەینەسەر حەیفا لەو وڵاتە، بۆیە لەئێستادا کە ئاماژەکانی تیرۆرکردنی موحسین فەخری زادە، زانای بواری ئەتۆمیی و بەرگریی ئێران دەریدەخەن تەلئەبیب دەستی لەو تیرۆرەدا هەبووە، کاتی ئەوەیە کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشی موشەکیی بکاتەسەر حەیفا لەئیسرائیل. کەیهان جەختی لەوە کردووەتەوە وەڵامدانەوەی تیرۆری فەخری زادە نابێت هاوشێوەی موشەکبارانەکەی ئێران بۆسەر بنکەی (عەین ئەسەد)ی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق بێت کەزیانێکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە، بەڵکو دەبێت بەندەری حەیفا لەئیسرائیل بەتەواوەتی لەناوبچێت بۆ ئەوەی هێرش و تیرۆرەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی پێبێت و رابگیرێن. عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران لەوتارێکدا بۆ رۆژنامەی (ئێران) نووسیویەتی تیرۆری قاسم سولەیمانی و موحسین فەخری زادەو تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمیی وڵاتەکەمان لە (10) ساڵی رابردوودا ئەنجامی ئەو سەرکەوتن و شانازییەیە کە لەبواری زانست و سیاسەت و ستراتیژیدا بەدەستمان هێناوەو ئامانج لەتیرۆری کوێرو زیرەکانە، تێکدانی ئاسایشی دەروونیی کۆمەڵگە و بێهیواکردنی خەڵک و سەرلێشواندنی ستراتیژیی ئێرانە، بەڵام مێژوی (40) ساڵی رابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران پیشانیداوە ئەو تیرۆرانە ئەنجامی پێچەوانەی هەبووەو هاوکات کۆماری ئیسلامی بەو ئەزموونەی کە هەیەتی، کات و شوێنی جوگرافیایی وەڵامدانەوەو تۆڵەکردنەوە بەوردیی لێکدەداتەوەو ناکەوێتە داوی ئەو پیلانەی دوژمنان بەتایبەت ئەمەریکا و ئیسرائیل کەدەیانەوێت ئێران دەستبەجێ و لەناوچەکەدا یان لەو گۆڕەپانەی ئەوان دەستنیشانیان کردووە کاردانەوەی هەبێت، ئەو تیرۆرە بێ وەڵام نابێت، بەڵام لەگۆڕەپان و کاتێکدا کەئێران بۆ یارییەکە دیاریی دەکات.

‌هاوڵاتى مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی ھەسەدە رایگەیاند، لەساڵی ٢٠٢١دا ئەگەر کەمیش بێت، دەرفەتی چارەسەریی سیاسی پێشدەکەوێت. راشیگەیاند نزیکەى (٣٠٠) شەهیدیان لەشەنگال داوە، بۆیە داهاتوی گەلی ئێزیدی پەیوەندیی بەئەوانیشەوە هەیە. راشیگەیاند لەبارەی شەنگالەوە گفتوگۆیان کردووە لەگەڵ عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەوتی بەشێوەیەک گەلی ئێزیدی مافی خۆبەڕێوەبەریان ھەبێت. مەزڵوم کۆبانی لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان پەکەکە و پارتییەوە وتی کەخوازیارن بەدیالۆگ کێشەکانیان چارەسەربکەن، چونکە ماوەی (20) ساڵە کێشەکانیان بەدیالۆگ چارەسەردەکەن. ھەروەھا وتی ئەگەر دۆخی شەڕ رووبدات زیان بەشۆڕشی رۆژئاوای کوردستان دەگەیەنێت. مەزڵوم عەبدی (کۆبانی) فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) لەبارەی دۆخی سیاسی، پێشهاتەکان و چارەسەری دیموکراسی و هێرشەکانی تورکیاو مەترسی داعش و شەنگال راوبۆچوونی خۆی راگەیاند. هێرشەکانی سەر شەنگال مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، لەنێوان شەنگال و رۆژئاوادا پەیوەندییەکی تایبەت هەیە، وتی "لەنێوان ئێمەدا پەیوەندییەکی مێژوویی هەیە. لەفەرمانەکەى ساڵی ٢٠١٤داو کاتێک ئێمە رۆیشتین بۆ هاوکاریی گەلی ئێزدیمان، ئێمە لەوێ نزیکەى (٣٠٠) شەهیدمان دا. ئێمە  رێڕەوێکی مرۆییمان کردەوەو گەلی ئێزدیمان گەیاندە ناوچەى ئارام. لەبەرئەوە داهاتووی گەلی ئێزیدی پەیوەندیی بەئێمەشەوە هەیە". وتیشی "ئێمە لەو بوارەدا بۆچوونی خۆمان بۆ لایەنەکانی تریش خستووەتەڕوو. ئەو بۆچوونەمان هەم لەگەڵ عێراق، هەمیش لەگەڵ هاوپەیمانیی نێونەتەوەییدا باسکردووەو ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستووەتەڕوو ئەو هەڵوێستەشمان بەردەوام دەبێت". زیاتر وتی "ئێمە بەهەموو کەس و لایەنەکانمان وتووە، گەلی ئێزیدی تەنها نییەو ئێمە ئەوەشمان بۆ هەمووان سەلماند. راستە شەنگال بەشێکە لەعێراق، بەڵام پەیوەندیی بەئێمەشەوە هەیە. پێش هەموو شتێک خۆبەڕێوەبردن مافێکی بنەڕەتیی گەلی ئێزدییە، گەلی ئێزدی فەرمانی زۆری بەسەردا هاتووە. لەبەرئەوەش بڕوایان بەرامبەر بەدەرەوەو هێزەکانی دەرەوە شکاوە. بۆ ئەوەش باشترین کار ئەوەیە، کە لەشەنگال رێککەوتنێک، یان چارەسەرێک بکرێت، کەدەبێت ئیرادەی گەلی شەنگالی تیادا بەبنەما وەربگیرێت، چارەسەری تەنها بەو شێوەیە دەبێت. ئەوەى ئێمە هەڵوێستمان بۆی نیشانداوەو لەدژی وەستاوینەتەوە، ئەوەیە، کە ئیرادەو خواستی گەلی شەنگال لەو رێککەوتنەدا نییە". مەزڵوم عەبدی وتیشی "بێگومان کێشەکە بە رێککەوتن و لێکتێگەیشتن چارەسەر دەبێت، بەڵام دەبێت ورەو خواستی گەلی شەنگال بەبنەما بگیرێت، هێزی پاراستنیان هەیە، هێزی سیاسییان هەیە، ساڵەهایە خەڵکی شەنگال دەپارێزن، لەبەرامبەر داعش شەڕیان کردو شەهیدیان دا، لەبەرئەوە دەبێت بەفەرمی بناسرێن، دەبێت ببنە بەشێک لەو رێککەوتنە. دەبێت بەردەوام بن لەپاراستنی گەلی خۆیان، گەلی شەنگال پێویستیی بەوە هەیە. ئەگەر ئیدارەیەک دروست ببێت، دەبێت ئەوانەى کەتاوەکو ئێستا گەلی شەنگالیان پاراستووەو رێکیان خستوون لەو ئیدارەیەدا بن. لەدیاریکردنی قائیمقامی شەنگالیشدا دەبێت ئیرادەی گەلی شەنگال بەبنەما وەربگیرێت، ئێمە لەو بابەتەدا تاوەکو دواهەناسە پشتیوانی گەلی شەنگال دەبین، ئێمە بەبەردەوامی پشتیوانی لەیەبەشە و هێزەکانی تری بەرگری و پاراستن دەکەین". مەترسیی داعش عەبدی رایگەیاند، داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە و وتی، "لەهەلومەرج دەگەڕێت تاوەکو جارێکیتر وەک مەترسییەکی گەورە خۆی دەربخاتەوە، ئەگەر تێکۆشان لەدژی داعش لاواز ببێت، ئەوا جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە. بۆ نموونە داعش کێشەى خۆدابینکردنی نییەو لەهەندێک ناوچەى چۆڵەوانیی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریاو عێراقدا کەمپیان هەیە. لەو شوێنانەدا چەتەکانیان پەروەردە دەکەن و هێرش دەکەنەسەر ناوچەکانی ئێمەو هاووڵاتییانی مەدەنی دەکوژن. بۆ ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە. ئێمە هەموو کات بەهاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش دەڵێن، دەبێت لەم بوارەدا هەڵەو کەموکورتی روو نەدات، چونکە ئەگەر تێکۆشان لەبەرامبەر داعش لاواز ببێت، ئەوا مەترسیی گەورە بۆ سەر هەموو جیهان دروستدەبێت". دیالۆگ لەنێوان هێزە کوردییەکاندا عەبدی لەبارەى دیالۆگ لەنێوان هێزە کوردییەکاندا وتی، "دیالۆگ هێشتا بەردەوامیی هەیە، بەڵام ماوەیەکە ئارایەکمان داوە، شاندی ئەنەکەسە ماوەیەک بوو رۆیشتبوو بۆ دەرەوە، نوێنەرانی گارانتیی ئەمریکی، کە بەشداری ئەو چاوپێکەوتن و دانوستانانە دەبوون لێرە  نەبوون، لەبەرئەوەش ئارایەک و پشوویەکمان بەچاوپێکەوتنەکاندا، هیوادارین کاتێک ئەو لایەنانە ئامادە بن دیسانەوە دیالۆگ دەستپێبکاتەوە. بەبڕوای من، هەندێک کاری باش کرا، لەسەر یەکێتیی کوردانی رۆژئاوا هەندێک کێشە هەبوون و کەمیش بێت چارەسەر کران. ئەوەى ئێمە لەو چاوپێکەوتنانەدا لێی تێگەیشتین، ئەوە بوو، ئەگەر کورد بیەوێت خۆی دەتوانێت لەناو خۆیدا کیشەکان چارەسەر بکات و یەکێتیی خۆی دروست بکات. هەندێک کێشە هەبوو، هەندێک بابەتی سیاسیی ناکۆک هەبوون، ئەو ناکۆکییانە تێپەڕێندران، ئێمە لەسەر  هەڵسوکەوت لەگەڵ رژێمی سوریاو هەندێک هێزی دەرەوەی ناوچەکەش گەیشتینە بۆچوونێکی هاوبەش. لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی رۆژئاواش، ئێمە گەیشتینە رێککەوتن، هەرچەند هێشتا نەچووبێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لەسەر ئەوەى ئەنەکەسە چۆن لەبەڕێوەبەریی خۆسەردا بێت، گەیشتینە بۆچوونێکی هاوبەش، بەبڕوای من، ئەو کێشانەى کەماون، کێشەى گەورە و بنەڕەتی نین، دەکرێت ئەوانەش لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەربکرێن. کاتێک هەردوو لایەن ئامادە بن، ئەوا دیالۆگەکان درێژەیان پێدەدرێت، دەبێت لە رۆژئاوا رێککەوتنێک دروست ببێت، چونکە یەکەمجارە لەسەر خاکی رۆژئاوا دیالۆگێکی بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت. ئەوانە لەچوارچێوەى دانوستانەکان لەقامیشلۆدا پێشدەکەون، بەبڕوای من، بۆ ئەوەى ئەو قۆناغە بەسەرکەوتن بگات، دەبێت هەموو کەس باشتر کاربکات". کۆبوونەوەی کەنەکە عەبدی لەبارەى هەوڵەکانی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بۆ یەکێتیی کوردان وتی، "ئەو کۆبوونەوەیە، کە کەنەکە لەگەڵ یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستاندا ئەنجامیدا، منیش تیایدا بەشداربووم. کوردستان ئیدی کوردستانی (٢٠) ساڵ لەوەپێش نییە. پێش ساڵی ٢٠٠٠ شەڕ لەنێوان هێزە کوردییەکاندا رووی دەدا، هێزەکانی باشوور لەناو خۆیاندا شەڕیان دەکرد، لەنێوان پەکەکە و پارتیدا شەڕ روویدەدا، بەڵام ئیدی ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندو بەجێمانهێشتوون، هێزەکان گۆڕان، رای گشتیی کورد دروستبووە، ئیدی ئێمە دۆستمان هەیە. لەبەر ئەوانەش ئەو هێزەى بیەوێت شەڕ هەڵگیرسێنێت، پشتیوان، یان کەس نادۆزێتەوە لایەنگریی لێ بکات، لەو ماوە کورتەدا کەئاڵۆزی تیایدا روویدا، تاکە کەسێک یان رێکخراو و حزبێکی کوردان نەیوت من لایەنگری شەڕم، بە پێچەوانەوە هەموان لەدژی شەڕ دەوەستانەوە. حزب وهێزەەکان لەدژی وەستانەوە. زۆرێک لەدۆستانی نێونەتەوەیی و ناوچەییمان بەعێراقیشەوە لە دژی ئەوە نیگەرانیی و مەترسیی خۆیان خستەڕوو، لەبەرئەوەش کەس پشتیوانی لەو شەڕە ناکات. پەکەکە و پارتی ماوەی 20 ساڵە کێشەکانیان بەدیالۆگ چارەسەر دەکەن لەبارەی کیشەکانی نیوان پارتی و پەکەکەوە مەزڵوم عەبدوی وتی "ئەو دۆخە زیان بەدەستکەوتەکانی کورد دەگەیەنێت، کام هێز بکەوێتە ناو شەڕێکی لەو شێوەیە، ئەوا گەلی کورد لێی نابورێت، ئێستا ئێمەش بۆ ئەوەى رێگری لەو شەڕە بکەین لەتێکۆشانداین. وەک هێزەکانی رۆژئاوا لەو رووەوە هەوڵ و هەڵوێستمان هەیە، بانگەوازی ئێمەش ئەوەیە، کەکێشەکان لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەربکرێن، چۆن پەکەکەو پارتی ماوەى (٢٠) ساڵە کێشەکانی خۆیان لە رێگەى دیالۆگەوە چارەسەردەکەن". وتیشی "دەبێت لەئێستاش بەدواوە هەروابێت، چونکە دۆخەکە هیچ نەگۆڕاوە، بەڵام ئەگەر لایەنێک بیەوێت شەڕ بکات، ئێمە وەکو هێزەکان رۆژئاوا لەبەرامبەریدات دەوەستینەوە، بەهیچ شێوەیەک ئەوە قبوڵ ناکەین. لەو رووەوە هەڵوێستمان زۆر روونە، ئێمە هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکەین، کە لایەنێک دۆخی دیفاکتۆ بسەپێنێت، چونکە ئەو دۆخە زیانی گەورە لەشۆڕشی رۆژئاوا دەدات، کاریگەری لەسەر ئەو دەستکەوتانە دروستدەکات، کە (١٠) ساڵە بەخوێنی شەهیدان بەدەستهێنراون، بۆ نموونە ئێوە باسی دیالۆگتان لەنێوان کورداندا کرد، ئەوەش کاریگەریی خۆی دەبێت، شوێنێک کە شەڕی تیادا بێت، چاوەڕێ ناکرێت دیالۆگ لەنێوان کورداندا بەردەوامیی هەبێت، چونکە پەیوەندیی بەهەردوولایەنەوە هەیەو ئەوەش کاریگەریی خۆی هەیە، بۆ نموونە گەنجانی رۆژئاوا لەناو پەکەکەدان، باشە دەکرێت ئەوان بەو دۆخە کاریگەر نەبن، لەبەرئەوەش ئەوانەى خۆیان وەک هێزی نەتەوەیی پێناسە دەکەن دەبێت لەبەرامبەر شتێکی وەهاداو لەبەرامبەر شەڕێکی وەهادا بوەستنەوە، بەتایبەتی دەبێت لەبەرامبەر لایەنێکدا کەشەڕ دەسەپێنێت، بوەستنەوە و خاوەن هەڵوێستێکی روون بن". پەکەکە (٤) هەزار شەهیدی لەڕۆژئاوا داوە لەبەشێکی تری قسەکانیدا مەزڵوم عەبدی وتی "لەساڵێ ٢٠١٤دا لەدهۆک رێککەوتنێک ئیمزا کرا، لەوێدا بابەتێکی گرنگ هەبوو، تەڤدەم و ئەنەکەسە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی رێککەوتنێکیان ئیمزا کرد، ئەو دوو لایەنە بۆ ئەوەى یارمەتیی رۆژئاوا بدەن، بانگەوازیان بۆ پەکەکەو هێزەکانی باشووری کوردستان هەبوو، ئەوە بڕیارێکی لەجێدا بوو، لەهەمان کاتدا هەڵوێستێکی سروشتی بوو. چونکە هێزەکانی تر دۆستی ئێمە نین، بڕیاری ئێمە، ئێمە خۆمان بۆ خۆمانین، ئێمە یەکین. هەر خۆی لەشەڕی کۆبانێدا هێزەکانی کورد هاتن بۆ هاوکاریمان، لەهەمووانیش زیاتر هێزەکانی پەکەکە هاتن، هەزاران گەریلا لەوێدا شەهید بوون، ساڵەهای ساڵ شانبەشانی ئێمە شەڕیان کرد، (٤) هەزار شەهیدان داوەو تاوەکو دواهەناسەیان لەپاڵ ئێمەدا شەڕیان کرد، پێش داعش لەبەرامبەر بەرەی نووسرەو قاعیدە شەڕێکی گەورە هەبوو و ئەوان هاتن و خەڵکی رۆژئاوایان پاراست، ئێمە وەک خەڵکی رۆژئاواو وەک هێزەکانی بەرگری و پاراستن، تەنها دەتوانین سوپاسی خۆمان پێشکەشی پەکەکەو هێزەکانی تر بکەین". هاوکاری نێوان هێزە کوردییەکان و بەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستان دوو بابەتی جیاوازن سەبارەی بەھاوکاری نیوان ھێزە کودیەکان وتی "، ئەگەر سبەی لێرە شەڕێک رووبدات، ئەو هێزەى بیەوێت هێرش بکاتەسەرمان، ئێمە جارێکیتر داوای هاوکاری لەهێزە کوردییەکان دەکەین، ئەوەش کارێکی زۆر ئاساییەو زۆر سروشتییە، ئەوە بابەتێکی ترە، بەڵام بەڕێوەبردنی رۆژئاوای کوردستانیش بابەتێکی ترە،  هەندێک کەس ئەو دوو بابەتەیان لێدەشوێت و تێکەڵ و پێکەڵی دەکەن، ئێمە وەک هێزەکانی رۆژئاوا دەمانەوێت لەگەڵ هێزەکانی تری کورددا پەیوەندیی خۆمان بەرەوپێش ببەین. چونکە ئێمە کوردین و هەمومان پێویستمان بەیەکترە، بەڵام خۆبەڕێوەبردنی رۆژئاوا بۆ خۆی بابەتێکی ترە، ئەوە کاری خەڵکی رۆژئاواو بەڕێوەبەریی رۆژئاوایە. سنوورەکەى ئێمە سنوورێکی گەورەیە، سنوورێکی (٥) ئەوەندەی لوبنانە، ملیۆنەها مرۆڤ تیایدا دەژین. (٧) هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر هەیە. نیوەی ئەو هەرێمانە گەلی عەرەب و گەلانی ترن، ئێمە بەڕێوەبەریمان هەیەو خۆیان بڕیاری خۆیان دەدەن، هاوکاریکردن و یارمەتیدان بابەتێکی ترە، بەڵام خۆبەڕێوەبردن بابەتێکی جیاوازە". وتیشی "ئێمە ئێستا لەهەوڵ و گەڕاندانین، کەچۆن بتوانین بەڕێوەبەریی خۆمان گەورە بکەین و بەرەوپێشی ببەین. ئێمە هەوڵدەدەین وەک بەڕێوەبەریی ببینە خاوەن بەرپرسیاریی گەورە. بۆیە ئەو دوو بابەتەى کەباسمان لەسەرکردن نابێت تێکەڵ بکرێن، ئێمە هاوکاری و پشتیوانی لەهێزە کوردییەکان وەردەگرین، بەڵام بەڕێوەبردنی رۆژئاوا بابەتێکی جیاوازە". خەبات و کارەکانی مەسەدە عەبدی لەبارەی خەباتی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) وتی، "ئەو کۆنگرەیە لەدوای ئامادەکارییەکی دوورودرێژ رێکخرا. مەسەدە ئامادەکاریی بۆ دەکرد. زۆر کەس و لایەنی جیاجیا بەشداری ئەو کۆنگرەیە بوون، بڕیاری گرنگی تیادا درا، بەڕێوەبەریی خۆسەر لەکاتی شەڕدا دامەزرابوو، زۆر بەئاسانی دانەمەزرابوو، لەهەلومەرجی زۆر دژواردا دامەزرابوو. لەبەرئەوەش زۆر لایەنی کەموکوڕی هەیەو دەبێت کامڵ بکرێت، لەم کاتەدا هەندێک داوای گەلیش هەیە. بێگومان بەرێوەبەری کاری زۆر گرنگی کردووە، بەڵام هەندێک کەموکوڕیی جددیش هەیە، بەڵام دەبێت ئیدی ئێمە دەست بە قۆناغێکی نوێ بکەین، ئەو کێشانە، کەگەل چاەڕێن ئێمە چارەسەریان بکەین، دەبێت ئێمە بەخێرایی چارەسەریان بکەین. ئەو بڕیارانەی دراوان لە بنەڕەتدا بەرنامەى ساڵی ٢٠٢١ی ئێمەن. لەبەرئەوەش ئەو کێشانەى بوونە رۆژەڤی کۆنگرەکەو بڕیاریان لەسەردرا، دەبێت بۆ چارەسەرکردنیان کارێکی زۆر گەورە بکرێت".  عەبدی لەکۆتایی وتەکانیدا باسی ئەوەیکرد، "ئێمە پێ دەنێینە ساڵێکی نوێ، بەڵام مەترسیی هەر بەردەوامی هەیە. دژومنەکانمان دەیانەوێت هێرشی نوێ ئەنجامبدەن، دەیانەوێت خۆبەڕێوەبەریی خۆسەر پاکتاو بکەن، دەبێت گەلەکەمان خۆی بۆ بەرەنگاریی ئەو دۆخەش ئامادەبکات، ئێمە وەک هێزی پاراستن خۆمان ئامادە دەکەین، ئێمە ئامادەین، کە هەر هێرشێک رووبدات، تێکیبشکێنین و پووچی بکەینەوە". ھەروەھا وتی "دەبێت ساڵی نوێ بۆ رۆژئاوا ببێت بەساڵی هەڵمەتێکی نوێ، هیواو ئومێدمان لە گەلەکەمان ئەوەیە، کە خاوەنداری لەشۆڕش و دەستکەوتەکانی خۆیان بکەن، دەبێت زۆر باشتر بەشداری بەڕێوەبەریی خۆسەر ببن، دەبێت ئێمەش بڕواو هیوامان بەداهاتووی خۆمان هەبێت، دەرفەتی ئێمە لەهی دوژمن زیاترە، بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە بەورەو خرۆشانێکی گەورەوە تێبکۆشین و دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەى خۆمان بپارێزین"

هاوڵاتى راوێژکارى پزیشکى و نه‌خۆشیه‌ بۆماوه‌ییه‌کانى سعودیه‌ رایگه‌یاند، ڤاکسینى ڤایرۆسى کۆرۆنا گه‌یشتوه‌ته‌ شانشینى عه‌ره‌بى و ئێستا ئاماده‌یه‌ بۆ به‌کارهێنان . عارف عومرى راوێژکارى پزیشکى و نه‌خۆشیه‌ بۆماوه‌ییه‌کانى سعودیه‌ رایگه‌یاند، له‌ئێستادا ڤاکسینى کۆرۆنا گه‌یشتوه‌ته‌ سعودیه‌، که‌سانى به‌ساڵاچو، ئه‌و که‌سانه‌ى نه‌خۆشى درێژخایه‌نیان هه‌یه‌و ئه‌وانه‌ى له‌ژێر چاودێرى تایبه‌تدان له‌گه‌ڵ کارمه‌ند و پزیشکان له‌و گروپانه‌ن له‌ قۆناغى یه‌که‌مدا ڤاکسینیان بۆ به‌کارده‌هێندرێت. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" ڤاکسینه‌کان کاریگه‌رى باشیان له‌سه‌ر کۆرۆنا هه‌یه‌ و هیچ کاریگه‌ریه‌کى لاوه‌کیان نیه‌". هاوکات، محه‌مه‌د عه‌بدولعالى وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى سعودیه‌ رایگه‌یاند، شانشینى یه‌کگرتوى عه‌ره‌بى توانیویه‌تى گرێبه‌ستێکى زۆر گرنگ له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى به‌رهه‌مهێنه‌رى ڤاکسینى ڤایرۆسى کۆرۆنا واژۆ بکات، به‌مه‌ش سعودیه‌ ده‌بێته‌ یه‌که‌م وڵات که‌ ڤاکسینه‌که‌ به‌کار بهێنێت.  

هاوڵاتى وه‌زاره‌تى به‌رگریى تورکیا رایگه‌یاند:"له‌ نزیکه‌وه‌ به‌ وردى چاودێریى پێشهاته‌کان و رێکه‌وتنى شه‌نگال ده‌که‌ین". ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 6ى کانوونى یه‌که‌مى 2020، موقه‌ده‌م نادیده‌ شه‌بنه‌م ئاکتۆپ، وته‌بێژى راگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى به‌رگریى تورکیا له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "پشتیوانى له‌ رێککه‌وتننامه‌ى واژۆکراوى رۆژى 9ى تشرینى یه‌که‌مى 2020ى نێوان حکومه‌تى ناوه‌ندیى عێراق و ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمى باکوورى عێراق له‌باره‌ى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگیرى و ئاساییکردنه‌وه‌ى دۆخى ناوچه‌ى شنگالى عێراقى ده‌که‌ین". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌و وتى:"له‌ نزیکه‌وه‌ به‌ وردى چاودێرى دوایین پێشهاته‌کان و لێکه‌وته‌کانى رێکه‌وتنه‌که‌ ده‌که‌ین". رۆژى 9ى تشرینى دووه‌مى 2020، حکومه‌تى عێراق و هه‌رێم له‌باره‌ى دۆخى شه‌نگاله‌وه‌ رێکه‌وتن و مسته‌فا کازمیش هێزێکى هه‌زار که‌سى ره‌وانه‌ى شه‌نگال کردو هێزه‌کان له‌ناو شه‌نگال دوورکه‌وتنه‌وه‌و پۆلیسى عێراقى شوێنه‌کانیان گرتنه‌وه‌.      

هاوڵاتى وه‌زیرى نه‌وتى عێراق ڕایگه‌یاند نرخى هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت له‌بودجه‌ى ساڵى داهاتوو به‌ 42 دۆلار دیاریکرا. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 6ى کانونى یه‌که‌مى 2020، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار، وه‌زیرى نه‌وتى عێراق ڕایگه‌یاند، به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت بۆ زیاتر له‌ 49 دۆلار، عێراق نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وت له‌پڕۆژه‌ بودجه‌ى 2021 به‌ 42 دۆلار دیاریکردووه‌. به‌وته‌ى وه‌زیرى نه‌وت، عێراق ده‌یه‌وێت به‌ده‌ر له‌ که‌رتى نه‌وت په‌ره‌ به‌ که‌رتى غاز بدات و وه‌به‌رهێنانى تیادا بکات. ڕۆژى سێ شه‌ممه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق له‌باره‌ى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021 کۆده‌بێته‌وه‌، دواتر پڕۆژه‌که‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى عێراق ده‌کرێت.  

هاوڵاتى ‌سه‌باحه‌ت تونجه‌ل له‌ زینداندا بڕیاریداوه‌ له‌دژى گۆشه‌گیرکردنى عه‌بدوڵا ئۆجالان، ڕێبه‌رى پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) مانبگرتو داواشیکردووه‌ بگوێزرێته‌وه‌ بۆ زیندانى ئیمراڵی. به‌پێى هه‌واڵێکى رۆژنیوز ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌ که‌ سه‌باحه‌ت تونجه‌ل هاوسه‌رۆکى گشتیى پێشووى پارتى هه‌رێمه‌ دیموکراتییه‌کان- ده‌به‌په‌،چوار ساڵه‌ له‌ زیندانى (پیتى ئێفى) ژماره‌ یه‌کى کاندریاى پارێزگاى کۆجالى زیندانیکراوه‌، بڕیاریدا ده‌ست به‌ چالاکیى مانگرتن بکات، تونجه‌ل له‌ ده‌سته‌ى سێیه‌مى مانگرتواندا ده‌ست به‌ چالاکییه‌که‌ى ده‌کات.  له‌ هه‌مان زیندان، چاغڵار ده‌میره‌ڵ په‌رله‌مانتارى پێشووى هه‌ده‌په‌ى ئامه‌د له‌ ڕێگه‌ى بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاندبوو، ده‌ست به‌ چالاکیى مانگرتن ده‌کات. پێشتر له‌و زیندانه‌دا ده‌میره‌ڵ و ژنێکى تر ده‌ستیان به‌ چالاکیى مانگرتن کردبوو، هێزه‌ ئه‌منییه‌کان هه‌ڵیانکوتابووه‌ سه‌ر هۆڵى زیندانیانى سیاسیى کورد، که‌ فیگه‌ن یوکسه‌ک داغ هاوسه‌رۆکى پێشووى هه‌ده‌په‌، گوڵتان کشاناک هاوسه‌رۆکى پێشووى شاره‌وانیى گه‌وره‌ شارى ئامه‌د، گوڵسه‌ر یڵدرم، ئایسه‌ڵ توغڵوک، سه‌باحه‌ت تونجه‌ل هاوسه‌رۆکى پێشووى ده‌به‌په‌، نورحه‌یات ئاڵتون هاوسه‌رۆکى شاره‌وانیى پێشووى دێرسیم و ئه‌دیبه‌ شاهینى تیادا بوو و ده‌ستیان به‌سه‌ر کتێب و قه‌ڵه‌مه‌کانیان و بابه‌ته‌ نووسراوه‌کانیان و که‌لوپه‌له‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ نووسینه‌وه‌ گرتبوو.

هاوڵاتى حکومه‌تى تورکیا رایگه‌یاند، به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى توشبووانى کۆرۆنا له‌و وڵاته‌ و تۆمارکردنى گه‌وره‌ترین ژماره‌ى توشبوون له‌رۆژێکدا که‌32 هه‌زارو  736 توشبوو بووه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى سه‌رانسه‌رى راگه‌یاند. دواى راگه‌یاندنى بڕیارى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆى سه‌رانسه‌ریش له‌ کۆتاییه‌کانى هه‌فته‌دا که‌به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى ژماره‌ى توشبووانى کۆرۆنا ده‌رکراوه‌، ده‌زگاکانى راگه‌یاندنى تورکیا که‌مێک پێش ئێستا وێنه‌ى شه‌قامه‌کانى ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌یان بڵاوکرده‌وه‌ که‌ هاتوچۆکردن وه‌ستاوه‌. دوێنێ هه‌ینى  193 که‌س له‌تورکیا به‌ کۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و تا ئێستاش مردووانى کۆرۆنا گه‌یشتووه‌ته‌ 14 هه‌زارو 509 که‌س.  

هاوڵاتى ‌عه‌لى خامنه‌یى رابه‌رى کۆمارى ئیسلامى ئێران بارودۆخى ته‌ندروستى تێکچووه‌ و مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانى هه‌یه‌، وه‌ک که‌ناڵێکى ئه‌مه‌ریکى له‌ زارى رۆژنامه‌نووسێکى ئاگادارى ئێرانه‌وه‌ بڵاویکردۆته‌وه‌.  ماڵپه‌ڕى "الحره‌"ى ئه‌مه‌ریکى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5ى کانونى یه‌که‌م له‌ راپۆرتێکدا بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ ئه‌کاونتى " محه‌مه‌د ئه‌هوازی" ڕۆژنامه‌نوسى ئێرانى له‌تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ به‌پێى سه‌رچاوه‌کانى هه‌واڵى ناوخۆیى ئێران بارودۆخى (عه‌لى خامنه‌یی) ڕێبه‌رى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى ئێران تێکچووه‌".   هاوکات، که‌ناڵى ئه‌لحوره‌ باس له‌وه‌ش ده‌کات که‌ خامنه‌یى ده‌سه‌ڵاته‌کانى نوسینگه‌ى ڕێبه‌رى باڵاى گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ (موجته‌با خامنه‌یی) کوڕى که‌ سه‌رپه‌رشتى چه‌ندین ده‌زگاى ئه‌منى و هه‌واڵگرى ده‌کات له‌ ئێران.  

هاوڵاتى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر دۆخه‌که‌ پێویستبکات، داواى هاوکارى له‌ پارتى کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که‌) ده‌که‌ن و ده‌شڵێت:" چوار هه‌زار گه‌ریلاى په‌که‌که‌ له‌ رۆژئاڤا شه‌هید بوون".  ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5ى کانونى یه‌که‌مى 2020، جه‌نه‌راڵ مه‌زڵوم کۆبانی، فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) له‌ رۆژئاڤاى کوردستان رایگه‌یاند:" گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌ بۆ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵ هه‌تا کۆتا هه‌ناسه‌ له‌گه‌ڵماندابوون و شانبه‌شانى ئێمه‌ دژ به‌ تیرۆر جه‌نگاون و چوار هه‌زار که‌سیان لێ شه‌هید بووه‌". ناوبراو راشیگه‌یاند:"هه‌رکاتێک پێویست بێت داواى یارمه‌تى له‌ په‌که‌که‌ ده‌که‌م، ئه‌وه‌ شتێکى ئاساییه‌ و ئه‌گه‌ر جه‌نگ له‌ داهاتودا روبدات و له‌ هه‌ر لایه‌نێکه‌وه‌ هێرش بکرێته‌ سه‌رمان، داواى پشتیوانیان لێده‌که‌م".  

هاوڵاتى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وه‌ڵامى وته‌بێژى سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل ده‌داته‌وه‌ له‌باره‌ى به‌ئامانجگرتنى هه‌رێم له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌. له‌دوو رۆژى رابردوودا وته‌بێژى سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل له‌باره‌ى مه‌ترسى له‌سه‌ر هاوڵاتیانى وڵاته‌که‌ى که‌ له‌چه‌ند وڵاتێکن‌و ناوى هه‌رێمى کوردستانیش هاتووه‌، وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت:" هیچ ئیسرائیلیه‌ک له‌هه‌رێم بونى نیه‌و هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کیان له‌هه‌رێمى کوردستاندا نییه‌". به‌پێى ڕونکردنه‌وه‌یه‌کى وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم، له‌م ڕۆژانه‌دا ئۆفیر گێنلدمان وته‌بێژى سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل بۆ کاروبارى میدیاى عه‌ره‌بى له‌تویتێکدا باسى له‌وه‌کردبوو، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ کۆمارى ئیسلامى ئێران هێرشبکاته‌سه‌ر هاوڵاتیانى ئیسرائیلى له‌چه‌ند وڵاتێکى وه‌ک (جۆرجیا، ئازه‌ربایجان، تورکیا، ئیمارات، به‌حره‌ین‌و هه‌رێمى کوردستان). جوتیار عادل، وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت:"بۆ ئاگادارى هه‌مولایه‌ک‌و وه‌ک چه‌ندینجارى تریش ڕامانگه‌یاندوه‌، ئیسرائیل هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کى له‌هه‌رێمى کوردستان نییه‌و هیچ هاوڵاتییه‌کى ئیسرائیلیش له‌هه‌رێمى کوردستان بونى نییه‌، ئه‌و لێدوانه‌ به‌هه‌ر مه‌رامێک درابێت، ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه‌و له‌ڕاستییه‌وه‌ دوره‌".  

هاوڵاتى نێرده‌ى نوێى تایبه‌تى ئه‌مریکا بۆ کاروبارى سوریا له‌باره‌ى ڕۆژئاڤاى کوردستانه‌وه‌ ڕایگه‌یاند، "چاره‌نوسى ڕۆژئاڤاى کوردستان پێویستى به‌وه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى سیاسیى سوریادا چاره‌سه‌ربکرێت‌و ده‌شبێت به‌شدارى دانوستانه‌کانى جنێڤ بکه‌ن". ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5ى کانونى یه‌که‌مى 2020، جۆیڵ ڕایبۆرن نێرده‌ى نوێى تایبه‌تى ئه‌مریکا بۆ کاروبارى سوریا له‌میانى کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانى که‌ له‌شارى ئیستانبوڵه‌وه‌ به‌ ئۆنلاین به‌شداریکرد رایگه‌یاند:" هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک ڕژێمى دیمه‌شق تاکلایه‌نه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش له‌سوریا ئه‌نجامیبدات، هیچ ڕه‌وایه‌تییه‌کى نابێت‌و دانى پێدا نانێن". جۆیڵ ڕایبۆرن ڕاشیگه‌یاند، "چاره‌نوسى ناوچه‌کانى باکورى ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا (ڕۆژئاڤاى کوردستان) پێویستى به‌وه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى سیاسیى سوریادا چاره‌سه‌ربکرێت‌و ده‌بێت پێکهاته‌کانى ناوچه‌که‌ش ده‌نگیان له‌پرۆسه‌ى سیاسیى ئه‌و وڵاته‌دا هه‌بێت‌و به‌شدارى دانوستانه‌کانى جنێڤ بکه‌ن". جۆیڵ ڕایبۆرن له‌لایه‌ن ئیداره‌ى دۆناڵ تره‌مپه‌وه‌ دانراوه‌و جه‌میس جێڤرى، که‌پێشتر نێرده‌ى تایبه‌تى ئه‌مریکا بوو له‌ کاره‌که‌ى دوورخراوه‌ته‌وه‌.  

 هاوڵاتى جۆ بایدن ده‌ڵێت، وڵاته‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێککه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌که‌ى له‌گه‌ڵ ئێران‌و سزاکانى سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ش سوک ده‌کات، ئه‌گه‌ر چه‌ند گره‌تنییه‌ک بده‌ن. له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵى سى ئێن ئێن، جۆ بایدنى سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریکا ڕایگه‌یاند، ئه‌مریکا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێککه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌که‌ى له‌گه‌ڵ ئێران‌و سزاکانى سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ سوک ده‌کات ئه‌گه‌ر چه‌ند گره‌تنییه‌ک بدات. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" هه‌وڵه‌کانى تره‌مپ له‌م دۆسیه‌یه‌دا شکستیهێناوه‌ له‌گه‌ڵ ئێران". ئه‌مه‌ دووه‌م جاره‌ جۆبایدن سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریکا به‌ڵێن ده‌دات بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ رێکه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌که‌ له‌گه‌ڵ ئێران، چاوه‌روان ده‌کرێت به‌هاى تمه‌نى ئێرانى به‌رانبه‌ر دۆلارى ئه‌مریکى به‌رزببێته‌وه‌.  

هاوڵاتى زانایەکی پسپۆڕی کرماشانی رایدەگەیەنێت توانی یەکەم دەرمانی کۆتاییهێنەر بە کۆرۆنا دروستبکات و مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی دەرمانەکەی وەربگرێت. لەلایەکی تریشەوە  تاران ئامادەیی دەربڕیوە بەبەکارهێنانی ڤاکسینی چینی و روسی بەبێ رەزامەندی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەوەش نیگەرانی لای پزیشکە پسپۆڕەکانی وڵاتەکە دروستکردووە. پڕۆفیسۆر عەلی موستەفایی کە پسپۆڕێکی پزیشکییە لەکرمانشان بەمیدیاکانی ئێرانی وتووە دەرمانێکی داهێناوە بۆ چارەسەری کۆرۆنا کە لەسەر چەندین گیای کوردەواری ناوچەکە دروستیکردووە  کە تایبەتمەندی دەرمانییان هەیەو سودی هەبووە بۆ تووشبووەکان. هەشت مانگ زیاترە کۆرۆنا لەئێران پەرەی سەندووەو رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لەخەڵک بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن، زانایەکی کرماشانی لەدیمانەی لەگەڵ مێهر نیوز رایگەیاند کە یەکەم دەرمانی کۆتاییهێنەر بەکۆرۆنای دروستکردووە. ئەوەشی راگەیاند کە تائێستا (٢) هەزارو (500) تووشبوو بەم دەرمانە لەکۆرۆنا رزگاریان بووە، لەبارەی پاشهاتەکانی بەکارهێنانی ئەم دەرمانەوە پڕۆفیسۆر موستەفایی وتی «دەرمانەکە گیاییە و هیچ پاشهاتێکی نییە و زەرەری نابێت بۆ ئەوانەی بەکاریدێنن». ئەوەشی راگەیاند ئەوانەی بەسووکی تووشی کۆرۆنا بوونە بەم دەرمانە یەکسەر چاکدەبنەوەو بۆ چارەسەری ئەوانەش کە بەقورسی تووشی کۆرۆنا هاتوون زۆر بەکەڵکە و کاریگەریی ئیجابی هەیە. مەحمود رەزا مورادی سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکی کرماشان سەبارەت بە دروستکردنی ئەم دەرمانە لەلایەن پڕۆفیسۆر موستەفایی بەمێهری وت «ئەمە شانازییەکی گەورەیە بۆ کرماشان و ئێران». راشیگەیاند ئەگەر ئەم دەرمانە دوایین مۆڵەت وەدەست بێنێت بەزووترین کات دەگاتە ناوەندە دەرمانییەکانی وڵات. دکتۆر قوباد موحەمەدی جێگری خۆراک و دەرمانی زانکۆی زانستی پزیشکی کرماشان سەبارەت بەوەرگرتنی مۆڵەتی کۆتایی بۆ بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ئەم دەرمانە وتی «هەموو رێوشوێنەکان گیراوەتە بەرو دۆسیەی ئەم دەرمانە نێردراوەتە تاران و رێکخراوی دەرمانی وڵات خەریکە دوایین لێکدانەوەی بۆ دەکات». ئەوەشی وت کەپێدەچێت لەمانگی (12)دا دوایین مۆڵەتی پێویست  وەربگیردرێت و وەک یەکەم دەرمانی کۆتاییهێنەر و یەکلایی کۆرۆنا لەجیهان کەڵکی لێوەربگیردرێت. تاران ئامادەیە ڤاکسینی چینی لەسەر هاووڵاتیان تاقی بکاتەوە ئێران ئامادەیی دەربڕیوە هاوکاری لەگەڵ چین و روسیا بکات بۆ گەشەپێدان بەڤاکسینی کۆڤید-19، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی ئێران بەگومانن و قایل نین ڤاکسینێکی بەرهەمهێنراوی چین یان روسیا لەسەر هاووڵاتیانی وڵاتەکە تاقیبکەنەوە بەبێ رەزامەندی رێکخراوی تەندروستی جیهانی. ئامادەیی ئێران بۆ هاریکاری لەگەڵ چین و روسیا بۆ گەشەپێدان بە ڤاکسین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) هۆشداریی دروستکردووە لەنێو کۆمەڵگەی پزیشکیی ئێراندا، بەجۆرێک کەسایەتییە باڵاکان دەڵێن دەکرێت ئەو ڤاکسینە سەلامەت نەبێت. لەپەیامێکی 10ی تشرینی یەکەمدا بۆ حکومەت و خەڵکی چین، سەرۆکی ئێران حەسەن روحانی رایگەیاند که‌ ئێران «ئامادەیه‌ بەشداریبکات لەبەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆڤید-19 لەگەڵ چین». لەمانگی ئابدا، باڵیۆزی ئێران له‌ روسیا، کازم جەلالی وتی ئێران و روسیا «تاووتوێی شێوازەکانی هاریکارییان کرد لەسەر گەشەپێدان بەڤاکسینێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا». جەلالی وتی قسەیکردووە لەگەڵ بەرپرسی سندوقی وەبەرهێنانی نەختی روسیا و بیروڕایان گۆڕیوەتەوە دەربارەی ئەگەری هاریکاری. بەڵام دوای ئەوە، روسیا رایگەیاند کە دەستیکردووە بەمۆڵەتدان بەڤاکسینی کۆڤید-19ی خۆی، بەهیچ جۆرێک باسی هاریکاریی ئێرانی نەکرد. دوای راگەیاندنەکەی جەلالی، پسپۆڕی باڵای پەتا گوازراوەکانی ئێران، مینۆ موهراز، کەئەندامێکی باڵای لیژنەی زانستی وڵاتەکەیە بۆ شەڕکردن دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وتی «لەتەواوی جیهاندا» ڤاکسین بەرهەمدەهێنرێت. موهراز وتی «روسیاش کار لەسەر ڤاکسینێک دەکات، بەڵام کێشەیەک لەڤاکسینەکەی روسیادا هەیە.» ئاماژەیکرد بەوەی «روسیا تەنیا ئەو کاڵا بایۆلۆژیانە بەکاردەهێنێت کە لە روسیا بەرهەمهێنراون و هەرگیز رادەستی دەسەڵاتێکی نێودەوڵەتییان ناکات بۆ پەسەندکردن». دەوترێت موهرازو کەسایەتییە بەناوبانگەکانی دیکە لەکۆمەڵگەی پزیشکیی ئێران ناڕەزایی هاوشێوەیان ده‌ربڕیوه‌ دەربارەی ئەگەری بەکارهێنانی ڤاکسینی چینی، لەگەڵ دەرمانە بەرهەمهێنراوەکانی چین لەئێران. هەروەها وتوویەتی بەرپرسانی تەندروستی گشتی ئێران تەنیا رێ بەدابەشکردن و مۆڵەتدان بەڤاکسینێک دەدەن کە لەلایەن دەسەڵاتی دەرمان و خۆراکی ئەمریکاو ئاژانسی دەرمانەکانی ئەوروپاو رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە پەسەندکرابێت. بەگوێرەی موهراز، وەزارەتی تەندروستی ئێران تەنیا متمانەی بەم سێ کیانە هەیە بۆ پەسەندکردنی دەرمانێکی بایۆلۆژی. پزیشکەکان دژی بەکارهێنانی دەرمانەکانی چینن پزیشکە ئێرانییەکان و نۆرینگەکان بەگشتی دژی بەکارهێنانی دەرمانە چینیەکانن، زۆرینەی جەماوەریش بەهەمان شێوە لێیان بەگومانە. حەسەن عەلی دادستان پسپۆڕێکی دادوەریە لەوەزارەتی داد، وتی «لە 2011وە، چەندین کەیس تۆمارکراون لەلایەن ئەندامانی خێزانی ئەو کەسانەوە کە بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی چینییەوە مردوون.» حەسەن عەلی دادستان وتی «هاوردەکارە نایاساییەکانی دەرمانی چینی سوودیان لەپێویستییەکانی خەڵک بینیوە لەدەمی کورتهێنانی دەرماندا. ئەمە سەری کێشاوە بۆ بەدگومانییەکی قووڵ بەرامبەر دەرمانی چینی.» هەروەها وتی چەندین مەرگ بەهۆی بەکارهێنانی بەنجی چینییەوە روویانداوه‌ لەکاتی نەشتەرگەریەکانی دەیەی رابردوودا، وەک نموونەیەک، باسی لە مەرگی سیپهەر مالیک- ئەحمەدی، (13) ساڵ، کرد لەساڵی 2011 لەنەخۆشخانەیەکی گشتیی به‌ناوبانگی تاران، وتی کەیسەکە «هێشتا کراوەیەو لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت». لەوتەیەکدا کە لەلایەن بڵاوکراوە میدیاییەکانی ئێرانەوە تۆمارکراوە، بەڕێوەبەری دەزگای نۆرینگەکانی ئێران، رەهبەر موژدەهی-ئازار وتوویەتی کە «فرۆشتنی دەرمانی لەچین دروستکراو بەخەڵک دەبێت لە نۆرینگەکان قەدەغە بکرێت». وتیشی «پەیڕەوەکانی سەلامەتی دەرمانی چینی قایلکەر نین بۆمان.» ئاماژەیکرد بەوەش که‌ ئەمە بەهۆی ئەوەیە «ئەو دەرمانانە بەشێوەیەکی یاسایی نایەنە وڵاتەکەوە». چین و روسیا چییان دەستدەکەوێت؟ پرسیاری سەرەکی بۆ زۆرێک ئەوەیە: بۆچی روسیا و چین دەیانەوێت ڤاکسینی کۆڤید-19 بەهاریکاریی ئێران بەرهەمبهێنن؟ چییان دەستدەکەوێت؟ دکتۆر زەهرا شۆجاعپور، پسپۆڕێکی پەتا گوێزراوەکان بە مەشاریقی وت «ئەو وڵاتانەی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمدەهێنن مافی ئەوەیان نییە ڤاکسینە بێ مۆڵەتەکانیان لەوڵاتانی دیکە تاقیبکەنەوە.» وتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هیشتا هیچ ڤاکسینێکی چینی یان روسی په‌سه‌ندنەکردووە، بۆیە ئەو دوو وڵاتە مەبەستیانە «هاریکاری بکه‌ن» لەگەڵ ئێران، هەڵبەتە تەنیا بەناو، تا بتوانن ڤاکسینە بەرهەمهێنراوەکانیان بەبێ مۆڵەتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی تاقیبکەنەوە. شوجاعپور وتی «لە ئەگەری سیناریۆیه‌کی هاریکاریدا، چین بەفەرمی پێکهاتە خاوەکان بۆ ڤاکسین دەنێرێت بۆ ئێران و دوای گەشەپێدانیان، ڤاکسینێکی لەئێران دروستکراو بەرهەمدەهێنرێت». وتی دوای کۆکردنەوەی ئەو ڤاکسینە لەئێران، حکومەت دەتوانێت تاقیبکاته‌وه‌ لەسەر هاووڵاتیانی ئێرانی و ئاماژەیکرد بەوەی پرۆسەکە داهاتێکی باشیش بۆ رژێمی ئێران بەرهەمدەهێنێت. وادیارە رژێمی ئێران ئامادەیە مۆڵەت بداتە ڤاکسینێکی روسی یان چینی لەوڵاتەکە، هەرچەندە هیچ یەک لەیەکە پزیشکی و ده‌رمانییه‌کان یان جەماوەر پشتیوانی لەم جۆرە کارە ناکەن. حکومەتی ئێران رووبه‌ڕووی رەخنە و بێمتمانەیی دەبێتەوە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەنهێنی ژمارەیەکی سنووردار لەدەرمانی ئەوروپییان هاوردە کردووە بۆ بەکارهێنانی خۆیان، بەجۆرێک خەڵک تەنیا دوای چەند راپۆرتێکی دزەکراو لەوبارەیەوە پێیانزانی. دەربارەی چارەسەرو ڤاکسینەکان، دەوترێت بەرپرسانی ئێران دەریانخستووە کە دەرمانی خۆرئاواییان بەلاوە باشترە -- دەرمان و چاودێری تەندروستی -- نەک دەرمانی چینی یان روسی. هەرکات بتوانن گەشتدەکەن بۆ وڵاتانی ئەوروپی بۆ چارەسەرو زۆربەی کات بێدەنگانە دەیکەن. بەڵام کاتێک نۆرەی خەڵک دێت، پێوەرو ئەولەویاتەکانیان دەگۆڕێت. ئێران یەکێک لەخراپترین دۆخەکانی هەبوو لەناوچەکە بەدەست ڤایرۆسی کۆرۆناوەو لەسەرەتای تشرینی دووەمدا، لەنێو ئەو وڵاتانەدا بوو کەزۆرترین خەڵکیان لێدەمرد. رژێمی ئێران هەر لەسەرەتاوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە بەهۆی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەجۆرێک چاودێران بەخاوی لەوەڵامدانەوەدا تۆمەتباری دەکەن. هەروەها تۆمەتباری دەکەن بەبەڕێوبەرێتییه‌کی ناکاراو نهێنیگه‌ری و درۆ، دەڵێن هەوڵیداوە رادەی پەتاکە بشارێتەوە و شکستیهێناوە لەهەنگاوی بەرپێگرانە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئێرانی.

هاوڵاتى ‌کۆنگرێسى ئه‌مریکا، 12به‌ندى دارشتووه‌ بۆ سزادانى تورکیا و کۆنگرێس داواى کردووه‌ پێنج بىه‌ندیان خێرا جێبه‌جێ بکرێن که‌ هاوده‌کردنى کاڵاى تورکیشى له‌خۆگرتووه‌و ته‌نها واژۆى تره‌مپى ماوه‌. کۆنگرێسى ئه‌مریکا، پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى به‌رگریى 2021ى ئاماده‌ کردووه‌و له‌ 740ملیار دۆلار پێکدێت، و له‌ چه‌ند رۆژى ئاینده‌دا ده‌خرێته‌ به‌ر ده‌ستى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا بۆ ئه‌وه‌ى واژۆى له‌سه‌ر بکات و تێدا سزاکانى تورکیاشى تێدایه‌ به‌هۆى کرینى موشه‌کى ئێس 400ى رووسى. هه‌روه‌ه تێدا ئه‌وه‌خراوه‌ته‌روو که‌ 12 به‌ند ئاماده‌ کراوه‌ بۆ سزادانى ئه‌نقه‌ره‌ که‌ پێنج به‌ندیان به‌زووترین کات جێبه‌جێ بکرێت و تایبه‌تن به‌ هاورده‌کردنى کاڵاى تورکیی. هاوکات، له‌ پڕۆژه‌یاساکه‌دا داننان به‌ سه‌روه‌رى رووسیا له‌ دورگه‌ى قرم، قه‌ده‌غه‌ کراون و بڕى 250 ملیۆن دۆلار هاوکارى سه‌ربازى پێشکه‌شى ئۆکراینا ده‌کرێت.  

هاوڵاتى ‌ جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق ئاشکراى کرد که‌ سێیه‌م په‌رله‌مانتاریان به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا گیانى له‌ده‌ستداوه‌. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 3ى کانونى یه‌که‌مى 2020، حه‌سه‌ن که‌عبى جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند:"عه‌لى عه‌بودى، په‌رله‌مانتارى ره‌وتى حیکمه‌ له‌دواى توشبوونى به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا ئه‌مڕۆ گیانى له‌ده‌ستداوه‌". عه‌لى عه‌بودى سێیه‌مین په‌رله‌مانتارى عێراقه‌ به‌ کۆرۆنا گیان له‌ده‌ستبدات، له‌کاتێکدا په‌رله‌مانتاران(غه‌یدا که‌مبش) و (حسێن ئه‌لزه‌هیرى) دواى توشبوونیان به‌ ڤایرۆسه‌که‌ گیانیان له‌ده‌ستدا.