ھاوڵاتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی کوشتنی زانا ئێرانییەکە دەکات و رایگەیاند "تيرۆركردنى زاناى ئێرانى موحسين فه‌خريزاده‌ كه‌ له‌ هێرشێكى چه‌كداریدا تیرۆر کرا، ئیدانە دەکەین".   لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيمان ئاراسته‌ى سه‌ركردايه‌تى و گه‌لى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و خانه‌واده‌ى خوالێخۆشبوو ده‌كه‌ين".   رۆژی هەینی 27-11-2020 موحسین فەخریزادە، ناسراو بە باوکی ئەتۆمی ئێران، لە شارۆچکەی ئابسەردی تاران لە هێرشێکدا کرایە ئامانج و کوژرا.    رووداوەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئێران هەڕەشەی "تۆڵەسەندنەوەی بەزەبری" کرد. دوای ئەو پەیامانەش، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەک کرد دانبەخۆیاندا بگرن و هیچ هەنگاوێک نەگرنەبەر کە ببێتە هۆی هەڵچوون.   فەرحان حەق، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەنراوێکیدا رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو راپۆرتانەن کە لەبارەی کوشتنی زانا ئەتۆمییەکە بڵاوکراونەتەوە و "داوای دانبەخۆداگرتن دەکەین و جەخت لە پێویستیی خۆبەدوورگرتن لە هەر هەنگاوێک دەکەینەوە کە ببێتە هۆی هەڵچوونی گرژییەکان لە ناوچەکە".

ھاوڵاتی   ئەو زانا ئەتۆمییەی ئێران کە تاهەینی رابردووش دەستخستنی وێنەیەکی سەخت بوو، بەشێوەیەکی ئاسان کوژرا، شێوازێک کە بووەهۆی تووڕەیی و قینی ئێرانییەکان سەبارەت بە دامودەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکە کەتەنها «هەڵەداوانیانە» بۆ سەرکەوتکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووسان. موحسین فەخریزادە، کەدەوترێت باوکی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی ئێران بوو، هەینی رابردوو ٢٧ی تشرینی دووەم، لەلایەن چەند کەسێکەوە کوژرا لەکاتێکدا بەڕێوەبوو بۆ ئەبسارد کە ناوچەیەکی گەشتیارییە لەدەرەوەی تارانی پایتەخت. هەر زوو دوای بڵاوبوونەوەی مردنەکەی، قینی خەڵکی ئێرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و تانەیان لەدامودەزگا ئەمنییەکاندا کە هەر خەریکی سەرکەوتکردنی خوێندکار، چالاکوان، رۆژنامەنووسان، هەروەها خۆپیشاندەرانن، بەڵام شکستیان خوارد لە «رێگەگرتن لەکوشتنی گەورەترین زانای ناوکی» وڵاتەکە. لەتویتێکدا گوڵناز ئەسفەندیاری، رۆژنامەنووسی ئێرانی، نووسیویەتی «بەرپرسانی ئێران بەدوای خوێندکاران و کەسانی ئەکادیمی و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤەوەن، بەڵام نەیانتوانی رێگری بکەن لەکوشتنی گەورەترین زانای ناوکی موحسین فەخریزادە، ئەمە ریسوابوونێکی گەورەیە لەئاسایشدا کە پرس و رەخنەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت». فەخریزادە، هەروەک قاسم سولەیمانی، یەکێک بوو لەو بەرپرسانەی ئێران کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە زۆرترین پارێزگاری لێدەکرا. لەسەرەتادا، میدیا ئێرانییەکان چەند وردەکارییەکی کەمی چۆنیەتی کوشتنی فەخریزادەیان خستەڕوو، بەڵام محەممەد مەجید، رۆژنامەنووسی ئێرانی لەزنجیرە تویتێکدا چەندین نهێنی ئاشکرا کردو باس لەوە دەکات (٦٢) کەس بەشداربوون لەئۆپەراسیۆنەکەدا. بەپێی تویتەکانی محەممەد مەجید، کە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی وەک سەرچاوە وەریگرتووە، (١٢) کەس بەشێوەیەکی کرداری لەکوشتنی فەخریزادە بەشداربوون، لەکاتێکدا (٥٠) کەسەکەی تر وەک رێنیشاندەر و هاوکاری لۆجیستی بۆ (١٢) کەسەکە بەشدارییان کردووە لەئۆپەراسیۆنەکەدا. موححەمەد مەجید یەکێکە لە رۆژنامەنووسە دیارەکانی ئێران و هەر ئەویش بوو مەترسی و زۆری ڤایرۆسی کۆرۆنای لەوڵاتەکەیدا ئاشکرا کرد، مەجید باسی لەوە کردووە ئەو زانیارییانە لە بەرپرسانی ئێرانەوە دزەی پێکراوەو ئەو دەستی کەوتووە. بەپێی زانیارییەکان، تیمەکە دەیانزانی فەخریزادە لەهەینییدا دەچێت بۆ  ناوچەی ئەبساردو بەوردی چاودێرییان کردووە و ئەو (١٢) کەسەی زاناکەیان کوشتووە «راهێنراوی دەزگای هەواڵگری دەرەوە بوون و یارمەتییان دراوە». ئەبسارد ناوچەیەکی گەشتیارییە و (٥٠) کم لەتارانەوە دوورە کەزۆربەی دەوڵەمەندەکان ڤێلایان هەیە لەوێ و فەخریزادەی تەمەن (٦٠) ساڵیش یەکێک بووە لەوانە. ئەوەش هاتووە، کاروانەکەی فەخریزادە سێ ئۆتومبیلی گوللەنەبڕ بوون و فەخریزادە خۆی لەئۆتومبیلی ناوەڕاستدا بووە، ئەمە لەکاتێکدایە میدیا ئێرانییەکان باسی ئەوەیان نەکردووە ئاخۆ ئۆتومبیلەکەی فەخریزادە گوللەنەبڕ بووە یاخود نا. لەیەکەم دووڕیان بۆ ئەبسارد، نیسان پیکابێکی بۆمبڕیژکراو لەڕێڕەوی شەقامەکە جێگیرکراوەو لەساتی گەشتنی کاروانەکە دەتەقێتەوە. پاشان دوای تەقینەوەی نیسانەکە، هۆندایەک لەجۆری (سانتا فی) بەچوار سەرنشینەوەو چوار ماتۆرسکیل لەئۆتومبیلەکەی فەخریزادە نزیک دەبنەوە. بڕینی کارەبا و دەنگی تەقەیەکی زۆر لەناوچەکە لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکرابووەوە. ئۆتومبیلەکەی فەخریزادە لەلایەن (١٢) بکوژەوە کە دوانیان نیشانەشکێنن دەدرێتە بەر دەستڕیژی گوللە. «بەپێی زانیارییە دەزەپێکراوەکان، سەرکردەی تیمەکە فەخریزادەی هێناوەتە دەرەوە لەئۆتومبیلەکەی و تەقەی لێکردووە تا دڵنیاببێتەوە مردووە»، مەجید وای نوسیووە، دواتریش تیمەکە خۆیان قوتار دەکەن بەبێ لەدەستدانی هیچ یەکێکیان. بەڵام میدیاکانی ئێران باس لەوەدەکەن فەخریزادە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ دوای ئەوەی تیمی پزیشکی نەیانتوانیوە رزگاری بکەن، گیانی لەدەستداوە. چەندین ساڵە فەخریزادە لای دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا بەعەقڵی پەرەپێدانی نهێنی چەکی ئەتۆمی ئێران ناسێندراوەو زۆر بەکەمی لەبەرچاوان بووەو بەنهێنی کاری کردووە لەژێر پارێزگارییەکەی توندی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە. «فەخریزادە لەهەموو مرۆڤێکی زیندوو زیاتر دەربارەی پرۆگرامی ئێران شارەزایی هەبوو، لەدەستدانی سەرکردایەتی، زانیاری، یادگەی ئەو بە بێگومان زیانێکی گەورەیە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران»، کەریم سەجادپوور، تووێژەر لە رێکخراوی کارنەیجی ئەمەی بە واشنتن پۆست وت. فەخریزادە تاکە زانای ئێرانییە کە ناوی هاتووە لە راپۆرتی «هەڵسەنگاندنی کۆتایی»ی ٢٠١٥ی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کە دەربارەی پرۆگرامی ناوکی ئێرانە. راپۆرتەکە باس لەوە دەکات فەخریزادە بەرپرسیارییەتی چالاکی «پاڵپشتی ئەگەری رەهەندی سەربازیی کردووە لە پرۆگرامی ناوکیدا» لەناو پلانی «ئاماد». راپۆرتێکی تری هەمان رێکخراو لە ٢٠١١، فەخریزادەی بە «بەرپرسی جێبەجێکار» ناساندووە کە کەسایەتییەکی گرنگە و گومانی لێدەکرێت کاربکات بۆ پەرەسەندنی ئەو  کارامەیی و تەکنەلۆجیایەی پێویستیە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی. لەنیسانی ٢٠١٨، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ناوی فەخریزادەی وەک کەسایەتییەکی گەورە هێنا لە «پرۆگرامێکی نهێنی چەکی ئەتۆمیدا» لەژێر ناوی پرۆگرامێکی مەدەنیدا. ناتانیۆهۆ لەو کاتەدا چەندین بەڵگەی خستەڕوو کە کارمەندانی مۆساد توانیبویان بەدەستی بهێنن و بەڵگەنامەکان نزیک دەبنەوە لەهەزارەها فایلی نهێنی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی ئێران، هەرچەندە ئێران رایگەیاند بەڵگەنامەکان ساختەن. «ئەم ناوەتان بیر بێت، فەخریزادە»، ناتانیاهۆ وای وت و زانا ئێرانییەکەی بە بەرپرسی پلانی «ئاماد» ناوزەند کرد. ناتانیاهۆ وتیشی، دوای ئەوەی پلانی «ئاماد» کۆتایی پێهێنراوە، فەخریزادە بەردەوام بووە لەکارکردن لە ئاژانسێکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران لەمیانی «پرۆژە تایبەتییەکاندا». وەزارەتی بەرگریی ئێران فەخریزادەی وەک بەرپرسی رێکخراوی تووێژینەوە و داهێنان ناساندبوو لەوەزارەتەکەدا. هەرچەندە بەگەورە زانا ناودەبرێت لەبواری ئەتۆمیدا، بەڵام هەندێک شارەزا پییانوایە  بە نەمانی فەخریزادە ئێران لەبەرەوپێشبردنی پرۆگرامی چەکی ناوکی ناکەوێت. مارک فیتزپاتریک، تووێژەر لەپەیمانگەی نێودەوڵەتی لەندەن بۆ کاروباری ستراتیجی لە تویتێکدا نووسیویەتی: «پرۆگرامی ناوکی ئێران لەمێژە لەو خاڵە دەرچووە کە پشت ببەستێ بە تەنها تاکە کەسێک». «ئەم جۆرە کەسانە گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام دواجار بێ جێگرەوە نین»، سامین هیندرسۆن، شارەزا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک ئەمەی بە واشنتن پۆست راگەیاند. هەرزوو ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەو بەڵێنی «تۆڵە»ی قورسیدا لەبەرامبەر کوشتنی زانا ئەتۆمییەکەیدا، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی کوشتنەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە. پێشتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری سێ بەپرپرسی ئەمریکی بڵاوی کردەوە ئیسرائیل لەپشت کوشتنی فەخریزادەوەیە. هەندێک شارەزا پێیانوایە ئەم هەڵمەتە لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە کاری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جۆو بایدن، سەخت بکات لەڕێکەوتنی لەگەڵ ئێران و دنەی تاران بدرێت بۆ کاردانەوە تا پەلکێشی جەنگی راستەوخۆ بکرێت. «ئامانجی پشت کوشتنەکە بۆ پەکخستنی پرۆگرامی ناوکی ئێران نەبوو، بەڵکو بۆ لەقکردنی دیبلۆماسییەتە»، ئێڵی گرانمایا، شارەزا لەسیاسەتی ئێران لەئەنجومەنی ئەوروپی بۆ پەیوەندیی نێودەوڵەتی، ئەمەی لە تویتەری خۆی نووسیوە. گرانمایا باسی لەوەشکردووە سەردانەکانی ئەم دواییانەی وەفدی باڵای ئەمریکی بۆ ئیسرائیل و سعودیە «گومانی دروستکرد کە شتێک بەڕێوەیە» بۆ «دنەدانی ئێران و ئاڵۆزکردنی دەستپێشخەری بایدن»ە. تریتا پارسی، جێگری سەرۆکی پەیمانگەی کوینسی ئەمریکی باس لەوە دەکات دۆخەکە بەهەر بارێکدا بکەوێت لەقازانجی بنیامین ناتانیاهۆ دەبێت. پارسی بەئەلجەزیرەی قەتەری راگەیاند، ئەگەر ئێران وەڵامی هەبێت ئەوا ناتانیاهۆ دەتوانێت واشنتن پەلکێشی شەڕ بکات دژی ئێران، بەڵام ئەگەر تاران دەستکراوەیی پیشان نەدا ئەوا «سەرکردە ئیسرائیلییەکە ژینگەیەکی وای دروستکردووە کە کاری دیبلۆماسی ئەمریکا لەگەڵ ئێران سەخت بکات». «لەدیدگای ناتانیاهۆوە، ئێستا ساتی ئەوەیە بتوانێت پێگەی بایدن لەق بکات، بەجۆرێک لەجۆرەکان، بایدن لێرەدا ئامانجە راستەقینەکەیە»، پارسی وای وت. لەوتارێکدا بۆ رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیل، ئامۆس هاریل، شارەزا لەبابەتە سەربازیی و بەرگرییەکاندا، باس لەوە دەکات هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکە لە «تەلەڤزیۆنەکانی ئیسرائیلدا بە سەرکەوتویی وەسفکراو کەشێکی دڵخۆشیان دروستکرد» بەڵام دەکرێت ئەم هەڵمەتە بە مەبەست بێت بۆ خراپکردنی دۆخەکە. «ناتوانین ئەو ئەگەرە لەبەرچاو نەگرین کە ئەم سەرکەوتنە تەکتیکییە مەبەستێکی ستراتیجی لێدەکەوێتەوە لەشێوازی پێکدادانی هەرێمی، بەڵام خۆ رەنگە مەبەستەکە هەر ئەوە بووبێت».

ھاوڵاتی بودجە بناغەی بەڕێوەبردنی هەر حکومەت و وڵاتێکە، بۆیە بنەمایەکی سەرەکییە بۆ رازییکردنی دانیشتوانی هەر وڵاتێک و بەردەوامیی حکومەت، بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێران لەئێستادا کەزۆربەی داهاتە نەوتییەکانی لەدەستداوە گیرۆدەی سزا ئابورییەکانی ئەمەریکایە بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ بودجە دەکات و هەموو رێگایەک بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی وڵاتەکەی دەگرێتەبەر، ئەگەرچی (40) ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران لەژێر سزای نێودەوڵەتی و ئەمەریکادایە، بەڵام تا ئێستا توانیویەتی بودجەی ساڵانەی خۆی دابین بکات و هەوڵدەدات بەداهاتی نانەوتی وڵاتەکەی لەو سزاو قەیرانانە دەرباز بکات کەوڵاتەکەی پێوەی دەناڵێنێت. بەپێی سەرچاوەکانی ئێران پێشتر داهاتی ئەو وڵاتە کەزۆربەی لەڕێگەی هەناردەی نەوتەوە بووە گەیشتووەتە زیاتر لە (100) ملیار دۆلار لەساڵێکدا، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە داهاتی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ هەشت ملیار دۆلار دابەزیوە، ئەندامێکی ژووری بازرگانیی ئێران بڵاویکردووەتەوە کەداهاتی ساڵانەی تاک لەئێران بۆ ئاستی (50) ساڵ پێش ئێستا دابەزیوەو ئابوریی وڵاتەکە بەتەواوەتی بچووک بووەتەوە و دەبێت (20) ساڵ کار بۆ ئەوە بکرێت جارێکی دیکە ئابوریی ئێران و داهاتی تاک بەرز ببێتەوەو بگاتە ئاستێکی گونجاو بەراورد بەوڵاتانی پێشکەوتووی جیهان.      عەرزو گەزی ئێران پانتایی خاکی ئێران زیاترە لەیەک ملیۆن و (648) کیلۆمەتری چوارگۆشەیەو ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە (84) ملیۆن کەس و بەدووەم وڵاتی گەورە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەمدەدرێت و بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکانی ساڵی (٢٠١١)  لەڕووی داهاتی بەرهەمهێنانی ناوخۆییەوە هاوشێوەی تورکیا بووە کەگەیشتووەتە حەوت هەزار و (260) دۆلاری ساڵانە بۆ هەر کەسێک، سەرچاوەی سەرەکیی بودجە لەکۆماری ئیسلامی ئێراندا نەوت بووە و ماوەی سێ ساڵە بەشێکی بەرچاوی ئەو داهاتە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە نەماوە، بۆیە حکومەت لەڕێگەی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی باج و بەرهەمهێنانی پیشەسازی و هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەوڵی قەرەبووی کورتهێنانی بودجەو باشکردنی دۆخی دارایی ناوخۆیی دەدات. پلانی حکومەت بۆ بودجە حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران و وەزیری دارایی و ئابوری وڵاتەکەی رایانگەیاندووە لەبودجەی ساڵی (2021)دا داهاتی نەوت بەهیچ شێوەیەک بۆ خەرجییەکانی حکومەت بەکارناهێنرێت و تەنانەت ئەگەر ئاستی هەناردەی نەوت و داهاتەکەی بەرزببێتەوە، حکومەت ئەو داهاتە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی پیشەسازی و لەناوبردنی هەژاریی لەئێران بەکاردەهێنێت.  محەمەد باقر نەوبەخت، سەرۆکی دامەزراوەی بەرنامەو بودجە لەئێران رایگەیاندووە: داهاتی نەوت لەساڵی داهاتوی وڵاتەکەیان بە نۆ ملیارو (500) هەزار دۆلار مەزەندە کراوە، کە بە تمەنی ئێرانی بە (110) هەزار ملیار تمەن خەمڵێنراوەو بەهای هەر دۆلارێک بە (11) هەزار تا (11) هەزار و (500) تمەن خەمڵێنراوەو بەهای فرۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوتی ئێران بەنزیکەی (40) دۆلار لەبودجەدا جێگیرکراوە کەپێدەچێت گۆڕانکاریی بەسەردابێت، بەڵام حکومەت توانیویەتی پشتبەستن بەداهاتی نەوت بۆ کەمتر لە (10%) بۆ ساڵی داهاتوو دابەزێنێت واتە تەنها پشت بە (10%)ی داهاتی نەوت بەستراوە. نەوبەخت وتوویەتی داهاتی حکومەت دەگاتە زیاتر لە (13) ملیار دۆلار کە پێشبینی دەکریت تەنها (11) ملیار دۆلاری بگاتە دەست حکومەت. نرخی دۆلار کێشەی بودجەی ئێران لەساڵی (2013) نرخی هەر دۆلارێک بە دوو هەزارو (850) تمەن لەبودجەی حکومەتدا جێگیرکراوەو تاساڵی (2017) نرخی هەر دۆلارێک لە بودجەدا بەبەردەوامی بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە پێنج هەزارو (540) تمەن و لەبودجەی ساڵی (2021)دا بە زیاتر لە (11) هەزار تمەن خەمڵێنراوەو بەوپێیە لەو ماوەیەدا نرخی هەر دۆلارێک زیاتر لە هەشت هەزار تمەن زیادی کردووە، لەکاتێکدا نرخی هەر دۆلارێک لەبازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا دەگاتە (25) هەزار تمەن و هەندێک جاریش بۆ زیاتر لە (30)هەزار تمەن بەرزدەبێتەوە کە بەبڕوای شارەزایان ئەمە پیلانێکی حکومەتە بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجە. ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئێران لەباڵی محافزکار ئاشکرایان کردووە کە لە رەشنووسی بودجەی ساڵی (2021)دا حکومەت بەهای نەوتی بە تمەن روون نەکردووەتەوەو تەنها بەدانانی (...) خۆی لەداهاتی نەوت بە تمەن دزیوەتەوە کەزۆر جێی گومانە. لەلایەکی دیکەوە حکومەت روونیکردووەتەوە لەبەرئەوەی سیناریۆی ئەوان پێشبینی کراوە بۆ داهاتی نەوت، بۆیە ئاستی پشتبەستن بەداهاتی نەوت (10%) دەبێت و بەهای دۆلاریش بە (11) هەزار تمەن پێشبینیی کراوە. نەشتەرگەریی بودجەی ئێران عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە دەبێت بودجەی ساڵی داهاتوی وڵاتەکە لەسەر بنەمای جەنگی ئابوریی داڕێژرێت، بەڵام پەرلەمانی ئێران گومانی هەیە کە حکومەت نەیتوانیوە بودجە بەپێی دۆخی قەیرانی دارایی ئێران و لەسەر بنەمای جەنگی ئابوریی دابڕێژێت، بۆیە بەبەردەوامی حکومەت تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە خەرجییەکانی زۆرەو داهاتی کەمەو هاوکات لیژنەی دادوەریی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە؛ داهات و خەرجییەکانی حکومەت لەساڵی (2021) ناڕوونە و دەبێت نەشتەرگەریی بۆ بکرێت. تیمی حکومەت لەپەرلەمان و لیژنەو دەسەتەکانی پەرلەمان لەئێستادا سەرقاڵی تاووتوێکردنی بڕگە و بابەتەکانی بودجەی وڵاتەکەیانن و رۆژانە دەیان هەواڵ لەسەر چاکسازیی لەبودجەی (2021)ی ئێران بڵاودەبێتەوە، بۆیە ئەمەش بەنەشتەرگەریی لەبودجەدا ناودەهێنرێت. کورتهێنانی موچە و بودجە موچەی بنەڕەتیی کارمەندان و خانەنشینانی حکومەت لەبودجەی ساڵی داهاتوودا بە رێژەی (25%) بەراورد بەساڵی رابردوو زیادی کردووە و نێوەنجی موچە دەگاتە سێ ملیۆن و (500) هەزار تمەن لەمانگێکدا کە دەکاتە (140)  دۆلار، بەو پێیە باج ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە موچەکانیان لە چوار ملیۆن زیاتر نەبێت. حکومەت رایگەیاندووە کە داهاتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی (2020)، (264) هەزار ملیار تمەن بووە کەدەکاتە زیاتر لە (10) ملیار دۆلار و لە بەرامبەردا خەرجییەکانی (267) هەزار ملیار تمەن بووە و نزیکەی سێ هەزار ملیار تمەن (122) ملیۆن دۆلار کورتهێنانی هەبووە، چونکە بەشێکی بەرچاوی داهاتی حکومەت دەڕوات بۆ موچەی کارمەندان و خانەنشینان کەدەگاتە (213)هەزار ملیار تمەن کە بە دۆلار دەکاتە هەشت ملیارو (694) ملیۆن دۆلار. پێشبینی دەکرێت لەبودجەی ئەمساڵدا ئاستی کورتهێنان بەهۆی بەرزکردنەوەی موچەوە زیاد بکات، چونکە حکومەت بە رێژەی (25%) موچەی زیاد کردووە بەبێ ئەوەی داهاتی زیادی کردبێت کە هەندێک شارەزای ئابوریی پێیانوایە ئەو زیادکردنە بە یارییکردنی حکومەت بەبەرزی و نزمیی بەهای دۆلار قەرەبوو دەکرێتەوە. بایدن و بودجەی ئێران ئەگەرچی حکومەت جەختی لەوە کردووەتەوە لەبودجەدا پشت بەداهاتی نەوت نابەستێت، بەڵام مورتەزا بەهرۆزی فەر، پسۆڕو شارەزای بواری وزە وتوویەتی، دەستبەکاربوونی جۆو بایدن وەک سەرۆکی ئەمەریکا سیاسەتی ئەو وڵاتە لەئاستی بەرهەمی ناوخۆیی نەوتی وڵاتەکەی دەگۆڕێت، بایدن جگە لەپەرەپێدان بەپڕۆژەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە رێگای کۆمپانیای (شێڵ)ی تایبەت بەنەوتی ئەمەریکا، رێگە نادات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەوڵاتەکەی بەرزببێتەوەو ئەو پێچەوانەی تێڕوانینی دۆناڵد ترەمپ (50) ساڵ ئەزموونی لەسیاسەتدا هەیەو پرسی پاراستنی ژینگەی وڵاتەکەی بۆ گرنگە، بۆیە بۆ رێگریی لەبەرزکردنی بەهای نەوت بەمەرج رێگە بەفرۆشی نەوتی ئێران دەدات بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتری ئەمەریکا، زیان لەژینگەکەی نەدات. ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوە کردووە: روسیاو سعودیەو عێراق بەهۆی دۆخی ئابورییانەوە پێویستییان بەفرۆشتنی نەوتی زیاتر هەبووەو لە رابردوودا بەشێک لەبۆشایی ئێرانیان لەبواری نەوتدا پڕکردووەتەوە، بەڵام ئێران سوورە لەسەر ئەوەی بەهەر نرخێک بێت ئاستی هەناردە نەوتەکەی بۆ رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل بەرز بکاتەوەو رەنگە بۆ ئەو مەبەستە رێککەوتنێک لەچوارچێوەی وڵاتانی هەناردەکانی نەوت(ئۆپیک)دا بکات. بەهرۆزی فەر جەختی کردووەتەوە ئەگەر نرخی نەوت بۆ (20) دۆلاریش دابەزێت کە لەوکاتەدا سعودیە و عێراق قازانج لەنەوتەکەیان ناکەن، ئێران سوورە لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، بۆیە حکومەت چاوەڕوانی دەستبەکاربوونی بایدنە بۆ ئەوەی ئاستی داهاتی وڵاتەکەی بەرزبکاتەوە. لابردنی چوار سفرو زیادکردنی پارەی چاپکراو رۆژنامەی (دنیای ئیقتیساد) کە رۆژنامەیەکی ئەهلی و ئابورییە لەئێران بڵاویکردووەتەوە چوار سفری سەر دراوە نوێیەکانی تمەن بەبێدەنگی لابراون، چونکە بانکی ناوەندیی ئێران لەدووەم هەنگاوی خۆیدا وێنەی دراوی (10) هەزار تمەنی و  (١٠٠) هەزار تمەنیی چاپی نوێی وڵاتەکەی بڵاوکردووەتە کە چوار سفری بە رەنگی کاڵتر نەخشێنراوەو پێشتریش دراوی چاپی نوێی (50) هەزار تمەنیی و بەهەمان شێوەو بەچوار سفری کاڵتر بڵاوکردەوە، بۆیە ئەمە بە دووەم هەنگاوی بێدەنگی لابردنی چوار سفر لەسەر دراوی ئێران لەقەڵەمدەدرێت کەهاوکات ئاماژەیە بۆ لەدەستانی زیاتری بەهای تمەن. بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە کردووە مەبەستیان لەکاڵکردنەوەی چوار سفر ئەوەیە کە رای گشتی خەڵک ئامادەبکەن بۆ ئەوەی پێوەری دراوی ئێرانی لە (ریاڵ)ەوە بۆ (تمەن) ئامادەبکەن لەکاتێکدا هەر تمەنێک (١٠) ریاڵەو ئەمە گومانەکانی زیاتر کردووە. تەنها لەساڵی (2019) بۆ (٢٠٢٠) بەهای تمەنی ئێرانی (137%) دابەزینی بەخۆیەوە بینیوەو بەهای هەر دۆلارێک لە (11) هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە نزیکەی (30) هەزار تمەن و ئەمە واتای لەدەستدانی زیاتر لەدوو هێندەی بەهاکەیەتی، بۆیە حکومەت بۆ قەرەبووی کورتهێنانی بودجە ، چاپی دراوی وڵاتەکەی زیاتر کردووە کە بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ئاستی دراوی چاپکراوی تمەن لەساڵی (2013) نزیکەی (507) هەزار ملیار تمەن بووە و لەماوەی حەوت ساڵی حکومەتەکەی حەسەن رۆحانی ئەو رێژەیە لەپارەی چاپکراوی تمەن بۆ زیاتر لە (5) هێندە زیادی کردووە، کە ئەمەش هێندەی دیکە بەهای تمەنی دابەزاندووە لەکاتێکدا مەترسیدارترین رێکار بۆ راگرتنی ئابوریی هەر وڵاتێک زیادکردنی دراوی چاپکراوەو راستەوخۆ ئاستی هەڵاوسان لەو وڵاتەدا بەرزدەکاتەوە. حکومەت بەهەماهەنگیی لەگەڵ پەرلەمان چوار پلانیان بۆ قەرەبووی کورتهێنانی بودجە لەئێران گرتووەتەبەر، کەبریتین لە (کەمکردنەوەی خەرجییەکان، زیادکردنی باج، فرۆشی پشکەکانی حکومەت، ئاڵوگۆڕی نەوت لەبەرامبەر کاڵا). حکومەت و پەرلەمان رێککەوتوون لەبودجەی ساڵی داهاتوودا رێژەی پارەی چاپکراو لەئێران زیاد نەکرێت چونکە گەورەترین هەڵاوسانی ئابوریی دەخوڵقێنێت. چاپکردنی پارە هەرەس بەئابوریی دەهێنێت رۆژنامەی (سەدای ئیسلاحات) کە سەر بەئۆرگانی رسمیی حزبی (ئیسلاحات)ی ریفۆرمخوازانە بەناونیشانی (کارەساتی ئابوریی لەئێران بەڕێوەیە) نووسیویەتی: ئاستی چاپکردنی پارە لەئێران مانگانە (4%)و لەساڵێکدا دەگاتە (60%)، کە ئەمە پلانێکی مەترسیداری حکومەت بووە بۆ قەرەبووکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، بۆیە هەر ئەمە وایکرد نرخی دۆلار لەبەرامبەر تمەندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و بەهای هەر دۆلارێک بگاتە (32)هەزار تمەن، ئەگەر حکومەت و پەرلەمان نەتوانن بەزیادکردنی داهات، قەیرانی کورتهێنانی بودجە چارەسەربکەن، بێگومان کارەساتی ئابوریی لەئێران روودەدات و ئابوریی ئەو وڵاتە هەرەسدەهێنێت و لەناودەچێت. کاڵای نانەوتی فریادڕەس حکومەت لەڕوونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە بۆ ئەوەی ئاستی بازرگانیی نانەوتی گەشە بکات، دۆلاری بەبەهای چوار هەزارو (٢٠٠) تمەن رادەستی ئەو بازرگان و کۆمپانیایانە کردووە کەتایبەتن بەهەناردەکردن. بیانوی حکومەت بۆ پێدانی دۆلار بەنرخی چوار هەزارو (٢٠٠) تمەن، ئەوەیە کە توانیویانە بەو پلانە ئاستی قازانجی بەرهەمهێنانی کاڵای نانەوتیی وڵاتەکەیان لە (20) ملیار دۆلارەوە بۆ (40) ملیار دۆلار لەساڵێکدا  بەرزبکەنەوەو قەرەبووی ئەو کورتهێنانە بکەن کە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاو نەفرۆشتنی نەوتەوە رووبەڕووی وڵاتەکەیان بووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان لەساڵی (2018) تا (2020) واتە لە دوو ساڵدا (21) هەزارو (254) بازرگان و کۆمپانیا لەکەرتی هەناردە لەئێران سودمەندبوون لە وەرگرتنی (51) ملیار یۆرۆو لەبەرامبەردا بەبەهای (57) ملیار دۆلار کاڵای وڵاتەکەیان هەناردەکردووەو لەو بڕە پارەیەش کە حکومەت بەنرخی هەر دۆلارێک بەچوار هەزارو (200) تمەن بۆی تەرخان کردوون نزیکەی (35) ملیار یۆرۆیان بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاندووەتەوە. گەشەی پیشەسازیی بۆ قەرەبووی کورتهێنانی بودجە وەزارەتی پیشەسازیی ئێران بڕیاری داوە (210) بەرهەم و کاڵا کە لەدەرەوە هاوردەی ئێران دەکرێت و بەهاکەی دەگاتە (8) ملیار دۆلار لەلایەن دامەزراوە پیشەسازییەکانی وڵاتەکەوە دروستبکرێن و بەرهەمبهێنرێن، لەو چوارچێوەیەدا بڕیاری کاراکردنەوەی دوو هەزارو (200) کارگەو ناوەندی بەرهەمهێنان لەئێران دراوەو تائێستا (760) کارگەو ناوەند چالاک کراوەتەوەو هاوکات بەپێی ئامارەکان ئاستی هەناردەکردنی کاڵای نانەوتی لە شەش مانگی دووەمی ساڵ لەئێران بەڕێژەی (15%) زیادی کردووە. حکومەت داوای قەرزی وڵاتان دەکاتەوە پێگەی راگەیاندنی سەرۆک کۆماری ئێران بڵاویکردووەتەوە حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە لەگەڵ تیمی هاوئاهەنگیی دارایی کابینەکەی کۆبووەتەوەو پێداگریی کردووە کە لەزووترین کاتدا هەوڵی گەڕاندنەوەی (40) ملیار دۆلاری وڵاتەکەی بدەن کە (چین بە (20) ملیار دۆلار، هندستان (7)ملیار دۆلار، کۆریای باشور(8.5)ملیار دۆلار، عێراق (4) بۆ (5) ملیار دۆلار، ژاپۆن (1.5) ملیار دۆلار) زۆرترین پارەی ئێران قەرزارن و دەبێت بانکی ناوەندیی و وەزارەتی دەرەوە هەماهەنگیی پێویست بکەن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارانە. پێگەی رۆحانی روونیکردووەتەوە: رۆژانە بڕی قەرزەکانی عێراق زیاد دەکات، چونکە هەناردەکردنی غازو کارەبای ئێران بۆ ئەو وڵاتە بەردەوامە، بەڵام بەرپرسانی بەغدا بەڵێنیان داوە کەقەرزی وڵاتەکەیان بەسیستمی کاڵا لەبەرامبەر هاوردەکردنی کارەباو غاز لەئێران بدەنەوە.  

ھاوڵاتی دابەزینی ئاستی ئامێری پڕوپاگەندەی داعش کە رۆژێک لەڕۆژان زۆر پێشکەوتوو بوو، لەدەستدانی خاک و ئایدیۆلۆژیاکەی گروپەکە دەردەخات کە لەم چەندساڵەی دواییدا دووچاری هاتووە، ھەروەھا ھەزاران ئەکاونتی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییە ناسراوەکان داخراوەو پەنا بۆ تۆڕە کەمناسراوەکان دەبات. کەناڵە پڕوپاگەندەکانی رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) لە تەلەگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەم چەند مانگەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو خراپبوون، کە بڵاوکراوەکانیان تەنیا نووسین و جارجارەش وێنەو ڤیدیۆی بێکوالێتی لەخۆدەگرن. ئەم دۆخەی رەنگدانەوەی ئەو لەدەستدانانەیە کە گروپەکە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەئەفغانستان و بەشەکانی دیکەی جیهان دووچاری هاتووە. شکستی ناوچەیی داعش لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەئازاری 2019 گورزێکی کوشندەی لەناوەندی سەرەکیی پڕوپاگەندەی گروپەکە وەشاند، لەکاتێکدا ئەندامان و پڕوپاگەندەچییەکانی یان کوژران یان دەستگیرکران دوای داڕمانی بەناو «خەلافەتەکە». لەوکاتەوە، چەندین ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و هەواڵگری توانا تەکنیکییەکانی گروپەکەیان سنووردار کردووە و زۆربەی سەکۆ میدیاییەکانی، تەکنەلۆژیا، ڤیدیۆگرافەرەکان، تەکنیکارانی دەنگ و پڕوپاگەندەچییەکان و کارمەندەکانی دیکەشی لێدابڕیون. ماوەی دوای ژمارەیەک هێرشی گەورەی ئەمدواییە بەرەو خراپترچوونی ئۆپەراسیۆنە میدیاییەکانی گروپە تیرۆریستییەکەیان دەرخستووە. لەچەند ساڵی رابردوودا، میدیای داعش چەندین وێنەو ڤیدیۆی کوالێتی بەرزی تاوانەکانی، لەپێش ئەنجامدان و لەکاتی ئەنجامدان و دوای ئەنجامدانیانی بڵاودەکردەوە. بەڵام ئێستا، لەگەڵ کاڵوکرچ بوونی توانای میدیاکەی، وێنەی بێ کوالێتی بڵاودەکاتەوە، ئەوەش دەریدەخات گروپە تیرۆریستییەکە هیچ توانایەک و کەرەستەیەک یان کارمەندێکی نییە بۆ دۆکیومەنتکردنی هێرشەکان بەدرێژایی پرۆسەی ئەنجامدانیان. خراپبوونی ئاستی ئەو میدیایە لەسوریاو عێراق زۆر روونە، ئەو شوێنانەی گروپەکە رۆژێک لەڕۆژان زۆرترین ناوچەی لەژێردەستدا بوو. لەکاتێکدا چیتر ناتوانێت سەرکەوتنی سەربازیی پیشانبدات یان زوڕنا بۆ خەلافەتەکەی لێبدات، گروپەکە ئێستا بەزۆری پەیامی نووسراوی سادە بڵاودەکاتەوە کە زۆربەی کات لەئەستۆگرتنی ئەنجامدانی هێرشەکانی ناتوانرێت پشتڕاست بکرێنەوە. داعش لەهه‌موو جیهاندا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راودەنرێت لەوکاتەوەی داعش لەهەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان قەدەغەکراوە، گروپەکە توانای لەدەستداوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. شیکاروانانی هەواڵگری و رۆژنامەوانی دەڵێن رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) رووبەڕووی چەند بەربەستێکی بەرچاو بووەتەوە له‌هەوڵدانیدا بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی لەسەر ئینتەرنێت. هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان -- لەنێویاندا فەیسبووک، تویتەر، واتسئەپ، تەلەگرام -- که‌ناڵ و پەیجەکانی گروپەکەیان داخستووەو ناچاریانکردووە چەند تۆڕێکی نادیار بەکاربهێنێت بۆ برەودان بە چالاکی و ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. ئەمە زیاتر ده‌رکه‌وت کاتێک ئەکاونتێکی پەیوەندیدار بەئاژانسی هەواڵی ناشری داعشه‌وه‌ هێرشەکەی 29ی تشرینی دووەمی سه‌ر پردێکی لەندەن (له‌نده‌ن بریدج)ی لەئەستۆگرت لەڕێی بەرنامەیەکی پەیام گۆڕینەوەی روسییەوە بەناوی تامتام. دەستبەجێ دوای چەند رۆژێک لەهێرشەکە، بەهەزاران ئەکاونت و که‌ناڵی تەرخانکراو بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی داعش لەسەر تامتام دەرکەوتن. بەڵام بەگوێرەی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە 3ی کانوونی یەکەم، تامتام سەدان ئەکاونتی پەیوەندیدار بەداعشی سڕییەوەو بەشێوەیەکی کاریگەر گرووپەکەی لەمینبەرەکە دەرکرد. لەکارخستنی تۆڕی ئینتەرنێتی داعش رەعد کەعبی مامۆستای تووێژینه‌وه‌ رۆژنامەوانیەکان لەزانکۆی بەغدا، باس لەوەدەکات کەهەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی مینبەرە کەمناسراو یان ناجەماوەرییەکان «سەلمێنەری ئەوەیە کە چیتر ئازاد نیە بۆ بڵاوکردنەوەی هەرشتێک کەبیەوێت بەشێوەیەکی بەرفراوان لەسەر تۆڕە جەماوەرییەکان». کەعبی وتی «وادیارە هەوڵدەدات بەدوای دەرچەی دیجیتاڵی جێگرەوەدا بگەڕێت، چونکە گرنگترین شت بۆ گروپەکە ناردنی پەیامەکانێتی بۆ جیهانی دیجیتاڵی لەهەر رێگەیەکەوە بێت. زۆرێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرۆگرامی وایان داڕشتتووە کە خۆکارانە رێدەگرن لەو بابەت و ڤیدیۆیانەی بره‌و به‌داعش ده‌ده‌ن. لە 2017، تەلەگرام رایگەیاند زیاد لە 8 هەزارو (500) که‌ناڵی قەدەغەکردووە کەپروپاگەندەی تووندڕەوییان بڵاودەکردەوە، داعش گواستییه‌وه‌ بۆ تەلەگرام دوای ئەوەی لەتویتەرو فەیسبووک دەرکرایە دەرەوە. هه‌روه‌ها هەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی ئینستاگرام، کە لەلایەن فەیسبووکەوە خاوەندارێتی دەکرێت و لەگەڵ سناپچات و ھەروەھا تیک تۆک، کە لەلایەن کۆمپانیای چینی بایتدانسەوە خاوەندارێتی دەکرێن، لەلایەن بەکارهێنەران و کارمەندانی کۆمپانیاکان و فیلته‌ره‌کانی زیرەکی دەستکردەوە چاودێری دەکرێن. لەتشرینی دووەم، کارمەندێکی تیک تۆک بەئاژانسی فرانس پرێسی وت مینبەرەکە نزیکەی (10) ئەکاونتی داعشی سڕیوەتەوە له‌سه‌ر بڵاوکردنەوەی چەند ڤیدیۆیەک کە جەستەی مرۆڤیان نیشاندەدا بەنێو شەقامەکاندا رادەکێشران لەگەڵ چەکدارانی داعش بەچەکەوە. تیک تۆک، کە رێ بەبەکارهێنەرانی دەدات ڤیدیۆی کورت دروستبکەن و بڵاوبکەنەوە، بەتایبەتی لەنێو لاواندا باوە. پێشئەوەی داعش هێرشەکەی پردی لەندەن لە ئەستۆ بگرێت لەسەر تامتام، یۆرۆپۆل، دەزگای جێبەجێکردنی یاسای یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند بەشێوەیەکی کاریگەر تۆڕی سەر ئینتەرنێتی داعشی لەکارخستووەو نزیکەی (26) هەزار ماڵپەڕو ئەکاونتی ئینتەرنێتی داخستووە. هەڵمەتەکە ئەکاونتەکانی سەر تەلەگرامی داعشی له‌خۆگرت، وەک ئاژانسی هەواڵی «ناشر»، کە بابەته‌کانی «ئەعماق»ی بڵاودەکردەوە، که‌ باڵی پروپاگەندەی داعشه‌. سوپای ئەمریکاش ماوەیەکە کاردەکات بۆ لەکارخستنی هەوڵەکانی داعش بۆ پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێت بەئۆپەراسیۆنێکی هاککردن کەدەگەڕێتەوە بۆ 2016. پێشتر بەڵگەنامە تەواو نهێنیەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە 21ی کانونی دووەم بڵاوکرانەوەو رایانگەیاند که‌فەرماندەیی ئینتەرنێتی ئەمریکا «بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەسەر داعشدا زاڵبووە لەبواری زانیاری» و هەوڵەکانی سەر ئینتەرنێتی سنووردارکردووە بۆ تووندڕەوکردن و راکێشانی خەڵک. کەعبی وتی «لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بابەتی تووندڕەوانە لەسەر ئینتەرنێت سەرکەوتوو بووە»و وتیشی سەرکەوتنەکە «رێ لەتیرۆریستان دەگرێت دەرفەتی ئەوەیان هەبێت کاریگەری بخەنەسەر جەماوەرو مێشکیان ژەهراوی بکەن یان بیانتۆقێنن». رێگرتن لەپروپاگەندەی داعش فازل ئەبوڕەغیف پسپۆڕی عێراقی له‌بواری هەواڵگریدا، وتی «وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆو دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق توانیویانە رێگربن لەچالاکییە ئینتەرنێتیەکانی داعش و لەڕێی هەوڵێکی هاوبەشی چەند مانگییەوە قەدەغەیان بکەن». باسی لەوەکرد «ئەم هەوڵە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەند تۆڕو کەسێک کە تێوەگلابوون لەدروستکردن و بەڕێوەبردنی چەندین پەیج و ئەکاونت کەپشتیوانیی چالاکی و ئایدۆلۆژیای داعشیان دەکرد لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان». نزیکەی دوو ھەزار کەس لەتەواوی عێراقدا دەستگیرکراون و (22) مینبەری ئینتەرنێتی چالاکی گروپەکە داخراون. ئەبوڕەغیف وتی «بەدەستگیرکردنی پشتیوانانی داعش لەتەواوی جیهانداو داخستنی پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێتیان «سەختە بۆ داعش لەمڕۆدا ئەو مینبەرانە بەکاربهێنێت بۆ خزمەتکردن بەکارنامەکەی». وتیشی «هەوڵی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن که‌ رێده‌گرن لەمە.» بەڵام هۆشدارییدا لەوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای تووندڕەو «هێشتا هەڕەشەیە، سەرەڕای هەنگاوەکان بۆ رێگرتن لەوەی ئەمە بکەن». ھەروەھا وتی «بۆ ئەوەی ئەمە کەمبکرێتەوە دەبێت چاودێریی ئەلیکترۆنی چڕبکرێتەوە». دوای لەدەستدانی سەکردەو پارەکانی، میدیاش لەدەستدەدات داعش گەیشتووەتە کۆتایی خۆی دوای ئەوەی زۆرینەی سەرکردایەتی باڵای لەدەستدا، لەگەڵ سەرچاوەکانی پشتیوانی دارایی و تواناکانی شه‌ڕکردنی. ئیبراهیم سەراجی بەڕێوەبەری رێکخراوی بەرگری لەمافەکانی رۆژنامه‌وانان، وتی «هەوڵە بەردەوامەکانی گروپەکە بۆ دۆزینەوەی پێگەیەکی سەلامەت و بێ چاودێریی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تووشی شکست بوون و ناتوانن سەرکەوتوو بن بەهۆی ستراتیژە جیهانییەکانه‌وه‌ بۆ بەرگرتن بەو بابەتانەی لەسەر ئینتەرنێت پشتیوانی له‌تیرۆر دەکەن.» سەراجی وتی «سەرنجەکە بەردەوام لەسەر جوڵەو چالاکییەکانی داعشەو راستییەکەی ئەوەی پەنادەبەن بۆ مینبەری دیکه‌، مانای ئه‌وه‌ نییه‌ دەتوانن لەوە رزگاربن کەئاشکرا بکرێن و بەدوویان بکەون». جەختیکردەوە لەپێویستیی جێبەجێکردنی «یاسای نێودەوڵەتیی تووند» کە رێگربن لەوەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوەو برەودان به‌تووندڕەوی.

ھاوڵاتی ھاشم حەیدەری کە پیاوێکی ئایینی شیعە مەزھەبە چوار ھەفتە لەمەوبەر بزووتنەوەیەکی نوێی راگەیاند بەناوی عەھدوڵا کە خۆی بەدڵسۆزی خامنەئیی دەزانێت و بانگەشە بۆ ویلایەتی فەقیهـ دەکات وەکو روویەکی دیکەی ئێران لەعێراق. چالاکوانە عێراقییەکانیش دەڵێن ئامانجی تێکدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووە. ماوەیەك پێش ئێستا هاشم حەیدەری لەمیدیاكانی عێراقەوە دەركەوت و بەشێكیان لێكچوواندنیان بۆكرد لەگەڵ حەسەن نەسڕوڵای لوبنانی و سەركردەی حزبوڵڵای لوبنان، كاتێكیش كە لەناوچەی كازمیەی عێراقەوە بۆ یەكەمجار چاوی راگەیاندنەكانی خرایە سەر وەك حەسەن نەسڕوڵای عێراقی ناوی هێنرا. هەندێك لەمیدیاكانیش ئەو لێكچوونەیان بەشتێكی هەڕەمەكی نەزانی و رایانگەیاند كە پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوانیاندا هەیە، هەرچەندە زۆركاری بۆ ئەوە كردووە لقێكی حزبوڵڵا بھێنێتە عێراق بەڵام رەتكراوەتەوەو رێگەی پێنەدراوە ئەو كارە بكات. وێڕای گروپەکانی دیکە کەپێشتر ناسراون، وەک  حزبوڵڵا و عەسائیب و نوجەبا و هەندێک گروپی دیکە، بەڵام بەم دواییانە چەندین گروپی نوێی چەکدار لەعێراق کە بەنزیک لەکۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرێن، خۆیان راگەیاندووە، لە رێگەی بەیاننامەو تۆمارە ڤیدیۆکاندا هەڕەشیان لەهێزەکانی ئەمریکا لەعێراق کردووە، لەوانە رەبعوڵڵا، ئەسەحابولکەهف، قەبزەت مەهدی، عسبەت سائیرین. دواترینیان گروپی عەھدولایەو سەرکردەکەشی ھاشم حەیدەریە کە جلوبەرگی ھاوشێوەی حەسەن نەسڕوڵا لەبەردەکات و خۆی بەکەسی دڵسۆزی خامنەئیی دەزانێت و چەندین وێنە و ڤیدیۆی خۆی لەگەڵیدا بەم دواییانە بڵاوکردۆتەوە. کاریگەریدانان لەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی داهاتوو حەیدەری ئاماژەی بەدۆخی ئێستای عێراقیش كردووەو وتوویەتی بزووتنەوەكەیان بەشداری هەڵبژاردنەكان ناكات، بەڵام بەرچاوڕوونی بەخەڵك و لایەنگرەكانی خۆی دەدات كە چ جۆرە كاندیدێك هەڵدەبژێرن و لەو پێناوەشدا ئامادەیی هەموو جۆرە هاوپەیمانێتی و كارێكی هاوبەشیان هەیە. ئێران ماوەیەکە پشتیوانی دەکات لەپێکهێنانی لایەن و بزووتنەوەی سیاسی نوێ بەئامانجی کاریگەریدانان لەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی داهاتوو کەبڕیارە لەحوزەیرانی 2021 ئەنجامبدرێن، کە تاڕادەیەک وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بوو. هەوڵەکانی ئێران لەوەڵامی سەرهەڵدانی ژمارەیەك بزووتنەوەی لاوان و مەدەنیدا دێن کە لەخۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا هاتنە ئاراوەو هەوڵی بەشداریکردن دەدەن لەهەڵبژاردنەکانداو کاریگەری دانان لەسەر حوکمداری لەوڵاتەکەدا. لەبەیاننامەی دامەزراندنی عەهدوڵڵادا، پیاوی ئایینی شیعە، هاشم حەیدەری، بانگەشەی ئەوەی کرد کەئەندامانی بزووتنەوەکە "نەوە عێراقییەکان"ی رابەری باڵای ئێران عەلی خامنەئیی و روحوڵڵا خومەینین، کە مردووە. بزووتنەوەکە مەزهەبی ویلایەتی فەقیهـ (فەرمانڕەوایی ئاخوندان) لەخۆدەگرێت، کە داوای دڵسۆزی بۆ خامنەئیی دەکات و مەبەستێتی پابەندبێت بە رێچکەی کەسی پێش خۆیەوە، ئەویش خومەینیە کە سێ دەیەیە مردووە. بەگوێرەی بەیاننامەی دامەزراندنەکە، "رێچکەی خومەینی تەنیا بۆ وڵاتێك، گروپێکی ئێتنی یان جەماوەری لەدژی ئەوانیدی دانەنراوە". ھاشم حەیدەری؛ رۆڵە دڵسۆزەکەی خامنەیی لەعێراق   تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی سەر بەهاشم حەیدەری بەردەوام ئەو وێنەو ڤیدیۆیانە بڵاودەكەنەوە كە لەگەڵ رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران دانیشتووەو باس لەڕۆڵی ئەو دەكەن لەچارەسەركردنی كێشەكانی ناو عێراق و تەنانەت بۆچوونەكانی لەبارەی حوسیەكانی یەمەن و سوریاوە بڵاودەكەنەوە. لەبەیاننامەكەی دامەزراندنی حزبوڵڵادا کە لە 4/11 بڵاوکرایەوە، تێیدا هاتووە كە بەشێوەیەكی گشتی لەئایینی ئیسلام دەڕوانن وەك ئاینێكی شموولی و تێرو تەواو كە بەرنامەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی هەمەلایەنەیە. ئەو سەركردەیە پێی وایە هۆكاری خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵك سەرچاوەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خەڵك لەئیسلام دووركەوتووەتەوە. بۆیە ئەو هەموو كێشەو گرفتەیان تووش بووە، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئیسلامی موحەمەدی بێگومان ئەو كێشانەیان نابێت. بزوتنەوەی عەھدوڵای ئیسلامی ناوی تەواوی حزبە نوێیەكەیەو سەرەڕای باوەڕی تەواو بەهەموو بنەما ئیسلامییەكان، لەسەر بنەمای ئال و بەیت دامەزراوەو خۆیان بە نەوەی ئیمام خومەینی دەزانن لەعێراق و پێیان وایە لەڕێگەی ئەوەوە ئاینی ئیسلام لەم سەردەمەدا بووژاوەتەوەو باوەڕیشیان بەهیچ سنورو نیشتیمانێكی دیاریكراو نییەو بزوتنەوەكەشیان حساب بۆ نەتەوەو زمان و وڵات ناكات و تەنها باوەڕی بەموسڵمانێتی هەیە. لەبارەی سەرجەم بیردۆز و بۆچوونەكانی رێكخستنی ژیان و فەرمانڕەواییەوە سەرجەمیان  بە "لادەرو نەفام و دوور لەخودا" ناودەبەن و پێیانوایە هەرچی نەهامەتی و نەگبەتی هەیە لەڕێگەی ئەوانەوە هاتووەو هەموویان بەلادەرو شكستخواردوو ناودەبەن، ئیتر سەرچاوەكانیان ئەوروپا بن یان ئەمەریكا گرنگ نییە. گرووپەکە کۆمەڵگە دابەشدەکات بۆ حەق و باتڵ عەھدوڵا جیاواز لە بزووتنەوە شیعیەكانی پێش خۆی كۆمەڵگەی دابەشكردووە بۆ دوو بەرەی –حەق و باتڵ- و پێیی وایە بەرەی حەق ئەوەیە كە عەلی خامنەئیی لە ئێران و سیستانی لەعێراق نوێنەرایەتی دەكەن و حەشدی شەعبیش لەسەری دەڕۆن، بەرەی باتڵ و پووچیش ئەوەیە كە ئەمەریكاو ئیسرائیل و سعودییەو ئیمارات رابەرایەتی دەكەن. هاشم حەیدەری باس لەوە دەكات كەماوەیەك پێش ئەوەی قاسم سولەیمانی بكوژرێت، كۆبوونەوەی لەگەڵ هەبووەو پێی گوتووە ئامۆژگاریت دەكەم لەوتارەكانتدا زۆر باسی ئایەتوڵا سیستانی بكە، لەبەرئەوەی تەنها كەسێكە سەید عەلی خامنەئیی باوەڕی پێی هەیە، هەتا ئەو هەبێت ئیسلام بەهێز دەبێت، ئەگەر كۆماری ئیسلامیش نەمێنێت ئیسلامیش لاواز دەبێت، ئەو دەڵێت قاسمی پێی گوتم سیستانی زامنی ئەمن و ئاسایشی عێراقە. حەیدەری ساڵی 1946 لەكازمیەی بەغدا لە دایكبووەو ناوی لەنێو بنەماڵە سەیدەكانی كازمیەدا تۆماركراوە. ساڵی رابردوو کاتێک بەرپرسی رۆشنبیریی رێکخراوەی حەشدی شەعبی بوو رەخنەی گرت لەوتەکانی ژمارەک لەبەرپرسانی عێراقی لەسەر پیشاندانی هەڵوێستی بێلایەنی خۆیان لەگرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران.  هاشم حەیدەری  وتی "لە قەیران نانەوەی ئەمدواییەی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەک لەڕێبەرە عێراقییەکان دەڵێن نابێ بچینە نێو ریزبەندییەکان و عێراق دەبێ بێلایەن بێت و خۆی گیرۆدەی ئەم کێشەو قەیرانە نەکات". وتیشی "ئێمە رێزدەگرین لەم کەسانە، بەڵام ئەم روانگەیەی ئەوانمان قەبووڵ نییە، چونکە بەپێچەوانەی ئایینی ئیسلام و مەزھەبی شیعە و تەنانەت نیشتمانخوازیی عێراقییە". ھەروەھا وتی "لەشەڕی نێوان حەق و باتڵ و زاڵم و مەزڵووم نابێ بێلایەن بین، ئایا ئەوە لەگەڵ راسپاردەکانی قۆتابخانەی ئیمام حسەین و چاوەڕوانیی حەزرەتی مەهدی یەکدەگرێتەوە، چۆن دەتوانین لەسەرزەمینی عێراق لەسەرزەمینی حسەین و سەرزەمینی حکومەتی جیهانی مەهدییە، باسی بێلایەنی و بەشداری نەکردن لەڕیزبەندییەکان بکەین لەنێوان حەق و باتڵدا. ھەروەھا وتیشی "تەنانەت ئەگەر کەسانێک بن کە لەڕوانگەی دینیی سەیری ئەم پرسە نەکەن، لەڕوانگەی نیشتیمانخوازییش عێراق ناتوانێ بێلایەن بێت". رەتکردنەوەی بەرفراوانی جەماوەری عەهدوڵڵا رووبەڕووی رەتکردنەوەیەکی جەماوەریی بەرفراوان بووەوە لەعێراق، کە وەك درێژبوونەوەیەکی بزووتنەوەکانی دیکەی سەر بەئێران دەبینرێت، وەك کەتائیب حزبوڵڵا و روبعوڵڵا. ئەندامێکی بزوتنەوەی مەدەنی عێراقی، عەلی دەڕاج وتی "بزووتنەوەکە مەبەستێتی هەڵبژاردنەکان تێکبدات و سەر لەدەنگدەران بشێوێنێت". ھەروەھا وتی "بزووتنەکەوەکە پابەند نییە بەیاسای هەڵبژاردنەوە لەبەرئەوەی خۆی بەشوناسێکی ئێرانییەوە دەناسێنێت و بانگەشە بۆ دامەزراندنی ویلایەتی فەقیهـ دەکات لەعێراق، وڵاتێك کەشوێنی تایەفە و ئایین و گروپی ئێتنیی هەمەجۆرە." وتیشی "عێراق تەنیا لەلایەن دەسەڵاتی دەستورو یاسایەکەوە فەرمانڕەوایی دەکرێت". بەبڕوای دەڕاج چاوەڕواندەکرێت بزووتنەوە و لایەنی سیاسی هاوشێوە رابگەیەنرێن، بەئامانجی ئەوەی "سەر لەدەنگدەران بشێوێنرێت و لە بایەخی هێزە مەدەنییەکان و کاندیدە سیاسییەکان کەمبکرێتەوە کە بەهۆی بزوتنەوەی خۆپیشاندانەوە دەرکەوتن". باسی لەوەکرد حەیدەری پێشتر لەوێنەدا لەگەڵ خامنەئیی دەرکەوتووەو ئاماژەیکرد بەوەی بزووتنەوەکەی تەنیا دەکرێت وەك بزووتنەوەیەکی ئێرانی ببینرێت بە روکارێکی نوێوە. غەیس تەمیمی سیاسییەکی عێراقیە، وتی "بزووتنەوەی وەك عەهدوڵڵا پێکهێنراون وەك بەشێك لەستراتیژێك کە لەڕێیەوە ئێران هەوڵی دروستکردنی چەندین ناوو بزووتنەوەی چەکدارو گروپ دەدات بەکارنامەیەکی تائیفیەوە." ھەروەھا وتی "ئەوە زۆر باشە دەبینم دروستبوونی ئەم بزووتنەوەیە گاڵتەی پێدەکرێت، چونکە دەریدەخات خەڵکی عێراق ئاگادارن لەمەترسییەکانی دەستتێوەردانی رژێمی ئێران لەوڵاتەکە." 'دەلاقەیەکی نوێ' بۆ پاسداران دامەزراندنی بزووتنەوە و میلیشیا نوێکانی سەر بەئێران کاریگەریان دەبێت بۆسەر عێراق، لەبەرئەوەی پابەندی ئەو کارنامانەن کەدژی حکومەتن، ئەوەش بە بڕوای پارتە سیاسییە نادینیەکان. فەلاح جەنابی ئەندامی پارتی کۆمۆنیستی عێراقە، وتی "ژمارەی حزب و میلیشیاکان کێشەکان لەعێراق زیاد دەکەن و کاردەکەن بۆ دابڕینی عێراق لەھەموو جیھان". داوای لەحکومەت کرد بۆ "زۆرکردن لەو لایەنانە بۆ پابەندبوون بەیاسای حزبە سیاسییەکانی عێراق و جێبەجێکردنی یاسا لەسەریان گەر هەر تاوانێك یان کارێك ئەنجامبدەن کە دژی سیاسەتی دەوڵەت بێت یان زییان لە بەرژەوەندیەکانی بدات". فوئاد عەلی، تووێژەری کاروباری عێراقە، گروپی عەهدوڵڵای لەقەڵەمدا بە "دەلاقەیەکی نوێ" کە لەڕێیەوە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەوڵدەدات بێتە نێو عێراقەوە. فوئاد عەلی، وتی "هاووڵاتیانی عێراق چاوەڕێن چارەسەرێك بۆ کێشە ئابوری و خزمەتگوزاریی و موچە و کێشەکانی پەیوەست بە ئاسایشەوە بدۆزرێتەوە، بەڵام ئێران بەردەوامە لە دامەزراندنی بزووتنەوەی نوێ لەنێو عێراقدا کە داوای دامەزراندنی ویلایەتی فەقیهـ دەکەن". فوئاد عەلی وتی "بەڵام خۆ ئەوە نییە ویلایەتی فەقیهـ لەئێران سەرکەوتوو بووبێت، کە خەڵکەکەی لەبرسا دەمرن و فەرامۆشکراون و گیرۆدەی ترس و ستەمکارین". وتیشی "بێکاری بەرفراوانە لەئێران و خەڵکی ئەوێ دۆخیان هیچ باشتر نییە لەخەڵکی عێراق".

هاوڵاتى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند، دیدار و کۆبونه‌وه‌کانى پێکهاته‌کانى هه‌رێمى جه‌زیره‌ که‌له‌چه‌ند رۆژى رابردودا "کۆنگره‌ى رۆڵه‌کانى جه‌زیره‌" کۆیکردونه‌ته‌وه‌ قۆناغێکى نوێیه‌ و ئومێده‌وارن هه‌ماهه‌نگى پێکهاته‌ جیاوازه‌کان له‌گه‌ڵ خۆیدا پێشکه‌وتن و ئاسایش به‌دیبهێنێت.  مه‌زڵوم کۆبانی، فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ په‌یامێکدا که‌له‌په‌ڕه‌ى فه‌رمى خۆى له‌ تویته‌ر بڵاویکردوه‌ته‌وه‌ نوسیویه‌تى، "کۆنگره‌ى رۆڵه‌کانى جه‌زیره‌" سه‌ره‌تایه‌کى نوێیه‌ بۆ داهاتوى باکورو رۆژهه‌ڵاتى سوریا و ناوچه‌که‌،  بۆیه‌ پشتیوانى ده‌که‌ن له‌ ده‌رئه‌نجامه‌کانى کۆنگره‌که‌ و له‌نزیکه‌وه‌ چاودێرى جێبه‌جێکردنیان ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، ئومێده‌وارن کۆنگره‌که‌ سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ ئاسایش، پێشکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنى ناوچه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌کى گشتی. له‌چه‌ند رۆژى رابردودا کۆنگره‌ى نیشتیمانى رۆڵه‌کانى جه‌زیره‌ له‌پارێزگاى حه‌سه‌که‌ به‌به‌شدارى زیاتر له‌ 200 که‌سایه‌تى و چالاکوانى پێکهاته‌ جیاوازه‌کان ئه‌نجامدرا. دواى کۆنگره‌که‌ش ژماره‌یه‌ک داواکارى و بڕیارى ئاڕاسته‌ى ئیداره‌ى خۆسه‌ر کرا له‌وانه‌ش ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ناوخۆیى و رێکخستنه‌وه‌ى چه‌ند ده‌زگایه‌ک بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى رۆتینات.

هاوڵاتى وه‌زیرى نه‌وتى عێراق رایگه‌یاند، پێشبینى ده‌که‌ن له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوودا، نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وت بگاته‌ زیاتر له‌ 50 دۆلار. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 29ى تشرینى دووه‌مى 2020، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى نه‌وتى عێراق له‌ لێدوانێکدا بۆ رۆژنامه‌ى (ئه‌لسه‌باح)ى نیمچه‌ فه‌رمى رایگه‌یاند: "رێککه‌وتنى که‌مکردنه‌وه‌ى ئاستى به‌رهه‌مهێنان که‌ له‌لایه‌ن ئۆپێک پڵه‌س-ه‌وه‌ په‌سه‌ندکراوه‌، ئامانج لێى گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرى و هاوسه‌نگییه‌ له‌ بازاڕه‌کانى نه‌وتدا". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" ئه‌ندامانى ئۆپێک پڵه‌س پابه‌ندن به‌ رێککه‌وتنى که‌مکردنه‌وه‌ى ئاستى به‌رهه‌مهێنان و ئه‌مه‌ش وا ده‌کات که‌ نرخى نه‌وت له‌ بازاره‌کانى جیهاندا به‌رزببێته‌وه‌ و پێشبینى ده‌که‌ین له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوودا نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وت بگاته‌ زیاتر له‌ 50 دۆلار ".  

هاوڵاتى ‌په‌رله‌مانى ئێران بڕیارى به‌رزکردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى پیتاندنى یۆرانیۆمیدا، ئه‌وه‌ش وه‌ک وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ک بۆ کوشتنى موحسن فه‌خریزاده‌، زاناى ئه‌تۆمى ئێران. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 29ى تشرینى دووه‌مى 2020، په‌رله‌مانى ئێران به‌زۆرینه‌ى ده‌نگى ئه‌ندامه‌کانى بڕیاریدا پیتاندنى یۆرانیۆم به‌ڕێژه‌ى 20% به‌رزبکاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌یاساى "ڕێکاره‌ ستراتیژییه‌کان بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ى سزاکان". ده‌نگدانى په‌رله‌مانى ئێران بۆ به‌رزرکردنه‌وه‌ى ئاستى پیتاندنى یۆرانیۆم دواى دوو ڕۆژ له‌کوشتنى موحسن فه‌خریزاده‌، زاناى ئه‌تۆمى ئێران دێت. محه‌مه‌د باقر قالیباف، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى ئێران له‌کۆبوونه‌وه‌که‌ى ئه‌مڕۆدا ڕایگه‌یاند، "پڕۆژه‌یاساى ڕێکاره‌ ستراتیژییه‌کان بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ى سزاکان، ڕێگریده‌کات له‌و تاوانه‌ تیرۆرستییانه‌ى دژى ئێران ئه‌نجامده‌درێت".  

هاوڵاتى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا به‌ راوێژکاره‌کانى راگه‌یاند:"ئاماده‌م له‌به‌رامبه‌ر کوژرانى هه‌ر سه‌ربازێکى ئه‌مریکا له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، وه‌ڵامێکى وێرانکه‌ریان بده‌ینه‌وه‌". ‌رۆژنامه‌ى واشنتن پۆستى ئه‌مریکى بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، هۆشدارییه‌کانى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکى ئه‌مریکا دژى ئێران دواى کوژرانى موحسین فه‌خرى زاده‌ زاناى ئه‌تۆمى ئێران دێت که‌ تاران ده‌ڵێت:" ئیسرائیل به‌رپرسه‌ له‌ کوشتنی". هه‌روه‌ها رۆژنامه‌که‌ ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ تره‌مپ به‌ راوێژکاره‌کانى راگه‌یاند:"کوشتنى هه‌ر سه‌ربازیکى ئه‌مریکا له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ هێڵى سووره‌ و له‌ تۆڵه‌یدا وه‌ڵامێکى راسته‌وخۆى وێرانکه‌رمان ده‌بێت. دوێنێ، وه‌زاره‌تى به‌رگریى ئێران رایگه‌یاندبوو، موحسین فه‌خریزاده‌ سه‌رۆکى دامه‌زراوه‌ى توێژینه‌وه‌ و ته‌کنه‌لۆژیا له‌ هێرشێکى چه‌کداریدا کوژراوه‌، به‌رپرسانى تاران، ئیسرائیل به‌ کوشتنى ئه‌و زانا ئه‌تۆمییه‌ تۆمه‌تبار ده‌که‌ن و هه‌ره‌شه‌ى تۆڵه‌کردنه‌وه‌ى ده‌که‌ن.  

هاوڵاتى ‌سه‌رۆک کۆمارى ئێران رایگه‌یاند، ئیسرائیل به‌رپرسیاره‌ به‌رامبه‌ر کوژرانى موحسین فه‌خریزاده‌ زاناى ئه‌تۆمى وڵاته‌که‌یان که‌ئێواره‌ى دوێنێ هه‌ینى له‌تاران کوژرا و ده‌شڵێت:" کاریگه‌رى له‌سه‌ر پڕۆگرامى ئه‌تۆمى ئێران نابێت". ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 28ى تشرینى دووه‌مى 2020، حه‌سه‌ن روحانی، سه‌رۆک کۆمارى ئێران رایگه‌یاند: "تیرۆرکردنى فه‌خریزاده‌ راده‌ى بێ ئومێدى و رقى ئه‌وان نیشان ده‌دات، ئه‌و روداوه‌ش کاریگه‌رى له‌سه‌ر رێڕه‌وى پڕۆگرامى ئه‌تۆمى ئێران نابێت". روحانى ئیسرائیلى تۆمه‌تبار کرد بۆ کوشتنى زانا ئه‌تۆمییه‌که‌ و ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ ئه‌مریکاو ئیسرائیل ده‌یانه‌وێت ناسه‌قامگیرى له‌ناوچه‌که‌دا دروست بکه‌ن.

هاوڵاتى ئه‌مریکا وه‌ک ئاماده‌کارییه‌ک بۆ ئه‌گه‌رى دروستبونى گرژی،  که‌شتى جه‌نگى و فڕۆکه‌هه‌ڵگرى (USS)ى ره‌وانه‌ى که‌نداو کرد. سه‌رچاوه‌یه‌کى به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریکا به‌ سى ئێن ئێنى رایگه‌یاند،  که‌شتى جه‌نگى و فڕۆکه‌هه‌ڵگرى (USS Nimitz)ى وڵاته‌که‌یان به‌ره‌و ناوچه‌ى که‌نداو به‌ڕێکه‌وتووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ئامانجى به‌هێزکردنى تواناى سه‌ربازى ئه‌مریکا له‌ناوچه‌که‌دا، که‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانیان له‌ عێراق و ئه‌فغانستان.  هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌روو که‌ ره‌وانه‌کردنى ئه‌و که‌شتییه‌ جه‌نگییه‌ به‌فه‌رمانى دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکى ئه‌مریکا بوه‌، به‌ڵام "په‌یوه‌ندى نیه‌ به‌ کوژرانى زانا ئه‌تۆمییه‌که‌ى ئێران، چونکه‌ پێشتر بڕیارى ره‌وانه‌کردنى ئه‌و که‌شتییه‌ درابو و ئامانج له‌ بڕیاره‌که‌ش به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌کانى تارانه‌ له‌ناوچه‌که‌دا.  

هاوڵاتى  راوێژکارێکى عه‌لى خامنه‌یی، رابه‌رى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ کاروبارى سه‌ربازى تۆمه‌تى کوشتنى موحسن فه‌خرى زاده‌، زانا ئه‌تۆمییه‌که‌ى ئێران، ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى ئیسرائیل و به‌ڵێن ده‌دات: "تۆڵه‌ له‌ ته‌لئه‌بیب ده‌که‌ینه‌وه‌". که‌مێک له‌مه‌وبه‌ر، له‌ تویتێکدا له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى تویته‌ر، حوسێن ده‌هقان نووسیویه‌تی: "سه‌هیۆنییه‌کان له‌ دوا رۆژه‌کانى ژیانى سیاسیى هاوپه‌یمانه‌که‌یان (دۆناڵد تره‌مپ)، هه‌وڵ ده‌ده‌ن فشاره‌کانى سه‌ر ئێران زیاتر چڕ بکه‌نه‌وه‌ به‌ئامانجى هه‌ڵگیرساندنى جه‌نگێکى فراوان". هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:" وه‌ڵامى ئێمه‌ بۆ بکوژى (شه‌هیدى سته‌ملێکراو) وه‌ک هه‌وره‌برووسکه‌ ده‌بێت و ده‌بێت بکوژان باجى ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ بده‌نه‌وه‌". پێشتر له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئێران کوشتنه‌که‌ى پشتڕاست کرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، به‌هۆى سه‌ختى برینه‌که‌یه‌وه‌ پزیشکان له‌ هه‌وڵه‌کانیان بۆ رزگارکردنى ژیانى فه‌خرى زاده‌ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون. ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ فه‌خرى زاده‌ له‌ ده‌روازه‌ى ناوچه‌ى ئابسه‌رد هه‌ماوه‌ندى تاران له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک چه‌کداره‌وه‌ ده‌ستڕێژى گوللـه‌ى کرایه‌ سه‌ر و به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌و زانایه‌ کوژرا.  

هاوڵاتى سه‌رۆکى پارتى (داهاتوو) له‌ تورکیا که‌ پارتێکى ئۆپۆزسیۆنه‌، توشى کۆرۆنا بوو ئه‌وه‌ش به‌پێى پشکنینى که‌ ئه‌نجامیداوه‌. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 27ى تشرینى 2020، سێرکان ئۆزجان، وته‌بێژى پارتى (داهاتوو) له‌ تورکیا رایگه‌یاند، ئه‌حمه‌د داودۆغڵو، سه‌رۆکى ئه‌و پارته‌ سیاسییه‌ توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوه‌. له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئۆزجان نوسیه‌تى: "به‌پێى پشکنینێک که‌ دوێنێ ئه‌نجامیداوه‌، ئه‌حمه‌د داودۆغڵو، سه‌رۆکى پارته‌که‌مان توشى کۆڤید-19 بوه‌". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، له‌ئێستادا دۆخى ته‌ندروستى داودۆغڵو جێگیره‌ وپشووده‌دات. ئه‌حمه‌د داودۆغڵو، سه‌رۆکى پێشووى تورکیا و هاودامه‌زرێنه‌رى پارتى داد و گه‌شه‌پێدانه‌ که‌ له‌ ئێستادا ده‌سه‌ڵاتداره‌، به‌ڵام به‌هۆى جیاوازى بیروڕا و ناکۆکى له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان، له‌ پارته‌که‌ جیابوه‌وه‌ و له‌ئێستادا پارتێکى ئۆپۆزسیۆنى دامه‌زراندوه‌.  

هاوڵاتى ئاژانسه‌کانى ئێران بڵاویانکرده‌وه‌، موحسین فه‌خریزاده‌، زانا و به‌رپرسى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمى ئێران له‌ ده‌ماوه‌ند کوژرا. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 27ى تشرینى دووه‌مى 2020 ئاژانسه‌کانى ئێران بڵاویانکرده‌وه‌  که‌" فه‌خریزاده‌ له‌ ناوچه‌ى ده‌ماوه‌ند سه‌ر به‌ تارانى پایته‌ختى ئێران تێرۆرکراوه‌". موحسین فه‌خریزاده‌، یه‌کێکه‌ له‌و که‌سایه‌تییانه‌ى ناوى له‌ لیستى سزادراوه‌کانى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى سه‌ر به‌ رێکخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کاندایه‌. هاوکات ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌، له‌ پله‌ى یه‌که‌مى زانا و شاره‌زاکانى بوارى وزه‌ى ئه‌تۆمیدایه‌ له‌ ئێران.  

هاوڵاتى  له‌ ئاکامى بۆردومانکردنى باره‌گاکه‌یان، له‌ خۆرهه‌ڵاتى سووریا، لانیکه‌م (19) چه‌کدارى لایه‌نگرى ئێران کوژران وگومانده‌کرێت، فڕۆکه‌یه‌کى ئیسرائیلى ئه‌نجامى دابێت. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ روانگه‌ى سووریا بۆ مافى مرۆڤ، رایگه‌یاند:" گومانده‌کرێت، فڕۆکه‌یه‌کى ئیسرائیلى له‌ نزیک شارى (ئه‌لبوکه‌مال)ى هاوسنوورى سووریا و عێراق بۆردومانه‌که‌ى ئه‌نجام دابێت". هه‌ردوو ناوچه‌ى (ئه‌لبوکه‌مال) و (میادین) له‌ ناوچه‌ گوندنشینه‌کانى دێرزوور له‌ خۆرهه‌ڵاتى سووریا هه‌ڵکه‌وتوون و له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى گروپه‌کانى نزیک ئێرانن له‌ سووریا. ئیسرائیل، هیچ زانیارییه‌کى له‌ باره‌ى ئه‌و بۆردومانه‌ بڵاونه‌کردووه‌ته‌وه‌ و به‌ڵام ره‌تیشینه‌کردووه‌ته‌وه‌. جه‌لعاد ئاردان باڵیۆزى ئیسرائیل له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌ نامه‌یه‌کدا داواى له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان کردووه‌ رێکارى پێویست بگرێته‌ به‌ر بۆ ده‌رچوونى هێزه‌ ئێرانییه‌کان له‌ خاکى سووریادا.