هاوڵاتى ساڵح موسلیم، ئه‌ندامى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى پارتى یه‌کێتیى دیموکرات(په‌یه‌ده‌) رایگه‌یاند:" یه‌کێتیى نه‌ته‌وه‌یى کوردان، به‌ دیاریکردنى دوژمنى ستراتیژى گه‌لى کورد دێته‌ دی"، ده‌شڵێت:" دوژمنى ستراتیژیى کورد ده‌وڵه‌تى تورکى داگیرکه‌ره‌". ساڵح موسلیم ڕایگه‌یاند:"یه‌کێتیى نه‌ته‌وه‌یى کوردان، به‌ دیاریکردنى دوژمنى ستراتیژى گه‌لى کورد، دێته‌ دی، هه‌ڵوێسته‌کانى ئه‌مدواییه‌ى حکومه‌تى دیمه‌شق به‌رامبه‌ر خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریى ڕۆژئاڤا به‌ هاوکاریى ده‌وڵه‌تى تورک بووه‌. ساڵح موسلیم، ڕاشیگه‌یاند:" هه‌ڵوێست ‌و ئاڵۆزییه‌کانى ئه‌مداوییه‌ى حکومه‌تى دیمه‌شق به‌رامبه‌ر خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریى ڕۆژئاوا، به‌ هاوکاریى ده‌وڵه‌تى تورک بوه‌ که‌ هه‌وڵى لاوازکردنى ڕۆژئاڤا ده‌دات". ئه‌ندامه‌که‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌یه‌ده‌، له‌باره‌ى دۆخى یه‌کێتیى نه‌ته‌وه‌یى گه‌لى کورده‌وه‌، جه‌ختى له‌وه‌ کردوه‌ته‌وه‌، هه‌ر کاتێک گه‌لى کورد، توانیى دوژمنى ستراتیژیى خۆى دیارى بکات، ئه‌و کات یه‌کێتیى نه‌ته‌وه‌یى کورد دێته‌ دی. موسلیم، ئه‌وه‌شى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ دوژمنى ستراتیژیى گه‌لى کورد، "ده‌وڵه‌تى تورکى داگیرکه‌ره‌".  

هاوڵاتى ‌وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق رایگه‌یاند له‌ مانگی کانوونى یه‌که‌مى رابردودا داهاتی نه‌وت گه‌یشتۆته‌ چوار ملیارو 793 ملیۆن‌ و 82 هه‌زار دۆلار. له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌ کردووه‌ که‌ به‌پێى ئاماره‌کانى کۆمپانیاى به‌ بازاڕکردنى نه‌وتى عێراق (سۆمۆ)، له‌ مانگى کانوونى دووه‌مى ئه‌مساڵ، 88 ملیۆن و 922 هه‌زار و 697 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ى بازاڕه‌کانى جیهان کراوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى خستۆته‌روو کۆى گشتى داهاتیش له‌و مانگه‌دا چوار ملیار و 793 ملیۆن و 82 هه‌زار دۆلار بووه‌. هاوکات ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه‌ که‌ نرخى هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وتى خاو له‌ مانگى کانوونى دووه‌مى ڕابردوودا 53 دۆلار و 29 سه‌نت بووه‌.  

هاوڵاتى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند، تا تێپه‌ڕاندنى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021، کاره‌کانى په‌رله‌مان به‌رده‌وام ده‌بێت و پشوو وه‌رناگرن. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4ى شوباتى 2021 راگه‌یه‌ندراوى نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق، محه‌مه‌د حه‌لبوسى رایگه‌یاندووه‌، کاره‌کانى په‌رله‌مان به‌رده‌وام ده‌بێت تا تێپه‌ڕاندنى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتى فیدڕاڵى بۆ ساڵى دارایى 2021. پێشتر په‌رله‌مانى عێراق، وه‌رزى یاسادانانى یه‌که‌مى له‌ سێیه‌م ساڵى یاسادانان، بۆ ماوه‌ى مانگێک درێژکرده‌وه‌، به‌مه‌به‌ستى ته‌واوکردنى چه‌ند یاسایه‌کى گرنگ له‌ نێویاندا پرۆژه‌یاساى بودجه‌. رۆژى 29ى (کانونى یه‌که‌م/12)ى 2020، سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق، گه‌یشتنى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ راگه‌یاند و رۆژى 9ى مانگى رابردوو، کۆبونه‌وه‌کانى تایبه‌ت به‌گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ ده‌ستپێکرد.  

کاکەلاو عەبدوڵڵا تورکیا دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت یه‌به‌شه‌ لەشەنگال دەربکات، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پێشنیاری خستووەتە بەردەم حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمجارە ئاستەنگەکانی بەردەم ئەنقەرە زیاترن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن وەک لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووتر. بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی رۆژانەی تورکیا کە سەر بەحکومەتی وڵاتەکەیە خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا، چوار پێشنیاری خستووەتە بەردەم حکومەتی عێراقی تائۆپەراسیۆن ئەنجامبدرێت لەدژی یه‌به‌شه‌ لەشەنگال، ئەمەش بەمەبەستی نەهێشتنی هەژموونی گروپەکە لەناوچەکە و پچڕانی پەیوەندی لەنێوان یه‌به‌شه‌ و پارتەکانی رۆژئاوای کوردستان. لەراپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەنقەرە دەیەوێت بەچوار سیناریۆی جیاواز ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات و یەکێکیان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کەبریتین لەئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان تورکیاو عێراق، ئۆپەراسیۆنی سوپای عێراق بەهاوکاری هێزی ئاسمانی تورکیا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان، یان وەک ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووتر تورکیا بەتەنها هێرش ئەنجامبدات. نیازی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەنێو بەرپرسانی تورکیا شاراوە نییەو سەردانی وەفدەکەی ئەنقەرە بەسەرکردایەتی خلوسی ئاکار لەمانگی رابردوودا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەر بۆ ئەو مەبەستە بوو. لە ١٨ی مانگی رابردوو وەفدەکەی تورکیا گەیشتنە بەغدادو لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراقی کۆبوونەوەو دواتریش سەردانی هەولێریان کرد کەتێیدا چاویان بە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوت. خلوسی ئاکار لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەکونسوڵخانەی تورکیا لەهەولێر رایگەیاند هێزەکانی یه‌به‌شه‌ «بەمزووانە لەناوچەکە دەردەکرێن لەڕێی ئەو رێکارانەی دەگیرێنە بەر لەداهاتوویەکی نزیکدا». ئاکار وتیشی، «گفتوگۆ هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وەفدەکە (تورکیا-عێراق) بەردەوام دەبێت، بڕوام وایە ئەم هەنگاوانە بەمزووانە دەرئەنجامی ئەرێنی لەسەر ئەرزی واقیع دەخەنەڕوو»، جەختیشی لەوە کردەوە کەئامادەیی حکومەتی هەرێمی بۆ هاوکاریکردنی تورکیا لەشەڕی دژی پەکەکە زۆر جێی «رێزە» لای ئەنقەرە. دوای سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ عێراق، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاش نیازی خۆی نەشاردەوە لەپەلاماری شەنگاڵ و رایگەیاند «تورکیا هەمیشە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ عێراق دژی پەکەکە، رەنگە لەپڕێکدا لە شەوێکدا بگەینە ئەوێ». لەساڵی ٢٠١٤ پەکەکە توانی پێگەی خۆی بەهێز بکات لەشەنگال دوای چوونە ناوەوەی هێزەکانی بۆ پارێزگاریکردن لەیەزیدییەکانی ناوچەکە و شەڕکردنی دژی داعش، تائیستاش یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە)ەوە هەژموونی خۆی هەیە بەسەر قەزاکەوە. لەمانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان بەسەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنێکیان ئەنجامدا بۆ دەرکردنی هەموو هێزەکانی شەنگال و دامەزراندنی هێزێکی حکومی بۆ پاراستنی ناوچەکە، بەڵام تا ئیستا ئەو رێکەوتنە شکستی هێناوە، ئەمەش لەئاستی چاوەڕوانییەکانی تورکیادا نییە. لەکۆبوونەوەی وەفدەکەی تورکیاو حکومەتی عێرقدا، بەرپرسانی تورکیا داوای دامەزراندنی بنکەی کاتیی سەربازییان کردووە لەموسڵ و هەرێمی کوردستان و زیادکردنی بنکەکانیان کە ئێستا (١٠) بنکەیان هەیە لەوڵاتەکەدا. بەپێی وتەی یەریڤان سەعید، شیکەرەوە لە ناوەندی تووێژینەوەی میدل ئیسترن ئەفێرس، رەنگە ئەمە ئامادەکاری بێت بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورەی تورکیا لەبەهاری ئەمساڵدا. «لەئێستادا کەشوهەواو تۆپۆگرافی ناوچەکە زۆر نالەبارە تاکردەی سەربازیی تێیدا سەرکەوتوو بێت»، یەریڤان سەعید ئەمەی بەپێگەی عەرەب نیوز وت. لەئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر شەنگال، تورکیا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە کە لەئۆپەراسیۆنەکانی پێشووتردا رووبەڕووی نەبووەتەوە. یەکێک لەبەربەستەکان ئەوەیە کە تورکیا یەبەشە بە تیرۆریست و سەر بە پەکەکە لە قەڵەمدەدات، لەکاتێکدا حکومەتی عێراقی دەیەوێت بیکاتە بەشێک لەحەشدی شەعبی. فەهیم تەستەکین، ستوننووسی پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، لەوتاریکدا باس لەو ئاستەنەگە دەکات و دەڵێت: تێکەڵکردنی یەبەشە بۆ نێو حەشدی شەعبی بۆ ئەوەیە تا پێکدادان لەنێو ئەو هێزانەی لە شەنگالدان دووربخرێتەوە. تەستەکین باس لەوەش دەکات ئەو ناوچەیەی تورکیا دەیەوێت ئۆپەراسیۆنی تێیدا ئەنجامبدات حەشدی شەعبی سەر بەئێرانی تێیدا جێگیرە، ئەمەش بەربەستێکی ترە بۆ داواکەی تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە. بیڵگای دومان، رێکخەری تووێژینەوەکانی عێراق لە ناوەندی تووێژینەوەی تورکی ئۆرسام، پێی وانییە ئۆپەراسیۆنێکی سێ لایەنی بەمزووانە رووبدات بەهۆی ئەو ناکۆکییەی لایەنەکان هەیانە سەبارەت بەدانەپاڵی وشەی «تیرۆر» بەگروپەکانی شەنگالەوە. «ئەوان هێشتا ناکۆکن لەسەر ئەوەی چۆن چاو لەگروپەکانی سەر بە پەکەکە بکەن لەعێراق. لەلایەکی تررەوە ئەرزی واقیع جیاوازترە»، دومان وای وت. بەپێی وتەی دومان کە بۆ عەرەب نیوز دواوە، بەغدادو هەولێر جیاکاری دەکەن لەنیوان هەڕەشەکانداو ئەو گروپانە بە ئامانج ناگرن کە بەربەستی ئەمنییان بۆ دروستناکەن. «یەبەشە بەشێوەیەکی بەرچاو تێکەڵی حەشدی شەعبی ئێرانی بووە کەبودجە و چەکیشی بۆ تەرخان دەکات»، دومان وای وت. لەلایەکی ترەوە، چەندین پارت و کوتلەی پەرلەمانی عێراق دژی ئۆپەراسیۆنی زیاتری تورکیان بۆ سەر ناوچەکانی عێراق. «لەکاتێکدا تورکیا یارمەتی عێراق دەدات بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەژمونی ئێران، بەڵام کازمی نایەوێت پاڵپشتی هێزە گەورەکانی عێراق لەدەست بدات لەسەروبەندی هەڵبژاردنی گشتی لەوڵاتەکەدا کەبڕیارە لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت»، تەستەکین وای نوسیووە. لەچەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیادا لەماوەی رابردوودا عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی رۆتینی ئیدانەیان کردووە، بەڵام هیچ کارێکی کردەییان نەکردووە بۆ وەستاندنیان. لەمانگی حوزەیرنی ٢٠٢٠، حکومەتی عێراقی ئیدانەی هەردوو ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ و هەڵۆی تورکیای کرد کەئامانج گرتنی پەکەکە بوو لەقەندیل و سنجارو مەخموور، بەهۆی ئەوەی گوندەکانی ناوچەکان دەکرانە ئامانج و تێیدا دوو ئەفسەری سەر بەسوپای عێراق کوژران. شارەزایان باس لەوەش دەکەن هەردوو حکومەتی عیراقی و هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئاماژەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکان بەسەرکردایەتی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، پێش قبوڵکردنی هەر داوایەکی تورکیا. «بەغدادو هەولێر رەنگە بیانەوێت ئاستی ئەو گۆڕانکارییانە ببینن کە ئیدارەی بایدن ئەنجامی دەدات پێش ئەوەی مل بدەن بۆ هەر داواکارییەکی تورکیا»، تەستەکین وای نوسیووە. تەنانەت ئەگەری بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەر ئۆپەراسیۆنێکی تورکیادا دژی پەکەکە ئەگەری روودانی کەمە بەهۆی فشاری ناوخۆیی و دروستبوونەوەی شەڕی براکوژی. پێکدادانە سەختەکەی نێوان هێزەکانی پەکەکەو پارتی دیموکراتی کوردستان لەناوچەی گارە لە ١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠ بووە هۆی ئیدانەکردنی شەڕەکە لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانەوەو ترسی شەڕی براکوژی سەریهەڵدایەوە. هەرچەندە بەشداری کردنی پارتی ئەگەرێکی کزە، بەڵام چەندین جار پەکەکە پارتی دیموکراتی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کردووە کەهاوکاری تورکیا دەکات بەپێدانی زانیاری و وردەکاری هەواڵگری لەسەر هێزەکانیان. «پێدانی زانیاری هەواڵگری رەنگە یەکێک بێت لەو هاوکاری و هەماهەنگییەی» خلوسی ئاکار باسی کرد لەلایەن حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستانەوە، یەریڤان سەعید وای وت.

هاوڵاتى بانکى نێوده‌وڵه‌تى عێراق رایگه‌یاند، کار له‌سه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌کى جیهانى ده‌که‌ن، بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و پارانه‌ى عێراق، که‌ به‌ نایاسایى براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى شوباتى 2021 ره‌مزى نوعمان نێرده‌ى تایبه‌تى بانکى نێوده‌وڵه‌تى عێراق راگه‌یاند:" گۆڕانکارى له‌ به‌هاى دینار به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار واده‌کات، که‌ عێراق بتوانێت داهاته‌کانى زیاتر بکات". نێرده‌ى تایبه‌تى بانکى نێوده‌وڵه‌تى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، له‌ ئێستادا یه‌ده‌گى دراوى عێراق، زیاتر له‌ 55 ملیار دۆلاره‌. پێشتر یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌هاوڵاتى وت:" به‌دواداچون بۆ هه‌موو ئه‌و پارانه‌ ده‌که‌ین که‌ براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ نایاسایى". پێشتر، بانکى ناوه‌ندى عێراقى نرخى 100 دۆلارى به‌رامبه‌ر به‌ 145 هه‌زار دینار جێگیرکرد و له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و له‌ بانکه‌کانیشدا به‌رامبه‌ر به146 هه‌زار دینار و بۆ هاوڵاتیانیش به‌ 147 هه‌زار دینار دیاریکرد.  

هاوڵاتى  ‌مه‌زڵوم کۆبانى سه‌رکه‌وتنى دانیشتنه‌کانى گفتوگۆکانى نێو ماڵى کوردى له‌ڕۆژئاڤا به‌رزنرخاندو له‌په‌یامێکیدا ڕایگه‌یاند:"بۆ قۆناغى داهاتووى یه‌کێتى نێو ماڵى کورد خۆمان ئاماده‌ده‌که‌ین". مه‌زڵوم کۆبانێ فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى (هه‌سه‌ده‌) له‌لاپه‌ڕه‌ى خۆى له‌تویته‌ر خۆشحاڵى به‌به‌ره‌وپێشچونى گفتوگۆکانى نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى ڕۆژئاواى کوردستان ده‌ربڕییو داواى له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان کرد که‌ بۆ قۆناغى داهاتوى یه‌کێتى نێو ماڵى کورد خۆیان ئاماده‌بکه‌ن. هه‌روه‌ها فه‌رمانده‌ى گشتیى هه‌سه‌ده‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردوه‌، گفتوگۆکان سه‌رکه‌وتنى باشیان به‌ده‌ستهێناوه‌و ده‌بێ نێو ماڵى کورد یه‌کبخرێته‌وه‌و یه‌کێتیو هاوئاهه‌نگى دروستبکرێت. هاوکات، کۆبانێ جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ "ئامانجى ئێمه‌ دیالۆگى نێوان شوراى نیشتمانى کوردانى سوریاو حزبه‌کانى یه‌کێتى نیشتمانى کورده‌و ئه‌و ڕێککه‌وتنانه‌ى به‌ده‌ستمانهێناون زۆر به‌لامانه‌وه‌ گرنگن‌و به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکه‌که‌مان ده‌پارێزێت". فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌)  ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر هه‌موولایه‌نه‌کان ئه‌رکه‌ بۆ قۆناغى دواتر به‌باشى ئاماده‌یى خۆیان ده‌رببڕن‌و به‌شێوه‌یه‌ک بێت که‌ له‌ڕۆژانى داهاتودا شایه‌تى قۆناغێکى نوێتر بن، وتیشى:"ئیدى با نێوماڵى کورد له‌وه‌ زیاتر په‌رته‌وازه‌ نه‌بێت‌و پێویسته‌ کورد یه‌کگرتوانه‌ هه‌وڵ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خۆیو خه‌ڵکه‌که‌ى بدات".  

 هاوڵاتى سه‌رۆک کۆمارى تورکیا بانگه‌شه‌ى بۆ نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورێکى نوێ ده‌ستپێکرد که‌ جگه‌ له‌ پته‌وکردنى پێگه‌کانى ده‌سه‌ڵاتى خۆی، ئامانجێکى سه‌ره‌کى بریتییه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌کردنى پارتى دیموکراتى گه‌لان. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى شوباتى 2021 ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند:"له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌په‌رستى (مه‌هه‌په‌) که‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات، ده‌ست ده‌که‌ین به‌ کارکردن بۆ داڕشتنى ده‌ستوورێکى نوێ". ئه‌م لێدوانه‌ى ئه‌ردۆغان دواى ئه‌وه‌ هات که‌ باخچه‌لى داوایکرد له‌ پێناو قه‌ده‌غه‌کردنى هه‌ده‌په‌دا، ده‌ستوورى تورکیا هه‌موار بکرێته‌وه‌. ئه‌ردۆغانیش رایگه‌یاند:"که‌سانێک هه‌ن په‌یوه‌ندى هزر و سۆزیان به‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ نه‌ماوه‌"، وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ پارتى دیموکراتى گه‌لان که‌ ئه‌ردۆغان و باخچه‌لى به‌ بوونى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ تۆمه‌تباریان ده‌که‌ن. چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌ردۆغان به‌ پشتیوانى بزوتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌په‌رست، ده‌ستوورى تورکیاى له‌ پێناو پته‌وکردنى ده‌سه‌ڵاتى خۆى هه‌موارکرده‌و  چاوه‌ڕوان ده‌کرێت هه‌نگاوه‌ نوێیه‌که‌ هه‌مان ئامانجى هه‌بێت و زیاتر نه‌یاره‌کانى سه‌رکوت بکات.  

هاوڵاتى وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند ئەگەر ئەمریکا نیازپاکی خۆی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نیشان بدات، ئێران دەستبەجێ وەڵام دەداتەوە و نیازپاکی خۆی دەسەلمێنێت. محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی رایگەیاند: " ئەگەر ئەمریکا نیازپاکیی خۆی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نیشان بدات، ئێران دەستبەجێ وەڵام دەداتەوە و نیازپاکیی خۆی دەسەلمێنێت". وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: .دەتوانرێت میکانیزمێک بۆ هاوئاهەنگی کردنی گەڕانەوەی ئێران و ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی دیاریی بکرێت و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپاش چاودێریی بکات. جۆ بایدن پێش دەستبەکاربوونی رایگەیاند کە دەگەڕێتەوە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری لەو بارەیەوە نەنراوە، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت: ئەمریکا کاتێکی بێسنووری نییە بۆ گەڕانەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی. لەو بارەیەوە محەممەد جەواد زەریف دەڵێت: ئێران چاودێرەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەرناکات، بەڵکو چاودێرییەکانیان سنووردار دەکات، ئاژانس زۆرجار لێکۆڵینەوەی لە بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە و ئێران ئەوانە سنووردار دەکات. هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: سنووردارکردنی چاودێرەکان پێشێلکردنی پابەندییەکانیان نییە، بەڵکو بەشێکە لە کەمکردنەوەی پابەندییەکان. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە لەبارەی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی وتی: ئەمریکا خوازیاری گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێرانە، بەڵام بە مەرجێک کە ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمریکا بۆ رێککەوتنێکی ماوەدرێژ و بەهێزتر کە هەموو بابەتەکانی دیکەش لە خۆبگرێت بکات. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەنتۆنی بلینکن ئاماژە بەوە دەدات: ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لەسەر کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بە رێککەوتنی ئەتۆمی، تەنیا چەند هەفتەیەک مەودای دەبێت تاوەکو ماددەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکێکی ئەتۆمی، بەرهەم بێنێت. بەپێی یاسایەکی پەرلەمانی ئێران، حکومەتی ئەم وڵاتە لە 3 هەفتەی دیکەوە پابەندییەکان بە رێککەوتنی ئەتۆمی کەمتر دەکاتەوە، یەکێک لەوانە کەمکردنەوەی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانە. رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 واژۆکرا کە لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران و ئەو وڵاتە بەرنامە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات و رێگە بە چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بدات، چاودێری بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکاندا بکەن. لە ساڵی 2018  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە مەبەستی  رێککەوتنێکی باشتر، لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و خولێکی نوێی گەمارۆی لەژێر ناونیشانی "ئەوپەڕی گووشار" بەسەر ئێراندا سەپاند. عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو هۆشداری بە ئەمریکا دا و وتی: دەرفەتی ئەمریکا و تەنانەت ئەوروپاش بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانیان بە رێککەوتنی ئەتۆمی سنوودارە. لە لایەکی دیکەوە سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: دەبێت هەموو ئەو گەمارۆیانە کە دۆناڵد ترەمپ بەسەر ئێرانیدا سەپاندوون بە شێوەیەکی کاریگەر هەڵگیرێنەوە، واتە تەنیا واژۆیەک بەس نییە، بەڵکو دەبێت نیشانەکانی نەمانی گەمارۆکان ببینین. لە گەمارۆکانی سەردەمی دۆناڵد ترەمپ رێژەی هەناردەکردنی ئێرانی بۆ کەمترین بڕ دابەزاند، سەعید خەتیبزادە لەو بارەیەوە رایگەیاند: دەبێت ئێران بەئاسانی بتوانێت نەوت بفرۆشێت، پارەکەی وەرگرێتەوە و بیمە دڵنیایی بۆ بکرێت.

هاوڵاتى بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی ئەمریکا رایگەیاند سێ جۆری کۆرۆنای گۆڕاو دۆزراونەتەوە ژماره‌ى توشبوان به‌رده‌وام له‌ زیادبوندایه‌ و له‌مه‌ترسى نزیک ده‌بینه‌وه‌. دکتۆر رۆشێل واڵێنسکی، بەڕێوەبەری گشتیی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە کۆشکی سپی وتی: "زۆربەی تووشبووانی کۆرۆنای گۆڕاو لە ئەمریکا هەڵگری ئەو جۆرەن کە بۆ یەکەمجار لە بەریتانیا دۆزرابووەوە و ژماره‌ى توشبوان به‌رده‌وام له‌ زیادبوندایه‌ و له‌مه‌ترسى نزیک ده‌بینه‌وه‌". بەڵام سێ لە تووشبووان هەڵگری ئەو جۆرەن کە لە ئەفریقیای باشوور دۆزراوەتەوە کە لە جۆرەکانی دیکە ترسناکترە و یەکێکی دیکەیشیان هەڵگری ئەو جۆرەیە کە یەکەمجار لە بەرازیل دۆزرابووەوە ئەو جۆرە کۆرۆنایەی کە یەکەمجار لە بەریتانیا دۆزرایەوە، خێراتر لەوانی دیکە بڵاودەبێتەوە و بڕوا دەکرێت کوشندەتربێت، بەڵام جۆرەکەی ئەفریقیای باشوور تەنانەت نیگەرانیی گەورەتری بەدوای خۆیدا هێناوە، چونکە گومان و ئاماژە سەرەتاییەکان نیشانی دەدەن کە رەنگە ئەو ڤاکسینانەی تاوەکو ئێستا دروستکراون نەتوانن رێگری لە پەتاکە بکەن. هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی سەرنتەری کۆنتڕۆڵکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئەمریکا داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی دەکات کە هەر کاتێک ڤاکسینیان بۆ دابینکرا بە زووترین کات وەریگرن و جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا کاتی شلکردنەوەی رێکارە خۆپارێزییەکانی وەکو بەستنی ماسک نەهاتووە.  بەپێی ئاماری سەرنتەری کۆنتڕۆڵکردن و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی ئەمریکا لە کۆتایی مانگی رابردوو ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنای گۆڕاو گەیشتە 471 کە لەو ژمارەیە 467 کەسیان لە جۆرەکەی بەریتانیا بوون. ئەمریکا لەڕووی ژمارەی تووشبوون پلەی یەکەمی ریزبەندیی ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدانی لە جیهان گرتووە، بەپێی ئامارەکانی وۆڵدۆمیتەر تاوەکو ئێستا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا گەیشتووەتە نزیکەی 27 ملیۆن و ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتووەتە 454 هەزار و 213 کەس.

هاوڵاتى مه‌زڵوم عه‌بدى له‌سه‌ر بارگرژى نێوان هێزه‌کانى رژێم و به‌رێوه‌به‌رى خۆسه‌ر رایگه‌یاند که‌ هۆکاره‌که‌ى "زهنیه‌تى نه‌گۆڕى رژێمه‌". جه‌نه‌راڵ مه‌زڵوم عه‌بدى،فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند:" به‌م دواییانه‌ وه‌فدێکى به‌ڕێوه‌به‌رى خۆسه‌ر سه‌ردانى دیمه‌شقى کردووه‌و به‌ڵام وه‌ک هه‌موو جارێکى تر به‌هۆى نه‌ گۆڕانى زهنیه‌تى رژێمه‌وه‌ له‌ دیمه‌شق هیچ سوودى نه‌بووه‌". ناوبراو راشیگه‌یاند:" به‌هۆى ئه‌و گه‌مارۆ و ده‌ستگیرکردنانه‌ى هێزه‌کانى رژێم له‌ که‌مپى شه‌هبا( ئاواره‌ى عفرینى تێدا نیشته‌جێ یه‌)و له‌ شێخ مه‌قسود له‌ حه‌له‌ب له‌ دژى که‌سوکارى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات ئه‌نجامى ده‌ده‌ن و ده‌ستگیریان ده‌که‌ن، ئه‌م کارانه‌ بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش فشار له‌ هێزه‌کانى رژێم بکه‌ین".  هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات به‌ راشکاوى به‌ رژێمیان راگه‌یاندووه‌ فشارى ئه‌وان بۆ سه‌ر شه‌هبا و شێخ مه‌قسود له‌ حه‌له‌ب به‌رانبه‌ر ده‌بێت به‌ فشار خسنه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌منیه‌تى هه‌ردوو شارى حه‌سه‌که‌ و قامشلۆ.   له‌باره‌ى رووداوه‌کانى ئه‌مڕۆوه‌، راگه‌یاندنى فه‌رمى سوریا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ خۆپیشاندانى ئه‌مڕۆدا دژى هێزه‌کانى سووریاى دیومکرات، ئه‌و هێزانه‌ ته‌قه‌یان له‌ مه‌ده‌نى کردووه‌ که‌سێکیان کووشتووه‌و چوار خۆپیشانده‌رى تر بریندارن.   خۆپیشاندانه‌کان که‌ له‌لایه‌ن لایه‌نگرانى به‌عسه‌وه‌ رێکخرابوو وا بڕیار بوو دژى ده‌زگاکان و هێزه‌کانى به‌ڕێوه‌به‌رى خۆسه‌ر ئه‌نجام بدرێت.

هاوڵاتى تورکیاو میلیشیا چه‌کداره‌کانى هاوپه‌یمانى له‌ به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆوه‌ تا ئێستا به‌ رۆکێت و تۆپى دوورهاوێژ هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر چه‌ند گوندێکى عه‌ین عیساو رێگاى نوێه‌ده‌وڵه‌تى ئێم فۆر، هێزه‌کانى سوریاى دیموکراتیش به‌توندى وه‌ڵامیان ده‌داته‌وه‌. ئاژانسى فوراتنیوز ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 30ى کانونى دووه‌مى 2021 بڵاویکرده‌وه‌ که‌ له‌ عه‌ین عیسا ڕژێمى تورکیا و میلیشیا چه‌کاره‌ ئیسلامییه‌ هاوپه‌یمانه‌کانى هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر عه‌ین عیسا و شه‌ڕڤانانى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) به‌توندى به‌رپه‌رچیان ده‌ده‌نه‌وه‌ و تائێستا شه‌ر و پێکدادان به‌رده‌وامه‌ هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌ که‌ هێرشه‌کانى تورکیاو میلیشیا ئیسلامییه‌کانى به‌ ڕۆکێت و تۆپى دوورهاوێژ بۆ سه‌ر گوندى (مه‌علله‌ک) و (ڕێگاى ئێم چوار)ى نێوده‌وڵه‌تى کردووه‌ته‌ ئامانج. هاوکات ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌روو له‌ به‌رامبه‌ردا شه‌ڕڤانانى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده‌) به‌توندى به‌رپه‌رچى هێرشه‌کانیان داوه‌ته‌وه‌ و تێکیان شکانوون" له‌ دوروبه‌رى گوندى مه‌علله‌کى باکورى ڕۆژائاڤاى عه‌ین عیسا شه‌ر به‌ قورسى به‌رده‌وامه‌".  

هاوڵاتى  حکومه‌تى روسیا به‌رپرسانى دیمه‌شقیان ئاگادار کردوه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ى که‌ باشتر داواکارییه‌کانى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) جێبه‌جێ بکه‌ن، پێش ئه‌وه‌ى هه‌سه‌ده‌ کارتى خۆى به‌کاربهێنێت و هه‌ره‌س به‌ ئابوورى دیمه‌شق بهێنێت. پسپۆڕه‌ ستراتیژییه‌که‌ رایگه‌یاند که‌ داوا له‌ به‌شار ئه‌سه‌د کراوه‌ گه‌مارۆى سه‌ر ناوچه‌کانى (حه‌له‌ب و شه‌بها و ته‌نه‌ف و درعا) هه‌ڵبگرێت و هێزه‌کانى به‌ ئاشتییانه‌ له‌ ناوچه‌کانى ژێر ده‌ستى شه‌ڕڤانان بکێشێنته‌وه‌" کاره‌سات روو ده‌دات ئه‌گه‌ر هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات نه‌وت له‌ رۆژئاواى فورات ببڕن و چیتر مامه‌ڵه‌ش به‌ لیره‌ى سورى نه‌که‌ن". هه‌روه‌ها پسپۆڕه‌که‌ وتى "ئه‌گه‌ر رۆژئاواى کوردستان ده‌ستبه‌ردارى لیره‌ى سورى ببێت، به‌هاى دراوى سوریا له‌سه‌دا 50 داده‌به‌زێت و له‌وکاته‌شدا ته‌نانه‌ت روسیا ناتوانێت فریاى هه‌ره‌سهێنانى رژێمى سوریا بکه‌وێت." هاوکات جه‌ختى له‌وه‌شکردووه‌ته‌وه‌ ه‌ به‌شار ئه‌سه‌د ئاگادار کراوه‌ته‌وه‌ که‌ پێویسته‌ داواکارییه‌کان کورد له‌ سوریا جێبه‌جێ بکات، پێش ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات کارته‌ کاره‌ساتباره‌که‌یان فڕێ بده‌ن و هه‌ره‌س به‌ هه‌موو شتێک بهێنن.   

هاوڵاتى         جه‌یک سۆلیڤان راوێژکارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی،  تورکیاى به‌سه‌رچاوه‌ى نیگه‌رانى بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان و ده‌وڵه‌تانى ئه‌وروپایى وه‌سفکرد. ئیداره‌ى بایدن، پێشتر له‌ یه‌که‌م لێدوانیدا له‌ باره‌ى تورکیا جه‌ختیکرده‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ى ئازادییه‌کان و مافى مرۆڤ و داواى له‌ حکومه‌تى سه‌رۆکى تورکیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان کرد، رێز له‌ بڕیاره‌کانى دادگاى ئه‌وروپا بۆ مافه‌کانى مرۆڤ بگرێت سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ئازاد بکات. وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا جه‌ختیکرده‌وه‌ له‌وه‌ى ئیداره‌ى نوێ به‌سه‌رۆکایه‌تى جۆو بایدن، ھانى تورکیا ده‌دات بۆ رێزگرتن له‌ ئازادییه‌ سه‌ره‌کییه‌کان و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێکى به‌ په‌له‌ بۆ پرسى ده‌میرتاش.  ئیداره‌ى جۆوبایدن ره‌خنه‌ى توند له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌گرن، له‌کڕینى سیسته‌مى مووشه‌کى رووسیى "ئێس-400" له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌ که‌ هاوپه‌یمانه‌کانى له‌ ناتۆ زۆر توڕه‌ کرد و بووه‌ ھۆى ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا سزاکان به‌سه‌ریدا بسه‌پێنێت.  

هاوڵاتى ‌لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق بڕیاریدا یاساى خانه‌نشینى بڕگه‌ى 10 هه‌مواربکاته‌وه‌، که‌ فه‌رمانبه‌ر له‌ ته‌مه‌نى 60 ساڵیدا خانه‌نشین ببێت. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 29ى کانونى دووه‌مى 2021 لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق بڕیاریدا یاساى خانه‌نشینى بڕگه‌ى 10 هه‌مواربکاته‌وه‌، که‌ فه‌رمانبه‌ر له‌ ته‌مه‌نى 60 ساڵیدا یا ئه‌گه‌ر بارى ته‌ندروستى رێگربوو له‌ به‌رده‌وامبوونى کارى ده‌توانێت خانه‌نشین ببێت. به‌پێى ره‌شنووسى لیژنه‌ى دارایى فه‌رمانبه‌ر له‌ دوو حاڵه‌تدا ده‌توانێت خانه‌نشین ببێت ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌ر ته‌مه‌نى گه‌یشته‌ ته‌مه‌نى 60 ساڵى خانه‌نشین ده‌بێت یا بارى ته‌ندروستى باش نه‌بوو لیژنه‌ى پزیشکى پشتڕاستیکرده‌وه‌ ده‌توانێت خانه‌نشین ببێت. به‌ پێى یاساى یه‌کگرتووى خانه‌نشینى عێراق، هه‌موو فه‌رمانبه‌رێک ئه‌گه‌ر 15 ساڵ خزمه‌تى فه‌رمانبه‌رى له‌ که‌رتى گشتى هه‌بێت ده‌توانێت خۆى خانه‌نشین بکات، به‌ڵام ده‌بێت فه‌رمانبه‌ر ته‌مه‌نى له‌ 45 ساڵ که‌متر نه‌بێت، هه‌روه‌ک ته‌مه‌نى خانه‌نشینى زۆره‌ملێش به‌ 60 ساڵ ده‌ستنیشان کراوه‌.  

هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق هۆشدارى له‌ هاتنى شه‌پۆلى دوه‌مى کۆرۆنا ده‌دات که‌ به‌بڕواى وه‌زاره‌ته‌که‌ شه‌پۆلێکى توندترو کوشنده‌تر ده‌بێت به‌راورد له‌ شه‌پۆلى پێشوو. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 29ى کانونى دووه‌مى 2021 وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق، له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاند، وێڕاى ده‌ستپێکردنى هه‌ڵمه‌ته‌کانى کوتان به‌ ڤاکسین، له‌ هه‌ندێک له‌ وڵاتانى جیهان به‌رزبونه‌وه‌یه‌کى مه‌ترسیدارى ژماره‌ى توشبون و گیانله‌ده‌ستدان له‌سایه‌ى ئفلیجبونى به‌هێزترین سیستمه‌ ته‌ندروستییه‌کاندا له‌به‌رده‌م په‌تاى کۆرۆنادا به‌خۆوه‌ ده‌بینن. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه‌ که‌ ئه‌م شه‌پۆلى دووه‌مه‌ سه‌لماندویه‌تى توندتر و کوشنده‌تره‌ له‌ شه‌پۆلى یه‌که‌م، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ده‌رکه‌وتنى زنجیره‌ى نوێى مه‌ترسیدارى ڤایرۆسه‌که‌ له‌وانه‌ى زنجیره‌ى گۆڕاوى به‌ریتانى و باشورى ئه‌فریقا. ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه‌ که‌ وه‌زاره‌ته‌که‌ به‌رده‌وام له‌ بۆنه‌ جیاجیاکاندا هۆشدارى داوه‌ته‌ هاوڵاتیان له‌باره‌ى پابه‌ندنه‌بونیان به‌ رێنماییه‌کان و رێکاره‌کانى خۆپارێزى به‌هۆى چاکبونى دۆخى په‌تاکه‌وه‌ له‌ عێراق، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، هاوڵاتیان وه‌ک پێویست پابه‌ندنه‌بون. ته‌ندروستى عێراق ئاشکراشیکردوه‌ که‌ ئاماژه‌کان نیشانى ده‌ده‌ن له‌ماوه‌ى دو هه‌فته‌ى دواییدا به‌رزبونه‌وه‌یه‌کى که‌م هه‌یه‌ له‌ ژماره‌ى توشبواندا له‌عێراق، ئه‌وه‌ش ره‌نگه‌ نیشانه‌ى سه‌ره‌تاى شه‌پۆلى دوه‌مى په‌تاکه‌ بێت که‌ ره‌نگه‌ خراپتر بێت له‌ شه‌پۆلى یه‌که‌م به‌هۆى نه‌بونى پابه‌ندیى به‌ رێکاره‌ خۆپارێزییه‌کانه‌وه‌. هاوکات وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق وتوشیه‌تی، هۆشدارى ده‌ده‌ین له‌ مه‌ترسى گه‌ڕانه‌وه‌ى زیادبونى توشبون و مردن به‌ ڤایرۆسه‌که‌، ئه‌و شته‌ى ناچارمان ده‌کات بڕیارو رێکارى توندتر بگرینه‌به‌ر له‌وانه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ و داخستنى شوێنه‌ قه‌ره‌باڵغه‌کان ئه‌وه‌ش له‌پێناو به‌رگرتن له‌ کاریگه‌رییه‌ کاره‌ساتباره‌کانى ئه‌و شه‌پۆله‌ى به‌ڕێوه‌یه‌. وازاره‌ته‌که‌ داواى له‌ هاوڵاتیان کردوه‌ رێکاره‌کان جێبه‌جێ بکه‌ن به‌تایبه‌ت به‌ به‌ستنى ماسک و په‌یڕه‌وکردنى دوریى نێوانیان و دورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ قه‌ره‌باڵغى و شتنى ده‌ست.