هاوڵاتى سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان رایگەیاند:" دەمانەوێت ئارامی و سەقامگیری بگێڕینەوە". ئەمڕۆ شهممه 31ی تهمموزی 2021، قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: " کۆبوونەوەکەمان دووەمین کۆبوونەوەی ئاسایی هاوپەیمانی کوردستان بوو، باسی چۆنێتی میکانیزمی هاوپەیمانێتییەکەمان کرد، کارەکانمان بەسەر لیژنە هاوبەشەکاندا دابەشکرد و دەمانەوێت ئارامی و سەقامگیری بگێڕینەوە.'' شاندێکی پێنج کەسی یەکێتی بە سەرپەشتیی قوباد تاڵەبانی دوای تێپەربوونی دوو رۆژ لە دیاریکردنی وەک سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان سەردانی بارەگای سەرەکیی بزووتنەوەی گۆرانیان کرد. سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان باسیلەوەشکرد، "بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکردووە و هەموو هەوڵێکمان بۆ سەرخستنی هاوپەیمانێتییەکە دەخەینەگەڕ، تا بەیەکەوە بەبەهێزی بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان لە بەغداد بکەین.'' ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپاسی خۆم گەیاندە هەموو لایەک کە ئەم ئەرکەیان بە من سپارد.'' جەختیلەوەشکردەوە "لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی زیاترمان دەبێت و دەتوانین گفتوگۆی زیاتربکەین.'' لە رۆژی 20-06-2021 لە رێوڕەسمێکدا لە سلێمانی یەکێتی و گۆران رێککەوتنی پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانیی کوردستانیان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق واژووکرد.
هاوڵاتى شارهزایهکى کاروبارى تورکیا دهڵێت:" ئاگرهکهى تورکیا بهتهنها سهرى درهختهکان ناخوات، بهڵکو پێشبینى دهکرێت شهڕێکى خوێناوى نێوخۆیى له نێوان تورکه ڕهگهزپهرهستهکان و نهتهوهکانى دیکهى تورکیا بهتایبهت کورد و ههوادارانى ههدهپه بڵێسه بسهنێت". رێبین ئهحمهد رهشید، شارهزا لهکاروبارى تورکیا له وتارێکى پوختدا دهربارهى ئاگرهکهى دارستانهکانى تورکیا پێیوایه سلێمان سۆیلو وهزیرى ناوخۆى تورکیا دهیهوێت سووتاندنى دارستانهکان بخاته ئهستۆى ههدهپه و ڕێکخراوى میلیشیایى ساداتى سهر بهکۆشک به هاوکارى بیرۆى گهنجانى ئاکپارتى و مهههپه بیناو ناوهندهکانى ههدهپه بسوتێندرێن و ئاژاوه بهرپا بکهن و دواتر ههدهپه بدهنه مهحکهمهى دهستورى. دهقى وتارێکى پوختى رێبین ئهحمهد رهشید: ئاگرهکهى تورکیا بهتهنها سهرى درهختهکان ناخوات! دابهدواى لهکۆنترۆڵ دهرچوونی ئاگرى دارستانهکانى تورکیاو بڵاوبوونهوهى ئامارهکانى مێترۆپۆل وئاڤرسیا سهبارهت به ههڵبژاردنى پێشوهخت بهوهى ئاردۆغان ناتوانێت پارێزگارى له پۆزسیۆنى پارتهکهى بکات لهم ههڵبژاردنهدا، میدیاى سێبهر و ئاکپارتى به ناڕاستهوخۆ ههدهپه له سوتاندنى دارستانهکان تۆمهتبار دهکهن. ئهم ئێوارهیه له قۆنیا خێزانێکى شهش نهفهرى کورد که ژنى سکپڕو و مناڵیان تێدا بووه ههر شهشیان لهلایهن کهسانى نادیارهوه دهکوژرێن و پاشان خانووهکهیان گڕى تێبهردهدرێت و دهکرێته قهره بارووت، بهڵام بکهرانى ڕووداوهکه تا ئێستا دیار نین. پێشتر له ۱۲ى تهمموزدا ههر له قۆنیاهێرش دهکرێته سهر ئهم بنهماڵهیهو ۱۱ کهسیان لێ بریندار دهکرێت و پێیان دهوترێت ئێوه تورک نین و دهبێ ئهم شاره بهجێبهێڵن. پێشبینى دهکرێت شهڕێکى خوێناوى نێوخۆیى له نێوان تورکه ڕهگهزپهرهستهکان و نهتهوهکانى دیکهى تورکیا بهتایبهت کورد و ههوادارانى ههدهپه بڵێسه بسهنێت. ئهندازیارى ههڵگیرساندنى بڵێسهى ئهم ئاگره نێوخۆییه سولهیمان سۆیڵووى وهزیرى ناوخۆیه. بۆ لهبیر بردنهوهى فهشهلى حکومهت له کۆنترۆڵنهکردنى ئاگرهکهى دارستانهکانى تورکیاو پهردهپۆشکردنى دانپێدانانه مهترسیدارهکانى سهدات پهکهر دژى سۆیڵو، ئهردۆغان دهستى بۆ ئهم چهکه مهترسیدارهى شهڕى تورک و کورد بردووه و سهرهتاکهى له قۆنیاوه دهستیپێکرد. پێدهچێت ڕێکخراوى میلیشیایى ساداتى سهر بهکۆشک به هاوکارى بیرۆى گهنجانى ئاکپارتى و مهههپه بیناو ناوهندهکانى ههدهپه بسوتێندرێن و ئاژاوه بهرپا بکرێت و حکومهتیش لهبهرامبهردا بارى نائاسیى وهک ئهوهى دواى کودهتاکهى تهمووزى ڕابردوو ڕاگهیهندرا ڕابگهیهنێت و بهیهکجارى ههدهپه بداته مهحکهمهى دهستوورى و به تۆمهتى ئاژاوه و تێکدانى ئاسایشى کۆمهڵایهتى دایبخات و ئیتر کهس سوتاندنى دارستانهکانى بیر نهمێنێت.
هاوڵاتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) رایگەیاند:" ئامانجی هێرشەکان ئاشکران، دەیانەوێت بەو شێوازە کوردان بترسێنن، لە خۆرێکخستن دوریان بخەنەوە و لەناویان ببەن".کەنەکە دەڵێت; "بانگەواز لە هەمو گەلی کوردستان دەکەین لە بەرامبەر ئەو دڕندایەتییەدا بێدەنگ نەبن، ئەمڕۆ شهممه 31ی تهمموزی 2021، کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "ئێوارەی رۆژی 30ی تەموز، لە ناوچەی مەرام لە شاری کۆنیا، رەگەزپەرستانی تورک هێرشیان کردە سەر خانەوادەیەکی کورد، 7 کەسیان کۆمەڵکوژ کردو ئاگریان لە مالەکەیان بەردا، پێشتریش لە 12ی مانگی گولانی ئەمساڵدا گروپیكی 60 کەسیی رەگەزپەرست هێرشیان کردە سەر ئەم خێزانە، چەند کەسێکیان بریندار کرد و هەڕەشەی کوشتنیشیان لێکردن". کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردوە ئەوەی لە کۆنیا رویدا، هێرشێکی ئاسایی نییە، دڕندایەتی و کۆمەڵکوژییە، ماوەیەکە لە شارە گەورەکانی تورکیا (ئیزمیر، ئەنکەرە، کۆنیا، ئەفیون، ئاسکیشەهر، مەنیسا، ئەنتالیا و هەندێک شوێنی دیکە، هێرشی لەم چەشنە دەکرێتە سەر کوردان، هەتا ئێستا ژمارەیەک کەس کوژراون و ژمارەیەکی زیاتریش بریندارکراون، هێرشکارەکان خەڵکی ئاسایی نین و سەربەخۆ ئەو کارانە ناکەن. کەنەکە باسی لەوەشکردوە: "ئامانجی هێرشەکان ئاشکران، دەیانەوێت بەو شێوازە کوردان بترسێنن، لە خۆرێکخستن دوریان بخەنەوە و لەناویان ببەن، دەوڵەتی تورکیا لەو کارانەدا ئەزمونی زۆرە، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەو سەرەتای سەدەی بیستەمدا، هەمان رەفتاریشی بەرامبەر ئەرمەنی و یۆنانییەکان کرد، بەهەمانشێوەش هێرشی کردە سەر ئەوان و دواتریش کۆمەڵکوژی کردن، پیلانی دەوڵەتی تورکیا بۆ گەلی کوردیش هەمان پیلانە". ئەوەشی خستوەتەڕو، "گەلی کورد لەژێر هەڕەشەی لەناوبردندایە، ئێمە لە ژێر هەڕەشەی جینۆسایداین، پێویستە ئەو راستییە بزانرێت و بەپێی ئەو راستیەش کاربکەین، نابێت هیچ کەسێک لە بەرامبەر ئەو هێرشانە پاشەکشە بکات، پێویستە بە شێوازێکی رێکخستنیی پەرە بە خۆپاراستنی جەوهەریی بدرێت، بەتایبەتیش ئەو کوردانەی لە شارە گەرەکانن، پێویستە باشتر خۆیان رێکبخەن و بە رێکخراویی خۆیان بپارێزن". کەنەکە دەڵێت، "بانگەواز لە هەمو گەلی کوردستان دەکەین لە بەرامبەر ئەو دڕندایەتییەدا بێدەنگ نەبن، خۆیان رێکبخەن، لە ناو بزوتنەوەی ئازادیدا جێگا بگرن، لە دژی هێرشکاران راوەستن و خاوەندارێتی لە قوربانیەکان بکەن، دوژمن هەرچیەکی لەدەست دێت با بیکات، خەبات و داخوازیی ئێمە رەوایەو بە دڵنیایی سەردەکەوین". هەروەها داوا لە رای گشتیی جیهان، هێزە دیموکراتخواز و مرۆڤدۆستەکان دەکەن، دڕندایەتی دەوڵەتی تورکیا ببینن و پشتگیریی لە تێکۆشانی ئازادیی گەلی کوردستان بکەن، "جارێکی تر هێرشی دڕندانەی نەژادپەرستە تورکەکان ریسوا و شەرمەزار دەکەین، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان و تەواوی گەلی کوردستان دەکەین". رۆژی ههینی 30ی تهممووزی 2021، خێزانێكی كورد كه له حهوت کەس پێكهاتبوون، له شاری كۆنیای توركیا، لهلایهن هاوڵاتی توركهوه هێرشیان كرایه سهر و كۆمهڵكوژكران.
شاناز حەسەن لە سلێمانی توشبوون بە کۆرۆنا لەناو منداڵاندا زیادیکردووە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان دەڵێت :" باشیەکەی ئەوەیە منداڵان زووتر وەڵامدانەوەیان بۆ ڤایرۆسەکە هەیە و چاکدەبنەوە". پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی بە هاوڵاتی وت :" ڕاستە توشبوون زۆر زیادیکردووە و زۆربەشیان بە نیشانەی سکچون و ڕشانەوە توشدەبن، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە منداڵان زوتر چاکدەبنەوەو و ڤایرۆسەکە تێدەپەڕێنن". بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان ئەوەشی ڕونکردەوە بەشێکی زۆری توشبوەکان هەر نیشانەیان نیە و هەندێکی کەمیان بە توندی توشدەبن و وە زۆر زوش چاکدەبنەوەو وتی" بەنمونە ئەگەر بە ڕێگەی لوتەکە پشکنینی کۆرۆنایان بۆبکەیت کە ماوەی دوو ڕۆژی دەوێت تا ئەنجامەکە دەردەچێت لەو دوو ڕۆژەدا منداڵەکە چاکدەبێتەوە و نەخۆشیەکە تێدەپەڕێنێت". لەبارەی ئامارەکانەوە جەختی لەوەکردەوە ئەو ئامارانەی بڵاودەکرێنەوە لە گەورەکانیشدا ئاماری تەواو راست نین" چونکە تەنیا پشکنینی لوتەکە تەواو دەقیقە ئەوەش کاتی زۆری پێدەچێت". دکتۆر پشدەر عەبدوڵا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بەگشتی لە سەدا ٢٠ی توشبوون منداڵانن بە نمونە کە لە سلێمانی هەزار کەس توشی کۆرۆنا ببن ٢٠٠ کەس لەوانە منداڵانن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان زیاتر رونیکردەوە و وتی: "منداڵان نیشانەیان کەمترە و حاڵەتی توندیان کەمترە و مردنیان هەر زۆر کەمە. توندەکانیش ئەوانن کە نەخۆشی دیکەیان هەیە منداڵمان هەیە نەخۆشی دڵی هەیە یان حاڵەتێکمان هەیە نەخۆشی گورچیلەی هەیە بۆیە بە قورسی دەیگرن". لەئێستادا لەناو منداڵاندا نەخۆشی سکچون و ڕشانەوە زۆر بڵاوە و وتیشی "ماوەی دوو مانگە ژمارەیەکی زۆر منداڵان توی سکچون و ڕشانەوە دەبن و سەرەنجی ئەوەمان داوە لەگەڵ کەمبونەوەی سکچون و ڕشانەوە حاڵەتی کۆرۆناش کەمدەکات، واتە دەتوانین بڵێین بەشێکی زۆری ئەوانەی سکچون و ڕشانەوە دەگرن هۆکارەکەی کۆرۆنایە" .
هاوڵاتى سهرۆكایهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند: " ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەو تاوانە بێ هۆیە دەبێت رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە". سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان له ههژماری خۆی له تۆڕی كۆمهڵایهتیی تویتهر نووسیویەتی "ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەو تاوانە بێهۆیە دەبێت رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە." ئێوارەی هەینی، حەوت ئەندامی خێزانێکی کورد لە ناوچەی مەرامی شاری کۆنیا لە تورکیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران و ژن و منداڵیش لەنێو کوژراوەکاندا هەن. لە تویتەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەرکۆنەی هێرشی سەر خێزانێکی کورد لە تورکیا دەکەین، هاوخەمی کەسوکار و خۆشەویستانی قوربانییەکانین. ئەوانەی بەرپرسیارن لە ئەو تاوانە بێهۆیە دەبێت، رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە." ئەو کەسانەی لە هێرشەکەدا کوژراون ئهمانهن: یاشار دەدەئۆغوڵڵاری، باڕش دەدەئۆغوڵڵاری، سەرپیل دەدەئۆغوڵڵاری، سێراپ دەدەئۆغوڵڵاری، ئیپەک دەدەئۆغوڵڵاری، مەتین دەدەئۆغوڵڵاری و سیبەل دەدەئۆغوڵڵاری. 12ی ئەم مانگەش گروپێکی "توندڕەو" هێرشیان کردە سەر هەمان خێزان و حەوت ئەندامی خێزانەکەیان بریندار کرد. ئەوکات بەشێک لەو گرووپە "توندڕەوە" دەستگیرکران و دواتر پێنج کەسیان ئازادکران. ئەو خێزانە کوردە 24 ساڵ بوو لەو ناوچەیەی کۆنیا دەژیان. ئەو ماڵەی ئەوکات هێرشیان کردبووە سەر خێزانە کوردەکە، دراوسێی خۆیان بوون.
هاوڵاتى ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل ڕاگەیەندراوێكی لەسەر بۆردومانەكانی شەوی ڕابردوی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا بڵاوكردەوە. بەپێی ڕاگەیندراوەكە، لە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی دوێنێوە بۆردومان دەستیپێكردووە تا دوای كاتژمێر 12ی شەو، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانی لێبكەوێتەوە. لەسەرەتای ڕاگەیەنراوەكەی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە ) هاتووە:" توركیا گورزی قورسی لەلایەن گەریلاکانەوە بەردەکەوێت، بۆیە لە بەرامبەردا بە چڕی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بۆردومان دەکا، لە هێرشی ئاسمانیدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانی گەریلا نەکەوت، بەڵام زیان بەر ڕەز و باخی گوندنشینان کەوتووە و ئاگر کەوتوەتەوە". هەپەگە ڕونیكردوەتەوە، زانیاریی لەبارەی هێرشەکانەوە بەم شێوەیەیە: ٢٩ی تەممووز، لەنێوان کاتژمێر ١١:٤٠ – ١٧:٣٠٠ تونێلەکانی شەڕ لە گۆڕەپانی گردی سووری ئاڤاشین بۆردومان کران. ٢٩ی تەممووز، کاتژمێر لەنێوان ٢٣:٣٠ – ٠٠:٣٠ لە هەرێمی مەتینا هەلیکۆپتەرەکان لە هێڵی قەشوریان گەڕان. ٢٩ی تەممووز، کاتژمێر ٠٠:٠٠ گۆڕەپانی ساجاری زاپ بە فڕۆکەی شەڕكەر بۆردومان کرا. ٢٩ی تەممووز، کاتژمێر لەنێوان ٠١:١٥ – ٠١:٣٠ گۆڕەپانی دەشتی کافیای گارە لەلایەن فڕۆکەکانەوە بۆردومان کرا. ٢٩ی تەممووز، لەنێوان ٠١:٢٢ – ٠١:٢٥ هەرێمی بەرگارێی ئامێدی و گوندەکانی بلمەندی دینارتێی سەر بە ئاکرێ و گوزێ لەلایەن فڕۆکەکانەوە بۆردومان کران. ٢٩ی تەممووز، کاتژمێر لەنێوان ١٢:٣٠ – ١٣:٤٠ و ٢٢:٤٥ – ٠٠٠:٤٥ لە هەرێمی قەندیل، گردی زەرگەلێ، دۆڵی زەرگەلێ، گردی ساڤاش، دۆڵی شەهیدان، گردی هیوا، گەلی بالایان، گردی بالایان، دۆڵی بەدرانان، بێپالان، گوندی سورەدێ، گلگامێش، دێرەش و بەردەقاشۆ بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومان کران. بەهۆی بۆردومانەوە زیانێکی زۆر بەر ماڵ و ڕەز و باخی هاوڵاتییان کەوت و ئاگر کەوتەوە و ئاگرەکە بەردەوامە.
هاوڵاتى تیمی CPT لە كوردستانی عێڕاق رایگەیاند:" هیوایخوازین هیچ دەستێوەردانێكی حزبی و سیاسی لە كەیسەكانی زیندانیانی بادینان نەكرێت". ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی CPT لەسەر پرۆسەی دادگاییكردنی دوێنێی بەشێكی تر لە چالاكوانانی بادینان ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند:" بەردەوام دەبن لە پشتیوانیكردنی زیندانیانی بادینان و چاودێریكردنی پرۆسەی دادگاییكردنەكانی داهاتوو". تیمی CPT لە كوردستانی عێڕاق كە بەشداربوون لە چاودێریكردنی پرۆسەی دادگاییكردنەكە دووپاتیانكردەوە و هیوایخواز كە هیچ دەستێوەردانێكی حزبی و سیاسی لە كەیسەكانی زیندانیان بادینان نەكرێت و دادوەرو دادگاكان سەربەخۆو ئازادبن لە بڕیاردانی دادپەروەرانە". دوێنێ، پرۆسەی دادگاییكردنی هەریەك لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەروشكی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو دادوەر پاش وەرگرتەكان دانیشتنەكەی بۆ ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول دواخست، ئەو دوو دەستگیركراوەی بادینان بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی هەرێم دادگاییكران.
هاوڵاتى وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند:" گەنمی وەرگیراوی سالی 2021 دەكرێتە ئارد و مانگانە وەک بەشە خۆراگ دابەشدەکرێت". وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نوسراوێكدا لەپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند:" گەنمی وەرگیراوی سالی 2021 دەكرێتە ئاردی پسولەی خۆراک". راشیگەیاند:" لە رێكەوتی 26ی تەمووزی 2021 بەرێوەبەری دروستکراوی دانەوێلەی سلێمانی فەرمانبەرەکانی بەشی هونەری و تاقیگە بڕی 25 تۆن گەنمی وەرگیراوی ساڵی 2021 لەسایلۆی پیرەمەگرون تاقیان كردەوە لە ئەنجام نانێکی باش و بێ کێشە بوو ئاردەکەی شیاوە بۆ نان".
هاوڵاتى ئێران گومانی لە سیناریۆكانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق هەیەو پێیوایە واشنتۆن لەڕێگەی پڕچەككردنی پێشمەرگەو دژەتیرۆری عێراق رووبەڕووی باڵ و باسكە چەكدارییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە. دوو هەفتەیە بابەتی گەرمی میدیا فەرمییەكانی حكومەت و دەسەڵات لەئێران بووەتە هەواڵ و راپۆرتی شیكاریی سەبارەت بەپڕچەككردنی هێزی پێشمەرگەو چۆنیەتی بەكارهێنانی ئەو هێزە لەلایەن ئەمەریكاوە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران. وەزارەتی دەرەوەی ئێران بۆ یەكەمجار لەزاری راوێژكارەكانیەوە روونی كردووەتەوە كە ئەمەریكا پلانی خۆی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕیوەو چیتر سەربازەكانی لەسەر زەوی بەمەبەستی بەرەنگاریی نەیارانی بەكارناهێنێت، بەڵكو لەسەر زەویی چەكداری خۆجێی بەكاردەهێنێت بەجۆرێك كە لەڕووی چەك و كەرەستەی سەربازیی هاوكارییان دەكات و لەبەرامبەریشدا لەئاسمانەوە پشتیوانیان دەكات بۆ جەنگ لەگەڵ نەیارانی ئەمەریكا لەسەر زەویی كە بەبڕوای ئێران یەكێك لەو هێزە خۆجێیانەی كە ئەمەریكا دەیەوێت پلانە نوێیەكانی پێ جێبەجی بكات، هێزەكانی پێشمەرگەیە لەهەرێمی كوردستان و عێراق. بەرپرسێكی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە كە دوور نییە ئەمەریكا هێزی پێشمەرگە وەك كارتێكی فشار لەدانوستانە ئەتۆمییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئێران بەكار نەهێنێت. پێشمەرگە لەپلانی ئەمەریكا تا كارتی فشار بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران ئاژانسی هەواڵی كۆماری ئیسلامی ئێران (ئیرنا) رۆژی شەممە (10/7/2021) راپۆرتێكی بەناونیشانی (جیاوازیی هێزو كەرەستە سەربازییەكان لەعێراق؛ هێزە یان لاوازیی؟) نوسیویەتی: عێراق بەپێی پلەبەندییە سەربازییەكان لەپلەی (52)ی هێزە سەربازییەكانی جیهانەو لەنێو وڵاتانی عەرەبی بەپێنجەمین هێزی سەربازیی ئەژمار دەكرێت، بەڵام جیاوازیی جۆری هێزەكان و چەكەكانیان كاریگەریی زۆری لەسەر دامەزراوە سەربازیی و چەكدارییەكانی عێراق داناوە. لەڕاپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە راستەوخۆ لەلایەن ئەمەریكاوە پشتیوانیی دەكرێن و تەنانەت لەم دواییانەدا موچەی هێزەكانی پێشمەرگە هەر لەلایەن ئەمەریكاوە رەوانە كراوە. ئیرنا نووسیویەتی: پێشمەرگە كە بەبەشێك لەهێزە چەكدارەكانی عێراق لەقەڵەمدەدرێت هەڵگری بیروباوەڕێكی نەتەوەییە و لەگروپی بچوكتردا زیاتر پابەندی حزبەكانیان تاپاراستی كیانی عێراق، بەڵام ئەمەریكا بەهەموو جۆرێك یارمەتیی پێشكەشی ئەو هێزانە دەكات و ئەوەی روونە تەنها هێزە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی كە بەبڕیاری مەرجەعیەتی شیعەی عێراق لەساڵی (2014) دامەزراون تەنها پارێزگاریی لەعێراق دەكەن و پشتیوانیی مەرجەعیەت و ئایینی زۆرینەی خەڵكی ئەو وڵاتەیان لەپشتە. لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی هەواڵی كاری ئێران (ئیلنا) رێككەوتی (12/7/2021) بەناونیشانی (پشتی پەردەی پێكهێنانی هێزێكی هاوبەشی عێراق و پێشمەرگە) لێدوانی قاسم موحیبعەلی، بەڕێوەبەری پێشووی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوەزارەتی دەرەوەی ئێرانی بڵاویكردووەتەوە لەسەر یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی عێراق لەچوارچێوەی پلانی نوێی ئەمەریكا بۆ ناوچەكە بەمەبەستی دژایەتیی كۆماری ئیسلامی ئێران. موحیبعەلی وتوویەتی: تێڕوانین و پلانی ئەمەریكا لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووەو ئەمەریكا دەیەوێت لەئاسمانەوە چاودێریی شەڕ و جەنگی ئەو هێزانە بكات كە لەسەر زەوی بەكاریاندەهێنێت، بۆیە هێزی پێشمەرگەی كوردو هێزێكی عەرەبی سوپای عێراق بە بیانوی یەكخستنیان بۆ جەنگی دژی داعش لەڕاستیدا لە جەنگی دژ بەئێران لەلایەن ئەمەریكاوە بەكاردەهێنرێن. بەرپرسەكەی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێی وایە؛ ئەمەریكا گۆڕانكاریی لەبنەمای جموجۆڵ و هەڵسوكەوتەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات و دروستكردنی هێزە چەكدارەكانی پێشمەرگەو بەشێك لەسوپای عێراق لەپێناو زیانگەیاندن بەهێزو باسك و باڵە سەربازییەكانی ئێران لەناوچەكەدا بەكاردەهێنێت و ئەو پەیامەی ئەمەریكا بۆ ئێران روونە، بەڵام ئەوەی روونترە ئەمەریكا دەیەوێت ئەو هێزانە وەك كارتێكی فشار لەدانوستانەكانەی لەگەڵ ئێران بەكاری بهێنێت، چونكە گفتوگۆو دانوستانەكانی نێوان تاران و واشنتۆن وڵاتانی ئەوروپا لەسەر پرسی ئەتۆمیی و پرسەكانی دیكە بەردەوام دەبێت. بەغدا و واشنتۆن بۆ كشانەوە گفتوگۆ دەكەن لە رێككەوتی (20/8/2020) لەیەكەم گەشتی مستەفا كازمی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن و كۆبوونەوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، راگەیەنرا كەژمارەی سەربازەكانی ئەمەریكا لەعێراق پێنج هەزارو (200) سەربازەو دواتر ئەمەریكا رایگەیاند لەگەڵ سێیەمین خولی دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان واشنتۆن و بەغدا ژمارەی ئەو سەربازانە بۆ دوو هەزارو (500) سەرباز كەمكراونەتەوە كە كازمیش لێدوانەكەی ئەمەریكای پشتڕاستكردەوەو رایگەیاند: (60%)ی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق كشاونەتەوە. تائێستا چوار خولی دانوستان و گفتوگۆ بەناونیشانی (دیالۆگی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمەریكا) بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق بەڕێوەچووەو ئەوەی بەدی دەكرێت ناڕوونیی ئەنجامی ئەو دانوستان و گفتوگۆیانەیە، چونكە ئەوەی روونە ئەمریكا بەپێی بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسییەكان مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەكات و مەرج نییە دان بەداواكارییەكانی عێراقدا بنێت بۆ كشانەوەی سەربازەكانی لەو وڵاتە. لەلایەكی دیكەوە بەغدا ئاگاداری جموجۆڵی هێزەكانی ئەمەریكا لەهەرێمی كوردستان نییەو ئەو هێزانە لەنێوان باشوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا لەجموجۆڵ و تێپەڕاندنی ئەركەكانیاندان بەتایبەت لەهەماهەنگیی و هاوكاریی هێزەكانی سوریای دیموكراتی(هەسەدە). ئەمەریكییەكان و بەشێك لەدەسەڵاتدارانی بەغدا بەبەردەوامی جەختیان لەوەكردووەتەوە كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق چەند ساڵێك دەخایەنێت، بەڵام ئەوەی راستی بێت ئەمەریكا دەتوانێت هاوشێوەی ئەفغانستان لە(24) سەعاتدا سەربازەكانی بكشێنێتەوە بەو جیاوازییەی لەئەفغانستان گروپێكی سوننەی توندڕەوە بەناوی تاڵیبان دەبنە دەسەڵات، بەڵام لەعێراق گروپێكی چەكداریی شیعەی وەك حەشدی شەعبی باڵادەست دەبێت كە بەباسكی چەكداری كۆماری ئیسلامی ئێران لەعێراق لەقەڵەم دەدرێت. ئەمەریكا و مۆتەكەی تیرۆر لەسەر فەرماندەكانی نزیك لەئێران ئەمەریكا (18) ساڵە هێزەكانی لەعێراق جێگیر كردووەو بەبەردەوامی رایگەیاندووە هێزەكانی لەعێراق دەكشێنێتەوە، بەڵام بەپێی هەواڵی سایتی (THE GAZETTE)ی ئەمەریكی بڕیارە یەكەیەكی تایبەت لەچوار هەزار سەرباز كەژمارەیەكیان لەیەكەی تایبەتی (فۆرت كارسۆن) دەبن، رەوانەی عێراق بكرێن. كۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی راوێژكارو شیكەرەوەكانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەیان رایانگەیاندووە: مەبەستی ئەمەریكا لە رەوانەكردنی یەكەی فۆرت كارسۆن بۆ عێراق تیرۆركردنی فەرماندەكانی هێزە چەكدارە شیعەكان بەتایبەت حەشدی شەعبییە. لەلایەكی دیكەوە لەگەڵ بڵابوونەوەی هەواڵی رەوانەكردنی یەكەی فۆرت كارسۆن بۆ عێراق، ئاژانسی هەوالی فەرمیی حكومەت لەئێران (ئیرنا) بە ناونیشانی (تیمی تیرۆری ئەمەریكا لەعێراق) نووسیویەتی: ئەو هێزە بۆ تیرۆری سەركردەكانی حەشدی شەعبی رەوانەی عێراق كراوەو وتەبێژی حەشدی شەعبیش رایگەیاندووە خۆیان بۆ هەموو سیناریۆكان ئامادە كردووە. بەپێی زانیارییەكان؛ یەكەی فۆرت كارسۆن ناوەندو بنكەی سەرەكییان لەویلایەتی كلۆڕادۆ لەئەمەریكایە و تیمێكی تایبەت لەو یەكەیە لەساڵی (2003) بۆ دۆزینەوە و دەستبەسەركردنی سەددام حسێن رەانەی عێراق كران، بۆیە لەگەڵ جوڵەپێكردنی هەر تیمێك لەو یەكەیە ئاماژەی پلان و سیناریۆیەكی نوێی سەربازیی ئەمەریكا دەردەكەوێت. ئێران هۆكاری دوو دوڵی ئەمەریكا بۆ كشانەوە لەعێراق د.عەلی بەسیری، شارەزای سیاسی و مامۆستای زانكۆ لەبەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لەزانكۆی ئیسفەهان لە رۆژنامەی (ئافتابێ یەزد) لەوتارێكیدا بەناونیشانی (ئەمەریكا لەسەر خاكی عێراق ململانێ لەگەڵ ئێران دەكات) نووسیویەتی: ئەمەریكییەكان لە رابردوو ئێستادا لەچوارچێوەی گۆڕینی ئاڕاستەی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكەیاندا بڕیاریاندابوو كۆتایی بەبوونی بێئەنجام و تێچووی زۆر و كێشەنانەوەی خۆیان لەزۆر شوێن و پێگەی جیهان بهێنن كە ئەم سیاسەتەش لەسەردەمی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووتری ئەو وڵاتە بەتوندی گیرایەبەر، لەو كاتەدا كەتێگەیشتن چەقیونەتە زەلكاوو وێرانەیەكەوە بەناوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت ئەمەریكا لەئامادەبوونی نیوەو ناچڵی خۆی لەئەفغانستان نیازی وابوو بۆ بەرەنگاربونەوەی (تاڵیبان) هەماهەنگیی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران بكات و لەو چوارچێوەیەشدا كۆمەڵێك هەوڵی خستەگەڕ، بەڵام بەكۆتاییهاتنی دەسەڵاتی دیموكراتەكان لەكۆشكی سپی و هاتنەسەركاری شێتێك (دۆناڵد ترەمپ) وەك سەرۆكی ئەمەریكا، ئەو بڕیارە ژیرانەیەی كە لەكاتی پێویستدا گیرابووەبەر، گۆڕانكاریی بەسەردا هات و ئەمەش بووە سەرەتای چیرۆكێكی كوشندە كەهەڵەكەی خرایە ئەستۆی حكومەتی كۆمارییەكان بەسەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ. «سیاسەتی ناوچەیی ئۆباما لەسەر بنەمای دژایەتیی وڵاتی چین داڕێژرابوو لەسەر ئەم بنەمایەش بڕیار بوو وردە وردە هێزەكانیان لەعێراق بكشێننەوە بەڵام شكستی داعش و فراوانبوونی هەیمەنەی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانكاریی چركەیی لەسیاسەتەكانی توركیا، ترس لەزیادبوونی هەیمەنەی روسیاو راڕایبوونی هاوپەیمان و هاوبەشەكانی لەناوچەكەدا، بووە هۆی ئەوەی ئەمەریكییەكان كشانەوەی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوابخەن و هەر ئەمەش كێشەی زۆر بۆ ئەوان دروستدەكات». «ئەگەرچی لە رابردوودا لەسنوری ئەفغانستان بەهاوكاریی ئێران حكومەتێكی یەكێتی نیشتیمانی هاتە سەركارو گفتوگۆكان لەگەڵ تاڵیبان تا رادەیەكی كەم گەیشتە ئەنجام، بەڵام ئەو تاوانەی بووە هۆی تیرۆری سولەیمانی و موهەندیس، هەموو هاوسەنگی و پێودانگەكانی ئەمەریكای لەناوچەكەدا تێكداو دوودڵی لەمانەوەو كشانەوەی بۆ ئەمریكییەكانی كردە مۆتەكە تائاستێك كە پەیڕەوكردنی سیاسەتی (گۆپاڵ و گێزەر) ببێتە سیاسەتی (چەوت و نەخۆش )ی ئەمەریكا، كەئەمەش لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە قبوڵكراو نییە». نووسینەكەی بەسیری ئاماژەیە كەئەمەریكا لەپلانی نوێی خۆی بەتایبەت دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزەكانی قودس لەئێران، ئامادە نییە خاكی عێراق رادەستی كۆماری ئیسلامی ئێران بكات، بەڵكو واشنتۆن دەیەوێت گۆپاڵ دژی تاران بەكاربهێنێت، بۆیە پێدەچێت پێشمەرگە ببێتە ئەو گۆپاڵەی ئەمەریكا كەدژی چەكدارانی سەر بەئێران لەعێراق بەكار بهێنرێت. پێشمەرگە لە واشنتۆن بەشداریی ژمارەیەك بەرپرس لەهێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان لەگەڕی چوارەمی دانوستانەكانی نێوان عێراق و ئەمەریكا ئاماژەیەكەی روونە كە واشنتۆن دەیەوێت وەك هێزێكی تایبەت بەدەر لەو تێبنیانەی لەسەر پێشمەرگە و یەكخستنەوەی هەیەتی مامەڵە بكات و دوور نییە پێشمەرگە ببێتە بەشێك لەپلانی ستراتیژیی و درێژمەودای ئەمەریكا لەعێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەمەریكا و ئێران ئەگەر لەسەر هەموو شتەكانی هێزی پێشمەرگە ناكۆك بن بەڵام لەسەر ئەو تێبینییە كە پێشمەرگە لەهەرێم وەك هێزی چەكداریی حزبەكان بەكاردەهێنرێت كۆكن، بۆیە دەكرێت ئەم تێبینییە كەزۆر لە راستییەوە نزیكە ببێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی ئەو هێزە لەهەموو روویەكەوە. ئەمەریكا و ئێران لەگەڵ چیا دەبنە دۆستی كورد؟ رۆب واڵەر، كۆنسوڵی گشتی ئەمەریكا لەهەولێر دوای تەواوبوونی ئەركەكەی لەوتارێكدا بەناونیشانی (دو هاوڕێی كورد) نووسیویەتی: لەگەڵ گەیشتنم بۆ هەولێر وتەیەكی كۆنی كوردیم بەشێوازی خۆم داڕشتەوەو ئاماژەم بەوەدا «كوردەكان دەتوانن پشت بەدوو هاوڕێ ببەستن كە ئەویش چیاكان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا»یە. ئەو دەڵێت زیاتر لە (30) ساڵە ئەمەریكا هاوڕێ و دۆستی كوردەو لەسەپاندنی ناوچەی دژەفڕین و تا رووخانی سەددام حسێن و دروستكردنی هەرێمی كوردستان و یەكخستنەوەی پێشمەرگە یارمەتیی كوردی داوەو تەنها لەساڵێكدا (250) ملیۆن دۆلاری پێشكەش بەهێزەكانی پێشمەرگە كردووە . ئەم وتانەی بەرپرسێكی ئەمەریكا روون و ئاشكرایە كە كوردو پێشمەرگە لەپلانی ستراتیژیی ئەمەریكادا جێدەگرێت، بەڵام لەبەرامبەردا رژێمی پاشایەتی ئێران بەمەبەستی دژایەتیی دەسەڵاتی ناوەندیی عێراق لەساڵی (1975) یارمەتیی هێزو بزووتنەوە چەكدارییەكانی لەباشوری كوردستان كردووەو دواتریش كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (1979) تائێستا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگە لەپەیوەندییدا بووە و دەیان بەڵگەو دۆكۆمێنت هەیە كەهاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگەو كۆماری ئیسلامی ئێران ئاشكرادەكات، بۆیە لەلایەك تاران پێشمەرگە بەدۆست و لەلایەك واشنتۆن پێشمەرگە بەهاوڕێ و هاوپەیمان ناودەبات لەكاتێكدا لەپاڵان و ستراتیژییە نوێیەكەی ئەمەریكا بڕیارە دۆستی جارانی ئێران ببێتە دوژمنی ئێستا.
نامۆ سەربەست بۆ یەكەمجارە ئەمریكا لە رێگەی فرۆكەی سەربازییەوە هێرش بكاتە سەر تاڵیبان دوای رێككەوتننامەی دەوحە لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیەداو ئەوەش تاڵیبانی تووڕە كردووەو دەڵێن «بێ سزا تێناپەڕێت». شەڕو پێكدادانەكان لەنێوان بزوتنەوەی تاڵیبان و حكومەتی ئەفغانستاندا دوای كۆتایی هاتنی ئاگربەستی جەژنی قوربان دەستیپێكردەوەو تاڵیبان نیوەی هەرێمەكانی ئەو وڵاتەی كۆنترۆڵ كردووە كەسەرجەمیان ناوچە دەشتایی و گوندییەكانن و شارە سەرەكییەكان و پایتەختی ویلایەتەكان هێشتا بەدەست حكومەتەوەیە. بۆ رێگریكردن لەئەو پێشڕەوییانە، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە لەكۆی (34) ویلایەت قەدەغەی هاتوچۆی شەوانەی لە (31) ویلایەتدا راگەیاند. ئەحمەد زیاو زیاو جێگری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ، لەبەیاننامەیەكی دەنگیدا بەڕۆژنامەنوسانی راگەیاند:»بەئامانجی رێگریكردن لەتوندوتیژی و جموجوڵەكانی تاڵیبان، قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە لە (31) ویلایەت راگەیەندراوە كە لە 10ی شەوەوە دەستپێدەكات تا 4ی بەیانی». ئامانج لەڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ رێگریكردنە لەكارئاسانیی جوڵەی شەوانی چەكدارانی تاڵیبان لەنێوان شارۆچكەكاندا. دەستپێكردنەوەی شەڕەكان دوای ئەو ئاگربەستە دێت كە بزوتنەوەی تاڵیبان لەكاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆكانیدا لەگەڵ حكومەت بەنێوەندگیریی وڵاتی قەتەر بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە رایگەیاند. وێڕای ئەوەی دوایەمین گەڕی گفتوگۆكان هیچ دەرئەنجامێكی لێ نەكەوتەوە، بەڵام موتڵەق ئەلقەحتانی، نێردەی وەزیری دەرەوەی قەتەر بۆ دژایەتیی تیرۆرو نێوەندگیریی لەگرژییەكاندا بە رۆیتەرزی راگەیاند:»هەردوولا رێككەوتوون لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆكان لەسەر ئاستی باڵا تادەگەنە رێككەوتن و بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی داهاتوو دیسان كۆدەبنەوە». لەلای خۆشیەوە هیبەتوڵا ئەخوند زادە سەرۆكی بزوتنەوەی تاڵیبان لەنامەیەكدا رایگەیاند:»وێڕای دەستكەوت و بەرەوپێشچوونە سەربازییەكان، ئیمارەتی ئیسلامی (كە مەبەست لێی وڵاتی ئەفغانستانە لەژێر حوكمی تاڵیباندا) زۆر بەتوندی پشتیوانیی چارەسەرێكی سیاسی دەكات لەوڵاتداو هەموو دەرفەتێك دەقۆزێتەوە بۆ بەرپاكردنی سیستمێكی ئیسلامی و ئاشتی و ئاسایش». هاوكات محەمەد نەعیم وتەبێژی مەكتەبی سیاسی تاڵیبان بەكەناڵی جەزیرەی وت:»ئەولەویەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان رێگای گفتوگۆیە». بەڵام لەبەرامبەردا رێكخراوەكە رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە، كە ئاگربەستەكەی بۆ ئەوە راگەیاندووە تا پێگەكانی قایم بكات و پێداویستیی بگەیەنێتە جەنگاوەرەكانی تابتوانن دوای كۆتایی هاتنی ئاگربەستەكە هێرشبكەنە سەر هێزەكانی حكومەت. لەوبارەیەوە ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان لەوتارێكدا وتی جەنگاوەرەكانی تاڵیبان سەلماندیان كە:»نە ئیرادە و نە نیەتیان نییە بۆ بەرپاكردنی ئاشتی». لەماوەی هەفتەی ڕابردووشدا (15) نێردەی دیبلۆماسی لەئەفغانستان داوای كۆتایی هێنانی بەپەلەی هێرشەكانی تاڵیبانیان كردو رایانگەیاند ئەو هێرشانە دژی راگەیاندنەكانی بزوتنەوەكەیە كەدەڵێت دەیانەوێك بگەنە چارەسەرێكی ئاشتییانە. رۆژی یەكشەممە 25ی تەمموزی 2021، ئاژانسی هەواڵی ئەفغانی (خامە پرێس) رایگەیاند وێڕای ئەوەی حكومەتی ئەفغانستان هێشتا ستراتیجی نوێی رانەگەیاندووە بۆ چۆنیەتی یەكپێگرتنەوەی هێزەكانی لەچەند ناوچەیەكی دیاریكراودا، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە كە بەمزووانە پلانی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچە لەدەستدراوەكان جێبەجێدەكرێت. ئەو راگەیاندنە لەكاتێكدایە چەندڕۆژێك پێشتر ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان رایگەیاند پلانێكیان داڕشتووە تا لەماوەی شەش مانگی داهاتوودا ئەو ناوچانەی تاڵیبان كۆنترۆڵیكردوون بەدەستی بهێننەوە. لەوەڵامی ئەو پلانەدا بزوتنەوەی تاڵیبان لەبەیاننامەیەكدا هۆشدارییاندا لەئەوەی هەرچی لەماوەی شەش مانگی داهاتوودا رووبدات، لەئەستۆی حكومەتە و نووسییان:» ئیمارەتی ئیسلامی هۆشداری دەدات لەوبارەیەوەو ئاگاداریاندەكاتەوە كە گۆڕانكارییەكان لەبواری سەربازیدا لەشەش مانگی داهاتوودا، بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە سەرشانی بەرپرسانی كابول، چونكە موجاهیدەكانی ئیمارەتی ئیسلامی بەهەموو هێزێكیانەوە بەرگری لەناوچەكانیان دەكەن و لەكاتی بەردەوامیی جەنگدا لەلایەن دوژمنەوە ئەوا ئیمارەتی ئیسلامی تەنیا لەدۆخی بەرگریدا نامێنێتەوە». هەروەها ئەوەشیان دووپاتكردووەتەوە كە:»راگەیاندنی جەنگ لەلایەن ئیدارەی كابولەوە، بەئاشكرا دەیسەلمێنێت كێ نایەوێت دۆزەكە بەڕێگەی گفتوگۆو دانوستان چارەسەربكرێت.» سەبارەت بەپلانە نوێیەكەی حكومەتی ئەفغانستان، ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند كە سوپای ئەفغانستان ستراتیجی جەنگەكەی دژی تاڵیبان دەگۆڕێت بۆ ئەوەی، هێزەكانی لەچواردەوری ناوچە گرنگترەكانی وەك كابول و شارەكانیترو خاڵە سنورییەكان و ژێرخانە گرنگەكان كۆبكاتەوە. سەبارەت بەدۆخی شەڕەكان و پێشڕەوییەكانی تاڵیبان و پلان و ستراتیجەكەی حكومەتی ئەفغانستان، جەنەراڵ مارك مێلی سەرۆك ئەركانی ئەمریكا وتی كە بزوتنەوەی تاڵیبان «گوژمێكی ستراتیجی» وەرگرتووە لەهێرشەكانیدا لەسەرتاسەری ئەفغانستاندا، بەڵام سەركەوتنی مسۆگەر نییە. میلی باسی لەئەوەشكرد لەچوارچێوەی ئەو فشارەی چەكدارەكانیان خستوویانەتە سەر نیوەی پایتەختی ویلایەتەكانی وڵاتەكە، هێزە ئەفغانییەكان كار بۆ ئەوە دەكەن هێزەكانیان یەكپێبگرنەوە بۆ پاراستنی سەنتەری نیشتەجێبوونە سەرەكییەكان. میلی جەختیشی لەئەوە كردەوە كە وێڕای ئەوەی هێزە ئەفغانییەكان مەشق و پێداویستییان لەویلایەتە یەكگرتووەكانەوە وەرگرتووەو ژمارەیان زۆر لەچەكدارەكانی تاڵیبان زیاترە، بەڵام ژمارە پێوەرنییە بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەنجامی جەنگ. بەڵكو دوو گرنگترین فاكتەر لەشەڕەكانی ئێستادا بریتییە لە «ئیرادە و سەركردایەتیكردن»، بۆیە ئەم شەڕانە وەك تاقیكردنەوەیەك دەبێت بۆ ئیرادە و سەركردایەتیكردنی گەل و هێزە ئەمنییەكان و حكومەتی ئەفغانستان. هەر لەو بارەیەوە لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریكا لەكاتی سەردانیدا بۆ ویلایەتی ئالاسكا بەڕۆژنامەنوسانی راگەیاند ئەركی یەكەمی هێزە ئەفغانییەكان ئەوەیە گوژمی تاڵیبان هێواش بكاتەوەو ئەركی دووەمیان هەوڵدانە بۆ دەستخستنەوەی ئەو ناوچانەی لەشەڕەكاندا بەتاڵیبانی دۆڕاندووە، وتیشی:»ئێستا هێزەكانیان لەچواردەوری ناوچە سەرەكییەكانی نیشتەجێبوونی دانیشتوان كۆدەكەنەوە». سەبارەت بەئەوەی ئایا تاڵیبان رادەگرن یان نا، وەزیری بەرگریی ئەمریكا وتی:»پێم وابێت یەكەم شت دەبێت بكرێت ئەوەیە كە دەبێت دڵنیابن لەئەوەی دەتوانن گوژمەكەیان هێواش بكەنەوە، ئەفغانییەكان هێزو توانای بەرەوپێشچوونیان هەیە، بەڵام بابزانین چی روودەدات». لەبەردەوامیی پێكدادانەكان و بەرەوپێشچوونەكانی تاڵیباندا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەند هێرشێكی ئاسمانیی كردەسەر بزوتنەوەكە، لەوبارەیەوە جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئاشكرایكرد لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕەكاندا سوپای ئەمریكا ناچاربووە چەند هێرشێكی ئاسمانیی بكاتە سەر تاڵیبان بۆ پشتیوانیكردنی سوپای ئەفغانستان و بەرپەرچدانەوەی تاڵیبان. هاوكات چەند سەرچاوەیەكی سەربازییش بە CNیان راگەیاند، بەشێك لەهێرشەكان بۆ سەر ئەو پێداویستییە سەربازییانە بووە كە لەئەنجامی شەڕەكاندا كەوتوونەتە دەست تاڵیبان. لەبەرامبەردا تاڵیبان سەركۆنەی ئەو هێرشانەی كردو بەپێشێلكردنێكی ئاشكرای رێككەوتنی دەوحەی نێوان خۆیان و ئەمریكییەكانی ئەژماركرد. لەوبارەیەوە زەبیحوڵا موجاهد، وتەبێژی بزوتنەوەكە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند:»ویلایەتە یەكگرتووەكان لەچەند ناوچەیەكی جیاوازی ویلایەتەكانی قەندەهارو هەڵمەند هێرشی ئاسمانیی كردووەو بەهۆیەوە چەند هاووڵاتی و موجاهیدێك شەهیدو برینداربوون. ئیمارەتی ئیسلامی بەتوندی سەركۆنەو سەرزەنشتی ئەو هێرشە وەحشییانە دەكات، چونكە پێشێلكردنێكی ئاشكرای رێككەوتننامەكەیە و بێ سزاش تێناپەڕێت». شارەزایانی سەربازیی دەڵێن نەمانی پاڵپشتیی ئاسمانیی ئەمریكیی بۆ هێزە ئەفغانییەكان، هۆكارێكی سەرەكییە كە ناوچەیەكی فراوانی لەدەستداوە. هاوكات هێزی ئاسمانیی ئەفغانستانیش بەدەست نەمانی پاڵپشتیی و پێداویستییەوە دەناڵێنێت. بۆیە لەپەیوەندییەكی ڤیدیۆیی وەفدێكی ئەفغانیدا لەگەڵ كۆنگرێسی ئەمریكی، داوایانكرد بەپەلە بە هانایانەوە بچن لەڕووی چاككردنەوەی فڕۆكە جەنگییەكان و دابینكردنی تەقەمەنی بۆ هێزە ئەفغانییەكان. حاجی ئەجمەل رەحمانی پەرلەمانتاری دیاری ئەفغانستان، بەئاژانسی رۆیتەرزی وت:»یەك لەسەر سێی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەفغانستان كەژمارەیان (150) فڕۆكەیە، بەهۆی پێداویستییانەوە بەچاكسازی و تەقەمەنیی بەلێزەر ئاراستەكراوەوە وەستاون، چونكە ئەمریكا و ناتۆ لەكاتی كشانەوەیاندا هیچ ئەمبارێكی پێداویستیی ئاسمانییان جێنەهێشتووە. ترسی ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان كۆنترۆڵی تەواوی ئەفغانستان بكاتەوە بەشێوەیەكی بەرچاو لەئارادایە، پێشتریش ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەئەوەدا كەبزوتنەوەكە لەهەوڵدایە بەزەبری هێز دەسەڵات بگرێتەدەست و وتی:»لەكاتی روودانی ئەوەدا ئەفغانستان دەبێتە دەوڵەتێكی لەیاسا لادەرو هیچ هاوكارییەكی پێناگات، ئێمە چالاكانە رێگا دیبلۆماسییەكانمان گرتووەتەبەر، چونكە دەزانین ئەم ناكۆكییە هیچ چارەسەرێكی سەربازیی نییە». مەبەستی بلینكن لەهاوكارییەكان ئەوەیە كەجۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بڕی (100) ملیۆن دۆلاری بۆ هاوكاریی بەپەلەی پەنابەرە ئەفغانییەكان و قوربانیانی شەڕەكان و داواكارانی ڤیزا دابینكرد. هاوكات (200) ملیۆن دۆلاری تریشی لەشێوەی خزمەتگوزاری و دابینكردنی پێداویستییەكانی حكومەتدا دابینكرد. لەپەیوەندییەكی تەلەفونیشدا لەگەڵ ئەشرەف غەنی سەرۆكی ئەفغانستان، بایدن پەیوەستبوونی ویلایەتە یەكگرتووەكانی بەپشتیوانیكردنی هێزە ئەفغانییەكان و بەردەوامیی هاوكارییە گەشەیی و مرۆییەكان دووپاتكردەوە.
هاوڵاتى وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" 2924 تووشبووی نوێی ڤایرۆسەکە دەستنیشانکراون و لەو ماوەدا 20 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە". هاوکات 1276 تووشبووی پێشووش چاکبوونەتەوە. بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستی، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 19 هەزار و 455 پشکنین کراون، ئەنجامی پشکنینی 2924 کەس پۆزەتیڤ بوون، زۆرترین تووشبوو لە پارێزگای دهۆک بووە.
نامۆ سەربەست سەرۆكی تونس بڕیاریدا كە خۆی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەڕێوەدەبات بەهاوكاری حكومەتێك كەسەرۆكەكەی خۆی دایدەنێت، ئەوەش پاش لەسەركارلابردنی حكومەت و سڕكردنی پەرلەمان. ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 25ی تەمموز، قەیس سەعید سەرۆكی تونس لەوتارێكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند چوار بڕیاری گرنگی دەركردووە بۆ چارەسەركردنی دۆخی وڵاتەكەی و بەڵێنیدا بەسزادانی گەندەڵەكان و ئەوانەی فیتنە دەنێنەوە، بڕیارەكان بریتین لە: 1-لەسەركار لابردنی هشام ئەل مەشیشی سەرۆكی حكومەت. 2-سڕكردنی كارەكانی پەرلەمان بۆ ماوەی 30 رۆژ. 3-هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان. 4-سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی جێبەجێكردن بەڕێوەدەبات، بەهاوكاری حكومەتێك كەسەرۆكەكەی خۆی دایدەنێت،. سەرۆكی تونس لەوتارەكەیدا وتی ئەو بڕیارانەی دوای راوێژكردن لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و پەرلەماندا بەپشتبەستن بەمادەی 80ی دەستوری وڵاتەكەی دەركردووەو لەپێناو پاراستنی كیانی نیشتیمان و ئاسایش و سەربەخۆییەكەیدا داویەتی. هاوكات بڕیاریشیدا پۆستی داواكاری گشتی وەربگرێت بەپاساوی ئەوەی دۆسیەكانی گەندەڵی ئاشكرا دەكات. سەرۆكی تونس راشیگەیاند:»بڕیارەكان بۆ رزگاركردنی دەوڵەت و كۆمەڵگای تونسییە، ئێمە بەهەستیارترین و مەترسیدارترین ساتەكانی مێژووی تونسدا دەڕۆین». ئەو بڕیارانەی قەیس سەعید دوای ئەو خۆپیشاندانە زۆرو توندوتیژانە هات كەڕۆژانی هەینی و شەممە شارەكانی تونس بەخۆیەوە بینی و تیایدا خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشانەوەی حكومەت و پەرلەمانیان كردو چەند بارەگایەكی بزوتنەوەی نەهزەیان سوتاند، كەزۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی هەیەو لەگەڵ پارتەكانی دڵی تونس و ئیئتلافی كەرامەدا كوتلەیەكی پەرلەمانییان دروستكردبوو بۆ پێكهێنانی حكومەت. یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی خۆپیشاندانەكانی تونس قەیرانی كۆرۆنایە كە بەڕادەیەكی زۆر بڵاوبووەتەوەو رۆژانە نزیكەی (100) كەس دەكوژێت لەوڵاتەكەداو یەكێك لەبەرزترین ئاستەكانی مردنی تۆماركردووە لەسەر ئاستی جیهان، هاوكات ململانێی دەسەڵات بەتایبەتی لەنێوان سەرۆك كۆمار لەلایەك و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان بوونی هەیە. دوای بردنەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لەساڵی 2019دا كە قەیس سەعید وەك كاندیدێكی سەربەخۆ بەشداریكرد، حەبیب ئەلجملی راسپارد بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام لەبەرئەوەی نەیتوانی متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، ئیلیاس ئەلفەخاخ حكومەتی پێكهێنا، بەڵام دوای تەنیا پێنج مانگ تۆمەتی گەندەڵیی درایەپاڵ و بەهۆیەوە دەستی لەكاركێشایەوە، رۆژێك بەر لەدەستلەكاركێشانەوەكەی شەش وەزیری سەر بەبزوتنەوەی نەهزەی لەسەركار لابرد. دوای ئەو قەیس سەعید لە 2ی ئەیلولی 2020دا هشام ئەل مشیشی كردە سەرۆك وەزیران، وێڕای ئەوەی خۆی لەو پۆستەدا داینا، بەڵام دوای كەمتر لەسێ هەفتە ناكۆكییەكانیان دەركەوت، كاتێك لەبەرچاوی كامێراكاندا سەعید سەرزەنشتێكی توندی مەشیشی كرد، چونكە چەند كەسێكی دامەزراندبوو كە لەسەردەمی زەینلعابدیندا پۆستیان هەبوو. هەروەها لایەنگرانی نەهزە رەخنەی توندیان لەو هەڵوێستەی سەعید گرت و هۆكاری دروستبوونی ناكۆكییەكانیان بۆ ئەوە گێڕایەوە كە قەیس دەستوەردان دەكات لە كاروباری دەسەڵاتی جێبەجێكردندا، بەڵام سەڵاحەدین جورشی شیكەرەوەی سیاسی بەجەزیرە نێتی وت:»بەشێكی ئەو جەنگە ساردەی لەنێوان سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیراندا دروستبووە بەهۆی ئەوەوەیە كە سەعید هەستدەكات ئەو سەرۆك وەزیرانەی خۆی دایمەزراندووە لێی هەڵگەڕاوەتەوە». قەیرانی كۆرۆنا دەرفەتێك بوو بۆ دەركەوتنی توندبوونەوەی ناكۆكییەكان لەنێوانیاندا، دوای رۆژانی جەژنی قوربان قەیس سەعید رەخنەی توندی لە حكومەتەكەی هیشام گرت لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەكەو بەگژداچوونەوەی نەخۆشییەكە، لەبەرامبەردا سەرۆك وەزیران فەوزی مەهدی وەزیری تەندروستی لەسەركار لابرد، كە بەیەكێك لەوەزیرە نزیكەكانی قەیس دادەنرێت. لەوەڵامی ئەو هەنگاوەی هیشامیشدا، سەرۆك كۆمار پێشوازیی لەوەزیرە لەسەركارلابراوەكە كردو لەدیدارەیەكاندا بزوتنەوەی نەهزەو پارتەكانی دڵی تونس و كەرامەی بە ئەوە تۆمەتباركرد كەدەیانەوێت قەیران لەوڵاتەكەدا دروستبكەن بۆ مەرامی سیاسی خۆیان، ئەو سێ پارتەی هاوپەیمانێتییان پێكهێنا بۆ دروستكردنی حكومەت، لەو كاتی پێشوازیكردنەكەدا قەیس وتی:»ئەوان ماوەیەكە دەیانەوێت ئامادەكاری بكەن بۆ گۆڕانی وەزاری لەپێناو گەڕان بەدوای هاوسەنگییە سیاسییەكاندا، ئەوان قەیرانیان دەوێت بۆ بەڕێوەبردنی قەیران». چەند رۆژێك دواتر سەعید بەڕێوەبردنی قەیرانی كۆرۆنای سپارد بەسوپاو ئەوەش رەخنەی توندی بزوتنەوەی نەهزەو پارتە هاوپەیمەكانی لێكەوتەوەو سەیف ئەلدین مەخلوف سەرۆكی كوتلەی كەرامە لەپەرلەمان بەڕاگەیاندنەكانی وت:» ئەوە هەوڵێكی نوێی قەیس سەعیدە بۆ بەسەربازیكردنی دەوڵەت و لادانی سوپا لەئەركە سەرەكییەكەی كەپاراستنی سنورە». لەبەرامبەردا زۆرێك ئاماژەیان بەتواناكانی سوپا كرد لەئەو بوارەداو باسیان لەئەوەكرد كەسوپا دەگاتە ئەو ناوچانەی دامەزراوەكانی تر پێی ناگەن. پێشتریش لەدیدارێكی تری نێوان سەعیدو مشیشیدا، قەیس هۆشداریدا لەئەوەی بەهۆی ئەو لۆبیكەرانەوە كە لەپشت پەردەوە كار بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەكەن و لەپێناو مانەوەیاندا لەدەسەڵاتدا قەیران دروستدەكەن، «تونس لەمەترسییەكی گەورەدایەو ئەمیش دەستور بەحەرفی جێبەجێدەكات و بەهیچ جۆرێك بوار نادات پۆستەكان بۆ دەستكەوتی تایبەت بەكاربهێندرێن». هاوكات چەند ڤیدیۆیەكی نیشانی مشیشیدا كە تیایدا چەند پەرلەمانتارێكی نەهزەو دڵی تونس هاتوچۆی دادگاكان دەكەن بۆ دەستوەردان لەدۆسیەی چەند كەسێك كە لەسەر گەندەڵیی گیرابوون، ئەوەو چەند ڤیدیۆیەكی تریش كەچەندین پێشێلكاریی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی حكومی لەخۆدەگرت، دوای نیشاندانی ڤیدیۆكانیش وتی:» دەزانم كێ شەقام دەجوڵێنێت و كێ قەیرانەكان دروستدەكات تا لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، با بزانن تونس كاڵا نییەو دەبێت یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێبكرێت و كەس لەسەروو یاساوە نییە، نابێت رێوشوێنەكان بەكاربهێنرێن بۆ هەڵنەگرتنی پارێزبەندی، پارێزبەندی بۆ ئەوە كراوە سەربەخۆیانە كارەكان بكرێت نەك بۆ ئەوەی بكرێتە قەڵغان، دڵنیابن دەستور بەحەرفی جێبەجێدەكەم». ئەوەبوو رۆژی شەممە لەكۆشكی سەرۆكایەتیی قرتاج لەشاری تونسی پایتەخت، سەعید كۆبوونەوەیەكی كتوپڕی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی ئەمنیدا كردو دوای كۆبوونەوەكە بەپێی بڕگەی (80) لەدەستوری تونس كە لەكاتی بوونی «هەڕەشە و مەترسیی گەورەدا» دەسەڵات دەدات بەسەرۆك كۆمار بەڕاوێژ لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان و حكومەتدا سەرۆك وەزیران لەسەركار لاببات و كاری پەرلەمان سڕبكات، ئەو بڕیارانەی دەركرد كە بەوتەی خۆی بەڕاوێژ بووە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و پەرلەماندا. لەوەڵامدا راشد ئەلغەنوشی سەرۆكی پەرلەمان ئەو قسانەی بەدرۆخستەوەو لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند بەهیچ شێوەیەك سەرۆك باسی كاراكردنی بڕگەی (80)ی دەستوری نەكردووە، بەڵكو راوێژی پێكردووە لەسەر چەند رێوشوێنێكی دەستوریی، بەڵام غەنوشی نەیوت ئەو رێوشوێنانە چین. دواتریش لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز، غەنوشی ئەو بڕیارانەی بەنایاسایی و نادەستوری لەقەڵەمداو رایگەیاند:»بڕیارەكانی سەرۆك سەعید كودەتایە بەسەر دەستورو شۆڕش و ئازادییەكانی وڵاتدا». لەلای خۆشیەوە ریاز شعێبی راوێژكاری سەرۆكی بزوتنەوەی نەهزە بە BBCعەرەبی وت:» ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا ئامانجیەتی تاقیكردنەوەی دیموكراسی لەتونسدا كۆتایی پێبهێنێت، ئەوە كودەتایەكی تەواوبوو». هاوكات بزوتنەوەی نەهزەش لەبەیاننامەیەكدا نووسیویەتی: »ئەوەی سەرۆك سەعید كردی كودەتایە بەسەر شۆڕش و دەستورداو لایەنگرانی نەهزەو گەلی تونسیش دەكەونە بەرگرییكردن لەشۆڕش». لەبەرامبەردا سامیە عەبو پەرلەمانتاری پارتی تەیاری دیموكراسی وتی بڕیارەكانی سەرۆك دەستوری و مێژوویین. دوای دەركردنی بڕیارەكە لەشەوی یەكشەممەدا، غەنوشی لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكدا چوونە پەرلەمان، بەڵام هێزەكانی سوپا دەرگاكەیان لێنەكردنەوەو نەیانهێشت بچنە ژورەوە. لەبەرامبەردا غەنوشی رایگەیاند:»داوا لەگەل دەكەین خەباتێكی ئاشتییانە دەستپێبكات بۆ گێڕانەوەی دیموكراسی». بەڵام بەپێچەوانەی داواكارییەكەی ئەوەوە، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بڕیارەكاندا، لەزۆرینەی شارەكانی وڵاتەكەو بەتایبەتیش تونسی پایتەخت، خەڵك لەخۆشیدا رژانە سەر شەقامەكان و دەستیانكرد بەئاهەنگگێڕان و بڕیارەكەیان بەپێویست و مێژوویی وەسفكرد و داوای گۆڕینی سیستمی سیاسی و دەستورو مانەوەی قەیس سەعیدو رۆڵی زیاتری سوپایان دەكرد. لەهوتافكێشانەكانیشیاندا هاواریان دەكرد:» گەل هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی دەوێت». لەوەڵامی ئەو داوایەدا سەرۆك كۆمار رایگەیاند كە»دەستور رێگانادات پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام هیچ رێگر نییە لەسڕكردنی تەواوی كارو چالاكییەكانی»
هاوڵاتى كەشناسێکی عێراق رایگەیاند:" ئەگەری بارانبارین هەیە لە رۆژی شەممەوە تا کۆتایی هەفتەی داهاتوو". ئەمرۆ هەینی 30ی تەمموزی 2021. محەمەد دووری لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی عێراق بە میدیاکانی عێراقی رایگەیاندووە:" لە رۆژی شەممەوە ئەگەری بارانبارین هەیە لە ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و تاوەکو هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت". ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم گۆڕانکارییە لە کەش و هەوادا لە ئەنجامی دروستبوونی پەڵە هەوری گەورە لە ئاسمانی چەند ناوچەیەک دەبێت، بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان ئەوە روودەدات. زیاتر لە مانگێکە شەپۆلێکی گەرما عێراق و هەرێمی گرتووەتەوە و لە هەندێک ناوچەشدا پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە سەرو 50 پلەی سیلیزی.
هاوڵاتى پزیشكێكی نهخۆشیهكانی ھهناوی جیاوازی ههڵامهت و ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان روندەکاتەوە و رایگەیاند " كۆرۆنا دهشێت له سهرهتادا نیشانهكانیان وهك ھهڵامهت بێت، بۆیه ئامۆژگاریی ئهو كهسانه دهكهم كه تهمهنیان ھهڵكشاوه سهردانی سهنتهرهكانی كۆرۆنا بكهن". زانا دزهیی پسپۆڕی نهخۆشیهكانی ھهناوی له ههژماری تایبهتی خۆی، جیاوازیهكانی ههڵامهت و گۆڕاوی دێلتای كۆڤید-19 و ڤایرۆسی كۆرۆنای بڵاوكردوهتهوه و نوسیویهتی:"بونی تایهكی زۆری بهردهوام، كۆكهیهكی وشك كه زیاتر به ھهناسه ھهڵمژین و له كاتی قسهكردن بێت، ھهناسهتهنگیی، ئێش و ئازارێكی زۆری ماسولكهكان، سهرئێشهیهكی توند، نهمانی تهواوهتیی ھهستی بۆن و تامكردن، بێ ھێزییهكی زۆر، ئێڵنج و سكچون، ئهمانه زیاتر دهلالهت دهكهن له توشبون به ڤایرۆسی كۆرۆنا". رونیدەکاتەوە و نوسیویهتی:" كڕانهوهیهكی كهمی قورگ، لوت گیران یان ئاوكردنی لوت، نهرمه تایهكی كهم، سهرئێشهیهكی كهم، پژمین، كهمبونهوهیهكی تا ڕاددهیهك بهسیتی ھهستی بۆنكردن، تۆزێك ھهستكردن به ماندوێتیی، ئهمانه بهیهكهوه دهلالهتن له توشبون به ڤایرۆسی ھهڵامهت". دكتۆر زانا دزهیی راشیگهیاندوه، "بهشێكی بهرچاو له نهخۆشانی كۆڤید-19 بهتایبهتی لهم گۆڕاوه نوێیهی دێلتا، دهشێت له سهرهتادا نیشانهكانیان وهك ھهڵامهت بێت، بۆیه ئامۆژگاریی ئهو كهسانه دهكهم كه تهمهنیان ھهڵكشاوه یان نهخۆشیی درێژخایهنیان ھهیه یان بهركهوتهی نزیكی توشبوی كۆڕۆنان، سهردانی سهنتهرهكانی كۆرۆنا بكهن بۆئهوهی حاڵهتهكهیان بهتهواویی دهستنیشان بكرێت". جەختی لەوەشکردۆتەوە"نابێت ئهوه لهبیربكهین ئهم وهرزه، وهرزی ھهڵامهت و پهتا نییه، تهنھا شتێك كه ھهیه له ئێستادا، شهپۆڵێكی بهھێزی كۆڤید-19یه.
هاوڵاتى ماریا فەرهاد شاجوانی پارێزگای نەینەوایە بە شاجوانی 2021ـی عێراق هەڵبژێردرا. ئەمشەو لە ڕێوڕەسمێکدا لە بەغدا ماریا فەرهاد لەناو 17 بەشداربودا وەک شاجوانی ٢٠٢١ی عێراق هەڵبژێردرا. ماریا فەرهاد خەڵکی پارێزگای نەینەوایە، ماوەی دوو ساڵە لە پارێزگاکەی خۆی بە شاجوان هەڵبژێردراوە. رێوڕەسمی دیاریکردنی شاجوانی 2021ـی عێراق لە کاتژمێر 08:00ـی شەو بەڕێوەچوو. لەنێو 17 بەشداربووەکەدا، حەوت کچیان کورد بون. لە عێراق بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1947 دا پێشبڕکێی هەڵبژاردنی شاجوان سازکراوە و سەرەتا بەناوی شاجوانی بەغداد بووە. لە یەکەم پێشبڕکێی شاجواندا، کچێکی یەهودی بەناوی ریمیە دانهوور، تاجی شاجوانی لەسەر کردووە و بووەتە شاجوانی بەغداد.