هاوڵاتى ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند :" چاوەڕێ دەکرێت بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی لەبەرژەوەندی حکومەت یەکلایی بکرێنەوە و برگەکانی یاسای بودجە هەڵبوەشێندرێنەوە". حکومەتی عێراق و چەند پارێزگارێک سکاڵایان لەسەر 10 برگەی یاسای بودجە بۆ ساڵی 2021 لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکرد، چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی داهاتودا پێداچونەوە بەو برگانەدا بکرێت. ئەمڕۆ دوو شەممە، 31 ئایاری 2021 ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەنوسێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە و ڕایگەیاند " حکومەت و چەند کەسایەتییەک وەک پەرلەمانتارو پارێزگارێک تانەیان داوە لەیاسای بوجەداوە بەتایبەت لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە بەدەسەڵاتی وردبینی پەرلەمان بۆ پرۆژەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دەسەڵاتی پارێزگارەکان، سندوقی پترۆدۆلار، زیادکردنی باج لەسەر بەنزینی هاوردە بەرێژەی 15% و چەند پرسێکی دیکەش. ئاماژەی بەوەشكردوە، "لەڕاستیدا هەردولا لائیحەی خۆی پێشکەش دەکات دوابڕیار بۆ دادگای باڵایە زۆربەی بڕیارەکانیش بە بۆچونی خۆم لەبەرژەوەندی حکومەت دەبن نەک لەبەرئەوەی بەڵگەکانی حکومەت بەهێزن بەڵکو لەبەر ئەوەی هەمیشە یاسا‌و فەلسەفەی یاسا کە دەسەڵاتی دادوەری جێبەجێی دەکات لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە نزیکتر بوە". دەقی نوسینەکەی ئەحمەد حاجی رەشید: لەدوای پەسەند کردنی یاسای بوجەی گشتی لەلایەن پەرلەمانەوە حکومەت و چەندکەسایەتیەک وەک پەرلەمانتارو پارێزگارێک تانەیان دا لەیاسای بوجە کە ئەم لایەنانە بوون : 1_ حکومەتی فیدڕاڵ سکاڵای ژمارە (35) بەرزکردەوەلەدژی پەرلەمان . 2_ پارێزگاری واست سکاڵای ژمارە (36) بەرزکردەوە لەدژی پەرلەمان 3_ ئەندام پەرلەمانێک سكاڵای سێ هەمی بەرزکردەوە لەدژی یەکێک لەبڕگەکانی یاساکە. ئەو بڕگانەی کەسکاڵایان لەدژ تۆمار کراوە ئەمانەی لای خوارەوەن : 1_ ماددەی 1/یەکەم /4 /الف سەبارەت بەدەسەڵاتی وردبینی پەرلەمان بۆ پرۆژەکانی ئەنجومەی پارێزگاکان وپلانی تەرخانکردنی تەرخانکراوەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکانە. 2_ بڕگەی (ز) لەماددەی 2/یەکەم /2 کەپەیوەندی بەخشتەی (ب) وە هەیە سەبارەت بە تەرخانکراوەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکانە . 3_برگەی (ح) لەماددەی 2/یەکەم /2/حاء سەبارەت بە دەسەڵاتی پارێزگارەکان . 4_ بڕگەی (8) لە مادەی 2/یەکەم /8 سەبارەت بە دامەزراندنی سندوقی پترۆدۆلار . 5_ برگەی (ب) لەماددەی (12)/دووەم سەبارەت بە جیاکردنەوەی ئەو بەرێوەبەرایەتیانە یە هاوشێوەی ئەنجومەی خزمەت (مجلس الخدمة الاتحادی)کاردەکەن لەوەزارەتەکاندا . 6_ برگەی (ب) لەماددەی 18/سێهەم/ باء سەبارەت بەزیادکردنی باج لەسەر بەنزینی هاوردە بەرێژەی 15% . 7_ برگەی (الف) لەمادەی (50/أ) سەبارەت بەدەسەڵاتی وەزیری دارایی 8_ برگەی (جیم)لەمادەی (50/ج) سەبارەت بەزیادکردنی نرخی کڕینی دانەوێڵە لەجوتیاران بەبڕی (50000) پەنجا هەزار دینار بۆهەر تەنێک . 9_ ماددەی 56/سێهەم ) سەبارەت بە تێچووی کۆمپانیا بیانیەکانی بواری نەوت ناسراو بە (جولات التراخیص). 10 _ماددەی (58) سەبارەت بەپابەندکردنی حکومەت بۆ نەهێشتنی دۆسیەی بریکار لەوەزارەت و دامودەزگاکاندا . لەڕاستیدا هەردولا لائیحەی خۆی پێشکەش دەکات دوابڕیار بۆ دادگای باڵایە زۆربەی بڕیارەکانیش بە بۆچونی خۆم لەبەرژەوەندی حکومەت دەبن نەک لەبەرئەوەی بەڵگەکانی حکومەت بەهێزن بەڵک ولەبەردووهۆکاری سەرەکی : 1_ بنەمای تەشریع واتە یاسادانان لەعێراقدا تێک هەڵکێشێکی زۆری تیدایە و زۆر یاسا دەرچوێنراوە دژ بەیەکن و هەر لایەنێک دەتوانێت بەویستی خۆی تەفسیری بکات . 2_ هەمیشە دەسەڵاتی دادوەری پارسەنگی دەسەڵاتە جێبەجێکارەکانیان کردوە لەژێر ڕۆشنایی جێبەجێکردنی یاسا‌و فەلسەفەی یاسا لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە نزیک بوە .
شاناز حەسەن سەرەڕای واژۆی ئەندامانی فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بەردەوامی لێبڕینی موچە، بەڵام هێشتا سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاری یەكلاكەرەوەی نەداوە دانیشتنێكی تایبەتی لەسەر ئەنجام بدات، بەڵام پەرلەمانتاران دەڵێن داوایان كردووە ستافی حكومەت بەشداربێت. ماوەی حەوت مانگە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بەڕێژەی لەسەدا 21% بەردەوامەو ئەوەش نیگەرانی موچەخۆرانی لێكەوتووەتەوەو پێیانوایە داهاتی ناوخۆ زیادی كردووەو نرخی نەوتیش بەرزبووەتەوە ناكرێت لێبڕینی موچە بەردەوام بێت. دانیشتنی پێشتری پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە واژۆ كۆكرایەوە بۆ ئەوەی ئەم هەفتەیە بڕیار بدرێت دانیشتنێكی تایبەت بەو پرسە ئەنجامبدرێت، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە. پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی كۆمەڵ: لەم قۆناغەدا پێویستە بڕیار بدرێت لێبڕینی موچە نەمێنێت نەگ گفتوگۆی لەسەر بكرێـت روپاك ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵ لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» كۆدەنگییەك لەناو پەرلەمانتاران هەیە بەڵام دوو بەش دروستبوون، ئێمە (57) پەرلەمانتار واژۆمان بۆ ئەوە كۆكردۆتەوە كە پرسی لێبڕینی موچە نەمێنێت بەڵام (60) پەرلەمنتاری دیكە لەحزبەكانی بەشدار لەحكومەت واژۆیان كردووە بۆ گفتوگۆكردن». «لەم قۆناغەدا پێویستە بڕیار بدرێت لێبڕینەكە نەمێنێت نەك تەنیا گفتوگۆی پەرلەمان بێت، چونكە كە بڕیار نەدات گفتوگۆ هیچ ئەنجامێكی نابێت»، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ وای وت. روپاك ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو هەندێك لەپەرلەمانتارەكانی گۆڕان و یەكێتی لەهەرودوو لاوە واژۆیان كردووە. پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پرسی لێبڕینی موچە بوونەتە دوو بەش (57) پەرلەمانتار لەفراكسیۆنە جیاوازەكان واژۆیان كردووە پرسی لێبڕینی موچە نەمێنێت. بەشەكەی دیكەی ناو پەرلەمان لەفراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی و پارتی (60) واژۆیان كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان گفتوگۆ بكات لەسەر پرسی لێبڕینی موچە. حكومەتی هەرێم ماوەی حەوت مانگە موچە بەلێبڕینی لەسەدا 21% دابەشدەكات و بۆ مانگی ئایاریش لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پەسەندكردنی بودجەی عێراقیش بەو شێوازەی خۆی بەردەوامە لەدابەشكردنی موچە. ئەبوبەكر هەڵەدنی: هیچ پاساوێك بۆ لێبڕینی موچە نەماوە و پێویستە ستافی حكومەت لەپەرلەمان ئامادەبن ئەبوبەكر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «هیچ بیانویەك بۆ لێبڕینی موچە نەماوە لەدوای رێككەوتنی لەگەڵ بەغداو بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆش زۆر بووە». هەروەها باسی لەوەشكرد، داهاتەكان زۆربوون بەڵام بەداخەوە دوو حزبی دەسەڵات داهاتەكان ناگێڕنەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و وەزارەتی دارایی وەك چالاكی حزبی و دەربڕین و سەنگەر گواستنەوە بەكاریدەهێنن. ئەبوبەكر هەڵەدنی وتیشی:» دانیشتنی ئەم جارە تایبەت دەبێت بەهەڵگرتنی لێبڕینی موچە بەئامادەبونی وەزیرە پەیوەندیدارەكان تابڕیاری كۆتایی لەبارەی هەڵگرتنەوە بدرێت، چونكە بڕیارەكە بەئەنجومەنی وەزیران بووەو دەبێت سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان بێنە پەرلەمان و بەدەستەجەمعی بڕیارەكەیان داوە نەك تەنیا وەزیر بێت هیچ دەسەڵاتێكی نەبێت بڕیار بدات». سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی: چاوەڕێین لەیەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان لێبڕینی موچە كۆتایی پێبهێنرێت زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد بارودۆخی دارایی هەرێم لەبارودۆخێكی باشدایە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە لێبڕینەكە نەمێنێت، بۆیە پێكەوە هەموویان كار بۆ ئەوە دەكەن. سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی دووپاتكردەوە: « كاركردنی هەموو لایەنەكان و فراكسیۆنەكان پێكەوە كاریگەرییەكان لەسەر حكومەت زیاد دەكات و وادەكات كۆتایی بەلێبڕینی موچە بهێنرێت». پەرلەمانتارێكی پارتی: خۆمان بەخاوەنی كەیسی هەڵگرتنی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەزانین رێبوار عەبدولڕەحیم، پەرلەمانتاری پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە وەك پارتی هەر زوو لەسەر ئەوە قسەمان كردووەو خۆمان بەخاوەنی كەیسی هەڵگرتنی لیبڕینی موچە دەزانین، چونكە زۆرینەی خەڵكی هەرێم دەنگی بەئێمە داوە». پەرلەمانتارەكەی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان پێشیوابوو ئەوان یەكەم كەس بوون واژۆیان كردووە كە شاندی ئەنجومەنی وەزیران بێتە پەرلەمان و كار بۆ كۆتایی هاتنی لێبڕینی موچە بكەن. رێبوار عەبدولڕەحیم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد» ئێمە داوا دەكەین شاندی حكومەت بێتە پەرلەمان كەئەو شاندە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێدەدات لەكێ و كێ پێكهاتووە دێنە دانیشتنی ئەمجارەی پەرلەمانەوە». پەرلەمانتارێكی گۆڕان: پێویستە هەموو ئەوانەی پەیوەندی بەبودجە و داهاتی وڵاتەوەیە پێكەوە بێنە پەرلەمان بەڵێن ئیسماعیل، پەرلەمانتاری گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لێبرێنی موچە بڕیارێكی نایاسایی ئەنجومەنی وەزیرانە كەدەسەڵاتی خەرجكردن گەورەترین كێشەیە كە یاسایەكی تایبەتی نیەو لەسەری بڕوات». پەرلەمانتارەكەی گۆڕان پێیوابوو ئەم خەمە بەردەوام هەبووەو ئێستا چڕتر بۆتەوەو پێویستە حكومەتیش كار لەسەر ئەوە بكات و ئەو ژمارانە بخاتەڕوو كەداهاتەو لەبەردەستدایە تا بەو پێیە كاربكرێت بۆ كۆتایی هاتنی لێبڕینی موچە. بەڵێن ئیسماعیل ئەوەشی دووپاتكردەوە كەئەمجارە پێكەوە ستافی ئەنجومەنی وەزیران بێنە پەرلەمان و لەسەر هەڵگرتنی لێبڕینەكە بڕیار بدرێت.
عەمار عەزیز. دهۆك سوپای توركیا زیاتر لە (40) كیلۆمەتر خاكی هەرێمی بەزاندووەو سەرەڕای داگیركارییەكەی دەستیكردووە بە بڕینەوەی دارەكانی سنوری بادینان و دەیباتەوە وڵاتەكەی خۆی و تائێستاش حكومەتی هەرێم هەڵوێستی نەبووە، بەڵام ناوەندی پاراستنی گەل هەپەگە دەڵێت:» ئەم تاوانە بێ سزا نامێنێتەوەو پێویستە كەس نەبێتە هاوبەشی ئەم تاوانە». سوپای توركیا هاوشێوەی داگیركارییەكەی شاری عەفرینی رۆژئاڤای كوردستان كەزۆربەی دار زەیتونەكانی عەفرینی لەڕەگەوە هەڵكەندووەو بردویەتیەوە بۆ توركیا، بەهەمان شێوەی عەفرین، لەپارێزگای دهۆك و ناوچە داگیركراوەكانی بادینان دارەكان دەبڕێتەوەو دەیباتەوە شارەكانی (هەكاری، شڕنا‌خ، گەڤەر، وان)، وەك پەرلەمانتارێكی پارتی دەڵێت:» جەندرمەكانی توركیا لەبادینان داریان بڕیوەتەوە تەمەنی سەد ساڵ بووە»، ئەمەشی بەكارێكی مەترسیدار وەسف كرد بۆ لەناوبردنی ژینگەی بادینان. ئازاد ئەدیب مو‌سا، موختاری گوندی هرورێ سەر بەناحیەی كانی ماسی لەلێدوانێكدا بە وت: « ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە دەست سوپای توركیا، بارەگاو خاڵی سەربازییان داناوە، دەستیان بەبڕینی دارەكان كردووە، دواتر دەیگوازنەوە بۆ توركیا، خەڵوزی لێ دروستدەكەن لەگەڵ هەندێك شتی تر». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد جەندرمەكانی توركیا هاتوونەتە ناو گوندی هرورێ لەسنوری قەزای ئامێدی بەخەڵكیان وتووە لەكاتی سەردانتان بۆ ناو باخچەكانی خۆتان چەك لەگەڵ خۆتان نەبن و نابێت بەهیچ شێوەیەك هاوكاری گەریلاكانی پەكەكە بكەن، وتیشی:» چەتەكانی توركیا ئەوانەی لەگەڵ سوپای توركیا بەخەڵكی گوندیان وتووە دارەكانی سنوری گوندی هرورێ دەبڕین، ئێمەش وتوومانە بەهیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەین، هەموو شوێنێكمان ئاگاداركردووەتەوە، ئەگەر حكومەتی هەرێم هیچ هەڵوێستی نەبوو، چەتەكانی توركیاش دەستیان بەبڕینی دار كرد هەموومان پێكەوە هێرش دەكەینەسەر خاڵە سەربازییەكانی توركیا». «تەنها لە زناری كێستە سوپای توركیا چوار خاڵی سەربازییان داناوە، لەدەوروبەری خاڵە سەربازییەكانی خۆیان تەواوی دارەكانیان بڕیوە، كەس نازانیت چەند دارن، بەڵام بەسەدان داریان بڕیوە»، موختاری گوندی هروری وادەڵێت. موختارەكە ئەوەشی خستەڕوو كەئێستا (45) خێزان لەناو گوندی هرورێدا دەژین، زیاتر لەدوو هەزار دۆنم زەوی لەسنوری گوندەكە بەهۆی بۆردوومانەكانی توركیا سووتاون، زیانێكی زۆری دارایی بەهەموو خەڵك كەوتووە، «سەرەڕای هەموو ئەمانە گوندەكەی خۆمان بۆ هیچ كەس و لایەنێك چوڵناكەین، زۆر شتمان قبوڵ كرد، بەڵام لەمەودوا هەڵوێستی توندمان دەبێت». لە 23ی مانگی رابردوودا سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە «چڕنووكی هەورە برووسكە»ی بەپاساوی رووبەڕووبوونەوەی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەبەرزاییەكانی سنوری پارێزگای دهۆك دەستپێكرد، لەهەندێك شوێن تا (40) كێلومەتر هاتووەتە ناو خاكی كوردستان . پەرلەمانتارێكی بادینی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەسوپای توركیا لەڕێگەی كۆمپانیایەكەوە دارەكانی ناوچەكانی بادینان دەبڕنەوەو دەیبەنەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان. رێڤینگ هروری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان بە هاوڵاتى وت: « بابەتی بڕینی دار لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی سەر بەتوركیا لەسنوری پارێزگای دهۆك كۆنە، چەند ساڵێكە ئەم كارە دەكرێت، لەچەند ساڵی رابردوو ئەو كۆمپانیایانە لەڕێگای جەندرمەكانی توركیا هەڵساون بەبڕینی ژمارەیەكی زۆر لەدارەكانی دارستانی تاوێ لەسنوری ئامێدی و ناوچەی گەڤەرۆكێ و خۆركێ لەسنوری قەزای زاخۆ «. رێڤینگ هروری ئەوەشی باسكرد كە توركیا هەر ناوچەیەك بۆردوومان بكات دواتر دەیستوتێنێت، یەكەمجار بەشۆفڵ رێگا دەكاتەوە دواتر لەڕێگای جەندرمەكانی خۆی و بەهاوكاری چەند كۆمپانیایەك دەست بەبڕینی دارەكان دەكات» بەداخەوە هەندێك دار هەیە تەمەنی سەرووی (100) ساڵە دوای بڕینی دارەكان دەگوازرێنەوە بۆ توركیا». ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئەوەشی روونكردەوە كە ئەو ناوچانەی كە بەم دواییە بەتایبەت لەسنوری ناحیەی كانێ ماسێ داگیركراوە هێشتا دەستی بەبڕینی دار نەكردووە ، نازانین لەوێش بەهەمان شێوە دەست بەبڕینی دار دەكات یان نا. « ئەم بابەتە زۆر ترسناكە ، تێكدانی ژینكەو بڕینی دارەكان و وشكبوونەوەی ناوچەكە كاریگەریی زۆر خراپ دەكاتەسەر ژینگەی ناوچەكە، پێویستە بەزووترین كات دەزگا پەیوەندیدارەكان گفتۆگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانە بكەن كە بەم كارەوە هەڵساون و چیتر رێگانەدەن دارەكان ببڕێن» رێڤینگ هروری وای وت . هەپەگە رایگەیاند دەوڵەتی داگیركەری تورك سروشتی كوردستان تاڵان دەكات و ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە»ئەم تاوانە بێ سزا نامێنێتەوەو پێویستە كەس نەبێتە هاوبەشی ئەم تاوانە». رۆژی 28ی ئایاری 2021، ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، لەبەشێكیدا ئاماژە بە بڕینەوەی دارەكان لەهەرێمەكانی پاراستنی مەدیا و بەدلیس كردووەو هۆشداریی بەتاڵانكەرانی سروشتی كوردستان داوە. هەپەگە رایگەیاند:» دەوڵەتی داگیركەرو مشەخۆری تورك لەگەڵ هەوڵە داگیركەرانەكانیدا، بێ وەستان جوگرافیای كوردستان بۆردوومان دەكات و هەموو دارستانەكانی دەسووتێنێت و دارەكانی دەبڕێت، بەتایبەتیش لەم دواییانەدا، لەهەرێمكانی مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و مەیدانەكانی دۆڵی شێخ جومعە و شەهید مزگین لەهەرێمی خەرزانی بەدلیس». هەروەها لەڕاگەیەندراوەكەیاندا هاتووە» سوپای داگیركەری تورك بەدەستی چەتە و كۆنتراكان (جاشەكان)ی دارەكان دەبڕێت، دەوڵەتی داگیركەری تورك دژی گەلی كورد تاوانی قڕكردن ئەنجامدەدات، هاوكات بەتاڵانكردنی سروشتی كوردستان تاوانی گەورە دەكات، بەهۆی ئەوەی ئەم تاوانە بێ سزا نامێنێتەوە، پێویستە كەس نەبێتە هاوبەشی دەوڵەتی تورك بۆ تاڵانكردنی جوگرافیای كوردستان». پەیامنێری هاوڵاتى پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی دهۆك كرد، بەڵام وتیان ئەم بابەتە پەیوەندی بەئێمەوە نیە، بۆ راستی بابەتەكەش دەبێت لیژنەیەك پێكبهێنرێت و ئنجا كاری لەسەربكرێت . ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت:»پێویستە هەرسێ سەرۆكایەتی هەرێم بێنە سەر خەت و بڕینەوەی دارەكان و ئەم كارە ترسناكە رابگیرێت». عەبدولسەمەد تیلی عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەفراكسیۆنی یەكگرتوو بۆهاوڵاتى ، ئاماژەی بەوەكرد تائێستا لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك هیچ دانیشتن و كۆبوونەوەیەك لەسەر بابەتی بڕینەوەی دارەكانی ناوچەكانی بادینان لەلایەن چەند كۆمپانیایەكی توركیا ئەنجامنەدراوە، بەڵام دەبوایە بەلایەنی كەمەوە دانیشتنێكیان لەسەر ئەم بابەتە بكردایە. عەبدولسەمەد تیلی وتیشی: «پێویستە هەرسێ سەرۆكایەتی هەرێم بێنەسەرخەت و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عیراق بكەن تا ئەم كارە ترسناكە رابگیرێت، ئەگەر وابڕوات و هیچ هەڵوێستێك لەلایەن بەغدا و هەرێمی كوردستان نەبێت، توركیا بەردەوام دەبێت و ژینگەی بادینانیش بەرەو وێرانییەكی خراپ دەڕوات».
هاوڵاتى وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدایە بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی و پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە «ئەمجارە وەفدی هەرێم لەبەغدا بەدەست بەتاڵی ناگەڕێتەوە، چونكە كێشەی سیاسی لەسەر نییەو هەردوو حكومەتیش ئامادەن پابەندبن بەیاسای بودجەوە». ئێوارەی ئەمڕۆ وەفدێكی حكومەت بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان كردەوەو بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر پرسی نەوت و جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەست بەگفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەحكومەتی فیدڕاڵ بكەنەوە. بودجەی گشتی عێراق لەشەوی 31ی ئازاری 2021 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەندكراو بەپێی یاساكەو لەماددەی (11)دا پشكی هەرێم دیاریكراوە كە لەسەدا (12.67)ی بودجەی فعلی دەبێت، لەبەرانبەر تەسلیمكردنی داهاتی نەوتی رۆژانەی (250) هەزار بەرمیل بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق و لەسەدا 50%ی داهاتە فیدراڵییەكان. شیروان میرزا، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» كێشەی سیاسی لەسەر یاسای بودجە نییەو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەیی نیشانداوە بۆ جێبەجێكردنی، حكومەتی هەرێمیش پابەندی خۆی راگەیاندووە، بۆیە تەنها گفتوگۆ لەسەر میكانیزمی جێبەجێكردنەكەی دەكرێت». ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشكرد، یاسای بودجە بۆ یەك ساڵەو پشكی هەرێم لەپێنج مانگی رابردوو بەشێوەی قەیدی حسابی یان مەقاسە دەدرێت بەهەرێمی كوردستان، وتیشی:» بەو پێیەی داهاتی نەوتی هەرێم بەپێی نرخی فرۆشتنی كۆمپانیای سۆمۆ دەبێت، كەواتە مانگانە گۆڕانكاری لەپشكی هەرێمدا روودەدات بەوپێیەی نرخی نەوت جێگیر نییە». شیروان میرزا پێشیوابوو سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی وادەكات كە»ئەمجارە وەفدی حكومەتی هەرێم لەبەغدا بەدەست بەتاڵی ناگەڕێنەوە». هاوكات، فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەغدا راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تایبەت بەجێبەجێكردنی یاسای 2021 دەستپێدەكەن. یەكێك لەئەندامانی وەفدی دانوسانكاری حكومەتی هەرێم لەبەغداوە ئەوەی بۆ هاوڵاتى دووپاتكردەوە كەجێبەجێكردنی ماددەی (11)ی یاسای بودجەی ئەمساڵ تەنها چۆنیەتی جێبەجێكردنی ماوە. هەروەها ئەوەی ئاشكراكرد كە كۆبوونەوەی وەفدی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، لەگەڵ وەزیرانی نەوت و دارایی و پلاندانان و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری كۆمپانیای سۆمۆی عێراق بۆ فرۆشتنی نەوت دەبێت. هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە وەفدی هەرێم چاوەڕێی بۆچوونی وەفدی عێراقە بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە كە چ میكانیزمێك دیاری بكرێت و هەژماری بانكی لەچ شوێن و بانكێك بكەینەوە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم داهاتی نەوت و نانەوتی بكاتەسەرو لەبەرانبەردا بەغدا پشكی هەرێم رەوانە بكات. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتى ، حكومەتی هەرێم چاوەڕێی ئەوەیە كە پشكی هەرێم لەماوەی ئەم پێنج مانگەی رابردوودا بەشێوەی»مەقاسە» رەوانەی هەرێم بكات كە زیاتر لە ترلیۆنێك دینارە بەو پێیەی حكومەتی هەرێم داهاتی نەوتی (250) هەزار بەرمیلی رۆژانەو لەسەدا 50%ی داهاتی فیدڕاڵی، ناگاتە (700) ملیار دینار، بەڵام چاوی لەوەیە بەغدا پشكی هەرێم وەك خۆی رەوانە بكات كەمانگانە (956) ملیار دینارەو بەو پێیە بێت بۆ مانگەكانی (5،4،3،2،1) زیاتر لەترلیۆنێك و (250) ملیار دینار»ی لای حكومەتی عێراقە.
هاوڵاتى شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند:" ژمارەیەک مووشەکی گراد لە سنووری گوندی دارەمان- سنووری ناحیەی شوان دەستیان بەسەر داگیرا، کە بە ئاراستەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە ناحەی پردێ ئامادەکرابوون". ئەمڕۆ دوو شەممە، 31 ئایاری 2021 شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا رایگەیاند:" مووشەکەکان لەنێوان گوندەکانی دارەمان و حەسار بە ئاراستەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە ئامادەکرابوون، بەڵام بەر لە ئەنجامدانی کردەکە زانیاری گەیشتووەتە دەست هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان". شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق ئاماژەی بەوە شکردووە، "بەپێی زانیاری هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بنکەی پۆلیسی پردێ، دەست بەسەر پێنج مووشەکی دوورهاوێژ لە جۆری گراد-دا گیراوە، ئەو مووشەکانە لە گوندی حەسار سەر بە ناحیەی پردێ-ی سنووری پارێزگای کەرکووک ئامادەکرابوون". بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، دەستگرتن بەسەر موشەک و سەکۆکاندا لەلایەن فەوجی یەکی سەربە لیوای ٣١ لە بەشی هەشتی سوپای عێراقەوەبووە و لەلایەن تیمێکی شارەزای بواری تەقەمەنییەکانەوە پوچەڵکراونەتەوە. ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر چەند جارێك موشەك بەرەو سەنگەرەكانی پێشمەرگە و فڕۆكەخانەی هەولێر ئاراستە كراون
هاوڵاتى ئەمڕۆ دووشه‌ممه 31ی ئایاری 2021، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە 69 دۆلار و 9 سەنتە. هاوکات لە بۆرسە بازارە جیهانییەکان، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 66 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهان به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه به‌جۆرێك له سه‌رو 60 دۆلاره‌وه مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت.
هاوڵاتى به زۆرینه‌ى پارته ئۆپۆزسیۆنه‌کان و پارته میانڕه‌و، چه‌پ و راستڕه‌و و ته‌نانه‌ت پارته عه‌ره‌بییه‌کانیش له‌ئیسرائیل هاوپه‌یمانییه‌کى په‌رله‌مانییان پێکهێنا که له 62 کورسى په‌رله‌مان پێکهاتون و له‌سه‌ر پێکهاته‌ى کابینه‌ى حکومه‌تیش گه‌یشتنه رێککه‌وتن، به‌وه‌ش دواى 12 ساڵ بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌رکرده‌ى پارتى لیکود و سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل له‌پۆسته‌که‌ى دوردهخرایهوه. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 30ى ئایارى 2021، میدیاکانى ئیسرائیل بڵاویانکرده‌وه، نافتالى بێنێت، سه‌رکرده‌ى پارتى یامیناى راستڕه‌و رازیبو په‌یوه‌ندى به به‌ره‌ى هاوپه‌یمانێتیى یایر لاپید، سه‌رکرده‌ى پارتى یه‌ش ئاتیدى ئیسرائیله‌وه بکات. فراکسیۆنه‌که‌ى نافتالى بێنێت که خاوه‌نى ته‌نها حه‌وت کورسى په‌رله‌مانه کاریگه‌ریى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر داهاتووى حکومه‌تى ئیسرائیل ده‌بێت و به‌ڵێنى پێدراوه بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ ببێته سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل. هاوپه‌یمانییه‌که‌ى یایر لاپید پێکهاته‌یه‌کى فره‌لایه‌نه له پارتى میانڕه‌و، چه‌پ و راستڕه‌و و ته‌نانه‌ت پارتێکى عه‌ره‌بیش پێکهاتوه، ئه‌وان باوه‌ڕیان به دانوستان و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى پرسى فه‌ڵه‌ستین هه‌یه. هاوکات بنیامین نه‌ته‌نیاهو، سه‌رکرده‌ى پارتى لیکود و سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل له‌په‌یامێکدا رایگه‌یاند، حکومه‌تى نوێى ئیسرائیل که نه‌فتالى بێنیت بۆ ماوه‌ى دو ساڵ و یایر لاپیدیش بۆ ماوه‌ى دو ساڵى دیکه سه‌رۆکایه‌تى ده‌که‌ن، سه‌رکه‌وتو نابێت و ناتوانێت ئیسرائیل له مه‌ترسییه‌کانى ئێران و حه‌ماس بپارێزێت. كنێست په‌رله‌مانى ئیسرائیل ژماره‌یان 120 ئه‌ندامه و زۆرینه‌ى بڕیاره‌کانى تایبه‌ت به وڵاته‌که له‌وێوه ده‌رده‌چێت.
هاوڵاتى دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ شه‌ممه پێشمه‌رگه‌یه‌کى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت کۆمپانیایه‌کى له فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر تۆمه‌تبارکرد به‌وه‌ى به‌رامبه‌ر سه‌رخستنى بۆ ناو فڕۆکه 150 دۆلارى لێوه‌رگیراوه، ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌رى فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر رایگه‌یاند:" دواى لێکۆڵینه‌وه کۆمپانیایه‌که سزادراوه و پاره‌که‌ش بۆ گه‌شتیاره‌که ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه". ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 30ى ئایارى 2021، ئه‌حمه‌د هۆشیار، به‌ڕێوه‌به‌رى فرۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر به رۆژنامه‌نوسانى راگه‌یاند، به‌دواداچونیان بۆ کێشه‌ى ئه‌و هاوڵاتییه خاوه‌ن پێداویستیه تایبه‌ته کردوه که له فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ گواستنه‌وه‌ى بۆ نێو فڕۆکه 150 دۆلاریان لێوه‌رگرتبو، بڕیاریشدراوه پاره‌که بۆ ئه‌و هاوڵاتیه بگه‌ڕێندرێته‌وه. ناوبراو راشیگه‌یاند:"فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته لیژنه‌یه‌کى لێکۆڵینه‌وه‌ى له ڕوداوى وه‌رگرتنى پاره له‌لایه‌ن کۆمپانیاى فلاى ئه‌ربیله‌وه له‌سه‌ر ئه‌و هاوڵاتیه پێکهێناوه و بۆیان ده‌رکه‌وتوه ده‌بوو گه‌شتیاره‌که له‌کاتى کڕینى بلیتى فڕۆکه‌ى گه‌شتکردن، داواى خزمه‌تگوزارى هاریکارى بکردایه چونکه ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ت بوه، بۆیه که له‌حاڵه‌تى داوانه‌کردنى ئه‌و خزمه‌تگوزارییه که هاته فڕۆکه‌خانه ئه‌وا کۆمپانیاى خزمه‌تگوزارى ڕاده‌سپێردرێت ئه‌و کاره‌بکات". هاوکات ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه کاتێک کۆمپانیاکه ئه‌و کاره‌ى کرد ئه‌وا داواى گوژمه‌یه‌کى پاره‌ى لێده‌کرێت، به‌ڵام "گه‌شتیار نابێت ئه‌و پاره‌یه بدات به‌ڵکو ده‌بێت هێڵى ئاسمانى ئه‌و گوژمه‌یه بدات، به‌ڵام بریکارى کۆمپانیاکه گه‌شتیاره‌که‌ى ناچار کردوه که ئه‌و گوژمه‌یه پاره‌یه بدات که 150 دۆلاره بۆیه لیژنه‌که بڕیاریدا غه‌رامه‌ى کۆمپانیاکه بدات به دوو هه‌زارو 500 دۆلار و بهڵێننامهشى لێوه‌رده‌گرێت که حاڵه‌تى له‌و شێوه‌یه دوباره نه‌کاته‌وه". کامه‌ران مه‌حمود، پێشمه‌رگه‌یه‌کى خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ته له راگه‌یه‌ندراوێکدا ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد "له فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر به زۆر ناچاریان کردوه 150 دۆلار بدات به کۆمپانیایه‌ک له‌به‌رامبه‌ر یارمه‌تیدانى بۆ سواربونى ئه‌و فڕۆکه‌ى که ده‌یگه‌یانده‌وه ئه‌ڵمانیا، له کاتێکدا ئه‌و دو براى خۆى له‌گه‌ڵى بوه‌و پێویستى به‌و کۆمپانیایه نه‌بوه که ئه‌و پاره‌یه‌ى لێسه‌ند، کۆمپانیاکه ناوى (Flyerbil) فلای-ئه‌ربیل-ه".
هاوڵاتى بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان ده‌ڵێت:" هاوپه‌یمانێتى یه‌کێتى و گۆران ره‌ھه‌ندێکى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانى ھه‌یه و دژى ھیچ ھێز و لایه‌نێک نییه". ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 30 ئایارى 2021، بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان و کونسووڵى گشتى ئه‌ڵمانیا له هه‌رێمى کوردستان، له ده‌باشان کۆبوونه‌وه و چه‌ند پرسێکیان تاووتوێ کرد. له راگه‌یه‌ندراوێکدا بافڵ تاڵه‌بانی، ھاوسه‌رۆکى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان بڵاویکردووه‌ته‌وه: ئه‌مڕۆ له ده‌باشان پێشوازیکرد له کلێمێنس زێمتنه‌ر، کونسوڵى گشتى ئه‌ڵمانیا له ھه‌رێمى کوردستان. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکردووه: له دیدارێکدا گفتوگۆ له‌باره‌ى یه‌کڕیزى لایه‌نه سیاسییه‌کانى ھه‌رێم، رێککه‌وتنى یه‌کێتى و گۆڕان و ھاوپه‌یمانى کوردستان کرا و بهھێزترکردنى پێگه‌ى کورد له ناوه‌ند تاوتوێکرا. به‌پێى راگه‌یه‌ندراوه‌که، "هاوسه‌رۆکى یه‌کێتی، په‌رۆشى و پشتگیرى حزبه‌که‌ى دووپاتکرده‌وه بۆ سه‌رخستنى ھه‌ر ھه‌وڵێک که لایه‌نه‌کان له‌چوارچێوه‌ى پرۆژه‌یه‌کى نیشتمانى کۆبکاته‌وه و ناکۆکى و جیاوازییه سیاسییه‌کان بخاته خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندى گشتی، بۆ ئه‌وه‌ش رایگه‌یاند، یه‌کێتى ده‌رگاى گفتوگۆى کراوه‌یه و ده‌یانه‌وێت ئاڕاسته و بیرکردنه‌وه‌کانمان ھه‌رچه‌ند له‌یه‌کتر دووربن، به‌ڵام دواجار ھه‌مووى بخه‌ینه خزمه‌ت کوردستان". ئاماژه‌ى به‌وه‌شداوه: "چه‌ندین ھه‌وڵى یه‌کێتى بۆ یه‌کڕیزى نیشتمانى ئاشکراکرد و داوای‌کرد چیتر مه‌رامى حزبى و ناکۆکییه که‌سییه‌کان نه‌کرێنه پێوه‌ر بۆ په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌کان چونکه به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمه‌که‌مان له‌سه‌روو ھه‌موو ناکۆکییه‌کانه‌وه‌یه". هه‌روه‌ها له‌باره‌ى رێککه‌وتنى یه‌کێتى و گۆڕان و ھاوپه‌یمانى کوردستان، بافڵ تاڵه‌بانى ھهنگاوهکهى به ئه‌رێنى و نیشتمانى داناوه به ئامانجى یه‌کخستنه‌وه‌ى ماڵى کورد وه‌سفکرد و جه‌ختیکرده‌وه ئه‌م ھاوپه‌یمانییه ره‌ھه‌ندێکى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانى ھه‌یه و دژى ھیچ ھێز و لایه‌نێک نییه، به‌ڵکو ده‌مانه‌وێت له‌و رێگایه‌وه پێگه‌ى کورد له به‌غدا به‌ھێزبکه‌ین و مافه‌کانمان به‌دیبهێنین. هاوکات له‌دیداره‌که‌دا له‌باره‌ى ئازادى نووسین و راده‌ڕبڕین و زیندانیکردنى رۆژنامه‌وانان و چالاکانى بادینان بافڵ تاڵه‌بانی، روونیکرده‌وه، له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریین و نایانه‌وێت به‌پاساوى سیاسى رێڕه‌وى بڕیاره‌کان و سه‌ربه‌خۆیى دادگاکانیان بکه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه. له‌و روه‌وه وتی: "بۆئه‌وه‌ش داوامان له ناوه‌نده یاسایى و قه‌زاییه‌کان کردووه پێداچوونه‌وه به‌م بڕیارانه بکرێت بۆئه‌وه‌ى نه‌بینه ھۆکارێک بۆ له‌که‌دارکردنى ئه‌زموونى دیموکراتى له ھه‌رێمه‌که‌مان. وه‌ک یه‌کێتیش به هه‌موو شێوه‌یه‌ک پشتیوانى قه‌ڵه‌مه ئازاد و بوێره‌کان ده‌که‌ین و رێگه‌ناده‌ین به‌هیچ شێوه‌یه‌ک سنووره‌کانى ئازادى له هه‌رێمى کوردستان به‌رته‌سک بکرێته‌وه".
هاوڵاتى ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە رایگەیاند:" لە چوارچێوەی هەنگاوە شۆڕشگێرانەکانی “بازەکانی زاگرۆس” و “جەنگی خابور”ـدا، ١٤ داگیرکەر سزادران". ئەمرۆ یەكشەممە، 30ئایاری 2021 ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکی گەریلاکانی دژبە سوپای داگیرکەری تورکیا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە ئەنجامی چالاکی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە چوارچێوەی هەنگاوە شۆڕشگێرانەکانی “بازەکانی زاگرۆس” و “جەنگی خابور”ـدا، ١٤ داگیرکەر سزادراون. هەپەگە هەروەها ناسنامەی شەش گەریلای شەهیدیشی ڕاگەیاندووە بە ناوەکانی؛ “عەگید، ڕێبەر، ڕێدوور، بروسک، زەینەب و زاگرۆس".
هاوڵاتى وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، رۆژی دوو شەممە موچەی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ره‌گه‌زنامه دابەش دەکرێت. هاوکات، رۆژی سێشەممەموچەی هێزەکانی زێرەڤانی و لیواكانی نه‌وت و گاز دابەش دەکرێت . ئەمرۆ یەكشەممە، 30ئایاری 2021 وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند،" رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٠٢١/٥/٣١، موچەی موچەی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ره‌گه‌زنامه دابەش دەکرێت. راشیگەیاند، رۆژی سێشەممەش رێکەوتی ١/٦/٢٠٢١، موچەی هێزەکانی زێرەڤانی و لیواكانی نه‌وت و گاز دابەش دەکرێت. ئەمە لەکاتێکدایە، لە رۆژانی ٢٥ و ٢٦ی مانگدا موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشکرا. بڕیاربو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ٢٥ی مانگێک موچە دابەشبکات، بەڵام لەم مانگەدا دابەشکردنی موچە دواکەوت. پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی لەسەر دواکەوتنی دابەشکردنی موچە یەکتر تۆمەتباردەکەن.
هاوڵاتى کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئامادەکارییان کردووە لە مانگی شەشدا بانگەشەی هەڵبژاردنەکان دەستپێبکات. ئەمرۆ یەكشەممە، 30ئایاری 2021 میدیاکانى عێراق لە زارى بەرپرسێکى کۆمسیۆن بڵاویانیکردەوە، کە کۆمسیۆن ئامادەکارى کردوە کە بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە مانگى شەشی ئەمساڵ دەستپێ بکات و بۆ ماوەى سێ مانگ بەردەوام بێت. ئاماژە بەوەشکراوە کە وەک کۆمسیۆن کارى جدی دەکەن بۆئەوەى لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا دەرئەنجامی یەکەمی هەڵبژاردنەکان رابگەیەنن. ئەگەر دەرئەنجامی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەستی و ئەلیکترۆنی بە رێژەی لەسەدا پێنج جیاوازییان هەبوو، ئەوە لە هەمان بنکە جارێکی دیکە بە دەستی دەنگەکان هەژمار دەکرێتەوە. بڕیارە مانگی ١٠ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆن سەرقاڵى ئامادەکارییەکانەو لایەنە سیاسییەکانیش ئامادەکارى دەکەن
هاوڵاتى وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، " لەڕێگەی سەنتەرە پیشەییەكانەوە بەدواداچوون دەکەین بزانین لە ناو بازاڕ کام پیشە هەلی کاری هەیە، بۆئەوەی گەنجان بخەینەسەر کار". ئەمڕۆ یەکشەممە ، 30ئایاری 2021 لە مەراسیمی کردنەوەی ڕاهێنانی پیشەیی لە هەڵەبجە کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "هەڵەبجە بوو بە خاوەنی سەنتەری ڕاهێنانی پیشەیی، لەڕێگەی ئەم سەنتەرانەوە بەدواداچوونی خۆمان دەکەین بزانین لە ناو بازاڕ کام پیشە هەلی کاری هەیە، پاشان بەدواداچوون دەکەین بۆئەوەی گەنجان بخەینەسەر کار". وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی: " ئەوانەی لە سەنتەرەکانی خۆمان بڕوانامە وەردەگرن دەبنە خاوەنی پیشەی خۆیان و بڕوانامەکانمان نێودەوڵەتین".
هاوڵاتى سه‌باح هه‌ورامی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ڕایگه‌یاند؛" وه‌فدی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڵێنیاندا چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م گرفته‌كان بكه‌ن بەتایبەتی گرفتی كه‌می ده‌رمان و كه‌می كارمه‌ندی ته‌ندروستی". به‌یانی ئه‌مڕۆ وه‌فدێكی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی كرد‌و له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی كۆبونه‌وه. ژوان سابیر لێپرسراوی نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند؛ بۆ گوێگردن له داواكارییه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانی ئه‌مڕۆ سه‌ردانی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌مان كرد‌و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت كارده‌كات بۆ چاره‌سه‌ر كردنی گرفته‌كانی ته‌ندروستی له‌پارێزگای سلێمانی. وتیشی:" ته‌ندروستی سلێمانی گرفتی كه‌می ده‌رمان و كه‌می كارمه‌ندی ته‌ندروستی هه‌یه، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ڵێنیداوه ئه‌و گرفتانه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكات".
هاوڵاتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند، ده‌ست به فرۆشتنی 144 ئۆتۆمبێلی ده‌ستبه‌سه‌رداگیراو ده‌كه‌ن و هه‌ركه‌سێكیش ئاره‌زوی كڕینی هه‌بێت، ده‌توانێت داواكاری پێشكه‌ش بكات. ئەمرۆ یەكشەممە، 30ئایاری 2021 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند " به پشت به‌ستن به‌ڕێنمایی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ژماره (1)ی ساڵی 2016 هاتوچۆی سلێمانی هه‌ڵده‌ستێت به فرۆشتنی 144 ئۆتۆمبێلی ده‌ست به‌سه‌رداگیراو له گه‌راجی ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی كۆنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه له ڕێگای عه‌ربه‌ت، هه‌ركه‌سێك ئاره‌زوی كڕینی ئه‌م ئۆتۆمبێلانه‌ی هه‌یه، ده‌توانێت به‌شداربێت له پرۆسه‌ی زیادكردنی ئاشكرا". هاتوچۆی سلێمانی ژماره‌یه‌ك مه‌رجی سه‌ره‌كیشی بۆ كڕیاری ئۆتۆمبێله‌كان دیاریكردوه كه ئه‌مانه‌ن: یه‌كه‌م: كه‌سی به‌شدار بو ده‌بێت چه‌كی په‌سه‌ند كرا‌و ئاماده بكات له ڕۆژی ئاشكرا كردنه‌كه , به‌بڕی (14,000,000). دوه‌م: كڕیار گشت خه‌رجیه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی زیادكردنی ئاشكراكه ده‌گرێته ئه‌ستۆ. سێیه‌م: ده‌بێت كڕیار له‌ماوه‌ی (20) ڕۆژدا سه‌رجه‌م ئۆتۆمبێله‌كان به سكراب (به 3 پارچه ) بباته ده‌ره‌وه‌ی گه‌راجه‌كه و پاش تێپه‌ڕبونی ئه‌و ماوه‌یه ڕۆژانه بڕی (500,000)پێنج سه‌د هه‌زار دینار سزای دواكه‌وتنی لێ وه‌ر ده‌گیرێت. چواره‌م: پرۆسه‌ی زیادكردنی ئاشكراكه له ڕێكه‌وتی ( 8/6/2021) رۆژی سێشه‌ممه له كاتژمێر (10:00)ی سه‌ر له به‌یانی له گه‌راجی ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی ئۆتۆمبێلی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی سلێمانی، له ڕێگای عه‌ربه‌ت ئه‌نجامده‌درێت.