هاوڵاتى فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، ساڵیادی رزگارکردنی کۆبانێ لەگەلی کورد و ئەو لایانانە پیرۆز دەکەن کەبەشداربوون لەو روداوە مێژوییەدا و لەتێکۆشان بۆ رزگارکردنی عەفرین، گرێ سپی و سەرێ کانیش بەردەوا دەبن. مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەپەیامێکدا راگەیاند، "شەشەمین ساڵرۆژی رزگارکردنی کۆبانی لەگەلی کورد و هاوپەیمانانمان پیرۆزبێت، سوپاسی هەموو ئەو هێزانە دەکەین کەلەناو ئەو روداوە مێژوییەدا بەشداربوون". ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێمە لەتێکۆشان بەردەوام دەبین تاوەکو هیوای گەلی ئێمە لەعەفرین، گرێ سپی و سەرێ کانیش بەدیدەهێنین". 26ی کانوونی دووەم، شەش ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی کۆبانێ لەلایەن پێشمەرگە و شەڕڤانان تێدەپەڕێت، لە 2015دا دوای چەندین مانگ شەڕی سەخت لەو شارەدا، دواجار داعش دەرکرا و شارەکە ئازادکرا.
هاوڵاتى ئەندامێکی كوردی پەرلەمانی عیراق ئاشكرایكرد كه حكومه‌ت بەغدا بڕیاریداوه 286 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم و بە زووترین کات خه‌رج بكات. ڕێبوار کەریم مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فەیسبوک نوسیویه‌تی، "سەبارەت بە پارەی گەنمی ساڵانی (2014_2015_2016)ی جوتیاران کە بەهۆی گەندەڵی دەسەڵاتدارانەوە دواکەوتبوو، ئەمڕۆ بڕیاری خەرجکردنی 286 ملیار دیناری گەنمی ئەو ساڵانە درا، کە دەکاتە نیوەی موستەحاقاتەکانی جوتیاران، تکایە ئەوەلیاتەکانتان ئامادەبکەن، چونکە بەزووترین کات دابەش دەکرێت". راشیگه‌یاندوه "سەبارەت بە مووچەی فەرمانگە فیدرالیەکان، کە هەرێم دەستی تاڵانی تێخستوە، ئەمرۆ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ جارێکی‌تر جەختمان کردەوە لەسەر گۆڕینی شێوەی پێدانی موچەکانیان، لەجیاتی ئەوەی بدرێتە دەستێکی نائەمین لە هەرێم، ئەوا با راستەوخۆ بدرێتە دەست فەرمانبەران خۆیان. ئەوانیش بەتەواوی هاوڕان و بەزوترین کات ئەم بابەتە چارەسەر دەکەن."
هاوڵاتى ئه‌نجوومه‌نی پیران، ئەنتۆنی بلینکن، كاندیدی سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا جۆ باید‌ن، بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكای پەسەند کرد. كۆمیته‌ی پەیوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پیران، به 15 ده‌نگی "به‌ڵێ" له به‌رامبه‌ر 3 ده‌نگی "نه‌خێر"دا، كاندیدی "بلینكن"ی بۆ پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وه په‌سه‌ند كردبوو. ته‌د كروز، ره‌ند پاوڵ و جۆن باراسۆ ئه‌و سێ سیناتۆره بوون، كه ده‌نگییان بە "نەخێر"دا به كاندیده‌كه‌ی جۆ باید‌ن بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری ده‌ره‌وە. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، رێكه‌وتی 26ی كانوونی دووەم، له ده‌نگدانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌دا، بلینكن به 78 ده‌نگی "به‌ڵێ" له بەرامبەر 22 ده‌نگی "نه‌خێر" سه‌ركه‌وتنی به ده‌ستهێنا و وه‌كو 71ە‌مین وه‌زیری ده‌ره‌وی ئه‌مەریكا به فه‌رمیی ده‌ستبه‌كار بوو. وه‌زیری ده‌ره‌وه ماوه‌یه‌كی زۆر له نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ جۆ بایده‌ن، وه‌كو راوێژكاری ناوبراو كاری كردووه له‌و كاته‌ی باید‌ن سه‌رۆكی كۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پیران بووه. هه‌روه‌ها له ساڵی 2009، کاتێک جۆ باید‌ن بوو بە جێگری باراك ئۆباما، ئه‌نتۆنی پـۆستی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی جێگری سەرۆکی ئه‌و كاتی ئه‌مەریكا واته جۆ باید‌نی وەرگرت. دواتر له ساڵی 2014 بلینكن ئه‌ركی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی گرتە ئه‌ستۆ كه له‌و كاته‌دا جۆن كیری وه‌زیری ده‌ره‌وه بوو. ئانتۆنی بلینكن، ته‌مه‌نی 58 ساڵه و له زانکۆی هارڤارد بڕوانامەی بەکالۆریۆسی وەرگرتووە، دواتر لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسادا بەدەستهێناوە. بلینكن شه‌شه‌مین كاندیدی جۆ باید‌نه، كه له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پیرانه‌وه متمانه‌ی پێده‌به‌خشرێت.
هاوڵاتى سەرۆکی فراکسیۆنی نەهجی وەتەنی لە پەرلەمانی عێراقدا هۆشداری دەدات و دەڵێت، لە بودجەی ساڵی 2021دا 36 تریلیۆن دیناری ساڵانی 2014 و 2019 دەدرێتە هەرێمی کوردستان. عەمار توعمە، سەرۆکی فراکسیۆنی نەهجی وەتەنی لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا راگەیاند، خەرجیی پێشنیازکراو لە بودجەی 2021دا لە رادەبەدر زۆرە، پێویستییەکانی تێپەڕاندووە، لەگەڵ بوونی ماددەیەک لەبارەی پێدانی پارەی ساڵانی 2014 و 2019 و پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان و پابەندبوونە داراییە کەڵەکەبووە دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی فراکسیۆنی نەهجی وەتەنی ئاماژەی بەوەش کردووە، جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە لەبارەی شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014 و 2019 واتە پێدانی 28-36 تریلیۆن دینار بە هەرێمی کوردستان بۆ ئەو چوار ساڵە، ئەمەش بەدەر لەو بڕە قەرزە دەرەکییانەی سەر هەرێمی کوردستان، کە تاوەکو ئێستا بڕەکەی نازانرێت، تەنانەت دیوانی چاودێریی دارایی‌ش نایزانێت. عەمار توعمە، جەخت لەوە دەکاتەوە، لەکاتێکدا بودجەی یاسایەکی ساڵانە، تەنیا لە ماوەی ئەو ساڵە و بۆ یەک ساڵ جێبەجێ دەکرێت و لە یەکەم رۆژی ساڵەوە دەستپێدەکات تاوەکو دوایین رۆژی ساڵ، ئەمەش مانای وایە ئەو مادەیە لە بودجە جێگیرکراوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ بدرێتە هەرێمی کوردستان، بۆیە هۆشداری تووند دەدات لە زیادکردنی قەبارەی بودجەی پێشنیازکراوی 2021. سەرۆکی فراکسیۆنی نەهجی وەتەنی راشیگەیاندووە، ئەو راستیانە دەخەنەڕوو، پێشتریش لە راگەیێندراوەکانیاندا ئەوەیان خستووەتە بەردەم هێزە سیاسییەکان، بۆ گرتنەبەری هەڵوێستێکی نیشتمانیی بەرپرسانە، بە مەبەستی دوورخستنەوەی عێراق لە مەترسییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، داوا لە رای گشتی دەکەن بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرن و گوشار بخەنەسەر نوێنەرەکانیان بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی خەرجییەکان، تاوەکو پێوەرێکی دادپەروەرانە و دەستووریش دادوەربێت لە دابەشکردنی سامان بەسەر عێراقییەکاندا.
هاوڵاتى وەزارەتی ناوخۆی توركیا بەتۆمەتی ناوبردنی پارێزگار‌و قائیمقام بە میلیشیا، بڕیاریدا سكاڵای یاسایی لەدژی سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی توركیا (جەهەپە) تۆماربكات و رادەستی دادگای بكات. میدیاكانی توركیا بڵاویانكردەوە، سولەیمان سۆیڵو وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە بڕیاریداوە داوای یاسایی لەدژی كەمال كڵچدار ئۆغڵو سەرۆكی جەهەپە تۆماربكات بەتۆمەتی ناوبردنی پارێزگار و قایمقامەكانی توركیا بە میلیشیا. سولەیمان سۆیڵو لە ھەژماری خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ناڕەزایەتی لە بەرامبەر وتەكانی سەرۆكی گشتیی پارتی گەلی كۆماریی (جەھەپە)، كەمال كڵچدارئۆغڵو دەربڕیوە، كە ئەمڕۆ 26-1-2021 لە میانی كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركی، وتارێكی پێشكەشكردو بەوتەی وەزیری ناوخۆ، ئەو سەركردەیەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، پارێزگار‌و قائیمقامەكانی بە میلیشیا ناوبردووە. وەزیری ناوخۆی توركیا، كلیچدار ئۆغڵوی بە كەسێكی نەخوێندەوارو شكستخواردووترین بیرۆكرات لە مێژوودا وەسفكرد، داواشی لە دۆست و كەسە نزیكەكانی كردووە، قایلی بكەن چارەسەر وەربگرێت.
هاوڵاتى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان راگه‌یێندراوێکى له‌باره‌ى ئه‌و دو فیلمه‌وه بڵاوکرده‌وه که میدیاکانى ئێران له‌سه‌ر "هه‌ولێر و پێشمه‌رگه و شه‌ڕى داعش" بڵاویکردونه‌ته‌وه و تیایدا ده‌ڵێت:" هه‌وڵیان داوه راستییه‌کان بشێوێنن و سوکایه‌تى به پێشمه‌رگه و سه‌رکردایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن و خۆڕاگریى خه‌ڵکى کوردستان بشارێته‌وه". ئه‌مشه‌و سێشه‌ممه 26ى کانونى دووه‌مى 2021 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان هاوکارییه‌کانى ئێران بۆ هه‌رێمى کوردستان له‌کاتى شه‌ڕى دژى داعشدا په‌یوه‌ندییه‌کانى به‌هێزتر کرد، به‌ڵام "ئه‌و ئاژانسه فه‌رمییه له کۆمارى ئیسلامیى ئێران (ئاژانسى هه‌واڵیى فارس)، به‌و کاره‌ى هه‌وڵده‌دات زیان به په‌یوه‌ندییه‌کان و دۆستایه‌تیى نێوانمان بگه‌یه‌نێت". ده‌قى راگه‌یێندراوى نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان: له‌م ماوه‌یه‌دا ئاژانسى هه‌واڵى فارس له ئێران، له ڕێگه‌ى به‌رهه‌مهێنانى دو فیلمه‌وه له‌سه‌ر هه‌ولێر و پێشمه‌رگه و شه‌ڕى داعش، هه‌وڵى داوه ڕاستییه‌کان بشێوێنێت و سوکایه‌تى به پێشمه‌رگه و سه‌رکردایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان بکات و خۆڕاگریى خه‌ڵکى کوردستان بشارێته‌وه. هاوکارییه‌کانى ئێران بۆ هه‌رێمى کوردستان له کاتى شه‌ڕى داعشدا په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوانمانى به‌هێزتر کرد، ئه‌و ئاژانسه فه‌رمییه له کۆمارى ئیسلامیى ئێران، به‌و کاره‌ى هه‌وڵ ده‌دات زیان به په‌یوه‌ندییه‌کان و دۆستایه‌تیى نێوانمان بگه‌یه‌نێت. ئه‌و کاره گیانى ئه‌و شه‌هیدانه‌ش ناشاد ده‌کات که ئه‌و ڕۆژانه پێکه‌وه له یه‌ک سه‌نگه‌ردا به‌رامبه‌ر داعش شه‌هید بون. بێگومان کارێکى ئاواى پێ له نادروستى و پێ له شێواندنى ڕاستى و منه‌تکردنى به‌و شێوه‌یه، به هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌خلاق و هه‌ڵسوکه‌وته‌شدا یه‌ک ناگرێته‌وه که فه‌رمانده‌ى شه‌هید قاسم سلێمانى هه‌یبو. بۆیه کارى به‌و شێوه‌یه دڵسۆزى نییه بۆ کۆمارى ئیسلامیى ئێران و فه‌رمانده‌ى شه‌هید، به‌ڵکو تێکدانى ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌یه که فه‌رمانده قاسم سلێمانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان په‌ره‌ى پێدابو. پشتیوانییه‌کانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران له کاته سه‌خته‌کاندا بۆ خه‌ڵک و لایه‌نه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و له سه‌ره‌تاى هێرشى داعشدا بۆ سه‌ر کوردستان که به چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى و ژماره‌یه‌ک ڕاوێژکار به فه‌رمانده‌ییى فه‌رمانده قاسم سلێمانی، هاوکاریى پێشمه‌رگه‌یان کرد، هه‌میشه جێگه‌ى سوپاس و ڕێزه و له‌کاتى خۆیدا هه‌رێمى کوردستان به ڕ‌ونى ئه‌وه‌ى ڕاگه‌یاندوه. هه‌روه‌ک چۆن هاوکاریى هاوپه‌یمانیى نێودوڵه‌تیى دژى داعش، به‌تایبه‌تى هاوکاریى کاریگه‌ر و ماوه‌درێژى ئه‌مه‌ریکا، هه‌روه‌ها هاوکاریى وڵاتانى ئه‌وروپا و ناوچه‌که، به هه‌مان شێوه هاوکاریى حیزبه کوردستانییه‌کانیش له ڕۆژانى سه‌ره‌تاى هێرشى داعشدا بۆ سه‌ر کوردستان له‌بیر ناکرێن. هاوکاریکردنى پێشمه‌رگه به چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى له‌لایه‌ن ئێران و دواتریش هاوکاریى به‌رفراوانى هاوپه‌یمانان زۆر گرنگ بو، چونکه به‌هۆى ئه‌وه‌ى ڕێگه نه‌ده‌درا حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان چه‌ک له ده‌ره‌وه بکڕێت و حکومه‌تى عێراقیش چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى نه‌ده‌دایه پێشمه‌رگه، هێزى پێشمه‌رگه به چه‌کى زۆر ساده، به‌رامبه‌ر دڕنده‌ییى داعش و چه‌که پێشکه‌وتوه‌کانى وه‌ستابوه‌وه. له کاتى هێرش و شه‌ڕى داعشدا، هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان به فه‌رمانده‌یى و ئه‌زمونى چه‌ندین ساڵ خه‌باتى پێشمه‌رگایه‌تیى سه‌رۆک مه‌سعود بارزانی، وه‌ک سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان و فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان، له‌سه‌ر زه‌وى هێرشى داعشى ڕاگرت و هێزى داعشى له ناوچه‌که‌دا تێکشکاند، ئه‌وه‌ش تێکشکاندنى هێزێکى تاریکپه‌رستى ئه‌وتۆ بو که هه‌ڕه‌شه بو له‌سه‌ر هه‌مو وڵاتانى ناوچه‌که و ئازادى و ئاسایشى هه‌مو جیهان. هه‌رێمى کوردستان که وه‌ک هه‌میشه شوێنى پێکه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه‌ى نه‌ته‌وه و ئایینه جیاوازه‌کان بوه، جارێکى دیکه بوه‌وه به په‌ناگه‌ى پاراستنى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌مو نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزاکان، ئه‌وه‌ش به هاوکاریى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و خه‌ڵکى کوردستان و ڕێکخراوه ناوخۆیى و جیهانییه‌کان، له‌پێش هه‌موشیانه‌وه له سایه‌ى به‌رگریى به‌هێزى پێشمه‌رگه بو. ئێمه ئه‌و دو فیلمه به سوکایه‌تیکردن به خۆڕاگریى خه‌ڵکى کوردستان و سه‌رکردایه‌تیى هه‌رێمى کوردستان داده‌نێین، هه‌روه‌ها به سوکایه‌تیکردن به قاره‌مانییه‌تیى پێشمه‌رگه و خوێنى شه‌هیدانى کوردستان و له هه‌مان کاتدا به سوکایه‌تیکردن به بنه‌ما و باوه‌ڕه‌کانى فه‌رمانده‌ى شه‌هید قاسم سلێمانى داده‌نێین. له ڕاستیدا ئێمه هیچ سودێک له به‌رهه‌مهێنانى فیلمى ئاستنزم و دور له ڕاستیى به‌و شێوه‌یه‌دا نابینین، جگه له هه‌وڵێک بۆ تێکدانى هاریکاریى ناوچه‌یى و دروستکردنى ناکۆکى له‌نێوان گه‌لانى دۆست له ناوچه‌که‌دا. بۆیه له ڕوانگه‌ى هه‌بونى په‌یوه‌ندیى دۆستانه و هاوکاریى له‌مێژینه له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران‌دا، داواى هه‌ڵوێستێکى گونجاو له کۆمارى ئیسلامیى ئێران به‌رامبه‌ر ئه‌و دو فیلمه ده‌که‌ین که بوه‌ته هۆى بریندارکردنى هه‌ستى گه‌لى کوردستان. نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان
هاوڵاتى زیاتر له سه‌د په‌رله‌مانتارى عێراق دژى پشکى هه‌رێمن له پرۆژه بودجه‌ى ئه‌مساڵدا و داوا ده‌که‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان 460 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه راده‌ستی سۆمۆ بکات، له‌به‌رامبه‌ر زامنی کردنی پشکی هه‌رێم له‌پرۆژه یاسای بودجه‌دا. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 26ى کانونى 2021 له‌یاداشتێکدا که ئاراسته‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مانى عێراقیان کردووه، 113 ئه‌ندام له‌فراکسیۆنه جیاجیاکانی په‌رله‌مان چه‌ند تێبینی‌و داواکارییه‌کیان بۆ گۆڕانکاریى له‌مادده‌کانی پرۆژه یاسای بودجه‌ی 2021دا کردووه. هاوکات له‌یاداشته‌که‌دا ئه‌و په‌رله‌مانتارانه به‌پێویستی ده‌زانن که له‌به‌رامبه‌ر پشکی هه‌رێم له‌بودجه‌دا، هه‌ولێر 460 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه راده‌ستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گرێبه‌سته نه‌وتییه‌کانی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و بڕگه‌ی بژاردنی قه‌رزه‌کانی هه‌ڵبگیرێت. ده‌قی یاداشتی 113 په‌رله‌مانتاره‌که‌ى عێراق:
هاوڵاتى بەبۆنەی ساڵڕۆژی ئازادکردنی کۆبانێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند يادى داستانى ئازادكردنى كۆبانێ له ته‌واوى گه‌لى كوردستان و هه‌موو ئازاديخوازانى جيهان پيرۆز ده‌كه‌م. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 26ى کانونى دووه‌مى2021 لە پەیامەکەیدا کە لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە رایگه‌یاند "يادى داستانى ئازادكردنى كۆبانێ له ته‌واوى گه‌لى كوردستان و هه‌موو ئازاديخوازانى جيهان پيرۆز ده‌كه‌م". سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە "له‌م ياده‌دا سه‌رمان له‌به‌رده‌م گيانى پاكى شه‌هيدان داده‌نوێنين، به رێز و وه‌فادارييه‌وه، ياديان ده‌كه‌ينه‌وه.. سوپاسى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان ده‌كه‌ين كه له شه‌ڕى دژى تيرۆردا، هاوكارمان بوون". ئەمڕۆ 26ی کانوونی دووەم، شەش ساڵ بەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی کۆبانێ لەلایەن پێشمەرگە و شەڕڤانان تێدەپەڕێت، لە 2015دا دوای چەندین مانگ شەڕی سەخت لەو شارەدا، دواجار داعش دەرکرا و شارەکە ئازادکرا.
هاوڵاتى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له ساڵیادى ئازادکردنى کوبانێ ده‌ڵێت:"هه‌میشه به یه‌کڕیزیى سه‌رکه‌وتووترین". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 26ى کانونى دووه‌مى 2021 مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند:"ئه‌مڕۆ ته‌نیا یادى ئازادکردنى کۆبانێ نییه له داگیرکاریى و زۆرداریى داعش، به‌ڵکو یادى یه‌کبوونى گه‌لى کوردیشه له دژى دوژمنێکى هاوبه‌ش". سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ش دووپاتده‌کاته‌وه که" ئه‌مه‌ش بیرخه‌ره‌وه‌یه‌کى به‌هێزه که هه‌میشه به یه‌کڕیزیى سه‌رکه‌وتووترین".
هاوڵاتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کاره‌باى سلێمانى رایگه‌یاند، به مه‌به‌ستى رووناککردنه‌وه‌ى شه‌قامى توى مه‌لیکى سلێمانی، بڕى زیاتر له 180 ملیۆن دینار خه‌رج ده‌که‌ن. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 26ى کانونى دووه‌مى 2021 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کاره‌باى سلێمانى له لاپه‌ره‌ى فه‌رمى خۆى له تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووک بڵاویکردووه‌ته‌وه، "به‌مه‌به‌ستى رووناککردنه‌وه‌ى شه‌قامى توى مه‌لیک له شارى سلێمانى به سه‌رپه‌رشتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى کاره‌باى سلێمانی، به‌بڕى 180 ملیۆن و 958 هه‌زار و 900 دینار پرۆژه‌یه‌کى کاره‌با جێبه‌جێده‌کرێت." هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه کراوه که له‌سه‌ر بودجه‌ى داهاتى کاره‌باى به‌رێوه‌به‌رایه‌ى گشتى کاره‌باى سلێمانى و به‌پێى گرێبه‌ستێک که له‌گه‌ڵ کۆمپانیایه‌ک واژۆ کراوه، پرۆژه‌ى رووناککردنه‌وه‌ى شه‌قامى به‌شى سه‌ره‌وه‌ى تووى مه‌لیک جێبه‌جێده‌کرێت له‌ماوه‌ى 120 رۆژدا ته‌واو ده‌بێت.
هاوڵاتى دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند پێنج بەرپرسی لقی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە کەرکووک زیاتر لە 2 ملیار و 400 ملیۆن دیناری سامانی گشتییان بەفیڕۆداوە. فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی، توانی بەرپرسی چاودێری ئەلیکترۆنی لە لقی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە کەرکووک ئاشکرا بکات، هاوکات بەڕێوەبەرانی دوو بەنزینخانەی حکومەت و بەرپرسانی چاودێری لەو دوو بەنزینخانە، ئاشکرا بکات، کە کاری نایاساییان کردووە، بەوەی کاری پرۆگرامی چاودێریی ئەلیکترۆنییان تێکداوە، لە کاتێکدا ئەو پرۆگرامە چاودێری پرۆسەی پێدانی گازوایل بە ئۆتۆمبیلەکان دەکات". فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی راشیگەیاند: "ئەو پێشێلکارییانە بریتین لە پێنەدانی زانیاری تەواو و دروست لەبارەی بڕی گازوایلی پێدراو بە ئۆتۆمبیلەکان، ئەوە جیا لە هاککردنی پرۆگرامە ئەلیکترۆنییەکە و گۆڕینی بڕە پێدراوەکان". بەپێی بەدواداچوونی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکی چەند بەنزینخانەیەکی حکومەت و کەرتی تایبەت لە کەرکووک بڕێکی زۆر گازوایلیان بەشێوەی نایاسایی فرۆشتووە، بڕەکانیش دەگەنە زیاتر لە 60 ملیۆن لیتر، بۆیە ئەوان زیاتر لە 2 ملیار و 400 ملیۆن دینار زیانیان بە سامانی گشتی گەیاندووە" فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوەکەدا ئاشکرای کردووە: "پێنج بەرپرسە تۆمەتبارەکەی لقی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە کەرکووک، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، رەوانەی دادگا کران و دادگا بڕیاری دا بەپێی ماددەی 340ـی یاسای سزاکانی عێراق رایانبگرێت". پێشتر، دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە سێپتەمبەری 2020دا، رایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند تۆمەتبارێک لە لقی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور لە کەرکووک دەرچووە، بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆر نەوتی سپییان بەفیڕۆداوە.
هاوڵاتى وه‌زیرى کاره‌باى حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند، کێشه‌ى که‌مى سووته‌مه‌نیان بۆ وێستگه‌کانى کاره‌با هه‌یه و ده‌شڵێت له‌ماوه‌ى ساڵ و نیوێکى کابینه‌که‌دا تونیویانه ژێرخانى کاره‌با ببوژێننه‌وه. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 26ى کانونى دووه‌مى 2021 پرۆژه‌ى به گه‌ڕخستنى وێستگه‌ى مۆبایلى گۆڕینى ڤۆڵتیه به‌گوژمه‌ى یه‌ک ملیۆن و 658 هه‌زار دۆلار له‌لایه‌ن کۆمپانیاى بیست و ده‌رهێنانى پێنج فیده‌ر به‌گوژمه‌ى 588 ملیۆن دینار له‌لایه‌ن کۆمپانیاى پاڵۆس کرانه‌وه. که‌مال محه‌مه‌د وه‌زیرى کاره‌باى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، ئه‌م دوو پرۆژه‌یه ته‌واوکه‌رى یه‌کترن و کاره‌با ده‌ده‌ن به سنورى ناحیه‌ى شه‌مامک و به‌شێک له گونده‌کانى ناحیه‌ى گوێر و رۆڵیان ده‌بێت له چاره‌سه‌رى بار زۆرى سه‌ر هه‌ردوو وێستگه‌ى پیرداود و ته‌رجان و فیده‌ره‌کانیان. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، له ماوه‌ى ساڵ و نیوێکى ته‌مه‌نى کابینه‌که‌دا به‌ده‌یان پڕۆژه‌ى کاره‌بایان له ده‌ڤه‌ره جیاجیاکانى کوردستان کرده‌وه و له پلان و به‌رنامه‌شیاندایه له گه‌رمیان و سلێمانى و دهۆک پرۆژه‌ى دیکه بکه‌ینه‌وه، راشیگه‌یاند: "به‌مه‌ش توانیومانه ژێرخانى کاره‌با به‌ڕاده‌یه‌کى زۆر باش ببوژێنینه‌وه." هاوکات، وه‌زیرى کاره‌با ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له ئێستادا ته‌نیا گرفتى سوته‌مه‌نییان هه‌یه، چونکه" تواناى وێستگه‌کانى کاره‌با و ژێرخانى کاره‌با به‌شێوه‌یه‌کى زۆر باش رێکخراونه‌ته‌وه و بونیاتنراوه رۆژ له دواى رۆژ بارودۆخه روو له باشى ده‌کات". ئه‌مه له‌کاتێکدایه که له ئێستادا رۆژانه 12 کاتژمێر کاره‌باى نیشتمانى ده‌درێته هاوڵاتیان.
سامان مەجید سەرۆکی بەرەی تورکمانی و سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لەپەرلەمانی عێراق، لەناو هێزەکانی حەشدی تورکمانی هێمای «گورگە بۆرەکان» بەرز دەکاتەوە کەگروپێکی نەژادپەرستی توندڕەوی تورکن. ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا خولیسی ئاکار بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق. گروپی نەتەوەپەرستی توندڕەوی گورگە بۆرەکان، لەشەستەکانی رابردو وەک گروپێکی فاشیزم و نازی نوێ لەتورکیا دامەزرا، لەحەفتاکاندا چەندین کردەوەی تیرۆریستیی لەتورکیا ئەنجامداو دوای ئەوەش روویکردە دژایەتی کورد‌و تیرۆری چالاکوانانی کورد لەباکوری کوردستان، گرووپەکە لەچەندین وڵات قەدەغەکراوە. گورگەکان سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ ئەرشەد ساڵحی جگە لەوەی سەرۆکی بەرەی تورکمانیە، هاوکات سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لەپەرلەمانی عێراقە، ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی یاساکان ئەرکی لیژنەی مافی مرۆڤ بەگریی کردنە لەیاساکانی تایبەت بەمافی مرۆڤ، نەک زیندووکردنەوەی بیری نەتەوەپەرستی. ناوبراو هەفتەی رابردوو سەردانی هێزەکانی حەشدی تورکمانی کرد لەگوندی بڵاوەی سەر بەشارەدێی یایچی تورکمان نشین، ساڵحی لەگەڵ ئەو هێزانەدا بەپەنجەکانی هێمای نەتەوەپەرستی گورگە بۆرەکانی بەرزکردەوە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا خولیسی ئاکار بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق. گروپی گورکە بۆرەکان باوەڕیان بەسەردەستیی نەژادی تورکەو هەوڵیان ئەوەیە هەموو تورکەکان لەژێر یەک ئاڵا‌و لەناو یەک وڵات رێکبخەن، لەم چوارچێوەیەشدا دەستیانکردووە بەدژایەتیکردنی کورد‌و یۆنانی و ئەرمەنی و نەتەوەکانی دیکە. لەتایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم گروپە توندڕەوەیە، کە جگە لەجوگرافیای تورکیا لەئەوروپاش رێکخستنیان هەیەو تائێستا چەندین کردەوەو هێرشیان دژی نەتەوە جیاوازەکان لەئەوروپا ئەنجامداوە، هەربۆیە لەچەند وڵاتێک هەوڵی قەدەغە کردنیان دەدەن و لەفەرەنساش هەموو جوڵەکانیان قەدەغە کراوە. ساڵحی لەکاتی بەسەرکردنەوەی هێزەکانی حەشدی تورکمانی وتبووی، سەربازە تورکمانەکان گەلی تورکمان لەهێرشی داعش و لایەنە کوردییەکان دەپارێزن، ئەوەش لەکاتێکدایە کەسەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤەو ئەو هەڵسوکەوت و قسانە بەپێی یاسا رێگەپێدراو نیە. گورگە بۆرەکان کێن؟ گورگە بۆرەکان کەمافیایەکی راستڕەون و لەلایەن هەواڵگریی تورکیاوە هاندەدرێن و پشتیوانی دەکرێن، دەزگا ئاسایشە نێودەوڵەتییەکان فایلی ئەو مافیا توندڕەوەیان هەڵداوەتەوە، کە لەناوەڕاستی دەیەی ١٩٦٠دا لەتورکیا دامەزراوە. گورگە بۆرەکان لەچەند وڵاتێکی ئەوروپیدا چالاکییان هەیە، بەڵام بەهۆی کاری توندڕەوانە لەهەندێک وڵات داخراون، کۆتایی ساڵی رابردوو لەفەرەنسا قەدەغە کران بەهۆی بەشداربوونیان لەهێرشەکانی ئەم دواییە دژ بەنەتەوەی ئەرمەن لەفەرەنسا، کە زیاتر جێ پەنجە و رۆڵی هەواڵگریی تورکیای لەچالاکیی کاربەدەستانی ئەو رێکخراوە مافیاگەرییەدا ئاشکراکرد. ئەم مافیا ناسیۆنالیستییە لەدەیەی ١٩٩٠ دەستیکرد بەبەشداریی چالاکانە لەشەڕی تورکیا دژی بزوتنەوەی سیاسیی کورد، ئەمەش پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەت زیاتر ئاڵۆز کرد. هەروەها گروپەکە سەرکەوتووبوون لەکۆنترۆڵکردنی تەواوی رێگای دەرمان لەئەفغانستانەوە بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا. سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی نەتەوەیی تورکیا مەهمەت ئیمۆر ئاشکرایکرد، گورگە بۆرەکان لەدژی سوپای نهێنی ئەرمەنی تورکیا، پەکەکە و چەپی شۆڕشگێڕی مارکسیست بەکارهێنراون. ئیمۆر لەدانپێدانانەکانیدا وتبووی، ئەو چالاکییانە بەکەسانی ئاسایی ئەنجام نادرێن، تورکیا پێویستی بەو پیاوانە هەیە، کەدەتوانن شتەکان بشکێنن. لەئێستادا لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا، ئاسایشی نێودەوڵەتی کار بۆ هەڵدانەوەی دۆسیەی ئەم گروپە مافیایە دەکات. قەدەغەکردنی گورگە بۆرەکان لەفەڕەنسا دوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان و هەڕەشەی گورگە بۆرەکان لەسەر ئەرمەنەکانی فەڕەنسا، حکومەتی فەرەنسا بەفەرمی بڕیاریدا بەقەدەغەکردنی «گورگە بۆرەکان» لەوڵاتەکەی، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کەئەم گروپە هێرش و گوشارەکانیان بۆ سەر ئەرمەنەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە چڕکردبووەوە. حکومەتی فەرەنسا «گورگە بۆرەکان»ی بەوە تۆمەتبار کرد کە «سەرچاوەی کردەوەی تووندوتیژی و بڵاوکردنەوەی رق و کینەن» لەو وڵاتە. گابرێل ئاتال، وتەبێژی حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، قەدەغەکردنی گروپی گورگە بۆرەکان کە بەباڵی سەربازیی حزبی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکیا - مەهەپە ناسراون، لەمیانی کۆبوونەوەیەکی هەفتانەی کابینەی حکومەتی فەرەنسا بووە لەمانگی ١١ی ٢٠٢٠. حکومەتی فەرەنسا ئەو گروپە تورکییە بە «زۆر تووندوتیژ، بڵاوکردنەوەی هەڕەشەی تووندوتیژی» تۆمەتبار کرد‌و وتی «رق و کینە دژی دەسەڵاتداران و ئەرمەنییەکان دەوروژێنن». قەدەغەکردنی گروپەکە لەکاتێکدابوو کە گرژییەکانی نێوان ماکرۆن و ئەردۆغان لەهەڵکشاندا بوون و لەوکاتەدا گەیشتنە لووتکە، دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وتی «ئیمانوێل ماکرۆن پێویستی بەچارەسەری دەروونییە»، ئەردۆغان لەوکاتەدا خۆی وەکو بەرگریکردن لەئیسلام پیشاندا. ئەو رێگری و قەدەغەیەی فەڕەنسا دژ بەگورگە بۆرەکان، حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی توڕە کرد، هەربۆیە وڵاتانی دیکەی بۆ چالاکی ئەو گروپە دیاریکرد. دواتر پارتەکانی سەوزی ئەڵمانیا، پارتی چەپی ئەڵمانیا و ئاڵتەرناتیڤی ئەڵمانیا داوایان کرد لەئەڵمانیا رێوشوێنی پێویستی هاوشێوەی فەڕەنسا دژ بەجوڵەی گورگە بۆرەکان بگیرێتە بەر، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەنقەرە سەلماندی کە دەستبەرداری رەوەندی تورکی نابێت لەئەوروپا لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی، هەروەها سەرۆکی تورکیا تۆڕێکی هەواڵگریی گەورە لەئەوروپا لەدەوری کۆبوونەوەی مزگەوت و ناسیۆلیستەکان بەڕێوە دەبات. گورگە بۆرەکان لەئەڵمانیا لەئەڵمانیا گوشاری سەر ئەرمەنەکان لەلایەن رێکخراوی «گورگە بۆرەکان» کە رێکخراوی لاوانی سەر بەپارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپەن لەتورکیا لەپایزی رابردوودا دەستیپێکرد بەهۆی هێرشیان بۆسەر ئەرمەنەکان لەسەروبەندی شەڕی ئەرمینیاو ئازەربایجان. هەرچەندە شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەناگۆرۆنۆ قەرەباخ کۆتاییهات، بەڵام هەڕەشە و گوشارەکانی سەر ئەرمەنەکان لەئەڵمانیا بەردەوام بوون، گورگە بۆرەکان نامەی هەڕەشەئامێزیان لەبەردەگای ماڵی ئەرمەنەکانی نیشتەجێی ئەڵمانیا دادەنا. لەو نامەیەدا کە بەزمانەکانی تورکی و ئەڵمانی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە نووسرابوو «گورگە بۆرەکان بەدواتانەوەن، منداڵە قێزەوەنەکانی ئەرمینیا، هەمووتان دەدۆزینەوە، منداڵەکانتان بەرلەوەی لەگۆڕەکانی خۆیاندا بنێژرێن، دێنە سەر گۆڕەکانتان، پشتگیری لەبرا ئازەرییەکانمان دەکەین و رێگە نادەین سەگە ئەرمەنە کافرەکان لەئەڵمانیا بەئاسوودەیی بژین، ئێوە دەناسین و دەزانین منداڵەکانتان بەشەوو رۆژ لەکوێن، گورگە بۆرەکان لەپشتەملتانن». لەئەڵمانیا کار بۆ قەدەغەکردنی بزوتنەوەی ئولکوجو دەکرێ کە بە ‹گورگە بۆرەکان› ناسراون، پارتی چەپی ئەڵمانیا دەڵێ پێویستە ئەم رێکخراوە دابخرێت. مانگی ١١ی ساڵی رابردوو جەم ئۆزدەمیر پەرلەمانتاری پارتی سەوزی ئەڵمانیا کە بە رەچەلەک کوردە لەدیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەیەکی ئەڵمانی ئاماژەی بەوەدا، دەستیانکردووە بەدیدار لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی بەشدار لەحکومەتدا بۆ گەیشتن بەدەستپێشخەرییەکی هاوبەش بۆ قەدەغەکردنی ئەو رێکخراوە لەئەڵمانیا. فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی ئولکوجوی تورکی دیموکرات کەگەورەترین دامەزراوەی گورگە بۆرەکانن لەئەڵمانیا لە 18ی حوزەیرانی 1978 لەشاری فرانکفورتی ئەڵمانیا دامەرزاوەو بەهەزاران ئەندامی هەیە. پەرلەمانتاری بەڕەچەڵەک کورد ”سێڤم داگدێلین”، رایگەیاند گورگە بۆرەکان لەئەڵمانیا بەناوی فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی دیموکراتی نمونەیی تورکەوە کاردەکەن و زیاتر لەحەوت هەزار ئەندامیان هەیە. هەروەها کەناڵی دۆیچە وێلای ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە، گورگە بۆرەکان رق و کینە بڵاودەکەنەوە، هەڕەشە لەهاووڵاتیان دەکەن و هانی توندوتیژیی دەدەن، ئەلێکساندەر گاولاند سەرۆکی پارتی راستڕەوی ئەڵمانیا وادەڵێت. هەوڵی پێکەوەلکاندنی هەردوو ناسنامەی تورک و ئاینی ئیسلام هەڵای تێکەڵکردن و پێکەوەلکاندنی ناسنامەی تورکی و ئاینی ئیسلام زۆر زیاتر بەو رێکخراوەوە دیارە و زۆر بەفراوانی کاری لەسەر ئەکرێت، کە ئەوەش بەخیتابی رێکخراوەکەوە زۆر بەڕوونی دەبینرێ، ئیسلام بەکاردەهێنن بۆ راکێشانی سۆزی موسوڵمانانی نەیەوەکانی تر، ئەگەرنا دەست لەهیچ مرۆڤێ ناپارێزن کەتورک نەبێ، هەر لەڕێی ئیسلامەوە بەئاسانی کورد دەکەوێتە تەڵەکانیانەوە. کوردیان بەدوژمنی سەرەکی و سەرسەخت و خەتەری سەرخۆیان و بوون و نەبوونی تورک گرێداوە، نەمان و نەهێشتن و توانەوەی کورد کاری لەپێشینەی ئەم رێکخراوەیە، ئەمە وێڕای دژایەتی کردنی نەتەوەکانی تری وەک ئەرمەن، عەرەب، یۆنان، بوڵگارییەکان، ئەلبانیەکان و ئاینەکانی تری وەک مەسیح و جولەکە و بوزییەکان. لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر بەڕێکخراوێکی تورندڕەوو ڕادیکاڵ ناسێنراو بوو بەهۆی کردەوە خراپەکانیانەوە لەساڵانی هەشتاکاندا، بەڵام ئەردۆغان جارێکی تر گورگە بۆرەکانی زیندوو کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کورد. ئاڵای گورگە بۆرەکان یان یەکیینەکانی مردن کە تەختێکی سوری هەیە سێ کەوانەی نیوە مانگی سپی «مانگ»ی لەسەر کێشراوە، بەپێی باوەڕی خۆیان دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی تورک لەهەرسێ کیشوەری ئاسیا، ئەفریقاو ئەوروپا . لەکۆڕو کۆبوونەوەو دەرکەوتنەکانیاندا دەستی راستیان بەرز دەکەنەوە وەک هێمایەکی شەیتانی، هەردوو پەنجە تووتە و دۆشاو مژە راست بۆسەرەوە لەشێوەی گوێچکەکانی گورگ بەرزدەکەنەوەو ئنجا هەرسێ پەنجەکەی تریان لەشێوەی سەری گورگ پێکەوە دەلکێنن و بۆ پێشەوە درێژی دەکەن، کەئەمە بێچگە لەپیشاندانی سەری گورگ بەڵکو مەبەستێکی شاراوەی تریشی لەپاڵدایە، واتە لەهەر شوێنێک تورکی لێبێ بۆی ئەچن وەک ئاماژەیەک بۆ هەرسێ نیوە کەوانە یان نیو مانگ «هلال»ی سەر ئاڵا سورەکەیان کە مەبەست لێی «ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا»یە. هەڵبژاردنی ناوی گورگ چیرۆکی هەڵبژاردنی گورگ وەک ناو‌و ناونیشان بۆ رێکخراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەیەک کەتورکەکان باوەڕیان پێیەتی و بڵاوە لەناوەڕاستی کیشوەری ئاسیادا کە گوایە گورگێکی مێینە کە ناوی «ئەسینا»بووە کەڕێبەری تورکەکانی کردووە لەڕووباری «ئەرجەنیکۆن»وە، پاش ئەوەی کەچوار سەدە لەوێ ماونەتەوە دوای ئەوەی کە لەجەنگدا دۆڕاون، کەهەر ئەم ئەفسانەیەش بنچینەیە بۆ دەرکەوتن و دروستبوونی هەردوو نەتەوەی مەنگۆلی و تورک. گورگە بۆرەکان باوەڕیان وایە یان راستر ئەوەیە کەبڵێین وا پەروەردە دەکرێن و باوەڕیان پێدەهێنرێ کەهەموو ئەو زەوییانەی دەکەوێتە نێوان بەلقان و ئاسیای ناوەڕاست موڵکی خۆیانە و خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ تورک، کاری ئەمانە هەر فرسەتێک بێتە پێشەوە بیگێڕنەوە بۆخۆیان، هەر ئەمەشە وای کردووە کەتورک پێبخاتە خاکی هەر وڵاتێکی ترەوە هەرگیز بەئارەزوومەندانە و بەئاشتی لێی ناکشێتەوە نموونەی وڵاتی قوبرس کە لە ٢٠ی مانگی شەشی ساڵی ١٩٧٤ نیوەی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکردووەو تا ئێستاش چۆڵی نەکردووە. تاساڵی ١٩٨٣ باکوری قوبرس کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە، کۆماری باکوری قوبرسی تورکی راگەیاند کەتاکە وڵات تەنها تورکیایە کە دانی پیاداناوە، ساڵی ١٩٧٤ تورکیا لەژێر ناوی گەڕانەوەی حوکمی دەستور چووە ناو قوبرسەوە، پاشان دەرکەوت کە مەبەست لێی داگیرکردنی ئەو وڵاتەیەو کردنێتی بەبەشێک لەو خەیاڵەی گورگە بۆرەکان کاری بۆدەکەن، کە ئەویش هەموو خاکی نێوان بەلقان و تورکستانی رۆژهەڵات خاوەندارێتی بۆ تورک دەگەڕێتەوە! گورگە بۆرەکان هەموو دانوستانێکی سیاسی و ناسیاسی لەگەڵ کورددا رەت دەکاتەوە، تاکە چارەسەر بۆ کێشەی کورد لەلای ئەوان نەمان و بوونی کوردە کەوەک خۆیان ئەڵێن (باشترین کورد ئەوەیە مردوە) واتە هیچ کوردێک باش نیە تاڕێبکەوی لەگەڵیدا و کاتێ کۆتایی بەکێشەی کورد دێت کە وەک نەتەوە بوونی نەمێنێ. ئەو کردەوە خوێناویانەی کەگورگە بۆرەکان ئەنجامیان داوە هێرش کردنەسەر بیرمەندو لیبراڵ، رۆشنبران و چەپەکانی تورکیا بوو لەگۆڕەپانی تەقسیم لەئەستەمبوڵ کە بە « ١ی پێنچی خوێناوی» لەئەستەمبوڵ ناسراوە لە ١-٥-١٩٧٧ ئەنجامدرا، کە بووە هۆی کوشتنی (٤١) کەس، پاش ئەوەی کە ئەو کارەیان بۆ چووەسەر ئیتر پاش ساڵێک لەو قەسابخانەیە هێرشیان کردەسەر «عەلەوییەکان» سەدانیان لێ‌کوشتن کە بە «قەسابخانەی مەرعەش» «مژبحه مرعش» ناسراوە لەساڵی ١٩٧٨. پاشان هەوڵدان بۆ تیرۆر کردنی پاپای فاتیکان «یوحەنا پۆلسی دووەم» ساڵی ١٩٨١ لەڕێی یەکێک لەئەندامەکانی گورگە بۆرەکانەوە بەناوی «محەمەد عەلی ئاغا». دواتر ٢٨ی ٧ی ساڵی ١٩٨٨ هەوڵی تیرۆرکردنی «تورگۆت ئۆزال»یاندا کە بەدامەزرێنەری تورکیای مۆدێرن دادەنرێ لەڕێی «کارتال دیمیراغ» ئەندامی گرووپی گورگە بۆرەکان، بەڵام سەرکەتوو نەبوون، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: هۆکاری یەکەم و گرنگ نزیکبوونەوەی تۆرگۆت ئۆزال لەکورد و کارکردن بۆ چارەسەری کێشەکەی، کە ئەمەش لای تورکەکان کفرێکە و لێخۆشبوونی نیە. هۆکاری دووەمیش سەردانی کردنی ئۆزال بوو بۆ یۆنان تاگرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان هێوربکاتەوەو پەیوەندییەکان ئاسایی بێتەوە. ئیتر لەدوای ساڵەکانی ١٩٨٠وە گورگە بۆرەکان بوون بەنەیاری دەسەڵات، دوای ئەوەی کەبوون بەخاوەنی زیاتر لە (١٠٠) سەربازگەی راهێنان، زیاتر لە هەزارو (٧٠٠) لق، کە زیاتر لە (٢٠٠) هەزار ئەندامیان هەبوو، ئیتر لێرە بەدواوە گورگە بۆرەکان بوون بەهێزی سەرەکی وڵات و دەسەڵاتدارو بەرپرس و دەستیان کرد بەپشێوی نانەوەو تیرۆرکردن و توندوتیژی سیاسی لەتورکیا، تیرۆر‌و کوشتن و تەقەکردن لەسەر شەقامەکان بوو بەکارێکی سانا‌و ئاسان بۆیان. لەسەرەتای نەوەدەکاندا حکومەتی تورکیا دەستپێشخەری کرد‌و لەبری سزادانی گورگە بۆرەکان بانگی کردن و داوای لێکردن کەبەشداربن لەدژایەتی و شەڕکردن لەگەڵ کورد‌و پارتی کرێکارانی کوردستان «پەکەکە»، ئەو کار‌و مەبەستەی کەکاری سەرەکی و دڵخوازو ئامانجی هەموو تورکێکە بەتایبەتی گورگە بۆرەکان، ئیتر لەوەودوا ئەم گروپە بوون بەهاوکاری حکومەتە جیاجیاکانی تورکیا و ئەوانیش بۆ شەڕکردن لەگەڵ کورد بەکاریان دەهێنن. ئەردۆغان و گورگە بۆرەکان ئەگەرچی ئەم گروپە بەوە ناسراون سەر بەپارتی مەهەپەی نەژادپەرستن، سەرۆکی پارتەکەش چەندین جار هێمای ئەوانی بەرزکردۆتەوە لەکاتی وتەکانیدا، بەڵام لەهەمان کاتدا وێنەیەکی ئەردۆغانیش هەیە کە بەهەمان شێوە هێمای گورگە بۆرەکانی بەرزکردۆتەوە. بەپێی کەناڵی دۆیچە وێلا لەکاتێکدا ئەردۆغان پێویستی بەگورگە بۆرەکان نەبوو لەوڵاتانی ئەوروپا، بەڵام کاتێک شەڕ لەنێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجاندا سەریهەڵدا، هەواڵگریی تورکیا پێویستی بەگروپێک بوو کە بۆ ماوەیەکی زۆر پشتی پێ ببەستێت. دوای بڕیاری قەدەغەکردنی گروپەکە لەفەڕەنسا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رەخنەی توندی گرت لەبڕیارەکەی فەرەنسا، ئەوەش وەکو پشتگیریی ئاشکرای تورکیا لێکدرایەوە، کە لەپشتیان وەستاوە. ئەم رێکخراوە بەباڵی سەربازیی نافەرمی حزبی جوڵانەوەی نەتەوەپەرست یان بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا «مەهەپە» کە «دەولەت باخچەلی» سەرۆکایەتی دەکات، کە لەئێستادا هاوپەیمانی پارتی داد‌و گەشەپێدانە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات. لەمانگی شەشی ساڵی ٢٠١٦ کاتێک کەپەرلەمانی ئەڵمانیا جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکانی لەسەر دەستی تورکەکان پەسەند کرد، بەشێکی زۆر لەو ئەندام پەرلەمانانەی کەپاڵپشتی ئەو بڕیارەی پەرلەمانیان کردبوو بەشێوەی جیاواز هەڕەشەیان لێ‌کرا لەلایەن تورکە نەتەوەپەرست و لایەنگرانی ئەردۆغانەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی (١٢) ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا لەژێر چاودێری پۆلیس بپارێزرێن. ئیتر لەو کاتەوە ئەندامانی گروپی گورگە بۆرەکان و لایەنگرانی ئەردۆغان پێکەوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەهەر شتێک دڵخوازی ئەوان نەبێ، بەتایبەتی کارتێ هەوڵی ئینقلاب درا لە ٣١ی ٧ی ساڵی ٢٠١٦ دژی ئەردۆغان هەردوولایەن پێکەوە رژانە سەرشەقامەکانی ئەڵمانیا لەشاری کۆڵن لەڕۆژئاوای ئەو وڵاتە و ئیتر بێ‌ترس و شەرم ئاڵا‌و شیعارەکانی گورگە بۆرەکان بەرزکرانەوە . پێشتر هەروەک چۆن ئەردۆغان پشتگیریی خۆی بۆ ئیخوانییەکانی میسر دەربڕی و چوار پەنجەکەی بەرزکردەوە، هەرواش پشتگیریی خۆی بۆ گورگە بۆرەکان دەربڕی و سێ پەنجەکەی ئەوانیشی بەرزکردەوە.
هاوڵاتى کۆشکى سپى رایگه‌یاند، جۆ باید‌ن بڕیارى قه‌ده‌غه‌کردنى به‌شداریکردن له خزمه‌تى سه‌ربازى له سوپاى ئه‌مریکادا بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى که "ره‌گه‌زى خۆیان گۆڕیوه هه‌ڵوه‌شانده‌وه"، که پێشتر تره‌مپ بڕیاره‌که‌ى ده‌رکردبوو. کۆشکى سپى ئه‌مریکا له راگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه، جۆ باید‌ن سه‌رۆکى ئه‌مریکا بڕیارى قه‌ده‌غه‌کردنى به‌شداریکردنى ئه‌و که‌سانه‌ى که ره‌گه‌زیى خۆیان گۆڕیوه له سوپاى ئه‌مریکادا هه‌ڵوه‌شاندوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌ندراوه‌که‌ى کۆشکى سپیشدا هاتووه:"چیتر ره‌گه‌ز گۆڕین نابێته هۆکارێک بۆ جیاکارى چینایه‌تى و که‌سێتى له نێو ئه‌ندامانى کۆمه‌ڵگاى ئه‌مریکیدا." بڕیاره له‌ماوه‌ى جۆ باید‌ن سه‌رۆکى ئه‌مریکا بڕیارى روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى گۆڕانکاریى له که‌ش و هه‌وا واژۆبکات و ئه‌و پرسه ده‌کاته کارى له پێشینه‌ى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌مریکا. جۆ باید‌ن وه‌ک 46ـه‌مین سه‌رۆکى ئه‌مریکا رۆژى 20ى ئه‌م مانگه، سوێندى یاسایى خوارد و تیایدا له‌یه‌که‌م ساته‌کانى ده‌ستبه‌کاربوونیدا ژماره‌یه‌ک بڕیارى ده‌رکرد له‌وانه‌ش وه‌ستاندنى کارکردن له دیواریى سنوریى نێوان ئه‌مریکا و مه‌کسیک و ژماره‌یه‌ک بڕیارى تایبه‌ت به ڤایرۆسى کۆرۆنا.
عه‌مار عه‌زیز - دهۆک چله‌ى زستانه‌و هاووڵاتیان چاوه‌رێى وه‌رگرتنى به‌رمیلێک نه‌وت ده‌که‌ن و به‌رپرسانیش ئۆباڵه‌که‌ى ده‌خه‌نه ئه‌ستۆى حکومه‌تى عێراق که ته‌نها هه‌شت ملیۆن لیتر نه‌وتى سپى ناردووه که ته‌نها به‌شى فه‌رمانگه حکومییه‌کان و چه‌ند ناحیه‌و گوندێکى کردووه. به‌پێى وته‌ى به‌رپرسانى سوته‌مه‌نى پارێزگاى دهۆک ساڵانه پێویستیان به 55 ملیۆن لیتر نه‌وتى سپى هه‌یه، سه‌رۆکى لیژنه‌ى سووته‌مه‌نى و پیشه‌سازى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دهۆک جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که حکومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت له‌رێگه‌ى پاڵاوگه‌کانى خۆیه‌وه نه‌وتى سپى بۆ هاوڵاتیان دابین بکات»حکومه‌تى هه‌رێم زۆر به‌ئاسانى ده‌توانێت کێشه‌که چاره‌سه‌ربکات، ئه‌ویش به‌پاڵاوتنى نه‌وتى خاو له‌پاڵاوگه‌کانى له‌شارى هه‌ولێر،ئه‌گه‌ر رۆژانه ژماره‌یه‌ک به‌رمیلى نه‌وتى خاو له‌پاڵاوگه‌ی (کار) بکات به‌نه‌وتى سپى و دواتر بەسه‌ر هاووڵاتیان دابه‌شی بکات به (50) هەزار دینار بۆ حکومه‌ت قازانجه«. خورشید ره‌مه‌زان، دانیشتووى سه‌نته‌رى شارى دهۆک، خاوه‌نى شه‌ش منداڵه‌و هیچ موچه‌یه‌کى نیه وه‌ک خۆى ده‌ڵێت رۆژانه ئیشى کرێکارى ده‌کات، به‌هاوڵاتى وت «زستان وا به‌ره‌و کۆتایى ده‌ڕوات هێشتا هیچ دیارنیه که‌ى به‌رمیلێک نه‌وت وه‌رده‌گرین، ئێمه له‌سه‌ر ده‌ریاى نه‌وتین، ئاواتمانه حکومه‌ت ساڵانه لەسه‌ره‌تاى زستان یه‌ک به‌رمیل نه‌وتمان بداتێ به (43) هەزاردینار «. خورشید ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که هه‌ر هه‌فته‌یه‌ک دوو تا سێ جلیکانى (15) لیترى ده‌کڕێت، وتیشى:» ئه‌و پاره‌یەى ده‌ستمده‌که‌وێت نیوه‌ى بۆ نه‌وت کڕینه، هه‌ندێک هه‌فته ئیش نیه بیکه‌م، ئه‌وکات ناچار ده‌بین هه‌موو رۆژێک سۆپا دانه‌گیرسێنین، ئه‌گه‌ر کاره‌باى نیشتیمانى هه‌بێت سۆپاى کاره‌با هه‌ڵده‌که‌ین، ئێستا پێویستمان به‌نه‌وته ئه‌گه‌ر له‌مانگى نیسان یان حوزەیران دابه‌شیان کرد هیچ سوودێکى لێوه‌رناگرین «. خورشید ره‌مه‌زان پێشیوابوو سروشتى دهۆک زۆر سارده به‌تایبه‌ت شه‌وان ده‌بێت سۆپا به به‌رده‌وامى هه‌بێت تا گه‌رم ببنه‌وه، نه‌وتیش رۆژ به‌ڕۆژ گران ده‌بێت، ئێستا به‌رمیلێک نه‌وت گران بووه بۆ (115) هەزار دینار، «خه‌ڵک هه‌ژاره نا‌توانیت بیکڕێت» ، بۆیه داواى له‌ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌کات به‌زووترین کات نه‌وت بەسه‌ر دانیشتووانى سه‌نته‌رى دهۆکدا دابه‌ش بکه‌ن. قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى دهۆک به‌وه‌کاله‌ت ده‌ڵێت:» هێشتا هیچ بڕیارێک بۆ دابه‌شکردنى نه‌وت بەسه‌ر دانیشتوانى سه‌نته‌رى شارى دهۆک ده‌رنه‌چووە، چاوه‌ڕێی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین». موشیر موحه‌مه‌د به‌شیر، قایمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى دهۆک به‌وه‌کاله‌ت به‌هاوڵاتى وت «له‌سه‌ره‌تای وه‌رزى زستانەوە ده‌ستمانکردووه به‌دابه‌شکردنى نه‌وتى سپى به‌سه‌ر هه‌ردوو ناحیه‌ى سه‌ر به‌قه‌زاى دهۆک، ئه‌وانیش (ناحیه‌ى زاویته، ناحیه‌ى مانگێشکێ)یە، هه‌موو ئه‌و گوندانه‌ى له‌سنورى ئه‌و دوو ناحیەیە له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى ناو دوو ناحیه‌که به‌شه نه‌وتى خۆیان وه‌رگرتووه، که بۆ هه‌ر خێزانێک (200) لیتر بووه «. هه‌روه‌ها موشیر وتیشى «هێشتا هیچ بڕیارێک بۆ دابه‌شکردنى نه‌وت بەسه‌ر دانیشتوانى سه‌نته‌رى شارى دهۆک ده‌رنه‌چووە، چاوه‌ڕێی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین بڕیارێک له‌مباره‌یه‌وه ده‌ربکه‌ن، حکومه‌تى عیراقیش هه‌موو ساڵ به‌شى ته‌واوى پارێزگاى دهۆک نانێرێت، ئه‌مساڵیش تائێستا بڕێکى که‌می ناردووه «. سه‌رۆکى لیژنه‌ى سووته‌مه‌نى و پیشه‌سازى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دهۆک ئاماژه به‌وه ده‌دات که تا هه‌موو خێزانێکى پارێزگاى دهۆک یه‌ک به‌رمیل نه‌وت وه‌ربگرن پێویستییان به (55) ملێون لیتر نه‌وتى سپى ده‌بێت. عه‌بدولسه‌مه‌د تێلى عومه‌ر، سه‌رۆکى لیژنه‌ى سووته‌مه‌نى و پیشه‌سازى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دهۆک به‌هاوڵاتى وت «ساڵانه حکومه‌تى عیراق بڕى (50) ملیۆن لیتر نه‌وت ده‌داته هه‌رچوار پارێزگاکەى هه‌رێمى کوردستان، به‌شى پارێزگاى دهۆک له‌و بڕه هەشت ملیۆن لیتره، ئه‌م بڕه‌یه‌ش زۆر که‌مه‌و ته‌نها به‌شى چه‌ند ناحیه‌یەک و فه‌رمانگه‌کانى حکومه‌ت ده‌کات، تا هه‌موو پارێزگاى دهۆک یه‌ک به‌رمیل نه‌وت وه‌ربگرن پێویستیمان به (55) ملیون لیتره«. سه‌رۆکى لیژنه‌ى سووته‌مه‌نى و پێشه‌سازى وتیشى «حکومه‌تى عیراق ئه‌و بڕه‌ى ده‌ینێریت زیاد ناکات، به‌ڵام ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێمیش بڕێک نه‌وت بۆ هه‌ر پارێزگایه‌ک دابین بکات تاوه‌کو هه‌موو خه‌ڵک سودمه‌ند بێت، پارساڵ حکومه‌تى هه‌رێم (10) ملیۆن لیتری بۆ دهۆک دابینکرد تاڕاده‌یه‌ک باش بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌غدا بووه (18) ملیون لیتر، به‌پێى زانیارییه‌کانم حکومه‌تى هه‌رێم هیچ نیازێکى نیه بۆ ئه‌مساڵیش بڕێک نه‌وت بۆ دهۆک دابین بکات». «حکومه‌تى هه‌رێم زۆر به‌ئاسانى ده‌توانێت کێشه‌که چاره‌سه‌ربکات، ئه‌ویش به‌پاڵاوتنى نه‌وتى خاو له‌پاڵاوگه‌کانى له‌شارى هه‌ولێر،ئه‌گه‌ر رۆژانه ژماره‌یه‌ک به‌رمیلى نه‌وتى خاو له‌پاڵاوگه‌ی ( کار) بکات به‌نه‌وتى سپى و دواتر بەسه‌ر هاووڵاتیان دابه‌شی بکات به (50) هەزار دینار بۆ حکومه‌ت قازانجه، ئێستا به‌رمیلێک نه‌وت له‌بازاڕه‌کانى جیهان سەرووی (٥٥) دۆلاره، نه‌وتى هه‌رێمیش به‌که‌متر ده‌فرۆشرێت و جگه له‌کریێ کۆمپانیاکان « عه‌بدولسه‌مه‌د تێلى واده‌ڵێت. سه‌رۆکى لیژنه‌ى سووته‌مه‌نى و پێشه‌سازى باسى له‌وه‌شکرد که پێدەچێت ئێستا هه‌ر به‌رمیلێک (30) دولار بۆ حکومه‌تى هه‌رێم بمێنێته‌وه‌و تا ئه‌و پاره‌ى ده‌گاته ده‌ستى ماوه‌یه‌ک دواده‌که‌وێت، به‌ڵام ئه‌و پاره‌یەى که له رێگاى دابه‌شکردنى نه‌وت به‌سه‌ر هاووڵاتیان به‌بێ دواکه‌وتن پاره‌که وه‌رده‌گرێت و ده‌بێته داهاتێکى باش بۆ حکومه‌تى هه‌رێم، بۆیه پرسى «بۆچى ئه‌مه ناکات ئه‌وه پرسیارێکه بێ وه‌ڵامه وه‌ک ده‌یان پرسیارى تر لەسه‌ر داهاته‌کان که تائێستا بێ وه‌ڵامن». عه‌بدولسه‌مه‌د تێلى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتیان نیه به‌حکومه‌ت بڵێین نه‌وت دابه‌ش بکه‌ن، دابه‌شکردنى نه‌وت ته‌نها له‌ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌وت و گازه، ده‌بێت ئه‌وان بڕیار بده‌ن و چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م بابه‌ته بدۆزنه‌وه.
