هاوڵاتى بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەڵێنیدا هەموو رێوشوێنێک بگرێتەبەر لە پێناو دۆزینەوەی سەرچاوەی یەکەمی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ. تێدرۆس ئەدهانۆم گابریسوس بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، "دەمانەوێت سەرچاوەی کۆرۆنای نوێ بزانین، هەرچی لەتواناماندا هەبێت دەیکەین." راشیگەیاند، رێکخراوەکە بەپەلە تیمێک رەوانەی چین دەکات و هەموو ئەو رەخنە و تۆمەتانەش رەتدەکاتەوە ئاراستەی رێکخراوەکە دەکرێت لەبارەی ئاسانکاری کردن بۆ چین. تائێستا بووەتە هۆی توشبوونی زیاتر لە 62 ملیۆن کەس لە جیهاندا و لەو ژمارەیەش زیاتر لە یەک ملیۆن و540 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
ھاوڵاتی نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە هەولێر پێشوازى لە بافڵ تاڵەبانى، هاوسەرۆکى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کرد و جەختیان لە پێویستیى یەکڕیزى و تەبایى و هاوئاهەنگیی نێوان لایەنەکان کردەوە. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان، لێکەوتەکانى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڤید_19 بەتایبەتى لە بوارى ئابووریدا، قەیرانى دارایی کە دۆخێکى سەختى هێناوەتە ئاراوە و کاریگەرییەکى نەرێنى کردووەتە سەر ژیان و گوزەرانى هاووڵاتیان، کێشەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى عێراق و گفتوگۆ و هەوڵى چارەسەرکردنیان و چەند پرسێکى دیکەیان تاوتوێ کردووە. هاوکات هەردوولا جەختیان لە گرنگى و پێویستیى یەکڕیزى و تەبایى و هاوئاهەنگیی نێوان لایەن و پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان "بۆ تێپەڕاندنى ئەم دۆخە و سەختییەکان و بەرەنگاربوونەوەى تەحەدییەکانى قۆناخەکە و داهاتوو کردەوە".
هاوڵاتى دابەزینی ئاستی ئامێری پڕوپاگەندەی داعش کە رۆژێک لەڕۆژان زۆر پێشکەوتوو بوو، لەدەستدانی خاک و ئایدیۆلۆژیاکەی گروپەکە دەردەخات کە لەم چەندساڵەی دواییدا دووچاری هاتووە، ھەروەھا ھەزاران ئەکاونتی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییە ناسراوەکان داخراوەو پەنا بۆ تۆڕە کەمناسراوەکان دەبات. کەناڵە پڕوپاگەندەکانی رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) لە تەلەگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەم چەند مانگەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو خراپبوون، کە بڵاوکراوەکانیان تەنیا نووسین و جارجارەش وێنەو ڤیدیۆی بێ‌کوالێتی لەخۆدەگرن. ئەم دۆخەی رەنگدانەوەی ئەو لەدەستدانانەیە کە گروپەکە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەئەفغانستان و بەشەکانی دیکەی جیهان دووچاری هاتووە. شکستی ناوچەیی داعش لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەئازاری 2019 گورزێکی کوشندەی لەناوەندی سەرەکیی پڕوپاگەندەی گروپەکە وەشاند، لەکاتێکدا ئەندامان و پڕوپاگەندەچییەکانی یان کوژران یان دەستگیرکران دوای داڕمانی بەناو «خەلافەتەکە». لەوکاتەوە، چەندین ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و هەواڵگری توانا تەکنیکییەکانی گروپەکەیان سنووردار کردووە و زۆربەی سەکۆ میدیاییەکانی، تەکنەلۆژیا، ڤیدیۆگرافەرەکان، تەکنیکارانی دەنگ و پڕوپاگەندەچییەکان و کارمەندەکانی دیکەشی لێدابڕیون. ماوەی دوای ژمارەیەک هێرشی گەورەی ئەمدواییە بەرەو خراپترچوونی ئۆپەراسیۆنە میدیاییەکانی گروپە تیرۆریستییەکەیان دەرخستووە. لەچەند ساڵی رابردوودا، میدیای داعش چەندین وێنەو ڤیدیۆی کوالێتی بەرزی تاوانەکانی، لەپێش ئەنجامدان و لەکاتی ئەنجامدان و دوای ئەنجامدانیانی بڵاودەکردەوە. بەڵام ئێستا، لەگەڵ کاڵوکرچ بوونی توانای میدیاکەی، وێنەی بێ کوالێتی بڵاودەکاتەوە، ئەوەش دەریدەخات گروپە تیرۆریستییەکە هیچ توانایەک و کەرەستەیەک یان کارمەندێکی نییە بۆ دۆکیومەنتکردنی هێرشەکان بەدرێژایی پرۆسەی ئەنجامدانیان. خراپبوونی ئاستی ئەو میدیایە لەسوریاو عێراق زۆر روونە، ئەو شوێنانەی گروپەکە رۆژێک لەڕۆژان زۆرترین ناوچەی لەژێردەستدا بوو. لەکاتێکدا چیتر ناتوانێت سەرکەوتنی سەربازیی پیشانبدات یان زوڕنا بۆ خەلافەتەکەی لێبدات، گروپەکە ئێستا بەزۆری پەیامی نووسراوی سادە بڵاودەکاتەوە کە زۆربەی کات لەئەستۆگرتنی ئەنجامدانی هێرشەکانی ناتوانرێت پشتڕاست بکرێنەوە. داعش لەهه‌موو جیهاندا لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راودەنرێت لەوکاتەوەی داعش لەهەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان قەدەغەکراوە، گروپەکە توانای لەدەستداوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. شیکاروانانی هەواڵگری و رۆژنامەوانی دەڵێن رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) رووبەڕووی چەند بەربەستێکی بەرچاو بووەتەوە له‌هەوڵدانیدا بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی لەسەر ئینتەرنێت. هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەرەکییەکان -- لەنێویاندا فەیسبووک، تویتەر، واتسئەپ، تەلەگرام -- که‌ناڵ و پەیجەکانی گروپەکەیان داخستووەو ناچاریانکردووە چەند تۆڕێکی نادیار بەکاربهێنێت بۆ برەودان بە چالاکی و ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکەی. ئەمە زیاتر ده‌رکه‌وت کاتێک ئەکاونتێکی پەیوەندیدار بەئاژانسی هەواڵی ناشری داعشه‌وه هێرشەکەی 29ی تشرینی دووەمی سه‌ر پردێکی لەندەن (له‌نده‌ن بریدج)ی لەئەستۆگرت لەڕێی بەرنامەیەکی پەیام گۆڕینەوەی روسییەوە بەناوی تامتام. دەستبەجێ دوای چەند رۆژێک لەهێرشەکە، بەهەزاران ئەکاونت و که‌ناڵی تەرخانکراو بۆ بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی داعش لەسەر تامتام دەرکەوتن. بەڵام بەگوێرەی چاودێرانی نێودەوڵەتی لە 3ی کانوونی یەکەم، تامتام سەدان ئەکاونتی پەیوەندیدار بەداعشی سڕییەوەو بەشێوەیەکی کاریگەر گرووپەکەی لەمینبەرەکە دەرکرد. لەکارخستنی تۆڕی ئینتەرنێتی داعش رەعد کەعبی مامۆستای تووێژینه‌وه رۆژنامەوانیەکان لەزانکۆی بەغدا، باس لەوەدەکات کەهەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی مینبەرە کەمناسراو یان ناجەماوەرییەکان «سەلمێنەری ئەوەیە کە چیتر ئازاد نیە بۆ بڵاوکردنەوەی هەرشتێک کەبیەوێت بەشێوەیەکی بەرفراوان لەسەر تۆڕە جەماوەرییەکان». کەعبی وتی «وادیارە هەوڵدەدات بەدوای دەرچەی دیجیتاڵی جێگرەوەدا بگەڕێت، چونکە گرنگترین شت بۆ گروپەکە ناردنی پەیامەکانێتی بۆ جیهانی دیجیتاڵی لەهەر رێگەیەکەوە بێت. زۆرێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرۆگرامی وایان داڕشتتووە کە خۆکارانە رێدەگرن لەو بابەت و ڤیدیۆیانەی بره‌و به‌داعش ده‌ده‌ن. لە 2017، تەلەگرام رایگەیاند زیاد لە 8 هەزارو (500) که‌ناڵی قەدەغەکردووە کەپروپاگەندەی تووندڕەوییان بڵاودەکردەوە، داعش گواستییه‌وه بۆ تەلەگرام دوای ئەوەی لەتویتەرو فەیسبووک دەرکرایە دەرەوە. هه‌روه‌ها هەوڵەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی ئینستاگرام، کە لەلایەن فەیسبووکەوە خاوەندارێتی دەکرێت و لەگەڵ سناپچات و ھەروەھا تیک تۆک، کە لەلایەن کۆمپانیای چینی بایتدانسەوە خاوەندارێتی دەکرێن، لەلایەن بەکارهێنەران و کارمەندانی کۆمپانیاکان و فیلته‌ره‌کانی زیرەکی دەستکردەوە چاودێری دەکرێن. لەتشرینی دووەم، کارمەندێکی تیک تۆک بەئاژانسی فرانس پرێسی وت مینبەرەکە نزیکەی (10) ئەکاونتی داعشی سڕیوەتەوە له‌سه‌ر بڵاوکردنەوەی چەند ڤیدیۆیەک کە جەستەی مرۆڤیان نیشاندەدا بەنێو شەقامەکاندا رادەکێشران لەگەڵ چەکدارانی داعش بەچەکەوە. تیک تۆک، کە رێ بەبەکارهێنەرانی دەدات ڤیدیۆی کورت دروستبکەن و بڵاوبکەنەوە، بەتایبەتی لەنێو لاوان‌دا باوە. پێشئەوەی داعش هێرشەکەی پردی لەندەن لە ئەستۆ بگرێت لەسەر تامتام، یۆرۆپۆل، دەزگای جێبەجێکردنی یاسای یەکێتی ئەوروپا، رایگەیاند بەشێوەیەکی کاریگەر تۆڕی سەر ئینتەرنێتی داعشی لەکارخستووەو نزیکەی (26) هەزار ماڵپەڕو ئەکاونتی ئینتەرنێتی داخستووە. هەڵمەتەکە ئەکاونتەکانی سەر تەلەگرامی داعشی له‌خۆگرت، وەک ئاژانسی هەواڵی «ناشر»، کە بابەته‌کانی «ئەعماق»ی بڵاودەکردەوە، که باڵی پروپاگەندەی داعشه. سوپای ئەمریکاش ماوەیەکە کاردەکات بۆ لەکارخستنی هەوڵەکانی داعش بۆ پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێت بەئۆپەراسیۆنێکی هاککردن کەدەگەڕێتەوە بۆ 2016. پێشتر بەڵگەنامە تەواو نهێنیەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە 21ی کانونی دووەم بڵاوکرانەوەو رایانگەیاند که‌فەرماندەیی ئینتەرنێتی ئەمریکا «بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەسەر داعشدا زاڵبووە لەبواری زانیاری» و هەوڵەکانی سەر ئینتەرنێتی سنووردارکردووە بۆ تووندڕەوکردن و راکێشانی خەڵک. کەعبی وتی «لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بابەتی تووندڕەوانە لەسەر ئینتەرنێت سەرکەوتوو بووە»و وتیشی سەرکەوتنەکە «رێ لەتیرۆریستان دەگرێت دەرفەتی ئەوەیان هەبێت کاریگەری بخەنەسەر جەماوەرو مێشکیان ژەهراوی بکەن یان بیانتۆقێنن». رێگرتن لەپروپاگەندەی داعش فازل ئەبوڕەغیف پسپۆڕی عێراقی له‌بواری هەواڵگریدا، وتی «وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ‌و دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق توانیویانە رێگربن لەچالاکییە ئینتەرنێتیەکانی داعش و لەڕێی هەوڵێکی هاوبەشی چەند مانگییەوە قەدەغەیان بکەن». باسی لەوەکرد «ئەم هەوڵە بووە هۆی دەستگیرکردنی چەند تۆڕ‌و کەسێک کە تێوەگلابوون لەدروستکردن و بەڕێوەبردنی چەندین پەیج و ئەکاونت کەپشتیوانیی چالاکی و ئایدۆلۆژیای داعشیان دەکرد لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان». نزیکەی دوو ھەزار کەس لەتەواوی عێراقدا دەستگیرکراون و (22) مینبەری ئینتەرنێتی چالاکی گروپەکە داخراون. ئەبوڕەغیف وتی «بەدەستگیرکردنی پشتیوانانی داعش لەتەواوی جیهانداو داخستنی پروپاگەندەی سەر ئینتەرنێتیان «سەختە بۆ داعش لەمڕۆدا ئەو مینبەرانە بەکاربهێنێت بۆ خزمەتکردن بەکارنامەکەی». وتیشی «هەوڵی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی هەن که رێده‌گرن لەمە.» بەڵام هۆشدارییدا لەوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای تووندڕەو «هێشتا هەڕەشەیە، سەرەڕای هەنگاوەکان بۆ رێگرتن لەوەی ئەمە بکەن». ھەروەھا وتی «بۆ ئەوەی ئەمە کەمبکرێتەوە دەبێت چاودێریی ئەلیکترۆنی چڕبکرێتەوە». دوای لەدەستدانی سەکردەو پارەکانی، میدیاش لەدەستدەدات داعش گەیشتووەتە کۆتایی خۆی دوای ئەوەی زۆرینەی سەرکردایەتی باڵای لەدەستدا، لەگەڵ سەرچاوەکانی پشتیوانی دارایی و تواناکانی شه‌ڕکردنی. ئیبراهیم سەراجی بەڕێوەبەری رێکخراوی بەرگری لەمافەکانی رۆژنامه‌وانان، وتی «هەوڵە بەردەوامەکانی گروپەکە بۆ دۆزینەوەی پێگەیەکی سەلامەت و بێ چاودێریی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تووشی شکست بوون و ناتوانن سەرکەوتوو بن بەهۆی ستراتیژە جیهانییەکانه‌وه بۆ بەرگرتن بەو بابەتانەی لەسەر ئینتەرنێت پشتیوانی له‌تیرۆر دەکەن.» سەراجی وتی «سەرنجەکە بەردەوام لەسەر جوڵەو چالاکییەکانی داعشەو راستییەکەی ئەوەی پەنادەبەن بۆ مینبەری دیکه، مانای ئه‌وه نییه دەتوانن لەوە رزگاربن کەئاشکرا بکرێن و بەدوویان بکەون». جەختیکردەوە لەپێویستیی جێبەجێکردنی «یاسای نێودەوڵەتیی تووند» کە رێگربن لەوەی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنرێن بۆ بڵاوکردنەوەو برەودان به‌تووندڕەوی.
هاوڵاتى وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند به‌م زوانه حکومه‌تى هه‌رێم کۆبونه‌وه ئه‌ندام ده‌دات و بڕیارى پێویست له‌باره‌ى موچه‌وه ده‌درێت. جووتیار عادل، وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:" به‌م زوانه حکومه‌تى هه‌رێم کۆبونه‌وه‌ى خۆى ئه‌ندام ده‌دات و تاوتوێى پرسى موچه ده‌کرێت و بڕیارى پێویستى له‌باره‌وه ده‌درێت". ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد هه‌رکات پێویست بکات و به‌گونجاو بزانرێت، وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم سه‌دانى به‌غدا ده‌کاته‌وه بۆ گفتوگۆ‌و دانوساندنه‌کان.
هاوڵاتى پڕۆسه‌ى خوێندن له‌هه‌رێمى کوردستان بۆ سه‌ره‌تاى مانگى یه‌کى ساڵى داهاتوو دواخرا. لیژنه‌ى باڵاى رووبه‌روبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا بڕیاریاندا پڕۆسه‌ى خوێندن و کردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌کان بۆ 7/1/2021 دوابخه‌ن. جووتیار عادل، وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:" هێشتا دۆخى کۆرۆنا له‌ژێر کۆنتڕۆڵ‌دا نییه‌و خوێندن به‌شێوه‌ى ئاوێته تا 7/1/2021 به‌رده‌وام ده‌بێت، دواى ئه‌و به‌رواره جارێکى تر گفتوگۆ‌و دانیشتن ده‌که‌ینه‌وه".
ھاوڵاتی مەسرو بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، هەرێم هەموو ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر بنەمای دەستوور جێبەجێکردووە، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵیش ئەرکەکانی خۆی بەرامبەر هەرێم جێبەجێبکات. مەسرو بارزانى لەگەڵ جەیمس کلیڤەرلی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا و جەیمس هیپی وەزیری هێزە چەکدارەکان و ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە. راشیگەیاند، هەرێم هەموو ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لە سەر بنەمای دەستوور جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە حکومەتی عێراقیش ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکات. ئاماژەى بەوەشکردووە، شاندی بەریتانی ئامادەیی وڵاتەکەشیان بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی بەریتانیا لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی بە تایبەتی لە بواری بازرگانی و پەرەپێدانی وەبەرهێنانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستاندا. ئەوەش دوای ئەوەدێت، نزیکەى ٥٠ رۆژە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان موچەى مانگى ١٠ى ئەمساڵیان وەرنەگرتووە و تاوەکو ئێستاش کاتى دابەشکردنى موچە دیارنییە و داوا دەکرێت هەرچى زووە شاندێکى هەرێم بچێتە بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەى بودجە و نەوتەوە.
هاوڵاتى رێکخراوى موجاهیدنى خه‌ڵک تۆمه‌ته‌که‌ى رۆژى دوشه‌ممه‌ى رابردوى کۆمارى ئیسلامى ئێرانى ره‌تکرده‌وه که ده‌ستى له‌تیرۆرکردنى موحسین فه‌خریزاده‌دا هه‌بووبێت. له‌راگه‌یه‌نراوێکدا، رێکخراوى موجاهیدینى خه‌لق ئاماژه‌ى به‌وه‌کردوه، تۆمه‌تبارکردنمان به‌کوشتنى زانایانى ئێران و کاردانه‌وه‌ى ته‌واوى پێکهاته‌ى پرۆگرامه ئه‌تۆمییه‌که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێرانه‌وه شتێکى نوێ نیه و باسیان له‌وه‌شکرد که" ده‌ستمان له‌کوشتنى زانا ئه‌تۆمییه‌که‌دا نییه". دوێنێ عه‌لى شه‌مخانى سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئاسایشى نیشتیمانى ئێران رێکخراوى موجاهیدینى خه‌لقى به‌ئه‌نجامده‌رى کرده‌ى تیرۆرکردنى زاناى ئه‌تۆمى وڵاته‌که‌ى تۆمه‌تبارکرد، به‌هاوکارى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئیسرائیلی. له‌ساڵى 2004 رێکخراوى موجاهیدینى خه‌لق ئاشکراى کرد که موحسین فه‌خریزاده به‌رپرسى یه‌که‌مى دروستکردنى بۆمبه له‌ئێران ئێواره‌ى هه‌ینى رابردوو ئاژانسه‌کانى ئێران بڵاویانکرده‌وه، موحسین فه‌خریزاده، زانا و به‌رپرسى یه‌که‌مى به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمى ئێران له کرده‌وه‌یه‌کى تێرۆریستی‌دا له ده‌ماوه‌ندى سه‌ر به تارانى پایته‌ختى ئێران تێرۆرکراوه.
هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئامارێکى نوێى بڵاوکرده‌وه و ئاشکراى له ماوه‌ى 24 کاتژمێرى رابردوودا 389 که‌سى دیکه تووشى کۆرۆنا بوون و 23 که‌سى دیکه گیانیان له‌ده‌ستداوه و 325 که‌سیش به‌ته‌واوى چاکبونه‌ته‌وه. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 1ى کانونى یه‌که‌مى 2020، بڵاویکردووه‌ته‌وه له ماوه‌ى 24 کاتژمێردا 23 تووشبووى دیکه له هه‌رێمى کوردستان به کۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه و 389 که‌سیش تووشى کۆرۆنا بوون، 91 حاڵه‌تیان له هه‌ولێر، 93 له سلێمانی، 170 له دهۆک، 14 له هه‌ڵه‌بجه، 20 له گه‌رمیان و یه‌ک حاڵه‌ت له راپه‌ڕین. هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌کراوه که 325 که‌س چاکبوونه‌ته‌وه که 117 یان له هه‌ولێر، 20 له سلێمانی، 140 له دهۆک، پێنج له هه‌ڵه‌بجه و 43 له راپه‌ڕین.
ھاوڵاتی فەرماندەیەکی سوپای پاسداران لەسەر سنوری نێوان عێراق و سوریا لەگەڵ سێ کەسی دیکە و لەکاتی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بە ئۆتۆمبێل بە فرۆکە کرانە ئامانج. ماڵپەڕی روسیا تودەی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمنی عێراقەوە رایگەیاندووە، فەرماندەکەی سوپای پاسداران ئۆتۆمبێلێک، کە چەک و تەقەمەنی بارکردووە، گەیاندووەتە سنوری سوریا، دواتر لە رێگەی فرۆکەیەکی جەنگی ئۆتۆمبێلەکە کراوەتە ئامانج و لەگەڵ سێ کەسی دیکە کوژراون. بە وتەی دوو سەرچاوەی ئەمنی دواتر، تەرمەکانیان لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران گەڕێندراونەتەوە بۆ ئێران. تا ئێستا ناسنامەی ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران ئاشکرا نەبووە، بەڵام ئەم رووداوە دوای کوژرانی زانای ئەتۆمی ئێران موحسین فەخریزادە دێت، کە لە دەرەوەی تاران لە شارۆچکەی ئەبسارد لە هێرشێکدا کوژرا، بەرپرسانی ئێرانیش ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن بە کوشتنی زاناکە و بەڵێنی تۆڵەیانداوە لەبەرامبەر لەدەستدانی فەخریزادە.
رۆژی 29ی تشرینی دووەم، (99) ساڵ تێپەڕی بەسەر لەدایکبوونی حەسەن زیرەکدا، ئەو ھونەرمەندەی کە (50) ساڵ زیاتر نەژیا و لەو تەمەنە کەمەدا زیتر لەھەزار گۆرانی تۆمار کرد‌و وە. هێشتا تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵانە نەوەی نوێیان لەگوێگرتن لەدەنگە ئەفسانەیی‌و زێڕینەکەی ئەو دوورنەخستووەتەوە، چەندین نەوەی کورد گوێ لەگۆرانیە جاویدانی‌و هونەرە بەرزەکەی دەگرن. ژیانی زیرەک حەسەن زیرەک (لەدایکبووی ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە بۆکان، ئێران– کۆچکردووی ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢ لەبۆکان) ھونەرمەند، مۆسیقازان و گۆرانیبێژێکی کورد بوو. یەکێک لەبەناوبانگترین ھونەرمەندانی کورد بوو، بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ھونەری ئاواز‌و گۆرانی کوردییە کە بەدەنگی ئەو وتراوەتەوە، حەسەن زیرەک بەھۆی گۆرانییەکانی لەناوکوردەکانی رۆژھەڵات و باشوور ناسراوە، لەساڵی ١٩٧٢ لەشاری بۆکان، پارێزگای ورمێ مرد و ھەر لەوێش نێژرا. حەسەن زیرەک لەمەڵبەندی موکریان لەدایکبووە، بەگوێرەی قسەی خەڵکی شاری بۆکان زیرەک لەگەڕەکی قەڵای سرداری ئەم شارە لەدایکبووەو زۆر کەسیش لەوانەی کە لەنزیکەوە دەیناسن، گوندی «ھەرمێلە» کە لەنێوان شاری سەقزو بۆکان ھەڵکەوتووە بەشوێنی لەدایکبوونی دەزانن. باوکی ناوی عەبدوڵڵایەو دایکی ئامینی ناو بووە، باوکی لەلای خانانی ئاغای گوندی ھەرمێلە کاری کردووە، لەبەر لێھاتووی بەزیرەک ناوی دەرکردووە، جگە لەحەسەن دوو کوڕی دیکەی بەناوەکانی حوسێن‌و مینە ھەبووە، لەتەمەنی خوار (10) ساڵیدا لەگەڵ چەند کەس لەدەنگخۆشانی بۆکان لەشایییەکانی ناو شار‌و گوندەکانی بۆکان گۆرانی وتووەتەوە، لەحەوت و ھەشت ساڵیدا بەردەستی مسگەری و قاوەچییەتی دەکات و ھەروەھا خزمەتی ماڵە دەوڵەمەندەکانی بۆکانی کردووە. زیرەک تەمەنی (١١) ساڵان دەبێ کە باوکی کۆچی دوایی دەکات، بەدوای مردنی باوکی‌دا بنەماڵەکەیان لەدێ بار دەکات و دەچنە شاری سەقز، پاشان دایکی زیرەک شوو دەکاتەوەو ئەمە دەبێتە ھۆی دژواری زیاتر لەژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ زیرەک و خوشک و براکانی، لە تەمەنی (١٢) ساڵیدا دەگەڕێتەوە ھەرمێلەو لەلای خانان ئاغای ئەو دێیە دەستدەکات بەقاوەچییەتی و چاوساخی و بەردەستی ئاغاوات. ساڵانی ھەرمێلەو سەقز ھەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەکەی سەرنجی خەڵکی ئەو دێیە بۆ لای خۆی رادەکێشێ و ھەموو ھەوڵی ئەوەیان دەبێ، کە زیرەک لەدەنگە خۆشەکەی بێبەشیان نەکات، کە خانان دەبینێ زیرەک دەنگی ئاوا خۆشە، ئەمجار زیاتر بایەخ بەئەو دەداو رێگا دەدا زیرەک بێتە دیوەخان و بەگۆرانییەکانی کۆڕی میوانانی خان بڕازێنێتەوە، لەولاشەوە زیرەک مێرمنداڵ و دەنگخۆش بۆ شەو داوەت و رەشبەڵەکی کوڕان و کچانی دێ، خۆ دەکوتێ و بەزمی شەوانەیان خۆش دەکات. دوای ساڵێک ھەرمێلەو لای ئاغاوات بەجێ دەھێڵێت و روودەکاتە شار، بە شاگرد لای کەبابچی و وردە کاری دیکە ژیان دەباتە سەرێ، پاشان دەگەڕێتەوە ھەرمێلەو وەک تفەنگچی لەماڵی ئاغاوات دادەمەزرێ و پاشان نێوانی لەگەڵ ئاغا تێکدەچێت و واز لەتفەنگچییەتی و ئازار‌و ئەزیەتی خەڵک لەپێناو ئاغادا دێنێت، دەچێتە سەقزو دەبێتە شۆفێری «مینە خانی ئەردەڵان» و لەنێوان سەقزو بانەدا دەست بەکار دەکات. ئاوارەیی و بەغدا رۆژێک لەڕۆژان کوڕە لاوێکی گوندی قوڕەدەرێ بەناوی مەحموود نارنج، دەکەوێتە بەر ئۆتۆمبێلەکەی و دەمرێ. لەترسان سەری خۆی ھەڵدەگرێ و ئاوارە دەبێت و لەڕێگەی پێنجوێنەوە روودەکاتە باشووری کوردستان و لەسلێمانی جێگیر دەبێت، دواتر لەڕێگەی کەرکوکەوە روودەکاتە شاری بەغداو لەوێ بەھۆی چەند کەسێک لەمیوانخانەی «شیمال ئەلکەبیر» دادەمەزرێ. لەوێش دەستدەکات بەگۆرانی وتن و لەماوەیەکی کەمدا بەم ھۆیانە ناوبانگ دەردەکات، چەند کەس لەناودارانی مۆسیقای کوردی وەک عەلی مەردان لەساڵی ١٩٥٣ی زایینی زیرەک لەوێ دەبینن و ئەو دەبەنە بەشی کوردی «رادیۆ بەغدا» بۆ یەکەم جار دەنگی لەڕادیۆی کوردی بەغداد دەبیسترێ و بەم جۆرە مەیدانێکی باش بۆ خۆنواندنی گۆرانیبێژیی زیرەک پەیدا دەبێ. حەسەن زیرەک لەماوەی مانەوەی لەبەغدا دەیان گۆرانی تۆمار دەکات، ئەم گۆرانییانە ناو‌و ئاوازەی زیرەک بەکوردستاندا بڵاودەکەنەوە، زیرەکی گۆرانیبێژ لەماوەی نزیک بە (١٠) ساڵ مانەوە لەعێراقدا دەبێتە دۆست و ئاشنای زۆر ھونەرمەندو گۆرانیبێژی بەناوبانگی کورد، لەئەزموون و رێنوێنییەکانیان کەڵک وەردەگرێ و سەرنجیان بۆ لای بەھرە ھونەرییە کەموێنەکەی خۆی رادەکێشێ. گەڕانەوە بۆ ئێران لەپایزی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بۆ رۆژھەڵاتی کوردستان و لەوێ چووە بۆ رادیۆی تاران، کرماشان، تەورێز، لەوێوە گۆرانی خوێندووە، ھەر لەو ساڵەدا لەڕادیۆی تاران لەگەڵ میدیا زەندی ئاشنا دەبێت و پێکەوە ژیانی ھاوبەش پێکدێنن کەئاکامی ئەو ژیانە دوو منداڵ بەناوەکانی «مەھتاب» و «ئارەزوو» دەبێ. دواتر حەسەن زیرەک ماڵەکەی دەباتە شاری بانەو لەوێ لە «کانی مەلا ئەحمەد» چایخانەیەک دادەمەزرێنێ، دیارە شانبەشانی ئەو کارەش لەگۆرانی وتن و کاری ھونەری ناوەستێ و لە بەزم و شادی خەڵکدا بەشداری دەکات و بەبۆنەی جۆراوجۆرەوە گۆرانی تۆمار دەکات. پاشان دەچێتە شاری مەھابادو لەدواکاتەکانی ژیانیشیدا دەچێتە شاری شنۆ، لەشاری شنۆ بەکارو کاسبی ژیان تێپەڕدەکات، لەساڵانی ١٩٦٠ – ١٩٦١ لەشاری سلێمانی لەتیپی «شانۆی ھونەرەجوانەکان» لەگەڵ «سێوەخان» و «ڕەشۆڵ عەبدوڵڵا» لەشانۆکانی «بووکی ژێر دەواری رەش» و «خەسوو یان ئەژدیھا» و «تەڕپیر» بەشداری کردووە. لەنێوان ساڵانی ١٩٦٧ – ١٩٦٨ لەشاری سەقز ھۆتێلی سێ ئەستێرەی ھەبووە کە بۆ خۆی لەوێ گۆرانی گوتووە. گۆرانییەکانی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، پشتبەستنی ئەو بەگۆرانی فۆلکلۆرییە، ئەو چاوی بەزۆر ناوچەو مەڵبەندی کوردستان کەوتووە، لێیان ماوەتەوە، لای خەڵکەکەی میوان بووەو ھەڵسان و دانیشتنی لەگەڵیان بووەو لەگەڵ شێوەی ژیانیان و جلوبەرگ و ھەڵسوکەوتیان ئاشنا بووە. ئەو گۆرانییانەی لەخەڵکەوە بیستوویەتی، فێری بووە. ھەرچەند زیرەک زۆر گۆرانیشی ھەیە کە ھەم ھەڵبەستەکەی و ھەم ئاھەنگەکەی ھی خۆیەتی، لە شیعری کوردیش کەڵکی وەرگرتووە، لەو شاعیرانە: نالی، وەفایی، سەید کامیل ئیمامی، کوردی، ھەردی، پیرەمێردو ھێمن. حەسەن زیرەک گۆرانی فارسی و ئازەریی ھەیە، لەو جۆرە گۆرانییانەدا زیرەک ھەڵبەستی کوردی تێکەڵاو کردوون. «گویلدر» یەکێکە لەو گۆرانییانە کە بە زمانی ئازەری گوتوویەتی. حەسەن زیرەک لەگەڵ زۆر گۆرانیبێژی کورد گۆرانی گوتووە، بۆ نموونە "محەممەد ماملێ"، "مەلا حسێنی عەبدوڵڵازادە"، "عوسمان بۆکانی" و "ئەحمەد شەماڵ". گۆرانی «ماڵی بابم بێ وەفا» یەکێک لەو گۆرانییانەیە کە حەسەن زیرەک، محەممەدی ماملێ و مەلا حسێنی عەبدولازادە پێکەوە بەیارمەتی تیپی مۆسیقای کرماشان تۆماریان کردووە، "بەرھەڵبێنە" و "ھەوارە، گوڵم ھەوارە" دوو گۆرانی دیکەن کە زیرەک و محەممەدی ماملێ پێکەوەیان گوتوون. ژیانی ھونەری و دەربەدەری لەماوەی ژیانی ھونەری، زیرەک دەربەدەری زۆری چەشت، ماوەیەک لەشارەکانی ئێران و ماوەیەک لەعێراق، لەڕۆژانی دەستپێکی ژیانی ل باشووری کوردستان لەشاری سلێمانی کاری دەکرد، رۆژێک بەدەم کارەوە لەژێر لێودا گۆرانی دەخوێنێت، ئەو گۆرانییەو دەنگی زیرەک ھەستی رێبوارێک دەبزوێنێ و ئەو رێبوارە دەبێتە ھۆی گۆڕانکاری لەژیانی زیرەکداو رێگەی بۆ دەکاتەوە بڕواتە رادیۆی بەغداد. بۆ ماوەیەک لەڕادیۆ بەغداد کاردەکات و کاتێ لەساڵی ١٩٥٦ بەشی کوردی رادیۆ تاران دەست بەکاردەکات حەسەن زیرەک بۆ تاران بار دەکات و لەوێ درێژە بەکار دەدات، زۆربەی بەرھەماکانی حەسەن زیرەک لەڕادیۆ تاران لەگەڵ گەورەکانی مۆسیقای ئێرانی وەک: حسەین یاحەقی، حەسەن کەسایی، جەلیل شەھناز، جەھانگیر مەلەک و ئەحمەد عیبادی بووە. حەسەن زیرەک ئەگەرچی لەبەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لەخوێندن بێبەش مابوو، بەڵام توانای بێوێنەی لەھۆنینی شیعری کوردی و دانانی مۆسیقای کوردی ھەبوو. ئەو توانایە لەگەڵ دەنگی بێوێنەی بووە ھۆی ئەوەی کە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک لەسەرانسەری کوردستان ببێتە خۆشەویستی جەماوەری خەڵک. ئێستاکەش لەشارو گوندەکانی کوردستان و لەماڵی کوردەکان گوێ لەگۆرانییەکانی دەگیرێت. حسەن زیرەک نە لەئێران و نە لەعێراق رووی خۆشیی نەدی. ھەڵسوکەوتی حکومەتی ئێران کێشەی زۆری بۆ درووستکرد، بۆ نموونە دوای ماوەیەک ئیتر رێگەیان نەدا لەڕادیۆ تاران بمێنێتەوە، بۆیە بڕیاریدا چیتر نەگەڕێتەوە تاران، کاتێک کۆچی کرد بۆ عێراق لەبەغداد دەستبەسەر کراو لەبەندیخانە ئەشکەنجە درا. خۆی دەگێڕێتەوە کە لە بن‌میچ ھەڵواسراوەو لێی دراوە، بۆیە دوای رزگاربوونی رەوانەی ئێران دەکرێتەوە، بەڵام بۆ چارەڕەشی لەئێرانیش دەزگای ساواک کە دەزگای ھەواڵگری سەردەمی شای ئیران بوو، دەیگرێ و ئەشکەنجەی زۆری دەکەن، زیرەک لەشوێنێک چۆنیەتی ئەشکەنجەکان دەگێڕێتەوەو ئەو گێڕانەوە وەک یادگاری ماوەتەوە لێی. کۆچی دوایی حەسەن زیرەک تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر دەبێت، چەند جار لەنەخۆشخانەکانی ورمێ و بۆکان خەواندیان، بەڵام نەخۆشییەکەی، دەستبەرداری نەبوو، لێرەشدا حەسەن زیرەک وازی لەگۆرانی گوتن نەھێنا. لەساڵی ١٩٧١ی زایینی دوای ماوەیەکی زۆر لەجێگادا کەوتن لە ١٩٧٢ی زایینی‌دا لەنەخۆشخانەی شاری بۆکان ماڵئاوایی لەزێدو نیشتمانەکەی دەکات و چرای تەمەنی لەسووتان دەکەوێت و پەپوولەی گیانی قەفەسەی سینگی پڕ لەماتەمی بەجێھێشت. مەرگی حەسەن زیرەک وەک بۆمبێک لەنێو کوردستاندا تەقییەوەو شەپۆلەکانی خەم و ماتەمی لەدەستچوونی لەسنوورەکانی کوردستان تێپەڕی، لە سەر وەسیەتی خۆی لەداوێنی کێوی «ناڵەشکێنە» ی بۆکان بە خاک سپێردرا. گۆڕەکەی بوو بەزیارەتگای لایەنگران و ئەویندارانی. ئەم شیعرانەش بوونەتە رازێنەرەوەی کێلەکەی (تێبینی: ئێستا مەزارەکەی نۆژەن کراوەتەوە و ئەم شیعرانەش نەماون و شێعری نوێی لێ نووسراوە: بڕوانە کتێبەکەی، زیارەتیکە کێلەکەی کوردی زیندوو کردەوە زیرەک بەھونەرەکەی زیرەک زۆرت کرد خزمەتی ھونەر ژینت لەپێناو ھونەر بردە سەر رۆژگارت ساتێ بەبێ خەم نەبوو بەڵام لەھونەر ھیچت کەم نەبوو
ھاوڵاتی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ لەبارەی پرۆسەی خوێندن و دەوامی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان دەردەکرێت. بڕیارە لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە سەرپەرشتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە شاری هەولێر کۆببێتەوەو هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستی و رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات. بەهۆی زۆریی تووشبوون بە کۆرۆنا، مانگی رابردوو بڕیاردرا بە داخستنی دەرگای قوتابخانەکان، بەمەش ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە زیاتر لە هەزار کەس لە رۆژێکدا، گەیشتە نزیکەی 350 کەس لە رۆژێکدا. ئەوەش لەکاتێکدایە کە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لە راپۆرتێک‌دا کە ئاراستەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای کردووە، داوای کردووە دەرگای قوتابخانەکان تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو بە داخراوی بمێننەوە.
ھاوڵاتی بەهادین نووری، نووسەرو سیاسەتمەدار و سکرتێری پێشووی حیزبی شیوعی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری سلێمانی لە تەمەنی 93 ساڵیدا بە کۆرۆنا کۆچی دواییکرد. چەند ڕۆژێكە بەهادین نوری بەدەست نەخۆشییەوە ئازارێكی سەخت دەچێژێت‌و دوێنێ ته‌ندروستى به‌ته‌واوى خراپ ببوو لەنەخۆشخانە. بەهادین نوری، لە 11ی شوباتی 1927 لە گوندی تەکیەی قەرەداغ لەسنورى پارێزگای سلێمانی لەدایکبوەو ماوەی چوارساڵ سکرتێری حزبی شیوعی عێراق بوەو بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ ئەو حزبە لەساڵی 1984 ریزەکانی جێهێشتوەو گەڕاوەتەوە كوردستان. لە نێوان ساڵانی 1949 بۆ 1953 بۆتە سکرتێری حیزبی شیوعیی عێراقی و لە ساڵی 1953ـدا دەستگیر کراوە لەسەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام لەژێر گوشاردا فەرمانەکە ھەلوەشێنراوەتەوە. لە ساڵی 1994دا بزووتنەوەی ئازادیخوازانی کوردستانی دامەزراندووە. بەھادین نورین لەگەڵ ئەوەی سایەتمەدار بوو، نوسەرو وەرگێڕیکی دیاریش بوو، یەکێک لەو کتێبانەی وەریگێراوە کتێبی یاداشتەکانی مستەر ریچی بەریتانیە کە دوو سەدە لەمەوبەر سەردانی کوردستان و سلێمانی کردووە و رووداوەکانی ئەو کاتەی سلێمانی و رۆژھەڵاتی کوردستانی تۆمارکردوو.
ھاوڵاتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەنراوێکی لەسەر وتەی لایەنگران و بەرپرسان و پەرلەمانتارانی حزبەکەی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “وتەی ئەو کەسانە بۆ میدیاکان گوزارشت لە ڕای فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان ناکات”. لە ڕاگەیەنراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕاندا کە ئێوارەی ئەمڕۆ 30 ی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە، “، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی زمانێكی شارستانی و سیاسی هاوچه‌رخه بۆ گوزارشتكردن و هه‌ڵوێست ده‌ربڕین له‌سه‌ر پرس و ئاریشە سیاسیی و ئابوری و داراییه‌كانی هه‌رێم و حکومەتی ئیتیحادی، كه زه‌مینه‌سازی بكات بۆ لێكتێگه‌یشتن و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ر ده‌ربڕینێكی دیكه كه وه‌ك سوكایه‌تی، یان زمانێكی نه‌شیاو دژی کەسایەتیە سیاسیه‌كان، یاخود حیزبه‌كان به‌كاربهێنرێت كلتوری سیاسی ئێمه نیە و دژی دەبین و نوێنه‌رایه‌تی گوتاری سیاسیمان ناكات”. ڕاگەیەنراوەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کاتێکدایە ئەمڕۆ بەشێک لە پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ناڕەزای توندیان دەربڕی لە دژی حکومەتی هەرێم لەسەر پرسی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران. دوای دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی ئەو گرژییەی لە کاتی دانیشتەنەکەی ئەمڕۆ دروستبوو بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بۆچونی خۆیان لەسەر دۆخی ئێستای هەرێم دەربڕیووە.
ھاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە راگەیاندراوێکیدا چەند گۆڕانکارییەکی لە رێنماییەکانی گەشتە ئاسمانیەکاندا بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، گەشتیارانی ناوەڕاست و باشوری عێراق پێویست ناکات پشکنینی کۆرۆنا لە هەرێم ئەنجام بدەن. لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، "ئەو گەشتیارانەی لە خواروی عێراقەوە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانیەوە پێویست بەوەرگرتنی نمونە و پشکینینی تاقیگەیی ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID-19) ناکات." ئاماژە بەوەشكراوە، "ئەوگەشتیارانەی هیچ نیشانەیەکیان نییە و بەرکەوتەی توشبووی کۆرۆنا نین، بە گوێرەی کۆتا راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی کەرەنتینەکردنیان لەسەر هەڵدەگیرێت، بەڵام پێویستە لەسەریان چاودێری خۆیان بکەن لە رۆژی گەڕانەوەیان بۆ ماوەی ١٤ رۆژ و لەکاتی بوونی هەر نیشانەیەک دەزگا تەندروستییەکان ئاگادار بکەنەوە." ئەوەش خراوەتەڕوو، بەگوێرەی رێنماییەکان و پرۆتۆکۆڵە تەندروستییە کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان هەرکەس ئەو هەنگاوە بنێت پێویست بە وەرگرتنی بەڵیننامە ناکات.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم عه‌دنان عوسمان، وته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان رایدەگەیەنێت ئەوان حزبێکن له‌پێناو چاکسازیی کۆمه‌ڵگادا کارده‌که‌ن، نەک له‌پێناوی ئه‌وه‌ى چه‌ند که‌سێک بکه‌ین به‌وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە لەحکومەت رێگە بەگۆڕان نادرێت ئه‌و هه‌نگاوانه بنێت کەپێویستن عه‌دنان عوسمان، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ هاوڵاتى باس لەوەدەکات کەئیداره‌دانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانى فراکسیۆنه‌کانیان "لاوازه‌و خراپه". سەبارەت بەھەنگاوەکانی چاکسازیی حکومەتی ھەرێمیش دەڵێت "حکومه‌تى هه‌رێم به‌دیلێکیان نیه، ته‌نیا به‌دیلیان ئه‌وه‌یه که‌قوتى خه‌ڵک ببڕن، چاره‌سه‌رى تریان نیه و ده‌سه‌ڵاتیشیان به‌سه‌ر مافیاکاندا پێ ناکرێت و ناتوانن داهاته‌کان هه‌مووى کۆبکه‌نه‌وه". ھەروەھا دەڵێت "هه‌ردوو حزبه‌که که له‌گه‌ڵیان داده‌نیشین ده‌ڵێن به‌ڵێ مافیاگه‌رێتى هه‌یه، دزى هه‌یه" لەبەشێکی قسەکانیدا رەخنە لەشاندی دانوستکاری ھەرێم دەگرێت کەدەچنە بەغداو لەو بارەیەشەوە دەڵێت "تائێستا وه‌فدى ئێمه کارى له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌کردووه، له‌چوارچێوه‌ى یاسایه‌کدا پشکى کورد له‌به‌غدا دیاری بکات، بۆیه ئه‌مه کێشه‌که‌یه، وه‌فده‌کانى ئێمه ته‌نیا بۆ پینه‌و په‌ڕۆ بووه‌و وه‌فدى لیژنه‌ى دارایى هات بۆ لاى ئێمه پێمان وت پێویسته ئه‌مه له‌چوارچێوه‌ى یاسایه‌کدا چاره‌سه‌ر بکرێت، که‌هه‌ردوولا پابه‌ندبن پێوه‌ى". ئێمه حزبێکین له‌پێناو چاکسازیی کۆمه‌ڵگادا کارده‌که‌ین، نەک له‌پێناوی ئه‌وه‌ى چه‌ند که‌سێک بکه‌ین به‌وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى هاوڵاتى: نزیکه‌ى ساڵ و نیوێکه کابینه‌ى نۆیه‌م پێکهاتووه‌و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى کردووه، ئایا ئه‌و چاکسازییه‌ى گۆڕان باسى ده‌کرد هاتووه‌ته دى له‌ناو ئه‌م کابینه‌یه‌دا؟ عه‌دنان عوسمان: بەشداریکردنمان به‌ڵێنى چاکسازییه‌کى گه‌وره بوو، به‌رنامه‌ى حکومه‌ته‌که‌ش له‌چوارچێوه‌ى چاکسازیدا بوو، بڕیار وابوو چاکسازى له‌سێکته‌رى ئابورى و په‌روه‌رده‌یى و هێزى ئه‌منى و هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا بێت که‌ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر ژیان و واقعى خه‌ڵکدا بێت، له‌دواى ئه‌و به‌شداریه‌ى ئێمه ئه‌و ئاسته‌نگانه له‌گه‌ڵ به‌غدا دروستبوو، به‌رده‌وام بوون و چووه قۆناغى خراپتره‌وەو نه‌وت نرخه‌که‌ى دابه‌زى و ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌و سیاسه‌ته ئابورییه خراپه‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌وه دۆخه‌که‌ى خراپتر کرد‌و هاتنى ڤایرۆسى کۆرۆنا دووباره ماشێنى ئابورى له‌هه‌رێمدا وه‌ستاندو ئه‌مانه واقعێک بوون، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیراده‌یه‌ى که‌ئێمه چاوه‌ڕێى بووین ئیراده‌ى فیعلى چاکسازیکردن و ده‌ستبردن بۆ ئه‌وانه‌و جورئه‌تکردن له‌هه‌نگاونان بۆ چاکسازیى ئه‌و ئیراده‌یه‌مان نه‌بینى، چونکه دوو حزبى ده‌سه‌ڵات هه‌ردووکیان ئێستا ده‌ڵێن مافیا هه‌یه، گه‌نده‌ڵى هه‌یه، خروقاتى زۆر زۆر گه‌وره هه‌یه، بۆ حاڵه‌تى وا که‌سێک که له‌ده‌سه‌ڵاتدا بێت ده‌بێت ئیراده‌ى هه‌بێت بۆ چاککردنى ئه‌و دۆخه، بۆ رێگه‌گرتن له‌وه، چونکه له‌سایه‌ى تۆدا (حکومه‌ت) ئه‌گه‌ر مافیا هه‌بێت که‌واته تۆ به‌شێکى له‌مافیاکه، باڵت به‌سه‌ر مافیاکه‌دایه بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕووى یاساییه‌وه تووشى کێشه‌نه‌بن و له‌ژێر سێبه‌رى تۆدا (حکومه‌ت) مافیاچێتى و مافیاگه‌رى ده‌که‌ن، بۆیه ئه‌مه خۆى تاوانێکه، بۆیه هیچ دڵخۆشکه‌ر نین به‌و هه‌نگاوانه‌ى که تائێستا نراون. هاوڵاتى: گۆڕان چاوه‌ڕێى چی ده‌کات که له‌ناو حکومه‌تدا ماوه‌ته‌وه؟ ئایا بۆچوونى جیاواز له‌ناو گۆڕاندا هه‌یه له‌سه‌ر مانه‌وه یان کشانه‌وه؟ عه‌دنان عوسمان: بۆچوونى جیاواز هه‌یه به‌ڵێ، پێشتر ده‌نگێکى لاواز هه‌بوو، ئه‌وه راى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان بوو که ئێمه به‌شدارى حکومه‌ت بکه‌ین، ئه‌و کاته گۆڕان به‌به‌ڵێنى چاکسازى به‌شدارى کرد له‌حکومه‌ته‌کەداو له‌هه‌موو بواره‌کاندا چاکسازیى بکرێت، له‌بواره‌کانى ئابورى و پێشمه‌رگه و ئاسایش و قوت و ژیانى خه‌ڵک، که‌هیچ چاکسازییه‌کى تێدا نه‌کراوه‌و هه‌نگاوێکى گه‌وره‌ى بۆ نه‌نراوه، به‌ڵێنى ئێمه بۆ مانگێک و شه‌ش مانگ و حه‌وت مانگ و ساڵێک نه‌بووه و به‌رنامه‌ى حکومه‌ت بۆ چوار ساڵه، واته هه‌نگاو به‌هه‌نگاو با ساڵى یه‌که‌م با له‌سه‌دا (25)ى جێبه‌جێبکرێت و هه‌ر ساڵه‌ى رێژه‌یه‌کى جێبه‌جێبکات گرنگ ئه‌وه‌یه شاڕێیه‌کى گرنگ هه‌بێت که‌ئێمه ئێستا ئه‌و شاڕێیه‌ى چاکسازى نابینین، بۆیه له‌ناو گۆڕاندا ده‌نگێکى توند‌و به‌هێز خه‌ریکه دروست ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى چیدیکه گۆڕان به‌شێک نه‌بێت له‌م سیستمه شێواوه که‌حوکمڕانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات. هاوڵاتى: زۆرجار ده‌بینین وه‌ک خانه‌ى راپه‌ڕاندن له‌گه‌ڵ تیمى گۆڕان له‌حکومه‌ت گفتوگۆ ده‌که‌ن، ئه‌وان قسه‌یان له‌سه‌ر چاکسازى کردن چییه؟ عه‌دنان عوسمان: به‌رپرسه‌کانى ئێمه له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانن و ئه‌رکێکى دیاریکراویان هه‌یه، که‌وه‌زیرى دارایى یان کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ریه‌ک سه‌رقاڵى ئه‌رکه‌کانى خۆیه‌تى، هه‌ر ئه‌وه‌نده فریاى ئه‌وه ده‌که‌وێت، هه‌ڵبه‌ت حزبه‌که وێنه گه‌وره‌که ده‌بینێت که‌نوێنه‌راتى هه‌موو ئۆرگانه‌کان ده‌کات، هاوڕێکانمان له‌حکومه‌تى هه‌رێم ماندوون و هه‌وڵده‌ده‌ن و کارده‌که‌ن و شوێن په‌نجه‌شیان دیاره، خه‌ڵکێکى زۆر له‌ئه‌دایان رازییه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده له‌توانایاندا هه‌یه‌و بێگومان ئه‌وانیش نیگه‌رانییان هه‌یه، ئێمه هه‌وڵمانداوه له‌ڕێگه‌ى حزبه‌وه کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌نیه که‌حکومه‌ت چیده‌ڵێت و تیمى حکومه‌ت چیده‌ڵێت، مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه واقع حاڵه‌که‌مان چیمان پێده‌ڵێت، بۆیه واقع حاڵه‌که‌مان پێمان ده‌ڵێت ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى پێویستن نه‌نراون بۆ چاکسازى کردن و باشترکردنى ژیانى خه‌ڵک. هاوڵاتى: زۆرجار باس له‌وه‌ده‌کرێت ئه‌و داهات و سه‌روه‌ت و سامانه‌ى که‌هه‌یه کۆنترۆڵ بکرێت ده‌کرێت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا به‌شى موچه و پێداویستى و ته‌نانه‌ت به‌شى بوارى وه‌به‌رهێنانیش بکات؟ ده‌وترێت وه‌زیرى دارایى سه‌ڵاحیاتى ته‌واوى نییه بۆ بنه‌بڕکردنى گه‌نده‌ڵییه‌کان؟ عه‌دنان عوسمان: وه‌زیرى دارایى به‌ته‌نیا نا، هه‌ردوو حزبه‌که که له‌گه‌ڵیان داده‌نیشین ده‌ڵێن به‌ڵێ مافیاگه‌رێتى هه‌یه، دزى هه‌یه، جا ئه‌وه‌ى که له‌مه‌رزه‌کان و سنوره‌کان ده‌کرێت ئاشکرایه‌و ئه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیه‌و له‌دائیره‌کان ده‌کرێت ئاشکرایه‌و شتێکى تایبه‌تى نیه له‌کۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌تى بووترێت و له‌کۆبوونه‌وه‌ى گشتى نه‌وترێت، دووڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى ده‌ڵێت مافیا هه‌یه‌و ئێمه رێگرییان لێده‌که‌ین، مه‌سه‌له‌که له‌وه‌زیره‌که‌ى ئێمه نییه، من خۆشم دڵنیام له‌وه‌ى که سیستمێکى ئیدارى و ئابورى باش له‌کوردستاندا و ئیراده‌یه‌کى سیاسى راسته‌قینه هه‌بێت و زماندارانى وڵاته‌که خۆیان به‌شێک نه‌بن له‌گه‌نده‌ڵکاران و له‌کۆمپانیاى گه‌نده‌ڵى، پێموایه ئه‌و داهاتانه‌ى ناوخۆ له‌گه‌ڵ فرۆشى نه‌وت لانى که‌م به‌شى له‌سه‌دا 90%ی موچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات. هاوڵاتى: پێتانوایه ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێم چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدا بکات به‌تایبه‌ت تائێستا هیچ رێکه‌وتنێک نه‌کراوه بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌ى بودجه‌و نه‌وت و دۆسییه‌کانى دیکه؟ عه‌دنان عوسمان: تا به‌شێک بین له‌عێراق و هه‌رێمێک بین له‌عێراق ده‌بێت له‌ده‌رگاى به‌غدا بده‌ینه‌وه، که ئه‌مه‌ش ده‌ستوره‌که کاتى خۆى مام جه‌لال و کاک مه‌سعود هێنایان و فه‌رزیان کرد به‌سه‌ر خه‌ڵکیداو خه‌ڵک ده‌نگى پێدا، عێراق هه‌ر یه‌ک عێراقه و چه‌ند هه‌رێمێکى تێدایه‌و تا به‌شێک بین له‌عێراق ده‌بێت له‌ده‌رگاى به‌غدا بده‌ین و ئه‌وه به‌ناچارییه و که خۆت جیاده‌که‌یته‌وه، به‌ڵام تائێستا گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ مانگێک بوون و نه‌ک ته‌نیا بۆ ساڵێکیش، بۆیه مه‌فروز وایه له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستوره‌که که قورسایت له‌به‌غدا هه‌یه، سه‌رۆک کۆمارت هه‌یه و پێویسته ئه‌مه بکرێته چوارچێوه‌ى یاسایه‌که‌وه، که سه‌رۆکوه‌زیرانیش بگۆڕێت، حکومه‌تى عێراقى پابه‌ندبێت پێیه‌وه‌و هه‌موو خه‌مى خه‌ڵکى کوردستان ئه‌وه نه‌بێت، که سه‌رکۆک وه‌زیرانێک له‌به‌غدا ده‌گۆڕێت و چ لیستێک یه‌که‌م ده‌بێت. تائێستا وه‌فدى ئێمه کارى له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌کردووه، له‌چوارچێوه‌ى یاسایه‌کدا پشکى کورد له‌به‌غدا دیاریبکات، بۆیه ئه‌مه کێشه‌که‌یه، وه‌فده‌کانى ئێمه ته‌نیا بۆ پینه‌و په‌ڕۆ بووه و وه‌فدى لیژنه‌ى دارایى هات بۆلاى، ئێمه پێمان وت پێویسته ئه‌مه له‌چوارچێوه‌ى یاسایه‌کدا چاره‌سه‌ر بکرێت، که هه‌ردوولا پابه‌ندبن پێوه‌ى. هاوڵاتى: واته هه‌رێمى کوردستان له‌هه‌موو بارێک‌دا قارانج ده‌کات که به‌شێک له‌نه‌وته‌که‌ى و داهاته فیدراڵییه‌کان راده‌ستى به‌غدا بکات، تا ئه‌و کێشانه نه‌مێنێت؟ عه‌دنان عوسمان: راى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌مه‌یه حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان چى پێویست ده‌کات بیکات بۆ ئه‌وه‌ى موچه‌ى خه‌ڵک بدرێت و ژیانى خه‌ڵک دابین بکرێت، له‌گه‌ڵ کێ پێویسته بیکات و چى پێویسته بیکات، ئه‌وه‌ى که‌ئێستا لاى گۆڕان گرنگه ژیان و که‌رامه‌تى خه‌ڵکى کوردستانه که‌خه‌ریکه پێشێلده‌کرێت، جا له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌رچۆنێک رێده‌که‌ون هه‌موو نه‌وته‌که‌ى راده‌ست ده‌که‌ن یان نیوه‌ى راده‌ست ده‌که‌ن، ده‌روازه‌کان چیده‌کرێت، به راى ئێمه سه‌روه‌رى نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌یى له‌که‌رامه‌تى خه‌ڵکه‌وه دێت، که‌خه‌ڵک هه‌ژاربێت و باوک به‌زه‌لیلى بچێته ناو منداڵه‌کانى و خێزانه‌که‌یه‌وه، ئه‌مه پێشێلکردنى سه‌روه‌رى و نه‌ته‌وه‌یى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانه، نه‌ک ئه‌وه‌ى موچه‌که‌ت له‌کوێوه دێت یان نه‌وته‌که‌ت راده‌ستى کێ ده‌که‌یت. ئێمه تا 2014 هه‌موو داهاتى هه‌رێم له‌به‌غداوه ده‌هات، ئه‌وکات خۆشمان به‌کوردو کوردستانى ده‌زانى، ئه‌وکات بۆ که‌س نه‌یده‌وت ئه‌وه جاشایه‌تیه و عه‌یبه‌یه، له‌ئێستادا ئه‌م حکومه‌ته به‌رپرسه، خه‌ڵک ورده‌کارى ناوێت له‌دابینکردنى ژیانى خه‌ڵکى، حکومه‌تى هه‌رێم نایکات با بڵێت من پێم ناکرێت و یان ته‌سلیمى خه‌ڵکى دیکه‌و حزبى دیکه‌ى بکات یان هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته بکات و یان ته‌سلیمى به‌غداى بکات، واته چاره‌سه‌رى تر نیه جگه له‌وه. هاوڵاتى: ئه‌مه‌تان به‌فه‌رمى به پارتى راگه‌یاندووه که‌چاره‌سه‌درى دۆخى خه‌ڵک بکه‌ن ؟ عه‌دنان عوسمان: به‌ڵى پێمان وتوون و ئه‌گه‌ر په‌یامه‌که نه‌گه‌یشتووه ئه‌وه با ئێستا بگات، وه‌ڵامه‌که‌یان هه‌ر ئه‌وه بووه "ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا رێککه‌وتن بکه‌ین، داوامان کردووه رێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بکه‌ین"، موچه‌خۆر ده‌بێت هه‌موو مانگێک موچه وه‌ربگرێت، تۆ هه‌موو مانگێک وه‌فد ده‌نێریت بۆ به‌غدا، ئێستا ئه‌م کێشه گه‌وره‌یه‌ى که دروست بوو له‌به‌غدا، تۆ سه‌یرکه ئاماده نین وه‌فد بنێرن بۆ به‌غدا، ده‌بوو تائێستا سه‌رۆکى هه‌رێم و سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌کانى هه‌مووى له‌به‌غدا بن، با هه‌فته‌یه‌ک له‌به‌غدا بن له‌گه‌ڵ حزبه‌کانماندا فشار بکه‌ن و له‌وێ بن تاکێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌بن نه‌یه‌نه‌وه، حکومه‌تى هه‌رێم به‌دیلێکیان نیه، ته‌نیا به‌دیلیان ئه‌وه‌یه که قووتى خه‌ڵک ببڕن، رێژه‌یه‌کى تر له‌قوتى خه‌ڵک جارێکى دیکه ببڕن، چاره‌سه‌رى تریان نیه و ده‌سه‌ڵاتیشیان به‌سه‌ر مافیاکاندا پێناکرێت و ناتوانن داهاته‌کان هه‌مووى کۆبکه‌نه‌وه‌و هه‌ر به‌ڵێن ده‌ده‌ن، ناتوانن کۆى بکه‌نه‌وه و که‌ئه‌مه‌ت پێناکرێت و ئیراده‌ت نیه قووه‌تت نیه، ناچاریت له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌رى بکه‌یت، بۆیه بڕۆ به‌قورسایى خۆته‌وه چاره‌سه‌رى بکه‌ن. هاوڵاتى: هیچ کات وه‌زیرى دارایى لاى ئێوه باسى کردووه قه‌باره‌ى ئه‌و گه‌نده‌ڵى و مافیاگه‌رییه ده‌گاته چه‌ند؟ عه‌دنان عوسمان: له‌وانه‌یه ئه‌و ورده‌کارییه نا، به‌ڵکو به‌رده‌وام له‌کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ حزبه‌کانى دیکه‌ش باسکراوه که رێژه‌که قه‌باره‌یه‌کى گه‌وره‌یه‌و زۆره‌و به‌ڵێ به‌دڵنیایه‌وه ئه‌وه بکرێته سه‌ر داهاتى ناوخۆ، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو رێکخستنێکى دیکه‌ى ئابورى هه‌رێمى کوردستان بکرێت و سیستمى ئابورى له‌کوردستان بکرێت، پێموایه زۆربه‌ى کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بوون. هاوڵاتى: شه‌ش په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى گۆڕان راگه‌یه‌ندراوێکیان بڵاوکرده‌وه‌و سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌که‌ش به‌جیا، هه‌ردوولا داواى چاره‌سه‌رى ئه‌م دۆخه ده‌که‌ن؟ ئایا ئێستا فراکسیۆنى گۆڕان دوو گرووپن؟ عه‌دنان عوسمان: دوو راگه‌یاندراو هه‌بوو، هه‌ردوو راگه‌یاندراوه‌که، یه‌ک ناوه‌رۆک بوون، چ راگه‌یاندراوى فراکسیۆنه‌که، چ راگه‌یاندراوى ئه‌و شه‌ش په‌رله‌مانتاره‌و ناوه‌رۆکى هه‌ردووکیان دروسته‌و ته‌عبیر له‌تێگه‌یشتنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌کات. ناوه‌رۆکى هه‌ردوو راگه‌یاندراوه‌که یه‌ک شته و باسى قه‌یرانه‌کان و موعاناتى خه‌ڵک ده‌کات و خۆزگه یه‌ک به‌یاننامه بوایه یه‌ک بزوتنه‌وه‌یه و ده‌بوایه یه‌ک به‌یاننمه بوایه یان فراکسیۆنه‌کانى دیکه‌ش به‌شدار بونایه له‌و به‌یاننامه‌یه، ئه‌وه‌ى که هه‌ردوولا به جیا ده‌ریان کردووه نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه که ده‌یانه‌وێت پێمان بڵێن ئێمه دوو گروپین. هاوڵاتى: به‌ڵام فراکسیۆنى گۆڕانیش له‌به‌غدا که پێنج په‌رله‌مانتارن دوورن له‌بزوتنه‌وه‌که‌وه، هۆکاره‌که‌ى چییه؟ عه‌دنان عوسمان: هۆکارى یه‌که‌مى ئه‌وه‌یه که‌هه‌ر سه‌ره‌تا بڕیارێکى گشتى نه‌بوو له‌سه‌ر به‌شداریکردنى گۆڕان له‌حکومه‌ت، دووه‌م به‌زۆرینه که ده‌نگدرا که‌کێشه‌کانى حکومه‌ت چاره‌سه‌ر نه‌بوون و هه‌نگاوى چاکسازیى نه‌نرا، که‌ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌و بۆله‌بۆڵى له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌هێزتر کرد، سێیه‌م هه‌ست ده‌که‌ین تیمى حکومه‌تى ئێمه ناتوانن ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى که پێویسته ئێستا بنرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن ئه‌و هه‌نگاوه گرنگانه بنێن، که‌ئه‌مه‌ش وایکردووه ره‌خنه‌کان به‌هێزتر بن، چواره‌میش په‌یوه‌سته به‌خودى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه که‌ئیداره‌دانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانى فراکسیۆنه‌کان لاوازه‌و خراپه، له‌کاتى کاک نه‌وشیروانیشدا بۆچوونى جیاواز هه‌ر هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و ئیداره‌یه‌کى دا له‌چوارچێوه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا، که ئێستا به‌داخه‌وه ئه‌وه ناکرێت، چونکه هه‌ر ئه‌ندامێکى ئێمه یان فراکسیۆن یان هه‌ر هه‌ڵسوڕاوێکى ئێمه ئازاده له‌وه‌ى ره‌خنه‌ى هه‌بێت و بۆچوونى جیاوازى هه‌بێت و له‌ئۆرگانه‌کانى خۆیدا بیڵێت، ئه‌مه شتێکه ئاساییه له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا و ده‌بێت مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بکرێت. هاوڵاتى: بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌م نزیکانه کۆنفرانسى نیشتیمانى ده‌به‌ستێت؟ عه‌دنان عوسمان: ئێستا خه‌ریکى ئاماده‌کاریه‌کانین، ئێمه کاتمان دیاری نه‌کردووه، به‌ڵام به‌پێى ده‌ستوره‌که بێت ده‌بێت پێش هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌کان گۆڕان کۆنفرانسى خۆى بکات، واته چوار ساڵ جارێک بیکات، ماوه‌که‌ى زۆر دواکه‌وتووه، به‌پێى ده‌ستوره‌که کۆمه‌ڵێک هه‌نگاوى پێویسته. یه‌کێک له‌و هه‌نگاوانه پێویسته هه‌ڵبژاردن بکرێت، ئێستا ژوورى هه‌ڵبژاردن خه‌ریکن و جارێکى دیکه به‌داتاى هه‌ڵسوڕاواندا بچنه‌وه‌و به‌م نزیکانه کۆنفرانسى قه‌زاکان ده‌که‌ین و دواتر کۆمه‌ڵێک کۆنفرانسى تایبه‌تمه‌ند ده‌که‌ین، له‌سه‌ر پرسى ده‌ستور و پرسى چاکسازیى و دواتر هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کان فه‌راهه‌م بوو کۆنفرانسى نیشتیمانى ئه‌نجامده‌ده‌ین، که به‌نیازین له‌زووترین کاتدا بیکه‌ین. هاوڵاتى: چیتان کردووه بۆ ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى زویر بوون له‌بزوتنه‌وه‌که که به‌هه‌ڵسوڕاوانى خوار گرده‌که ناوده‌برێن؟ عه‌دنان عوسمان: وه‌ک ئۆرگانه‌کانى بزوتنه‌وه‌که هه‌وڵى زۆر دراوه‌و کارى له‌سه‌رکراوه، چ وه‌ک شه‌خسى یان وه‌ک ئۆرگانه‌کانى بزوتنه‌وه‌که، جڤاتیش به‌مه‌به‌ستى ئه‌وه‌یه که‌موباده‌ره‌یه‌کى هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌و به‌شێکى زۆرى ناڕه‌زاییه‌کان په‌یوه‌ندى به‌وتارى بزوتنه‌وه‌که‌وه هه‌یه، خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى گشتى و نیشتیمانى بتوانن ئه‌و وتاره به‌هێزترو رۆشنتر بکه‌نه‌وه، پێموایه نیگه‌رانییه‌کان ده‌ڕه‌وێنه‌وه، بۆیه بۆ کاتى هه‌ڵبژاردنه‌کانیش ئێمه بتوانین که پلاتفۆرمێکى هاوبه‌شمان هه‌بێت له‌گه‌ڵیاندا یان به‌رنامه‌یه‌کى هاوبه‌شمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه، پێموایه هه‌نگاوێکى گه‌وره ده‌نێین. هاوڵاتى: کوڕه‌کانى نه‌وشیروان پێگه‌یان له‌ناو گۆڕاندا چییه؟ عه‌دنان عوسمان: ئه‌وان خاوه‌نى کۆمپانیاى وشه‌ن، ئێستا ئه‌و گرده هى کۆمپانیاى وشه‌یه، که بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان تێیدا ده‌ژى، هه‌موو داموده‌زگاکانى دیکه‌ش سه‌ر به‌کۆمپانیاى وشه‌ن که‌ئه‌وان خاوه‌ندارێتى ده‌که‌ن، به‌ڵام وه‌ک بزوتنه‌وه‌که ئۆرگانى خۆى هه‌یه‌و خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى هه‌یه‌و خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى نیشتمانى پێویسته خاوه‌نى بڕیارى خۆیان بن، بۆیه که‌خاوه‌نى بڕیارى خۆیان نه‌بن ئه‌وه لاوازى خانه‌و جڤاته‌کانه نه‌ک کوڕه‌کانى، چونکه به‌پێى بزوتنه‌وه‌که ئه‌وه‌ى بڕیار ده‌دات جڤاتى نیشتیمانییه، ژوورى دارایى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌یه‌و سه‌رپه‌رشتى ئیدارى و دارایى بزوتنه‌وه‌که ده‌کات. هاوڵاتى: ده‌وترێت لایه‌نى دارایى بزوتنه‌وه‌که کوڕانى کاک نه‌وشیروان به‌شێکى زۆرى دابین ده‌که‌ن؟ عه‌دنان عوسمان: کۆمپانیاى وشه بێگومان هه‌ندێک هاوکارى ده‌کات، به‌ڵام وه‌زعى داراییه‌که‌ى به‌و شێوه‌یه‌یه پێشتر بزوتنه‌وه‌که چۆن ژیاوه ئێستاش هه‌ر به‌و شێوه‌یه ده‌ژی و ژیانێکى بژى و مه‌مره ده‌ژی و وه‌ک شوێنه‌کانى دیکه کارمه‌نده‌کانمان که‌مترین موچه وه‌رده‌گرن و دره‌نگترین کات موچه وه‌رده‌گرن و به‌داخه‌وه له‌ژێر فشارێکى ئابورى زۆر زۆر سه‌خت و دژوارداین و توانیومانه تێچووه‌کان زۆر که‌مبکه‌ینه‌وه. هاوڵاتى: گۆڕانخوازان که‌م تا زۆر ره‌خنه‌و گله‌ییان له‌بزوتنه‌وه‌که هه‌یه، چ په‌یامێکتان هه‌یه بۆیان؟ عه‌دنان عوسمان: ئه‌وه‌ى که‌زۆر گرنکه، که گۆڕانخوازه‌کان له‌وه تێبگه‌ن که ئیراده‌یه‌کى زۆر به‌هێز هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌مان دیدگا‌و روئیا‌و په‌یامه‌کانى کاک نه‌وشیروان پیاده بکات و ئێمه هه‌موو براده‌ران ده‌مانه‌وێت به‌هه‌موو توانامانه‌وه به‌هه‌مان روئیاوه کار له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه بکه‌ین. به‌شێکى په‌یوه‌سته به‌وتارى بزوتنه‌وه‌که که‌ده‌بێت به‌هه‌مومانه‌وه کار له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌ین، دورکه‌وتنه‌وه و په‌راوێزخستن، سود به‌ڕه‌وتى چاکسازیى له‌کوردستاندا ناکات، چونکه ره‌وتى چاکسازى له‌ئێستادا له‌کوردستان ده‌بێت ببێته به‌ره‌یه‌کى به‌رفراوان و به‌هێز که لایه‌نه‌کان و که‌سایه‌تییه‌کان هه‌موو به‌شداربن تیایدا، ئه‌و ورد‌و خاشکردنانه‌ى به‌ره‌کان و بوونى گروپى جیاواز جیاواز‌و پێم وانیه هه‌نگاوێک بێت به‌ئاڕاسته‌ى دروست، راسته له‌وانه‌یه ره‌خنه‌کان هه‌قیقه‌تى تێدابێت و من پشتگیرى له‌به‌شێکى زۆرى ده‌که‌م، به‌ڵام ره‌خنه و وتن شتێکه و پیاده‌کردنى ئالیه‌تى جێبه‌جێکردنى ئیشه‌کان و هه‌نگاونان به‌ره‌و ئیسڵاح کارێکى تره. ئێمه حزبێکین له‌پێناو ئیسڵاحى کۆمه‌ڵگادا کارده‌که‌ین، حزبێک نین له‌پێناو ئه‌وه‌ى که چه‌ند که‌سێک بکه‌ین به‌وه‌زیر یان به به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى، ده‌بێت تێبینى و ره‌خنه‌مان هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌و به‌ره‌یه به‌هێز بکه‌ین، چونکه گه‌ر وانه‌بێت ئه‌و به‌ره‌و لایه‌نانه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش سه‌رده‌که‌وێت و شه‌رعیه‌ت وه‌رده‌گرێت وه‌ک هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى پێشوو که‌سه‌رکه‌وت. هاوڵاتى: دوێنێ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى کۆبوونه‌وه‌و راگه‌یه‌ندراوى هاوبه‌شتان هه‌بوو؟ چى ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئارامى و جوڵه‌ى ئابوورى له‌سنورى سلێمانى و ئیداره‌ى گه‌رمیان و راپه‌ڕین په‌ره‌پێبده‌ن؟ عه‌دنان عوسمان: له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌داین که به‌ئاراسته‌ى ئارامى و بووژاندنه‌وه‌ى بازاڕ بێت، په‌یوه‌ندیه‌کانمان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى چه‌ند به‌هێزبێت و چه‌ند باش بێت هه‌موو رێککه‌وتنه‌کانمان له‌خزمه‌تى خه‌ڵک و پرۆسه‌ى سیاسى ده‌بێت له‌هه‌رێمى کوردستاندا.
