هاوڵاتى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستن ده‌ڵێت:" هه‌موو ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و یاسایى خۆم به‌کارده‌هێنم بۆ ده‌ستگیرکردن و سزادانى ژنکوژان. قوباد تاڵه‌بانى له ئه‌کاونتى خۆى له‌تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک بڵاویکردوه‌ته‌وه: له رۆژى جیهانى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان رایده‌گه‌یه‌نم، هه‌موو ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و یاسایى خۆم به‌کارده‌هێنم بۆ ده‌ستگیرکردن و سزادانى ژنکوژان و هه‌موو ئه‌وانه‌ى که توندوتیژى دژى ژنان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکردوه: له ماوه‌ى 10 مانگى رابردودا زیاتر له 8 هه‌زار ژن که توندوتیژیان به‌رامبه‌ر کراوه و هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ر بوه په‌یوه‌ندییان به هێڵى 119وه کردوه و له‌ناو ئه‌مانه‌دا زیاتر له 6 هه‌زار سکاڵاى توندوتیژى لاى حکومه‌ت تۆمار کراوه. هاوکات، جه‌ختیله‌وه‌شکردوه‌ته‌وه: ده‌ستخۆشى له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانى ده‌که‌م که توانیویانه لێکۆڵینه‌وه‌ى ته‌واو بۆ نزیکه‌ى 4 هه‌زار حاڵه‌ت بکه‌ن و دۆسیه‌کانیان خستوه‌ته به‌رده‌م دادگا، ئه‌رکه له‌سه‌ر هه‌ر یه‌کێکمان دژ به توندوتیژى و نایه‌کسانى جێنده‌ریى بوه‌ستینه‌وه و هه‌نگاو بنێین به‌ره‌و هێنانه‌دى هاوسه‌نگى جێنده‌رى له پێناو گه‌یشتن به کۆمه‌ڵگایه‌کى ته‌ندروست.
هاوڵاتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى که‌شناسى و بوومه‌له‌رزه‌ى ھه‌رێمى کوردستان پێشبینییه‌کانى که‌شوھه‌واى 48 کاتژمێرى داهاتووى بڵاوکرده‌وه که له‌ناوچه شاخاوییه‌کان به‌فر ده‌بارێت و له‌ناو شاره‌کان باران ده‌بارێت. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 25ى تشرینى دووه‌مى 2020 به‌پێى پێشبینییه‌کانى که‌شناسی، له زۆربه‌ى شاره‌کان ئه‌مڕۆ ئاسمان ساماڵ و په‌ڵه هه‌ور ده‌بێت. هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌کراوه که سبه‌ینێ ئاسمان هه‌ورى ته‌واو ده‌بێت له‌گه‌ڵ بارانبارین له‌کاتى جیا جیا و له ناوچه شاخاوییه‌کانیش به‌فر ده‌بارێت.
هاوڵاتى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه کۆبونه‌وه ده‌کات و گفتوگۆ له‌سه‌ر دهاهات و خه‌رجییه‌کانى ده‌کات. فه‌رمانگه‌ى میدیا و زانیارى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بڵاویکردووه‌ته‌وه، پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه به سه‌رپه‌رشتیى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت و ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت بۆ تاووتوێ کردنى بابه‌ته‌کاتى خواره‌وه، کۆده‌بێته‌وه: • داهات و خه‌رجییه‌کان و دوا پێشهاته‌کانى رێره‌وى دانوستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدراڵ سه‌باره‌ت به شایسته داراییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان. • پێشنووسى په‌یره‌وى (دیاریکردنى ماف و ئیمتیازه‌کانى که‌سوکارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان).
ھاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان رایگەیاند "تووندوتیژی، پرسی مافی مرۆڤ و هەموو کۆمەڵگەیە. پێویستە پیاوان ڕۆڵی كاراتر ببینن، بەشێکی گەورەی چارەسەر بن و رۆڵيان له نەهێشتنی تووندوتیژيدا هه‌بێت." نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دڵنیایی دەداتە ژنانی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگی و هاوکارییان بەردەوام دەبن و راشیدەگەیێنێت "قەیرانی ئابووری و دارایی كه لێكه‌وته‌ى په‌تاى كۆڤيد_19ن، لەگەڵ گرژييه سياسييه‌كان، دەستکەوتەکانی ژنان ده‌خه‌نه مەترسییەوە، به‌ڵام ئافرەتانی کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە لەگەڵ لايه‌نه په‌يوه‌ندیداره‌كانى حکومەتی هەرێمى كوردستان کار ده‌که‌ین بۆ پاراستی دەستکەوتەکانيان و نه‌هێشتنى تووندوتیژی و مسۆگه‌رکردنی دادوەریی کۆمەڵایەتی. له هه‌ر شوێن و ئاستێكدا بێت، به‌ره‌نگارى گێچەڵ و دەستدرێژی بۆ سه‌ر ئافره‌تان ده‌بينه‌وه." دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرۆکی هەێمی کوردستان بۆ ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندتیژی دژی ئافره‌تان لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندوتیژيی دژی ژناندا، جه‌خت له به‌رده‌واميى پشتگيرى له مافه‌كانيان و هه‌وڵ و کاری بەردەوام بۆ نه‌هێشتنى توندوتیژیی دژى ژنان دەکەینەوە. كوردستانيش وه‌ك هه‌موو جيهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، قۆناغێکی زۆر سەخت تێده‌په‌ڕێنێت. ئافرەتان لە ماڵ و نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەیییەکان، ئەرکێكى قورسيان کەوتە ئەستۆ. ژنان لە بەرەی پێشەوەی خەبات بوون بۆ پەروەرده‌ی منداڵ و پاراستنی هاووڵاتیان و ڕێگرى له بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تا و چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆش. دەستخۆشی لە پەرستار و پزیشک و کرێکار و کارمەندانی تەواوی دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەیییەکانی کوردستان و سوپاسى ئه‌رك و ماندووبوونيان ده‌كه‌م. قەیرانی ئابووری و دارایی كه لێكه‌وته‌ى په‌تاى كۆڤيد_19ن، لەگەڵ گرژييه سياسييه‌كان، دەستکەوتەکانی ژنان ده‌خه‌نه مەترسییەوە، به‌ڵام ئافرەتانی کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە لەگەڵ لايه‌نه په‌يوه‌ندیداره‌كانى حکوومەتی هەرێمى كوردستان کار ده‌که‌ین بۆ پاراستی دەستکەوتەکانيان و نه‌هێشتنى توندوتیژی و مسۆگه‌رکردنی دادوەریی کۆمەڵایەتی. له هه‌ر شوێن و ئاستێكدا بێت، به‌ره‌نگارى گێچەڵ و دەستدرێژی بۆ سه‌ر ئافره‌تان ده‌بينه‌وه. توندوتیژی، پرسی مافی مرۆڤ و هەموو کۆمەڵگەیە. پێویستە پیاوان ڕۆڵی كاراتر ببینن، بەشێکی گەورەی چارەسەر بن و رۆڵيان له نەهێشتنی توندوتیژيدا هه‌بێت. كاتى کەرەنتینە و ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ پياوان بووە مایەی هۆشیاری و بەخۆداچوونەوە کە ناوماڵ تەنها شوێنی حەسانەوە نييه، بەڵکو شوێنی کار و هاوکاری و بەجێهێنانی ئەرکەکانیشمانە بەرامبەر دایک و خوشک و هاوژین و پەروەردەی منداڵەکانمان. ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمى كوردستان هەماهەنگی و هاوکاری له‌گه‌ڵ حکوومەت دەکەین بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر، هەروەها هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەین کە بۆ ئه‌م پرسه بە گوڕ و تینێکی زیاتره‌وه پشتگیریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بكه‌ن. ئافره‌تان دڵنیادەکەینەوە کە هاوکاری و هەماهەنگیمان بۆ گه‌يشتن به ئاکامی باشتر بەردەوام دەبێت. هيوادارم چالاکی و کارەکان تەنها لەم شازدە رۆژه‌دا قەتیس نەمێنن، بەڵکو هەمووان پێکەوە بە ژن و پیاوەوە رۆژانە کار بۆ نه‌هێشتنی تووندوتیژی و بەدیهێنانی ئامانجەکانمان بۆ ئاشتی و یەکسانی و دادوەری، بكه‌ين. هیوای سەرکەوتن و تەندروستی بۆ هەموو لایەک دەخوازم. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی
هاوڵاتى رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ کاروبارى دارایی و ئه‌نجومه‌نى راژه رایگه‌یاند:" ره‌وشى دارایى هه‌رێمى کوردستان، به‌ره‌و باشتر هه‌نگاو ده‌نێت و داهاتى ناوخۆیى بوژاوه‌ته‌وه". ئه‌مشه‌و رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ کاروبارى دارایی و ئه‌نجومه‌نى راژه له میانى به‌شداریکردنى له "ژوورى هه‌واڵى کوردستان24"دا، رایگه‌یاند:"به‌گشتیى ره‌وشى دارایى و ئابوورى هه‌رێمى کوردستان، عێراق و جیهان به هۆى قه‌یرانى کۆرۆنا و دابه‌زینى نرخى نه‌وته‌وه ناجێگیره". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" ده‌توانین بڵێین به‌راورد به چه‌ند مانگى رابردوو، که به هۆى که‌ره‌نتینه و راوه‌ستانى جموجووڵى بازرگانییه‌وه، داهات زۆر که‌میکردبوو، ئێستا ره‌وشه‌که باشتره و سه‌رچاوه‌کانى داهاتى ناوخۆیى بووژاونه‌ته‌وه". هاوکات، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه، ته‌نانه‌ت رێککه‌وتنى عێراق له‌گه‌ڵ ئۆپیک زیانى له داهاتى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان داوه، بۆ نموونه، کاتێک عێراق پابه‌ند بووه به که‌مکردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وت، ئه‌و پابه‌ندبوونه هه‌رێمى کوردستانیشى گرتووه‌ته‌وه. رێباز حه‌ملان باسى له‌وه‌شکرد هه‌رێمى کوردستان پێویستى به بڕى 755 ملیۆن دۆلار هه‌یه بۆ دابینکردنى مووچه، "نه له رێگه‌ى داهاتى ناوخۆیى و نه داهاتى نه‌وت به‌یه‌که‌وه ناتوانرێت ئه‌و بڕه پاره‌یه به‌رده‌ست بخرێت، چونکه به هه‌ردووکیان نیوه‌ى ئه‌و داهاته‌یه". رێباز حه‌ملان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، سبه‌ى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم، کۆبوونه‌وه‌ى هه‌فتانه‌ى به‌ڕێوه‌ده‌بات و تێیدا جه‌خت له‌سه‌ر پێدانى متمانه به وه‌فدى دانووستانکارى هه‌رێمى کوردستان ده‌کرێته‌وه و ئاماده‌ن روو له به‌غدا بکه‌ن بۆ کۆبوونه‌وه. ئه‌وه‌شى ئاشکراکرد که وه‌فدى هه‌رێم له‌سه‌ر دوو بابه‌ت ده‌یه‌وێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بکات، ئه‌وانیش، چاره‌سه‌رى کێشه‌ى مووچه‌ى ئه‌مساڵ و داڕشتنى بودجه‌ى (2021).
هاوڵاتى ئه‌ندامێکى فراکسیۆنه‌که‌ى هادى عامرى په‌رله‌مانى عێراق به‌هۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوه له‌وڵاتى لوبنان کۆچى دواییکرد. ئه‌مشه‌و سێشه‌ممه 24ى تشرینى دووه‌مى 2020، میدیاکانى عێراق رایانگه‌یاند، حسێن زوھه‌یرى ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى عێراق دواى توشبوونى به ڤایرۆسى کۆرۆنا له نه‌خۆشخانه‌یه‌کى لوبناندا گیانیله‌ده‌ستداوه. تائێستا ئه‌مه دووه‌م په‌رله‌مانتارى عێراقه به‌هۆى ڤایرۆسه‌که‌وه گیان له‌ده‌ستبدات و پێشتر غیدا کمبش په‌رله‌مانتار له‌سه‌ر پشکى ھاوپه‌یمانى ھێزه عێراقیه‌کان له مانگى ته‌مموزدا گیانیله‌ده‌ستدا.
هاوڵاتى ھێشتا ئێران ئەو راپۆرتانە رەتدەکاتەوە کە بڵاوبوونەوە تایبەت بەکوشتنی عەبدوڵا ئەحمەد عەبدوڵا ناسراو بە ئەبو محەمەد میسری کەسی دووەمی قاعیدە کە بەشێوەیەکی نهێنی لەتاران لەلایەن رێکخراوە ئیسرائیلیەکانەوە کوژرا، بەڵام ئەوە بووەتە پرسێکی نوێ بۆ ئەو وڵاتە کەبۆچی بەرپرسانی ئێران میسرییان لەگەڕەکێکی دەوڵەمەندی تاران بۆ ماوەی چەندین ساڵ پاراستووە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز هەینی (13ی تشرینی دووەم) رایگەیاند کە میسری لەئەمریکا تۆمەتبارکراوە بەتێوەگلان لە تۆمەتەکانی 1998ی پەیوەندیدار بەتەقینەوەکانی باڵیۆزخانەکانی لەتەنزانیا و کینیا، ئەم هاوینە بەنهێنی لەتاران تەقەی لێکراو کوژرا لەلایەن بەکرێگیراوانی ئیسرائیلەوە لەسەر ماتۆڕێک بەفەرمانی واشنتۆن. بەپشتبەستن بەچەندین سەرچاوەی هەواڵگری، رۆژنامەکە رایگەیاند کە سەرکردە باڵاکەی قاعیدە لەگەڵ کچەکەی، مریەم، کوژران کە ژنی پیشووی حەمزەی کوڕی ئوسامە بن لادن بوو. بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا بە تایمزیان وت، میسری لەژێر «سەرپەرشتی» ئێران‌دا بوو لەساڵی 2003وە، بەڵام لانیکەم لە 2015وە ئازادانە دەژیا لەگەڕەکێکی دەوڵەمەندی سەرەوەی تاران. چیرۆکێکی کوشتنەکەی لەبەرەبەیانی 8ی ئاب، میسری ئۆتۆمبێلێکی جۆری رینۆی سیدانی لێدەخوڕی لەگەڵ کچەکەی لەنزیک ماڵەکەی خۆی، کاتێک دوو چەکدار بەسواری ماتۆڕێکەوە پێنج جار تەقەیان لێکردن. دوو ئاژانسی هەواڵی ئێران -- ئاژانسە فەرمییەکانی ئیرناو میهر -- لەوکاتەدا رووداوێکی هاوشێوەیان راگەیاندو قوربانییەکەیان وەک حەبیب داود ناساند، مامۆستایەکی لوبنانیی وانەی مێژوو، تەمەن (58) ساڵ، لەگەڵ مریەمی کچی، تەمەن (27) ساڵ ، بەبێ ئەوەی زانیاریی زیاتر بڵاوبکەنەوە. کەناڵی هەواڵی لوبنانی ئێم تیڤی و چەند هەژمارێک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران رایانگەیاند کە داود ئەندامی حزبوڵا بووە، کە رێکخراوێکی میلیشیای سەر بەئێرانە لە لوبنان. نیویۆرک تایمز رایگەیاند کە راپۆرتەکان پەسەند دەردەکەون، بەڵام راستییەکە ئەوەیە هیچ حەبیب داودێک بوونی نییە. رۆژنامەکە رایگەیاند کە چەند لوبنانییەک کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئێران‌دا هەیە هیچ شتێکیان دەربارەی داود یان کوژرانەکەی نەبیستووە. هیچ راپۆرتێک نییە کە مامۆستایەکی لوبنانیی مێژوو لەهاوینی رابردوودا لەئێران کوژرابێت، لێکۆڵەرێکی پەروەردەییش کە لیستی هەموو مامۆستاکانی مێژووی ئێرانی لەبەردەستدایە وتی هیچ کەسێک بە ناوی حەبیب داود لەتۆماری ئەواندا نییە. بەرپرسێکی هەواڵگری وتی لەڕاستیدا «حەبیب داود» نازناوێکە بەرپرسانی ئێران داویانەتە پاڵ ئەبو محەمەد میسری. نەبیل نەعیم، سەرکردەی پێشووی جیهادی ئیسلامی لەمیسر، کە سەر بەقاعیدەیەو هاوڕێیەکی لەمێژینەی میسرییە، هەمان شتی بە کەناڵی ئەلعەرەبیەی سعودی وت لەتشرینی یەکەمدا. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوەو بە «زانیاریی ساختەو دروستکراو» لەقەڵەمیدان. بوونی پەیوەندیی لەگەڵ رژێمی ئێران میسری یەکێک بوو لە سەرکردە دامەزرێنەرەکانی قاعیدەو پێدەچێت یەکەمین بووبێت بۆ سەرکردایەتیکردنی رێکخراوەکە دوای سەرکردەکەی ئێستای، ئەیمەن زەواهیری. دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر لەئەمریکا لە 2001، میسری و سەیف عادل و حەمزە بن لادن بەشێک بوون لەگروپێک لەسەرکردە باڵاکان کە لەئەفغانستان هەڵهاتوون و لەئێران بەدوای پەناگەیەکدا گەڕاون. بەگوێرەی تایبەتمەندانی بواری تیرۆر، لەئێران میسری وەک راوێژکارێکی باوەڕپێکراوی حەمزە بن لادن کاری کردووە، کەئامادەدەکرا بۆ سەرکردایەتیکردنی رێکخراوەکە، حەمزە بن لادن ساڵی رابردوو کوژرا لەئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆردا لەناوچەی ئەفغانستان-پاکستان. لە 2017، حکومەتی ئەمریکا کۆگایەکی بەڵگەنامەی ئاشکراکرد لەشوێنەکەی ئوسامە بن لادن لە ئابۆت ئابادی پاکستان، کە لەوێ لەلایەن هێزی دەریاوانیی ئەمریکاوە لە 2011 کوژرا. بەڵگەکان تیشکێکی نوێ دەخەنە سەر پەیوەندییە نهێنییەکەی قاعیدە لەگەڵ ئێران، کە ڤیدیۆی ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەی حەمزەشیان تێدابوو لەئێران. ئەو بەڵگانە، لەگەڵ کوشتنەکەی ئەمدواییەی میسری و چەندین بەڵگەی دیکە لەم ساڵانەدا، دەریدەخەن کە رژێمی ئێران، بەتایبەتی سوپای پاسداران، پەیوەندییەکی تووندی لەگەڵ قاعیدەدا هەیە. گوماندەکرێت سوپای پاسداران ژمارەیەکی زۆر چەکداری قاعیدە لەخۆبگرێت کە لەلایەن بەرپرسە نێودەوڵەتییەکان رادەکەن. بەگوێرەی نەبیل نەعیم ، سەرکردەی پێشووی جیهادی ئیسلامی لەمیسر، کە دژی تووندڕەوی وەستاوەتەوە، لیوا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی ئەوکاتەی هێزی قودسی سوپای پاسداران کە لەکانوونی دووەم لە بەغدا کوژرا، «ئەندازیاری پەیوەندیی نێوان قاعیدە و ئێرانە». نەبیل نەعیم وتی پێشئەوەی لە 2008 لەسوریا بکوژرێت، فەرماندەی سەربازیی حزبوڵا عیماد موغنییە «رۆڵێکی گرنگی گێڕا لەمەشقپێکردنی چەکدارانی [قاعیدە]، بەتایبەتی شێوازی بۆمبڕێژکردن و ئەنجامدانی تەقینەوەکان». پەیوەندیی قاعیدە لەگەڵ هەردوو سوپای پاسداران و هەواڵگریی ئێران پەیوەندییەکی بەهێزەو ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە «هێماکانی ئەو پەیوەندییە روون بوون کاتێک ئێران میوانداریی کرد لەخێزانی سەرکردەی قاعیدە ئوسامە بن لادن». نەعیم وتی هەردوولا بۆ ماوەی چەندین ساڵ هاندەری شەڕی مەزهەبی بوون، لەگەڵ ئەوەی «سوپای پاسداران خۆی وەک پارێزەری مافەکانی شیعەو بەرگریکردن لێیان دەرخستووە، قاعیدەش هەمان تاکتیک لەگەڵ سوننیەکان بەکاردەهێنێت». ئێران بەردەوام نکۆڵیی کردووە لەوەی پێشوازیی کردبێت لەبەرپرسانی قاعیدە، بەڵام بەهۆی ئاشکرابوونەکانی ئەمدواییەوە، سەختە بڕوا بەو سیاسەتە بکرێت. شرۆڤەکارێکی دژەتیرۆر لەناوەندی سوفان، کۆلین پی کلێرک، بەئاژانسی فرانس پرێسی وت «ئێران جیاوازی مەزهەبی بەکاردەهێنێت وەک کوتەکێک کاتێک بەسوودی خۆی بشکێتەوە، بەڵام دەشخوازێت چاوپۆشی بکات لەجیاوازیی نێوان سوننەو شیعە کاتێک لەبەرژوەندی ئێران‌دا بێت.» مردنی زەواھیری و کێشەی جێگرتنەوەی کەسی یەکەمی گرووپەکە رۆژنامەی ‹عەرەب نیوز›ی پاکستانی لە راپۆرتێک‌دا ئاشکرایکردووە، سەرچاوەکانی نێو پاکستان و ئەفغانستان گیانلەدەستدانی زەواهیرییان بۆ دووپاتکردووەتەوە کە زەواهیری مردووە، بەڵام هەندێکی دیکەیان دەڵێن کوژراوە. زەواهیری تەمەن (69) ساڵ، لە نامەیەکی تۆمارکراوی ڤیدیۆییدا ئەمساڵ لەساڵیادی هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری ئەمریکادا، دەرکەوت. نەتەوەیەکگرتووەکان، لەڕاپۆرتێکی خۆیدا لەحوزەیرانی رابردوو، لەبارەی چالاکیی گرووپە تیرۆریستییەکان ئاشکرایکردبوو، قاعیدە بەنهێنی لە (12) ناوچەی ئەفغانستان جموجووڵی هەبووەو زەواهیری سەرکردەشی، لەئەفغانستان دەژی. نەتەوەیەکگرتووەکان پێیوایە کۆی ژمارەی چەکدارەکانی قاعیدە لەئەفغانستان، لەنێوان (400) تاوەکو (600) چەکداردایە. کەسی دووەمی رێکخراوەکە (ئەبو محەممەد میسری) کەتۆمەتباربوو بەپلاندانان و جێبەجێکردنی تەقینەوەی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لەنایرۆبی و دارولسەلام لەئەفریقیا، لەمانگی ئابی ئەمساڵدا، لەتارانی پایتەختی ئێران کوژرا. بۆیە کوژرانی زەواهیری، کێشە بۆ جێگرتنەوەی کەسی یەکەمی قاعیدە دروستدەکات، چونکە لەماوەی رابردوودا، ئەو رێکخراوە دوو لەگەورەترین پاڵێوراوەکانی بۆ جێگرتنەوەی زەواهیری لەسەرۆکایەتی رێکخراوەکەدا لەدەستداوە. زەواهیری دووەم کەسایەتی دیاری رێکخراوی قاعیدە بوو دوای بن لادن، ئەو ساڵی 2011 لەپاش کوژرانی ئوسامە بن لادن سەرۆکایەتی رێکخراوەکەی لەئەستۆ گرت.
هاوڵاتى بولینت ئارنج ئه‌ندامى کۆمیته‌ى راوێژکارى سه‌رۆک کۆمارى تورکیا، چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر له‌میانه‌ى پێشکه‌شکردنى وته‌یه‌کیدا داوای له‌ده‌سه‌ڵاتداران کردبوو ده‌میرتاش ئازاد بکه‌ن و به‌و هۆیه‌وه ناکۆکى ده‌که‌وێته نێوان ئه‌ردۆغان و ئارنج و ئه‌مڕۆ به‌فه‌رمى ده‌ستیله‌کارکێشاوه‌ته‌وه. بولینت ئارنج ئه‌ندامى کۆمیته‌ى راوێژکارى سه‌رۆک کۆمارى تورکیا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 24ى تشرینى دووه‌مى 2020، ده‌ستى له‌کارکێشاوه‌ته‌وه و چه‌ند میدیایه‌کى تورکیا ئه‌وه‌یان پشت‌راست کردووه‌ته‌وه که ئارنج ده‌ستى له‌کارکێشانه‌وه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ش پاشئه‌وه‌ى چه‌ند رۆژێک له‌مه‌وبه‌ر بولینت ئارنج داواى ئازادکردنى سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکى پێشووى هه‌ده‌په‌ى کردبوو له زیندان و به‌وهۆیه‌وه ناکۆکى له‌نێوان ئه‌ردۆغان و راوێژکاره باڵاکه‌یدا دروست بووه. بولینت ئارنج یه‌کێکه له‌و که‌سانه‌ى له‌کاتى ده‌ستگیرکردنى سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاشدا ره‌خنه‌ى له ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و بریاره‌که گرتووه. له‌به‌رانبه‌ردا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆمارى تورکیا باسى ئه‌وه‌ى کردووه که "ئه‌و قسانه‌ى ئارنج په‌یوه‌ندى به ئێمه‌وه نییه‌و بۆچوونى خۆى بووه". بولینت ئارنج ئه‌ندامى کۆمیته‌ى راوێژکارى سه‌رۆک کۆمارى تورکیا، یه‌کێک بووه له که‌سه نزیکه‌کانى ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و دواى جیابونه‌وه‌ى داود ئۆغلۆ و عه‌لى باباجان، له پارتى داد‌و گه‌شه‌پێدان که ئه‌ردۆغان سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات به زه‌برێکى دیکه هه‌ژار ده‌کرێت له‌سه‌ر پارتى ئاک پارتى(ئه‌که‌په).
هاوڵاتى ویلایه‌تى په‌نسلڤینیا په‌سه‌ندکردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى له به‌رژه‌وه‌ندى جۆو بایدن سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراو و کامالا هاریسى جێگرى راگه‌یاند. که‌مێک له‌مه‌وبه‌ر ، تۆم وۆڵف فه‌رمانڕه‌واى ویلایه‌تى په‌نسلڤینیا له رێى هه‌ژمارى خۆى له تویته‌ر رایگه‌یاند ئه‌مڕۆ به پێى یاسا فیدراڵییه‌کان ئه‌نجامى هه‌ڵبژارنه‌که‌ى 3ى ئه‌م مانگه بۆ پۆستى سه‌رۆک و جێگرى سه‌رۆکى ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان په‌سه‌ند کرا. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه که به‌ڵگه‌نامه‌ى سه‌رکه‌وتنى جۆو بایدن و کامالا هاریسى ئیمزاکردووه. دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکى ئه‌مریکا به‌ته‌واوى بێ هیوا بووه له‌وه‌ى هیچ گۆڕانکارییه‌ک به‌سه‌ر ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا بێت و ئه‌مڕۆش تره‌مپ به تیمه‌که‌ى راگه‌یاندووه کار بۆ راده‌ستکردنى ده‌سه‌ڵات بکه‌ن.
هاوڵاتى نرخى نه‌وت له بازاڕه‌کانى جیهان به‌شێوه‌یه‌کى به‌رزبووه‌ته‌وه‌و و نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى برێنت نزیکه‌ى 48 دۆلاره. ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 24ى تشرینى دووه‌مى 2020، نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى برێنت به 47 دۆلار‌و 80 سه‌نت له بازاڕه‌کانى جیهان مامه‌ڵه‌ى پێوه‌کراوه. هه‌روه‌ها نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى خاوى ئه‌مریکی، به 44 دۆلار‌و 86 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. دۆزینه‌وه‌ى چه‌ند جۆرێک ڤاکسیۆنى دژه کۆرۆنا و به‌کارهێنانى له چه‌ند وڵاتێک‌دا بوژانه‌وه‌ى بۆ بازارى نه‌وت دروست کردووه.
هاوڵاتى 'یونیتاد'، تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ برەودان بە بەرپرسیارڕاگرتنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەرامبەر تاوانەکانی، مەکۆیەکی نوێی سەر ئینتەرنێتی کردۆتەوە بۆ وەرگرتنی شایەتی لە رزگاربووان و شایەتحاڵانەوە. وتەبێژێکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق، عەلی بەیاتی وتی ئەو مەکۆ ئینتەرنێتیە دووەمین قۆناغی کاری تیمەکەیە. یەکەم قۆناغ تایبەت بوو بەکۆکردنەوەی بەڵگە، لەڕێی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانیانی داعش کەئەوکاتەی گروپەکە حوکمی ناوچەیەکی بەرفراوانی دەکرد لەباکور و خۆرئاوای عێراق، کوژران. عەلی بەیاتی وتی "ئەو مەکۆیە مەبەستی کۆکردنەوەی شایەتییە لە رزگاربووانی داعشەوە لەگەڵ ئەو شایەتحاڵانەی لەناوچەکانی ژێردەستی داعشدا دەژیان لەوکاتەدا". وتیشی لەکاتێکدا بەگەڕخرا کەتیمەکە نەیدەتوانی بەهەموو قوربانییەکان بگات، بەتایبەتی لەکاتی پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (کۆڤید-19). مەکۆکە بۆ بەکارهێنان ئاسانەو ناونیشانە ئینتەرنێتیەکەی بڵاوکراوەتەوە لەسەر ماڵپەری ھاوڵاتی، لەم لینکەدا بەئاسانی دەستت پێی رادەگات. پێگەکە هەندێک خانەی بۆشایی تێدایە بۆ نووسینی شایەتی و بەکارهێنەران دەتوانن نووسراوی تێدا بڵاوبکەنەوە. لەهەندێک حاڵەتدا تیمە نێودەوڵەتیەکە سەردانی مەیدانیی شایەتەکان دەکەن یان راستەوخۆ پەیوەندییان پێوە دەکەن. عەلی بەیاتی وتی "ئەگەری ئەوە هەیە شایەتیی گرنگ بەمەکۆکە بگات، چونکە بۆ شایەتحاڵەکان ئاسانە دەستیان بە مەکۆکە رابگات و پێویست ناکات خۆیان بەگەشتەوە خەریک بکەن تا لێدوانەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بدەن". سەرەڕای گرنگی مەکۆکە، هەندێک رزگاربووی داعش گومانیان دەربڕیوە لەسودمەندبوونی و ئاماژەیانکردووە بە نەبوونی ئاشنایی بەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لاوازیی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لەعێراق. دانیشتوویەکی پارێزگای زیقار، بەناوی محەمەد زەیدی کە رزگاربوویەکی کوشتاری کەمپی سپایکەرە کە تیایدا داعش زیاد لە هەزارو (500) راهێنراوی فڕۆکەوانی سەربازیی عێراقی کوشت، وتی ناوی مەکۆ نوێکەی نەبیستووە. بەگەڕخستنی مەکۆکە لەمیدیادا بەشێوەیەکی بەرفراوان رووماڵ نەکراو محەمەد پێیوانییە بابەتەکە گەیشتبێتە شەقام. بەڕێوەبەری دەزگای شەهیدانی زیقار، موهەنەد عەبدولحسەین وتی "مەکۆ ئینتەرنێتیەکە رەنگە بەسوودبێت بۆ ئەوانەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیان هەیە و دەزانن چۆن پەیوەندی تەکنەلۆژی بەکاربهێنن". بەڵام نیگەران بوو لەوەی رەنگە بەسوودنەبێت بۆ سەدان شایەتحاڵ کە لەکەمپەکانی ئاوارەکاندا دەژین و هیچ خزمەتگوزاریەکی ئینتەرنێت یان دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی نییە، وەک کۆمپیوتەر یان ئامێرە زرنگەکان. پێشنیاری کرد "گەر تیمە نێودەوڵەتیەکە دەیەوێت بەڵگەی راستەقینە و گرنگی بەدەستبگات، دەبێت پەیوەندیبکات بەکاربەدەستانی ناوچەکە و بەڕێوبەرێتیە متمانەپێکراوەکانەوە، لەنێویاندا دەزگای شەهیدان." وتیشی "دەزگای شەهیدانی زیقار چەردەیەک بەڵگەنامە و بەڵگەی هەیە دەربارەی تاوانەکانی داعش، هەروەک دەزگای دژە تیرۆریزم و دەزگا عێراقیەکانی دیکە کەشەڕی گروپەکەیان کردووەو زانیاری‌یان کۆکردۆتەوە دەربارەی تاوانەکانی". هەروەها جەختیکردەوە لەپێویستی بە لێکۆڵینەوە لەئەندامانی داعش لەزیندانەکانی عێراقدا کە دەستبەسەرن بەهۆی تاوانی تیرۆریستییەوە، چونکە دەکرێت ناوی سەرکردەکانی گروپەکە بدەن کە لەنێو وڵات‌دا یان لە دەرەوەن. موهەنەد عەبدولحسەین وتی "تیمە نێودەوڵەتیەکە پێویستە هەوڵی بەدەستهێنانی یارمەتی بدات لەدادگاکانی لێکۆڵینەوەی تاوانی عێراقەوە". تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانی ژمارە 2379ی 2017 پێکهات، بەمەبەستی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ بەرپرسڕاگرتنی داعش بەرامبەر تاوانەکانی دژی عێراقیەکان.
هاوڵاتى سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:"به‌ڵێنمان پێدراوه له‌م هه‌فته‌یه‌دا کێشه‌ى ناردنی 320 ملیار دیناره‌که چاره‌سه‌ر بکرێت". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 24ى تشرینى 2020، فه‌وزى هه‌ریری، سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌میدیاکانی پارتی ڕاگه‌یاندووه، به‌ڵێن به‌هه‌رێمى کوردستان دراوه له‌م هه‌فته‌یه‌دا کێشه‌ى 320 ملیار دیناره‌که چاره‌سه‌ر بکرێت. هه‌روه‌ها فه‌وزى هه‌ریرى ده‌شڵێت:" ئێستا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان‌و مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکوه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌په‌یوه‌ندیى به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق و لایه‌نه‌کان، به‌ڵام دیاره سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق ناتوانێت هه‌موو کاره‌کان به‌دڵى خۆى بکات".
کاکەلاو عەبدوڵا باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەکتێبە نوێیەکەیدا چەندین سەرکردەی جیهانی هەڵدەسەنگێنێت و دان بەوەدا دەنێت لەسەر هێڵێکی راست نەڕۆشتووە لەکاتی بەهاری عەرەبی بەوپێیەی هەوڵیداوە هاوسەنگی رابگرێت لەنێوان «بەرژەوەندییە ململانێکەرەکاندا». لەسێشەممەی رابردوو ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠،باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا یەکەمین ژیاننامەی خۆی بڵاوکردەوە کەدیدگایەکی نوێ دەبەخشێت و چەندین نهێنی گرنگ ئاشکرادەکات. ژیاننامەکە نزیکەی (٧١٠) لاپەڕەیەو لەمیانی دوو بەرگدایە، کەئەمە یەکەم بەرگەو بەناوی «بەهەشتی سەرزەمین» بڵاوکراوەتەوە، تێیدا باسی چەندین تەوەری گرنگ دەکات لەوانە بەهاری عەرەبی، بینینی سەرکردە جیهانییەکان، ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئوسامە بن لادن، هەروەها چەندین بابەتی تر. لەسەردەمی ئۆباما کە ماوەی (8) ساڵ سەرۆک بوو لە (٢٠٠٨-٢٠١٦)، رۆژهەڵاتی ناوەراست گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینی کەتێیدا بەهاری عەرەبی لە ٢٠١١دا روویدا. لەکتێبەکەیدا ئۆباما باس لەو رەخنانە دەکات رووبەڕووی بوونەوە لە ٢٠١١دا، کاتێک سوور بوو لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی حوسنی موبارەکی سەرۆکی ئەوکاتی میسر، بەڵام پێداگرییەکی کەمی کرد لەبەرامبەر بەحرەین کەخۆپشاندانەکانی سەرکوتکرد. «هیچ شێوازێکی جوانم پێ نییە بۆ روونکردنەوەی ئەو ناهاوئاهەنگییە دیارە، جگە لەوەی دان بەوەدا بنێم کە جیهان ئاڵۆز‌و شێواو بوو، کە لەئەنجامدانی سیاسەتی دەرەوەدا دەبوو بەبەردەوامی هاوسەنگی رابگرم لەنێوان بەرژەوندییە ململانێکەرەکاندا»، ئۆمابا وای نووسیوە. بەهاری عەرەبی زنجیرە خۆپیشاندانێک و شۆڕشی چەکداری بوو کە لەکۆتایی ٢٠١٠و سەرەتایی ٢٠١١ لەتونسەوە دەستیپێکرد دژی نادادی کۆمەڵایەتی و رژێمی سەرکەوتکەرو دواتر پەلی کێشا بۆ میسر، لیبیا، یەمەن و بەحرەین، هەروەها سوریا‌و بەهاتنە خوارەوەی سەرۆکەکانیان کۆتایی هات لەسەر حوکم جگە لەدوو وڵاتی کۆتایی. لەمیانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ موحەممەد بن زاید شازادەی جێنشینی دوبەی، ئۆباما دەڵێت «ئاگادارکراوەتەوە» لەوەی زۆر پاڵپشتی خۆپیشاندانە دیموکراسییەکانی بەهاری عەرەبی دەکات دوای ئەو وتارەی پێشکەشی کرد‌و داوای لەحوسنی موبارەک سەرۆکی ئەوکاتی میسر کرد دەستهەڵبگرێت لەسەرۆکایەتی و لەسەر حوکم بێتە خوارەوە. ئوباما نووسیویەتی «موحەمەد بن زاید پێی وتم ‹پەیامە گشتییەکە کار لەموبارەک ناکات، بەڵام کار لەهەرێمەکە دەکات›، ئەو پێشنیاری ئەوەی کرد ئەگەر میسر بڕووخێت و ئیخوان موسلیمین دەسەڵات بگرنەدەست، ئەوا هەشت سەرکردەی عەرەبی تر دەکەون هەر لەبەرئەوە بوو کە رەخنەی لەوتارەکەم گرت». «ئەو وتی ‹ئەمە وا پیشاندەدات ئەمریکا هاوبەشێک نییە ئێمە بتوانین لەماوەی درێژخایەندا پشتی پێ ببەستین»›. سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باس لەوەش دەکات دەنگی بن زاید «ئارام و ساردوسڕ بوو، قسەکانی داواکاری یارمەتی پێوە دیاربوو، وەک لەوەی ئاگادارکردنەوە بێت، هەرچییەک بەسەر موبارەکدا بهاتبا، یاسا‌و رێسا کۆنەکە نیازی ئەوەی نەبوو بەبێ شەڕ دەسەڵات بدات بەدەستەوە». کاتێک دێتە سەر باسی خۆپیشاندانەکانی بەحرەین، ئۆباما باس لەوە دەکات مەترسی تێکدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە، ئیمارات، بەحرەین وایکردووە نەتوانێت هەڵویستێکی توندی هەبێت. خۆپیشاندانەکانی بەحرەین لە ١٤ی شوباتی ٢٠١١ دەستیپێکردو تەنها دوای یەک مانگ بەحرەین داوای لەهێزی قەڵغانی نیمچە دوورگەی عەرەبی – هێزیکی هاوبەشی وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداوەو لەسعودیەو ئیمارات و چەند وڵاتێکی تر پێکدێت – کرد تادەستوەردان بکەن لەخۆپیشاندانەکان و بێنە ناو وڵاتەکەوە بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران. ئۆباما ئاماژە بەوە دەکات پەیوەندییە نزیکەکەی لەگەڵ حکومەتی بەحرەین وایدەکرد کەئەمریکا «بەنهێنی فشار» بکات بۆ چاکسازی «بەڵام دەسەڵاتدارانی بەحرەین خۆپیشاندانەکانیان بەدەستی دوژمنانیان دەبینی کەئێرانی لەپشت بێت و دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت». «لەدانیشتنەکاندا لەگەڵ سعودی و ئیماراتییەکان، رژێمی بەحرەین نیازیان وابوو کەزۆرمان لێبکەن تابڕیارێک بدەین، هەروەها هەموویان ئاگاداربوون لەوەی کاتێک بهاتابایە سەر باسی کردەی جددی، ئێمە نەماندەتوانی پێگە ستراتیجیەکەمان بخەینە مەترسییەوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتێکدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سێ وڵاتی کەنداو»، ئۆباما وای نووسیوە. یەکێکی تر لەتەوەرە گرنگەکانی کتێبەکەی باسکردنی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی ئوسامە بن لادنە کەدەڵێت جۆو بایدن جێگری پێشووی ئەوکاتی ئۆباما‌و سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئیستای ئەمریکا دژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بووە. لە ٢ی ئایاری ٢٠١١ ئۆسامە بن لادن سەرکردەی ئەلقاعیدە لەشاری ئابوت ئابادی پاکستان لەلایەن چەند هیزێکی تایبەتی ئەمریکییەوە کورژا لەئۆپەراسیۆنێکدا کە ناوی لێنرابوو «رمی نیپتۆن»، هەرچەندە بەتەواوی دڵنیانەبوون بن لادن لەو ماڵەدایە کەهێرشی بۆ دەکەن. ئۆباما سەبارەت بە بۆچوونی بایدن لەسەر هێرشەکە نووسیویەتی: «دژی پەلامارەکە بوو بەوپێیەی دەیوت؛ بە لەبەرچاوگرتنی لێکەوتە گەورەکانی شکستخواردن، پێمباشە هەموو بڕیارێک دوابخەم هەتا کۆمەڵگەی هەواڵگری زیاتر دڵنیادەبنەوە لەوەی بن لادن لەخانووەکەدایە». بابەتێکی تر لەکتێبە نوێیکەیدا، بینینی سەرکردە جیهانیەکانە بۆ یەکەمجارو دواتر هەڵسەنگاندنیانە دوای بینینیان لەوانە ڤلادمیر پوتن، رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەروەها بنیامین ناتانیاهۆ. ئۆباما لەبارەی ڤلادمیر پوتینەوە دەڵێت: «وەک بەڕێوەبەرێکی بەندیخانە وایە... پوتن بیری ئەو پیاوانەی خستمەوە کە (تامی هۆڵ)یان – پارتێکی سیاسییە لەناو پارتی دیموکراتەکان – بەڕێوەدەبرد، هەروەک ئەوان توند، زیرەکی شەقامەکان، کارەکتەرێکی بێ هەست و سۆز.... کە پلە و پۆست بەخشینەوە، بەرتیل، پارە کشانەوە، ساختەکاری، توندوتیژی جارجارە بەئامرازی یاسایی دەبینێت وەک بەشێک» لەکارەکەی. لەبارەی بینینی یەکەمجاری رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاوە، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت: «ئەو هەستە بەهێزەم بۆ دروستبوو کە پەیوەستبوونی بەدیموکراسی و یاساوە رەنگە تا ئەوکاتە بمێنێتەوە کەتەنها دەسەڵاتی خۆی بهێڵێتەوە». ئۆباما، کە لەماوەی سەرۆکایەتیدا پەیوەندییەکی خراپی هەبوو لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، باسی سەرکردە ئیسرائیلییەکە دەکات و دەڵێت: «تێڕوانینی بۆ خۆی وەک پارێزەری سەرەکی خەڵکی جولەکە دژی هەر ئافاتێک وایلێکردبوو پاساوی بۆ هەموو شتێک هەبێت کە لەدەسەڵاتدا بیهێڵیتەوە، هەروەها ئاشنای بەسیاسەت و میدیای ئەمریکا بڕوابوونێکی وای بۆ دروستکردبوو کە دەتوانێت دژی هەموو فشارێک بوەستێتەوە کە لەلایەن ئیدارەیەکی دیموکراتی وەک ئەوەی من بکرێتە سەری». رەنگە سەیرترین قسەی سەرکردەکان لەژیاننامەکەی ئۆبامادا قسەکەی شاعەبدوڵلا بن عەبدولعەزیز بێت، کە پاشای سعودیە بوو تا ٢٠١٥ دوا ئەوەی مرد، ئۆباما باسی ئێوارەخوانێک لەگەڵ شا دەکات کەقسەیان دەربارەی خێزانەکانیان کردووە. «شا پرسیاری لەتەندروستی خێزانەکەم کرد‌و منیش باسی ئەوەم کرد چۆن میشێڵ و کچەکانم خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ ژیان کردن لەکۆشکی سپی. ئەو باسی ئەوەی بۆ کردم (١٢) ژنی هەیە [راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باس لەوەدەکەن ژمارەکە (٣٠) ژنە] لەگەڵ (٤٠) منداڵ و دەیەها نەوەو نەوەی نەوە»، ئۆباما وای نووسیوە. «پێم وت: هیوادارم پێت ناخۆش نەبێت خاوەن شکۆ، بەڵام چۆن بەردەوام دەبیت (هەڵدەکەیت) لەگەڵ (١٢) ژن‌دا؟» «ئەویش پێی وتم ‹زۆر بەخراپی› لەکاتێکدا بەبێزارییەوە سەری دەلەقاند. ‹یەکێکیان هەمیشە حەسودی بەوی تر دەبات، هەڵکردن لەگەڵیان ئاڵۆزترە لەسیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست»›.
هاوڵاتى دۆخی سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتی ئێران بەقورسترین قۆناغی خۆی لە(40) ساڵی رابردوودا تێپەڕدەبێت و هەندێک بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دانیان بەوەدا ناوە کەدۆخی قەیراناویی ئێستای وەڵاتەکەیان هاوشێوەی جەنگی هەشت ساڵەیە لەگەڵ عێراق، ئەم دۆخە وایکردووە بەرپرسان و باڵە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران قەیرانەکانی ئێستا وەک هەلێک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر لەناوخۆی وڵاتەکەیان بەکاربهێنن و لەسایەیەوە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی وڵاتەکەیان ئامادەبکەن و تەنانەت بۆ ئەو مەبەستە حکومەت و پەرلەمانی وڵاتەکەیان لە دوو سەرۆکایەتی تەواوکارەوە بوونەتە دوو دامەزراوەی دوژمنکارو بەسەر باڵی ریفۆرمخواز‌و محافزکاردا دابەشکراوە. پەرلەمان لەدەستی محافزکاراندایە دامەزرانی پەرلەمان لەئێران میژووەکەی دەگەڕێتەەوە بۆ ساڵی (1906)، بەڵام پەرلەمانی سەردەمی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە کەساڵی (1980) و دوای دوو ساڵ لەڕووخانی سیستمی پاشایەتی لەساڵی (1978) دامەزرا، ناوی بە (ئەنجومەنی شورای ئیسلامی) گۆڕدراو بە (270) نوێنەری شار‌و شارۆچکەکانی ئێران دەستی بەیەکەم خولی خۆی کرد و بەپێی یاساکان هەر (10) ساڵ جارێک بەپێی دۆخی وڵاتەکەیان ژمارەی کورسییەکان زیاد دەکرێت و نابێت ئەو زیادکردنە لە (20) کورسی زیاتر بێت، لەئێستادا کە ئەو پەرلەمانە لەخولی یازدەیەمینی خۆیایەتی ژمارەی کورسییەکانی (290) کورسییە، کە لەو ژمارەیە (223) کورسیی بەدەست محافزکاران و (18) کورسی بەدەست ریفۆرمخوان و (38) کورسی بەدەست کەسانی سەربەخۆوەیەو بە پەرلەمانی محافزکاران ناوی دەهێنرێت و لەلایەن محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکایەتی دەکرێت کەپێشتر رکابەرێکی سەرەکیی حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران بوو. پەرلەمان و حکومەت لەهاوکارییەوە بۆ دوژمنکاریی بودجە و قەیرانی دارایی و کۆرۆنا سێ ئامرازی ململانێی پەرلەمان و حکومەتن لەئێراندا، بۆیە لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناو دەستبەکاربوونی پەرلەمانی نوێی ئێران سەرۆکی پەرلەمان بە رەخنەگرتن لەحکومەت بەبێ ترس لەکۆرۆنا، رۆژانە راستەوخۆ دەچووە ناو ئاپۆرای خەڵکەوەو دەیوت بەرپرسانی حکومەت ئامادە نین لەنزیکەوە خەڵک ببینن و لەکێشەکانیان و نەبوونی بژێوییان بکۆڵنەوە، لەوەڵامدا حکومەت هێرشی توندنی کردەسەر محەمەد باقر قاڵیباف کە پێشێلی رێوشوێنە تەندروستییەکانی کردووەو بووەتە مایەی پەکخستنی یەک مانگی کۆبوونەوەکانی سێ سەرۆکایەتی لەئێران و ئەمەش بووە هەوێنی پەرەسەندنی ململانێکانی حکومەت و پەرلەمان و قاڵیباف وتی هۆکاری سەرەکیی قەیرانە داراییەکانی وڵاتەکەی حکومەت و بانکی ناوەندییەو حکومەت سزاکانی ئەمەریکا بەهۆکاری دۆخی خراپیی ئابوریی وەک پاساوو بیانو بەکاردەهێنێت. لەبەرامبەردا حەسەن رۆحانی و جێگرەکەی وەک وەڵامێک بۆ قاڵیباف رایانگەیاند؛ ئەوانەی شارەزاییان لەئابورییدا نییە، با دەستوەردان لەکاری حکومەتدا نەکەن و هاوکات بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی لەنامەیەکدا داوای لەقاڵیباف کرد بانکی ناوەندیی پەلکێشی ململانێی سیاسی و باڵەکان نەکات. بژێوی وەک کارتی محافزکاران و ریفۆرمخوازان حکومەت لەماوەی رابردوودا پلانێکی پەرلەمانی بۆ گەڕانەوەی سیستمی بەشە خۆراک رەتکردەوە، بەڵام لەبەرامبەردا دەیەوێت پلانێکی خۆی جێبەجێ بکرێت، کە مانگانە (100) هەزار تمەن کە دەکاتە نزیکەی چوار دۆلار بۆ (60) ملیۆن کەس لەماوەی چوار مانگدا تەرخان بکرێت، ئەمەش وایکرد کاردانەوەی توندی باڵی محافزکار بەدوای خۆیدا بێنێت و رۆژنامەی (جەوان) کە سەر بەمحافزکارانە نووسیویەتی (پلانی پەرلەمان حکومەتی ناچار بەپشتیوانیی لەخەڵک کرد) چونکە سەرۆک کۆمار‌و جێگرەکەی کەپێشتر پلانی پەرلەمانیان بۆ دابینکردنی بژێوی رەتدەکردەوە، لەپلانێکی خۆیاندا ئێستا دەیانەوێت لەماوەی چوار مانگدا، مانگانە (100) هەزار تمەن وەک یارمەتیی دارایی بەخەڵک بدەن، ئەمەش ئاماژەیە کە ئەوان دەیانەوێت هەموو یارمەتییەک و پشتیوانییەک بۆ دابینکردنی بژێویی خەڵکی ئێران بەناوی حکومەتەوە بێت نەوەک پەرلەمان. لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی (ئافتابێ یەزد) کەنزیکە لەڕیفۆرمخوازانەوە وتارێکی بە ناونیشانی (شەڕی چەپ و راست لەسەر سفرەی خەڵک) بڵاوکردووتەوەو نووسیویەتی: لەدۆخی ئێستای کۆمەڵگەی ئێران‌دا کەمترین سەرنج بۆ سەر باڵی محافزکارو ریفۆرمخواز هەیەو خەڵک مەیلی بۆ ئەو دوو لایەنە نەماوە، بەڵام ململانێکانیان لەڕاگەیاندن و میدیاکانیانەوە گەیشتووەتە جەنگی نێوان پەرلەمان و حکومەت و ئەم دوو دامەزراوەیە بەسەر دوو باڵی محافزکارو ریفۆرمخوازدا دابەش بووەو لەوێوە هێرشی توند دەکەنە سەر یەک و پلان و پڕۆژە یاساکان رەتدەکرێنەوەو هەردوو لایەن دەیانەوێت بەبیانوی دابینکردنی پێداویستی و خۆراک و پارە بۆ بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئێران پێگەی خۆیان لەهەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک کۆماریی (2021) لەوڵاتەکەدا بەهێزبکەن، ئەویش بەیارییکردن بەسفرەی خەڵکێک کە ئەو پرۆژەو پلانانە مافی خۆیانە. حکومەت بەپشتیوانیی ریفۆرمخوازان حکومەتی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەلایەن حەسەن رۆحانی سەرۆکایەتیی دەکرێت و بەحکومەتی خولی دوانزەیەم دەناسرێت، خاوەنی (19) وەزارەتەو تەنانەت رۆحانی سەر بەباڵی ریفۆرمخوازان نییە و لەو کەسایەتییانەی ناو کۆماری ئیسلامی لەقەڵەم دەدرێت کەتەکنۆکراتن و بەمیانڕەو ناسراون و سەر بەهیچ یەک لە دوو باڵی محافزکارو ریفۆرمخواز نین، بەڵام هەندێکجار پشتیوانیی یەکێک لەو دوو لایەنە بەدەستدەهێنن و رۆحانی کە لەلایەن ریفۆرمخوازانەوە پشتیوانیی کرا، توانی لەساڵی (2013) تا (2021) بۆ دوو خوڵی چوار ساڵە پۆستی سەرۆک کۆماریی بەدەستەوە بگرێت و سەرۆکایەتی حکومەتی یانزەیەم و دوانزەیەم بکات کە زیاتر لەشەش مانگی ماوە بۆ کۆتایی هاتنی. سەرۆکی حکومەت بەناونیشانی سەرۆک کۆمار، راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردێت و ئەو وەزیرەکان دەستنیشان دەکات و پەرلەمان متمانەیان پێدەبەخشێت و ئەرکی سەرەکیی حکومەت بریتییە لەبەڕێوەبردن، داڕشتنی سیاسەتی گشتی و چاودێریی کاروباری ئابوریی و دارایی، پەروەردە و خوێندنی باڵا‌و تووێژینەوەکان، پەیوەندییەکانی دەرەوە، تەندروستی و دەرمان، کشتوکاڵ و پیشەسازیی، ئاسایش و دابینکردنی پێداویستییەکانی جەنگ و پابەندبوون بەپەرلەمان و دەزگای دادوەریی و ئەنجومەنی چاودێریی بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. بەپێی پلەبەندییەکان سەرۆک کۆمار لەئێران دوای رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بەدووەم کەسی گرنگی وڵات لەقەڵەم دەدرێت، لەکاتێکدا دەسەڵاتی تەواوەتی بەسەر (سیاسەتی دەرەوە، هێزە چەکدارەکان، سیاسەتی ئەتۆمیی)دا نییەو ئەو سێ پرسە سەرەکییە لەلایەن رێبەری کۆماری ئیسلامییەوە یەکلایی دەکرێتەوە کە لەئێستادا عەلی خامنەیی ئەو پۆستەی بەدەستەوەیە، کەئەویش بە رێبەرێکی محافزکار لەقەڵەمدەدرێت. مێژووی ململانێی محافزکارو ریفۆرمخوازدا کۆماری ئیسلامی لەساڵی (1978) بەدروشمی نا بۆ رۆژهەڵات نا بۆ رۆژئاوا، بەڵێ بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دوای رووخانی سیستمی پاشایەتی لەئێران کۆڵەکەو بناغەی کۆمارێکی بەناو ئیسلامی دامەزراند لەئێستادا بەسەر باڵی ریفۆرمخواز‌و محافزکاردا دابەشبووەو باڵی ریفۆرمخواز کە لەلایەن محەمەد خاتەمی، پێشەنگایەتیی دەکرێت (16) ساڵ پێش ئێستای لەدوو خوڵی چوار ساڵەدا سەرۆک کۆماری ئێران بوو، بەڵام لەئێستادا هەموو چالاکییەکی میدیایی و رێکخراوەیی لێ قەدەغەکراوە، جگە لەوەش زۆربەی سەرکردەو پێشەنگەکانی ریفۆرمخوزان لەچوارچێوەی سەرکوتی بزووتنەوەی سەوزدا لەزیندانن و یان لەماڵەکانیاندا دەستبەسەرکراون، لەبەرامبەردا باڵی محافزکاران کەخۆیان بەخاوەن و پابەندی بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانن و لەسەر رێبازی (روحەڵڵا خومەینی) دامەزرێنەرو رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هەنگاو دەنێن و دوای مەرگی خومەینی ئەوان (عەلی خامنەیی)، رێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی و یەکێک لەدامەزرێنەرانی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی بەپێشەنگ و سەرۆکی خۆیان دەزانن. لاوازبوونی پێگەی جەماوەریی ریفۆرمخوازان ریفرمخوازان هەمیشە پشتیان بەدەنگی جەماوەر بەستووە، بەڵام لەهەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی پەرلەمانی ئێران دەرکەوت کەجەماوەرەکەیان بڕوای بەسندوقەکانی دەنگدان و بەڵێنەکانی ریفۆرمخوازان نەماوەو کەمترین بەشدارییان لەهەڵبژاردنەکاندا کرد‌و ئەمەش بووەهۆی سەرکەوتنی محافزکاران و پەرلەمانی ئێران بەتەواوەتی رادەستی محافزکاران کراو ریفۆرمخوازان توانییان تەنها (18) کورسیی لەکۆی (290) کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن، لەکاتێکدا ریفۆرمخوازان لەساڵی (1999) توانییان (90%)ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و ببنە خاوەنی زیاترین کورسیی پەرلەمانی خولی شەشەم لەئێران و دوای ئەو خولە بە بەردەوام دەنگەکانیان رووی لەدابەزین کرد تاهەڵبژاردنەکانی ساڵی (2013)ی خولی یانزەیەمی سەرۆک کۆماریی لەوڵاتەکەیان کەپشتیوانیان لە حەسەن رۆحانی کرد‌و توانییان زیاتر لە (18) ملیۆن دەنگ کۆبکەنەوەو رۆحانی بە بەدەستهێنانی (50.7%) بووە سەرۆک کۆماری پسندکراوی ریفۆرمخوازان و لەساڵی (2017) جارێکی دیکە بەپشتیوانیی ریفۆرمخوازان توانی (23) ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنێت و بەوەش رێژەی دەنگەکانی گەیشتە (57%)ی کۆی دەنگەکان و جارێکی دیکە بووە سەرۆک کۆمار لەوڵاتەکەی و ریفۆرمخوازان بوونە خاوەنی خولی دوانزەیەمی سەرۆک کۆماریی لەوڵاتەکەیان. بەسەرنجدانێک لەڕێژەی دەنگی ریفۆرمخوازان لەپەرلەمان و سەرۆک کۆماریی ئێران، دەردەکەوێت زیاترین پاشەکشێی دەنگی ئەو لایەنە لەپەرلەمانی وڵاتەکەیان بووە و دەکرێت بووترێت ریفۆرمخوازان پەرلەمانیان لەدەستداوەو تەنها چاویان لە بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماریی وڵاتەکەیانە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت هەڵبژاردنەکانی داهاتوو رێژەی دەنگدان کەم بکات و ئەمە زیانی راستەوخۆی بۆ پێگەی ریفۆرمخوازان هەیە، چونکە ئەوە سەلمێنراوە تا رێژەی بەشداریی جەماوەر زیاتر بێت، دەنگی ریفۆرمخوازان زیاتر دەبێت و بەپێچەوانەشەوە لەگەڵ دابەزینی بەشداریی خەڵک، دەنگی ئەو لایەنە کەمدەکات. محافزکاران گرەو لەسەر بەشداریی کەمی خەڵک دەکەن ئاستی بەشداریی خەڵک لەهەڵبژاردنەکانی خولی یانزەیەمی پەرلەمانی ئێران لەساڵی (2020) گەیشتە (42.5%) و زیاتر لە (24) ملیۆن و (500) هەزار کەس لەکۆی (58) ملیۆن کەس چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و هەر ئەو ئاستە کەمە لەچوونی خەڵک بۆ دەنگدان بووە مایەی سەرکەوتنی گەورەی محافزکاران، بۆیە ئەمە وایکردووە کەشارەزایان و چاودێرانی سیاسیی پێیانوابێت لەئەگەری بەشداریی کەمی خەڵک لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران لەساڵی (2021)، محافزکاران جارێکی دیکە سەرکەوتن بەدەستبهێنن. هاوکات رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) کە سەر بەحکومەت و نزیک لە ریفۆرمخوازانە، بەناونیشانی (حکومەتیشیان دەوێت) نووسیویەتی: رۆژنامەو میدیاکانی سەر بەباڵی محافزکاران لەئێران بەبەردەوامی پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە دەیانەوێت سەرۆک کۆمارێکی سەربازیی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کاندید بکەن و مەبەستیان لەم کارەیان، بەشداریی نەکردنی خەڵکە لەهەڵبژاردنەکان و بێهیواکردنی باڵی ریفۆرمخوازانە، لەکاتێکدا مێژووی وڵاتەکە سەلماندوویەتی کەسانی سەربازیی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی نەگونجاون و لە (40) ساڵی رابردووش‌دا هیچ فەرماندەیەکی سەربازیی نەیتوانیوە لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لەئێران سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی (ئیبتیکار) کەنزیکە لە ریفۆرمخوازانەوە بەناونیشانی (لەناوچوونی جینات و نەوەی حزبە سیاسییەکان لەئێران) نووسیویەتی: کەشی هەڵبژاردن باڵی بەسەر ئێران‌دا کێشاوە کەئەم دۆخە زیاتر لەلایەن میدیا‌و حزبە سیاسییەکانەوە خوڵقاوەو رەنگە ئاستی بەشداریی خەڵک لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لەساڵی داهاتوودا لەژێر گومان و وەهمدا بێت، بەڵام بازاڕی گومان و پێشبینییەکان هەر گەرمەو محافزکاران خۆیان بەبراوەی ئەو هەڵبژاردنانە دەزانن، چونکە پەرلەمانیان بەهۆی بەشداریی کەمی خەڵکەوە بردەوەو لەلایەکی دیکە زۆربەی شیکەرەوەو شارەزایانی سیاسی پێیانوایە چیتر هەڵبژاردنەکانی ئێران ئاستی زۆری بەشداریی خەڵک بەخۆیانەوە نابینن، بۆیە ریفۆرمخوازان تەنها کاتی خۆیان بەفیڕۆدەدەن، چونکە بەئەگەری بەهێز محافزکاران سەرکەوتن بەدەستبهێنن و دانوستان و رێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر دەستی ئەوان رووبدات. چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە ریفۆرمخوازان نەیانتوانیوە کادری سیاسی پێبگەیەنن و ئەمە وادەکات ئەو لایەنە نەوەی نوێی سیاسیی نەبێت و هاوکات بەهۆی رەفتارو هەڵسوکەوتە نەگونجاوەکانی محافزکارانیش دەتوانرێت بووترێت ئەوانیش گۆڕانکاریی لەجیناتیاندا روویداوە. رێککەوتنی ئەتۆمیی و بایدن خاڵی سەرکەوتنی ریفۆرمخوازان حەسەن رۆحانی ساڵی (2013) بەهۆی بەڵێنی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی توانی لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و دواتریش بەبەڵێنی پابەندبوون بە رێککەوتنەکە توانی لەساڵی (2017) جارێکی دیکە پۆستەکەی مسۆگەر بکاتەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەکشانەوەی لەو رێککەوتنە بووەهۆی لاوازبونی پێگەی رۆحانی لەئێران، بۆیە دوای سەرکەوتنی جۆو بایدن وەک سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، رۆحانی وتی: هیچ هەلێک بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی لەدەستنادەین و هەموو هەوڵێک بۆ بەئەنجامگەیاندنی رێککەوتنەکە دەدەن، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی رۆحانی هەموو هێلکەکانی کردووەتەوە سەبەتەی رێککەوتنی ئەتۆمییەوەو دەیەوێت بەگەڕانەوە بەو رێککەوتنە پێگەی خۆی لەحکومەتی داهاتوودا بەهێز بکاتەوەو بەم وتانە هیوا بۆ ریفۆرمخوازان بگەڕێنێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە محەمەد جەواد زەریف کە بەکەسایەتییەکی میانڕەوو نزیک لە ریفۆرمخوازان ئەژمار دەکرێت، هەمان ئەو وتانەی رۆحانی بەشێوازێکی دیپلۆماسیی بڵاوکردووەتەوەو چاودێرانی سیاسیی ئێرانیش گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا وەک هیواو کارتێکی ریفۆرمخوازان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لەئێران دەبینن، کە تەنانەت پێشبینی ئەوە کراوە ئەو لایەنە محەمەد جەواد زەریف وەک کاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری دیاری بکەن. سیناریۆو نواندنی ریفۆرمخواز‌و محافزکار محەمەد غەرەزی، یەکێک لەبەرپرسە باڵاکانی پێشوی کۆماری ئیسلامی ئێران وتوویەتی نزیکەی پێنج هەزار کوڕ‌و کچی بەرپرسانی ئێران لەئەمەریکا دەژین و بەرژەوەندییەکانی وڵات بەسەریاندا دابەشدەکرێت و مەینەتییەکانیش بەسەر خەڵکی وڵاتەکەدا. ئەو بەرپرسە کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەسەردەمی جەنگی ئێران و عێراق وەزیر بووە بەیەکێک لەکەسە نزیکەکانی (روحەڵڵا خومەینی) دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی لەئێران لەقەڵەمدەدرێت وتوویەتی: لەڕاستیدا ئەو ناکۆکی و ململانێیانەی کەئێستا لەنێوان محافزکاران و ریفۆرمخوازاندا هەیە رواڵەتییەو لەژێرەوە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکە بەسەر یەکترو کوڕ‌و کچەکانیان لەدەرەوەی وڵات‌دا دابەشدەکەن و ئەوەی هەیە بەڕواڵەت ناکۆکییە.
