ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود فۆتۆ: سامان مەجید ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لەبەغدا کەبانگەشەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەن بۆسەر بەغدا، تۆمەتباردەکرێن بە «ختووکەدانی ئازارەکانی مووچەخۆران» بەمەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چونکە هەوڵەکەیان پاڵپشتی یاسایی نییە، ئەوەش بەبڕوای لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و شارەزایانی یاسایی. ماوەی چەند مانگێکە هەوڵێک هەیە لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی کوردەوە لەبەغدا کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر حکومەتی عێراق، ئەوەش لەسەر داواکاری فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازیی بوو کە بەیاداشتیک دابوویانە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق و دواتر لەناو پەرلەمانتاراندا (138) ئیمزا بۆ پاڵپشتی کۆکرایەوە. گروپێک بەناوی (کەمپینی واژۆ بۆ گوستنەوەی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران) خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن لەسەر ئەو هەوڵەو دەڵێن «شەرەفی» بنیاتنانی بەردی بناغەی بڕۆژەکە بەر ئەوان دەکەوێت و مژدەی ئەوە دەدەن کەپرۆژەکەیان خەریکە دەگاتە ئەنجام، بەڵام لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و شارەزایانی دەستوور باس لەگرفتە یاساییەکانی هەوڵەکە دەکەن و هەندێکیشیان پەرلەمانتارانی پاڵپشتیکاری پڕۆژەکە تۆمەتباردەکەن بەهەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کەبڕیارە لەحوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت. دڵشاد عەبدولڕەحمان، سیاسەتمەدارو وەزیری پێشووتری پەروەردە لەهەرێمی کوردستان وتی «بەداخەوە هەندێک لەپەرلەمانتارانی کورد دەیانەوێت مووچەی فەرمانبەران بکەنە توێشوو بۆ وەرگرتنی پۆست لەپەرلەمانی عێراق و هەروەها دەیانەوێت بانگەشەیەک بکەن بۆ هەڵبژاردنیان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان و ئەوەش بێویژدانییەو ختووکەدانی ئازارەکانی مووچەخۆرانە، بۆیە پەرلەمانتارانیش دەزانن کە سەرناگرێت.» وتیشی «تەنها رێگە بۆ گەڕانەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، فشار خستنەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا.» هەریەکە لەپەرلەمانتاران غالب محەمەد، رێبوار کەریم ، ئەحمەد حاجی رەشید، سەرکەوت شەمسەدین رایانگەیاند بە هاوبەشی هاورێکانیان لەکوتلە جیاوازەکانی عێراق توانیمان گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران پشتیوانی زۆرینەی هەرە زۆری فراکسیۆنە عێراقییەکانی بۆ بەدەستبهێنین و بەیاسا دەچەسپێنرێت لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان». بەهار مەحمود، پەڕلەمانتاری لیژنەی یاسایی لەلێدوانێکیدا بە ھاوڵاتی وت «هەوڵی چەند پەرلەمانتارێکی هاوڕێمان بەرز دەنرخێنین، ئەوان بەنیەتی باش ئەو هەوڵەدەدەن، بۆ ئەوەی قازانج بەموچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگەیەندرێت، بەڵام لەڕووی دەستورییەوە بەپێی ماددەی (١٢١ و ١١٧)ی دەستور سێ دەسەڵاتەکەی هەرێمی کوردستان دانیان پێدانراوە». وتیشی « لەڕووی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نیە بڕیاری لەو شێوەیە دەربکات بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەت، چونکە لەیاسای بودجەشدا پەرلەمان دەسەڵاتی زیادکردنی بودجەی نیە، بەڵکو تەنها توانای گواستنەوەی هەیە لەنێوان فەسڵ و ماددەکاندا، هەر پڕۆژە یاسایەک کەپاڵپشتی دارایی بوێت، دەبێت پەرلەمان پرس بەحکومەت بکات، یان پڕۆژەکە خۆی لەحکومەتەوە هاتبێت یان پەرلەمان رای حکومەت وەربگرێت و حکومەت رازی بێت.» بەهار مەحمود هەروەها وتی «بەڕای من حکومەت رازی نابێت، بەبێ رادەستکردنی داهاتەکانی هەرێم... بڕواناکەم هەوڵێکی لەم جۆرە ئەنجامی هەبێت». ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی یاسایی باشترین چارەسەر بەوە دەزانێت کە فشار بخرێتەسەر حکومەتی هەرێم کە پابەندبێت بەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ئەوەی لەبودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا بچەسپێنین. یاسای کورتهێنانی بودجە کە رێگە دەدات حکومەتی عێراق قەرزبکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە لە 12ی ئەم مانگەدا لە پەرلەمانی عێراق بەبێ کورد دەنگی لەسەر درا، یاساکە هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە رادەستکردنی نەوت، ئەوەش کیشەیەکی چەند ساڵەی نیوان هەردوولایەو چارەسەر نەکراوە. ئەو پەرلەمانتارانەی کە واژۆیان کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگوازرێتەوە سەر بەغدا، دەڵێن هەرێم ئامادە نیە لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت بۆیە ئەو بژاردەیەیان پی باشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغداوە بێت. چەند پەرلەمانتارێکی کورد کە پاڵپشتی پڕۆژەکە دەکەن دەڵێن تائێستا (١٣٨) هەزار ئیمزایان کۆکردۆتەوەو بەردەوامیش دەبن تاهەوڵەکەیان دەکرێتە یاسا. رێبوار کەریم، پەرلەمانتاری عێراق یەکێکە لەپاڵپشتیکارانی پڕۆژەکە، لەلێدوانێکیدا بە ھاوڵاتی وت «ئێمە ئیمزای پێویستمان بەزیادەوە بۆ کۆکردۆتەوە ئاڕاستەی لیژنەی تایبەتمەند کراوە بۆ ئەوەی بکرێت بەبڕیارو بەیاسا یەکێک بێت لەڕێگە چارەسەرەکانی مووچەی فەرمانبەران». وتیشی « ئێمە کارێک دەکەین بەغدا دان بەهەموو مووچەخۆرانی هەرێمدا بنێت، تائێستا خۆشبەختانە رێگریی گەورە نیە، ئێمە دەمانەوێت رێگرییەکان لابەرین، ئەگەرهاتوو سەربگرێت لەساڵی داهاتووەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخرێتەسەر عێراق.» بەڵام بەبڕوای شارەزایانی یاسایی هەوڵی ئەو پەرلەمانتارانە یاسایی نیەو پێیانوایە کە گەشبینیدان بە فەرمانبەران دەبێتەهۆی نائومێدکردنیان، لەدواجاردا کاتێک کە دەبینن پڕۆژەکە سەرناگرێت. حاکم شێخ لەتیف پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و شارەزای دەستوورو یاسا وتی «بۆ ئەوەی مووچەخۆران دڵخۆش نەکرێن و دواتریش تووشی نائومێدی زیاتر نەکرێنەوە، سەرەتا دەبێ ئەوە بزانن کە پەرلەمان دەسەڵاتی بڕیاردانی خەرجکردنی پارەی نیەو ناتوانێ هیچ بڕە خەرجیەکی ئیزافی بەدەر لەوەی لەو بودجەیەی بڕیاری لەسەردراوە، زیاد بکات یان حکومەت ناچار بکات بەو خەرجییە». وتیشی «هەر جۆرە خەرجیەکی زیادە دەبێ پرۆژەکە لەڕێی حوکمەتەوە پێشکەش بکرێ یان بە رەزامەندی حکومەت بێت، ئەگەرنا پابەندی بۆ حکومەت دروست ناکات». ئەگەرچی پەرلەمانتارە کوردکان دەڵێن هەوڵەکەیان دەکەن بەیاسا، بەڵام حاکم شێخ لەتیف وتی «ئەگەر بەیاساش دەربچێت بێ رەزامەندی حکومەت هیچ بەهای نابێ و دەتوانێ پابەند نەبێت پێوەی، چونکە لەدەسەڵاتی پەرلەمان نیە». وتیشی «پەرلەمانی عێراق بێ رەزامەندی حکومەت لەم بابەتەدا تەنها یەک دەسەڵاتی هەیە، ئەویش ئەوەیە بەدەرکردنی بڕیارێکی نامولزەم بۆ حکومەتی عێراق کە لەچوارچێوەی یاسای بودجەو ئیدارەی مالی چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە، هەر ئەوەندەو زیاتر نا». لەگەڵ ئەوەی شارەزایانی یاسایی دەڵێن هەوڵەکە سەرناگرێت بەڵام گروپێک بەناوی ‹ کەمپینی واژۆ بۆ گوستنەوەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران، خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن و دەڵێن پڕۆژەکەیان خەریکە دەگاتە ئەنجام. پێش ئەوەی پڕۆژەکە بچێتە پەرلەمانی عێراق ئەم گروپە ئیمزایان کۆکردۆتەوە. بەپێی راگەیەنراوێکی گروپەکە کەدوێنێ یەکشەممە بڵاویان کردەوە، دەڵێن «ئەو پرۆژەیەی ئێمە شەرەفی بنیاتنانی بەردی بنەغەکەیمان پێدەبڕێت خەریکە دەگاتە ئەنجام». گروپەکە لە ١٣/٥/٢٠٢٠ کەمپینی واژۆ کۆکردنەوەیان دەستپێکردو دەڵێن توانیویانە زیاتر لە (١٥٧) هەزار واژۆ کۆبکەنەوە لەسەرجەم شار‌و شارۆچکەکانی کوردستان بۆ پشتگیریی پرۆژەکە. گروپەکە لەو راگەیەندراوەدا دەڵێن «ئەوانەی پشتیوانی‌یان لەسەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە کردووە، لە دهاتوودا حەق وایە ناویان بەزێڕ بنووسرێتەوە، چونکە لەوەتەی حکومەتی عێراق دروست بووەتەوە دوای رژێمی سەدام ، هیچ پرۆژەیەک هێندەی ئەم پرۆژەیە خزمەت بەخەڵک و فەرمانبەرانی هەرێم ناکات». بەڵام عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان و بەرپرسی پێشووی ژووری ئابوری بزووتنەوەی گۆڕان بەدووری دەزانێت هەوڵەکە سەربگرێت و دەڵێت ئەوەی ئەو باسی دەکات رەنگە بە خواستی زۆرینەی مووچەخۆران نەبێت، بەڵام پێیوایە ئەوە «واقیعە». عەلی حەمەساڵح وتی «تاوەکو ئەم ساتە کازمی باشترین دۆستی پارتی و یەکێتیە، نەک هەڵوێستێکی وا؛ ئامادەنیە لێدوانێکیش بدات دژی گەندەڵی بەرپرسانی هەرێم، چ جای بیەوێت دەسەڵاتیان لێوەربگرێت». وتیشی «تاوەکو ئەم ساتە کازمی تەنیا نمایش دەکات، بپرسن دوای چوونی بۆ باشماخ و ئیبراهیم خەلیل چی روویدا؟ گەندەڵی و قاچاخی زیادی کرد». ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان داوای رێگەچارەیەکی تر دەکات، ئەویش ئەوەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گەرەنتی بکرێت لەبودجەی ٢٠٢١ و لەبەرامبەریشدا هەرێم ئامادەبێت (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی لێوەربگیرێت و ٥٠٪ ی داهاتە فیدڕاڵییەکان بدات». عەلی حەمە ساڵح وتی «ئەمریکاو هێزە نێودەوڵەتیەکانیش لەگەڵ ئەم بژاردەیەن.» هەروەها وتی «پاشان با هەڵمەتێکی گەورە دژی ئەم قاچاخچێتی و گەندەڵییەی ناوخۆ بەرپابکەین، من خۆم بەهەموو توانام بۆ ئەم ئامانجە کاردەکەم».
سازدانى: ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌ڵێت له‌ناو کۆبوونه‌وه‌کانى سه‌رکردایه‌تى باسى کۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى نێوان (یه‌کێتى، پارتى، گۆڕان) کراوه‌و کارنامه‌ى خۆیان ئاماده‌کردووه که لامه‌رکه‌زى یه‌کێکه له‌خاڵه‌کانى گفتوگۆکانیان. زوبێر عوسمان، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ھاوڵاتی ده‌ڵێت: «بۆ پرسى لامه‌رکه‌زى سه‌قفى زه‌مه‌نیمان تاکۆتایى ساڵ داناوه‌و دواى ئه‌وه بڕیارى دیکه‌مان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى و خۆشگوزه‌رانى خه‌ڵکدا ده‌بێت». ناوبراو ئاماژه به‌وه‌ده‌دات که« حزبه‌که‌م پلانى هه‌یه بۆ دۆخى ئێستاى هه‌رێم و ئه‌و قه‌یرانانه‌ى رووبه‌ڕوومان بوونه‌ته‌وه، چ بۆ پرسى لامه‌رکه‌زى به‌رنامه‌ى جددى و ره‌یسى و ستراتیژیمان هه‌یه، چ بۆ چاره‌سه‌رى کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا، چ بۆ ئه‌و ته‌راکوماته‌ى له‌ناوخۆى هه‌رێم دروست بووه بۆ به‌ڕێوه‌بردنى حکومڕانییه‌کى ته‌ندروست و دروست بۆ ئه‌وه‌ى لێکتێگه‌شتنى هاوبه‌ش دروست ببێت». ھاوڵاتی: کۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى نێوان یه‌کێتى و پارتى و گۆڕان له‌سه‌ر پرسى لامه‌رکه‌زى و حوکمڕانى هه‌رێم که‌ى ئه‌نجامده‌درێت؟ زوبێر عوسمان: سه‌باره‌ت به‌کات و شوێن و ماوه‌ى کۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى، من په‌یوه‌دیدار نیم به‌کاروبارى په‌یوه‌ندییه‌کان، ئه‌و پرسه په‌یوه‌سته به‌مه‌کته‌بى په‌یوه‌ندییه کوردستانییه‌کان. ھاوڵاتی: له‌ناو سه‌رکردایه‌تى گفتوگۆ کراوه له‌سه‌ر کۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى؟ زوبێر عوسمان: به‌دڵنیایییه‌وه باسى ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه کراوه، بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه دراوه که‌کۆبوونه‌وه‌کان به‌رده‌وام بن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رچه‌یه‌ک بدۆزرێته‌وه بۆ ئه‌وه، یه‌کێتى هەموو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ ئه‌و قۆناغه‌ى ئێستا تێى که‌وتووین، له‌گه‌ڵ لایه‌نه کوردستانیه‌کان به‌تایبه‌ت بۆ پرسى لامه‌رکه‌زی، به‌ڵام سه‌باره‌ت بەکات و شوێن و ورده‌کاریه‌که‌ی، زیاتر بۆ هه‌ڤاڵانى تر‌و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار، چونکه ئێمه ئێستا له‌مه‌ڵبه‌نده‌کانین ئه‌و به‌شه‌یان په‌یوه‌ندى بەبه‌شى کوردستانى و مه‌کته‌بى په‌یوه‌ندییه‌کانه‌وه هه‌یه. ھاوڵاتی: لامه‌رکه‌زى تاچه‌ند پێویسته جێبه‌جێبکرێت، له‌کاتێکدا زۆرجار کێشه دروست بووه له‌ئیداره‌ى پارێزگاکان و حکومه‌تى ناوه‌ندى له‌هه‌ولێر، ئایا سه‌قفێکى زه‌مه‌نى داده‌نرێت بۆ ئه‌مه؟ زوبێر عوسمان: به‌دڵنیاییه‌وه لایه‌نه سیاسییه‌کان که ئێستا پێکهێنه‌رى حکومه‌تن، به‌تایبه‌ت ئه‌و سێ لایه‌نه‌ى که‌باسى ده‌که‌یت، به‌و پێیه‌ى کابینه‌ى نۆ ئه‌و سێ لایه‌نه پێکیان هێناوه، بۆیه گرنگه کۆبوونه‌وه‌کان به‌رده‌وام بن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ى که هه‌یه‌و بابه‌تى گه‌رمن باس ده‌کرێن و به‌تێگه‌یشنى هاوبه‌ش و کارى پێکه‌وه‌یى و بتوانن زیاتر بۆ هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ى که‌ئێستا به‌رۆکى خه‌ڵکى گرتووه، به‌یه‌که‌وه بڕیار بده‌ن و چى له‌به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى کوردستانه ئه‌وه جێبه‌جێ بکه‌ن، یه‌کێتى کۆمه‌ڵێک به‌رنامه‌ى هه‌یه چ بۆ پرسى لامه‌رکه‌زى و چ کارنامه‌ى تر‌ى هه‌یه بۆ واقعى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌و کارنامانه لیژنه‌ى بۆ ته‌رخانکراوه‌و دواتر بۆ کۆبوونه‌وه هاوبه‌شه‌کان ئاماده ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ى جێبه‌جێ بکرێت. ھاوڵاتی: گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتى و گۆڕانیش کراوه، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش لیژنه دروستبکه‌ن بۆ کارنامه؟ زوبێر عوسمان: نا مه‌رج نیه، یه‌کێتى کارنامه‌ى خۆى بۆ ئه‌و پرسه گه‌رم و گرنگانه‌ى که‌ئێستا ده‌گوزه‌رێن و یه‌کێتى کارنامه‌ى خۆى ئاماده ده‌کات و به‌ڵکو لایه‌نه‌کانى دیکه‌ش ئاماده‌یان کردبێت. ھاوڵاتی: ئه‌و ده‌رچه‌یه بۆ پرسى لامه‌رکه‌زییه یان بۆ ئه‌و پرسه که‌ڵه‌که‌بووانه‌یه که هه‌یه له‌نێوان ئه‌و سێ لایه‌نه‌دا له‌پرسى حوکمڕانى هه‌رێمدا؟ زوبێر عوسمان: ئێمه هه‌موومان ده‌زانین ڤایرۆسى کۆرۆنا جیهانییه‌و هه‌موو جیهانى تێدا زه‌ره‌رمه‌نده، جگه له‌چه‌ند ده‌وڵه‌تێک به‌نموونه چین که زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بوون، ئه‌گینا له‌ئه‌مریکاوه تا هه‌موو شوێنێک، که‌عێراق و هه‌رێمى کوردستانیش به‌و بێ پلانییه که‌هه‌یانه، بێگومان خه‌سارمه‌ندێکى گه‌وره‌ییه، له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت تۆ بۆ میلله‌ته‌که‌ت تێبکۆشیت و به‌رنامه‌ت هه‌بێت و پلان و نه‌خشه‌ڕێگات هه‌بێت، یه‌کێتى ئه‌و پلانانه‌ى هه‌یه بۆ ئێستاى هه‌رێم و ئه‌و قه‌یرانانه‌ى رووبه‌ڕوومان بوونه‌ته‌وه، چ بۆ پرسى لامه‌رکه‌زى به‌رنامه‌ى جدى و ره‌یسى و ستراتیژیمان هه‌یه، چ بۆ چاره‌سه‌رى کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا، چ بۆ ئه‌و ته‌راکوماته‌ى له‌ناوخۆى هه‌رێم دروست بووه بۆ به‌ڕێوه‌بردنى حوکمڕانییه‌کى ته‌ندروست و دروست بۆ ئه‌وه‌ى لێکتێگه‌شتنى هاوبه‌ش دروست ببێت، به‌تایبه‌ت ئێمه دوو رێکه‌وتنمان هه‌یه له‌گه‌ڵ پارتى که بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین شه‌ریکى راسته‌قینه‌و هاوبه‌ش بین له‌بڕیاردان و حوکمڕانى بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین به‌ئاراسته‌یه‌کى دروست حوکمڕانى بکه‌ین. ھاوڵاتی: تاچه‌ند پێتانوایه به‌جێبه‌جێکردنى لامه‌رکه‌زى زۆر کێشه‌ى که‌ڵه‌که بوو چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئایا سه‌قفى زه‌مه‌نیتان داناوه وه‌ک کارنامه‌ى خۆتان؟ زوبێر عوسمان: به‌دڵنیایه‌وه سه‌قفى زه‌مه‌نى دانراوه‌و ئه‌و کارنامه‌یه‌ى دامانناوه له‌گه‌ڵ پارتى و گۆڕان باسى ده‌که‌ین که‌پێموایه زیاتر په‌یوه‌ندیداره به‌پارتى، تا کۆتایى ساڵ سه‌قفى زه‌مه‌نییه بۆ پرسى لامه‌رکه‌زى. ھاوڵاتی: واتا ده‌توانین بڵێین بۆ جێبه‌جێکردنى لامه‌رکه‌زى سه‌قفى زه‌مه‌نى تاکۆتایى ئه‌مساڵه؟ زوبێر عوسمان: به‌دڵنیاییه‌وه به‌ڵێ، له‌دواى سه‌رى ساڵ کۆبوونه‌وه‌ى دیکه‌مان ده‌بێت، به‌دیراسه کراوى چى له‌به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵک بێت بڕیارى له‌سه‌ر ده‌ده‌ین. ھاوڵاتی: یه‌کێتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه حکومه‌تى هه‌رێم نه‌وت راده‌ست بکات؟ زوبێر عوسمان: ئه‌مه په‌یوه‌ندى به‌پارتى و یه‌کێتى و گۆڕانه‌وه نییه، تیمه‌کانمان په‌رله‌مانتاره‌کانمان له‌به‌غدا تا توانیوایه دیفاعیان کردووه له‌قوت و موچه‌ى خه‌ڵک، ئه‌مه شتێکه په‌یوه‌ندیداره به‌په‌رله‌مانى عێراقه‌وه، ئه‌مه په‌یوه‌ندى به‌ویستى پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان و لایه‌نه سیاسییه‌کانه‌وه نییه، وه‌ک یه‌کێتى پێمانوایه ده‌بێت هه‌ر تاکێکى کورد له‌هه‌موو خه‌ڵکانى سه‌ر زه‌وى زیاتر خۆشگوزه‌رانتر ژیان بکه‌ن، به‌ڵام ئایا به‌ویستى ئێمه‌یه. بۆیه یاساى کورتهێنانى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگى له‌سه‌ر داوه‌و بووه‌ته یاسا، تازه نه به‌یه‌کێتى و پارتى و لایه‌نه سیاسییه‌کانى دیکه ناتوانین ئه‌و یاسایه هه‌موار بکه‌ینه‌وه یان بیگۆڕین. ئه‌و یاسایه هه‌موو شتێکى ره‌تنه‌کردووه‌ته‌وه بۆ کورد، کۆمه‌ڵێک بڕگه‌و مادده‌ى باشى تێدایه، وه‌ک یه‌کێتى له‌سه‌ر ئاستى هاوسه‌رۆک و مه‌کته‌بى سیاسى له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر خه‌تین، حکومه‌تى هه‌رێمیش وه‌فدى دانوسانکارى خۆى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بکرێت و ئه‌و یاسایه له‌خزمه‌تى خه‌ڵکى کوردستان به‌رجه‌سته ببێت که په‌یوه‌ندیدارن به‌داهاته‌کان، به‌غداش مه‌رج و رێکارى خۆیان هه‌یه‌و گرنگه رێککه‌وتن بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى موچه‌و مافى خه‌ڵکى کوردستان وه‌ربگرین. ئه‌گه‌ر ئێمه پاشه‌کشه بکه‌ین له‌حوکمڕانى به‌غدا رۆڵى نابێت، چونکه به‌هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کانى هه‌رێم ئه‌گه‌ر یه‌کهه‌ڵوێستیش بین له‌به‌غدا ئه‌و قه‌واره گه‌وره‌یه‌مان نییه کاریگه‌ریمان هه‌بێت له‌سه‌ر عێراق له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین باشترین یارى له‌گه‌ڵ به‌غدا بکه‌ین له‌پێناو خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان، تا به‌شێک له‌مافه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین یان هه‌موو مافه‌کانى خه‌ڵک وه‌ربگرینه‌وه. ھاوڵاتی: لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى چووه به‌غداو له‌گه‌ڵ مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیران و چه‌ند به‌رپرسێکى دیکه کۆبووه‌وه، له‌کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى بابه‌تێکى باس کرد که له‌میدیا نه‌خرابێته‌ڕوو؟ زوبێر عوسمان: له‌کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى باس له‌وه‌کرا که به‌شێک له‌لێدوانه‌کانى هه‌رێم کاریگه‌رى نه‌رێنى خراپى هه‌بووه له‌سه‌ر شیعه‌و سوننه‌کان ئه‌وه کاردانه‌وه‌ى هه‌بووه له‌سه‌ر یاساکان، ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى باسکراوه دڵخۆشکه‌ره‌یه، به‌غدا به‌تایبه‌ت شیعه‌کان خۆیان به‌دوژمنى خه‌ڵکى کوردستان نازانن و پێیانوایه پێویسته به‌شێوه‌یه‌کى یه‌کسان داهاتى عێراق بۆ هه‌موو عێراقییه‌کان خه‌رج بکرێت. ھاوڵاتی: ئایا کادرانى یه‌کێتى نیگه‌رانن له‌م دۆخه‌ى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌ت له‌پرسى دارایى و ئابووریدا؟ زوبێر عوسمان: کادره‌کانى ئێمه‌ش کوڕى ئه‌و خه‌ڵکه‌ن، خۆشمان کورى ئه‌و هه‌ژارانه‌ین که له‌ناو خه‌ڵکدان، رۆژانه خۆمان ده‌چینه ناو خه‌ڵک، ته‌بعه‌ن موعاناتى گه‌وره هه‌یه له‌ناو خه‌ڵکداو ئێمه جیانه‌کراوینه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا هه‌مان فیئه‌و توێژى خه‌ڵکین، ئێمه‌ش به‌موچه ده‌ژین، نه‌ک هه‌ر کادره‌کانمان خۆشمان له‌ئاستى سه‌رکردایه‌تى و مه‌ڵبه‌ند، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر کادرى یه‌کێتى کادرو هه‌موو ئه‌ندامانى لایه‌نه سیاسییه‌کانى دیکه هه‌مان گرفتیان هه‌یه. به‌شێک له‌خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان چاویان له‌سه‌رکردایه‌تى نوێى یه‌کێتییه ده‌رچه‌و چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا هه‌رێمى کوردستان بدۆزێته‌وه، ئێمه گه‌شبین و ئومێدمان هه‌یه چی به‌یه‌کێتى بکرێت ئه‌نجامى ده‌دات، ئێمه وه‌کو یه‌کێتى چاوه‌ڕێین تا کۆتایى ئه‌مساڵ به‌رنامه‌ى کارى پێکه‌وه‌یى ئه‌نجامبده‌ین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى دیکه، ئه‌گه‌ر کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌بن تا سه‌رى ساڵ ئه‌گه‌رو کارتى دیکه‌مان له‌پێناو خه‌ڵکى کوردستان ده‌بێت، کارته‌کانى دیکه‌مان تاقى ده‌که‌ینه‌وه، کام رێچکه باش بێت له‌پێناو خه‌ڵکدا بۆ باشتر کردنى دۆخى خه‌ڵک ئه‌وه هه‌ڵده‌بژێرین.
ھاوڵاتی، ماردین نورەدین لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت «گەندەڵی» زۆر هەیە لەسەرچاوەی داهاتەکانی هەرێم و چاکسازییکردن لەو بوارەش تەنها لەسەر وەرەقە ماوەتەوەو بەکرداری هیچ نەکراوە. زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی کوردستان بە ھاوڵاتی وت «حکومەت دەبێت دەست بەرێت بۆ سەرچاوەکانی داهات و چاکسازی تێدابکات، چونکە سەچاوەکانی داهات بەهەدەردان، گەندەڵی، زۆر زۆری تێدایە». یاسای چاکسازی لەهەرێمی کوردستان حکومەت دەست واڵا دەکات کە سەرچاوەکانی داهات زیاد بکات و خەرجی کەم بکاتەوەو بندیوارەکان ببڕێت، بەڵام حکومەت بە نیازە لەبڕینی دەرماڵەکانەوە دەستپێبکات. زیاد جەبار وتی «حکومەت دەبێت لەسەرچاوەکانی داهاتدا هەوڵی چاکسازیی بدات، ئەوە یاساکەی بۆ دەرچووە، یاساکەی بۆ جێبەجێ دەبێت، ئەوەی کەئێستا ماوەتەوە، بەڵام چاکسازیکردن لەسەرچاوەی داهاتدا تەنها لەکۆبوونەوەکان لەسەر وەرەقەیەکە بەعەمەلی هیچ نەکراوە». حکومەت راپۆرتێکی ناردووەتە پەرلەمان تێیدا تایبەت بەپێداچوونەوەی دەرماڵەکان، کەتێیدا ئەوەی روونکردۆتەوە حکومەت بەنیازە لە (23) جۆری دەرماڵە، (20) یان دەستکاری بکات، ئەوانەی کە دەستکاری ناکرێن دەرماڵەکانی بڕوانامەو منداڵ و هاوسەرن. راپۆرتەکەی حکومەت پشتی بەو گڵۆپە سەوزەی پەرلەمان بەستووە کە لەپرۆژەیاسای چاکسازیدا دەسەڵاتی دا بەحکومەت دەستکاری دەرماڵەکان بکات. لەنێوان ئەو دەرماڵانەی کە باسکراوە دەستکاری بکرێت، (150) هەزار دینار دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەی تیدایە، هەروەها (100) هەزار دیناری ئەو مامۆستایانەی کە پلەکانیان لەپلە شەش بەرەو سەرەوەیە. دەرماڵەکان 56%ی کۆی مووچە پێکدێنن و هەر فەرمانبەرێک 44%ی موچەی بنەڕەتیە، حکومەت لە رێگەی دەستکاریکردنی دەرماڵەکانەوە دەیەوێت بەیەکجاری فشاری مووچەخۆران لەسەر خۆی کەمبکاتەوە لەبری لێبڕین و پاشەکەوت، دەرماڵەکان دەستکاری بکات. وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی دەرماڵەکانی ئامادە کردووەو بۆ لیژنەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی بەرزکراوەتەوە، هەروەها بەڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتەکان و رای بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتەکان و فەرمانگە جیاوازەکانی دەربارەی جۆر‌و بڕی دەرماڵەکان وەرگرتووە بەنووسراویان بۆ ئەنجومه نى وەزیران بەرزکراوەتەوه. سەبارەت بەپرسی بڕینی (23) جۆر دەرماڵە، زیاد جەبار وتی «هێشتا جێبەجێنەکراوە، حکومەت دەبێت رێنمایی و تەعلیماتی پێ دەربکات بۆ ئەوەی کام دەرماڵانەیە، بەڵام تاکو ئێستا هەر قسەیە دەکرێت هێشتا نەبووەتە بڕیار ئەوە». وتیشی «ئەم دەرماڵانە بەشێکی حکومەت وا قسەی لەسەر ئەمە ئەکات کە ناعەدالەتی تیایەو پێویستی بەڕێکخستنەوەیە، بەڵام من نازانم حکومەت نیازی چۆنەو چۆن دەیەوێ رێکیبخاتەوە، تاوەکو ئیشی لەسەر نەکات ئێمەش هیچ قسەیەکمان نیە لەسەری». هەروەها وتی «ئەگەر ئیشی لەسەر کرد ئەوە لەو کاتەددا ئێمە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و چاودێری دەکەین بزانین کامەی بە ناهەق دەکرێت قسەمان دەبێت لەسەری و پرسیارمان دەبێت لەسەری، کە دەیبڕێت یان نایبڕێت تاکو ئێستا هیچ شتێکی وانییە».
ھاوڵاتی، شاناز حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا رایگەیاند ئامێرى پشکنینى ڤایرۆسى سارسیان نییه‌و ئەو هەواڵەش کە بڵاویانکردۆتەوە لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەسلێمانی «به‌په‌له« بووەو هیچ تووشبوویەکی ئەو ڤایرۆسەیان نیە. چالاک قه‌شانى، به‌ڕێوەبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى ده‌زگاى ته‌ندروستى پێشمه‌رگه‌و به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا تایبه‌ت به‌کۆرۆنا، له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «پشکنین بۆ سامپڵى هه‌ندێک له‌و نه‌خۆشخانه کرا که‌گومانى کۆرۆنایان لێکرابوو، له‌پشکنینه‌کاندا ده‌رکه‌وتووه که‌کۆرۆنا نیه به‌ڵام ڤایرۆسێکى دیکه‌یه، به‌ڵام دڵنیا نه‌کراوه‌ته‌وه که کۆرۆنا نیه‌و سارسه، واته هه‌واڵه‌که به‌په‌له بڵاوکراوه‌ته‌وه‌و هیچ نه‌خۆشێک که‌تووشبووى سارس بێت، لێره تۆمار نه‌کراوه«. وتیشى» گروپى تر‌ى ڤایرۆس هه‌ن که‌سه‌ر به‌گروپى کۆرۆنان و ئه‌وانه‌ى ئێستا هه‌ر ئه‌و جۆره ڤایرۆسانه‌ن و یان ئه‌نفلۆنزاى وه‌رزین که له‌م وه‌رزانه‌دا زیاتر بڵاوده‌کرێنه‌وه«. ئەو پزیشەکە وتی نیشانه‌کانى ڤایرۆسه‌کانى دیکه‌و ڤایرۆسى سارس-یش، زۆر له‌یه‌که‌وه نزیکن و هاوشێوه‌ى یه‌کترن، چونکه هه‌موویان سه‌ر به‌و گروپه‌ن، بۆیه خۆپاراستن له‌کۆرۆنا وه‌ک خۆپاراستنه له‌هه‌موو ڤایرۆسه‌کانى دیکه. چه‌ند ساڵێکه ڤایرۆسى سارس نه‌ماوه له‌هیچ وڵاتێک‌دا و به‌تایبه‌ت له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست تۆمار نه‌کراوه. دکتۆر چالاک وتیشى» مه‌ترسى مردن به‌ڤایرۆسى سارس زۆر زیاتره له‌کۆرۆناو ڤایرۆسه‌کانى دیکه«. نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا که تایبه‌ته به تووشبووانى کۆرۆنا له‌ئێستادا (48) نه‌خۆشى تێدایه‌و هه‌موویان له‌ژێر ئۆکسجیندان و (12) نه‌خۆشیان له‌ژێر ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکردان و بارى ته‌ندروستییان ناجێگیره. له‌سه‌ره‌تاى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا زۆر جه‌خت له‌وه ده‌کرایه‌وه، که له‌وه‌رزى گه‌رمادا ڤایرۆسى کۆرۆنا که‌مده‌بێته‌وه‌و به‌هاتنى وه‌رزى سه‌رما ژماره‌ى تووشبوون زیاد ده‌کات. به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا ئه‌وه‌شى وت «به‌پێى هاتنى وه‌رزى سه‌رما که‌پێشبینى ده‌کرا بارودۆخه‌که زۆر خراپتر بێت، به‌ڵام به‌خۆشحاڵییه‌وه ئێستا تووشبوون به‌ره‌و که‌مبوونه‌وه ده‌چێت». وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم له‌سه‌ر ده‌نگۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى سارس SARS که‌گوایە له‌نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا له‌شارى سلێمانى ده‌ستنیشانکراوه، وتی « تائێستا هیچ به‌ڵگه‌یه‌کى په‌سندکراو نییه بۆ بوونى ڤایرۆسى سارس له‌سلێمانی». ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند «به‌پێویستى ده‌زانین بۆ به‌رچاوى هاووڵاتیان روونبکه‌ینه‌وه تائێستا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک و به‌ڵگه‌یه‌کى په‌سندکراو نیه بۆ بوونى ئه‌م ڤایرۆسه، چونکه پڕۆسه‌ى پشکنینى تاقیگه بۆ چه‌ندین جۆرى ڤایرۆس ئه‌نجامده‌درێت و چه‌ندین جۆرى ڤایرۆسى سارس هه‌یه که له‌گه‌ڵ جۆره‌کانى ڤایرۆسى کۆرۆنا و ڤایرۆسه‌کانى ئه‌نفله‌وه‌نزا له‌هه‌مان خێزان ئه‌ژمار ده‌کرێت». هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که هاووڵاتیان دڵنیاده‌که‌نه‌وه که‌پێویست به‌شڵه‌ژان ناکات و تیمى پسپۆڕیى وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ تیمه‌کانى ته‌ندروستی، به‌دواداچوونى زیاتر بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌م گومانه ده‌کات و ته‌نها وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى تاکه سه‌رچاوه‌ى فه‌رمى راگه‌یاندن ده‌بێت. دوو رۆژ به‌ر له‌ئێستا ده‌زگاى ته‌ندروستى پێشمه‌رگه له‌ڕاگه‌یه‌نراوێکدا ئه‌وه‌ى ئاشکرا کرد «له‌تاقیگه‌ى مۆلیکوله‌رى نه‌خۆشخانه‌ى ئاسـا له‌پشکنینه نوێکاندا بۆ گومان‌لێکراوان به‌په‌تاى کۆرۆنا، بۆمان ده‌رکه‌وتووه که له‌ئێستادا جگه له‌ڤایرۆسى کۆرۆنـا، ڤایرۆسى سارس که به Severe Acute Respiratory Syndrome (SARS) ناسراوه له‌ناو هاووڵاتیاندا بڵاو بووەته‌وه«. راگه‌یه‌نراوه‌که ئاماژه‌ى به‌وه‌کردبوو، کەدەبێت به‌شێوازێکى گونجاو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره ڤایرۆسه بکرێت و جیابکرێته‌وه له SARS-Cov2 که به‌کۆڤید ناسراوه. هاوکات به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ده‌زگاى ته‌ندروستى پێشمه‌رگه رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆى گومانى کارمه‌ندێک له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌ک هه‌ڵایه‌کى گه‌وره دروستکرا، که به‌داخه‌وه هه‌ندێک که‌س له‌بوارى پزیشکى به‌بێ هۆ که‌وتنه په‌لامارى شه‌خسى و ناوهێنان و تانه‌دان له‌خۆمان و ده‌زگاکه‌مان. شه‌ماڵ جه‌بار یاوه‌ر ، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ده‌زگاى ته‌ندروستى پێشمه‌رگه له‌نووسینێکدا به‌ناونیشانى (په‌لامارى که‌سایه‌تیمان بۆ؟ ) ده‌ڵێت ”ئێمه له‌شه‌ڕى داعش سه‌رمه‌شق و له‌شه‌ڕى کۆرۆناش که‌جگه له‌هاوکارى هاوسه‌رۆکان و یه‌کێتى و هه‌ڤاڵ قوباد‌و خێرخوازان هیچ بودجه‌یه‌کى کۆرۆنامان بۆ نه‌هاتووه‌و به‌شێک له‌بودجه‌ى ئاسایشمان بڕاوه‌و هه‌ر کۆڵمان نه‌داو سه‌رمه‌شق بووین . راشیگه‌یاندووه، ئێمه خه‌ڵکى کوردستان و به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ى نه‌خۆشخانه‌کانى ده‌زگاى ته‌ندروستى لێیه ده‌که‌ینه حاکم و شایه‌د، له‌پاى ئه‌وه‌ى بێ به‌رامبه‌ر و بێ مه‌به‌ست خزمه‌ت ده‌که‌ین، که ماڵ نیه که‌سێکى یا خزمێکى لاى ئێمه بێ به‌رامبه‌ر خزمه‌ت نه‌کرابێت و خه‌ڵک ئه‌و شاهیدیه‌مان بۆ ده‌دات.
ھاوڵاتی، ماردین نورەدین وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت بەهۆی وەرزی سەرماوە خواست لەسەر کارەبا زیادیکردووە، بۆیە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبووەتەوەو هیواخوازیشە خواست لەسەر کارەبا زیاترنەبیت تابتوانن پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لەم ئاستەدا بهێڵنەوە. ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبا سەبارەت بەژمارەی کاتژمێرەکانی کارەبا بە‌ھاوڵاتی راگەیاند «لەئێستادا ژمارەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بەتێکڕا لەبەینی (15 بۆ 16) کاتژمێردایە، هەندێک رۆژ زیاتریش دەبێت، بەڵام ئێمە هەر ئەوەندەی دەڵێین، بەڵام لەهەوڵداین زیادی بکەین و بەرهەم زیاد بکەین، بەڵام ئیتر ئومێد دەکەین خواستەکان زۆر سەرنەکەوێت و بەشی ئەوە بکات کەبتوانین کاتەکانی بوونی کارەبا بەم شێوەیە بهێڵینەوە». لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماو باران خواست لەسەر کارەبای نیشتیمانی زیاد دەکات لەلایەن هاووڵاتیان بەبەکارهێنانی وزەی کارەبا بۆ ئامێرەکای گەرمکەرەوە. ئومێد ئەحمەد وتی «شتێکی سروشتییە هەموو زستانێک خواست لەسەر کارەبا زیاد دەکات بەهۆی بەکارهێنانی زۆری ئامێرەکانی گەرمکردنەوە». توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لەئێستا (3) هەزارو (٢٠٠) بۆ (3) هەزارو (٣٠٠) مێگاواتە، بەڵام خواست لەسەر کارەبا لەزستاندا بۆ نزیکەی دوو هێندە زیاد دەکات. سەبارەت بەپلانی وەزارەتی کارەبا بۆ وەرزی زستان و باشترکردنی دۆخی کارەبا، ئومێد ئەحمەد وتی «لەهەوڵداین بۆ زیادکردن لەلایەک و لەلایەکی تر بۆ کۆنترۆڵکردنی خواست لەڕێگەی پڕۆژەی پێوەری زیرەک و پڕۆژەکانی ترەوە هەوڵەکانمان بەردەوامە».
هاوڵاتى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کورستان رایگه‌یاند" سوپاس و ده‌ستخۆشى ئاڕاسته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى گه‌رمیان ده‌که‌ین که توانیویانه تۆمه‌تبارانى روداوى کوشتنى کچێک له قه‌زاى که‌لار ده‌ستگیربکه‌ن"، ده‌شڵێت: "که‌ى له‌وه تێده‌گه‌ین که هیچ شه‌ره‌فێک له ژن کوشتندا نییه". قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کورستان له په‌یامێکدا له رایگه‌یاند، "به‌داخه‌وه جارێکى تر به‌تاوانێکى تر‌ى ژن کوشتن راچڵه‌کاین، به‌داخه‌وه ژنێکى تریش به‌کوژراوى دۆزرایه‌وه.. که‌ى له‌وه تێده‌گه‌ین که هیچ شه‌ره‌فێک له ژن کوشتندا نییه؟!". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" ده‌ستخۆشى له پۆلیسى گه‌رمیان ده‌که‌م بۆ ده‌ستگیرکردنى خێراى تۆمه‌تباران به‌و هیوایه‌ى به سزاى یاسایى خۆیان بگه‌ن و ببنه په‌ند بۆ که‌سانى تر که بیر له‌کوشتنى ژنێکى تر ده‌که‌نه‌وه". ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ عه‌لى جه‌مال قدوری، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى گه‌رمیان راگه‌یاند، ئێواره‌ى ڕۆژى هه‌ینى له‌گه‌ڕه‌کى شاره‌وانى دووى قه‌زاى که‌لار ئاگادارکراونه‌ته‌وه له بونى ته‌رمێک که‌به‌هه‌ڵواسراوى له ماڵه‌که‌یدا دۆزرایه‌وه. هه‌روه‌ها وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى گه‌رمیان باسى له‌وه‌شکردووه که دواى لێکۆڵینه‌وه و ده‌ستگیرکردنى چوار تۆمه‌تبار له‌سه‌ر روداوه‌که ده‌رکه‌وت سێ که‌سیان براى کوژراوه‌که‌ن و له‌سه‌ر کێشه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تى خوشکه‌که‌یان هه‌ڵواسیوه و خنکاندویانه.
هاوڵاتى پۆلیسى سلێمانى رایگه‌یاند، سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه ده‌ستگیرکراون که ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه، هه‌ڵیانکوتایه سه‌ر خاوه‌نى چێشتخانه‌که که ژماره‌ى ئه‌و تۆمه‌تباره ده‌ستگیرکراوه‌کان پێنج که‌سن. ئه‌مشه‌و یه‌کشه‌ممه 22ى تشرینى دووه‌مى 2020، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانی، له راگه‌یه‌ندراوێکدا ئاشکرایکرد:"ئه‌مڕۆ له ڕوداوێکدا چه‌ند که‌سێک هه‌ڵیانکوتایه سه‌ر چێشتخانه‌یه‌ک له گه‌ڕه‌کى عه‌قارى له شارى سلیمانى دواى ئه‌وه‌ى خاوه‌نى چێشتخانه‌که سکاڵاى یاسایى له‌سه‌ر تۆمه‌تباران تۆمارکردو دواى وه‌رگرتنى بڕیارى دادوه‌ر پۆلیسى سلێمانى لێکۆڵینه‌وه‌کانى بۆ دۆزینه‌وه‌و ده‌ستگیرکردنى تۆمه‌تباران ده‌ستپێکرد." هه‌روه‌ها پۆلیسى سلێمانى ئه‌وه‌ى خستۆته‌روو که "توانرا له ماوه‌یه‌کى که‌مدا سه‌رجه‌م تۆمه‌تباران که ژماره‌یان پێنج که‌سه ده‌ستگیربکرێن و له‌ئێستادا به‌بڕیارى به‌ڕێز دادوه‌ر سه‌رجه‌م تۆمه‌تباران ڕاگیراون و لێکۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وامه." وه‌ستا کامه‌ران، خاوه‌نى چێشتخانه‌ى کامه‌ران، دواى ئه‌وه‌ى هێرشى کرابوه سه‌ر، له‌کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند"دوا نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هێزێکى چه‌کدار به‌دو وه‌نه‌وشه‌ى جام ڕه‌شه‌وه هێرشیان کرده سه‌رمان له‌ناو چێشتخانه‌که‌دا به 12 که‌س په‌لاماریاندام و په‌نجه‌شم به‌و هۆیه‌وه برینداره‌و به‌له‌قه‌و شه‌ق لێیاندام و گرته‌ى ڤیدیۆیشمان له‌سه‌ر هێرشه‌که‌یان هه‌یه". ناوبراو رونیکرده‌وه "پرسیومه بۆچى هێرشم ده‌که‌نه سه‌رو په‌لامارم ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وان جنێویان پێداوم و هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌شیان کردوه که دێینه‌وه سه‌رت و ده‌تکوژین و نه‌شمزانیوه بۆچى به‌و شێوه‌یه هێرش ده‌که‌نه سه‌رم و خه‌ڵک هه‌روا سه‌رى سوڕماوه له‌و کاره." وه‌ستا کامه‌ران ئاماژه‌ى به‌وه کرد"من کرێچى خاوه‌نى چێشتخانه‌که‌م و دواى ئه‌وه‌ى کێشه‌ى یاسایى که‌وته نێوانمانه‌وه بۆم چۆڵکردو دواتر چومه‌ته ئه‌وبه‌ره‌وه، به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى ئاوى بۆرییه‌که‌ى لێگرتمه‌وه، چوم سکاڵام لێکرد دواتریش ته‌نازولم له‌سکاڵاکه کرد، به‌ڵام مافى گشتى له‌سه‌ر مابوو ئیتر ئه‌مڕۆ هاتونه‌ته سه‌رم، هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ته‌له‌فۆن هه‌ڕه‌شه‌ى کوشتنیان لێکردم". له‌به‌رامبه‌ردا زانا که‌مال حه‌کیم ئاغا که‌سى نزیک خاوه‌ن موڵکى پێشووى چێشتخانه‌ى کامه‌ران له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌وان ئاگادارى ئه‌و هێزه نه‌بون که چونه‌ته سه‌ر چێشتخانه‌ى کامه‌ران و وتیشى "خاوه‌نى ئه‌و چێشتخانه‌یه ناوى به‌رپرسان و یه‌کێتى ده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌وان په‌یوه‌ندییان به‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه نییه، ئه‌مه کێشه‌ى نێوان خاوه‌ن موڵک و کرێچییه". هه‌روه‌ها وتیشی"ئاگادارى ئه‌و هێزه نیم، ئێمه که‌سانى مه‌ده‌نین و خاوه‌نى بنه‌ماڵه‌یه‌کى ناسراوین و هه‌ڵناکوتینه سه‌ر خه‌ڵک، ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ى یاسایى لایه ده‌توانێت پێشکه‌شى ده‌زگاکانى ده‌وڵه‌تى بکات، ئاگادارى ئه‌و ده‌ستدرێژییه نه‌بوم که باسى ده‌کات، ئایا ئێوه ته‌ئکیدن ئه‌و هێزه بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه چۆته سه‌رى یان بۆ شتى تر بوه؟".
ھاوڵاتی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 14 هەزار و 394 خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگا ناحکومیەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیران کەدەکاتە 50%ـى پلانى وەرگرتنی زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان. کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان.
هاوڵاتى کۆمپانیای مۆدێرناى ئه‌مریکى نرخى ڤاکسینه په‌ره‌پێدراوه‌که‌ى بۆ فرۆشتن راگه‌یاند و که هه‌ر ژه‌مه ڤاکسینێکیان له 25 بۆ 37 دۆلاره. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 22ى تشرینى 2020، ستیفان بانسه‌لى به‌ڕێوه‌به‌رى کۆمپانیاى مۆدێرناى ئه‌مریکى تایبه‌ت به په‌ره‌پێدانى ڤاکسین بۆ میدیاکانى ئه‌مریکا رایگه‌یاند:"نرخى هه‌ر ژه‌مه ڤاکسینێک له نێوان 25 بۆ 37 دۆلاره‌وه‌یه". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" به‌دواى قازانجێکى زۆره‌وه نین و به له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌و تێچووه به‌رزه ته‌ندروستیه‌ى که که‌سێک پێویستیه‌تى کاتێک تووشى کۆرۆنا ده‌بێت، نرخێکى دادپه‌روه‌رانه‌یه". هه‌فته‌ى رابردوو کۆمپانیاى مۆدێرنا رایگه‌یاندبوو، ڤاکسینه‌که‌یان به رێژه‌ى 95% سه‌رکه‌وتنى به‌ده‌ستهێناوه و به‌رگریى بۆ تووشبوانى کۆرۆنا دروست ده‌کات.
هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم ئاشکراى ده‌کات له 24 کاتژمێرى ڕابردوودا 495 که‌س تووشى کۆرۆنا بوون و 17 که‌سیش گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و 424 دیکه چاکبوونه‌ته‌وه. ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 22ى تشرینى دووه‌مى 2020، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم له ڕاگه‌یه‌نراوێکدا ئه‌وه‌ى خسته‌روو که شه‌ش هه‌زارو 505 پشکنین ئه‌نجام دراوه و ده‌رکه‌وتووه 495 که‌س تووشبوون.
هاوڵاتى دوانیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هێزێکى چه‌کدار له‌شارى سلێمانى هه‌ڵده‌کوتنه‌سه‌ر چێشتخانه‌یه‌ک و خاوه‌نه‌که‌ى ده‌ڵێت "ئه‌و هێزه فه‌رمى نه‌بون و سکاڵاى یاساییمان تۆمارکردوه". دوانیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 22ى تشرینى دووه‌مى 2020، خاوه‌نى چێشتخانه‌ى وه‌ستا کامه‌ران له‌شارى سلێمانى له کۆنفرانسێکى رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند: "کاتژمێر 1:30 خوله‌کى دوانیوه‌ڕۆى هێزێکى نافه‌رمى له‌ناو چێشتخانه هێرشیانکرده‌سه‌رمان، ئێمه نازانین ئه‌و هێزه ئامانجیان چییه و هیچ شتێکیان پێ نه‌وتین". ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، ئه‌وان ماوه‌ى 9 ساڵه له گه‌ڕه‌کى عه‌قارى شارى سلێمانى کارى چێشتخانه ده‌که‌ن و تائێستا هیچ کێشه‌یه‌کیان نه‌بوه، وتیشى:"ماوه‌ى رابردو له‌و شوێنه‌ى ئێمه تێیدا کرێچى بوین له‌گه‌ڵ خاوه‌نى بیناکه بووه‌ته ناکۆکیمان و هه‌ڕه‌شه‌ى لێکردوین، دواى ئه‌وه‌ى به یاسایى ئێمه شوێنه‌که‌مان بۆچۆڵکردوه و سکاڵاشمان له‌سه‌ر روداوه‌که‌ى ئه‌مڕۆ تۆمارکردوه". هاوکات، خاوه‌نى چێشتخانه‌ى وه‌ستا کامه‌ران باسى له‌وه‌شکرد، "پێشوتر ئێمه سوڵحمان کردوه و له‌لایه‌ن پارێزه‌رى هه‌ردولامان کێشه‌که له‌دادگا هه‌نگاوى یاسایى خۆى وه‌رده‌گرێت، بۆیه داوا له بڕیاربه‌ده‌ستانى ئه‌م شاره ده‌که‌ین پارێزگارى له گیانى خه‌ڵک بکه‌ن". له‌م لینکه‌دا ڤیدیۆکه ببینه:
هاوڵاتى سه‌رۆک کۆمارى تورکیا شێوازى گفتوگۆکردنى به‌رامبه‌ر یه‌کێتى ئه‌وروپا گۆڕیوه ئه‌وه‌ش پاش نزیکبونه‌وه‌ى یه‌کێتییه‌که بۆ سزادانى ئه‌نقه‌ره. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 22ى تشرینى دووه‌مى 2020، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆک کۆمارى تورکیا ڕایگه‌یاند:" هیوادارم ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر به‌ڵێنه‌کانى به‌وه‌فابێت و هه‌نگاو دژى تورکیا نه‌نێت". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" جگه له‌ئه‌وروپا خۆمان له هیچ شوێنێکى دیکه‌ى جیهان نابینینه‌وه، ده‌مانه‌وێت ئاینده‌یه‌کى هاوبه‌ش بنیاتبنێین". مانگى داهاتوو یه‌کێتى ئه‌وروپا کۆبونه‌وه ئه‌نجام ده‌دات و ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نساش چه‌ند جارێک هۆشدارییانداوه‌ته ئه‌نقه‌ره له‌سه‌پاندنى سزا به‌سه‌ریدا.
هاوڵاتى گه‌ریلا تیڤى ڤیدیۆى چالاکیى ڕۆژى ١ى ئه‌م مانگه‌ى هێزه‌کانى گه‌ریلاى له ناوچه‌ى خانتورى هه‌فتانین له دژى سوپاى تورکیا بڵاوکرده‌وه‌و له‌و چالاکییه‌دا شه‌ش سه‌رباز کوژراون. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 2ى تشرینى دووه‌مى 2020، ناوه‌ندى ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نیى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل- هه‌په‌گه، ڕاگه‌یه‌ندراوێکى بڵاوکرده‌وه و تێیدا ئاماژه به‌وه کاوه که هێزه‌کانیان له چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌تى شۆڕشگێڕیى "جه‌نگى هه‌فتانین" دا ڕۆژى ١ى ئه‌م مانگه له کاتژمێر ١١:٠٠ى پێش نیوه‌ڕۆدا له سه‌ر شاخى خاچ له ناوچه‌ى خانتورى هه‌فتانین"به چه‌کى تایبه‌ت له دژى داگیرکه‌ران چالاکییان ئه‌نجامدا، کاتێک پێنج سه‌ربازى داگیرکه‌ر پێکه‌وه له لاى حه‌فاره‌یه‌کى سوپاى تورکى داگیرکه‌ر کۆبوونه‌وه لێیاندرا، له ئه‌نجامى ئه‌و چالاکییه‌دا حه‌فاره‌که‌ى سوپاى تورک به ته‌واوى تێکشکا و شۆفێرى حه‌فاره‌که و فه‌رمانده‌یه‌کى ئه‌و بنکه سه‌ربازیییه و به گشتى شه‌ش داگیرکه‌ر سزا دران". له‌م لینکه‌دا ڤیدیۆکه ببینه:
هاوڵاتى ڕوانگه‌ى سورى بۆ مافه‌کانى مرۆڤ ئاشکراى ده‌کات که وه‌فدێکى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا چووه‌ته ڕۆژئاڤاى کوردستان‌و له‌گه‌ڵ هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات کۆبۆته‌وه‌و ناوه‌ڕۆکه‌که‌ى ئاشکراده‌کات. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 22ى تشرینى دووه‌مى 2020، ڕوانگه‌ى سورى بۆ مافه‌کانى مرۆڤ ئاشکرایکردوه، دوێنێ شه‌ممه له‌بنکه‌ى سه‌ربازیى کێڵگه‌ى نه‌وتیى عومه‌ر له‌گونده‌وارى دێره‌زورى ڕۆژهه‌ڵات، نوێنه‌رانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیى دژ به‌داعش له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده)و فه‌رمانده‌کانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ربازییو مه‌ده‌نى دێره‌زور کۆبونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها ڕوانگه‌ى سورى بۆ مافه‌کانى مرۆڤ، ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه گفتوگۆ له‌باره‌ى دوا پێشهاته‌کانى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى تیرۆر‌و چۆنێتى پشتیوانیکردنى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى ژێرخانى ئابورى ناوچه‌که کراوه. هاوکات، ئه‌وه دووپاتکراوه‌ته‌وه که هه‌ردوو لایه‌نى ئه‌مریکیو هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیى جه‌ختیانکردۆته‌وه که به‌رده‌وامده‌بن له‌پشتیوانیکردنى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات له‌ڕوى سه‌ربازییو لۆجستیی و به پاڵپشتى ئه‌نجومه‌نى مه‌ده‌نیى دێره‌زور. دوپاتکردنه‌وه‌ى پاڵپشتى ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیى دژ به‌داعش بۆ هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات دواى ئه‌و هه‌واڵانه دێت که ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌میدیاکانى نزیک له‌ڕژێمى سوریا بڵاوکرایه‌وه، گوایه ئه‌مریکا وه‌ک به‌شێک له‌هه‌وڵه‌کانى بۆ پاشه‌کشه‌کردن له‌ناوچه‌که، کاروانێکى سه‌ربازیى که له ٥٠ ئۆتۆمبێلى سه‌ربازیى پێکهاتوه له‌ڕۆژئاواى کوردستانه‌وه به‌ره‌و هه‌رێمى کوردستان کێشاوه‌ته‌وه.
هاوڵاتى بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند، مسته‌فا کازمى له‌سه‌ر ناردنى 320 ملیار دیناره‌که سووره و له پێنج رۆژى داهاتوودا پاره‌که ده‌گاته هه‌رێمى کوردستان. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 22ى تشرینى دووه‌مى 2020، ئه‌حمه‌د سه‌فار، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق راگه‌یاند:" واده‌ى ناردنى 320 ملیار دیناره‌که بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان له به‌غداوه، دواى دابه‌شکردنى مووچه‌یه له عێراق، ئه‌وه‌ش که‌متر له پێنج رۆژى ماوه و بڕیاره دواى ئه‌وه ده‌ستبه‌جێ پاره‌که‌ى هه‌رێمى کوردستانیش بنێردرێت". هه‌روه‌ها بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه که به‌پێى ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى له‌نێوان وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و عێراقدا کراوه، ده‌بێت عێراق تا سه‌رى ساڵ مانگانه 320 ملیار دینار بۆ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان بنێرێت، به‌ڵام تێپه‌ڕاندنى یاساى پڕکردنه‌وه‌ى کورتهێنانى بودجه‌ى ٢٠٢٠ کێشه‌ى بۆ رێککه‌وتنه‌که دروست کردووه، ده‌شڵێت:"له‌دواى ئه‌م مانگه‌وه ده‌بێت هه‌ولێر دیسان وه‌فد بنێرێته‌وه بۆ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى نه‌وتى سۆمۆ و وه‌زاره‌تى دارایی".
