ھاوڵاتی قادر حاجی عەلی یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، دوای چەندین ھەفتە مانەوەی لەژێر ئۆکسجیندا لەنەخۆشخانەی فاروق لە سلێمانی. ھونەر حەمە جەزا کوری ھونەرمەندی کۆچکردوو حەمەجەزاو برازای قادری حاجی عەلی لە پۆستێکیدا نوسیویەتی "ماڵئاوا مامەگیان، ئێستا دەست لە ملانن لەگەڵ باوکم." ھەروەھا بنەماڵەی قادر حاجی عەلی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێن "بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی مەرگی ناوەختی سەركردە و سوارچاكی شۆڕش و ورەو بەرەنگاربوونەوەی نادادی بەڕێز (قادر حاجی عەلی) رادەگەیەنین، كە دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا." ئاماژە بەوەشدەدەن "گیانلەدەستدانی كاك قادر حاجی عەلی وەك سەركردەیەكی خۆنەویست و خۆشەویست و جێی متمانە و ئومێدی خەڵك و پشتیوانی ستەملێكراوان، سەركردەی دیار و سەربەخۆی گەلەكەمان، ئەسەف و خەسارەتێكی گەورەیە بۆ هەمووان." قادر حاجی عەلی یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام وازی لە بزووتنەوەکە هێنابوو و لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان بەوە دەدات کە، لە ئەدای بزووتنەوەکەیان نیگەرانن. قادر حاجی عەلی - لە ساڵی 1955 لە سلێمانی لەدایکبووە - کۆلێژی جیۆلۆجی تەواوکردووە - ساڵی 1980 چووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگە - لە تەمەنی 28 ساڵی بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجەدەرانی کوردستان - ساڵی 1994 دەزگای زانیاریی یەکێتی دامەزراندووە - ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە - ساڵانی 1998 بۆ 2000 کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە - ساڵی 2009 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی بزووتنەوەی گۆڕانیان دامەزراند - دوای مردنی نەوشیروان مستەفا لە بزووتنەوەی گۆڕان کشایەوە بەھۆی نیگەرانیەکانی لە بەڕێوەبردنی حزبەکەدا.
بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلە بە پیوەڕی رێختەر باشوری رۆژھەلاتی شاری سلێمانی ھەژاند و ناوچەکانی بازیان و چەمچەماڵ و گەرمیان و کەرکوک و کۆیە و قەڵادزێ ھەستیان پێکردوە. بومەلەرزەکە کاتژمێر 2:18 بەرەبەیان رویداوە، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ھاوڵاتیانەوە بە دەستمان گەیشتوە ھەتا سنووری کەرکوک و کۆیە خەڵکی ھەستیان پێکردوە. بەپێی زانیاریەکانی دەزگای بوومەلەرزەزانی زانکۆی تاران بوومەلەرزەکەی تر بە 6 خولەک دوای بومەلەرزەی یەکەم لە خۆرئاوای سلێمانی داوە بە گوڕی 3.4 پلە بەپیوەری رێختەر. بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ھاوڵاتیانەوە بە دەستمان گەیشتووە زۆریەنی خەڵکی تەنھا ھەستیان بە بوومەلەرزەی یەکەم کردوە. چەقی بومەلەرزەکەی بە دووری 34 کیلۆمەتر بوو لە چەقی شاری سلێمانی. چاوەڕوانی زیاتربن..
نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی ئەو هێرشەوە بڵاوکردەوە کە شەوی 2020/11/08 لە رەزوانییە کرایە سەر بنکەی هێزەکانی عێراق و ژمارەیەک قوربانیی لێ کەوتەوە. نێچيرڤان بارزانى دەڵێت "زۆر بە توندی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە سەرکۆنە دەکەم کە دره‌نگانى شه‌وى ڕابردوو کرایە سەر بنکەیەکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ڕەزوانییە و بە داخەوە ژمارەیەک قوربانی له هێزه ئه‌منييه‌كان و خه‌ڵكى مه‌ده‌نى لێکەوتەوه. هاوخەمى کەسوکاری قوربانیانم، هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم". دەقی راگەیەنراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان: سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كاره تيرۆرستييه‌كه‌ى ڕەزوانییە سه‌ركۆنه ده‌كات زۆر بە توندی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە سەرکۆنە دەکەم کە دره‌نگانى شه‌وى ڕابردوو کرایە سەر بنکەیەکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ڕەزوانییە و بە داخەوە ژمارەیەک قوربانی له هێزه ئه‌منييه‌كان و خه‌ڵكى مه‌ده‌نى لێکەوتەوه. هاوخەمى کەسوکاری قوربانیانم، هیوای زووچاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم. ئەم هێرشانه دەیسەلمێنن كه تیرۆر ھەڕەشە و مەترسییەکی بەردەوامە و ژیان و ئارامیی هەموو لایەکمانی بە ئامانج گرتووە، بۆیە دەبێت هه‌موو لايه‌ك هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بين و به یەکگرتوویی بەرەنگاری ببینەوە. نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ٢٠٢٠/١١/٩
ھاوڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکی ھاوبەشدا دەڵێن ئەمڕۆ کۆبوونەتەوەو باسیان لە لا مەرکەزیەت و بەردەوامی كاری هاوبەش کردوە بە ئامانجی خزمەتكردنی هاوڵاتیان. راگەیەنراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممه ٢٠٢٠/٩/١١ لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای بەخێرهێنان و سوپاسكردنی وەفدی هەردوولا لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە تیشكخرایە سەر بارودۆخی سیاسی بەگشتی و بارودۆخی عیراق و هەرێمی كوردستان و ئەو گیروگرفتانەی بەرۆكی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە، بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و داراییەوە كە بەهۆی لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، جیهان و عیراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە. بەڕێزیان جەختی لە گرنگیی كاری هاوبەشی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی نێوان پارتی و یەكێتی كردەوە و ئامادەییی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی نیشاندا بۆ پاڵپشتی و هاوكاریی سەرخستنی كاری پێكەوەیی و هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەنەكان. دواتر وەفدی هەردوولا گفتوگۆی راشكاوانەو بەرپرسانەیان لەسەر كۆی پرسەكان كرد‌و دووپاتی بەرپرسیاریەتیی هاوبەشیان بەرامبەر پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان كردەوە، هەردوولا كۆك بوون كە پێویستە پێكەوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان هەنگاوی جددی و كردەیی بنێن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوانیان و هەموو تواناكانیان بخرێنەگەڕ بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەم بارودۆخەو پشتیوانیی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان. بارودۆخی ئەمنی هەرێمی كوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێم تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكە بوو، هەردوولا كۆك بوون كە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان، ئەركی هەموو لایەكە. هەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ ئامادەكارییەكانی حكومەتی فیدراڵ و لایەنە پەیوەندارەكان بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق دووپاتكردەوە و لەم رووەوە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەرز هەڵسەنگێنراو دووپاتی بەردەوامی ئەو هەماهەنگییە كرایەوە. لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنە سیاسی و ئیدارییەكانی نێوان هەردوولا كرا، لەنێویشیاندا بابەتی لامەركەزییەت لە هەرێمی كوردستان، هەردوولا پابەندیی خۆیان دووپات كردەوە بەڕێككەوتنی سیاسیی نێوانیان و بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بۆ بەرجەستەكردنی لامەركەزییەت لە هەرێم و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیی هاوبەش و نەهێشتنی رۆتین لەڕاییكردنی كاری هاووڵاتییان و پێشكەشكردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییە گشتیەكان، لەم رووەوە هەنگاوەكان بەئەرێنی هەژماركران و دووپاتی بەردەوامیی كاری هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكان كرایەوە و میكانیزمی گونجاو لەو رووەوە بڕیاری لێدرا. لە كۆتاییی كۆبوونەوەكەدا،دووپاتی بەردەوامی كاری هاوبەش و هەماهەنگی لەناو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا كرایەوە كە ئامانج لێی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخە سەختەی سەر شانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بێت. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان ٢٠٢٠/٩/١١
ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە (٢٥٧) ١. پشکنین: (٦٠٩٩ پشکنینی نوێ) • (٢٠٧٨) هەولێر • (٦٩٢) سلێمانی • (٣٠٤٠) دهۆك • (٧٥) هەڵەبجە • (١٦٥) گەرمیان • (٤٩) ڕاپەڕین • ٢. تووشبوو: (٩٠٠ تووشبووی نوێ) • (٣٠٣) هەولێر • (١٩٨) سلێمانی • (٣٠٣) دهۆك • (٤٤) هەڵەبجە • (٣٨) گەرمیان • (١٤) ڕاپەڕین • ٣. چاکبوون: (٢٧٥ چاکبوون) • (١٠٦) هەولێر • (٢٧) سلێمانی • (٧٥) دهۆك • (٢٧) هەڵەبجە • (٤٠) گەرمیان • (٠) ڕاپەڕین • ٤. مردن: (٢٤ مردن) • (٢) هەولێر • (٤) سلێمانی • (٧) دهۆك • (٢) هەڵەبجە • (٣) گەرمیان • (٦) ڕاپەڕین ئاماری گشتی: کەڕەنتین هاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو) پشکنین ٧٠٤٨٠٤ (٢٥٠٨٩٩ هەولێر، ١٦٢١٤٨ سلێمانی، ٢٨٥٦١٥ دهۆك، ٦١٤٢ هەڵەبجە) تووشبوون ٨٥٠٦٣ (٣١٢٦٢ هەولێر، ٢٤٦٢٣ سلێمانی، ٢٦٤٢٨ دهۆك، ٢٧٥٠ هەڵەبجە) چاکبوون ٥٢٧٧١ (١٨٩٥٤ هەولێر، ١٨٣١٦ سلێمانی، ١٢٩٨٨ دهۆك، ٢٥١٣ هەڵەبجە) لەژێر چارەسەر ٢٩٦١٠ (١١١٥٥٧ هەولێر، ٥٠٠٣ سلێمانی، ١٢٩٢١ دهۆك، ١٢٩ هەڵەبجە) مردن ٢٦٨٢ (٧٥١ هەولێر، ١٣٠٤ سلێمانی، ٥١٩ دهۆك، ١٠٨ هەڵەبجە) بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/). وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جەخت دەکەینەوە هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و دەستکێش، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢). وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٩ی تشرینی دووەم ٢٠٢٠
ھاوڵاتی داود، ته‌مه‌نی 40 ساڵه‌و دانیشتووی یه‌کێک له‌گونده‌کانی سنووری قه‌زای دووبزه له پارێزگای که‌رکوک، بە چاوی خۆی بینویەتی کە چۆن هەندێک له‌گوندنشینه‌کانی سنووره‌که ماڵیان جێهێشتووه‌و روویان له هه‌رێمی کوردستان و ناوه‌ندی شاره‌کان کردووه. داود وتی « هەمووی گوندەکانی خۆیان چۆڵدەکەن به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر ژیانیان لە لایەن داعشەوە، هەندێک لە گوندەکان بە تەواوەتی چۆڵکراون». گوندی نادراوه له‌سنووری قه‌زای دووبزه له‌کۆی 120 ماڵ ته‌نها یه‌ک ماڵ تێدا ماوه، ئەوەش لەکاتێکدایە دەکەوێتە ئەو ناوچانەی کە مەترسی هەڕەشەی داعشیان لەسەرە. هەروەها گوندی چه‌خماخه 200 ماڵی تێدا بووە، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی داعش له‌ساڵی رابردوو هێرشی کرده سه‌ر گونده‌که‌و چوار گه‌نجی لێ کوشتن ئێستا ته‌نها 10 ماڵی تێدا ماوه، ئه‌و 10 ماڵه‌ش به‌به‌رده‌وام له‌وێ نین به‌ڵکو بنه‌یه‌کیان له‌شاری که‌رکوک و بنه‌یه‌کی تریان له گونده‌که‌یه. جگە لەمەترسییەکانی داعش، عه‌ره‌به هاورده‌کانی سه‌رده‌می به‌عسیش له‌ڕێی بڕیاری دادگا‌و پاڵپشتی ئیداره‌ی شاره‌که‌وه هه‌وڵی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی زه‌وی و زاری جوتیاره کورده‌کان ده‌ده‌ن. له‌دوای رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ریشه‌وه لایه‌نه کوردییه‌کان چه‌ندین جار جه‌ختیان له‌وه کردووه‌ته‌وه که ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی شاره‌که کار له‌سه‌ر ته‌عریب کردنی که‌رکوک و گۆڕینی دیموگرافیای شاره‌که ده‌کات، به‌ڵام وه‌ک به‌شێک له‌چاودێران باسی ده‌که‌ن هه‌نگاوه‌کانی لایه‌نه کوردییه‌کان بۆ رێگرتن له‌و هه‌وڵانه وه‌ک پێویست نه‌بوون. هه‌وڵه‌کانی ئیداره‌ی که‌رکوک بۆ نیشته‌جێکردنی عه‌ره‌بی هاورده له‌شوێنی خێزانه کورده‌کان تازه نین، به‌ڵکو له‌دوای رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 2017 به‌به‌رده‌وامی له وه‌رزی چاندنی به‌رووبوومه کشتوکاڵییه‌کاندا، عه‌ره‌به هاورده‌کان په‌لاماری گوندنشینانی سنووری هه‌ردوو قه‌زای دووبز و داقوق ده‌ده‌ن به‌مه‌به‌ستی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی زه‌وییه‌کاندا. هاتنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هاورده بۆ ناوچه کوردییه‌کان هاوکاته له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتن و زیادبوونی جموجۆڵی چه‌کدارانی رێکخراوی داعش له ناوچه کوردییه‌کانی پارێزگای که‌رکوک که پێش رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ری 2017 و به‌شێک له‌چاودێرانیش ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که مه‌ترسییه‌کانی داعش هۆکارێکی سه‌ره‌کی بووه بۆ چۆڵکردنی به‌شێک له‌گونده‌کانی سنووره‌که. ئه‌دهه‌م جومعه، چالاکوانی مه‌ده‌نی له‌که‌رکوک له‌ماوه‌ی رابردوودا سه‌رپه‌رشتی ژماره‌یه‌ک چالاکیی کردووه دژی پڕۆسه‌ی ته‌عریب له‌شاره‌که‌دا، وتی «له‌دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه ئیداره‌ی که‌رکوک به‌شێوه‌یه‌کی به‌رنامه بۆ داڕێژراو هه‌رچی بڕیاری سه‌رده‌می به‌عس خستوویه‌تییه‌وه گه‌ڕ و له‌ڕێی دادگاوه بڕیاری بۆده‌رده‌که‌ن و جێبه‌جێی ده‌که‌ن، ئه‌و بڕیارانه‌شی که له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه ده‌رکراون به‌هۆیه‌وه زه‌وی کورد دراوه به‌عه‌ره‌ب هه‌ر هه‌مووی زیندوو کراوه‌ته‌وه« ئه‌دهه‌م باس له‌وه‌ش ده‌کات که «له‌که‌رکوک هێزێکی حه‌شد دروستکراوه به‌ناوی حه‌شدی عه‌شایه‌ری که به‌ده‌ستی عه‌ره‌به سوننه‌کانه‌وه‌یه، ئه‌و هێزه به‌ده‌ستی سه‌رۆک هۆزه‌کانه‌وه‌یه، به‌رپرسی ژمێریای یه‌کێک له‌و هێزانه‌ش پێشتر سه‌رکرده‌ی داعش بووه‌و ئێستا گیراوه«. به‌وته‌ی ئه‌دهه‌م «ئه‌و هێزه به‌کارده‌هێنرێت بۆ هێرشکردنه سه‌ر گونده‌کان بۆ رفاندن و کوشتنی خه‌ڵکی کورد و به‌شه‌و به‌ناوی داعشه‌وه هه‌ڕه‌شه له‌کورد ده‌که‌ن و به‌ڕۆژیش به‌ناوی یاساکانی به‌عسه‌وه دێنه سه‌ر گونده‌کانی کورد، ئێستا زیاتر له ده هه‌زار دۆنم زه‌وی له‌ده‌ستی کورد سه‌ندراونه‌ته‌وه‌و عه‌ره‌ب داگیری کردووه«. به‌وته‌ی به‌شێک له‌چاودێران ئیداره‌ی ئێستای که‌رکوک توانیویه‌تی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌کانی شاره‌که به شیعه‌و سوننه‌وه به‌کار بهێنێت بۆ سه‌رخستنی ئامانجه‌کانی له‌گۆڕینی دیموگرافیای شاره‌که، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پێکه‌وه کارده‌که‌ن، ئه‌م هه‌وڵانه‌شی دوای ئه‌وه دێت که له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا به‌ده‌یان پۆستی ئیداری باڵای که‌رکوکی له‌کورد وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌و که‌سانی عه‌ره‌بی له‌شوێنیان داناوه، ژماره‌ی ئه‌و پۆستانه‌ش نزیکه‌ی 80 پۆستی ئه‌منی و ئیداری ده‌بن و زۆرترینیان پۆستی فه‌رمانگه‌ی هه‌ستیارن و رۆڵی به‌رچاویان هه‌یه له گۆڕینی نه‌خشه‌ی دیموگرافی شاره‌که. له‌هه‌مان کاتدا له ناوچه‌کانی باشوور و باشووری خۆرئاوای شاره‌که رێگه به‌دروستکردنی ژماره‌یه‌ک گه‌ڕه‌کی تازه دراون که دانیشتووانه‌که‌ی له‌نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بن و زیاده‌ڕۆییان کردووه‌ته سه‌ر زه‌وی ده‌وڵه‌ت، ئه‌ده‌هه‌م ده‌ڵێت «هه‌زاران خانووی زیاده‌ڕۆ به‌شێوه‌ی نیو بازنه‌یی به‌ده‌وری شاری که‌رکوک دروستکراون و عه‌ره‌ب تێیدا نیشته‌جێن». ئه‌دهه‌م وتی «داعش کار له‌سه‌ر عه‌قڵییه‌تی داگیرکاری و عه‌ره‌بچێتی ده‌کات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه رێگه‌خۆشکردن نه‌بێت له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه چه‌کدارێک ناتوانێت له‌دووبزه‌وه بگاته سنووری پردێ». ئه‌و خێزانه کوردانه‌ی که ناوچه‌کانی خۆیان له ده‌وروبه‌ری که‌رکوک چۆڵکردووه؛ نه‌ک ماڵ به‌ڵکو چه‌ندین دێ هه‌ن به‌ته‌واوی چۆڵکراون وه‌کو دێی قوشقایه و نادراوه. دوایین رووداوی چۆڵکردنی گونده‌کانی که‌رکوک له‌لایه‌ن کورده‌وه له‌هه‌فته‌ی رابردوو بوو که 10 ماڵی گوندی په‌ڵکانه‌ی قه‌زای دووبز به‌هۆی فشاره‌کانی سه‌ریان و گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هاورده بۆ سه‌ر زه‌وییه‌کانیان گونده‌که‌یان چۆڵکرد. فشاری سه‌ر خێزانه کورده‌کان ته‌نها له‌سنووری قه‌زای دووبز نین، به‌ڵکو له گونده‌کانی سنووری قه‌زای داقوق و ناحیه‌ی شوان و پردێ فشاری جۆراجۆر له‌سه‌ر خێزانه کورده‌کان هه‌یه بۆ جێهێشتنی ناوچه‌که. ئه‌دهه‌م نموونه‌ی گوندێکی سنووری قه‌زای داقوق به‌نموونه ده‌هێنێته‌وه که ناوی «ئاوایی فه‌ریق» که له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا دوای هه‌وڵێکی عه‌ره‌به هاورده‌کان بۆ ده‌ستبه‌رداگرتنی زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کان به‌ته‌واوی له‌لایه‌ن دانیشتووانه کورده‌که‌یه‌وه چۆڵکرا. دوای ناکۆکییه‌کانی نێوان کورد و عه‌ره‌ب له‌سه‌ر زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانی گونده‌کانی هه‌فته‌غار له‌قه‌زای داقوق دواجار هێزه ئه‌منییه‌کانی سنووره‌که هاتنه ناو بابه‌ته‌که‌و رێگرییان له‌خێزانه کورده‌کان کرد لەمساڵدا زه‌وییه‌کانیان بکێڵن، به‌م شێوه‌یه‌ش زه‌وییه‌کان به بێ به‌رهه‌م و خێزانه‌کانیش به‌بێ سه‌رچاوه‌ی داهات مانه‌وه. به‌بڕوای ئه‌دهه‌م چۆڵکردنی که‌رکوک ته‌نها له‌گونده‌کاندا نییه، به‌ڵکو «له هه‌ریه‌کێک له‌گه‌ڕه‌که‌کانی ناو شاری که‌رکوکیش به‌سه‌دان خانوو له‌سه‌ریان نوسراوه بۆ فرۆشتن، خانووی وا هه‌یه خاوه‌نه‌که‌ی مه‌منونه ئه‌گه‌ر که‌سێک به‌خۆڕایی بچێته ناو خانووه‌که‌ی دابنیشێت ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی خانووه‌که‌ی نه‌ڕزێت». ئه‌دهه‌م پێیوایه که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی لایه‌نه کوردییه‌کان و حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ک راگه‌یاندن کاری له‌سه‌ر پرسی گۆڕینی دیموگرافی شاره‌که کردووه «به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع هه‌نگاوی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌و جددییان نه‌ناوه، له‌کاتێکدا خه‌ڵکیان ناو وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌تی فیدڕاڵی هه‌یه‌و ده‌توانن هه‌نگاو بنێن». حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ماوه‌ی رابردوودا لیژنه‌یه‌کی بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوک پێکهێناوه که له‌لایه‌ن وه‌زیری هه‌رێم بۆ دانوستاند له‌گه‌ڵ به‌غدا پێکهێنا که تائێستا ژماره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌کان و نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئه‌نجامداوه. شاخه‌وان عه‌بدوڵا کادیری پێشکه‌وتوو پارتی دیموکراتی کوردستان ئه‌ندامی ئه‌و لیژنه‌یه‌یه، ئه‌و به ھاوڵاتی وت «ئه‌گه‌ر زۆر شت عه‌فه‌وی و ئه‌نجامی هه‌ڵه‌یه‌ک بێت بابه‌تی زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانی کورد و هه‌وڵدان بۆ داگیرکردنیان و گۆڕینی دیموگرافیا به‌رنامه‌ی پێشوه‌خت و کار‌و پلانی ده‌وێت». ئه‌و عه‌ره‌به هاوردانه‌ی ئێستا هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر زه‌وی زاری خێزانه کورده‌کان پێش ساڵی 2003 له‌چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌ی ته‌عریبکردنی که‌رکوک له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه به‌کۆمه‌ڵێک بڕیاری ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی هه‌ڵوه‌شاوه‌و لیژنه‌ی کاروباره‌کانی باکووری حیزبی به‌عس له‌که‌رکوک نیشته‌جێ کران و له‌دوای ساڵی 2003وه دوای وه‌رگرتنی قه‌ره‌بوو و پارچه‌یه‌ک زه‌وی نیشته‌جێبوون گه‌ڕانه‌وه ناوچه‌کانی خۆیان. به‌ڵام دوای رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌رو گۆڕینی ئیداره‌ی شاره‌که ئه‌و عه‌ره‌به هاوردانه گه‌ڕانه‌وه ناوچه کوردییه‌کان و هه‌وڵی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانیان دایه‌وه‌و تا ئێستاش هه‌وڵه‌کانیان به‌رده‌وامن. شاخه‌وان ده‌ڵێت «عه‌ره‌به‌کان باش ده‌زانن به‌هه‌بوونی ده‌ستووری ئێستای عێراق هیچیان پێناکرێت، بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ڕێی ترساندنی هاووڵاتیانه‌وه له‌ڕێی هێزه ئه‌منییه‌کان و داعشه‌وه له‌جێی خۆیان ده‌ریان بکه‌ن، ده‌زانن که جموجۆڵێکی سیاسی هه‌یه‌و حکومه‌تی هه‌رێم هه‌نگاو ده‌نێت و خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ش به‌غیره‌تن بۆیه ئه‌وه‌یان بۆ ناچێته سه‌ر له‌ڕێی هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه بیکه‌ن بۆیه ره‌نگه هه‌ر ئه‌و هێزانه بێت به‌ناوی داعشه‌وه هێرش بکه‌نه سه‌ر هاوڵاتیان و بیانترسێن و شوێنه‌کانیان پێ چۆڵ بکه‌ن» شاخه‌وان نموونه‌ی هێزه‌کانی ئیسناد ده‌هێنێته‌وه که پێش 2014 و هاتنی داعش و ده‌ڵێت «ئه‌و هێزانه به‌ڕۆژ له‌گه‌ڵ حکومه‌ت بوون و به‌شه‌و له‌گه‌ڵ داعش ه‌بوون، بۆیه هه‌مان سیناریۆ وارده بۆ ئه‌و هێزانه‌ی ئێستا خۆیان له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌کان و حه‌شددا تێکه‌ڵکردووه«. شاخه‌وان جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که هه‌وڵه‌کانی لیژنه‌ی ئاساییکردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامه بۆ رێگریکردن له‌گۆڕانکارییه دیموگرافییه‌کان و دوای که‌ره‌نتینه‌و کۆبوونه‌وه‌کانیان به‌رده‌وام بوون. وتی «تاکه خاڵ که تائێستا رێککه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌کراوه بابه‌تی زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانه و هه‌وڵێک هه‌یه که عه‌ره‌به‌کان ته‌نها به‌قه‌ره‌بوو کردنه‌وه رازی نه‌بن به‌ڵکو له‌هه‌ندێک شوێن به‌شێک له زه‌وییه‌کانیان وه‌ربگرنه‌وه که ئه‌وه‌ش به‌لای ئێمه‌وه هێڵی سووره‌و رێگه به‌وه ناده‌ین ئه‌وان بێنه‌وه‌و به‌یاسا رێگه ناده‌ین ئه‌و کاره بکه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌داگیرکراویش بێنه‌وه ئه‌وه دوای 20 ساڵی تریش بێت هه‌ر ده‌ریان ده‌که‌ینه‌وه«. وتیشی «ئێمه له‌هه‌وڵه‌کانمان بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوک له‌ڕووی ئیداری و گێڕانه‌وه‌ی زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کان به‌رده‌وامین و هه‌ر کاتێک دۆخه‌که ئاسایی بووه‌وه ئه‌و خێزانانه‌ی گونده‌کانی خۆیان جێهێشتووه ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌کانی خۆیان». گۆڕینی دیموگرافی هه‌میشه یه‌کێک بووه له‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌سه‌ڵاته یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی عێراق له‌پارێزگای که‌رکوک گرتوویانه‌ته به‌ر بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر پارێزگاکه‌و گرتنه ده‌ستی جڵه‌وی به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌که.
هاوڵاتى له شارى ھه‌ولێر به ئاماده‌بوونى بافڵ تاڵه‌بانی، ھاوسه‌رۆکى یه‌کێتیى و نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى ھه‌رێمى کوردستان کۆبوونه‌وه‌ى مه‌ته‌بى سیاسى یه‌کێتى و پارتى له‌سه‌ر ئاستى باڵا ده‌ستیپێکرد. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 9ى تشرینى دووه‌مى 2020 کۆبوونه‌وه‌ى هه‌ردوو مه‌کته‌بى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کێتیى نیشتمانى کوردستان له سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌سه‌رپه‌رشتى نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر ئاستى باڵا ده‌ستیپێکرد. وه‌فدى یه‌کێتى به سه‌رۆکایه‌تى بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى و وه‌فدى پارتى دیموکراتى کوردستانیش به سه‌رۆکایه‌تى هۆشیار زێباری، ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى ده‌بێت، هه‌روه‌ها له کۆبوونه‌وه‌که‌دا تاوتوێى پرسه گرنگه‌کان و دۆخى ئێستاى هه‌رێم و نه‌بوونى مووچه و په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوانیانن ده‌کرێت.
ھاوڵاتی تیمه‌کانى عێراق و نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان به هاوکارى هه‌رێمى کوردستان (24 تشرینى یه‌که‌م) ده‌ستیانکرد به هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕێکى به‌کۆمه‌ڵ له قه‌زاى شه‌نگال که پاشماوه‌ى ژنانى ئێزیدیی به‌ته‌مه‌ن و ئه‌و منداڵانه‌ى تێدایه که له‌لایه‌ن رێکخراوى «ده‌وڵه‌تى ئیسلامی» (داعش)ه‌وه کوژران له 2014. ‹گۆڕى دایکان›ى ئێزیدى له شه‌نگال ته‌رمى 78 ژنى ئێزیدى تێدایه، له‌نێویاندا دایکى چالاکوانى ئێزیدى و باڵیۆزى نیازپاکى نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان نادیه موراد. نادیه موراد ره‌خنه له‌وه ده‌گرێت له‌کاتى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕى که‌سوکاره‌کى بانگهێشت نه‌کراوه. نادیه موراد چالاکوانى ئێزدی، له‌گه‌ڵ دکتۆرى کۆنگۆیی، دێنیس موکوێگى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتى 2018یان بۆ کارکردنیان له‌دژى توندوتیژیى سێسکى له جیهان و له‌کاتى شه‌ڕدا، برده‌وه. نادیه موراد، 25 ساڵ، یه‌که‌م عێراقییه خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتى بباته‌وه. نادیه موراد پێشتر ژیانێکى ئارام ده‌ژیا. له گوندى کۆچۆى شه‌نگال له باکورى عێراق. به‌ڵام کاتێک رێکخراوى «ده‌وڵه‌تى ئیسلامى له عێراق و سوریا» (داعش) له 2014 ناوچه‌که‌ى داگیرکرد، له‌لایه‌ن گروپه‌که‌وه رفێندرا و چاره‌نوسى بۆ هه‌میشه گۆڕا. به‌ڕێوه‌به‌رى رێکخراوى ئێزیدى له هۆڵه‌ندا، حه‌سو هوره‌مى وتى تیمێکى عێراقى له‌لایه‌ن حکومه‌ت و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه نێردران بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌که به پشتیوانیى نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان و تایبه‌تمه‌ندانى کۆمسیۆنى نێوده‌وڵه‌تى ونبووان. به‌ڕێوه‌به‌رى رێکخراوه‌که وتى «گۆڕه‌که، که ناسراوه به گۆڕى دایکانى ئێزیدی، پاشماوه‌ى 78 ژنى ئێزیدى تێدایه.» ده‌وترێت نزیکه‌ى هه‌موو ژنه‌کان که له‌وێ نێژراون، ناو و ته‌مه‌نیان ده‌ستنیشانکراوه، جگه له حه‌وت که‌سیان که هێشتا به نه‌ناسراوى ماونه‌ته‌وه. ئه‌و 71 ژنه‌ى ده‌ستنیشانکراون، هه‌موویان دانیشتووى گوندى کۆجۆى ئێزیدى بوون. له‌نێویاندا شه‌مى ساڵح ئه‌مان هه‌یه، دایکى چالاکوانى ئێزیدى و باڵیۆزى نیازپاکى نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان نادیه موراد. نادیه موراد له پۆستێکى تویته‌ردا شه‌ممه وتى «بۆ ماوه‌ى شه‌ش ساڵ، من و رزگاربووانى دیکه، نکۆڵى مافى ناشتنى که‌رامه‌تمه‌ندانه‌ى خۆشه‌ویستانمان لێ‌کرا.» وتیشى «ئه‌مڕۆ، زۆر هه‌ستم وروژاوه به‌وه‌ى، گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌که‌ى ئه‌وه‌ى تێدا نێژراوه له‌گه‌ڵ ژنانى دیکه‌ى ئێزیدى، دواجار هه‌ڵده‌درێته‌وه.» گۆڕه‌که ئێسک و پروسکى 12 منداڵى دیکه‌ى نێوان ته‌مه‌نى 13 بۆ 16 ساڵى تێدایه، که ناسنامه‌یان به نادیارى ماوه‌ته‌وه. «قوربانییه مێینه‌کان زۆربه‌یان له ته‌مه‌ندا پیرن و له‌نێویاندا قوربانییه‌کى 27 ساڵ هه‌یه که ئه‌وکاته‌ى له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه کوژرا سکپڕ بوو. له 16 ئاب 2014، داعش هێرشیکرده سه‌ر قه‌زاى شه‌نگال، که ژنانیان له مێرده‌کانیان و منداڵه‌کانیان جیاکرده‌وه و بر‌دیانن بۆ ناوچه‌یه‌ک، نزیک به چیاى شه‌نگال به‌ناوى سۆلاغ، کوشتیانن و دواتر له‌و شوێنه ناشتیانن. هۆره‌مى وتى «شمه‌کى که‌سه‌کان له‌نێو گۆڕه‌کاندا دۆزرانه‌وه، له‌نێویاندا چاویلکه و گۆچانى رێکردن». رێکخراوى ئێزیدى، چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ردانێکى شوێنى گۆڕه‌که‌ى کرد له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى رێکخراوى نیوده‌وڵه‌تى لێکۆڵه‌رانى جینۆساید تا زانیارى تۆماربکات و قسه‌ى شایه‌ته‌کان به به‌ڵگه بکات و روماڵێکى چڕوپڕى دیمه‌نى تاوانه‌که بکات. وا دانرابوو گۆڕه‌که مانگى ئازار بکرێته‌وه، به‌ڵام کاره‌کان بۆ ده‌رهێنانه‌وه‌ى پاشماوه‌کانى قوربانیان دواخران به‌هۆى په‌تاى ڤایرۆسى کۆرۆناوه (کۆڤید-19). هۆره‌مى وتى «ئه‌مڕۆ به‌شێوه‌یه‌کى خێرا کاره‌کان به‌رده‌وامه، به‌تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى کارى ئه‌رکى نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کانى به‌رپرس له پشتیوانیکردنى هه‌وڵه نیشتمانیه‌کان بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌کانى قوربانیه‌کانى داعش، درێژرکرایه‌وه تا ئه‌یلولى 2021.» ئاماژه‌یکرد به‌وه‌ى 17 گۆڕى قوربانیانى ئێزیدى له ئازارى 2019وه هه‌ڵدراونه‌ته‌وه، له‌نێو 81 گۆڕى به‌کۆمه‌ڵدا که له شه‌نگال و ده‌وروبه‌ره‌که‌ى دۆزراونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها وتى «ده‌رهێنانه‌وه‌ى هه‌موو پاشماوه‌کانى گۆڕى به‌کۆمه‌ڵ به‌رده‌وامبێت. هه‌رکات پشکنینى دى ئێن ئه‌ى گه‌یشته ئامانج و هه‌موو قوربانییه‌کان ده‌ستنیشانکران، دووباره له بۆنه‌یه‌کى فه‌رمیدا ده‌نێژرێنه‌وه«. ناده‌یه موراد له‌ته‌مه‌نێکى که‌مدا، له‌لایه‌ن خێزانێکى عه‌ره‌بى سونه‌وه، له موسڵه‌وه هاوکارى کراوه که له‌ده‌ست داعش رزگارى بێت. ناده‌یه موراد له کتێبێک‌دا باس له‌وه‌ده‌کات که دوا به‌دواى کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ى شه‌نگال، به‌خێرهاتنى ئێزیدیه‌کان ده‌کرا بۆ کوردستان و حکومه‌ته‌که‌ى کۆمه‌کى ده‌کرد به‌هه‌وڵه‌کانى دامه‌زراندنى که‌مپ بۆ ئاواره‌کان. هه‌ندێک ئێزیدى گومانیان له‌هۆکار و پاڵنه‌ره‌کانى پشت ئه‌و جوڵه‌یه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌کرد. “کورده‌کان ده‌یانه‌وێت ئێمه له‌وه لێیان خۆشبین که ده‌ستبه‌ردارمان بوون.” ئه‌و ئێزیدیانه ده‌یانووت. “ئه‌وه له‌پێناو خۆلادانه له‌میدیا و هه‌واڵى نه‌رێنی.” هه‌ندێکى تر پێیان وابوو که‌حکومه‌تى هه‌رێم، ده‌یویست ئێزیدیه‌کان له‌ناو کوردستاندا نیشته‌جێبن، له جیاتى ئه‌وه‌ى یارمه‌تیان بده‌ن شه‌نگال بگرنه‌وه، به‌و نیازه‌ى ژماره‌ى دانیشتوانى خۆیان زیاد بکات و کۆمه‌کیان بکات له هه‌وڵیان بۆ سه‌ربه‌خۆبوون له عێراق. ناده‌یه ده‌ڵێت، هۆکاره پاڵنه‌ره‌کانیان هه‌رچیه‌ک بووبن، له‌م کاته‌دا ئێزیدییه‌کان پێویستیان به‌حکومه‌تى کوردى هه‌بوو. حکومه‌تى هه‌رێم کامپى تایبه‌تى بۆ ئێزیدییه‌کان له‌نزیک دهۆک دامه‌زراند و پارتى دیموکراتى کوردستان، نوسینگه‌یه‌کى دامه‌زراندبوو که ته‌رخانکرابوو بۆ ئازادکردنى سه‌بایاى ئێزیدى وه‌کو من. هێدى هێدى حکومه‌تى هه‌رێم، په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ ئێزیدیه‌کان تازه ده‌کرده‌وه و سه‌رله‌نوێ متمانه‌ى ئێمه‌یان به‌ده‌ست ده‌هێنایه‌وه، به‌و هیوایه‌یان که ئێمه جارێکى تر به‌خۆمان بڵێین کورد و ئاره‌زوو بکه‌ینه‌وه، ببین به‌به‌شێک له‌کوردستان.”به‌ڵام ئه‌و رۆژه من ئاماده نه‌بووم لێیان ببورم.” من نه‌م ده‌ویست به‌ڕێگه‌پێدانیان به‌من که بێمه ناوه‌وه ئه‌وان هه‌ست بکه‌ن رزگارم ده‌که‌ن دواى هه‌ڵهاتنى له‌ده‌ستى داعش و گه‌شتنى به‌بازگه‌ى پێشمه‌رگه له‌که‌رکوک، ناسر (ئه‌و کوڕه عه‌ره‌به‌ى رزگارى کرد) رووى له‌نادیه کردوه‌و وتوویه‌تی:”نادیه، تۆ ده‌توانیت بچیت و پێیان بڵێیت که‌تۆ ئێزیدیت. پێیانبڵێ تۆ کێیت و من کێم. به‌کوردى قسه‌یان له‌گه‌ڵ بکه.” ناده‌یه ده‌ڵێت» من سه‌رم راوه‌شاوه‌شاند و وتم نه‌خێر. کاتێک پێشمه‌رگه‌کانم له‌جلى خاکیدا بینی، له‌خاڵى پشکنینى که‌رکوکدا سه‌رقاڵى ئه‌رک و کارى خۆیان بوون، هه‌ستم به‌تووڕه‌یى کرد. ئه‌وان ده‌ستبه‌ردارى که‌رکوک نه‌بوون ئه‌ى بۆ ده‌ستبه‌ردارى ئێمه‌بوون؟ـــ “تۆ ده‌زانى چه‌ند که‌س له‌وجۆره پیاوانه له‌شه‌نگال ئێمه‌یان به‌جێ هێشت؟” به‌ناسرم وت. هه‌موو ئه‌و ئێزیدیانه‌م هاته‌وه یاد که‌له‌ترسى نزیکبووونه‌وه‌ى چه‌کدارانى داعش هه‌وڵیان ده‌دا ئاودیو بن بۆ کوردستان، به‌ڵام ڕه‌تکرانه‌وه. ناده‌یه ده‌ڵێت «به‌هۆى ئه‌وانه‌وه هه‌زاره‌ها که‌س کوژران، ڕفێندران یان ئاواره کران.”پێیان ناڵێم من ئێزیدیم و به‌کوردى قسه‌یان له‌گه‌ڵ ناکه‌م،”
ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند دوو هەفتە دوای دەنگۆی دەرکەوتنی شێرێک لە بازیان تاکو ئێستاش لە پەیوەندیان لەگەڵ هاوڵاتیانی ناوچەکە ئەگەر لەهەر شوێنێکدا کە ببینرێت ئاگاداریان بکەنەوە. راشیگەیاند دڵنیا نین لە راست و درووستی ڤیدیۆیەی سەگێک کە چەند ڕۆژێکە بڵاوبۆتەوە و دەوترێت کە ئەوە هەمان ئەو گیاندارەیە کە لە بازیان بینراوە. هێمن کەمەرخان، وتەبێژی بەرێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە لێداوانێکیدا بەهاوڵاتی وت «تاوەکو ئێستا مەفرەزەکانمان بەدواداچونیان هەیە تەنسیقمان لەگەڵ هاوڵاتیانیش هەیە لەهەر شوێنێکدا کە ببینرێت ئاگادارمان کەن بەڵام تاوەکو ئێستا نە تیمی فڕۆکە نەتیمی مەفرەزەکاننمان نەهەواڵمان پێدراوە زانرابێت نەهەواڵیش هەیە کەسی تر بینیبێتی». دوو هەفتە لەمەوبەر پیاوێکی بەتەمەن لەگەڵ هاوژینەکەی لە گوندی چاڵەڕەشی سنوری شارۆچکەی بازیان وتیان شێرێکیان بینیوەو هەرزوو پۆلیسی دارستانی لێ‌ئاگادار کردەوە، دواتر پۆلیسی دارستان لە ڕێگەی فڕۆکەوە گەران بەدوایداو ماوەی چەند ڕۆژێک بووە باسی تۆرەکۆمەڵایەتیەکان. لەچەند رۆژی رابگروودا گرتەیکی ڤیدیۆیی بڵاوبۆتەوە. کەسێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەیەوە وێنەی سەگێکی گرتووە کە جەستەیەکی گەورەو کلکێکی چەماوەی هەیە. ئەو کەسەی کە ڤیدیۆکەی گرتوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوە «شیرەکەی بازیان»ە. هێمن کەمەرخان وتی کە هیشتا دڵنیا نین لەوەی کە ئایا ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوبۆتەوە هەمان ئەو گیاندارەیە کە ژن و پیاوەکەی بازیان بینیویانە یان نا. وتیشی «تاوەکو ئێستا وەکو تیمەکانی ئێمە هیچ هەواڵێکمان پێنەگەیشتوە، ئاگاداری هاوڵاتیانمان کردۆتەوە لەهەر شوێنێک زانیاریەکیان لەسەر ئەو شێرە هەبێت ئاگادارمان بکەنەوە، بۆئەوەی بەپەلە بتوانین تەنسیقمان لەگەڵ تیمی فڕۆکەوانی هەبێت و وە مەفرەزەکانی خۆشمان بتوانین بگەینە شوێنی مەبەست، بەڵام هەتاکوو ئێستا هیچ هەواڵێک نەببوە» هێمن کەمەرخان پێشتر بەهاوڵاتی وتبوو ئەگەری هەیە «شێرەکە» هی سەرمایەدارێک بووبێت لە باخەکەی هەڵهاتبێت، ئەوەش لەکاتێکدابوو ڤیدیۆەی سەگە کڵک چەماوەکە بڵاو نەبوویەوە. باسی لەوەشکردبوو کە ئاگادارن لە سنوری دهۆک و سلێمانی سەرمایەدار هەیە کە باخی هەیە و پێدەچێت ئاژەڵی پلنگ یان شێریان کڕیبێت بۆ بەخێوکردن. جگە لەو پیاوە جوتیارەی کە دەڵیت لە نزیک بازیان بینیویەتی بەپێی وتەی پۆلیس دارستان رۆژێک دواتر کەسێکی تر لە گوندەکانی نزیک تەیناڵ لە رۆژئاوای سلێمانی گوێی لە نەڕەی بووە. ئەوە تەنها دوو بەڵگەیە کە پۆلیس پشتی پێ دەبەستێت. هێمن کەمەرخان وتی «تاوەکو ئێستا لە گەڕانداین مەفرەزەکانمان بەدوایدا دەگەڕێن، دوبارە بە کۆپتەرەکە خۆم جارێکی تر بەدوایدا دەگەرێم، ئێمە بەردەوام کێو‌ماڵی ئەو شوێنانە ئەکەین کە ئەگەری هەیە شێرەکەی لێبێت». ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی شاخاوییە بەڵام کەمتر گیانداری دڕەندەی لێیە بەوپێیەی خەڵکی هەمیشە لەناوچەکاندا نیشتەجێبوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا پڵنگ دەرکەوتوون. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2011 پڵنگێکی دەگمەن لەو کامێرایانەدا دەرکەوت کە ڕێکخراوی سروشتی عێراق ڕیکۆردی کردبوو، دوایی گەڕانێکی زۆر لە ڕێگەی کامێرای جێگیرکراو بۆ دۆزینەوەی ئاژەڵی کێوی لە چیاکانی کوردستان، دوای چەند ساڵێک یەکێ لەو پڵنگانە بە کوژراوی لە ناوچەی چیای پیرەمەگروون دۆزرانەوە، کە بەوتەی پۆلیس کەسێک ژەهری رژاندوە بەهۆی ئەوەی درەندەکان ئاژەلەکانیان خواردوە .
شاناز حه‌سه‌ن مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى کارگێرو وته‌بێژى لقى هه‌ولێرى یه‌کێتى زانایانى ئاینی رایگەیاند 191 زانای ئاینی تووشی کۆرۆنا بوون و 22 کەسیان گیانیان لەدەست داوە، راشیگەیاند کە ئەوانەی بەناوی ئاینەوە قسەیان کرد‌و وتیان وتیان موسوڵمان کۆرۆنا ناگرێ که‌سانى نابه‌رپرس بوون. ئەوەش لەکاتێکدایە لەسەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە هەندێک مەلا وتیان کۆرۆنا غەزەبی خوایە بۆ بێباوەڕان و موسوڵمان کۆرۆنا ناگرێت. مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى کارگێرو وته‌بێژى لقى هه‌ولێرى یه‌کێتى زانایانى کوردستان له چاوپێکه‌تنێکدا له‌گه‌ڵ ھاوڵاتی باس لەوەدەکات 191 مامۆستاى ئاینى تووشی کۆرۆنا بوون 161 کەسیان چوونەتە نەخۆشخانە بەلام 31 کەسیان لە ماڵەوە ماونەتەوەو نەیانویستوە کەس بزانێ. هەروەها 22مامۆستای ئاینی گیانیان لە دەستداوە و 105 مامۆستا چاکبوونه‌ته‌وه، له‌کاتى ئێستادا 13 مامۆستاى ئاینى له نه‌خۆشخانه‌کاندا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن. ھاوڵاتی: له‌دواى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا، چه‌ند مامۆستاى ئاینى توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون؟ چه‌ند که‌س گیانیان سپاردووه؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: تا ئێستا ژماره‌ى مامۆستایانى ئایینى توشبووان و مردنیان به ڤایرۆسى کۆرۆنا له هه‌رێمى کوردستان 131 مامۆستاى ئاینى توشبون و 22مامۆستا مردون و له‌و ڕێژه‌یه‌ش 105 مامۆستا چاکبوونه‌ته‌وه، له‌کاتى ئێستادا 13 مامۆستاى ئاینى له نه‌خۆشخانه‌کاندا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن. جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه« زیاتر له 60 مامۆستا ى تر که نه‌یانویستوه که‌س بزانێت یان دور له ڕاگه‌یاندنه‌کان چاره‌سه‌رى وه‌رگرتوه و له‌ماڵه‌وه ماونه‌ته‌وه له‌و کاته‌ى که توشى کۆرۆنا بون». ھاوڵاتی: له‌هه‌رێمى کوردستاندا چه‌ند مامۆستاى ئاینى هه‌یه؟ واته ئه‌وانه‌ى به ڕه‌سمى مۆڵه‌تیان هه‌یه و له‌لایه‌ن ئێوه‌وه ڕێگه‌پێدراون؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: له هه‌رێمدا 2هه‌زار و 700 مامۆستاى ئاینى هه‌ن که به فه‌رمى مۆڵه‌تیان پێدراوه و موچه‌یان هه‌یه و به‌ده‌ر له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له 800 مامۆستاى ئاینى هه‌یه که له‌مزگه‌وته‌کاندا به خۆبه‌خش کارده‌که‌ن و وتارى ئاینى پێشکه‌ش ده‌که‌ن. ھاوڵاتی: چه‌ند مزگه‌وت له سنورى هه‌رێمدا هه‌ن؟ به ژماره؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: له‌هه‌رێمى کوردستاندا 5هه‌زار و 565 مزگه‌وت هه‌یه و هه‌مو ڕۆژانى هه‌ینیه‌ک له 3هه‌زار و 174 مرگه‌وتدا وتارى ئاینى پێشکه‌ش ده‌کرێت. ھاوڵاتی: ئایا مامۆستاى ئاینى هه‌یه بێ مۆڵه‌ت، له مزگه‌وته‌کاندا وتارى ئاینى بدات؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: هیچ مه‌لایه‌ک به‌بێ ره‌زامه‌ندى ئه‌وقاف ناتوانێ وتار بدات به‌هیچ جۆرێک، چونکه وتار ان پێویستى به مۆڵه‌ت وه‌رگرتن هه‌یه و پێویسته ره‌زامه‌ندى وه‌ربگرێت له ئه‌وقاف ئه‌و کات ده‌توانێت مزگه‌وته‌که دیاریبکات و وتارى خۆى بدات. ھاوڵاتی: چ مه‌رجێک بۆ وه‌رگرتنى مه‌رجى مامۆستاى ئاینى هه‌یه؟ واته چ پێوه‌رێک هه‌یه؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: ئه‌وه‌ى به‌فه‌رمى دامه‌زرابێت لاى ئێمه، ده‌بن ده‌بێ ده‌رچوى په‌یمانگاى ئیسلامى یان کۆلێژى شه‌ریعه بێت ئه‌و کات ده‌توانێت مۆڵه‌تى مامۆستاى ئاینى وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆبه‌خش بێت، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیکانى ئه‌وقاف ڕه‌وانه‌ى لقه کانى یه‌کێتى زانایانى ده‌که‌ن له‌وێش له لایه‌ن لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت تاقى کردنه‌وه‌ى شه‌فه‌وى ده‌کرێت بۆزانینى ئاستى زانست وئاستى ڕ‌ۆشنبیرى وشوێنى خوێندنى دواتر پشتگیرى ده‌کرێت و ره‌وانه‌ى ئه‌وقاف ده‌کرێت و له‌لایه‌ن ئه‌وقاف ڕێ‌و شوێنى یاساى له‌گه‌ڵ ده‌کرێت به‌لێن نامه‌شى لێ وه‌رده‌گیرێ پابه‌ندبن به ڕێنمایه‌کانى یه‌کێتى زانایان. ھاوڵاتی: له‌ئێستادا کۆمه‌ڵێک مامۆستاى ئاینى هه‌ن مامۆستا بوون پێشتر له خوێندنگه‌کاندا به‌ڵام ئێستا مامۆستاى ئاینین؟ ئایا ئه‌مانه زۆر هه‌ن یان که‌من؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: هه‌ندێک مامۆستا که‌پێشتر مامۆستاى قوتابخانه‌ى ئاینى بوون یان مامۆستا ى په‌یمانگا و کۆلێژى شه‌ریعه بون. هه‌ر مه‌لان بۆیه هه‌رکات بیانه‌وێ له ڕ‌وى شه‌رعیه‌وه کێشه‌ى نیه، یاخود هه‌ر له شوێنى خۆیان کارى خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و وتار خوێنى به خۆبه‌خش ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆیه ئه‌وانه‌ش ئه‌و که‌سانه‌ن و هیچ کێشه‌یان نیه که وتار خوێن بن یان مامۆستا. ھاوڵاتی: کۆرۆنا که سه‌ره‌تا بڵاوبۆوه، هه‌ندێک مامۆستاى ئایینى وتیان کۆرۆنا غەزەبی خوایە بۆ بێباوەڕان و موسوڵمان تووشی نابێ، بەڵام دەیان مامۆستای ئاینی تووشبوون و گیانیان لە دەستداوە، ڕاى ئێوه چییه وه‌ک یه‌کێتى زانایان؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى په‌یدابوونى ڤایروسى کۆرۆنا یه‌کێتى زانایان و ئه‌نجومه‌نى باڵاى فه‌توا و ڕێکارى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنایان ڕاگه‌یاند تاگه‌یشته داخستنى مزگه‌وته‌کان بۆ پاراستنى ته‌ندروستى و گیانى موسلمان و کوردستان یه‌که‌م ولات بو له سه‌ر فه‌تواى ئه‌نجومه‌نى باڵاى فه‌توا مزگه‌وته‌کان داخران، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى وا پیشانیان دا که ئه‌م ڤایرۆسه توشى موسلمانان نابێت یان ناجێته مزگه‌وته‌کان ئه‌وانه هه‌ندێک که‌سى نابه‌رپرس بون بۆ مه‌رامى سیاسى ودژایه‌تیکردنى حکومه‌ت قسه‌کانیان کرد و به‌داخه‌وه هه‌ر خۆیان له‌م ڤایرۆسه مه‌ترسیه رزگاریان نه‌بو به‌و هۆیه‌وه‌ش جه‌ندین مامۆستا وئازیزانمان له‌ده‌ستدا.
شاناز حه‌سه‌ن لەپارێزگاى سلێمانى بڕیارى سزادانى نه‌به‌ستنى ماسک جێبه‌جێناکرێت «بەهۆی دۆخی دارایی خەڵکەوە» بەڵام له پارێزگاى هه‌ولێر و دهۆک جێبه‌جێده‌کرێت ژماره‌یه‌ک هاوڵاتى سزادراون بە بڕی 50 هەزار دینار. فه‌ره‌یدون عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى پارێزگاى سلێمانى، لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «پێویسته حساب بۆ بارودۆخى دارایى خه‌ڵک بکرێت، چونکه خه‌ڵک پاره‌ى پێنیه و خه‌ڵک ماڵوێرانه ناکرێت سزادانیشى بێته سه‌ر». تائێستا کۆى گشتیى تووشبووان له هه‌رێمى کوردستان گه‌یشتووه‌ته 84 هه‌زار و 163 که‌س، له‌و ژماره‌یه‌ش 52 هه‌زار و 496 که‌س چاکبوونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها 2 هه‌زار و 658 که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه. فه‌ره‌یدون عومه‌ر وه‌ک ئه‌ندامى ژورى ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى پارێزگاى سلێمانیش جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه، له‌دانیشتنى ئاسایى خۆیاندا باسیان کردووه 50 هه‌زار دینار بۆ نه‌به‌ستنى ماسک «زۆره و گونجا و نیه«. وتیشى»پێویسته بکرێت به 20هه‌زار دینار ئه‌وه‌ش ته‌نیا بۆ ته‌کسى و پاسه‌کان بێت، چونکه ئوتۆمبێلى تایبه‌تى که‌سه‌کان خزم و خێزانى یه‌کترن و له‌ماڵه‌وه‌ش هه‌ر پێکه‌وه‌ن، بۆیه پێویست ناکات ماسک به‌کاربهێنن». فه‌ره‌یدون عومه‌ر هەروەها وتی «بڕیاره‌که لە پارێزگاى سلێمانى تائێستا جێبه‌جێ ناکه‌ین، به‌ڵکو ئه‌وه ته‌نیا هەولێکە بۆ جێبه‌جێکردنى ڕێنماییه‌کان، بۆیه ئه‌وه‌نده‌ى مه‌به‌ست له‌ئه‌وه‌یه رێنماییه‌کان جێبه‌جێبکرێت ئه‌وه‌نده مه‌به‌ست وه‌رگرتنى پاره‌نییه«. له‌سه‌ره‌تاى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆناوه له جیهان و له‌هه‌رێمى کوردستاندا زۆر جه‌خت له جێبه‌جێکردنى ڕێنماییه ته‌ندروستیه‌کان ده‌کرێته‌وه که گرنگترینیان به‌ستنى ماسک و ده‌ستکێش و دورکه‌وتنه‌وه‌یه له شوێنى قه‌ره‌باڵغه. به بڕیارێکى هاوبه‌شى وه‌زاره‌تى ناوخۆ و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ماوه‌ى زیاتر له مانگێکه به‌ستى ماسک کراوه‌ته ناچاریى، که ده‌سه‌ڵات دراوه‌ته ئیداره سه‌ربه‌خۆکانى پارێزگاکان بۆ دیاریکردنى نرخى سزاکانى ئه‌و که‌سانه‌ى که ماسک نابه‌ستن و له بازاڕ و شوێنه گشتیه‌کاندا هاتوچۆ ده‌که‌ن. قایمقامى هه‌ولێر، جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه له پارێزگاى هه‌ولێر بڕیاره‌که جێبه‌جێکراوه و چه‌ندین که‌س غرامه کراوه که نرخه‌که‌ى به 20هه‌زار دینار دیاریکراوه. نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامى هه‌ولێر، له لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «بریاره‌که جێبه‌جێده‌کرێت و پابه‌ندبونێکى باشیش هه‌یه له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه، بۆیه له‌ئێستادا که‌مترین که‌س ده‌بینرێت که ماسک نه‌به‌ستێت». بڕیاره‌که دراوه‌ته هه‌موو لایه‌نه‌کان وه‌ک پۆلیس و ئاسایش و شاره‌وانى و ته‌ندروستى. نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید وتی «ئامانجمان پاراستنى زیاترى هاوڵاتیانه، چونکه ژماره‌ى توشبوان به‌داخه‌وه زۆر به‌رزبۆته‌وه«. نرخى نه‌به‌ستنى ماسک بۆ شوێنه گشتیه‌کان به‌پێى گه‌وره و بچوکى شوێنه‌که به 150هه‌زار دینارەوه ده‌ست پێده‌کات بەرەو سەرەوە. له‌شکر حه‌مید، سه‌رۆکى لیژنه هاوبه‌شه‌کانى قایمقامیه‌تى سلێمانى وتی «که هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى ڤایرۆسى کۆرۆناوه لیژنه‌مان هه‌یه و ڕۆژانه سه‌ردانى شوێنه گشتیه‌کان و ریستۆرانت و کافێکان ده‌که‌ین، به‌پێى شوێنه‌که غرامه ده‌کرێن له‌سه‌ر نه‌به‌ستنى ماسک بۆ کارمه‌ندان و ئه‌وانه‌ش که دێنه ناو شوێنه‌که‌یانه‌وه«. هێمن سلێمان، به‌رپرسى ڕاگه‌یاندن و په‌یوه‌ندیه‌کانى پۆلیسى دهۆک، له لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت» له‌پارێزگاى دهۆک یش زۆر که‌س سزادراوه به‌هۆى نه‌به‌ستنى ماسکه‌وه«. هه‌روه‌ها وتیشى «له‌ڕێگه‌ى تیمه‌کانمانه‌وه، هه‌ر که‌س ماسک نه‌به‌ستێت و له ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌وه بێت و له‌سه‌ر جاده بێت یاخود له شوێنه گشتیه‌کان سزا ده‌درێت و ڕاسته‌وخۆ 20هه‌زار دینارى لێوه‌رده‌گیرێت». به‌رپرسى راگه‌یاندنى پۆلیسى دهۆک جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه «هه‌ر که‌سێک ماسک نه‌به‌ستێت، 20هه‌زار دینار غرامه‌کراوه و زۆر که‌سیش هه‌بوه تا ئێستا». وەزارەتی تەندروستی ده‌سه‌ڵاتی داوەتەوە ئیداره سه‌ربه‌خۆکان بۆ جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌کان له‌ناویشیاندا بڕیارى نه‌به‌ستنى ماسک، که هه‌ر پارێزگایه‌ک خۆیان بڕیارى پێویست له‌باره‌یه‌وه ده‌ده‌ن». ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم، له لێدوانێکدا به ھاوڵاتی وت «نرخى غرامه‌که‌ش له‌لایه‌ن ئیداره سه‌ربه‌خۆکانه‌وه دیاریده‌کرێت و ده‌کرێت به‌پێى بارودۆخى دارایى خه‌ڵکى پارێزگاکه بگۆرێت».
ماردین نوره‌دین مسته‌فا کازمى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ده‌چێته په‌رله‌مان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجام ده‌دات بۆ گه‌یشتن به‌رێککه‌وت له‌سه‌ر بڕى ئه‌و قه‌رزه‌ى حکومه‌ته‌که‌ى داواى کردووه بۆ پێدانى موچه‌و گه‌راندنه‌وه‌ى ئاواره‌کان و کۆبونى خۆراک. حکومه‌تى عێراق به‌سه‌رۆکایه‌تى مسته‌فا کازمى داواى له‌په‌رله‌مانى عێراق کردووه ره‌زامه‌ندى بده‌ن بۆ قه‌رزکردنى بڕى 41 تریلۆن دینار، به‌ڵام په‌رله‌مانى عێراق به‌و بڕه زۆره نارازییه. جه‌مال کۆچه‌ر، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت:» په‌رله‌مانى عێراق کۆکه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که ته‌نها 12 تریلۆن دینار ره‌زامه‌ندى بدرێته حکومه‌ته‌که‌ى کازمى بۆ ئه‌وه‌ى حکومه‌تى عێراق قه‌رزى بکات بۆ موچه‌و گه‌رانه‌وه‌ى ئاواره‌کان و رووبه‌روبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا و کۆبونى خۆراک». هه‌روه‌ها وتیشى:» ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه له په‌رله‌مانى عێراق لیژنه‌ى دارایى له‌گه‌ڵ مسته‌فا کازمى کۆبونه‌وه ده‌که‌ین و ئێمه باسى ته‌نها 12 تریلۆن دینار ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر کازمى زۆر پێ‌داگر بێت ده‌کرێته 15 تریلۆن دینار». ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى دارایى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که مسته‌فا کازمى له‌چه‌ند رۆژى رابردوو گفتوگۆى له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى کردووه‌و 41 تریلۆن دیناره‌که‌ى که‌مکردووه‌ته‌وه بۆ 31 تریلۆن دینار که داواى ده‌کات، به‌ڵام په‌رله‌مانى عێراق به‌و بڕه نارازییه‌و رێگه ناده‌ن 15 تریلۆن دینار زیاتر قه‌رز بکرێت. به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى عێراق ژماره(136) هه‌ر پڕۆژه‌یاسایه‌ک نابێت چوار رۆژ به‌سه‌ریدا تێپه‌ر ببێت دواى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى و پێویسته په‌سه‌ند بکرێت. جه‌مال کۆچه‌ر، باسى له‌وه‌شکرد دواى ئه‌و کۆبونه‌وه‌که‌یان وه‌ک لیژنه‌ى دارایى له‌گه‌ڵ کازمى و رێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵیدا به‌زوترین کات ده‌خرێته به‌رنامه‌ى کاره‌وه‌و کۆتایى ئه‌م هه‌فته‌یه په‌سه‌ند ده‌کرێت و ده‌ست ده‌کرێت به دابه‌شکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و له‌گه‌ڵیدا «حکومه‌تى عێراق 320 ملیار دیناره‌که ره‌وانه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌کات». راوێژکارێکى محه‌مه‌د حه‌لبوسى ده‌ڵێت ناکۆکى له‌نێوان په‌رله‌مان و حکومه‌تى عێراق هه‌یه له‌سه‌ر بڕى ئه‌و قه‌رزه‌ى کازمى داواى ده‌کات. ئه‌مین به‌کر، ڕاوێژکارى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به ھاوڵاتی وت»ناڕێکیه‌که له نێوان ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان و ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێ کردندایه، ده‌سه‌ڵاتى ته‌نفیزى داواى بڕی41 ترلیۆن دینار ده‌کات ئه‌و بڕه زۆر زۆره، له‌کاتێکدا ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان پێى وایه ئه‌و پاره زۆره ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى عێراق بۆ ماوه‌یه‌کى زۆر تووشى قه‌رزارى بکات کاره‌ساتى ئابورى لێ ده‌که‌وێته‌وه بۆ ئاینده«. ئه‌مین به‌کر پێشیوابوو دوا جار هه‌ردووکیان ڕێکده‌که‌ون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که بڕێک قه‌رز بکرێت، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه نه‌بێت که حکومه‌ت داواى ده‌کات، وتیشى:» په‌رله‌مان سه‌ڵاحیاتى بڕى قه‌رزه‌که‌ى هه‌یه‌و دیارى ده‌کات نه‌ک حکومه‌تى عێراق». ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له په‌رله‌مانى عێراق له‌باره‌ى ناردنى 320 ملیار دیناره‌که‌وه بۆ هه‌رێم ده‌ڵێت به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بێت تا رێکه‌وتنى پڕۆژه بودجه‌ى 2021. بێستون عادل، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی:» حکومه‌تى عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ناردنى 320 ملیار دیناره‌که بۆ هه‌رێم، که یاساى وه‌رگرتنى قه‌رز له‌په‌رله‌مان په‌سه‌ند کرا ئه‌و بڕه‌ش بۆ هه‌رێم ره‌وانه ده‌کرێت». ناوبراو ره‌خنه‌ى له حکومه‌تى هه‌رێم ده‌گرێت و ده‌ڵێت:» حکومه‌تى هه‌رێم و سه‌رکردایه‌تى سیاسى کوردستان ته‌نها له‌کاتى گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پڕۆژه یاساى بودجه فراکسیۆنه کوردییه‌کانیان بیرده‌که‌وێته‌وه‌و ته‌نها کۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى لیژنه‌ى دارایى ده‌که‌ن، ده‌بوو دوو مانگ یا سێ مانگ جارێک سه‌رکردایه‌تى سیاسى کوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى کورد گفتوگۆ‌و راگۆرینه‌وه ئه‌ندام بده‌ن». ئه‌و ئه‌ندامه‌ى فراکسیۆنى یه‌کێتى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که چه‌ندین جار داوایان له حزبه‌که‌یان کردووه که فراکسیۆنه کوردییه‌کان گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا بکرێت، وتى:» دوو خوله له په‌رله‌مانى عێراقم تا ئێستا سه‌رکردایه‌عتى سیاسى کوردستان کۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى کورد نه‌کردووه، که وه‌فدى کوردیش دێته به‌غدا سه‌ردانى فراکسیۆنه کوردییه‌کان ناکه‌ن»
شاناز حه‌سه‌ن هاوبیر جه‌لال 24ساڵ له‌ماوه‌ى مانگێکدا کۆرۆنا سێ ئه‌ندامى خێزانه‌که‌ى برده‌وه، لەکاتێکدا کەسیان بە تەمەن نەبوون.. هاوبیر وتی «کۆرۆنا بووه نه‌هامه‌تى بۆ خێزانه‌که‌م، پشتى شکاندم». هاوبیر دایکى و باوکى و برا گه‌وره‌که‌ى به کۆرۆنا گیانیان سپاردووه، چیرۆکى توشبون و گیانله‌ده‌ستدانیان ده‌گێڕێته‌وه و به «نه‌هامه‌تى و کاره‌سات»بۆ خانه‌واده‌که‌ى باسى ده‌کات. سه‌ره‌تا دایکى هاوبیر توشى کۆرۆنا بوه که ته‌مه‌نى 48ساڵ بووه و زۆر به‌توندى توش ده‌بێت و له‌دواى مانه‌وه‌ى 20رۆژ له نه‌خۆشخانه گیانى له‌ده‌ستداوه. باوکى هاوبیر ته‌مه‌نى 51ساڵ بوه و دواى سێ ڕۆژ له مردنى ژنه‌که‌ى پشکنینى کۆرۆناى بۆ ده‌کرێت ده‌رده‌که‌وێت هه‌ڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنایه، به‌ڵام دواى هه‌فته‌یه‌ک بارودۆخى تێکده‌چێت و شه‌وێک له ی‌ڕ په‌ستانى خوێنى زۆر داده‌به‌زێت و دواى ئه‌وه‌ى دووجار پلازماى خوێنى بۆ هه‌ڵده‌واسرێت دواجر دواى مانه‌وه‌ى 18رۆژ له‌نه‌خۆشخانه گیانى سپاردووه. هاوبیر وتى «ئێستاش تاساوم، چۆن ئه‌و ڤایرۆسه به جارێک ئه‌و دایک و باوکه پاڵه‌وانه‌ى له‌من برد». دایکى و باوکى هاوبیر هیچ نه‌خۆشیه‌کى دیکه‌یان نه‌بوه و براگه‌وره‌که‌ى هاوبیر، 38ساڵان بوه و زۆر خه‌مى دایکى و باوکى بوه هه‌موو رۆژێک سه‌ردانى کردون له‌نه‌خۆشخانه و ڤایرۆسه‌که‌ى بۆ گوازراوه‌ته‌وه، خۆشى ماوه‌ى ساڵێک له‌مه‌وپێش توشى شێرپه‌نجه‌ى سییه‌کان بوه و له‌ژێر چاره‌سه‌ریدا بوه. بۆیه نه‌یواینوه به‌سه‌ر نه‌خۆشیه‌که‌دا زاڵ بێت و به ماوه‌ى 6 ڕۆژ گیانى سپاردووه. هاوبیر 5 خوشک و برایه‌کى دیکه‌ى هه‌یه و ده‌ڵێت» ئێمه بێ باوک و دایک و برا گه‌وره ماینه‌وه، هیچ کات، بڕوام وانه‌بووه خێزانه به‌خته‌وه‌ره‌که‌م ئاوا وێران ببێت». ته‌ها ساڵح، 41 ساڵ، دایکى و زاوایه‌کیان به کۆرۆنا گیانى سپاردووه و وتى» دایکم دوو سێ ساڵ له‌مه‌وپێش کێشه‌ى سییه‌کانى هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مه نه‌ببوه کێشه‌یه‌کى گه‌وره بۆى، به‌ڵام به ماوه‌یه‌کى که‌م دابکمى لێبردینه‌وه«. ئه‌م کوڕه باسى ئه‌وه‌ى کرد که خێزانه‌که‌ى به‌هۆى نه‌خۆشى باوکیه‌وه زۆر خه‌میان بوه توشى کۆرۆنا ببێت و بۆیه به دایکى و کوڕه‌کانى زۆر هه‌وڵیان داوه باوکى بپارێزن و توشى کۆرۆنا نه‌بێت، وتى «دایکى زۆر خزمه‌تى باوکى ده‌کرد، چونکه نه‌خۆش بوو ده‌مانویست به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک بیپارێزین، نه‌مانزانى خۆى به کۆرۆنا گیان له‌ه‌دستده‌دات». ته‌ها، باسى ئه‌وه ده‌گێڕێته‌وه، سه‌ره‌تا دایکى ته‌ندروستى زۆر باش بووه و له پڕ ڕۆژێک ته‌ندروستى زۆر تێکده‌چێت و بارودۆخى مه‌ترسیدار ده‌بێت به‌هۆى کاریگه‌رى ڤایرۆسه‌که بۆ سه‌ر سیه‌کانى دڵى ده‌وه‌ستێت و گیان له‌ده‌ستده‌دات. ئه‌م پیاوه، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد «دایکم ئه‌وه‌نده له‌ناوماندا بوو تا ئه‌و ڕۆژه‌ى که زانیمان کۆرۆنایه، به‌ڵام که‌سمان توش نه‌بوین بۆیه ئه‌وه گومانێکى گه‌وره بۆمان و نازانین به کۆرۆنا مردووه یان نا». ته‌ها ساڵح باسى زاواکه‌یانى کرد که باوکى دوو منداڵه و گه‌نج بووه و کاسبکار بوه، له‌ده‌ره‌وه توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوه و دواى مانه‌وه‌ى به 20 ڕۆژ له‌نه‌خۆشخانه گیانى سپاردووه. زاواکه‌ى ماڵى ته‌ها، هیچ نه‌خۆشیه‌کى دیکه‌ى نه‌بوه و پێشتر ته‌ندروستى زۆر باش بوه. ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم له لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «ناتوانین بڵین حاڵه‌تى مردن له‌ناو خێزانه‌کاندا که ده‌گاته دوو سێ که‌س نیه یاخود زۆره، چونکه تائێستا ئه‌وه‌مان به‌وردى دیارینه‌کردووه«. وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه «زیاتر ئه‌و خێزانانه‌ن که زیاتر له که‌سێکیان نه‌خۆشى درێژخایه‌نیان هه‌یه یان نه‌خۆشى سنگیان هه‌یه، بۆیه که یه‌کێکیان توشى کۆرۆنا ده‌بن بۆ ئه‌وانه‌ى دیکه‌ش ده‌گوازرێته‌وه و له ئه‌گه‌رى زۆردا چونکه نه‌خۆشى درێژخایه‌نیان هه‌یه گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن». ئاسۆ حه‌وێزى ئه‌وه‌شى دوپاتکرده‌وه «ئێستا له شه‌پۆلى دووه‌مى کۆرۆناداین و مه‌ترسیمان له‌سه‌ر زۆر زۆره‌ن بۆیه پێویسته خۆپارێزى تاکه‌که‌سى په‌یڕه‌و بکرێت». هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، پارێزگارى سلێمانى، له لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «بێگومان زیاد بون و که‌مبونى حاڵه‌ته‌کانى توشبون به ڤایرۆسى کۆرۆنا، په‌یوه‌سته جێبه‌جێکردنى ڕێنماییه ته‌ندروستیه‌کانه‌وه«. هه‌روه‌ها وتیشى «ده‌توانم بڵێم له شوێنه داخراوه‌کان و فه‌رمانگه و له‌که‌رتى تایبه‌تدا تا ئاستێکى باش په‌یڕه‌و کراوه و بۆیه کارگه‌رییه‌کى زۆر باشى هه‌بووه«. پارێزگارى سلێمانى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد» تاچه‌ند هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن، ئه‌وه‌نده به‌رهه‌مى زیاترى ده‌بێت».
هاوڵاتى چوار سه‌ربازى ئه‌مریکا به‌هۆى ته‌قینه‌وه‌ى بۆمبه‌وه له نێوان حه‌سه‌که‌و دێره‌زوور کوژراون. میدیاى ئاژانسى ساناى سورى بڵاویکرده‌وه که چوار سه‌ربازى ئه‌مریکا له گوندى (مه‌رکه‌ده) له‌سه‌ر رێگه‌ى حه‌سه‌که و دێرزوور کوژراون. ئاژانسه‌که پشتى به‌ستووه به سه‌رچاوه‌ى هاوڵاتیانى ده‌وروبه‌رى گوندى(مه‌رکه‌ده) که ئاگادارى رووداوه‌که بوون. ئه‌و ناوچه‌یه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکراتدایه‌و ئه‌مریکییه‌کان له‌و ناوچانه چاودێرى و پارێزگارى له‌بیره نه‌وتییه‌کان ده‌که‌ن. تا ئێستا به‌فه‌رمى وه‌زاره‌تى به‌رگرى و ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا هیچ زانیارییه‌کى پشتراستنه‌کردووه‌ته‌وه.
