ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق بۆ هاوڵاتى ئاشکرا کرد که "هه‌رێم و به‌غدا نزیکن له رێکه‌وتن به‌وه‌ى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه ده‌دات و به‌غدا 500 ملیارى مانگانه‌ى بۆ ده‌نێرێت"، سه‌رچاوه‌یه‌کیش ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه که حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ستکارى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌کات. 19ى حوزه‌یران دوا واده‌یه له‌به‌رده‌م هه‌رێمى کوردستاندا بۆ گه‌یشتن به‌رێککه‌وتن و بریاره له دوو رۆژى داهاتوودا وه‌فدێکى باڵاى هه‌رێم سه‌ردانى به‌غدا بکات و رێککه‌وتنه‌که واژۆ بکه‌ن. ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" هه‌رێمى کوردستان هیچ بژارده‌یه‌کى دیکه‌ى له‌به‌رده‌ستدا نییه بۆ چاره‌سه‌رکردنى موچه جگه له رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا". هه‌روه‌ها وتیشى:" ئه‌وه‌نده‌ى زانیارمان هه‌یه ئه‌وه‌یه که حکومه‌تى عێراق مانگانه 500 ملیار دینار بۆ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌نێرێت و له‌به‌رانبه‌ردا 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌و داهاتى ئتیحادى ده‌وێت، به‌ڵام هه‌رێم داواى 600 ملیار دینارى مانگانه‌ى کردووه‌و به‌غدا رازى نه‌بووه". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى کۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که حکومه‌تى عێراق ده‌توانێت زۆر رێگا بگرێته به‌ر ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم رێککه‌وتن ره‌تبکاته‌وه، وتیشى:" عێراق ده‌توانێت رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ تورکیادا بکات ئه‌وکات هه‌رێم نه‌وت له‌کوێوه ده‌فرۆشێت". له‌لایه‌کى دیکه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار‌و ورد له گفتوگۆى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق کۆمه‌ڵێک زانیارى نه‌بیستراوى بۆ هاوڵاتى ئاشکرا کرد. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه له‌به‌ر هه‌ستیارى کاره‌که‌ى نه‌یوست ناوى بهێندرێت و به‌هاوڵاتى وت:" به‌ڵێ عێراق و هه‌رێم نزیکن له رێککه‌وتن و پێش ته‌واوبونى ئه‌و واده‌یه‌ى دانراوه رێککه‌وتن ده‌کرێت که به‌غدا مانگانه 500 ملیار دینار بۆ هه‌رێمى کوردستان ده‌نێرێت و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه زائیده‌ن نیوه‌ى داهاتى پێنج خاڵه گومرگى فه‌رمى ده‌وێت". له‌هه‌رێمى کوردستاندا 29 خاڵى گومرگى هه‌یه‌و له‌لایه‌ن به‌غداوه ته‌نها پێجیان به فه‌رمى ناسێندراوه که بریتین له( ئیبراهیم خه‌لیل، حاجى ئۆمه‌ران، په‌روێزخان، باشماخ). هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که هه‌رێمى کوردستان داواى له‌به‌غدا کردووه خۆیان نه‌وته‌که بفرۆشن و داهاته‌که راده‌ستى به‌غدا بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه به‌ته‌واوه‌تى ره‌تکراوه‌ته‌وه، وتیشى:" حکومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت نه‌وته‌که بفرۆشێت و داهاتى بۆرى و کۆمپانیاکان و تورکیاى لێبدات و ئه‌وه‌ى مایه‌وه بیداته عێراق، ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوه‌تى ره‌تکراوه‌ته‌وه". له‌ئێستادا به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى برێنت به 38 دۆلار‌و 80 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت، "حکومه‌تى هه‌رێم بۆ هه‌ر به‌رمیلێک 12 دۆلار که‌متر له نه‌وتى برێنت ده‌یفرۆشێت، به‌ڵام عێراق به حه‌وت دۆلار که‌متر له نه‌وتى برێنت نه‌وته‌که‌ى ده‌فرۆشێت"، سه‌رچاوه‌که‌ى هاوڵاتى واى وت. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رۆژى 2ى نیسانى 2020 په‌یره‌وێکى بۆ جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازى ده‌رکردووه‌و ده‌بێت له‌ماوه‌ى سێ مانگدا ده‌ست به جێبه‌جێکردنى یاساکه بکات. به‌پێى وته‌ى سه‌رچاوه‌که حکومه‌تى هه‌رێم له 2ى ته‌موزى ئه‌مساڵدا ده‌ستکارى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌کات، وتیشى:" به‌ناوى رێکخستنه‌وه‌ى موچه‌وه ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ئاسایى ده‌بردرێت، بۆ نمونه فه‌رمانبه‌رێک حه‌وت ده‌رماڵه‌ى هه‌یه پێنجیان ده‌برێت و دوانى بۆ ده‌هێلێته‌وه". له‌لایه‌کى دیکه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌کى دیکه له‌ناو حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان جه‌ختى له‌جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازى کرده‌وه‌و وتى:" ئه‌وه‌نده‌ى بزانم ئه‌وانه‌ى موچه‌یان له خوار 600 هه‌زار دیناره‌وه‌یه ده‌ستکارى ده‌رماڵه‌کانیان ناکرێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى موچه‌کانیان له‌سه‌رو 600 هه‌زار دیناره‌وه‌یه ده‌ستکارى ده‌رماڵه‌کانیان ده‌کرێت و به رێژه‌یى ده‌بێت". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که چۆن له کابینه‌ى هه‌شته‌مى حکومه‌تى هه‌رێمدا سیستمى پاشه‌که‌وتى موچه جێبه‌جێکرا به‌پێى که‌م و زۆرى موچه پاشه‌که‌وت له موچه‌کان کرا، برینى ده‌رماڵه‌کانیش هاوشێوه‌ى ئه‌وه ده‌بێت، به‌ڵام" له‌چوارچێوه‌ى یاساى چاکسازیدا و سه‌رجه‌م بندیوار‌و خانه‌نشینى نایاسایى موچه‌کانیان ده‌بردرێت، واتا ئه‌وه‌ى شایسته‌ى موچه نییه‌و تا ئێستا وه‌ریگرتووه له دوو مانگى داهاتوودا ئه‌وه‌ى نامێنێت".
هاوڵاتى وته‌بێژى هاتوچۆى هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ هه‌ینى گه‌شتوگوزار له کۆرۆنا زیانى زیانى پێگه‌یاندوون و له ئه‌نجامى دو روداوى هاتوچۆ که‌سێک گیانى له‌ده‌ستدا و پێنج که‌سى دیکه‌ش برینداربووه. فازڵ حاجى له‌هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى نوسیویه‌تی، "ئه‌مڕۆ گه‌شتوگوزار له کۆرۆنا زیاتر زیانى پێگه‌یاندین، له‌دو روداوى جیادا، له‌ده‌شتى هه‌ریر، پێنج که‌س برینداربون و که‌سێکیشى گیانى له‌ده‌ستدا". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه کردووه که روداوى یه‌که‌میان کۆنترۆلى له‌ده‌ستدانى ئۆتۆمبێلێکى تایبه‌ت بوو به‌هۆى تیژرۆییه‌وه له‌نزیک تونێلى میراوه، به‌وهۆیه‌وه که‌سێک گیانى له‌ده‌ستدا و دوو که‌سیش برینداربون که ئۆتۆمبێله‌که به‌ره‌و هاوینه‌هه‌وار ده‌رۆیشتن بۆ گه‌شتوگوزار. هاوکات، باسى رووداوى دووه‌م ده‌کات و ده‌ڵێت:" ئۆتۆمبێلێکى BMW بوو که له شه‌قڵاوه به‌ره‌و قه‌ندیل ده‌رۆیشت، به‌هۆى تیژڕه‌ویه‌وه کۆنترۆڵى له‌ده‌ستدا و وه‌رگه‌ڕا، له‌ئه‌نجامیشدا سێ که‌س برینداربون. وته‌بێژى هاتوچۆى هه‌ولێر تکا له‌شۆفێران ده‌کات به‌تایبه‌تى له‌چون بۆ هاوینه هه‌واره‌کان یا گه‌ڕانه‌وه په‌له په‌ل و پێشبرکێ نه‌که‌ن، چونکه "له‌هه‌ردوو روداوه‌که‌ى ئه‌مڕۆدا، جۆرێک له پێشبرکێ هه‌بووه".
هاوڵاتى له‌سه‌ر پێشنیارى رێکخراوى ته‌ندروستى، حکومه‌تى سعودیه تاوتوێى ئه‌نجامنه‌دانى حه‌جى ئه‌مساڵ ده‌کات به‌هۆى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌سه‌رتاسه‌رى جیهان. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 12ى حوزه‌یرانى 2020 به‌رپرسێکى باڵا له‌وه‌زاره‌تى حه‌ج و عه‌مره‌ى سعودیه رایگه‌یاند:" ده‌سه‌ڵاتدارانى ناوچه‌که له‌تاوتوێى ئه‌وه‌دان که حه‌جکردن ئه‌مساڵ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه". ئه‌و به‌رپرسه‌ى حکومه‌تى سعودیه به ماڵپه‌رى فاینانشڵ تایمزى راگه‌یاند:" له‌چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتوودا بریار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و ئه‌نجامنه‌دانى حه‌جى ئه‌مساڵ ده‌کرێت ئه‌وه‌ش له مێژوودا یه‌که‌مین جاره رووبدات". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه کردووه که ته‌ندروستى و سه‌لامه‌تى حاجیان له کارى له‌پێشینه‌یان ده‌بێت. دوێنێ رێکخراوى ته‌ندروستى جیهانى داواى له حکومه‌تى سعودیه کردووه که حه‌جى ئه‌مساڵ به‌ڕێوه نه‌چێت به‌هۆى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا.
هاوڵاتى سه‌رۆکى لیژنه‌ى مۆلیده ئه‌هلییه‌کان رایگه‌یاند نابێت خاوه‌ن موه‌لیده ئه‌هلییه‌کان و ئه‌وکه‌سانه‌ى له مۆلیده‌کان کارده‌که‌ن به‌بێ ده‌ست کێش و ماسک بۆ کۆکردنه‌وه‌ى پاره‌ى مانگانه بچنه ماڵان. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 12ى حوزه‌یرانى 2020 راگه‌یه‌ندراوێکى قایمقامیه‌تى سلێمانی، خالید محه‌مه‌د، سه‌رۆکى لیژنه‌ى مۆلیده ئه‌هلییه‌کانى قایمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند به‌پێى رێنماییه‌کانى ته‌ندروستى و به‌هۆى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا، پێویسته له هه‌مو شوێنکارێک و شوێنه‌گشتییه‌کان رێکارى خۆپارێزى توند بۆ خۆپارێزى بگیرێته‌به‌ر. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" پێویسته ئه‌و که‌سانه‌ى له مۆلیده ئه‌هلییه‌کان کارده‌که‌ن رێکاره‌کانى خۆپارێزى جێبه‌جێبکه‌ن و ده‌ستکێش و ده‌مامک به‌کاربهێنن و رۆژانه به‌ده‌رمان شوێنه‌که‌یان پاکژ بکه‌نه‌وه و ئه‌و که‌سانه‌ى پاره‌ى موه‌لیده کۆده‌که‌نه‌وه به‌بێ ده‌ستکێش و ده‌مامک سه‌ردانى هیچ ماڵێک نه‌که‌ن". هاوکات، سه‌رۆکى لیژنه‌ى مۆلیده ئه‌هلییه‌کان داواشى له‌هاوڵاتیان کردوه، له سه‌رپێچیکاران ئاگاداریان بکه‌نه‌وه و جه‌ختیشیکردوه‌ته‌وه، هه‌رشوێنێک پابه‌ندى رێکاره‌کانى خۆپارێزى نه‌بێت، روبه‌روى رێکارى یاسایى توندى ده‌که‌نه‌وه. ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه که هاوڵاتیان ده‌توانن له‌رێگه‌ى ژماره مۆبایلى (07708677777)ه‌وه په‌یوه‌ندى به لیژنه هاوبه‌شه‌کانى قایمقامیه‌تى سلێمانییه‌وه بکه‌ن یان راسته‌وخۆ بۆ گه‌یاندنى سکاڵا له‌سه‌ر مۆلیده‌ى گه‌ڕه‌که‌کانتان له‌رێگه‌ى ژماره ته‌له‌فۆنى (07701363679) په‌یوه‌ندى به‌لیژنه‌ى موه‌لیده ئه‌هلییه‌کانه‌وه بکه‌ن.
هاوڵاتى په‌رله‌مانتارانى سوید، ڕایده‌گه‌یه‌نن، ده‌بێت سوید داواى لێبورن له کورد بکات و سوید و یه‌کێتیى ئه‌وروپا په‌که‌که له لیستى تیرۆر ده‌ربهێنن ئه‌مه‌ش دواى ئاشکرا بوونى بکوژى سه‌رۆکێکى سوید که 34 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تیرۆر کراوه ئاژانسى فورات نیوز راپۆرتێکى بڵاوکردووه‌ته‌وه که دۆسییه‌ى کوشتنى ئۆلوف پاڵمه، دواى 34 ساڵ له شارى ستۆکهۆڵم پایته‌ختى سوید داخرا و ئه‌وکات کورو په‌که‌که توۆمه‌تبار کرابوو. هاکان سڤه‌نه‌لیگ، په‌رله‌مانتارى پارتى چه‌پ و وته‌بێژى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه رایگه‌یاندووه، پۆلیسى سوید سه‌ربارى ئه‌وه‌ى هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیان له به‌رده‌ستدا نه‌بوو زۆر هه‌وڵیاندا په‌که‌که وه‌ک به‌رپرسى کوشتنى پاڵمی به گه‌ل بناسێنن. هاکان سڤه‌نه‌لیگ وتی:"ده‌بێت سوید و یه‌کێتیى ئه‌وروپا په‌که‌که له لیستى گروپه تیرۆریستییه‌کان ده‌ربهێنن، ئه‌و تاوانه‌ى که ئه‌ردۆغان به به‌کارهێنانى تیرۆر به‌رامبه‌ر به په‌که‌که ده‌یکات، بۆ سه‌رکوتکردنى کورد و ئۆپۆزسیۆن به‌کارده‌هێنرێت. ده‌بێت ئه‌وه کۆتایى پێ بهێنرێت، ده‌بێت سوید داواى لێبوردن له گه‌لى کورد بکات". هه‌روه‌ها، دانیه‌ل ریازه‌ت په‌رله‌مانتارى پارتى چه‌پ رایگه‌یاند، دۆخێکى ئابڕوبه‌رانه بوو، که کورد کرا به به‌رپرسى کوشتنى پاڵمێ و راشیگه‌یاند:"ئه‌وه کاریگه‌رییه‌کى زۆر خراپى له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ى ئازادیى کورد و گه‌لى کورد دروستکرد. ده‌بێت ئه‌وه راستبکرێته‌وه و مافى کورد راده‌ستى کورد بکرێته‌وه". ریازه‌ت باسى ئه‌وه‌یکرد، هه‌ندێک له دادگاکانى وڵاتانى ئه‌وروپا به‌هۆى بوونى ناوى په‌که‌که له لیستى گروپه تیرۆریستییه‌کاندا ناڕه‌زایه‌تییان نیشانداوه و له‌وباره‌یه‌وه وتى "ده‌بێت سوید و یه‌کێتیى ئه‌وروپا ئیدى په‌که‌که به تیرۆر تاوانبار نه‌که‌ن، کوردان له ئه‌وروپاش ده‌بێت ئه‌و داوایه‌یان له وڵاتانى ئه‌وروپى هه‌بێت". هه‌روه‌ها ئامینه کاکه‌باوه، په‌رله‌مانتارى پارتى سۆسیالیست رایگه‌یاند، ده‌بێت مۆرى "تیرۆریست" له‌سه‌ر په‌که‌که له هه‌موو وڵاتانى ئه‌وروپادا لاببرێت. ئامینه، وتی:"ئه‌و کێشه‌یه ته‌نها به لێدوانى رۆژنامه‌وانى چاره‌سه‌ر نابێت، ده‌بێت کورد بتوانێت له گه‌وره‌ترین رێکخراوه میدیاییه‌کانى وڵاتانى ئه‌وروپاوه راستییه‌کان بنووسن و بڵاویبکه‌نه‌وه. ده‌بێت هه‌موو که‌س ببینێت و ببیستێت، که کورد و په‌که‌که 34 ساڵه به ناهه‌قى تاوانبار ده‌کرێن..... کاتى ئه‌وه هاتووه مۆرى 'گروپى تیرۆر' به‌کار نه‌هێنرێت. ده‌بێت ده‌وڵه‌تى تورک و ئه‌ردۆغان ئیدى نه‌توانن تاوانى 'رێکخستنى تیرۆر' له دژى کوردان به‌کار بهێنن". نووسه‌رى کورد شۆڕش ڕه‌شی، که چه‌ندین ساڵه لێکۆڵینه‌وه له‌و ڕووداوه ده‌کات و له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه‌ش کتێبێکى به ناوى "پاڵمه، په‌که‌که و گلادیۆ" نووسیوه رایگه‌یاندووه"بیرگسترۆم ساڵى 2000 گیانى له ده‌ستداوه، بۆیه ناتوانرێت سکاڵا له‌دژى تۆمار بکرێت و به‌وشێوه‌یه ڕووداوى کوشتنى پاڵمێ له تاریکییدا داده‌خرێت. ئه‌وه ئاسانترین هه‌وڵه بۆ سوید، که خۆى له‌و ڕووداوه ڕزگار بکات". ڕه‌شى راشیگه‌یاند"ئه‌و که‌سه‌ى که وه‌ک بکوژ ده‌ناسرێت، ره‌نگه ته‌نها ناوێک بێت، من دادوه‌ر یان پۆلیس نیم. ده‌بێت ئه‌وه که‌سێکى ئه‌ندامى ده‌زگاى هه‌واڵگریى بێت. ئه‌و شه‌وه‌ى پاڵمێ کوژرا، به پۆلیسى وت، ده‌یه‌وێت ببێته یارمه‌تیده‌رى پۆلیس، به‌ڵام پۆلیس ئه‌وه‌ى ڕه‌تکرده‌وه". ڕه‌شی، وتی:"په‌که‌که حزبێکه، که بۆ ئازادیى له‌دژى تورکیا شه‌ڕ ده‌کات و بۆ ئه‌وه دامه‌زراوه. به‌هۆى ئه‌وه‌ى تاوانباریان کرد، 20 که‌سیان لێ ده‌ستگیرکران، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌کیان له‌سه‌ر نه‌بوو، ئه‌وه ده‌رکه‌وت که په‌که‌که هیچ په‌یوه‌ندییه‌که‌ى به‌و ڕووداوه‌وه نییه". ئه‌و نووسه‌ره کورده، وتیشی:"هێزه گه‌وره‌کان له پشت کوشتنه‌که‌ى پاڵمه‌وه‌ن. ده‌زگا سیخوڕییه‌کان هه‌ن. بکوژانى نێونه‌ته‌وه‌یى سه‌ر به گلادیۆ هه‌ن، لایه‌نێکى ئه‌وه له تورکیا و له وڵاته ئه‌وروپییه‌کاندایه. ئه‌و ڕووداوى کوشتنه پلاندانانێکى گه‌وره بوو، سوید هه‌موو ئه‌وانه ده‌زانێت، ته‌نانه‌ت ده‌زانێت ئه‌و که‌سه‌ش کێیه که ته‌قه‌که‌ى کردووه و پلاپیتکه‌کێش بووه". هه‌روه‌ها، ڕۆژنامه‌نووس لارس بۆرگناس له ساڵى 1986ه‌وه چاودێریى دۆسیه‌ى کوشتنى ئۆلوف پاڵمه ده‌کات و رایگه‌یاند، پۆلیسى ئاسایشى سوید (ساپۆ) یان با بڵێین، گروپێک له ناو ساپۆدا پاڵمێ-یان کوشت، چونکه پاڵمێ-یان به هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ت ده‌زانی. بۆرگناس ڕاشیگه‌یاند، تاوانى کوشتنى پاڵمه سه‌ره‌تا خرایه ئه‌ستۆى په‌که‌که و دواتر هه‌وڵدرا بیخه‌نه ئه‌ستۆى کریستێر پیترسۆن و له‌و رێگه‌یه‌وه هه‌وڵیاندا راستیى رووداوه‌که بشارنه‌وه، دواى ئه‌وه‌ى دادگاى باڵاى سوید رایگه‌یاند، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نییه که بیسه‌لمێنێت پیترسۆن ئه‌و کاره‌ى ئه‌نجامدابێت، بۆیه بڕیارى ئازادکردنى بۆ ده‌رکرد و قه‌ره‌بووش کرایه‌وه. جێگاى ئاماژه‌یه، داواکار کریستێر پیترۆسۆن رۆژى ١٠ى حوزه‌یرانى ٢٠٢٠ له کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌نووسییدا رایگه‌یاند، پاڵمه له‌لایه‌ن سیاسه‌تمه‌دارێکى حیزبى راستڕه‌و به ناوى (ستیگ بیرگسترۆم-ه‌وه) کوژراوه، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى بیرگسترۆم گیانى له ده‌ستداوه و له ژیاندا نه‌ماوه ناتوانن سکاڵا له دژى تۆمار بکه‌ن، بۆیه دۆسیه‌که داده‌خه‌ن.
هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ى 24 کاتژمێری رابردودا هه‌زارو 95 که‌سى دیکه توشى کۆرۆنا بون و 39 دیکه به ڤایرۆسه‌که گیانیانله‌ده‌ستداوه. له‌راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌ته‌که‌دا هاتووه، له‌ماوه‌ى 24 کاتژمێری رابردودا هه‌زارو 95 حاڵه‌تی نوێی توشبون به‌ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا تۆمارکراوه. هه‌روه‌ها 39 توشبوو له‌شاره‌کانی به‌غدا، سلێمانی، که‌رکوک، نه‌جه‌ف، که‌ربه‌رلا، میسان، بابل، زیقا، ئه‌نبارو موسه‌نا به‌هۆی ڤایرۆسه‌که‌وه گیانیانله‌ده‌ستداوه. هاوکات، به‌پێی ئاماره‌که‌ی وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق، له‌ماوه‌ى 24 کاتژمێری رابردودا 300 توشبوش چاکبونه‌ته‌وه. تائێستا 17 هه‌زارو 770 که‌س له‌عێراقدا تووشی کۆرۆنا بوون و له‌و ژماره‌یه 496 یان گیانیانله‌ده‌ستداوه‌و 6 هه‌زارو 868 نه‌خۆش چاکبونه‌ته‌وه.
هاوڵاتى ژماره‌یه‌ک پزیشکى ناوچه جیاجیاکانى هه‌رێمى کوردستان که ماوه‌ى زیاترله هه‌فته‌یه‌که مانیان له‌کاره‌کانیان گرتووه، پرسیار ده‌که‌ن که 400 ملیار دیناره‌که له کوێى و بۆچى مووچه‌ى پێ دابه‌ش ناکه‌ن و به‌رپرسێکى حکومه‌تى هه‌رێمیش جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه که پرسى 400 ملیار دیناره‌که‌ى به‌غدا حکومه‌تى تووشى ئیحراجى کردووه. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 12ى حوزه‌یرانى 2020 به‌شێک له پزیشکانى پارێزگاکانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره سه‌ربه‌خۆکانى ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان له راگه‌یاندراوێکدا چه‌ند داواکارییه‌کیان ئاڕاسته‌ى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان کردووه و تیایدا هاتووه: "بۆ ماوه‌ى ٧ ڕۆژى ته‌واوه زیاد له هه‌زار پزیشک له پارێزگاکانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌کانى ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان، به‌هۆى دواکه‌وتنى موچه که مافێکى سه‌ره‌تاییانه بایکۆتى ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌کانیان کردووه و هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه ته‌واوى نه‌خۆشخانه و مه‌ڵبه‌ند و بنکه ته‌ندروستییه‌کان داخراون." راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یاندا پزیشکه‌کان پرسیار له ٤٠٠ ملیار دیناره‌که‌ى به‌غدا ده‌که‌ن و ده‌ڵێن: " ده‌نگى خۆمان ده‌خه‌ینه پاڵ هاوڵاتیان و ئێمه‌ش ده‌پرسین #کوانێ_٤٠٠_ملیار_دیناره‌که؟". سه‌رچاوه‌یه‌ک له حکومه‌تى هه‌رێم جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که "هاشتاگى #کوانێ_٤٠٠_ملیار_دیناره‌که؟"، حکومه‌تى هه‌رێمى تووشى ئیحراجى کردووه و گفتوگۆ له‌نێوان وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى و سه‌رۆک و جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت کراوه تا به زووترین کات موچه‌ى مانگى شوبات ده‌ست پێبکرێت". سه‌رچاوه‌که‌ى حکومه‌ت ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که نیوه‌ى 400 ملیاره‌که هێشتا له‌به‌رده‌ست وه‌زاره‌تى دارایى و ئابووریدایه، وتیشى:" وه‌زاره‌تى دارایى خه‌ریکى کۆکردنه‌وه‌ى ئه‌و داهاته ناوخۆییانه‌یه که له‌و ماوه‌یه ده‌ست که‌وتووه، به‌ڵام نازانرێت یه‌کشه‌ممه ده‌ست به‌دابه‌شکردنى موچه ده‌کرێت یا دووشه‌ممه". ده‌قى داواکارییه‌کانى پزیشکه‌کان: ۱ـ داواکارین به گۆڕینى وه‌زیرى ته‌ندروستى به که‌سێکى تر که توانستى زانستى و به‌ڕێوه‌بردنى له ئاستێکدابێت که بێگوێدانه ناوچه‌گه‌رایه‌تى و بیرى ته‌سکى حیزبایه‌تى بتوانێت خزمه‌ت به که‌رتى ته‌ندروستى بکات له سه‌رجه‌م ناوچه‌کانى کوردستان به‌م ده‌ڤه‌ره‌شه‌وه، چونکه له ئێستادا گومانمان لا دروست بووه که ئاخۆ تۆ بڵێى کڵێشه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئه‌م ناوچه‌یه‌ى له‌خۆ گرتبێت! به‌و هیوایه‌ى که‌سێک دابنرێت که نومایه‌نده و داواکارێکى سه‌رسه‌ختى پزیشکان بێت و هه‌یبه‌ت و ئاستى زانستى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له به‌ڕێوه‌بردنى کێشه‌کاندا به به‌رزى ڕاگرێت، نه‌ک ببێته به‌شێک له بڕیارى ناته‌ندروست و نازانستى به پاڵنه‌رى لاوه‌کی. ۲ـ داواکارین سه‌ندیکاى پزیشکان بێته سه‌رخه‌ت و به ده‌نگێکى دلێر داواى ڕه‌واى پزیشکان به لایه‌نه‌کان ڕاگه‌یه‌نێت، به پێچه‌وانه‌وه له ئه‌گه‌رى به‌ده‌مه‌وه نه‌هاتنى داواکارییه‌کانمان داوایان لێده‌که‌ین ده‌ست له کاربکشێننه‌وه و ده‌سته‌یه‌کى نوێ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى سه‌ندیکاى پزیشکان هه‌ڵبژێردرێت، که ده‌نگى ڕاسته‌قینه‌ى پزیشکان بێت و له‌گه‌ڵ کێشه و ئاسته‌نگه‌کانى به‌رده‌میاندا له‌سه‌رخه‌ت بێت بۆ چاره‌سه‌ر. ۳ـ داواکارین له حکومه‌ت و وه‌زاره‌تى دارایى بۆ به‌ده‌رکردنى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له ڕێکاره ئاڵۆزه‌کانیان بۆ په‌یداکردنى نه‌ختینه‌ى دابه‌شکردنى موچه هه‌وڵى ته‌واویان بخه‌نه گه‌ێ بۆ دابینکردنى موچه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به هه‌موو ۳٠ ڕۆژێک. ٤ـ داواکارین له پارێزگارى سلێمانى له ئه‌گه‌رى خه‌منه‌خواردن و به‌ده‌مه‌وه نه‌هاتنى حکومه‌تى هه‌رێم به‌ده‌م داواکارى ڕه‌واى پزیشکانه‌وه و به‌هۆى وه‌لانانى ئه‌م ناوچه‌یه به‌شێوه‌یه‌کى گشتی، بۆ پاراستنى گیانى هاوڵاتیانى ده‌ڤه‌ره‌که و له پێناو په‌کنه‌که‌وتنى زیاترى سیسته‌مى ته‌ندروستى ئه‌م ناوچه‌یه هه‌ر له داهاتى ناوخۆى پارێزگاى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى موچه‌ى که‌رتى ته‌ندروستى ئه‌م ده‌ڤه‌ره دابین بکه‌ن. ٥ـ له ئه‌گه‌رى جێبه‌جێنه‌کردنى داواکارییه‌کانى پێشوومان و دابه‌شنه‌کردنى موچه له سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوودا، ئه‌وا ده‌ست ده‌که‌ین به هه‌ڵمه‌تى کۆکردنه‌وه‌ى ئیمزا بۆ ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى گشتى و گواستنه‌وه‌ى ڕاژه‌کانمان بۆ سه‌ر حکومه‌تى ناوه‌ندى له به‌غداد. له کۆتایى راگه‌یاندراوه‌که‌دا باسیان له‌وه‌شکردووه، "به‌و ئومێده‌ى چیدى خه‌ڵکى ئه‌م ده‌ڤه‌ره به چاوى جیاکارى و ده‌ره‌جه دوویى حسابى بۆ نه‌کرێت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان له نزیکترین کاتدا موچه دابه‌ش بکه‌ن و بێبه‌هایانه سه‌یرى گیان و ته‌ندروستى خه‌ڵک نه‌که‌ن و چیدى ڕێگر نه‌بن له خزمه‌تکردنى ئێمه به کاسوکارى خۆمان و هاوڵاتیان، هه‌ربۆیه ده‌نگى خۆمان ده‌خه‌ینه پاڵ هاوڵاتیان و ئێمه‌ش ده‌پرسین #کوانێ_٤٠٠_ملیار_دیناره‌که؟."
هاوڵاتى سه‌باح هه‌ورامی، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى له‌گه‌ڵ دانانى وێنه‌ى کارمه‌ندێکى ته‌ندروستیدا که سه‌رقاڵى دروستکردنى ماسکێکى تایبه‌ته بۆ نه‌خۆشانى کۆرۆنا له چاودێرى ورد، باسى له‌وه کردوه که ئه‌و ماسکه‌یان نییه. سه‌باح هه‌روامی، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له لاپه‌ڕه‌ى خۆى وێنه‌ى ئه‌و کارمه‌نده‌ى داناوه‌و ستایشى هه‌وڵه‌کانى کردوه که "له‌م حاڵه‌ته‌ى نه‌بونى ماسکدا"، ئه‌و کاره بۆ نه‌خۆشه‌کان ئه‌نجام ده‌دات. به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى وتویه‌تی"وێنه‌ى به‌ڕێز ئیسماعیل، که کارمه‌ندێکى ته‌ندروستییه له‌کاتى دروستکردنى ماسکێکى تایبه‌ت بۆ نه‌خۆشه‌کانى چاودێرى ورد که ئێستا ده‌ستناکه‌وێت." هه‌روه‌ها ه‌وه‌شى نوسیووه که "بۆ زانیاریتان نه‌خۆشه‌کان سودێکى زۆر باش له‌م ماسکه وه‌رده‌گرن له‌م حاڵه‌ته‌ى نه‌بونى ماسکدا، ده‌ستخۆش سه‌رکه‌وتوو بیت."
هاوڵاتى ئه‌مریکا له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگى داهاتودا ژماره‌ى هێزه‌کانى له عێراق که‌مده‌کاته‌وه‌و هاوکارى به‌غدا ده‌کات له‌و قه‌یرانه ئابورییه‌ى تێیکه‌وتووه. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 12ى حوزه‌یرانى 2020 به‌پێى به‌یاننامه هاوبه‌شه‌که که له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکاوه بڵاوکراوه‌ته‌وه، گفتوگۆ ستراتیژییه‌که‌ى تیمى ئه‌مریکى به سه‌رۆکایه‌تى ده‌یڤید هیڵ، بریکارى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا بۆ کاروبارى سیاسى له‌گه‌ڵ تیمى عێراقى به سه‌رۆکایه‌تى عه‌بدولکه‌ریم هاشم، جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق که ئێواره‌ى دوێنێ پێنجشه‌ممه ده‌ستى پێکردوه، تێیدا پرسى ئه‌منی، پرسى دژایه‌تى تیرۆر، ئابورى و وزه و پرسه سیاسییه‌کان و په‌یوه‌ندییه کلتورییه‌کان تاوتوێ کراون. ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانى ئه‌مریکا جه‌ختى له‌سه‌ر رێزگرتن له سه‌روه‌رى و یه‌کپارچه‌یى خاکى عێراق و رێزگرتن له‌و بڕیارانه کردۆته‌وه که په‌یوه‌ست به‌م پرسه‌وه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ته‌شریعى و جێبه‌جێکردنى عێراقییه‌وه ده‌رده‌چن. له به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه: له‌سایه‌ى ئه‌و پێشڕه‌وییه‌ى دیاره‌ى بۆ رزگاربون له هه‌ڕه‌شه‌ى داعش به‌ده‌ستهاتوه، ئه‌مریکا له‌ماوه‌ى چه‌ند مانگى داهاتودا به‌رده‌وام ده‌بێت له که‌مکردنه‌وه‌ى ژماره‌ى هێزه‌کانى له عێراق و هه‌روه‌ک به‌رده‌وامیش ده‌بێت له‌سه‌ر گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق سه‌باره‌ت به دۆخى ئه‌و هێزانه‌ى که ده‌مێننه‌وه‌و هه‌ردو وڵات هێزه‌کانیان به‌ره‌و سه‌رنج خستنه سه‌ر په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کى ئه‌منى دوقۆڵى ئاڕاسته ده‌که‌ن که بنه‌ماکه‌ى به‌رژه‌وه‌ندى دولایه‌نه‌ى به‌هێز بێت. ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کانى ئه‌مریکا دوپاتیده‌کاته‌وه داواى بنکه‌ى سه‌ربازى یاخود بونى سه‌ربازیى هه‌میشه‌یى له‌عێراق ناکات هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ى له‌چوارچێوه‌ى رێککه‌وتنى ستراتیژى ساڵى 2008دا رێککه‌وتنى له‌سه‌ر کراوه. هاوکات به‌پێى به‌یاننامه‌که حکومه‌تى عێراق به‌ڵێنى داوه پارێزگارى له هێزه سه‌ربازییه‌کانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى بکات که له‌نێو خاکى عێراقدان به‌شێوه‌یه‌ک که له‌گه‌ڵ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا بێته‌وه. هه‌روه‌ک ئه‌مریکا پشتیوانى خۆى بۆ عێراق و حکومه‌ته نوێیه‌که‌ى دوپاتکردۆته‌وه‌و هه‌ردولا جه‌ختیشیان له گرنگى هاوکاریکردنى عێراق کردۆته‌وه بۆ جێبه‌جێکردنى به‌رنامه چاکسازییه حکومییه‌که‌ی. ئه‌مریکا جه‌ختى له به‌رده‌وامیى پشتیوانى عێراق کردۆته‌وه له ئاماده‌کارییه‌کانى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن، هه‌وڵه‌کانى بۆ سه‌روه‌رکردنى یاسا، مافه‌کانى مرۆڤ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاواره‌کان. له‌ڕوى ئابوریشه‌وه به‌پێى به‌یاننامه‌که ئه‌مریکا باسى له‌وه کردوه که چه‌ند راوێژکارێکى ئابورى بداته عێراق که به‌شێوه‌یه‌کى راسته‌وخۆ کار له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق بکه‌ن. هه‌روه‌ها هه‌ردو حکومه‌ت تاوتوێى ئه‌و پڕۆژه گریمانه‌کراوانه‌ى وه‌به‌رهێنانیان کردوه که ده‌کرێت کۆمپانیا ئه‌مریکییه‌کان له که‌رتى وزه‌و بواره‌کانى دیکه‌دا له‌عێراق ئه‌نجامى بده‌ن. به‌یاننامه‌که‌ى ئاماژه‌ى داوه به پێشوازى ئه‌مریکا له ده‌رفه‌تى سه‌رله‌نوێ جه‌ختکردنه‌وه له شه‌راکه‌ت له‌گه‌ڵ عێراق و به‌هێزکردنى ئه‌و شه‌راکه‌ته له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنى سه‌رۆک وه‌زیرانى نوێى عێراق به کاره‌کانی. ئه‌وه‌ش روونکراوه‌ته‌وه هه‌ردو حکومه‌ت له کۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌ى باڵاى هه‌ماهه‌نگى بۆ گفتوگۆى ستراتیژیدا ده‌چنه گفتوگۆى چڕتره‌وه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه، که بڕیاره کۆبونه‌وه‌که له‌مانگى ته‌مموزدا له واشنتۆن به‌ڕێوه‌بچێت.
هاوڵاتى دواى ئه‌وه‌ى ده‌نگۆى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى ئیمانوێل ماکرۆن، سه‌رۆکى فه‌ره‌نسا بڵاوبوه‌وه، نوسینگه‌ى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌و وڵاته ره‌تیکرده‌وه و گرته‌یه‌کى ڤیدیۆیى ماکرۆنیشى بڵاوکرده‌وه. دواى بڵاوکراوه‌یه‌کى رۆژنامه‌ى لۆفیگارۆ، تایبه‌ت به هه‌بونى زانیارى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى ئیمانوێل ماکرۆن، سه‌رۆکى فڕه‌نسا، نوسینگه‌ى سه‌رۆکایه‌تى فه‌ره‌نسا راگه‌یه‌ندراوێکى به‌په‌له‌ى بڵاوکرده‌وه و تێیدا ره‌تیکرده‌وه ماکرۆن ده‌ستله‌کاربکێشێته‌وه. له‌میانى راگه‌یه‌ندراوێکدا بۆ ئاژانسى هه‌واڵیى فه‌رمى فه‌ره‌نسا، سه‌رۆکایه‌تى فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند "ئه‌وه‌ى له راپۆرته‌که‌ى لۆفیگارۆ-دا هاتوه به‌ته‌واوى ره‌تیده‌کیه‌نه‌وه و ماکرۆن به هیچ شێوه‌یه‌ک کۆبونه‌وه‌ى له‌رێگه‌ى ڤیدیۆییه‌وه ئه‌نجامنه‌داوه". به‌پێى راپۆرتى رۆژنامه‌که، ئیمانوێل ماکرۆن له کۆبونه‌وه‌یه‌کدا که له‌رێگه‌ى ڤیدیۆییه‌وه به ئۆنلاین ئه‌نجامیداوه باسى له ئه‌گه‌رى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى و داواکردنى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت کردوه. راپۆرته‌که‌ى لۆفیگارۆ دره‌نگانى دوێنى پێنجشه‌ممه بڵاوکراوه‌ته‌وه و ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردوه "ماکرۆن له‌میانى بانگه‌شه‌کردنى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکایه‌تیشدا ساڵى 2017 باسى له‌وه‌کردوه، ئاماده‌یه بۆ سه‌رکێشیکردن و هه‌نگاونان به‌ره‌و هه‌ر مه‌ترسییه‌ک". هاوشێوه‌ى ئه‌مریکا و به‌شێک له وڵاتانى دیکه‌ى ئه‌وروپا، له فه‌ره‌نسا خۆپیشاندانه‌کانى دژ به ده‌مارگیرى و ره‌گه‌زپه‌رستى به‌رده‌وامیى هه‌یه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ماکرۆن داواى له حکومه‌ته‌که‌ى کرد، په‌له‌بکه‌ن له پێشکه‌شکردنى پێشنیازه‌کان بۆ باشترکردنى کاردانه‌وه و ره‌فتارى هێزه ئه‌منییه‌کانیان.
هاوڵاتى ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌ڵێت هه‌قه تیمى ده‌روازه‌ى باشماخى پێنجوێن "داخ بکرێن" چونکه به‌هۆى ئه‌وانه‌وه کۆرۆنا له ده‌روازه‌ى حاجى ئۆمه‌ران بڵاوبووه‌ته‌وه و کۆرۆنایان فێرى سیاسه‌ت کردووه. له نوسینێکدا له‌تیف نێروه‌یى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان رایگه‌یاند: "هه‌قه تیمى ده‌روازه‌ى باشماخى پێنجوین داخ بکرێن. چونکه خه‌تاى ئه‌وان بووه، کۆرۆنا له ده‌روازه‌ى حاجى ئۆمه‌ران بڵاوبووه‌ته‌وه، خه‌تاى ئه‌وان بووه که کۆرۆنا له ده‌ڤه‌رى باڵه‌کایه‌تى به‌تایبه‌تى له شاروچکه‌ى چاومان و حاجى ئۆمه‌ران له ته‌شه‌نه‌کردندایه!!". باسى له‌وه‌شکردووه: "تیمى باشماخ داخ بکه‌ن.. چونکه خه‌تاى ئه‌وان بووه له ناو بینایه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان له پایته‌ختى هه‌رێم کۆرۆنا بتوانێت به‌سه‌ر رێنماییه‌کانى ته‌ندروستى دا بازبدات و په‌لامارى په‌رله‌مانتارو راوێشکاروکارمه‌ندانى په‌رله‌مان بدات". هه‌روه‌ها له‌تیف نێروه‌یى ده‌شڵێت: تیمى باشماخى پێنجوین "دارکارى بکه‌ن"، چونکه خه‌تاى ئه‌وان بووه‌و ئه‌وان یارمه‌تیده‌ربوون که ڤایرۆسى کۆرۆنا بتوانێت دزه بکاته ناو دادگاى هه‌ولێرى پایته‌خت، هه‌قه تیمه‌که‌ى باشماخى پێنجوین به‌ره‌و بادینان قۆڵبه‌ست بکرێن، چونکه ئه‌گه‌ر که‌مته‌رخه‌مى ئه‌وان نه‌بووایه ئه‌و براده‌رانه‌ى له به‌غداوه ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ دهۆک که‌ره‌نتینه ده‌کران و هیچیان نه‌یان ده‌توانى به‌بۆنه‌ى به‌رزکردنه‌وه‌ى پله‌کانیانه‌وه داعوه‌تى فراوان بکه‌ن و ده‌یان هاوڵاتى تۆش نه‌ده‌بوون!!". هاوکات ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو که پێویسته تیمى پێنجوین به‌توندى سزابدێت، چونکه "به هۆى که‌مته‌رخه‌مى ئه‌وانه‌وه ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستان فێرى سیاسه‌ت بوون، ڤایرۆسه‌کان به‌شێوازێکى زۆر لێزانانه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ لێدوانى ئه‌و به‌رپرسانه ده‌که‌ن، که نه‌خۆشى کۆرۆنا به‌سیاسه‌ت ده‌که‌ن و هه‌ر زووش لێدوانى هه‌ندێ به‌رپرسى حزبى و حکومى به‌درۆ ده‌خه‌نه‌وه"
هاوڵاتى نرخى نه‌وت له بازاڕه‌کانى جیهان دابه‌زی و له ئێستادا به‌رمیلێک نه‌وى خاوى برێن به 38 دۆلار‌و 74 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. ئه‌مڕۆ هه‌ینى 12ى حوزه‌یرانى 2020 نرخى به‌رمیلێک نه‌وت له جۆرى برێنت به 38 دۆلار و 74سه‌نته، له کاتێکدا دوێنێ به 40 دۆلار و 25 سه‌نت بوو. هه‌روه‌ها له ئێستادا نرخى هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئه‌مه‌ریکى له بازاڕه‌کانى جیهان به 36 دۆلار و 62 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌کرێت، له کاتێکدا دوێنێ به 37 دۆلار و 97 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌کرا. دابه‌زینی نرخی نه‌وت به‌راورد به چوار رۆژى رابردوو بۆ هه‌ر به‌رمیلێک نزیکه‌ى 4 دۆلار که‌مى کردووه‌و وڵاتانى ئۆپیک پڵه‌سى تووشى سه‌رسورمان کردووه، چونکه که‌مکردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌و به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتیان تا کۆتایى ئه‌م مانگه درێژکردووه‌ته‌وه که رۆژانه 9 ملیۆن و 700 هه‌زار به‌رمیل بووه.
هاوڵاتى ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى رایگه‌یاند حکومەتی ھەرێم وەک حکومەتێکی مەرکەزی ئیسپاتی کردەوە کەدەستێکی ئەمین و جیگەی متمانە نییە نەبۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا، نەبۆ کۆکردنەوەی داھاتی ناوخۆ. له‌دواى رونکردنه‌وه‌که‌ى حکومه‌ت له‌سه‌ر 400ملیار دیناره‌که‌ى که دواى جه‌ژنى ره‌مه‌زان کازمى ناردى بۆ ته‌واوکردنى موچه‌ى مانگى نیسان ڕێکەوت زەکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند " دیسان حکومەتی ھەرێم وەک حکومەتێکی مەرکەزی ئیسپاتی کردەوە کەدەستێکی ئەمین و جیگەی متمانە نییە نەبۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا، نەبۆ کۆکردنەوەی داھاتی ناوخۆ، تابڵێی ناشەفاف و مەرکەزیەکی نادادە، ئەگەر کابینەکانی پێشوو بیانویان نەھاتنی پارەکەی بەغدا بوبێت، ئەوا ئەم کابینەیە پارەکەی بەغداش ون دەکات!". ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، راشیگه‌یاندووه" ڕونکردنەوە لاوازەکەی وەزارەتی دارایی‌ش دەریخست کێ مووچە (خۆرە)، حکومەت نەک فەرمانبەر". ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، وه‌زاره‌تى دارایى رونکردنه‌وه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه ده‌رباره‌ى 400 ملیار دیناره‌که و که بڕێکى له دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌کانى خۆى سه‌رف کردووه و ئه‌وه‌ى دیکه‌شى که ماوه‌ته‌وه به‌نیازه قه‌رزى دیکه‌ى لێبداته‌وه. له‌کاتێکدا حکومه‌تى هه‌رێم پێشتر رایگه‌یاندبوو هه‌ر بره پاره‌یه‌ک بێت بۆ موچه خه‌رج ده‌کرێت.
هاوڵاتى وەزیری تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگه‌یاند ئه‌مرۆ به‌غدا 2 ملیاری دیکه‌ى بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا دایه هه‌رێمى کوردستان له‌کۆى ئه‌و 10ملیاره‌ى حکومه‌تى عێراقى بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ى ته‌رخانکردووه. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه، 11حوزه‌یرانى 2020 رایگه‌یاند"بە سوپاسەوە ئەمڕۆ بڕیاردرا بەشێکی دیکەی بوجە بۆ وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامیدانی دابینکردنی پێداویستییپزیشکی و ھەڵمەتی خۆپارێزی و چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە تەرخانکرا، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان لە گرێبەستە پزیشکییەکان پشکی دەبێت". شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا پێشوازییان لێ کرا، دواتر چاویان بە حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی کەوت و بڕیاردرا لە کۆی 10 ملیار دینار دوو ملیار دینار بە وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان بدرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا. وەزیری تەندروستی عێراق رایگه‌یاند دڵخۆشم بەوەی کە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە ئاستی مەترسی ، ھەر یارمەتییەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بگاتە عێراق، پشکی ھەرێمی کوردستانی لێ دەدرێت". حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند "لەڕاستیدا ئەمڕۆ کەسەکانمان لە ھەرێمی کوردستان بەشێکن لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی جیاکاری لەنێون رۆڵەی باشوور و ھەرێمی کوردستان ناکات، یارمەتیمان داون بە پارە، چەند گرێبەستێکی تازەمان کردووە لە ماوەی داھاتوودا دەگەنە وەزارەتی تەندروستی، پشت بە خودا یارمەتیی ھەرێمی کوردستانیش دەدەین". بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا هەزار و 711 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش551 کەس چارەسەرکراون و 35 کەسیش مردوون، ئێستا هەزار و 123 کەس ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا چالاکە.
هاوڵاتى له‌سه‌ر پێشنیازی لیژنه‌ی كشتوكاڵی په‌رله‌مانی عێراق داوا كراوه، شایسته داراییه‌كانی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مساڵ و قه‌ره‌بووه‌كانی ساڵانی پێشوو خه‌رجبكرێن. هه‌روه‌ها له نۆیه‌م راسپارده‌دا خاڵى راسپارده‌که‌دا که له په‌رله‌مانى عێراق ئاماده‌کراوه ئاماژه به‌وه‌كراوه، وه‌زیری كشتوكاڵی عێراق ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه بۆ چاره‌كردنی كێشه‌ی زه‌وییه كشتوكاڵییه كوژاوه‌كان و كێشه‌ی موڵكدارێتیی كه‌ركووك به‌گوێره‌ی یاسا. جه‌ختكراوه‌ته‌وه کە "25 هه‌زار دۆنم زه‌وی جووتیاران له كه‌ركووك كه له ده‌ره‌وه‌ی پلاندابوون، بخرێنه نێو پلان و به‌روبوومه‌كانیان وه‌ربگیرێت". له راسپارده‌ی 13ـەمیندا داوا له وه‌زاره‌تی بازرگانی كراوه سایلۆیه‌كی نوێ بۆ ناوچه‌ی شنگال بكرێته‌وه بۆ كۆگاكردنی گه‌نم و جۆی ناوچه‌كه.