ھاوڵاتی هەوڵەکانی ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباغ سەرنجی جیهانی بۆخۆی راکێشاوە، چونکە جەنگ لەو ناوچەیە زیاتر لە (13) وڵاتی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووەو لەناو ئەو وڵاتانەدا رۆڵی بەرچاوی ئێران لە رووی مێژویی و سیاسییەوە لەگەڵ ئازبایجان و ئەرمینیا جێگەی بایەخی زۆربەی میدیاکانە کە دەکرێت هۆکارەکانی لەچەند ویستگەیەکی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە لێک بدرێتەوە بەو پێیەی لە رابردوو ئەو دوو وڵاتە ناکۆکە بەشێک بوون لەجوگرافیای ئێران. هۆشداریی سەربازیی و هەوڵی دیپلۆماسیی ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند: بەهۆی پێکدادانی سەربازیی نیوان ئازربایجان و ئەرمینیا و پابەندنەبوونی ئەو دوو وڵاتە بە رێوشوێنی نێودەوڵەتیی و دراوسێیەتییەوە، ئێران هێڵی سنوریی نێوانیانی لە رووی سەربازیی و بەرگریی ئاسمانییەوە بەهێز کردووە. شاکارچی وتوویەتی تەنها لەماوەی پێنج خولەکی شەڕی ئەو دوو وڵاتەدا (10) موشەک بەر خاکی ئێران کەوتووە لەنزیک سنوری ئەو دوو وڵاتەدا، بۆیە هێزی بەرگریی ئێران ئەو رەفتارانەی ئەرمینیاو ئازربایجان قبوڵ ناکات. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بەهۆی جەنگی ئەم دواییانەی قەرەباغ (70) موشەک و رۆکێت بەر خاکی ئێران کەوتەوە. حەسەنی رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لەدەستپێکی جەنگی ناوچەی قەرەباغ رایگەیاند؛ بەشداریی چەکدارە توندڕەوەکانی سوریا لەبەرەی ئازربایجان مەترسییەکی گەورەیەو هەڕەشەیەکە بۆ سەر خاکی ئێران. لەلایەکی دیکەوە عەباس عێراقچی، جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ شاندێکی یاوەری لەچوارچێوەی پلانی ئاشتیی کۆماری ئیسلامی لەنێوان ئەرمینیاو ئازربایجان، سەردانی باکۆو یەریڤان و مۆسکۆو ئەنقەرە-ی کردووەو رایگەیاندووە؛ مەبەستی لەو گەشتە جێبەجێکردنی پلانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کەخوازیارن کۆتایی بەجەنگی ئەرمینیاو ئازربایجان بهێنن و ئەو دوو وڵاتە بگەنە قۆناغی ئاشتییەکی جێگیر. کورد، پەیوەندییەکانی ئێران‌و ئەرمینیای توندوتۆڵ‌تر کردووە کۆماری ئیسلامی ئێران یەکەم وڵاتە کەساڵی (1991) دان بەسەربەخۆیی ئەرمینیادا دەنێت و تەنها (35) کیلۆمەتر سنوری وشکانیی هاوبەشیان هەیەو بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان پەیوندییەکانی ئێران و گەلی ئەرمینیا دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزارو (700) ساڵ پێش ئێستا‌و لەکۆنەوە زۆرترین ئەرمەنی لەخاکی ئێران‌دا ژیاون و یەکەم بەڵگەنامەش کەپەیوەندیی گەلی ئەرمینیاو وڵاتی ئێرانی تێدا تۆمارکراوە دەستنووسی بەردینی سەر چیای بێستون-ە لەکرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەڵگەنامە مێژووییەکانی دیکەش ئەوە دەسەلمێنن کە کورد لەڕۆژهەڵات پەیوەندییان لەگەڵ گەلی ئەرمینیا توندوتۆڵ بووە. ژمارەی هەموو ئەرمەنییەکانی جیهان دەگاتە زیاتر لە (14) ملیۆن و لەو ژمارەیە تەنها سێ ملیۆن کەسیان لەکۆماری ئەرمینیا دەژین و ئەو (11) ملیۆن ئەرمەنییەی دیکە لەوڵاتانی دیکەی ئەوروپاو بەشێک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین، خاوەنی رێکخراوێکن بەناوی ئەرمەنییە دابڕاوەکان و هەر ئەم رێکخراوەیە وای کردوە یەکگرتویی لەنێوان ئەرمەنییەکاندا بەراورد بەگەلانی دیکە زیاتر بێت. بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی بازرگانیی ئێران، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەرمینیا و ئێران لەنێوان (200) ملیۆن دۆلار بۆ یەک ملیار دۆلارەو ئەرمینیا بەحەوتەمین هاوبەشی بازگانیی ئێران ئەژمار دەکرێت و نزیکەی هەزارو (500) ناوەندو گارگەی بەرهەمهێنان کەزۆربەیان لەبواری ئاسن و دروستکردنی بزوێنەری گەورەن و لەسەر دەستی ئەرمەنییەکانی ئێران چالاکن و تەنانەت لەجەنگی هەشت ساڵەی ئێران لەگەڵ عێراق ئەرمینیاو ئەرمەنییەکان کۆڵەکەی تەکنیک و بەشی ئەندازیاریی کەرەستە سەربازییەکانی ئێران بوون لەبەرەی جەنگدا، جگە لەوانەش ئەو دوو وڵاتە سێ پڕۆژەی هاوبەشی گەورەی بەرهەمهێنانی کارەبایان هەیە لەسەر ئاوی روباری ئاراس. تورک و شیعە شەفاعەتی ئازربایجان بۆ ئێران ناکات ئازربایجان تا (200) ساڵ پێش ئێستاش بەشێک بووە لەخاکی ئێران و لەجەنگەکانی نێوان ئیمپڕاتۆریەتی روسیا‌و ئێران لەچوارچێوەی دوو رێککەوتنی (گوڵستان) و (تورکمانچای) رادەست کراوەو دوای رووخانی ئیمپڕاتۆریەتی روسیا، ئازربایجان بووە بە بەشێک لەخاکی سۆڤیەت و دوای رووخانی سۆڤیەت لەساڵی (1991) سەربەخۆیی وەرگرت. ئەگەرچی پەیوەندیی سیاسی و کەلتوریی نێوان ئێران و ئازربایجان دورودرێژ‌و مێژوییە، بەڵام بەهۆی دروستکردنی پێگەی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەئازربایجان، بەردەوام ناکۆکی و ساردیی لەنێوان باکۆو تاران‌دا هەبووەو ئازربایجان بە بەردەوامیی ئێران تۆمەتبار دەکات بە پشتیوانیی لەئەرمینیا، لەکاتێکدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ناوچەی قەرەباغ کەهۆکاری جەنگی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجانە بە بەشێک لەخاکی ئازربایجان ناودەهێنن و پشتگیریی ئەو وڵاتە دەکەن. سنوری هاوبەشی ئێران و ئازربایجان دەگاتە (432) کیلۆمەتر و دانیشتوانی ئازربایجان کە زیاترن لە (10) ملیۆن کەس، زۆرینەی تورک زمان و لە رووی ئایینەوە موسوڵمانن و (85%)ی شیعەو (15%) سوننەن، لە رووی کەلتوری و کۆمەڵایەتییەوە پەیوەندییەکی قوڵیان لەگەڵ هاووڵاتیانی تورک زمانی ئێران هەیە کە ژمارەیان دەگاتە (15) ملیۆن کەس و هەندێکجاریش وەک ئازەری ناویان دەهێنرێت. کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (1995) بە بەردەوامیی پشتگیری کۆماری ئازربایجانی کردووە لەدژی بەرەی ئازادیخوازی ئەرمەنییەکانی ناوچەی قەرەباغ و بەپێی هەندێک بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی؛ سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی (20) ساڵ راهێنانی بە جەنگاوەرانی ئازبایجان کردووە دژی سەربەخۆیخوازانی ئەرمەنیی هەرێمی قەرەباغ و تەنانەت هێزەکانیشی بە راستەوخۆ بۆ پشتگیریی ئازربایجان بەشداریی ئەو جەنگانەیان کردووە، بەڵام لەساڵی (2016) و دوای ئەوەی ئاشکرابوو کە ئیسرائیل فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەناوچە هاوسنورەکانی ئازربایجان لەگەڵ ئێران جێگیر کردووە بەمەبەستی تێکشکاندنی موشەکەکانی ئێران، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و باکۆ ساردیی تێکەوتووەو حەسەن رۆحانی دوای بوون بە سەرۆک کۆمار لەوڵاتەکەی هەوڵێکی زۆری داوە تا پەیوندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئازربایجان ئاسایی بکاتەوە. ئیسرائیل ساڵی (2019) رێککەوتنێکی سەربازیی و ئەمنی و هەواڵگریی بەڕەسمی لەگەڵ کۆماری ئازربایجان ئیمزا کرد کەنیگەرانیی کۆماری ئیسلامی ئیڕانی لێکەوتەوەو هاوکات سایتی ویکی لیکس ئاشکرای کردووە کە لەساڵی (2009) ئیسرائیل رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆماری ئازربایجان کردووە کە بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت باکۆ لەبەرەی جەنگ لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت و پابەندبێت بە رێککەوتنەکەوە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی بەپشتیوانی شیعە لەسەرتاسەری جیهان دەزانێت، بەڵام پێدەچێت پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەگەڵ ئازربایجان وای لەتاران کردبێت بەسیاسەتەکانیدا بچێتەوە بەتایبەت کەئێستاش تورکیا بووەتە هاوپەیمانی راستەقینەی باکۆ بۆ جەنگ لەقەرەباغ. ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرەڕای ئەوەی لەئێستادا ئێران پشتگیریی راستەوخۆی ئازربایجان ناکات، بەڵام ژمارەیەک هاووڵاتیانی تورک یان ئازەری کە بە (پان تورک) دەناسرێن چەندجارێک لەتەبرێزو شارە تورکییەکانی ئێران خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانیی ئازربایجان دەربڕیوەو تەنانەت لەدروشمەکانیاندا کورد‌و ئەرمەنییان بەدوژمنی هاوبەشی تورک و ئازەری لەقەڵەمداوە. نەوت ناکۆکیی نێوان ئێران و ئازربایجان ئێران و ئازربایجان کە هەردووکیان سنوری ئاوییان لەدەریای قەزوێن (خەزەر) هەیە لە (20) ساڵی رابردودا بەبەردەوامیی ناکۆکیان هەبووە لەسەر سەرچاوەکانی غاز‌و نەوتی ئەو دەریایەو تاران پێیوایە دەبێت (20%)پشکی نەوت و غازی ئەو دەریایە بۆ ئێران بێت و لەبەرامبەردا ئازربایجان و تورکمانستان دژی ئەو رێژەیە لەپشکی ئێرانن و هاوکات کۆماری ئیسلامی ئێران ئازربایجان تۆمەتبار دەکات بەوەی کەشێوازی دەرهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە لەدەریای قەزوێن بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگەو زیانگەیاندن بەتەندروستیی هەشت ملیۆن دانیشتووی ئێران. بەپێی ئامارەکان نزیکەی (60%) بۆ (70%) نەوتی ئازربایجان کە لەدەریای قەزوێن بەرهەمدەهێنرێت بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت و لەبەرامبەردا تەلئەبیت لە رێگەی تورکیاوە ژمارەیەک فڕۆکەو کەشتیی سەربازیی رەوانەی ئازربایجان کردووە و هاوکات چەک و کەرەستەی سەربازیی بەو وڵاتە دەفرۆشێت و تائێستا بەبەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازیی بەئازربایجان فرۆشتوە، ئەگەرچی هەندێک سەرچاوە بڵاویان کردووەتەوە کە تائێستا ئیسرائیل رێگەی نەداوە فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی لەجەنگی دژی ئەرمینیا بەکاربهێنێت، بەڵام پێناچێت ئازربایجان ئەو رێگرییانەی ئیسرائیلی جێبەجێ کردبێت. ئێران پشت لەئەرمینیا ناکات پێگەی دیپلۆماسی ئێران لەزاری بەرپرسێکی ئەرمینیا بڵاوی کردووەتەوە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ کۆماری ئازربایجان هیچکات جێگیر‌و توندوتۆڵ نەبووەو لەئێستادا کە باکۆ چووەتە هێڵی نەتەوەپەرستیی تورک لەتورکیاو لەباکوری ئێرانیش ژمارەیەکی بەرچاو لەتورک دەژین و گروپی نەیاری حکومەتیان تێدایەو پشتگیریی ئازربایجان دەکەن، بۆیە هەرگیز ئێران هاوشێوەی رابردوو پشتیوانیی لەئازربایجان ناکات تەنانەت ئەگەر بەرگریش لەئەرمینیا نەکات. لەلایەکی دیکەوە جەنەڕاڵ موحەڕەم عەلیێڤ یاردیدەدەری سەرۆک کۆماری ئازربایجان لەسەرەتای جەنگی ئەم دواییانەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەرمینیا لەناوچەی قەرەباغ وتی؛ ئێمە هیچکاتێک رۆڵی ئەرێنیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکردنەوەی سنورەکانی بۆ رزگارکردنی خەڵکی ئازربایجان لەبیرناکەین و ئێستاش سوپاسی پشتیوانییەکانی دەکەین لەوڵاتەکەمان، چونکە ئێران بڕوای بەسەربەخۆیی و ئازادکردنی هەموو ئەو ناوچانە هەیە کە لەلایەن ئەرمینیاوە داگیرکراون. هەرێمی نەخجەوان ناکۆکیی تاران‌و باکۆ نەخجەوان کە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆیەو پانتاییەکەی دەگاتە پێنج هەزار و (363) کیلۆمەترو ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی (500) هەزار کەسەو دەکەوێتە باشوری ئێران و سەر بەکۆماری ئازربایجانە، سنوری ئەرمینیا ئەو هەرێمە لەسنوری وشکانییەوە لەوڵاتی ئازربایجان دادەبڕێت، بۆیە باکۆ بەچاوپۆشیی لەهەندێک ئیمتیازدان بەتاران، غاز لەڕێگەی ئێرانەوە رەوانەی نەخجەوان دەکات و ئێران لەبەرامبەردا (15%)ی ئەو غازە بۆ خۆی دەبات و لەئێستاشدا ئەو هەرێمە پێویستی بەئێرانە بۆ دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکانی، بۆیە ئازربایجان هەوڵدەدات لە رێگەی فشارەکانی تورکیاوە دەستی کۆماری ئیسلامی لەو هەرێمە کورت بکاتەوەو پشکەکەشی لەغازەکە بۆ (5%) دابەزێنێت. (13) وڵات ململانێ لەسەر قەرەباغ دەکەن وڵاتانی گروپی مینسک کە بریتین لە(فەڕەنسا، ئەمەریکا، روسیا، بیلاڕوسیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پورتوگال، هۆڵەندا، سوید، فنلاند، تورکیا) و ئێران و ئیسرائیل زیاترین دەستوەردانیان لەکێشەی هەرێمی قەرەباغ هەیەو ئەم (13) وڵاتەش لەئاستی جیاوازداو لەنێو خۆیاندا کێشەی قووڵیان هەیە، بۆیە داهاتوویەکی سەقامگیرو ئاشتیی جێگیر لەقەرەباغ بەدیناکرێت و ئاماژەکانی بەردەوامبوونی ناکۆکی و ململانێکان لەپێشێلکردنی رێککەوتنی سێ جاری ئاگربەست لەنێوان ئەرمینیاو ئازربایجان بەدیدەکرێت. ئەو راستیانەی شاراوە ماونەتەوە ئارسن نەزەریان کە پسپۆڕێکی ژیۆپۆلۆتیکی ئەرمەنییە دەڵێت: کۆماری ئەرمینیا تائێستا بە رەسمی دانی بەسەربەخۆیی هەرێمی قەرەباغدا نەناوەو ئەو جەنگەی لەقەرەباغ هەیە لەلایەن گروپی ئەرمەنیی (ئارتساخ) دەکرێت و هەر ئەوانیش دەسەڵاتی ئەو ناوچانەیان بەدەستە کەئازربایجان رایگەیاندووە ئەرمینیا داگیری کردوەو لەبەڵگەنامەو بڕیارنامەکانیشدا ناوی ئەرمینیا وەک داگیرکا‌ر نەهێنراوە بەڵکو گروپی ئەرمەنیی (ئارتساخ) وەک داگیرکا‌ر ناوی هێنراوە، بەڵام بەپێی چوار بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش دەبێت کۆماری ئەرمینیا فشار لەحکومەتی هەرێمی قەرەباغ بکات کە حەوت ناوچەی ئازەریی قەرەباغ رادەستی کۆماری ئازربایجان بکاتەوە یان رێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە بکات بۆ چۆنیەتی بەڕێوبردنی حەوت ناوچەکە لەکاتێکدا کۆماری ئازبایجان ئامادە نییە لەگەڵ حکومەتی خۆجێی قەرەباغ دانیشتن بکات و بەبەردەوام ئەرمینیا تۆمەتبار دەکات. ئەگەرچی ئەوە راستییەکە کە ئەرمینیا بەپێی پرەنسیبی خۆی بۆ ریگریی لەکۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان بەهەموو شێوەیەک دژی هەر جۆرە هێرشێک دەبێتەوە، چونکە ئەرمینیا نایشارێتەوە تورکیا دەیەوێت بەبیانوی قەرەباغەوە جارێکی دیکە هاوشێوەی (105) ساڵ پێش ئێستا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان بکاتەوە، بۆیە ئەرمینیا راشکاوانە رایگەیاندووە ئەگەر تورکیا وەک دوژمنێکی مێژوویی بیەوێت کۆمەڵکوژیی بکات ئێمە پێمان باشترە لەکاتی بەرگریی و دەست بەچەک بکوژرێین تا بەبێ دەسەڵاتی وەک مەڕ سەریان ببڕن. ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەکردووە سوپای رەسمیی ئەرمینیا لەجەنگی ئەم دواییانەی قەرەباغدا، بەشداریی نەکردوەو تەنها گروپی ئەرمەنیی ناسراو بە (ئارتساخ) لەدژی ئازربایجان جەنگیان کردووەو ئەوەی دەوترێت کەئەرمینیا هەڵگیرسێنەری جەنگە، درۆیەکی گەورەیە چونکە ئەرمینیا بۆ سەقامگیریی وڵاتەکەی بەتایبەت لە رووی ئابورییەوە پێویستی بەئاشتی لەگەڵ وڵاتانە، بەڵام ئازربایجان بەکڕینی ملیارەها دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازیی دەیەوێت ئەو چەکانەی لە کۆگاکانیدا خراپ نەبێت و سەرکەوتنێکی لەجەنگ لەدژی قەرەباغ و ئەرمینیا پێ تۆمار بکات. نەزەریان پێداگریی لەوە دەکات بەدرێژایی سەرهەڵدانی کێشەی قەرەباغ کۆماری ئیسلامی ئێران بەبەردەوامی بەرگریی لەکۆماری ئازربایجان کردووە، بەڵام باکۆ هیچ کاتێک متمانەی بەئێران نەبووەو ئێستاش کە سود لەچەکی ئیسرائیلی دەبینێت بۆ خۆشکردنی ئاگرەکە، بێگومان بەهیچ شێوەیەک نایەوێت ئێران هەوڵی چارەسەری کێشەکانی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجان بدات
شاناز حه‌سه‌ن له‌هه‌رێمى کوردستاندا (177) ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد هه‌ن لە نەخۆشخانەکانیدا، بۆ (28) هه‌زار تووشبووى کۆرۆنا، لەکاتێکدا رۆژانە سەدان کەسی تر تووشدەبن، زۆرترینیان لەپارێزگای دهۆکن و کەمترینیشیان لەگەرمیان. بەرپرسانی تەندروستی نەیانشاردۆتەوە هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌مانگى ئازارى 2020 له‌هه‌رێمى کوردستان تائێستا به‌رده‌وام که‌موکوڕیى له‌پێداویستى پزیشکى و ده‌رمان و ئامێرى پشکنین و ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد هه‌یه. زیاتر له‌هه‌شت مانگه ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستاندا بڵاوبۆته‌وه‌و به‌پێى ئاماره‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى تائێستا له‌هه‌رێم نزیکه‌ى (77) هه‌زار که‌س تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون و زیاتر لە (41) هه‌زاریان چاکبوونه‌ته‌وه و نزیکەی دوو هەزارو (400) کەس گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و نزیکەی (29) هه‌زار تووشبووش له‌ژێر چاره‌سه‌ردان. به‌رپرسانى ته‌ندروستى ئاماژه به‌وه‌ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر له‌حاڵه‌تێکدا ئه‌و تووشبووانه‌ى له‌ماڵه‌وه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن بێنه نه‌خۆشخانه‌کان که‌مى پێداویستى و ده‌رمان رووده‌دات و بارودۆخه‌که له‌کۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چێت. دهۆک: (70) ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد هه‌یه، لەسلێمانی و هەولێر (40) ئامێر‌و هەڵەبجە (15) ئامێر‌و گەرمیان تەنیا (12) ئامێر. له‌دهۆک: (70) ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد هه‌یه له‌سنورى پارێزگاى دهۆک (70) ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد هه‌یه، به‌رپرسى راگه‌یاندنى ته‌ندروستى دهۆک هۆشدارى ده‌دات ئه‌گه‌ر ئه‌و تووشبووانه‌ى له‌ماڵه‌وه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن بچنه نه‌خۆشخانه‌کان که‌مى پێداویستى و ئامێرى هه‌ناسه‌دانیان ده‌بێت. هه‌مزه ره‌زیفى، به‌رپرسى راگه‌یاندنى ته‌ندروستى دهۆک، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «له‌ئێستادا که‌مى که‌ره‌سته و پێداویستى پزیشکیمان نیه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و تووشبووانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌کاندا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن بێنه ناو نه‌خۆشخانه‌کان بارودۆخه‌که خراپ ده‌بێت و که‌مى هه‌موو که‌ره‌سته و ده‌رمان و ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد رووده‌دات». وتیشی «ئێستا له‌ناو پارێزگاى دهۆک (70) ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد هه‌یه، که‌ته‌رخانکراون بۆ تووشبووانى کۆرۆنا... زیاتر له (11) هه‌زار تووشبوو له‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌کانن که‌ره‌نتین کراون، بۆیه له‌ناو نه‌خۆشخانه‌کان که‌م نیه، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه ده‌رمان و ئۆکسجین که‌مه‌و ده‌ستناکه‌وێت». له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌هاوکارى وڵاتانى جیهان و رێکخراوى مه‌ده‌نى و خه‌ڵکى خێرخواز چه‌ندین جار که‌ره‌سته و پێداویستى پزیشکى و ده‌رمان و ئامێر دابینکراوه، به‌ڵام له‌ئاستى به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى تووشبوواندا نیه. گه‌رمیان: (12) ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد هه‌یه له‌سنورى ئیدارەی گه‌رمیان (12) ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد هه‌یه، به‌رپرسانى ته‌ندروستى جه‌خت له‌وه‌ده‌که‌نه‌وه له‌ئێستادا دۆخى ته‌ندروستى گه‌رمیان جێگیره‌و ژماره‌ى تووشبوون و گیانله‌ده‌ستدان که‌مى کردووه. سیروان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى گه‌رمیان، له‌لێدوانێکدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد (12) ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد له‌ناو گه‌رمیاندا له‌نه‌خۆشخانه‌کانى تایبه‌ت به‌کۆرۆنا هه‌ن و وتى» بارودۆخى ته‌ندروستى گه‌رمیان له‌ڕووى ڤایرۆسى کۆرۆناوه زۆر جێگیره‌و ئه‌و ژماره زۆره‌ى له‌ناوچه‌کانى دیکه تووش ده‌بن لاى ئێمه تووش نابن». وتیشى «له‌م کاته‌دا کێشه‌ى که‌مى ده‌رمان و ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکردمان نیه، چونکه نه‌خۆشمان زۆرزۆر که‌مه«. له‌پارێزگاى هه‌ولێر: (40) ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد هه‌یه بژار مو‌سا، وته‌بێژى گشتى ته‌ندروستى هه‌ولێر، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «ئێمه تائێستا (40) ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکردمان هه‌یه‌و به‌پێى پێویستى بۆ نه‌خۆشه‌کان به‌کارهاتووه«. له‌باره‌ى که‌مى ده‌رمان و خزمه‌تگوزارییه‌وه وتى «ئه‌وه‌ى تائێستا هه‌مان بووه به‌پێى پێویستى نه‌خۆش و تووشبووان بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت‌و رێژه‌ى تووشبوون به‌رده‌وام به‌رزببێته‌وه ئه‌گه‌رى زۆره که‌مى ده‌رمان و ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکردمان هه‌بێت». له‌هه‌ڵه‌بجه: (15) ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد هه‌یه له‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه، (15بۆ16) ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد هه‌یه، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌کات که‌سانى خێرخواز زۆر هاوکاریان بوون و له‌ڕووى ماددییه‌وه هاوکاریى که‌رتى ته‌ندرستى هه‌ڵه‌بجه‌یان کردووه. ماوه‌ى رابردوو (500) ملیۆن دینار وه‌ک هاوکارى بۆ که‌رتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه ته‌رخانکرا. ئازاد محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «له‌ئێستادا به‌هه‌وڵى حکومه‌ت و خێرخوازانى ناو هه‌ڵه‌بجه که‌مى که‌ره‌سته و ده‌رمانمان نیه بۆ تووشبووانى کۆرۆنا». پێشبینى کرد به‌هۆى «ئیهمال»ى خه‌ڵک له به‌ستنى ماسک و رێکاره خۆپارێزییه‌کان و مه‌وداى کۆمه‌ڵایه‌تى، ئه‌م پایزه‌و هاتنى که‌شوهه‌واى سارد نابێته وه‌رزێکى باش بۆ کۆرۆنا. وتیشی «خێرخوازانى هه‌ڵه‌بجه خۆیان هه‌ستیان به به‌رپرسیارێتى کردووه‌و هاوکارمان بوون بۆ کردنه‌وه‌ى به‌شى چڕى چاودێرى ورد‌و ئێستا له‌سه‌دا (40بۆ50)ی ئه‌وانه لەده‌ره‌وه‌ى سنورى هه‌ڵه‌بجه دێن و لێره چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن که‌ئه‌مه هه‌نگاوێکى گه‌وره‌یه بۆ شارى هه‌ڵه‌بجه«. تائێستا له‌که‌رکوک (17) هه‌زار که‌س تووشى کۆرۆنا بوون و له‌و ژماره‌یه (14) هه‌زارو (283) که‌س چاکبوونه‌ته‌وه‌و (625) تووشبوو به‌ڤایرۆسه‌که گیانیان له‌ده‌ستداوه. ئه‌مه له‌کاتێکدایه که ته‌ندروستى که‌رکوک بڕیاریداوه له‌سبه‌ینێوه ژماره‌ى پشکنینه‌کانى کۆرۆنا له (350) پشکنینه‌وه زیاد بکات بۆ (600) پشکنینى رۆژانه. نه‌بیل بوشناق، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى فه‌رمانگه‌ى ته‌ندروستى که‌رکوک، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» له‌ئێستادا (200) ئامێرى C-pap له‌نه‌خۆشخانه‌کانى که‌رکوک هه‌ن، جگه له‌نزیکه‌ى (60) ئامێرى تر‌ى هه‌ناسه‌دان.
هاوڵاتى، لاڤین مەحمود فاتمە هەموو رۆژ هەڵدەستێت و دەستدەکات بەکوڵاندنی ئەو ئاوەی کە سێ رۆژێک جارێک لەلایەن فەرمانگەی ئاوەوە پێیان دەدرێت، ئاوەکە لێڵ و زەردەو تام و ۆ بۆنی گۆڕاوە، تاکە رێگەچارەی فاتیمە کوڵاندنێتی بۆ پاکژکردنەوەی ئاوەکەو پاشان بۆ خواردنەوەی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی بەکاریدێنێت. فاتمە رەزا تەمەن (٤٥) ساڵ دانیشتووی گەڕەکی تاڤگەیە لەسلێمانی باس لەخراپی ئاوەکەیان دەکات و دەڵێت «زۆر زەردو پیسەو ناچاری نەبێت بۆ هیچ شتێک بەکاریناهێنم، هەموو رۆژ ئاوەکە دەکوڵێنم تا لەو پیسییە پاک بێتەوە». بەوتەی ئەو ژنە لەگەڵ ئەوەی ئاوەکە رەنگی زەردە، بۆنێکی زۆر ناخۆشیشی هەیە، پێشتریش زۆر پاک نەبووە، بەڵام چەند مانگێک دەبێت زۆر زەردە. فاتیمە وتی «خۆم گورچیلەم تەواو نیە، جا ئەگەر ئەو ئاوەش بخۆم خراپتر ئەبم». ماوەی چەند هەفتەیەکە ئاوی چەند گەڕەکێکی سلێمانی گۆڕانکاری هاتووە بەسەر بۆن وتام و رەنگیدا، ئەگەرچی بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی دەڵێت بەهۆی شکاندنی بۆڕیەک بوو، ئێستا چارەسەرکراوە، بەڵام هاووڵاتیان هەر ناڕازیین لەپاکی ئاوەکە. پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیەکی ئامادەکردووە بۆ رێگریکردن لەشکاندنی بۆریەکانی ئاو بۆ ئەوەی کەسی سەرپێچیکەر سزا بدرێت و هێشتا دەنگی لسەر نەدراوە. پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن دووجۆر مەترسی لەسەر ئاو هەیە، دانەیەکی توشبوونیەتی بەمیکرۆبی و بەکتریا و بەکارهێنەر نەخۆش دەخەن، بەڵام دانەیەکی تری بەکارهێنانی ئاوی دەبەیە بەشێوەی نازانستی کە گۆڕانی کیمیایی بەسەردا دێنێت و نەخۆشی مەترسیدار دروستدەکات. سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لەلێدوانێکیدا بە هاوڵاتى وت « ئاو هیچ پیس نەبووە، ئەوە هەمووی درۆیەکی مەبەستدارە، ئەگەر ئاو پیس بووە بۆ دەیخۆنەوە، هیچ خەڵکێک هەبووە کە بەهۆی ئاوەوە نەخۆشی لەماڵەکەی بڵاوبووبێتەوە»؟. وتیشی «ئاو پیس نەبووە، تەنها لەهەندێک رۆژدا ماوەیەک بوو بەهۆی شکاندنی بۆریەکەوە ئاوەکە رەنگی زەرد بوو و زەردیەکەشی نەماوە، ئەمە لەچەند هەفتەی پێشوو، بەڵام ئێستا هەفتەیک بۆ (١٠) رۆژ دەبێت هیچ کێشەیکمان نەبووە نە لەڕەنگ و نە لەپیسبوون». ئەوەش لەکاتێکدایە کە هاووڵاتیانی هەندێک لەو گەڕەکانە ئاوەکەیان پیشانی پەیامنێری -دا، رەنگی گۆڕابوو. ئەو گەڕەکانەش کە گلەییان هەیە، گەڕەکەکانی تاڤگە، سەروەری، کانی کوردە، راپەڕین، کانی سپیکەن. بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی وتی «هەر کەسێک کێشەی هەیە با بێتە بەڕێوەبەرایەتی ئاو بەدواداچوونی بۆ بکەین و لەڕووی کوالێتی ئاوەوە هیچ کێشەیەکمان نیە، ئێمە فلتەری ئاوەکان دەکەین و بەکوالێتی باش ئاوەکە دەدرێت بە هاووڵاتیان». ئەگەرچی فاتیمە ئاوەکە دەکوڵێنێت و پاشان بەکاریدێنێت، بەڵام کەسانێکی تر هەن بڕیارێکی تردەدەن، ئەویش کڕینی ئاوە. نەبوونی ئاوی خاوێن وای لە سەرکەوت کردووە بەردەوام ئاو بکڕێت، سەرکەوت عەبدوڵا، تەمەن (٣٤) ساڵ لە گەڕەکی کانی کوردە بۆ وتی « مانگ زیاترە من ئاوی گشتی بەکارناهێنم و ئاو دەکڕین بۆ خواردنەوە، کاتێک ئەو ئاوە زەردە دەبینم ناتوانم بیخۆمەوە، وا خۆشم خواردمەوە منداڵەکانم ناسکن و تووشی نەخۆشی دەبن». هەروەها وتی «زۆربەی نەخۆشی ئێستا بەهۆی ئاوی پیسەوەیە، چونکە مرۆڤ بەردەوام رۆژانە بەکاریدەهێنێت، ئەو ئاوەی ئێستا وەک ژەنگاو وایە هەم رەنگی، هەم تامی». وتیشی» ئاوێک ئەگەر پاک بێت رەنگی زەرد نابێت، هەوڵیشمداوە لەگەڵ خەڵکی گەڕەک بچین بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاو بزانین کێشەکە لە چیدایە، بەڵام کەس کاتی نیە، زۆربەی ماڵەکانیش ئەو ئاوە پیسە دەخۆنەوە.» سلێمانی لە سێ سەرچاوەوە ئاوی بۆ دابیندەکرێت، کە بریتین لە هێڵی دوکان یەک و هێڵی دوکان دوو لەگەڵ پرۆژەی ئاوی سەرچنار، پرۆژەکانی دوکان یەک و دوکان دوو زیاتر ئاوی دەوروبەری سلێمانی دابیندەکەن، بەڵام ناوەندی سلێمانی لەپرۆژەی ئاوی سەرچنارەوە ئاوی بۆ دابیندەکرێت. بەبڕوای پسپۆڕانی تەندروستی، پیسبوونی ئاو مەترسی تەندروستی هەیە لەسەر بەکارهێنانی، بەتایبەتی ئەگەر ماددەی تری تێکەڵ بێت. د.بینایی کامەران، پسپۆری زانستی خۆراک، سەبارەت بەمەترسیەکانی ئاوی پیس بە هاوڵاتى وت «دوو جۆر پیسبوونی ئاومان هەیە، پیسبوونی میکرۆبی ئەو میکرۆبانەی کە بەکتریان یاخود ڤایرۆسن یان کەڕون کە هێلکەکەیان یان خۆیان لەگەڵ ئاوەکە دەژین، کەئاوێکی سەرچاوەیەکی پیس بێت و رۆشتوو نەبێت، بەپێی پێویست کلۆرو ماددەی پاکژکەرەوەی تێنەکرێت، ئەوەیان بۆ تێکچونی هەرس و ژەهراویبون خراپە». باسی لەوەشکرد، لەم حاڵەتەدا ئەو کەسە کە ئەو ئاوە دەخواتەوە تووشی هەوکردنی ریخۆڵەو گەدە دەبێت، وتی «لەوانەیە تووشی سکچون و رشانەوە بێت، لەوانەیە وایلێبکات هەستی تێکبچێت و بێهێز بێت و بەهای خۆراکی خواردنەکان هەزم نەکات، یان جار جار سکچوونی هەبیت». د.بینایی ئەوەشی روونکردەوە پیسبوونێکی تری ئاو هەیە بەماددەی کیمیایی، ئەوانیش ئەو ئاوانەی کە لە دەبە پلاستیکییەکاندان، وتی «ئەم جۆرەیان بەکیمیایی ناودەبرێت، ئەمەیان خەتەرترە، ئەمەیان تۆ هەست بە نیشانە ناکەیت، بەپێی کات تووشی نەخۆشیەکی خراپ دەبیت، ئەو پلاستیکانە عادەتەن هەندێکیان کە ریسایکل ئەکرێن ماددەکانیان تێکەڵ بەو ئاوە دەبێت بەتایبەت ئەگەر تیشکی خۆر یان پلەی گەرمی بەرز بێت کە ئەو ئاوەی تیاهەڵدەگیرێت، ئەو دەبە پلاستیکە هەندێک کانزای قورسیی تیادایە کەخۆی بۆ لەشی مرۆڤ ژەهراوییە، بەڵام تێکەڵ بە ئاوەکە دەکرێت و لەگەڵ ئاوەکەیە دەخورێتەوە وەک کانزای کرۆم، جیوەو چەندین جۆری تری کانزا کە بەو رێژەیە زۆر خراپە بەتایبەتی بۆ نەخۆشییەکانی گورچیلە، بۆ مێشک، بۆ نەزۆکی، بۆ منداڵ و بۆ ئۆتیزم». هەروەها وتیشی «ماددەی پلاستیکیش خۆی ماددەیەکە هۆرمۆنی تیادایەو لەهۆرمۆنی هێلکەدان دەچێت کە زۆر بەهێزە، ئەمەش وادەکات کێشەی هۆرمۆنی دروست دەکات کە تێکەڵ بە ئاوەکە دەبێت، کە مادەیەک هەیە لەپلاستیک پێی دەوترێت EPA ژەهراوییە بۆ ناو ئاو، ئەو ئاوە پلاستیکیەی خۆشمان پێش ئەوەی بچێتە دوکانەکان لەشوێنێکی رووناک بێت و تیشکی خۆری لێبدات ئەو مادەیە تێکەڵی ناو ئاوەکە دەبێت، ئەمە بەپێی کات کە دەیخۆیتەوە کۆدەبێتەوە لە لەش و کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر دروسبوونی هەموو کێشە هۆرمۆنییەکان و هەتا شێرپەنجەش، باشترین رێگا ئەوەیە ئاوی سەرچاوەیەک بخورێتەوە کە میکرۆبی تیادا نەبێت». خراپبوونی ئاوی خواردنەوەو دووبارەبوونەی وایکردووە کە پرۆژەیاسایەک لەپەرلەمانی کوردستان ئامادە بکرێت تایبەت بەتۆڕو بنچینەکانی ئاووئاوەڕۆ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە شکاندنی بۆریەکانی ئاو لەلایەن ئەو کەسانەی کە بەناوی پڕۆژەوە تێکیدەدەن و زەرەر بەئاوی ماڵان دەگەیەنێت. لوقمان وەردی، سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار بە هاوڵاتى وت «تۆڕەکانی ئاووئاوەڕۆ لەهەرێمی کوردستان پارێزراو نین، هەتا ئێستاش بۆشایی یاساییمان هەیە لەبواری پاراستنی تۆڕ‌و سەرچاوەکانی ئاو، ئەوەی ئێمە تێبینی دەکەین لەزۆربەی شوێنەکان زیادەڕۆیی دەکرێتە سەر تۆڕەکانی ئاو‌و ئاوەڕۆو زۆرێک لەو شوێنانە گرفتی ئاو بۆ هاووڵاتیان دروستدەکات». وتیشی «ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک زیادەڕۆیی دەکەنە سەر ئاو، ئەمەش وادەکات بەشێکی زۆری ئاو بەفیڕۆ بچێت، یاخود کەسێک زیان دەگەیەنێت بەیەکێک لەتۆڕو شەبەکانی ئاو‌و هیچ سزایەک نەبوو تاکو ئێستا بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئاو پەنای بۆ بەرن، تاکو رووبەڕووی سزای بکەنەوە». باسی لەوەشکرد لە ئەنجامی بوونی ئەم کەموکورتییە پرۆژە یاساکە لەهەرێمی کوردستان نووسراوە. پرۆژەکە لە (٢٥) ماددە پێکدێت و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، هەروەها سزای دیاریکردووە بە پێبژاردن لە (٢٥٠) هەزار دینار زیاتر سزایی عێراقییە تاکو (٥٠) ملیۆن دینار. ئەوەش بەپێی ئەو زیادەڕەوو تاوانەی بەرامبەر تۆڕەکانی ئاو‌و شەبەکەکان دەکرێت و پێبژاردنەکە دیاریدەکرێت.
هاوڵاتى، کاکەلاو عەبدوڵا «تاکە شت کە دەکرێت بەسەرۆکی وڵاتێکی بڵێیت کە بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ ملیۆنەها کۆمەڵگەی جیاوازی ئایینی بکات، ئەوەیە پێی بڵێیت پشکنینی دەروونی ئەنجامبدات. ماکرۆن پێویستی بەچارەسەری دەروونی هەیە»، ئەمە وتەی رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان، سەرۆکی تورکیایە لەهەفتەی رابردوو لەوتارێکی تەلەفزیۆنیدا. وتەکانی ئەردۆ‌غان وەڵامدانەوەی ئەو کەمپینەی ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی ئیسلامی لەفەرەنسا و بەرگریکردنی لەئازادی رادەڕبڕین. بەرپرسانی فەرەنسا وتەکانی ئەردۆغانیان بە «قبوڵنەکراو» و «زیادەڕەوی» لەقەڵەمدا لەکاتێکدا تورکیا داوای بایکۆتکردنی بەرهەمی فەرەنسی کرد. بەربەرەکانێ تووندەکەی پاریس-ئەنقەرە دوای ئەوە دێت فەرەنسا بەچەند هێرشێکی تیرۆریستی لەلایەن تۆمەتبارانی توندڕەوی ئیسلامی شۆککراوە، دوو هەفتە لەمەوبەر سامیۆل پاتی مامۆستایەکی مێژوو، لەلایەن موسوڵمانێکی گەنجی چیچانییەوە سەربڕدرا. پێشتر پاتی چەند کاریکاتێرێکی گۆڤاری چارلی ئیبدۆی نیشانی پۆلەکەی دابوو لەسەر پێغەمبەر موحەممەد، چەند ئەندامێکی گۆڤارەکە لەساڵی ٢٠١٥ تیرۆرکران لەلایەن چەند توندرەوێکی ئیسلامییەوە دوای بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرەکان. بەم دواییانەش لەپێنجشەممەی رابردوودا سێ کەس لەشاری نیس کوژران کە بەکارێکی تری توندڕەوی ئیسلامی لەقەڵەمدرا. تەنانەت پێش ئەم رووداوانەش، هەردوو سەرۆکەکە چەندین جار دژایەتی یەکتریان کردووە لەسەر ململانێکانی لیبیا، سوریا، هەروەها ناگۆرنۆ قەرەباغ لەنێوان ئەرمینیا-ئازربایجان، هەروەها دژایەتییە توندەکەی نێوان یۆنان و تورکیا لەسەر مافی دەرهێنانی گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست. هەندێک لەشیکەرەوان پێیانوایە گرژییەکەی نیوان ماکرۆن و ئەردۆ‌غان تەنها «سیاسییە». «بەزۆرێک لەشێوەکان، هەست دەکەم ماکرۆن و ئەردۆ‌غان دوژمنایەتییەکی نایابیان لە یەکتریدا دۆزیوەتەوە»، ئەسلی ئەیدینتاباس، توێژەر لەناوەندی توێژینەوەی ئەنجومەنی ئەوروپی بۆ پەیوەدندی دەرەکی، ئەمەی بە رۆژنامەی تایمزی بەریتانی راگەیاند. ئەوەی تێبینی دەکرێت لەلێدوانەکانی هەردوولا ئەوەیە ئەردۆ‌غان بەشێوەیەکی شەخسی لێدوانەکانی دەدات لەدژی ماکرۆن. برونۆ تێرترایس، جێگری بەڕێوبەری ناوەندی توێژینەوەی ستراتیجی لەپاریس پێیوایە بەربەستەکانی بەردەم ئەردۆ‌غان، لەوانە داڕووخانی ئابووری وڵاتەکەی، وا دەکات دوژمنێکی دەرەکی لەڕووی سیاسییەوە بەسوود بێت. «دەکەوینە هەڵەوە ئەگەر هەردووکیان بە یەکسان لەقەڵەم بدەین، ماوەی ساڵێکە ئەردۆ‌غان بەشێوەیەکی شەخسی هێرش دەکاتەسەر ماکرۆن... ئەمە پێچەوانەکەی راست نییە. بەڕوونی دیارە ئەردۆ‌غان لەسەر شەپۆلێکی پۆپۆلیستی-ناسیۆنالیستی هەنگاو دەنێت و ماکرۆن بەکاردەهێنێت وەک توورەکەی بۆکس لێدان»، تێرترایس ئەمەی بە NBC Newsی ئەمریکی وت. لەچوارشەممەی رابردوودا گرژییەکان زیاتر قوڵبوونەوە کاتێک گۆڤاری چارلی ئیبدۆ کارکاتێرێکی لەسەر سەرۆکی تورکیا بڵاوکردەوە کە تێیدا لەسەر کورسییەک ماددەی کحولی دەخواتەوەو خزمەتکارەکەی ئافرەتێکە کە دواوەی رووتە. ئەردۆ‌غان ئیدانەی گۆڤارەکەی کرد‌و و بە کارێکی دوژمنکارانەی دژی موسوڵمانان وەسف کرد‌و رایگەیاند ئەوە نیشانەی ئەوەیە چۆن ئیسلامۆفۆبیا «وەک شێرپەنجە تەشەنە دەستێنێت، بەتایبەتی لەناو ئەوانەی ئەوروپا بەڕێوە دەبەن». «ئازار‌و ناڕەحەتیم بەهۆی ئەوەوە نییە هێرش کراوەتەسەرم، بەڵکو لەبەر ئەوەیە هەمان میدیا سەرچاوەی بێڕێزییە بەرامبەر پێغەمبەرەکەمان کە لەژیانی خۆمان زیاتر ئازیزترە»، ئەردۆ‌غان وای وت. لەکاتێکدا هەندێک سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن پشتگیری ئەردۆغانیان کرد بەوتنی ئەوەی کاریکاتێرەکە بێڕیزیکردن بوو بەرامبەر تورکیا، بەڵام یەکێک لە هاوپەیمانە پێشووەکانی رایگەیاند سەرۆک دەیەوێت رای گشتی بەلاڕێدا بەرێت لەمەڕ گرفتە ئابورییەکان و کێشە گرنگەکانی تری وڵاتەکە. «دوای (٤٨) کاتژمێر هەمووی لەبیر دەکرێت. هەرکاتێک ئەجێندای ناوخۆیی گیربخوات، ئەوان لەم جۆرە ئاراستە گۆڕینە ئەنجام دەدەن»، عەلی باباجان ئەمەی بە رۆژنامەی کەراری تورکی وت کە جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشوو بوو، لە ئەردۆ‌غان جیابووەوە بۆ دروستکردنی پارتی تایبەت بەخۆی لە بەهاری ئەمساڵدا. حکومەتی تورکیا بەدەست دابەزینی لیرەوە دەناڵێنێت. لە دووشەممەی رابردوودا لیرەی تورکی بۆ کەمترین ئاستی دابەزی لەمێژوویدا بەرامبەر دۆلار بەجۆرێک گەیشتە (٨.١٥) لەبەرامبەر یەک دۆلاری ئەمریکی. لەلایەکی ترەوە شیکەرەوان پێیانوایە میدیای تورکیا رۆڵێکی خراپی بینیوە لەگواستنەوەی رووداوەکاندا بۆ پشتیوانانی ئەردۆ‌غان لەتورکیا، کە پڕوپاگەندەی ناسیۆنالیستیان دەرخواد دەدرێت لەلایەن ئۆرگانەکانی حکومەتەوە، ئەم رووبەڕوبوونەوەیە لەگەڵ فەرەنسا تەنها بەشێکە لە زنجیرە «بێڕێزییەکان» لەلایەن دوژمنەکانی تورکیا لە دەرەوەو دەبێت تۆڵە بسەنرێتەوە. «خەڵک پێیان دەوترێت سەرۆکی فەرەنسا بێڕێزی بەو شتانە دەکات کە لای ئێمە پیرۆزەو نیشتمانپەروەرترین و راستترین کار ئەوەیە ئێمەش لێیان توڕە بین»، سەلیم کۆرو، شیکەرەوە لەناوەندی توێژینەوەی سیاسەتی ئابوری لەئەنقەرە ئەمەی بە رۆژنامەی تایمز وت. ژۆن مارکاو، سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەزانکۆی پۆ گرینۆبڵی فەرەنسی، پێیوایە میدیای تورکی رۆڵی هەبووە لە توانای ئەردۆ‌غان بۆ ئاراستەکەردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ماکرۆن. «ئەردۆ‌غان سوود لەو راستییە دەبینێت کە میدیای زمانی تورکی زۆر کەم گرنگییان داوە بە سەربڕینی مامۆستاکە. بەواتایەکی تر هۆکاری پشت پێوەرە نوێیەکانی ماکرۆن بۆ رووبەڕووبونەوەی توندڕەوی ئیسلامی. دەرهێنانی پێوەرە نوێیەکان لەسیاقی خۆیان ئاسانتری دەکات بۆ ئەردۆ‌غان تا ماکرۆن وەک کەسێکی شێت بناسێنێت»، مارکاو ئەمەی بە رۆژنامەی دەچ ویڵی ئەڵمانی وت. لەسەرەتای مانگی رابردوو ئیمانیۆل ماکرۆن لەوتارێکیدا رایگەیاند ئیسلام « لە قەیراندایە لەهەموو جیهاندا»و پلانی خۆی راگەیاند بۆ «چاکسازی ئیسلامی» تا زیاتر بگونجێت لەگەڵ بەها کۆماری و سیکۆریزمییەکانی وڵاتەکەیدا. دوای تیرۆرکردنی مامۆستاکەش، ماکرۆن وتی کە «پاشگەزنابنەوە» و بەردەوام دەبن لە بڵاوکردنەوەی کاریکاتێر، ئەمەش تووڕەیی جیهانی ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێناو لەچەندین وڵات بایکۆتی شتومەکی فەرەنسی راگەیاندراو خۆپیشاندان دژی ماکرۆن و بێڕیزیکردن بە پێغەمبەری ئسیلام ئەنجامدرا. «پێموایە ئەو کاردانەوانە ئەنجامی بەدرۆکردن و شێواندنی قسەکانی من بوون، چونکە خەڵک وا تێگەیشتوون من پشتگیریم لەو کاریکاتێرانە کردووە»، ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری ئەمەی وت کە شەممەی رابردوو بڵاوکرایەوە. بەربەرەکانێ و پێکدادانی ئەم دوو سەرۆکە رەنگە سوودی بۆ ماکرۆنیش هەبێت. «وادیارە [ئەم پێکدادانە] یارمەتیدەری سەرۆکی فەرەنساش بێت. هەردوو سەرکردەکە لەوە تێدەگەن دەستکەوتێک هەیە بەدەستی بهێنن بۆ پاشخانی خۆیان، ماکرۆن هێندەی ئەردۆ‌غان لەوە تێدەگات»، کۆرو وای وت. ماکرۆن بۆ رازیکردن و بەدەستهێنانی دەنگ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٢ دەیەوێت وەک کەسێکی تووند خۆی دەربخات دژی ئەردۆ‌غان لە ناوخۆی فەرەنسا لەکاتێکدا ئەردۆغانیش لەم نێوەندەدا جەماوەری ناوخۆ بۆ لای خۆی رادەکێشێت. «ئەردۆ‌غان بەنزین بە ئاگری ناسیۆنالیستیدا دەکات و ماکرۆنیش دەیەوێت جەخت بکاتەوە لەسەر ترسی فەرەنسییەکان بەرامبەر ئیسلامیزم و تاوان تا دەنگدەرانی راستڕەو لەخۆی رازی بکات لەپێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ٢٠٢٢دا»، دیدیەر بلیۆن، جێگری بەڕێوبەری پەیمانگەی فەرەنسی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ستراتیجی ئەمەی بە دەچ ویڵی وت. لەلایەکی ترەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، شەڕ دژی ماکرۆن وا لە ئەردۆ‌غان دەکات خۆی وەک دەنگی جیهانی ئیسلامی دەربخات، لەکاتێکدا زۆرێک لەسەرکردە موسوڵمانەکان سوورن لەسەر دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی لەگەڵ رۆژئاوادا لەسەر سیکۆلاریزم و ئازادی رادەربڕین. «ئەمە هەلێکی زێڕینە بۆ ئەردۆ‌غان تا بێتە پێشەوەو وەک پارێزگاری ئیسلام و سەرکردەی سوونی لەجیهانی عەرەبیدا خۆی دەربخات و بۆ ماکرۆنیش [ئەم هەلە بوونی هەیە] تا بتوانێت هەژموونی خۆی زیاتر بکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا»، ئەیدنتاباس وای وت. هەندێک پێیانوایە سەرکردەی تری جیهانی سووکایەتی بە موسوڵمانان دەکەن و موسوڵمان دەکوژن، بەڵام ئەردۆ‌غان تەنها ئەم شەڕەی لەگەڵ ماکرۆن دەستپێکردووە. «[ئەردۆ‌غان] هەر بەڕاستی پێیوایە بەو قسانەی ماکرۆن بێڕێزی پێکراوەو بڕوای وایە بێڕێزی کردنە بەرامبەر موسوڵمانان، بەڵام بەشیوەیەکی ستراتیجی ئەو ئەم ساتەی هەڵبژاردووە تا بڵێت بێڕێزیم پێکراوە. ترەمپ زۆرجار لەملاولا شتی زۆر خراپ بە موسوڵمانان دەڵێت. پوتن موسوڵمانان لە سوریا دەکوژێت و چینیش دەستگیریان دەکات، بەڵام ئەو بڕیاریداوە ئەم هێرشە بکات لەم کاتەدا»، دیپلۆماتکارێکی خانەنشین ئەمەی بە تایمز وت. سینان ئۆڵگن، بەڕێوبەری ناوەندی تووێژینەوەی ئابوری و سیاسەتی دەرەوە لە ئەستەنبوڵ پێیوایە ناکۆکی تورکی-فەرەنسی کاریگەرییەکی درێژخایەنی دەبێت. «ئەم ناکۆکییە لێکترازانی شارستانیەتی نێوان تورکیا‌و رۆژئاوا فراوانتر دەکات، کە لەئیسلامۆفۆبیاوە سەرچاوەی گرتووە. گرژی لەنێوان ئەوانەی پشتگیری ئازادی رادەڕبرین دەکەن و ئەوانەی دەیانەوێت پارێزگاری لەبەها ئایینییەکان بکەن زیاتر قووڵ دەبێتەوە»، ئۆڵگن ئەمەی بە دەچ ویڵی وت.
هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستیکردووە بە مامەڵەی ئامادەکردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیە پێشوەختەکان کەبڕیارە حوزەیرانی 2021 ئەنجامبدرێن، بەرپرسێکی هەڵبژاردن چوارشەممە (28ی تشرینی یەکەم) بەدیارونای وت. هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەتایبەتی بۆ عێراق گرنگن، کە لەتشرینی یەکەمی رابردووەوه خۆپیشاندانی زۆری تێدا بووە دژی گەندەڵی و کرده‌وه‌کانی میلیشیاکانی سەر بەئێران. پەرلەمانی عێراق پڕە لەهاوپەیمانێتی هاوسۆزی ئێران کەدژی چاکسازییە سیاسییەکانن، چونکە دەیانەوێت دڵنیابن لەوەی ئامادەییەکی بەهێزیان ده‌بێت لەپەرلەمانی داهاتوودا، سەرەڕای ناڕەزایی فراوانبووی جەماوەری له‌پێشێلکاریەکانیان کە سوود به‌ئێران ده‌گه‌یه‌نن، لەسەر حسابی عێراق. وتەبێژی کۆمسیۆنه‌که، جومانە غولای وتی کۆمسیۆن دەستیکردووە بە رێکارەکانی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی دەبێتەوە. باسی لەوەشکرد لەنێو ئەمانەدا نەبوونی پشتیوانی دارایی، بەربەستەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) و ئەو راستییەی کە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن تەواو نەبووە. پەرلەمانی عێراق پلانی دانا بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێک بۆ دەرکردنی ڤێرژنێکی هەموارکراوی یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن کە وڵاتەکە دابەشدەکات بۆ چەندین یەکەی هەڵبژاردن، لەجیاتی یەک یەکە. وەک بەشێک لەئامادەکارییەکان، ناوەندەکانی تۆماری هەڵبژاردن لەبەغدا و پارێزگاکانی دیکە دەرگاکانیان دەکەنەوە لە رۆژانی پشووی هەفتەو پشووە فەرمیەکاندا بۆ پێشوازیکردن لە دەنگدەران کەهەوڵدەدەن کارتی دەنگدانی (بایۆمەتری)یان نوێبکەنەوە. کارتە نوێکان وێنەیه‌کی که‌سه‌که و (10) پەنجەمۆر له‌خۆده‌گرن. غولای وتی «ناوەندەکان کارتە نوێکان بۆ ئەو کەسانەش دەردەکەن کە کارتەکانیان تێکچووه یان ونبوون و وتیشی تێچووی نوێکردنەوە لەئێستادا وەرناگیرێت.» وتیشی «ناوەندەکانی کۆمسیۆن دەستیانکردووە بە تۆمارکردنی ئەو دەنگدەرە نوێیانەی بەمدواییانە گەیشتونەتە تەمەنی دەنگدان (ئه‌وانه‌ی 2001 و 2002 لەدایکبوون) لەگەڵ خەڵکانی ئاوارە». هه‌روه‌ها وتی «تیمە گەڕۆکەکان نێردراون بۆ دەزگا فەرمییەکان و گەڕەکەکان بۆ تەواوکردنی تۆمار‌و نوێکردنەوەی کارتەکانی ئەو کەسانەی ناتوانن سەردانی ناوەندەکان بکەن. لەنێو ئەوانەدا کەسانی نەخۆش و کەمئەندام و به‌ته‌مه‌نان». (26 ) ملیۆن کەس مافی ده‌نگدانیان هه‌یه کۆمسیۆنەکە تائێستا داوای (300) قەوارەی پێگەیشتووە کە دەیانەوێت خۆیان بپاڵێون بۆ هەڵبژاردنی نوێ و (72) قەوارەی دیکەش لەئێستادا لە پرۆسەی خۆتۆمارکردندان. غولای وتی «کۆمسیۆنی هەڵبژاردن مەبەستێتی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بکات کە تایبەتمەندە لە تەکنەلۆژیای یاریدەدەری کۆمپیوتەری بۆ دەنگدان و ژماردنی دەنگەکان». هەروەها وتی «لیژنەیەکی تەکنیکی پێکهاتوو لەنوێنەری وەزارەت و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان، بەرپرس دەبن لە چاودێریکردنی کارەکانی کۆمپانیاکە و دڵنیاییدان لەوەی پێوەرەکانی راستگۆیی و وردێتی و شەفافیەت لەپرۆسەی هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا پارێزراو ده‌بن.» وتیشی کۆمسیۆنەکە «چەندین هەوڵیشی بەگەڕخستووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری جەماوەری دەربارەی گرنگیی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا». هەڵمەته‌که‌ی هۆشیاری جەماوەری پۆستەرو ڤیدیۆ له‌خۆده‌گرێت و ناوەندی کۆمسیۆن هەماهەنگی دەکات لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندیەکان بۆ ناردنی زانیاری بە نامە بۆ مۆبایلی دەنگدەران و بۆ گەشەدان بە بەرنامەیەکی خۆڕایی کە رێبدات بەدەنگدەران بەدوای دۆخی کارتی دەنگدانەکانیاندا بچن. لایەنەکانی سەر بەئێران هەڕەشە لەهەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق دەکەن پسپۆڕان هۆشداریدەدەن لەوەی میلیشیاکانی سەربەئێران بەئاسانی دەستبەرداری رووکاری سیاسیی خۆیان نابن کە رێیانپێدەدات دەستتێوەردان لەکاروباری ناوخۆی عێراقدا بکەن. عێراقیەکان بەهیوان هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی داهاتوو نەخشەی سیاسی لەوڵاتەکەیاندا بگۆڕێت بەجڵەوکردنی نفوزی لایەنەکانی سەر بەئێران. ئەو خۆپیشاندانە جەماوەریانەی لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا دەستیانپێکرد دژی گەندەڵی و کرده‌وه‌کانی میلیشیاکان بوونەتە هۆی تووڕەییه‌کی جەماوەریی زۆر کەدەکرێت ببنەهۆی له‌ده‌ستدانی ده‌نگ بۆ ئەو لایەنانە. به‌گوێره‌ی ئاژانسی فرانس پرێس، سەرەکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی لەوتارێکیدا بۆ خه‌ڵکی وڵاته‌که لە 24ی تشرینی یەکەم وتی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی حوزەیرانی 2021، کە له‌ئه‌نجامی وەڵامدانەوەی داواکانی خۆپیشاندەراندا هاته‌پێشه‌وه، ئەنجامدەدرێن. پەرلەمانی عێراق پڕە لەلایەنەکانی سەربەئێران کە دژی چاکسازیی سیاسیی بەرچاون، لەکاتێکدا مشت‌ومڕ لەسەر یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن دەکرێت. پیاوی باڵای ئاینی شیعەی عێراق عەلی سیستانی پشتیوانی له‌هەڵبژاردنە پێشوەختەکان کرد‌و هانی عێراقیەکانی دا بۆ بەشداریکردنێکی به‌رفراوان تێیاندا. هۆشداریشی دا لەوەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان یاخود ئەنجامدانیان بەبێ دابینکردنی دۆخی گونجاو بۆ دڵنیابوون لەسەرکەوتنیان «کێشەکانی وڵاتەکە قوڵتر دەکاتەوە». ئاستەنگ بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت مامۆستای پەیوەندییە ئابورییەکان لەزانکۆی عێراقیە، عەبدولڕەحمان مەشهەدانی وتی خۆپیشاندانەکان دەریانخست کە لایەن و میلیشیاکانی سەربەئێران «هیچ پشتیوانییەکی جەماوەرییان نییە». وتی «توڕەیی جەماوەریی زیاد دەکات دژی پێشێلکارییەکانی ئەم گروپانەو دەکرێت ئەمە سەربکێشێت بەزیانی ئەو لایەنانەی هاوپەیمانی ئێرانن لەڕووی دەستڕاگەیشتنه‌وه بەنوێنەرایەتی لە پرۆسەی سیاسیی‌دا». مەشهەدانی وتی «گۆڕانکاری لەدیمەنی سیاسیی عێراقیشدا پەیوەستە بەدابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ هەڵبژاردن کە ئازادبێت لە نفوزی گروپە چەکدارەکان». وتیشی «ئەمە ئاستەنگێکی سەرەکییە بۆ حکومەت، چونکە گروپەکانی سەر بەئێران چەکی نایاساییان پێیە و «شەرم ناکەن لە ئەنجامدانی هەر کارێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان». پسپۆڕان دەڵێن دەسەڵاتی سیاسیی پارە و چەکی ده‌ست گروپەکانی سەر بەئێران بوونەتە هەڕەشەیەکی جددی و گروپەکان دەکرێت نفوزیان بەکاربهێنن لەپرۆسەی سیاسیی‌دا، وەک لە هەڵبژاردنەکانی 2018 ئەنجامیاندا. توێژەری کاروباری سیاسی و پسپۆڕی سەربازی، ئەیاد توفان بە دیارونای وت: « لەڕێی کردەکانیانەوە، بەردەوام هەوڵیانداوە لەبایەخی هێزی یاسا کەمبکەنەوە، لە رۆڵی هیزە ئەمنی و دەزگا فەرمییەکان بدەن و زیانبده‌ن لەئاسایش و بەرژەوەندیی عێراقیەکان. وتی هەروەها هەڕەشە لەئاشتی مەدەنیی عێراق دەکەن و ئاماژەیکرد بەسووتاندنی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەغدا، دوای ئەوەی سەرکردەیەکی حزبەکە، هۆشیار زێباری، داوای ئەوەی کرد میلیشیاکان لەناوچەی سەوز دەربکرێن. توفان وتی میلیشیاکان «بەئاسانی دەستبەرداری رووکاری سیاسی خۆیان نابن بۆ دەستتێوەردان لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاری نیشتمانی و پاراستنی نفوزی خۆیاندا بەمەبەستی خزمەتکردن بەپرۆژەی ئێران». هۆشدارییدا لەوەی رەنگە هەوڵبدەن دۆخی ئەمنی بشێوێنن پێش هەڵبژاردنەکان. پرۆسەیه‌کی سیاسیی نوێ گروپەکانی دڵسۆزی ئێران، لەنێویاندا عەسائیب ئەهل حەق بەسەرکردایەتی قەیس خەزعەلی و رێکخراوی بەدر، لەئێستادا بەشێکن لەهاوپەیمانێتی فەتح، که فراکسیۆنێکی پەرلەمانییە. پسپۆڕی بواری ئاسایش، مەجید قەیسی وتی «ئەم گروپانە نفوزیان بەکاردەهێنن بۆ دڵنیابوون لەوەی ئامادەییەکی بەهێزیان ده‌بێت لەپەرلەمانی داهاتوودا». وتیشی «دەستیانکردووە بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان بەگۆڕینی سەرکردە سەربازییەکانیان بە سەرکردەی سیاسی، بەڵام سەرەڕای ئەمە، ژمارەی کورسییە پەرلەمانیەکانی ئەم میلیشیایانە دەکرێت لە (47) کورسییەوە ببنە (10 بۆ 12) کورسی». هەروەها وتی «بۆئەوەی ئەمە رووبدات، دەوڵەت دەبێت چەند هەنگاوێک بنێت بۆ سنووردارکردنی بوونی چەک، جێبەجێکردنی یاسایەکی روون و دادپەروەردانەی هەڵبژاردن و لەهەمووی گرنگتر، تەواوکردنی رێژەی دیاریکراوی دادگای فیدراڵی». وتیشی «گوڕی جەماوەری کە هەژموونی ئەم میلیشیایانە رەتدەکاتەوە، گرنگییەکی زۆری هەیە لە بەرهەمهێنانی پرۆسەیەکی سیاسی و دیموکراتیی نوێ لەعێراقدا».
شاناز حه‌سه‌ن پێشڕه‌و به‌کر، (35) ساڵ، که ماوه‌ى مانگێکه دایکى له‌ده‌ستداوه، باس له‌وه‌ده‌کات به‌هۆى نه‌بوونى پاره‌وه نه‌یانتوانیوه دایکى ببنه نه‌خۆشخانه‌یه‌کى ئه‌هلى و گیانى له‌ده‌ستداوه دوای تووشبوونی بۆ کۆرۆنا. پێشڕه‌و وتى «دایکم به ئازاره‌وه ده‌یناڵاند، سویندی منى دا نه‌یبه‌مه نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى، چونکه تێچووى زۆره و خه‌مى منى بوو». دایکى پێشڕه‌و ته‌مه‌نى هه‌بووه و نه‌خۆشى درێژخایه‌نى بووه، دواى مانه‌وه‌ى زیاتر له (40) رۆژ له‌نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌تى کۆرۆنا له‌سلێمانى بارودۆخى ته‌واو تێکده‌چێت و ده‌مرێت. پێشڕه‌و، شۆفێرى بارهه‌ڵگرێکه رۆژانه به (35) هه‌زار دینار، وتى «من و دایکم پێکه‌وه ده‌ژیاین، ده‌یزانى چه‌نده به نه‌هامه‌تى پاره په‌یدا ده‌که‌م و بارى داراییمان باش نیه، بۆیه نه‌مبرده نه‌خۆشخانه‌یه‌کى ئه‌هلى و به‌هۆى بێ پاره‌ییه‌وه مرد». زیاتر له‌هه‌شت مانگه ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستاندا بڵاوبۆته‌وه‌و به‌پێى ئاماره‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى تائێستا له‌هه‌رێم نزیکه‌ى (77) هه‌زار که‌س تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون، زیاتر لە (41) هه‌زاریان چاکبوونه‌ته‌وه‌و دوو هه‌زار و (400) کەس گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و (29) هه‌زار تووشبوو له‌ژێر چاره‌سه‌ردان. پزیشکان دەڵێن تووشبووەکان سێ جۆرن، (ئاستى سوک، مامناوه‌ند، توند)، جۆرى چاره‌سه‌ره‌کان بۆ هەر جۆرێکیان ده‌گۆڕێت، به‌و پێیه‌ش تێچووى چاره‌سه‌رکردنه‌که‌ى ده‌گۆڕێت. ئه‌وانه‌ى به‌ئاستى سوک تووشى ڤایرۆسه‌که ده‌بن، له‌دواى پشکنینى یه‌که‌م ته‌نیا دوو جۆر حه‌ب و ڤیتامینێک وه‌رده‌گرن و چاکده‌بنه‌وه. دووه‌م و سێیه‌م ئاستى تووشبوونى کۆرۆنا به ئاستى مامناوه‌ندو توند ناوده‌برێت، که تووشبووه‌که نیشانه‌کانى هه‌مووى تێدا ده‌رده‌که‌وێت و به‌پێى ئاستى به‌رگرى که‌سه‌که ده‌رمان و پشکنینى بۆ ده‌کرێت. له‌ئێستادا به‌هۆى زۆرى ژماره‌ى تووشبوون له‌هه‌رێمى کوردستان زۆربه‌ى هاوڵاتیان له‌نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى یاخود له‌ماڵه‌وه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، که‌ئه‌وه‌ش بڕه پاره‌یه‌کى زۆرى ده‌وێت. هه‌ڵگورد عوسمان، ته‌مه‌ن (40) ساڵ، تووشبویه‌کى کۆرۆنایه‌و دوو جار تووشى ڤایرۆسه‌که بووەو جارى یه‌که‌م له‌نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌کۆرۆنا بووه و دووه‌م جار له‌ماڵه‌وه له‌ێگه‌ى پزیشکى تایبه‌ته‌وه، چاودێریى کراوه. ئه‌م نه‌خۆشه، باس له‌وه ده‌کات سه‌ره‌تا ته‌نیا پشکنینى کۆرۆناى دووجار به پاره بۆ دووباره کراوه‌ته‌وه‌و به‌کۆى ئه‌و تێچووه‌ى له‌ماوه‌ى تووشبوونیدا تا چاکبوونه‌وه‌ى زیاتر بووه له (200) دۆلار، به‌ڵام جارى دووه م له‌ڕێگه‌ى پزیشکى تایبه‌ته‌وه‌و له‌ماڵه‌وه زیاتر له‌سێ هەزارو (400) دۆلاری تێچووه. ئه‌م پیاوه بەتەلەفۆن قسەی بۆ هاوڵاتی کرد، ئێستاش هه‌ڵگرى ڤایرۆسى کۆرۆنایه‌و له‌ماڵه‌وه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت، باس له‌وه ده‌کات ته‌نیا پزیشکه‌که رۆژانه به (100) هه‌زار دینار دووجار سه‌ردانى کردووه‌و کۆرسى ده‌رمانه‌کانى بۆ دیاریکردووه. هه‌ڵگورد، له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى تووشبوونیدا، زیاتر له چوار جار پشکنینه‌کانى دووباره کردۆته‌وه‌و هه‌ر جاره‌ى زیاتر له (135) هه‌زار دینارى تێچووه. چوار رۆژ به به‌رده‌وامى ئۆکسجینی بۆ به‌کارهاتووە، بە ملیۆنێک دینار. ئه‌م نه‌خۆشه تائێستا زیاتر له (23) ده‌رزى بۆ به‌کارهاتووه، نرخه‌کانیان له (42) دۆلارەوە تا (499) دۆلار بووە بۆ هەر یەکێکیان بەپێی جۆری دەرزییەکان. هه‌ڵگورد عوسمان وتی «نرخى ده‌رمان و ده‌رزى و ئۆکسجین زۆر گرانن و پێویسته هاوکارى خه‌ڵک بکرێت، نه‌ک خه‌ڵک بمرێت، به‌هۆى نه‌بوونى پاره‌وه بۆ دابینکردنى ده‌رمان و ئۆکسجین». به‌رپرسانى ته‌ندروستى ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌که‌ن هه‌ر تووشبوویه‌کى کۆرۆنا داخڵى نه‌خۆشخانه ببێت هه‌موو ده‌رمان و پێداویستى و پشکنینێکى بێ به‌رامبه‌ر بۆ ده‌کرێت، دەشڵێت بەڵام زۆر تووشبووش هه‌یه له‌ماڵه‌وه یاخود له‌نه‌خۆشخانه‌ى ئه‌هلى چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن. هه‌مزه ره‌زیفى، به‌رپرسى راگه‌یاندنى ته‌ندروستى دهۆک، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت» له‌ناو نه‌خۆشخانه‌کاندا هه‌مووى له‌سه‌ر حکو‌مەته، ته‌نیا پشکنین بۆ ئه‌وه به‌پاره ده‌کرێت که سه‌فه‌رێکیان هه‌یه‌و به‌په‌له پێویسته له‌کاتى رۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه پشکنین بکه‌ن». له‌پارێزگاى دهۆک زیاتر له (11) هه‌زار که‌س له‌ماڵه‌وه که‌ره‌نتین و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، به‌رپرسى راگه‌یادنى ته‌ندروستییه‌که‌یان وتى» ئه‌گه‌ر حاڵى هه‌ر نه‌خۆشێک دژوار بوو له‌ڕێگه‌ى تیمه‌کانى ئێمه‌وه ده‌هێنرێنه نه‌خۆشخانه«. هه‌مزه ره‌زیفى، وتیشى «نه‌خۆشێک له‌نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت چاره‌سه‌ر وەربگرێت، بێگومان زیاترى تێچوو ده‌بێت وه‌ک له‌نه‌خۆشخانه حکومییه‌کان». هه‌روه‌ها ئازاد محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه، وتى»تێچووى نه‌خۆشێک رۆژانه ده‌گاته یەک ملیۆن دینار به‌پێداویستى پزیشکى و ده‌رمان و ئۆکسجینى به‌رده‌وام». باسى له‌وه‌شکرد «له‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه رۆژانه دوو ته‌ن ئۆکسجینى شل به‌کاردەهێنین و ده‌توانین ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى داخڵى نه‌خۆشخانه ده‌بن پێداویستى پێویستیان بۆ دابین بکه‌ین». ئه‌و تووشبووانه‌ى له‌ماڵه‌وه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، پشت به نۆرینگه و پزیشکى تایبه‌ت ده‌به‌ستن. خاوه‌نى نۆرینگه‌یه‌کى پزیشکى، باس له‌وه ده‌کات نه‌خۆش هه‌یه له‌ماڵه‌وه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێت و زیاتر له دووهەزار دۆلاری خه‌رجکردووه له‌دابینکردنى ده‌رمان و پشکنین. دکتۆر هاوڕێ جه‌زا وتی «ڤایرۆسى کۆرۆنا ڤایرۆسێکى نوێیه و به‌پێى بارودۆخى که‌سه‌که و ئاستى به‌رگرى له‌شى تووشبووه‌که ده‌رمانه‌کانى که پێویستیه‌تى تا چاکبوونه‌وه‌ى ده‌گۆڕێت، جۆرى ئه‌و پشکنینانه‌ى که بۆشى ده‌کرێت جیاوازه«. وتیشی «هه‌موو تووشبوویه‌کى کۆرۆنا به‌هۆى زۆرى نرخى ده‌رمان و پشکنینه‌کانه‌وه، پێویستى به پێنج گه‌ڵا به‌ره‌و سه‌ره‌وه ده‌بێت تا چاکده‌بێته‌وه‌و ته‌ندروستى جێگیر ده‌بێت». هاوڕێ جه‌زا، به‌و پێیه‌ى وه‌ک پزیشک و خاوه‌ن نۆرینگه‌یه‌ک چه‌ندین نه‌خۆشى کۆرۆناى بینیوه‌و چۆته ماڵه‌وه بۆ سه‌ردانیان و چاره‌سه‌رى بۆ کردون، ئه‌وه روونده‌کاته‌وه، نه‌خۆشێک که پێویستى به ئۆکسجین و ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد بێت، زیاتر له‌دوو هەزار دۆلاری پێویسته تا چاکبوونه‌وه‌ى، حاڵه‌تیشمان هه‌یه که ده‌رزی وایان پێویسته نرخه‌که‌ى زۆر گرانه‌و تێچووه‌که‌ى ده‌گاته سێ هەزار دۆلار بۆ سه‌ره‌وه«. ئه‌م خاوه‌نى نۆرینگه‌یه، وتى «ئه‌و نه‌خۆشانه‌ى سه‌ردانى ئێمه ده‌که‌ن، به‌پێى بارى دارایى نه‌خۆشه‌که له ده‌رمانه زۆر پێویسته‌کانه‌وه کۆرسه‌که‌ى بۆ دیاریده‌که‌ین و هاوکارى ده‌بین و به‌پێى حاڵه‌تى زۆر پێویستى پشکنینه‌کانى بۆ دووباره ده‌که‌ینه‌وه«. دکتۆر هاوڕێ وتیشى «نه‌خۆش هه‌یه بارى ته‌ندروستى خراپه‌و هه‌ژاریشه، که سه‌ردانى نه‌خۆشخانه حکومییه‌کان ده‌کات هیچ جۆره ده‌رمان و پشکنینێکى بۆ ناکرێت به‌بێ پاره، ته‌نیا ئۆکسجین هه‌یه«. وتیشی «ئه‌گه‌ر نۆرینگه‌کان نه‌بن، تواناى ئێستاى که‌رتى ته‌ندروستى حوکمى ناتوانێت فریاى ئه‌و تووشبووه زۆره‌ى کۆرۆنا بکه‌وێت و دۆخه‌که له‌کۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چێت». هه‌ر نه‌خۆشێکى کۆرۆنا سه‌ره‌تا تووشى کۆرۆنا ده‌بێت پێویسته پشکنینى کۆرۆنا بکات که‌نرخى (60) هه‌زار دیناره، که ده‌رکه‌وت هه‌ڵگرى ڤایرۆسه‌کەیە پێویسته دواى دووهه‌فته دووباره‌ى بکاته‌وه، واته دووجار پشکنینى کۆرۆناى پێویسته که‌تێچووى هه‌ردوو پشکنینه‌که ده‌کاته (120)هه‌زار دینار بۆ یه‌ک توشبوو. دواى یه‌ک هه‌فته له پشکنین که‌سى تووشبوو ئه‌گه‌ر له‌ناو نه‌خۆشخانه‌کانى کۆرۆنادا چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت رۆژانه یاخود دوو رۆژ جارێک پشکنینى ( پشکنینى خوێن، مادده‌ى ئاسن، خه‌ستبوونه‌وه‌ى خوێن)ى بۆ دووباره ده‌کرێته‌وه که به کۆى گشتى نرخه‌که‌یان ده‌گاته (50 بۆ60) هه‌زار دینار بۆ هه‌ر جارێک. له‌حاڵه‌تى تووشبوودا که به‌ئاستى مامناوه‌ند یان توند دیاریده‌کرێت، تووشبووه‌که به‌پێى ئیلتیهاباتى سه‌ر سنگى رێژه‌ى وه‌رگرتنى ئۆکسجینى بۆ دیاریده‌کرێت، که هه‌ر بتڵێکى بچووکى ئۆکسجین له (18بۆ30) هه‌زاره‌وه ده‌ستپێده‌کات تا (100)هه‌زار دینار، که تووشبوویه‌ک هه‌ر پێویستى به ئۆکسجین بێت، رۆژانه پێویستى به (5) بتڵ ئۆکسجین ده‌بێت. ده‌رزی بۆ تووشبوویه‌کى کۆرۆنا هه‌ریه‌که‌ى نرخى (5) هه‌زار دیناره، که‌هه‌ر تووشبوویه‌ک پێویستى به‌ده‌رزى بێت له (10) ده‌رزى که‌مترى بۆ به‌کارنایه‌ت، واته نرخى ( 10)ده‌رزى بۆ تووشبوویه‌ک (50) هه‌زار دیناره، ئه‌گه‌ریشى هه‌یه ئه‌م ده‌رزیانه‌ى بۆ دووباره بکرێته‌وه. له‌حاڵه‌تى زۆر توندى تووشبوون به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا ئه‌گه‌رى هه‌یه تووشبووه‌که پێویستى به‌ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکرد ده‌بێت، که له‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌کانى کۆرۆناو نه‌خۆشخانه حکومییه‌کاندا نرخه‌که‌ى ته‌نیا بۆ شه‌وێک یه‌ک ملیۆن و (700) هه‌زار دیناره. پزیشکه‌که‌ى کۆرۆنا ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه له‌ئێستادا نه‌خۆشخانه‌یه‌کى ئه‌هلى تایبه‌ت نیه که تووشبووى کۆرۆنا وه‌ربگرێت، به‌ڵام له‌ماڵه‌وه چاودێریى ده‌کرێن و ده‌رمان وه‌رده‌گرن. بژار مو‌سا، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌ولێر، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتی وت «تیچووى نه‌خۆشى کۆرۆنا ناتوانرێت به‌خه‌مڵاندنیش دیاری‌بکرێت، چونکه به‌پێى ئاستى تووشبوون و به‌رگرى نه‌خۆشه‌که ده‌گۆڕێت». هه‌روه‌ها وتیشى «له‌سنورى پارێزگاى هه‌ولێر هه‌موو پشکنین و ده‌رمانه‌کان بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ى له‌ناو نه‌خۆشخانه‌کانن به‌بێ به‌رامبه‌ر ده‌کرێت و هیچ بڕه پاره‌یه‌ک له‌نه‌خۆش وه‌رناگیرێت». هەندێ لەپزیشکان دەڵێن تێچووى تووشبوویه‌کى کۆرۆنا زۆر گرانترو قورستره له تووشبوویه‌کى شێرپه‌نجه یان هه‌ر نه‌خۆشییه‌کى دیکه‌ى درێژخایه‌ن. هەندێک لەو چارەسەرانەی بەکاردەهێنرێن بریتین لەدژه به‌کتریا و ڤیتامینات و چارەسەر بۆ به‌رگرى و رێگەگرتن لەخه‌ستبوونەوەی خوێن و ده‌رزى هەوکردن. پزیشکێک له‌نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به‌چاره‌سه‌رى کۆرۆنا، داوای کرد ناوی نەهێنرێت، وتی «ماوه‌ى پێشتر ده‌رزى هه‌بوو له (200) دۆلاره‌وه تا (800) دۆلار، هه‌ر نه‌خۆشێک (7بۆ10) ده‌رزى پێویست ده‌بوو، بۆیه تێچووه‌که له نه‌خۆشێکه‌وه بۆ نه‌خۆشێکى دیکه جیاواز ده‌کات». ده‌رزى ئه‌کتێمرا هه‌یه که بۆ هه‌موو نه‌خۆشێک ناکرێت، ئه‌م ده‌رزییه نرخى هه‌زار دۆلاره، ته‌نیا به‌و تووشبووانه ده‌درێت که نیشانه‌ى قورسیان هه‌یه یان له‌به‌شى چاودێرى چڕدان. ئه‌م پزیشکه وتیشى « ئه‌م ده‌رزیه بۆ هه‌موو نه‌خۆشێک ناکرێت، به‌ڵام نه‌خۆش هه‌یه دووجار وه‌ریگرتووه«. جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه «نه‌خۆشمان هه‌یه رۆژانه پشکنینى بۆ دووباره ده‌کرێته‌وه و هه‌مانه دوو رۆژ جارێک یاخود هه‌فتانه، بۆیه ئه‌گه‌ر به‌زانستى بکرێت ده‌بێت رۆژانه پشکنینه‌کان دووباره بکرێته‌وه، به‌ڵام ئێمه له‌به‌ر گیرفانى خه‌ڵک چاوپۆشى له‌بابه‌ته زانستییه‌که ده‌که‌ین».
سازدانى: ئارا ئیبراهیم ئارێز عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى رایدەگەیەنێت له‌کابینه‌ى نۆیه‌مدا جۆرێک تاکڕه‌وى و کارى ژێربه‌ژێر ده‌کرێت. هەروەها دەڵێت حزبەکەی هەڵەی کردووە سەرۆکی پەرلەمانی وەرگرتووە، چونکە زۆرینەی پەرلەمان نین و لەبەرژەوەندییان نیە. هەروەها باسی ئەوەدەکات کە مۆرکی حزبی بەکابینەی نۆیەمەوە دیارە، دەڵێت «خۆزگه ده‌کرا ئه‌م وڵاته حکومه‌ت به‌بێ یه‌کێتى یا به‌بێ پارتى به‌ڕێوه‌ده‌چوو» رەخنە لەپارتیش دەگرێت کە پۆست ده‌دات به‌که‌سانێک تا واز له‌یه‌کێتى بهێنن. ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌ڵێت، ململانێکانى نێوان پارتى و په‌که‌که چۆته قۆناغێکى «مه‌ترسیدار»و جوڵاندنى هێز له‌لایه‌ن پارتى له‌ناوچه‌ى زێبارى و بادینان و هه‌ندێ ناوچه‌ى گرتووه‌و دۆخه‌که به‌ره‌و ئاڵۆزى ده‌چێت و ئه‌وه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى کوردستان نییه. ئارێز عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتی، ده‌ڵێت «یه‌کێتى ئاماده‌یى تێدایه نێوه‌ندگیرى پارتى و په‌که‌که‌و تورکیا و په‌که‌که‌ش بکات، ئه‌گه‌ر گوێى لێبگیرێت». ده‌شڵێت «پێویسته رێگرى له‌شه‌ڕى نێوان پارتى و په‌که‌که بکرێت، که‌شه‌ڕ دروستبوو به‌ئاسانى ناکوژێته‌وه‌و شه‌ڕه‌که لێره ناوه‌ستێت به‌تایبه‌تى بۆ پارتى ده‌گوازرێته‌وه ئه‌و دیو سنوریش». هاوڵاتی: به‌شێک له‌سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى گله‌یى له‌کابینه‌ى نۆیه‌م هه‌یه؟ ئارێز عه‌بدوڵا: خۆزگه ده‌کرا ئه‌م وڵاته حکومه‌ت به‌بێ یه‌کێتى یا به‌بێ پارتى به‌ڕێوه‌ده‌چوو، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا به‌بێ هیچیان به‌ڕێوه‌ناچێت، ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها به پارتى به‌ڕێوه‌بچوایه ده‌مێک بوو یه‌کێتى له‌حکومه‌ت پاشه‌کشه‌ى ده‌کرد. کێشه‌که ئه‌وه‌یه هه‌لومه‌رجه‌که به‌شێوه‌یه‌که له‌هه‌رێمى کوردستان ناکرێت پارتى و یه‌کێتى له‌حکومه‌تدا نه‌بن، له‌م قۆناغه‌دا راسته یه‌ک حکومه‌ت و په‌رله‌مانمان هه‌یه، به‌ڵام له‌زۆر جومگه‌ى ده‌سه‌ڵات دوو ئیداره‌یى هه‌یه، زۆر سیاسه‌ت و هه‌ڵوێست هه‌یه جیاوازه، لەحکومه‌ت پارتى و یه‌کێتى گۆڕان به‌شدارن، به‌ڵام له‌بڕیاردان و ستراتیژ و کارکردن‌دا زۆر شت مۆرکى حزبى پێوه دیاره تامۆرکى گشتى، مۆرکى پارتى به‌سه‌ره‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر له‌شێوازى به‌ڕێوه‌بردنى حکومه‌ت بێت ئاساسیه، به‌ڵام ئه‌و مۆرکه‌ى پارتى په‌لده‌کێشێت بۆ په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌و سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌و وڵاتانى ئیقلیمى و عێراقى، له‌وه‌شدا یه‌کێتى جیاوازییه‌کى زۆرى له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یه له‌په‌یوه‌ندییه‌کانى وڵاتانى ئیقلیمى و عێراق و ناوچه‌که، که ئه‌و جیاوازییانه هه‌بوو، حکومه‌تیش به‌و جیاوازیانه کارده‌کات و دوو بۆچونى جیاواز دروستده‌بێت. هاوڵاتی: ئایا ده‌سه‌ڵاته‌کانى حکومڕانى لاى پارتین که ده‌ڵێیت مۆرکى پارتى پێوه دیاره؟ ئارێز عه‌بدوڵا: پێشتریش ده‌سه‌ڵات لاى پارتى بووه، مادام حکومه‌ته‌که حکومه‌تێکى هاوبه‌شییه، سیاسه‌ته گشتییه‌کانى حوکمڕانى ده‌بێت به هاوبه‌شى بێت، بۆ نمونه له‌سه‌ر ئه‌و به‌یاننامه‌یەى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێم ده‌ریکرد، که پێنج ئه‌ندامى هه‌یه سیانیان ئاگادارى نه‌بوون، به چ حه‌قێک که‌مینه‌یه‌ک دێت بڕیار یان به‌یاننامه‌یه‌ک ده‌رده‌کات، ئه‌نجومه‌ن به‌بۆچوونى ئه‌نجومه‌نه‌که بێت، ئه‌گه‌ر ناکۆکى هه‌بێت به‌ده‌نگدان یه‌کلایبکرێته‌وه، به‌ڵام بابه‌تێکى هه‌ستیار وه‌ک ئه‌وه‌ى به‌رانبه‌ر تورکیا‌و په‌که‌که کرا به‌بێ ئه‌وه‌ی گفتوگۆى له‌سه‌ر بکرێت ئه‌وه کاریگه‌رى حزبى پارتییه به‌سه‌ر داموده‌زگاکانه‌وه‌یه. له‌ناو داموده‌زگاکانى حکومه‌ت به‌داخه‌وه حزبایه‌تى زۆر به‌توندى ده‌کرێت، جیاوازى له‌نێوان فه‌رمانبه‌رێک بۆ فه‌رمانبه‌رێکى دیکه ده‌کرێت ئه‌مه له‌هه‌ولێر باس ده‌که‌م، به‌خشینى ئیمتیازاتى حکومه‌ت له‌پێناو راکێشانى ئه‌ندامانى یه‌کێتى بۆ ناو پارتى زۆر زۆره، بۆ نموونه پۆست ده‌درێت به‌که‌سێک واز له‌یه‌کێتى بهێنێت یان پله‌ى به‌رزده‌که‌نه‌وه، یا گواستنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رێک بۆ شوێنێکى تر ده‌یکه‌ن، ده‌ڵێن وه‌ره ببه به‌پارتى، غه‌در له‌فه‌رمانبه‌رانى یه‌کێتى ده‌کرێت، خه‌ڵکى زۆر به‌توانا هه‌یه له‌هه‌ولێردا که یه‌کێتین، له‌به‌رئه‌وه‌ى پارتى نییه فه‌رامۆش ده‌کرێت، به‌ڵام خه‌ڵکى زۆر بێ توانا به‌رپرسیارێتى پێ ده‌سپێردرێت ئه‌وه یه‌کێتییه‌کانى نیگه‌ران کردووه. پارتى پێیوایه ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ئه‌و ده‌یکات هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته به راست ده‌زانێت ئه‌وه حه‌قى خۆیه‌تى، بۆ نموونه به‌رانبه‌ر به به‌غدا، به‌ڵام ناکرێت ئه‌و سیاسه‌ته‌ى خۆى به کوردایه‌تى و نیشتمانپه‌روه‌رى له‌قه‌ڵه‌م بدات و ئه‌گه‌ر لایه‌نێکى تر بۆچوونى تر‌ى هه‌بوو به خیانه‌تکار له‌قه‌ڵه‌مى بدات. هاوڵاتی: له‌ناو سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى به فعلى هه‌ڵوێستتان به‌رانبه‌ر به‌کابینه‌ى نۆیه‌م چیه؟ ئارێز عه‌بدوڵا: تیمى یه‌کێتى له‌حکومه‌ت ئه‌رکى خۆى جێبه‌جێ ده‌کات، له‌لایه‌ک فشارى یه‌کێتى له‌سه‌ره، له‌لایه‌ک فشارى پارتى له‌سه‌ره، ئینسان خۆزگه به تیمى یه‌کێتى له حکومه‌ت ناخوازیت، هه‌ندێ فشار هه‌یه که له‌تیمى یه‌کێتى له‌حکومه‌ت ده‌کرێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین یه‌کێتى له‌سه‌دا 50%ی حکومه‌تى نییه، زۆربه‌ى خه‌ڵکى یه‌کێتى وا سه‌یرى یه‌کێتى ده‌که‌ن که یه‌کێتى سه‌دا (50 به 50) له‌حکومه‌تدا به‌شداره له‌گه‌ڵ پارتى، به راشکاوى ده‌یڵێم ئه‌وه گۆڕاوه، خۆتان ده‌زانن یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان (21) کورسى هه‌یه، وه‌کو جاران نه‌ماوه یه‌کێتى و پارتى به هاوسه‌نگى بڕیار له‌سه‌ر بابه‌ته‌کان بده‌ن. ئێمه وه‌کو یه‌کێتى سه‌نگى یه‌کێتى به (21) کورسى نازانین زۆر زیاتره، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خه‌ڵکى یه‌کێتى ناڕازییه. پێموایه ئه‌و رێککه‌وتنانه‌ى له‌نێوان پارتى و یه‌کێتى کراوه ورده‌کارییه‌کان باس بکرانایه‌و بڵاوبکرایه‌ته‌وه، به‌داخه‌وه ئێمه فێر نه‌بووین له‌گه‌ڵ پارتى له رێککه‌وتنه‌کان بچینه ناو ورده‌کارییه‌کان، که نه‌چووینه ناو ورده‌کارییه‌کان کێشه‌مان بۆ دروست ده‌بێت. بۆ نمونه یه‌کێتى و پارتى و گۆڕان ده‌بوو به‌رانبه‌ر به‌غدا هه‌ڵوێست و ستراتیژیان یه‌ک بێت، مادام پێکه‌وه‌ن له‌حکومه‌ت، ده‌بێت سیاسه‌تى حکومه‌ت به‌رانبه‌ر وڵاتانى دراوسێ یه‌ک سیاسه‌ت بێت، ناکرێت سیاسه‌تى حکومه‌ت له‌ژێره‌وه به‌رانبه‌ر تورکیا شتێک بێت و له راگه‌یاندنیشدا شتێکى دیکه بێت، ئه‌وه ناکرێت، له‌گه‌ڵ ئێرانیش به‌هه‌مان شێوه. ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته‌کانى تواناکانى حزب له‌ناو حکومه‌ت قه‌ده‌غه بکرێت، نه‌قسێک له‌نێو رێککه‌وتنه‌کانى نێوان پارتى و یه‌کێتى و پارتى و گۆڕاندا هه‌یه، کێشه‌که ئه‌وه نییه که چه‌ند وه‌زیرت هه‌یه، کێشه‌که ئه‌وه‌یه که رێککه‌وتنه‌کان گشتگیر نین و کێشه‌که روئیا‌و ستراتیژ‌و سیاسه‌تى حکومه‌ته. هاوڵاتی: ئایا تیمى یه‌کێتى له‌کابینه‌ى نۆیه‌م ده‌سه‌ڵاتیان نییه؟ ئارێز عه‌بدوڵا: وه‌زیره‌کان به‌پێى یاسا ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌و ده‌سه‌ڵاتى خۆیان به‌کارده‌هێنن، جێگیرى سه‌رۆکى حکومه‌تی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاته‌کانى خۆى بەکارده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌یه له‌کابینه‌ى نۆیه‌مدا جۆرێک تاکڕه‌وى و کارى ژێربه‌ژێر ده‌کرێت زیاتر ده‌بینرێت وه‌ک له‌کابینه‌کانى پێشتر، ئه‌وه بۆ یه‌کێتى و گۆڕان کارێکى باش نییه. هاوڵاتی: هه‌ڵوێستان چییه به‌رانبه‌ر په‌که‌که وه‌ک یه‌کێتى؟ ئایا ده‌بێت په‌که‌که چۆن مامه‌ڵه‌ى لەگەڵ بکرێت؟ ئارێز عه‌بدوڵا: ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێم نه‌ک پارتى به ته‌نها یان یه‌کێتى به جیا رێوشوێنى گونجاو بدۆزێته‌وه بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ په‌که‌که، پێویسته په‌که‌که‌ش به‌دواى رێوشوێنێکى گونجاو‌دا بگه‌رێت، به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا شه‌ڕو ئاڵۆزى دروست ده‌بێت، ئه‌و شێوازه کارکردنه‌ى ئێستا دۆخه‌که خراپ ده‌کات و به‌ره‌و شه‌ڕى ده‌بات و مه‌ترسییه‌کى گه‌وره‌ش هه‌یه. په‌که‌که ده‌ڵێت ئێمه کوردین و بۆ کورد هه‌وڵده‌ده‌ین و له‌و شاخه‌ین، پارتیش ده‌ڵێت ئه‌وه سنورى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌و ده‌بێت ئه‌و سنوره بپارێزرێت، بۆچوونى هه‌ردووکیان راسته، به‌ڵام په‌که‌که ده‌ڵێت تۆ که رێگه‌ت داوه سوپاى تورکیا بهێنیته هه‌رێمى کوردستان له‌بامه‌رنێ و هه‌فتانین و ناوچه‌کانى بادینان بۆ من لێره نه‌بم، کێشه‌که له‌نێوان پارتى و په‌که‌که‌دایه. هاوڵاتی: کاتى ئه‌وه هاتووه حکومه‌تى هه‌رێم و په‌که‌که گفتوگۆى راشکاوانه بکه‌ن بۆ گه‌یشتن به رێککه‌وتن؟ ئارێز عه‌بدوڵا: هاتنى هێزه‌کانى تورکیا بۆ هه‌رێم و زیادبوونى فشاره‌کانى تورکیا له‌سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، رێککه‌وتنى شه‌نگال که ئه‌و رێکه‌وتنه ئێمه‌ى وه‌ک یه‌کێتى تیانین و لەپه‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا باس کرا که له‌سه‌ر داواى تورکیا ئه‌و رێککه‌وتنه کراوه، جوڵاندنى هێز له‌لایه‌ن پارتى له‌ناوچه‌ى زێبارى و بادینان و هه‌ندێ ناوچه‌ى گرتووه‌و دۆخه‌که به‌ره‌و ئاڵۆزى بچێت و ئه‌وه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى کوردستان نییه، له‌به‌رژه‌وه‌ندى په‌که‌که‌و پارتیش نییه، پێویسته رێگرى لەشه‌ڕى نێوان پارتى و په‌که‌که بکرێت، که شه‌ڕ دروست بوو به‌ئاسانى ناکوژێته‌وه‌و شه‌ڕه‌که لێره ناوه‌ستێت به‌تایبه‌تى بۆ پارتى ده‌گوازرێته‌وه ئه‌ودیو سنوریش، ئه‌و لایه‌نانه‌ى کاریگه‌رییان هه‌یه جگه له‌پارتى و په‌که‌که پێویسته رۆڵیان هه‌بێت له رێگه‌نه‌دان به‌و شه‌ڕه ئیتر حزبى سیاسییه، رێکخراوى مه‌ده‌نى و رۆشنبیر‌و رۆژنامه‌نووسانه، هه‌موو هه‌وڵێک بدرێت بۆ رێگرتن له‌و شه‌ڕه. کات تێپه‌ڕبووه‌و پارتى پێویسته هه‌لومه‌رجه‌کانى باکورى کوردستان له‌به‌رچاو بگرێت و په‌که‌که‌ش هه‌لومه‌رجه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رچاو بگرێت، کاتى ئه‌وه هاتووه حکومه‌تى هه‌رێم گفتوگۆ له‌گه‌ڵ په‌که‌که ده‌ستپێبکات و دانیشتن بکرێت و دانوساندن بێت، ده‌بێت رێوشوێن بگیرێته‌به‌ر. هاوڵاتی: نێچیرڤان بارزانى که سه‌رۆکى هێزه چه‌کداره‌کانى هه‌رێمى کوردستانه ده‌توانێت رۆڵ ببینێت له‌هێنانه‌دى ئاشتى له‌نێوان پارتى و په‌که‌که‌دا؟ ئارێز عه‌بدوڵا: هه‌موویان کاریگه‌رییان هه‌یه، بێگومان کاک نێچیرڤان بارزانى کاریگه‌رى هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بڕیار ده‌دات مه‌سعود بارزانییه، ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌بیرنه‌چێت. هاوڵاتی: رۆڵى هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى له‌پرسى چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى نێوان پارتى و په‌که‌که چى ده‌بێت؟ ئارێز عه‌بدوڵا: دڵنیام یه‌کێتى هیچ شه‌ڕێکى پێ خۆش نییه‌و له‌گه‌ڵیشیدا نییه و شه‌ڕى ناوێت له‌نێوان پارتى و په‌که‌که‌دا، یه‌کێتى له رابردوودا رۆڵى هه‌بووه له‌نێوه‌ندگیرى په‌که‌که‌و تورکیا له راگرتنى شه‌ڕ، ئێستاش یه‌کێتى ده‌توانێت هه‌مان رۆڵ ببینێت له‌نێوان پارتى و په‌که‌که‌و په‌که‌که‌و تورکیاشدا ئه‌گه‌ر پێویست بکات، به‌ڵام ده‌بێت پارتى و په‌که‌که‌ش ره‌زامه‌ندبن به‌نێوه‌ندگیرى یه‌کێتى و گوێى لێ بگرن، تا ئێستاش یه‌کێتى له ململانێى نێوان پارتى و په‌که‌که بێلایه‌نه، ناشمانه‌وێت شه‌ڕ دروست ببێت و داوا له‌په‌که‌که ده‌که‌ین رێز له‌سه‌روه‌رییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بگرێت و داواش له‌پارتى دەکەین ره‌چاوى بارودۆخه‌که بکات. هاوڵاتی: یه‌کێتى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستانى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و گله‌یى زۆر له‌په‌رله‌مان هه‌یه له‌به‌رانبه‌ر حکومه‌تدا که به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ په‌رله‌مان حکومه‌ت رێژه‌ى له‌سه‌دا 21 یا که‌مترى بڕیوه له‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران؟ ئارێز عه‌بدوڵا: ئێمه هه‌ڵه‌مان کردووه سه‌رۆکى په‌رله‌مانمان وه‌رگرتووه، که حزبێک زۆرینه نه‌بێت له په‌رله‌ماندا هه‌ڵه‌یه سه‌رۆکى په‌رله‌مان وه‌ربگرێت، که زۆرینه نه‌بیت نا‌توانیت ئه‌و به‌رنامانه دابنێت که ده‌ته‌وێت، چونکه زۆرینه پارتییه له‌په‌رله‌ماندا، به‌وه‌رگرتنى سه‌رۆکى په‌رله‌مان هیچ هاوسه‌نگییه‌ک بۆ یه‌کێتى به‌رانبه‌ر پارتى دروست نه‌بووه. یه‌کێتى به‌شداربووه له‌لێبیرنى موچه‌و ئه‌و واقعه‌ى که‌هه‌یه هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌حکومه‌تدان به‌شداربوون له‌لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران. هاوڵاتی: ئه‌وانه‌ى باس له دوو ئیداره‌یى ده‌که‌ن مه‌به‌ست لێى چییه؟ ئایا ده‌کرێت هه‌رێمى کوردستان بگه‌ڕێته‌وه بۆ دوو ئیداره‌یى؟ ئارێز عه‌بدوڵا: باسکردن له دوو ئیداره‌یى زۆر زۆر مه‌ترسیداره، ئێمه به‌نیاز بووین که‌رکوک و شه‌نگال و مه‌نده‌لى به‌گه‌ڕێنینه‌وه سه‌ر کوردستان، ئێستا دواى ئه‌و هه‌موو ساڵه، دواى ئه‌و هه‌موو قوربانیدانه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ دوو ئیداره‌یى که زۆر مه‌ترسیداره، پێگه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ئاستى ناوخۆیى و عێراق و ئاستى نێوده‌وڵه‌تى زۆر زۆر بێ هێز ده‌کات و سه‌د هه‌نگاو بۆ دواوه ده‌گه‌ڕێینه‌وه.
هاوڵاتی، سەروەر ساڵەیی داعش کەوتۆتە جموجۆڵ لەبۆشاییەکانی نێوان پیشمەرگەو هێزە عێراقییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان کە بەسەدان کیلۆمەتر دەبێت لەنەینەواوە هەتا دیالە. دوایین ده‌رکه‌وتنه‌کانی ئەو هێزەش له‌و بۆشاییه ئه‌منییانه‌دا له‌ناوچه‌ی شێخ بزێنی سنووری پارێزگای که‌رکوک بوون که هاوسنووره له‌گه‌ڵ ناحیه‌ی سێگردگانی سنووری قه‌زای کۆیه. له‌شه‌وی 17ی تشرینی یه‌که‌می 2020 چه‌کدارانی داعش سێ گه‌نجی خه‌ڵکی گوندێکی ناوچه‌ی شێخ بزێنی کوشت و دوای کوشتنیشیان ئاگری له لاشه‌کانیان به‌ردا، شه‌وانی دواتریش چه‌کداره‌کانی داعش له چه‌ند گوندێکی تری سنووره‌که بینراون و دواتر هه‌وڵیانداوه له‌ڕێی زێی بچووکه‌وه بپه‌ڕنه‌وه بۆ ناحیه‌ی سێگردکان به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌و ئاسایشه‌وه به‌رپه‌رچ درانه‌وه. جموجۆڵه‌کانی داعش تازه نین، به‌ڵکو ئه‌و رێکخراوه به‌رده‌وام جموجۆڵی هه‌بووه‌و له‌دوای ساڵی 2017 وه که حکومه‌تی فیدڕاڵی عێراق که کۆتایی داعشی راگه‌یاند. جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بە‌هاوڵاتی وت «ئێمه ئه‌وکاتیش وتوومانە که داعش رێکخراوێکی تیرۆریستی نێوده‌وڵه‌تییه‌و کۆتایی نه‌هاتووه، به‌ڵام شێوازی کاری تیرۆریستی ده‌گۆڕێت». وتیشی «پێش 2017 ئیماره‌تی هه‌بوو به‌ناوی ئیماره‌تی ئیسلامی و کیان و زه‌وی و هێزی گه‌وره‌ی هه‌بوو، داموده‌زگای ده‌وڵه‌تی دروستکردبوو، له‌دوای نه‌مانی ئه‌و ئیماره‌ته‌وه شێوازه‌که‌ی گۆڕی بۆ کرده‌وه‌ی تیرۆریستی بچووک بچووک». ئاماره‌کانی به‌رده‌ستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن که له‌ساڵی 2018 داعش (456) کرده‌ی تیرۆریستی هه‌بووه له‌سه‌رتاسه‌ری ناوچه‌که، له 2019 نزیکه‌ی (300) کرده‌ی تیرۆریستی هه‌بووه به‌تایبه‌تی له‌ناوچه‌کانی جێناکۆک. له‌سه‌ره‌تای 2020وه تاکو کۆتایی مانگی نۆی ئه‌مساڵ (176) کرده‌ی تیرۆریستی له‌ناوچه جێناکۆکەکان هه‌بووه. جه‌بار یاوه‌ر وتی «ئه‌م جموجۆڵه تازه نییه‌و به‌رده‌وام جموجۆڵی داعش هه‌یه‌و به‌شێوازی گروپ گروپی بچووک ده‌گه‌ڕێن و شێوازی شه‌ڕی پارتیزانی به‌کارده‌هێنن، یان مین داده‌نێن له‌سه‌ر جاده‌کان یان په‌لاماری پێگه‌یه‌ک ده‌ده‌ن و ده‌کشێنه‌وه، یان که‌مین داده‌نێن له‌سه‌ر جاده‌یه‌ک و له‌کاروانێکی سه‌ربازیی ده‌ده‌ن و ده‌کشێنه‌وه یان خه‌ڵک ده‌ڕفێنن و پاره‌یان لێ وه‌رده‌گرن». هۆکاری جموجۆڵه‌کانی داعشی له‌ناوچه جێناکۆکه‌کان بۆ شێوازی تازه‌ی کارکردنی رێکخراوه‌که گەڕاندەوە که بووه‌ته‌هۆی ئه‌وه‌ی جوڵه‌کردنیان له‌شێوه‌ی گروپ گروپدا ئاسان بێت. وتیشی «بۆشایی هه‌یه له‌نێوان دابه‌شبوونی هێڵه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌و هێڵه‌کانی سوپای عێراق له‌خانه‌قینه‌وه تا ده‌گاته ره‌بیعه‌و ئه‌و بۆشاییه‌ش بووه‌ته هۆکارێکی یارمه‌تیده‌ر بۆ ئه‌وان که بتوانن به‌ئاسانی له‌و ناوچانه بگه‌ڕێن و کرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجامبده‌ن». ئه‌گه‌رچی له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ند ده‌نگۆیه‌ک بڵاوکرایه‌وه له‌باره‌ی رێککه‌وتنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق بۆ دروستکردنی چوار ژووری هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراقدا، به‌ڵام جه‌بار یاوه‌ر جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که تائێستا رێککه‌وتنی کۆتایی نه‌کراوه له‌و باره‌یه‌وه. وەزارەتی پیشمەرگە تائێستا سێ کۆبوونه‌وه‌ی کردووە لەگەڵ سوپای عێراق، له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی و سه‌ربازیی. جەبار یاوەر وتی «له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێک لێکتێگه‌یشتنی هاوبه‌شمان هه‌بووه که ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ئه‌فسه‌رانی هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق له‌به‌غداو هه‌ولێرو دیاله‌و مه‌خمور و موسڵ دابمه‌زرێت و جگه له‌وه‌ش هێڵه‌کانمان هاوبه‌ش بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بۆشاییه‌کان پڕ بکه‌ینه‌وه، هه‌روه‌ها ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ین له‌و ناوچانه‌و بازگه‌ی هاوبه‌شمان هه‌بێت». له‌دوای ئه‌و سێ کۆبوونه‌وه‌یه ئێستا به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی رێککه‌وتن کراوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ناوه‌ندێکی سه‌ره‌کی له‌به‌غدا دروستبکرێت و ناوه‌ندێکی سه‌ره‌کیش له‌هه‌ولێر و ئه‌وه‌ش ره‌نگه له‌م چه‌ند رۆژه جێبه‌جێ بکرێت. جگه له‌وه‌ش فه‌رمانده‌کانی ناوچه‌کانی پارێزگای دیاله که میحوه‌ری یه‌ک و دووی پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنی دیاله و فیرقه‌ی پێنجی سوپای عێراقن راسپێردراون که کۆبوونه‌وه بکه‌ن له‌دوای 5ی مانگی 11وه بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌ک ئاماده بکه‌ن بۆ دروستکردنی ناوه‌ندێکی هاوبه‌ش بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌پارێزگای دیاله‌و خانه‌قین بۆ بازگه‌ی هاوبه‌ش و پڕۆسه‌ی هاوبه‌ش و دوای ئه‌وه بیخه‌نه به‌رده‌م لیژنه‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگێ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ربدرێت. دوای پارێزگای دیاله بڕیارە کاربکرێت له‌سه‌ر دروستکردنی ژووری هه‌ماهه‌نگی هاوشێوه له‌که‌رکوک و مه‌خمورو موسڵ. ناسر حه‌مدی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مانی عێراق جه‌خت له‌وه‌ده‌کاته‌وه که له‌سه‌ردان و کۆبوونه‌وه‌کانی نێوان هه‌ردوو وه‌فدی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ئه‌و شوێنانه ده‌ستنیشان کراون که پێویسته ژوری هه‌ماهه‌نگییان تێدا دابنرێت. وتی «له‌چه‌ند رۆژی رابردووش‌دا بڕیار له‌سه‌ر دروستکردنی ژووری هه‌ماهه‌نگی سه‌ره‌کی له‌به‌غدا درا و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق وه‌کو پێویست ئاماده نییه ئه‌و رێککه‌وتنه بکه‌وێته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه‌و لیژنه تایبه‌ته‌کان رێگرن له‌جێبه‌جێکردنی ئه‌و رێککه‌وتنانه«. ناسر حه‌مدی بە هاوڵاتی وت «ئه‌م بابه‌ته خاڵێک بووه له‌به‌رنامه‌ی کۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری عێراق و له‌و کۆبوونه‌وه‌یەدا ئه‌وه‌م پێگوت که وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق بیانوو د‌ێنێته‌وه بۆ جێبه‌جێنه‌کردنی ئه‌و رێککه‌وتنه، ئه‌ویش له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌ڵێنیدا به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه بکات و قسه له‌گه‌ڵ لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌کان بکات». وتیشی «هۆکاری ئه‌و زیانانه‌ی به‌خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و هێزه ئه‌منییه‌کان ده‌که‌ون له‌ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌یه که رێگرن له‌به‌رده‌م جێبه‌جێکردنی ئه‌و رێککه‌وتنه، بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و رێککه‌وتنانه‌ش هه‌بووایه ئه‌و جوڵه‌ی داعش زۆر زۆر که‌متر ده‌بوو، ده‌توانرا پێکه‌وه له‌بوونی داعش که‌م بکه‌نه‌وه«. هەروەها وتی «ده‌توانین بڵیین داعش له‌ته‌واوی عێراق و له‌ناوچه‌کانی که‌رکوک و موسڵ و سه‌ڵاحه‌دین و دیاله هه‌یه«.
هاوڵاتی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند لەگەڵ هەسەدو هاوپەیمانە کوردەکانمان داعشیان تێکشکاندووە لەکاتێکدا رەجەب تەیب ئەردۆ‌غان سەرۆکی تورکیا هەوڵی پاوانخوازی لەناوچەکەو سوریا داوە. لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرەی قەتەری، ئیمانوێل ماکرۆن وتی “ئێمە لەژێر چەتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا ئامادەبوونێکی ئاسمانیمان هەبوو، هەروەها لە ژێر سایەی هاوپەیمانانمان لە سەر زەوی کە هەسەدە و شەڕڤانە قارەمانەکانی کورد نوێنەرایەتیان دەکرد، داعشمان شکست پێهێنا». وتیشی «ئەنقەرە شکستی هێناوە لەڕێزگرتن لەبڕیاری قەدەغەکردنی چەک لە لیبیا لەکاتێکدا کەڕەفتارێکی زۆر شەڕانگێزانەیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست». وتیشی “ئێمە بەنیاز بووین بەسەر داعشدا سەرکەوین، تورکیا سوریای داگیرکرد بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئەوانەی (هەسەدە) کە دوێنێ هاوپەیمانمان بوون“. وتیشی، “تورکیا مەیلی پاوانخوازی لە ناوچەکەدا هەیە، پێموایە ئەم مەیلانە بۆ سەقامگیرییان کارێکی باش نییە». چاوپێکەوتنەکەی ماکرۆن لەمیانی وتووێژێکیدا هات لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری سەبارەت بە کاردانەوەکانی وڵاتانی ئیسلامی لەسەر قسەکانی ماکرۆن سەبارەت بە کاریکاتێرەکان. ماکرۆن وتی قسەکانی ئەو شێوانراوە، چونکە ئەو کاریکاتێرانە پیوەندیان بە حکومەتەوە نیە، بەڵکو پەیوەندییان بەئازادی رادەربڕینەوە هەیە کە لەکۆتاییەکانی سەدەی (19) لەدەستوری وڵاتەکە جێگیراوەو ئەو وەکو سەرکۆماری ئەرکی ئەوەیە ریزی لە ئیرادەی گەلەکەی و دەستوری وڵاتەکەی بگرێت. پێشتریش مەزڵوم عەبدی (کۆبانی) سەبارەت بەقسەکانی ئەردۆ‌غان لەسەر ماکرۆن وتبووی «ماکرۆن یارمەتی مسوڵمانەکانی دا لەڕزگاربوون لەدەستی داعش». مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە تویتەری خۆیەوە رایگەیاند «سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانیۆل ماکرۆن یارمەتی مسوڵمانەکانی دا لەڕزگاربوون لەدەستی داعش و رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لەشکستپێهێنانی رێکخراوەکە و پاراستنی بەها مرۆییەکان». وتیشی «ئەردۆ‌غان پاڵپشتیی داعشی دەکرد، ئەو لەڕێگەی سوکایەتیکردن بە ماکرۆنەوە، گوزارشت لە بیروڕای مسوڵمانان و بەرژەوەندییەکانی جیهانی ئیسلامی ناکات، بەڵکو ئایینی ئیسلام بۆ بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت». کاتێک ساڵی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی فەڕەنسا بڕیاریدا هێزەکانی ئەمریکا لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بکشێنێتەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا وتی «نابێت دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئه‌مەریکا له‌بیری بچێت هه‌سه‌ده گه‌وره‌ترین پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش بووه له‌سووریا». ماکرۆن لەوکاتەدا وتی کە زۆر نیگەرانی بڕیارەکەی ترەمپه بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەسووریا.
هاوڵاتی، لاڤین مەحمود پۆلیس دەڵێت پێدەچێت شێرەکەی بازیان کەفەیسبوکی تەنیوە، لەباخچەی سەرمایەدارێک هەڵهاتبێ، یان بەرەڵاکرابێ، چونکە بۆیان بەخێونەکراوە، رێکخراوێکی سروشتی رەخنە دەگرێت لەشێوازی گەڕان بەدوای شێرەکەدا لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە لەکاتێکدا تیمی ڤێتەرنەرییان لەگەڵ نەبووە. دوای ئەوەی پیاوێکی بەتەمەن لەگەڵ هاوژینەکەی لەگوندی چاڵەڕەشی سنوری شارۆچکەی بازیان شێرێک دەبینن هەرزوو پۆلیسی دارستانی لێ ئاگادار دەکەنەوە، دواتر پۆلیسی دارستان لەڕێگەی فڕۆکەوە دەگەڕێن بۆ شێرەکە، ماوەی چەند رۆژێکە ئەم بابەتە بۆتە باسی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لەلایەن هاووڵاتیانی ناوچەی سنوری بازیان ترسی دروستکردووە. هێمن کەمەرخان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێکیدا بە‌هاوڵاتی وت «تائێستا نازانین ئەم شێرە لەکوێیە، بەڵام بەپێی بوچوونەکانی خۆمان ئەگەری هەیە هی سەرمایەدارێک بووبێت لەباخی ئەو هەڵهاتبێت». شایەتحاڵەکان بەپۆلیسی دارستانیان وتووە شێرەکە فێری دەستەخۆری بووە هاوشیوەی ئاژەڵی تری ماڵی، بۆیە پۆلیس پێیوایە کە پێدەچێت شێرێکی دڕندە نەبێت و ماڵی بێت. هێمن باسی لەوەشکرد کەئاگادارن لەسنوری دهۆک و سلێمانی سەرمایەدار هەیە کە باخی هەیەو پێدەچێت ئاژەڵی پڵنگ یان شێریان کڕیبێت بۆ بەخێوکردن. رێکخراوێکی سروشتی رەخنە دەگرێت لەشێوازی گەڕان بەدوای شێرەکەدا لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە جگە لەو پیاوە جوتیارەی کە دەڵیت لەنزیک بازیان بینیویەتی، بەپێی وتەی پۆلیس دارستان رۆژێک دواتر کەسێکی تر لەگوندەکانی نزیک تەیناڵ لە رۆژئاوای سلێمانی گوێی لەنەڕەی بووە، ئەوە تەنها دوو بەڵگەیە کە پۆلیس پشتی پێ دەبەستێت. هێمن کەمەرخان وتی «تاوەکو ئێستا لەگەڕانداین و مەفرەزەکانمان بەدوایدا دەگەڕێن، دووبارە بەکۆپتەرەکە خۆم جارێکی تر بەدوایدا دەگەڕێم، ئێمە بەردەوام کێو‌ماڵی ئەو شوێنانە ئەکەین کەئەگەری هەیە شێرەکەی لێبێت». ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی شاخاوییە بەڵام کەمتر گیانداری دڕەندەی لێیە بەوپێیەی خەڵکی هەمیشە لەناوچەکاندا نیشتەجێبوون، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا پڵنگ دەرکەوتوون. بۆ یەکەمجار لەساڵی 2011 پڵنگێکی دەگمەن لەو کامێرایانەدا دەرکەوت کەڕێکخراوی سروشتی عێراق ریکۆردی کردبوو، دوای گەڕانێکی زۆر لەڕێگەی کامێرای جێگیرکراو بۆ دۆزینەوەی ئاژەڵی کێوی لە یاکانی کوردستان، دوای چەند ساڵێک یەکێ لەو پڵنگانە بەکوژراوی لەناوچەی چیای پیرەمەگرون دەدۆزرێتەوە. پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەڵێت لەسنووری بەڕێوبەرایەتیەکەیان پڵنگ بوونی هەیەو رووی لەزیادبوون کردووە، بەڵام جاری یەکەمە کە دەبیستن لەم سنورەدا شێر هەبێت، هەروەها پڵنگ لەسنوری گوندی گلیانە لەسنوری هەڵەبجەو قەرەداغ و پیرەمەگرون بینراون. لەچەند مانگی رابردوودا پڵنگێک لەپیرەمەگرون کوژرا دوای ئەوەی هاووڵاتیەک زیان بەر مەڕوماڵاتەکەی کەوتبوو لەناوچەکە زەهری کردبوو بەپارچەیەک گۆشتەوە بۆ گورگەکان، بەڵام پڵنگەکە خواردبووی. هێمن کەمەرخان وتی «هەندێک لەو سنورانەی کەگومان دەکرێت هەندێک لەو ئاژەڵانەی لێدەژیت ناومان ناون ئاژەڵی شەرمن، تەنها لەکاتی شەودا بۆ نێچیرەکەی خۆی دەردەچێت، ئەویش خۆی دەپارێزێت لە دەستی مرۆڤەکان، هیچیان زەرەروزیانیان بەر هاووڵاتی نەگەیاندووە، تەنها گورگ و ئەو پڵنگەی لەو سنورەدا کە باسمکرد مەڕوماڵاتی خواردبوو». رێکخراوی سروشتی عێراق لە 2004ەوە دامەزراوەو لە ٢٠٠٧-ەوە لەکوردستاندا کاردەکەن و لەساڵی ٢٠١١ بۆ یەکەم جار وێنەی پڵنگیان ریکۆرد کرد لەسنووری پارێزگای سلێمانی. هانا ئەحمەد رەزا، بەڕێوەبەری پڕۆژەی پاراستنی گیاندارە شیردەرەکان لەڕێکخراوی سروشتی عێراق بە هاوڵاتی وت «دیارە ئەم شێرە سروشتیی نیە، یان لەباخچەی کەسێکەوە هەڵهاتووە، یاخود ئەو کەسەی خاوەنی بووە چیتر نەیتوانیوە بەخێوی بکات بەهۆکاری ئەوەی شێر پێویستی بەخواردنی زۆرە، یان کە حەجمی گەورە دەبێت رەنگە مەترسی زیاتر بێت بۆ خاوەنەکەی و کەسێکیان نەدۆزیبێتەوە رایبگرێت و چەندین هۆکاری شاراوەی تریش هەیە کەئێمە نایزانین». وتیشی «خەڵکەکە زۆر دڵنیان لەوەی کە بینیویانە شێرە، ئەگەر وابێت چەندین لێکەوتەی لێ دەبێتەوە، یەکێک لەوانە مادام فڕۆکە جوڵێنرابوو نەدۆزراوەتەوە، دیارە شێرەکە توانای ئەوەی هەیە خۆی بشارێتەوە یاخود ئەوانەی گەڕاون نەیانزانیوە پشکنینەکە بکەن، بۆیە نەدۆزراوەتەوە». هەروەها وتی «هەموو گیانەوەرێک ئەگەر دەستەمۆش بکرێت توانای ئەوەی هەیە پارێزگاری لەخۆی بکات و لەهەر شوێنێک هەست بەمەترسی بکات پەلاماردەدات، چارەسەری ئەوەی کە بگیرێت و بەڕەڵا بکرێتەوە لەشوێنێکی دوورەدەستدا، ئەوە چارەسەر نیەو ناشبێت بکرێت، چونکە ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بۆ شێر گونجاو نیە.» ئاماژەی بەوەشکرد «هەر گیانەوەرێک دەستەمۆ بکرێت پێویستە لەسەر ئەوکەسە کە خواردنی بۆ بهێنێت، چیتر کە لەسروشتدا نەبووبێت فێر نەکراوە کە چۆن راوی خواردن بکات، لەبەرئەوەش کەخواردنی ئەمان گۆشتە بەتەنها ئاسان نیە بمێننەوە، یان بەبێ ئەوەی خواردنێکیان دەستبکەوێت بژین، ئەگەر برسی بێت ئەگەری هەیە ببێتە کێشە، رەنگە بچێتە ناو ماڵەکانەوە بۆ ئەو ئاژەڵانەی خەڵکەکە رایانگرتووە، لەوکاتەدا بەرکەوتەی لەگەڵ خەڵکەکەدا دەبێت و ئەوە خۆی مەترسییە، ئەگەریش خواردنی دەستنەکەوێت مردار دەبێتەوە». جەختی لەوەشکردەوە کەپێویستە گرتنی ئەو شێرە بەشێوەیەکی زانستی بێت و نەبێتە سترێس بۆ شێرەکە، «ئەگەر بدۆزرێتەوە ئەو تیمی فڕۆکانە‌ی کە دانرابوو زۆر هەڵەبوو، لەبەرئەوەی تیمی ڤێتەرنەرییان لەگەڵدا نەبوو، ئەگەر شێرەکەیان بدۆزیایەتەوە من نازانم کە چیان دەکرد، یەعنی تەقەیان لێدەکردو دەیانکوشت یان شەبەکەیان بۆ فڕێدەدا». وتیشی شیوازی گەڕانەکە بەدوایدا «هەڵە بووە» چونکە ئەگەر سترێسی بۆ دروست بکرێت رەنگە مرداربێتەوە. رەخنەشی لەوەگرت کەتیمەکە پزیشکی ڤێتەرنەرییان لەگەڵ نەبوو بۆ بێهۆشکردن. هەروەها وتی «سەیرم لێدێت لەیەکەم رۆژ کۆپتەریان بەرزکردۆتەوە، ئیتر ئێستا هیچ هەواڵێکی تر نیە». وتیشی «ئێمە وەک رێکخراوی سروشتی عێراق چەندین دەورەمان کردۆتەوە بۆ پسپۆڕانی ڤێتەرنەری مامۆستای زانکۆی ڤێتەرنەری کە چۆن گیانەوەری کێوی بێهۆش بکەن». شێر (١٠ بۆ ١٥) رۆژ دەتوانێت بێ خواردن بژێت، هانا وتی «ئەگەر خواردنیش بخوات دەبێت خەڵکی سنورەکە بزانێت کە ئاژەڵیان خوراوەو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداربکەن، تەنها چارەسەر بۆ ئەوەی ئەو شێرە بگیرێتەوە ببرێتە کوێ، ئەوە نابێت بگەڕێنرێتەوە سروشت». بەوتەی رێکخراوەکە شێر لەساڵی (50)کانیشەوە لەعێراق و کوردستان نەبینراوە، چونکە ژینگەکەی لەبار نیەو حەزیان لەشوێنی نزماییەو چاویان دورببینێت بۆ بینینی نێچیرو شوێنکەوتنی نەک کەژو کێو. ئەو رێکخراوە ماوەی چەند ساڵێکە کامێرای جێگیر دادەنێن بۆ بینینی گیاندارە دەگمەنەکان. سەربارەت بەکامێرای جێگیرکراو بۆ ئاژەڵە کێوییەکان هانا وتی «لەبەرئەوەی گیاندارەکە سەری لێتێکچووە بەردەوام ئەڕوات ئەگەر کامێرای شاراوەشی بۆ دابنێیت ئەوە زەحمەتە بگەڕێتەوە، ئەگینا کامێرای شارەوامان هەیەو بەردەوام دەبێت چاودێری بکرێت و رەنگە کامێراکانیش بدزرێن، ئێمە بەکامێراکانمان نزیکەی (١٥) جۆر شیردەرمان وێنە گرتووە لەهەرێم و عێراقیش تەنها گیانەوەری پشیلەی حەجم گەورە پڵنگە». نۆ ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکم جار توانرا وێنەی یەکەم بڵنگ بگیرێت لەلایەن رێکخراوێکی تایبەت بەگیانداران لەناوچەی قەرەداغ. سەبارەت بەو پڵنگەی پیرەمەگرون کە لەماوەی رابردوو کوژرا، وتی «ئەو پڵنەگەش رەنگە هەواڵەکە وا دیاربێت کە یەکەم جارە پڵنگ دۆزرابێتەوە بەڵام بۆ شاخی پیرەمەگرون یەکەم جارە پڵنگمان ریکۆرد کردبێت هەتا نەشگەڕێیت نازانیت چەنێک هەیە، بەتایبەت پڵنگی نێرە ماوەی دوورودرێژ دەڕۆن و لەیەک شوێن بەتەنها نامێننەوە» وتیشی «ئەمانە رەنگە تەنها پیایدا رۆشتبن نەمابنەوە، ئاسان نیە بێ بەدواداچوون بڵێیت ئەم پڵنگە هی پیرەمەگرونە، رەنگە لەشاخی ترەوە هاتبێت، دەمێکە دەزانین لەزنجیرە چیای ئاسۆس خەڵک پڵنگیان بینیوە گوێیان لێببوە، لەبەرئەوە پڵنگ خواردنی سەرەکی ئاژەڵی کێوییەو لەهەر شوێنێک ئاژەڵی کێوی هەبێت بەتایبەتی دارستانی چرو بەردەڵانی سەختی لێبێت ئەگەری هەیە کەپڵنگیش بەکاری بهێنێت و پیایدا بڕوات و بۆ مێینە بگەڕێت، بەڵام نا‌توانیت بێ داتا بڵێیت کە لەوێ دەمێنێتەوە».
شاناز حه‌سه‌ن له‌هه‌رێمى کوردستاندا دووباره تووشبوونه‌وه‌ى هاوڵاتیان به‌کۆرۆنا ژماره‌ى زیادده‌کات و له‌تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان زۆر که‌س باس له‌سێ جار تووشبونه‌وه‌ى به‌کۆرۆنا ده‌کات. دواى زیاتر لە (10) مانگ له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌وڵاتانى جیهانداو ھەشت مانگ لەبڵاوبوونەوەی لەھەرێمی کوردستان ژماەیەک توشبوو بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دووباره تووشبوونەتەوە. پسپۆرێکى نه‌خۆشییه گوازراوه‌کانیش جه‌خت له‌وه‌ده‌کاته‌وه سێ جار تووشبوون به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا هه‌ر بوونى نیه‌و ئه‌و حاڵه‌تانه به‌دووباره تووشبوو هه‌ژمار ده‌کرێن که‌دواى سێ مانگ له‌چاکبوونه‌وه‌ى که‌سه‌که دووباره تووشى کۆرۆنا ببێته‌وه‌و نیشانەکانیان تێدا دەرکەوێتەوە. نه‌ورۆز عوسمان، لێپرسراوى کۆنتڕۆڵکردنى نه‌خۆشییه گوازراوه‌کان له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى خۆپاراستنى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به ھاوڵاتی وت «ناتوانین بڵێین ئه‌و که‌سانه یه‌کسه‌ر دووباره تووشبوونه‌وه، چونکه دووباره تووشبوونه‌وه به‌که‌سێک ده‌وترێت دواى سێ مانگ له‌چاکبوونه‌وه‌ى ته‌واوى، جارێکى دیکه تووشببێته‌وه«. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى باسکرد «شتى وا هه‌ر نیه له‌هه‌موو دنیادا، سێیه‌م جار که‌سێک تووشبێته‌وه، خه‌ڵک هه‌یه ده‌ڵێت هه‌ر نیه، یان ده‌ڵێن دووجار و سێ جار تووشبووم، که‌هیچ کامیان راست نیه، به‌ڕاستى ئه‌و فه‌وزایه‌ى تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ناویانه‌ته‌وه، سه‌ریان له‌هه‌موو خه‌ڵک تێکداوه«. باسی لەوەشکر کە ئه‌و حاڵه‌تانه به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمى و له‌سه‌دا سه‌د لێرە تۆمار نه‌کراوه، «ته‌نیا ئه‌وانه چه‌ند که‌سێکن که‌زۆربه‌یان نه‌گه‌یشتۆته سێ مانگ. بۆیه ئه‌مه به‌پێى ستانداردى جیهانى و ته‌ندروستى به‌دووباره تووشبوونه‌وه دانانرێت». لێپرسراوى نه‌خۆشییه گوازراوه‌کان ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه «مرۆڤ کاتێک ڤایرۆسێک ده‌چێته له‌شیه‌وه، به‌رگرى یه‌کسه‌ر په‌یداده‌بێت، هه‌ندێک جار ئه‌و ڤایرۆسه به‌شێوه‌یه‌کى ناچالاک ده‌مێنێته‌وه، به‌هه‌ر هۆکارێک بێت چالاک ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌یان که‌زیاتر لاى خۆمان تۆمار ده‌کرێت و به‌دووباره تووشبووه‌وه ناوده‌برێت لەلاى خه‌ڵکه‌وه«. له‌ئێستادا له‌هه‌رێمى کوردستاندا زۆر که‌س هه‌ن باس له دووباره تووشبوونه‌وه به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا ده‌که‌ن. هه‌نى محه‌مه‌د، (27) ساڵ، دەڵێت ئەوە دووەم جارە تووشى کۆرۆنا دەبێت، ئەوەش دواى سێ مانگ نیشانەکانی تێدا دەرکەوتۆتەوە له‌نه‌خۆشخانه‌ى عه‌لى ناجی سلێمانی، پزیشکه‌کان پشتڕاستیان کردۆته‌وه که دووباره تووشى ڤایرۆسه‌که بووه. ئه‌م ژنه باس له‌وه‌ده‌کات جارى دووه‌م ئازارێکى زۆرترى هه‌بووه، زیاتر نیشانه‌کانى تێدا ده‌رکه‌وتووه و وتى «ئازارى هه‌موو گیانم و نه‌مانى تامى خواردن و خه‌و که وایلێکردم مردنم بینى، هه‌رگیز ئازارى وا به‌هیچ نه‌خۆشییه‌ک نه‌بووه و نه‌مبینیوه«. زیاتر لەھەشت مانگه ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستاندا بڵاوبۆته‌وه‌و به‌پێى ئاماره‌کانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى تائێستا له‌هه‌رێم نزیکەی (70) ھەزار که‌س تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون که‌نزیکەی (40) هه‌زاریان چاکبوونه‌ته‌وه و دوو هه‌زار و (٣١٤) یان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و (27) هه‌زار توشبوو له‌ژێر چاره‌سه‌ردان. به‌پێى ئامارێکى خه‌مڵێنراو له‌هه‌رێمدا تائێستا دەیان کەس دووباره تووشى ڤایرۆسه‌که بوونه‌ته‌وه‌و (6) که‌سیان مردوون. نه‌به‌رد جاسم ، ته‌مه‌ن (41) ساڵ، کارى ئۆنلاین ده‌کات، باس له‌وه‌ده‌کات که سێ جار تووشى کۆرۆنا بووه و وتی «یه‌که‌م جار به‌هۆى کاره‌که‌مه‌وه تووشى کۆرۆنا بووم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى زۆریش خۆم ده‌پاراست، که به‌هۆى پژمینى که‌سێکه‌وه تووش بوم، زۆر به‌توندى گرتم». وتیشی «جارى دووه‌م دواى مانگێک له چاکبوونه‌وه‌ى دووباره توشبۆته‌وه و وتى له‌جارى یه‌که‌م باشتر بووم، واته زۆر بێتاقه‌تى نه‌کردم، و جارى سێیه‌م که‌دواى سێ مانگ زیاتر بوو که‌گرتمه‌وه، هیچ هه‌ستى بۆن‌کردن و تام کردنم نه‌ما». کچێکى دیکه که دووجار تووشى ڤایرۆسه‌که بووه، باس له‌وه ده‌کات هه‌ردوو جاره‌که له‌نه‌خۆشخانه تووشى کۆرۆنا بووه و بۆى گوازراوه‌ته‌وه. کورده ئه‌نوه‌ر، خانمێکى (31) ساڵه‌و باس له‌وه ده‌کات که‌یه‌که‌م جار تووشبوونى به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌دواى له‌دایکبونى منداڵه‌که‌یه‌وه له‌نه‌خۆشخانه تووشبووه و دووه‌م جار بۆ کوتانى منداڵه تازه له‌دایکبووه‌که‌ى ده‌چێته نه‌خۆشخانه و تووشبۆته‌وه. ئه‌م ژنه ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه، راسته له‌ماڵه‌که‌یاندا که‌سى دیکه‌ى خێزانه‌که‌ى که له‌نهۆمى سه‌ره‌وه خۆیان که‌ره‌نتین کردووه تووشى ڤایرۆسه‌که بوون. وتى «من پێش نه‌شته‌رگه‌رى له‌دایکبوونى منداڵه‌که‌م زۆر ئاسایى بووم و ته‌نیا زۆر خۆم ده‌پاراست، به‌ڵام به‌سێ رۆژ دواى له‌دایکبوونى کۆرپه‌که‌م تووشى ڤایرۆسه‌که بووم». کورده وتی «سه‌ره‌تا هه‌ر وام زانى گرانه‌تامه، چونکه پێشتر زۆرجار تووشببووم، به‌ڵام دواتر هه‌ستم کرد ئازاره‌که زۆر زۆر له‌گرانه‌تا زیاتره‌و ئێستاش بارودۆخم زۆر خراپه‌و ئازارێکى زۆر هه‌موو لاشه‌مى داگیرکردووه«. توسبویه‌کى دیکه‌ى کۆرۆنا که دواى دوو مانگ دووباره ڤایرۆسه‌که‌ى گرتۆته‌وه، ئه‌وه ده‌ڵێت که جارى یه‌که‌م به توندى توشى ڤایرۆسه‌که بوه و دواى ئه‌وه‌ى توانیویه‌تى به‌سه‌ریدا زاڵ بێت خۆپارێزى نه‌کردووه و بۆیه دووه‌م جار توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بۆته‌وه. کاروان جه‌زا، ته‌مه‌ن 27سالًَ، وتیشى" دوو مانگ له ڤایرۆسه‌که چاکبومه‌وه و دوباره توشبومه‌وه، چونکه وامزانى نایگرمه‌وه". ئه‌م کوڕه ئه‌وه‌شى باسکرد کۆرۆنا ڤایرۆسێکى قورسه ووتى" هیوادارم هه‌موو که‌س خۆى بپارێزێت، چونکه ئازارێکى سه‌خته و هه‌موو جه‌سته‌ت به‌ئازار بوو، قاچه‌کانم ئیشیان نه‌ده‌کرد تامى خواردنم نه‌مابوو، سنگم ئازاێکى توند هه‌بوو، که هیچ کات نه‌خۆشى ئاوا به‌ئازارم نه‌دیوه". ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم، له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «حاڵه‌تى دووباره تووشبوونه‌وه هه‌یه، به‌ڵام که‌مه«. هه‌روه‌ها وتیشى «نه‌ک له‌هه‌رێمدا، به‌ڵکو له‌هه‌موو جیهاندا به‌حاڵه‌ت هه‌یه دووباره که‌س تووشى کۆرۆنا ببێته‌وه، به‌ڵام که‌من ئه‌و حاڵه‌تانه«. ماوه‌ى ھەفتەیەکە، ژمارەی تووشبووان زیادیان کردووەو ھەندێ جار زیاتر له‌هه‌زار که‌س تووشى کۆرۆنا ده‌بن لەیەک رۆژدا، که به‌رپرسانى ته‌ندروستى هۆکارى سه‌ره‌کى زیادبوونى تووشبووان بۆ پابه‌ندنه‌بوونى هاووڵاتیان ده‌گێڕنه‌وه. ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم، ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه« هۆکارى یه‌که‌م پابه‌ندنه‌بوونى خه‌ڵکه به رێنماییه‌کان و ئه‌و شوێنانه‌ى که‌پێشتر داخرابوون، له‌دواى کردنه‌وه‌یان پابه‌ندى رێنماییه‌کان نابن و هۆکارن بۆ قه‌ڕه‌باڵغى زۆر‌و به‌رکه‌وته‌ى زۆرى هاووڵاتیان و تووشبوونیان». وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که کێشه‌ى زۆرى تووشبوون و مردن له‌ئێستادا به‌هه‌ڵه چاره‌سه‌ر وه‌رگرتنه، وتى «به‌هه‌ڵه ده‌رمان وه‌رگرتن له‌نۆرینگه‌کان واده‌کات نه‌خۆش بگه‌یه‌نێته دۆخێکى خراپ تا ده‌گه‌نه نه‌خۆشخانه‌کان و به‌ئه‌مه‌ش حاڵه‌تى مردن زیاد ده‌کات». بەپێی قسەی بەرپرسانی تەندروستی لەقه‌زاى پێنجوێن به‌هۆى شوێنى جوگرافیه‌که‌یه‌وه که‌ده‌که‌وێته سه‌ر سنورى ئێران و هه‌رێم، به‌هۆیه‌وه تائێستا نیوەی زیاتری دانیشتوانى قه‌زاکه تووشى کۆرۆنا بوون و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى دواى مانگى ته‌مموز حاڵه‌تى مردن له‌پێنجوێن تۆمار نه‌کراوه، به‌ڵام له‌م مانگه‌دا ژماره‌ى تووشبوون زۆر زیادى کردووه. هێرش عه‌لی، به‌رپرسى ئامار‌و زانیارى تووشبووانى کۆرۆنا له‌نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌هیدانى پێنجوێن، له‌لێدوانێکدا وتى «ده‌توانین بڵێین له‌ئێستادا له پێنجوێن هه‌موو ماڵ و خێزانێک تووش بوى کۆرۆناى هه‌یه‌و به‌پێى شوێنى نیشته‌جێبوون پێنجوێن که‌ده‌که‌وێته سه‌ر سنورى ئێرانه‌وه، بۆیه به‌هۆى هاتوچۆوه، ژماره‌که به‌ره‌وام زیاد ده‌کات». له‌دواى مانگى پێنجه‌وه، پێنجوێن بووه هێڵى سوور و ژماره‌ى زۆرى تۆمارکرد، له‌ناویشیاندا گیانله‌ده‌ستدان زۆر بوو. ئه‌م به‌رپرسه وتیشى «خۆم تووشى ڤایرۆسه‌که بووم، بینیومه چۆنه، به‌ڵام دووباره تووشبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که که‌مه، چونکه بۆ ئامارى وردى ئه‌وه ده‌کرێت سه‌یرى پشکنینى سه‌ره‌تایى بکرێت، چونکه له‌سه‌ره‌تادا به‌هۆى نه‌بوونى که‌ره‌سته‌ى پێویستى پزیشکى و ئامێر‌و پشکنینه‌وه، پشکنین بۆ چه‌ند نه‌خۆش له‌تیوبێکدا ده‌کرا، واته که که‌سێک له‌و پێنج که‌سه پۆزه‌تیف بوایه، هه‌مووى به‌پۆزه‌تیف ده‌گه‌ڕایه‌وه«.
کاکەلاو عەبدوڵڵا لەکاتێکدا نزیکەی هەفتەیەکی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، چەندین وڵات بەوریاییەوە تەماشای دۆخەکە دەکەن بەوپێیەی سەرکەوتنی هەر کاندیدێک جیاواز دەبێت، بەتایبەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ژمارەیەکی بەرچاوی سەرکردە جیهانییەکان دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەیان بەلاوە گرنگە لەگەڵ ئەوەی سەرکەوتنیان پەیوەستە بەبردنەوە یاخود شکستی دۆناڵد ترەمپەوە. دەرچوونی هەریەک لە جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان، یان دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان، گۆڕانکارییەکی گەورە دروستدەکات، بەتیابەتی بۆ کێشەی لەمێژینەی ئیسرائیل-فەلەستین، ئێران، هەروەها ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تەنانەت هەندێک وڵاتی عەرەبی چاوەڕێی لێکەوتەکانی هەڵبژاردنەکەن پێش ئەوەی بڕیار بدەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل لەمیانی رێککەوتنی ئاشتی بەسەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا. وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وڵاتە عەرەبییەکانی وەک سعودیە، ئیمارات، عومان زۆرجار بەفەرمی رەزامەندیی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە سیاسەتەکانی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی کاتێک دژایەتی ئێران بووە. شا سەلمان، پاشای سعودیەو شازادە موحەمەد بن زاید فەرمانڕەوای ئیمارات پاڵپشتیکەرێکی گەورەی ئیدارەی ئۆباما نەبوون کە تێیدا جۆو بایدن جێگری سەرۆک بوو. هەردوو وڵات دەستخۆشییان لەکشانەوەی ئەمریکا کرد لە رێککەوتنی ٢٠١٥ی چەکی ئەتۆمی ئێران و سەپاندنی سزا لەسەر تاران کە ئابوری وڵاتەکەی خستووەتە تەنگەژەیەکی گەورەوە. هەروەها ترەمپ ڤیتۆی لەسەر بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیراندا کەکۆتایی دەهێنا بە پاڵپشتیکردنی جەنگی یەمەن بەسەرکردایەتی سعودیە و ئیمارات. بەپێچەوانەوە بایدن بەڵێنی داوە گوێ رابگرێت بۆ داوای کۆنگرێس سەبارەت بەڕاگرتنی پشتگیری ئەمریکا بۆ ریاز و ئەبوزەبی بۆ جەنگی یەمەن. کرسیتین فۆنتینرۆز، بەڕێوەبەری پێشووی کاروباری کەنداو لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە ئیدارەی ترەمپ، بە رۆژنامەی فاینانشڵ تایمزی راگەیاند، «هەموو وڵاتێک کەسەرکردەکانیان پەیوەندییەکی نزیکی هەبێت لەگەڵ سەرۆکی ئێستا ئەوان خۆیان لە تەنگەژەدا دەبیننەوە ئەگەر بایدن ببێتە سەرۆک». «پێموایە ئەو وڵاتانەش میسر، رەنگە تورکیا، بەدڵنیاییەوە سعودیە و ئیمارات دەبن»، فۆنتینرۆز وای وت. تەنانەت ترەمپ بەرگری لەشازادە موحەمەد بن سەلمان کرد لەسەروبەندی کوژرانی جەمال خاشقچی، رۆژنامەنووس و ستوونووسی واشنتن پۆستی ئەمریکی، لەساڵی ٢٠١٨ لەتورکیا لەکاتێکدا ساڵی رابردوو بایدن شانشینی سعودیەی بە شانشینێکی «قێزەون» وەسفکرد و بەڵێنیدا ریاز باجی کوژرانی جەماڵ خاشقچی بدات. هەرچەندە کۆنگرێس دژی سیاسەتەکانی ئەردۆ‌غان، سەرۆکی تورکیا، هەڵوێستی وەرگرتووە سەبارەت بە سیاسەتی ناوخۆ، سیاسەتی دەرەکی، هەروەها هەوڵی پاوانخوازی سەرکردەکەی تورکیا، بەڵام سەرۆکی تورکیا توانیویەتی «پەیوەندییەکی باش»ی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەبێت. ئەمە لای جۆو بایدن بەپێچەوانەوەیە کاتێک لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز هێرشی توندی کردەسەر ئەردۆ‌غان. چاوپێکەوتنەکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ و بایدن دەڵێت کە «زۆر نیگەرانە» لە رێبازی ئەردۆ‌غان لەبەرامبەر کورد‌و هەماهەنگی سەربازیی لەگەڵ روسیا جگە لەوەی پشتگیری خۆی دەردەبڕێت بۆ سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا «ئەوەی من پێموایە دەبێت بیکەین گرتنی رێبازێکی جیاوازە لەبەرامبەر ئەو [ئەردۆ‌غان] تا لای روون بێت ئێمە پاڵپشتی سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکەین». بایدن وتیشی دەبێت ئەردۆ‌غان «باجی ئەوانە بدات» و جەختیشی لەوە کردەوە دەبێت واشنتن سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان بەهێز بکات «تابتوانن رووبەڕووی ئەردۆ‌غان بوەستنەوە و تێکی بشکێنن، نەک لەڕێی کودەتاوە بەڵکو لەڕێی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە». لەگفتوگۆکەیدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز بایدن باس لەوەش دەکات هەڵوێستێکی توندتری دەبوو بەرامبەر سەرۆکی تورکیا سەبارەت بەهێرشکردنە سەر کوردەکان لە سوریا بەپێچەوانەی ترەمپەوە کە رێی بۆ چۆڵکرد. «ئەگەر من بومایە دوایین شت بمکردبا ملدان بوو بۆ ئەو سەبارەت بەکوردەکان، بەدڵنیاییەوە ئەوە دوایین شت دەبوو». ئێران لەچەندین بەیاننامەو چاوپێکەوتندا بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە بەلایانەوە گرنگ نییە کێ هەڵبژاردن دەباتەوە. «دژایەتی ئەمریکا بەرامبەر نەتەوەکەمان لە دێرزەمانەوەیە و هیچ گۆڕانکارییەک روونادات لە سیاسەتی ئاسایی بایدن یان ترەمپ بەسەرۆک هەڵبژێردرێن»، موحەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران مانگی رابردوو ئەمەی وت. «بەڵام ئەمە پێچەوانەی تێڕوانینێکە لەئێران کە پێیوایە ئەگەر بایدن دەسەڵات بگرێتە دەست هەوڵی ئەوە دەدەت ئەمریکا دووبارە بخاتەوە رێکەوتنی چەکی ئەتۆمی ٢٠١٥ ، لەمەشدا چەند سزایەکی توند هەڵدەگرێت لەسەر ئابوری ئێران»، ئیشان سارور ستوونوسی واشنتن پۆست لەوتارێکیدا وادەڵێت. بەپێی راپۆرتێکی بلۆۆمبێرگی ئەمریکی، «ئەگەر بایدن سەربکەوێت هەناردەی نەوتی خاوی ئێران دوو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە تێدەپەڕینێت». پێگەی ئۆیڵ ریپۆرت بڵاوی کردەوە کەهەناردەی نەوتی خاوی ئێران بۆ مانگی ئەیلول یەک ملیۆن و (٥٠٠) هەزار بەرمیل بووە کە دوو ئەوەندەی مانگی ئابەو مانگەکانی پێشتریش رێژەکە زۆر کەمتر بووە. لە مانگی ئابی ٢٠١٩ بەهۆی سزا قورسەکانی ئیدارەی ترەمپ هەناردەی نەوتی خاوی ئێران دابەزی بۆ (٤٠٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە کە کەمترین ئاست بوو لە مێژووی وڵاتەکەدا. بایدن چەندین جار رایگەیاندووە ئامادەیە لەگەڵ ئێران دەست بەگفتوگۆ بکات ئەگەر رێز لەبەندەکانی رێککەوتنی ٢٠١٥ بگرێت، ئەمەش کارێکە کەوڵاتە ئەوروپییەکانیش پێشوازی لێدەکەن. بایدن بەڵێنی داوە کە «رێچکەیەکی باوەڕپێکراوی دیبلۆماسی» پێشکەشی ئێران دەکات. «زۆربەی زۆری خەڵکی ئێران و نوخبەی ئێران پێیان باشە بایدن دەسەڵات بگرێتەدەست، بەڵام هەندێک جیاوازی هەیە»، عەلی ئومێدی، پرۆفیسۆر لەزانستی سیاسەتی لەزانکۆی ئەسفەهان ئەمەی بە ئەتلانتیک کاونسڵ وت. مەبەست لەجیاوازی، پەبێی وتەی ئومێدی، ئەوەیە کە کۆمەڵیک دەمارگیری نوخبەی ئێرانی هەن کە دەستکەوتی سیاسی‌یان دەبێت لەگرژکردنەوەی کیشەکان لەگەڵ ترەمپ. بەڵام هەندێک پێیانوایە سەرکەوتنی بایدن نابێتە بەڵگە بۆ ئەوەی کە رێکەوتنێکی سەرتاسەری بکرێت. سەعید گوڵکار، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لەزانستی سیاسەتی لەزانکۆی تێنەسی لە وتارێکیدا بۆ ئەلجەزیرەی قەتەری باس لەوەدەکات ئەگەری رێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران دوورە لەوەی رووبدات بەوپێیەی رەنگە سوپای پاسدارانی ئێران دەسەڵات بگرێتە دەست. نزیکەی هەشت مانگی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەڕێوەدەچێت، چەندین بۆچوون هەیە کە کەسێکی ناو سوپای پاسداران دەبێت بەسەرۆکی وڵاتەکە. گوڵکار پێیوایە «سەرکردایەتی سوپای پاسداران بەشێوەیەک لەئەمریکا دەڕوانێت کە ئامانجی ئەوەیە پشێویی ناوخۆیی دروستبکات و رژێمەکەی بڕوخێنێت» لەکاتێکدا کشانەوەی واشنتن لە رێکەوتنی چەکی ئەتۆمی لەساڵی ٢٠١٨ وای لەسەرکردایەتی سوپای پاسدران کردووە کە «بێ هیچ گومانێک» ئەمریکا بە «نەیارێکی متمانەپێنەکراو» ببینن. «سەرکردەکانی سوپای پاسداران جیاوازییەکی وا نابینن لەنێوان دیموکرات و کۆمارییەکان کاتێک دێتەسەر باسی سیاسەتیان لەمەڕ ئێران. ئەوان پێیانوایە سەرکەوتنی دیموکراتەکان لەهەڵبژاردنەکان نابێت وەک هەلێک ببینرێت بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان، چونکە هەردوو پارتەکە هەمان ئامانجیان هەیە [بەرامبەر ئێران]»، گوڵکار وای نووسیوە. رێککەوتنی ئاشتی لە ١٣ی ئابی ٢٠٢٠ ئیمارات بووە یەکەم وڵات کە پەیوەندییەکانی ئاسایی بکاتەوە لەگەڵ ئیسرائیل بەسەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ لەچوارچێوەی «رێککەوتنی ئاشتی» یان «رێککەوتنی ئەبراهام». دوای ئیمارات، بەحرەین و سودان بوونە دووەم و سێیەم دەوڵەت کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، ئەمەش بووەتە رووبەڕوو رەخنەی تووند بووەتەوە لەلایەن سەرکردەکانی فەلەستینەوە. بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیەسی ئەمریکی، مەغریب و عومان چاوەڕێ دەکەن کێ براوە دەبێت لە هەڵبژاردنەکاندا پێش ئەوەی هیچ بڕیارێک بدەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل، لەکاتێکدا ئەگەری ئەوە هەیە سعودیە بێتە ناو رێککەوتنەکەوە لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا. لە راپۆرتێکی دیکەدا کە گۆڤاری تایم بڵاویکردووەتەوە هاتووە، کە هاتنە ناوەوەی سعودیە بۆ رێککەوتنەکە، بەپێی وتەی شیکەرەوان، ئەگەرێکی گەورەیە ئەگەر ترەمپ سەربکەوێتەوە. ململانێی فەلەستین-ئیسرائیل ترەمپ یەکەم سەرۆکی ئەمریکایە کە لە رێچکەی نەریتی سەرۆکەەکانی ئەمریکا لایداوەو لەکێشەی فەلەستین-ئیسرائیل‌دا پشتگیرییەکی گەورەی ئیسرائیلە. لەماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ ئۆرشەلیم-قودس و بەرزاییەکانی جۆلانی بەسەروەری ئیسرائیل ناساند، باڵیۆزخانەی ئەمریکای گواستەوە بۆ ئۆرشەلیم، یارمەتی دارایی بڕی بۆ رێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی ئاوارە فەلەستینییەکان، رێککەەتنی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خۆی دەبینێتەوە لەفراوانکردنی رووبەری ئیسرائیل لەسەر کەناری خۆرئاوای فەلەستین. رەنگە کەس هێندەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هیوای لەسەر بردنەوەی ترەمپ هەڵنەچنیبێت. سەرکردە ئیسرائیلییەکە، کە پەیوەندییەکی خراپی هەبوو لەگەڵ ئۆباما، ستایشی ترەمپی کردووەو بە «نایابترین هاوڕێی» ئیسرائیلی وەسفکردووە کەوڵاتەکەی تا ئێستا بەخۆیە بینیبێت لەکۆشکی سپی‌دا. «بۆ ناتانیاهۆ، بردنەوەی بایدن دەبێتە کارەسات»، ئیتان گیلبۆوا، شارەزا لەململانێی فەلەستین- ئیسرائیل بە ئەسۆشیەتید پرێسی وا وت. بەهۆی ئەوەی ترەمپ فەرامۆشی کردوون، فەلەستینییەکان ئەوە ناشارنەوە کە هیوای سەرکەوتنی بایدن دەخوازن. «ئەگەر چوار ساڵی تر لەگەڵ سەرۆک ترەمپدا بژین، ئەوا خوا یارمەتیمان بدات»، موحەمەد ئیشتییە سەرۆک وەزیرانی فەلەستین هەفتەی رابردوو وای وت. بەپێچەوانەی راپرسییەکانی ئەمریکا کە زۆربەیان بایدن بەبراوە دادەنێن بەڕێژەیەکی زۆر، راپرسییەکان لە ئسیرائیل ترەمپ بە باشتر دەزانن تا دووبارە ببێتەوە بەسەرۆک. بەپێی راپرسییەکی رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی، لەسەدا ٥٠٪ی ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت ترەمپ دووبارە سەربکەوێتەوە بەبەراورد بە لەسەدا ٢١٪ کە پێیان باشە بایدن بیباتەوە لەهەڵبژاردنەکانی ٣ی تشرینی یەکەم، ئەمەش پێچەوانەی دۆخی ٢٠١٦یە کە زۆربەی ئیسرائیلییەکان هیلاری کلینتۆنیان پێ باشتر بوو لەدۆناڵد ترەمپ تا ببێتە سەرۆک. کۆنگرەی٢٠٢٠ی پارتی دیموکراتەکان بانگەشەی دروستکردنی دوڵەتێکی «کردەیی» فەلەستینی کرد کەتێیدا فەلەستینییەکان «پێویستە ئازادبن لە بەڕێوەبردنی خۆیان» و بەشێوەیەکی روون دژی هەر «کردەیەکی تاکلایەنانە» بوو لەلایەن هەر بەرەیەکەوە. جۆو بایدن خۆشی پشتگیری لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات بۆ فەلەستین و ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی بەڵێنیداوە یارمەتی دارایی دووبارە وەگەڕبخاتەوە بۆ فەلەستینییەکان ئەگەر هەڵبژێردرێت، هەرچەندە لە ئایاری ئەمساڵ رایگەیاند باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئۆرشەلیم دەهێڵێتەوە، بەڵام بەڵێنیدا کونسوڵخانەی ئەمریکا دووبارە لە رۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم بکاتەوەو کونسوڵخانەی دیبلۆماسی فەلەستینیش لەواشنتن دووبارە بکاتەوە. هەندێک شارەزای ئیسرائیلی پێیانوایە هاوڕێیەتی نزیکی ترەمپ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەڕاستیدا خزمەتی بە بەرژوەندییەکانی ئیسرائیل نەکردووە. «کاتێک دێینە سەر باسی رواڵەت وەک: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەئۆرشەلیم یان رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ چەند وڵاتێک کەهەرگیز شەڕمان لەگەڵ نەکردوون، ئەوا ئیسرائیل بێ ئەوانە باشترە»، نیمرۆد نۆڤیک توێژەر لەئیسرائیل پۆلسی فۆروم و راوێژکارێکی پێشووی سەرۆکی ئیسرائیل ئەمەی بە واشنتن پۆست وت. «بەڵام کاتێک دێینەسەر ناوەڕۆک سەبارەت بەگەورەترین دوو بەربەستی ئێمە – پێویستی چارەسەرکردنی ململانێ لەگەڵ فەلەستینییەکان و پێویستی کۆنترۆڵکردنی خواستە هەرێمی و هەنوکەییەکانی ئێران – حاڵمان زۆر خراپترە».
هاوڵاتى ئازادکردنی سەدەها چەکداری داعش و ئاوارەی سوری لەکەمپی ئەلهۆل لەلایەن بەڕێوبەرایەتی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا پرسی ئەمنی و مەترسی تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگە دروستکردووە. لەپێنجشەممەی رابردوو، دەسەڵاتدارانی کورد لەباکورو رۆژهەڵاتی سوریا ئازادکردنی سەدەها ئەندامی داعش (خەلافەتی ئیسلامی)یان راگەیاند وەک بەشێک لە لێبوردنێکی گشتی. ئامینە عومەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات – باڵی سیاسی هێزکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) – لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە شاری قامیشلۆ رایگەیاند ئەو ئەندامانەی داعش کە ئازادکراون «دەستیان بە خوێن سوور نییە» و هەموویان پەشیمانن لەچوونە نێو گروپە توندڕەوەکە. ئامینە عومەر وتیشی ئەو ئەندامانە هیوای ئەوەیان تێیدایە «بگۆڕێن بەرەو چاک» کە هەموویان خەڵکی سوریان و لانی کەم نیوەی سزای زیندانیان بەسەربردووە. ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رایگەیاند ئەوانەی ئازادکراون (٦٣١) کەسن و «(٢٥٣) کەسی تریش هەن کە سوودمەند دەبن لەلێبوردنەکە و ئازاد دەکرێن هەرکات نیوەی سزای زیندانیان تەواوکرد». بەڕێوبەرایەتی خۆسەر نزیکەی (٢٤) زیندانی هەیە کە (١٠) هەزار ئەندامی داعشی لەخۆ گرتووە. لەسێشەممەی رابردوو، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئازادکردنی (٢٨٩) ئاوارەی سوری، کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن، راگەیاند کە»نەسەلمێنراوە لەتوندوتیژی یاخود تاوان دژی خەڵکی سوریا بەشداربووبن». ئازادکردنی ئاوارە و ئەندامانی داعش دوای ئەوە دێت بەرپرسانی کورد هۆشداریان دابوو لەقەرەباڵغی کەمپەکان، بەتایبەتی ئەلهۆل کەچیتر توانای بەڕێوبردنیان نییە. بەپێی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لەمانگی تەمووز، کەمپی ئەلهۆل (٦٥) هەزار و (٤٠٦) کەسی تێدابووە. لەوانە لەسەدا ٤٧٪ (٣٠هەزار و ٥٧٣)یان عێراقی بوون، لەسەدا ٣٨٪ (٢٤ هەزار و ٩١٤)یان سوری بوون، هەروەها لەسەدا ١٥٪ (نۆ هەزار و ٩١٢) یان خەڵکی وڵاتانی ترن کە گەشتیان کردووە بۆ عێراق یان سوریا بۆ چوونە نێو داعش. چەندین هۆزی عەرەبی بۆ چەندین جار داوای ئازادکردنی ئاوارە و ئەندامە بێ زیانە سورییەکانیان کردووە لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر. بڕیاری ئازادکردنی ئەو کەسانە لەبەرئەوە دراوە کە «چیتر پێویست ناکات لە کەمپەکاندا بمێننەوە، هەروەها ئەم بڕیارە دوای داواکاری شێخەکان دێت»، بەدران چیا کورد جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری بەئاژانسی هەواڵی هاواری راگەیاند. چیا کورد ئەوەشی خستەڕوو لەمەودوا سورییەکان دەتوانن کەمپەکانیان بەجێ بهێڵن و ئەم بڕیارە نوێیە پرۆسەکە خێراتر دەکات. بەپێی چەندین راپۆرتی ناوخۆیی، بەم دواییانە لە کەمپەکەدا تاوانی کوشتن زیادی کردووە کەدواترینیان پەنابەرێکی عێراقی بوو لە ٩ی ئەم مانگەدا لەلایەن چەند هێرشبەرێکەوە کوژراوە کە دەمانچەیان بەکارهێناوە بە بێدەنگکەرەوە. لە پێنجشەممەی رابردوودا، هەسەدە رایگەیاند سێ ئەندامی شانەی نهێنی داعشیان دەستگیرکردووە کە لەناوچەی کەمپی ئەلهۆل چالاک بوون و دەستیان بەسەر چەندین چەکیاندا گرتووە کەنیازیان بووە بەقاچاغ بیگوازنەوە بۆ ئەو دانیشتوانانەی ناو کەمپەکە کە هاوسۆزن لەگەڵیان. چیا کورد باسی لەوە کرد لەئێستادا چالاکی خەلافەتی ئیسلامی زیادیکردووە لەکەمپەکەدا «بۆیە زۆر پێویستیە بۆ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر تاهەنگاوی زیاتری ئەمنی بنێت لەگەڵ دوورخستنەوەی منداڵان لەچالاکی توندڕەویی». تائێستا هەوڵدانی گەڕاندنەوەی (٢٤) هەزار ئاوارە سوریەکە لەکەمپی ئەلهول بۆ ناوچەکانی خۆیان لەلایەن ئەمریکاوە پەسەندکراوە. «ئێمە گفتوگۆی ئەمەمان کردووە لەگەڵ ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و تێدەگەین لەوەی چی وتراوە لەسەر ئەلهۆل گوزارشت لەگۆڕانێک ناکات لەپرۆسەکەدا بۆ سورییەکان تا کەمپەکە بەجێ بهێڵن»، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمەی بەدەنگی ئەمریکا وت دوای ئازادکردنی ئاوارەکان. «ئێمە گەڕانەوە و دەستپێشخەری تێکەڵبوونی ئەو ژن و ژمارە زۆرانەی منداڵ بە ئەرێنی دەبینین، ئێمە زۆر راشکاو بووین لەوەی بارودۆخ لە کەمپی ئەلهول، سەرەڕای هەوڵی ئەنجومەنی سوری، گونجاو نییە بۆ ژیان». بەپێی ئاماری ناوەندی زانیاری رۆژاڤا، لەمساڵدا چوار هەزار ئاوارەی سوری گەڕاونەتەوە ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمەش لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە بە سەرکەوتوو ناوزەند کراوە، بەپێی راپۆرتەکەی دەنگی ئەمریکا. تەنانەت بەرپرسە ئەمریکییەکان کە قسەیان بۆ دەنگی ئەمریکا کردووە ستیاشی ئازادکردنی ئەندامانی داعشیان کردووەو رایانگەیاندووە تێکەڵکردنەوەی ئەوانە بۆ نێو کۆمەڵگەی سوری لەژێر چاودێری شێخ و گەورەی هۆزەکان کارێکی باشە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، هێشتا ترس و نیگەرانی بوونی هەیە کەکەمپی ئەلهۆل خۆی لەخۆیدا بووەتە مەکینەی بەرهەمهێنانی تیرۆریستانی نەوەی داهاتوو. لەکۆڕبەندێکی پەیمانگەی ئاشتی ئەمریکی لە ئابی ئەمساڵ جەنەڕال کێنز مەکێنزی، فەرماندەی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا رایگەیاند ئەلهۆل «شوێنێکی باش نییە بۆ ژیان، لەڕووی بەتوندڕەویی بوونەوە شتی خراپ روودەدات». «هێشتا پلانێکم نەبینیوە کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ بەتوندڕەویی کردن بکات بەشێوازێکی فراوان»، مەکێنزی وای وت. چەندین پەرپرسی سەربازیی ئەمریکی تر هۆشداریان داوە کەزانیارییەکان ئەوە دەخەنەڕوو هەندێک لەو ژنانەی لەئەلهۆلن زیاترن لە خێزان یان کچانی ئەندامانی داعش بەڵکو «شەڕکەرن». «ئێمە بەڵگەی باشمان لایە کە هەندێک کەسی ناو کەمپەکان، بەتایبەتی ئەلهۆل، تەنها ئەندامانی خێزانی داعشەکان نین، بەڵکو هەندێکیان شەڕکەرن کە وا هەڵکەوتووە ژن بن»، ئەلێکس گرینکویچ، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆن و زانیاری هیزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا وای وت. هەروەها، بەپێی راپۆرتەکەی دەنگی ئەمریکا، هەندێک سەرکردەی هۆزە عەرەبییەکان کشاونەتەوە لەوەرگرتنی خەڵکی زیاتر لەئەلهۆل بەوپێیەی «ئایدۆلۆژیای داعش هێشتا کاریگەری هەیە لەسەر ئەم ژنانە». لەسەرەتای راگەیاندنی لێبووردنە گشتییەکەوە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئەوەی خستتەڕوو لێبوردنەکە ئەوانە دەگرێتەوە کە نەخۆشن، تەمەنیان لەسەروو (٧٥) ساڵە یان تاوانەکانیان بچووکن، لەکاتێکدا ئەوانە ناگرێتەوە کە تاوانبارن بە سیخوڕی، کوشتنی شەرەف، خیانەت، دەستدرێژی سێکسی، هەروەها فەرماندە گەورەکانی داعش. ترسی ئەوە هەیە کە ئازادکراوەکان مەترسی دروستبکەن لەکاتی تێکەڵبوونەوەیان بەنێو کۆمەڵگە. دارین خەلیفە، شیکەرەوەیەکی باڵا لەگروپی قەیرانی نیودەوڵەتی بەپێگەی عەرەب نیوزی راگەیاند رەنگە لێبوردنەکە زیانبەخش بێت بۆ ئاسایشی ناوچەکە. «ئازادکردنیان پێویستی بە پاڵپشتییەک هەیە کە هەسەدە ناتوانێت و ناشبێت تەنها خۆی لە ئەستۆی بگرێت. توانای هەسەدە بۆ رێکخستنی تێکەڵکردنەوەی هەزارەها دەستبەسەر سنوردارە»، دارین خەلیفە وای وت. دارین خەلیفە وتیشی، «هەم کەسە ئادیۆلۆژیستەکان و هەم قوربانییەکان لە ئێستادا پێویستیان بەپاڵپشتی کۆمەڵایەتی و تەندروستی دەروونی هەیە کەئێستا بوونی نییە».
ھاوڵاتی راپۆرتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە مووچە، دەرماڵە، بەخشین، ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان لە 151 لاپەڕە و هەشت بەش پێکھاتووە. پوختەیەک لەبارەی راپۆرتەکە: به‌شی یه‌كه‌م ئەم بەشەی راپۆرته‌كه تایبه‌ته به ئامانجه‌كان، تێیدا فه‌رمان دراوه به: به‌دامه‌زراوه‌ییكردن و يه‌كخستنى به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى و فه‌رمانگه و يه‌كه جياجياكان، كه مووچه‌ى خانه‌نشينى تێدا خه‌رج ده‌كرێت و، وەزاره‌تى دارايى راسپاردووه بۆ دامه‌زراندنی سندوقی خانه‌نشینی له هه‌رێمی كوردستان. تێیدا وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری به هامه‌هه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كار له‌سه‌ر كاراكردن و پشتیوانیكردنی دارایی سندوقی خانه‌نشینی ده‌كات. بەشی دووەم ئەم بەشەش تایبه‌ته به رێكخستنەوەی ماف و ئیمتیازاتەكانی میراتگرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی. به‌شی سێیه‌م تایبه‌ته به نەهێشتنی سوودمەندبوون لە جارێك زیاتر لە بودجەی گشتی، تێیدا هه‌نگاوه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خراوه‌نه‌ته‌ڕوو بۆ بنبڕكردنی دوو مووچه‌یی و زیاتر، كه پشتبه‌ستراوه به چه‌ند بڕگه و مادده و بڕیارێك. بەشی چواره‌م ئەم بەشەش لە راپۆرته‌كه تایبه‌ته بە پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ. له گرنگترین خاڵه‌كانیشی یەکخستنی یەکەکانی ژمێریارییه لە وەزارەت و هێزەکانی (70) و (80) لە یەک یەکەی ژمێریاریدا لە بەڕێوبەرایەتیی گشتی بودجە و بەرنامەکان/ ژمێریاری سەربازی و دەکەوێتە ژێر چاودێریی فەرمانگەی چاودێری دارایی لە وەزارەتی پێشمەرگە و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، هه‌روەها رێكخستنه‌وه‌ی یه‌كه‌ی پاسه‌وانی و گواستنەوەی گشت پاسەوانەكان بۆ سەر میلاكی هێزەكانی یەكەی پاسەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ. "بەهیچ جۆرێك نابێت پاسەوان لەسەر میلاكی هیچ یەكەیەكی تری سەربازی یان هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هەبێت، جگە لە یەكەی پاسەوانی سەر بە وەزارەتی ناوەخۆ، خەرجكردنی مووچەی پاسەوانی تەنها لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتی ناوخۆ دەبێت دوای هاوتاكردن و یەكخستنیان، ئەم پڕۆسەیە دوای دەرچوواندنی پەیڕەوی یەکەی پاسەوانی دەچێتە بواری جێبەجێکردن". به‌شی پێنجه‌م تایبه‌ته به ده‌رماڵه‌كان: كه له گرنگترین خاڵه‌كانی ناوەندی راوێژی یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران رەشنووسی بڕیاری رێکخستنەوە و پێداچوونەوە بە گشت دەرماڵەکانی ئامادەکردووە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی پەسەندکردنی لەسەر راسپاردەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی. به‌شی شه‌شه‌م ته‌رخانكراوه بۆ رێكخستنەوەی هەژماركردنی خزمەت، كه گشت وەزارەت و لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت دەستیان بە پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەران کردووە و تا ئێستا (٢٠٨٩٤٤) دۆسیەی فەرمانبەران وردبینییان بۆ کراوە. به‌شی حه‌وته‌می ئەم بەشەی راپۆرتی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی تایبه‌ته به بواری خانه‌نشینی كه له گرنگترین خاڵه‌كانیشیدا هاتووە: 1- بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە گشت بەڕێوەبەرایەتییەکان لیژنەی لاوەکی پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوەی دۆسیەی گشت خانەنشینکراوەکان بە مەبەستی جیاکردنەوەی خانەنشینانی شایستە و ناشایستە. 2- بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و رێکخراوی UNDP و فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاری سیستەمێکی ئەلیکترۆنی داناوە بەمەبەستی دروستکردنی دۆسییەی ئەلیکترۆنی بۆ گشت خانەنشینکراوان، ئەم پرۆسەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ لێکدی جیاکردنەوەی کەسانی شایستە و ناشایستە و یەکخستنەوەی مافەکانیان. 3- لیژنەی باڵای بایۆمەتری لە ڕێگەی فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیارییەوە لە قۆناغی دووەمی بایۆمەتریدا سیستەمی خانەنشینی بە سیستەمی بایۆمەتری دەبەستێتەوە. به‌شی هه‌شته‌م به چه‌ند بڕگه و بابه‌تێك حوكمه‌كانی كۆتایی خراوه‌نه‌ته‌ڕوو، هه‌روها بڕیاردراوه دامەزراندن لە وەزیفەكانی (بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكار و سەرووتر) لە دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان ـ عێراق رادەگیرێت، مەگەر تەنها لەو كاتەی پلەی بەتاڵ هەبێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووری گشتاندنی کردووە بە ژمارە (٢٦٨) لە ١٧/٦/٢٠٢٠ بۆ سەرجەم وەزارەت و لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت و تاوەکو ئێستا (٦٨٥٠٧) فەرمانبەر و مووچەخۆر هەژماری بانکییان بۆ کراوەتەوە و پرۆسەکە بەردەوامە. كۆتایی راپۆرته‌كه تایبه‌ته به دۆكیومێنت و نووسراوه‌كان، كه بۆ سه‌رجه‌م هه‌نگاو و بڕیاره‌كانی جێبەجێکردنی یاسایی چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان ئاماژه‌بۆكراو هاوپێچ كراوه. دەقی تەواوی راپۆرتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی لەم لینکەدا ببینە
هاوڵاتى نزیکەی (26) ملیۆن کەس لەئەمریکا پێشوەختە دەنگیان داوە بەھۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، کە یاسا رێگەیان پێدەدات (45) رۆژ پێش دەستپێکردنی دەنگدانی فەرمی لەھەندێ ویلایەت دەنگدانی پێشوەختە ئەنجامبدرێت. رۆژی (18)ی ئەیلول لەویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریکا لەچوارچێوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتەدا، دەنگدانی پێشوەخت دەستیپێکرد. خەڵکی ویلایەتەکە لەڕێگەی پۆستە یان سەردانی راستەوخۆ بەشدارییان کرد لەبنکەکانی دەنگدان، بۆئەوەی دەنگ بۆ کاندیدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بدەن. بەگوێرەی رێساکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەئەمریکا، (45) رۆژ پێش دەستپێکردنی رۆژی دیاریکراوی هەڵبژاردن، دەتوانرێت لەهەندێک ویلایەت و لەهەندێک رۆژی جیاوازدا دەنگدانی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. تاوەکو چوار رۆژ پێش هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، لەو ماوەیەشدا نزیکەی (20) ویلایەت رێگەیان پێدراوە دەنگدانی پێشوەخت بەڕێوەببەن و تائێستا گەیشتۆتە نزیکەی (26) ملیۆن دەنگدەر. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جۆ بایدنی رکابەرە دیموکراتەکەی دەیانەوێت کاریگەری لەسەر بەشداربووانی دەنگدانی پێشوەختە دروستبکەن لەڕێی چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی بانگەشەدا بەر لەئەنجامدانی دوایین دیبەیتی نێوانیان کە بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت. بڕیارە ترەمپ رۆژانە بەشداری لەهەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بکات تاوادەی مێزگردەکە کە لەفلۆریدا ئەنجامدەدرێت، لەو ماوەیەشدا دەچێتە ئەریزۆنا و نۆرس کارۆلاینا، وەک ئەوەی تیم میرتۆ، وتەبێژ بەناوی هەڵمەتەکەی ئاشکرایکردووە. بایدنیش سەرەتا روو لە نۆرس کارۆلاینا دەکات کە تائێستا (1.2) ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان لە دەنگدانی پیشوەختەدا کردووە لەو ویلایەتەد، تائێستا نزیکەی (26) ملیۆن کەس لەسەرتاسەری ئەمریکادا بەشدارییان لەدەنگدانی پێشوەختەدا کردووە. هۆکاری ئەوەی ئەو ژمارەیە لەهاووڵاتییان بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختدا کردووە دەگەڕێتەوە بۆ ترسیان لەدۆخی تەندروستی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تائێستا بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە (220) هەزار ئەمریکی و توشبوونی زیتر لە (8.1) ملیۆنی دیکە. دیموکراتەکان بەشێوەیەکی بەرچاو لەدەنگدانی پێشوەختە لەڕێی پۆستەوە لەپێشەوەن، لەکاتێکدا ئامارەکان نیشانیدەدەن کە (5.8) ملیۆن دیموکراتی لەکۆی (10.6) ملیۆن دەنگدەریان لەڕێی پۆستەوە بەشدارییان کردووە. زۆرێک وایدادەنێن براوە لەکێبڕکێی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاتێک دیاری دەکرێت، هەر کە کاندیدی دۆڕاو وتاری شکستهێنان پێشکەش دەکات، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە بەفەرمی راگەیاندنی براوەی سەرۆکایەتی پرۆسەیەکە چەند مانگێک دەخایەنێت و هەتا مانگی یەک تەواو نابێت. هەڵبژاردنەکانی رۆژی٣ی مانگی یانزەی داهاتوو لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (٥٩)ەمین هەڵبژراندی سەرۆکایەتییە لەئەمریکا. ترەمپ یا بایدن، هەر یەکێکیان براوەی هەڵبژاردنەکان بن، دەبنە بە تەمنترین سەرۆک لەمێژووی ئەمریکا، بایدن (٧٨) ساڵە، ترەمپ-یش بەتەواوکردنی خولی دووەم دەبێتە (٧٨) ساڵ. هەردووکیان لە رۆنالد ریگانی (٧٧) ساڵانە بەتەمەنتر دەبن. ئەم هەڵبژاردنە، تەنها هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نییە، بەڵکو بۆ (٣٥) ئەندامی سینات- ئەنجومەنی پیران، (١١) حاکمی ویلایەتەکان و (٤٣٥) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانە. هەروەها لەکۆی (٩٩) ئەنجومەنی یاسادانان- نوێنەران و سینات لەسەرئاستی ویلایەتەکان (٨٦) دانەیان هەڵدەبژێردرێنەوە، کە کۆی هەمووی دەکاتە پێنج هەزارو(٨٧٦) کورسی. هەروەها (٨٢) ئەندامی دادگای باڵا لە (٣٤) ویلایەت هەڵدەبژێردرێن، لەگەڵ (١٢٠) پڕۆژەی یاسایی لە (٣٢) ویلایەتدا دەخرێتە دەنگدانەوە، لەهەموو بوارێک‌دا، هەر لەبیمەی تەندروستیەوە تاماددە هۆشبەرەکان، هەروەها بوارەکانی باج، ماف و یاساکانی بواری هەڵبژاردن، پەروەردەو ماف و ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان . دیموکراتەکان دەیانەوێ کۆنتڕۆڵی، سینات ( ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا) بکەن، بە بەدەستهێنانی تەنها چوار کورسی تر بۆ ئەوەی ژمارەی کورسییەکانیان ببێت بە (٥١) کورسی، لە ڕووی مێژووییەوە لەئەمریکا روودانی ئەمە زەحمەتە، چونکە چوارساڵە ئەمە رووینەداوەو هەروەها کۆمارییەکان زۆربەی کات سەرکەوتووبوونە لەکۆنترۆڵکردنی سینات. پسپۆڕانی هەڵبژاردن پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بەهۆی پەتای کۆرۆنا (کۆڤید 19)ەوە ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران ئەوانەی پێشبینی دەکرێن دەنگ لەڕێی پۆستەوە بدەن، بەو هۆیانەوە ژماردنی دەنگەکان ماوەی زیاتری پێبچێت. لییا مێڕیڤاکی یاریدەدەری پرۆفیسۆر بۆ سیاسەتی ئەمەریکایی لەزانکۆی ستانی میسیسیپی دەڵێت «ئەمانە رێکاری یاسایین و دەبێت پەیڕو بکرێن». شارەزایەکی بواری ئابووری لەئەمریکا رایگەیاندووە کە پەتای کۆڕۆنا زیانێکی گەورەی ئابووری بەوڵاتەکەیان گەیاندووە. بەپێی هەواڵێک کە لەماڵپەری (بلۆمبێرگ)ی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، دێڤید کاتلر کە پێشتر وەزیری گەنجینەی ئەمریکی بووە، رایگەیاندووە کە کۆرۆنا زیانی ئابووری گەورەی بە ئەمریکا گەیاندووەو پێشبینی دەکرێت کۆی گشتی زیانەکان (16) تریلیۆن دۆلار بێت. ماڵپەرەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو زیانانەی کە پەتای کۆرۆنا بەئەمریکا گەیاندوویەتی نزیکە لەو بڕە پارەیەی کەئەمریکا لەشەڕی عێراق و ئەفغانستان خەرجیکردووە. ماڵپەرەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە لەچوار مانگی رابردوودا ئابووری ئەمریکا بەڕێژەی 32% داکەوتووە.
