ئارا ئیبراهیم جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات له‌کۆى 13 بۆ 14 هه‌زار کارمه‌ند و پزیشک، نیوه‌یان زیاتر مانگرتنیان راگه‌یاندووه‌و ده‌شڵێت:" وه‌زاره‌تى دارایى نه‌چووه‌ ژێربارى ئه‌وه‌ى که‌ى موچه‌ دابه‌ش ده‌کات. هێرش سه‌لیم، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت"مانگرتنى کارمه‌ندان سه‌ندیکاى کارمه‌ندان رایگه‌راندووه‌و له‌ تاک و ته‌راوه‌ بووه‌ به‌گشتى مانگرتنه‌که‌ و سه‌رتاسه‌رییه‌". ده‌رباره‌ى پزیشکان، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد پزیشکان سێ به‌شن، پزیشکانى موقیم ئه‌قده‌م ئه‌وان هه‌موویان مانگرتنیان راگه‌یاندووه‌و ده‌ستیان پێکردووه‌، به‌ڵام پزیشکانى دیکه‌ له‌رۆژى 5 شه‌ممه‌ کۆبونه‌وه‌ ده‌که‌ن و بڕیار له‌سه‌ر مانگرتن ده‌ده‌ن. له‌کۆى 13 بۆ 14 هه‌زار کارمه‌ند و پزیشک، نیوه‌یان مانگرتنیان ئه‌نجامدراوه‌ به‌پێى وته‌ى جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى دکتۆر هێرش سه‌لیم، وتیشى:" به‌هۆى کۆرۆناوه‌ به‌شێک له‌ خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌کانمان راگرت بۆیه‌ مانگرتنه‌که‌ وه‌ک پێویست دیار نییه‌". ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى گفتوگۆیان کردووه‌و پێشتریش هۆشداریان داوه‌ته‌ حکومه‌تى هه‌رێم که‌ موچه‌ دابه‌ش نه‌کرێت مانگرتن ئه‌نجام ده‌ده‌رێت، وتیشى:" وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى وتى هیچ شتێکم لانییه‌ تا به‌ڵێنى له‌سه‌ر بده‌م، قسه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى کرد ئه‌وانیش نه‌چونه‌ ژێربارى ئه‌وه‌ى له‌ چ کاتێکدا موچه‌و شایسته‌ داراییانه‌ى ته‌ندروستى ده‌ده‌ن". قوباد تاڵه‌بانى، جێ"رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم به‌هاوڕێیه‌تى وه‌زیرى دارایى و پلاندانان و وه‌زیرى هه‌رێم بۆ کاروبارى به‌غداد و سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌مڕۆ گه‌یشتونه‌ته‌ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌رکردنى پرسى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان، که‌ به‌پێى یاساى بدوجه‌ى 2019 عێراق، مانگانه‌ بڕى 453 ملیار دینار بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌کرا، به‌ڵام ئه‌میندارێتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى راگرتووه‌ به‌هۆى پابه‌ند نه‌بوونى هه‌رێمى کوردستان به‌ راده‌ستنه‌کردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌وه‌. جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى باسى له‌وه‌کرد ته‌نها موچه‌ نییه‌، به‌ڵکو حکومه‌تى هه‌رێم پاره‌ى پزیشکانى راوێژکار(به‌ده‌ل عیادات) و حه‌وافز خه‌رج ناکات" پێشتر له‌به‌شى تیشک بۆ نه‌خۆشییه‌کانى شێرپه‌نجه‌ له‌سه‌دا 80% داهاته‌که‌ى ده‌درا به‌ پزیشک و کارمه‌ندان و له‌سه‌دا 20% بۆ حکومه‌ت بوو له‌ به‌یانى کاتژمێر 8 تا 11 شه‌و کار ده‌کراو نه‌خۆش به‌رێده‌کرا و لۆدێکى زۆر له‌سه‌ر ئێمه‌ ناماو خه‌ڵکێکى زۆر سوود مه‌ندبوو تێیدا، ئێستا حکومه‌ت ئه‌وه‌شى نه‌هێشتووه‌و پزیشک و کارمه‌ندان ته‌نها ده‌وامى به‌یانیانى خۆیان ده‌که‌ن". ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى خه‌ریکى ئاماده‌کردنى پڕۆژه‌یه‌کن بۆ لامه‌رکه‌زى دارایى و کارگێڕى بۆ پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکانى راپه‌رین و گه‌رمیان، ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى تا چه‌ند لامه‌رکه‌زیه‌ت که‌رتى ته‌ندروستى ده‌بوژێنێته‌وه‌، هێرش سه‌لیم وتى:"لامه‌رکه‌زیت له‌ دواى 2009 بابه‌ت بووه‌، پێشتر یه‌کێتى و پارتى له‌گه‌ڵیدا نه‌بوون، ئێستا فراکسیۆنى سه‌وز له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگا له‌گه‌ڵیدان و هاتونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ و ئه‌وه‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌ بۆ که‌رتى ته‌ندروستى سه‌رجه‌م که‌رته‌کانى دیکه‌ى ژیان". جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى هۆشدارى ده‌داته‌ حکومه‌تى هه‌رێم که‌ دواکه‌وتنى موچه‌و شایسته‌ داراییه‌کان مه‌ترسییه‌کانى کۆرۆنا زیاتر ده‌کات و ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه‌ که‌ هێشتا حاڵه‌ته‌کانى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوونیان هه‌یه‌"جگه‌ له‌ مه‌ترسى که‌مبونه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌کان، مه‌ترسى کۆرۆناشى دێته‌ سه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ حکومه‌تى هه‌رێم هه‌وڵى جدى بدات بۆ چاره‌سه‌رکردنى موچه‌و شایسته‌ داراییه‌کان".

کاکەلاو عەبدوڵا وته‌بێژی‌ سوپای‌ نیشتمانی‌ لیبیا رایگەیاند‌ توركیا 17 هه‌زار چه‌كداری‌ تیرۆریستی‌ سوری بۆ شه‌ڕ له‌ دژیان هێناوەتە‌ لیبیا و وتیشی: بەهاوکاری تورکیا حکومەتی ویفاقی لیبیا هێرشی کردووەتەسەر شاری تەرهونە. ئه‌حمه‌د ئه‌لمسماری‌ وته‌بێژی‌ سوپای‌ نیشتمانی‌ لیبیا، کە‌ خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر سەرۆکایەتی دەکات، بە رۆژنامه‌ی‌ شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌تی سعودی راگەیاند "توركیا 17 هه‌زار چه‌كداری‌ تیرۆریستی‌ سوری بۆ هێناوەتە‌ لیبیا" تا شانەبەشانی سوپای حکومەتی ویفاقی نیشتمانی شەڕ بکەن بەسەرکردایەتی فائز سەراج. بەپێی وتەی ئەلمسماری، لەو 17 هەزارە  نزیكه‌ی‌ 1800 چەکداریان به‌ برینداری‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ سوریا و زیاتر له‌ هه‌زاری تریان كوژراون. ئەلمسماری ئەوەشی خستەڕوو کە بەیارمەتی فرۆکەی بێ فرۆکەوان و سەربازی تورکی، حکومەتی ویفاقی نیشتمانی "لەئۆپەراسیۆنێکی گەورەدا لە حەوت بەرەوە هێرشیان کردەسەر تەرهونە" بەڵام نەیانتوانیووە لە سنوری شارەکەش نزیك ببنەوە. تەرهونە 88 کم دوورە لە باشوری رۆژهەڵاتی تەرابلوسی پایتەختەوە  و بنکەیەیکی سەرەکی سەرچاوەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای نیشتمانی لیبیایە. بەپێی وتەی چاودێران، لەدەستدانی ئەمشارە دۆرانێکی گەورە دەبێت بۆ خەلیفە حەفتەر و تەوژمی هێز پێچەوانە دەکاتەوە. لەسەرەتایی نیسانی ئەمساڵەوە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی هێرشێکی گەورەی پێچەوانەی دەستپێکرد بۆ سەر سوپای نیشتمانی لیبیا بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچانەی لەدەستیدابوو لە باکوری رۆژئاوای لیبیا. تا ئێستا ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بووە و فائز سەراج توانیویەتی سێ هەزار مەتر چوارگۆشە بگرێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە سوپای نیشتمانی لیبیا بە سەرکردایەتی خەلیفە حەفتەر لە نیسانی ساڵی رابردوو توانی زۆربەی شارەکانی لیبیا بگرێت و تەنها تەرابلوسی پایەتەختی مابوو کە لەژێر دەستی سەراجدا بوو، بەڵام بەهۆی دژایەتی تورکیاوە ماوەی ٦ مانگە نەیتوانیوە بەرەوپێش بڕوات و لەئێستادا لە پاشەکشەدایە.

  ئارا ئیبراهیم سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت لیژنه‌یه‌ک له‌ نوێنه‌رانى فراکسیۆنه‌کانى ئه‌نجومه‌ن له‌م یه‌ک دوو رۆژه‌دا پڕۆژه‌یه‌کى لامه‌رکه‌زى کارگێڕى و دارایی ئاماده‌ ده‌که‌ن و دواتر ده‌درێته‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران. رێکه‌وت زه‌کى، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد پێشتر یاداشتێکییان هه‌بووه‌ که‌ 14 ئه‌ندام واژۆیان له‌سه‌ر کردووه‌ بۆ دروستکردنى لیژنه‌یه‌ک، دیاره‌ یاداشته‌که‌ چۆته‌ به‌رده‌م سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاو له‌گه‌ڵ فراکسیۆنه‌کاندا کۆبونه‌وه‌ کراوه‌، لیژنه‌یه‌ک پێکهێندراوه‌ له‌هه‌موو فراکسیۆنه‌کان. رێکه‌وت زه‌کى وتیشى:"مه‌به‌ست له‌پێکهێنانى لیژنه‌که‌ دابه‌زاندنى ده‌سه‌ڵاتى دارایى و کارگێڕییه‌ بۆ پارێزگاى سلێمانى و پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکانى گه‌رمیان و راپه‌رین، ئه‌زانین له‌ بابه‌تى موچه‌ ئه‌زمه‌یه‌کى گه‌وره‌ هه‌یه‌و خه‌ڵک نیگه‌رانه‌، له‌بابه‌تى خزمه‌تگوزارییه‌کانیش ئه‌زمه‌یه‌کى دیکه‌ روبدات، خه‌ڵکى ئه‌م سنوره‌ ده‌مێکه‌ هه‌ست به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌و غه‌دره‌ى لێى ده‌کرێت و حه‌قى پێنه‌دراوه‌، بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م پرسه‌ لامه‌رکه‌زى دارایى و کارگێری پێویسته‌". سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى نمونه‌ى ئه‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ که‌ ماڵێک له‌قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ له‌ هاویندا به‌ 15 رۆژ جارێک ئاوى خواردنه‌وه‌ى بۆ ده‌چێت، له‌کاتێکدا کۆمپانیاى کۆرمۆرى غاز له‌و سنوره‌دایه‌ خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ سوودمه‌ند نین لێى وه‌ک پێویست، وتیشى:" هه‌رچى شوێنى دنیا هه‌یه‌ لامه‌رکه‌زى ئیدارى و دارایى بووه‌ته‌ هۆى داهێنان و پێشکه‌وتن و زیانى گه‌وره‌ له‌ مه‌رکه‌زییه‌ته‌وه‌ دروست بووه‌". رێکه‌وت زه‌کى پێشیوابوو خه‌ڵک کێشه‌ى نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى هه‌یه‌و "ده‌سه‌ڵاتیش کێشه‌ى نه‌بوونى ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه‌ له‌ سلێمانیدا، ده‌سه‌ڵاتى دارایشى پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ى خزمه‌تى خه‌ڵکه‌که‌ى خۆشت بکه‌یت". هاوکات، ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ هێشتا پرۆژه‌ى لامه‌رکه‌زى دارایى و کارگێریان ئاماده‌ نه‌کردووه‌، به‌ڵام"، بێگومان پرۆژه‌که‌مان روو له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌، پێویستمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئه‌وانه‌ى سه‌نگ و قورساییان له‌ سلێمانیدا هه‌یه‌ دڵسۆزو خه‌ڵکى ئه‌م شاره‌ ده‌زانن پشتگیرى لامه‌رکه‌زى بکه‌ن".  به‌پێى ئه‌و به‌دواداچونانه‌ى هاوڵاتى کردوویه‌تى نزیکه‌ى سه‌د پڕۆژه‌ى گرنگ که‌ له‌نێویاندا نزیکه‌ى 15 دانه‌یان ستراتیژین ئاماده‌ کراوه‌ بۆ پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆکانى گه‌رمیان و راپه‌رین.    

شاناز حه‌سه‌ن وته‌بێژى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند  ناتوانرێت به‌ تۆمارکردنى هه‌ر حاڵه‌تێکى نوێى ڤایرۆسه‌که‌ ناوبنرێت شه‌پۆلى دووه‌مى کۆرۆنا و ده‌ڵێت" حاڵه‌تى نوێ له‌ئاستى چاوه‌ڕوانکراودایه‌". محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌ سایتى هاوڵاتى وت"  شتێکى ئاساییه‌ که‌ ماوه‌یه‌ک حاڵه‌ت تۆمار نه‌کرێت و دواتر حاڵه‌تى توشبون تۆماربکرێت و هه‌بێت، چونکه‌ ماوه‌ى ده‌رکه‌وتنى ئه‌و ڤایرۆسه‌له‌که‌سێکدا ده‌کرێت تا دوو هه‌فته‌ش دوابکه‌وێت و بۆیه‌ ئه‌ه‌م هه‌ر شه‌پۆلى یه‌که‌مى توشبونه‌ و مه‌ترسیه‌که‌ وه‌ک خۆى هه‌یه‌ و به‌رده‌وامه‌ و له‌کاتى تۆمارنه‌کردنى حاڵه‌تیش مه‌ترسیه‌که‌ هه‌ر به‌رده‌وامى ده‌بێت".  له‌دواى ئه‌وه‌ى ماوه‌ى 4رۆژ بۆ هه‌فته‌یه‌ک له‌هه‌رێمى کوردستان هیچ حاڵه‌تێکى نوێى ڤایرۆسى کۆرۆنا تۆمارنه‌کراو، 10حاڵه‌تى تر له‌شار و ناوچه‌ جیاوازه‌کان تۆمارکران. وته‌بێژى ته‌ندروستى وتیشى"  ئه‌م ده‌ حاڵه‌ته‌ هه‌موو جۆرێکى تێدایه‌ و هه‌یانه‌ له‌ که‌ره‌نتینه‌کاندا بون و هه‌شیانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ بون و به‌رکه‌وتووى توشبوى پێشتر بون، وه‌ که‌سێکیش هه‌یه‌ که‌تائێستا سه‌رچاوه‌ى توشبونه‌که‌ى نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ جێگه‌ى مه‌ترسییه‌  چونکه‌ نازانرێت ئه‌مه‌ به‌رکه‌وته‌ى له‌گه‌ڵ که‌سانى تر هه‌بوه‌ یان نا و له‌کێوه‌ توشبووه‌  به‌ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌که‌ به‌رزتر ده‌کاته‌وه‌ بۆیه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ى ئه‌و که‌سه‌ى لێبوه‌ که‌ره‌نتینه‌ کراوه‌". محه‌مه‌د قادر، ئه‌وه‌شى ئاشکراکرد " له‌ئێستا 23 توشبووى کۆرۆنا له‌هه‌رێمدا له‌نه‌خۆشخانه‌کانن و سه‌رجه‌میان بارى ته‌ندروستیان جێگیره‌". هه‌روه‌ها له‌باره‌ى لابردنى ته‌واوه‌تى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆوه‌  باسى له‌وه‌کرد  "تا 1ى5 قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ وه‌ک خۆى به‌رده‌وام ده‌بێت،  دواى ئه‌وه‌ش ده‌که‌وێته‌ سه‌ر ژماره‌ى توشبوون به‌تایبه‌ت له‌و ناوچه‌یه‌ى که‌ که‌ره‌نتینه‌ کراوه‌ تاچه‌ند زیاد و که‌م ده‌کات و وه‌ راده‌ى پابه‌ندبونى هاوڵاتیان به‌و رێنماییه‌ى ئێمه‌ بڵاومان کردۆته‌وه‌ و وه‌ هه‌ڵسوکه‌وتنى ڤۆرۆنا ڤایرۆس له‌سه‌ر ئاستى جیهان چۆن ده‌بێت که‌ ئه‌مه‌ خاڵه‌ گرنگه‌که‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بزانین له‌سه‌ر ئاستى جیهان ئه‌م ڤایرۆسه‌ شه‌پۆلى دووه‌مى ده‌بێت یاخود به‌ره‌و که‌مى ده‌ڕوات بۆیه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ بریار له‌سه‌ر درێژکردنه‌وه‌ى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ یان هه‌ڵگرتنى ده‌ده‌ن بۆیه‌ تائێستا بریارى کۆتایى نه‌دراوه‌". جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌" قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ ڕۆلێکى زۆر ئیجابى گێڕا له‌ کۆنترۆڵکردنى ئه‌و ڤایرۆسه‌، بێگومان به‌هه‌ر شێوازێک له‌ شێوازه‌کان که‌مکردنه‌وه‌ى رێکاره‌کان مه‌ترسیه‌که‌ زیاتر ده‌کات، بۆیه‌ ناتوانین له‌ سه‌دا سه‌د بڵێین ئه‌مانه‌ له‌ئه‌نجامى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ یان هه‌ر شتێکه‌وه‌ بووه‌ به‌ڵام به‌شێوازه‌ زانستیه‌که‌ى ئه‌گه‌رى توشبون زۆر زیادده‌کات ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و هاتوچۆیه‌ ۆزر بێت که‌ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌رىێکى چاوه‌ڕوانکراوه‌". له‌ئێستادا له‌هه‌رێمى کوردستان ژماره‌ى توشبون به‌ ڤایرۆسى کۆرۆنا گه‌یشتۆته‌ 347حاڵه‌ت، ، که‌ له‌و رێژه‌یه‌ 320 که‌سیان چاکبونه‌ته‌وه‌ و 4حاڵه‌تى گیانله‌ده‌ستدان هه‌بووه‌.  

سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن په‌رله‌مانتارێکی یه‌کگرتوو ئه‌وه‌ دووپاتده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقییه‌وه‌ به‌ کردار موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بڕدراوه‌و ده‌شڵێت:"حکومه‌تى هه‌رێم رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى له‌ 2019 و 2020 دا راده‌ستى حکومه‌تى عێراق نه‌کردووه‌و عادل عه‌بدولمهدى سه‌رۆک وه‌زیرانى کاربه‌رێکه‌رى ئێستاى عێراق چاوپۆشى لێکردووه‌، ئه‌مه‌ هۆکارى برینى موچه‌یه‌". حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق له‌سه‌ر یاساى 2019ى بودجه‌ى عێراق رێککه‌وتن که‌ حکومه‌تى هه‌رێم رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات، به‌ڵام به‌هۆى پابه‌ندنه‌بونى حکومه‌تى هه‌رێم به‌و یاساییه‌وه‌ نه‌توانرا بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان ره‌وانه‌ بکرێت. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 26ى نیسانى 2020، موسه‌نا ئه‌مین، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ناردنى ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌یه‌ رێککه‌وتنێکه‌ له‌نێوان حکومه‌تى عێراقى و حکومه‌تى هه‌رێم که‌ پێویسته‌ پێوه‌ى په‌یوه‌ست بێت. له‌ساڵى 2019دا له‌لایه‌ن عادل عه‌بدولمهدیه‌وه‌ چاوپۆشیه‌کى لێکرا، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێم ده‌بوو له‌ 2020دا ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌یان بناردایه‌ "ئه‌مه‌ بۆته‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى که‌ ئێستا ئه‌و قه‌یرانه‌ ڕویداوه‌ و به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم نانێردرێت". شه‌وی ڕابردوو که‌ناڵی ئه‌لعێراقییه‌ نوسراوێکی ئه‌میندارێتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق بڵاوکرده‌وه‌ که‌ به‌فه‌رمى داواى له‌وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى عێراق کردووه‌ پاره‌ى مانگانه‌ى هه‌رێمى کوردستان رابگرێت ئه‌وه‌ش به‌هۆى پابه‌ند نه‌بوونى هه‌رێم به‌ڕاده‌ستکردنى نه‌وت به‌به‌غداد. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کگرتوو وتیشى:" نه‌ک ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ و ئێستا به‌ کردار موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌به‌غدا بڕاوه‌و بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ین ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌یه‌ بگه‌رێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم بۆ پشگیرى خه‌ڵکى خۆمان و منداڵ و که‌سوکارمان، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه‌ بڕوامان به‌ مه‌نتقى حکومه‌تى هه‌رێم و پاکى و نه‌زاهه‌تى هه‌رێم هه‌بێت".  هه‌روه‌ها ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کگرتوو  باسى له‌وه‌شکرد "هه‌ر جۆره‌ گه‌نده‌ڵى و ناشه‌فافیه‌تێکى حکومه‌تى هه‌رێم  بکرێته‌ بیانوو بۆ نه‌ناردنى پاره‌ى هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ گونجاو نیه‌ و ره‌تى ده‌که‌ینه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ یه‌کسانه‌ به‌وه‌ى موچه‌خۆرى ئێمه‌ زه‌ره‌رمه‌ندبێت و ببێته‌ به‌به‌شێک له‌م گه‌مه‌ سیاسه‌ى نێوان ئه‌م دوو حکومه‌ته‌". هاوکات، موسه‌نا ئه‌مین پێشیوابوو، موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێم ته‌نیا به‌رپرسیارێتى حکومه‌تى هه‌رێم نیه‌، "به‌ڵکو به‌رپرسیارێتى حکومه‌تى عێراقیشه‌، ئه‌گه‌ر نا با له‌کۆڵى ئه‌م خه‌ڵکه‌ ببنه‌وه‌ و بلێن بڕۆن بۆ خۆتان حکومه‌تێک دروست بکه‌ن، دووه‌م به‌رپرسیارێتى ئه‌م حکومه‌ته‌ى خۆمانه‌  که‌ ناتوانێت موچه‌ بدات و به‌رۆکى خه‌ڵکیش به‌رنادات". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کگرتوو له‌ به‌غدا جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ پێشتر به‌ حکومه‌تى عێراقیان وتووه‌ ئێوه‌ چیتان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێمدا برۆن له‌رێگه‌ى تره‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن" ئێوه‌ دادگاتان هه‌یه‌ ده‌توانن سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمار بکه‌ن، نه‌ک ته‌نیا به‌شه‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ببردرێت و ته‌نها خه‌ڵکو موچه‌خۆرى هه‌رێم زه‌ره‌رمه‌ند ببێت".  

هاوڵاتى به‌پێى نوسراوێکى ده‌ست نووس که‌ ده‌ست هاوڵاتى که‌وتووه‌، راوێژکارێکى حکومه‌تى هه‌رێم داوا ده‌کات له‌سه‌ر ئه‌و نوسراوه‌ى ئه‌میندارێتى گشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق سکاڵا له‌دادگاى فیدڕاڵى تۆمار بکرێت. راوێژکارێکى حکومه‌تى هه‌رێم روونکردنه‌وه‌یه‌ى له‌سه‌ر نوسراوه‌که‌ى ئه‌میندارێتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق بۆ حکومه‌تى هه‌رێم نوسیووه‌و باس له‌ مادده‌ى 27ى یاساى بودجه‌ى 2019 عێراق ده‌کات که‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌کیشى له‌گه‌ڵدایه‌و ئه‌و راوێژکاره‌"به‌شێک له‌و بڕگانه‌ به‌ مه‌ترسى بۆ بڕینى به‌شه‌ موچه‌ى هه‌رێم" ناو ده‌بات.

ئارا ئیبراهیم راوێژکارێکى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت حکومه‌تى ناوه‌ندى تا مانگى شه‌ش ده‌توانێت موچه‌ بدات ئه‌گه‌ر دۆخى نرخى نه‌وت به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا بێت. ئه‌مین به‌کر، راوێژکار له‌سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" حکومه‌تى ناوه‌ندى تا مانگى شه‌ش له‌توانایدایه‌ موچه‌ بدات ئه‌گه‌ر نرخى نه‌وت به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا بێت". ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، دۆخى دارایى عێراق خراپه‌و فشارێکى زۆر له‌سه‌ر عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى کاربه‌رێکه‌رى عێراق هه‌یه‌ که‌ له‌توانایاندا نییه‌ ئه‌م کێشه‌ داراییانه‌ى ئێستا تێبپه‌رێنن. نرخى نه‌وتى برێنت له‌ ئێستادا بۆ هه‌ر به‌رمیلێک به‌ 21 دۆلاره‌و حکومه‌تى عێراق بۆ هه‌ر به‌رمیلێک به‌ 8 دۆلار له‌ برێنت که‌متر ده‌فرۆشێت، واتا له‌ هه‌ر به‌رمیلێک 13 دۆلارى بۆ ده‌مێنێته‌وه‌. ده‌رباره‌ى نه‌ناردنى 453 ملیار دیناره‌که‌ى هه‌رێم، ئه‌مین به‌کر ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که‌ ئه‌میندارێتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داواى له‌ فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایى عێراق کردووه‌ که‌ موچه‌ ره‌وانه‌ى هه‌رێمى کوردستان نه‌کرێت" دیاره‌ فوئاد حوسێن که‌ کورده‌ فشارى لایه‌ن و به‌رپرسانى عێراقى له‌سه‌ره‌ بۆیه‌ تا ئێستا نه‌یتوانیووه‌ ره‌وانه‌ى بکات". به‌پێى 27 له‌ یاساى بودجه‌ى 2019 عێراق که‌ له‌ئێستادا له‌ حکومه‌تى ناوه‌ندى کار به‌و یاسایه‌ ده‌کرێت بۆ خه‌رجکردنى بودجه‌و داهاتى وڵات و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ مانگانه‌ 453 ملیار دینار بۆ هه‌رێمى کوردستان ره‌وانه‌ ده‌کرێت. به‌پێى 27 له‌ یاساى بودجه‌ى 2019، حکومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت زه‌ریبه‌و باج بنێرێته‌وه‌ بۆ حکومه‌تى عێراقى، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێم تا ئێستا ئه‌مه‌ى نه‌کردووه‌. له‌ پێنج بڕگه‌ى یه‌ک له‌دواى یه‌کدا که‌ هاوڵاتى ده‌قه‌که‌ى بڵاو ده‌کاته‌وه‌، ئه‌میندارێتى گشتى حکومه‌تى عێراق به‌ هۆکارى جێبه‌جێ نه‌کردنى ئه‌و بڕگانه‌ داواى له‌ فوئاد حوسێن کردووه‌ موچه‌ى هه‌رێمى کوردستان ره‌وانه‌ نه‌کات. ئه‌مین به‌کر، راوێژکاره‌که‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق له‌و باره‌یه‌وه‌ وتى:" ئه‌وانه‌ى له‌ مادده‌ى 27ى یاساى بودجه‌ى 2019 عێراقدا هاتووه‌ هه‌مووى راسته‌ و حکومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت زه‌ریبه‌و باج و داهاتى خاڵه‌ سنورییه‌کان فرۆکه‌خانه‌کان ره‌وانه‌ى سندوقى ده‌وڵه‌تى عێراق بکات، به‌ڵام نه‌یکردووه‌، ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌ هۆکاره‌کان". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێم که‌ هه‌رێمێکى فیدراڵییه‌ به‌ رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق گفتوگۆ بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى کام له‌ زه‌ریبه‌کان بۆ هه‌رێمه‌ فیدراڵییه‌که‌یه‌و کامى دیکه‌ بۆ حکومه‌تى ناوه‌ندى ده‌بێت.

هاوڵاتى ئه‌ندامێکى کۆمیته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى پارتى کرێکارانى کوردستان رایگه‌یاند:"ئه‌وه‌ى باره‌گاى له‌ زینى وه‌رتێ دروستکردوه‌ هۆکارى شه‌ڕه‌، نه‌ک ئێمه‌". دوران کاڵکان، ئه‌ندامى کۆمیته‌ى به‌ڕێوه‌به‌ریى په‌که‌که‌ له‌ لێدوانێکیدا بۆ مه‌دیا هه‌به‌ر رایگه‌یاند: "له‌ ساڵى 2019دا پارتى هه‌وڵیداوه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ ناوچه‌ى برادۆست و خنێره‌ باره‌گا دروست بکات، به‌ڵام دواى هۆشیارکردنه‌وه‌ هه‌ڵوێستێکى به‌رپرسانه‌ى نواندوه‌ و پاشه‌کشه‌ى کردوه‌، ئێستاش جارێکى دیکه‌ ده‌یانه‌وێت به‌هه‌مان شێوه‌ پلانى هێرشێک دابنێن". هه‌روه‌ها کاڵکان راشیگه‌یاند:"ئه‌و دۆخه‌ى دروستکراوه‌، ئاسایشى قه‌ندیل تێکده‌دات، هه‌ر بۆیه‌، په‌که‌که‌ ئه‌مه‌ قبوڵ ناکات، بێگومان شه‌ڕ ده‌کات، ئه‌وه‌ى باره‌گاى له‌ زینى وه‌رتێ دروستکردوه‌ هۆکارى شه‌ڕه‌، نه‌ک ئێمه‌". هاوکات ئه‌ندامه‌که‌ى کۆمیته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) جه‌ختى له‌وه‌شکردووه‌ته‌وه‌ که‌ هیوا ده‌خوازن پارتى ده‌ست له‌و هه‌وڵدانانه‌ هه‌ڵگرێت، که‌ هێشتا له‌ سه‌ره‌تادایه‌، "ئه‌م پیلانانه‌ هه‌موو به‌ ئاڕاسته‌کردن له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و ده‌وڵه‌تى تورکه‌وه‌ داده‌نرێت، په‌که‌که‌ ئه‌مه‌ قبوڵ ناکات".    

هاوڵاتى فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رونكردنه‌وه‌ ده‌دات له‌باره‌ی ئه‌و هاوكاری و به‌خشین و كۆمه‌كانه‌كه‌ی تایبه‌ت بۆ ڤایرۆسى كۆرۆنا كۆكراوه‌ته‌وه‌ و خراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ژماری ناوه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.  فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌، 16نیسانى2020راگه‌یاندراوێکى بڵاوکرده‌وه‌ و رایگه‌یاند " تا ئێستا 20 ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلار، وه‌ك كۆمه‌ك خراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌ژماری ناوه‌ندی، ئه‌وه‌ش بۆ كڕینی ده‌رمان و خۆراك سه‌رف ده‌كرێت و به‌شێكیشی به‌ گوێره‌ی ژماره‌ی دانیشتووان به‌سه‌ر پارێزگاكان دابه‌ش ده‌كرێت". له‌ باره‌ی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی له‌ به‌غداوه‌ نێردراوه‌ "ئەنجومەنی وەزیران نوسراوی کردووە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی بەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێت". ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌: "وردەکاری هاوکارییه‌كان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبه‌ت بە پەتای کۆرۆنا ئەو ھاوکارییانەی لە کاتی قەیرانی کۆرۆنادا گەیشتوونەتە دەست حکومەتی هەرێم بەم شێوەی خوارەوەیە: یەکەم: کۆمەك (تبرعات) تاكو ئێستا 20 مليۆن و 500 هه‌زار دۆلار کۆمەك خراوه‌ته‌ سه‌ر هەژماری ناوەندی ئەنجومەنى وەزيران، ئەم پارەیە بۆ كڕينى خۆراك ودەرمان تەرخان دەکرێ، دواتر بەسەر هەموو پارێزگاکانی ھەرێم بە پێی رێژەی دانیشتووان دابەش دەکرێت. دووەم: بەغدا 3 مليار و 500 ملیۆن دينارى ناردووە، ئەنجومەنی وەزیران  نووسراوی کردووە بۆ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی بەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێت. سێیەم: رێکخراوی WHO هيچ بڕە پارەیەکی کۆمەك نەكردووە، تەنها هەندێك ئامێر و کەرەستەی تەندروستی رادەستی وەزارەتی تەندروستی کردووە. چوارەم: ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕيارى داوه (600) مليار دينار بەسەر خەڵكى هەژار دابەش بکات، ھەرێمی کوردستان بە فەرمی نووسراوی كردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هيچ بڕە پارەیەکی بۆ هەرێم نەناردووە. فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان 16 نیسانی 2020"

ئارا ئیبراهیم ‌کۆما جڤاکێن کوردستان (که‌جه‌که‌)، ڕاگه‌یه‌ندراوێکى له‌سه‌ر ئالۆزییه‌کانى زینى وه‌رتێ و بوردومانه‌کانى سوپاى تورکیا بڵاوکرده‌وه‌ و داواى هه‌ڵوێست له‌لایه‌نه‌کان ده‌کات و په‌رله‌مانتارێکی یه‌کێتیش ده‌ڵێت:" دۆخه‌که‌ ئاڵۆزه‌و ئه‌گه‌رى شه‌رێکى ناوخۆى ده‌کرێت". ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ى نیسانى 2020 کۆماجڤاکێن کوردستان راگه‌یه‌ندراوێکى له‌سه‌ر دۆخى ئاڵۆزى زینى وه‌رتێ و بۆرودمانى تورکیا بڵاوکرده‌وه‌ که‌ به‌و هۆیه‌وه‌ چوار که‌س شه‌هید بوون و دوانى دیکه‌ش برینداربوون.  که‌جه‌که‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌که‌دا رایگه‌یاندووه‌ "ئێمه‌ له‌ رۆژى یه‌که‌مه‌وه‌ چاودێرى دۆخى مه‌ترسیدارى ناوچه‌که‌ ده‌که‌ین، بانگه‌واز بۆ هه‌موو لایه‌ک ده‌که‌ین، له‌باره‌ى دۆخى هه‌ستیارى ناوچه‌که‌، هه‌ڵوێستیان هه‌بێت و به‌ئاگابن". هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌کردووه‌ "ئه‌م دۆخه‌ ته‌نیا له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ده‌وڵه‌تى تورکیادایه‌، داواش له‌ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ى ناوچه‌که‌ ده‌کات، هێزه‌کانیان له‌ ناوچه‌که‌ بکشیننه‌وه‌ و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شوێنى خۆیان". هاوکات، سه‌رکۆ گه‌ڵاڵى ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێشتر ته‌نها هێزى یه‌کێتى لێبووه‌، به‌ڵام دواتر وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ لیوایه‌کى یه‌کگرتووى ناردووه‌ بۆ ناوچه‌که‌ که‌ ئامر لیواکه‌ پارتى و ئامر فه‌وجه‌که‌ یه‌کێتییه‌، به‌ڵام پارتى هێزێکى زۆرى 80ى خۆى هێناوه‌ته‌ ناوچه‌که‌و جێگیرى کردووه‌". ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد یه‌کێتیش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌شێک له‌ هێزه‌کانى 70ى له‌و ناوچه‌یه‌ جێگیر کرد و دواتر تیمى یه‌کێتى له‌ حکومه‌تى هه‌رێم گفتوگۆیان کرد و بڕیار درا ته‌نها لیوا یه‌کگرتووه‌که‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بمێنێته‌وه‌و هێزه‌کانى 80 ى پارتى و 70ى یه‌کێتى بکشێنه‌وه‌، به‌ڵام "پارتى پابه‌ند نه‌بوو به‌ بڕیاره‌که‌ى حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌و هێزه‌کانى 80 هه‌ر له‌ شوێنى خۆیاندا ماون، بۆیه‌ هێزه‌کانى 70ى یه‌کێتى هه‌رچه‌نده‌ پاش بریاره‌که‌ى حکومه‌ت کشانه‌وه‌، به‌ڵام که‌ زانرا هێزه‌کانى 80ى پارتى ماونه‌ته‌وه‌ یه‌کێتیش هێزه‌که‌ى گێرایه‌وه‌". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کێتى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ ناوچه‌که‌ ته‌واو ئاڵۆز بووه‌و شه‌ڕێکى ناوخۆیى ئه‌گه‌رى روودانى هه‌یه‌. هاوڵاتى به‌دواداچونى له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ى زینى وه‌رتێ کردووه‌و یه‌کێک له‌ به‌رپرسانى یه‌کێتى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ پارتى داوایان له‌ یه‌کێتى کردووه‌ به‌شه‌ڕ په‌که‌که‌ له‌و ناوچه‌یه‌ دووربخه‌نه‌وه‌، به‌ڵام یه‌کێتى ئه‌وه‌ى ره‌تکردووه‌ته‌وه‌. سه‌رکۆ گه‌ڵاڵى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ ده‌بێت په‌رله‌مانى کوردستان و سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌کان هه‌ڵوێستیان هه‌بێت تا رێگرى له‌ شه‌ر له‌ ناوچه‌که‌ بکرێت. پێشتر پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) باره‌گایه‌کیان له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌بووه‌و چه‌ند گه‌ریلایه‌کیان له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌بووه‌، بۆردومانه‌کانى ئه‌مڕۆى تورکیاش بووه‌ته‌ هۆى شه‌هید کردنى 4 که‌س و برینداربوونى دوو که‌سى دیکه‌. له‌شه‌وى رابردووه‌وه‌ فڕۆکه‌کانى تورکیا بۆردومانى زینى وه‌رتێ ده‌که‌ن که‌ ئێستا هێزى پارتى و یه‌کێتى و په‌که‌که‌ى لێیه‌. دوو په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى له‌ زینى وه‌رتێ له‌گه‌ڵ چه‌ند پله‌دارو پێشمه‌رگه‌یه‌کى یه‌کێتى له‌ناوچه‌که‌

ئارا ئیبراهیم په‌رله‌مانتارێکى کورد له‌ به‌غدا ده‌ڵێت ئه‌مڕۆ گفتوگۆى له‌گه‌ڵ عه‌دنان زورفى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى عێراق کردووه‌و ئاماده‌ نییه‌ بکشێته‌وه‌ بۆ کاندیدکردنى مسته‌فا کازمى و ده‌شڵێت:"پارتى و یه‌کێتى به‌ جیا گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ کردووه‌ بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى عێراق". ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت:"عه‌دنان زورفى، زۆرى کات له‌به‌رده‌ست نه‌ماوه‌ و ته‌نها 10 رۆژ کاتى ماوه‌و ته‌سه‌ور ده‌که‌م هه‌فته‌ى داهاتوو کۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان بکرێت، به‌ڵام هێزه‌ شیعه‌کان کۆک نین و عه‌دنان زورفیس ئاماده‌ نییه‌ بکشێته‌وه‌".  ناوبراو وتیشى:" ئه‌مڕۆ عه‌دنان زورفى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فونى بۆ کردووم، پێى راگه‌یاندووم (ئاماده‌ نییم بکشێمه‌وه‌و به‌رده‌وام ده‌بم)". مسته‌فا کازمى له‌ئێستادا سه‌رۆکى ده‌زگاى هه‌واڵگرى عێراقه‌و له‌لایه‌ن ئێران و هێزه‌ شیعییه‌کانى ره‌وتى حیکمه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تى عه‌مار حه‌کیم و هادى عامرى سه‌رۆکى کوتله‌ى فه‌تح و چه‌ند کوتله‌یه‌کى دیکه‌ پشتیوانى ده‌کرێت، له‌به‌رانبه‌ردا، عه‌دنان زورفى له‌لایه‌ن کوتله‌ى سائیروون به‌سه‌رۆکایه‌تى موقته‌دا سه‌درو کوتله‌ى نه‌سر به‌سه‌رۆکایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى پشتیوانى ده‌کرێت. هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد به‌شێک له‌ هێزه‌ شیعییه‌کان ده‌یانه‌وێت مسته‌فا الکازمى کاندید بکه‌ن بۆ سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق و ده‌یانه‌وێت عه‌دنان زورفى بکشێته‌وه‌، چونکه‌" ترسیان هه‌یه‌ له‌وه‌ى عه‌دنان زورفى بچێته‌ په‌رله‌مان و متمانه‌ به‌ده‌ست بهێنێت". هاوکات، باسى له‌وه‌شکرد عه‌دنان زورفى مه‌رجى هه‌یه‌ بۆ کشانه‌وه‌ یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و هێزه‌ شیعیانه‌ى ده‌یانه‌وێت بکشێته‌وه‌ واژۆ کۆبکه‌نه‌وه‌و به‌ ئاشکرا رایبگه‌یه‌نن و تا ئێستا ته‌نها کوتله‌که‌ى هادى عامرى رایگه‌یاندووه‌و مه‌رجى دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ که‌ عه‌دنان زورفى و مسته‌فا الکازمى له‌نێوان ماڵى شیعه‌دا یه‌کلابکرێته‌وه‌ و ئه‌وکات ئه‌گه‌ر ده‌نگى نه‌هێنا ده‌کشێته‌وه‌. ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ پارتى و یه‌کێتى به‌جیا گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ عه‌دنان زورفى کردووه‌و وتیشى:" پارتى و یه‌کێتى یه‌کلانه‌بونه‌ته‌وه‌ بۆ پشتیوانى له‌ عه‌دنان زورفى". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى کۆمه‌ڵ ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ عه‌دنان زورفى، بگاته‌ په‌رله‌مان ئه‌گه‌رى زۆره‌ ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت و لاى په‌رله‌مانتاره‌کان "مه‌رغوبتره‌ له‌ مسته‌فا الکازمى". ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ :"عه‌دنان زورفى وه‌ک عادل عه‌بدولمه‌هدى نابێت و تونده‌، پیاوى مواجه‌هه‌یه‌و هیچ مرونه‌یه‌کى نییه‌، هه‌ندێک وه‌عدى داوه‌ که‌ کورد هه‌ر وه‌زیرێک کاندید بکات مه‌ناعه‌تى نییه‌ به‌ مه‌رجێک له‌ په‌رله‌ماندا ده‌نگ بهێنێت".

ئارا ئیبراهیم وه‌زیرى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:" هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌کى گه‌وره‌و کاره‌ساتى مرۆییدایه‌"و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوان له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بۆ هاوڵاتى: ئه‌وانه‌ى له‌ پرسه‌که‌ى هه‌ولێر به‌شداربوون بوون ده‌یان خه‌ڵکى دیکه‌یان بینیووه‌. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 6ى نیسانى 2020 سامان به‌رزنجى، وه‌زیرى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ پۆستێکیدا له‌ لاپه‌رى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆرى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک نوسیویه‌تى:"هه‌رێمى کوردستان به‌هۆى زۆربوونى حاڵه‌ته‌کانى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌کى گه‌وره‌و کاره‌ساتى مرۆیدایه‌". ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 6ى نیسانى 2020 ته‌نها له‌ پارێزگاى هه‌ولێر له‌ماوه‌ى 12 کاتژمێردا 41 که‌سى دیکه‌ تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون به‌هۆى به‌شداریان له‌ دوو پرسه‌دا له‌ هه‌ولێر. به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى، قسه‌کانى وه‌زیرى ته‌ندروستى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ ئه‌و که‌سانه‌ى به‌شدارى پرسه‌که‌یان کردووه‌ 100 تا 400 که‌سى دیکه‌یان بینییوه‌و مه‌ترسى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ئه‌وانیش وه‌ک تووش بووى کۆرۆنا تۆمار بکرێن. به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوان له‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد  ئه‌وانه‌ى له‌و دوو پرسه‌یه‌ى هه‌ولێر به‌شداربوون ده‌یان خه‌ڵکى دیکه‌یان بینیووه‌و"له‌ئێستادا له‌ مه‌ترسییه‌کى گه‌وره‌داین". خاڵس قادر، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوان له‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" قسه‌کانى وه‌زیرى ته‌ندروستى بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ئێستادا له‌ قۆناغێکى گه‌وره‌ى مه‌ترسیی بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆناداین و هاتووه‌ته‌ ناو کۆمه‌ڵگاوه‌و ده‌بێت خه‌ڵک وشیار ببێته‌وه‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان جێبه‌جێ بکات". ناوبراو وتیشى:" ئێمه‌ وه‌ک وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى نازانین به‌وردى چه‌ند که‌س به‌شدارى ئه‌و دوو پرسه‌یه‌ى هه‌ولێریان کردووه‌ ره‌نگه‌ هیچ دام و ده‌زگایه‌کى دیکه‌ش نه‌زانێت، به‌ڵام خه‌ڵکى ئێمه‌ کۆمه‌ڵایه‌تین و ژماره‌یه‌کى زۆر به‌شداربوون و ئه‌وانه‌ ده‌یان که‌سى دیکه‌یان بینیووه‌". به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوان له‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ سکاڵای یاسایى له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ تۆمار ده‌کرێت که‌ به‌"ئه‌نقه‌ست" ده‌بنه‌ هۆى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا، وتیشى:" له‌هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ى ڤایرۆسه‌که‌ تێیدا زیاتر بڵاوده‌بێته‌وه‌ پێویسته‌ که‌ره‌نتین بکرێن، ناکرێت خه‌ڵکێک به‌ ئیهمالى و که‌له‌ره‌قى خۆى مامه‌ڵه‌ بکات و ببێته‌ هۆکار بۆ بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که‌". هاوکات، باسى له‌وه‌شکرد، رێنماییه‌کان توندتر ده‌کرێته‌وه‌و قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ درێژده‌کرێته‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌، به‌ڵام" ژیان ناوه‌ستێت و ئه‌و شوێنانه‌ى پێداویستتیه‌کانى رۆژانه‌ى هاوڵاتیانن ده‌کرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌رێنمایى توندى ته‌ندروستییه‌وه‌". خاڵس قادر، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ تاک وشیار بێت و خۆیان ببپارێزن له‌ تێکه‌ڵاوى خه‌ڵکى دیکه‌و له‌ماڵه‌کاندا بمێننه‌وه‌، چونکه‌:" بڵاوبونه‌وه‌ى زیاترى ڤایرۆسى کۆرۆنا فشار له‌سه‌ر که‌رته‌ ته‌ندروستییه‌کان دروست ده‌کات و هیوادارین هاوڵاتیان له‌پێناو پاراستنى سه‌لامه‌تى ته‌ندروستى خۆیان و ده‌وروبه‌ریان رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان جێبه‌جێبکه‌ن".  

ئارا ئیبراهیم به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتى له‌ سۆران ورده‌کارى ده‌ستگیرکردنى کارده‌کانیان بۆ هاوڵاتى ده‌خاته‌روو و ده‌شڵێت:" گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌هه‌وڵى کاک شێخ لاهور و قوباد تاڵه‌بانى ئازاد کراون... به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانماندا له‌گه‌ڵ ده‌چینه‌وه‌و کۆنتڕۆڵى ده‌ستگیرنه‌کردنى کادره‌کانمان ده‌که‌ین". هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى قه‌زاى سۆران دوێنێ چوارشه‌ممه‌ سێ کادرى یه‌کێتى به‌تۆمه‌تى "قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ" ده‌ستگیر ده‌که‌ن و ‌ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ ئازاد کران.  هه‌ریه‌ک له‌ شه‌ماڵ مه‌لا ئه‌حمه‌د، ره‌مه‌زان ئه‌سکه‌نده‌ر، کارۆخ به‌کر ره‌سول، خه‌ڵکى دۆڵى باڵه‌یان سه‌ر به‌ ناحێى قه‌سرێ. دوێنێ شه‌و له‌ سێ کاتى جیاواز و یه‌ک به‌ دواى یه‌کدا ده‌ستگیر کراون ، ئه‌مرۆ ئه‌و کادیرانه‌ ئازادکران .  زوبێر عوسمان، لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى رێکخستنى سۆرانى یه‌کێتیى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت" ئه‌و سێ کارده‌مان بێ ئه‌وه‌ى هیچ تۆمه‌تێکیان له‌سه‌ر بێت به‌بێ وه‌ره‌قه‌ى حاکم ده‌ستگیر کراون، خۆشبه‌ختانه‌ به‌ هه‌وڵى کاک شێخ لاهور هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى و کاک قوباد تاڵه‌بانى نه‌مانهێشت بگاته‌ 24 کاتژمێر ئازادکران". ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد دوو له‌و کادرانه‌یان پێشمه‌رگه‌ى یه‌کێتین و یه‌کێکیان سه‌ر به‌ هێزه‌کانى 70یه‌و ئه‌ویى دیکه‌یان له‌نێو لیوا یه‌کگرتووه‌کاندا و سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یه‌:" ناکرێت هێزى ئاسایش و پۆلیس که‌سانى عه‌سکه‌رى ده‌ستگیر بکه‌ن، ئه‌وان داداو رێساى خۆیان هه‌یه‌". ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ له‌ کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتیدا رامانگه‌یاندووه‌ که‌ پابه‌ندین به‌ رێکارو یاساکان بۆ قه‌ده‌غه‌کردنى هاتوچۆ و روبه‌روبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا، وتیشى:" ئێمه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندى سۆران به‌رنامه‌ى تایبه‌ت به‌ خۆمان هه‌یه‌و به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانماندا ده‌چینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانى دیکه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌ر که‌سێک موخاله‌فه‌ى کردووه‌ به‌ وه‌ره‌قه‌ى حاکم بێت ئاساییه‌". ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى حاڵه‌تى ده‌ستگیرکردنى کادرانى یه‌کێتى چه‌ند جارێکه‌ له‌و ناوچانه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، زوبێر عوسمان، لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندى یه‌کێتى له‌ سۆران وتى:" ئێمه‌ بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌و پرسه‌ کۆنتڕۆڵ ده‌که‌ین و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین هه‌ر که‌سێک تۆمه‌تێکى له‌سه‌ره‌ به‌ ئاگادار کردنه‌وه‌ى ئێمه‌و وه‌ره‌قه‌ى حاکم بێت". هاوکات، ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ پارتى و یه‌کێتى و گۆران "به‌حساب پێکه‌وه‌ شه‌ریکین له‌ حکومه‌تدا، کۆبونه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و جۆره‌ حاڵه‌تانه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌". هه‌ر ئه‌مڕۆ دواى ئازاد کردنى ئه‌و سێ کادره‌ى یه‌کێتى له‌ قه‌زاى سۆران، ئاسایشى سۆران روونکردنه‌وه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه‌ ئه‌و سێ کادره‌ى یه‌کێتى له‌سه‌ر "شکاندنى قه‌ده‌غه‌ى هاتوچۆ و گواستنه‌وه‌ى خه‌ڵک به‌ قاچاخ" ده‌ستگیرکرابون، به‌ڵام "به‌ هۆى ئه‌و که‌شه‌ى خوڵقێندرا" ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانى سه‌رۆکى حکومه‌ت ئازاد کران، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت داواى ئازادکردنیانى لێکردبوو. به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى سۆران له‌باره‌ى روونکردنه‌وه‌که‌ى ئاسایشى سۆران ده‌ڵێت:" هیچ روونکردنه‌وه‌یه‌کیان به‌ ئێمه‌ نه‌داوه‌ له‌سه‌ر ده‌ستگیرکردنیان و هیچ تۆمه‌تێکیش به‌سه‌ر ئه‌و سێ کادره‌ى یه‌کێتى ساغنه‌بووه‌ته‌وه‌ و ئازاد کراون و چونه‌ته‌وه‌ ناو ماڵه‌کانى خۆیان".

سازدانى: ئارا ئیبراهیم سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى نیشتمانى ده‌ڵێت حاڵه‌تێکى سروشتییه‌ چه‌ند هاودیدێکیان له‌ هاوپه‌یمانى ده‌ستیان له‌کارکێشاوه‌ته‌وه‌ و پێشیوابوو به‌شێک له‌وانه‌ ده‌رکراون و پابه‌ند نه‌بوون به‌ عورفى سیاسى هاوپه‌یمانییه‌وه‌. ئارام قادر، سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى نیشتمانى له‌مچاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات هه‌وڵدان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى نیشتمانى له‌کاتى دورکه‌وتنه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى ئێستاى عێراق تا ئێستا به‌رده‌وامه‌ و ده‌شڵێت:" هه‌موو ئه‌وانه‌ى ده‌ستیانله‌کارکێشاوه‌ته‌وه‌ مافى ئه‌وه‌یان نییه‌ مۆرى هاوپه‌یمانى به‌کاربهێنن و به‌پێى یاسا به‌تاوان هه‌ژمار ده‌کرێت و روبه‌رووى دادگایان ده‌که‌ینه‌وه‌". هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:"چه‌ندین جۆر پیلانگێڕییى له‌دژى هاوپه‌یمانى کراوه‌، ساخته‌کارى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، هه‌وڵى فرۆشتنى هاوپه‌یمانی، هه‌وڵى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى له‌ رێگه‌ى یاسایى و سیاسى ، به‌کار هێنانى فشارى سیاسى و مادى له‌سه‌ر ھاودیدانمان که‌ دوور بکه‌ونه‌وه‌ له‌ هاوپه‌یمانى ، ئه‌مه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌". هاوڵاتى: دۆخى هاوپه‌یمانى چۆنه‌ له‌ ئێستادا؟ ئارام قادر: سه‌ره‌تا هیواى سه‌لامه‌تى و ته‌ندروستى بۆ هاووڵاتیانى کوردستان ده‌خوام، ده‌ست خۆشیم بۆ کارمه‌ندانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و وه‌زاره‌تى ناوخۆ ھه‌یه‌ ، خوازیارم هاووڵاتیان کوردستان پابه‌ندى ڕێنماییه‌کانى هه‌ردوو وه‌زاره‌ت بن له‌ پێناو پاراستنى خۆیان و پارێزگارى  خه‌ڵک،  ناچار نه‌بوینایه‌ ئه‌م بابه‌تانه‌مان  نه‌ده‌وروژاند ، چونکه‌ هاوپه‌یمانى کارده‌که‌ین پرسه‌ حزبى و سیاسیه‌کان بخه‌ینه‌ به‌رژه‌وه‌ندى  نیشتیمانه‌وه‌ نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.   سه‌باره‌ت به‌ پرسیاره‌که‌شت ئێمه‌ له‌هاوپه‌یمانى هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دروستبوونیه‌وه‌ فشارى زۆرله‌سه‌ربووه‌، به‌ مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى نه‌بێته‌ هێزێکى کاریگه‌ر و له‌و پێناوه‌شدا چه‌ندین جۆر پیلانگێڕییى له‌دژى کراوه‌، ساخته‌کارى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، هه‌وڵى فرۆشتنى هاوپه‌یمانی، هه‌وڵى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى له‌ رێگه‌ى یاسایى و سیاسى ، به‌کار هێنانى فشارى سیاسى و مادى له‌سه‌ر ھاودیدانمان که‌ دوور بکه‌ونه‌وه‌ له‌ هاوپه‌یمانى ، ئه‌مه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام ئێمه‌ش به‌رده‌وام هه‌وڵى به‌هێزتربوون و به‌رده‌وامى ده‌ده‌ین و هێزى ئێمه‌ش له‌و سه‌رمایه‌ مرۆییه‌ گه‌وره‌یه‌دایه‌، له‌ هه‌مانکاتدا ستراتیژ و پلانى ڕوون و دیارمان هه‌یه‌، ڕاسته‌ ئه‌م پیلانانه‌ زیان ده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام هاوپه‌یمانى ناوه‌ستێنن و چاومان له‌ داهاتووه‌. هاوڵاتى: ئه‌و هاودیدانه‌ى ده‌ستیان له‌کارکێشاوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێن سێ له‌سه‌ر چوارى هاوپه‌یمانى ده‌بین و هاوپه‌یمانى هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌؟ ئارام قادر: هیچ لۆژیکێک ئه‌وه‌ى لاپه‌سه‌ند نیه‌ زۆرینه‌ که‌مینه‌ به‌ جێبهێڵێت، گه‌ر وابوایه‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆ میکانیزمى زۆر ڕوون و ئاشکراو بێ سه‌رئێشه‌ى تیایه‌ که‌ زۆرینه‌ ده‌توانێ بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى بدات، بۆیه‌ ڕاستییه‌که‌ به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ و ژماره‌یه‌کى ئه‌وتۆ نیه‌ کاریگه‌رى له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ى بڕیار هه‌بێت، هه‌ندێک ده‌ستیان له‌کارکێشاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێکیان ده‌رکراون ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پابه‌ندى پره‌نسیپ و ئه‌ته‌کێتى سیاسى نه‌بوون، له‌ناو زیاتر  له‌ 70 ئه‌ندام له‌ ئه‌نجومه‌نه‌ باڵاکان زۆرینه‌ به‌رده‌وامه‌ و کارى خۆى ده‌کات ، گه‌ر زۆرینه‌بوون بۆچى ده‌ستیان له‌کارکێشایه‌وه‌؟ !!!! با به‌و زۆرینه‌یه‌ى که‌ خۆیان باسیانکردووه‌ له‌ناو هاوپه‌یمانیدا ئه‌و بڕیاره‌یان بدایه‌ که‌ ده‌یانویست.  سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى هاوپه‌یمانی، ئه‌و بابه‌ته‌ کۆنه‌، له‌ پاش ئه‌وه‌ى د.به‌رهه‌م ساڵح ده‌ستى له‌کارکێشایه‌وه‌، هه‌مان هه‌وڵدرا که‌ هاوپه‌یمانى هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانى به‌رده‌وامبوو، له‌ناو ئه‌وانه‌ى که‌ ده‌رکراوون هه‌ندێکیان باسى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ ته‌نها بۆئه‌وه‌یه‌ بڵێن هاوپه‌یمانى به‌بێ ئه‌وان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانى به‌ ڕۆشتنى سه‌رۆکه‌که‌ى و لێسه‌ندنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م باره‌گاکانى وبردنى سه‌رجه‌م که‌ل و په‌له‌کانى هه‌ڵنه‌وه‌شایه‌وه‌، ئێستا به‌ به‌یاننامه‌یه‌کى دوور له‌ لۆژیک، چۆن هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، له‌ په‌یڕه‌ودا به‌ ڕوونى باسى ئه‌وه‌ کراوه‌، ده‌بێت هه‌رسێ ئه‌نجومه‌نه‌که‌ کۆببنه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ى سێ له‌سه‌ر چوارى ده‌نگه‌کان بڕیار له‌ به‌رده‌وامى یان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ یان تێکه‌ڵبوون و هاوپه‌یمانێتى له‌گه‌ڵ لایه‌نى تر بدرێت، که‌سێک ده‌رکرابێت یان ده‌ستى له‌کار کێشابێته‌وه‌ مافى باس کردنى هاوپه‌یمانى نیه‌. هاوڵاتى: به‌ڕێزتان تۆمه‌تبار ده‌که‌ن به‌وه‌ى به‌ تاکڕه‌وانه‌ مامه‌ڵه‌ت کردووه‌، قسه‌ت چییه‌ بۆ ئه‌مه‌؟ ئارام قادر:  قسه‌ کردن به‌ ره‌هایى نا زانستیه‌ ، بۆچى تا دوێنێ تاک ڕه‌ونه‌ بووم!!! ئێمه‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆمان هه‌یه‌ و کۆمه‌ڵێک ده‌سه‌ڵات دراوه‌ به‌ سه‌رۆک، کارنامه‌ى سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى هه‌یه‌، ئێمه‌ به‌پێى په‌یره‌و کارنامه‌ کارمان کردووه‌ ، گه‌ر کێشه‌یان له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌و هه‌یه‌ ئه‌وه‌ کۆنگره‌ بڕیارى له‌سه‌ر داوه‌ و کۆنگره‌ش ده‌توانێت ده‌ستکارى و هه‌موارى بکات. هاوڵاتى: بۆچى هه‌وڵتان نه‌دا به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن؟ ئارام قادر: کێشه‌ مان هه‌ر نه‌بووه‌ تا به‌ په‌یڕه‌و چاره‌سه‌ر بکرێت، کێشه‌ خوڵقێنراوه‌ و گرفت دروست کراوه‌. هاوڵاتى: هاوپه‌یمانى بڕیاربوو له‌ حزبه‌ ته‌قلیدییه‌کان نه‌چێت و جیاواز بێت، به‌ڵام به‌ پێى قسه‌ى به‌یاننامه‌ى هاودیدان هیچ شه‌فافییه‌تێک له‌ په‌یوه‌نییدیه‌ حزبییه‌کاندا نییه‌؟ ئارام قادر:  ئێمه‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسییمان هه‌یه‌، هه‌موو په‌یوه‌ندى و کۆبوونه‌وه‌کان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى تر به‌ ئاماده‌یى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سیاسى بووه‌ و کۆبونه‌وه‌کان کۆنوسیان هه‌یه‌ و بڕیاره‌کان تۆمار کراوون. هاوڵاتى: پێتانوایه‌ ده‌ستى سیاسى له‌ پشت ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى هاودیدانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ سلێمانی؟ ئارام قادر: بابه‌ته‌که‌ په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ سلێمانیه‌وه‌ ، له‌ هاوپه‌یمانیدا ده‌ست له‌ کار کێشانه‌وه‌ ئازاده‌ ته‌نانه‌ت پێویستى به‌ په‌سه‌ند کردن نیه‌، ئه‌مه‌ى کرا ده‌ست له‌ کارکێشانه‌وه‌ نه‌بوو، که‌سێک ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ پێشکه‌ش ده‌کات و ده‌ڕواته‌ حزبێکى سیاسى تر، بڕیاره‌که‌ى ڕێز لێگیراوه‌، پرسیاره‌که‌ لێره‌دایه‌ ده‌ست له‌کاربکێشیته‌وه‌و بڕۆیته‌ ده‌ره‌وه‌ى هاوپه‌یمانى و ده‌ست بکه‌یت به‌هه‌ڵمه‌تى دژایه‌تى کردنى هاوپه‌یمانى و هاندانى هاودیدان بۆده‌ست له‌کارکیشانه‌وه‌ هه‌موو که‌سێکى عاقڵمه‌ند ده‌زانێت ئه‌م بابه‌ته‌ چیه‌؟!!. هاوڵاتى: پرسى دارایى یه‌کێکه‌ له‌ تێبیینییه‌کانى هاودیدان، پشتان به‌ چ سه‌رچاوه‌ى داهاتێک به‌ستوه‌ بۆ خه‌رجییه‌کانى حزب؟ ئارام قادر: حزب کۆمپانیا نییه‌ تا داهاتى هه‌بێت، داهات واتا شتێک بفرۆشیت و له‌به‌رامبه‌ردا بڕێک پاره‌ت ده‌ستبکه‌وێت، ئه‌وه‌ش بازرگانییه‌ نه‌ک سیاسه‌ت، حزب پێویستى به‌ سه‌رچاوى دارایى هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى چالاکییه‌کانى به‌ڕێوه‌ببات، ئێمه‌ ژماره‌یه‌کى که‌م کارمه‌ندمان هه‌یه‌ و هاودیدان زۆربه‌یان خۆبه‌خشن، ژماره‌یه‌کى که‌م باره‌گاشمان هه‌یه‌، که‌ناڵى ئاسمانییمان نییه‌ تا پاره‌یه‌کى زۆرى بوێت، که‌واته‌ خه‌رجییه‌کى که‌ممان ده‌وێت، له‌ماوه‌ى رابردوودا به‌ هاوکارى دۆستان و هاودیدان به‌و توانا مادییه‌ که‌سییه‌ى که‌ هه‌مان بووه‌، کارمانکردووه‌ و بۆ داهاتووش، وه‌کو دامه‌زراوه‌ى گه‌شه‌پیدانى ئابوورى پڕۆژه‌مان هه‌یه‌ که‌ هاوپه‌یمانى ببێته‌ خاوه‌ن داراییه‌کى تایبه‌تى خۆى و هه‌موو بابه‌ته‌ داراییه‌کان تۆمار کراوه‌. هاوڵاتى: ئایا هاوپه‌یمانى ده‌مێنێته‌وه‌ یان گۆرانکارى تێدا ده‌کرێت یا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌؟ ئارام قادر: هاوپه‌یمانى له‌ قۆناغى به‌رده‌وام بوون تێپه‌ڕین، هه‌نگاومان هه‌ڵگرتوه‌ بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه‌کانى ترمان، هاو په‌یمانى موڵکى که‌سێک یان چه‌ند که‌سێک نیه‌ خاوه‌نداریه‌تیه‌که‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌موو هاودیدان، هاوپه‌یمانى له‌ ئه‌نجامدانى گۆرانکارى به‌رده‌وامه‌ که‌ ئه‌وه‌ش نیشانه‌ى زیندوێتى ئه‌و قه‌واره‌یه‌ . هاوڵاتى: به‌ پێى هه‌ندێک زانیارى که‌ ده‌ست هاوڵاتى که‌وتووه‌ دکتۆر محه‌مه‌د ڕه‌ئوف یش نیگه‌رانه‌ و دانیشتووه‌ له‌ ماڵه‌وه‌؟ ئارام قادر: به‌ڕێز مامۆستا محه‌مه‌د یه‌کێک بووه‌ له‌ نیشانه‌ جوانه‌کانى هاوپه‌یمانی، بێ ئه‌وه‌ى هیچ پۆستێکى فه‌رمیى هه‌بێت ، دڵسۆزانه‌ کارو چالاکى کردوه‌،  هاوپه‌یمانى ئه‌وه‌ى سه‌لماند کارکردن په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ پۆسته‌وه‌، مامۆستا محمد  نه‌ک ته‌نها به‌رده‌وامه‌ به‌ڵکو  پێکه‌وه‌  داڕێژه‌رو دامه‌زرێنه‌رى پرۆژه‌ى نیشتیمانین  . هاوڵاتى:  ئایا پلانتان چییه‌ دواى دوورکه‌وتنه‌وه‌ى ئه‌و هاودیدانه‌تان؟ قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان؟ ئارام قادر: هاوپه‌یمانى کۆیله‌ په‌روه‌رده‌ناکات و گره‌نتى له‌که‌س وه‌رناگرێت تا مردن بمێنێته‌وه‌ له‌ ناو هاوپه‌یمانى و ده‌ست له‌ کار کێشانه‌وه‌ تایبه‌ت نیه‌ به‌ هاوپه‌یمانى، هه‌موو حزبێکى سیاسى له‌ رابردوو، له‌ ئێستا و داهاتووش ئه‌ندامه‌کانى مافیان هه‌بووه‌ ده‌ست له‌کاربکێشنه‌وه‌، حاڵه‌تێکى سروشتى و ئاساییه‌ ، پێشتریش چه‌ند جارێک هه‌ندێک هاودیدمان ده‌ستیان له‌ کار کێشاوه‌ته‌وه‌ و پاشان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، هه‌ندێک له‌و هاودیدانه‌ وه‌ک چۆن له‌ رابردوودا هاوڕێ و هاوکارمان بوون هه‌ر وا ده‌مێننه‌وه‌.  ئێمه‌ سیاسه‌ت تێکه‌ڵ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ناکه‌ین، به‌ڵام وه‌کو عورفى حزبایه‌تى هه‌ر دواى وازهێنانى ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ له‌ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژێکى که‌مدا به‌پێى په‌یڕه‌ووه‌ پشت به‌ست به‌ ریزبه‌ندى ژماره‌ى ده‌نگى هاودیدان له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نه‌کان چه‌ند هاودیدێکى تر له‌ شوێنه‌کانیان دانراوه‌ و ئێستا هیچ کێشه‌یه‌کمان نه‌ماوه‌. هه‌موو لایه‌ک دڵنیا ده‌که‌مه‌وه‌، پیلانگێڕیى وهه‌راسان کردن و گرفته‌کان پرۆژه‌ى هاوپه‌یمانى و دیدگاى نیشتمانى ناوه‌ستێنیت و کاروان به‌رده‌وامه‌ و ئه‌م بابه‌تانه‌ ده‌بنه‌ مێژوو . به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا هه‌ر که‌سێک ده‌رکرابێت یان ده‌ستى له‌کار کێشابێته‌وه‌ مافى نیه‌ ناو مۆرو پێگه‌و نامه‌ى فه‌رمى هاوپه‌یمانى به‌کار بهێنێت و به‌ مافى خۆمانى ده‌زانین رێکارى یاسایى بگرینه‌ به‌ر، چونکه‌ ئه‌و جۆره‌ کارانه‌ له‌ یاسادا به‌ تاوان هه‌ژمار کراوه‌.

سازدانى: هاوڵاتى سێ له‌ سه‌ر چوارى هاودیدانى هاوپه‌یمانیى نیشتمانیى و زۆرینه‌ى ره‌هاى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سیاسى و جێبه‌جێکردنى هاوپه‌یمانیى به‌وته‌ى دکتۆر موئمین زه‌ڵمى له‌ هه‌فته‌ى رابردوودا ده‌ستیانله‌کارکێشایه‌وه‌ و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران (په‌رله‌مان)ى هاوپه‌یمانیى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ئه‌وحزبه‌ى راگه‌یاند.  له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، د. موئمین زه‌ڵمى ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجومه‌نى سیاسى هاوپه‌یمانى که‌ پاش ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ دوو هاوڕێیتریدا هاوپه‌یمانیى نیشتمانى قسه‌ له‌سه‌ر بارودۆخى ناوخۆیى هاوپه‌یمانیى ده‌کات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ى ئه‌وان کردوویانه‌ ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ نه‌بووه‌ به‌ڵکو " ئینقاز بووه‌ بۆ رزگارکردنى گه‌نجان و هاودیدانى هاوپه‌یمانیى له‌ غه‌رقبوونیان له‌ گه‌ڕه‌ڵاوژێ سیاسییه‌کاندا". هاوڵاتى: له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا هاوپه‌یمانى و نه‌وه‌ى نوێ دروست بوون هه‌ردو هێزه‌ نوێکه‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌تان ده‌کرد که‌ نمونه‌یه‌کى جیاوازن له‌ یه‌کێتى و پارتی، به‌ڵام هه‌ردوو پارته‌که‌ ناکۆکى و که‌رتبونتان تێکه‌وت ئه‌مه‌ بۆچی؟  د. موئمین زه‌ڵمی: له‌ راستیدا بارودۆخى سیاسى کوردستان به‌ داخه‌وه‌ وه‌ک زۆربه‌ى کایه‌کانیترى ژیانى تاکى کوردی، بارودۆخێکى ناته‌ندروسته‌، ئه‌مه‌ش له‌ ده‌یه‌ى رابردوودا زیاتر هه‌ستى پێکرا، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو که‌ وایکرد گوڕو تینى جیاواز له‌ چه‌ند لایه‌که‌وه‌ وه‌گه‌ڕبخرێن بۆ هه‌وڵدان بۆ راستکردنه‌وه‌ى ئه‌و باودۆخه‌ سیاسیه‌. دڵنیام هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ش که‌ به‌م ئه‌رکه‌ هه‌ستاون، روئیاى جیاوازیان هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر له‌ راگه‌یاندنى هاوپه‌یمانییه‌وه‌ رامانگه‌یاند نیازمان تێپه‌ڕاندنى دابه‌شکارییه‌کانه‌، چونکه‌ کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستان دابه‌شبوونه‌که‌ى فراوانه‌ و سنوره‌ سیاسى و جوگرافى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ئاینییه‌کان ته‌واو تۆخکراونه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ش ئێمه‌ به‌ نه‌فه‌سێکى نوێى گه‌نجانه‌ و به‌ ئامانجى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و سیاسه‌ت و حیزبایه‌تییه‌کى ته‌ندروست و گێرانه‌وه‌ى متمانه‌ بۆ سیاسه‌ت و حیزب، هه‌نگاومان هه‌ڵگرت و به‌رده‌وامیماندا به‌ هاوپه‌یمانى و له‌م پێناوه‌شدا هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ شه‌خسییه‌کانمان وه‌لاناو له‌ چوارچێوه‌ى هێنانه‌دى ئامانجه‌کان و چاکه‌ى گشتییدا کارمان کرد. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو تواناى خۆمان خسته‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى به‌ ئاراسته‌ى ئامانجه‌کانى هه‌نگاو بنێ و هیوا بگێریته‌وه‌ بۆ پڕۆسه‌ى سیاسیی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ست له‌ ئامانجى خۆى به‌لاڕێدابرا و له‌ برى پرۆژه‌یه‌کى نیشتیمانى سیاسی، ئاماژه‌کانى کردنى به‌ دوکانى سیاسیى لێوه‌ به‌ده‌رکه‌وت، که‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى دیدگا و ئامانجى سیاسیى ئێمه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى خه‌ڵکى کوردستانه‌، چونکه‌ بڕوامان وایه‌ ده‌بێته‌ بارگرانیه‌کیتر و جگه‌ له‌ زیادکردنى ژماره‌یه‌کیتر بۆ ژینگه‌ى حیزبى هیچیتر نیه‌. بۆیه‌ش بارودۆخى هاوپه‌یمانیى ناکۆکى ناوخۆیى نیه‌ ئه‌وه‌نده‌ى رۆڵبینینه‌ بۆ وه‌ستانه‌وه‌ دژى تاکڕه‌وى و ناشه‌فافیه‌ت و نارۆشنى دیبلۆماسییه‌ت و ناپه‌به‌ندییه‌ به‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆوه‌. هاوڵاتى: ماوه‌ى دوو ساڵه‌ چۆن ئیداره‌ى حزبه‌کاتان کردووه‌ له‌ روى داراییه‌وه‌، سه‌رچاوه‌ى داراییتان چى بوو؟ چۆن خه‌رج ده‌کرا؟  د. موئمین زه‌ڵمی: نارۆشنى پرسى دارایى و قۆرخکارى و ناشه‌فافییه‌ت و پابه‌ندبوون به‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى حزب و کارنه‌کردن به‌ یه‌ک تیمى و ئاڵۆزى و پڕگرێوگۆڵى په‌یوه‌ندییه‌ حزبییه‌ ناوخۆیى وئیقلییمه‌ییه‌کان ئه‌و هۆکارانه‌بوون که‌ واى لێکردین راستییه‌کان بۆ هاودیدان و جه‌ماوه‌رى کوردستان روونبکه‌ینه‌وه‌ و بێبه‌ریبوونى خۆمان له‌هه‌ر هه‌نگاوێکى سیاسى دامه‌زرێنه‌رانى هاوپه‌یمانیى بگرینه‌به‌ر و پێمان وایه‌ روونکرده‌وه‌ى بارودۆخه‌که‌ بۆ هه‌موولایه‌ک قۆناغى گه‌شى هیوادارییه‌ بۆ ئینقازى گه‌نجانى ناو حزبه‌کان به‌و ئاقاره‌ سیاسییه‌ ناته‌ندروسته‌ى که‌ دامه‌زرێنه‌رانى ده‌یانویست ئاراسته‌یان بکه‌ن، ئێمه‌ هه‌وڵى زۆرماندا و چه‌ندین پرسیارمان کرد و وه‌ڵامى رۆشنمان ده‌ستنه‌که‌وت. هاوڵاتى: بۆچى ده‌ستانله‌کارکێشایه‌وه‌ نه‌ده‌تانده‌توانى به‌پێى په‌یره‌وى ناوخۆ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن؟ د. موئمین زه‌ڵمی: له‌ راستیدا کۆمه‌ڵێک هۆکارى بابه‌تى وایان لێکردین به‌م ساڵڤج و ئینقازه‌ هه‌ستین بۆ رزگارکردنى گه‌نجان و هاودیدانى هاوپه‌یمانیى له‌ غه‌رقبوونیان، و چیتر گه‌ڕه‌لاوژێ سیاسییه‌کان قبوڵ نه‌که‌ین و هاودیدان و راى گشتى ئاگادار بکه‌ینه‌وه‌، له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ به‌لاڕێدابردنى دیدگا و پڕۆژه‌ى نیشتیمانى که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌و ئامانجه‌ فراوانه‌ به‌رده‌وامیمان به‌ هاوپه‌یمانى دا، تاکو له‌ حزب فراوانتر بێت و بکرێته‌ هه‌وێنى خزمه‌ت به‌ خه‌ڵک و کارى پێکه‌ویى نیشیمانییانه‌.  هه‌روه‌ها ناڕوونى له‌ سیاسه‌تى هاوپه‌یمانى و پابه‌ندنه‌بوون به‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆ و پلانى ستراتیجى چوار ساڵى هاوپه‌یمانی. گرنگه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م که‌ ته‌واوى هاودیدان به‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سیاسیشه‌وه‌ خۆبه‌خشانه‌ و له‌سه‌ر گیرفانى خۆیان هاوپه‌یمانیان ڕاگرت، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا ناشه‌فافى له‌ سه‌رچاوه‌کانى دارایى حیزب که‌ دامه‌زرێنه‌رانى هاوپه‌یمانیى له‌ هه‌موو هاودیدانیان ده‌شارده‌وه‌ به‌ یاریده‌ده‌ر و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سیاسیشه‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ ده‌بێ بڵێم که‌ میکانزمى بڕیاردان له‌ ناو هاوپه‌یمانیدا به‌پێى بنه‌ماکانى کارى هاوپه‌یمانى نه‌بووه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌ى کارى پێکه‌وه‌ییه‌وه‌ بڕیار ده‌رکراوه‌، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ وێڕاى بوونى ناڕه‌زایی، چه‌ندین بڕیاڕى هه‌ڵه‌ى تاکڕه‌وانه‌ به‌سه‌ر هاوپه‌یمانیدا تێپه‌ڕێنرێت، له‌ لایکیتره‌وه‌ ئه‌گه‌رچى دروستکردنى په‌یوه‌ندى سیاسى و دیبلۆماسى به‌ پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆ، یه‌کێک بووه‌ له‌ کاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانى ئه‌نجومه‌نى سیاسیی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌نگاوه‌کان نراون. هاوڵاتى: چاره‌نوسى ئه‌ندامه‌ وازهێنراوه‌کان چى ده‌بێت؟ پلان و به‌رنامه‌ى داهاتوتان چیه‌؟ ده‌چنه‌وه‌ نێو حزبه‌کانتان یان بیرۆکه‌ى ترتان هه‌یه‌، هیچ حزبێک په‌یوه‌نده‌ى پێوه‌که‌ردون دواى وازهێنانتان؟  د. موئمین زه‌ڵمی: بۆ پڕۆژه‌ى داهاتوومان، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان کارى سیاسى و مه‌ده‌نى خۆمان ده‌که‌ین و له‌ به‌ره‌ى خه‌ڵکدا ده‌بین و هیچ کات ناچینه‌ نێو به‌رژه‌وه‌ندى و ململانێ ناته‌ندروسته‌ حیزبییه‌ بچوکه‌کانه‌وه‌.  پێمانوایه‌ ئێمه‌ و هاوڕێکانمان ئه‌و سامانه‌ مرۆییه‌ین که‌ ده‌توانین ببنه‌ پایه‌ى سه‌ره‌کى به‌ره‌ى داکۆکى راسته‌قینه‌ له‌ خه‌ڵکى کوردستان و ئاماده‌یى خۆمان بۆ ده‌ستبارگرتن له‌گه‌ڵ دڵسۆزانى خه‌ڵک راده‌گه‌یه‌نین. له‌ داهاتووشدا تواناکانى خۆمان ده‌خه‌ینه‌ خزمه‌تى خه‌ڵکه‌وه‌، وه‌ک ئاماژه‌م پێکرد ئێمه‌ له‌ پێناو گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌ بۆ سیاسه‌ت و حزب له‌م وڵاته‌دا به‌رده‌وامیمان به‌ هاوپه‌یمانیدا و ئه‌م ئاڵه‌نگارییه‌ گه‌وره‌یه‌مان گرته‌ ئه‌ستۆ، بڕیارى ئێستاشمان هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان پره‌نسیپه‌ و له‌ سه‌ر بنه‌ماى گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌یه‌ به‌ سیاسه‌تى ته‌ندروست و نیشتیمانیانه‌ ده‌ستمان له‌کارکێشاوه‌ته‌وه‌.