شاناز حه‌سه‌ن رێکخراوه‌کانى ژنان پێیانوایه له‌باربردنى منداڵ، پێویستى به‌یاسایه‌کى تایبه‌تمه‌ند هه‌یه که‌ناکرێت له‌ناو پرۆژه یاسایه‌کى دیکه‌دا مادده‌یه‌کى بۆ ته‌رخانبکرێت وەکو ئەوەی کەهەفتەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کرد. یاساى ماف و ئه‌رکى نه‌خۆش له‌په‌رله‌مانى کوردستان په‌سند کرا، ژنانى دوو گیان ئه‌گه‌ر نه‌خۆشییه‌کى ترسناکیان هه‌بێت لیژنه‌ى پزیشکى ده‌توانێت بڕیار له‌سه‌ر له‌باربردنى مناڵه‌که‌یان بدات، له‌وه زیاتر به‌هیچ پاساوێک ژنان بۆیان نییه منداڵ له‌باربه‌رن. مادده‌ى حه‌وته‌مى یاساکه که‌تایبه‌ت بوو به‌له‌باربردنى منداڵ زۆرترین گفتوگۆى له‌سه‌ر کرا که‌تێیدا هاتووه «ئافره‌تى دووگیانى تووشبوو به‌نه‌خۆشییه‌کى ترسناک که‌مه‌ترسیى راسته‌قینه له‌سه‌ر ژیانى دروستبکات، ده‌کرێت دواى ره‌زامه‌ندیى نه‌خۆش و هاوژینه‌که‌ى و به‌بڕیارى لیژنه‌یه‌کى پسپۆێ که له پێنج پزیشک که‌متر نه‌بێت، به پشکنینێک که له‌که‌رتى گشتى کردبێتی، کۆرپه‌که‌ى له‌بارببرێت، جگه له‌م حاڵه‌ته له‌باربردنى منداڵ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌یه«. رێکخراوه‌کانى ژنان پێیان وایه له‌باربردنى منداڵ پێویستى به‌پرۆژه یاسایه‌کى تایبه‌تمه‌ند هه‌یه نه‌ک ته‌نیا به بڕگه‌یه‌ک له‌ناو پرۆژه یاسایه‌کدا جێى بکرێته‌وه. به‌هار مونزیر، به‌ڕێوه‌به‌رى ریکخراوى خه‌ڵک بۆ گه‌شه‌پێدان، له‌لێدوانێکدا به وت» لهدهرکردنى ئه‌و بڕیار و یاسایانه‌دا ده‌بێت رێکخراوه‌کانى ژنان و شه‌ڵته‌رو ئه‌و لایه‌نانه وه‌ربگیرێت که رۆژانه به‌رکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌تانه‌دا هه‌یه‌و کارى له‌سه‌رده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو لایه‌نه سلبى و ئیجابیه‌کانى بابه‌ته‌که شیبکرێته‌وه و له‌به‌رچاو بگیرێت، بۆیه دیاره کەئهم پرۆژه‌یه په‌له‌په‌لى زۆرى پێوه دیاره«. جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه« له‌ئه‌وروپاش له‌باربردنى منداڵ کاتى بۆ دانراوه، ئێمه‌ش هیچ کات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین له‌ته‌مه‌نێکى گه‌وره‌ى منداڵدا په‌نا بۆ له‌باربردن ببرێت، به‌ڵام پێویسته ئه‌وه به‌ماف به‌رجه‌سته‌بکرێت که ته‌نیا دایکه‌که ده‌توانێت بڕیار له‌سه‌ر مانه‌وه یان نه‌مانى کۆرپه‌له‌که‌ى بدات، پێویستى به‌مۆڵه‌تى باوکه‌که نه‌بێت». به‌هار مونزیر وه‌ک رێکخراوه‌کانى ژنان ئه‌وه‌شى وت»ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین که‌هۆشیارى بڵاوبکرێته‌وه، که منداڵه‌که دروست نه‌بێت، به‌ڵام که دروستبوو پێویسته به‌یاساى تایبه‌تمه‌ندو گونجاو مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بکرێت و چاره‌سه‌رى بۆ بکرێت، چونکه به‌سه‌دان ژن له‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌کان له‌باربردن ده‌که‌ن و گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن». به‌هار مونزیر ئه‌وه‌شى ئاشکراکرد رۆژانه حاڵه‌ت هه‌یه‌و سکپڕى له‌ده‌ره‌وه‌ى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى رووده‌دات، بۆیه پێویسته ئه‌و که‌سانه‌ى له‌بواره‌که‌دا کارده‌که‌ن زۆر به جددى کار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه بکه‌ن و گرنگى پێبدرێت. وه‌ک به‌ڕێوەبه‌رى رێکخراوێک وتیشى» نابێت ته‌نیا وه‌ک مافى نه‌خۆش سه‌یرى ئه‌م که‌یسه بکرێت، به‌ڵکو پێویسته رێگه‌چاره‌یه‌کى بۆ بدۆزرێته‌وه که‌چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى رۆژانه‌ى ناو ژیانى خه‌ڵک بکات، که ساڵانه چه‌ندین که‌س به‌و هۆکارانه کۆتایى به‌ژیانى دێت». ئه‌ڵماس سه‌میع، سکرتێرى کۆمه‌ڵه‌ى ئافره‌تانى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به وت»وه‌ک حزبى شیوعى و بیروباوه‌ڕى تایبه‌تى خۆمان ئێمه زیاتر لایه‌نه مرۆڤایه‌تیه‌که به‌لامانه‌وه زۆر گرنگه، بۆیه تاکه‌که به‌پێى ئه‌و بارودۆخه‌ى تێیدایه بڕیار له‌سه‌رى ده‌درێت، واته به‌گشتى له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندى تاکین و ئافره‌تیش، به‌مه‌رجێک ئه‌و تاکه دەرهاویشته‌ى خراپى نه‌بێت بۆ سه‌ر کۆمه‌ڵگه«. هه‌روه‌ها وتیشى» ئه‌م بابه‌ته بابه‌تێکى ورده‌و زۆر حه‌ساسه، پێویسته زۆر به‌وردى یاساکه تایبه‌ت بێت و کارى له‌سه‌ربکرێت، چونکه به گرنگى ئافره‌ت و منداڵ ده‌بێت پرۆژه‌که ئاماده‌بکرێت، به‌و پێیه‌ى مافى ئافره‌ته‌که نه‌فه‌وتێت». ئه‌ڵماس سه‌میع، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه« پێویسته هۆکارى دروست بونى سکپریه‌که رونبکرێته‌وه و کارى له‌سه‌ربکرێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش له‌یاساکه‌دا جێگیربکرێت بۆ ئه‌وه‌ى ببێته هاوکار بۆ ئافره‌ته‌که‌و مافى کۆرپه‌له‌کەش بپارێزرێت». هیوا که‌ریم، وته‌بێژى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى ئافره‌تان و خێزان ، له‌لێدوانێکدا به وت» له‌پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیریدا حاڵه‌ت هه‌یه که‌ده‌یانه‌وێت منداڵه‌کانیشیان له‌ناوبه‌رن، که‌ئه‌مه شتێکى ئاساییه، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى چه‌ندین حاڵه‌تمان هه‌یه، که‌ئه‌مه کێشه‌که‌یه‌و سکپڕى هه‌یه رووده‌دات و به‌رده‌وامبوونى هه‌یه«. هه‌روه‌ها وتیشى» پێویسته ئه‌مه به‌پڕۆژه یاسایه‌کى ورد دیراسه بکرێت و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانى یاساناس و مافناس و که‌سانى پسپۆر‌و کۆمه‌ڵناس و ده‌رونناس و پزیشکه‌کان کارى بۆ بکرێت، چونکه ئه‌مه شتێکى ئه‌وه‌نده ئاسان نیه، به‌ڕزگارکردنى روحى که‌سێک، له‌لایه‌کى دیکه‌وه چه‌ندین کێشه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى دیکه سه‌رهه‌ڵبدات و کۆمه‌ڵگه وێران بکرێت واته لایه‌نى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئاینى و دابونه‌ریت له‌به‌رچاو بگیرێت». وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى توندوتیژى دژى ژنان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد»با هیچ نه‌بێت پرۆژه یاسایه‌ک ده‌ربکرێت، هه‌ر له‌کاتى ده‌رچوونیه‌وه پێویستى به‌هه‌موارکردنه‌وه نه‌بێت، که ئه‌وه له‌په‌رله‌مانى کوردستانى ئێستا چاوه‌ڕوان ناکرێت». قومریه محه‌مه‌د، سکرتێرى رێکخراوى خوشکانى ئیسلامى له‌لێدوانێکدا به وت» به‌پێى شه‌ریعه‌تى ئیسلام، منداڵ له‌دواى ئه‌وه‌ى دروستده‌بێت له‌سکى دایکیداو گیانى به‌به‌ردا ده‌کرێت، ته‌مه‌ن و قۆناغى جیاوازى هه‌یه، که‌ده‌بوایه له‌یاساکه‌دا زۆر به‌وردى ئه‌وه روونبکرایه‌ته‌وه، که نه‌کراوه‌و بۆته که‌موکوڕى یاساکه«. وتیشى»هیوادارم ئه‌م یاسایه‌و هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ش که له‌به‌رژه‌وه‌ندى تاکدایه، کارى پێبکرێت و ته‌نیا یاسا ده‌رکردن نه‌بێت و یاساکان وا باس بکرێت و تیشکى بکرێته‌سه‌ر که هیچ لایه‌نێک به‌جێنه‌هێلێت ببیته مه‌ترسى بۆ سه‌ر ژیانى که‌سێک». قومریه محه‌مه‌د، ئه‌وه‌شى باسکرد»له‌ده‌ره‌وه‌ى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى درستبوونى هه‌ر منداڵێک زینایه و ئه‌وه بڕیارێکى موتڵه‌قه، به‌ڵام له‌حاڵه‌تى تایبه‌تدا پێویسته به‌یاساکه روونبکرێته‌وه و چاره‌سه‌رى بۆ دابنرێت». سه‌یوان رۆسته‌م، وه‌ک یه‌کێتى ژنان ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ى وت» ئێمه داده‌نیشین و خاڵه به‌هێز و لاوازه‌کانى یاساکه تاووتوێده‌که‌ین و روونکردنه‌وه‌ى پێویستى له‌باره‌وه ده‌ده‌ین». وتیشى»له‌زووترین کاتدا له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانى خۆمان و که‌سه پسپۆره‌کان کۆده‌بینه‌وه، چونکه ئه‌م بابه‌ته ورده‌و پێویستى به‌که‌سى یاسایى و پسپۆر هه‌یه«. دڵسۆز به‌کر، به‌ڕێوه‌به‌رى رێکخراوى ژیان بۆ داکۆکى له‌مافى ئافره‌ت و کێشه‌کانیان له‌لێدوانێکدا به وت» ئێمه له‌لاى خۆمانه‌وه کار بۆ پێداچوونه‌وه‌ى ئه‌و پرۆژه یاسایه ده‌که‌ین و ده‌مانه‌وێت تایبه‌تمه‌ند بکرێت، چونکه بابه‌ته‌که بۆته ئه‌مرى واقیع و رۆژانه که‌یسى له‌و جۆره زۆره«. به‌ڕێوه‌به‌رى رێکخراوى ژیان، ئه‌وه‌شى وت» له‌باربردنى منداڵ له‌هه‌موو کات و ساتێکدا له‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌کاندا هه‌بووه، بۆیه ده‌بێت پرۆژه یاساکه یان نه‌جوڵێنرێت، یاخود که‌بووه یاسا کار بەهه‌موو لایه‌نه‌کانى بکرێت».
ھاوڵاتی، ماردین نورەدین یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مل نادات بۆ خواستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەچوارچیوەی پڕۆژەیەکدا ئامادەی کردووە لەکەرکوک. یەکێتی پارتی تۆمەتباردەکات بەوەی لەسەر داوای تورکیا ماوەی سێ ساڵە نەگەڕاوەتەوە کەرکوک، بەڵام پارتی دەڵێت شارەکە لەلایەن حەشدی شەعبیەوە داگیرکراوەو بەبێ پڕۆژەی خۆیان ئامەدەنین بگەڕێنەوە. دوێنێ یه‌کشه‌ممه 20ى ئه‌یلول به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى که‌رکوکى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان رایگه‌یاند، کێشه‌کانى که‌رکوک په‌یوه‌ندى به‌ناکۆکى پارتى و یه‌کێتییه‌وه نییه‌و «پارتى خۆى نایه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه شاره‌که له‌به‌ر تورکیا». بەڵام پارتی دەڵێت ئەو قسانە راست نین. ئەو قسانەشی لهبارهگاى مه‌ڵبه‌ندى حزبەکە کرد لەکەرکوک دوای ئەوەی لایه‌نه کوردییه‌کانى شاره‌که‌ی کۆکردەوە به‌بێ ئاماده‌بوونى پارتى و تیایدا له‌باره‌ى چه‌ند پرسێکه‌وه گفتوگۆیان کرد. عەدنان کەرکوکی وتەبێژی سەرکردایەتی پارتی لەکەرکوک رایگەیاند حزبەکەی باشداری کۆبوونەوەی حزبەکان ناکات لەکەرکوک چونکە ئەو پێیوایە شارەکە «داگیرکراوە». وتیشی «قسەکانی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوک ئەسڵ و ئەساسیان نییەو دوورن لەڕاستییەوە، هیچ قابیلی قبوڵ نییە». عەدنان کەرکوکی بە ھاوڵاتی وت «هەتا ئەو داگیرکارییە سەربازییە لەکەرکوک بێت کە هیچ کەشوهەواو بارودۆخێکی دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی تێدا نییە، ناتوانرێت چالاکی مەدەنی یان چالاکی سیاسی تێدا ئەنجامبدرێت، بۆیە کە پارتی بەو شێوەیە ناگەڕێتەوە کەرکوک، ئەم دەسەڵاتەی کەئەمڕۆ لەکەرکوکە بەدەسەڵاتێکی شەرعی نازانین». له‌دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ی دوێنێی پارتە کوردییەکان لەکەرکوک محه‌مه‌د دووشیوانى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى که‌رکوکى یه‌کێتى به رۆژنامه‌نوسانى راگه‌یاند، کۆبوونه‌وه‌که له‌سه‌ر کێشه‌کانى ئه‌مڕۆى که‌رکوکه به‌تایبه‌ت ته‌عریب و هێنانى عه‌ره‌ب. سەبارەت بە پرۆسەی تەعریبکردنەوەی ناوچە کوردیەکان کە بەم دواییانە دەستی پێکردووەتەوە، عەدنان کەرکوکی وتی «کاتێک کورد دەسەڵاتی هەبوو تەعریب دەسڕایەوە، پۆستی خۆی هەبوو حاکمی شار بوو، ئەمڕۆ بەسەر کەرکوک هاتووە کێ بەرپرسە لێی ئەوان (یەکێتی) بەرپرسیارن». لەگەڵ ئەوەشدا دوێنێ حزبەکان بەبێ پارتی کۆبوونەوە، محەمەد دووشیوانی وتی «کۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه کوردییه‌کان بۆ ئه‌وه‌یه که یه‌کهه‌ڵوێست و یه‌کده‌نگ بین تا به‌یه‌که‌وه بڕیار‌و سیاسه‌تێکى هاوبه‌شمان هه‌بێت». وتیشى «له راگه‌یاندنه‌کان وا پیشانده‌درێت کهکێشهکانى ئه‌مڕۆى که‌رکوک په‌یوه‌ندى به ناکۆکى پارتى و یه‌کێتییه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ش دووره له‌ڕاستییه‌وه، پارتى ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه که‌رکوک با باره‌گاکان و سه‌رجه‌م پۆسته ئیدارییه‌کانى وه‌ربگرێته‌وه، به‌ڵام مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه پارتى له‌به‌ر تورکیا ناگه‌ڕێته‌وه که‌رکوک». به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى که‌رکوکى یه‌کێتى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه، بڕیاریانداوه لیژنه‌یه‌ک پێکبهێنن له لایه‌نه کوردییه‌کان له‌سه‌ر کێشه‌کانى که‌رکوک سه‌ردانى هه‌ردوو حکومه‌تى عێراق و هه‌رێم بکه‌ن. له‌دواى رووداوه‌کانى ١٦ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه پارتى باره‌گاکانى له که‌رکوک داخستووه‌و تائیستاش نایه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه که‌رکوک به‌هۆکارى ئه‌وه‌ى دۆخى شاره‌که ئاسایى نه‌کراوه‌ته‌وه. عەدنان کەرکوکی «پارتی پڕۆژەی هەیە، پڕۆژەکەشی بۆ ئاساییکردەوەی دۆخی کەرکوکە، پڕۆژەکە هەموو لایەنەکان قبوڵیانە و گفتوگۆی لەسەرە، لەچاودێری یونامی چەندین کۆبوونەوە کراوە، بەڵام هەتا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێکەوتنی کۆتایی، بۆیە پارتی بەو شکڵە نایەتە کەرکوک کەهیچ دەسەڵاتێکی نەبێت و هیچ کەشوهەوایەکی ئازادی نەبێت». سەبارەت بەو وتەیەی مەحەمەد عوسمان کە دەڵێت یەکێتی و پارتی هیچ کێشەیەکییان نییە، پارتی دەتوانێت بێتەوە سەر پلەو پۆستەکانی پێشوی، عەدنان کەرکوکی وتەبێژی سەرکردایەتی پارتی لەکەرکوک بە ھاوڵاتی راگەیاند «پارتی بیری لەپۆست نەکردۆتەوە لەکەرکوک بیریشی لێناکاتەوە».
ھاوڵاتی بەرپرسانی رۆژائاوای کوردستان دەستیانکردووە بەگواستنەوەی ژنانی بیانیی و منداڵەکانیان کە پەیوەستبوون بەڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە بۆ دەرەوەی کەمپێکی جەنجاڵ لەباکوری خۆرهەڵاتی سوریا تابخرێنه ژێر چاکسازیی، لەهەمانکاتدا کەسانێکی تریان لەڕێگەی پارەوە هەڵهاتوون. هەندێک لەژنانی داعش لەڕێگەی ئینتەرنێنەوە هاوسەرگیریی دەکەن و بەرەو تورکیا هەڵدێن. هەسەدە مەترسیدارەکانیان جیادەکاتەوە لەپەشیمانبووەکان، ئەوەش دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت هەندێکیان هێشتا لەپەیوەندیدان لەگەڵ بەرپرسانی گروپەکە کەدەکرێت وەکو مەترسی سەیربکرێن. ئەوانەی کەمتر توندڕەون دەبرێنە شوێنێک بۆ چاکسازیی شێخموس ئەحمەد بەرپرسێکی رۆژاڤایە، بەئاژانسی فرانس پرێسی وت (76) خێزان لەتەمموزەوە لەکەمپی هۆلەوە بۆ رۆژ گوێزراونەتەوە، دوای داوایەک کەتیایدا پەشیمانییان دەربڕیوە لەپەیوەندییان بەو گروپە تووندڕەوەوە. بەرپرسەکە باسی لەنەتەوەکانیان نەکرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی کورد وتیان بیانیەکانی کەمپی هۆل لە (50) وڵاتی جیاوازەوە هاتوون. دوای چەندین ساڵ پێشەنگیکردنی شەڕ دژی داعش بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشەنگیکراو لەلایەن ئەمریکاوە، کوردەکانی سوریا هەزاران گومانلێکراوی بیانییان بەندکردووە کەپشتیوانییان لەو گروپە تیرۆریستییه کردووە. لەنێو ئەمانەدا چەکدارانی گومانلێکراوی زیندانکراو هه‌ن، بەڵام هەزاران ژن و منداڵی تریش کەپەیوەندییان پێیانەوە هەیە و لەکەمپی ئاوارەکاندان -- زۆرێکیان لەچەندین خێمەی جەنجاڵی شاری هۆلدان. گروپەکانی کۆمەک بەردەوام سکاڵایان دژی دۆخی ژیان لەو کەمپە کردووە کەتێیدا نزیکەی (70) هەزار کەسن دەبن و زیاد لەنیوەیان لەخوار تەمەنی پێنج ساڵەوەن و بەرپرسانی کوردیش یەکەمین کەیسی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەنێو دانیشتوانەکەیدا راگەیاند لەکۆتایی ئابدا. شێخموس ئەحمەد وتی «کەمپی رۆژ فراوانکراوە بەهەماهەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بۆ گواستنەوەی چەکدارانی بیانی داعش و ژن و منداڵەکانیان دوای ئەوەی داوای ئه‌وه‌یان کردووه که هۆل بهجێبهێڵن.» وتی «کەمترین رادیکاڵهکانیان ئامادەی چاکسازین و داوای گەڕانەوەیان کردووە بۆ وڵاتەکانیان و تێکەڵبوونەوە بەکۆمەڵگاکانیان، پەشیمانیشیان نیشانداوە.» بەگشتی چاوەڕواندەکرێت نزیکەی (400) خێزان لەهۆلەوە بۆ رۆژ بگوێزرێنەوە، کە لەوێ لەخێمەی تایبەت بەخۆیاندا دەژین. وڵاتانی خۆرئاوا بەگشتی دوودڵن لەوەرگرتنەوەی ئەو هاووڵاتیانەیان کەپەیوەندییان بەداعشەوە کردووه لەباکوری خۆرهەڵاتی سوریا، هەرچەندە هەندێکیان ژن و منداڵیان وه‌رگرتۆته‌وه، بەگوێرەی که‌یس به‌که‌یس. هەوڵی هەڵاتن و هاوسەرگریکردن لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەرپرسانی رۆژاڤا وێڕای ئەوەی کەڕووبەڕووی هەڕەشەی شانە نووستووەکانی داعش دەبنەوە، تووشی چەند کێشەی دیکە دەبنەوە، وەکو هێرشی ناوەناوەی میلیشیاکانی سەر بەتورکیا، ئەمە جگەلەوەی ئەرکی چاودێری (70) هەزار خێزانی زیندانیانی داعشیان لەئەستۆیە کەزۆرێکیان بیانین و وڵاتەکانیان نایانەوێت وەریان بگرنەوە. پێشنیاری نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی گەڕاندنەوەی زیندانیانی داعش بۆ ئەو وڵاتانەی لێی هاتوون، لەوانە وڵاتانی رۆژئاوا، دەنگی نەهێنا. بەگوێرەی نووسراوێکی نەشناڵ ئینترێست، ئەو پێشنیارە لە 21ی ئاب لەلایەن ئەمریکاوە ڤێتۆ کرا تاچارەنووسی (70) هەزار زیندانی بەناڕوونی بمێنێتەوە. بەرپرسانی هەسەدە ئەم زیندانیانەیان لەدوو کەمپی هۆل و رۆژدا نیشتەجێکردووە، بەڵام زیندانییەکان لەساڵی 2018وە بەردەوام هەوڵی هەڵاتن دەدەن بەتایبەت ژنان. دکتۆر ئان سپکهارد، مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون و بەڕێوەبەری ناوەندی نێونەتەوەیی تووێژینەوەکان بۆ توندئاژۆیی پێشتر وتی «ئەو ژنانەی داعش کە لەکەمپی ئەلهول لەناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سوریا زیندانی کراون بەخەرجکردنی (10 تا 20) هەزار دۆلار دەتوانن بەشێوەی قاچاخ و بەشاراوەیی هەڵبێن». زیاتر وتی ژنانی داعش بەخەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە، بەشێوەی قاچاخ لەکەمپی هۆل کە لەژێر کونترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە، هەڵاتوون. ژمارەیەکیان چوونەتە ئیدلیبی سوریا‌و ژمارەیەکیشیان لەڕێگای ناوچە سوریایەکانی ژێر کونترۆڵی تورکیاوە خۆیان گەیاندۆتە تورکیا. ئەم بابەتە هەفتانە درێژەی هەیەو هێزەکانی سووریای دیموکرات پشتڕاستیان کردۆتەوە. پرسی هەوڵی زیندانیانی داعش بۆ هەڵاتن لەکەمپی ژێر چاودێریی هەسەدە بووەتە دیاردەیەکی جیددی و مەترسیدار. بۆیە بەرپرسانی رۆژاڤا دەستیان کردووە بەجوداکردنەوەی زیندانییە مەترسییدارەکان لەکەمپی هۆل و ژمارەیەکیان بۆ کەمپی رۆژ گواستووەتەوە. بۆ نموونە هەفتەی رابردوو ژنان و منداڵانی ئوسترالیایی لەبەشێکی کەمپی هۆلەوە کە بەشەقامی سیدنی ناوی دەرکردووە؛ بۆ کەمپی رۆژ گواسترانەوە. بەڕێوەبەری سەنتەری نێودەوڵەتیی تووێژینەوەکانی توندوتیژیی لەبارەی هۆکارەکانی یارمەتیدان بەهەڵاتنی ژنە داعشەکان دەڵێت «هۆکاری زۆر هەن بۆ یارمەتیدان بۆ هەڵاتنی ژنانی داعش لەکەمپی ژێر کونترۆڵی کوردەکان. بۆ نموونە بەهۆی نالەباربوونی دۆخی کەمپەکە وەڕەز بوون و ئەگەر بتوانن لەڕێگای ئینتەرنێتەوە هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەوروپیەک دەکەن و پارەی پێویست بۆ هەڵاتن لەکەمپەکە فەراهەم دەکەن و کەمپەکە بەجێدێڵن. ژنانی زیندانیکراو لەهۆل لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەکو ئینستاگرام، تێلێگرام و تۆڕی پێدانی پەی بال داوای یارمەتییان کردووە تا بەشێوەی شاراوە هەڵبێن. لەلایەکی دیکەوە، کریستۆفر میلر، بەڕێوەبەری سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەئەمریکا هۆشداری دەدات کەداعش تەرکیزی کردووە لەسەر ئەندامە زیندانییەکانی لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سوریا. مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون ئاماژەشی دا بەپرسی نەبوونی توانای دارایی بەرپرسانی کوردی سوریا بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکە و هەروەها داواکردن لەوڵاتانی هەناردەکەری داعش بۆ وەرگرتنەوەی داعشەکان. هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ئیدارەدانی زیندان و زیندانییەکان و پێدانی مووچەی هێزەکانیان یارمەتیی دارایی لەهاوپەیمانان وەردەگرن، بەڵام دیارترین شتێک کەئێستا ئەو هێزانە دەیانەوێت ئەوەیە وڵاتانی جیهان هاووڵاتیانی داعشی خۆیان کەئێستا لەزیندانەکانیاندان وەربگرنەوە. گۆڤاری نەشناڵ ئینترێست هۆشداریی داوە ئەگەر وڵاتانی بیانی لەوانە ئەوروپییەکان هەوڵنەدەن بۆ گەڕاندنەوەی داعشە هاووڵاتییەکانی خۆیان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سوریا، ئەگەری زیاتربوونی هێرشەکانی ئەو گروپە تیرۆریستییە لەئارادایە.
ھاوڵاتی کۆمیسیۆنی لێپرسینەوەی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی جەنگی سوریاوە راپۆرتێکی ئامادەکرد. لەڕاپۆرتەکەدا کۆمەڵێک بەڵگە لەسەر تاوانەکانی تورکیا‌و میلیشیاکانی لەژێر ناوی ‹سوپای نیشتمانی سوریا› کە لەعەفرین و سەرێکانی ئەنجامیان داوەو لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە گیراون، بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو وێنانەی لەڕاپۆرتەکەدا بڵاوکراونەتەوە پەرەستگای ئاین دارا لەعەفرین کەتەمەنی (3) هەزار ساڵەو لەلایەن یونیسێفەوە دەپارێزرا، ئاشکرا دەبێت کە بەچی شێوەیەک رووخێنراوە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەتاوانەکانی جەنگی و مرۆڤایەتی تورکیا‌و گرووپەکانی لەعەفرین و سەرێکانی کرد‌و رایگەیاند، تاوانی دەستدرێژی، دزی، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک و لەناوبردنی میراسی کەلتوری دەکرێت. راپۆرتەکە لەنێوان ٢١ی کانونی دووەم و حوزەیراندا ئامادەکراوە. لەلایەن پاولۆ پینهیرۆ سەرۆکی کۆمسیۆنی لێپرسینەوەکەوە ئاشکراکرا کە لە (٤٥)مین دانیشتنی مافەکانی مرۆڤ لەئۆفیسی جنێفی نەتەوەیەکگرتووەکاندا قسەی لەسەرکرابوو. لەڕاپۆرتەکەدا دەستنیشانکرا کەهەموو لایەنە چەکدارەکانی سوریا خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج و وتی، «لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستیش، بەڵام خەڵکی سوریا دەکوژرێن و رووبەڕووی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانیان دەبنەوە.» لەڕاپۆرتەکەدا کە لە (٢٥) لاپەڕە پێکدێت ئاماژە بەهەموو پێشێلکارییەکان لەلایەن هێزەکانی هەرێمەکە کراوەو باسی ئەوەکراوە کەهێرشی زایەندی لەسەر ژنان و منداڵانی کچ، توندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی، بەزۆر دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان رۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبن. هەروەها لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەپێشێلکردنی مافەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریا‌و گرووپە جیهادیەکان لەئیدلب کراوەو هەروەها باسی تاوانەکانی تورکیا لەعەفرین و سەرێکانیش کراوە. لەڕاپۆرتەکە ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە کراوە: ئەشکەنجە، دەستبەسەرداگرتن و تاڵانکردن هێزەکانی سوپای نشتیمانی سوریا، بەفشارو ئەشکەنجەو بەزۆر دەیانەوێت کورد‌و هاووڵاتیان لەهەرێمەکە دەربکەن. کەلوپەلی تایبەتی زۆر کەس تاڵانکراون و دزران. ئەو ماڵانەی کە بەزۆر دەستیان بەسەردا دەگیرێت چۆڵ دەکرێن و چەکدارەکانی سوپای نشتیمانی سوریا لەو ماڵانەدا جێگیر دەکرێن. هاووڵاتییە کوردەکان بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەشکەنجە دەدرێن. هێزەکانی سوپای نشتیمانی سوریا لەهەرێمی عەفرینی کوردان جێگیر دەکرێن، بەزۆر دەست بەسەر موڵک و ماڵی ئەواندا دەگیرێت، هێزەکانی سولەیمان شا ماڵ بەماڵ دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەوانەی لەدەرەوە هاتوون لەعەفرین نیشتەجێ بکرێن، خیزانە کوردەکان کە لە سێ کەس کەمترن بەزۆر لەماڵەکانیان دەردەکرێن. هاووڵاتیە کوردەکان بۆ ئەوەی لەسەر خاک و زێدی خۆیان بژین باج دەدەن. سوپای نشتیمانی سوریا لە عەفرین ماڵ بەماڵ دەگەڕێن و داوا لەهاووڵاتیە کوردەکان دەکەن کە تاپۆی موڵک و خانووەکانیان پیشان بدەن و ئەوانەی بەڵگە و تاپۆیان نەبێت، بەزۆر لەماڵەکانیان دەردەکرێن و ئاوارە دەبن. بەزۆر ئاوارەیان دەکەن و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا دەگرن وەک عەفرین لە سەرێکانیش کە بەئۆپەڕاسیۆنی ‹کانی ئاشتی› لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا هێرش کرایەسەری و هاووڵاتیە کوردەکان بەناچاری شارەکەیان بەجێهێشت، هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا دەگرن، بەو شێوەیە رێگا بەگەڕاندنەوەی هاووڵاتیان نادرێت، هێزە چەکدارەکان ماڵی کوردەکان دیاری دەکەن و مەدەنییەکان بەناچاری ئاوارە دەکەن، ئەوانەی دەشگەڕێنەوە جارێکی تر ناچاریان دەکەن کەکۆچبەر ببن. کەلوپەلی ناو خانووەکان دزراون و لەشارەکانی تر دەفرۆشرێن، گروپی سوڵتان موراد ئەو کەلوپەلانەی کەدەیاندزن لەکۆگایەکدا کۆیان دەکەنەوەو دواتر بەخاوەنەکانیان دەفرۆشنەوە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە پێشتر سیاسەتەکە داڕێژراوە. هێزەکانی هەمزە بەزۆر دەست بەسەر ماڵی کوردەکاندا دەگرن و دواتریش ماڵەکان دەکەنە بارەگای دەزگایەکی دەوڵەتی تورک یان دەکاتە ناوەندی فێرکردنی قوڕئان، کردنەوەی ئەو ناوەندانە لەلایەن پارێزگاری روحاوە ئامادەکراون، هێزە چەکدارەکان ماڵی خەڵکی مەدەنی لەگوندی داوتیە بۆ ئامانجی سەربازیی بەکاردەهێنن، رێگا نادەن کەهاووڵاتیان بگەڕێنەوە بۆ گوندەکەیان. سوپای تورک لەمانگی نیسان و حوزەیراندا هەندێک ماڵی ئەو گوندەی سووتاند‌و هەندێکیشیانی بەمەبەستی سەربازیی بەکارهێناوە. هاووڵاتیانی عەفرین و سەرێکانی بەشێوەیەکی سیستماتیک ماڵ و موڵکیان دەدزرێن و هاووڵاتیان کاتێک سەردانی بەرپرسە پلە باڵاکانی سوپای نیشتمانی سوریا دەکەن، لەجێگەی ئەوەی هاوکارییان بکرێت، ئەشکەنجە دەدرێن و دەڕفێنرێن و دوای رفاندنیش لەبەرانبەر پارە ئازادیان دەکەن. بەرپرسە تورکەکان لێپرسینەوەو ئەشکەنجە بەکاردەهێنن بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو کەسانەی کە لەعەفرین و سەرێکانی لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە دەستگیردەکرێن و دواتر سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت و ئەشکەنجەدەدرێن بەبیانووی ئەوەی پەیوەندییان بەبەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریاوە هەیەو بەرپرسانی تورکیا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەن. ئەو کەسانەی لەعەفرین دەستگیردەکرێن لەزیندانە ناوەندیەکانی عەفرین یان لەباڵەخانەی خوێندنگایەکی عەفرین کەوەک بارەگای پۆلیسی سەربازیی سوپای نیشتمانی سوریا بەکاردەهێنرێت لەزیندانەکانی ژێر زەویدا رادەگیرێن. چارەنووسی هەندێک کەسیش نادیارەو زانیاری بەخێزانەکانیان نادرێت. هەروەها هاووڵاتیانی بەنەژاد کورد‌و هاووڵاتیانی تر بەهۆی نەتەوەو ئایینەکەیانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و چەندین رۆژ ئەشکەنجە دەدرێن و برسی و تیبوو لەزیندانەکاندا دەهێڵرێنەوە. دوو ژن کە لەتشرینی دووەمی ٢٠١٩ دەستگیرکرابوون لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە لەسەرێکانی کاتێک لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرا هێزەکانی سوپای نشتیمانی سوریا هەڕەشەی دەستدرێژییان لێکردبوو. ئایینی ئیسلام بەزۆر بەسەر ژنانی ئێزدی‌دا دەسەپێنرێت لەسەرێکانی ژنان و زۆر کەس لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە دەستگیرکران و بەبیانووی پەیوەندییان بەتیرۆرەوە لەلایەن بەرپرسانی تورک لەهەرێمەکەوە بۆ تورکیا گواستراونەتەوەو چارەنووسیان نادیارە. ژنانی ئێزدی لەسەرێکانی و عەفرین لەلایەن سوپای نشتیمانی سوریاوە دەستگیرکراون و لەژێر کۆنتڕۆڵی بەرپرسانی تورک‌دا ئایینی ئیسلام بەسەریاندا سەپێنراوە، لەناوەڕاستی کانونی دووەمی ٢٠١٩و تەمموزی ٢٠٢٠دا لەسەرێکانی و عەفرین (٤٩) ژنی ئێزدی لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە دەستگیرکراون. دەستدرێژیکردن بۆ سەر ژن و پیاوان بەپێی راپۆرتەکە داهاتووی ژنانی کورد لەعەفرین و سەرێکانی لەمەترسیدایە، بەهۆی مەترسی هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا کە سەر بەتورکیان ژنان دەترسن لەماڵەوە بێنە دەرەوە، ژنان و منداڵە کچەکان لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە دەستگیردەکرێن و دەستدرێژی دەکرێتە سەریان. لەزیندانەکانی عەفرین توندوتیژی لەبەرانبەر ژن و پیاوەکان ئەنجامدەدرێت، هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا پیاوێکیان ناچار کردووە کەدەستدرێژی بکاتە سەر منداڵێک و بەکۆمەڵ دەستدرێژی کراوەتە سەر منداڵان. لەمانگێکدا دەستدرێژی کراوەتەسەر (٣٠) ژن لەمانگی شوباتدا دەستدرێژی کرایەسەر (٣٠) ژن، هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا لەئەنجامی هەڵکوتانەسەر ماڵان‌دا دەستدرێژییان کردەسەر ژنان، ئەوانەی ئەو کارەش دەکەن سزا نادرێن. گروپی سوڵتان موراد ژنانی کورد دەڕفێنێت و بەناچاری وایان لێدەکات کەهاوسەرگیری بکەن. لەمانگی کانوونی دووەمدا ئەندامێکی ئەو گروپە ژنێکی رفاند و بەزۆر هاوسەرگیری لەگەڵ کرد، دوای مانگێکیش لێی جیابووەوە. میراتی کەلتوری لەناودەبرێت لەو هەرێمانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا‌و میلیشیاکانیدایە میراتی کەلتوری لەناودەبرێت، هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا لەعەفرین زۆر شوێنەواری کۆن و کەلتوری و ئایینیان لەناوبردووە، لەهەرێمی قەستەل ژیندۆ، قبار، جندرێس، شارام و زۆر گۆڕستانی کۆن و گۆڕی ئێزدییەکان دزراون و تاڵانکراون. هەموو پێشێلکاریەکان و تاوانەکانی شەڕ لەعەفرین و سەرێکانی بەئاشکرایی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەو تورکیا بەرپرسیاری تاوانەکەیە. هێزەکانی تورکیا ئاگاداری دزینی موڵکی مەدەنییەکان و رووداوەکانن، دەستگیرکردن و ئەشکەنجەکردنی خەڵکی مەدەنی لەژێر کۆنتڕۆڵی بەرپرسانی تورک ئەنجامدەدرێت و بەرپرسانی تورک رێگرییان لێناکەن. کۆمسیۆنەکە ئاماژەی بەوەشکرد ئەوانەی لەسوریا دەستگیرکراون، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن بەشێوەیەکی نائاسایی بۆ تورکیا رەوانە دەکرێن کەئەوەش لەچوارچێوەی تاوانەکانی جەنگدا دەبینرێت. لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە «ئەم دۆخە پیشانی دەدات کەئەو تاوانانەی جەنگ کەئەو گروپانە ئەنجامیانداوە هەریەکە لەسوپای نشتیمانی سوریا‌و هێزەکانی تورکیا بەهاوبەشی ئەنجامیدەدەن».
ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود هەزاران سنەوبەری باڵابەرز لەمبەرو ئەوبەری شەقامێکی سەرەکیی دەروازەی سلێمانیدا چوون بەناخی ئاسماندا، دارەکان بەڕەنگە سەوزە تۆخەکانیان پێشوازی لەو گەشتیارانە دەکەن کە بۆ دیتنی شارەکە لەدووەرەو هاتوون. ئەو دارانە تەمەنیان زیاتر لەنیو سەدەیە، یەکەم شوێنن کەچاوی گەشتیاری دوورەڕێ بۆخۆیان رادەکێشن، هەر لەو سنەوبەرانە تێدەپەڕیت وردە وردە نزیک دەبیتەوە لەسەنتەری شار، لەوێش هەتا چاو بڕدەکات تێکەڵەیەکە لەسەوزایی و باڵەخانەی بەرز. ئەو باڵەخانانە کە لەم ساڵانەی دواییدا وەکو پرۆژەی بازرگانی و نیشتەجێبوون دروستکراون زۆرجار لەشوێنە سەوزاییەکانی شارەکەدا دروستکراون و بەبێ ئەوەی شوێنی تر لەجێگەیان سەوز بکرێت، دواترین هەوڵیش سوتاندنی هەزاران سنەوبەری دەروازەی شارەکەیە کەشوێنێکی دڵگیربوون بۆ گەشتیاران، جگە لەسودەکانی پاککردنەوەی هەوای شارەکە. لەچەندڕۆژی رابردوودا ئەو گەشتیارانەی کە لەدوورەڕێوە دەهاتن، یەکەم جار چاویان دەکەوتەسەر دیمەنی ئەو دوکەڵە رەشانەی کە لەناو دارسنەوبەری سەر شەقامەکەوە دەچوون بەناخی ئاسمانی شارەکەدا. سنەوبەرەکان بەمەبەستی کردنی بەپرۆژەی بارزگانی دەسووتێنرێن، ئەوەش نیگەرانی بەرفراوانی خەڵکی لێکەوتەوە، زۆرێک لەبەرپرسە دەستڕۆیشتووەکان لەگەڵ خەڵکیدا نیگەرانی دەردەبڕن بەبێ ئەوەی هەنگاو بۆ راگرتنی بنێن. کۆمەڵێک لەچالاکوانان سکاڵایان تۆمارکردووەو داواکاری گشتیش چاودێریی دۆخەکە دەکات. بەشێک لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم سکاڵایان دژی سوتاندنی دار سنۆبەرەکان کردووە، لیژنەیەک پێکهاتووە بۆ دەستگیرکردنی بکەرانیان، دوای ئەوەی عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، په‌رله‌مانتاری گۆڕان ئاشکرایکرد، ئه‌و به‌رپرسانه ده‌یانه‌وێت شەوانە بەدزییەوە سنەوبەرەکان بسوتێنن، پاشان نزیکەی (١٢٠) دۆنمە بیکەن بەپێشانگای ئۆتۆمبیل و (١٠٠) ملیۆن دۆلار قازانج بکەن و پلانەکەش ئەوەیە لەڕێگای شارەوانی سلێمانیەوە رێگەپێدانی بۆ وەربگرن. سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رۆژی شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نەیشاردەوە ئەو زەویانەی کەدەکەونە سەر رێگای سەرەکی (راپەڕین _ تاسڵوجە) لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانییەوە نەخشەی سێکتەری بۆ کراوەو مۆڵەتی ئاسایی بۆ کاری بازرگانی یان وەبەرهێنان دەدرێت. بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەکرد پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بکرێت بەپڕۆژە، بەڵام وەزارەت لاری نەبوونی نەداوە بۆ ئەوەی بکرێت بەپرۆژەی بازرگانی. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان هەندێک بەرپرسی دەستڕۆیشتوو دەنگیان خستۆتەپاڵ دەنگی خەڵکەکە، بەڵام هەندێک لەهاووڵاتیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییان بەو بەرپرسانەی وت پڕۆژەکە بەئەوان نەدراوە، بۆیە دژی وەستاونەتەوە. حکومەت کەسی لەسەر ئەوە دەستگیرنەکردووە و هیچ هەڵوێستێکی فەرمیشی نیە، ئەمەش ئەو گەمانەی لای خەڵکی تۆختر کردووەتەوە کە رەزامەندی حکومەت و بەرپرسانی شارەکەی بۆ وەرگیرابێت. هاوڵاتی لە رێگەی واتس ئەپەوە پەیوەندی کرد بە هەڤاڵ ئەبوبەکر پاریزگاری سلیمانی کەئەوکات لەتورکیا بوو بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی ئابوری عێراقی تورکی، بەڵام لەگەڵ ئەوەی نامەکانیشی بینی وەڵامی نەدایەوە. پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەڵێت سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکە سکاڵایان کردووە، بەڵام بۆیان روون نەبووەتەوە کێیە. هێمن کەمەرخان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت «ئێمە ئەوەی لەئەستۆماندایە وەک بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان کەسی سەرپێچیکار دەستگیر دەکەین و رووبەڕووی دادگای دەکەینەوە، بەڵام تاکو ئێستا بۆمان دەرنەکەوتووە بەچ هۆکارێک سوتاندویانە». داواکاری گشتی چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکە بۆئەوەی لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە رێوشوێن بگرێتەبەر، ئەوەش بەوتەی بەرپرسێکی داواکاری گشتی. بەشدار مەجید ئەندامی داواکاری گشتی و بەرپرسی راگەیاندن بە هاوڵاتی راگەیاند «هەتا ئەنجامی ئەو لیژنانە نەبێت ئێمە نازانین چی بڵێین ئەگەر ئیسپات بێت هەرکەسێک بە ئەنقەست، بەغەیری ئەنقەست یان هەر مەرامێک دژی بەرژەوەندی گشتی بێت». بڕیارە دوای ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان داواکاری گشتی راپۆرتێک بەرزبکاتەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی ناوچەی زیان بەرکەوتوو بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان. بەشدار مەجید وتی «بەڵام ئەو قسانەی تائێستا وتراوە کەگوایە دەستێکی لەپشتە بۆ کردنی بەپرۆژەی بازرگانی، بەڵام هەتا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوەو هەر کەسێک و لایەنێک بێت وەک داواکاری گشتی هەڵوێستی یاسایی توندمان دەبێت». وتیشی»هەتا ئێستا بەفەرمی هیچ سەرەداوێک نیە تاداواکاری گشتی رێکاری یاسایی بگرێتە بەر و دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێت کە ئەکەو کەسە نیەتی هەبووە یان دەستێکی لەپشتە، دەبێت بەبەڵگە بسەلمێندرێت، ئێمە پشتگیری ئەوە دەکەین ناوچەی سەوزایی زیادبکرێت، نەک بسوتێندرێت». زیاتر لەنیو سەدە بەسەر چاندنی ئەم سنۆبەرانەدا تێپەڕیوە کەزیاتر لە (١٠٠) دۆنمە، بەڵام لەئێستادا بەشێکی زۆریان سوتاون و هەتا ئێستاش کەس دەستگیرنەکراوە لەسەری. هاووڵاتیان لەچەندڕۆژی رابردوودا دیمەنی ئەو دوکەڵانەیان تۆمارکردبوو کە لەسەر شەقامی سەرەکی سلێمانی - تاسڵوجە بەرزدەبووەوە، ئەو دارانە کەتەمەنیان زیاتر لەنیو سەدەیە دیمەنێکی جوانیان بەشارەکە داوە، دیمەنەکان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەستیان کردووە، هەندێ ئەوەیان بەبیر دەهێنایەوە کەچۆن دوو هەفتە لەوەوپێش لەنیوەشەوێکدا ئاگر لەسەر شاخی گۆیژە بەرز دەبووەوە، ئەو شاخەی کەدەڕوانێت بەسەر سلێمانیدا. هەندرێن شێخ راغب، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی وتی «سووتانی دارستانەکان زیانی بۆ ژینگە هەیەو تەندروستی مرۆڤ دەکەوێتە مەترسییەوە». وتیشی «لەبەرئەوەی شارەکانمان بوونەتە گەراجێکی گەورەو ئۆتۆمبێل زۆرەو گازی ژەهراوی تێکەڵاوی هەوای شارەکان دەبێت، لەبەرئەوە پێویستیمان بەپارک و رێژەی سەوزایی دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم هەوا پیسە هەڵمژن و ئۆکسجینی پاکمان بدەنێ، لەناوبردنی دارستانەکان وادەکات هاوسەنگی ژینگە تێکبچێت، ئەمەش بەبیابان بوون روودەدات ئەو خاکەی سەوزایی نەبێت». هەروەها وتی «ئێمە بەردەوام هەڵوێستمان هەبووە، نەک تەنها لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداردەکەینەوە، بەڵکو دەستەیەکی چاودێرین و بیروبۆچوونمان دەکەینە نوسراو‌و دەیدەینە دەزگا پەیوەندیدارەکان و چاو‌دێر دەبین تاکۆتایی، لەڕووی یاساییەوە تۆمەتباران رووبەڕووی دادگا دەبنەوە». لەیاسا کارپێکراوەکاندا سوتاندنی دار‌و دارستان وەکو تاوان تەماشا دەکرێت، چونکە زیانیان بۆ بەرژەوەندی گشتیی هەیە.
ھاوڵاتی عێراق هیواخوازە ریفۆرم ئەنجامبدات و ئابورییە رووخاوەکەی ببووژێنێتەوە، بەڵام بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە بەهۆی ئەو شەپۆلی تووندوتیژییەی دەخرێتە پاڵ گروپە گوماناوییەکانی سەر بەئێران، لەسەر رێڕەوی خۆی لادەبرێت. سەرەکوەزیران مستەفا کازمی کە لەئایاردا دەسەڵاتی گرتەدەست، بەڵێنیدا کۆنتڕۆڵی میلیشیا دوژمنکاره‌کان بکات، دژی گەندەڵی بوەستێتەوە و ده‌ستبکات به‌دووباره رێکخستنه‌وه‌ی داموده‌زگاکان، که‌ده‌مێکه چاوه‌ڕێده‌کرێت. شرۆڤەکاران و بەرپرسە باڵاکانی عێراق وتیان حکومەت ههرچەند نزیکترببێتەوە لە ئامانجەکانی، هه‌رچی زیاتر ئه‌و چەکدارانه‌ی گومانی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران لێده‌کرێت، هێرشدەکەن. بەرپرسێکی باڵای حکومەت وتی «هه‌ر جارێک ئەو گروپانە ده‌مانبینن لەبەرژەوەندییە سەربازی و ئابورییەکانمان نزیکدەبینەوە، هەوڵدەدەن هێرشی موشەکی و هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ ساردکردنەوەمان ئەنجامبدەن.» رۆژی سێشەممە 15ی ئەیلول، ناوچەی سەوز لەبەغدا بەدوو مووشەکی جۆری کاتیۆشا کرایە ئامانج، بەڵام مووشەکەکان هەر لەئاسمان بە سیستمی سیرام کرانە ئامانج و رووداوەکە هیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنی لەعێراق وتی کاتژمێر یەکی بەرەبەیان ئەو دوو مووشەکە لە ناوچەی عەلی ساڵح لە بەغداوە ئاراستەی ناوچەی سەوز کران. هەفتەیەک پێشووتر لەو بەروارەو بەدیاریکراوی لە رۆژی 8ی ئەیلول، بۆمبێک کاروانێکی کردە ئامانج کە بە ئاڕاستەی بنکەیەکی عێراقی دەڕۆیشتن کەسەربازانی ئەمریکی لێ نیشتەجێن و بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی هێزەکانی عێراق. هەروەها لە 3ی ئەیلول، هێرشێک بنکەکانی کۆمپانیای G4Sی ئەمنیی بەریتانی-ئەمریکی لەبەغدا کردە ئامانج. ئەفسەرێکی هەواڵگری وتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان تەقەمەنییەکی فڕێداوەتە سەر بیناکە. هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکەی نەگرتە ئەستۆ، بەڵام گروپەکانی سەر بە ئێران G4Sیان تۆمەتبارکرد بەتێوەگلانی لەهێرشەکەی کانونی دووەمی ئەمریکا کە بووە هۆی کوشتنی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران قاسم سولەیمانی. چەند رۆژێک پێشتر، کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بریندارکرا کاتێک تەقەمەنییەکی دەستکرد بەیەکێک لە کاروانە مرۆییەکاندا تەقییەوە لەباکوری شاری موسڵ. میلیشیایه‌ک کەخۆی وەک بەشێک لە «بەرگری ئیسلامی» دەناسێنێت بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی گرتە ئەستۆو لەسەر ئینتەرنێت هەڕشەی بڵاوکردەوە. «بەرگری ئیسلامی» دەربڕینێکی گشتگیرە بۆ یەکەکانی سەر بەئێران. رووپۆشی دووکەڵی ژمارەیەک میلیشیا کە پێشتر دەرنەکەوتبوون هەڕەشەی لەم جۆرەیان ئەنجامداوە لەچەند مانگی رابردوودا لەژێر ناوی «بەرگری ئیسلامی»دا، بەڵام بەرپرسان دەڵێن ئەوانه تەنها رووپۆشی دووکەڵین. ئەفسەرێکی هەواڵگریی عێراق وتی «پێنج گروپ، کە پێکدێن لە کەتایب حزبوڵا، عەسایب ئەهل حەق و گروپی دیکە، لەپشت ئەو ناسەقامگیرییەی ئەمدواییەی وڵاتەکەوه‌ن.» کەتائیب حزبوڵای عێراق، میلیشیایەکی سەر بەئێران، ماوەیەک دوای کوشتنی قاسم سلێمانی چەندین هەڕەشەی بڵاوکردۆتەوە، یەکێک لەوانە لەدژی مستەفا کازمی بوو، کەئەوکات سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق بوو. لە (2ی ئازاری ئەمساڵدا) لەتوویتێکدا، لێپرسراوی ئەمنیی کەتائیب حزبوڵا، ئەبو عەلی عەسکەری، کازمیی تۆمەتبارکرد بە «بەشداریکردن لەکوشتنی فەرماندەی هێزی قودسی سەر بەسوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس». ئەو گروپە تووندڕەوانە ئەندامی حەشدی شەعبین، که تۆڕێکی پشتیوانیکراون لەلایەن دەوڵەتەوە کەمیلیشیاکانی نزیک لە ئێران تێیدا باڵاده‌ستن. بەرپرسانی ئەمریکا پێشتر تۆمەتبارکردنی هاوشێوەیان ئەنجامداوه، کە کەتایب حزبوڵا و عەسایب ئەهلی حەقیان بەئەنجامدەری راستەقینەی هێرشە موشەکییەکان لهقهڵەمداوه بۆ سەر دامەزراوه‌کانی ئەمریکا لەعێراق. هەمان دوو گروپ کازمییان تۆمەتبارکرد بەپلاندانان دژی سولەیمانی کاتێک ناوبراو ئەفسەرێکی باڵای پێشووتری دەزگای هەواڵگری بوو، زۆر تووڕە بوون کاتێک بوو بەسەرەکوەزیران. شرۆڤەکاران و بەرپرسان وتیان ئەو گروپانه لە بەڵێنەکەی کازمی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گروپانە وەک هەوڵێک تێگەیشتوون بۆ بەستنەوەی باڵەکانیان. سەرباری زیادبوونی هێرشە موشەکییەکان، گروپەکان لەڕێی دەزگاکانی راگەیاندنیانەوە فشارەکانیان زیاترکردووە. کەناڵە بێ ناو‌و نەناسراوەکانی سەر نەرمەکاڵای تەلەگرام ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە نیازی چەندین هێرش بۆسەر کاروانە سەربازییەکان هەیە پێش ئەوەی ئەنجامبدرێن، ئەمەش ئه‌و هه‌سته ده‌به‌خشێت که پارێزبه‌ندییان هه‌یه‌و بەئازادانە دەسووڕێنەوە. هەمان گروپ ئەو تەلەڤیزیۆنە عێراقیانەیان کردۆتە ئەمانج کە رەخنە لەئێران دەگرن. دیجلە تیڤی دوو هەفتەی رابردوو ئاگری تێبەردرا دوای ئەوەی کەناڵەکانی تەلەگرام رووی دەمیان ئاراسته‌ی ئه‌و که‌ناڵه کرد‌و شەپۆلێکی نوێی هەڕەشەکانیش تەلەڤزیۆنی ی‌و تیڤییان کرده ئامانج، کە سوننەکان خاوەندارێتی دەکەن. هەڵمەتەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حکومەتی ئەمریکا دەستیگرت بەسەر دۆمەینی وێبسایتەکانی (ئیتیجاه)دا، که تەلەڤزیۆنێکی عێراقییه‌و سەر بە کەتایب حزبوڵایە. ‹کوژانه‌وه‌ی ئاگره‌کان› وتەبێژی کازمی ئەحمەد مولا وتی حکومەت خۆی لە رووبەڕووبوونەوەیهکی راستەوخۆ لاده‌دات لەگەڵ ئەو گروپانەدا. مولا وتی «لەجیاتی ئەوە، ئێمە چاومان لەوشککردنی سەرچاوە داراییەکانیانە لەڕێی بەئامانجکردنی ئەو دەروازە سنوورییانەوه« که بۆ قاچاخچێتییه‌کی پڕقازانج لەئێرانەوە بەکاردەهێنرێن. بەرپرسان دەیانزانی دەکرێت ئەمە مەترسیداربێت. کاتێک کازمی هەڵمەتی راوەستانەوەی دژی گەندەڵی راگەیاند لەسەر ئەو سنوورانەی عێراق کە کەلێنیان تێدایە، خۆیان بۆ هاتنەئارای خراپترین دۆخ ئامادەکرد. ئەفسەرێکی باڵا بەئاژانسی فرانس پرێسی وت «ئەوانه هەڕەشە لەکاربهدهستان دەکەن، خێزانەکانیان دەترسێنن، خێڵەکان دەجوڵێنن و تەنانەت رەنگە کردەوەی تیرۆرکردنیش ئەنجامبدەن.» وەک چاوەڕواندەکرا، دوو چالاکوانی ناودار تەقەیانلێکراو کوژران، چەند هەفتەیەک دواتر له‌شاری بەسرەی باشور‌و تووندوتیژی خێڵەکیش لەباکوری بەغدا هەڵگیرسا. بەرپرسێکی دیکەی عێراق، دەربارەی هەوڵەکانی بەغدا بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم لەدەوڵەتداو بوژاندنەوەی ئابورییەکەی کە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە زیانی بەرکەوتووە، وتی «ئێمە بەبەردەوامی ئاگر لەخۆمان دووردەخەینەوە، بۆیە ناتوانین بەتەواوی تەرکیز بخەینه‌سەر ستراتیجێکی گەورەتر.» بەرپرسێکی دیکەش وتی وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەلاوی، نەیتوانی سەرکەوتووبێت لەپێشکەشکردنی پلانێکی ریفۆرمی ئابوری به‌پەرلەمان لەدوا وادەیدا له 24ی ئاب، بەهۆی پشێوییەکەی ئەمدواییەوه. هەفتەی رابردوو، کازمی ئەنجومەنێکی دژەگەندەڵی پێکهێناو دەسەڵاتی دا بەسەربازانی نوخبه‌ی ئاژانسی دژەتیرۆر بۆ دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانەی لەئاستێکی زۆر باڵادان و ناتوانرێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. هێزەکەی چەند ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینیان لە بەسرەو بەغدا ئەنجامدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی نایاسایی، بەڵام ژماره‌یه‌کی که‌م دەرکەوتن. شارەزایه‌کی بواری ئەمنی له‌عێراق، فازڵ ئەبو رەغیف وتی دۆخەکە «مەترسیدارە». وتیشی «پێویستە کازمی دیالۆگێکی راستەقینە ده‌ستپێبکات لەگەڵ سەرکردە رۆحییەکانی ئەو گروپانە تا رێنه‌دات بەپێکدادان.»
ئارا ئیبراهیم حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌پێى ئه‌و داهاته‌ى مانگانه کۆیده‌کاته‌وه له‌گه‌ڵ (320) ملیار دینارى به‌غداو هاوکارى ئه‌مه‌ریکا بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دابه‌شده‌کات، جێگری سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایی له‌په‌رله‌مان ده‌ڵێت:» رێکه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غدا لێبڕینى موچه کۆتایى پێدێنێت». به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى ھاوڵاتی که له‌دوو به‌رپرسى ناو حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ستى که‌وتووه، لێبڕینی له‌سه‌دا 21ى موچه تا ئه‌وکاته‌ى رێکه‌وتنى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى عێراقى فیدڕاڵ له‌بودجه‌ى 2020و دیاریکردنى ئیستحقاقى هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت. یه‌کێک له‌و به‌رپرسانه جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه کهبڕیارى کۆتایى له‌سه‌ر لێبڕینى له‌سه‌دا (21)ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران تاکۆتایى ئه‌مساڵ نه‌دراوه، به‌ڵام «حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى به‌فه‌رمى چه‌ند جار راگه‌یاندووه که به‌پێى ئه‌و داهاته‌ى مانگانه له‌نه‌وت و داهاتى ناوخۆ کۆده‌بێته‌وه له‌گه‌ڵ (320) ملیارى عێراق چه‌ند کۆببێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه موچه دابه‌شده‌کات». هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد، وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم به‌رده‌وامه لهدانوساندنهکانى له‌گه‌ڵ وه‌فدى عێراق بۆ رێکه‌وتن له‌سه‌ر بودجه‌و راده‌ستکردنى (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه له‌به‌رانبه‌ر ناردنى ئیستحقاقى حکومه‌تى هه‌رێم. حکومه‌تى هه‌رێمى کورستان مانگانه پێویستى به (755) ملیۆن دۆلارى مانگانه‌یه بۆ دابه‌شکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان که به‌دینار ده‌کاته (906) ملیار دینارى مانگانه. وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى مانگانه بڕى (280) ملیار دینار له‌داهاتى نه‌وت له‌گه‌ڵ (20) ملیار دینار هاوکارى ئه‌مه‌ریکا بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌و (320) ملیار دینارى له‌عێراقه‌وه بۆ ده‌نێردرێت که‌ده‌کاته (620) ملیار دینار، به داهاته‌کانى ناوخۆى هه‌رێمیش پاره بۆ موچه ده‌گه‌یه‌نێته (710) ملیار دینار. حکومه‌تى هه‌رێم موچه‌ى مانگه‌کانى شوبات و ئازارى 2020 بەلێبڕینى له‌سه‌دا (21)ى موچه‌و بۆ پله باڵاکان له‌سه‌دا (50)ى موچه‌ى بڕیوه‌و تائێستا وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى راینه‌گه‌یاندووه که‌ى موچه‌ى مانگى نیسان دابه‌شده‌کرێت. دوێنێ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى سه‌رجه‌م گه‌نجینه‌کانى ئاگادار کردووه‌ته‌وه که لێبرینى له‌سه‌دا (21)ى موچه له‌سه‌ر لیستى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران لاببه‌ن و ته‌نها له‌سه‌دا (79)ى موچه دیارى بکرێت. سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى ئاماژه به‌وه‌ده‌دات سه‌دان نووسراوو یاداشت له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه ئاراسته‌ى حکومه‌ت کراوه له‌سه‌ر به«نایاسایى» بوونى لێبرینى موچه، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێکیان نه‌بووه. زیاد جه‌بار، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى و سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت» حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌نایاسایى له‌سه‌دا (21)ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕێت، سه‌دان نووسراو و یاداشت له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه ئاراسته‌ى حکومه‌ت کراوه‌و هیچ وه‌ڵامێکیان نییه، ته‌نها کۆتا جار که‌وه‌زیرى دارایى هاتووه‌ته په‌رله‌مان پێى وتووین به‌پێى داهاتى به‌رده‌ستیان موچه دابه‌شده‌که‌ن». ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى وه‌ک فراکسیۆنى یه‌کێتى گفتوگۆتان له‌گه‌ڵ وه‌زیرو به‌رپرسانى دیکه‌ى حکومه‌ت کردووه له‌سه‌ر راگرتنى لێبڕینى موچه، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌تن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حکومه‌ت و ئه‌وه‌یان پێ راگه‌یاندوون لێبڕینى موچه به‌بێ ئاگادارى په‌رله‌مان و له‌ده‌ره‌وه‌ى یاسا «بڕیارێکى نایاساییه«. له‌لایه‌کى دیکه‌وه جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت «رێکه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غدا لێبڕینى موچه کۆتایى پێدێنێت». هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتى و جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌فرۆشى نه‌وت دواى ده‌رکردنى شایسته داراییه‌کانى کۆمپانیاکان و خه‌رجییه‌کانى، ئه‌و بڕه‌ى لێى ده‌مێنێته‌وه ته‌سلیمى وه‌زاره‌تى دارایى ده‌کات بۆ پێدانى موچه، له‌گه‌ڵ داهاتى ناوخۆ‌و پاره‌ى به‌غدا موچه‌ى پێ دابه‌شده‌کرێت». له‌باره‌ى لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه، هێڤیدار ئه‌حمه‌د وتى «حکومه‌تى هه‌رێم ته‌نها داهاتى ناوێت بۆ موچه، به‌ڵکو خه‌رجى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌و رێگاوبانه‌کان و پڕۆژه‌ى هه‌یه، مانگانه بڕى (82) ملیار دینار بۆ کاره‌با خه‌رج ده‌کات و ته‌نها (40) ملیار دینارى بۆ دێته‌وه، ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم هه‌موو خه‌رجییه‌کانى دیکه رابگرێت ده‌توانێت موچه به‌بێ لێبڕین دابه‌ش بکات، به‌ڵام ناکرێت هه‌موو کاره‌کانى دیکه‌ى رابگرێت». جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، وه‌فدى ته‌کنیکى حکومه‌تى هه‌رێم دوێنێ چوونه‌ته‌وه بۆ به‌غداو دواتر وه‌فدى سیاسیش ده‌چنه‌وه بۆ عێراق، وتیشى:» له‌سه‌دا سه‌د حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق ده‌گه‌نه رێککه‌وتن، چونکه هه‌رێم ئاماده‌یه (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ته‌سلیمى عێراق بکات و به‌غدا خه‌رجى گواستنه‌وه‌ى له‌خۆ بگرێت و هه‌رێم شایسته‌ى دارایى کۆمپانیاکان بدات». هاوکات هێڤیدار ئه‌حمه‌د باسى له‌وه‌شکرد که‌پڕۆژه بودجه‌ى 2020 گه‌یشتووه‌تە په‌رله‌مانى عێراق که بۆ مانگى (11 و 12)ى ئه‌مساڵه‌و پشکى هه‌رێم دیارى ده‌کرێت، کهههرێمى کوردستان نیوه‌ى داهاتى گومرگه‌کان ته‌سلیمى به‌غدا ده‌کات و (250) هه‌زار به‌رمیل ده‌داته به‌غداو خۆى دهیفرۆشێت، عێراقیش ئیستحقاقى هه‌رێم دیارى ده‌کات و بڕیاره ئه‌و دوو مانگه ئیستحقاقى پێشمه‌رگه که‌مانگانه (68) ملیار دیناره بدرێته حکومه‌تى هه‌رێم. وتیشى «ئه‌م رێککه‌وتنه له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌بێته هۆى کۆتایى هێنان بهلێبڕینى موچه‌و پاشه‌که‌وتکردنى موچه، به‌ڵام نابێت عێراق دواى ده‌رکردنى بودجه‌ى سیادى و حاکیمه پشکى هه‌رێم دیارى بکات». وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت هه‌ر کاتێک داهاتى هه‌رێم زیادبکات کورتهێنان کۆتایى پێدێت. دانا عه‌بدولکه‌ریم، وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردنى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «هه‌رکات داهاته‌کان زیاد بکات کورتهێنانى موچه کۆتایى پێدێت». هه‌روها وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه وتیشى «بۆ دابه‌شکردنى موچه‌ى مانگى نیسان هێشتا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کۆنهبووهتهوهو بریار له‌ناو کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌درێت». 24ى ئابى 2020 مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌چاوپێکه‌وتنێکى له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ده‌زگاى راگه‌یاندن رایگه‌یاند «لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌هۆى ئه‌و دۆخه ئابورییه‌وه‌یه که‌دواى هاتنى ڤایرۆسى کۆرۆنا جیهان و ناوچه‌که‌ى ئێمه‌شى گرتووه‌ته‌وه‌و کاریگه‌رى له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ى داهاته‌کان کردووه«. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که لێیان دیار نییه لێبڕینى موچه چ کاتێک کۆتایى پێدێت، وتیشى «هه‌ر کات دۆخى دارایى و ئابورى هه‌رێم باش ببێت و داهاته‌کان زیادبکه‌ن موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌ته‌واوه‌تى دابه‌شده‌که‌ین، به‌ڵام ناتوانین کاتى بۆ دیارى بکه‌ین». راوێژکارێکى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق جه‌خت له‌وه‌ده‌کاته‌وه حکومه‌تى هه‌رێم داهاتى (250) هه‌زار به‌رمیل و نیوه‌ى داهاتى گومرگه‌کان ته‌سلیم ده‌کات. ئه‌مین به‌کر، راوێژکارى محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ ھاوڵاتی ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، پڕۆژه‌ى بودجه‌ى 2020 بۆ مانگى (11 و 12)ى ئه‌مساڵ گه‌یشتووه‌ته په‌رله‌مان، بۆ دانپیادانان و رازى بوون له‌وه‌ى که لهڕابرددودا یه‌ک له‌سه‌ر 12ى بودجه خه‌رج کراوه، وتیشى:» پشکى هه‌رێمى کوردستان وه‌ک پێشتر تێیدا نووسراوه له راده‌ستکردنى (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و راده‌ستکردنى نیوه‌ى داهاته‌کانى ده‌روازه سنورییه‌کان». ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه حکومه‌تى هه‌رێم تائێستا پێداگره له‌وه‌ى ته‌نها داهاتى (250) هه‌زار به‌رمیل و نیوه‌ى داهاتى ده‌روازه‌کان به‌ژماره‌یه‌ک به‌به‌غدا بڵێت و دواى ئه‌وه عێراق ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى که‌وه‌ک داهاتى ئه‌و (250) هه‌زاره‌و نیوه‌ى داهاتى ده‌روازه‌کان ده‌ربکات و ته‌سلیمى حکومه‌تى هه‌رێمى بکات.
سوارە محەمەد نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەى جێگرەکانی ئاگادار بن، سەردانی تورکیای کرد. بارزانی لەو سەردانەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەى تورکیا و لەگەڵ ئەردۆغان دانیشت. هەرچەند بەشێوەى فەرمی هیچ راگەیاندراوێک لەلایەن بارزانییەوە بڵاونەکرایەوە، بەڵام لەمیدیاکانی تورکیادا باس لەبارەی ئەو سەردانەوە دەکرێت. باشە لەکاتێکدا، کەدەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەوڵدەدات باشووری کوردستانیش داگیر بکات، ئەو سەردانە بۆ ئەنجامدرا؟ ئەو بابەتانەى لەو سەردانەدا گفتوگۆیان لەسەر کراو ئەو بڕیاریانەى لەدانیشتنەکانی ئەو سەردانەدا دران بۆ ئاشکرا ناکرێن؟ بۆ وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەڕۆیشت و وەک بەڕێوەبەری پارتی رۆیشت بۆ ئەو سەردانە؟ ئاشکرایە ئەو سەردانە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامنەدراوە، بەڵکو لەلایەن بەڕێوەبەریی پارتییەوە ئەنجامدراوە. لەم دۆخەى ئێستادا لەباکوور، لە رۆژئاوا و لەباشوور شەڕ لەبەرامبەر ئەو دەوڵەتە پاکتاوکەرو داگیرکەرە دەکرێت، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر سوێندی خواردووە، رەگی کورد لەڕیشەوە دەربهێنێت، ئەوە سەد ساڵە هەوڵدەدات کەکوردیش وەک ئەرمەنەکان، سوریانییەکان، رۆمانەکان و ئێزدییەکان پاکتاو بکات، هەر خۆی کاتێک مرۆڤ سەیری ئەم (١٠٠) ساڵەى دوایی دەکات، ئەوەی بەهەموو شێوەیەک بۆ روون دەبێتەوە، لەدۆخی ئێستادا ئەو سیاسەتەیان نەک تەنها لەباکوور، بەڵکو دەیانەوێت لەهەموو کوردستاندا سەربخەن، دەڵێت تاوەکو کورد هەبێت و رێکخستنکراو بن، من دەکەومە ژێر هەڕەشەو مەترسی، لەبەرئەوەش هەبوونی گەلی کورد بەتایبەتی دەبێت رێکخستنبوونی گەلی کورد لەگۆڕێدا نەمێنێت. ئەو هۆکارە لەپشت چاوگەى ئەو دوژمنایەتییەوەیە، کە بەرامبەر بەکورد دەیکەن، بە کورتی پێویست ناکات، مرۆڤ تامەزرۆی ئەوە بێت، کە ئاخۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا چۆن لەبارەى کوردەوە بیردەکاتەوە، بە هەمان ئەو وتانەو بەکردەوەکانی خۆیان هەموو شتێکیان بە روونی خستووەتە بەرچاوان. ئەوانەى ئەمە نابینن کوێرن، کەڕن، بێ‌ویژدانن و ناتێگەیشتوون. باشە، مادام ئەوە راستیی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە، لەو کاتەدا ئەو پەیوەندییەی پارتی لەگەڵ تورکیا بۆ چییە؟ لەلایەکەوە ئەو دەوڵەتە پاکتاوکەرە هەوڵدەدات کورد بسڕێتەوەو لەلایەکی ترەوە لەپەیوەندییەکى بەهێزدایە لەگەڵ پارتیدا؟ ئەوە چۆن دەبێت، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر رۆڵێکی چۆن لەو پەیوەندییەدا لەئەستۆی پارتی دەنێت؟ ئێمە دیسانەوە بێینەوە سەر سەردانەکەی بارزانی بۆ تورکیا، هەرچەند راگەیاندنەکانی پارتی دەیانەوێت بابەتە ئابووری و بازرگانییەکان بخەنە پێش چاوو زەقیان بکەنەوە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەوانەى دەستنیشانکردووە، کە لەسەر کام بابەت لەگەڵ پارتیدا گفتوگۆیان کردووە، وەزیری دەرەوەى دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر وتی "ئێمە لەسەر تێکۆشانی هاوبەش لەدژی پەکەکە راوەستاوین". هەرخۆی لەخۆیدا ئەستەمە جگە لەوە شتێکى دیکە لەگۆڕێدا بێت، سڵاوی دەوڵەتی تورکیا لەکوردێک تەنها بۆ لەناوبردن و سڕینەوەى بزووتنەوەى ئازادییە، لەناوبردنی بزووتنەوەى ئازادی بۆ خۆی کردووە بەمەرجی هەبوون و مانەوەى خۆی، بە داخەوە ئەو رێگایەى بۆ خۆی هەڵبژاردووەو لەدۆخی ئێستادا هەموو هێزی خۆی خستوووەتەگەڕ تاوەکو بتوانێت ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییەى خۆی سەربخات. هەموو توانا ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماتیکی خۆی بۆ ئەو بابەتە خستووەتە کار، کاتێک مرۆڤ سەیری دانوستاندنەکانیان دەکات ئەوەی زۆر بەڕوونی بۆ ئاشکرا دەبێت، بەڵام بۆ سەرخستنی ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییەى خۆی رۆڵێکی جیاواز‌و تایبەتی بەهەندێک کورد داوە. لەدۆخی ئێستادا ئەگەر هەموو کوردان بخاتە بەردەم خۆی و بڵێت، من لەڕەگەوە دەرتان دەهێنم، ئەوا لەوکاتەدا هەم کورد یەکدەگرن و لەدژی دەوەستنەوە، هەم لەگۆڕەپانی نێونەتەوەیدا رووبەڕووی کاردانەوەی جۆراجۆر دەبێتەوە. لەبەرئەوەش سەرەتا دەستدەکات بەپارچەکردنی کوردان، لەگەڵ هەندێک لەکورداندا دەکەوێتە پەیوەندی و ئەوانی تریش پاکتاو دەکات، ئەو پەیوەندییە بۆ سەرخستنی سیاسەتە پاکتاوکارییەکەى بەکاردەهێنێت، لەو چوارچێوەیەدا رۆڵی پەردەپۆشکردنی هەوڵ و پلانە پاکتاوکارییەکەى داوەتە هەندێک لەکوردان، لەئێستادا ئەو رۆڵەى بەپارتی و هێزەکانی سەر بەپارتی داوە، بەو شێوەیە پارتی و هێزەکانی سەر بەپارتی لەهەموو پارچەکانی کوردستان لەچوارچێوەی هاوکاریکردنی ئەو سیاسەتە پاکتاوکارییەی دەوڵەتی تورکیادان، هەر چەند پارتی ئەوە قبوڵ ناکات، بەڵام سەردانی ئەمدواییەى نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوە بوو. ئێمە دەزانین دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆچی هەوڵدەدات بزووتنەوەى ئازادی لەناوببات، چونکە هەر خۆی لەخۆیدا دوژمنی گەلی کوردەو تاوەکو لەعەقڵیەتی پاکتاوکارییدا گۆڕانکاریی بنەڕەتی دروستنەکات درێژە بەو سیاسەتە پاکتاوکارییەى دەدات، بەڵام ئەوەى ئێمە لێی تێناگەین، ئەوەیە کە بۆ پارتی بەو رادەیە بەدڵ و بەگیان بەشدارە لەو سیاسەتە پاکتاوکارییەدا؟ روون و ئاشکرایە گەلی کورد پەکەکە بەگارانتی هەبوونی خۆی دەزانێت و نایەوێت پەکەکە لەناوبچێت، بەپێچەوانەوە دەیەوێت پەکەکە لەهەموو کوردستاندا بەهێز بێت، بەو شێوەیە گەلی کورد نایەوێت بۆ یەک ساتیش بیر لەژیان بەبێ پەکەکە بکاتەوە، چونکە دەزانێت پەکەکە چەند سوودی بۆ کۆمەڵگەى کورد هەیە و چیی بۆ ئازادیی گەلی کورد کردووە. هەموو کەس دەزانێت لەپاراستنی هەبوونی کورد‌و کوردستان لەباکووری کوردستاندا، لە بەدەستهێنانی هەموو دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستاندا، لەچەسپاندنی پێگەو قەوارەی باشووری کوردستان و پاراستنی شەنگال، مەخمور، هەولێرو بەگشتی پێگەو قەوارەی باشووردا چۆن رۆڵێکی گێڕاوە، بۆیە گەلی کورد بزووتنەوەى ئازادی و هەبوونی پەکەکەی بۆ خۆی وەک ئاووهەوا بەپێویست دەزانێت، بەڵام لەبەرچی پارتی بەو شێوەیە نایبینێت و بۆ ئەوەى پەکەکە پاکتاو بکرێت ئەو هەموو هاوکارییە گەورەیە پێشکەشی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر دەکات. دەبێت پارتی هەڵسوکەوت و رەفتاری خۆی بەرامبەر بەبزووتنەوەى ئازادی ئاشکرا بکات، دەبێت هەموو کەس بزانێت، کە پارتی لەبارەى بزووتنەوەى ئازادییەوە چۆن بیر دەکاتەوە، دەبێت ئاشکرای بکات، کەوەک دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بیردەکاتەوە یان وەک گەلی کورد بیردەکاتەوە. پارتی بیر لەوە دەکاتەوە، کە بەپاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادی، هەموو دەستکەوتەکانی بزووتنەوەى ئازادی لەهەموو پارچەکاندا دەکەونە ژێردەستی خۆی، بەڵام ئەوە لەکاتێکدایە پارتی و هەموو حزبە کوردییەکان لەپێناو گەلی کورددا دروستبوون، بۆیە هەموو حزبەکان ناچارن بەوتەو کرداری خۆیان بەپێی خواست و بەرژەوەندیی گەلی کورد بجوڵێنەوە. دەبێت پارتی ئەوە ئاشکرا بکات، کە لەپاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادی‌دا چ بەرژەوەندییەک بۆ گەلی کورد دەبینێت. روون و ئاشکرایە پارتی نەتەوەییانە بیر ناکاتەوەو من منی دەکات، روون و ئاشکرایە پارتی لەناو خەونێکی شومدایە، بزووتنەوەى ئازادی وەک ئەوەى ئەوان دەیانەوێت پاکتاو ناکرێت و بەدڵنیاییەوە لەم دۆخەشدا بە بەهێزی دەردەچێت و ئەم دۆخە تێدەپەڕێنێت، ئەگەریش بڵێین، پاکتاوکرا، ئەوا لەو کاتەدا رێگا دەدەرێت بە بەدەستهێنانی شتی نوێ، بەدڵنیاییەوە نا و ئەوە بۆ پارتی دەبێتە دەرد، چونکە ئەوە پاروویەک نییە کە بۆ پارتی قوت بچێت، لەبازاڕی دەوڵەتە گەورەکاندا هیچ کاتێک نرخی کورد بەئەندازەی نرخی دەوڵەتە داگیرکەرەکان نەبووەو ناشبێت، دوای شەڕی جیهانیی یەکەم، بەرخودانی ئاگری، کۆماری دیموکراتیکى مەهاباد، پەیمانی جەزایر، شەڕی یەکەمی کەنداو، ریفراندۆمی ٢٠١٧، داگیرکردنی عەفرین، داگیرکردنی سەرێکانی و گرێسپی، ئەو راستییە بە ئەندازەی پێویست روون دەکەنەوە. سیاسەتەکانی پارتی بۆ لەناوبردنی گەلی کورد دەرگاکان بەتەواوەتی دەخاتە سەر پشت، دەبێت ئێمە بەخێرایی پارتی ناچار بکەین لەو رێگا مەترسیدارە بگەڕێتەوە. ئەگەر نا....
گۆڕستانێک لەسلێمانی کە مردوو ناشتن تێیدا کرا بەپارە، لەژێر فشاری ھاووڵاتیاندا ھەڵوەشایەوە بەڵام ھێشتا وەکو نوکتە لەسەر زاری خەڵکیدا ماوەتەوە. ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود گۆڕستانێک لەسلێمانی کەمردوو ناشتن تێیدا کرا بەپارە لەسەرەتای ئەم مانگەدا، تووڕەیی خەڵکی بەدوای خۆیدا ھێنا، دواتر لەژێر فشاردا بڕیارەکە ھەڵوەشێنرایەوە بەڵام ھێشتا ئەو نوکتانە لەسەر زاری خەڵکیدا ماون کە وەکو کاردانەوەی بڕیارەکە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پارەیان سەند. ئەوەش لەکاتێکدا کەخەڵکی زۆر تووڕەن بەھۆی دواکەوتنی مووچەو لێبڕینی مووچەوە کەبارگرانی بۆ خەڵکی دروستبووەو ئیشوکار نەماوە بۆ کاسبکاران، زیادکردنی ھەر بڕەپارەیەک تووڕەیی بەدوای خۆیدا دەھێنێت. یەکێک لەو نوکتانەی کە بڵاوبۆتەوە، وێنەی داھۆڵێکە، کەسێک نووسیویەتی «ئەگەر مردم ئاوا وشکم بکەن لەبەر خۆر بەڵام پارە مەدەن بەگۆڕ کڕین ئەمە وەسیەتی منە». بڕیارەکە لەلایەن شارەوانیەوە دراوە بەجۆریک بۆ ھەر گۆڕێک (260) ھەزار دینار وەردەگیرێت، (١٥٠ھەزار ) بۆ گۆرھەڵکەنەکەو (١١٠ھەزار) بۆ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کە رووننەکراوتەوەتەوە چۆن ئەو تەندەرەی پێدراوە. ئەو گۆڕستانەی کەدراوە بەکۆمپانیایەک بەگرێبەست موڵکی شارەوانییە، لەسەر ئەرکی شارەوانی سلێمانی سیاجی گۆڕستانەکە لەکۆتایی ساڵی ٢٠٠٦ تەواو کراوە، تەواوی موڵکەکە شارەوانی کڕیویەتی. بەپێی (یاسای بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان) شارەوانی بەرپرسەو ئەرکێتی خەڵکی ھەژارو نەدار کەمردوویان لێ بمرێ، خۆی ھەڵسێ بەخاکسپاردنی بەبێ بەرامبەر نەک پارەیان لێوەربگیرێت. حاکم قادر حەمەجان، سەرۆکی پێشووتری شارەوانی سلێمانی داوا لەشارەوانی سلێمانی دەکات ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردوویانە بۆ بەخاکسپاردنی مردوو بەپارە، هەڵبوەشێننەوە، چونکە بەپێی یاسا ئەنجامدانی ئەو کارە بەبێ بەرامبەر ئەرکی شارەوانییەو دەشڵێت: ئەو گۆڕستانەی کەئێستا دراوە بەکۆمپانیایەک بەگرێبەست موڵکی شارەوانییە. حاکم قادر حەمەجان، سەرۆکی پێشووتری شارەوانی سلیمانی کەئێستا ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتییە، وتی «داواکارین مردوو بەپارە بەخاک نەسپێرێت کەئەمە عورف و عادات و تەقالیدی شارەکەمان بووە.» ژمارەیەک لەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ھەفتەی رابردوو سەردانی پاریزگای سلێمانیان کرد‌و داوای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەیان کرد، کە بەشێکیان رێکخراوەکانی ژنان بوون. بڕیارەکە بووە پرسێکی رای گشتی و چەند رۆژێکە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەوباسی لەسەر دەکرێت، دواتر لەژێر فشاردا بڕیارەکە ھەڵوەشێنرایەوە. ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکیدا بە ھاوڵاتی وت «ئێمە چ لەسەر ئەو پێشنیازانەی کاتی خۆی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ھەمان بووە، چ بەو تێڕوانینانەی لەپارێزگا ھەمان بووە، چ بەداخوازی خەڵک، چ بەداخوازی یەکێتی زانایانی ئایینی لقی سلێمانی، چ بە ئامادەبوون و ھاتن و پێشنیازەکانی رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی داوامان لەشارەوانی کردووەو پشتیوانی ئەو نووسراوەی شارەوانی دەکەین بەھەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە یان ھەموارکردنەوەو چاککردن و رێکخستنەوەی گرێبەستەکە بەشێوازێک لەخزمەتی ھاووڵاتیاندا بێت». وتیشی «دەکرێت خزمەتگوزاریەکان بەشێوەیەک بێت بۆ خەڵک روونبکرێتەوە، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە ئازیزانیان بنێژن، ھەموو کەسێک ئازادە تەرمی ئازیزانی خۆی لەگۆڕستانەکانی ناو شار یان دەرەوەی شار بەخاک دەسپێردرێت، ھیچ رێگرییەک نیە، ھیچ گۆڕستانێک داناخرێت لەو گۆرستانانەی جێگە ماون، خەڵک ئازادە لەکوێ دەیاننێژن، ھیچ کەسێک ئیجبار ناکرێت کە لەو گۆڕستانە نوێیە تەرمی ئازیزانیان بنێژن، هەروەها نووسراوی رەسمیمان بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کردووە ، شارەوانی سلێمانی خەریکی دیراسەکردنی ئەو بارودۆخانەیە». پارێزگاری سلێمانی ھەفتەی رابردوو لەگەڵ نوێنەرایەتی (١٨) رێکخراوی مەدەنی کۆووەوە، دواتر نووسراوێکیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کرد‌و داوایان لێدەکەن ناشتنی مردوو بەپارە لاببرێت، دواتر وەزارەتی شارەوانی کارکردنی بەبڕیارەکە راگرت. روناک محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکگرتووی خوشکان کەیەکێک بووە لەشاندی تۆڕی ھاوبەشی رێکخراوەکان، بە ھاوڵاتی وت «بڕیارەکەی شارەوانی و کۆمپانیاکە بۆ دانانی نرخ بۆ ھەڵکەندنی گۆڕ‌و رێوشوێنی ناشتنی مردوو کە ببووە مایەی نیگەرانی ھەموولایەک». روناک محەمەد ناوەڕۆکی گفتۆگۆکانیان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی خستەڕوو وتی» لەمیانەی سەردانەکە باس لەڕەوش و بارودۆخ وخراپی گوزەران و ئابووری ھاوڵاتیان کرا، کەخەڵکی ھەرێمی کوردستان ئێستا لەچ بارودۆخێکدایەو گوزەرانی ھاووڵاتیان لەوپەڕی ناڕەحەتی و خراپیدایە، کەدەبوو حکومەتی ھەرێم بیر لەچارەسەرکردنی دۆخەکە بکاتەوە، نەک ئەوەندەی دیکە باری سەرشانی ھاووڵاتیان قورس‌تر بکات». وتیشی «بەڕێزیان بەڵێنی ئەوەی پێداین کەئەویش وەک پارێزگار پشتیوانمانەو پێویستە ھاووڵاتی ئازاد بێت لەوەی لەکوێ و بەچ شێوەیەک ئازیزانی خۆیان بەخاک دەسپێرن ..ھەروەھا دەنگی ئێمەو یاداشتەکەمان بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار». لەناو خەڵکیدا بابەتی ناشتنی مردوو وەکو کارێکی خێر تەماشادەکرێت و خەڵکی لەدەورەی تازیەبار کۆدەبنەوەو سەرەخۆشی لێدەکەن و ھەندێکیش لە گەنجەکان گۆڕەکە بۆ خاوەن مردوو ھەڵدەکەنن، بەڵام لەم ساڵانەەی دواییدا لەشارە گەورەکان خەڵکانێک پەیدابوون و ھەڵکەندنی گۆڕیان کردووە بەپیشەی خۆیان. د.حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فتوای ھەرێمی کوردستان وتی « پێویستە ئەو کارە بەبێ بەرامبەر ئەنجامبدرێت ئەگەر کەسیش دەستنەکەوت پێویستە شارەوانی پێی ھەڵسێت، جاران لەھەر گوندێکداو لەھەر شارێکدا خەڵکێکی خێرخواز ھەبوو، چەند کەسێک ھەڵدەستان بەھەڵکەندنی ئەو گۆڕەو کارێکی ھەرەوەزی بوو». د.حەسەن بە ھاوڵاتی وت «تەنانەت ئەگەر داوای پارەی کرد، دەبێت پارەی زۆر وەرنەگیرێت، عادەتەن کرێکارێک چەند سەعاتێکی دەوێت بۆ ھەڵکەندن وەک کرێی کرێکار کە (٢٥) ھەزارە، خۆی لەئەسڵدا دەبێت بێبەرامبەریش ئەو کارە بکرێت». وتیشی «ئێمە لەگەڵ فکرەکەداین کەگۆڕستانێک ھەبێت خزمەتگوزاری تیادا بێت بەشێوازێکی مۆدێرن، نەک وەک قەدیم بەناو چەندین گۆڕدا تێدەپەڕیت، بەڵام لەگەڵ بڕی ئەو پارەیەدا نین، ئەگەر خزمەتگوزاری تەواویشی بۆ دابینبکرێت ھێشتا ئەو بڕە پارەیە زۆرە بۆ مردوویەک». ئەگەرچی بڕیارەکە راگیراوەو کاری پێناکرێت، بەڵام ھیشتا ئەو نوکتانەی لەسەر بڕیارەکە دەرکراون لەناو خڵکیدا دەستاودەست دەکەن. یەکێک لەو نوکتانەی کە بڵاوبۆتەوە ئەوەیە، دەڵێن بۆیە ھەڵکەندن و ناشتنی مردوو کراوە بەپارە، چونکە لەگەڵ ناشتندا پرسیارەکانی ناو گۆڕیشی تێدایە، ئەوەش مەبەست لەوەیە کە ھەندێک بۆچوونی ئایینی ھەیە دەڵێن کەسێک کاتێک دەمرێ، دوو فریشتە لەناو گۆڕدا پرسیاری لێدەکەن بۆئەوەی بزانن بەھەشتییە یان نا. ئەم بابەتە بەلای ھەندێک لەئایین خوازانەوە خورافەیەکەو تێکەڵی ئایین کراوە، بەڵام لەکاتی ناشتنی مردوودا ئەو مەلایەی تەڵقین دەخوێنێ ناوی فریشتەکان دەھێنێت. دوای بڕیارەکە خەڵکانێک کە خاوەن زەوی و موڵک بوون لەڕێگەی ئەکاونتی فەیسبوکی خۆیانەوە رایانگەیاند کە زەویەکانیان تەرخاندەکەن بۆ مردوان بەخۆڕایی بیاننێژن.
هاوڵاتى ، دیمەن ئیسماعیل دەیان تۆن هەنجیر لەئیران و تورکیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەگەرچی ئێستا وەرزى چنینەوەى هەنجیرە لەهەرێمى کوردستان و جوتیاران وەکو سەرچاوەیەکی بژێویی و داهات پشتی پیدەبەستن. لەوەرزى هاوین و پایزدا هەنجیرى کوردستان پێدەگات، جوتیارانیش دەست بەلێکردنەوەى بەرهەمەکانیان دەکەن و لەبازاڕدا دەیفرۆشن، بەڵام هێشتا لەدەرەوە هاوردە دەکرێت سەرەڕای ئەوەی باج خراوەتەسەر بەروبوومی هاوردەکراو. زەکەریا زوبێر، تەمەن (٥٢) ساڵ، دانیشتووى ئاکرێیە، خاوەنى باخێکى هەنجیرە لەسەر رووبەرى هەزار دۆنم زەوى بۆ «هاوڵاتى » وتى «لەدواى شەڕى داعش لەئاکرێ چاندنى هەنجیر زیادیکردووە، ساڵانە بڕێکى زۆر هەنجیر بەرهەم دێت، ئێستاش کاتى پێگەیشتنى هەنجیرە، رۆژانە (١٠) تەن کۆدەکەینەوەو لەبازاڕدا دەیفرۆشین». ساڵانە وەزارەتى کشتوکاڵ رێنمایى دەداتە گومرگ لە ١/٦ تا ١٥/١٠ تەڕەبار قەدەغەدەکرێت بهێنرێتە هەرێمى کوردستان، لە ١٥/٢ تاوەکو ١/١٠ بۆ یەک تەن هەنجیر (٥٠٠) هەزار دینار باج دەچێتە سەرى. ئەو جوتیارە نیگەرانە لەوەى ناتوانن بەرهەمەکەیان ببەنە پارێزگاکانى تر‌ى کوردستان «بەهۆى کۆرۆناوە ناتوانین بەرهەمەکانمان هەناردەی پارێزگاکانى تر بکەین، ئەمەش بووەتە هۆى زیان گەیاندن پێمان». بەپێى ئامارى وەزارەتى کشتوکاڵ لەساڵى ٢٠١٩ هەنجیرى خۆماڵى لەسلێمانى بەرهەمەکەى دوو هەزارو (٧٩٠) تەن بووە، لەهەولێر سێ هەزارو (٥٤) تەن، لەدهۆک دوو هەزارو (٦٩٧)تەن بووە، هاوردەش لەسلێمانى (٢٨) تەن، لەهەولێر (٤٣) تەن، لەدهۆک (٥٨) تەن بووە. ئامارى ساڵى ٢٠٢٠ مانگى هەشت، خۆماڵى لەسلێمانى (٣٢٠) تەن، لەهەولێر (٤٠٠) تەن، لەدهۆک (٤٥٠) تەن بووە، بەڵام بەرهەمى دەرەوە نەبووە. عەتا محەمەد، جێگرى هاوردەو هەناردەکانى هەرێمى کوردستان بۆ هاوڵاتى ، وتى «ئەو هەنجیرەى دێتە هەرێمى کوردستان لەئێران و تورکیاوە دێت، بەنسبەیەکى کەم دێتە هەرێم هەناردەى ناوەڕاست و خوارووى عێراق دەکرێت، ساڵى پار نزیکەى (٥٠٠) تەن هاتووەتە هەرێم». نرخى هەنجیر لەعەلوەکاندا کیلۆى بەهەزارو (٥٠٠) دینارە بەپێى جوانى و خراپى هەنجیرەکە، بە (٢٠٠٠-٢٥٠٠) دەفرۆشرێت. بەپێى ئامارى وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى لەهەرێمى کوردستان سێ هەزارو (٧١٤) کارگەى رێپێدراو هەن، دوو هەزارو (٢٧٢) کارگەى هەمەجۆر هەن لەکارکەوتوون، لەئایندەدا ئەو کارگانە بەکاربخرێن، هەلى کار بۆ نزیکەى هەشت هەزارو (٨٣٥) کەس فەراهەم دەبێت. وتیشى «کارگەکانى بوارى خۆراک زۆرترین چالاکییان هەیە، کارگەى خۆراک و شیرەمەنى و مرەبا هەیە، بەڵام ژمارەکانیان دیاریکراو نیە و ئامارێکى دەقیقمان لەبەردەستدا نییە». وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم: کۆمەڵێک پڕۆژەمان ئاڕاستەى دەستەى وەبەرهێنان کردووە، بۆ درووستکردنى مرەبا بەشێوازى مۆدێرن، دامەزراندنى کارگە بۆ ئەوەى پشت بەخۆمان ببەستین بەرهەمى ناوخۆمان فراوانتر بکەین حسێن حەمە کەریم، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم بۆ هاوڵاتى وتى: «بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمى ناوخۆ قەدەغەى هاوردەکردنى تەڕەپیاز دەکرێت لەدەرەوەى هەرێم». وتیشى «کۆمەڵێک پڕۆژەمان ئاڕاستەى دەستەى وەبەرهێنان کردووە، بۆ درووستکردنى مرەبا بەشێوازى مۆدێرن، دامەزراندنى کارگە بۆ ئەوەى پشت بەخۆمان ببەستین بەرهەمى ناوخۆمان فراوانتر بکەین». جۆرەکانی هەنجیر لەکوردستاندا (ئەرزنی، قەرانی، دریک، دیم (بوکتکا)، ریباری، بێناتی، شنگاری رەش، شێنک (تێک بەر)، هێژیرا رەش، تەفسک رەش، رێخک، تەفسک سپی (دووبەر)، شێک (دووبەر)، شنگاری سپی، ریحانی رەش، هیژیرا دیرک یا ئاڤی (خواردنی)، بایە، بەیلامالی، وەزیری، هەنجیرە رەش، هەنجیرە کێویلکەو چەند جۆری دیکەش لەدەڤەرە جیاجیاکانی کوردستاندا هەن. ئەم جۆرانە لەناوەڕاستی مانگی ئایار تامانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت، قەبارەی زۆر گەورەیە، لەهەندێ شوێندا پێی دەڵێن هەنجیری باینجان، چونکە کەمێک لەباینجان دەچێت، بەڵام بەهەنجیری ژەنگار ناوی دەرکردووە، جۆرەکانی دی لەدوای مانگی گەلاوێژ پێدەگەن، لەباشووری کوردستان ئەو جۆرانەی بەناوبانگن وەک هەنجیری ژەنگار، ئاکرێ، تەقتەق، شەرەبۆت، زۆر شوێنی دی لەسلێمانی و کەرکوک. لەهەندێ سەرچاوەی زانستی، هەندێ ناوی دیکەی هەنجیر باسکراوە وەک ئەمەریکی، ئەزمیری، سادە، کێوی، هەندێ جۆری دی هەن بەتامەکانیان ناودەبرێن، وەک وردە هەنجیر کە تامی زۆر خۆشەو لەڕووی بازرگانییەوە زۆر رەواجی هەیە. گەڵای هەنجیر لەگەڵ بەرەکەی لەکاتی لێکردنەوەی ئاوێکی لینجی سپی دەردەکات، زۆر جار دەبێتە هۆی پەیدابوونی هەستیاری (خوران) لەدەستی ئەو کەسانەی هەنجیر دەڕنن، بۆیە نابێ هەنجیر بڕندرێ تاکو بەتەواوی پێنەگات. سوودەکانی هەنجیر هەنجیر بڕێکی زۆر کانزاو پێکهاتە بەسوودەکانی تێدایە بۆ جەستەی مرۆڤ و بەشداری دەکات لەدروستکردنی خڕۆکە سوورەکانی خوێنداو کانزای مەگنسێوم بەجەستە دەبەخشێت، هەوڵبدەن لەژەمی بەیانیاندا هەنجیر لەسەر سفرەکانتان هەبێت، لەگرنگترین سوودەکانی هەنجیر: 1-سەرچاوەیەکی باشی کانزاو ڤیتامینە پێویستەکانە بۆ جەستەی وەک ڤیتامین بی شەش، کالسیۆم و پۆتاسیۆم و جەستە چالاک دەکات. 2-رێگری دەکات لەزیادبوونی کێش و چارەسەرە بۆ قەبزی بەهۆی ئەوەی بڕێکی باش ریشاڵ لەپێکهاتەیدا هەیە. 3-کۆلیسترۆل و چەوری خوێن دادەبەزێنێت. 4-ئێسکەکان دەپارێزێت، هەر دەنکێک هەنجیری قەبارە مامناوەند بڕی (79) میلیگرام کالسیۆم لەپێکهاتەیدا هەیەو توانایەکی باشی هەیە لەبەهێزکردنی ئێسکەکاندا. 5-جوڵەی گەدە ئاسان دەکات بەهۆی بوونی پێکهاتەی شەکری ساددە تیایدا. 6-سەرچاوەیەکی باشی پێکهاتەی دژە ئۆکسێنەرەکانە: کوپێک هەنجیر بڕی 50%ی پێکهاتەی دژە ئۆکسێنەرەکان بۆ جەستە دابیندەکات، بەمەش خانەکانی جەستە دەپارێزێت و رێگری دەکات لەڕوودانی هەر گۆڕانکارییەک لەخانەکانی جەستەدا. 7-مێشک بەهێز دەکات و دەمارە خانەکان چالاک دەکات. 8-رێگرى ده‌کات له توشبوون به‌هه‌ستیارى پێست. ئەو ژنەی کتێبی ئەنفال و چارەنووسی
هاوڵاتى کۆڵبەری لەنێوان یاسای حوکمڕان و پێناسەی خەڵکدا زۆر جیاوازەو بەپێی ئەو یاسایانەی لەکۆماری ئیسلامی سەبارەت بەقاچاخی کەلوپەل و کاڵا دەرکراوە کۆڵبەر دەچێتە خانەی قاچاخچی و بەپێی ئەو یاسایانە رێگریی لەکۆڵبەر دەکرێت و سزا دەدرێت لەکاتێکدا کۆڵبەر لەپێناسە گشتییەکەدا کەسانێکی زەحمەتکێش و لەخۆبوردەن کەدەیانەوێت سەربەرزانە و بە رەنجی شان و باڵی خۆیان بژین و لەم رێگەیەشدا دەبنە قوربانیی یاساکان و هاوکات لەلایەن خاوەنی کەلوپەل و کاڵاکان و بازرگانەکانەوە مافەکانیان پێشێل دەکرێت ئەگەرچی ئەم کارە لەسنورەکانی نێوان باکوری کوردستان و هەرێمیش دەکرێت، بەڵام لەم راپۆرتەدا تیشک دەخرێتە سەر کۆڵبەریی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئابوریی ئێران. بەپێی ئامارەکانی میدیا هەواڵییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێ پارێزگای کوردستان (سنە) و ورمێ و کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی (50) هەزار کۆڵبەر هەیە کەزۆربەیان لەپارێزگای سنە ئەو کارە دەکەن کەهۆکاری سەرەکیشی دەگەڕێتەوە بۆ نادادپەروەری لەدابەشکردنی داهات و سەرمایەی ئێران بۆ ئەو پارێزگایە، چونکە هەر بەپێی ئامارە فەرمییەکان داهاتی ساڵانەی ئەو پارێزگایە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناگاتە (1%) داهاتی ئێران و نزیکەی (20%) ئەو کەسانەی توانای کاریان هەیە بێکارن و ئەمەش دەکرێت بۆ زۆربەی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەو شێوەیە بێت، بەڵام بەپێی پلەبەندییەک پارێزگای سنە لەڕووی ئابوریی و فەرهەنگییەوە دەکەوێتە (23)یەمین پارێزگای ئێران لەکۆی (31) پارێزگای ئەو وڵاتە، نەبوونی هەلی کار‌و کارگەی گەورە بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار پاڵ بەگەنجان و پیاوان و تەنانەت کچان و ژنانیشەوە دەنێت بۆ پەیداکردنی بژێوی روو لەسنورەکانی نێوان هەرێمی کورستان و رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن و گیانی خۆیان لە رووی ئەمنی و سەختیی ئەو سنورانەوە بخەنە مەترسییەوە. ئەگەرچی مێژووی کوشتنی کۆڵبەران لەسنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر کۆنە، بەڵام هیچ ئامار‌و زانیارییەکی روون لە رووداوانی رابردوو بەردەست نییە، تەنها بەپێی راپۆرتێکی ساڵی (2011) لەپەرلەمانی ئێران؛ (74) کۆڵبەر لەساڵێکدا گیانیان لەدەستداوەو لەو ژمارەیەش (70) کەسیان بەگولـلەی راستەوخۆی پاسەوانانی سنور لەئێران بوونە قوربانیی و هاوکات هەر لە ماوەی ئەو ساڵەدا (76) کۆڵبەر برینداربوون کەسەختی رێگا و تەقینەوەی مین و رێگرییەکانی پاسەوانی سنور هۆکاری برینداربوونی ئەو کۆڵبەرانە بووەو بەپێی ئامارێکی دیکە لەساڵی (2013) تائێستا (212) کۆڵبەر بەگولـلەی پاسەوانانی سنوری ئێران گیانیان لەدەستداو هاوکات رێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە؛ لەساڵی (2019)دا (80) کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوەو بەپێی ئامار‌و راپۆرتە جیاوازەکانی حکومەتی ئێران و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ساڵانە (70) تا (80) کۆڵبەر بەتەقەی پاسەوانەکانی سنور گیانیان لەدەستدەدەن کەتەمەنیان لەنێوان (13) بۆ (70) ساڵە. کۆڵبەری بەرهەمی راپەڕینی هەرێم و قەیرانی ئابوریی ئێران دوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سەددام حسێن، سەرۆکی بەعسی عێراق و راپەڕینی ساڵی (1991) کورد دژی حکومەتەکەی و سەپاندنی بەندی (7)ی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بڕیاری نەوت بەرامبەر خۆراک، دۆخی ئابوریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرەو خراپیی رۆیشت، بۆیە بەناچاری هەندێک کەس بەکۆڵ، کەلوپەل و کاڵای بیانی و کۆنی وەک تەلەفزیۆن و بەفرگرو جلشۆرو هەندێک کاڵای ئەلیکترۆنیی تایبەت بەناو ماڵیان لەڕێگەی سنورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان رەوانەی ئێران دەکردو لەوڵاتەوە خۆراک و سوتەمەنیی دەهێنرایەوە هەرێم، سەرەڕای ئەوەی بڕێک لەو کاڵایانە بەئۆتۆمبێل و ئەسپ و ئێسترو بارگیر دەگوازرانەوە بەڵام هەندێک کەس ناچاربوون بەکۆڵ ئەو کەلوپەلانە بگوازنەوە بۆ ئەوەی داهاتێکی باشتریان دەستبکەوێت و خۆیان ببوێرن لەئەرکی پاراستنی ئەو ئاژەڵ و گیاندارانەی کە بۆ گواستنەوەی کاڵا سودیان لێوەردەگیرا. ساڵی (2000) دوای ئەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران زیاترکران و ئەو وڵاتە رووبەڕووی کۆمەڵێک گەمارۆی نێودەوڵەتیی بووەوەو ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی زیادی کرد ژمارەیەک کەس پەنایان بۆ کۆڵبەری و گواستنەوەی کاڵاو شتومەکی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان برد، ئەو دوو سەردەمە واتا ساڵی (1991) لەهەرێم و عێراق و ساڵی (2000) لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کاریگەرترین هۆکاربوون بۆ دروستبوونی کۆڵبەر لەنێوان سنورەکانی باشور‌و رۆژهەڵاتی کوردستاندا. دەستکەوتێکی کەم و ماندوبوون و مەترسییەکی زۆر هەر کۆڵبەرێک بەپێی قەبارەو جۆری ئەو کاڵایەی دەیگوازێتەوە داهاتەکەی دەگاتە نزیکەی (80) هەزار بۆ (200) هەزار تمەنی ئێرانی لەڕۆژێکدا کەدەکاتە نزیکەی (4) بۆ (10) دۆلار. ئامارە نافەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن زیاتر لەهەزاران خێزانی کورد لەئێستادا کەزۆرینەیان لە رۆژهەڵاتن بژێویی ژیانیان لەسەر کۆڵی کۆڵبەرانەو زۆربەی قازانجەکەشی بۆ بازرگانەکانە، ئەوەی بۆ زۆربەی کۆڵبەران دەمێنێتەوە گیانلەدەستان و برینداربوون و کەمئەندامیی و مەینەتیی ئەو رێگایەیە کە بۆ بژێوییەکی سەربەرزانە دەیگرنەبەر. کۆڵی ژنان و کچان بۆ پەیداکردنی نان دەیان کچ و ژن بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هەژارییەوە ناچارن گیانی خۆیان لەسەر دەستیان دەنێن و قورسایی باری ژیان بخەنەسەر پشتیان و بەگواستنەوەی کەلوپەل و کاڵا لەنێوان سنورەکانی رۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان بەسەرما و بەگەرما تولەڕێ و هەڵەت و هەڵدێرەکانی شاخ و داخ، کۆڵێکی قورس بگوازنەوە بەهیوای ئەوەی بگەنە ژیانێکی ئاسودە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان، وێنەی ئەو ژن و کچە کۆڵبەرانە بووەتە مانشێت و سەردێڕی بەشێک لەمیدیا و راگەیاندنەکانی نێوخۆی ئێران و جیهان، بەڵام ئەمەش باری گرانی ئەوانی کەم نەکردووەتەوەو هیچ لایەنێک هەوڵێکی جدیی بۆ رزگارکردنی ئەو کۆڵبەرە ژن و کچانە نادات. چیرۆکی تاڵی کۆڵبەران جگە لەتەقەی راستەوخۆی پاسەوانانی سنور، ساڵانە دەیان کۆلبەر بەهۆی سەرماو هەرەسی بەفرو مین و پاشماوەکانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق گیان لەدەستدەدەن. زستانی ساڵی (2016) لەناوچەی بێورانی سەردەشت (16) کۆڵبەر کەوتنە ژێر هەرەسی بەفرەوەو دوای زیاتر لە دوو رۆژ لەهەڵمەتی گەڕان و پشکنینی خەڵکی گوند‌و ناوچەکانی دەوروبەر (12) کۆڵبەریان رزگار کرد‌و (4) کۆڵبەری دیکە گیانیان لەدەستدا کەخەڵکی شارەکانی (سەردەشت و بانە و مەهاباد) بوون و هەر لەهەمان ساڵداو لەو ناوچەیە پێنج کۆڵبەری دیکە بەهۆی سەرماو سۆڵەوە رەوانەی نەخۆشخانە کران و کۆڵبەرێکیان گیانی لەدەستداو ئەو ساڵە بەگیانلەدەستدان و برینداربوونی (156) کۆڵبەر بەساڵێکی رەشی کۆڵبەران لەقەڵەمدرا. زستانی ساڵی (2019) دوو برا بەناوەکانی ئازاد‌و فەرهاد خەسرەوی، خەڵکی نێی مەریوان، کە ئازاد (17) ساڵ و فەرهاد (14) ساڵ تەمەنیان بوو، بەهۆی پەککەوتن و نابینابوونی باوکیانەوە ناچاربوون کۆڵبەری بکەن و دوای ئەوەی ئازاد لەسەرمادا گیانی لەدەست دەدات، فەرهاد بۆ رزگارکردنی براکەی روو لەڕێگەی گوندێک دەکات و ئەویش هەر بەهۆی کەوتنە ژێر بەفرەوە دوای سێ رۆژ تەرمی سارد‌و سڕی لەبەفردا دۆزرایەوە، ئەمەش بووە چیرۆکێکی دڵتەزێنی دیکەی مەینەتی و نەهامەتی کۆڵبەران. رێگریی لەکۆڵبەران کۆماری ئیسلامی ئێران دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵ و راپۆرتی زۆری میدیا نێوخۆیی و جیهانییەکان، هەوڵیدا لەساڵی (2018) بەبڕیارێک سەرجەم ئەو رێگەو تولەڕێیانەی کەکۆڵبەران لەسنورەکاندا بەکاری دەهێنێت بەتێکدان و بەکارهێنانی هێزی سەربازیی دابخات و لەو چوارچێوەیەشدا دوو کۆڵبەری خەڵکی بانە بەتەقەی راستەوخۆی پاسەوانانی سنور لەئێران گیانیان لەدەستدا، ئەمەش مانگرتن و خۆپیشاندانی خەڵکی شاری بانەو دواتر زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانیی ئەو مانگرتنەیان کرد، کەتێیدا زۆربەی دوکان و بازاڕەکانی شاری بانە داخران و نزیکەی (30) رۆژی خایاند‌و بەیەکێک لەمانگرتن و ناڕەزایەتییە مەدەنییە دوورودرێژەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانیی لەکۆڵبەران و کارەکەیان لەقەڵەم دراو ئەمەش وایکرد حکومەتی ئێران بەناچاری ژمارەیەک لەو رێگە و سنورانە بۆ کاری کۆڵبەران و کاسبکاران بکاتەوە. پلانی ئێران بۆ کۆڵبەران بەپێی رێکارو پلانێکی بەرپرسانی حکومەت، ژمارەیەک مۆڵەت دەدرێت بەکۆڵبەرانی پارێزگاکانی (سنە، ورمێ، ئیلام، کرماشان) لەڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای (سیستان و بلوچستان) لەباشوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، کە بەپێی رێکارەکە کۆڵبەران بۆیان نییە بەناوی ئەو مۆڵەتەوە کاڵاو کەلوپەلی قاچاخ و بێ باج و گومرگ بگوازنەوەو بەپێچەوانەوە سزا دەدرێن ئەمەش وای کردووە داهاتی کۆڵبەران زۆر لەڕابردوو کەمتر ببێتەوە. لەلایەکی دیکەوە دەزگای خێرخوازیی بەرەکەت کە لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزراوە بڵاوی کردووەتەوە: سێ پرۆژەی بۆ چارەسەری کێشەی کۆڵبەران و دۆزینەوەی هەلی کار بەناوی (کاک بەرەکەت) و (دەریای بەرەکەت) و (گێڕی بەرەکەت) دەخرێتە بواری جێبەبەجێکردنەوەو بەپێی ئامارێکی ئەو دەزگایە ژمارەی کۆڵبەران لەئێران (10) بۆ (50) هەزار کەسەو زۆربەیان لەپارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن و کۆڵبەران بوونەتە قوربانیی بێکاریی و ئەوان تەنها (1%)ی کاڵا و شتومەکی قاچاخ لەسنورەکانی ئێران و وڵاتانی دراوسێ دەگوازنەوە، کە لەبنەمادا هیچ زیانێکی ئەوتۆ بەئابوریی وڵاتەکە ناگەیەنن، تەنها بۆ بژێوی و دابینکردنی ژیانی رۆژانەیان ئەو کارە دەکەن، بۆیە بەفەرمانی خامنەیی هەوڵی دروستکردنی (30) هەزار هەلی کار دەدرێت بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە. گومان دەکرێت هەر لەو چورچێوەیەدا عەلی خامنەیی، هەفتەی رابردوو بڕیاریدا عەبدولڕەزا پورزەهەبی کەپێشتر لەپارێزگای سیستان و بلوچستان وەک نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کاری کردووە، گواستووەتەوە بۆ پارێزگای سنەو بەبڕیارێک کردویەتیە نوێنەری خۆی بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و ئاینیی لەو پارێزگایە. کۆڵبەران فریادڕەسی ئێران و خێزانەکانیان بەپێی ئامار‌و راپۆرتی ساڵانەی ژووری بازرگانیی تاران، لەساڵانی رابردوو بە بەهای (24) ملیار دۆلار کاڵاو سوتەمەنی بەقاچاخ ئاڵوگۆڕی پێکراوە، بەڵام ئەمساڵ ئەو رێژەیە گەیشتووەتە نزیکەی (10) ملیار دۆلار، کەزۆربەی لە رێگەی بارهەڵگرو ترانزێتەوە ئاڵوگۆڕ کراوەو ئەمەش ئاماژەیە بەوەی کەکۆڵبەران کەمترین رۆڵیان هەیە لەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک قاچاخ لەقەڵەمی دەدات و لەلایەکی دیکەوە سەعید عەمرانی، جێگری دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە؛ سزاکانی تایبەت بەقاچاخی کاڵاو سوتەمەنی لەئێران حەوت هێندەی رابردوو قورس‌تر دەبێت، چونکە ئاستی قاچاخی کەلوپەل و کاڵا بە رێکخراوەیی گەیشتووەتە (15) بۆ (25) ملیار دۆلار لەساڵێکدا.
هاوڵاتى بەرپرسانی حکومەتی هەریمی کوردستان هیواخوازن کێشەکانیان لەگەڵ بەغدا چارەسەربکەن بەتایبەتی لەپرسی بشکی هەرێم لەبودجەی 2021دا، ئەگەرچی ترسیان هەیە لە بەهێزبوونی پێگەی کازمی لەهەرێمی کوردستان، ئەوەش لەکاتێکدایە بڕیارە هاوینی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. لەگەڵ پێشوازی گەرموگوڕی کازمی لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە، بەڵام جوڵەیەکیش دەبینرێت لەلای پارتە سیاسییەکانەوە، بەجۆرێک کەهەڵبژاردنی پێشوەخەت دوابخرێت یان کار بەو پرۆژە یاسایە نوێیە نەکرێت کەحزبەکان پێیانوایە لەبەرژەوەندیاندا نیە بەهۆی سیستمی فرەبازنەییەوە. ترس لەبەهێزبوونی پێگەی کازمی لەکوردستان ئەگەرچی کازمی لێدوانێکی ئاشکرای نیە لەسەر ئەوەی لیستی دەبێت بۆ هەڵبژاردن، بەڵام جموجوڵەکان سەرنجی جەماوەری بۆ خۆی راکێشاوەو هاوکات خەڵکانێکی ناڕازیش لەهەرێمی کوردستان ستایشی دەکەن دوای ئەوەی سەری ئافرەتێکی کەسوکاری ئەنفالکراوی ماچ کرد لەدهۆک و ئافرەتەکەش پیی وتووە کورددستان ئەمانەتی تۆ دەکەم. ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: یاسای نوێی هەڵبژاردن لەعێراقدا گرفتەکان قوڵتر دەکاتەوەو و چارەی کێشەکان ناکات، پێمانوایە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ نوێنەرایەتی رێژەیی. رۆژی دوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەی کازمی، دەزگای هەڵبژاردنی گۆڕان و پارتی کۆبوونەوە، دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان لەوبارەیەوە وتی «زۆربەی لایەنە سیاسییەکان پێیانوایە ئەم یاسا نوێیەی کە رەشنووسەکەی پەسەند کراوە، یاسایەکی خراپەو گەڕانەوەیە بۆ دواوە، بۆیە ئێستا لەقۆناغی ئەوەداین وەک هێزو لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆی زیاتر بکەین بەتایبەت لەناوچە جێناکۆکەکان کە بەشێوەیەک بێت مافی کورد نەفەوتێت». هەروەها لای خۆیەوە خەسرەو گۆران، سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، وتی کە سەردانەکەیان بۆ سلێمانی بەئامانجی ئاڵوگۆڕی بیروڕایە سەبارەت بەیاسای هەڵبژاردن و دروستکردنی یەکڕیزیی لایەنەکانی کوردستانی بۆ هەر هەنگاوێک لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەپێناو پاراستنی پێگەی کورد لەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. وتیشی «بڕیارماندا کۆبوونەوەی هاوبەش بکەین لەنێوان لایەنەکانی کوردستان بۆ ئەوەی بەیەک هەڵوێست و یەک تیم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆببینەوە». ئەو سەردانەی خەسرەو گۆران بۆلای گۆڕان لەکاتیکدابوو سەردانەکەی کازمی بۆ کوردستان دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت پاش ئەوەی لەئۆتۆمبێلەکەی دابەزی و گوێی لەجوتیاران گرت و سەری ژنێکی کەسوکاری ئەنفالکراوی ماچکردو سەردانی هەڵەبجەو دەروازە سنورییەکانی کرد. محەمەد رەئوف رۆژنامەنوس لسەر ئەو سەردانە وتی «شەوو رۆژ هاواری قاچاغچێتی دەروازە سنورییەکان دەکرێت، هیچ سەرکردەیەک جورئەتی کرد شەوێک خۆی بکات بەخاڵێکی سنوریداو بزانێت چی دەگوزەرێت، دوو رۆژە دەنگۆی سەردانی کازمی هەیە، بەتەواوی قاچاغچێتی لە دەروازەکان راگیراوە، لە دیوی ئێرانەوە بەهەزاران ترێلە وەستاوەو لەترسی کازمی ناتوانن ئاودیوی بکەن. ئێوەش لەپشتی لاپتۆتەوە بانگەشەی چاکسازی دەکەن». هەروەها وتی «کازمی پێش سەرۆکی کابینەی نۆیەم، سەردانی ئیبراهیم خەلیل و باشماخ دەکات، پێش ئەویش سەردانی هەڵەبجە دەکات، کە تائێستا سەرۆکی کابینەی نۆیەم هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕینی نەبینیوە». وتیشی «کازمی بەڕوونی بە سەرکردەکانی کوردی وت حوکمڕانی لەپشتی کۆمپیوتەرو کۆشک و تەلارەکانەوە ناکرێت، نەیەنە ناو خەڵکەوەو لەگەڵ ئازارەکانیان نەژین، دواجار کۆشک و تەلارەکان فریاتان ناکەوێت، خەڵکی بەدوای بەدیلدا دەگەڕێت». کێشەی هەڵواسراوی نەوت بەرەو کوێ؟ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لەهەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کەنزیکەی دوو دەیەیە درێژەی هەیە لەنێوان هەردوولادا دوای رووخانی رژێمەکەی سەدام حوسێن لە 2003. گرنگترین ئەو دۆسیانەی کە رووبەڕووی مستەفا کازمی دەبێتەوە دۆسیەی ئاڵۆزی نەوت و دەروازە سنورییەکان و ژمارەی فەرمانبەرانی راستەقینەی هەرێمە، کە تائێستا بەغدا دان نانێت بەژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی هەرێم کە بەزیاتر لەملیۆنێک و (250) هەزار کەس لەوەزارەتی دارایی تۆمارکراوە. لەساڵی 2006ەوە هەریم و بەغدا ناکۆکن لەسەر دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، لەوکاتەوە پرۆژە یاساکە لەجێی خۆیدا چەقیوە، بەڵام لەساڵی 2007ەوە هەرێمی کوردستان یاسای نەوت و غازی تایبەت بەخۆی دەرکرد و دەیان کۆمپانیا لەو چوارچێوەیەدا دەستیان بە گەڕان و دەرهێنانی نەوت کرد. لەدوای ساڵی 2013ەوە کاتێک حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بەسەربەخۆیی نەوت بفرۆشێ، حکومەتی عێراق بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی لەبودجەی 2014دا پشکی هەرێمی کوردستانی لەبودجەدا بڕی. ماوەی شەش ساڵە حکومەتی عێراق بودجەی هەریمی کوردستان کەپێشتر 17% بوو بڕیویەتی یان پچڕپچڕ بەشێکی بۆ موچەی فەرمانبەران دەنێرێت، هەرکاتێکیش نێوانیان تێکدەچێت ئەوەش کەم دەبێتەوە یان رادەگیرێت، بەوهۆیەوە دۆخی ژیانی خەڵکی تادێت روو لەخراپی دەکات ئەوەش بەهۆی رێکنەکەوتن لەسەر کیشە کەڵەکەبووەکان کەدیارترینیان پرسی نەوتە. پڕۆژە یاسای نەوت و غاز بەهەڵپەسێردراوی لەپەرلەماندا ماوەتەوە بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، لەکاتێکدا بەغدا دەخوازێت مەسەلەی نەوت ناوەندی بێت، حکومەتی هەرێمیش داوادەکات بۆ مەسەلەکانی پەیوەست بەنەوت، سیستمی نامەرکەزی پەیڕەو بکرێت کە رێگە بەهەرێم دەدات دەسەڵاتی بەسەر کێڵگە نەوتییەکانیاندا هەبێت. دانوستانەکانی نێوان حکومەتی بەغداو حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە لەچەندین کابینەی حکومەتی عێراقیدا بەردەوامن و بەچارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، بەڵام هەندێک هیوایان لەسەر کازمی هەڵچنیوە بۆ چارەسەرکردنی. لەئێستادا حەکومەتی هەرێم رۆژانە (450) هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، حکومەتی عێراق داوای (250) هەزار بەرمیل دەکات بۆ ئەوەی پشکی هەریم لەبودجەی 2021 جێگیر بکات، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو داهاتە ناگەڕێتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی، بەوەش موچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆیدا نادرێت، ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێم دەیفرۆشێت بەشێکی بۆ تورکیایەو بەشێکی بۆ کۆمپانیاکەنە و بەرپرسانی هەرێم دەڵێن ئەگەر ئەو بڕە بدەنە بەغدا دەبێت داهاتی (200) هەزار بەرمیلەکەی تر بدەنە حەقدەستی کۆمپانیاکان و تورکیا، بەڵام بەغدا دەیەوێت خۆی نەوتەکە بفرۆشێت وهەرێم رازی نییە. پێناچێت مستەفا کازمی نەرمی بنوێنێت لەبەرامبەر ئەمەدا، چونکە لەلایەکەوە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە نرخی نەوت دابەزیوە، فشاری ئابوری کەوتۆتە سەر حکومەتەکەی خۆی، لەلایەکی ترەوە پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەریم وەکو کارتێکی فشار لەسەر حکومەتی هەرێم بەکاردێنێت. دەروازە سنورییەکان یەکێکی تر لەداخوزیەکانی کازمی رادەستکردنی نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەکانی هەرێمە لەسێ مانگی دهاتوودا، هەروەها مەرجی تری هەیە بۆ ساڵی 2021 کەئەو دەروازانە سەر بەحکومەتی فیدڕاڵی بن، کازمی پێشتر لەخاڵە سنورییەکانی باشوری عێراقیش هێزی تایبەتی ناردووەو میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی دورخستۆتەوە. کازمی دەستیکردووە بەجێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و قاچاغچێتی و چالاکی نایاسایی لە 11ی تەمموز لەدەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران لەمەندەلی و مونزیرییە لەپارێزگای دیالە، بەجێگیرکردنی یەکە ئەمنییە تایبەتەکان لەهەردوو دەروازە سنوورییەکە. دوای ئه‌وه هێزە سەربازییەکان لەپارێزگای بەسره ئاراسته‌کران بۆ پاراستنی بەندەری ئوم قەسرو دەروازەی سنووریی سەفوان لەگەڵ کوێت، هەروەها بۆ رێگریکردن لەهەر هێزێکی نافەرمی لەدەستگەیشتنیان بەم شوێنانە. لەمیانی سەردانێکی 15ی تەمموزدا بۆ بەسرە، سەرەکوەزیران مستەفا کازمی وتی بەندەرەکان و دەروازە سنوورییەکان دەبێت لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و یاسادا بن. وتی «پێویستە نەیبیستینەوە کە بەهۆی گەندەڵییەوە داهاتی دەروازە سنوورییەکان دیارنامێنێت، چونکە ئەمە دەبێته مایەی شەرم بۆ هەموومان» و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە «ئەو سەرچاوانە موڵکی خەڵکن». کازمی وتی تەواوی بەندەرەکان لەنزیکەوە چاودێریدەکرێن و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە «زانیاریمان هەیە لەسەر کەسانی گەندەڵ لەبەندەرە ئاوییەکان کەبەگوێرەی یاسا سزای خۆیان وەردەگرن.» لەسەردانەکیدا بۆ هەرێمی کوردستان مستەفا کازمی سەردانی مەرزەکانی ئیبراهیم خەلیل و باشماخی کرد. مەریوان شێخ کەمال، سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ سەبارەت بەسەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ وتی سەردانەکەی وەکو سەردانی مەرزەکانی دیکەی عێراق بووە، بەو پێیەی دەروازە نێودەوڵەتییەکان بابەتێکی سیادین. حسێن عەرەب، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هێزە عێراقییەکان بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، موچەی فەرمانبەرانی کوردستان جۆرێک لە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر کراوەو پەیوەست کراوە بەبوونی کۆنتڕۆڵی حکومەتی فیدڕاڵ لەسەر خاڵە سنورییەکانی هەرێم
شاناز حه‌سه‌ن مسته‌فا کازمى، سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستانی کرد‌و دوو رۆژ مایه‌وه‌و چووه پارێزگاکان و به‌شێک له‌خاڵه سنورییه‌کان، به‌شێک له‌هاوڵاتیان وه‌ک»فریادڕه‌س» ناوى ده‌به‌ن. ئێواره‌ى رۆژى پێنجشه‌ممه 10ى ئه‌یلولى 2020، مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق سه‌ردانى بۆ هه‌رێمى کوردستان کرد‌و تێیدا چاوى بهبەرپرسانى هه‌رێم که‌وت و سه‌ردانى سه‌رجه‌م پارێزگاکانى کرد. نووسینگه‌ى راگه‌یاندنى مسته‌فا کازمى له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا رایگه‌یاند:» له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌و ئاسته‌نگانه کرا که‌ڕووبه‌ڕووى عێراق بوونه‌ته‌وه، هاوکات پرسى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت تاووتوێ کراوه‌و جه‌خت له‌وه‌کرایه‌وه که‌قۆناغى ئێستا پێویستى به‌بونیادنانه‌وه‌و کۆده‌نگى هه‌یه«. هه‌روه‌ها له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه« ئه‌مڕۆ عێراق له‌به‌رده‌م ده‌رفه‌تێکى مێژووییدایه، بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و کێشه که‌ڵه‌که‌بوانه‌ى چه‌ندین ساڵه به‌رۆکى وڵاتیان گرتووه، باس له‌پرۆژه‌و بونیادنانه‌وه‌ى ئابورى و سیستمێکى کارگێڕى به‌شێوه‌یه‌کى باشتر بۆ وڵات کرا». سه‌ردانه‌که‌ى مسته‌فا کازمى بۆ هه‌رێمى کوردستان کاردانه‌وه‌ى ناوخۆیى لێکه‌وته‌وه‌و به‌شێک له‌هاوڵاتیان به«فریادڕه‌س» ناوى ده‌به‌ن و هه‌ندێکیان پێیانوایه سه‌ردانه‌که ته‌شریفاتى بووه‌و ده‌یه‌وێت پیشانى بدات سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌موو عێراقییه‌کانه. ئاراز محه‌مه‌د، ته‌مه‌ن (32) ساڵ، دانیشتووى قه‌زاى که‌لار له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» هاتنى کازمى کهکاتێکى قووڵى نه‌خۆشى کۆرۆنایه‌و هه‌موو سه‌رکرده‌کانى خۆمان له‌ماڵه‌وه له‌پشتى لاپتۆپه‌کانیانه‌وه، خۆیان شاردۆته‌وه، کازمى به‌و شێوه‌یه چووه ناو خه‌ڵکه‌وه، که‌خه‌ڵکیش تینووه سه‌رکرده‌کانى له‌گه‌ڵیاندا بن و راسته‌قینه‌بن، بۆیه هاتنه‌که‌ى کاریگه‌رى باشى هه‌بوو». هه‌روه‌ها وتیشى»هه‌ریه‌ک له‌حزبه‌کانى پارتى و یه‌کێتى وایان لێهاتووه هێرش ده‌که‌نه‌سه‌ر کازمى بۆ ئه‌وه‌ى بیشکێنن، چونکه به‌جوانى ده‌رکه‌وتووه‌و بۆ ئه‌وه‌ى وابکه‌ن خه‌ڵک پێى موعجیب نه‌بێت». ئه‌و هاووڵاتیهى که‌لار پێشیوابوو کازمى گرنگى سه‌ردانه‌که‌ى ئه‌وه‌بوو که‌سه‌رکرده‌کانى کوردى به‌خه‌ڵک ناساند له‌م کاته‌دا، خه‌ڵک که‌وتووەته ناو قه‌یرانێکى ته‌ندروستى و دارایى قووڵه‌وه، که‌ده‌چێته ناو خه‌ڵکه‌وه‌و سه‌رى خه‌ڵک ماچ ده‌کات،» بۆیه هاتنه‌که‌ى هه‌م ته‌حه‌دا بوو، هه‌م تێکشکاندنى سیاسه‌تى سه‌رکرده‌کانى خۆمان بوو». بڕوا ستار، ته‌مه‌ن (30) ساڵ، دانیشتووى هه‌ولێر له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى، ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو سه‌ردانه‌که‌ى مسته‌فا کازمى له‌ڕوانگه‌ى سیاسییه‌وه پڕبایه‌خه، چونکه بۆ یه‌که‌مین جاره له‌دواى رووخانى رژێمى پێشووى عێراقه‌وه، سه‌رۆکوه‌زیرانێک به‌و شێوازه مه‌یدانییه سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان بکات. هه‌روه‌ها وتیشى»مسته‌فا کازمى جیا له‌سه‌رکرده‌کانى دیکه‌ى عێراق، ده‌یه‌وێت مه‌یدانیانه سه‌ردانیانى ناوچه‌کان بکات و عێراق له‌ناوخۆیدا زۆر به‌هێز پیشانبدات، تائێستا وه‌ک سه‌رۆکوه‌زیرانێکى باش خۆى ده‌نوێنێت، بۆیه به‌سه‌ردانێکى ئه‌رێنى داده‌نرێت». بڕوا ستار ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد» هاتنه‌که‌ى گه‌یاندنى ئه‌و پایهمهیه، ئه‌و هه‌موو عێراق به‌یه‌ک چاو سه‌یرده‌کات و هیچ جیاوازیى ناکات». ئه‌و هاووڵاتییه‌ى پارێزگاى هه‌ولێر، باسى له‌وه‌شکرد مسته‌فا کازمى پێشووتر رۆژنامه‌نووس بووه‌و له‌نزیکه‌وه ئاگادارى ئه‌و جۆره حوکمڕانییه‌یه که‌خه‌ڵک ده‌یه‌وێت، بۆیه هه‌نگاوه‌کانى والێکدهدرێتهوهو جددین و ئه‌رێنین. مو‌سا جه‌لال، خه‌ڵکى هه‌ولێره‌و باسى له‌سه‌ردانه‌که‌ى کازمى کرد‌و که «ته‌حه‌داى سه‌رکرده کورده‌کانى کرد، چاوى کوێر کردن، به‌و شێوازه ساده‌یى و جوانییه چووه ناو خه‌ڵکه‌وه، له‌کاتێکدا ژیانى خه‌ڵک زۆر خراپه، تائێستا سه‌رکرده‌یه‌کى هاوزمان و هاوخاکى خۆمان ئاماده‌نه‌بووه بێته ناو خه‌ڵکه‌وه«. «خه‌ڵک زۆر دڵى پێ خۆش بوو، به‌تایبه‌ت چینى کاسب و مامناوه‌ند کههیوایى ژیانیان داوه‌ته ده‌ست کازمى، ئێستا ئێمه ته‌نیا کازمى به‌فریادڕه‌سى خۆمان ده‌زانین و چاومان لهدهستیهتى کارێکمان بۆ بکات» مو‌سا وه‌ک کاسپکارێک واده‌ڵێت. دانیشتوویه‌کى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێت، سه‌ردانه‌که‌ى کازمى بۆ شاره‌که‌یان روحى بهخشییەوه به‌هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان. سامان فه‌تاح، ته‌مه‌ن (31) ساڵ، دانیشتووى هه‌ڵه‌بجه‌یه‌و له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت»تائێستا هیچ کام له‌به‌رپرسانى هه‌رێمى کوردستان له‌زۆنى زه‌ردو زۆنى سه‌وز، به‌شێکى زۆریان سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌یان نه‌کردووه!، کێشه‌ى هه‌ڵه‌بجه بۆیه وا که‌ڵه‌که‌بووه، نه حکومه‌تى عێراق و نه هه‌رێم ئاوڕیان لێنه‌داوه‌ته‌وه، بۆیه هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان زۆر نائومێدبون و له‌پێشتردا زۆر هه‌وڵیانداوه، بۆیه سه‌ردانه‌که‌ى کازمى روحى به‌خشییه‌وه به‌هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان». هه‌روه‌ها وتیشى»بۆ ئێمه کازمى ئه‌وه‌ى پیشاندا که دانى ناوه به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌داو هاوشێوه‌ى پارێزگاکانى دیکه ته‌ماشاى کرد‌و زۆر جێگه‌ى بایه‌خ بوو، بۆمان ده‌رکه‌وت هه‌ڵه‌بجه هێشتا به‌و شێوه‌یەى که‌بیرمان لێده‌کرده‌وه له‌لایه‌ن عێراقه‌وه فه‌رامۆش نه‌کراوه، که ده‌سه‌ڵاتى کوردى خۆمان له‌هه‌موو روویه‌که‌وه ئیهمالیان کردووه«. ئه‌م هاووڵاتیهى خه‌ڵکى هه‌ڵه‌بجه پێشیوابوو سه‌ردانه‌که‌ى کازمى ته‌شریفاتى بووه، به‌ڵام هه‌رچیه‌ک بێت هیوایه‌کى نوێ بوو بۆ هه‌موو خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان. دانیشتوویه‌کى پارێزگاى دهۆک ئاماژه به‌وه‌ده‌دات کهسهردانهکهى کازمى نیشانی‌دا عێراق وڵاتى هه‌موو تاکێکى کورده‌و هه‌ڕه‌شه نییه له‌سه‌ر قه‌واره‌ى سیاسیى کورد. خه‌بات عومه‌ر، پارێزهرو دانیشتووى دهۆک، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت»سه‌ردانه‌که‌ى کازمى ئه‌وه‌ى سه‌لماند عێراق وڵاتى هه‌موو تاکێکى کورده، له‌ڕووى سیاسیی و نهتهوهییهوەو ئه‌و جیاکاریهى ده‌سه‌ڵاتدارانى کورد پشانیان داوه، ئه‌وه‌ى سه‌لماند که‌ئه‌وان به‌و چاوه سه‌یرناکه‌ن». هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه«ده‌سه‌ڵاتى کوردى هیچ کات متمانه‌ى بهخهڵکهکەى خۆى نه‌بووه بێته ناو خه‌ڵکه‌که‌ى و له‌بۆشایى نه‌بوونى ئۆپۆزسیۆنێک، که‌س نه‌یتوانیوه بێته ناو خه‌ڵک قسه‌ى دڵى خه‌ڵک بکات و نامه‌ى خه‌ڵک وه‌ربگرێت، بۆیه ئێمه بۆمان سه‌لما له‌کوردستان هیچ هێزێکى ئۆپۆزسیۆن نیه«. جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه، کازمى سه‌لماندى که «هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر قه‌واره‌ى سیاسى کورد» نیه، به‌ڵکو «هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر قه‌واره‌ى که‌س و لایه‌نه سیاسییهکانە». عوسمان عه‌بدولڕه‌حمان، ته‌مه‌ن (43) ساڵ، له‌پارێزگاى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم نه‌یانتوانى له‌ماوه‌ى حکومڕانیاندا بیکه‌ن، کازمى به‌ماوه‌یه‌کى که‌مى ده‌سه‌ڵاتى کردى و هاته ناو خه‌ڵکه‌وه«. هه‌روه‌ها وتیشى:» خه‌ڵک هیچى ناوێت ته‌نیا هاتن و گوێگرتن لێیان، خۆ کازمى پاره‌ى نه‌به‌خشیه‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵکدا، هه‌ر هاتنه‌که‌ى خۆى بوو بهجلێکى ساده‌وه که‌خه‌ڵکى دڵخۆش کرد». شیکهرهوهیهکى سیاسیى عێراقى ده‌ڵێت، ته‌نیا جیاوازى کازمى له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌کانى دیکه ئه‌وه‌بووه که به‌مه‌یدانى چووه هه‌موو پارێزگاکان و سه‌ردانى خاڵه سنورییه‌کانى کردووه. یاسین ته‌ها، چاودێرى سیاسى، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» سه‌ردانه‌که‌ى سه‌رۆکوه‌زیران شتێکى زۆر ئاساییه‌و هیچ تایبه‌تمه‌ندیه‌کى نه‌بوو، نازانرێت بۆ به‌و شێوازه لێکدانه‌وه‌ى بۆ ده‌کرێت، بۆیه بێماناییه‌کى زۆر هه‌یه له‌و هه‌موو سیناریۆیه‌ى بۆی دروستده‌کرێت». هێماى بۆ ئه‌وه‌شکرد کاته‌که‌شى نزیکه لهههڵبژاردنهوهو هه‌موو که‌س هه‌وڵده‌دات، چێکى بارودۆخه‌که بکات و خۆى نمایش بکات، بۆیه شتێکى زۆر ئاساییه«. ئه‌و چاودێره سیاسییه وتیشى» ته‌نیا جیاوازى کازمى له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌کانى دیکه ئه‌وه‌بوو به‌مه‌یدانى چووه هه‌موو پارێزگاکان و سه‌ردانى خاڵه سنورییه‌کانى کرد، ئه‌وه‌ش ته‌نیا په‌یوه‌ندى به‌داهاتى نه‌وته‌وه هه‌یه، که‌به‌رده‌وام له‌پاشه‌کشه‌دایه‌و ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ى داهاتى خاڵه سنورییه‌کانه‌وه داهات زیادبکات». یاسین ته‌ها ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه به‌پێى کاردانه‌وه‌کانى هاووڵاتیان، ئه‌وه به‌دیده‌کرێت بێهیواییه‌کى زۆر به‌خه‌ڵکه‌وه دیاره، به‌ڵام «خه‌ڵک له‌م کاته‌دا هه‌ر که‌سێکى دیکه‌ش بهاتایه وه‌ک فریادره‌س سه‌یرى ده‌کرد، ئه‌و پاشه‌کشه‌یه‌ى له‌دۆخى ئابوورى خه‌ڵک هه‌یه له‌هه‌رێمى کوردستان کاریگه‌رى له‌هانابردن بووه بۆ کازمى». یاسین ته‌ها، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که‌بوونى ئه‌و په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ به‌غداو هه‌ر هه‌نگاوێک به‌ئاراسته‌ى پۆزه‌تیف شتێکى باشه، به‌ڵام جارێ زووه قسه له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌ین تاچه‌ند کار بۆ خه‌ڵک و هاووڵاتیان ده‌کات و ده‌بێته ئه‌و فریادڕه‌سه‌ى که‌خه‌ڵک هاناى بۆ بردووه.
شاناز حه‌سه‌ن پاریزگای سلێمانی لەخواردنی گۆشتدا به‌هه‌موو جۆره‌کانیه‌وه لەپلەی یەکەمدا دێت به‌به‌راورد بهپارێزگاکانى دیکه‌ى عێراق و هه‌رێمى کوردستان، بەتێکڕا هەر هاووڵاتیەک مانگانە یەک کیلۆ گۆشتی سورو کیلۆو نیوێک گۆشتی مریشک دەخوات. پارێزگاى سلێمانى مانگانه به‌تێکڕا (70) ته‌ن گۆشتى سور به‌کارده‌هێنێت، که ساڵانه ده‌کاته (22) بۆ (25) هه‌زار ته‌ن گۆشتى سور. به‌ڵام گۆشتى سپى سێ هه‌زار و (50) بۆ چوار هه‌زار ته‌ن له‌مانگێکدا به‌کارده‌هێنرێت، که‌ساڵانه ده‌کاته (40) هه‌زار تۆن. به‌پێى کۆى ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێمی که‌پێنج ملیۆن و (309) هه‌زارو (592) که‌سه، ژماره‌ى دانیشتوانى پارێزگاى سلێمانى، دوو ملیۆن و (162) هه‌زارو (279) که‌سه. بەو پێیەش بەتێکڕای هەر کەسێک لەپاریزگای سلێمانی بەگەورەو بچووکەوە مانگانە کیلۆیک گۆشتی سورو کیلۆو نیوێک گۆشتی مریشکی بەردەکەوێت، کەهەرتاکێک لەساڵەکەدا (12) کیلۆ گۆشتی سورو (18) کیلۆ مریشکی بەردەکەوێت. ئاوات ئه‌حمه‌د سه‌رۆکى ئه‌ندازیارى کشتوکاڵى پێشکه‌وتوو ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد که‌مى هاتنى گهشتیارو نه‌بوونى موچه و بارى دارایى هاووڵاتیانیش کاریگه‌رى له‌سه‌ر زۆرى و که‌مى به‌کارهێنانى ده‌بێت و وتى «ئێمه پێشبینى ده‌که‌ین ئه‌مساڵ به‌هۆى ئه‌و هۆکارانه‌وه که‌متر به‌کارهێنرابێت». ئاوات ئه‌حمه‌د سه‌رۆکى ئه‌ندازیارى کشتوکاڵى پێشکه‌وتوو له‌پارێزگاى سلێمانى، باسی له‌وه‌کرد ئه‌و گۆشته‌ى له‌سنورى پارێزگاى سلێمانى لهقهسابخانهکان به‌شێوه‌یه‌کى یاسایى سه‌رده‌بڕدرێت و به‌پێى پلانى عێراق، بەڵام له‌سه‌دا (30)ى مه‌ڕو بزن لەدەرەوەی سەربڕینخانەکان سه‌رده‌بڕدرێن و له‌سه‌دا (20) ی ره‌شه‌وڵاخیش بەهەمان شێوە، کە 4%ی ئەوانە بە گۆشتی هاوردە ئەژماردەکرێن. ئاوات ئه‌حمه‌د وتی»سلێمانى یه‌کێکه له‌و شوێنانه‌ى که گۆشت خۆره و زۆر به‌کاریده‌هێنن، به‌تایبه‌تیش گۆشتى سور». «ده‌بێت له‌به‌کارهێنانى هه‌ر که‌ره‌سته‌و خواردهمهنى و به‌رهه‌مێکدا ئه‌وه ره‌چاوبکرێت که ئایا به‌رهه‌مه‌که هى ناوخۆى وڵاته کهسودهکهى له‌داهات و دابینکردنى هه‌لى کار زیادده‌کات و بازاڕه‌که ده‌بوژێنێته‌وه بۆ ناوخۆیه یاخود به‌رهه‌مى هاورده‌یه‌و داهاته‌که ده‌چێته ده‌ره‌وه، چونکه ئێستا وایلێهاتووە به‌رهه‌مه خوارده‌مه‌نیه‌کانیش به‌شێکى له‌ده‌ره‌وه دێت، بۆیه ئه‌مه ده‌بێته به‌هه‌ده‌ردانى داهاتى هه‌رێمى کوردستان دووباره«. نه‌به‌رد که‌ریم، پسپۆرى دارایى وای وت. نەبەرد کەریم به هاوڵاتى وت «به‌هۆى بابه‌تى سۆشیال میدیاوه وایلێهاتووه بابه‌تى بازاڕکردن فراوانبووه‌و له‌ڕێگه‌ى ریکلامکردنه‌وه، واده‌کات سه‌رنجى هاوڵاتى بۆ خۆى رابکێشێت». وتیشى «به‌شێکى زۆرى موچهخۆرانى هه‌رێم که‌وتۆته پارێزگاى سلێمانیه‌وه، بۆیه داهاتى تاک که‌متره، به‌ڵام بابه‌تى به‌کارهێنانى به‌رهه‌مه خۆراکییه‌کان زیاتر په‌یوه‌ندى بهکهڵچهرى ژیانکردنه‌وه هه‌یه له‌پارێزگاى سلێمانى کهجۆرى ژیانکردنه‌که جیاوازتره وه‌ک لهپارێزگاکانى دیکه«. هەروەها وتی «ئه‌مه ده‌کرێت خاڵێکى ئیجابى بێت ژیان بۆ خۆشگوزه‌رانى خۆیان ده‌که‌ن و سلبیهکهشى ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌سانه داهاته‌که‌یان زیادناکات». له‌هه‌رێمى کوردستاندا ساڵانه (144) هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌مى گۆشتى مریشک به‌رهه‌مده‌هێنرێت و به‌رهه‌مى گۆشتى سور (87) هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. هاوکات فیراز سه‌عید، به‌ڕێوبه‌رى سامانى ئاژه‌ڵى هه‌رێم، له لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت"له‌هه‌رێمى کوردستاندا ساڵانه 144هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌مى گۆشتى مریشک به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و به‌رهه‌مى گۆشتى سور 87هه‌زار ته‌ن به‌رهه‌م ده‌هێنرێت". ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد هه‌ر تاکێک له گۆشتى مریشک 23کیلۆ و 9غرامى بۆ دانراوه به‌پێى ستاندارى جیهانى و وتى" ئه‌و ڕێژه‌ییه ستاندارى جیهانییه و تاک هه‌یه زیاتر یان که‌متر به‌کارده‌هێنێت". هه‌روه‌ها وتیشى"به‌پێى ستاندارى جیهانى، گۆشتى سور بۆ هه‌ر تاکێک 14کیلۆ و 4غرام دانراوه". گۆشتى سور واته گۆشتى ره‌شه‌وڵاخ و مه‌ڕو بزن و گا‌و گۆشتى سپى، واته گۆشتى باڵنده و په‌له‌وه‌ره‌کان و گۆشتى ماسى. د. دارا محه‌مه‌د جه‌میل، پسپۆر له بوارى شیکارى و کۆنتڕۆڵى جۆرى خۆراک، راوێژکار له سه‌رۆکایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر خواردنى گۆشت و گرنگى و سوده ته‌ندروستیه‌کان و لێکه‌وته‌کانى زۆرخواردنى گۆشت له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتی:"گۆشت به هه‌ر سێ جۆره‌که‌یه‌وه (گۆشتى ئاژه‌ڵ، باڵنده و ماسی) سه‌رچاوه‌ى پرۆتینه‌کانن، به‌پێى جۆرى گۆشته‌که جیاوازى له نیوان پرۆتینهکانیشدا هه‌یه". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد یه‌که‌ى بنچینه‌یى پرۆتینه‌کانیش، پێیان ده‌وترێت ترشه ئه‌مینیه‌کان Amino acids، ئه‌و ئهمنۆئهسیدانهى که جه‌سته‌ى هه‌مو که‌سێک پێویستى پێیه‌تى بۆ جێبه‌جێکردنى تێکڕاى چالاکیه‌کانى رۆژانه، دروستبونى خانه‌کان و شانه‌کان و ماسولکه‌و ئۆرگانه‌کان وهه‌موو به‌شه‌کانى تر‌ى مرۆڤ. دکتۆر دارا هێماى بۆ ئه‌وه‌کرد که پێکهاته‌ى سه‌ره‌کى هۆرمۆنه‌کان و ئه‌نزیمه‌کانیش هه‌ر ئهمینۆئهسیدهکانن. گرنگه بزانرێت که نۆلهم ئهمینوئهسیدانه بنچینه‌یین و جه‌سته‌ى مرۆڤ خۆى ناتوانێت دروستیان بکات، وتیشى:" له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت له سه‌رچاوه‌ى ده‌ره‌وه وه‌ریبگرێت، ده‌وڵه‌مه‌ندترین سه‌رچاوه‌ى ئه‌م ئه‌مینۆئه‌سیده بنچینه‌ییانه‌ش سه‌رچاوه‌کانى پرۆتینى ئاژه‌ڵین که گۆشت سه‌ره‌کیترینیانه". پسپۆر له بوارى شیکارى و کۆنتڕۆڵى جۆرى خۆراک، باسى له‌وه‌شکرد به پێچه‌وانه‌وه سه‌رچاوه‌کانى پرۆتینى روه‌ک هه‌موو ئه‌مینۆئه‌سیده بنچینه‌ییه‌کانى تیا نیه و لانى که‌م یه‌کێک یان زیاتریان تیا ونه. "ره‌نگه هه‌مومان ئاشنا بین به‌و ڕاستیه‌ى که خواردنى گۆشت ده‌ورێکى گرنگى هه‌بوه له گه‌شه‌کردنى مێشکى مرۆڤدا له کۆرسى مێژوییدا. هه‌روه‌ها گۆشتى سور ده‌وله‌مه‌نترین سه‌رچاوه‌یه به ئاسن، به‌هۆى ئاسنه‌وه ئۆکسجینى ههڵمژراوى ناو هه‌وا، له ڕێى خوێنه‌وه ده‌نێردرێت بۆ تێکڕاى خانه‌کانى جه‌سته و به‌وه‌ش پرۆسه‌ى ژیان به‌رده‌وام ده‌بێت". "گۆشتى سور ده‌وڵه‌مه‌ندیشه به ڤیتامینێکى گرنگ ڤیتامین B12، که ده‌ورێکى گرنگى هه‌یه له ته‌ندروستى خانه‌کانى هه‌سته ده‌مارو پاراستنى فرمانه‌کانى مێشک و گه‌شه‌پێدانى خرۆکهسورهکانى خوێن، که‌مى ئه‌م ڤیتامینه ئه‌بێته هۆى لاوازى و نه‌خۆشى که‌مخوێنی، که زۆرجار له روهکیهکاندا ده‌بینرێت، هه‌ر بۆیه پێویسته له‌سه‌ر روه‌کیه‌کان که ئه‌م ڤیتامینه به شێوه‌ى سه‌پلیمێنت (حه‌ب) بخۆن"، دکتۆر دارا وا ده‌ڵێت. هاوکات زیاتر روونکردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر گۆشت دا‌و وتى:" گۆشت سه‌رچاوه‌یه‌کى ده‌وڵه‌مه‌نده به زینک و فسفۆر و ڤیتامینه‌کانى گروپى B ، هه‌رچه‌نده هه‌ندێک له ڤیتامین و کانزا‌کان ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ى سه‌وزه‌کانه‌وه ده‌ست بکه‌وێت، به‌ڵام هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کى سه‌وزه جێگه‌ى گۆشتى سور له ئاسن و ڤیتامین B12 ناگرێته‌وه". دکتۆر دارا ده‌شڵێت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌م ڕستیانهش، نابێت زێده‌خۆرى له گۆشتى سوردا بکرێت، چونکه بڕێکى زۆر له چه‌وریه تێره‌کانى تێدایه‌و ئه‌وانیش سه‌رچاوه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندن به کۆلسترۆڵ" گه‌رچى کۆلسترۆڵ پێکهاته‌یه‌کى پێویسته بۆ خانه‌کانى جه‌سته‌ى مرۆڤ و هۆرمۆنه‌کانى نێرینه (Testosterone)، له‌به‌ر ئه‌وه گه‌ر که‌سێک که چالاکى رۆژانه‌و وه‌رزشى ته‌واو بکات، دڵنیا بێت له‌وه‌ى کێشه‌ى دڵ و بۆریه‌کانى خوێنى نیه، له‌گه‌ڵ له‌به‌رچاوگرتنى ته‌مه‌ن و مێژوى خانه‌واده‌یی، ئه‌توانێت زیاتر چێژ له خواردنى گۆشت وه‌ربگرێت وه‌ک له‌وانه‌ى کێشه‌یان هه‌یه به یه‌کێک یان زیاتر له‌و فاکته‌رانه". " به‌پێى راسپارده‌ى سیستمه جیهانیهکان بۆ خۆراک، گۆشتى سور له هه‌فته‌یه‌کدا له سێ جار زیاتر نه‌خورێت و هه‌ر جاره‌ش بڕى 80 غرام زیاتر نه‌بێت، که ده‌کاته یه‌ک شیش گۆشت یان که‌باب، دکتۆ دارا واى وت. له‌باره‌ى زۆر به‌کارهێنانیه‌وه دکتۆر دارا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد په‌یوه‌ندى به کلتورى شاره‌که‌وه هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌وه‌رزى چونه‌ده‌ره‌وه‌دا کهوهرزى هاوینه له‌دێر زه‌مانه‌وه وابوه، چونه‌ده‌ره‌وه‌و سه‌یران و گه‌شت به‌رده‌وام بووه، که تیایدا گۆشت برژاندن و یاپراخى پر له‌گۆشت زیاتر به‌کارهێنراون ته‌نانه‌ت له‌هه‌لومه‌رجه ناهه‌مواره‌کانیشدا هه‌ندێک له خه‌ڵک هه‌ر ده‌چنه ده‌ره‌وه و مقهڵى دهگهشێننهوهو گۆشتى برژانى خۆیان ده‌که‌ن. وه‌ک پسپۆرێکى خۆراک وتیشى"زۆر خواردنى گۆشت یه‌کێکه له‌هۆکاره‌کانى شێرپه‌نجه‌ى کۆلۆن، به تایبه‌ت گۆشتى زۆر بر‌ژاو (که‌مێک سوتاو) و گۆشتى پرۆسه‌کراو، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى زۆر خواردنى گۆشت ده‌بێته هۆى زۆربونى یۆریک ئه‌سید و ئازار‌و سوربونه‌وه‌ى جومگه‌کان به تایبه‌ت له ئێسکه‌کانى پێدا، که پێى ئه‌وترێت نه‌خۆشى جومگه‌کان یان النقرس (Gout). دکتۆر دارا جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه باشترین شێوه‌ى خواردنى گۆشت کوڵاندنه، ئنجا به فڕنکراو، بر‌ژاو به‌ڵام نه‌سوتاو. وتیشى:"باشتر وایه گۆشتى سوره‌وه‌کراو تا بکرێت خۆتى لێ بپارێزیت". به شێوه‌یه‌کى گشتى گۆشتى سور نزیکه‌ى 68 % ئاوه، له 20 % پرۆتین، 9 % ى چه‌ورییه و که زیاتر چه‌ورى تێر و کهمێکیشى ناتێره و ئه‌وه‌شى ئه‌مێنێته‌وه کانزاکانه به شێوه‌ى خوێ کانزاییه‌کان. پێشى وابوو باشتره خه‌ڵکى روبکه‌نه خواردنى گۆشتى باڵنده و په‌له‌وه‌ره‌کان وه‌ک له خواردنى گۆشتى سور، به‌ڵام پێستى په‌له‌وه‌ره‌کان نه‌خۆن به تایبه‌ت که‌سانى به‌ته‌مه‌ن و ئه‌وانه‌ى کێشه‌ى نه‌خۆشیه‌کانى دڵ و بۆریه‌کانى خوێنیان هه‌یه. به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه خواردنى گۆشتى ماسى ده‌ریا له‌هه‌ردو جۆره‌که‌ى گۆشت سودبه‌خشتره، به‌ڵام تامیان جیاوازه، گه‌رچى ماسى سه‌رچاوه‌یه‌کى باشه به کانزاى یۆد، به‌ڵام ئاسنى که‌متر تیایه. ده‌رباره‌ى ئه‌و هاوڵاتیانه‌ى سیستمى کیتۆ به‌کارده‌هێنن، دکتۆر دارا روونکردنه‌وه‌ى دا‌و وتى:" به پێویستى ده‌زانم ئه‌وه بڵێم ده‌رباره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى ده‌چنه سه‌ر سیستمى کیتۆ Keto بۆ دابه‌زینى کێش، پێشتر پشکنینى ته‌واویان بۆ خوێن کردبێت، نابێت که‌سێک کۆلسترۆڵى به‌رز بێت و بچێته سه‌ر کیتۆ، یان که‌سێک کێشه‌ى دڵ و بۆریه‌کانى خوێنى هه‌بێت ئه‌و سیستمه په‌یڕه‌و بکات، ڕه‌نگه زیان به ته‌ندروستى و ژیانى خۆى بگه‌یه‌نێت. له‌به‌ر ئه‌وه پێش ده‌ستپێکردنى به‌و سیستمه پێویسته پزیشکى پسپۆرى خۆى لێ ئاگادار بکاته‌وه". تووێژینەوە زانستییەکان دەریدەخەن زۆر خواردنی گۆشتی سور ئەگەری مردن بەڕێژەی ٢٦٪ زیاد دەکات و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دروستبوونی گرێی شێرپەنجەیی.
ماردین نورەدین وەزارەتی دارایی حەکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی دەدزێتەوە لەپێدانی زانیاریی سەبارەت بەمووچەی مانگی چواری فەرمانبەران کەبڕیارە لەمانگی نۆدا دابەشبکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی نافەرمی زانیاری بڵاودەکاتەوە کەئەو مووچەیە بۆ مانگی هەشت هەژماردەکرێت و چوار مانگی رابردوو پاشەکەوت دەکات. رۆژنامەی هاوڵاتى بۆ چەندین جار پەیوەندی کرد بە ئەحمەد عەبدولڕەحمان وتەبێژی وەزارەتی دارایی سەبارەت بە وردەکاریەکانی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە. ئەوە یەکەمین جار نیە کەوتەبێژی وەزارەتی دارایی وەڵام ناداتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی یاسای پێدانی مافی زانیاریی هەموو وەزارەت و فەرمانگەیەک پابەندکراون بەپێدانی زانیاریی. هەندێ میدیاکار واناسراون نزیکن لەحکومەت و وەزارەتی دارایی، هەندێ زانیاری‌یان بڵاوکردۆتەوە باس لەوە دەکەن مووچەی داهاتوو بەمووچەی مانگی هەشت هەژماردەکرێت و مووچەی مانگەکانی (4.5.6.7) پاشکەوت دەکرێت. زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی کوردستان لەوبارەیەوە بە هاوڵاتى وت «هیچ شتێکی رەسمی لەو بارەیەوە نییە، مووچەکە هی مانگی چوارە، بەڵام وەزارەتی دارایی و حکومەت ئەگەر شتێکی وا هەبێت شتی رەسمی بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ئەمە دەنگۆیە هیچ شتێکی رەسمی نییە لەو بارەیەوە، دەبێ وەزارەتی دارایی خۆی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە». وەزارەتی دارایی دەیەوێت ئەم مانگەش بە لێبڕینی 21% مووچەی فەرمانبەران دابەش بکات، زیاد جەبار وتی «لێبڕینی موچە لێبڕینێکی نایاساییە ئێمە لەپەرلەمان ئەوەمان وتووە ئەم لێبڕینە نایاساییە پشتی بەهیچ یاسایەک نەبەستوەو رای پەرلەمانیش وەرنەگیراوە بۆ ئەم لێبڕینە نایاساییە، بۆ ئەم مانگەش ئەکید دەیکەن، ئەمە سێیەم مانگە کەحکومەتی هەرێم بەنایاسایی موچە دەدات». ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژە یاسای بودجەی ئامادە نەکردووەو نەیناردووەتە پەرلەمان و هێشتا هیچ ئاسۆیەکی روون دیار نیە کە بۆ ساڵی داهاتووش حکومەت یاسای بودجەی هەبێت. سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی کوردستان وتی «حکومەت بوجەی نەناردۆتە پەرلەمانی کوردستان، لەڕووی یاساییەوە حکومەتێ ئەگەر خاوەنی یەک دۆلار بێت پێویستە ئەم دۆلارە سەرچاوەی داهاتەکەی و خەرجییەکەشی بنێرێتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی ببێتە یاسا». وتیشی «ئێستا ئێمە فشارێکمان هەیە، هەموو لایەکمان هەوڵدەدەین، بۆ ئەم وەرزەی یاسادانان فشارێکی جددی بکەینە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پڕۆژەی بودجە بنێرێتە پەرلەمانی کوردستان، لەکاتێکدا لەئێستادا بەرەو ئەوە ئەچێت رێکەوتن بکرێت لەگەڵ ناوەند و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021 دیاری بکرێت، هیچ بیانویەک نامێنێت بۆ حکومەت تا کۆتایی ساڵ پڕۆژەی بودجە نەنێرێتە پەرلەمان». هەفتەی رابردوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوو بۆ بەغدا بۆ ریکەوتن لەسەر پرسی بودجەو نەوت، بەرپرسانی هەرێم دەڵێن لە رێکەوتن نزیکبوونەتەوە بەبێ ئەوەی وردەکاریەکەی ئاشکرابکەن. لەدوای سەردانەکەی هەرێمیش مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان و دوو دەروازەی نێودەوڵەتی لەسنوری هەرێم کرد. مەرجی حکومەتی عێراق بۆ پێدانی بەشە بودجە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانە. زیاد جەبار وتی «ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگ بووە پشکی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی 2021ی عێراق جێگە بکرێتەوە و پشکی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت، بەڵام لەسەردانەکەی کازمی بڕواناکەم ئاوا بەوردی چوبێتە تەفاسیلی ئەو مەوزوعە». وتیشی «کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقە، هەرێمی کوردستان بەپێی دەستور لەچوارچێوەی حکومەتی فیدراڵییەو مەرزەکان و خاڵە سنورییەکانیش هەر دیسان لەڕووی دەستورییەوە هەر مەرزی سنوورین و سەر بەناوەندن، سەردانکردنی ئەو شتێکی نا ئاسایی نییە بۆ خاڵە سنورییەکان، ئەمە تەنیا سوودیکی ئابووری نیە، رەنگە پەیامێکی سیاسیش بێت بۆ شەخسی کازمی. هەروەها پەیامێک بێت بۆ هەموو عێراقیەکان و کوردستانیش». «هەتا ئەوکاتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازییەکی راستەقینە لەسەرچاوەکانی داهات ئەنجامنەدات، بارودۆخی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە دەبێت کەهەیە، مەگەر ئەوەی لەدوای سەری ساڵ لە بودجەی عێراق ئەو پارەیەی کە دێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوەی کەئێستا هەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم وەزعەی کەئێستا هەیەتی موچەی پێ دابین ناکرێت»، سەرۆکی لیژنەی دارایی وا دەڵێت.
