شاناز حه‌سه‌ن که‌سوکارى مردووانى کۆرۆنا گۆڕه‌کانیان هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌و مردوه‌کانیان ده‌به‌نه‌وه گۆڕستانى ئاسایى. ئەگەرچی مۆڵەتیان وەرگرتووە لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی بەڵام تەندروستی هەرێم بە کارێکی نایاسایی دەزانێت و داوای سزادانیان دەکات. دوو لەو کەسانەی کە گۆڕەکانیان هەڵدراونەتەوە یەکێکیان مەلا رەشید مەلای مزگەوتی مەحوی بوو لەسلێمانی کە یەکەم کەس بوو لەسەرەتای مانگی ئازاردا بەکۆرۆنا گیانی لەدەستدا، هەروەها گۆڕى هونه‌رمه‌ند عه‌تا چاوشین له‌لایه‌ن که‌سوکاریانه‌وه. تائێستا له‌هه‌رێمى کوردستاندا زیاتر لە (62) هه‌زار توشبووى کۆرۆنا ده‌ستنیشانکراون، (37) هه‌زار و (119) توشبوویان چاکبوونه‌ته‌وه‌و دوو هه‌زارو (161) توشبووش گیانیان له‌ده‌ستداوه. مردووەکان پێشتر لەلایەن لیژنەیەکەوە لەگۆڕسانێکی تایبەت بە کۆرۆنا نێژراون، بەڵام دواتر لەلایەن پارێگاری سلێمانیەوە رەزامەندییان پێدراوە تەرمەکانیان بگوێزنەوە دوای ئەوە کەسوکاریان داوایان کردووە. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگارى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «ئێمه دواى راوێژکردنمان به به‌ڕێوه‌به‌رێتى ته‌ندروستى سلێمانى، دواى (90) رۆژ له‌ناشتنى که‌که‌سوکاره‌که‌ى بیانه‌وێت بیبه‌نه‌وه زێدى خۆیان ده‌توانن گۆڕه‌که‌ى هه‌ڵبده‌نه‌وه‌و بیگوازنه‌وه«. وتیشی «هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌کان ده‌بێت ره‌زامه‌ندى بۆ وه‌ربگیرێت له‌هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان، دواتر که‌سوکاره‌که‌ى ده‌توانن ئاسایى گۆڕه‌که بگوازنه‌وه«. هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌هه‌رێمى کوردستان و تۆمارکردنى یه‌که‌م حاڵه‌تى گیانله‌ده‌ستدان به‌ڤایرۆسه‌که له‌شارى سلێمانى، شوێنى تایبه‌ت ته‌رخانکرا بۆ ناشتنى ئه‌و که‌سانه‌ى به‌کۆرۆنا ده‌مرن. تەرمەکان له‌لایه‌ن لیژنهیى ته‌ندروستى و شاره‌وانییه‌وه به‌شێوازى تایبەت دەنێژرێن. عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى بۆ کاروبارى کارگێڕى، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه لیژنه‌ى تایبه‌تمان پێکهێناوه‌و له‌و رێگه‌یه‌وه ته‌رمه‌کان ده‌نێژران بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵک و که‌سوکارى دووربن له توشبوون به‌ڤایرۆسه‌که له‌ژێر رێنمایى ته‌ندروستیدا به‌ڕێوه‌بچێت». جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى سلێمانى، وتیشى «ئه‌وه‌ى ئێمه تائێستا رێگه‌مان پێداون ته‌نیا سێ که‌س بوون که له‌سه‌ره‌تاشدا داوایان ده‌کرد ته‌رمه‌که‌یان بده‌ینه‌وه‌و له‌ژێر رێنماییه ته‌ندروستیه‌کان و به‌مۆڵه‌تى پارێزگار گۆڕه‌کانیان هه‌ڵداوه‌ته‌وه«. عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د ئه‌ه‌وشى روونکرده‌وه «هه‌ر هاووڵاتیه‌ک بیه‌وێت و داوابکات ده‌توانێت ئاگادارمان بکاته‌وه‌و دواى تێپه‌ڕبوونى (90) رۆژ به‌سه‌ر ناشتنى مردووه‌که‌دا ده‌توانێت گۆڕه‌که‌ى بگۆڕێت». ئه‌م به‌رپرسى ته‌ندروستییه ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وەشکرد له‌مه‌ودوا هه‌ر توشبوویه‌کى کۆرۆنا گیانى سپارد ده‌درێته‌وە به‌که‌سوکارى و له‌ژێر چاودێریى رێنماییه ته‌ندروستییه‌کاندا دەنێژرێت. تائێستا ته‌نیا له‌پارێزگارى سلێمانى زیاتر له (400) که‌س به‌کۆرۆنا مردوون و له‌گۆڕستانێکى تایبه‌ت نیژراون، که‌سوکارى (3) که‌س له‌و مردووانه گۆڕه‌کانیان گواستونه‌ته‌وه. ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى ته‌ندروستى هه‌رێم، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «که‌سانێک له‌ملاولا ئه‌و کاره‌ده‌که‌ن له‌به‌رچاوى هه‌موو که‌سى دیکه، ئه‌وه ناکرێت و یاسایى و ته‌ندروستى نیه‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه رێگه‌پێدراو نیه«. وتیشی «ئیستاش له‌هه‌موو هه‌رێمدا به‌گشتى له‌ڕێگه‌ى تیمى ته‌ندروستییه‌وه مردووانى کۆرۆنا ده‌نیژرێن و هه‌روه‌ک پێشتر رێکاره‌کان به‌رده‌وامه‌و هیچ شتێک نه‌گۆڕدراوه«. ئاسۆ حه‌وێزى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه «به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌پێدراو نیه‌و حاڵه‌تى زۆر زۆر که‌م هه‌یه، که به‌ده‌رن له رێنماییه‌کان و گۆڕى مردووه‌کان هه‌ڵده‌دنه‌وه‌و ده‌یکه‌نه هه‌را له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا که‌ئه‌وه حاڵه‌تێکى زۆر که‌من، پێویسته رێگرییان لێبکرێت». هه‌روه‌ها وتیشى «پێویسته ئیداره سه‌ربه‌خۆکان لێپێچینه‌وه بکه‌ن، به‌رپرسانى ته‌ندروستى و ئیدارى پارێزگاکان ده‌بێت ئیجرائاته‌کان بکه‌ن». «هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕ به‌بێ هیچ هۆکارێک کارێکى جوان نیه و باش نیه، به‌ڵام له‌ڕووى شه‌رعه‌وه دروسته، به‌مه‌رجێک به رێکارى گونجاو بکرێت و له‌ڕێزو شکۆى مردووه‌که که‌منه‌کرێته‌وه‌و سوکایه‌تى پێنه‌کرێت»، مامۆستا محه‌مه‌د ئێنه‌یى، ئه‌ندامى باڵاى لیژنه‌ى فتوا، له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وای وت. ئه‌ندامه‌که‌ى لیژنه‌ى باڵاى فتوا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد «له‌دوو رێگادا ئاساییه مردوو ده‌ربهێنرێته‌وه، یه‌که‌م ئه‌و موڵکه‌ى مردووه‌که‌ى لێنێژراوه، موڵکى که‌سێکى دیکه بێت، یاخود واریسه‌کانى شوێنى تایبه‌تى خۆیان هه‌بێت بۆ ناشتنى مردووه‌که و بیانه‌وێت بیگوازنه‌وه«. وتیشى «به‌ڵام باشترین رێگا ئه‌وه‌یه، مردووه‌که گۆڕه‌که‌ى نه‌گۆڕدرێت، وه‌ک رێزگرتنێک له‌مردووه‌که«. مامۆستا محه‌مه‌د ئێنه‌یى، ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه، «بۆ ئه‌و کاته گۆڕستانه‌که‌یان جیاکرده‌وه‌و بۆ ئێستا رێگا ده‌ده‌ن، بۆیه پێویسته حکومه‌ت یان رێگه نه‌دات به‌ده‌رهێنانه‌وه‌ى مردووه‌کان، یان که رێگه‌ى دا بۆچى گۆڕستانى جیاکرده‌وه«.
ماردین نوره‌دین نرخی دیناری عێراقی لەئێوارەی دوێنێوە دەستی کردووە بە بەرزبوونەوە برامبەر بەدۆلاری ئەمریکی دوای ئەوەی بانکی ناوەندی روونکردنەوەی دا کە یەدەگی وڵاتەکە بەکاردەهێنێت بۆ رووبەڕوبوونەوەی قەیرانی دارایی. ئەگەرچی پێشتر لێدوانی بەرپرسانی بانکەکە بووەهۆی دابەزینی نرخی دینار. دوێنێ بانکی ناوەندی عێراق روونکردنەوەیەکی دڵنیاکەرەوەى دا لەبارەى جێگیربوونی سیاسەتی نەختینەیی و سەقامگیری نرخی دینار، نرخی دۆلار بەرامبەر دینار لەبازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر دابەزی. بانکی ناوەندی عێراق رۆژانە دۆلار لەڕێگەی بانکەکانەوە دەخاتە بازاڕەوە بەنرخی (119) هەزار دینار بۆ هەر (100) دۆلارێک، بەڵام کاتێک دەگاتە دەستی هاووڵاتیان دەچێتە سەروو (120) هەزار دینار لەکاتی ئاسایی‌دا، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوو نرخەکەی بۆ (127) هەزار بەرزبووەوە دوای ئەوەی چەند بەرپرسێکی عێراقی باسی ئەوەیان کردبوو کەپێدەچیت بانکی ناوەندی بەنرخی گرانتر دۆلار بخاتە بازاڕەوە بەهۆی کەمبوونەوەی نەختینەی دۆلار، بەڵام ئێوارەى یەکشەممە (18ی تشرینی یەکەمی 2020) نرخی (100) دۆلاری ئەمەریکی دابەزی بۆ (124) هەزارو (850) دیناری عێراقی دوای ئەوەی بانکی ناوەندی وتی « نرخی دینار جێگیرەو سیاسەتە نەختینەکانی نەگۆڕاوەو زۆر روون و شەفافە» بانکی ناوەندی عێراقی وتی «ئەو لێدوانانەى بەم دواییە دراون لەبارەى دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی تەنها راو بۆچوونی ئەو کەسانەیەو هیچ پەیوەندییەکی بەهەڵوێستی فەرمی بانکەکەوە نییەو جەخت دەکاتەوە کەنرخی دینار بەرانبەر دۆلار نەگۆڕاوە و جێگیرە. بانکی ناوەندی وتی «یەدەگی دراوی بیانی لەبانکی ناوەندی ئەوەندە چاکە کە بەپێی هەموو ئاماژە نێودەوڵەتییەکان ئەم قەیرانەى ئێستا تێدەپەڕێنێت کەوڵاتی تێکەوتووە.» بانکەکە هیوای خواستووە دەزگاکانی راگەیاندن خۆیان بەدوربگرن لەسەرچاوەی تایبەت و دەنگۆکان و تەنها پشت بەڕاگەیەنراوو لێدوانی فەرمی بانکەکە ببەستن. ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی عێراق لەم بارەیەوە بە هاوڵاتى وت «بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار، هۆکاری یەکەمیان لەدوای پێشکەشکردنی ئەو پەیپەرەی کەوەزیری دارای خستیە بەردەست هێزە سیاسییەکان یەکێک لەو بڕگانەی کە باسی ئەکات بریتییە لەچاوخشاندنەوە بەخستنەبازاڕی دراودا، ئەمەش من ئەوەی لێ تێدەگەم نرخی دۆلار بەرزدەکرێتەوە بۆ ئەوەی بابەتی پارەدارکردن بەهەڵاوسان ببێتە بابەتێک کەبەشێک کورتهێنانی بودجەی پێ قەرەبوو بکەنەوە». وتیشی «هۆکاری دووەم بریتیە لەوەی ئەو بازرگانانەی یان ئەو خاوەن بانکانەی کەدۆلارێکی زۆریان لا کەڵەکە بوو لەماوەکانی پێشودا، لەئێستادا بابەتەکەیان زیاد لەحەد جوڵاند ئەوەی کە بەتەواوی پەلاماری کڕینی دۆلاریان دا دواجار ئاوا نرخەکەی بەرزبووەوە» دکتۆر خالید حەیدەر شارەزا لەبواری ئابوری بە هاوڵاتى راگەیاند «ئەم بەرزبوونەوەیە بەهۆی ئەوەیە کە نائارامی هەیە لەدۆخی سیاسی عێراقداو کاریگەریشی هەیە لەسەر ئابوریەکەی، دیعایەیەکی وا بڵاوبۆتەوە کەگوایە حکومەتی عێراقی ئەگەرێکی زۆری هەیە دەستبەرێت بۆ ئەو یەدەگەی کەهەیەتی، بەڵام دوێنێ پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەوەی بڵاوکردەوە یەدەگی پێویست هەیە کەبەشی ئەوە دەکات کە کاروباری ئابوریەکە بەڕێوەببرێت و عێراقیش تووشی هیچ کێشەیەکی دارایی نەبێت بەبەکارهێنانی ئەو یەدەگە، بۆیە دڵنیایی داوەتە خەڵکی عێراق وەک لایەنی دارایی کێشەی نییە، بۆیە بینیمان لەکۆتایی دوێنێ تۆزێک نرخی دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی دابەزینەوەی بەخۆیەوە بینیوە». سەبارەت بەکاریگەرییە خراپەکانی بەرزبوونەوەی نرخی دراو لەسەر هاووڵاتیان دکتۆر خالید حەیدەر وتی «بێگومان ئەوکاتەی نرخی دۆلار زیاددەکات تۆ بۆ هاوردەکردنی شتومەک پێویستت بەپارەیەکی زۆرە، تایبەتمەندیەکانی ئابوری عێراق و ئابوری هەرێمی کوردستان بەوە ناسراوە». وتیشی «ئێمە زۆربەی شتەکانمان لەدەرەوە هاوردە دەکەین، بۆ ئەو هاوردەکردنە ئێمە پێویستیمان بەدۆلار دەبێت، واتا بەرامبەر بەدۆلارێکی ئاسایی جاران ئێمە پێویستیمان بەپارەیەکی عێراقی زیاترە بۆ کڕینی هەمان دۆلار، بۆ نموونە پێشتر پێویستیمان بە هەزارو (200) دینار بوو، ئێستا پێویستمان بەهەزارو (250) دینار یان هەزارو (260) یاخود سەرووی ئەوە». وتیشی «بۆیە بۆ هاوردەکردنی هەر شتێک تۆ پێویستت بەدیناری عێراقی زیاترە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر فەرمانبەرو موچەخۆر لەبەرئەوەی داهاتیان تاڕادەیەک جێگیرە، ژیانەکە لەسەریان قورس‌تر دەبێت، بەدڵنیاییەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ئەو کەسانە».
ھاوڵاتی نزیکەی ساڵ و نیوێکە نێچیرڤان بارزانی بەسەرۆکی ھەرێم ھەڵبژێردراوە، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە بەشداربووانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنەوە بۆچوونی خۆیان لەسەر کارەکانی دەخەنەڕوو. لایەنە سیاسییەکان دەڵێن نێچیرڤان بارزانی ھەوڵی دروستکردنى په‌یوه‌ندییه‌کى ھاوسه‌نگ و ھاوتا دەدات له‌گه‌ڵ دراوسێکان له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزگرتنى دوولایه‌نه‌و ده‌ستتێوه‌رنه‌دان لهکارووبارى یه‌کتر و بوونى ھه‌رێم وه‌ک به‌شێک له‌چاره‌سه‌ر، نه‌ک ته‌ره‌ف له‌کێشه . لەگەڵ ئەوەشدا لەناوخۆدا رووبەڕووی رەخنەی ئەوە بۆتەوە کەسەرجەم ھێلکەکانی ئابوری خستۆتە سەبەتەی تورکیاوە. ئەمەش وایکردووە کەمترین پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا ھەبێت. بەڵام لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەشدا پێیوانیە کە نێچیرڤان بارزانى کار بۆ تۆخکردنه‌وه‌و جێگیرکردنى بیر‌و ئاراسته‌یه‌ک ده‌کا که بنه‌ماکانى (ئاشتى، ته‌بایى، پێکه‌وه‌یى، ھهرهوهزیى، پێکه‌وه‌ھه‌ڵکردن)ە. ھەروەھا داوای لێدەکەن کەمشورخۆر بێت بۆ نه‌هێشتنى بارگرژى و ته‌بایى و یه‌کڕیزى له‌نێو لایه‌نه سیاسییه‌کاندا. نازم عه‌بدوڵا، که‌سایه‌تى ئیسلامى له‌هه‌رێمى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت "نێچیرڤان بارزانى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان باش بووه‌و نه‌چووەته ناو ململانێ ورده‌کانه‌وه، دڵ گه‌وره‌و سنگ فراوان بووه‌و پێویسته رۆڵى زیاترى هه‌بێت بۆ ته‌بایى و نه‌هێشتنى گرژییه‌کان". ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد هه‌رێمى کوردستان حه‌وت ساڵه به‌ره‌و گرژى ده‌ڕوا له‌گه‌ڵ به‌غداو عێراق به‌رده‌وام داواى داهات و نه‌وت ده‌کات، "گرنگه نێچیرڤان بارزانى که ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردنى هه‌یه رۆڵى هه‌بێت له‌چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێم و عێراق، چونکه رۆڵى سه‌رۆکى هه‌رێم هاوتاى سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراقه". نازم عه‌بدوڵا پێشیوابوو که هه‌رێمى کوردستان خاوه‌نى ده‌ستورى خۆى نییه تادهسهڵاتهکانى دامه‌زراوه‌کانى هه‌رێم به‌ته‌واوه‌تى جیابکرێته‌وه‌و ده‌ستور بۆ هه‌رێمى کوردستان گرنگه هه‌بێت" ئه‌وکات به‌پێى ئه‌وه‌ى له‌ده‌ستوردا ئاماژه‌ى پێ ده‌کرێت سه‌رۆکى هه‌رێم هه‌نگاوى زیاتر بنێت، به‌ڵام ئایا سه‌رۆکى هه‌رێم ده‌توانێت ئه‌و رۆڵه ببینێت به‌تایبه‌تى که له‌ئێستادا گله‌یى و ره‌خنه‌یه‌کى زۆر له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه هه‌یه له‌سه‌ر دۆخى حوکمڕانى له‌هه‌رێمى کوردستاندا". لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کاتێک لەگەڵ پارتیدا دووچاری کێشە دەبنەوە، یەکەم کەس کە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵیدا کۆدەبنەوە نێچیرڤان بارزانیە. بۆ نموونە کاتێک کە لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگاکانی یەکگرتوویان لەبادینان سوتاند لەساڵی 2005 بەھۆی بەشداریکردنی یەکگرتوو لەھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە دەرەوەی لیستە ھاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی. یەکەم کەس کە لەگەڵ یەکگرتوو کۆبووەوە بۆ رەوانەوەی ئەو بارگرژییە نێچیرڤان بارزانی بوو. ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنى، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت:" له‌ناو هه‌موو حزبه‌کان جیاوازى له‌نێوان کاراکته‌ره سیاسییه‌کاندا هه‌یه حه‌تمه‌ن کاک نێچیرڤان بارزانى مرونهتترو کراوه‌ترو تواناى مناوهرهى هه‌یه، به‌ڵام هێشتا ئه‌مانه که‌سایه‌تى نیشتمانى هه‌موان نین، پێویسته ده‌ست لهحزبهکهى خۆى بکێشێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى به‌فعلى ببێته سه‌رۆکى هه‌موان". ئەو لایەنانە دەڵێن کە نیچیرڤان بارزانی مه‌به‌ستێتى له‌کایه‌ى سیاسیى و کۆمه‌ڵایه‌تیى و ژیانى گشتى کۆمه‌ڵگاى کوردستاندا، ئه‌و بنه‌مایانه وه‌ک کولتورێک جێگیربکات . ھەروەھا وه‌ک سیاسى و وه‌ک بڕیاردروستکهرێک له‌کوردستان، له‌مامه‌ڵه‌ى سیاسیى و دیبلۆماسیى و حزبیشدا، باوه‌ڕى به (سفر کێشه) ھه‌یه .له‌ھه‌موو جووڵه‌کانیدا، ھه‌وڵ بۆ (به‌یه‌کگه‌یشتن، له‌یه‌کگه‌یشتن، سازان، رێککه‌وتن) ده‌داو توانا‌و وزه‌ى خۆى له‌و پێناوه‌دا ده‌خاته‌گه‌ڕ. ھەروەھا پێیان وایە کە لاى نێچیرڤان بارزانى، (سفر کێشه)، له‌سه‌ر ئاستى کوردستان، به‌ئامانجى پاراستن و مانه‌وه‌و پێشخستنى ھه‌رێمى کوردستانه . سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره، ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى به‌هاوڵاتى وت "هه‌موو یه‌کێک له‌به‌رپرسه باڵاکانى حکومه‌ت ده‌توانن رۆڵ ببینن له‌سه‌رۆکى حکومه‌ت و سه‌رۆکى هه‌رێم و سه‌رۆکى په‌رله‌مان و جێگره‌کان، وه‌زیفه‌یان ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌وره ببینن که‌کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆڵه نه‌بینن خراپ ده‌که‌ن". ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى وتیشى "نێچیرڤان بارزانى بۆ خاوکردنه‌وه‌ى گرژییه‌که و کۆتایى هێنان به‌و سه‌نگه‌ر به‌ندیه، ئیشى سه‌رۆکى هه‌رێمە لایه‌نه سیاسییه‌کان کۆبکاته‌وه". سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره پێشیوابوو له‌ئێستادا "شه‌ڕى ئیراده هه‌یه له‌نێو داموده‌زگاکانى هه‌رێم، وتیشى "پێویسته سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که کۆببنه‌وه‌و رێککبکه‌ون له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کانیان و هه‌نگاوه‌کانى یه‌که‌م کێ ده‌ینێت و هه‌نگاوى دووه‌م و سێیه‌م کێ ده‌بێت، ره‌نگه ئه‌وکاته ئاسانتر بێت بۆیان". نێچیرڤان بارزانی له‌سه‌ر ئاستى عێراق، بڕوای وایە کەپاراستنى مافه‌کانی کوردستان لەڕێگەی ده‌ستورەوە دەبێت، له‌سه‌ر ئاستى په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌کییه‌کانیش بڕوای بەناساندنێکى شایسته‌و سه‌رده‌مییانه‌ى دۆزى کورد، ھەروەھا دۆزینه‌وه‌ى پشتیوانان بۆ ھه‌رێمى کوردستان و حوکمڕانییه‌که‌ى . ھەروەھا ھەوڵی به‌کارھێنانى په‌یوه‌ندییه‌کان دەدات به‌ئاراسته‌ى گه‌شه‌پێدان و پێشخستنى ھه‌مه‌لایه‌نه‌ى ھه‌رێم . لەگەڵ دورخستنه‌وه‌ى ھه‌رێم له کێشمه‌کێشمه سیاسییه‌کانى ناوچه‌که . سەبارەت بە وڵاتانی دەوروبەریش ئەگەرچی بەوە ناسراوە پەیوەندی بەھێزی لەگەڵ تورکیادا ھەیە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ھەوڵی دروستکردنى په‌یوه‌ندییه‌کى ھاوسه‌نگ و ھاوتا دەدات له‌گه‌ڵ دراوسێکان له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزگرتنى دوولایه‌نه‌و ده‌ستتێوه‌رنه‌دان له‌کاروبارى یه‌کترو بوونى ھه‌رێم وه‌ک به‌شێک له‌چاره‌سه‌ر، نه‌ک ته‌ره‌ف له‌کێشه . ئاراس وه‌لى، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت "ئه‌م خوله‌ى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، کاک نێچیرڤان بارزانى و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم ته‌واجودیان هه‌یه ده‌توانن رۆڵ ببینن له‌په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌کان و په‌یوه‌ندییه دبلۆماتییه‌کان له‌ناوخۆو له‌سه‌ر ئاستى عێراق و ناوچه‌که". ئاراس وه‌لى پێشیوابوو، ده‌ستوور گرنگه بۆ جیاکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌یه‌کترى تائهوانهى له‌سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمدان رۆڵى زیاتریان هه‌بێت بۆ هه‌ر ئاڵانگارییه‌ک که روو له‌هه‌رێمى کوردستان ده‌کات. لەماوەی رابردوودا نێچیرڤان بارزانى ھەوڵیداوە دەرکەوێت وەکو خاوەن بیرێکى کراوه لەبارەی (ئابوورى، کایه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تیى، ژیانى مه‌ده‌نیى، جێنده‌ریى)، لایەنگرانیش پێیانوایە کە به‌رھه‌م و لێکهوتهکانیى، به‌ژێرخان و سه‌رخانى ھه‌رێم به‌گشتى و پارێزگاکانى ھه‌ولێرو دھۆک به‌تایبه‌تى، دیارن . ھەروەھا پێیوایە کەخاوهنى چه‌مکى (چاره‌سه‌رى ریشه‌یى)ه له‌نێوان ھه‌رێم و به‌غدادا کهچوارچێوهکهى ده‌ستورى عێراق بێ بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى کێشه‌کانى ھه‌ولێر ـ به‌غدا، له‌گه‌ڵ میکانیزمى باوى (ده‌ستى ده‌ستى)و سپاردنى کێشه‌کان بهفاکتهرى ( زه‌مه‌ن) نیه . ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌ى ساڵێک و پێنج مانگی سه‌رۆکایه‌تى بۆ هه‌رێم، وه‌ک به‌رهه‌م و لێکه‌وته بیر‌و ئاڕاسته‌ى نێچیرڤان بارزانى ئه‌بینرێ، درێژکراوەی کارەکانین لەکابینەی پیشوودا کەبریتین لەوەی کەههوڵهکانى نێچیرڤان بارزانى لە رابردوودا هه‌رێمى له‌گۆشه‌گیرى رزگارکردو جارێکى تر جێگه‌و پێگه‌ى هه‌رێمى بۆ نێو مهحفهلى نێوده‌وڵه‌تى گه‌ڕانده‌وه . ھەروەھا جوڵه‌کانى نێچیرڤان بارزانى لهمامهڵهکرنى له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌رێمى کوردستانى له‌مه‌ترسى هه‌ڕه‌شه‌کانى له‌باربردن دوورخسته‌وه، کاتێک بۆ ماوه‌یه‌ک چه‌مکى (شیمال) هاته نێو ئه‌ده‌بیاتى سیاسى و میدیاى عێراق، ئه‌و توانى ده‌سته‌واژه‌ى (هه‌رێم) بۆ قه‌واره‌ى کوردستانى عێراق بگه‌ڕێنێته‌وه. ھەندێک لەچاودیرانی سیاسی پێیانوایە کە واقیعییانه سیاسه‌ت ده‌کا، واقیعییانه له‌دیوى ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى رووداوه‌کان ورد ده‌بێته‌وه، دۆخه ناوخۆیى و ئیقلیمى و ناوخۆییه‌کانیش واقیعییانه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى لا دروست کردووه کهههرێمى کوردستان و ده‌وڵه‌تى فیدڕاڵى عیراق، ده‌کرێ سه‌رچاوه‌ى به‌هێزبوونه‌وه‌ى یه‌کترى بن، نه‌ک یه‌کتر بڕین، رێککه‌وتننامه‌که‌ى هه‌ولێرو به‌غداد له‌سه‌ر شنگال، جددیه‌ت و کۆنکرێتى دانوساندنه‌کان له‌سه‌ر بودجه، میکانیزمى هاوبه‌ش بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر‌و هه‌ماهه‌نگییه سه‌ربازیى و ئه‌منیه‌کان، وه‌ک به‌رهه‌مى ئه‌و قۆناغه تازه‌یه‌ى په‌یوه‌ندیه‌کانى هه‌ردوولا ته‌ماشا ده‌کرێت که نێچیرڤان بارزانى داڕێژهریهتى . زیره‌ک که‌مال، چاودێرى سیاسى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت "ده‌مێکه له نێچیرڤان بارزانىەوە نزیکم، بڕواى به‌پێکه‌وه‌ژیانی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌کان هه‌یه که پێیوایە بهجیاوازییهکانیانهوه ده‌توانن له‌چوارچێوه‌ى دیالۆگ و لێکتێگه‌شتن جیاوازییه‌کان یه‌کلایی بکه‌نه‌وه". باسى له‌وه‌کرد لە کوردستان ئەگەرچی چاره‌نووسى سیاسى له‌ده‌ست پارتى و یه‌کێتیدایه‌و به‌ته‌نها یه‌ک کاراکته‌رى سیاسى و یه‌ک سه‌رکرده به‌ڕێوه‌ى نابه‌ن بەڵام نێچیرڤان بارزانی لەچەندین وێسیتگهى ئاڵۆزدا که خه‌ریک بووه پێکدادان رووبدات، ده‌ستپێشخه‌رى کردووه‌و هه‌ردوولای له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ کۆکردووەته‌وه". نێچیرڤان بارزانیه له‌گه‌رمه‌ى ناکۆکییه سیاسى و ناوخۆییه‌کانى هه‌رێمدا، یه‌کڕیزیى و یه‌کهه‌ڵوێستیى کوردستانى له‌به‌غداد پاراست و هاوپه‌یمانیى فراکسیۆنه کوردستانیه‌کان له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق پێکهێنا . له‌ناکۆکى نێوان لایه‌نە سیاسییه‌کانیشدا، به‌یه‌ک مه‌سافه له‌گەڵ هه‌مووان راوه‌ستاوه، به‌وه‌ش متمانه‌ى هه‌موانى به‌ده‌ستهێناوه، ھه‌مووان وه‌ک سه‌نته‌ر ئه‌یبینن نه‌ک ته‌ڕه‌ف، بەدانایی نه‌ک دوژمنکاری . ھەروەھا له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیى، ھه‌رێمى کوردستانى لهترازانى لایه‌نه ناکۆکه‌کان (به‌تایبه‌تى پارتى و یه‌کێتى) پاراستووه‌و ھه‌میشه به‌ئاراسته‌ى سازانیان، ھه‌وڵیداوه‌و ئه‌دا . دامه‌زراوەى سه‌رۆکایه‌تیى ھه‌رێم، وه‌ک ھه‌ردوو سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى تر، له‌سه‌ر بنه‌ماى موحاسهسهى حزبى پێکھێنراوه، به‌ڵام بهوجوودى نێچیرڤان بارزانى، جگه له‌وه‌ى یه‌کگرتووترین و مونسهجمترین دامه‌زراوه‌ى باڵایه، ھاوکات چه‌قى به‌یه‌کگه‌یشتن و چه‌ترى کۆکه‌ره‌وه‌ى ھه‌مووانه به‌بێ جیاوازیى حزبى، بیروباوهڕیى، جوگرافیى، نه‌ته‌وه‌یى، ئاینیى. ھەروەھا لایەنگرانی پییانوایە کە له‌م تێکڕژان و کێشمه‌کێشمه سیاسیى و سه‌ربازییه‌ى که لەناوچه‌که‌دا ھه‌یه، ھه‌رێمى کوردستانى لهسهنگهربهندیى و چوونه به‌ره‌یه‌ک له‌دژى ئه‌وى تر، دوور راگرتووه، بۆیە وەکو سه‌رۆکێکى ھاوسه‌نگى ناو ھاوکێشه ئاڵۆزه‌کانى ناوچه‌که دەیبینن . لەگەڵ ئەوەشدا نێچیرڤان بارزانى به‌رده‌وام له‌سه‌ر سیاسه‌تى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیا ره‌خنه‌ى لێده‌گیرێت که نه‌یتوانیوه سه‌رکه‌وتوو بێت. زیره‌ک که‌مال له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێم و تورکیا‌و رۆڵى نێچیرڤان بارزانى وتى "ئێران و تورکیا دراوسێمانن ده‌کرێت مه‌ترسى بن له‌سه‌رمان، ده‌کرێت پابه‌ندى ئاستى دراوسێیەتى بن ئه‌و سیاده قانونه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان دایناوه، به‌ڵام تورکیا وڵاتێکى به‌هێزه‌و گوێ به‌سه‌رۆکى هه‌رێم و هه‌رێمى کوردستان نادات". زیره‌ک که‌مال پێشیوابوو تورکیا له‌ڕێگه‌ى هێزه‌وه له‌قوبرس، لهسوریاو لیبیا، له‌لوبنان و یه‌مه‌ن و ئازه‌رباینجان ئاماده‌یى هه‌یه، به‌ڵام هه‌رکاتێک سه‌رۆکى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى تورکیا کۆبووبێته‌وه داواى لێکردوون که به‌پێى یاساى نێوده‌وڵه‌تى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا بکه‌ن. "ئێران و تورکیا دوو وڵاتى دراوسێمانن، به‌ڵام دیموکراتییانه مامه‌ڵه ناکه‌ن، خاوه‌ن هێزن و بهمهنتقى هێز بیرده‌که‌نه‌وه، ره‌نگه بیرکردنه‌وه‌ى ئێمه به مهنتقى هێز پێیان ناوێرین، لەپاراستنى قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستان"، زیره‌ک که‌مال وا ده‌ڵێت. وتیشی "نێچیرڤان بارزانى نایه‌وێت بچوکترین پێکدادان له‌نێوان په‌که‌که‌و تورکیادا هه‌بێت و به‌رده‌وام له‌ئه‌نقه‌ره‌و لهئەستهنبوڵیش تهکیدى کردووه‌ته‌وه به‌ڕێگه‌ى ئاشتى کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت نه‌ک به‌ڕێگاى هێز". پێشیوابوو که دواى ریفدراندۆم کێشه‌و گرفته‌کان روویان له‌هه‌رێمى کوردستان کردووه‌و نێچیرڤان بارزانى قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستانى پاراستووه. وتى "دواى ریفراندۆم کێشەکان گه‌یشته سنورى سڕینه‌وه‌ى قه‌واره‌ى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌مه به‌رنامه‌یه‌کى ترسناک بوو، نێچیرڤان بارزانى یارییه‌کى دبلۆماسیانهى زیره‌کى کرد له‌په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ وڵاتانى هه‌رێمی و وڵاتانى ئه‌وروپى و فه‌ره‌نسا، چه‌ند جارێک له‌وکاته‌دا بینیم بە جەستە زۆر هیلاک و ماندوو بوو ، بەڵام له‌ناخه‌وه بە ئیراده بوو، وره‌ى بەرزو باش بوو".
ھاوڵاتی بڕیارە وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان سبەینێ پێنجشەممە دەست بکات بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمنابەران بە لێبڕینی 18% دوای ئەوەی مووچەی پێنج مانگی رابردووی پاشکەوت کرد. سەرچاوەیەک لە بەریوەبەرایەتی گشتی پەروەردی سلێمانی بە ماڵپەڕی ھاوڵاتی راگەیاند سەرەٌای بایکۆتی فەرمنەبران دوێنێ سێشەممە کارمەندکانی بەشەکانی ژمیریاری دەوامیان کردوە بە مەبەستی بەستنی مووچەی مانگی ئەیلول کە پێیان راگەیەنراوە کۆتایی ئەم ھەفتە دابەشدەکرێت لەگەڵ گەیشتنی 320 ملیار دینارەکەی بەغدا کە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم تەرخانی کردوە. دوێنێ وەزارەتی دارایی عێراق بە نوسراوێک ڕەزامەندی نیشاندا بە ناردنی 320 ملیار دینارەکە بۆ ھەرێمی کوردستان و ئێستا پارەکە لە بانکی ناوەدندی ھەرێمە لە ھەولێر و بڕیارە سبەینێ دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەیلول بکرێت بەپێی خشتەیەک کە بڕیارە وەزارەتی دارایی لە کاتژمێرەکانی دھاتوودا رایبگەیەنێت.
ھاوڵاتی ئەحمەد داود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەو سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا بۆ یەکەمجار زانیاری هەستیار ئاشکرا دەکات لەسەر پلانی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان لەساڵی 2011 کاتێک بۆیەکەمجار شارە کوردییەکان کەوتنە دەست پەیەدە. کاتێک نۆ ساڵ و نیو لەمەوبەر بەهاری عەرەبی گەیشتە سوریا، ئەحمەد داود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوە بووە، بەوتەی خۆی پیشنیاری کردووە سنووری باشووری تورکیا بپارێزن لەپارێزگای سلێمانییەوە هەتاوەکو حەلەب، دەڵێت بەڵام گولەنیەکان رێگربوون چونکە دەستیان بەسەر سوپادا گرتبوو. ئەحمەد داود ئۆغلۆ لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی خەبەر تورک، رایگەیاند کە رێکخراوی خزمەتی سەر بە فەتحولا گولەن هۆکاری دواخستنی هێرشکردنە سەر باکوری سوریا (رۆژئاوای کوردستان) بوون. داود ئۆغلۆ وتی «ئەگەر رێکخراوی گولەن لەوکاتەدا دەستیان نەگرتایە بەسەر سوپادا، ئەمڕۆ دۆخی سوریا تەواو جیاواز دەبوو لەواقعی ئێستا». داود ئۆغلۆ باسی لەوەکرد کە لەساڵی 2011 لەسەرەتای سەرهەڵدانی هەڵگەڕانەوەکان لەشارەکانی سوردیا دژ بەبەشار ئەسەد، حکومەتی تورکی پلانی داناوە دەستتێوەردانی سەربازیی بکات بۆ سەر باکوری سوریا (رۆژئاوای کوردستان)، بەڵام رێکخراوی گولەن کە لەوکاتەدا دەستیان بەسەر سوپادا گرت و رێگربوون لەپلانەکە. ئاماژەی بەوەشکرد کەئەگەر رێگرییەکانی گولەنییەکان نەبوایە رێگەیان نەدەدا پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) کە باڵی سیاسی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یە، دەستبگرن بەسەر باکوری سوریادا. لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ لە سوریادا لەبەهاری 2011 ئەحمەد داود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا بوو، پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران. داود ئۆغلۆ رایگەیاند کە بە سیفەتی وەزیری دەرەوە لەوکاتەدا داوای خێرا دەستێوەردانی سەربازیی کردووە لە سوریادا، وتی بەڵام فەرماندەی سوپا رەتیکردەوە، هۆکاری ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ بزووتنەوەی خزمەتی سەر بە فەتحولا گولەن. داود ئۆغلۆ وردەکاریی زیاتری باس کردووە لەسەر پلانەکانی تورکیا لەسەرەتای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیدا، بەجۆرێک پلانیان هەبووە لەسنووری پارێزگای سلێمانییەوە هەتاوەکو عەفرین کردەی سەربازیی ئەنجامبدەن، راشیگەیاند کە دەزگای هەواڵگری میت و سوپاسالار ئاگاداری وردەکاری پلانەکە بوون. داود ئۆغلۆ وتی «پلانێکمان داڕشت لەسەر سنووری باشوری تورکیا، کە لەسلێمانییەوە دەستی پێدەکرد هەتا باشوری حەلەب و باکوری حیمس، هەتا دەگاتە لازقیە و تەڕتووس». ئەو قسانەی داود ئۆغلۆ لەکاتێکدایە کەسلێمانی هیچ سنوورێکی لەگەڵ تورکیادا نیە، جگە لەوەی زنجیرە چیاکانی قەندیل کە شۆڕدەبێتەوە بۆ ناوچەی سەنگەسەر لەسنووری قەڵادزێ لەپاریزگای سلێمانی. داود ئۆغلۆ ساڵێک لەمەوبەر دەستی کشاندەوە لەپارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا‌و رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان گرت بەهۆی گۆڕینی سیستمی حوکم لەتورکیا بۆ سەرۆکایەتی لەبەرژەوەندی خۆیدا. داود ئۆغلۆ ئەمساڵ پارتێکی نوێی دامەزراند بەناوی پارتی ئایندە بەمەبەستی بەشداریکردن لەپرۆسەی هەڵبژاردن و رووبەڕووبوونەوەی ئەردۆغان. هاوکات عەلی باباجانی وەزیری پێشووتری دەرەوەی تورکیا هەمان هەڵویستی داود ئۆغلۆی راگەیاند. داود ئۆغلۆ ئەم قسانەی لەبارەی رۆژئاوای کوردستان و سلێمانی لەم کاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارەتەکەی ئەردۆغان رەخنەیان لێگرتووە کاتێک وەزیری دەرەوە بووە هیچی بۆ وڵاتەکە نەکردووە، ئەویش باسی پلانی خۆی کردووە لەبارەی پاراستنی سنوورەکانی باشووری تورکیا لەسلێمانیەوە هەتا حەلەب. ئەمە یەکەم بەرپرسی تورکیا نیە باسی سلێمانی دەکات، مەولود چاوشئۆغلۆ لەمانگەکانی شەش و نۆی ئەمساڵدا دوو جار ناوی سلێمانی هێناوەو رایگەیاندووە سلێمانی لەژێر کاریگەری پەکەکەدایە. دوای زیاتر لە نۆ ساڵ لەو پلانەی کە داود ئۆغلۆ باسی دەکات، تورکیا چەندین جار سنوری ئاسمانی پارێزگای سلێمانی بەزاندووە بەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. داود ئۆغلۆ باسی ئەوەدەکات کەئەمریکا یارمەتی پەیەدەی داوەو بەهێزبووە لەباکورو رۆژهەڵاتی سوریا، بۆیە رەخنە لەگروپی خزمەتی گولەن دەگرێت لەوەی نەیانهێشتووە دەستتێوەردانی سەربازیی بکەن، کەئەو پێی وایە ئەگەر ئەوەیان بکردایە ئیستا لەجێگەی پەیەدەدا سوپای سوریای ئازادی نزیک لەتورکیا لەو ناوچەیە باڵادەست بوو. پارتی یەکیێتی دیموکرات ناسراو بە پەیەدە حزبێکی کوردییە، لەساڵی ٢٠٠٣ دامەزراوە. ئامانجی پەیەدە دامەزراندنی سیستەمی کۆنفدرالیی دیموکراتییە لەڕۆژئاوای کوردستان و گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ گەل بەشێوەیەک کەهەموو پێکهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان لەخۆبگرێت لەکوردو عەرەب و سریانی و تورکمان و هتد. لەدوای سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و دواتر گەیشتنی ئەو شەپۆلە بەسوریا، پەیەدە بە بەڕێکخستن کردنی گەل زوو توانی بەبێ شەڕ ناوچەکانی رۆژئاوا لەحکومەتی ئەسەد پاک بکاتەوە. پەیەدە هێزێکی سیاسی سەر بەکۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)یە، کەجەکە دوای دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان دامەزرا بەئامانجی لەخۆگرتنی ئەو رێکخراوانەی کە لەپەکەکەوە هەڵقوڵاون. پەیەدە ساڵێک دوای ئازادکردنی شارە کوردییەکان هەستا بەدروستکردنی باڵێکی سەربازیی بەناوی یەکینەکانی پاراستنی گەل ناسراو بەیەپەگە (YPG)بەمەبەستی ئازادکردنی تەواوی ناوچە کوردییەکان و رووبەڕووبوونەوەی داعش، پاشان یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)ی دامەزراندو توانیان کاریگەری باشیان هەبێ لەشکستپێهێنانی داعش. بەو پێیەی پەیەدەو یەپەگەو یەپەژە سەر بە کەجەکە بوون، ئەمریکا راستەوخۆ پشتگیریی نەکردن، بەڵکو بەسەرپەرشتی مەزوڵم کۆبانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یان دامەزراند، کە پاڵپشتی راستەوخۆی ئەمریکاو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتییان هەیەو پڕچەک کراون تا دوا شوێنی خەلافەتی داعشیان لە رەققەی سوریا کۆنتڕۆڵکرد.
ھاوڵاتی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی تورکیا‌و ئێران و ململانێکانییان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مایەی سەرنجی هەموو شارەزایەکی سیاسەت و تەنانەت کەسانی ئاساییەو ئەم دوو وڵاتە دەیان سەدەو سەردەم لەململانێی یەکتردا هەنگاویان ناوەو رێگایەکیان گرتووەتەبەر کە بۆ زیادکردنی دەسەڵات و حوکمڕانیی لەناوچەکەداو کورد بەشێکی بەرچاوی ئەو ململانێیە و تەنانەت لەو دۆستایەتیی ئەو دوو هێزەشدا هەر بەشی بووە بەمەینەتی و نەهامەتی کەنوێترینیان داگیرکردن و دروستکرنی زیاتر لە (36) بنکەی فەرمی تورکیا لەهەرێم و تۆپباران و موشەکبارانکردنی هەرێمی کوردستان بووە لەلایەن ئێرانەوە. دوو سەردەمی هاوشێوە لەمێژووی تورکیا‌و ئێران دوای کۆتایی یەکەم جەنگی جیهانی و هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و هاتنەسەر دەسەڵاتی مستەفا کەمال لەساڵی (1923) تەخت و بەختی عوسمانی لەتورکیا کۆکرایەوەو مستەفا کەمال نازناوی ئەتاتورک ( باوکی تورک)ی پێبەخشراو لەو رۆژە هیچ کەسێک لەتورکیا بۆی نەبووە نازناوی (ئەتاتورک) بەکاربهێنێت و خۆی بەخاوەنی تورکیا یان باوکی رۆحیی تورک لەقەڵەم بدات، کەئەمەش ئاماژە بووە بەدیکتاتۆریەتێکی هاوچەرخ و نوێ لەو سەردەمەداو لەلایەکی دیکەوە کۆڵەکەکانی ئێرانی قاجاری لەتێکشکان نزیک دەبووەوەو لەساڵی (1926) رەزا پەهلەوی بەهاوکاریی بەریتانیا دژی قاجار کودەتای کرد‌و بووە پاشای وڵاتێک کەتەمەنی سیستمی پاشایەتییەکەی دەگەیشتە دوو هەزارو (500) ساڵ. رەزاشا لەژێر کارگەریی ئەتاتورک ئەتاتورک لەگەڵ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەگۆڕینی ناوی وڵاتەکەیەوە لەعوسمانییەوە بۆ تورکیا هەوڵی گۆڕانکاریی لەسیستمی حوکمڕانی و دەسەڵاتی وڵاتەکەیداو شێوازی نووسینی وڵاتەکەی لەڕێنووسی عەرەبی بۆ لاتینی گۆڕی و مافی دەنگدانی بۆ ژنان مسۆگەر کرد‌و هەوڵیدەدا دین و ئایین لەحوکمڕانیدا نەهێڵێت و لەو چوارچێوەیەشدا دژایەتیی پیاوانی ئاینی و پێشەنگەکانی موسوڵمانانی دا‌و ئەمەش لەساڵی (1925) بووە هۆی سەرهەڵدانی شێخ سەعیدی پیران لەئامەد لە باکوری کوردستان و دواجار ئەو سەرهەڵدانە بەلەسێدارەدانی شێخ سەعید سەرکوتکراو ساڵی (1934) بەفەرمانی ئەتاتورک هەموو نازناوێکی ئیسلامی (شێخ و سەیدو مەلاو حاجی و بەڕێزو گەورە) لەدامودەزگا حکوییەکاندا قەدەغە کراو تەنانەت بۆ ئەوەی کۆتایی بەجەنگی نێوان مەسیحی و موسوڵمان لەوڵاتەکەی بهێنێت (بینای ئایاسۆفیا)ی کرد بەمۆزەخانە کە لەسەردەمی عوسمانییەکاندا ئەو کەنیسەیە کرابوو بەمزگەوت بەڵام ئەمساڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا هاوشێوەی سەردەمی عوسمانییەکان جارێکی دیکە ئەو کڵێسەیەی کردەوە بەمزگەوت و بەبڕوای زۆر کەس ئەم کارەی ئەردۆغان بۆ زیندوکردنەوەی ئامانجەکانی تورکیای عوسمانییە و دەیەوێت خۆی وەک رێبەرێکی موسوڵمانان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەربخات. لەلایەکی دیکەوە رەزاشای ئێران کەتازە شوێن پێی خۆی لەتەختی پاشایەتی وڵاتەکەی قایم کردبوو رایگەیاند ناوی رەسمی وڵاتەکەی لە(پارس)ەوە بۆ ئێران دەگۆڕێت و داوای لەوڵاتانی جیهان کرد لەجیاتی وشەی پێرسیا (Persia) وشەی (ئێران) بەکاربهێنن و هاوکات دەستی بەدژایەتیی کەسانی دەسەڵاتدارو ئایینی و ئاغا‌و دەرەبەگەکان کرد بۆ ئەوەی بیانخاتە ژێر هەیمەنەی سیستمی پاشایەتی وڵاتەکەی و ئەمەش سەرهەڵدانی سمکۆ شکاکی لەناوچەی ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدوای خۆیدا هێناو ئەویش بەفەرمانی رەزاشا لەساڵی (1929) لەلایەن سوپای ئەوکاتی ئێرانەوە تیرۆر کراو کۆتایی بەسەرهەڵدانەکەی سمکۆ هێنرا. بەڕوانینێکی خێرا لەکارو پلانەکانی رەزاشا لەئێران و ئەتاتورک لەتورکیا دەردەکەوێت هەردووکیان ویستوویانە بەگۆڕانکاریی لەحوکمڕانیدا هەیمەنەی خۆیان زیادبکەن و بەشێک لەپلانەکانیان بەسودوەرگرتن لەسەرکوتکردنی سەرکردەکانی کورد جێبەجێ کردووە. جەنگی سەفەوی و عوسمانی یەخەی کورد دەگرێت لەسەدەی (16) تاسەدەی (19) ئیمپراتۆریەتی سەفەوی ئێران و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، (11) جەنگی دورودرێژ‌و خوێناویی لەنێوانیاندا روودەدات کەزیاترینیان کورد تێیدا قوربانیی یەکەم بووەو هەر کورد بووەتە بیانوی جەنگ و ئاشتیی نێوان ئەو دوو ئیمپڕاتۆریەتەو ئەگەریش کورد بیانوی جەنگەکانیان نەبووبێت ئەوا ئەو دوو وڵاتە جەنگەکەیان هێناوەتە گۆڕەپانی کوردەوەو بەمە زیانێکی زۆریان بەکورد گەیاندووە، بۆ نموونە جەنگی (چاڵدێران) یەکەم جەنگی نێوان سەفەوی و عوسمانی بوو کە بەهۆیەوە خاکی کورد بەتەواوەتی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا دابەشکراو سوپاکەی شا ئیسماعیلی سەفەوی شکستێکی گەورەی مێژوویی هێنا لەسەر دەستی سوڵتان سولەیمانی عوسمانی و دووجاریش بە رێککەوتنی (قەسری شیرین) لەنێوان ئەو دوو ئیمپڕاتۆریەتەدا کۆتایی هات، بەشێکی بەرچاوی جەنگەکانی نێوان ئێران و عوسمانی بەڕێککەوتن کۆتای‌یان هاتووە کەتێیدا کورد دابەشکراوەو بەکورتی سازش لەسەر کورد کراوە لەبەرامبەر رێککەوتنی نێوانیاندا کە رێککەوتنی ( زەهاو)و رێککەوتنی (قەسری شیرین) و رێککەوتنی (ئەرزڕۆم)ی یەک و دوو، دوای جەنگێگی خوێناوی لە نموونەی ئەنجامی جەنگی ئەو دوو لایەنە بوون و تێیدا خاکی کورد پارچە پارچەو دابەشکراوە. تورکیا نەتەوەپەرەستی و ئیسلامیی بوون وەک چەک بەکاردەهێنێت رووخانی عوسمانییەکان و دروستکردنی کۆمارێکی بێ دین لەلایەن ئەتاتورکەوە وایکرد کەجارێکی دیکە ژمارەیەک پارتی ئیسلامی هەوڵی بوونیادنانەوەی دەسەڵاتێکی ئیسلامیی لەوڵاتەکەیان دا‌و پارتی سەعادەت بەسەرکردایەتی نەجمەدین ئەربەکان و پارتی ئیسلامی (فەزیلەت) و دواتر پارتی داد‌و گەشەپێدان (ئەکەپە) بەسەرکردایەتی (رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەحمەد دواود ئۆغڵو، عەبدوڵا گویل) کە بەخوێندکارو شاگردی نەجمەدین ئەربەکان دەناسرێن هەوڵەکانیان بخەنەگەڕو لەساڵی (2002) پارتی داد‌و گەشەپێدان (ئەکەپە) بووە دەسەڵاتداری تورکیا‌و خەونی عوسمانی و نەتەوەپەرستەکانی جارێکی دیکە بۆ فراوانکردنەوەی هەیمەنەی وڵاتەکەیان بەسەر ناوچەکدا زیندو کردەوەو هەر ئەم خەونەش بووە هۆی لەناوچوونی ستراتیژی گەیاندنی کێشەکانی تورکیا بەسفر کەئێستا بەهۆی کێشەکانی ئەنقەرە لەگەڵ وڵاتانی دراوسی بەسیاسەتی گەیاندنی کێشەکان بە (100) ناوزەد دەکرێت، چونکە ئەو وڵاتە لەئێستادا لەگەڵ زۆربەی دراوسێکانی کێشەو ململانێی هەیەو سوریا‌و عێراق و ئێران و ئەرمینیا کە دراوسێ سەرەکییەکانی ئەو وڵاتەن کێشەو ناکۆکییان هەیە، تورکیا لەئێستادا بەرگریی لەئۆپۆزسیۆنی توندڕەوی سوریا دەکات کەزۆرینەیان سوننەن و هاوکات بەرگریی لەتورکمانی عێراق دەکات وەک نەتەوە لەکاتێکدا زۆرینەیان شیعەن و لەلایەکی دیکەوە بەبیانوی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سنورەکانی هەرێم بۆردومان دەکات و ئەمەش نیگەرانیی حکومەتی ناوەندیی عێراقی لێکەوتووەتەوە، لەنوێترین پێشهاتدا لەجەنگی نێوان ئازبایجان و ئەرمینیا بەڕاشکاوی بەرگریی لەئازربایجان کرد کەزۆرینەیان شیعەن و بەبڕوای شارەزایان بەرگرییەکانی تورکیا لەچوارچێوەی بەهێزکردنەوە نەتەوەپەرستی لەنێوخۆی وڵاتەکەی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیەتی لەگەڵ ئازربایجان و پەیامێکیشە بۆ روسیا‌و ئێران کەئەنقەرە خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە لەو ناوچەیە. ئێران بەکەوانی شیعەوە گیرساوەتەوە دوای راپەڕینی گەلانی ئێران دژی ستەم و زۆرداریی تەختی پاشایەتی و رووخانی رژێمەکەی محەمەدڕەزا شا، کوڕی رەزا شای پەهلەوی، کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (1979) بەستراتیژییەکی بەرگریی لەشیعەو بەدروشمی بەرگریی لەژێردەستەکان هەوڵی پشتیوانیی لەشیعەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات کە بەهیلالی شیعە ناودەهێنرێن و بریتین لە ( لوبنان، سوریا، عێراق، بەحرەین، ئێران، پاکستان، ئەفغانستان و هندستان)، ئەوەی لەو هیلالە زیاتر بەدیدەکرێت ئەوەیە کە ئێران هەوڵی بەنێونەتەوەیکردنی شیعە لەجیهاندا دەدات و ئەوەی روونە ستراتیژیی ئەو وڵاتەیە بۆ سوودوەرگرتن لەشیعەو دروستکردنی هاوپەیمانیی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە نموونەی بەرچاوی لەپەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق و لوبنان و سوریا بەدیدەکرێت و تاران بەبەردەوامی حکومەت و گروپە شیعە باڵادەستەکانی ئێستای ئەو وڵاتانە بۆ ئامانجەکانی بەکاردەهێنێت و زۆرجار لەڕووی نێودەوڵەتییەوە تۆمەتبارکراوە بەدەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە عەرەبییانەی کەشیعەیان تێدا نیشتەجێیە. پەیمان و پەویوەندییە گرنگەکانی نێوان تورکیا‌و ئێران دوای رووخانی عوسمانی لەتورکیاو حکومەتی قاجارەکان لەئێران دەیان رێککەوتنی ستراتیژی و سەربازیی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا واژۆ کراوەو بە رواڵەت پەیوەندییەکانیان روو لەتوندوتۆڵی و گەرموگوڕیی بووە، بەڵام دواتر‌و لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، تاران چەند جارێک تورکیای تۆمەتبار کردووە بەوەی کەپەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل هەیەو ئەمەش زیان بەئێران دەگەیەنێت و ئەمەش وای کردووە ئەو پەیوەندییانە لەسەردەمە جیاوازەکاندا ساردوسڕیی تێبکەوێت، بەڵام هیچ کاتێک نەگەیشتووەتە ئاستی توندبوونەوەو بەکارهێنانی راستەوخۆی هێز لەدژی یەکتر، چونکە ئەزموونی ئەو دوو وڵاتە لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە دەریخستووە دەتوانن وەک هاوڕێیەک یارمەتیی یەکتر بکەن، بۆ نموونە لەکاتی سەپاندنی سزا نێودەوڵەتییەکان دژی ئێران تەنها وڵاتێک کە ئامادە نەبوو پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێت تورکیا بوو، ئەمەش بووەهۆی دەربازکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەقەیرانەکانی ئەو سزایانە، لەبەرامبەردا ئێران رێککەوتنی (25) ساڵەی فرۆشتنی غازی لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووەو بەپێی رێککەوتنەکە لەساڵی (2001)ەوە دەبێت ساڵانە هەشت ملیار‌و (500) ملیۆن مەتری سێجا غاز رەوانەی تورکیا بکات و لەنوێترین پێشهاتیشدا ئەنقەرە داوای درێژکردنەوەی ئەو رێککەوتنەی لەتاران کردووە. هاوکات ئاستی هەناردەی کاڵاو شتومەکی ساڵانەی تورکیا بۆ ئێران دەگاتە زیاتر لەشەش ملیار دۆلار کە بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران لەئێستادا هەناردەی تورکیا بۆ نزیکەی سێ ملیار دۆلار دابەزیوە، کەئەمەش بەهۆی دابەزینی بەهای تمەنەوە روویداوە. جگە لەو رێککەوتنە گەورە ئابورییەی لەنێوان ئەنقەرەو تاران‌دا هەیە، کۆمەڵێک رێککەوتنی سەربازیی مێژوویی لەنێوانیان هەیە کەبریتین لە رێککەوتنی سەعدئاباد کە بەپێی رێککەوتنەکە ئەو دوو وڵاتە نابێت هاوکاریی هیچ وڵاتێک بکەن بۆ داگیرکردنی وڵاتەکانیان و هاوکات لەڕووی ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەوە دژی نەیارانیان هاوکاریی یەکتری بکەن و لەنوێترین رێککەوتنیشیاندا، رۆژی سێشەممە (8/9/2020) حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بەئۆنلاین لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا قسەی کرد‌و دواتر بەیاننامەیەکی هاوبەشی (10) خاڵییان بڵاوکردەوە کە لەچەند خاڵێکیدا ئاماژە بەپاراستنی بەرژەوەندیی هەردوولا لەدژی نەیاران و گروپە چەکدارەکانی وڵاتەکەیان کردبوو ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەو رێککەوتنەدا وەک نەیاری تورکیا و ئێران هێنراوەو چەند سەعاتێک دوای ئەو رێککەوتنە بۆردومان و بۆمبارانی هاوبەشی سوپای ئەو دوو وڵاتە دژی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ‌کرد و رۆژی دواتر سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرای کرد بۆردومانەکانی سوپاکەیان لەچوارچێوەی رێککەوتنی تورکیا و ئێران بووە بۆ لێدان لەنەیارانی ئەو دوو وڵاتە لەنزیک سنورەکانی هەرێمی کوردستان. تورکیا و ئێران یەک ستراتیژ رەفتارو هەڵسوکەوتە سیاسیی و سەربازیی و ئابورییەکانی تورکیا و ئێران لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەن بۆ سەپاندنی هەیمەنەی ئەو دوو وڵاتە لەو بوارانەداو ئەمە وایکردوە کورد لەڕۆژئاواو باکورو باشور‌و رۆژهەڵاتی کوردستان گیرۆدەی ئەو هەڵسوکەوت و ستراتیژییەی ئەنقەرەو تاران بێت و هەندێکجار لایەنە دەسەڵاتدارەکانی کورد یەکتری تۆمەتبار بکەن بەوەی سەر بەیەکێک لەو دوو وڵاتەن و خزمەتی سیاسەت و ستراتیژی ئەوان دەکەن، بەڵام دواجار مێژوی نزیک سەلماندویەتی ستراتیژی ئەو دوو وڵاتە مایەی نەهامەتی و مەینەتی بووە بۆ کورد‌و لایەنگریی ستراتیژی ئەوان کێشەی گەورەی بۆ کورد لێدەکەوێتەوە .
ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود شوان عەبدوڵا گەنجێکی دینداری لێبوردەیە، هەفتەی رابردوو لەفەیسبوکی خۆی پۆستێکی کرد‌و داوای لەهاوڕێ موسوڵمانەکانی کرد بلۆکی بکەن ئەگەر پۆستەکەیان بەدڵ نیە پێنج لەهاوئاینەکانی شوان بلۆکیان کرد‌و چەندین نامەشی بۆ رۆیشت و لەسەر پۆستەکە رەخنەیان لێگرت. پۆستەکەی شوان سەرەخۆشی بوو لەکەسایەتیەکی رۆحی ئاینی ئێزیدیەکان کە بەشێک لەموسوڵمانە دەمارگیرەکان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیبوو بەمردنی. شوان نوسیبووی «هاوڕێیان و ئازیزانم لەئاینزای ئێزیدیان... پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی ئێوە دەکەم و هیوادارم دوا ناخۆشیتان بێت، هەر موسوڵمانێک منی قبوڵ نییە با بلۆکم بکات». رێبەری روحی ئێزیدییەکان بابەشێخ لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لەنەخۆشخانەیەکی هەولێر کۆچی دوایی کرد، دواتر بەشێک لەموسوڵمانە دەمارگیرەکان خۆشحاڵی خۆیان بەمردنەکەی دەربڕی بوو، هەندێکیشیان سووکایەتیان پێ‌کرد، ئەمە نیگەرانی ئەو موسوڵمانە لێبوردانەی لێکەوتەوە کەبڕوایان بەپێکەوە ژیان هەیە. شوان یەکیکە لەموسوڵمانە لیبوردەکان، دوای پۆستەکەی پێجن کەس لەهاوئایینەکانی بلۆکیان کرد، بەڵام ئەمە شوانی نیگەران نەکرد، چونکە دەڵێت حەز ناکات ئەو کەسانە لەفەیسبوک هاوڕێی بن کە بیروبۆچوونی جیاوازیان قبوڵ نیە. شوان بە ھاوڵاتی وت «من خۆم دەستم تێناچێت ئەوان بلۆک بکەم، چونکە بڕوام بەپێکەوەژیان هەیە، چوار پێنج کەس نامەشیان بۆ ناردووم و بلۆکیشیان کردم». شوان دەڵێت ئامانجی لەپۆستەکەی ئەوەبوو دەبێت هاوئایینەکانی بڕوایان بەپێکەوەژیانی ئاینی و مرۆڤایەتی هەبێت، وتی «نابێت ئایینەکان لەیەکتریمان جیابکەنەوە». هەروەها شوان وتیشی «ئێمە لەم گەردوونەدا لەبنەڕەتدا بۆ ئەوە دروستبووین، کە پێکەوەبژین، هەبوونی جیاوازی ویستێکی خودایە، خوا خۆی ئەگەر بیویستایە هەموومانی دەکرد بەیەک ئومەت، بەڵام خوا خۆی هەموو شتەکانی بەڕەگەزی جیاواز دروستکردووە، ژیانیش بەجیاوازییەکانیەوە جوانە، دواتر ئامانجەکە بۆ یەکتر ناسینە بۆ پێکەوەژیانە». شوان پێیوایە هەندێک لەموسوڵمانان لەئێستادا جیاوازی قبوڵ ناکەن، پەیوەندی بەئایینەوە نیە، وتی «ساڵانێکە لەگەڵ نەتەوەو ئایینەکانی تر پێکەوەدەژین هیچ کێشەیەکی ئایینیمان نەبووە، بەتایبەتی لەعێراق و کوردستان، «ئەوەی ئەمەی دروستکردووە لەئێستادا بیر‌و ئایدۆلۆژیای تەسکی ئایینیە دابەشبووە بەسەر حزبیەکان». بابەشێخ، رێبەری رۆحی ئێزدییەکانی جیهان بوو، هەموو پرسە ئایینیەکانی ئێزیدیەکان لای ئەو یەکلایی دەکرانەوە. پۆستی بابەشێخ، نزیکەی (10) سەدەیە لووتکەی هەرەمی ئایینی ئێزدییە، ئەو پۆستە پشتاوپشت دەمێنێتەوە. ئەو موسوڵمانانەی وەکو شوان سەرەخۆشییان لەئێزیدیەکان دەکرد، بیبەش نەبوون لەقسەی توندی هاوئایینە دەمارگیرەکانیان. ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پرسەو سەرەخۆشی لەئێزیدیەکان کرد. یەکگرتوو کە بەحزبێکی میانڕەو ناسراوە، لەسەر ئەم پیرۆزباییەی کەوتە بەر رەخنەی هەندێ لەموسڵمانەکان، بەڵام هاوخەمی موسوڵمانە لێبوردەکان ئێزیدیانی دڵخۆش کرد. رۆنی سەعید کچێکی ئێزیدیە کاتێک کۆمێنتی هەندێک لەو موسڵمانانەی بینوە کەجنێویان بە رابەرە رۆحییەکەیان داوە، نیگەران بووەو هەستی کردووە رەنگە چیتر کوردستان شوێنێکی پێکەوەژیان نەبێت بۆ ئێزیدیەکان، بەڵام کاتێک سەرەخۆشی موسوڵمانە لێبوردەکانی بینیوە، بۆی دەرکەوتووە هەموو موسوڵمانەکان جنێوفرۆش نین. رۆنی بە ھاوڵاتی وت «هەندێک لە کۆمێنتی موسوڵمانەکان ئێمەی زۆر نیگەران کرد، چونکە هەمان بیری داعشیان هەبوو، ئەوان داوای کوشتنی ئێمەیان دەکرد، دەیانوت ئێزیدی کافرن و دەبێ بکوژرێن، ئەوە هەمان بیرکردنەوەی داعشە». کاتێک رۆنی «پەیامی خراپ و سووکایەتی و هەڕەشەئامیز»ی بینیوە، هەستی کردووە کە لەعێراق و کوردستان ئیتر هەست بەئاسایش ناکەن و ژیانیان لەبەردەم مەترسیدایە. رۆنی وتی «کاتێ ئەو کۆمێنتانەمان دەبینی پێموانوابوو ئەگەر رۆژێ داعش بگەڕێتەوە شەنگال خاوەنی ئەو کۆمێنتانە دەچنە ریزیانەوە بۆ کوشتنی ئێزیدیەکان». بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بینینی کۆمێنتی موسوڵمانە لیبوردەکان ئیزیدیانی دڵخۆشکردووە، رۆنی وتی «کۆمێنتی باشی هەندێک لەموسوڵمانەکان بۆ ئێمە جێگەی دڵخۆشییەکی زۆر بوو، چونکە هەندێکیان پەیامی زۆر جوانیان نارد». وتیشی «هەندێک لەهاوڕێ موسوڵمانەکانمان پەیامی جوانی هاوئایینەکانیان پیشانی ئێمە دا، ئێمە هەستمان بەدڵخۆشی کرد، کاتێ ئەو پەیامە جوانەمان دەبینی، ئیتر هەستمان دەکرد بەڵێ ئێمە هاوڕێ و هاوکارمان هەیەو ئەگەر رۆژێ تووشی هەر ناڕەحەتیەک بین، ئەوان هاوکارمانن، بەپێچەوانەی ئەوانەی کە وەکو داعش بیردەکەنەوە، کە پیش‌تر کاتێ کۆمێنتی ئەوانەمان بینی هەستمان بەمەترسی دەکرد لەسەر ژیانمان». د.حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فتوای هەرێمی کوردستان بە ھاوڵاتی وت «لەئایینی پیرۆزی ئیسلامدا دروست نیە سوکایەتی بەهیچ ئایین و ئاینزاو کەس و کەسایەتی، قورئان دەفەرموێت جوێن مەدەن بەو کەسانەی هەتا شەریکیش بڕیار دەدەن بۆ خودا، چونکە ئەوانیش لەبەرامبەر ئەوە جنێو ئەدەن بەخوای ئێوە کەخوای گەورە دەگرێتەوە، ئەمە قاعیدەی ئیسلام بەو شێوازەیە» د.حەسەن موفتی وتیشی «کەسێک کەمرد شەیتان وازی لێدێنێت ئەوا دەگەڕێتەوە لای خوا خۆی محاسەبەی دەکات، پێغەمبەریش (د.خ) دەفەرموێت مرۆڤی موسوڵمانی تەواو ئەو کەسەیە تانەو تەشەر نەدات، تەشهیر نەکات و جنێو نەدات. ئێمە پێمان باش نیەو ئیدانەی ئەو سوکایەتی و جنێوانە دەکەین». بەدرێژایی مێژوو ناوەندی پێکەوەژیانی ئایینەکان بووە لەوانە؛ ئایینەکانی یارسان، ئێزدی، زەردەشتی، مانی، جوو و کریستیان، موسڵمانی سوننی و شیعی و سۆفیگەری و هەموویان بەیەکەوە بەدرێژایی رۆژگار لەسەر ئەم خاکە ژیاون. د.حەسەن حوکمی ئەوکەسانەی سوکایەتی بەئاینێکی تر دەکەن رووندەکاتەوەو دەڵێت «بەپێی ئیسلام ئەم کەسانەی سوکایەتی بەئاینێکی تردەکەن پێی گوناهبار دەبن، بۆ تەبایی خەڵکی کوردستانیش کاریگەریەکی خراپی دەبێت، چونکە ئەم کوردستانەی ئێمە تەنها موسوڵمانی تیادا ناژیت، ئایینی تری تێدایە، پێویستە رێزیان لێبگیرێت». هەروەها وتی «کەسێک موسوڵمان بوو پێویستە خۆی بەئۆمەتی ئەو پێغەمبەرە بزانێت، پێغەمبەری ئێمەش کەحەزرەتی محەمەدە (د.خ) بەڕەحم و بەزەیی و بەسۆز بووە بۆ هەموو جیهانیان کافر‌و موسوڵمان، ئەگەر خۆمان بەئۆمەتی ئەو بزانین پێویستە بەسۆز بین بۆ موسوڵمان و غەیری موسوڵمان» . تووێژەرانی بواری ئایینی بڕوایانوایە ئەو دیاردەی جنێو‌و سوکایەتیانەی کە بەم دواییانە لەناو هەندێ لەموسوڵمانانی دەمارگیردا دروستبوون، پەیوەندییان هەیە بەپەیدابوونی هەندێک لەمەلاو بانگخوازی «جنێوفرۆشن» لەسەر مینبەرو توڕە کۆمەڵایەتییەکان. هیوا سیوەیلی، تووێژەرو شارەزای ئاینی وتی «جنێو ئەو پەرچەکردارەیە کەسی بێدەسەڵات و بێهێزو دۆڕاو بەرانبەر کەسی بەرانبەر بەکاریدەهێنێ وا هەستدەکات کەئازارێک بە بەرانبەرەکەی دەگەیەنێت، جنێو بەزۆری لەکەسانی چینی خوارەوەی کۆمەڵگادا دەبینرێت». هیوا سیوەیلی بەھاوڵاتی وت «بەداخەوە لەم دواییەدا جنێو لەنێوان دیندارەکان سەریهەڵداوە، جنێودەر وادەزانێ بەوە بەرگری لەدینەکەی دەکات، بەڵام نەزانی و بێ تفاقی و قبوڵنەکردنی بەرانبەر هۆی سەرەکی ئەم دیاردەیەیە، جنێودەر وادەزانێت بەجنێوەکەی بەرانبەر سوک دەکات و ناهێڵێ خەڵکی گوێی لێبگرێت». هیوا سیوەیلی پێیوایە هەندێ مەلاو بانگخواز کەخاوەن بڕوانامەشن بوونەتە چاوساغی ئەو جۆرە لەجنێوانە لەنێو گەنجەکاندا. وتی «کاتێک گەنجێک گوێی لەمانە دەبێت ئیتر دەتوانێ بەشەرعی مامۆستاکەی جنێو بدات و شانازیشی پێوە بکات، بێگومان کتێبە دیینیە کۆنەکان و بیروباوەڕی سەلەفی و فتوای کافرکردن و کوشتنیش کاریگەرییەکی گەورەی هەیە». سەرهەڵدانی دیاردەی جنێو بەتەنها لەنێو هەندێ لەو گروپانەدا نەماوەتەوە کەپێشتر لەبارەگای گروپەکانیان یان هەندێکیان مزگەوتیان بەکاردەهێنا بۆ ئاراستەکردنی بیرۆبۆچوونیان، بەڵکو ئێستا بەشێوەیەکی بەرفراوان تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بەکاردێنن. هیوا سیوەیلی وتی «پەیدابوونی کۆمەڵێ مەلاو بانگخوازی جنێوفرۆش کە لەمنبەرو مزگەوتەکانەوە جنێو‌و سووکایەتی بەکەسانی ناهاوڕایان دەدەین، کاتێک مەلا لەمینبەری مزگەوتەوە سووکایەتی بەکەسێک و لایەنێک دەکات ئیتر گوێگر شتێک زیادی پێوەدەنێت و دەبێتە جنێو لەسەر جادەو لەسۆشیال میدیادا».
کاکەلاو عەبدوڵڵا مووچەی ملیۆنەها عێراقی لەکەرتی گشتیدا بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە کەترسی ئیفلاسبوونی بەدواوەیە لەکاتێکدا بازاڕی نەوت کەعێراق پشتی پێدەبەستێت لەقەیرانێکی گەورەدایە، ئەمە جگە لەترسی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغداد کە «کارەساتبار دەبێت» بۆ وڵاتەکە. بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆناوە، عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی دارایی بووەتەوە، ئەوەش بۆیەکەمجار بووەتەهۆی دواکەوتنی مووچە لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن لە 2003دا. تائێستا حکومەتی عێراقی ئامارێکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە لەسەر ژمارەی فەرمانبەران، بەڵام ئاماری نافەرمی ژمارەی فەرمانبەران بە شەش بۆ هەشت ملیۆن دەخەمڵێنێت – بەفەرمانبەری کارا و خانەنشینەوە - لەکۆی (٣٩) ملیۆن دانیشتوانی وڵاتەکە. لەئێستادا حکومەت و پەرلەمان لەکێشمەکێشمێکی گەورەدان سەبارەت بەچارەسەرکردنی قەیرانە داراییەکە بەوپێیەی حکومەت دەیەوێت یاسایەک تێپەڕێنێت بۆ قەرزکردنی ناوخۆیی، بەڵام پەرلەمان نایەوێت پرۆژەیاساکە پەسەند بکات، چونکە دەبێتە هۆی «ئیفلاسبوون لەماوەی شەش مانگدا». لەبەیاننامەیەکدا لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند کە «سەریان سوڕماوە» بەداواکردنی قەرزی نوێ لەلایەن حکومەتەوە. «وەزارەتی دارایی دەبوو راپۆرتیێکی چاکسازی لەماوەی (٦٠) رۆژدا پێشکەش بکات بەپەسەندکردنی یاسای قەرزی ناوخۆیی لە ٢٤ی حوزەیران، ئێمە سەرمان سوڕماوە بەداواکردنی قەرزی نوێ». عێراق پێویستی بەنزیکەی پێنج ملیار‌و (٥٠٠) ملیۆن دۆلارە بۆ پێدانی مووچە، بەڵام داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو لەمانگی ئەیلولدا گەیشتووەتە سێ ملیار‌و (١٠٠) ملیۆن دۆلار. لەسەدا ٦٠٪ی ئابوری وڵاتەکە پشت دەبەستێت بە نەوت و لەسەدا ٩٠٪ی بودجەی حکومەت لەداهاتی نەوتەوە دێت، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت و کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا وایکردووە کورتهێنان دروست ببێت. پێگەی راپۆرتی نەوت عێراقی لەدوایین راپۆرتیدا بڵاویکردەوە کەهەناردەی نەوتی عێراق گەیشتووەتە سێ ملیۆن لە رۆژێکدا بۆ مانگی ئەیلول، بەڵام فرۆشی نەوت لەکەمترین ئاستیدا لەشەش ساڵی رابردوودا. شەممەی رابردوو لیژنەی دارایی پەرلمانی عێراق لەڕاگەیاندراوێکدا ئاماژی بەچەند چارەسەرێک کرد بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی ئێستا، لەوانە بەخشینی عێراق لەکەمکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێککەوتنی رێکخراوی ئۆپیک و رێکخستنی خاڵە گومرگییەکان. لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا وڵاتانی رێکخراوی ئۆپیک و روسیا رێککەوتن لەسەر کرمکردنەوەی (٩.٧) ملیار بەرمیل نەوت بەمەبەستی جێگیرکردنی بازاڕی نەوت کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانێکی گەورەی بەرکەوت. هەیسەم جبوری سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق یەکشەممەی رابردوو بەمیدیاکانی عێراقی راگەیاند، «عێراق بڕێکی زۆر قەرزدارە، هەربۆیە مانەوە لەسەر ئەم دۆخە ئەوا مانگی تشرینی یەکەم قورستردەکات بەبەراورد بەمانگی ئەیلول». «پێویستە هەنگاوی دروستتر بنرێت، پێویستە حکومەت جوڵەکانی خۆی دەستپێبکات و لەڕێی پەیوەندییەکانیەوە ملیۆنێک بەرمیل نەوت بگێڕێتەوە کە لەپشکی بەرهەمهێنانی عێراق بڕاوە کەڕێژەی ٣٠%ی موچە دابیندەکات»، جبوری وای وت بەئاماژەکردن بۆسەختتربوونی قەیرانەکە لەمانگەکانی داهاتوودا. بەپێی راپۆرتێکی ئەلعەرەبی جەدیدی بەریتانی کە لەزاری سەرچاوەیەکی نزیکی حکومەت وەریگرتووە، باس لەوە دەکات کە «قەیرانی دواکەوتنی مووچە بەردەوام دەبێت... ئەمەش مانای ئەوەیە حکومەت ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکات بۆ مانگی تشرینی یەکەم لەگەڵ ئەوەی قەیرانەکە قووڵتر دەبێت». «مووچەی تشرینی یەکەم دەبێتە تاقیکردنەوەو سەختترین ئەرک بۆ حکومەتی عێراقی. حکومەت زیاتر فشار دەخاتە سەر پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای قەرزی ناوخۆ تا بتوانێت مووچە دابین بکات»، سەرچاوەکە وای وت. قەیرانی ئابووری عێراق تەنها فەرمانبەرانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کاریگەریی گشتی هەیە لەسەر تەواوی دانیشتوان، ئەویش بەشێوەیەکی بەرچاو بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوەیە. بەپێی راپۆرتێکی یونیسێف، «(٤.٥) ملیۆن (لەسەدا ١١.٧٪) عێراقی بەناچاری لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، ئەمەش دەرئەنجامی پەتای جیهانی کۆڤید-١٩و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییە ئابورییەکانن. لەدەستدانی کار‌و بەرزبوونەوەی نرخی شتومەکەکان دەبنەهۆی ئەوەی هەژاری لەوڵاتەکەدا بگاتە لەسەدا ٣١.٧٪ ، کە لە ٢٠١٨‌دا ئەو رێژەیە لەسەدا ٢٠٪ بوو». لەنوێترین راپۆرتیدا، پرۆگرامی گەشەپیدانی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە کەچاوەڕواندەکرێت گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە بە لەسەدا ١٠٪ کەم بکات لە ٢٠٢٠دا. هۆکاری سیاسیش رەنگە ببێتە هۆی زیاتر داڕمانی ئابوری عێراق لەگەڵ ئەوەی دەنگۆی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد تا دێت زیاتر‌و زیاتر دەبێت. مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەفتەی رابردوو رایگەیاند کشانەوەی ئەمریکا ئابوری عێراق دادەڕووخێنێت. «لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمریکا، ئەگەر رووبدات، کارەساتبار دەبێت بۆ عێراق بەتایبەتی ئەنجامەکەی قەیرانێکی ئابوری وای لێدەکەوێتەوە کە پێشتر نەبینرابێت»، کازمی وای وت. تەنها لەماوەی دوو مانگی رابردوودا (٤٠) هێرشی مووشەکی کراوەتەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکاو بنکە سەربازییەکانی. لە مانگی رابردوودا مایک پۆمپییۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەڕەشەی ئەوەی کرد باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە بەغداد دادەخات ئەگەر عێراق کۆتایی بەهێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران نەهینێت بۆ سەر ناوچەی سەوزی بەغداد . هەڕەشەکەی پۆ‌مپێیۆ ترس و دڵەراوکێی دروست کردووە لەبەغداد بەتایبەتی بۆ لایەنگرانی مستەفا کازمی، چونکە پێیانوایە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەبێتەهۆی داڕووخانی سیاسی و ئابووری. بەرپرسێکی پلەباڵای عێراقی کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت لەو بارەیەوە بە میدڵ ئیست ئای بەریتانی راگەیاندووە، «هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کەڕووبەڕووی زریانێکی توند دەبینەوە. کشانەوەی ئەمریکا مانای داڕووخانی ئابورییە لەماوەی دوو هەفتەدا دوابەدوای ئەوەیش داڕووخانی سیاسی لەماوەی دوو بۆ سێ مانگداو پاشانیش داڕمانی ئەمنی و هەڵوەشاندنەوەی حکومەت». بەپێی وتەی بەرپرسەکە، بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانن سەبارەت بەئەگەری هێرشێک بۆ سەر باڵیۆزخانەکەیان لەلایەن گروپێکی سەر بەئێرانەوە لەپێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ٣ی تشرینی دووەم بەمەبەستی «شەرمەزارکردنی ترەمپ». «ئەوان نەیانوتووە پلانێک لەئارادایە یان زانیاری‌یان هەبێت بۆ پشتراستکردنەوەی ئەم نیگەرانییەیان. کێشەکە ئەوەیە ئەوان داوای گەرەنتی پاراستنی باڵیۆزخانەکە دەکەن کەئەمە زۆر قورسە بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا»، بەرپرسەکە وای وت. هۆکاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغداد بۆ ترسی ئەمنی دەگەڕێتەوە، بەڵام رۆبێرت فۆرد جێگری باڵیۆزی پێشووی باڵیۆزخانەی بەغداد، پێیوایە هۆکارەکەی ئەوەیە ئیدارەی ترەمپ نایەوێت رووداوی هاوشێوەی کوشتنی باڵیۆزی ئەمریکی لە بەنغازی لیبیا دووبارە ببێتەوە لەپێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ٢٠٢٠. لەساڵی ٢٠١٢ گروپێکی چەکدار لەسەروبەندی شۆڕشی لیبیا هێرشیانکردەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەنغازی کەکوژرانی باڵیۆز کریستۆفەر ستیڤنس و سێ ئەمریکی تری لێکەوتەوە. «پارتی کۆمارییەکان ئەم کوشتەنیان وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارهێنا بۆ لێدان لەوەزیری دەرەوەی ئەوکات، هیلاری کلینتۆن، پێش کەمپینی سەرۆکایەتییەکەی [لە ٢٠١٦]. وەزیری دەرەوەی ئێستا مایک پۆ‌مپێیۆ، کە یەکێک بوو لەسەرکردەکان لەقۆستنەوەی ئەم رووداوەی بەنغازی... نایەوێت هیچ رووداوێکی ئەمنی یان قوربانی بکەوێتەوە لەبەغداد تا ببێتە بەنغازی نوێ و دیموکراتەکان لەداهاتوودا دژی بەکاری بهێننەوە»، فۆرد وای نوسیووە لەوتارێکیدا بۆ شەرقلئەوسەتی سعودی. فۆرد، کە باڵیۆزی پێشووی سوریا‌و جەزائیریش بووە، دەڵێت لەکاتی کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ٢٠٠٩ دۆخی ئەمنی خراپتر بوو لەئێستا لەعێراق، بەڵام «سیاسەت لەواشنتن گۆڕاوە». «ئێستا زۆربەی کۆماری و دیموکراتەکان بڕوایان وایە جیهانی عەرەبی، بەعێراقیشەوە، کەمتر گرنگی هەیە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. لەسەردەمی ڤایرۆس و قەیرانی ئابووری، تیرۆریزم هەڕەشەیەکی بچووکترە.... لە ٢٠٠٩ ئێمە دەمانویست پەیوەندییەکی فراوان پێکبهێنین لەگەڵ عێراق، بەڵام ئێستا واشنتن هەڕەشەی سەپاندنی سزای دارایی دەکات لەسەر عێراق ئەگەر بەغداد نەتوانێت هەنگاو بنێت بۆ کەمکردنەوەی پشت بەستنی بەوزەی ئێران»
ھاوڵاتی، شاناز حه‌سه‌ن پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى، کوڕێکى (16) ساڵى ده‌ستگیرکردووه که له‌ڕێگه‌ى سناپ چاته‌وه، هه‌ڕه‌شه‌ى له‌کچێک کردووه‌و داواى پاره‌ى لێکردووه، دواى بڕیارى دادگا ئێستا به‌ندکراوه. سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانی، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «کچەکە بڕێک پاره‌شى داوه‌تێ، بەڵام زانیویه‌تى هه‌ر به‌رده‌وامه، که‌سوکارى لێ ئاگادارکردۆته‌وه«. وته‌بێژى پۆلیس ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد «پێشتریش حاڵه‌تى وامان هه‌بووه، ناو به‌ناو حاڵه‌تى ئاوا دووباره ده‌بێته‌وه«. خراپ به‌کارهێنانى تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و به‌تایبه‌ت له‌ناو ته‌مه‌نى خوار هه‌ژده ساڵ وه‌ک حاڵه‌ت به‌رده‌وام هه‌یه‌و پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى ئاماژه بۆ ئه‌وه دەکات ناو به‌ناو حاڵه‌تى له‌و شێوه‌یه دووباره ده‌بێته‌وه. لەم حاڵەتانەدا کەسی تۆمەتبار بەدوو یاسا دادگایی دەکرێت، یەکێکیان یاسای خراپ به‌کارهێنانى ئامێره‌کانى پهیوهندىە، ئەوی تریا ن یاساى سزادانى عێراقى. له‌یاساى خراپ به‌کارهێنانى ئامێره‌کانى په‌یوه‌ندیى باس له‌ته‌مه‌نى ئه‌و که‌سه نه‌کراوه که‌تاوانباره، به‌ڵام له‌یاساى سزادانى عێراقى باس له‌وه‌کراوه هه‌رکه‌سێک له‌خوار ته‌مه‌نى (11) ساڵییه‌وه بێت به‌رپرسیارێتى نیه‌و وا هه‌ژمارده‌کرێت ئه‌و که‌سه به‌کارهێنراوه، به‌ڵام له‌ته‌مه‌نى (11) به‌ره‌و سه‌ره‌وه به‌رپرسیارێتى هه‌یه‌و یاسا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌کات. ئه‌شواق نه‌جیب، پارێزه‌رى راوێژکار، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «له‌ڕووى یاساییه‌وه ئه‌گه‌ر منداڵێک تاوانێک بکات، سزاکه‌ى بۆ ده‌کرێته نیوه‌و ئه‌و منداڵه له‌ژێر چاودێریدا داده‌نرێت و که‌سوکارى قسه‌یان لێوه‌رده‌گیرێت چونکه یاسا له‌وه ده‌کۆڵێته‌وه، که‌ئه‌مه منداڵه‌و پێده‌چێت که‌سێک هاوکارى بووبێت و وه‌ک هاوه‌ڵى تاوانباره‌که هه‌ژمارده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تاوانه‌که زۆر گەوره بوو ئه‌و منداڵه ده‌کرێته ژێر چاودێریى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه«. سەبارەت بەڕووداوەکەی سلێمانی، وتی «ئەو کەسە ته‌مه‌نى (16) ساڵه به‌ندده‌کرێت، چونکه وه‌ک حاڵه‌تى گه‌وره هه‌ژمار ده‌کرێت و که‌سێک بهکارینههێناوهو مه‌به‌ستێکى هه‌یه‌و خۆى ئه‌م کاره‌ى کردووه، به‌ڵام که‌سوکارى بانگ ده‌کرێت و به‌ئاماده‌بونى بەخێوکەر ئیفاده له‌منداڵه‌که وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام ته‌نیا جیاوازى ئه‌وه‌یه ده‌توانێت ئیفادهکهى بگۆڕێت، چونکه وا هه‌ژمار ده‌کرێت له‌ژێر ترس‌دا قسه‌ى کردووه«. ئه‌شواق نه‌جیب، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد «له‌م که‌یسانه‌دا که پاره وه‌رگرتنه، به‌دواداچوونى ده‌وێت، بۆیه ئه‌و منداڵه به‌ندده‌کرێت، تا به‌دواداچوونى ته‌واو ده‌کرێت بزانرێت که‌سێکى دیکه‌ى له‌پشته‌وه نیه، ئه‌م منداڵه‌ى به‌کارهێنابێت، بۆیه تا ته‌حقیق حوکم نادرێت». لەیاسای سزادانی عێراقیدا، تاوانبار سزای بەندکرن دەدرێت له‌ساڵێک کەمهتر نەبێت و له‌سێ ساڵ زیاتر نەبێت، له‌گه‌ڵ بڕێک غرامه که به‌پێى که‌یسه‌که دیاریده‌کرێت و سکاڵاکاره‌که‌ش مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه داواى قه‌ره‌بوو بکاته‌وه. ئه‌شواق نه‌جیب وتی «بابه‌ته‌که پاره وه‌رگرتنه، ئه‌گه‌ر منداڵه‌که به‌ته‌نیا ئه‌م کاره‌ى کردبێت، ده‌چێته قاڵبى هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌وه، بۆیه ده‌توانرێت داواى قه‌ره‌بوو بکرێت و منداڵه‌که به‌یه‌ک له‌سه‌ر سێى سزاکه سزاده‌درێت، واته ساڵێک به‌ندده‌کرێت، به‌ڵام زۆربه‌ى جار نیوه‌ى سزاکه ته‌واو ده‌کات و به‌ندده‌کرێت و ئه‌وه‌ى دیکه‌ى به‌شێوه‌ى چاودێرى بۆ ته‌واو ده‌کرێت». وتیشی «ئه‌م جۆره که‌یسانه له‌ناو دادگاکانداو له‌ده‌ره‌وه‌ش به‌رده‌وام هه‌ن، زۆربه‌ى له‌لایه‌ن که‌سێکى دیکەوه به‌کارده‌هێنرێت». توێژه‌رێکى کۆمه‌ڵایه‌تى، ئاماژه به‌وه‌ده‌دات هۆکارى سه‌ره‌کى ئه‌م کارانه په‌روه‌رده‌کردنى خێزانه له‌به‌کارهێنانى تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. چۆمان ئه‌حمه‌د، توێژه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «له‌کۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا خهتهریهکهى ئه‌وه‌یه فلته‌رێک نیه بۆ به‌کارهێنانى تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ڕووى ته‌مه‌ن و له‌ڕووى ئاستى مرۆڤایه‌تییه‌وه، که‌سایه‌تیه‌که‌ى چۆنه‌و تواناى به‌کارهێنانى چۆنه‌و چاودێریشى نیه بۆ به‌کارهێنانى، بۆیه ئه‌مه بووەته کێشه گه‌وره‌که«. وتیشى «له‌ڕووى په‌روه‌رده‌ییه‌وه، به‌داخه‌وه خێزانه‌کانى ئێمه ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى لێى دووربکه‌وێته‌وه، کۆمه‌ڵێک ساتى بێده‌نگى دروستبکات، بۆیه منداڵه جێده‌هێڵێت و نازانێت له‌ڕێى ئامێره ته‌کنه‌لۆژیه‌که‌یه‌وه دنیایه‌ک کێشه دروستده‌کات و کێشه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى بۆ خۆى و بۆ چوارده‌ورى دروستده‌کات». ئه‌م تووێژهره رێگاکانى چاره‌سه‌رى به‌دوو رێگه ده‌ستنیشان کرد‌و وتى «په‌روه‌رده‌یه‌کى جوان و ئاگادارى و رێنمایى و چاودێریکردنى ناڕاسته‌وخۆ و هاوڕێیه‌تى منداڵ، چونکه ته‌نیا له‌و دوو رێگه‌یه‌وه ده‌توانرێت بزانرێت ئه‌و منداڵه سه‌رقاڵى چییه«. هەروەها وتی «بەتایبەتی بۆ په‌روه‌رده‌کردنى کوڕان ئه‌م رێگایه زۆر پێویسته چونکه له‌کۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا وا باوه کوڕان کێشه‌یان که‌مه«. بوونى حاڵه‌تى له‌م جۆره بهبڕواى ئه‌م توێژه‌ره کۆمه‌ڵایه‌تییه مه‌ترسییه بۆ کۆمه‌ڵگه، وتى «به‌داخه‌وه له‌و کاته‌وه بووەته کێشه کهکۆمهڵگهى ئێمه هه‌م په‌روه‌رده‌ى ئایینى و په‌روه‌رده‌ى قوتابخانه‌شیان لاواز بووه، بۆیه ئه‌مه کێشه‌یه‌کى گه‌وره‌یه بۆ نه‌وه‌ى نوێ، چونکه تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان فهزاحهتێکن له‌کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکى جۆراوجۆرى ناپه‌روه‌رده‌یى و نائه‌خلاقى و مافیا‌و ته‌نیا له‌به‌ر ئاره‌زووه‌کانى خۆیان هه‌وڵده‌ده‌ن کهمرۆڤهکانیش به‌و شێوه‌یه په‌روه‌رده ده‌کات».
ئارا ئیبراهیم رێککه‌وتنى حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق له‌باره‌ى دۆخى شه‌نگاله‌وه کاردانه‌وه‌ى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌و یه‌کێتى و گۆڕان که‌هاوبه‌شى پارتین له‌کابینه‌ى نۆیه‌مدا سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پاڵپشتى ده‌که‌ن، ده‌ڵێن «هێنانى ده‌ستى ده‌ره‌کى و دروستکردنى توندوتیژى» له‌ناو شارەکە رهتدهکهنەوە. رۆژى 9ى تشرینى یه‌که‌مى 2020 رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆ گه‌یشته به‌غداو دواى چه‌ند کاتژمێرێک رێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق راگه‌یاند له‌سه‌ر دۆخى شه‌نگال. یه‌کێک له‌خاڵه‌کانى داواى کۆتاییهێنان به‌په‌که‌که ده‌کات و ناشبێ له‌هێزى نوێى شه‌نگالدا هیچ که‌سێکى نزیک په‌که‌که‌ى تێدابێت. دوێنێ یه‌کشه‌ممه کۆما جڤاکێن کوردستان که‌جه‌که په‌یامێکى توندئامێزی له‌باره‌ى شه‌نگال بۆ پارتى نارد‌و ده‌ڵێت «جێگه‌ى قبوڵکردن نییه، ئه‌و که‌سانه‌ى ئێزدیه‌کانیان له‌ناو کۆمه‌ڵکوژیدا هێشته‌وه، بڕیاریان له‌سه‌ربده‌ن». حکومه‌تى عێراق و هه‌رێمى کوردستان ده‌قى رێککهوتنهکهى نێوانیان له‌باره‌ى شنگال بڵاوکرده‌وه‌و تێیدا هاتووه، حکومه‌تى فیدراڵى ئیداره‌ى پرسى ئه‌منى شاره‌که ده‌کات و ده‌بێت کۆتایى به‌بوونى په‌که‌که‌و هه‌موو ئه‌و گروپانه بێت که‌په‌یوه‌ندییان پێوه‌یه‌تی. بڕیارەکانیش بریتین لەههڵبژاردنى قایمقامى نوێ، حکومه‌تى فیدراڵى ئیداره‌ى پرسى ئه‌منى ده‌کات. هەروەها دامه‌زراندنى دوو هەزارو (500) که‌س له‌خه‌ڵکى شنگال و ئاواره‌کان و دروستکردنى هێزێکى نوێ، کۆتاییهێنان به په‌که‌که‌و هه‌موو ئه‌و گروپانه‌ى په‌یوه‌ندییان پێوه‌یه‌تی. لەخاڵێکی تردا هاتووە؛ هیچ که‌سێکى سه‌ر به‌په‌که‌که نابێت له‌و هێزه ئه‌منییه نوێیه دابمه‌زرێت. هەروەها دەڵێت هه‌ولێرو به‌غدا هه‌ماهه‌نگى بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شنگال و ئیداره‌کردنى ده‌که‌ن. بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌کێتى له‌باره‌ى رێکه‌وتنه‌که‌ى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق به‌پێویستى داده‌نێن لایه‌نه‌کانى به‌شدار له‌کابینه‌ى نۆیه‌م ئاگادارى ورده‌کاریی رێکه‌وتنه‌که بن. محه‌مه‌د شوانی، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و رێکخه‌رى ژوورى ناوچه کوردستانییه دابڕێنراوه‌کان ده‌ڵێت «هه‌موو رێککه‌وتنێکمان پێباشه کهناوچهى شه‌نگال له‌کاره‌سات و دووباره ئاواره‌بوونى خه‌ڵکه‌که‌ى بپارێزێت». محه‌مه‌د شوانى، رێکخه‌رى ژوورى ناوچه کوردستانییه دابڕێنراوه‌کان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌کانى نێو حکومه‌تى هه‌رێم به‌شداربن له‌و رێکهوتنهداو ئاگادارى ورده‌کارییه‌کان بن زۆرباشه‌و هه‌نگاوێکه بۆ جێبه‌جێکردنى مادده‌ى 140 «. هه‌روه‌ها له‌باره‌ى گومانکردن له‌ڕێکه‌وتنه‌که‌و به‌شدارى کردنى تورکیا بۆ ده‌رکردنى هێزه‌کانى نزیک لهپارتى کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که) وتى «ئه‌وه زۆر خراپه، مادام ئه‌و که‌سانه خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ن پێویسته ئازادى موماره‌سه‌ى سیاسى بکه‌ن، به‌کارهێنانى به‌زۆر سه‌پاندن و توندوتیژى و ده‌رکردنیان له‌و ناوچه‌یه ده‌بێته سیاسه‌تى پیلانگێران». رێکخه‌رى ژوورى ناوچه کوردستانییه دابڕێنراوه‌کان پێشیوابوو پێویسته کورد خۆشه‌ویستى له‌و ناوچه‌یه دروستبکات له‌نێوان ئێزیدى و موسوڵمان و عه‌ره‌ب و هه‌موو پێکهاته‌کانى دیکه‌دا له‌ناو شه‌نگالدا. لهڕێککهوتنهکهى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراقدا له‌به‌غدا، خالید شوانى، وه‌زیرى هه‌ماهه‌نگى و په‌یوه‌ندییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق به‌شداربوو که له‌سه‌ر ئیستحقاقى یه‌کێتى ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتووه. هاوڵاتى چه‌ند جارێک په‌یوه‌ندى به خالید شوانى کرد، به‌ڵام وه‌ڵامى په‌یوه‌ندییه‌کانى نه‌دایه‌وه. زیاد جه‌بار، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «یه‌کێتى له‌گه‌ڵ ئاساییکردنه‌وه‌ى هه‌موو ناوچه دابڕێندراوه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندایه‌و شه‌نگال خاکى کوردستانه‌و یه‌کێتى خۆى به‌خاوه‌نى جه‌ماوه‌رو خه‌ڵکى ئه‌وێ ده‌زانێت و چه‌ندین شه‌هیدو قوربانى له‌پێناویدا داوه«. ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى گومان ده‌کرێت له‌پشت ئه‌م رێککه‌وتنه‌وه تورکیا بهێندرێته ناو شه‌نگاله‌وه، سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان وتى «به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌وه ره‌تده‌که‌ینه‌وه ده‌ستى ده‌ره‌کى ته‌ده‌خولى رێکه‌وتنى حکومه‌تى عێراق و هه‌رێمى کوردستان بکرێت».
ھاوڵاتی - لاڤین مەحمود رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە «داعش» لە نۆ مانگدا (١٧٦) جار ھێرشی کردۆتەسەر ناوچە کوردستانییە جێناکۆکەکانی دەرەوەی ھەرێم، بەھۆی بوونی بۆشایی ئاسایشەوە لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگەی ھەرێم و سوپای عێراق، ئەوەش بەپێی وتەی بەرپرسێکی باڵای پێشمەرگە. ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەحکومەتی هەرێمی کوردستان، فەریق جەبار یاوەر بە ھاوڵاتی وت «ئەمساڵیش داعش نزیکەی (١٧٦) ھێرشی کردووە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، لەنێویاندا مەندەلی، خانەقین، مەخمور، دەشتی نەینەوا، شەنگال و کەرکوک، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی دەیان قوربانی. لەسەرەتای شەڕی داعشەوە لەحوزەیرانی 2014 ھەتاوەکو ھێرشەکانی ئەم دواییانەی گروپەکە بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هەزارو (٧٤٢) پێشمەرگە شەھیدبوون. ئەگەرچی ماوەی نزیکەی سێ ساڵە رێکخراوەکە ئیفلیج بووەو زۆرینەی ئەمیرو شەڕکەرەکانی لەدەستداوە، بەڵام ھەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدات و ناوبەناو ھێرش دەکاتەسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق، بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان. رێکخراوەکە بەم دواییانە چەندین ھێرشی بۆسەر گەندەکانی جەلەولاو خانەقین ئەنجامدا، جەبار یاوەر وتی «ئێستا دۆخی خانەقین و کەرکوک و جەلەولا لەڕووی ئەمنییەوە ئاساییە، بەڵام جار جار کردەی تێدا روودەدات». دوای هەڵکشانی چالاکییەکانی داعش لەو هێڵە بەرفراوانەی هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە لێک جیادەکاتەوە، ئەو دوولایەنە لەئێستادا گفتوگۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش دەکەن. سوپای عێراق و پێشمەرگەی کورد بەمدواییانە گفتوگۆیان کردووە بۆ دامەزراندنی چوار ناوەندی هەماهەنگیی بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوه‌کانی رووبەڕووبوونەوەی هەڵکشانی چالاکییەکانی پاشماوەکانی داعش لەو ناوچانەی ئەو دوو لایەنە لێک جیادەکەنەوە. لیژنەی باڵای ھەماھەنگی ئەمنی لەوەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ لیژنەی باڵای سەربازیی وھەماھەنگی سەربازیی لەفەرماندەیی ھێزە ھاوبەشەکانی عێراق، ئەمساڵ دوو کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە. جەبار یاوەر وتی «گەیشتوونەتە لێکتێگەشتنێکی ھاوبەش، بەڵام نەگەیشتووینەتە رێکەوتن لەسەر سێ خاڵ». ئەو خاڵانەی کە تائێستا لەسەری رێکنەکەوتوون بریتین لەدروستکردنی ناوەندی ھەماھەنگی لەنێوان ھێزەکانی ئەفسەرانی ھێزی پێشمەرگەو ھێزەکانی سوپای عێراق. ھەروەھا دامەزراندنی ھێڵێکی سەربازیی و ئەمنی ھاوبەش لەو ناوچانەی داعش جموجۆڵی زیادی کردووە. لەگەڵ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی داعش بەھاوبەشی. جەبار یاوەر وتی «ھێشتا رێکەوتنەکە جێگیر نەبووە، یانی بەعەمەلی نەگەیشتوونەتە کۆتایی، ھێشتا تەنھا لێکتێگەیشتنێک ھەیەو دوو کۆبوونەوەمان کردووەو رەنگە لەم رۆژانە کۆبوونەوەی سێیەم بکەین». بەپێی دەستوور هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکن لەسیستمی بەرگری نیشتمانیی لەشەڕی دژی داعشیشدا هاوبەشێکی سەرەکیی سوپای عێراق بوون. ئەندامانی داعش هەوڵدەدەن خۆیان رێکبخەنەوە لەو ناوچەیەی هێڵەکانی جێگیرکردنی سوپای عێراق و پێشمەرگە لێکجیادەکاتەوە، ئەو ناوچەیە شارە جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌خۆده‌گرێت. ماجد قەیسی لیوای خانەنشینکراو وتی «ناوەندەکانی هەماهەنگی عێراق-پێشمەرگە، کە بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکهاتوون، پێویستن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی تیرۆریستان هەوڵی قۆستنەوەی داوە. وتیشی «تیرۆریستان لەکەنارەکانی ناوچە جێناکۆکەکان جێگیرن و هێواش هێواش ناوچەکەیان فراوانتر دەکەن بۆ نزیکی شارۆچکەکان و گوندەکان». قەیسی ھەروەھا وتی «هەڵکشانی کردە تیرۆریستییەکان ئاماژەن بەوەی هەڕەشەکە زیاددەکات و هەماهەنگی ئەمنی پێویستییەکی هەنوکەییە... داعش گەشەدەکات لەنێو قەیران و دووبەرەکی سیاسییداو عێراق پێویستی بەسەقامگیرییە، کە ناکرێت بەبێ هاوکاری و هەماهەنگی لەئاستە هەرە باڵاکاندا بەدەستبهێنرێت». بەرپرسانی عێراق و پێشمەرگە بەردەوامن لەگفتوگۆکردن بۆ دامەزراندنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و هێزێکی ئەمنیی هاوبەش کە بەقوڵایی هێڵی جیاکردنەوەی نێوان ئەو دوو لایەنە جێگیربکرێت. چەند پلانێک هەیە بۆ دامەزراندنی بازگه‌ی هاوبەش لەدەروازەی شارەکاندا کاتیع نەجمان ریکابی ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق، وتی «ئه‌وه زۆر پێویسته تەرکیز بخەینەسەر ئه‌منییه‌ت و هەموو هەنگاوە پێویستەکان بنێین بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی». ھەروەھا وتی «بەرپرسان لەحکومەتەکانی ناوەندو هەرێم دەبێت دەستبکەنەوە بەهاریکاری بۆ شکستهێنان بەداعش، لەبەرئەوەی تیرۆریستان سوودیان لەبارگرژییەکان بینیوە بۆ کردنەوەی جێپێی خۆیان لەو ناوچانەی بێ ئامادەیی سەربازیی بەهێزن». ریکابی وتی «ئۆپەراسیۆنە هەماهەنگیکراوو هاوبەشەکان تیرۆریستان دەوەستێنێت لەوه‌ی بگۆڕێن بۆ مەترسییەکی گەورەتر». جگە لەو جموجوڵانەی کە رێکخراوەکە دەیانکات لەناوچە جیناکۆکەکان، ھەندێ جاریش ھەندێک لەئەندامەکانی بۆ خۆحەشاردان یان ئەنجامدانی کاری سیخوڕی دزە دەکەنە ناوچەکانی ھەرێمەوە. کۆتایی مانگی رابردوو نۆ ئەندامی شانەیەکی داعش دەستگیرکران لەپارێزگای سلێمانی لەئۆپەراسیۆنێکدا لەلایەن دەزگای دژە تیرۆری عێراقەوە، ئەوەش بەپێی وتەبێژی سوپای عێراق، یەحیا رەسوڵ سێشەممە (29ی ئەیلول) لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند. یەحیا رەسوڵ وتی دەزگای دژەتیرۆر، بەهەماهەنگی له‌گه‌ڵ یەکەی دژە تیرۆری سلێمانی، چەکدارەکانیان دەستگیرکرد، کە سەر بەویلایەتی عێراق - بەشی باشوری؟؟؟؟؟؟ گروپەکە بوون. وتیشی «دەستبەسەرکراوان فەرمانی دەستگیرکردنیان بەگوێرەی ماددەی (4) یاسای دژە تیرۆر هەبوو.» عەمیدی خانەنشین، عەدنان کەنعانی کەئەفسەرێکی پێشتری دەزگای دژەتیرۆرە، وتی دەستگیرکردنەکانی 29ی ئەیلول لەسلێمانی نمونەی «دەستکەوتێکی گرنگن و پەیامێکی دڵنیاکەرەوە دەدەن بەخەڵکی عێراق کەهێزە ئەمنیەکانیان وریان». وتیشی «ئۆپەراسیۆنەکە رەنگدانەوەی کاری پێشکەوتووی هەواڵگریی دەزگای دژەتیرۆرو تەواوی دەزگا ئەمنیەکانی دیکەیە». لەوکاتەوەی سێ ساڵ لەمەوبەر شکستی پێهێنرا، داعش هەوڵیداوە شانەی نوستوو لەنێو شارەکاندا دروستبکات وەک بەشێک لەستراتیژێکی دوورمەودا بۆ هەڕەشەکردن لەئاسایش. گروپەکە پشتیش دەبەستێت بەو پشتیوانانەی لەشەڕ هەڵاتن و پەنایان برد بۆ ئەو ناوچانه‌ی ئاسایشیان لاواز بوو. ئۆپەراسیۆنەکەی سلێمانی لەئەنجامی هەماهەنگیشدا بوو لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا. هەردوولا لەم چەند مانگەی دواییدا هەماهەنگییان زیادکردووەو گفتوگۆیان کردووە بۆ دروستکردنی چوار ناوەندی هاوبەشیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی چالاکی داعش لەو ناوچانەی ئەو دوو لایەنە لێکجیادەکەنەوە. کەنعانی وتی «هاریکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری پێویستە بۆ هێشتنەوەی فشار لەسەر تیرۆریستان و بەرگرتن لە خۆڕێکخستنەوەیان.»
هاوڵاتى فه‌رمانده‌یى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل- نه‌په‌گه، شه‌هیدبوونى فه‌رمانده‌یه‌کى ڕاگه‌یاند، که له‌کاتى هێرشى چه‌کدارانى داعشدا، ئێزدییه‌کانى له کۆمه‌ڵکوژیى ڕزگارکرد. نه‌په‌گه ڕایگه‌یاند، عه‌گید جڤیان (وه‌حده‌دین کارای) فه‌رمانده‌ى هه‌رێمى بۆتان، له‌گه‌ڵ دوو گه‌ریلاى دیکه به ناوه‌کانى "هه‌بوون و جانفه‌دا" ڕۆژى ١١ى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ په‌یوه‌ستى کاراوانى شه‌هیدان بووه. ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل- نه‌په‌گه ڕۆژى ١١ى ئه‌یلولى ئه‌مساڵ له مه‌یدانى ماسیرۆ سه‌ربه ناوچه‌ى شاخێى وان، له شه‌ڕێکى دژى هێزه داگیرکه‌ره‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک، فه‌رمانده‌ى ئه‌و هێزه‌ى که له شه‌نگال دژى فه‌رمانى سه‌ر کۆمه‌ڵگاى ئێزدى تێکۆشانى کرد و ئه‌ندامى کۆنسه‌ى فه‌رمانده‌یى هه‌په‌گه و فه‌رمانده‌ى هه‌رێمى بۆتان، هه‌ڤاڵ “عه‌گید جڤیان” (وه‌حده‌دین کارای) هاوڕیى له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانمان ‘جانفه‌دا گۆیی’ (ته‌کین یڵدرم) و ‘هه‌بوون گرێسپی’ (خه‌لیل کاڤوس) شه‌هید بوون، سه‌ره‌تا سه‌ره‌خۆشى له خانه‌واده‌ى به‌ڕێزى هاوڕێمان، خه‌ڵکى وڵاتپارێزیى گه‌ڤه‌ر و بۆتان، هێزه قاره‌مانه‌کانى گه‌ریلا و هه‌موو گه‌لى کوردستان ده‌که‌ین، ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى که به‌و شه‌هیدانه‌مان داوه جارێکى دیکه له که‌سایه‌تى شه‌هیده قاره‌مانه‌کانمان دووباره‌ى ده‌که‌ینه‌وه. هێرشه داگیرکه‌رییه‌که‌ى ده‌وڵه‌تى تورک به‌ره‌به‌یانى ڕۆژى ١١ى ئه‌یلول وه‌کو هه‌موو جارێک به هێرشى ئاسمانى ده‌ستیپێکرد، له‌م هێرشه‌دا زیانێک به هێزه‌کانمان نه‌گه‌یشت، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ڕێگه‌ى دیکه‌ش هه‌بوون، هه‌ڤاڵ عه‌گید بڕیارێکى مێژوویى دا بۆ چالاکى و له‌گه‌ڵ هێزه قاره‌مانه‌کانى گه‌ریلاى هاوڕێی، له‌دژى گردى فه‌رمانده‌یى و کۆنترۆڵى دووژمن، به ڕۆحى فیدایى ئاپۆیى چالاکیى و هێرشى به‌رفراوانى ئه‌نجامدا، ئه‌و چالاکییه شۆڕشگێڕییه که کاتژمێر ٠٦:٣٠ خوله‌کى به‌یانى ده‌ستیپێکرد، به‌و ئه‌نجامانه‌ى به‌ده‌ستیهێنا بووه چالاکییه‌کى مێژوویی، له ئه‌نجامى ئه‌و چالاکییه‌دا ١٠ داگیرکه‌ر سزادران، که پێنجیان فه‌رمانده‌ى باڵاى ناوه‌ندى فه‌رمانده‌یى و کۆنترۆڵى هێزى داگیرکه‌رى تورک بوون، هێزه‌کانى گه‌ریلا به فه‌رمانده‌یى هه‌ڤاڵ عه‌گید سه‌رکه‌وتووانه پێگه‌کانى دووژمنیان له‌ناوبرد، به‌ڵام دووژمن به هێلیکۆپته‌رى کوبرا و ئامێره ئاسمانییه‌کانى دیکه ده‌ستێوه‌ردانى کرد و شه‌ێ گه‌یشته لوتکه، له‌و چالاکییه مێژووییه‌دا که بووبه داستانێکى ڕاسته‌قینه‌ى قاره‌مانێتی، فه‌رمانده‌ى هه‌رێمى بۆتان ‘عه‌گید جڤیان’، فه‌رمانده‌ى تیم ‘جانفه‌دا گۆیی’ و فه‌رمانده‌ى تیم ‘هه‌بوون گرێسپی’ شه‌هید بوون. ده‌قى چاوپێکه‌وتنێکى عه‌گید جڤیان له‌گه‌ڵ رۆژنیوز له 13ى تشرینى دووه‌مى 2015 که مژده‌ى رزگارکردنى شه‌نگالى راگه‌یاند عه‌گید جڤیان فه‌رماندارى گشتى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل هه‌په‌گه له‌شه‌نگال له‌رێگه‌ى رۆژنیوزه مزگێنى رزگارکردنى شه‌نگالى بۆ ته‌واوى گه‌لى کورد و کوردانى ئێزیدى راگه‌یاند و ده‌ستنیشانى کرد که له 3ى مانگى ئابى 2014 بۆ رزگارکردنى شه‌نگال به‌رخۆدان ده‌که‌ن و ده‌ڵێت:” وه‌ک ده‌زانرێت رۆژى 3ى ئابى 2014 شه‌نگال له‌لایه‌ن چه‌ته‌کانى داعشه‌وه داگیرکرا. له 5ى ئابى هه‌مان سال ئێمه له‌وێ ده‌ستمان به تێکۆشان کرد ، ماوه‌ى نزیکه‌ى ساڵ و نێوێک به‌رخۆدانێکى مه‌زنمان کرد. ئه‌و تێکۆشانه به‌خوێنى هه‌ڤاڵانى شه‌هید به‌رێوه‌چوو و به‌ئه‌نجام بوو. ئێمه مزگێنى ئه‌و سه‌رکه‌وتنه ده‌گه‌یه‌نینه کوردانى ئێزیدى و گه‌له‌که‌مان له‌باشوورى کوردستان . خوێنى شه‌هیدانمان به‌فیرۆ ناچێت. له‌هه‌مان کاتدا تۆڵه‌ى به‌سه‌دان ئێزیدى ــ مان کرده‌وه که شه‌هیدبوون و به‌دیل گیراون . به‌ڵام راگه‌یاندنى نزیک له پارتى دیموکراتى کوردستان ئه‌م راستیه چهواشهدهکات . راستیه‌کان چه‌واشه کراون و ده‌کرێن. به‌و شێوه‌یه نیشانى ده‌ده‌ن که ئێمه لێره دهسهلاتداریمان راگه‌یاندوه و ئێمه ده‌خوازین شه‌نگال له‌باشورى کوردستان داببڕێنین، به‌دڵنیاییه‌وه هیچ نیازێکى له‌و شێوه‌یه‌مان نیه.” ( ئێمه گه‌ریلاى گه‌لى کوردین) عه‌گید جڤیان رایگه‌یاند که ئه‌وان شه‌نگال وه‌ک به‌شێک له باشوورى کوردستان ده‌زانن و ووتى:” ئێمه گه‌ریلا و فیداکارى گه‌لى کوردین و له‌هه‌موو شوێنێک له‌خزمه‌تى گه‌له‌که‌مانین. ئێمه بۆ ئازادکردنى شه‌نگال هاتین بۆ ئێره، ئه‌و تێکۆشانه‌ى تا ئێستا ده‌یکه‌ین بۆ ئه‌و ئامانجه‌یه. ئێمه شه‌نگال وه‌ک به‌شێک له باشوورى کوردستان ده‌بینین بێ گومان ته‌نیا ئێمه رزگارمان نه‌کرد، به‌ڵام ئه‌مه ناشاردرێته‌وه که ئێمه پێشه‌نگى بووین.” “ئێمه له رووى ته‌کنیک و ژماره‌دا له گه‌ڵ که‌س له کێبڕکێ دانین” جڤیان ئاماژه‌ى به‌وه کرد که تا هه‌ڕه‌شه‌کانى داعش به‌رده‌وام بن، ئه‌وان له وێ ده‌مێننه‌وه‌و وتی: “ئێستا له سه‌نته‌رى شه‌نگال له ته‌نیشت گه‌ریلا هێزى پێشمه‌رگه‌و شه‌رڤانانى ئێزیدیش هه‌ن. له رووى ته‌کنیک و ژماره‌وه خۆمان له گه‌ڵ که‌س به‌راورد بکه‌ین، پێویستیه‌کى وه‌هاش نابینین. ئه‌وه‌ى گرنگه ئیراده‌و گرێدانى ئێمه‌یه به گه‌له‌که‌مان، خاک و شه‌هیدانمان، نامانه‌وێ له سه‌ر ئه‌م مژاره‌ش له گه‌ڵ هیچ که‌سێک بکه‌وینه نێو گفتوگۆیه‌کى بێ واتا، ئه‌وه‌ى بۆمان گرنگه، ئه‌وه‌یه که هاوڵاتیانى شه‌نگال به ئازادى له‌سه‌ر خاکه‌که‌یان بژین، ئه‌گه‌ر پێویست بکات ئێمه وه‌ک پارێزڤانانى شه‌نگال له باشورى کوردستان ده‌مێنینه‌وه، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت بمێنینه‌وه، تاوه‌کو هه‌ڕه‌شه‌یه‌کیش له سه‌ر خاکى باشور وشه‌نگال به‌رده‌وامى هه‌بێت، لێره ده‌مێنینه‌وه.” “ئێمه بۆ فه‌رمانده‌ى هاوبه‌ش ئاماده‌ین” عه‌گید جڤیان فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل هه‌په‌گه له شه‌نگال له کۆتایى دا سه‌نجى راکێشایه سه‌ر بانگه‌وازى هاوسه‌رۆکایه‌تى کۆنسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى کۆما جڤاکێن کوردستان(که‌جه‌که) که بۆ فه‌رمانده‌یه‌کى هاوبه‌شى نێوان گه‌ریلا و شه‌ڕڤانان و پێشمه‌رگه، وتی: “ئێمه بۆ ئه‌م فه‌رمانده‌ییه‌ى که که‌جه‌که بانگه‌وازى بۆ کرد، ئاماده‌ین. ئاماده‌ین له ژێر چه‌ترى فه‌رمانده‌ى هاوبه‌شدا به‌رنامه‌یه‌ک دابنێین بۆ رزگار کردنى هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى له باشورى کوردستان هه‌ڕه‌شه‌ى چه‌ته‌کانى داعشیان له‌سه‌ره. هیوادارین دواى پاک کردنه‌وه‌ى شه‌نگال هاوڵاتیانى ئێزیدى بگه‌ڕێنه‌وه وارگه‌ى خۆیان و بێن لێره برینه‌کانیان ساڕ‌ێژ بکه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بانگه‌وازى هاوکارى له هه‌موو لایه‌نه‌کان و ده‌وروبه‌ر ده‌که‌ین و چاوه‌ڕوانى پشتگرین.”
هاوڵاتى کاتێک لەهەفتەی رابردوودا ململانێیەکی کۆن تەقییەوە بۆ جەنگی راستەوخۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا یەکەم سەرکردەی جیهانی بوو کە خۆی بخاتە نێو ئاژاوەکەوە. خۆفڕێدانە نێو جەنگەکە بۆ را‌گرتن و هێورکردنەوەی لایەنە نەیارەکان نەبوو، بەڵکو بۆ راگەیاندنی پاڵپشتی تەواوەتی وڵاتەکەی بوو بۆ ئازربایجان، کە هاوپەیمانی نزیکی تورکیایە و دانیشتوانی بەڕەگەز تورکین. تەنانەت ئەرمینیای تۆمەتبار کرد بەفەرامۆشکردنی چەندین هەوڵی چارەسەرکردنی ململانێی نێوان دوو وڵاتەکە. «دووبارە ئیدانەی ئەرمینیا دەکەمەوە بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئازربایجان. تورکیا بەردەوام دەبێت لەپشتگیری ئازربایجانی هاوپەیمان و برای بەهەموو توانایەوە»، ئەردۆغان وای وت لەکاتێکدا ھێشتا سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجان بوو لە ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٠. تائێستا دەیەها کەس مردوون لەهەردوولا لەیەکشەممەی رابردووەوە کاتێک جەنگ لەنێوان ئازربایجان و ئەرمینیا دەستپێکرد لەسەر ناوچەی جێناکۆکی ناگۆڕنۆ قەرەباغ. ئەرمینیا باس لەوەدەکات (١٥٨) سەربازی کوژراون، لەکاتێکدا ئازربایجان هیچ ئامارێکی کوژراوانی سەربازی نەخستووەتەڕوو، بەڵام رایگەیاندووە (١٩) سڤیلی کوژراون. ناگۆڕنۆ قەرەباغ هەرێمێکی کێشە لەسەری چەندین ساڵەیە کە دەکەوێتە ئازربایجانەوە بەڵام لەلایەن دانیشتوانی رەسەنی ئەرمەنییەوە بەڕێوەدەبرێت بەپاڵپپستی ئەرمینیا. لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ناوچەکە بە بەشێک لە ئازربایجان هەژماردەکرێت، بەڵام لەساڵی ١٩٩١ەوە هەرێمەکە سەربەخۆیی خۆی راگەیاند لەئازربایجان، بەڵام چەندین وڵات بە فەرمی دانی پێدانانێن لەوانە ئەرمینیا. ناوە ناوە شەڕ لەهەرێمەکەدا دروست دەبێت و بەشێوەیەکی بەرچاو گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی ململانێکە لەساڵی ١٩٩٤ەوە راوەستاوە بەهۆی ئاگربەستەوە بەسەرپەرشتی ئەمریکاو فەرەنساو روسیا. تائێستا دیار نییە ئەم جەنگە نوێیە چۆن هەڵگیرسا بەوپێیەی هەردوولا یەکتری تۆمەتبار دەکەن بەدەستپێکردنی شەڕ. ئازربایجان باس لەوە دەکات ئەرمینیا هەوڵی توندوتیژی داوە لەکاتێکدا ئەرمینیا دەڵێت هێزەکانی ئازربایجان هێرشیان کردوونەتە سەر. لەدووشەممەی رابردوودا ئەرمینیا ئەنقەرەی بەوە تۆمەتبار کرد کەپاڵپشتی راستەوخۆی سەربازی ئازربایجان دەکات. لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەرمینیا رایگەیاند تورکیا «ئامادەییەکی راستەوخۆی هەیە لەمەیدانی جەنگدا»و شارەزایانی سوپای تورکی «شانبەشانی» ئازربایجان «شەڕ دەکەن» و سوپای ئازربایجان فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوانی تورکی بەکاردەهێنێت. باکۆو ئەنقەرە هەموو ئەم تۆمەتانەیان رەتکردەوە. لەهەفتەی رابردووەوە چەندین راپۆرت بڵاوکراونەتەوە لەسەر ناردنی شەڕکەری سوری بۆ ئازربایجان لەلایەن تورکیاوە. بەپێی راپۆرتێکی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی کە بەشێکی لەتویتی موزەهیم ئەلسالوم، وتەبێژی پێشووی سوپای مەغاویر ئەلپەور کە فەیلەقێکی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە، وەریگرتووە باس لەوە دەکات شەڕکەرانی سوری پێش هەفتەیەک لە دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئازربایجان و ئەرمینیا نێردراون بۆ ئازربایجان. سالوم باسی لەوەش کردووە شەڕکەرەکان لەسەنتەرێکەوە دامەزراون کە لەلایەن فەیلەقی سوڵتان مورادەوە لەباکوری سوریا دروستکراوە. هەر بەپێی زانیارییەکان، گروپێکی (١٥٠) شەڕکەری فەیلەقی شام لەعەفرینەوە چوونەتە تورکیا‌و دواتریش لەڕێی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەدەنەوە گەیەندراونەتە ئازربایجان. ئەلسالوم باس لەوەش دەکات شەڕکەرەکان براونەتە کەمپی راهێنان لەدوو دوورگەی دەریای قەزوین بۆ راهێنانی تەکتیکی و بەڵێنی هەزارو (٥٠٠) دۆلار مووچەیان پێدراوە بۆ هەر مانگێک و زۆربەی زۆریان لەتورکمانی سوری هەڵبژێردراون تا زمان نەبێتە بەربەست بۆ قسەکردن لەگەڵ ئازەرییەکان کەتورکن. ئەلسالوم ئەوەشی خستووەتەڕوو بڕیارە فەیلەقی سوڵتان موراد دوو هەزار شەڕکەری خۆی بنێرێت بۆ ئازربایجان لە دوو هەفتەی داهاتوودا. رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لەڕاپۆرتێکیدا رایگەیاند شەڕکەرانی سوری «ناوی خۆیان تۆماکردووە لە کۆمپانیایەکی ئەمنی تورکی تا وەک پاسەوانی سنوور لە ئازربایجان کار بکەن» و راهێنانەکانیان مانگێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە. دوو برای سوری کە بەشدارییان کردووە لەپرۆگرامەکەدا بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە لەناوچەی عەزیز دەژیان پێش ئەوەی سەرکردەکانیان یارمەتیان بدەن بگەنە عەفرین کە لەوێ گرێبەستی سێ مانگ بۆ شەش مانگیان پێشکەشکراوە بەمووچەی مانگانەی (٨٠٠) بۆ هەزار و (٢٠٠) دۆلار تا پاسەوانی دامەزراوەی نەوت و گازی سروشتی بکەن لەئازربایجان. «سەرکردەکەمان پێی وتین شەڕناکەن تەنها یارمەتیدەر دەبن لە پاسەوانیکردنی چەند ناوچەیەک»، یەکێک لەبراکان بە گاردیانی وا وتووە. «مووچەکانمان ئەوەندە نین پێی بژین، بۆیە ئەمە بەهەلێکی گەورە دەزانین تا پارە پەیدا بکەین». «کاتێک یەکەمجار ئۆڤەری ئەوەمان پێدرا لە لیبیا کاربکەین، دەترساین کە بچین بۆ ئەوێ بەڵام ئێستا بەدڵنیاییەوە هەزارەها کەس لە ئێمە هەیە ئامادەن بچن بۆ لیبیا یان ئازربایجان»، فەرماندەیەکی سوپای نیشتمانی سوریا ئەمەی بە گاردیان وت. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزو سی ئێن ئێنی ئەمریکیش راپۆرتی هاوشێوەیان بڵاوکردەوە، لەڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن دا کە لێدوانی شەڕکەرێکی سوری وەرگرتووە، باس لەوە دەکات ئەوانەی وەرگیراون وایانزانیوە ئەرکەکەیان تەنها پاسەوانی دەبێت «بەڵام دوای گەیشتنی یەکەم کاروانی شەڕکەران زانیمان ئەرکمان شەڕکردنە وەک شەڕی سوریا‌و لیبیا». جگە لەمانەش، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەڕاپۆرتێکیدا رایگەیاند سەدەها شەڕکەری فەیلەقی سوڵتان مورادو ئەلئەمشەت لەعەفرینەوە نێردراون بۆ ئازربایجان بەبەڵێنی وەرگرتنی هەزارو ٥٠٠ -٢٠٠٠ دۆلار مووچەی مانگانە. لەڕاپۆرتێکی تری هەمان روانگەدا ئەوە هاتووە ژمارەی کوژراوانی شەڕکەرانی سوری سەر بەتورکیا لەشەڕی ئازربایجان و ئەرمینیادا تادوێنێ یەکشەممە گەشتووەتە (72) کەس لەکۆی هەزارو (٢٠٠) شەڕکەر کەنێردراون و ئێستا لەئازربایجاندان. لەلایەکی ترەوە ئەرمینیا ئەم دەنگۆیانەی گەورەتر کرد کاتێک باڵیۆزەکەی لەڕوسیا رایگەیاند ژمارەی شەڕکەرەکان گەیشتووەتە نزیکەی چوار هەزار. پێنجشەممەی رابردوو ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند زانیاری‌یان هەیە شەڕکەرانی جیهادی سوری لەتورکیاوە گەیەندراونەتە ئازربایجان بۆ شەڕکردن لە ناگۆرنۆ- قەرەباغ. هەینی رابردووش لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، جەواد زەریف، نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بەبەشداریکردنی شەڕکەری سوری لەشەڕی ئازربایجان و ئەرمینیا. ئازربایجان هەموو ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی رەتکردووەتەوە کە باس لەچوونی شەڕکەرانی سوریا دەکەن بۆ وڵاتەکەو بە «هەواڵی ساختە» ناوی بردوون لەکاتێکدا تورکیا لەوەڵامدانەوەی بۆ ئەو راپۆرتانە ئەرمینیای تۆمەتبارکرد بە ڕاهێنانپێکردنی شەڕکەری کوردی سوری و بڵاوەپێکردنیان لەناوچە «داگیرکراوەکاندا». خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا، بەئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی راگەیاند دەبێت ئەرمینیا «ئەو بەکرێگیراوو تیرۆرستانە بگەڕێنێتەوە لەدەرەوە هێناونی و لەو ناوچانەی ئازربایجان بکشێتەوە کەداگیری کردوون». ئەمە لەکاتێکدایە لەسەروبەندی جەنگی ناوخۆی لیبیا راپۆرتی هاوشێوە بڵاوبووەوەو تێیدا باس لەوە دەکرا تورکیا شەڕکەری سوری دەنێرێت بۆ وڵاتەکە تا هاوشانی سەربازانی حکومەتی ویفاقی لیبیا بەسەرکردایەتی فایز سەراج دژی خەلیفە حەفتەر شەڕ بکەن. لەمانگی شووباتی ئەمساڵ، دوای چەندینجار نکۆڵیکردن، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ناردنی شەڕکەری سوری بۆ لیبیا پشتڕاستکردەوە. هەواڵی ناردنی شەڕکەری سوری بۆ ئازربایجان ناکۆکی دروستکردووە لەنێوان گروپە جیاوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا. هەندێک بەرە تورکیا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە بۆ بەرژەوەندی خۆی شۆڕشی سوریای قۆستووەتەوە و لاوازی کردووە. ئەبو ئەقزان ئەلمیسری، موفتی حەیات تەحریرلشام ئیدانەی کەمپینی ناردنی هێزی کرد بۆ ئازربایجان و رایگەیاند، «فەرامۆشکردنی جیهان بۆ بەشداریکردن لە جەنگی نێوان سوپایەکی مەسیحی و مەزهەبی شیعە یەکێکە لەتاوانە گەورەکان». ئازربایجان، کە دانیشتوانەکەی (١١) ملیۆنەو بەڕەچەڵەک زۆرینەیان تورکن، وڵاتێکی زۆرینە شیعە مەزهەبە لەکاتێکدا ئەرمینیا زۆرینەیان لەسەر ئایینی مەسیحن و دانیشتوانەکەی نزیکەی سێ ملیۆنە. لەتۆمارێکی دەنگیدا کەهێشتا پشتڕاستنەکراوە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، شەڕکەرێکی سەر بەسوپای نیشتمانی سوریا رەخنە دەگرێت لەناردنی شەڕکەر بۆ ئازربایجان. لەتۆمارەکەدا بەئاماژەکردن بۆ سوپای ئازربایجان کە زۆرینەیان شیعەن دەڵێت: «ئەوان زیاتر لە مەسیحی و جوولەکە دوژمنمانن، بەهیچ جۆرێک هاوشانیان ناوەستین و شەڕیان بۆ ناکەین». بەناردنی هێز بۆ ئازربایجان، تورکیا لەئیستادا لەسێ بەرەوە دژی روسیا وەستاوەتەوە کەدوانەکەی تر لیبیا‌و سوریان. روسیا پەیوەندی دیبلۆماسی باشی لەگەڵ هەردوو ئازربایجان و ئەرمینیا هەیە، بەڵام چەندین بنکەی سەربازیی لەئەرمینیایە و هاوکاری سەربازیی بۆ وڵاتەکەش دەنێرێت و تا رادەیەک پشتگیری خۆشی بۆ ئەرمینیا دەربڕیوە. ئوناڵ چیڤکۆز، دیپلۆماتکارێکی خانەنشینی تورکی، لەڕۆژنامەی دەچ ویڵی ئەڵمانی باس لەوە دەکات «پێشبینی سەرەکی ئەوەیە ئەنقەرەو مۆسکۆ ململانێکە هێوربکەنەوەو هەردوولا بگەیەننە دانوستان» بەڵام «ئەگەر تورکیا وێنایەکی وەها دروست بکات بۆ ئازربایجان کە بەڕاستی هاوشانی دەبێت بۆ جەنگ ئەوکات ئەمە دەبێتە رووبەڕووبوونەوەی تورکیا-روسیا». «هەموان دەزانن خۆهەڵقورتاندنی تورکیا بۆ نێو ململانێیەکی کۆنترۆڵکراوی روسیا وەک لەسێدارەدانی خۆیەتی»، چیڤکۆز وای وت. هەرچەندە تۆماس دی واڵ، شارەزا لەهەرێمی قەوقازی لەناوەندی تووێژینەوەی کارنەیجی ئەوروپا، پێیوایە ململانێکە بەمزووانە کۆتایی نایەت. «بەڕەچاوەکردنی هیوای باڵای هەردوو وڵاتەکە، کارێکی سەخت دەبێت بۆ سەرکردەکان بەمزووانە بوەستن و بردنەوە رابگەیەنن. مەترسی قووڵبونەوەی ململانێکە و وێرانکاری گەورە زۆر بەرزە»، دی واڵ وای نووسیوە. دی واڵ ئاماژەش بەوە دەکات دوو هۆکاری نوێ وا لەدۆخی ئێستا دەکات زیاتر مەترسیدارتر بێت وەک لەجەنگەکانی پێشووی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجان: پاڵپشتی راستەوخۆی تورکیا بۆ یەک لایەن و «دەستتێوەرنەدانی نائاسایی» ئەمریکا.
ھاوڵاتی ئه‌بو فه‌دک، ناسناوى پیاوێکى هه‌واڵگریى و سه‌ربازیى سه‌ر به‌ئێرانه له‌عێراق به‌ناوى «عه‌بدولعه‌زیز محه‌مه‌داوی»، ئه‌م پیاوه سەروو پەنجا ساڵە، بهتارماییهکهى قاسم سوله‌یمانى به‌رپرسى پێشووى فه‌یله‌قى قودسى ئێران ده‌ناسێندرێت. عه‌بدولعه‌زیز محه‌مه‌داوی نازناوى ئه‌بو فه‌دک یان بە»خاڵ» ناسراوه له‌نێو هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى و بهجێگرەوەی قاسم سلێمانى و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس ده‌ناسرێت له‌عێراق. دوابه‌دواى کوشتنى قاسم سلێمانى و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه، ئه‌بو فه‌دک له‌عێراق و ریزه‌کانى ناو حه‌شدى شه‌عبى زیاتر ده‌رکه‌وت، به‌تایبه‌ت ئه‌م که‌سه سه‌رپه‌رشتارى سه‌ربازى که‌تائیبى حزبوڵایه له‌عێراقدا کهویلایهتهیهکگرتووهکانى ئه‌مریکا به «مه‌ترسیترین» که‌سى داده‌نێت دواى ئه‌بومەهدی موهه‌ندیس. ئه‌بو فه‌دک پیاوێکى قژ ماش و برنجییه، ئاماده‌کراوه بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ى ئه‌بومه‌هدى موهه‌نیس که له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه متمانه‌پێکراوترین که‌سه که‌جێگه‌ى ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیسیان بۆ بگرێته‌وه. کوشتنى سوله‌یمانى و ئه‌بو موهه‌ندیس له‌عێراقدا هه‌نگاوه‌کانى ئێرانى خێراتر کردووه که‌ئه‌و بۆشاییه‌ى لهسهرکردهى حه‌شد له‌عێراق دروستبووه بۆیان پڕبکاته‌وه. فه‌دک له‌ماوه‌ى شه‌ڕى داعشدا له‌ساڵى ٢٠١٥، وه‌ک فه‌رمانده‌یه‌کى لێهاتوو ناوى ده‌رکرد، وه‌ک پاڵه‌وان له‌شه‌قامى عێراقدا باس ده‌کرا، به‌تایبه‌ت کاتێ له‌چه‌ند به‌ره‌یه‌کى سه‌خته‌وه له‌سه‌ر سنوورى عێراق و سوریا سه‌رکه‌وتنى گه‌وره‌ى تۆمار کرد، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئه‌مریکییه‌کانه‌وه بهتارمایى سوله‌یمانى پێناسه ده‌کرێت. خاڵ، له‌ساڵى ٢٠٠٣ یه‌کێک بووه له‌دامه‌زرێنه‌رانى یه‌که سه‌ربازییه‌کانى که‌تائیبى حزبوڵا له‌عێراق و راوێژکار بووه‌و له‌دوایین هێرشى خۆپیشانده‌رانى به‌غداش بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریکا له‌مانگى ١٠ى ساڵى رابردوو، خاڵ له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه بهکهسێکى تێکده‌ر له‌عێراق وه‌سفکراوه. خاڵ له‌ئێستادا سوپاسالارى حه‌شدى شهعبیهو ده‌سه‌ڵاتێکى ره‌هاى له‌بوارى سه‌ربازیى و لۆجستى و په‌یوه‌ندییه سیاسیی و سه‌ربازییه‌کاندا هه‌یه‌و ئه‌و بودجه‌یه‌ى حکومه‌تى عێراق ته‌رخانى کردووه بۆ حه‌شدى شه‌عبى بهکۆنتڕۆڵى ئه‌ودا تێپه‌رده‌بێت، ئه‌مریکاش پێیوایه خاڵ رۆڵى هه‌یه لهموشهکبارانکردن و بهئامانجکرنى باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریکاداو ئێران چى بوێت پێى ئه‌نجامده‌دات. ئه‌مریکا حزبوڵاى عێراق تۆمه‌تبار ده‌کات به‌ئه‌نجامدانى هێرشى مووشه‌کى بۆ سه‌ر ناوچه‌ى سه‌وزو په‌لاماردانى نێرده دیپلۆماسییه‌کان له‌عێراق، هه‌ر بۆیه رۆژى هه‌ینى 2ى تشرینى یه‌که‌مى 2020، نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ عێراق له‌گه‌ڵ خاڵ، سوپاسالارى حه‌شدى شه‌عبى کۆبووه‌ته‌وه‌و باسى پرسى ئه‌منى و ئاشتییان کردووه له‌عێراقدا. به‌پێى راگه‌یەندراوێکى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى که رۆژى هه‌ینى 2ى تشرینى یه‌که‌مى 2020 بڵاوکراوه‌ته‌وه، عه‌بدولعه‌زیز محه‌ممه‌داوى (ئه‌بو فه‌ده‌ک، خاڵ)، سوپاسالارى حه‌شدى شه‌عبی، لهبارهگاى ده‌سته پێشوازیى له جێنین بلاسخارت، نوێنه‌رى سکرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌عێراق کردووه‌و هه‌ردوولا باسیان له‌ڕه‌وشى ئه‌منیى عێراق و گه‌ڕان به‌دواى چه‌کدارانى داعشدا کردووه. هه‌روه‌ها ئه‌وه خراوه‌ته‌ڕوو له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا عه‌بدولعه‌زیز محه‌ممه‌داوى (خاڵ) باسى ئه‌وه‌ى کردووه که «ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى دامه‌زراوه‌یه‌کى فه‌رمییه‌و سه‌ر بهدهوڵهتى عێراقه‌و ملکه‌چى بڕیاره‌کانى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه چه‌کداره‌کانه«، که مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق فه‌رمانده‌یه‌تى. هه‌روه‌ها عه‌بدولعه‌زیز محه‌ممه‌داوى (ئه‌بو فه‌ده‌ک) جه‌ختى له‌وه‌کردووه‌ته‌وه که حه‌شدى شه‌عبى به‌رده‌وامه له هه‌وڵه‌کانى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى خێزانه ئاواره‌کان. هه‌وڵێکى ئه‌منى و خزمه‌تگوزاریى زۆرى داوه بۆ ره‌خساندنى که‌شێک تێێدا پرسى ئاواره‌کان له‌عێراقدا کۆتایى بێت. ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ى نوێنه‌رى سکرتێرى گشتیى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌عێراق ناڕه‌زایى و ره‌خنه‌ى خۆپیشانده‌رانى عێراقى لێکه‌وته‌وه، له‌کاتێکدا ئێستا یادى تێپه‌ڕبوونى ساڵێک به‌سه‌ر ده‌ستپێکردنى خۆپیشاندانه‌کانى ساڵى رابردوو ده‌که‌نه‌وه. خۆپیشانده‌رانى عێراق، خاڵ تۆمه‌تبارده‌که‌ن به‌هێرشکردنه سه‌ر خۆپیشانده‌ران و کوشتنیان که به‌پێى ئامارى فه‌رمى حکومه‌تى عێراق (556) که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و نزیکه‌ى (20) هه‌زار که‌سى دیکه‌ش برینداربوون. نێرده‌ى یونامى بۆ عێراق له‌پێگه‌ى خۆى له‌تویته‌ر په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌و رایگه‌یاند «بێلایه‌نى و سه‌ربه‌خۆیى له‌کرۆکى ئه‌رکى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانه که‌ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه‌یه ئێمه به‌شێوه‌یه‌کى به‌رفراوان له‌گه‌ڵ چه‌ندین لایەنی په‌یوه‌ندیداردا به‌شدارین له‌گه‌ڕان به‌دواى ئاشتیدا، گفتوگۆ تاکه چاره‌سه‌ره‌و توندوتیژى و تۆقاندن بێهوده‌یه«. کۆبوونه‌وه‌ى جنێن بلاسخارت، نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان له‌عێراق له‌گه‌ڵ سوپاسالارى حه‌شدى شه‌عبى و فه‌رمانده‌ى که‌تائیبى حزبوڵا لهبارهگاى که‌تائیبى حزبوڵاى عێراقى لێکدانه‌وه‌ى جیاوازى بۆ کراوه‌و به‌شێک له‌شرۆڤه‌کارانى سیاسى پێیانوایه که خاڵ ده‌یه‌وێت ئه‌و گومانانه‌ى له‌سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى هه‌یه بۆ ماوه‌یه‌کى کاتییش بێت بیڕه‌وێنێته‌وه‌و به‌شێکیش ده‌ڵێن عێراق به‌ره‌و هێوربوونه‌وه ده‌ڕوات به‌بۆنه‌ى نزیکبوونه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى عێراق که‌بڕیاره له 6ى حوزه‌یرانى ساڵى داهاتوو ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام به‌شێک له‌میدیا عێراقییه‌کان باس له‌وه‌ده‌که‌ن، بلاسخارت ده‌ستیکردووه به‌نێوه‌ندگیریى له‌نێوان حکومه‌ت و حه‌شدى شه‌عبى به‌ڕاسپارده‌ى ئه‌مریکاو مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق و به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق. هه‌رچه‌نده ئاسۆى کارى داهاتووى ئه‌بو فه‌دک به‌ته‌واوى روون نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵام پۆسته به‌هێزه‌که‌ى که سوپاسالارى ده‌سته‌ى حه‌شدى شهعبیهو فه‌رمانده‌ی که‌تائیبى حزبوڵایه، بۆ له‌مه‌ودوا جوڵه نهێنییه‌کانى به‌رانبه‌ر به‌ئه‌مریکا و هێزه بیانییه‌کان ده‌ستپێده‌کات به‌فه‌رمانى فه‌یله‌قى قودسى ئێران. خاڵ، په‌یوه‌ندییه‌کى زۆر به‌هێزى هه‌بووه له‌گه‌ڵ قاسم سوله‌یمانى و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس، دواى کوژرانیان، خاڵ له‌سه‌ر ئه‌ژنۆ له‌سه‌ر گۆڕى سوله‌یمانى و موهه‌ندیس ده‌بینرێت. هه‌رچه‌نده مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق چه‌ندین رێکارو بڕیارى جیاوازى ده‌رکردووه له‌به‌رانبه‌ر حه‌شدى شه‌عبیدا، به‌ڵام تائێستا نه‌یتوانیوه به‌ر له‌هێرشه موشه‌کییه‌کانیان بگرێت له‌عێراقدا، ئه‌مه‌ش کازمى تووشى ئیحراجى کردووه. مسته‌فا کازمى له‌دوا هه‌وڵیدا فوئاد حوسێن، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراقى نارده ئێران و له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن روحانى سه‌رۆک کۆمارى عێراق و جه‌واد زه‌ریفى، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران گفتوگۆى کردووه‌و داواى لێکردوون تاران رۆڵى له‌سه‌قامگیرى عێراقدا هه‌بێت و کۆتایى بهێندرێت به‌هێرشه موشه‌کى و کرده سه‌ربازییه‌کان بۆ سه‌ر نوێنه‌رایه‌تى و ناوه‌نده دبلۆماتییه‌کان له‌عێراقدا تا ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌ندرێته‌وه بۆ فه‌رمانده‌کانى حه‌شدى شه‌عبى له‌عێراقدا، به‌ڵام نازانرێت ئایا جێبه‌جێ ده‌کرێت یان نا؟
شاناز حه‌سه‌ن خوێندنى ئه‌مساڵ به‌شێوه‌ى سیستمى ئه‌لیکترۆنى به‌رده‌وام ده‌بێت بێجگه له‌قۆناغه‌کانى یه‌ک و دووى سه‌ره‌تایى و دوانزه‌ى ئاماده‌یى که به‌شێوه‌ى ئاسایى خوێندن له‌پۆله‌کاندا ده‌ستپێده‌که‌ن. ئەوەش بەھۆی کاریگەریەکانی بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا. عه‌بدولڕه‌زاق ته‌لعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رى کاروبارى ته‌کنیکى و ئه‌زمونه‌کان لهبهڕێوهبهرایهتى گشتى په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر، له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «ئێمه له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى کۆرۆنا کۆده‌بینه‌وه‌و به‌رده‌وام ئاگادارى پێشهاته‌کان ده‌بین، بۆیه بڕیار درا به‌هه‌مان شێوه‌ى وه‌رزى دووه‌مى خوێندنى ساڵى پار ئه‌مساڵیش خوێندن بکرێته ئۆنلاین و به‌رده‌وام بێت». هه‌موو ساڵێک له‌ناوه‌ڕاستى مانگى ئه‌یلول پرۆسه‌ى خوێندن له‌هه‌رێمى کوردستان ده‌ستپێده‌کاته‌وه، به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا و وه‌ک رێگه‌یه‌ک لهتهشهنهنهکردنى ڤایرۆسه‌که وه‌ک زۆربه‌ى وڵاتانى جیهان چه‌ندین مانگ که‌ره‌نتین راگه‌یه‌نرا و به‌هۆیه‌وه وه‌رزى دووه‌مى خوێندنى ساڵى 2019 راگیرا‌و به‌سیستمى ئۆنلاین (ئه‌لیکترۆنى) خوێندنى ئه‌و ساڵه به‌کۆتا هات. وه‌زاره‌تى په‌ره‌ورده‌ى هه‌رێمى کوردستان بۆ خوێندنى ساڵى 2020 به‌هه‌مان شێوه‌ى وه‌رزى دووه‌مى ساڵى رابردوو به‌شێوازى سیستمى ئۆفلاین له 27ى مانگى ئه‌یلوله‌وه ته‌نیا قۆناغى 12ى ئاماده‌یى له‌خوێندنگه‌کاندا خوێندنیان دهسیپێکردووهو له 10/10/2020یشه‌وه پۆله‌کانى یه‌ک و دووى سه‌ره‌تایى ده‌ست به‌خوێندن ده‌که‌ن. هه‌ره‌وها به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌زموونه‌کان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد»ته‌نیا پۆلى یه‌ک و دووى سه‌ره‌تایى و دوانزه‌ى ئاماده‌یى له‌ناوه‌نده‌کانى خوێندندا به په‌یڕه‌وکردنى ته‌واوى رێنماییه خۆپارێزییه‌کان خوێندن ده‌که‌ن و ته‌واوى قۆناغه‌کانى دیکه به سیستمى ئه‌لیکترۆنى تا کاتێکى نادیار به‌رده‌وام ده‌بن». ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه«راسته قۆناغه‌کانى یه‌ک و دوو زۆر منداڵن، به‌ڵام ئه‌وان ناتوانن به‌سیستمى ئه‌لیکترۆنى خوێندن بکه‌ن و بۆیه هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کان له‌ناوه‌نده‌کانى خوێندندا کراوه بۆ پاراستنیان لهڤایرۆسهکه«. له‌دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌شارى وهانى وڵاتى چین و ته‌شه‌نه‌کردنى به‌هه‌موو وڵاتانى جیهاندا له‌مانگى ئازارى 2019دا له‌هه‌رێمى کوردستاندا ڤایرۆسه‌که بڵاوبۆوه‌و تائێستا له‌هه‌رێمى کوردستان (49) هه‌زار و (628) تووشبوى ڤایرۆسى کۆرۆنا تۆمارکراون، له‌و ژماره‌یه (31) هه‌زار و (672) که‌س چاکبوونه‌ته‌وه‌و هه‌زار و (807) تووشبویش مردوون. ئه‌و به‌ڕێوبه‌ره وتیشى» لاى ئێمه ته‌ندروستى مامۆستا‌و کارمه‌ندو خوێندکار له‌خوێندن گرنگتره، به‌ڵام ئه‌م به‌رنامه‌یه کاته‌که‌ى دیاریکراو نیه، چونکه ڤایرۆسى کۆرۆنا نازانرێت که‌ى کۆتایى پێدێت، بۆیه به‌پێى بارودۆخه‌که ده‌کرێت گۆڕانکارى له‌سیستمى خوێندندا بکرێت». عه‌بدولڕه‌زاق، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه «له‌ڕێگه‌ى که‌ناڵى په‌روه‌رده‌ییه‌وه هه‌موو ئاماده‌کارییه‌ک کراوه بۆ خوێندنى ئه‌لیکترۆنى». ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه«ناتوانین بڵێین سیستمى ئه‌لیکترۆنى، ته‌واو هاوشێوه‌ى خوێندنه له‌پۆله‌کاندا، به‌ڵام وه‌رزى دووه‌مى ساڵى رابردوو، ئه‌نجامێکى باشى هه‌بوو، بۆیه له‌به‌ر بارودۆخه‌که ده‌توانین به‌و شێوازه به‌رده‌وام بین له‌خوێندن، له‌وه باشتره خوێندنى ساڵێک بفه‌وتێت». ئاسۆ عومه‌ر، مامۆستاى قۆناغى بنه‌ڕه‌تى، له لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «ناتوانین بڵێین سیستمى ئه‌لیکترۆنى ته‌واو له‌ئاستى پێویستدایه‌و باشتره له‌خوێندن له‌پۆلدا، به‌ڵام بارودۆخه‌که وایکردووه پێویسته ئه‌و سیستمه له‌به‌ر سه‌لامه‌تى په‌یڕه‌و بکرێت». وه‌ک مامۆستایه‌کى بنه‌ڕه‌تى وتى «ئێمه له‌به‌ر داهاتووى خوێندکاره‌کان، حه‌زده‌که‌ین به‌رده‌وام بێت به‌هه‌ر شێوازێک بێت، به‌ڵام به‌وه‌رزى دووه‌مى ساڵى رابردوودا دیاره که به‌دڵنیاییه‌وه جیاوازى هه‌یه‌و جیاوازییه‌که‌ش زۆره«. ئاسۆ عومه‌ر ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه «کاریگه‌رییه‌که له‌سه‌ر قۆناغى سه‌ره‌تایى زۆر زۆره، چونکه ئه‌وان ته‌مه‌نێکن پێویسته له‌سه‌ره‌تاییه‌وه فێربکرێن و په‌روه‌رده بکرێن». دڵشاد عومه‌ر ، به‌رێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «به‌ڕه‌چاوکردنى بارودۆخى ڤایرۆسى کۆرۆناو ئه‌و مه‌ترسیه گه‌وره‌یه‌ى که‌هه‌یه‌تى، خوێندنمان کردۆته سیستمى ئەلیکترۆنی، واته خوێندکار یه‌ک جار ده‌توانێت هه‌موو بابه‌ته ئاماده‌کراوه‌کان بکاته ناو کۆمپیته‌ر یان ئایپاده‌که‌یه‌وه و هه‌موو کاتێک پێویستى به‌ئینته‌رنێت نابێت، یاخود رۆژانه له‌کاتێکدا بابه‌ته‌کان گوێ لێبگرێت له ته‌له‌فزیۆنى په‌روه‌رده‌ییه‌وه«. سیستمەکە له‌خوێندنى ئه‌مساڵدا له‌ئێستادا له‌قۆناغى چاودێریدایه‌و دواتر بڕیار ده‌درێت که به‌و سیستمه به‌رده‌وام ده‌بن یاخود نا. دڵشاد عومه‌ر روونیکرده‌وه‌و وتى «ئێستا پۆلى دوانزه خوێندنیان دهستپێکردووەو تا (14) رۆژ له‌تاقیکردنه‌وه‌دا ده‌بێت، بزانین ئه‌نجامه‌که‌ى چۆن ده‌بێت، له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجامه بڕیار ده‌ده‌ین که‌به‌رده‌وام بین به‌و سیستمه یاخود رابگیرێت، چونکه ناکرێت له‌به‌ر پرۆسه‌ى خوێندن ببینه ناوه‌ندێک بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسه‌که، بۆیه به‌رده‌وام دیراسه ده‌کرێت و به‌پێى ئه‌نجامه‌کان هه‌ڵسه‌نگاندن ده‌که‌ین و پلانى دواتر داده‌نرێت». به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد، له 10ى مانگى 10وه قۆناغى یه‌ک و دووى سه‌ره‌تایى له‌خوێندنگه‌کاندا ده‌ستده‌که‌ن به‌خوێندن و وتى «به‌په‌یڕه‌وکردنى رێنماییه ته‌ندروستیه‌کان له‌خوێندنگه‌کاندا، قۆناغى یه‌ک و دوو و ئه‌و خوێندنگایانه‌ش کهخوێندکاریان که‌مه، رێگه‌یان پیده‌درێت تا (15) رۆژ بچنه خوێندنگه‌کان تابزانرێت بارودۆخه‌که چۆن ده‌بێت و له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجامه بڕیار بۆ مانگه‌کانى دیکه ده‌درێت». دڵشاد عومه‌ر ، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه، بۆ زامنکردنى سه‌رکه‌وتن و به‌رده‌وامى خوێندنى ئه‌مساڵ جا به‌هه‌ر شێوازێک بێت، «پێویسته زامنى مافى موچه‌ى مامۆستیان بکرێت، ئه‌وکات ده‌توانرێت پرۆسه‌ى خوێندن به‌رده‌وام بێت». سه‌ردار حه‌مه ره‌شید، سه‌رپه‌رشتیارى یه‌که‌مى په‌روه‌رده‌ى رۆژئاوا، له لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «وه‌زاره‌تى په‌روه‌دره به راوێژ له‌گه‌ڵ لایه‌نه ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌ییه‌کان ئه‌م سیستمه‌ى جێبه‌جێکردووه و ویستویه‌تى سیستمێک بدۆزێته‌وه، له‌به‌رژه‌وه‌ندى خوێندکاران بێت، نه‌ک وه‌ک پێشتر به‌هۆى بایکۆت و مانگرتن و ڤایرۆسه‌که‌ش له‌ساڵى رابردوو کاردانه‌وه‌ى هه‌بووه له‌سه‌ر خوێندکاران و له‌زانکۆکاندا کاریگه‌ریه‌که‌ى ده‌رکه‌وتووه«. هه‌وه‌ها وتیشى «باشترین ئامراز بۆ خوێندن له‌ئێستادا ئه‌م سیستمه بووه، به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆناوه، که‌ئه‌مه واده‌کات که‌مێک لهبرینهکانى خوێندن ساڕ‌ێژ بکات». سه‌ردار حه‌مه سه‌عید ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه«ئه‌م سیستمه لایه‌نى باشه‌و خراپه‌شى هه‌یه، چونکه بێگومان خوێندنى ناوپۆل گونجاوتر و سه‌رکه‌وتوو تره، له‌ڕووى په‌روه‌رده‌یى و تواناى قوتابیه‌که‌وه، که‌تواناى وه‌ڵامدانه‌وه‌و هه‌ستکردن و کۆمه‌ڵایه‌تى بوون که‌مده‌کاته‌وه‌و تێگه‌یشتنه‌کان ئاڵوگۆڕ ده‌کات، بۆیه لهئۆنلایندا ئه‌وە ده‌رنابڕێت و خوێندکار فێرى نابێت و ناتوانێ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئاسته‌که‌ى بکه‌یت». ئه‌م سه‌رپه‌رشتیاره جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه «ساڵى رابردوو هیچ ئاماده‌کارییه‌ک نه‌کرابوو بۆ سیستمى ئەلیکترۆنی، به‌ڵام ئه‌مساڵ ته‌واوى ئاماده‌کارییه‌کان کراوه، بۆیه سیستمه‌که سه‌رکه‌وتوو تر ده‌بێت».
