سەركۆ جەمال بەگوێرەی ئامارێكی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان، لەسەرەتای مانگی رابردووەوە، تاوەكو ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستان بەهۆی داربڕینەوە 121 كەس دراونەتە دادگا، چاوەڕوانیش دەكرێت بەهۆی گرانی نرخی نەوتی سپی داربڕین زیاتر ببێت. فوئاد ئەحمەد زراری، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند:»ئەوانەی داری بڕیوەو دەستگیركراون دوو جۆرن، بەشێكیان بۆ خۆیان بەكاریدەهێنن و بەشێكیان بۆ بازرگانیكردن داردەبڕنەوە». وتیشی:» لە 1-9-2022 تاوەكو 23-10-2022، لەهەرێمی كوردستان 163 تاوانی ژینگەیی ئەنجامدراون و بەهۆیانەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ 121 كەس كراوەتەوە، ئەوانەی بازرگانی بەدارەكانەوە دەكەن زۆر مەترسیدارن و دارەكان لەبنەوە دەبڕنەوە، بەڵام ئەوانەی بۆ خۆگەرمكردنەوە داردەبڕنەوە زۆرینەیان لق و پۆپی دارەكان دەبڕنەوە و وەكو بازرگانەكان دارەكە لەناو نابەن. بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەمساڵ داربڕین زۆرتربووە، بەڵام هێشتا بەبڕوای من لەوەرزی زستان واتە چەند مانگێكی دیكە داربڕینەوە زیاتر دەبێت، ئەگەرنا وەكو ئامارو بەراورد بەساڵی رابردوو تائێستا نزیكە لەیەكتر، بەڵام پێشبینی دەكرێت زیاتر ببێت». سەبارەت بەناوچەكانیش كەزۆرترین داریان تێدا بڕاوەتەوە، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان دەڵێت: «ناتوانم بڵێم كام ناوچەی شاخاوی لەپارێزگایەكی دیاریكراو زۆرترین تاوانی ژینگەیی تێداكراوە، بەڵام دەتوانم بڵێم لەهەموو ناوچە شاخاوییەكان بەبێ جیاوازی تۆمەتبارانی بڕینەوەی دار دراونەتە دادگا». وتیشی:» سزادانی ئەو كەسانەی دار دەبڕنەوەو بۆ خۆگەرمكردنەوە بەكاریدەهێنن كەمترە لەوانەی بازرگانی پێوە دەكەن». هاوكات هێمن كەمەرخان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و پاوانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت:»ناتوانین جارێ بەراورد بەساڵی رابردوو بكەین، بەڵام ساڵی رابردوو 138 هاووڵاتی لەسەر بڕینەوەی دار دەستگیركران، بەڵام ئەمساڵ تامانگی نۆ 93 هاووڵاتی دەستگیركراون، زۆرترین داربڕینەكانیش لەمانگی نۆوە دەستپێدەكات، واتە دەتوانین بڵێین كاتێك وەرزی سەرما دەستپێدەكات داربڕینەوەش دەستپێدەكات». وتیشی:»ئەم ئامارە تەنها لەسنوری 10 قەزاو 24 ناحیەی سنووری پارێزگای سلێمانییە، تیایدایە بۆ بازرگانی یاخود بۆ خەڵوزكردن بڕیویەتیەوە، هاووڵاتیش هەیە تەنیا بۆ خۆگەرمكردنەوە داری بڕیوەتەوە». وتەبێژی پۆلیسی دارستان و پاوانی سلێمانی دەشڵێت:»ئەو ئامارە مانگی 10 ناگرێتەوەو لەمەودوا رەنگە داربڕینەوە زیاتریش بێت». بەگوێرەی ماددەی 21 لەیاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012ی تایبەت بەدارستان و پاوان لەهەرێمی كوردستان، سزای بڕینەوەی دار لەپێبژاردن بەسێ ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارەو هەندێكجاریش زیندانیكردنە كەماوەكەی لەساڵێك زیاتر تێپەڕنەبێت. بڕینەوەی دار بۆ خۆگەرمكردنەوە لەكاتێكدایە، بەرمیلێك نەوتی سپی لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 250 هەزار دینارە. هاوكات ئەو نەوتەی حكومەتی عێراق بەنیازبوو بینێرێت بەوتەی كاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ :»هەر لیترێك 750 دینارەو 200 لیترەكە دەكاتە 150 هەزارو بەكرێی گواستنەوەشەوە دەگاتە 160 هەزار دینار». داربڕین زیاتر لەناوچە شاخاویەكانی هەرێمی كوردستانە بەهۆی كەشە ساردەكەیانەوە، هەفتەی رابردوو پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ دەستگیركردنی دوو كەسی راگەیاند كەیەكێكیان بەتەنها زیاتر لەهەزار داری بڕیوەتەوە، پۆلیسی دارستانی باتیڤاش لەپارێزگای دهۆك دەستگیركردنی شەش كەسی لەسەر داربڕینەوە راگەیاند.
هاوڵاتی ناڕهزایهتییهكانی چلهی ماتهمینیی ژینا ئهمینی زیاتر له 120 شار و شارۆچكه و ناوچهی له رۆژههڵاتی كوردستان و ئێرانی گرتهوه و خۆپیشاندهرانیش له سهرتاسهری ئهو وڵاته دروشمیان دژی دهسهڵات وتهوه و زۆربهی شهقامه سهرهكییهكانیش له لایهن گهنجانهوه كۆنتڕۆڵ كران و هێزه ئهمنییهكانیش سهرهڕای بهكارهێنانی هێز سهركهوتو نهبون له سهركوت و رێگریی له خۆپیشاندانهكان. وهك بڕیاربوو به بهشداریی ههزارن كهس چلهی ماتهمینیی بۆ ژینا ئهمینیی له شاری سهقز له رۆژههڵاتی كوردستان بهڕێوهچوو سهرهڕای ئهوهی له بهرهبهیانی چوارشهممهدا زۆربهی رێگا سهرهكییهكانی چونه ناوشاری سهقز و گۆڕستانی ئایچی شوێنی بهخاكسپاردنی ژینا داخرابون، بهڵام خهڵك له رێگهی تر و تهنانهت له پهڕینهوه له رێڕهوی ئاو و له رێگای لاوهكییهوه خۆیان گهیانده گۆرستانهكه. له وێنه و تۆماره ڤیدیۆییهكاندا دهردهكهوێت سهرجهم ئهو رێگایانهی دهچنه شاری سهقز قهرهباڵغ بو و خهڵك له شارهكانی دیكهی رۆژههڵاتی كوردستان و ئێران بهشدارییان له چلهی ماتهمینی ژینا ئهمینی كرد و میدیاكانی سهر به دهسهڵاتیش ئهو رێوڕهسمهیان گواستهوه و ئاماژهیان بهوه كرد هیچ روداوێكی نهخوازراو یان كوژران و برینداربون لهو رێوڕهسمهدا روی نهداوه. هاوكات لهگهڵ بهڕێوچونی چلهی مهرگی ژینا له گۆڕستانی ئایچی ، له شارهكانی قهسری شیرین، سنه و مههاباد و جوانڕۆ و سهردهشت و بانه و دهیان شاری دیكه دوكان و بازاڕهكان وهك دهربڕینی ناڕهزایهتیی نهكرانهوه ئهوهش بوه ههشتهم مانگرتنی ئهو بهشه له كوردستان له ماوهی مهرگی ژینا ئهمینیدا. دوای رێوڕهسمی چلهكه شهقام و شوێنه گشتییهكانی شاری سهقز له لایهن هێزه ئهمنییهكانهوه تهنرا و گهنجانیش بهرهنگاری ئهو هێزانه بونهوه و بنكهیهكی پۆلیس لهو شاره سوتێنرا. جگه له مانگرتنی رۆژههڵاتی كوردستان له شاری شیراز و ئهسفههان دوكان و بازاڕهكان نهكرانهوه و له شاری تاران و له چهقی بازاڕی پایتهختی ئێراندا رێوڕهسمی شینگێران بۆ مهرگی ژینا و خۆپیشاندهرانی ناڕهزایهتییهكان بهڕێوهچوو. له زۆربهی زانكۆكانی تاران ناڕهزایهتیی بهڕێوهچو و هێزه ئهمنییهكان له زانكۆی وهرزش و مودهڕیس لهو شاره تهقهیان بهسهر خوێندكاراندا كرد و گازی فرمێسكڕێژیان بهكارهێنا. ههر له تاران هێزه ئهمنییهكان به گازی فرمێسكرێژ هێرشیان كرده سهر گردبونهوهی پزیشكان و دوای ئهو روداوهش محهمهد رازی، سهرۆكی ناوهندی دامهزراوهی پزیشكیی ئێران رایگهیان هێرشكردنه سهر ئهو گردبونهوهی بێڕێزییه به پزیشكان و ههر بهو هۆكاره دهستلهكاركێشانهوهی خۆی وهك باڵاترین پۆستی پزیشكیی و تهندروستی له وڵاتهكه راگهیان. هاوكات كرێكار و كارمهندانی پالاوگهی تاران مانگرتنیان راگهیاند و شهوی چوارشهممهش له 22 ناوچه واته سهرتاسهری پایتهخت كه دانیشتوانهكهی نزیكهی 18 ملیۆن كهسه خۆپیشاندان و ناڕهزایهتیی بهرێوچو و گهنجان شهقامه سهرهكییهكانی تارانیان كۆنتڕۆل كرد. به رۆژ مانگرتن و ناڕهزایهتی به شهو خۆپیشاندان و دروشم دژی دهسڵات لهگهڵ ناڕهزایهتیی و مانگرتنهكانی رۆژی چوارشهممه ، به شهویش زیاتر له 120 شار و شارۆچكه له سهرتاسهری رۆژههڵاتی كوردستان و ئێران خۆپیشاندان و دروشم وتنهوه دژی دهسهڵاتی وڵاتهكه بهڕێوهچوو. ئهگهرچی 40 شهو بهسهر مهرگی ژینا ئهمینیدا تێدهپهڕێت بهڵام له زۆربهی شهقام و كۆڵانهكان وهك ناڕهزایهتییهك به مهرگی ئهو كچه كورده و مهرگی لانیكهم 255 خۆپیشاندهر، ناڕهزایهتیی گهوره و به بهشداریی ههزاران كهس له زۆبهی شارهكان بهڕێوهچو. رۆژههڵاتی كوردستان زۆربهی شهقامهكانی مهریوان بهدهست گهنجانی شارهكهوه بون و گهنجانی كامیارن رێگای نێوان شارهكه بۆ سنه-یان گرت. هێزه ئهمنییهكان له مهریوان و سهقز و سنه و كامیاران تهقهیان له گهنجان كرد بهڵام ژمارهی قوربانییانی ئهو تهقهكردنانه بڵاو نهكراوهتهوه. له مههاباد و بانه و كرماشان و قهسری شیرین و ئیلام و زۆربهی شارهكان گهنجان بهشداریی ناڕهزایهتییهكانیان كرد و بهرهنگای هێزه ئهمنییهكان بونهوه. له زۆربهی گهڕهكهكانی شاری سنه خۆپیشاندان و ناڕهزایهتیی بهرفراوان بهرێوهچو و گهنجان به كردنهوهی ئاگر شهقامه سهرهكییهكانیان كۆنتڕۆڵ كرد و ههر لهو شاره گهنجان بنكهیهی (بهسیج)ی سهر به سوپای پاسدارانی ئێرانیان سوتاند. له ورمێ دروشمی ژن ژیان ئازادی وترایه و ێنهی خامنهیی له شهقامێكی ئهو شاره سوتێنرا و له بۆكان به دروشمی مهرگ بۆ دیكتاتۆر ناڕهزایهتیی له شهقامهكانی ئهو دو شارهی رۆژههڵاتی كوردستان بهڕێوچوو. دوای چل رۆژ خۆپیشاندان بۆ یهكهمجار له شاری (خورم ئاباد) و بروجهرد له پارێزگای لوڕستان بهڕێوچو و دروشمی "مهرگ بۆ خامنهیی" وترایه، پێشتر له 30 پارێزگا له كۆی 31 پارێزگای جوگرافیای ئێران خۆپیشاندان بهڕێوچوبو بهڵام ئهو پارێزگایه به تهنها پارێزگای رۆژههڵاتی كوردستان و ئهو وڵاته ئهژمار دهكرا كه خۆپیشاندان تێیدا بهڕێوهنهچووبوو. چلهی سهرتاسهریی شهوی چوارشمهمه له مهشهه له باكوری رۆژههڵاتی ئێران و له و بروجهرد و شیراز، خۆپیشانداران كرا و له شهقامی تهجریشی تاران دروشمی " مهرگ بۆ دیكتاتۆر و مهرگ بۆ خامنهیی" وترایهوه. له ناوچهی چوارباغ له ئهسفهان به بهشداریی ژنان و گهنجان و زۆربهی چین و توێژهكان خۆپیشاندان و رێپێوانی جهماوهریی بهڕێوچو به جۆرێك ژمارهی خۆپیشاندهران له زۆربه ناوچهكانی دیكهی ئێران زیاتر بو. له شاری (ئهندیمێشك)ی ناوهندی پارێزگای خوزستان له باكوری رۆژئاوای ئێران ژمارهیهكی زۆر له گهنجان و ژنانی شارهكه شهقامی سهرهكییان گرت و دروشمیان دژی دهسهڵات وتهوه. شاری زهنجان له باكوری رۆژئاوای ئێران ناڕهزایهتی و خۆپیشاندان ئهنجام درا و بههۆی تهقهی هێزه ئهمنییهكانیش گهنجێكی شارهكه گیانی لهدهست دا. له شاری تهبرێز كه دانیشتوانهكانی (توركی ئازهری)ین هاوشێوهی زۆربهی شارهكانی دیكه خۆپیشاندان و ناڕهزایهتیی له شهقامهكانی ئهو شاره بهڕێوچو ژمارهی زۆری خۆپیشاندهران و بهشداریی زۆربهی چین و توێژهكان له ناڕهزایهتییهكانی شارهكهدا مایهی سهرنج بو و دروشمی مهرگ بۆ خامنهیی وترایهوه له كاتێكدا ئهو شاره له لایهن بهرپرسانهوه به كۆڵهكهی كۆماری ئیسلامیی ئێران ناو دههێنرێت. له شاری بابۆل و ئامۆڵ له باكوری ئێران و له ئابادان كه له نهتهوهی (عهرهب)ن له باشوری وڵاتهكه خۆپیشاندانی بهرفراوان بهڕێوهچو. له تۆمارێكی ڤیدیۆیی ئهمڕۆدا دهركهوتوه هێزه ئهمنییهكان ئاگر له خانویهك بهردهدهن و شوێنهكه جێدههێڵن. به گشتی شهوی چوارشهممه و له چلهی مهرگی ژینا سهرتاسهری جوگرافیای ئێران و رۆژههڵاتی كوردستان خۆپیشاندان و ناڕهزایهتیی دژی دهسهڵاتی وڵاتهكه بهڕێوچو و سهرهڕای ئهوهش ئاژانسهكانی ههواڵی ئێران بڵاویان كردهوه ئێوارهی ئهو رۆژه سێ چهكدار هێرشیان كردوهته سهر مهزارگهی (شاچراغ) له ناوهڕاستی شاری شیراز و بههۆیهوه 13 كهس كوژراون و 40 كهسیش برینداربون و دهسهڵاتیش خۆپیشاندان و ناڕهزایهتییهكان تۆمهتبار دهكهن بهوهی ئهو بارودۆخه بوهته هۆی دروستبونی بۆشایی ئهمنی له بهرامبهردا چالاكوانان رایانگهیاندوه ئهو روداوانه سیناریۆی دهسهڵاته بۆ سهركوت و كۆتایی خۆپیشاندانهكان.
سەركۆ جەمال رۆژانە لەنەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی 15 كەس، لەنانەكەلی هەولێر شەش كەس و لەسەنتەری چارەسەری شێرپەنجە لەدهۆك سێ تووشبووی شێرپەنجە تۆماردەكرێن، بەڵام لەهەولێر و دهۆك جگە لەو دوو نەخۆشخانەیە لەنەخۆشخانەی تریش شێرپەنجە تۆماردەكرێن، بۆ نموونە لەساڵی 2021دا لەهەرێمی كوردستان حەوت هەزارو 908 تووشبوو تۆماركراوە، بەم شێوەیە؛ لەهەولێر سێ هەزارو 808 كەس و لەسلێمانی سێ هەزارو 80 كەس و لەدهۆك هەزارو 16 كەس توشبوون. نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی یەكێك لەگەورەترین سەنتەرەكانی چارەسەری شێرپەنجەیە لەعێراق ئامارەكانیان دەریدەخات، رۆژانە هەزارو 250 بۆ هەزارو 500 كەس بۆ پشكنین و چارەسەر سەردانی دەكەن. د.محەمەد حەسەن، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاماری نەخۆشخانەی هیوا بەهاوڵاتی راگەیاند:»رۆژانە تێكڕا 15 نەخۆش لەهیوا تۆماردەكرێن كە 75٪ یان خەڵكی پارێزگای سلێمانین، 90%ـی ئەوانەی تووشدەبن بەتەمەنن و 10% منداڵن، زۆرترین جۆری شێرپەنجەش لەگەورە ساڵان شێرپەنجەی مەمك، كۆڵۆن و شێرپەنجەی خوێنە». وتیشی: «تائێستا لەنەخۆشخانەكە زیاتر لە 33 هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆماركراون، ساڵی رابردوو سێ هەزارو 80 توشبوو تۆماركرا، ئەمساڵیش تاوەكو ئێستا نزیكەی دوو هەزار و 500 تووشبووی نوێ تۆماركراون، منداڵان زیاتر تووشی شێرپەنجەی خوێن دەبن، بەڵام زۆرترین ئەوانەی تووشی شێرپەنجە دەبن 90٪ گەورە ساڵانن، هەندێك كێشەی دەرمان لەنەخۆشخانەی هیوا چارەسەركراون و هەندێكی دیكەش هێشتا ماون». هاوكات د.ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆك بەهاوڵاتی وت:» بەشێكی زۆری ئەو نەخۆشانەی سەردانی ناوەندە پزیشكییەكان دەكەن و تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، تووشی شێرپەنجەی مەمك و شێرپەنجەی خوێن بوون، 40 بۆ 45٪ی نەخۆشانی شێرپەنجە لەپارێزگای دهۆك لەجۆری شێرپەنجەی مەمكن». راشیگەیاند: «لەدهۆك دوو ناوەند بۆ پشكنین و چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە هەیە، كەئەوانیش ناوەندێك لەنەخۆشخانەی ئازادی كە 75 قەرەوێڵەیە، هەروەك سەنتەری شێرپەنجەی منداڵان و نەخۆشانی تالاسیما لەپارێزگای دهۆك». هەر سەبارەت بەئاماری نەخۆشی شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان، كرمانج محەممەد، بەڕێوەبەری كارگێڕیی نەخۆشخانەی نانەكەلی لەهەولێر لەلێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» تاوەكو ئێستا تووشبوون بەشێرپەنجە لەهەولێر ستانداردی جیهانی تێپەڕنەكردووەو رۆژانە تێكڕا لەنەخۆشخانەكە پێنج بۆ شەش تووشبووی نوێ تۆماردەكرێت، بەڵام لەسەنتەرو نەخۆشخانەی دیكەش لەهەولێر شێرپەنجە تۆمار دەكرێت». ئاماری شێرپەنجە لەهەرێمی كوردستان ساڵی 2020، شەش هەزارو 293 تووشبوو تۆماركراوە هەولێر؛ سێ هەزارو 50 تووشبوو تۆماركراوە. سلێمانی؛ دوو هەزارو 543 تووشبوو تۆماركراوە. دهۆك؛ 700 تووشبوو تۆماركراوە. ساڵی 2021، حەوت هەزارو 908 تووشبوو تۆماركراوە. هەولێر؛ سێ هەزارو 808 تووشبوو تۆماركراوە. سلێمانی؛ سێ هەزارو 80 تووشبوو تۆماركراوە. دهۆك؛ هەزارو 16 تووشبوو تۆماركراوە.
هێمن مهحموود ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت دوو جار بۆ تێپەڕاندنی كابینەی نوێی حكومەت شكستی هێناوە، بەڵام مالكی دەڵێت بەمزووانە حكومەتی نوێی عێراق، متمانەی پێدەدرێت، یەكێتی و پارتی لەلایەنی كوردیەوە لەسەر دابەشكردنی وەزارەتەكان ناكۆكن، محهممهد شیاع سوودانیش بهفهرمی داوای لهپهرلهمان کردووه ڕۆژی پێنج شهممه دهنگ بهکابینهکهی بدات، سوننەكان لەسەر وەزارەتی بەرگری و شیعەكانیش لەسەر پۆستی وەزارەتی نەوت ناكۆكن، شیعەكان بۆ چارەسەری ناكۆكییەكانیان پرسەكەیان داوەتە دەستی محەممەد شیاع سودانی، هاوكات میلیشیاكانی نزیك لەئێران لەهەوڵدان پۆستی بەرپرسی هەواڵگری بۆ خۆیان ببەن و پێیانوایە لەدوای هاتنی ئەمریكاوە بۆ عێراق ئەو پۆستە لای كەسێكی نزیك لەخۆرئاواییەكان بووە، هاوكات محمەد تۆفیق عەلاوی دەڵێت: یەكێك لەسەرۆك وەزیرانەكانی پێشوو پێی گوتووە، خۆپێشاندەران دێنە نێو ماڵەكانمانەوە لەناوچەی سەوزو بەشەقامەكاندا راماندەكێشن. هەرچەندە هەفتەی پێشووتر هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوایكرد لەسەرۆكی پەرلەمان رۆژی شەممەی رابووردوو دیاری بكرێت بۆ دەنگدانی پەرلەمان لەسەر متمانەپێدان بەكابینەكەی (محەممەد شیاع سوودانی)، بەڵام هەوڵ و داواكەیان بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان لەسەر پۆستە وەزارییەكان شكستی هێناو دانیشتنەكەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامنەدرا، ئەمەش لەكاتێكدایە جگە لەململانێی حزبە سیاسییەكان لەسەر پۆستەكان، میلیشیا چەكدارییە شیعەكانیش هەوڵی وەرگرتنی پۆستە ئەمنی و هەواڵگرییەكانی ناو حكومەت دەدەن كە ساڵانێكە بەدەستیانەوە نییەو بەدەست ئەو كەسانەوەیە كە لەسەر ئەمریكییەكان حیساب دەكرێن. شاخەوان عەبدوڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دیاری نەكراوەو دیارنییە كەی بۆ دەنگدان بەكابینەی نوێی حكومەت كۆدەبێتەوە، چونكە فراكسیۆنەكان لەنێوان خۆیاندا لەسەر پۆستەكان رێكنەكەوتوون و هێشتا رێككەوتن لەسەر وەزارەتەكان نەكراوە، بەتایبەت وەزارەتی نەوت، هەروەها لەنێو پێكهاتەكانیشدا رای جیاواز هەیەو رێكنەكەوتوون. كەناڵی (روسیا تودەی) لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە بڵاویكردووەتەوە ناكۆكی بەهێز لەنێوان محەمەد شیاع سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر پۆستە وەزارییەكان هەیەو سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو زۆربەی كاندیدانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستە وەزارییەكان رەتكردووەتەوە، ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی وتووە سوودانی داوای لەچوارچێوەی هەماهەنگی كردووە، كاندیدەكانی بۆ پۆستە وەزارییەكان بەكەسانی دیكە بگۆڕێت، هەربۆیە پێشكەشكردنی دیباجەی حكومەتەكەی بەپەرلەمان دواكەوتووە. نوسینگەی سودانی، ئاشكرایكردووە ئەو كاندیدانەی كە هەڵبژێردراون بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، ناوەكانیان رادەگەیەندرێت، بەڵام پاش تەواوبوونی چاوپێكەوتنەكان و دڵنیابوون لەپێگەی بەربژێرەكان لەڕووی یاساییەوە، ئەوەش خراوەتەڕوو كەچاوپێكەوتن لەگەڵ كاندیدەكاندا لەڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە ئەنجامدەدرێت، كە لەكۆمەڵێك راوێژكار پێكدێت و لەلایەن سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوەوە سەرۆكایەتی دەكرێت. هاوكات نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانێـتی دەوڵەتی یاساو یەكێك لەسەركردە سەرەكییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەنوێترین لێدوانی خۆیدا رایگەیاندووە، بەمزووانە حكوومەتی نوێی عێراق، متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست دەهێنێت كە نوێنەرانی سەرجەم پێكهاتەی گەلی عێراق تیایدا بەشدارن و داوایشی كردووە كە لەم قۆناغەی ئێستاداو لەپێناو پتەوتركردنی ئاسایش و سەقامگیری سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە، پاڵپشتی لەعێراق بكرێت. وەك ئاشكرایە دروستكردنی كابینەی نوێی حكومەت لەعێراقێكی پڕ لەگرووپی سیاسی جیاوازو نەتەوەو مەزهەبی ئاینی جیاوازو بیروبۆچوونی سیاسی جیاواز جیاوازو ناكۆك، هێندە كارێكی ئاسان نەبووەو هەمیشە كابینەكانی پێشووتر بەتەواوەتی پێكەوە هەمووی رانەگەیەنراوە، بەڵكو چەند وەزارەتێك ماوەتەوە یاخود لەڕێگای بریكارەوە بەڕێوەبراوە تاوەكو كاندیدی دڵخوازی هەمووانی بۆ دەستنیشانكراوە. جگە لەپۆستە وەزارییەكانیش، پۆستە ئەمنییەكانیش ناكۆكی لەناو هێزو گرووپە شیعیەكاندا درووستكردووەو دەیانەوێت دەست بەسەر دامەزراوە ئەمنییەكاندا بگرن. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بۆ میدیاكان دزەیان پێكراوە، (بزووتنەوەی حقوق)ی نزیك عەسائیبی ئەهلی حەق بەسەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی كە یەكێكە لەگەورەترین میلیشیا چەكدارییەكانی نزیك لەئێران، داوادەكات لەبەرامبەر دەستبەرداربوونی لەپشكە وەزارییەكان، هەردوو پۆستی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و هەواڵگری بدرێتێ، بەڵام كەتائیبی حزبوڵا كە ئەویش میلیشیایەكی چەكداری نزیك لەئێرانە واز لەوەرگرتنی ئەو دوو پۆستە ناهێنێت و داوایان دەكات. هاوكات كەتائیبی حزبوڵا داوا دەكات هاوڵاتی فاڵح فەیاز)ی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەپۆستەكەی دووربخرێتەوە و هاوڵاتی عەبدولعەزیز مەحمەداوی) سەرۆك ئەركانی حەشد، كە نزیكە لەمیلیشیا چەكدارییەكانی سەر بەئێران بخرێتە شوێنەكەی، بەڵام تائێستا یەكلایی نەبووەتەوەو پێویستی بەڕەزامەندی زۆرینە هەیە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی، لەسەر پۆستی وەزارەتی ناوخۆش ململانێ لەنێوان هاوڵاتی فەیاز) و دوو كاندیدی تردا هەیە. لەماوەی ساڵانی رابووردووشدا پۆستی بەرپرسی هەواڵگری عێراق هەمیشە نزیك لەڕۆژئاواو دوور لەئێرانییەكان بووە، هەربۆیە ئێستا ئەو میلیشیایانە چاویان لەوەرگرتنی ئەو پۆستەیە. هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە بەپێی لێدوانی مەحمود حەیانی نزیك لەهاوپەیمانێتی فەتح، نرخی هەر وەزارەتێكی سیادی گەیشتووەتە ٧٥ ملیۆن دۆلار، بەڵام نرخی وەزارەتێكی خزمەتگوزار كەمترە، ئاماژەشی بەوەكردووە بۆ نموونە نرخی وەزارەتی بەرگری گەیشتووەتە ٧٥ ملیۆن دۆلار، بەڵام تائێستا نرخی وەزارەتی ناوخۆ دیارینەكراوە. لەئێستاشدا بەپێی ئەو زانیارییانەی كە بڵاوكراونەتەوە هەرچی لایەنە شیعەكان و سوننەكان و كوردییەكان هەیە، ناكۆكییان لەسەر پۆستەكان بۆ درووستبووەو هەریەكەو داوای پشكی زیاترو كاندیدی دیاریكراوی خۆی دەكات كەدابنرێت. لایەنە شیعەكان كە پشكیان لەحكومەتەكەی سوودانیدا ١٢ وەزارەتەو سێ لەوانیش وەزارەتی سیادین كە ئەوانیش وەزارەتەكانی نەوت و دارایی و ناوخۆیین، دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتیی نوری مالیكی، هاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆكایەتیی هادی عامری، داوای وەزارەتی نەوت دەكەن و دەیانەوێت لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئاڵوگۆڕی پێبكرێت، كە لەماوەكانی رابووردوودا ئەو وەزارەتە لەپشكی بەدر بووە، بۆ چارەسەری ئەم ناكۆكییەكەش پرسەكە دراوەتە دەست محەممەد شیاع سوودانی بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی وەزارەتەكان بەگوێرەی كورسیی لایەنەكان كە بۆ هەر وەزارتێكی سیادی لەنێوان 12 بۆ 16 كورسییە. دەربارەی ناكۆكی سوننەكانیش هاوپەیمانیی عەزم بەسەرۆكایەتیی موسەننا سامەرائی، داوای پۆستی وەزارەتی بەرگری دەكات و كاندیدەكەیان خالید عوبەیدییە. لەبەرامبەردا هاوپەیمانیی سەروەری بەسەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبووسی، سوورن لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستەو ناسر غەنام بەربژێریانە. ئەوەش وایكردووە هاوپەیمانیی عەزم بڵێت، ئەگەر ئەو پۆستەو چەند پۆستێكی دیكەیان پێنەدرێت، ئەوا دەبێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان پێبدرێت. دەربارەی پشكی كوردیش، لەو چوار وەزارەتەی (دەرەوە، ئاوەدانكردنەوە، دادو ژینگە)ن كەبریارە بدرێت بەیەكێتی و پارتی، یەكێتی و پارتی تەنیا لەسەر یەك وەزارەت ناكۆكن، پارتی دەڵێت سێ وەزارەت پشكی منە، چونكە یەكێتی سەرۆك كۆماری بردووە، یەكێتیش دەڵێت پشكی من دوو وەزارەتە. لەلایەكی ترەوە ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوای لەسەرۆك وەزیرانی راسپێردراو كردووە، وەزارەتێكی خزمەتگوزاری یان پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار بەپێكهاتەی توركمان بدرێت، وتیشی: داوا دەكەین وەزارەتێك بەپێكهاتەی توركمان بدرێت، بەو پێیەی كابینەی نوێ، كابینەیەكی خزمەتگوزارییە، داوامان لەسەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ئەوەیە، وەزارەتێكی خزمەتگوزاری یان دوو وەزارەت یان جێگری سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پێكهاتەی توركمان دەستنیشان بكات. محمەد تۆفیق عەلاوی وەزیری پێشووی گواستنەوەو راسپێردراوی پێشووتر بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق لەنووسنێكدا ئاشكرای كردووە یەكێك لەسەرۆك وەزیرانەكانی پێشووی عێراق پێی گوتووە، «خۆپێشاندەران دێنە نێو ماڵەكانمانەوە لەناوچەی سەوزو بەشەقامەكاندا راماندەكێشن.» دەشڵێت، «ترسم لەوە هەیە پشێوی سەرهەڵبدات و سەرەتایەك بێت بۆ جەنگی نێوخۆیی». جێگای ئاماژەیە رۆژی ١٣ی ئەم مانگە لەتیف رەشید وەك سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردراو دواتریش محەمەد شیاع سوودانی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ كەپێویستە لەماوەی ٣٠ رۆژدا كابینە وزارییەكەی پێكبهێنێت.
ئیمان زەندی هاوڵاتی بەدواداچوون بۆ كوالێتی ئاوو دەبەو جامی ئاوی كارگەكانی بەهەمهێنانی ئاو لەهەرێمی كوردستان دەكات، كارگە هەیە تاقیگەی تایبەتی خۆی نیە یان ماددە ئەوەلیەكەی لەكوالێتی دەرنەچووە، هاوكات دەبەیان ریسایكڵین كردووەتەوە، سۆكار مەحمود نوێنەری پێوانەسازی كوالێتی كۆنتڕۆڵ و ئەندام لەلیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت: گرفتێكمان هەیە كەتاقیگەمان نیە پشكنین بۆ ماددە ئەوەلییەكان بەدروستی بكات، لەم بەدواداچوونەدا دوو پزیشكی پسپۆڕ لەسەر كوالێتی ئاوی دەبە قسە دەكەن و هەردووكیان جەختدەكەنەوە،»كە باشترین شت ئەوەیە هاووڵاتیان ئاوی بەلوعە بخۆنەوە». هاوكات لەگەڵا سەرچاوەیەكی زۆری ئاوی سازگار لەكوردستان، لەبەریتانیاو ئەمریكاو توركیاوە ئاو هاوردەدەكرێت و لەگەڵا ئەوەشدا بەقاچاغیش دەهێنرێت. سۆكار مەحمود، نوێنەری پێوانەسازی كوالێتی كۆنتڕۆڵ و ئەندام لەلیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەساڵی ٢٠١٩ لیژنەی كارگەكانمان دامەزراندووە كە لەپێنج نوێنەر پێكدێت، ئەوانیش كوالێتی كۆنتڕۆڵ كەسەرۆكی لیژنەكەیەو تەندروستی و گەشەپێدانی پیشەسازی و ئاسایشی ئابوری لەگەڵ قایمقامیەت، رۆژانە سەردانی كارگەو ماركێتەكان و كۆگاكانی ئاو دەكات، لێپرسینەوە لەمۆڵەتی بەسەرچوون و ناسنامەی كارمەندەكان لەڕووی تەندروستییەوە لەگەڵ چۆنیەتی بەرهەمهێنانی ئاوەكان دەكرێت و هەڵگرتنیان لەناو كۆگاكان، دواتر ماددە پلاستیكەكە لەكوێوە دێنن»، وتیشی: «لیژنەكانمان هەموو سەرپێچیەكانی كۆنترۆڵكردووە، بەڵام حاڵەت هەر دەبێت و كارگەكان بەراورد بەڕابردوو پابەندترن، گرفتێك هەیە كە تاقیگەمان نیە پشكنین بۆ ماددە ئەوەلیەكە سەد لەسەد بكات، بۆیە دەبێت بڕوانامەی تایبەتی لەگەڵ بێت». سۆكار مەحمود، دەڵێت:»گرفتی پەرداخەكانمان هەیە كەدەبێت هەموو رۆژ بەروارەكەی بگۆڕدرێ، بەڵام لەبەر گرانی كارەكە مەرجە ١٠ رۆژ جارێك بەروارەكە بگۆڕن، دواتر سەیری فلتەریشن دەكەین بەتایبەت رێژەی ئۆزۆن، چونكە دەبێت ئاوەكە لەكۆگا ٢٤ بۆ ٤٨ كاتژمێر دابنرێت تا شیدەبێتەوە چونكە دواتر تام و بۆنی ئاوەكە ناخۆشە، خاڵێكی تر وەرگرتنی نموونەی پشكنینەكانیانە بەدەر لەپشكنینەكانی خۆیان دەینێرین بۆ خۆپارێزی تەندروستی سلێمانی تاجیاوازی پشكنینەكان ببینین تاچەند وەكو یەكە، لەئێستادا بەگشتی لەپشكنینەكان دەردەچن». «كارگە هەبووە تاقیگەی تایبەتی خۆی نەبووە یان ماددە ئەوەلیەكەی لەتاقیگە دەرنەچووە یاخود دەبەیان ریسایكڵین كردووەتەوە، یان پسپۆڕی تایبەتی نەبووە یاخود بارهەڵگرەكانیان سەربەتاڵ بووە هەرچەندە ئەم گرفتەیان بەردەوامە چونكە ئەگەر بكرێت بەبەڕاد نرخی ئاو گران دەبێت لەسەر هاوڵاتی، غەرامەی سەرپێچیەكانی كارگەكانیش لەنێوان ٢٥٠ هەزار بۆ پێنج ملیۆن دینارە، هەرچی ماركێت و فرۆشگاكانیشە لەنێوان ٧٠ بۆ ١٥٠ هەزارە»، لەشاری سلێمانی زیاتر لە ٢٠ كۆگای ئاو هەیە، دەبێت پلەی گەرمییان لە ٢٥ زیاتر نەبێت و تیشكی خۆر لێیان نەدات، بۆ سەردانی ماركێتەكانیش زیاد لە ٤٤ لیژنەمان هەیە، هۆشیارمان كردوونەتەوە كە نابێ ئاو بیبەستێت و پلەی گەرمییان لە ٣٠ پلە زیاتر نەبێت، زۆرترین پلە دیاریمان كردبێت ٥٠ بووە، ئاوەكان تەنانەت لەوەرزی زستانیش نابێت خۆر بەری بكەوێت و بیبەستێت، بەڵام بەگشتی ماركێتەكان زۆر پابەندن» سۆكار مەحمود وای وت. لەكوردستان هەموو كارگەكانی ئاوی دەبەو جام خۆماڵین، سەرمایەی وەبەرهێنانیشیان ١٦٧ ملیۆن و ٨٨٦ هەزار دۆلارە. زەینەدین مەحمود، بەڕێوبەری بەرهەمهێنانی كارگەیەكی ئاوە لەسلێمانی بەهاوڵاتی وت: « كارگەكەمان لەبازیانە و ئەو ناوچەیەش دەوڵەمەندە بەئاوی ژێر زەوی و رێژەی خوێی بەرزەو دوورە لەپاشەرۆی مرۆیی و كیمیایی، لەبەر پاشەڕۆی كارگە و نەوت ساڵانە دووجار پشكنینەكانمان دەنێرین بۆ وڵاتی ئیمارات بۆ پشكنینی ماددە قورسەكان»، وتیشی: «لەتاقیگەكەمان پشكنینی ٦٠ جۆر كانزایی قورس دەیكەین وەكو (كاردینیۆم، ئایرۆن، تیمۆنی) كە لەئاودا زیاد دەكەن، هەموو رۆژێك پشكنینی بەكترۆلۆجی دەكەین و هەموو سەری كاتژمێرێك پشكنینی كیمیایی (پی ئێچ)ی ئاوەكە دەكەین لەبەر گۆڕان و رێژەی خوێ لەگەڵ ئۆزۆن، هەرچی پشكنینی فیزیاییشە بۆن و تام و رەنگە لەگەڵ شلی و تووندی دەبەكە، بە نۆ هەنگاو ئاو لەفلتەر دەدرێت لەكارگەكان. ناوبراو دەڵێت: «پێش فلتەركردن دوو بورجی هەوا كێشكردنمان هەیە، هەر بورجێكیان حەوت مەتر ئاو دەگرێت، كەهەر مەترێكی هەزار لیترە، ئەم بورجانە ئاوەكە لەگازی (CO2, H2O)و میسان پاكدەكاتەوەو ئۆكسجین بۆ ئاوەكە زیاددەكات كە بەهۆی دابەزینی ئاوی ژێرزەوی روودەدات، پاشان كلۆری بۆ زیاد دەكرێت و میكرۆبەكان لەناودەبات، دواتر خاڵی رێكخستن بە لم دێت كە بۆن و تام و كلۆر دەگرێ، هەرچی قۆناغەكانی سێ تا هەشتە فلتەری پێنج مایكرۆنی و یەكی و ئۆ پۆینت ٣٠ییە كە هیچ تەن و بەكتریاو خوێیەك تێناپەڕێت، كۆتا قۆناغیش ئۆزۆنە كاری هەمویان تەواو دەكات، لەكاتژمێرێكدا ١٠٠ مەتر ئاو پاكژدەكەینەوە»، وتیشی: « ماددەی سەرەتایی دەبەكان ئیمپوڵە كە ناوە بازرگانیەكەیەتی و ناوە زانستییەكەی (پۆڵی ئەپیلین تێترا فاسەلەیت نەمبەر وەن)ە لەتوركیاوە دەیهێنین نابێت بەهیچ جۆرێك ریسایكڵین بكرێتەوە، چونكە یەكجار بەكاردێت، لەكاتژمێكدا ٤٥ هەزار دەبە بەرهەمدێنێت هەرچی نەگونجێ ئەیتەقێنێ، و تۆنێك ئیمپوڵ بەهەزار و ٨٠٠ دۆلار دەكڕین پلاستیكەكە بۆ ساڵێك بەرواری لێدەدەین، ناتوانین ئاوی شووشە بەرهەم بهێنین، چونكە ساغنابێتەوەو هیچ داواكاریەكیشمان بۆ نەهاتووە». لەكوالێتی كۆنتڕۆڵی دەروازەكانی كوردستان پشكنین بۆ جۆری پلاستیك دەكرێت بۆ ئاوەكانی ناوخۆ ناكرێن لەو بارەیەوە محەمەد فاروق، لێپرسراوی كۆنتڕۆڵی جۆری كۆمپانیای رەزگە بە هاوڵاتی وت: «حەوت جۆر كۆدمان هەیە لەسەر پلاستیكەكان ئەم كۆدانەش بۆ ئەوەیە بەكارهێنەر بیناسێتەوەو خۆی لەژەهرو ئاوێتە خراپەكانی ناو پلاستیكەكە بپارێزێت و لە تاقیگەكەشمان پشكنین بۆ هەموو جۆرەكانی دەكرێت، بەشێوەیەكی سەرەكی پێنج جۆریان بەشێوەی دەنكۆڵە یان پاودەر هاوردە دەكرێت و دوو جۆریان تایبەتن بە ئاو وەكو (پۆلی ئەسیلین تێر فسالات)و (پۆلی پڕۆپلین)»، وتیشی: «ناتوانین ئەو جۆرە دەستنیشان بكەین كە لەپشكنین دەرنەچووە، چونكە لەسەر بنەمای بەكارهێنانی جۆری پلاستیكەكە دەگۆڕێت كاتێك هاوردەش دەكرێت دەبێت نووسراوی رێگەپێدانی لایەنی پەیوەندیداری پێبێت لەگەڵ مەبەستی بەكارهێنانی و خاڵی بن لەماددە قورسەكان»، دەڵێت: «لەڕێگەی ئامێری تایبەتەوە پشكنین بۆ ناسینەوەی جۆری پلاستیكەكە دەكەین هەتا بزانرێت دەگونجێت بۆ ئەو، پیشەسازییە، پاشان بەشێوەیەكی گشتی پشكنینی كانزا قورسەكانی بۆ دەكرێت بۆ سەلامەتی مرۆیی، و هیچ ئاوێكی ناوخۆ لای ئێمە پشكنینی بۆ ناكرێت، و دڵنیای دەدەین بە هاوڵاتیان كە سەرجەم بەرهەمەكان پشكنینی سەلامەتی بۆ دەكەین چ ماددەی خام یان ئامادەكراو بێت لەسەر بنەمای ستانداردی عێراقی و نێودەوڵەتی. بەرگەشت ئاكرەیی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندی دەستەی وەبەرهێنان بۆ هاوڵاتی دەڵێت: «لەهەرێمی كوردستان ١٨ پرۆژەی ئاوی تەندروست و كانزایی مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە كە یەك هەزار و ٢٥٠ كارمەندیان هەیە، كۆی گشتی سەرمایەی پڕۆژەكانیش ١٦٧ ملیۆن و ٨٨٦ هەزار و ٨٣ دۆلارە، هەمویان خۆماڵین جگە یەكێكیان هاوبەشە، و بەرهەمەكانیان هەناردەی ناوەڕاست و خواروی عێراق و ئەوروپا دەكرێت، لەگەڵا ئەوەشدا ئاو لەتوركیا هاوردە دەكرێت بەڵام بەڕێژەیەكی كەم». بازرگانێكیش كە چوار ساڵە ئاو هاوردە دەكات، پێی باش بوو ناوی نەهێنرێت بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «نزیكەی ٢٥ جۆر ئاو دەهێنرێت كە توركی و ئەمریكی و بەریتانیە، هەندێكی بەقاچاخ دێت لەتوركیا و هەندێكی تریان بەوەكالەتە، نرخەكانیان لەنێوان هەزار بۆ پێنج هەزارەو قەبارەی ئاوەكانیش لەنێوان ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ ملیمە، بەقاچاخی بۆ ساڵەكە بارهەڵگرێك دێت، وە كۆمپانیاكان نزیكەی ١٠ بۆ ١٢ بارهەڵگر دێنن، ئاوەكان زیاتر لەشوشەن زۆر كەس بۆ نەخۆشی داوای دەكات، ئاوی دەبی پلاستیك هاوردە ناكەن». هاوكات د.سیروان ئەحمەد، پزیشكی یاریدەدەر لەزانكۆی سەڵاحەدین لەكۆلێژی زانستە ئەندازیارە كشتوكاڵییەكان بەشی پیشەسازی خۆراك بۆ هاوڵاتی وتی:»كۆی جیهان بەسێ جۆر پیسبوون پیسبووە، پیسبوونی فیزیایی وەكو (بێتا، گاما، یۆرانیۆم) و پیسبوونی مایكرۆبایەلۆجی وەكو (بەكتریا، ڤایرۆسەكان، كەڕووەكان، قەوزەكان)، جۆری سێیەم كیمیاییەو مەترسیدارە كە لەخاك و هەواو ئاودا هەیە، یەكێك لەو ماددانەی لەدەبەی پلاستیكیدا هەیە بیسفینۆڵە لەماوەی هەفتەیەكدا كارلێك لەگەڵ ئاو دەكات بەهۆی پلەی گەرمی و ماددەی پی ئێچ-یش بەهۆی تیشكی خۆرەوەیە، پێكهاتەی پلاستیكی پەرداخیش هۆكاری نەرمیەكەی بوونی ماددەی (لالۆن هایدینس و پۆڵی ئەپیلین)ە، ئەم جۆرە باشترە چونكە لەخاكدا زووتر شیدەبێتەوە»، وتیشی: «هەندێكجار دەبە ساغەكان دووبارە بەكاردێتەوە غەسل دەكرێتەوە بەئۆزۆن و هەواو ئاوی گەرم چونكە كولفەی كەمی تێدەچێت، پلاستیك دوای چەندینجار ڕیسایكڵكردنی لەكۆتاییدا دەبێت هەر فڕێبدرێت، باشترین شت ئەوەیە كەهۆشیاری هاووڵاتی بەرزبكرێتەوە ئاوی بەلوعە بخواتەوە»، راشیگەیاند: «هەندێك تووێژینەوە لەسەر ئاوی بەستو ئاماژەیان بەوەداوە كە ماددەی دایۆكسی پلاستیكەكە كارلێك دەكات، بەڵام هەندێك تووێژینەوەی تر لەبەرامبەریدا دەڵێن ماددەی دایۆكسی ماددەیەكی سامە لەپلاستیكدا نیە، بەڵام پێویستە هاووڵاتی لێی دووربكەونەوە، چونكە رێنمایی نەدراوە بڵێت پلاستیك بۆ بەفرگر دەشێت، ئەو تاقیكردنەوانەشی بۆ بەرهەمی كارگەكان كراوە یاخود مامۆستایان تووێژینەوەیان لەسەر كردوون، دەڵێن چاودێری زیاتر هەبێت باشترەو دەبێت یاساكان توندتر بكرێت و بەپێی یاسای خۆراكی عێراق یان كوردستان كاربكەن». بەپێی ئامارێكی فەرمی كە هاوڵاتی لەبەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی میدیایی و پەیوەندی دەستەی وەبەرهێنان دەستیكەوتووە ساڵانە لەیەك كارگەی هەرێمی كوردستان ١١٥ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار لیتر ئاوی دەبەو ٢٤ ملیۆن لیتر ئاوی جام بەرهەمدەهێنرێت. هەروەها د.شۆخان عوسمان، پسپۆڕ لەبەرگری لەش بەهاوڵاتی راگەیاند: «ئاوی كوالێتی خراپ مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەكات و دژی ئیسترۆجین و پڕۆجیسترۆنە لەگەڵ تێستێستیرۆن و هۆڕمۆنی لەش و چالاكی جگەر تێكدەدات، تەنانەت كاردەكاتە سەر كەمبوونەوەی سپێرمی پیاوان و زوو پێگەیاندنی ئافرەت»، وتیشی: «لەتووێژینەوەیەكدا دەركەوتووە كە ئەو بڕە كانزایانەی كە لەئاوەكەدا هەیە هەمان ئەو بڕە نیە كە لەسەر دەبەكە نووسراوە، دەبێت نەخۆشانی گورچیلە زۆر وریابن لەوبارەیەوە، زۆری كانزاكان خوێن تووشی ژەهراویبوون دەكات، پێویستە ئەوە راستبكرێتەوە كەئەوەی ئاوی پلاستیك بخواتەوە ژیانی لەمەترسیدایە، نەخێر وانیە! بەڵام باشترە ئاوی بەلوعە بخورێتەوە، داوا لەكارگەكان دەكەین رەچاوی ستانداردی جیهانی بكەن و ئەو رێژە كانزایەی دەینووسن رەنگدانەوەی ئاوەكە بێت.
هەژار ئەنوەر لەهەرێمی كوردستان دیاردەی هەڵگرتنی چەك رێژەی تاوانەكانی كوشتن و خۆكوشتنی زیادكردووە، ئەگەرچی حكومەتی هەرێم چەندینجار هەڵمەتی پچڕپچڕ بۆ رێگرتن لەدیاردەی چەكهەڵگرتن ئەنجامدەدات و 14 لیژنەی هاوبەش لەوەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەو ئاسایش لەپارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان پێكهێندراوە، بەڵام رووداوەكان هەر بەردەوامن، رۆژانە لەدادگای تاوانی هەولێر زیاتر لە 10 كەیس سەبارەت بە رووداوی تەقەكردن دەبینرێت، تووێژەرانی كۆمەڵایەتیش پێیانوایە دیاردەی بنەبڕنەكردنی چەكی بێمۆڵەت و رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن بۆ لاوازی داداگاكان دەگەڕێتەوە. موقەدەم كارزان ئەمیر وتەبێژی پۆلیسی گشتی هەرێم، بەهاوڵاتی راگەیاند:» بەفەرمانی سەرۆكی حكومەت بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی یاسای چەك پاڵپشت بەماددەی (18) لەبڕگەی (3)ی ژمارە (2)ی ساڵی 2022، بەپێی رێنمایی ژمارە (6)ی ساڵی 2022ی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بەداماڵینی گشت ئەو چەك و تەقەمەنییانەی لەدەرەوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان لەهەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، بۆ ئەم مەبەستە (14) لیژنەی هاوبەش لەوەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگەو ئاسایش لەپارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان پێكهێندراوە، بۆ وەرگرتنەوەو داماڵینی چەكی جەنگی و تەقەمەنییەكان لەبنكەكانی وەرگرتن، واتە لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان بنكەی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە كراوەتەوەو زانیارییەكانیش بەشێوەی سیستەمی ئەلیكترۆنی دەبێت، كە بەمشێوەیە: لەپارێزگای هەولێر سێ بنكە، پارێزگای سلێمانی سێ بنكە، پارێزگای دهۆك دوو بنكە، پارێزگای هەڵەبجە یەک بنكە، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان یەک بنكە، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین یەک بنكە، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەک بنكە، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەک بنكە. وتیشی:» جگە لەمە 40 لیژنە لەوەزارەتەكانی ناوخۆو پێشمەرگەو ئاسایش پێكهێندراوە بۆ تۆماركردنی چەكی ئاگرین كەكڵاشینكۆف و هاوشێوەكانی لەخۆدەگرێت و چەكی تۆماركراو لەلایەن خاوەن چەك دەمێنێتەوە بەمەرجێك كە بەڵێننامە پڕبكاتەوە كەچەكەكەی لەماڵ دەبێت و هەڵیناگرێت و نابێت بەكاریبهێنێت و تەنانەت فرۆشتن و بەخشینیشی نابێ پێبكرێت». كارزان ئەمیر دەڵێت: «بۆ ئەم مەبەستە 40 بنكەی تۆماركردنی مۆڵەتی چەك لەشارو شارۆچكەكان دەكرێتەوە كە بەمشێوەیە دەبێت: لەپارێزگای هەولێر هەشت، پارێزگای سلێمانی 11، پارێزگای دهۆك حەوت، پارێزگای هەڵەبجە چوار، ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سێ، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دوو، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چوار، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەک بنكە، بۆیە پێویستە ئەوانەی چەك و تەقەمەنی بێمۆڵەتیان هەیە لەماوەی یەك ساڵدا رادەستی بنكەكانی بكەن، دوای ئەم وادەیە هەركەسێك چەكی بێمۆڵەتی پێبگیرێت ئەوە خاوەنەكەی و چەكەكە رەوانەی دادگا دەكرێن و چەكەكە بەقاچاغ ئەژمار دەكرێت و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت». لەلایەكی ترەوە دوای تەواوبوونی ئەم وادەیە وەزارەتی ناوخۆ هەشت لیژنە پێكدەهێنێت بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو كەسانەی داوای مۆڵەتیان كردووە بەپێی یاسای چەك و دواتر بڕیاردەدرێت ئایا مۆڵەتی پێبدرێت یان نا. سەبارەت بەدیاردەی چەكهەڵگرتن، شاخەوان رەئوف بەگ سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆو خۆجێییەكان لەپەرلەمانی كوردستان، بەهاوڵاتی راگەیاند: «لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەسەر دیاردەی چەكی بێمۆڵەت قسەمان كردووەو لەئێستادا تاڕادەیەك دیاردەكە كەمبووەتەوە، بەتایبەت لەدوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵگرتنی چەك و مۆڵەتپێدان، بەپێی یاساكەو رێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ هەركەسێك چەكی بێمۆڵەتی هەبێت یان فرۆشگای چەك و كەرستەی سەربازیی هەبێت و بێمۆڵەت بێت راستەوخۆ دەستی بەسەردادەگیرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێ و سزاش دەدرێت تائاستی سزای زیندانیكردن». وتیشی:» لەچوارچێوەی یاساكە رێكخستنەوەیەكی باش كراوە، تەنانەت شوێنی فروشگای چەك و كەلوپەلی سەربازی دەگۆڕدرێن و بەشێوەیەكی مۆدێرن لەئایندە دەكرێنەوە، ئەویش دەبێت مۆڵەتیان هەبێت، بۆیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەسەر هێڵین كە بەجددی كاربكەن و ئەم دیاردەیە نەبێتە هۆی تێكدانی باری ئەمنی و كۆمەڵایەتی و سیاسی». تووێژەرانی كۆمەڵایەتی پێیانوایە دیاردەی بنەبڕنەكردنی چەكی بێمۆڵەت و رووداوەكانی كوشتن و خۆكوشتن بۆ لاوازی داداگاكان دەگەڕێتەوە. تووێژەی كۆمەڵایەتی ستار باقی دەڵێت: «بەداخەوە تاكی كوردستان بەهۆی ئەو هەمووە داگیركارییەی بەدرێژایی مێژوو رووبەڕووی بووەتەوە رووی لەدیاردەی چەك كردووەتەوە، دیاردەی بنەبڕنەكردنی چەكی بێمۆڵەت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەدادگاكان لاوازن، جگە لەمەش حكومەت خۆی رۆڵی هەیە لەلاوازكردنی دادگاكان، بۆیە ئەمە وایكردووە چەكی بێمۆڵەت درێژەی هەیە». ستار باقی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «بەدرێژایی حوكمڕانی كوردی دەسەڵات نەیتوانیوە ببێتە پارێزەری تاكی كوردستان تەنها پاسەوانی و بەرگری لەحزب كردووە، زۆرجاریش رەنگە لەبنەبڕنەكردنی چەكدا حكومەت خۆی هۆكاربێت لەبەر بازرگانیكردن بەچەك، لەبەرئەوەی داهاتێكی خەیاڵی هەیەو هەموو تاكی كوردستان بێئاگان لێی». ئەگەر كۆمەڵگا لەسەر بنەماكانی مافی مرۆڤ پەروەردە بكرێت و حكومەت تاكەكانی هۆشیار بكاتەوەو باجی زیاتر بخاتەسەر ئەو كەسانەی كەچەكی بێمۆڵەت هەڵدەگرن و سزاكان قورستر بەسەر بكوژەكان بكات، هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكانی كوشتن و تەقەكردن. رۆژانە زیاتر لە 10 كەیسی تەقەكردن لەدادگاكان دەبیندرێت یاساناس محەمەد عەبدوڵا بەهاوڵاتی ڕاگەیاند: « كەیسەكان سەبارەت بە رووداوی تەقەكردن جیاوازن و رۆژانە زیاتر لە 10 كەیس دەبیندرێت لەدادگای تاوانی هەولێر، خەڵكی دەوروبەری شاریش زۆرترین رێژەی چەكی بێمۆڵەتیان هەیە، ئەوانەشی دەستگیردەكرێن و پاشان ئازاددەكرێن ئەوە یاساكە پێبژاردنی داناوەو دادگاش سەیری باری دارایی كەسەكە دەكات بەڕێژەیەكی بەرچاو». وتیشی: دادگا زیاتر سزای ماددی كەسەكە دەدات و چەكەكەش دەستی بەسەردادەگیرێت، لەم بارودۆخە زۆرترین كەس بەئۆتۆمبێل و چەك تووشی رووداو دەبن و یاساكەش كەمترین سزا دادەنێت، ئەویش بەپێی ماددەی 24 لەیاسای چەك و هاتوچۆدا».
هاوڵاتی ناڕەزایەتییەكانی ئێران نەوەیەكی نوێی هێناوەتە ناو گۆڕەپان و چەقی خۆپیشاندانەكانەوە كە بەنەوەی دیجیتاڵ و مۆبایل ناودەهێنرێت، ئەو نەوەیە لەئێستادا جگە لەئێران پرسی سەرەكیی جیهانە، چونكە بەبڕوای شارەزایانی كۆمەڵایەتیی ئەو نەوەیە پاڵەوانی ناوێت و خۆیان پاڵەوانی خۆیانن. ئەوەی بوونی لەشەقام و گۆڕەپانەكان بەرچاوەو پاڵەوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانن تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 25 ساڵە، ئەوان پایەكانی دەسەڵاتیان هێناوەتە لەرزەو پێشەنگایەتیی ناڕەزایەتییەكانیش دەكەن و مێژوویەكیان لەشكۆ تۆمار كردووە كە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەش ناتوانن حاشای لێبكەن. لەبنەڕەتدا سیستمی دەسەڵات لەئێران جۆرێك لەپاڵەوانی سەپێنراوی دروستكردووە كەئەویش لوتكەی ئەو دەسەڵاتەیە كە بەهەموو شێوەیەك داواكارییەكانی فەرامۆش كردووە، سەرەڕای ئەو كەموكوڕی و قەیرانە ئابورییانەی هەر بەهۆی ئەو دەسەڵاتەوە یەخەی كۆمەڵگەی ئەو جۆگرافیایەی گرتووەتەوەو زۆربەی دانیشتوان لەژێر فشاری ئابوریی و كۆمەڵایەتیدان لەكاتێكدا وڵاتەكە لەڕووی سامان و سەرچاوەكانی داهاتەوە بەیەكێك لەدەوڵەمەندترین وڵاتەكانی جیهان ئەژمار دەكرێت. ئەوەی بەدیدەكرێت لەماوەی زیاتر لەمانگێك خۆپیشاندان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان زۆرترین گەنج و ئەو نەوەیە كوژراون كەپێیان دەوترێت نەوەی (Z) چونكە زۆربەی كوژراوان تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 24 ساڵە كەئەوانیش دەچنە خانەی ئەو نەوەیە كە لەستانداردە جیهانییەكانی كۆمەڵناسیدا پۆلێن كراون. نەوەی دیجیتال یان مۆبایل ئەگەرچی توانای دەربڕینی لەقسەكردندا باش نییە، بەڵام بە نەوەی راستیخوازو دادپەروەر لەقەڵەم دەدرێن و لەهەمان كاتیشدا زۆر بۆیان گرنگە دەسەڵاتیان بەزۆر بەسەردا نەسەپێنرێت، بەپێناسەیەكی دیكە كۆمەڵایەتی دەیانەوێت خۆیان پاڵەوانی خۆیان بن و ئازاد بژین. ئەوەی لەئێران و تەنانەت رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەدیدەكرێت هاتنەپێشەوەی ئەو نەوەیە كەپێشەنگە بۆ نەوەی پێش خۆیشی كە بەنەوەی (Y) ناودەهێنرێت. ئەگەرچی هۆكاری سەرەكیی ناڕەزایەتییەكان لەئێران وەك ستەمێكی دوورودرێژو نادادپەروەرییەكی مێژوویی لەقەڵەمدەدرێت كەتەمەنی دەگاتە زیاتر لە 40 ساڵ بەڵام دەركەوتنی نەوەیەكی نوێ ئاماژەی دیكەشی لەگەڵ خۆی هێناوە كەمایەی سەرنجە، بەتایبەت كەپێشەنگایەتی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەكان دەكەن، بەكوڕو كچەوە قۆڵیان بۆ گۆڕانكاریی هەڵكردووەو لەزۆر حاڵەتیشدا سنگیان كردووەتە قەڵغان لەپێناو داهاتوویەك كەدواجار ئەو نەوەیە دەبێت بەخاوەنی. نەوەی دیجیتاڵ دژی ستەم لەستانداردی جیهانیدا كۆمەڵگا بەسەر چەند ئاستێكدا دابەش دەبێت، بەپێی ئەو ستانداردە (Generation X) ئەوانەن لەساڵانی 1965 تا 1980 لەدایكبوون، نەوەی دواتر (Generation Y) كە لەساڵانی 1980 تاساڵانی كۆتاییەكانی 1990 بۆ 1995 لەدایكبوون كە بەنەوەی (Millennials) ناودەهێنرێن لەدوای ئەم دوو نەوەیە هەر نەوەیەكی دیكە لەدایكبووبێت واتە لەكۆتایی ساڵانی 1995 و 2000 تا 2010 لەدایكبووبێت بەنەوەی (Generation Z) یان نەوەی زێد ناودەهێنرێت. مێژووی لەدایكبوونی ئەو نەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی دیجیتاڵ لەجیهانو بۆیە زۆرجار نەوەی زێد بەنەوەی دیجیتاڵ و مۆبایلی زیرەك و هەندێكجاریش نەوەی ئایپادا ناودەهێنرێت. هەر نەوەیەك لە رووی كۆمەڵناسییەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیەو ئەوەی مایەی سەرنجە، نەوەی زێدە بەخاوەنی داهاتوزوی نزیكی جیهان ئەژماردەكرێن. لە ژینا ئەمینی كەخۆی لەدایكبووی نەوەی زێدە تازۆربەی ئەو كەسانەی لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە، لەو نەوەیەن كە لەكۆی 84 ملیۆن دانیشتوی وڵاتەكە نزیكەی 20% بۆ 25%ی ئەو كۆمەڵگەیە پێكدەهێنن. بەگشتی لەهەموو كۆمەڵگەكانی جیهاندا 76%ی هەموو گەنجان لەنەوەی زێد یان دیجیتاڵ لەقەڵەمدەدرێن. ئەو نەوەیە پێش ئەوەی بەدوای گۆڕانكاریی سیاسییەوە بێت بەدوای ئازادییەوەیە بەتایبەت لەبواری ژیانی تایبەتیدا لەكاتێكدا دەسەڵات لەئێران رێگە بەئازادیی خواردن و خواردنەوەو جلوبەرگ و تایبەتمەندییە كەسییەكان زۆرینەی دانیشتوانی كۆمەڵگەكەی نادا. شارەزایانی كۆمەڵناسی ئێران بڕوایان وایە ئەو نەوەیە بەرهەمی ئەو دایك و باوكانەن كە بەنەوەی وای (Y) ناودەهێنرێن و شێوازی پەروردەیان لەگەڵ نەوەی پێش خۆیان جیاوازەو لەڕووی كۆمەڵایەتی و خێزانییەوە ئازادانەتر پەروەردە كراون بەتایبەت كەدایك و باوكی نەوەی زێد بەنەوەی ریفۆرم و گۆڕانكاریی لەوڵاتەكە لەقەڵەمدەدرێن. نەوەی زێد لە رووی پەروەردەو خوێندنەوە پێچەوانەی نەوەكانی رابردوو رووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی لەخوێندگەكان نەبوونەتەوەو ئەگەریش توندوتیژییان بەرامبەر كرابێت ئەوا لەلایەن دایك و باوكیانەوە بەرگرییان لێكراوە بەپێچەوانەی دایك و باوكانی نەوەی (X) كە رەنگە زۆربەیان مامۆستاكانیان هاندەدا بۆ ئەوەی لەمنداڵەكەیان بدات، بۆیە ئەزموونی پەروەردەی جیهان سەلماندویەتی ئەو منداڵانەی لەخوێندنگەكان رووبەڕووی توندوتیژیی نەبوونەوەتە ئازادانەتر بیردەكەنەوە و ئازادانەتریش هەڵسوكەوت دەكەن. ئەوەی لەسەر نەوەی زێد لەئێران بەدیدەكرێت ئەوەیە كەئەوان جگە لەو ئازادییەی لەناو خێزان هەیانە دەیانەوێت لەكۆمەڵگەشدا خاوەنی ئازادی بن و بڕیاریان بەسەردا نەسەپێت كە چی دەپۆشن و چۆن دەردەكەون. ئەوان خوازیارن شانبەشانی گۆڕانكارییە خێراكانی جیهان هەنگاو بنێن لەكاتێكدا دەسەڵات لەئێران بەبەردەوامیی دژی ئەو هەنگاوە خێرایانە وەستاوەتەوەو زۆرجار پێشكەوتنی خێرای جیهان بەپیلانی دوژمنانی خۆی وەسف دەكات، كەوایە ئەو دەسەڵاتە ناتوانێت ئەو نەوەیە رازیی بكات. نەوەیەكی بێكار لەئێران لەئامارە فەرمییەكانی ئێراندا دەركەوتووە رێژەی بێكاریی لەتەمەنی نێوان 18 بۆ 24 ساڵ لەو وڵاتە گەیشتووەتە 23% ئەوەش لەكاتێكدایە بەگشتی رێژەی بێكاریی لەوڵاتەكەدا 8.9% بووە، بەڵام رێژەی بێكاریی لەنەوەی زێد زۆر زیاترە لەچینەكانی دیكە. بەپێی ئامارە نافەرمییەكان زیاتر لەپێنج ملیۆن بێكار لەناو دەستی كارو گەنجانی ئێراندا هەیە كە زیاتر لەدوو ملیۆنیان سەر بەنەوەی زێدن، ئەو نەوەیەی كە لەهەموو چینێك زیاتر لەناڕەزایەتییەكان و خۆپیشاندانەكاندا دەبینرێن. خوێنی نەوەیەك لەپێناو داهاتوویان بەپێی دوایین ئامار لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە 16ی ئەیلول تا 16ی تشرینی یەكەم، لانیكەم ناوی 240 كەس تۆمار كراوە كە لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كوژران. لەكۆی ئەو ژمارەیە 24 كەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمتر بووەو دوو كوژراویان تەمەنیان 12 ساڵ و 13 ساڵ بووە. 19 كوژراو تەمەنیان 18 ساڵ بووە و 28 كوژراو تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 19 ساڵ و 51 كوژراویش تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 25 ساڵ بووەو ژمارەیەكی بەرچاویش لەكوژراوان تەمەنیان لە 30 ساڵ تێنەپەڕیوەو چوار كوژراو تەمەنیان لە 50 بۆ 62 ساڵ بووە. بەگشتی زۆرینەی ئەو كوڕو كچانەی لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران كوژراون و وێنەو ناسنامەیان بڵاوكراوەتەوە تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 24 ساڵ بووە، كە ئەوەش ئاماژەیەكی روونە كە ئەو نەوەیە پێشەنگایەتیی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دەكەن و رەنگە لەهەموو نەوەكانی دیكە زیاتر تینوی ئازادی و داهاتوویەكی گەشتر بن. ناوەندێكی مافی مرۆڤ ئاشكرایدەكات لەمانگێكدا زیاتر لەهەشت هەزار كەس لەخۆپیشاندانەكان و ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستگیركراون، كە نزیكەی هەزار كەسیان خوێندكارن. ناوەندی هەرانا بۆ مافەكانی مرۆڤی ئێران بڵاویكردووەتەوە لەماوەی 30 رۆژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی، سەرەڕای كوژرانی 240 كەس، لانیكەم حەوت هەزار و 800 كەس لەناڕەزایەتییەكاندا دەستگیركراون. بەپێی ئەو ئامارەی هەرانا بڵاویكردووەتەوە تەنها ناسنامەی 738 كەس لەدەستگیركراوان ئاشكرا بووە كە 175 كەسیان خوێندكاری زانكۆن. لە 16ی مانگی رابردووەوە خۆپیشاندان لە 453 شوێنی 28 پارێزگا لە 117 شارو شارۆچكەو 73 زانكۆو دەیان خوێندنگە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەڕێوەچووە و شەقامەكان و گۆڕەپانەكان بوونەتە شوێنی دەنگهەڵبرین، زۆربەی چین و تووێژەكانی ئەو كۆمەڵگەیە، بەڵام دیمەنەكان و وێنەكانی ئەو ناڕەزایەتییانە ئاماژەیەكی روونن كە كام نەوە لەهەموو كەس ناڕازیترە و لەڕیزی پێشەوە جێدەگرێت. رەنگە ئەو وێنایەی بەگەڕانێكی ئاسایی بەوێنەو دیمەنەكانی خۆپیشاندانەكاندا زیاتر خۆی دەرخات كەنەوەی دیجیتاڵ سوورترە لەسەر گۆڕانكاریی لەكۆمەڵگەی ئێران و رەنگە جیهانیش. نەوەیەكی فەرامۆشكراو لای دەسەڵات كۆماری ئیسلامی ئێران كە خۆی بەدەسەڵات و حوكمڕانییەكی ئیسلامی لەسەر بنەمای شیعەگەریی دەزانێت، نەیتوانیوە ئەو نەوەیەی دوای رووخانی سیستمی پاشایەتیش رازیی بكات، چونكە هەر لەگەڵ دەركەوتنی ناڕەزایەتییەكان زۆربەی رۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندو ئەدیبان هاتنە دەنگ و رایانگەیاند زیاتر لە 40 ساڵە هەوڵی دەربڕینی ناڕەزایەتیی دەدەن بەڵام نەیانتوانیوە. بەدەركەوتنی نەوەی زێد یان دیجیتاڵ لەچەقی خۆپیشاندانەكان ئەو هونەرمەندو رۆشنبیرانە هەریەكەو بەشێوازێك رەخنەی خۆیان ئاڕاستەی دەسەڵات كردو سوپاسی ئەو نەوە راپەڕیوەشیان كردووە كە سەرەڕای تەمەنی كەم، بەڵام بوێرییان مایەی دڵخۆشی بووە كە نەوەی رابردووشیان هانداوە بۆ دەربڕینی ئازادی. كۆمەڵناسانی ئێران نەوەی زێد بەنەوەی فەراموشكراو لەلایەن دەسەڵاتەوە پێناسە دەكەن، چونكە سەرەڕای ئەوەی ئەو نەوەیە لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوەی وڵاتەكەی لەپەیوەندیدایە، بەڵام ناتوانێت لەسەرەتاییترین ئازادیی خۆی سودمەند بێت، چونكە دەسەڵاتی وڵاتەكەی توندترین رێوشوێنی بۆ ژیانی دیاری كردووە و بەبەردەوامی یاساو رێساكان ئەو نەوەیە بێبەش دەكات لەمافەكانی. جیهان بۆ نەوەی دیجیتاڵە لەدوایین تووێژینەوە كە زانكۆی ئۆكسفۆرد سەبارەت بەتایبەتمەندییەكانی نەوەی زێد یان دیجیتاڵ كردوویەتی، ئەو نەوەیە تاساڵی 2030 دەبنە خاوەنی یەك لەسەر سێی هەموو پیشەكانی جیهان. هەر بەپێی ئەو تووێژینەوەیە نەوەی زێد ساڵی 2019 لەجیهان خاوەنی (460) ملیار دۆلار بووە، بەڵام سامانی ئەو نەوەیە لەساڵی (2030) دەگاتە سێ ترلیۆن و 200 ملیار دۆلار لەساڵێكدا، واتە لەماوەی 10 ساڵدا سەروەت و داراییەكانی ساڵانەی ئەو نەوەیە حەوت هێندە زیاد دەكات، كە بەبەرزترین ئاستی كۆكردنەوەی سەروەت و سامان ئەژمار دەكرێت. هەر بەپێی تووێژینەوەكە ئەو چین و تووێژە تەنها ئەهلی سەروەت و سامان كۆكردنەوە نین، بەڵكو لەبەكارهێنانیشدا پێشەنگن چونكە بەپێی بەراوردەكان لەساڵی 2019 ئەو نەوەیە 467 ملیاردیان خەرج كردووەو پێدەچێت ئەو خەرجیانەیان لەساڵی 2030 بگاتە سێ ترلیۆن كەهاوشانە لەگەڵ خەرجییەكانی (11%)ی هەموو جیهان.
شەنای فاتح بەرهەمی هەناری ناوخۆیی لەهەرێمی كوردستان ئەوەی براوەتە عەلوەكان نزیكەی 50 هەزار تۆنە، وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت: بەهەرمی ناوخۆیی دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیەیە چونكە بەشێكی بەرهەمی ناوخۆیی نابرێنە عەلوەكان و لەدەرەوە ساغدەكرێنەوە، هاوكات ساڵانە نزیكەی 20 هەزار تۆن هەنار هاوردە دەكرێت، هەنار لەپارێزگاكانی تری عێراق و وڵاتانی دەوروبەرو لەمیسر هاوردە دەكرێت. لەوەرزی پێگەیشتنی هەناری خۆماڵیداین، شارەزایانیش ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن كەبەرهەمی هەناری كوردستان پێداویستی ناوخۆیی پڕدەكاتەوە، بەڵام هاوردەكردنی نەوەستاوە هەرچەندە باجیشی خراوەتە سەر، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت: «بەشێوەیەكی گشتی ساڵانە لەنێوان ٢٠ تا ٢٥ هەزار تۆن هەنار هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.» حسێن حەمەكەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ساڵی ٢٠٢١ نزیكەی ٢٣هەزار و ٨٠٨ تۆن هەنار هاوردە كراوەو لەو بڕە هەزارو ١٢٣ تۆنی لەپارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاوردە كراوەو ٢٢هەزارو ٦٨٥ تۆنی لەوڵاتانی دیكە بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ و میسر هاوردە دەكرێت، لەگەڵا ئەوەشدا هەنار هەناردەی دەرەوە كراوە، بەڵام كەم بووەو كار لەسەر ئەو دەكرێت وەكو براندێك بەرهەمی هەنار هەناردەی وڵاتانی دەرەوە بكرێت و لەئێستادا كار لەسەر ئەو پڕۆسەیە دەكرێت». وتیشی: ساڵانە لەهەرێمی كوردستان بڕی بەرهەم جیاواز دەبێت و بەپێی ساڵ دەگۆڕێت، بۆ نموونە ساڵی ٢٠٢١ نزیكەی ٤٨ هەزارو ٤٣٥ تۆن بەرهەمی هەنار هەبووەو ئەو ٤٨ هەزار تۆنە تەنها ئەو بڕەیە كە هاتووەتە عەلوەكان و بەشێكی بەرهەمەكان كەنایەنە عەلوەكان تۆمار نەكراون و بەشێكیش لەبەرهەمی ئەو هەنارەی كە بۆ بازاڕەكان ناشێن بەكاردێن بۆ پیشەسازی، كەدەكرێن بەسركەی هەنار یان شەربەتی هەنارو دەتوانین بڵێین ٥٠%ی ئەو بەرهەمە دێتە عەلوەكان و تۆماردەكرێن و ئەوی دیكەی تۆمارناكرێت و بۆ پیشەسازی كردن بەكاردێت یاخود لەسەر رێگا سەرەكییەكان و كێڵگەكان ئەو بەرهەمانە دەفرۆشرێن.» بەهۆی بارودۆخی كەشوهەواوە كەزستانی رابردوو پلەكانی گەرما نزمبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و بەرهەمی هەناری ئەمساڵ بەراورد بەساڵانی رابردوو كەمیكردووە. سەروەر عەلی، سەرۆكی لیژنەی سەندیكای عەلوەی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «هاوردەكردنی هەنار بۆ كوردستان نەوەستاوەو ئەو هەنارانەی لەناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێت بۆ هەر كیلۆیەك ١٠٠دینار باج وەردەگیرێت و لەئێستادا هاوردەكردنی هەنار زیانی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی هەیەو ئەمساڵ هەناری خۆماڵی ٥٠%ی بەرهەمەكەی فەوتاوە بەهۆی سەرمای پارساڵەوەو زیانێكی زۆری بەركەوتووە.» وتیشی: «ساڵانە ئەو هەنارەی لەكوردستاندا بەرهەمدێت بەشی پێداویستی ناوخۆ دەكات و دوو ساڵی رابردووش سەرەڕای پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی دەمانتوانی هەناردەی دەرەوەشی بكەین، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی هەنار كەمیكردووەو هیچ بەرهەمێكی خۆماڵی بەشێوازێكی ئاسان هەناردەی دەرەوە ناكرێت و لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە بەربەستی بۆ دروستدەكرێت». لەئێستادا رۆژانە ٦٠-٧٠ تۆن هەناری هاوردە ساغدەكرێتەوە بەتایبەت هەناری میسری و ئەو هەنارانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن پشكی شێری بەر میسر كەوتووە، پاشان هەناری سوری و ئێرانی. سەروەر عەلی وای وت. هاوكات، عوسمان حەمەڕەشید تەمەن ٤٣ ساڵ جوتیارێكی پارێزگای هەڵەبجەیە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: لەگوندەكەمان 50 دۆنم باخی هەنار هەیە، بەرهەممان باشە، بەڵام بەهۆی سەرماوە بەرهەمی هەنار بەراورد بەساڵی رابردوو بۆ نیوە دابەزیوە، هەناری ناوخۆ هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا دەكرێت و دەدرێتە كەرتی تایبەت و حكومەت هاوكارمان نییە تەنانەت لەعەلوەدا باج و سەرانەمان لێدەسەنن، بەشێوەیەكی گشتی هەناری ساڵەخانیمان هەیەو زیاد لەچوار جۆر هەناری ئەمریكی لەهەڵەبجە هەیە». بەشێوەیەكی گشتی هەموو ناوچەكانی كوردستان گونجاون بۆ بەرهەمی هەنار، بەڵام بەناوبانگترین هەنار لەپارێزگای هەڵەبجەیەو ساڵانە ڤیستیڤاڵی تایبەت بە بەرهەم و جۆرەكانی هەنار لەو پارێزگایە بەڕێوەدەچێت بەمەبەستی ساغكردنەوەی بەرهەمی جوتیارانی ئەو ناوچەیە، ناوچەی هیران و نازەنین و شەقڵاوە لەپارێزگای هەولێرو لەپارێزگای دهۆك و ناوچەی گەرمیانیش هەناری گونجاوی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.
هاوڵاتی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی گەیشتە گەورەترین زیندانی ئێران و بەهۆیەوە لانیكەم هەشت زیندانیی كوژران و 61 زیندانیی دیكەش برینداربون بەوتەی هەندێك سەرچاوەی ناوخۆی ئێران حەوت بەندكراوی ئەو زیندانە لەكاتی هەڵاتنیان لەبەشی باكوری زیندانەكە كەوتونەتە كێلگەی مین و بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە. شەوی شەممە (16/10/2022) زیندانی ئێڤین گەورەترین زیندانی ئێران لەتاران ئاگری گرت و دەنگی تەقەكردن و تەقینەوەی زۆر لەو زیندانەوە بیستراو سەرچاوەكانی حكومەت ئاشكرایانكرد یەكەیەكی تایبەت لەهێزە ئەمنییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی بەندكراوان رەوانەی ئەو زیندانە كران . هاوكات لەگەڵ بەردەوامبونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی كوردستان و زۆربەی شارەكانی ئێران زیندانی ئێڤین كە بەگەورەترین و گرنگترین زیندانی وڵاتەكە وەسف دەكرێت ئاگری گرت. ئەوەی لە تۆمارە ڤیدیۆییەكانی دەوروبەری زیندانەكە بڵاوكراوەتەوە ئاگركرتنی بەشێكی زۆری زیندانەكەبوو و چەند سەرچاوەیەكیش بەمیدیای ناوخۆی ئێرانیان راگەیاندوە لە كاتژمێر نۆی شەوی شەممە پشێوی لەبەندی (7)ی زیندانەكە دروستبووە بەهۆیەوە شەڕو پێكدادان هاتووەتە ئاراوە، زیندانی ئێڤین لانیكەم 15 هەزار زیندانیی لەخۆدەگرێت كە ژمارەیەكی بەرچاویان چالاكانی سیاسی و رەخنەگران و رۆژنامەوانان و چالاكانی مەدەنیی كۆماری ئیسلامی ئێرانن. رووبەری زیندانی ئێڤین 200 دۆنمەو لەساڵانی 1960 دەست بەدروستكردنی كراوەو لەساڵی 1971 دروستكردنی زیندانەكە تەواو بووە. بەشێك لەو زیندانە بەتایبەت بەندی (209) و (240) راستەوخۆ لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتڵاعات) سەرپەرشتیی دەكرێت چونكە زیندانیانی ئەو دوو بەشە زۆرینەیان پێكدێن لەچالاكوان و رەخنەگرانی سیاسیی دژی دەسەڵات. بەندی ژمارەی (7)ی ئێڤین حەوت هۆڵ لەخۆی دەگرێت كە هەر هۆڵێك 200 بۆ 700 زیندانیی لەخۆدەگرێت و بەوتەی بەرپرسانی زیندانەكەش ئەو بەشە تایبەت بەزیندانیانی بواری ماددی و دارایی بەڵام زۆرجار زیندانیانی سیاسیش رەوانەی ئەو بەشە دەكرێن. لەساڵی 2015 نزیكەی 130 كیلۆگرام تریاك لەو زیندانە دەستی بەسەرداگیرا كەئاماژەبوو بەوەی ماددە هۆشبەرەكان بەئاسانی لەو زیندانەدا مامەڵەی پێوە دەكرێت. لەساڵی 2018 ئەو زیندانە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاو ساڵی 2021 لەلایەن یەكێتی ئەوروپا بەتۆمەتی پێشلكاریی مافەكانی مرۆڤ سزای بەسەردا سەپێنرا. دەیان نوسەرو شاعیرو هونەرمەندی ئێران ئەزمونی بەندكرانیان لەو زیندانە هەیەو دەیان كتێب و چیرۆك سەبارەت بەو زیندانە نووسراوە. لە 43 ساڵی رابردوو لانیكەم 100 كەسایەتی ناودارو سیاسەتمەداری ئێران لەزیندانی ئێڤین بەندكراون و ژمارەیەكیشیان هەر لەهەمان شوێن لەسێدارە دراون.
هاوڵاتی موچەو دەرماڵەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بودجەی گشتی بیماركردووە، شارەزایانی ئابووریش دەڵێن: بڕی زۆری پارەی تەرخانكراو بۆ ئەو سێ دەزگایە زیانێكی زۆر لەبودجەی ساڵانەی وڵات دەدات، لەساڵی رابردووشدا كۆی بودجەو موچەی سەرۆكایەتی كۆمارو ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕی ٣٤٤ ملیار دینارو ٩٥٦ ملیۆن دینار بووە. یەكێك لەو بابەتانەی كە لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێكی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران و خولی نوێی پەرلەمانیدا دەبێتە بابەتی گەرمی میدیایی و شەقامی عێراقی، مەسەلەی موچەو دەرماڵەو خەرجی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەیە لەعێراقدا كە بەپێی شارەزایانی ئابووری بڕی زۆری پارەی تەرخانكراو بۆ ئەو سێ دەزگایە زیانێكی زۆر لەبودجەی ساڵانەی وڵات دەدات و هاوكات لەڕووی بەرزی و نزمی موچەشەوە لەگەڵ فەرمانبەرێكی ئاسایی نادادپەروەریی و نایەكسانییەكی زۆری تیادایەو جیاوازییەكی گەورەیان هەیە. بەپێی ئەو داتایانەی ناوەندە ئابوورییەكان لەسەر بودجەی عێراق ساڵانە بڵاویدەكەنەوە موچەو دەرماڵەی هەریەكە لەسێ سەرۆكایەتییەكە بەمجۆرەیە: موچەی بنەڕەتی سەرۆك كۆمار ٥٠ ملیۆن دینارە، كەبەرزترین رێژەی موچەی بنەڕەتییە لەعێراقدا، هاوكات ٤٠ ملیۆن دیناری وەك دەرماڵەی پۆست و بڕوانامەو بابەتەكانی دیكەی بۆ خەرجدەكرێت، كەكۆی هەمووی دەكاتە ٩٠ ملیۆن دیناری مانگانە، كە بۆ ساڵێكیش دەكاتە یەک ملیار و ٨٠ ملیۆن و بۆ هەر چوار ساڵەكەش چوار ملیارو ٣٢٠ ملیۆن دینار. ساڵانەو لەهەر چوار ساڵەكەشدا نزیكەی سێ ملیۆن و ٤٩٠ هەزار دۆلار دەكات. موچەو دەرماڵەی سەرۆك وەزیرانیش ٦٠ ملیۆن دیناری مانگانەیە، كە بۆ هەر ساڵێك دەكاتە ٧٢٠ ملیۆن و بۆ هەر چوار ساڵەكەش دوو ملیارو ٨٨٠ ملیۆن دینارە. هاوكات موچەو دەرماڵەی سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەشی بۆ هەریەكەیان ٥٥ ملیۆن دیناری مانگانەو ٦٦٠ ملیۆنی ساڵانە و دوو ملیار و ٦٤٠ ملیۆنی هەر چوار ساڵەكەیە. موچەو دەرماڵەی هەر پەرلەمانتارێكیش ٢٥ ملیۆنی مانگانەیە، بۆ هەر وەزیرێكیش بڕی ٣٥ ملیۆن دیناری مانگانە وەك موچەو دەرماڵەی خەرجدەكرێت، ئەمە جگە لەو سەدان ملیار دینارەی مانگانەی كەوەك خانەنشینی بۆ سەرۆك و پەرلەمانتارو وەزیرەكانی پێشووتر خەرجدەكرێت، هەموو ئەمانەش لەكاتێكدایە كەمترین موچەی فەرمانبەرێك ١٧٠ هەزار دینارە. بەبڕوای ئابووریناسانیش هیچ وڵاتێك نیە لەجیهاندا موچەی سەرۆك و وەزیرو پەرلەمانتارو بەرپرسەكانی هێندەی عێراق زۆر بێت، لەكاتێكدا نزیكەی پێنج هەزار بەڕێوەبەری گشتیش لەوڵاتدا بوونی هەیە، كە ئەمانەش موچەو دەرماڵەو خەرجییان زۆر زۆرە، ئەمە جگە لەو چەندان لیواو فەوجەی كە بۆ پاراستنی سەرۆكەكان و بەرپرسانی دیكە موچە و بودجە لەبودجەی گشتیی عێراق وەردەگرن. لەبودجەی ساڵی رابووردوودا (٢٠٢١) موچەی سەرۆكایەتی كۆمار گەیشتووەتە ٣٥ ملیارو ٦٣٩ ملیۆن دینار، موچەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش گەیشتووەتە ٢٢٨ ملیارو ١٤١ ملیۆن دینار، هەرچی موچەی ئەمیندارێتی گشتی و نووسینگەی سەرۆكایەتی وەزیرانیش گەیشتووەتە ٨١ ملیارو ١٧٦ ملیۆن دینار، كۆی هەموو ئەمانەش بڕی ٣٤٤ ملیار دینارو ٩٥٦ ملیۆن دینار لەبودجەی گشتیدا بووە. كۆی فەرمانبەرانی ئەو سەرۆكایەتیانەش ٥٩٢٦ فەرمانبەر بووە. كۆی فەرمانبەران و موچەخۆرانی عێراقیش زیاتر لە حەوت ملیۆن فەرمانبەرو موچەخۆرە، كە موچەی ساڵانەیان زیاتر لە ٦٢ ملیار دۆلارە، بەپێی تازەترین ئاماری بانكی ناوەندی عێراقیش، بڕی یەدەگی نەختینەیی عێراق زیاتر لە ٨٥ ملیار دۆلارە، چاوەڕوانیش دەكرێت بەهۆی بەرزی نرخی نەوت و بەرزی بەهای دۆلار لەبەرامبەر دینار تاكۆتایی ئەمساڵ بڕی یەدەگی نەختینەیی بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار.
عەمار عەزیز نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی لەدهۆك و نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەڕدەرەش، ماوەی 10 ساڵە بەردی بناغەیان بۆ دانراوە، بەڵام تائێستا تەواونەكراوەن و كاركردنیش تیایاندا راگیراوەو هیچ وادەیەكیش بۆ تەواوكردنیان دیارینەكراوە. نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی فریاكەوتن لەشاری دهۆك لەساڵی 2012 بەردی بناغەی بۆی دانراوە، بودجەی پرۆژەكە 108 ملیار دینارە، تەنها لەسەدا 30ی تەواوكراوە، زیاتر لە شەش ساڵە كاركردن لەپرۆژەكەدا وەستاوەو نازانرێ كەی دەستپێدەكرێتەوە. دكتور ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند:» پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 300 قەرەوێڵەیی لەدهۆك هەروەها نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای بەردەڕەش و نەخۆشخانەی 100 قەڕەوێڵەیی لە سنوری قەزای ئامێدی، ئەمانە پرۆژەی ستراتیژی و زۆرگرنگن بۆ پارێزگای دهۆك، بەهۆی نەبوونی پارە ئیشكردن لەنەخۆشخانە 300 قەرەوێڵەییەكەی دهۆك و 100 قەرەوێڵەییەكەی بەردەڕەش وەستاوە، ئەوەی دهۆك 30 بۆ 35%ی تەواوبووەو ئەوەی قەزای بەردەڕەش بەشێكی زۆر كەمی كراوە، بەڵام ئەوەی سنوری قەزای ئامێدی ئیشكردن تیایدا بەردەوامەو تائێستا نیوەی پرۆژەكە تەواوبووە «. وتیشی:»بۆ تەواوكردنی ئەو دوو پرۆژەیە پێویستە پارە لەبەغداوە رەوانەی هەرێم بكرێت، چونكە ئەمانە پرۆژەی گەورەو ستراتیژین و دەبێت لەسەر بودجەی بەكاربەر تەواو بكرێن ، تائێستاش هیچ وادەیەك بۆ دووبارە كاركردن لەو دوو نەخۆشخانەیە دیارینەكراوە، چاوەڕێ دەكەین پارەی بۆ تەرخان بكرێت، بەدڵناییەوە بەتەواوكردنی ئەو دوو نەخۆشخانەیە ئەو فشارەی ئێستا لەسەر نەخۆشخانەكانمان هەیە زۆر كەمدەبێتەوەو داواشمانكردووە جارێكی تر كاری لەسەر بكرێت، بەڵام ئەوە لەدەسەڵاتی ئێمەدا دانیەو دەبێت حكومەتی هەرێم بڕیاربدات«. نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لەسنوری قەزای بەردەڕەش، لەساڵی 2013 بەردی بناغەی بۆ دانراوە، بودجەی پرۆژەكە 40 ملیار دینارە، نۆ ساڵ تێپەڕی بەسەر دانانی بەردی بناغەکەو تەنیا لەسەدا 10ی تەواوبووەو چەند ساڵێكیشە كاركردن تیایدا وەستاوە. جەمیلا محەمەد، نوێنەری قەزای ئاكرێ و بەردەڕەش لەئەنجومەنی پارێزگای دهۆك و ئەندامی لیژنەی تەندروستی سەبارەت بەپرۆژەكە بۆ هاوڵاتی دواو وتی: «نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی بەردەڕەش بەبڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ئەوكاتی هەرێم بەردی بناغەی دانراو دوای ماوەیەكی كەم ئیشكردن لەپرۆژەكە وەستا، ئەوەش بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق و هەروەها شەڕی داعش، ئەو پارەیەی كە بۆی دابینكرابوو تەنیا بەشێكی كەمی لێ خەرجكرا، حكومەت بۆ پڕكردنەوەی بەشە بودجەی خۆی كەئەوكات بۆ شەڕی دژ بە داعش و دابەشكردنی موچە پێویستی بەبڕە پارەیەكی زۆر هەبوو، بۆیە بەشەكەی تر خەرجنەكرا». جەمیلا محەمەد دەڵێت:» لەسەر ئەم پرسە سەردانی وەزیری تەندروستی و بەرپرسانی باڵای حكومەتمان كردووە، دواینجار توانیمان رازیبوونی حكومەت بەدەستبهێنین بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی فریاكەوتن، بەخۆشحاڵییەوە نەخۆشخانەكە تەواوبووە تەنها ئەوە ماوە پێداویستی تەندروستی و پزیشك و پەرستاری بۆ دابینبكرێت، دانیشتوانی قەزای بەردەڕەش لەهەموو شارەكانی تر زیاتر كێشەی تەندروستییان هەیە، چەندین حاڵەتی نەخۆش هەبووە رەوانەی دهۆك و ئاكرێ كراون، بەڵام لەڕێگادا گیانیان لەدەستداوە. وتیشی: »پرسی نەخۆشخانەی 300 قەرەوێڵەیی دهۆكیش هەمان شتە، ماوەیەكی زۆر وەستاوەو هیچ وادەیەك بۆ دووبارە كاركردن لەسەر پرۆژەكە دیارنیە، نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی قەزای ئامێدی نیوەی تەواو بووەو ئیشكردن لەپرۆژەكە بەردەوامە، بەهیوای ئەوەی لەكاتی خۆیدا تەواوبكرێت، بەردەوام بەدواداچوون بۆ پرسەكانی تەندروستی دەكەین و سەدان كێشەی تەندروستیمان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار كردووە، بەڵام چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی پرۆژەكان كاری حكومەتە». حەلیما عەبدولڕەحمان، ژنێكی تەمەن 48 ساڵ، زیاتر لە 15 ساڵە لەناوەندی قەزای بەردەڕەش دەژی بەهاوڵاتی وت: « بەردەڕەش تەنها بەناو قەزایە چونكە هیچ نەخۆشخانەیەكی گشتی لەشارەكەدا نیە، تەنها بۆ سەرئێشەو هەندێك نەخۆشی وەرزی سەردانی بنكەكانی تەندروستی لەسنوری قەزاكە دەكەین، بۆ نەخۆشی دڵ و شەكرە، شكان و نەشتەرگەی و دەیان نەخۆشی تر دەبێت سەردانی ئاكرێ یان دهۆك یان موسڵ بكەین، جگە لەمەش خوا نەكات رووداوێكی هاتوچۆ رووبدات بریندارەكان دەبێت بگوازرێنەوە بۆ ئاكرێ «. « نەخۆشی شەكرەو سەرئێشەیەكی بەردەوامم هەیە، یان دەچمە ئاكرێ یان موسڵ جگە لەدووری رێگاكە كرێی هاتوچۆش لەسەر نەخۆش دەكەوێت، هەر چەند مانگ جارێك دەبێت سەردانی پزیشك بكەم تاوەكو پشكنینم بۆ بكات یان چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشیەكەم وەربگرم « حەلیما عەبدولڕەحمان وای وت. دكتۆرە نارین عومەر موسا، بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای بەردەڕەش بەهاوڵاتی راگەیاند: «لە 2013وە بەردی بناغەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەدەوروبەری شاری بەردەڕەش دانرا، ماوەیەكی زۆر كەم كاری لەسەركراو دواتر پرۆژەكە وەستا، تەنیا 10%ی پرۆژەكە تەواوبووەو ئەوەی تری هەمووی ماوە، هۆكاری وەستانی ئیشكردن لەنەخۆشخانەكە لەبەرپرسانی تەندروستی دهۆك و وەزارەت بپرسن ئەوەندەی ئێمە دەزانین هۆكارەكە نەبوونی پارەیە، هیچ كێشەیەك لەزەویەكەو شوێنەكەدا نیە». وتیشی:» هیچ نەخۆشخانەیەكمان نیە، تەنیا 15 بنكەی تەندروستیمان هەیە لەگەڵ دوو بنكەی تەندروستی لەكەمپەكانی پەنابەرانی رۆژئاوا، كۆی گشتی دەبن بە 17 بنكە، بەشی زۆر نەخۆشانی سنوری قەزای بەردەڕەش روو لەقەزای ئاكرێ و دهۆك و زۆر شوێنی تر دەكەن، ئەگەر ئەو نەخۆشخانەیە تەواو بكرایە 80%ی كێشەكانی تەندروستی لەسنوری قەزاكە چارەسەردەبوون، خەڵكی بەردەڕەش و دەوروبەری سەردانی شوێنەكانی تریان نەدەكرد هەر لەشارەكەی خۆیان چارەسەری پێویستیان وەردەگرت». «بۆ شوێنگرەوەی نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییەكە نەخۆشخانەیەكی فریاكەوتن دروستكراوە، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە، بەتەواوبوونی كەمێك فشار لەسەر نەخۆشخانەكانی دهۆك و ئاكرێ كەمدەكات، بەڵام هەر دەمێنێت چونكە تاكە چارەسەر ئەوەیە ئەو نەخۆشخانە 100 قەرەوێڵەییە تەواوبێت، قایمقامی قەزای بەردەڕەش و تەواوی بەرپرسان هەوڵیانداوە بۆ تەواوكردنی پرۆژەكە بەڵام تائێستا هیچ شتێكی نوێ لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆژەكە دیارنیە «، دكتورە نارین عومەر وای وت. هاوكات نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لەقەزای ئامێدی، لەساڵی 2013 بڕیاری دروستكردنی بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و چەند هۆكارێكی تر جێبەجێكردنی پرۆژەكە دواكەوت، لەئەیلولی ساڵی 2020 سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی بۆ دانا بەگوژمەی 43 ملیۆن دولار كەبڕیارە ماوەی 33 مانگ تەواو بكرێت، نەخۆشخانەكە پێنج نهۆمییەو دانیشتوانی سەنتەری ئامێدی لەگەڵ چوار ناحیەو كۆمەڵگاو گوندەكان سوود لێوەردەگرن، لەسەر رووبەری 20 هەزار و 150 مەتری دووجا دروستدەكرێت، ئەم پرۆژەیەش تائێستا تەنیا لەسەدا 50ی تەواو كراوە. هێرش رەشید، خەڵكی ناحیەی شیلادزێی سەر بەقەزای ئامێدی بەهاوڵاتی وت:» حكومەت وەك پێویست گرنگی نەداوە بەكەرتی تەندروستی لەسنوری قەزای ئامێدی ، لەتەواوی سنورەكە تەنها ژمارەیەك بنكەی تەندورستی هەن، پێش دوو ساڵ بەردی بناغە بۆ نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی لەكۆمەڵگای هێتوت لەسنوری قەزاكە دانراوە، بەڵام هیچ هیوایەكمان پێ نیە لەكاتی خویدا تەواوبكرێت، چونكە تائێستا تەنها نیوەی پرۆژەكە تەواو بووەو وابڕوات دوو ساڵی تر تەواو نابێت . «سەرووی 80% دانیشتوانی سنوری قەزاكە بۆ سەردانی پزیشك و وەرگرتنی چارەسەر سەردانی دهۆك دەكەن، بەشێكی تر روو لەناوچەكانی تر دەكەن، زیاتر لە 20 ساڵە ئەوە حاڵمانە، لەوەرزی زستان و باران و بەفر دۆخەكە بۆ ئێمە دوو ئەوەندە سەخت دەبێت و زۆرجار ناتوانین سەردانی دهۆك بكەین ئەوەش لەبەر بەفرو باران ، لەلایەك دەترسین تووشی رووداوێكی هاتوچۆ بین و لەلایەكی تر هیچ رێگەچارەیەكی ترمان نیە» هێرش رەشید وای وت.
هاوڵاتی هەر لەگەڵ دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی بەوەكالەت، ئیحسان عەبدولجەباری وەزیری نەوت و وەزیری دارایی بەوەكالەت بەتویتێك گەندەڵی و دزییەكی گەورەی لەپارەی دەستەی باجی عێراق ئاشكراكردو دوابەدوای ئەوەش بەڵگەنامەكانی تایبەت بەو پرسە گەیشتنە میدیاو بڵاوكرانەوە. بەڵگەنامەكان باسیان لەدزینی سێ ترلیۆن و ٧٠٠ ملیۆن دیناری دەستەی باجی عێراق دەكرد كە لەلایەن پێنج كۆمپانیای وەهەمییەوە لەڕێگای چەكی بانكییەوە ئەنجامدراوە. سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەش لەدوای بڵاوبوونەوەی دەقی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دارایی بەوەكالەت كەپێشكەشی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراقی كردووە و تێیدا باس لەدزینی ئەو بڕە پارەیە دەكات. بەگوتەی ئیحسان عەبدولجەبار، لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا زیجیرەیەك كاری ساختەكاری، بردنی پارە، هەواڵەكردنی چەندین بڕە پارە بۆ كۆمپانیای نوێ كراون، كە نە پەیوەندی و نە مافیان لەبەدەستهێنانی ئەو پارانەدا نەبووە، كە بڕەكەی 3.7 ترلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) بووە. بەگوێرەی نامەكەی وەزیری نەوت، پرۆسەی دزینی ئەو دوو ملیارو 500 ملیۆن دۆلارە لەنێوان 1ی ئەیلوولی 2021 تاوەكو 15ی ئابی 2022 بووە، ئەو وەزیرە دەڵێت، «هەوڵێك نەدراوە بۆ بنكۆڵكردن و گەڕان، دزییەكە ئاشكرا و بەشێوەیەكی رەها بووە». دەستەی دەستپاكیی عێراقیش لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە لێكۆڵینەوەیان لەهۆكاری دیارنەمانی ئەو بڕە پارەیە كردووەو بەردەوامیش دەبن لەلێكۆڵینەوە. هەر سەبارەت بەو بابەتە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر رایگەیاندووە «لەبارەی دۆسیەی ئەو پارەیەی لەدەستی باج لەوەزارەتی دارایی راكێشراوە، پێویستە لەو بارودۆخە بكۆڵدرێتەوە كە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لەناو جومگەكانی ئەو دەستەیەدا، كە لەئەنجامدا بووەتەهۆی ئەوەی باڵ بەسەر ونبوونی دارایی گشتیدا بكێشێت، ئەم كارەش بەر لەحكوومەتی ئێستادا ئەنجامدراوە.» لەلایەن خۆشیەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو رایگەیاند «رێگە نادەین پارەی عێراقییەكان بەهەدەر بدرێت، وەك ئەوەی لەدەستەی گشتی باجەكانی سەر بەبانكی رافیدەین روویداوە.» هاوكات موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند: «ئەو كارە بەئاسانی تێناپەڕێت و سزای توندی ئەوانە دەدرێت كە لەو دۆسیەوە گلاون». بانكی رافیدەینیش رایگەیاندووە ئەوان هیچ پەیوەندییەكانیان بەو بابەتەوە نییەو ئەوەی باسدەكرێت پەیوەندیی بەدەستەی باج و هەژمارە بانكییهكانی خۆیانەوە هەیە. لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراقیش بانگهێشتی وەزیری دارایی دەستلەكاركێشاوەو جێگری وەزیرو بەرپرسانی بانكی رافیدەین و دەستەی باجی كردووە بۆ لێكۆڵینەوەو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش بڕوای وایە پارەی بەهەدەردراو زۆر زیاتر بێت لەو بڕەی كە باسی لێوەدەكرێت. گەندەڵیەكە لەسەردەمی عەلی عەلاوی وەزیری دەستلەكاركێشاوەی پێشوتری دارایی عێراق روویداوە، ئەو پێشتر رایگەیاند: حكومەت نەیتوانیوە رێگە لەگەندەڵی بگرێت، بەپێی چەند بەڵگەنامەیەك لەلایەن پێنج كۆمپانیای وەهمی بەناوەكانی( فائت، ئەلحوت، ریاح بەغداد، موبدیعون، بادیە) بەهاوكاری چەند فەرمانبەرێكی وەزارەتی دارایی بڕی سێ ترلیۆن و 700 ملیۆن دیناریان بە٢٤٧ چەكی بانكی دەستەی گشتی باج لەبانكی رافیدەین راكێشاوەو ئەو بڕە پارە زۆرەی براوە هی كۆمپانیا گەورەكانەو وەك باج لەلایەن حكومەتەوە وەرگیراون. دادگای كەرخ لەبەغدادیش لەسەر ئەو گەندەڵیە گەورەیە ژمارەیەك بەرپرس و فەرمانبەری دەستەی باج و بانكی رافیدەینی بۆ لێكۆڵینەوە بانگكردو چاوەڕوانیش دەكرێت ئەم دۆسییە كەسانی گەورەتری تێوەبگلێت.
سەركۆ جەمال وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاریداوە نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكات، حكومەتی عێراقیش بڕیاریداوە 150 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت و بۆ هەر بەرمیلێكیش 35 بۆ 40 هەزار دینار وەردەگیرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم ئەو نەوتەی خۆی كە دابەشی دەكات 100 هەزار دینار وەردەگرێت. هەرێمی كوردستان پێویستی بە 260 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، بەڵام ساڵی رابردوو حكومەتی هەرێم تەنها 60 ملیۆن لیتری دابەشكردووەو ئەوی دیكە عێراق دابەشی كردووە. كەریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «حكومەتی عێراق ساڵانە بڕێك نەوت دەنێرێت، بەڵام ئەوە بەشی پێداویستی هاووڵاتیان ناكات، ئەوەش میزاجی كەسیی دەزانێت كەی دێت، مەسەلەی ئەو هەڵایەشی بۆی دروستكراوە ئەوەیە بیری خەڵكی ببەنەوە كە دەبێت حكومەتی هەرێم نەوت دابەش بكات، ئێمە نووسراوێكمان داوەتە وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەوان بەنیازن 15 ملیۆن لیتر بنێرن بۆ سلێمانی لەكاتێكدا سلێمانی پێویستی بە 110 ملیۆن لیترە، بەڵێنی هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغداد هیچیان جێبەجێنەكراوەو ناشزانین كەی جێبەجێدەكرێت». هاوكات بڕیار رەشید ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «وەزارەتی نەوتی عێراق داوای ناوی كۆمپانیا و شۆفێری بارهەڵگرەكانیان كردووە بۆ ئەوەی رێگەپێدانیان بۆ بكەن بۆ گواستنەوەی نەوتەكە بۆ سلێمانی و بڕەكەشی 150 ملیۆن لیترە». ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی: «پێشتر بۆ ئەوەی سلێمانی لەپارێزگاوە نووسراو كراوە بۆ عێراق و پێشبینی دەكەم تا 20 ی مانگ بگاتە سلێمانی و هەر پارێزگایەكیش پشكی خۆی بۆ دەنێرن وەك چۆن ساڵانی رابردوو ناردوویانە». هاوكات فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەبەغداد رایگەیاند: مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق بڕیاریدا ١٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت. دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوو حكومەتی هەرێم بڕیاریدا لە 20ی ئەم مانگەوە نەوتی سپی لەناوچە شاخاوی و ساردەكانی هەرێم بەسەر هاووڵاتییان دابەش بكات، بڕیارەكە كاریگەری لەسەر نرخی نەوت لەبازاڕدا كردو بەهۆیەوە نرخی بەرمیلێك نەوت لەنزیكەی 295 هەزارەوە بۆ 260 هەزار دینارو كەمتریش دابەزی. كۆسار محەمەد یەكێكە لەبریكارەكانی فرۆشتنی نەوت لەسلێمانی، بەهاوڵاتی وت:»بەرمیلێك نەوتی سپی (بێجی) بە 260 هەزار دینارە، هەروەها نرخی بەرمیلێك نەوتی بەغدا بە 255 هەزار و نرخی بەرمیلێك نەوتی كەركوكـیش بە 245 هەزار دینارە». رۆژی دووشەممە 17-10-2022 وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایگەیاند بڕیاریداوە بەدەستپێكردنی پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیانی ناوچە شاخاوییەكان لە رۆژی 20ی ئەم مانگەوە، هەر خێزانێك بڕی 200 لیتر نەوتی بە 100 هەزار دینار پێدەدرێت. نافز مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند:»ئەو نەوتەی عێراق دەینێرێت بۆ هەموو كوردستان و بەپێی ژمارەی دانیشتوان بەسەر هەر پارێزگایەكدا دابەش دەكرێت». هاوكات عەبدولسەمەد تیلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئەو نەوتەی دابەشدەكرێت پرسێكی مەركەزییەو وەكو ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك هیچ نووسراوێكمان بۆ نەهاتووە، بەڵام بەرهەمە نەوتیەكانی دهۆك ئاماری خۆی داوەتە سامانە سروشتییەكان كەچەند نەوتی پێویستە بۆ دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیاندا». وتیشی:»پارێزگای دهۆك 56 تا 60 ملیۆن لیتر نەوتی پێویستە، بەڵام تائێستا نە حكومەتی هەرێم نە عێراق یەك لیتر نەوتیشی نەناردووە».
هاوڵاتی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك دوای نزیكەی پێنج ساڵ لە بڕیاری جێبەجێكردنی و دوور لەچاوی میدیاكان و لە 16ی ئۆكتۆبەری 2022دا كرایەوە، تەوقیتی كردنەوەی فرۆكەخانەكەو چۆنیەتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی كردنەوەكەی زۆرتین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. هیچ بەرپرسێكی كورد لەمەراسیمی كردنەوەی فرۆكەخانەدا بەشدارنەبوو، تادرەنگانێكی شەوی پێش كردنەوەی فڕۆكەخانەكە زانیاری دژ بەیەك بەمیدیاكان دراوەو دواجار وتراوە كە مەراسیمەكە دواخراوە، بەڵام بەیانی 16ی ئۆكتۆبەر فرۆكەیەكی حكومەتی عێراق لەفرۆكەخانەكە نیشتووەتەوەو وەفدی حكومەتی عێراق ناسر شبلی، وەزیری گواستنەوە و هەیان نعمەت، وەزیری دارایی بەوەكالەتی لێدابەزیوەو بەئامادەبوونی راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك مەراسیمی كردنەوەی فرۆكەخانەیان راگەیاند، ئەم مەراسیمە تەنها 10 خولەكی خایاندو جگە لە راگەیاندنی پارێزگا هیچ میدیایەكی تر بانگهێشت نەكراوە، تەنانەت عەلی حەمادی یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك دەڵێت: ئاگادارنەكراوەتەوەو هەواڵەكە بۆ ئەویش سوپرایز بووە. لە تابلۆی فرۆكەخانەكەدا زمانی كوردی تێدا نیە، بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە بەرپرسانی كەركوك و حكومەتی عێراق چەند جارێك كردنەوەی فرۆكەخانەكەیان دواخستووە تاوەكو خستوویانەتە 16ی ئۆكتۆبەر، كە لەو رۆژەداو لەساڵی 2017 هێزە سەربازییەكانی عێراق هێرشیانكردەسەر كەركوك و ناوچە كوردستانیە دابڕاوەكان و لەماوەی كەمتر لە 48 كاتژمێردا تەواوی ئەو ناوچانەیان كۆنترۆڵكردو پێشمەرگەش كشایەوە، تەنانەت راكان جبوری پارێزگاری كەركوك لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا دوای كردنەوەی فرۆكەخانەكە وەك ئاماژەیەك بۆ 16ی ئۆكتۆبەر رایگەیاند: « پێنج ساڵ بەسەر سەپاندنی یاسادا تێدەپەڕێت». نووسینگەی راگەیاندنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوای لە وەزیری گواستنەوە كرد كارەكانی فرۆكەخانەی كەركوك بوەستێنێت بەهۆی بوونی گومانی گەندەڵی لەپرۆژەكەو كێشەی ئەمنی و ئاستەنگی ئیداری و هونەری تیایدا، وتیشی: ناهێڵین ئەو فڕۆكەخانەیە بكرێتەوە، ئەوە دەروازەیەكە بۆ گەندەڵی و راپۆرتی دیوانی چاودێری داراییشی لەسەرە. دواتر بەرەی توركمانی لەبەیاننامەیەكدا وەڵامی شاخەوان عەبدوڵای دایەوەو رایگەیاند: ئەم لێدوانە مەترسیدارە كە پێچەوانەی هەموو بەها مرۆییەكان و كۆمەڵایەتییەكانە، هێرشە بۆ سەر مافەكانی خەڵكی پارێزگاكە، لەپێشینەیەكی مەترسیداردا كە بۆ یەكەمجارە لەمێژووی نوێی عێراقدا روویدا، ئەو پۆستێكی یاسایی هەیە، كە رێگەی پێنادات دەستوەردان لەكاروباری دەسەڵاتی جێبەجێكردندا بكات». دوای كردنەوەی فرۆكەخانەكەش پارێزگای كەركوك بەوەكالەت لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبینای پارێزگا كردنەوەی فڕۆكەخانەكەی بەپرۆژەیەكی گرنگی ناوبردو رایگەیاند: بڕیاربوو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران ئامادەبێت بەڵام بەهۆی بارودۆخی بەغدا و دەستاودەستكردنی سەرۆكایەتی حكومەت، نەیتوانیوەو هەر ئەوەش هۆكاری بچووكی مەراسیمەكە بووە، وتیشی: بۆ كاتی یەكەم گەشت لەفڕۆكەخانەوە مەراسیمێكی تر دەكرێت، لەبارەی دامەزراندنی ستافی فڕۆكەخانەشەوە، هەوڵدەدەن بەپاراستنی یەكسانی نێوان پێكهاتەكان بێت. پڕۆژەی فڕۆكەخانەی كەركوك، لەكۆتایی 2017ـەوە بەبڕیاری حكومەتی عیراق چووە بواری جێبەجێكردنەوەو دەبوایە لەساڵی 2019 كارەكانی تەواو ببێت و بكرێتەوە، بەڵام لەوكاتەوە چەندینجار وادەی جیاواز بۆ مەراسیمی كردنەوەی دانراوە و دواتر دواخراوە، بەبێ ئەوەی هۆكارەكانی روونبكرێتەوە. لەسەردەمی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك بڕیاری بەمەدەنیكردنی فڕۆكەخانەكە دەركراوە، فڕۆكەخانەكە دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای كەركوك و لەساڵی 1957ـەوە وەك فڕۆكەخانەیەكی نێودەوڵەتی لەعیراقدا تۆماركرا، بەڵام لەساڵی 2003 كرا بەبنكەیەكی سەربازی هێزەكانی ئەمەریكا.
هێمن مەحموود دواجار دوای ساڵێك چاوەڕوانی و چەندین رووداوی چاوەڕواننەكراو كەگەیشتە ئاستی بەكارهێنانی چەك لەدژی یەكتری، دوای دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار بۆ پشكی كورد، محەمەد شیاع سودانی كاندیدی هاوپەیمانێتی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەلایەن (لەتیف رەشید)ی سەرۆك كۆماری نوێی عێراقەوە راسپێردرا، بەشێك لەچاودێرانیش پێیان وایە كابینەكەی سودانی حكومەتێكی ئینتیقالی دەبێت، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیدەكاتەوەو دەڵێت: كابینەكە لانی كەم سێ ساڵ تەمەنی دەبێت. سودانی دوای راسپاردنی لەیەكەم لێدوانیدا بەڵێنیدا پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز پێشكەش بكات كە توانای بنیاتنانی وڵاتی هەبێت و رایگەیاند: بەڵێن بەعێراقییەكان دەدەم بە پێكهێنانی كابینەی نوێ بەزووترین كات چاوەڕوانییەكانیان بەدی بێنم، هەروەها حكومەتێكی بەهێز پێكدەهێنین كە توانای بنیاتنانی وڵات و خزمەتكردنی هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و بنیاتنانی هاوسەنگی نێودەوڵەتیی هەبێت. دەربارەی كاتی راگەیاندنی كابینەكەش، هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد:داوایان لەپەرلەمان كردووە رۆژی شەممەی داهاتوو 22ی تشرینی یەكەم پەرلەمانی عێراق دەنگ بەكابینەكەی سودانی بدات بەهەموو وەزیرەكانیەوە. عەلی حسێن سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح بە سایتی ئەلمەعلومەی راگەیاندوە، بەفەرمی لەهەفتەی داهاتودا كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بەسەرۆكایەتی محەمەد شیاع ئەلسودانی رادەگەیەنرێت و ئەو ناوانەشی بڵاوكراونەتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان دوورن لەڕاستیەوە، وتیشی: سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو هیچ ناوێك ئاشكراناكات تا ئەوكاتەی كابینەی حكومەتەكەی تەواو دەكات و بەفەرمی رایدەگەیەنێت، ئاماژەی بەوەشكرد سودانی پێوەری خۆی داناوە بۆ ئەو كەسایەتیانەی هەڵیاندەبژێرێت و كاندید دەكرێن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاریی كە تەكنۆكرات دەبن. وتیشی: سودانی ماوەی مانگێكی لەبەردەمدایە بۆ راگەیاندنی كابینەكەی و پێشكەشكردنی بەپەرلەمان، هەروەها نەخشەڕێگایەك لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی وەزارەتەكان بەتایبەتی وەزارەتەكانی ناوخۆو بەرگری ئامادەكراوە و لەگەڵ هێزە شیعی و سوونیەكان گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەشی كەدزەیان پێكراوە پشكی لایەنەكان لەكابینە وەزارییەكەی سودانی بەم شێوەیەیە، لایەنە شیعیەكان؛ وەزارەتەكانی (كشتوكاڵ، گواستنەوە، ناوخۆ، تەندروستی، نەوت، كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، دارایی، سەرچاوە ئاوییەكان، خوێندنی باڵا، كارەبا، پەیوەندییەكان)و پشكی سوننەكان؛ وەزارەتەكانی (بەرگری، پلاندانان، پەروەردە، پیشەسازی و كانزاكان، بازرگانی، رۆشنبیری و گەشتوگوزارو شوێنەوار) و پشكی لایەنە كوردییەكانیش؛ وەزارەتەكانی (دەرەوە، داد، ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، ژینگە) دەبێت. هاوكات جاسم محەمەد، وەزیر لەكابنەی پێشوو ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەئامادەبوونی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق كۆبووەتەوەو دابەشكردنی وەزارەتەكانیان لەنێوان پێكهاتەكان تاووتوێكردووە، بەوتەی ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سەرۆك كۆمار سێ جێگری دەبێت و سەرۆك وەزیرانیش هیچ جێگرێكی نابێت. دابەشكردنی وەزیرەكان بەپێی خاڵ دەبێت و هەر پەرلەمانتارێك بەخاڵێك ئەژمار دەكرێت، وەزیرێكی سیادی 13 خاڵ دەبێت و وەزیری خزمەتگوزاری هەشت خاڵی بۆ دیاریكراوە. سەبارەت بەڕێكاری دابەشكردنی پۆستەكانیش، ئەندامەكەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: «پشت بەژمارەی كورسییەكانی هەر لایەنێك دەبەسترێت، بۆ نموونە ئەگەر هەر لایەنێك فراكسیۆنەكەی گەیشتە 50 كورسی ئەوا چوار وەزارەتی دەبێت. ئەوانەی 10 كورسی و كەمتر و زیاتر لە 10 كورسیان هەبێت پۆستێكیان دەبێت، واتە پۆستەكان و وەزارەتەكان بەو شێوەیە دابەشكراون. جێگری سەرۆك كۆمارو وەزارەتی سیادی و پۆستی سیادی ئەمانە هەریەكەیان كێشیان زیاترە، واتە كورسی زیاتر دەبەن بەراورد بەپۆستی دیكە.» هەر بەگوێرەی زانیارییەكان لیژنەیەكی تەكنیكی بۆ دیاریكردنی كاندیدانی كابینەی حكومەتی داهاتووی عێراق پێكدەهێندرێت و بەشێك لەكاندیدەكان لەلایەن كوتلە سیاسییەكان و بەشێكی دیكەیان لەلایەن سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوەوە دەدرێنە لیژنەكە. سەبارەت بەتەمەنی كابینەكەی سودانی كە بەشێك لەچاودێران پێیان وایە حكومەتێكی ئینتیقالی دەبێت، چوارچێوەی هەماهەنگی رەتیدەكاتەوە حكومەتی ئینتیقالی بێت و دەڵێت لانی كەم سێ ساڵ تەمەنی دەبێت. چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت: كابینەی داهاتوو گرنگی زۆر بە بابەتی هەڵبژاردن و یاساكەی دەدات، بەڵام حكومەتی ئینتیقالی نابێت، چونكە بەلایەنی كەم تەمەنی دەگاتە سێ ساڵ، هاوكات هەموو دەسەڵاتێكی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دۆسییەكانی گەندەڵی دەبێت. هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانێـتی فەتح لای خۆیەوە داوایكردووە هەموو لایەك هاوكارییەكی تەواوی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراودا هەبێت بۆ تەواوكردنی كابینەكەی و هەڵبژاردنی وەزیرەكانی لەسەر بنەمای پیشەیی. ئەوەشی تائێستا بەفەرمی رەتیكردۆتەوە بەشداری لەكابینەكەی سودانیدا بكات، رەوتی سەدرو رەوتی حیكمەی عەمار حەكیمە، كە بەفەرمی رایانگەیاندووە بەشداری ئەو حكومەتە ناكەن، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەشی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە دزەیان پێكراوە فشاری ئێرانییەكان بۆ سەر چوارچێوەكە دەستیپێكردووە ئەویش بەئامانجی ئەوەی لەگەڵ رەوتی سەدردا جۆرێك ئارامی درووستبكرێت و چەند وەزارەتێكیان بۆ پێشنیازكراوە، بەڵام ئەستەمە سەدر بەمە رازی بێت. هاوكات چوارچێوەی هەماهەنگی هەر لەتەوەری ئاشتبوونەوە لەگەڵ رەوتی سەدر، پێشنیازی كاتێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ دەخاتە بەردەم سەدرییەكان، بەڵام پێش ئەوە پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوەو كۆمیسیۆنێكی نوێ بۆ هەڵبژاردن درووستبكرێت، كە ئەمەش لانی كەم ساڵێك زیاتر دەبات. هاوكات لەلایەن خۆیەوە ئەیاد عەللاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانێتی نیشتیمانی، لەراگەیەندراوێكدا داوای لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كردووە، ئەو هەڵانە راستبكاتەوە كە حكومەتەكانی پێشوو كردوویانە، وتیشی ئەركی حكومەتی داهاتوو ئامادەكارییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراقدا. دەربارەی پشكی كوردیش لەكابینە چاوەڕوانكراوەكەی سودانی، فراكسیۆنی پارتی لەبەغدا پێی وایە دەبێت كورد چوار وەزارەتی بدرێتێ، یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری بردووەو دەبێت پێگەی پارتی لەو وەزارەتانە لەبەرچاو بگیرێت. سەباح سوبحی پەرلەمانتاری پارتی لەبەغدا دەڵێت لەكابینەی داهاتووی حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتیی محەممەد شیاع سودانی، كورد داوای چوار وەزارەت دەكات كە دوو وەزارەتیان سیادی دەبێت ئەوانیش دارایی و دەرەوە دەبن. دەشڵێت، سەرۆك كۆمار بەركەوتەی یەكێتییەو پیرۆزباییان لێدەكەین، هەروەك لەپۆستە وەزارییەكاندا دەبێت پێگەی پارتی لەبەرچاو بگیرێت. هاوكات باس لەوەدەكرێت كه هەردوو وەزارەتی (دارایی و نەوت) بە كورد نەدرێت و رەنگە یەك وەزارەتی سیادی(دەرەوە) و سێ وەزارەتی خزمەتگوزاری بەكورد بدرێت، كە لەمەشدا لەنێوان حزبە كوردییەكاندا دابەشدەكرێت. ئەوەشی چاوەڕواندەكرێت لەدابەشكردنی وەزارەتە سیادییەكانی دیكەدا (بەرگری، دارایی، پلاندانان، ناوخۆ، نەوت) لایەنە شیعەو سونییەكان ناكۆكییەكانیان بەدیاربكەوێت، چونكە هەر لایەن و گرووپێك داوای پشكی زیاتر بۆ خۆیان دەكەن. لەئێستاشدا شەقامی عێراقی كه بەدەستی چەندین گرفتی كەڵەكەبووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و دارییەوە دەناڵێنێت، لەچاوەڕوانی راگەیاندنی كابینەكەی محەممەد شیاع سودانین تا بزانن چییان بۆ دەگۆڕێت، ئەوەشی ئەوە دیاری دەكات تەنیا كاتەو هیچی تر، كه ئایا حكومەتەكەی سودانیش بەدەردی حكومەتەكانی پێش خۆی دەچێت یان نا؟.