هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کۆماری ئیسلامی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکی خێراتر و چڕ کردوەتەوە بەڵام لە ئێستادا چەکی ئەتۆمیی دروست ناکات. ناوەندی زانیاریی و هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا لە نوێترین هەڵسەنگاندنی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوەتەوە: تاران لە ساڵی 2020 تا ئێستا هەوڵەکانی بە ئامانجی گەیشتن بە توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی چڕتر کردوەتەوە بەڵام ئاماژەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێستایدا بەدی نەکراوە. ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشیەتیدپرێس) بڵاوی کردوەتەوە: زۆربەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا گومانیان لە راستیی راپۆرت و هەڵسەنگاندنەی ناوەندی زانیاریی نیشتیمانی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکی کۆماری ئیسلامی هەیە. ناوەندەکەی ئەمریکا لەو راپۆرتەدا کە دوو لاپەڕەیە ئاماژەی بەوە کردوە؛ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی پێویستی بە ژمارەیەک تاقیکردنەوەی هەستیار هەیە کە لە ئێستادا ئەو جۆرە تاقیکردنەوانە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەدی ناکرێت. هەر لەو راپۆرتەدا رون کراوەتەوە؛ ئەگەر کۆماری ئیسلامی بڕیار بدات چەکی ئەتۆمیی دروست بکات کەرەستە و یۆرانیۆمی پێویستی بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە چەکە هەیە. ناوەندی زانیاریی و هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا جەختی لەوە کردوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی پابەندنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم نەبوە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە زانیارییەکانی ئەو ناوەندەی پشتڕاست کردوەتەوە. بە پێی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 نابێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە 5% زیاتر بەرز ببێتەوە بەڵام کۆماری ئیسلامی بە بیانوی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە، رێژەی پیتاندنی لە ژمارەیەک وێزگەی ئەتۆمیی گەیاندوەتە 60%.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە هەردوو حکومەتی عێراق و کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینیرجی)، گرێبەستە 27 ملیاردۆلارییەکەی بواری وزەیان واژۆ کرد کە ساڵانێکە لە چاوەڕێی واژۆکردن و چوونە بواری جێبەجێکردنەوەدایە. رۆیتەرز لە هەواڵەکەدا نووسیویەتی: "عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئینیرجی، ئەمڕۆ رێککەوتنێکیان لە بواری وزەدا واژۆ کرد کە ماوەیەکی زۆرە لەئارادایە و ئامانج لێی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و بەهێزکردنی تواناکانی عێراقە لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەریەکە لە سەرچاوەکانی نەوت و غاز و وزە نوێبووەوەکانەوە". بەپێی هەواڵەکەی رۆیتەرز، ئەم گرێبەستە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2021 و سەرەتا بڕیار بوو بە سەرمایەگوزاریی 10 ملیار دۆلار و لە باشووری عێراقەوە دەست پێ بکات و لە ماوەی 25 ساڵدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام واژۆکردنی گرێبەستەکە و خستنە بواری جێبەجێکردنیەوە سەری نەگرت بە هۆی ناکۆکیی نێوان سیاسیی و دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەربارەی ئەو مەرجانەی لە گرێبەستەکەدا هەبوون. بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تهمموزی 2023، پاتریک بۆیان، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینیرجی)ـی و حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە ئاهەنگێکی تایبەتدا واژۆکردنی گرێبەستەکەیان راگەیاند و پاتریک بۆیان رۆژەکەی بە (رۆژێکی مێژوویی) وەسف کرد. ئەم واژۆکردنە لەکاتێکدایە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی، گرێبەستەکە زیندوو کرایەوە و لە مانگی چواری ئەمساڵدا هەردوو حکومەتی عێراق و کۆمپانیا فەرەنسییەکە رێککەوتن لەسەر ئەوەی عێراق پشکێکی کەمتری لە گرێبەستەکە هەبێت بە رێژهی 30%، بەرانبەر 45% بۆ (تۆتاڵ ئینیرجی)ـی و 25%یش بۆ (قەتەرئینیرجی). هاوکات حەیان عەبدولغەیانی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ دەبێتە ھۆی بەرەوپێشبردنی زیاتری کەرتی نەوت و گاز و کارەبا لە عێراق و لە بەرژەوەندیی ھاوڵاتییانە. ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای رێکەوتنەکەکان پیشەسازی نەوت و گاز لەعێراق زیاتر بەرەوپێش دەچێت. گرێبەستەکان تایبەتن بە گواستنەوەی ئاوی دەریا بۆ کێڵگە نەوتییەکان، وەبەرھێنان لە غازی کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای بەسڕە، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی و بەرەوپێشبردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئەرتاوی لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا بە تیشکی خۆر، کە توانای بەرھەمھێنانی یەک گێگا واتی ھەبێت .
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەری فەرمی زانکۆی تاران بڵاوی کردۆتەوە، رۆژی یەکشەممە ٩ی جوولای بڵاوی کردۆتەوە، رێککەوتننامەیەک لە نێوان زانکۆی تاران و حەشدی شەعبیدا واژۆ کراوە بەوەی کە ئەندامان و کەسانی نزیک بە حەشدی شەعبی لەو زانکۆیە بخوینن و کارئاسانییان بۆ بکرێت بۆ درێژەدان بە خوێندن. ئەم رێککەوتننامەیە لە نێوان حسێن مووسەوی بەخاتی، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردە و بارهێنانی حەشدی شەعبی و محەممەد موقیمی سەرۆکی زانکۆی تاراندا واژۆ کرا. لەم دیدارەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی خوێندکاری عێراقی سەر بە حەشدی شەعبی و ژمارەیەک خوازیاری خوێندن بەڕێوە چوو سەرۆکی زانکۆی تاران ئەم پەیوەندییەی بە گرینگ ناو برد و باسی لەوە کرد ئەوان ئامادەن بەوەی خزمەتگوزاری خوێندن پێشکەش بە خوێندکارانی عێراقی و بەتایبەت موجاهیدەکانی حەشدی شەعبی بکەن لە پێناو پێگەیاندنیان. هەر لەم دیدارەدا حسێن مووسەوی بەخاتی باسی لەوە کرد ئەوان پەیوەستن بە یاساکانی زانکۆی تاران و هەروەها یاساکانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران و عێراقەوەو بە پێی رێنماییەکانی ئەو دوو وەزارەتە خوێندکار دەنێرنە زانکۆی تاران.
کۆشکی سپی رایگەیاند؛ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکا بەردەوامە و هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران نەکراوە. جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند؛ ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتە بە ئامانجی رزگارکردنی ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە دانوستانی ناڕاستەوخۆدایە و تا ئێستاش بەردەوامە. سۆلیڤان بە دەنگی ئەمریکای وتوە؛ سەرجەم ئەو دانوستانانەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کراوە ناڕاستەوخۆ بوە و هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لە نێوان واشنتۆن و تاران بە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەکراوە. لێدوانی سۆلیڤان لە کاتێکدا پێشتر ئیسرائیل و رۆژنامەیەکی ئەمریکا ئاشکرایان کردبو ئازادکردنی دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلاری ئێران لە عێراق و چاوپۆشیی واشنتۆن لە بەرزبونەوەی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە بەشێک بوە لە رێککەوتنەکە و واشنتۆن هەواڵ دەدات کۆماری ئیسلامی رازی بکات موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە روسیا نەفرۆشێت بە ئامانجی بەکارهێنانی لە جەنگی ئۆکرانیا و بە گەشتی بڕیارە زیاتر لە 20 ملیاردی ئێران ئازاد بکرێت هەر لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا کە ئەمریکا بە لێکتێگەیشتن ناوی هێناوە. ئەمریکا دەیەوێت لە بەرامبەر ئازادکردنی (سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی، موراد تەهباز) بڕی 10 ملیارد دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە وڵاتانی عێراق،ژاپۆن و کۆریای باشور بە مەرج ئازاد بکات. پیشتر جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاندبو لێدوانی بەرپرسانی ئێران لەسەر رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن بۆ ئازادکردنی سێ هاوڵاتیی ئەمریکی-ئێرانی راست نییە . وتەکانی کێربی دوای لێدوانی حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران هات کە رایگەیاندبو؛ پێشکەوتنی باش بۆ ئازادکردنی زیندانییەکانی ئەمریکا لە ئێران هەیە و تاران و واشنتۆن گەیشتونەتە رێککەوتنێکی ناڕاستەوخۆ.
هاوڵاتی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و سیاسی زیاتر بووەو لەم پەیوەندەدا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی شارە جیاوازەکان قۆڵبەستکراون. لەم پەیوەندەدا (م.ن) چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی نیشتەجێی یەكێک لە شارەکان ئەڵێت:" گوشار بۆ سەر چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خوێندکاری تا دێت زیاتر ئەبێت و هۆکارەکەش بەوەیە دەسەڵات دەیهەوێت بەر بە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بگرێت لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دا. " ئەم چالاکە لە وتەکانیدا جەخت لە سەر ئەوە ئەکاتەوە:" شۆڕشی ژینا سەرەڕای هەموو گوشارەکان، سەرەڕای هەموو چەشنە سەرکوتکارییەکان هەر درێژەی هەیە و خەریکی گۆڕینی فۆڕمی خۆیەتی و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نەزۆر دووردا دەستپێدەکاتەوە. " لە پەیوەند لەگەڵ قۆڵبەستکردن و زیندانی کردنی چالاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینی شارەکان، بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکانی "هەنگاو" ، "هرانا" ، "ئاسۆی رۆژ" ، "کوردپا" لە چەن رۆژی رابردوودا دەیان هاوڵاتی کورد لە شارە جیاوازەکان قۆڵبەست کراون بەشی زۆریان هۆکاری قۆڵبەستکردنیان دیار نیە و بنەماڵەکەیان لێیان بێ ئاگان. سەقز لە چەن رۆژی رابردوودا زۆرترین ژمارەی قۆڵبەستکردن و رەش بگیری لە شاری سەقز روویداوە. (ر.م) چالاکی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی شاری سەقز، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو ژمارە زۆر کەسە لە شاری سەقز دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی شۆڕشی ژینا لە شاری سەقزەوە دەستی پێکردوەو رژیم زۆرترین مەترسی لەم شارە هەیە. قۆڵبەستکردنی ٤ کەس نادیاربوونی چارەنووسیان رۆژی ١٨ی جوون٤ کەس لە شاری سەقز بە ناوەکانی ، "ئەفخەم مورادیان" ، "ئازاد مورادیان"، "کامیاب ئەسڵی" و "شاهۆ ساڵەحی" قۆڵبەست کران و گوێزرانەوە بۆ گرتووخانەی شاری سنە و تا ئێستە بیانووی گرتنیان روون نەبۆتەوەو بنەماڵەکەشیان نەیانتوانیوە پەیوەندییان پێوە بکەن. دەستگیرکردنی کاوە حیجازی بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی "هەنگاو" کاوە حیجازی تەمەن ٣٨ ساڵ، رۆژی ٢٠ی جوون لە ماڵەکەی خۆی بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی قۆڵبەستکرا و لەو کاتەوە تا ئێستە بنەماڵەکەی لێی بێ ئاگان و چارەنووسی نادیارە. دەستگیرکردنی شەهلا چووپانی رۆژی ٢٧ی جوون (٦ی پووشپەڕ) شەهلا چووپانی تەمەن ٣٥ ساڵ و کچی محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی قەوخ بە بێ هیچ بەڵگەیەک لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیرکرا. بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی کوردپا، ئەم ژنە چالاکە کۆمەڵایەتییە گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی سنە و تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی بە بنەماڵەکەی رانەگەیەنراوە. دەستبەسەرکردنی سامان پاشایی رۆژی ١ی جوولای ، سامان پاشایی مامۆستای زانکۆ و خاوەنی مەدالیای زیوی زۆرانبازی لاوانی دونیا، لە رێگای گەڕانەوەی لە سنەوە بۆ سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و گوێزرایەوە بۆ زیندانی سنە. سالار پاشایی برای ناوبراو کە دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە لەم پەیوەندەدا بە هاوڵاتی راگەیاند :" تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی سامان بۆ ئێمە وەک بنەماڵە روون نەبۆتەوە، هیچکام لە ئەندامانی بنەماڵە نەیانتوانیوە پەیوەندی پێوە بکەن و نەیتوانیوە پەیوەندی بە بنەماڵەوە بکات." هەر لەم پەیوەندەدا سالار پاشایی بە هاوڵاتی وت :" وەک بنەماڵە نیگەرانی باری تەندروستی سامانین. سامان باری تەندروستی ناجێگیرە و پێویستە دەستی بە دەرمانەکانی بگات، بەڵام بنەماڵە نەمانتوانیوە دەرمانەکانی بگەیەنینە دەستی و نازانین لە کام بنکە دەستبەسەرە". جێگەی ئاماژەیە لە مانگەکانی یەکەمی دەستپێکی شۆڕشی ژینادا، لەیلا پاشایی، خوشکی سامان ماوەیەک دەستبەسەر بوو، پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. نادیاری چارەنووسی هادی مەحموودی و ئاکۆ حەمیدی هادی مەحموودی و ئاکۆ حەمیدی ، لە کۆتاییەکانی مانگی جوونی ئەمساڵەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە. ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ لەم پەیوەندەدا باس لەوە دەکات تا ئێستە بنەماڵەکەیان نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک لە شوێنی دەستبەسەر بوونیان وەربگرن و ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش ئامادە نین وەڵامیان بدەنەوە. بێ ئاگایی لە چارەنووسی ئەیووب جەوانپوور رۆژی ٧ی جولای ماڵپەڕی هەنگاو، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد ئەیووب جەوانپوور، چالاکی سیاسی و مەدەنی شاری سەقز، کە نزیک بە ١ مانگە دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە. ئەیووب جەوانپوور رۆژی ١٠ی جوون، لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکراو و تا ئێستە چارەنووسی نادیارە و نازانرێت لە کوێ دەستبەسەرە. جێگەی ئاماژەیە لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، ئەم هاوڵاتییە سەقزییە ماوەیەک دەستبەسەر و زیندانی بوو و بە کەفالەت ئازاد کرا. زیندانی کردنی نازیلا مەعرووفیان رۆژی شەممە ٨ی جوولای ، نازیلا مەعرووفیان، رۆژنامەنووس و چالاکی خوێندکاری و خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران، دوای بانگکردنی لە لایەن دادسەرای زیندانی ئێڤین، دەستبەسەر کرا و زیندانی کرا. ئەم کچە رۆژنامەنووسە کوردەی خەڵکی سەقز، بە هۆی ئەوەی لەگەڵ "ئەمجەد ئەمینی" باوکی " ژینا ئەمینی" وتووێژی کردبوو، تۆمەتی پڕووپاگەندە دژی دەسەڵاتی خرایە پاڵ و رۆژی ٢٨ی جێنیڤەری ٢٠٢٣،پاش دادگایی کردنی لە لایەن دادوەر "ئەفشاری"ەوە سزای ٢ ساڵ زیندان و پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەنی ئێرانی و ٥ ساڵ قەدەغەبوونی چوونە دەرەوە لە خاکی ئێرانی بەسەردا داسەپا. جێگەی ئاماژەیە ماوەیەک لەوە پێش و لە مانگی جوونی ٢٠٢٣ دا ، نازیلا مەعرووفیان لە تویتەری خۆی رایگەیاند لەبەر ئەوەی باسی لە سووکایەتی و جنێوی سێکسی، هێزە ئەمنییەکان کردووە لە شوێنی کارەکەی دەرکراوە. نازیلا مەعرووفیان رۆژی ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، وتووێژێکی خۆی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی، بڵاوکردەوە. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو وتووێژە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و تۆمەتی " پڕووپاگەندە دژی دەسەڵات" و "بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیڕوڕای گشتی" درایە پاڵ. پیرانشار سادق مەحموود نژاد دەستبەسەر کرا رۆژی ٣ی جولای سادق مەحموود نژاد، خەڵکی شاری پیرانشار کە لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا ساچمە بەرچاوی کەوتبوو و بریندار ببوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ماڵپەڕی هەنگاو لەم بارەوە نووسیویەتی :"مەحموود نژاد چەن جار لە نەخۆشخانەکانی خومەینیی ئورمیە، فارابیی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر نەشتەرگەری بۆ چاوی ئەنجامدراوە، بینایی چاوی چەپی بەنزیکەی ٢٠ لەسەد لاوازبووە." دەستگیرکردنی موحسین عەزیزی رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای، موحسین عەزیزی تەمەن ٢٥ ساڵ، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە چارەنووسی نادیارە. کوژرانی زیندانییەکی سیاسی لە ژێر ئەشکەنجەدا رۆژی شەممە ٨ی جوولای ٢٠٢٣، لاوێکی کورد بە ناوی مووسا ئیسماعیلی خەڵکی گوندی "پەسوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، لە گرتووخانەی ورمێ لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستداوە. بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو، رۆژی شەممە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی ورمێ وە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەوە کراوە بێن و تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوەو لە هەمانکاتدا پێیان راگەیاندوون بۆیان نییە پرسەی بۆ دابنێن و پێویستە لە بێدەنگیدا بینێژن. مووسا ئێسماعیلی ٣٥ ساڵ تەمەن، رۆژی ٧ی ئەیار لە رێگای چوون بۆ پیرانشار، دەستبەسەرکراو ماوەی زیاتر لە ٢ مانگ، بنەماڵەکەی سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان لێی بێخەبەر بوون و ناوبراو مافی گرتنی پارێزەری نەبووە. شنۆ دەستگیرکردنی دوو برا بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی هەنگاو، رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی شوانە بابەکری خەڵکی گوندی "کانی رەش" سەر بە شاری شنۆ دەستگیرکرا. دوو رۆژ دواتر برای بچووکتری ئەم هاوڵاتییە بە ناوی شەفیع بابەکری لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا و هەردوو براکە بۆ شوێنی نادیار گوێزراونەتەوە. دەستگیرکردنی٦ هاوڵاتی رۆژی یەکشەممە ٩ی جوولای، پێنج کەس بە ناوەکانی ئارام شەعبان، خزر عەبدوڵڵاهی ئەمیرئاباد، فەخرەدین پوودات و عوسمان حەمزەزادە، عەبدولکەریم کاکول، سولەیمان گەڵوانی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیرکراون و بۆ شوێنی نادیار گوێزراونەتەوە. لەم پەیوەندەدا ماڵپەڕی کوردپا باسی لەوە کردووە کە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم ٦هاوڵاتییە روون نییە و نازانرێت بە چ هۆکارێک دەستگیرکراون. نەغەدە دەستگیرکردنی لاوێکی ١٨ ساڵە رۆژی دووشەممە ٣ی جولای، ماردین چێودار، تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی ناوچەی سندووسی سەر بە شاری نەغەدە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هەواڵنێری (هرانا) لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک بەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵەوە نووسیویەتی :" بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی رژاونەتە ماڵەوەو ماردینیان لەگەڵ خۆیان بردوە" ماڵپەڕی کوردپا لەم بارەوە باس لەوە دەکات کە دوای هەفتەیەک لە دەستبەسەر بوونی بنەماڵەکەی لێی بێخەبەرن و سەردانی هەرکام لە دامەزراوە ئەمنییەتییەکانیش ئەکەن وەڵامیان نادەنەوەو پێیان ئەڵێن کوڕەکەتان لە لای ئێمە نیە". هەر لەم رۆژەدا ئاسۆ قەلەندەری تەمەن ٣٤ ساڵ لە شاری نەغەدە قۆڵبەستکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. دەستبەسەر کردنی فەرهاد ئیسماعیلی رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای فەرهاد ئیسماعیلی خەڵکی نەغەدە و دانیشتووی شاری ورمێ، لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانەوە قۆڵبەستکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. ماڵپەڕی هەنگاو لەم بارەوە ئاماژەی بەوە داوە کە ناوبراو بە رۆژی رووناک و لە شەقامێکی سەرەکی شارەکە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستگیر کراوە. ئیلام دەستگیرکردنی مناڵێکی ١٥ ساڵان رۆژی ٢٨ی جوون، مناڵێکی ١٥ ساڵ تەمەن بە ناوی "ئەرەشک قەیسەربەیگی" خەڵکی سەرئاوڵەی سەر بە ئیلام، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کراوەو خراوەتە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی دان بە کۆمەڵێک شتدا بنیت. ماڵپەڕی هەنگاو لەم پەیوەندەدا نووسیویەتی :" ئەم مناڵە ١٥ ساڵ تەمەنە، پێشتر و لە گەرمەی ناڕەزاییەتییەکاندا دەستگیرکرابوو ". بە پێی ئامارەکانی ماڵپەڕی " ایران وایر" لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم ٧٠ مناڵی ژێر ١٨ ساڵ بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانیان لە دەستدا و سەدان کەسیش دەستبەسەر کران". عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی لەم پەیوەندەدا وتبووی :" ژمارەیەک لە لاوەکان بە هاندانی بەرنامەیەکی ئەنتەرنێتی دێنە سەر شەقامەکان کە دوای تەمبێ کردن دەدرێنەوە بە دەست بنەماڵەکانیان". بابەک کەرەمی سزای ٩ ساڵ زیندانی بە سەردا داسەپا رۆژی دووشەممە ٣ی جولای، بابەک کەرەمی تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام، کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیر کرابوو، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی وڵات"سزای پێنج ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "بێ ڕێزیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی" سزای دوو ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "بێ ڕێزیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی" سزای دوو ساڵ بەندکردنی لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بەسەردا سەپێندرا. پاوە مامۆستایەکی ئایینی لە شاری پاوە بانگ کرایە بەردەم دادگا بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ، چەند رۆژ لەوە پێش مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی "هادی ئەحمەدی" خەڵکی شاری پاوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی بانگکراوەو دەبێ رۆژی ١٢ جولای لە دادگای کرماشان ئامادە بێت. جێگەی ئاماژەیە هەر لەم پەیوەندەدا ژمارەیەک چالاکی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی "ورمێ"، "سنە" ، "مەریوان"، "دیواندەرە"، "بۆکان" دەستگیر کراون و تا ئێستە بە تەواوەتی ژمارەی دەستگیرکراوەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دیار نییە. بەشی زۆری دەستگیرکراوان لە پەیوەند لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی پێشتری کوردستان و ئێران دەستگیر کراون و مەبەست لە دەستگیرکردنیان بەرگرتنە بە هەرچەشنە ناڕەزاییەتییەک لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دا. جێگەی ئاماژەیە ژینا ئەمینی ، کچی ئەمجەد، رۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران بە بیانووی نەگونجاوبوونی حیجاب لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستبەسەر کراو بە هۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە کەوتە کۆماوەو رۆژی ١٦ی ئەیلوول لە نەخۆشخانەی "کەسرا" گیانی لەدەستدا. مەرگی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتییەکی گەورەی جەماوەری لێکەوتەوە. ژمارەی کوژراوانی ئەم خۆپیشاندانانە دیار نییە، بەڵام بە پێی هەندێ راپۆرتی نافەرمی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس کوژراون. بۆ ئەم ڕاپۆرتە کەڵک لەم سەرچاوانە وەرگیراوە هەنگاو کوردپا ئاسۆی رۆژ هرانا ایران وایر
رۆژنامەیەک ئاشکری دەکات ئیسرائیل بە مەبەستی ئازادکردنی هاوڵاتییەکی کە لە عێراق دەستگیر کراوە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکات. رۆژنامەی (شەرق ئەوسەت)ی چاپی لەندەن بڵاوی کردوەتەوە: ئەگەری بەهێز هەیە ئێلیزابێت تسورکۆڤ هاوڵاتی ئیسرائیلی کە بە رەچەڵەک روسییە لە لایەن حەشدی شەعبی و چەکدارە ئەمنییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق دەستگیر و رادەستی عێراق کرابێت. گروپی کەتائیبی حیزبوڵڵا-ی عێراق تۆمەتبارە بە رفاندن و دەستبەسەرکردن و رادەستکردنی ئێلیزابێت تسورکۆڤ لە بەغدادە بۆ ئێران. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەو توێژەرە ئیسرائیلی-روسییە کە لە بەغداد دەستگیر کراوە وای کردوە تەلئەڤیڤ بە نێوەندگیریی مۆسکۆ بکەوێتە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوشدا لە بەرامبەر داواکارییەکی ئێراندا ئازاد بکرێت. بە پێی زانیارییەکانی شەرق ئەوسەت؛ پێشتر هاوڵاتییەکی ئێرانی بە تۆمەتی پلان داڕشتن و ئەنجامدانی هێرشێک لە وڵاتی قوبرس دژی هاوڵاتییانی ئیسرائیل دەستگیر کراوە و کۆماری ئیسلامی داوای ئازادکردنی ئەو کەسە دەکات کە ئێستا لە تەلەئڤیڤ دەستبەسەرە. ئەو رۆژنامەیە ئەوەی خستوەتەڕو کە پێشتر دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) هاوڵاتییە ئێرانییەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە ناو خاکی ئێران دەستگیر کرداوە و گواستویەتیەوە بۆ تەلئەڤیڤ. میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی جەختیان لەوە کردوەتەوە کە ئێلیزابێت تسورکۆڤ پێشتر سەربازی ئیسرائل بوە و بە بیانوی توێژینەوە لە رێگەی زانکۆیەکی ئەمریکی رەوانەی سوریا کراوە و دواتر بە پاسپۆرتی روسیا سەردانی بەغدادی کردوە.
لە دوو مانگدا زۆرترین هاوسەرگیریی و جیابونەوە لە تارانی پایتەختی ئێران تۆمار کراوە و کەمترین ژمارەی جیابونەوە لە شارێکی رۆژهەڵات تۆمار دەکرێت. ناوەندی تۆماری دانیشتوانی ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە دوو مانگی سەرەتای بەهاری ئەمساڵدا 79 هەزار و 260 هاوسەرگریی و 37 هەزار و 701 جیابونەوە لە وڵاتەکەدا تۆمار کراوە . بە پێی ئامارەکە؛ زۆرترین هاوسەرگیریی و جیابونەوە لە پارێزگای تاران تۆمار کراوە ، لەو شارەدا نۆ هەزار و 272 هاوسەرگیری و شەش هەزار و 229 جیابونەوە تۆمار کراوە. تاران بەهۆی ژمارەی زۆری دانیشتوانییەوە لە تۆمارکردنی هاوسەرگیریی و هاوکات جیابونەوە یەکەم شار بوە بەڵام کەمترین هاوسەرگریی لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە لە ئیلام 663 هاوسەرگیریی تۆمار کراوە و بەوەش دووەم پارێزگا بوە لە ئاستی ئێران کە کەمترین هاوسەرگریی تێدا کراوە. لەو دوو مانگەدا تەنها 185 جیابونەوەی لە پارێزگای ئیلام تۆمار کراوە بەوەش کەوتوەتە ریزبەندی یەکەم پارێزگا کە کەمترین حاڵەتی جیابونەوەی تێدا تۆمار کراوە. ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگاتە زیاتر لە 600 هەزار کەس کە 300 هەزار و 24 کەسی لە رەگەزی پیاو و نزیکەی 299 هەزار کەسیشی لە رەگەزی ژنن.
هاوڵاتی بە پێی ئەو هەواڵانەی لە ناوەندە هەواڵنێرییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە، بەرەبەیانی شەممە ٨ی جوولای، لە لایەن دەستەیەکی ٤ کەسی چەکدارەوە، هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە شاری زاهیدان لە پارێزگای بەلووچستان و بەو هۆیەوە ٢ چەکداری سەر بە دەسەڵات و ٤ کەسی هێرشبەریش کوژراون. هەر لەم پەیوەندەدا، گرووپی چەکداری "جەیش العدل" کە گرووپێکی چەکداری دژبەری کۆماری ئیسلامین لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئێران، لە تویتێکدا بەرپرسایەتی ئەم هێرشەیان گرتۆتە ئەستۆ. کەڵانتەری ١٦، ئەو بنکە سەربازییەیە کە هێرشی کراوتە سەر و ئەم بنکە سەربازییەی رژیم بە هۆکاری سەرەکی روودوای "هەینی خوێناوی" زاهیدان دەناسرێت. رۆژی هەینی ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ و لە هەفتەکانی یەکەمی دەستپێکی شۆڕشی ژینا، خەلکی زاهیدان بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە کوردستان، دوای نوێژی هەینی، رژانە سەر شەقام و دژی دەسەڵات دروشمیان وتەوە، بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان لە لایەن "کەڵانتەری ١٦"ەوە خۆپیشاندەران درانە بەر دەستڕێژ و زیاتر لە ١٠٠ کەس کە ژمارەیەکیان مناڵبوون کوژران و ئەو رووداوە بە هەینی خویناوی ناسراوە. لەو کاتە بەدواوەو زیاتر لە ٤٠ هەینییە، هەموو رۆژانی هەینی و پاش نوێژکردن، خەڵکی زاهیدان دەڕژێنە سەر شەقام و دژی کۆماری ئیسلامی دروشم دەڵێنەوە. گرووپی چەکداری "جیش العدل" کە بەرپرسایەتی ئەم هێرشە چەکدارییەی گرتۆتە ئەستۆ، خۆی بە ئەرتەشی یەکسانی و عەداڵەت ناو دەبات و لە بەلووچستانی ئێران لایەنگری زۆریان هەیە.
هاوڵاتی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لەبارەی مردنی رێژەیەکی زۆری ماسی لە پارێزگای میسان هاتە دەنگ و ڕەتیکردەوە بەهۆی کەمی ئاوەوە بوبێت. بەرێوەبەرایەتی ژینگەی میسان هەفتەی رابردوو مردنی هەزاران ماسی لە ڕووبارێکی ناوچەکە ڕاگەیاند کە بۆ کەمی ئاو و بەرزبوونەوەی رێژەی خوێی ئاوەکە گەڕاندەوە و ئەمڕۆ بە فەرمی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هاتە دەنگ عەلی ڕازی، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کێشەی پەروەردەکردنی ماسی یەکێکە لەو کێشانەی کە ڕووبەرووی کەرتی سەرچاوە ئاوییەکان دەبێتەوە بەتایبەتی لە بارودۆخی کەمی ئاودا ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتەکانی سەرچاوەکانی ئاو و کشتوکاڵ و ژینگەدا بکرێت، لە کاتێکدا کێشەی کەمی ئاو بەردەوامە، ڕەتیکردەوە کە مردنی ماسی لە باشووری وڵاتەکە بەهۆی نەبوونی ئاوەوە بو بێت. ڕایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە “پەتا و نەخۆشی” هەبێت و جەختیشی کردەوە لەسەر پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند بۆ ئەم مەبەستە. ئەوە لەکاتێکدایە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی میسان هەفتەی ڕابردوو مردنی بڕێکی زۆر ماسی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا ، هۆکارە سەرەتاییەکانی ئەو ڕووداوەی کە لە ڕووباری ئەلعەز ڕوویدا، بەهۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجینی تواوە و نەبوونی لە ئاوەکەدا بوە، جگە لە سوێری بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە نزیکەی ٣٤٠٠ میلیگرام TDS و هەروەها هۆکارەکانی دیکە لەوانە بەرزی پلەی گەرمی و بەرزی ڕێژەی هەڵمبوون لە ڕووبارەکەدا ئەمانە هۆکاری مردنی سێ تۆن ماسی بوو لە ناوچەکەدا .
هاوڵاتی ئێران كە بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەكانەوە ناتوانێت قەرزەكانی بە شێوەیەكی «كاش و نەختینەیی» وەرگرێتەوە و بیخاتە سەر ئەژمارە بانكییەكانی بە ناچاری نەوتەكەی بە چایی ئاڵوگۆڕ پێكردوە و وڵاتی سریلانكا كە 250 ملیۆن دۆلاری پاڕەی كڕینی نەوتی ئێران قەرزارە بڕیاری داوە بە رێككەوتنێكی دوولایەنە مانگانە بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار چایی رەوانەی ئێران بكات. بڕیارە سریلانكا لە ماوەی 48 مانگدا و لە بەرامبەر 250 ملیۆن دۆلاردا مانگانە بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار چا رەوانە دەكات، بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕە چایە بۆ كەمتر لە دوو ملیۆن دۆلار لە مانگێكدا كەمی كردوە. ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) ئاشكرای كردوە؛ بەهۆی بەرنامە موشەكی و ئەتۆمییەكەی كۆماری ئیسلامی ژمارەیەك سزای نێودەوڵەتیی دژی ئێران سەپێنراوە كە رەوانەكردنی پارەی بۆ سەر ئەژمارە بانكییەكانی ئەو وڵاتە راگرتوە و ئێران بە ناچاریی داهاتی فرۆشی نەوتەكەی بە كاڵا ئاڵوگۆڕ پێدەكات و لە ساڵی 2021 سریلانكا و ئێران رێككەوتون لەسەر ئاڵوگۆڕی نەوت بەرامبەر چایی. لە دوای سریلانكا، كۆماری ئیسلامی سەرقاڵی رێككەوتنێكە بۆ ئاڵوگۆڕی نەوتەكەی لەگەڵ وڵاتی پاكستان و بڕیارە لە بەرامبەر نەوتدا، ماددە وشكە خۆراكییەكان و ئامێر و كەرەستەی بیناسازیی لە پاكستان وەرگرێت. جواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاندوە؛ لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتی جیهان رێككەوتنیان كردوە بۆ ئەوەی نەوتیان بۆ رەوانە بكرێت و لە بەرامبەردا شتومەك و كاڵای خۆراكیی بۆ ئێران رەوانە بكرێتەوە. ئێران پێش سزا نێودەوڵەتییەكانی ساڵی 2018، رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی بە شێوەی فەرمی رەوانەی بازاڕەكان كردوە بەڵام لە ئێستادا بە شێوازی نهێنی و بە ناوی وڵاتانی دیكەوە بڕێك لە نەوتەكەی لە بازاڕەكانی جیهاندا ساخ دەكاتەوە.
هاوڵاتی بەگوێرەی ئاماری رێکخراوێکی توندی، لە شەش مانگی رابردوودا لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە زیاتر لە 600 پەنابەر گیانیان لەدەستداوە. فورمی توند بۆ مافی ئابور و کۆمەڵایەتی کە رێکخراوێکی مافی مرۆڤە ئامارێکی مەترسیداری گیان لەدەستدانی پەنابەرانی لە دەریای ناوەڕاستدا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاماری رێکخراوەکە، لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا، 608 پەنابەر لە ئاوەکانی نێوان تونس و ئیتاڵیادا گیانیان لەدەستداوە کە ئەو ژمارەیە، ئەندازەی گیانلەدەستدانی پەنابەرانە لە ساڵی 2022دا. رێکخراوەکە ئاشکرای کردووە کە تەنیا لە مانگی نیساندا 373 پەنابەر لە ئاودا خنکاون کە تەرمی بەشێکیان تاوەکو ئێستاش نەدۆزراونەتەوە. لە ئامارەکەدا هاتووە، لە شەشمانگی رابردوودا، هێزە ئەمنیەکانی تونس رێگریان لە تێپەڕبوونی 32 هەزار پەنابەر کردووە و چوار هەزار و 316 هاوڵاتی تونسیش خۆیان گەیاندووەتە کەناراوەکانی ئیتاڵیا.
هاوڵاتی ئێران كە بە وڵاتێكی ئیسلامی ئەژمار دەكرێت رێژەی بەكارهێنانی مەی و خواردنەوە كحولییەكان لەو وڵاتانە زیاترە كە خواردنەوە كحولییەكان كە تێیاندا قەدەغە نەكراوە. گومرگی ئێران ئاشكرای كردووە زۆربەی براندە بیانییەكانی مەی و خواردنەوە كحولییەكان لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەوێشەوە بۆ شارەكانی ئێران دەنێردرێن. لە ئامارەكانی گومرگی ئێراندا ئاماژە بەوە كراوە ساڵانە لانیكەم بە بەهای یەك ملیار و 100 ملیۆن دۆلار مەی و خواردنەوە كحولییەكان بە قاچاخ هاوردەی ئەو وڵاتە دەكرێت كە بەشی هەرەزۆری لە هەرێمی كوردستانەوەیە. دەركەوتووە بەهۆی یاسا توندەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ قەدەغەكردنی خواردنەوە كحولییەكان نزیكەی نیوەی ئەو خواردنەوانەی لە وڵاتەكەدا بەكاردەهێنرێن لە ناوخۆ دروست دەكرێن كە زۆربەی بە شێوەی ساختە و ماددەی كحولی پیشەسازیی یان مێتانۆڵ تێیاندا بەكاردەهێنرێت كە دەبێتە هۆی ژەهراویبون و مەرگ و نابینابونی ئەو كەسانەی كە ئەو جۆرە خواردنەوە ساختانە دەخۆنەوە. خواردنەوەی كحولی ساختە قوربانیی زۆری لێكەوتوەتەوە و لە ئێستادا كە بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار زۆر دابەزیوە ئەو كەسانەی مەی دەخۆنەوە پەنا بۆ خواردنەوە دەستكردەكانی ناوخۆی ئێران دەبەن بەوەش ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە چونكە بە پێی ئامارەكان نزیكەی 700 بۆ هەزار كەس بەو خواردنەوانە گیانیان لەدەست دەدەن. ئێران مێژویی زیاتر لە پێنج هەزار ساڵ دروستكردنی مەی هەیە مێژوی دروستكردنی خواردنەوە كحولییەكان لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار و 500 ساڵ پێش ئێستا و بەوەش دوای چین بە مێژوی نۆ هەزار ساڵ، دووەم وڵات بوە لە دروستكردنی خواردنەوە كحولییەكان. هومایون نەجەف ئابادی، ئەندامی دەستەی تەندروستی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ بەكارهێنانی خواردنەوە كحولییەكان سەرەڕای قەدەغەبونیان لە ئێران زیادی كردوە و دەبێت حكومەت یاسای نوێی بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو خواردنەوانە دەربكات چونكە بەهۆی قەدەغەكردنی هاوردە یان دروستكردنی خواردنەوە كحولییەكان ساختەكاریی و مەی ژەهراویی لە وڵاتەكەدا زۆر بوە. بە وتەی نەجەف ئابادی، خواردنەوەی مەی و بەكارهێنانی خواردنەوە كحولییەكان سەرەڕای قەدەغە و ئەو سزایانەی كە هەیەتی بەڵام لە ناو ئێراندا خواستی زۆری لەسەرە و لە هەندێك حاڵەتیشدا بڕی بەكارهێنانی مەی لە ئێران لەو وڵاتانە زیاترە كە هیچ قەدەغەیەكیان بۆ مەی و خواردنەوە كحولییەكان نییە. بە پێی هەندێك ئامار لە ئێران هەر كەسێكی سەروی تەمەن 15 ساڵ لە ماوەی یەك ساڵدا لانیكەم 25 لیتر ماددەی كحول بۆ خواردنەوە بەكاردەهێنێت لە كاتێكدا لە راپۆرتی ساڵی 2018ی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوە كراوە 96%ی دانیشتوانی ئێران مەی و خواردنەوە كحولییەكانیان بەكارنەهێناوە. ئەنیستیوتی پێوانەیی تەندروستی لە ئێران ساڵی 2019 بڵاوی كردوەتەوە ساڵانە نزیكەی سێ هەزار كەس لەو وڵاتە بەهۆی بەكارهێنانی مەی و خواردنەوە كحولییەكان مردوون كە ئەوەش راپۆرتی ساڵی 2018ی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بەدرۆ دەخاتەوە. بە گشتی ساڵانە بە بەهای نزیكەی یەك ملیار و 800 ملیۆن دۆلار مەی و خواردنەوە كحولییەكان لە ئێران بەكاردەهێنرێت و دەخورێتەوە كە ئەوەش دژبەیەكبونێكی رون و ئاشكرایە بۆ وڵاتێك كە یاساكانەی دەسەڵاتەكەی لە چوارچێوەی ئیسلام (شیعە)دا بێت. گومرگی ئێران: ساڵانە لانیکەم بەبەهای یەک ملیارو ١٠٠ ملیۆن دۆلار مەی و خواردنەوە کحولییەکان بە قاچاخ هاوردەی ئەو وڵاتە دەکرێت یاساكانی كۆماری ئیسلامی خواردنەوە كحولییەكانی پێ كۆنتڕۆڵ ناكرێت لە سێ ماددەی (701) و (704) و (22) یاساكانی كۆماری ئیسلامی هاوردەكردن، دروستكردن و بەكارهێنانی خواردنەوە كحولییەكان بە تاوان لەقەڵەم دراوە كە سزای زیندانیی و ماددی دەیان گرێتەوە. لەو یاسایانەدا ئاماژە بەوە كراوە كە هەر كەسێك بازرگانیی بە خواردنەوە كحولییەكان بكات یان بەكاریان بهێنێت و كۆگایان بكات سزای 74 تازیانە و پێنج هێندەی قەبارەی ئەو خواردنەوانەی كە دەستیان بەسەردا دەگیرێت سزای ماددی دەدرێت بۆ نمونە ئەگەر بە بەهای هەزار دۆلار لە خواردنەوە كحولییەكان بە كەسێكەوە بگیرێت ئەوا جگە لە 74 تازیانەكە بە بەهای پێنج هەزار دۆلار سزا(غەرامە) و زیندانی دەكرێت. ئەگەر بەهای هەر بارێكی مەی و خواردنەوە كحولییەكان لە 10 ملیۆن تمەن (200) دۆلار زیاتر بێت ئەوا سزای شەش مانگ بۆ دوو ساڵ زیندانی هەیە و ئەگەر بەهاكەی 100 ملیۆن تمەن بێت لە دوو ساڵەوە تا پێنج ساڵ زیندانی بەسەر خاوەنەكەیدا دەسەپێنرێت. بەهۆی ئەو گۆڕانكاریانەی لە یاساكانی سزای تایبەت بە خواردنەوە كحولییەكان لە ئێران كراوە هەموو ئەو كەسانەی زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە دەتوانن بە رادەستكردنی سزای ماددی و لە بەرامبەر پێدانی پێنج بۆ حەوت هێندەی پارەی ئەو بڕە لە خواردنەوە كحولیانەی كە دەستیان بەسەردا گیراوە سزای زیندانییەكەیان بكڕنەوە، بەڵام ئەگەر خواردنەوە و بازرگانیكردن بە مەی چەند بارە ببێتەوە دادگاكانی كۆماری ئیسلامی دەتوانن بڕیاری لە سێدارەدانی ئەو كەسانە بدەن. سەرەڕای ئەو سزا قورسانە بازگانیی بە خواردنەوە كحولییەكان لە ئێران بە بەردەوامیی زیادی كردوە و ژمارەیەك لە رۆژنامە و میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویان كردوەتەوە لە ئێستا خانو و بینای گەشتیاریی بە خواردنەوە كحولییەكانەوە بە كرێ دەدرێت. لە ساڵی ڕابردودا لانیکەم ٦٤٤ کەس بەهۆی ژەهراویبوون بە خواردنەوە کحولییەکان یان مەی ساختە گیانیان لەدەستداوە، بەبەراورد بە ٢٠٢١ بە ڕێژەی ٪٣٠ بەرز بووەتەوە و زۆربەشیان بەهۆی ماددەی میتانۆڵەوە بووە مەی ساختە مەرگ لە جیاتی سەرخۆشی پزیشكی دادی ئێران ئاشكرای كردوە تەنها لە ساڵی رابردودا لانیكەم 644 كەس بەهۆی ژەهراویبون بە خواردنەوە كحولییەكان یان مەی ساختە گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی قوربانییانی خواردنەوە كحولییەكان لەچاو ساڵانی رابردودا 30% بەرز بوەتەوە و زۆربەشیان بەهۆی ماددەی مێتانۆڵەوە بووە. تەنها لە یەك هەفتەدا نزیكەی 400كەس لە چەند شارێكی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بە مەی ساختە ژەهراویبون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 17 كەسیان گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكیشیان نابینا بون. بەرپرسانی تەندروستیی ئێران هۆشداراییان داوە لە بەكارهێنانی ماددەی مێتانۆڵ لە زۆربەی خواردنەوە كحولییە دەستكردەكانی ناوخۆی وڵاتەكە و ژەهراویبون بەو ماددەیان بە هۆكاری سەرەكیی بەرزبونەوەی ژمارەی قوربانییانی خواردنەوەی مەی لەقەڵەم داوە. سەرۆكی زانكۆی پزیشكی پارێزگای ئەلبورز رایگەیاندوە؛ لە دوو رۆژدا 95 كەس بەهۆی خواردنەوە كحولیی ساختەوە رەوانەی نەخۆشخانەكانی شاری كەرەج و پارێزگاكە كراون كە 40 كەسیان چارەسەریی شۆردنەوەی گورچیلە و گەدەیان بۆ كراوە. بە پێی زانیارییەكانی شەرق خواردنەوەی كحولی ساختە لە ناوچەی ئیسلام ئاباد و حەسارەك لە شاری كەرەجی ناوەندی پارێزگای ئەلبورز بوەتە هۆی مەرگی 14 كەس و 88 كەسیش رەوانەی نەخۆشخانە كراون كە دۆخی تەندروستیی ژمارەیەكیان ناجێگیرە. پۆلیسی پارێزگای كەرەج رایگەیاند؛ دوای ژەهراویبون بە مەی ساختە چوار كەسی بە تۆمەتی دروستكردنی مەی و خواردنەوەی كحولیی ساختە دەستگیركردوە.
هاوڵاتی دوای ئەوەی ئیسرائیل هەواڵی ڕفاندنی ژنێكی لە بەغدای پایتەختی عێراق بڵاوكردەوە، گرتەیەكی ڤیدیۆیی ئیلیزابێس چۆركۆف بڵاوبوەوە، كە باس لەسەردانی بۆ شاری سەدر دەكات و لەسەر كەسایەتی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدریش قسە دەكات. ژنە ئیسرائیلیەكە كە هەڵگری ڕەگەزنامەی ڕوسیاشە، لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا بە "حیجاب" ەوە دەردەكەوێت و دەڵێت: نوێژی هەینی لە شاری سەدر ڕووداوێكی مێژووییە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەكان، ئەم شارە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ناسراوە و خاوەن مێژووی بەرەنگاربوونەوەی ستەمكارانە". لەبارەی موقتەدا سەدریشەوە، ئیلیزابێس دەڵێت:"كەسێكی نیشتیمانییە و دەستێوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبی و دەوروبەر ڕەتدەكاتەوە ئەمەش هەڵوێستێكە دەبێت هەموو سیاسیەكی عێراقی گرنگی پێبدات و وەك ئەو بێت". پەیامنێرەكە لێی دەپرسێت تۆ موسوڵمانی؟ ئیلیزابێس چۆركۆف دەڵێت:"نا موسوڵمان نیم بەڵام هاتووم لە مەراسیمی نوێژی هەینی لە شاری سەدر ئامادەبم". بەوتەی باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق، حكومەت لێكۆڵینەوەی سەبارەت بە ڕفاندنی ئەو ژنە توێژەرە "ئیسرائیلیە- ڕوسییە دەستپێكردووە، دوای ئەوەی ئیسرائیل گروپێكی لایەنگری ئێرانی لەعێراق تۆمەتباركرد بەوەی لەماڵێكدا لەبەغدا ڕفاندوویانە. ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرایكرد یەكەكانی حزبوڵای عێراق بەرپرسیارە لەڕفاندنی ئەو ژنە و ئەوەشی خستەڕوو: ئیلیزابێس چۆركۆف هاوڵاتییەكی ئیسرائیلی- ڕوسییە و چەند مانگێك لەمەوبەر لەعێراق دیارنەماوە و لەلایەن میلیشیای حزبوڵای عێراق كە گروپێكی شیعەیە دەستبەسەرە. نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی ئاشكراكرد ژنە ئیسرائیلیەكە تائێستا زیندووە و بەرپرسیارێتی گیانیشی لەئەستۆی حكومەتی عێراقە. لەبەرامبەریشدا گروپی حزبوڵا بە ناڕوونی قسەی لەسەر ئەو ژنە ئیسرائیلیە كرد و ِفاندنەكەشی ڕەتنەكردەوە. ئەبو عەلی عەسكەری شەوی پێنجشەمەی ڕابردوو لەتیلیگرام وتی "دانپێدانانی سەرۆكوەزیرانی قەوارەی جولەكە بەبوونی سیخوڕێكیان لەعێراق ئاماژەیەكی مەترسیدارە و پێویستە بەوردی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكرێت". ئەو ژنە ئیسرائیلیە لە كانوونی دووەمی 2022 بە پاسپۆرتێكی ڕووسی سەردانی بەغدای كردووە، ئەمەش بەوتەی دیپلۆماتكارێكی ڕۆژئاوایی لەعێراق كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، بەوتەی زۆرێكیش لەو ڕۆژنامەنوسانەی قسەیان لەگەڵ كردووە كە زۆربەیان بیانین، چۆركۆف توێژینەوەی لەسەر گروپە میلیشیاكانی نزیك لەئێران كردووە لەعێراق هاوكات توێژینەوەشی لەسەر ڕەوتی سەدر كردووە. ئیلیزابێس چۆركۆف لەپێگەی خۆی لەئینتەرنێت باسی لەوەكردووە بەزمانەكانی ئینگلیزی و ڕوسی و عیبری و عەرەبی دەتوانێت قسە بكات و بنوسێت، ئاماژەی بەوەشكردووە توێژەری پەیمانگەی نیولاینزی ستراتیژی سیاسییە، هاوكات توێژەریشە لە كۆڕبەندی بیركردنەوەی هەرێمیی كە دەزگایەكی توێژینەوەی ئیسرائیلییە و بارەگاكەی لەقودسە.
هاوڵاتی رۆژنامەی ئەلعەرەب ئاشکراى دەکات کە سودانى بۆ رازیکردنى نورى مالیکى دەستیکردوە بە دورخستنەوەى لایەنگرانى حەلبوسى و کار بۆ لابردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکرێت لە پۆستەکەی. بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە ئەم هەنگاوەى سودانى دژ بە محەمەد حەلبوسى بۆ چەند ئەگەرێک دەگەڕێتەوە و یەکێکیش لەو ئەگەرانە رێککەوتنى سودانى و مالیکییە بۆ ئەوەی سودانى گەرەنتى مانەوەى لە پۆستەکەى بکات لە هەڵبژاردنى داهاتودا. ڕۆژنامەکە هۆکارێکى دیکەى ئەم دژایەتیکردنەى سودانى بۆ حەلبوسى گەڕاندوەتەوە بۆ پڕۆژەیاساى بودجە و دەڵێت: سودانى پێى وایە کە کۆمەڵێک بڕگەى یاساى بودجە لەلایەن حەلبوسییەوە دژى کابینەکەى سودانى زیاد کراوە. هەروەک ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق داواى لە سەرۆک کۆمارى عێراق کردوە کە ببێتە نێوەندگیر بۆ چارەسەرى ئەم ناکۆکییە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە سەرکەوتو بێت.
هێرشی چەکداریی دەکرێتە سەر بنکەیەکی پۆلیسی ئێران و دوای چەند کاتژمێرێک لە پێکدادان، بنکەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوە. ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر بنکەی ژمارە 16ی پۆلیسی ئێران لە شاری زاهیدان ناوەندی پارێزگای سیستان و بەلوچستان و بنکەکە بۆ چەند کاتژمێرێک لە لایەن چەکدارەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرا. پۆلیسی ئێران بڵاوی کردوەتەوە: چەکدارەکان دوای کۆنتڕۆلی ئەو بنکەیە لە لایەم هێزی ئەمنیی و سەربازییەوە گەمارۆ دراون و دوو هێرشبەر کە پشتێنی بۆمبڕێژکراویان پێوەبوە خۆیان تەقاندوەتەوە. ئاماژە بەوە کراوە دوای زیاتر سێ کاتژمێر پێکدادان پۆلیسک کوژراوە و پۆلیسێکی دیکە بریندار بوە و هاوکات لەگەڵ خۆ تەقاندنەوەی دوو هێرشبەر یەکێکی دیکە لە هێرشبەرەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە.