هاوڵاتی بەغدادو تاران بازرگانییەكانی وزەی نێوانیان بەرز دەكەنەوە ئاڵوگۆڕی نەوتی كەركوك و گرێبەستی فرۆشتنی غاز بەعێراق درێژ دەكرێتەوەو زیادكردنی بەرهەمهێنان لەكێڵگە هاوبەشەكانیاندا بەرز دەكرێتەوە. ئێران و عێراق كە چەند كێڵگەی هاوبەشی نەوتیان لە سنوری رۆژئاوای روباری كارون لە باشوری ئێران هەیە بڕیاریان داوە بەرهەمهێنانەكانیان زیاد بكەن. ئێران كە لە ساڵی 2016 و بە پێی دوو گرێبەست غاز بە عێراق دەفرۆشێت، لە پەراوێزی هەشتەمین كۆبونەوەی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك) قسەیان لەسەر پێشخستن و زیادكردنی بەرهەمهێنان لە كێڵگە هاوبەشەكانیان كردوە و بە وتەی وەزیری نەوتی ئێران بەغداد و تاران رێككەوتن بۆ ئەوەی هەنگاوەكانیان لە بواری نەوت و غازدا پێش بخەن. ئەگەرچی ئێران نوێكردنەوەی سەرجەم گرێبەستەكانی فرۆشی غازی بە عێراق پەیوەست كردوە بە دانەوەی قەرزەكان، بەڵام بەرپرسانی هەردولا دانیان بەوەدا ناوە هیچ قەرزێكی غاز نەماوە تەنها بەهۆی سزاكانی ئەمریكا ناتوانرێت مامەڵە بەو پارانەوە بكرێت كە عێراق وەك پێدانەوەی قەرزەكانی خستویەتیە سەر ئەژمارێكی بانكی ئێران لە بانكی بازرگانیی عێراق. گرێبەستەكانی ئێران و عێراق لەكەركوكەوە تا ئیلام لە ساڵی 2013 لە بەغداد و ساڵی 2016 لە بەسڕە دوو گرێبەستی كڕینی غاز لە ئێران لە نێوان تاران و بەغدا كراوە كە بە پێی گرێبەستەكەی بەسڕە كە بۆ ماوەی شەش ساڵە، رۆژانە 35 ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ئێرانەوە رەوانەی عێراق دەكرێت، بەڵام هەر بە پێی ئەو گرێبەستە لە وەرزی سەرمادا هەناردەی رۆژانەی غازەكە بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا كەم دەكات. گرێبەستی بەغداد كە ساڵی 2013 واژۆ كراوە لە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی كوردستانە غاز هەناردەی بەغدادی پایتەختی عێراق دەكرێت. تەنها لە ساڵی 2022 ئێران 17 ملیار مەتر سێجا غازی بە عێراق فرۆشتوە، بە وتەی بەرپرسانی ئێران لە ئێستادا ئاستی هەناردەی رۆژانەی غاز بۆ عێراق 35 ملیۆن مەتر سێجایە كە پارەكەشی مانگانە دەخرێتە سەر ئەژمارێكی بانكی بۆ ئێران. ژوری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق ئاشكرای كردوە جگە لە گرێبەستەكانی غاز ئامادەكاریی كراوە بۆ گرێبەستێكی پیشەسازیی غاز لەگەڵ تاران كە داهاتەكەی بۆ ئێران دەبێتە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار و كەمبونەوەی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق قەرەبو دەكرێتەوە. ئەو هەنگاوەی ئێران لە كاتێكدایە وڵاتی فەڕەنسا گرێبەستێكی پیشەسازیی بواری غازی لەگەڵ عێراق كردوە كە بەهاكەی 27 ملیار دۆلارە، بەڵام بەرپرسانی تاران بانگەشەی ئەوەیان كردوە كە دەتوانن لەو بوارەدا هاوكارییە پیشەسازییەكانی غازیان تا 50 ملیار دۆلار لەگەل عێراق. یەكێتی هەناردەكانی نەوت و غازی ئێران رایگەیاندوە قۆناغی ئاڵوگۆڕی نەوتی كەركوك دەستی پێكردوە و لەو چوارچێوەیەشدا رۆژانە 80 تەنكەر نەوتی خاو لە كەركوكەوە رەوانەی سنورەكانی ئێران دەكرێت و بڕیارە لە بەرامبەردا ئێران لە روی پیشەسازیی بواری غازی شلەوە هاوكاریی عێراق بكات. لە ساڵی 2016 دوای كۆنتڕۆڵی كەركوك لە لاین حەشدی شەعبی-یەوە هەناردەكردنی نەوتی خاوی كەركوك رەوانەی ئێران كراو و لە بەرامبەردا بەنزین لەو وڵاتەوە رەوانەی شارەكانی عێراق كراوە بەڵام وردەكارییەكانی ئەو ئاڵگۆڕەی نەوتی كەركوك كە بە سیستمی (SWAP) ناو دەهێنرێت رون نییە، بەڵام چەند جارێك رەوانەكردنی نەوتی خاو بەهۆی ناڕەزایەتییەكانی توركیا راگیراوە. كەچەڵ تیماری سەر خۆی پێناكرێت پێشتر جواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران لە لێدوانێكدا لە بەغداد بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیانبدو رێككەوتنێك لە نێوان تاران و بەغداد واژۆ كراوە بە مەبەستی پەرەپێدانی ئەو كێلگە غازی و نەوتانەی كە لە نێوان دوو وڵاتەكەدا بە هاوبەشی بەڕێوەدەچن. وەزیری نەوتی ئێران وتویەتی: لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا جگە لە دروستكردنی هێڵی بۆڕی نەوت و غاز لە نێوان دوو وڵاتەكەدا، ئێران كار دەكات بۆ نۆژەنكردنەوەی ژمارەیەك لە پاڵاوگەكانی عێراق. بەهۆی بەرزبونەوەی خواست لەسەر غاز و نەبونی بودجە بۆ چاكسازیی لە سیستمی بەرهەمهێنان و بەكارهێناندا، ئێران روبەڕوی قەیرانی غاز دەبێتەوە و بەڵگەكانیش ئاشكرای دەكەن ئەگەر ئەو وڵاتە چاكسازیی نەكات ناچارە غاز هاوردە بكات. بە پێی ئەو بەڵگە نهێنییانەی كە گروپێكی هاككەر لە پێگەی ئەلیكترۆنی سەرۆكایەتی كۆماری لە ئێران دزەیان پێكردوە، نۆژەنكردنەوە ئامێرەكانی كێلگە و پاڵاوگەكانی نەوت و غازی وڵاتەكە پێویستی بە 25 بۆ 30 ملیار دۆلار هەیە و هەر بەو هۆیەوە چەند ساڵێكە بەرهەمهێنانی غاز زیادی نەكردوە. لەو بەڵگانەدا دەركەوتوە؛ ناهاوسەنگیی لە بەرهەمهێنان و بەكارهێنانی غازی رۆژانە لە ئێران گەیشتوەتە 350 ملیۆن مەترسێجا و ئەگەر تا سێ ساڵی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بەرز نەكرێتەوە و چاكسازیی لە شێوازی بەكارهێنانی ئەو سوتەمەنییەدا نەكرێت، وڵاتەكە ناچارە غاز لە دەرەوە هاوردە بكات. غاز سەرچاوەیەكی سەرەكی سوتەمەنیی بزوێنەری كارگە و ئۆتۆمبێلەكانە لە ئێران و زۆرینەی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەش بە مەبەستی گرمكردنەوە لە وەرزی زستاندا سودی لێوەردەگرن. بڵاوبونەوەی ئەو بەڵگانە لە كاتێكدایە ئێران خاوەنی 44 تریلیۆن سێجا غازە و وەك دووەم وڵات دوای روسیا ئەژمار دەكرێت كە خاوەنی 21%ی یەدەگی غازی جیهانە.
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە " تایمز ئیسرائیل" بڵاوی کردۆتەوە، پۆلیسی ئازەربایجان هاوڵاتییەکی ئەفغانستانی بە ناوی "فوزان موساخان" دەستگیر کردووە کە هەوڵیداوە هێرش بکاتە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەفغانستان. بە پێی زانیارییەکانی تایمزی ئیسرائیل لە زمانی بەرپرسانی ئەمنی ئازەربایجانەوە، ئەم هاوڵاتییە ئەفغانستانییە لە دایکبووی ١٩٩٠ ەو لە هۆتێل " هایت ریجنسی" لە نزیک باڵیۆزخانی ئیسرائیل بینراوەو گومانیان کردۆتە سەری و گرتوویانە. هەر لەم پەیوەندەدا ئالێن کۆهێن وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لای وایە ئێران لە پشت ئەم هەوڵە تیرۆریستییەوەیە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەروەها وتوویەتی :" وەک چۆن لە رۆژانی رابردوودا بینیومان هەوڵ دراوە بەوەی هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە باکۆ پێتەختی ئازەربایجان و هەروەها جوو و ئیسرائیلییەکان لە مانگەکانی رابردوودا لە قوبرس و یۆنان، تیرۆریسمی ئێرانی هەڕەشەیەکە بۆ سەر هەموو دونیا". وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەروەها ئێرانی بەوە تاوانبار کرد کە تێچووی ئەم پلانەی گرتۆتە ئەستۆ و ئەو کەسانە لە لایەن ئێرانەوە بە کرێ گیردراون بۆ ئەم پلانە تیرۆریستییە کە فوزان موساخان یەکێک بووە لە ئەندامەکانی ئەو گرووپە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل باسی لەوە کرد ئێران بەردەوام هەوڵ دەدات لە رێگای هاوڵاتی وڵاتانی ترەوە هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکان و ناوەند و کەسانی سەر بە ئیسرائیل.
هاوڵاتی بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی "رادیۆ زەمانە" بڵاوی کردۆتەوە، بەرپرسانی زیندانی ئیڤین، بە بنەماڵەی "نازیلا مەعرووفیان"یان راگەیاندووە، ئەم رۆژنامەنووسە ٢٣ ساڵ تەمەنەی شاری سەقز، بە دانانی بارمتە ئازاد ناکرێت و لێپرسینەوە لێی بەردەوامە . بە پێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، پێشتر بە بنەماڵەی نازیلا مەعرووفیا رایانگەیاندووە، ئامادەن لە بەرامبەر کەفالەتی ١ میلیارد تمەندا، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاتی ئازادی بکەن. بەڵام بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لەو بڕیارە پاشگەز بوونەتەوەو دوو تۆمەتی نوێیان خستۆتە پاڵ ئەم کچە رۆژنامەنووسە کوردە. بە پێی زانیارییەکان ، سەرجەم تویتەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری ئەم رۆژنامەنووسەیان پرێنت کردووەو وەک بەڵگەی تاوان خستوویانەتە بەردەستی و پێیان راگەیاندووە ئەمانە بەڵگەن بەوەی کە ئەو تاوانبارە بە تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی و گەیاندنی زانیاری بە دەرەوەی وڵات و کەڵک وەرگرتن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کە لە ئێران رێگەپێنەدراوە. نازیلا مەعرووفیان رۆژی شەممە ٨ی جولای بۆ جاری دووەم دەستگیرکراو لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرە. جێگەی ئاماژەیە ئەم رۆژنامەنووسە لە ماوەی ٥ رۆژی رابردوودا تەنها ١ جار توانیویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی قسە بکات و لەبەر ئەوەی باوکی رستەیەکی کوردی لە قسەکانیدا بە کار هێناوە، تەلەفۆنەکەیان لە سەر داخستووەو ڕێگەی قسەکردنیان پێ نەداوە. نازیلا مەعرووفیان رۆژی ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، وتووێژێکی خۆی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی، بڵاوکردەوە. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو وتووێژە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و تۆمەتی " پڕووپاگەندە دژی دەسەڵات" و "بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیڕوڕای گشتی" درایە پاڵ.
هاوڵاتی رۆژی دووشەممە ١٠ی حەوت، شەش وڵاتی عەرەبی و رووسیا لە مۆسکۆ دەربارەی پرسی خاوەندارێتی سێ دوورگەی "تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبوومووسا" هەڵکەوتوو لە کەنداو کۆبوونەوە. لە راگەیاندراوی کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا وڵاتانی کەندوا و رووسیا جارێکیتر پشتیوانی خۆیان دەربڕی بەرامبەر هەوڵەکانی ئیمارات دەربڕی بۆ گفتوگۆ کردن لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی کێشەی خاوەندارێتی ئەو سێ دوورگەیە یەکلایی بێتەوە و چارەسەر بکرێت. بڵاوبوونەوەی ئەو راگەیاندراوە ناڕەزایەتی بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی ئێستا و پێشتری کۆماری ئیسلامی لێکەوتۆتەوە. زۆربەی بەرپرسان واژۆکردنی ئەو راگەیاندنە بە پشتتێکردنی رووسیا لە ئێران لێک ئەدەنەوە. لەم پەیوەندەدا، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران، رۆژی سێ شەممە ١١ی حەوت دژ بە رایگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی شۆرای هاوکاری کەنداو و رووسیا ، کە لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو ڕایگەیاند :" ئەم دوورگانە تا هەتایە سەر بە ئێرانن و بەشێکن لە ئێران و دەرکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە راگەیاندنانە لەگەڵ پەیوەندی دۆستانەی ئێران و دراوسێکاندا ناگونجێت". لەم پەیوەندەدا ئەحمەد زەید ئابادی، رۆژنامەنووسی ئێرانی لە تویتەری خۆی نووسیویەتی :" رووسەکانیش وەک چینییەکان لە پرسی تایبەت بە دوورگەکانی کەنداوی (فارس) لەگەڵ شۆرای هاوکاری کەنداو هاودەنگن و باس لە پێویستی گفتوگۆی نێوان ئێران و ئیمارات ئەکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە." پێشتریش شی جین پینگ، سەرۆک کۆماری چین، راگەیاندنێکی هاوشێوەی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی کەنداو واژۆ کردبوو کە ناڕەزایەتی بەشێک لە بەرپرسانی ئێستا و رابردووی ئێرانی لێکەوتەوە. ئێران خاوەندارێتی ٣ دوورگەی "تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبوومووسا" بە مافی خۆی ئەزانێت و ئامادە نیە بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆ بکات لەو بارەیەوە. لە لایەکیترەوە ئیمارات ئەو سێ دوورگە عەرەب نشینە بە بەشێک لە خاکی خۆی ئەزانێت کە ئێران دەستی بەسەردا گرتووە. ناسر کەنعانی لە بەشێکیتر لە قسەکانیدا دەربارەی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە ١٠ی حەوت لە مۆسکۆ دەڵیت :" کۆماری ئیسلامی وێڕای ئەوەی جەخت لەسەر بەردەوامی سیاسەتی هەڵکردن لەگەڵ دراوسێکانی دەکاتەوەو رێزگرتن لە یەکتر بە پێویست ئەزانیت، پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە بە ئەرکی هەموو وڵاتانی ناوچەکە ئەزانێت ". بەشداری رووسیا لەو کۆبوونەوەیە و واژۆکردنی ئەو راگەیاندنە ناڕەزایەتی زۆر لە ناوخۆی ئێران لێکەوتۆتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی سیاسی ئێران لایان وایە رووسیا بە هەمانشێوەی چین، لەم پرسە تایبەتەدا پشتی ئێرانی بەرداوەو چاوی بڕیوەتە سەرمایە سروشتی و دەوڵەمەندەکەی وڵاتانی کەنداو. مەحموود سادقی، مامۆستای زانکۆی تاران و نوێنەری پێشتری خەڵکی تاران لە پەرلمانی ئێران لەم بارەوە لە تویتەری خۆی نووسیویەتی :" بێشەرمی رووسیا لە واژۆکردنی راگەیاندنی هاوبەش لەگەڵ شۆرای هاوکاری کەنداوی فارس، دەربارەی سێ دوورگەکە، درێژەو هاوشێوەی هەمان هەنگاوی چینە و ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر پاراستنی خاکی ئێران". مەحموود ئەحمەدینژاد سەرۆک کۆماری پێشتری ئێران لە تویتەری خۆی نووسیویەتی :" رووسیاش وەک چینییەکان پشتیان لە ئێران کردووە، سیاسەتی هەڵەی جۆری پەیوەندی یەکلایەنەی ١٠ ساڵی رابردوو لەگەڵ رووسیا و چین ئەنجامەکەی ئەمە ئەبێت کە ئەوان پشت لە ئێمە ئەکەن لە پێناو بەرژوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی". حەمید ئەبووتالبی راوێژکاری حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری پێشتری ئێران لەم بارەوە لە تویتەری خۆی نووسیویەتی :" دوای ئەوەی ساڵی رابردوو چین لێدانێکی بە بڕستی لە دەسەڵاتی نەتەوەیی ئیران دا و پاداشی ئەو کارەشی بوو بەوەی نێوانگیری ئێران و عەرەبستانی کرد و پەیوەندی خۆی لەگەڵ هەردوولا گەرەنتی کرد، چ چاوەڕوانییەک لە رووسیا هەیە کە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە خیانەتی نەبەخشراو ئەکات دژ بە ئیران و رووسیایەک کە بەشێکی گەورە لە خاكی ئێرانی دابڕیوە وەها شتێکی لێ چاوەڕوان ئەکرێت." ئەبووتالبی لە تویتەکەی خۆیدا وێڕای ئاماژەکردن بە واژۆکردنی ئەم راگەیاندنە و راگەیاندنی هاوشێوەی لە لایەن چینەوە، باس لە مێژووی پڕ لە ململانێی نێوان ئێران و رووسیا دەکات و مەبەستی نووسەر لە خیانەتی ١٠٠ ساڵە و دابڕینی بەشێک لە خاکی ئێران، دوو پەیماننامەی "گولستان" و "تورکەمانچای"ە کە بە پێی ئەو دوو پەیماننامە بەشێکی زۆر لە خاکی ئێران دابڕا و گرێدرایەوە بە رووسیای تێزارییەوە. راگەیاندنی هاوبەشی شەش وڵاتی عەرەبی و رووسیا، نیگەرانییەکانی ئێران و کۆماری ئیسلامی پەیوەند لەگەڵ خاوەندارێتی ئەم سێ دوورگەیە قووڵتر کردۆتەوەو لە هەمانکاتدا بووە بە هۆی قووڵتربوونەوەی کێشەکانی نێوان ئێران و ئیمارات. هەر لەم پەیوەندەدا، بە پێی هەواڵی راگەیاندنەکانی ناوخۆی ئێران، باڵیۆزی رووسیا لە تاران بانگکراوەتە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و نارەزایەتی ئێران بە راگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتانی هاوکاری کەنداو و رووسیای دەربارەی سێ دوورگەکە پێ راگەیەندراوە. ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ایسنا)، لەمبارەوە نووسیویەتی :" باڵیۆزی رووسیا لە تاران لە لایەن عەلیرەزا عینایەتی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێیران و بەرپرسی گشتی کەنداو بانگکراوەو پێی راگەیەندراوە:" سێ دوورگەی تونبی گەورەو تونبی بچووک و ئەبوومووسا، تا هەتایە بەشێکن لە خاکی ئێران و خوازیاری ئەوە بوون رووسیا هەڵوێستی خۆی لەو بارەوە بگۆڕدرێت."
هاوڵاتی ناوەندی قەڵەمی ئەمریکا، رۆژی سێ شەممە ١١ی حەوت ، وێڕای شەرمەزارکردنی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ تۆماج ساڵەحی، گۆرانیبێژی راپی ناڕازی ئێرانی، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو هونەرمەندەی کرد. یەکێک لە پارێزەرەکانی تۆماج ساڵەحی کە لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٢٢ دەستگیرکرا، رۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنوسانی راگەیاند کە لە لایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ زیندان بە سەر ئەم هونەرمەندەدا داسەپاوە. ناوەندی قەڵەمی ئەمریکا لە راگەیاندنەکەیاندا وێڕای شەرمەزار کردنی ئەم سزا قورسە بۆ ئەم هونەرمەندە دەڵێت :" سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندان بوون، تەنها لەبەر ئەوەی گۆرانی وتووە و خەڵکی ناڕازی هانداوە، سزایەکی (نایاسایی و بێبەزەییانە)یە. جوولی ترۆبۆ بەڕیوبەری بەشی "پەیوەندیکردن بەو هونەرمەندانەوە کە لە مەترسیدان" لە ناوەندی قەڵەمی ئەمریکا لەم بارەوە ئەڵیت :" ئەو سزای قورسەی دراوە بە سەر تۆماج ساڵەحیدا، نموونەیەکی دیاری کردە وەحشیانەکانی بەرپرسانی ئێرانییە". جوولی ترۆبۆ هەروەها دەڵێت :" هێرشکردنە سەر هونەرمەندان بەهۆی هونەرەکەیانەوە و، تەنها لەبەر ئەوەی تواناکانی خۆیان بە شێوەی ئازادانە دەربڕیوە نابێ بێدەنگەی لێ بکرێت. هەرچەندە سەپاندنی ئەم سزایە بووە بە هۆی ئەوەی لە ژووری تاکەکەسی بێتە دەرەوە، بەڵام ئێمە وەک ناوەندی قەڵەمی ئەمریکا هێشتا نیگەرانی تەندروستی و پاراستنی گیانی ئەوین. داوادەکەین ئەم هونەرمەندە دەستبەجێ ئەبێ ئازاد بکرێت و بێبەری بکرێت لەو تاوانانەی خراوەتە پاڵی". تۆماج ساڵەحی رۆژی ٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە گوندی "گێرد پیشە" لە پارێزگای چوارمحالی بەختیاری دەستگیرکرا. ئەم هونەرمەندە راپە بۆ ماوەیەکی زۆر مافی بوونی پارێزەری نەبوو و مەترسی سێدارەی لەسەر بوو و لە ئێستادا بە سزای شەش ساڵ زیندانی کراوە.
ناتۆ لە بەیاننامەیەکدا داوا دەکات ئێران هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ روسیا رابگرێت و نابێت ئەو وڵاتە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی بدات. وڵاتانی ئەندامی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویان کردەوە؛ کۆماری ئیسلامی ئێران نابێت بە هێچ شێوەیەک سنوری وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ بەتایبەت ئۆکرانیا پێشێل بکات و بە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازیی بە روسیا ببێتە هۆی زیانگەیاندن و دروستکردنی مەترسیی. لەو بەیاننامەیەدا داوا لە ئێران کراوە بە زوترین کات ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا راگرێت چونکە لە رێگەی ئەو فڕۆکانەوە زیانی گەورە بە ژێرخانی ئۆکرانیا دەگات و تا ئێستا قوربانیی زۆری لەو وڵاتە لێکەوتوەتەوە. 31 وڵاتی ئەندامی ناتۆ جەختیان لەوە کردوەتەوە کە نابێت کۆماری ئیسلامی هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی بدات و دەبێت پابەندنی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بێت بۆ رێگریی لە بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمیی. هەر لەو بەیاننامەیەدا وڵاتانی ناتۆ داوایان کردوە ئێران تاقیکردنەوە موشەکییە بالیستییەکانی رابگرێت و لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 پابەندی بڕیاری 2231 ی ئەنجومنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێت کە لە ئێستادا پێشێلی کردوە. پێشتر ئیسرائیل و دوو رۆژنامەی ئەمریکا ئاشکرایان کربو کە کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 1500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رادەستی روسیا کردوە کە دژی ئۆکرانیا بەکار دەهێنرێت.
فەرماندەیەکی سەربازیی کۆماری ئیسلامی رایدەگەیەنێت کە ئەمریکا ویستویەتی لە هەرێمی کوردستانەوە بەشێک لە خاکی ئێران داببڕێت بەڵام پلانەکەیان شکست پێهێناوە. حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆبونەوەی فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکە رایگەیاند؛ هێزی سوپای پاسداران تەنها موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نییە ئەزمون و توانای زۆریان هەیە بۆ بەرەنگاربونەوە نەیارانیان. سەلامی لەو کۆبونەوەیەدا وتی: ئەمریکا پلانی هەبوە لە هەرێمی کوردستانەوە بەشێک لە خاکی ئێران پارچە بکات و تەنانەت بەشێوەیەکی کاتی ئەو ناوچەیە لە خاکی وڵاتەکە داببڕێت و چەند شارێک بە تەواوتی کۆنتڕۆڵ بکرێن. ئاماژەی سەلامی بە رۆژهەڵاتی کوردستان بوە کە بە وتەی ئەو ئەمریکا پلانی دابڕانی لە خاکی ئێرانی بۆ داڕشتوە و جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری پێشوی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا دانی بەو سیناریۆیەدا ناوە. حسێن سەلامی وتوشیەتی: هێزی وشکانی سوپای پاسداران ئەو پلانەی بە هێرشی پێشوەخت پوچەڵ کردوەتەوە و ئەوەش بوەتە هۆی تێکچونی رێکخستن و پلانەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانەوە دژی ئێران. لێدوانی سەلامی لە کاتێکدایە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران، سوپای پاسداران چەند جارێک بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی لە برادۆست، هەولێر، کۆیە و زڕگوێز-ی موشەکباران کردوە و بە فڕۆکەی خۆ کوژ هێرشی کردوەتە سەریان کە زیاتر 20 کوژراو و نزیکەی 70 برینداری لێکەوتوەتەوە. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە بەردەوامی پارتەکانی رۆژهەڵات و نەیارانی دەسەڵاتی ئێران تۆمەتبار دەکەن بە جێبەجێکردنی پلانەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.
هاوڵاتی بە پێی راپۆرتێک کە ماڵپەڕی "رادیو زمانە" بڵاوی کردۆتەوە :" رۆژانی شەممە و یەکشەممەی رابردوو ٧ کرێکار لە کاتی کردندا، لە ٥ رووداودا گیانیان لە دەستداوە." بەرەبەیانی رۆژی شەممە ٩ی جوولای، دوو مناڵی کار لە شاڕێی تاران- باکوور، کەوتوونەتە بەر پیکابێک و یەکێک لە مناڵە کرێکارەکان بە ناوی " ئارمان سەلەحشوور" دەستبەجێ گیانی لە دەستداوەو مناڵێکیتر بە ناوی " عەلیرەزا ئەڵماسی" بە هۆی قووڵی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە. لە رووداوێکیتردا، دوو کرێکاری بیرهەڵکەن، لە "ئامول" لە باکووری ئێران، بە هۆی رووخانی بیرەوە گیانیان لە دەستداوە، سەرچاوەکان باسیان لە ناسنامەی ئەم دوو کرێکارە نەکردووە. رۆژی یەکشەممە ١٠ی جوولای، کرێکارێکیتری بیر هەڵکەن خەڵکی شاری مەشهەد لە کاتی خاوێنکردنەوەی بیردا، بە هۆکاری نادیار کەوتۆتە بیرەکەوەو گیانی لە دەستداوە. پێش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە لە شاری "خومەینی شار" دوو کارێکاری بیناسازی بە هۆی رووخانی بیناوە گیانیان لە دەستداوە. هەروەها هەر لەم رۆژەدا پێش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، کرێکارێکی بەشی کارەبا بە هۆی تەزووی کارەباوە گیانی لە دەستداوە. ماڵپەڕی "هرانا" باس لەوە دەکات رۆژانە ٥ کەس لە ئێران بە هۆی رووداوی کارەوە گیان لە دەست ئەدەن.
هاوڵاتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لەمساڵدا گەیشتوەتە 43 ملیۆن و 324 هەزار کەس. وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ ئەمساڵ بە 43 ملیۆن و 324 هەزار کەس مەزەندە کراوە، رێژەی گەشەی ساڵانەش 2.5%یە، رێژەی رەگەزی نێر 50.5% و مێ 49.5ی کۆی دانیشتوانن. بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، گروپی تەمەنی کەمتر لە 15 ساڵ نزیکەی 40%ی دانیشوان پێکدەهێنن، تەمەنی 64-75 ساڵیش رێژەی 15%ی دانیشتوان پێکدەهێنن، هەروەها گروپی گەنجانیش کە تەمەنی 15- 24 ساڵان پێکدەهێنن 28%ی کۆی دانیشتوان پێکدەهێنن. وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکراشیکردوە، "نزیکەی 50%ی دانیشتوان لە پارێزگاکانی (بەغدا، نەینەوا، بەسرە، زیقاڕ) چڕبونەتەوە، دانیشتوانی شارەکانیش 70% و گوندشینەکانیش 30% پێکدەهێنن". لەبارەی رێژەی لەدایکبوانیش، وەزارەتی پلاندانان ئاشکرایکردوە، رەوشی تەندروستی کۆرپەلە و منداڵانی خوار پێنج ساڵ باشتر بوە، بەجۆرێک لە هەر 100 هەزار لەدایکبونێکی کۆرپەلە، 20 کەسیان دەمرن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبوە". هەروەها "بەراورد بە ساڵی 2018دا رێژەی لەدایکبونی منداڵ کەمبوەتەوە لەکاتێکدا لەو ساڵەدا سێ ملیۆن و 660 هەزار منداڵ لەدایکبون، بەڵام لە ساڵی 2022 بۆ سێ ملیۆن و 300 هەزار منداڵ لەدایکبون کە تەمەنی ئافرەتانی دوگیان لەنێوان 15-49 ساڵاندا بون، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبونی رێژەی تەمەنی بەساڵاچوان."
وەزارەتێکی ئێران هۆشداریی دەدات زۆرینەی دانیشتوانی وڵاتەکە بەهۆی دابین نەکردنی خۆراکی پێویست روبەڕوی کارەساتی مرۆیی دەبنەوە. وەزارەتی کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە لە ئێران رایگەیاند؛ زیاتر لە 57%ی دانیشتوانی وڵاتەکە توشی کەمخۆراکی و بەدخۆراکی بون و توانای دابینکردنی خۆراکی پێویستیان نییە. ئەو وەزارەتە ئاماژەی بەوە کردوە؛ زۆرینەی دانیشتوانی ئێران توانای دابینکردنی رۆژانە دوو هەزار و 100 کالۆری خۆراکیان نییە و ئەوەش وای کردوە روبەڕوی کێشەی کەمخۆراکیی ببنەوە. هادی موسەوی نیک، بەڕیوبەری گشتی ناوەندی توێژینەوەی سەر بە وەزارەتی کار و خۆشگوزەرانی رایگەیاندوە؛ 14 ملیۆن و 500 هەزار منداڵ لە ئێران کێشەی کەمخۆراکیان هەیە کە لەو ژمارەیە 10 ملیۆن منداڵ تەمەنیان لە 12 ساڵ کەمترە. بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2022 ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ئێران توشی کەمخۆراکیی بون 800 هەزار کەس بوە و بە پێی ئامارەکانی ئەمساڵ ئەو ژمارەیە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بوەتەوە. ژمارەی دانیشتوانی ئێران دەگاتە 85 ملیۆن کەس و ئەو وڵاتە ساڵانە بە بەهای نزیکەی 20 ملیارد دۆلار بەربومی کشتوکاڵی و خۆراک رەوانەی 15 وڵاتی دراوسێی دەکات.
هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کۆماری ئیسلامی ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکی خێراتر و چڕ کردوەتەوە بەڵام لە ئێستادا چەکی ئەتۆمیی دروست ناکات. ناوەندی زانیاریی و هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا لە نوێترین هەڵسەنگاندنی بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردوەتەوە: تاران لە ساڵی 2020 تا ئێستا هەوڵەکانی بە ئامانجی گەیشتن بە توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی چڕتر کردوەتەوە بەڵام ئاماژەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێستایدا بەدی نەکراوە. ئاژانسی هەواڵی (ئەسۆشیەتیدپرێس) بڵاوی کردوەتەوە: زۆربەی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا گومانیان لە راستیی راپۆرت و هەڵسەنگاندنەی ناوەندی زانیاریی نیشتیمانی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکی کۆماری ئیسلامی هەیە. ناوەندەکەی ئەمریکا لەو راپۆرتەدا کە دوو لاپەڕەیە ئاماژەی بەوە کردوە؛ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی پێویستی بە ژمارەیەک تاقیکردنەوەی هەستیار هەیە کە لە ئێستادا ئەو جۆرە تاقیکردنەوانە لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەدی ناکرێت. هەر لەو راپۆرتەدا رون کراوەتەوە؛ ئەگەر کۆماری ئیسلامی بڕیار بدات چەکی ئەتۆمیی دروست بکات کەرەستە و یۆرانیۆمی پێویستی بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە چەکە هەیە. ناوەندی زانیاریی و هەواڵگریی نیشتیمانی ئەمریکا جەختی لەوە کردوەتەوە کە کۆماری ئیسلامی پابەندنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم نەبوە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە زانیارییەکانی ئەو ناوەندەی پشتڕاست کردوەتەوە. بە پێی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1 نابێت ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە 5% زیاتر بەرز ببێتەوە بەڵام کۆماری ئیسلامی بە بیانوی کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە، رێژەی پیتاندنی لە ژمارەیەک وێزگەی ئەتۆمیی گەیاندوەتە 60%.
هاوڵاتی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە هەردوو حکومەتی عێراق و کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینیرجی)، گرێبەستە 27 ملیاردۆلارییەکەی بواری وزەیان واژۆ کرد کە ساڵانێکە لە چاوەڕێی واژۆکردن و چوونە بواری جێبەجێکردنەوەدایە. رۆیتەرز لە هەواڵەکەدا نووسیویەتی: "عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ ئینیرجی، ئەمڕۆ رێککەوتنێکیان لە بواری وزەدا واژۆ کرد کە ماوەیەکی زۆرە لەئارادایە و ئامانج لێی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و بەهێزکردنی تواناکانی عێراقە لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەریەکە لە سەرچاوەکانی نەوت و غاز و وزە نوێبووەوەکانەوە". بەپێی هەواڵەکەی رۆیتەرز، ئەم گرێبەستە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2021 و سەرەتا بڕیار بوو بە سەرمایەگوزاریی 10 ملیار دۆلار و لە باشووری عێراقەوە دەست پێ بکات و لە ماوەی 25 ساڵدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام واژۆکردنی گرێبەستەکە و خستنە بواری جێبەجێکردنیەوە سەری نەگرت بە هۆی ناکۆکیی نێوان سیاسیی و دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دەربارەی ئەو مەرجانەی لە گرێبەستەکەدا هەبوون. بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تهمموزی 2023، پاتریک بۆیان، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕیی و سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینیرجی)ـی و حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە ئاهەنگێکی تایبەتدا واژۆکردنی گرێبەستەکەیان راگەیاند و پاتریک بۆیان رۆژەکەی بە (رۆژێکی مێژوویی) وەسف کرد. ئەم واژۆکردنە لەکاتێکدایە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی، گرێبەستەکە زیندوو کرایەوە و لە مانگی چواری ئەمساڵدا هەردوو حکومەتی عێراق و کۆمپانیا فەرەنسییەکە رێککەوتن لەسەر ئەوەی عێراق پشکێکی کەمتری لە گرێبەستەکە هەبێت بە رێژهی 30%، بەرانبەر 45% بۆ (تۆتاڵ ئینیرجی)ـی و 25%یش بۆ (قەتەرئینیرجی). هاوکات حەیان عەبدولغەیانی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵ دەبێتە ھۆی بەرەوپێشبردنی زیاتری کەرتی نەوت و گاز و کارەبا لە عێراق و لە بەرژەوەندیی ھاوڵاتییانە. ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای رێکەوتنەکەکان پیشەسازی نەوت و گاز لەعێراق زیاتر بەرەوپێش دەچێت. گرێبەستەکان تایبەتن بە گواستنەوەی ئاوی دەریا بۆ کێڵگە نەوتییەکان، وەبەرھێنان لە غازی کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای بەسڕە، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی و بەرەوپێشبردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئەرتاوی لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا بە تیشکی خۆر، کە توانای بەرھەمھێنانی یەک گێگا واتی ھەبێت .
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە ماڵپەری فەرمی زانکۆی تاران بڵاوی کردۆتەوە، رۆژی یەکشەممە ٩ی جوولای بڵاوی کردۆتەوە، رێککەوتننامەیەک لە نێوان زانکۆی تاران و حەشدی شەعبیدا واژۆ کراوە بەوەی کە ئەندامان و کەسانی نزیک بە حەشدی شەعبی لەو زانکۆیە بخوینن و کارئاسانییان بۆ بکرێت بۆ درێژەدان بە خوێندن. ئەم رێککەوتننامەیە لە نێوان حسێن مووسەوی بەخاتی، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردە و بارهێنانی حەشدی شەعبی و محەممەد موقیمی سەرۆکی زانکۆی تاراندا واژۆ کرا. لەم دیدارەدا کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی خوێندکاری عێراقی سەر بە حەشدی شەعبی و ژمارەیەک خوازیاری خوێندن بەڕێوە چوو سەرۆکی زانکۆی تاران ئەم پەیوەندییەی بە گرینگ ناو برد و باسی لەوە کرد ئەوان ئامادەن بەوەی خزمەتگوزاری خوێندن پێشکەش بە خوێندکارانی عێراقی و بەتایبەت موجاهیدەکانی حەشدی شەعبی بکەن لە پێناو پێگەیاندنیان. هەر لەم دیدارەدا حسێن مووسەوی بەخاتی باسی لەوە کرد ئەوان پەیوەستن بە یاساکانی زانکۆی تاران و هەروەها یاساکانی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێران و عێراقەوەو بە پێی رێنماییەکانی ئەو دوو وەزارەتە خوێندکار دەنێرنە زانکۆی تاران.
کۆشکی سپی رایگەیاند؛ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکا بەردەوامە و هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران نەکراوە. جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند؛ ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتە بە ئامانجی رزگارکردنی ژمارەیەک هاوڵاتیی ئەمریکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لە دانوستانی ناڕاستەوخۆدایە و تا ئێستاش بەردەوامە. سۆلیڤان بە دەنگی ئەمریکای وتوە؛ سەرجەم ئەو دانوستانانەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کراوە ناڕاستەوخۆ بوە و هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لە نێوان واشنتۆن و تاران بە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نەکراوە. لێدوانی سۆلیڤان لە کاتێکدا پێشتر ئیسرائیل و رۆژنامەیەکی ئەمریکا ئاشکرایان کردبو ئازادکردنی دوو ملیارد و 700 ملیۆن دۆلاری ئێران لە عێراق و چاوپۆشیی واشنتۆن لە بەرزبونەوەی فرۆشی نەوتی ئەو وڵاتە بەشێک بوە لە رێککەوتنەکە و واشنتۆن هەواڵ دەدات کۆماری ئیسلامی رازی بکات موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە روسیا نەفرۆشێت بە ئامانجی بەکارهێنانی لە جەنگی ئۆکرانیا و بە گەشتی بڕیارە زیاتر لە 20 ملیاردی ئێران ئازاد بکرێت هەر لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا کە ئەمریکا بە لێکتێگەیشتن ناوی هێناوە. ئەمریکا دەیەوێت لە بەرامبەر ئازادکردنی (سیامەک نەمازی، عیماد شەرقی، موراد تەهباز) بڕی 10 ملیارد دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە وڵاتانی عێراق،ژاپۆن و کۆریای باشور بە مەرج ئازاد بکات. پیشتر جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاندبو لێدوانی بەرپرسانی ئێران لەسەر رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن بۆ ئازادکردنی سێ هاوڵاتیی ئەمریکی-ئێرانی راست نییە . وتەکانی کێربی دوای لێدوانی حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران هات کە رایگەیاندبو؛ پێشکەوتنی باش بۆ ئازادکردنی زیندانییەکانی ئەمریکا لە ئێران هەیە و تاران و واشنتۆن گەیشتونەتە رێککەوتنێکی ناڕاستەوخۆ.
هاوڵاتی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و سیاسی زیاتر بووەو لەم پەیوەندەدا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی شارە جیاوازەکان قۆڵبەستکراون. لەم پەیوەندەدا (م.ن) چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی نیشتەجێی یەكێک لە شارەکان ئەڵێت:" گوشار بۆ سەر چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و خوێندکاری تا دێت زیاتر ئەبێت و هۆکارەکەش بەوەیە دەسەڵات دەیهەوێت بەر بە هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک بگرێت لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دا. " ئەم چالاکە لە وتەکانیدا جەخت لە سەر ئەوە ئەکاتەوە:" شۆڕشی ژینا سەرەڕای هەموو گوشارەکان، سەرەڕای هەموو چەشنە سەرکوتکارییەکان هەر درێژەی هەیە و خەریکی گۆڕینی فۆڕمی خۆیەتی و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نەزۆر دووردا دەستپێدەکاتەوە. " لە پەیوەند لەگەڵ قۆڵبەستکردن و زیندانی کردنی چالاکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینی شارەکان، بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکانی "هەنگاو" ، "هرانا" ، "ئاسۆی رۆژ" ، "کوردپا" لە چەن رۆژی رابردوودا دەیان هاوڵاتی کورد لە شارە جیاوازەکان قۆڵبەست کراون بەشی زۆریان هۆکاری قۆڵبەستکردنیان دیار نیە و بنەماڵەکەیان لێیان بێ ئاگان. سەقز لە چەن رۆژی رابردوودا زۆرترین ژمارەی قۆڵبەستکردن و رەش بگیری لە شاری سەقز روویداوە. (ر.م) چالاکی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی شاری سەقز، هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو ژمارە زۆر کەسە لە شاری سەقز دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی شۆڕشی ژینا لە شاری سەقزەوە دەستی پێکردوەو رژیم زۆرترین مەترسی لەم شارە هەیە. قۆڵبەستکردنی ٤ کەس نادیاربوونی چارەنووسیان رۆژی ١٨ی جوون٤ کەس لە شاری سەقز بە ناوەکانی ، "ئەفخەم مورادیان" ، "ئازاد مورادیان"، "کامیاب ئەسڵی" و "شاهۆ ساڵەحی" قۆڵبەست کران و گوێزرانەوە بۆ گرتووخانەی شاری سنە و تا ئێستە بیانووی گرتنیان روون نەبۆتەوەو بنەماڵەکەشیان نەیانتوانیوە پەیوەندییان پێوە بکەن. دەستگیرکردنی کاوە حیجازی بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی "هەنگاو" کاوە حیجازی تەمەن ٣٨ ساڵ، رۆژی ٢٠ی جوون لە ماڵەکەی خۆی بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی قۆڵبەستکرا و لەو کاتەوە تا ئێستە بنەماڵەکەی لێی بێ ئاگان و چارەنووسی نادیارە. دەستگیرکردنی شەهلا چووپانی رۆژی ٢٧ی جوون (٦ی پووشپەڕ) شەهلا چووپانی تەمەن ٣٥ ساڵ و کچی محەممەد، دانیشتووی گەڕەکی قەوخ بە بێ هیچ بەڵگەیەک لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیرکرا. بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی کوردپا، ئەم ژنە چالاکە کۆمەڵایەتییە گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی سنە و تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی بە بنەماڵەکەی رانەگەیەنراوە. دەستبەسەرکردنی سامان پاشایی رۆژی ١ی جوولای ، سامان پاشایی مامۆستای زانکۆ و خاوەنی مەدالیای زیوی زۆرانبازی لاوانی دونیا، لە رێگای گەڕانەوەی لە سنەوە بۆ سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و گوێزرایەوە بۆ زیندانی سنە. سالار پاشایی برای ناوبراو کە دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە لەم پەیوەندەدا بە هاوڵاتی راگەیاند :" تا ئێستە هۆکاری دەستگیرکردنی سامان بۆ ئێمە وەک بنەماڵە روون نەبۆتەوە، هیچکام لە ئەندامانی بنەماڵە نەیانتوانیوە پەیوەندی پێوە بکەن و نەیتوانیوە پەیوەندی بە بنەماڵەوە بکات." هەر لەم پەیوەندەدا سالار پاشایی بە هاوڵاتی وت :" وەک بنەماڵە نیگەرانی باری تەندروستی سامانین. سامان باری تەندروستی ناجێگیرە و پێویستە دەستی بە دەرمانەکانی بگات، بەڵام بنەماڵە نەمانتوانیوە دەرمانەکانی بگەیەنینە دەستی و نازانین لە کام بنکە دەستبەسەرە". جێگەی ئاماژەیە لە مانگەکانی یەکەمی دەستپێکی شۆڕشی ژینادا، لەیلا پاشایی، خوشکی سامان ماوەیەک دەستبەسەر بوو، پاشان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. نادیاری چارەنووسی هادی مەحموودی و ئاکۆ حەمیدی هادی مەحموودی و ئاکۆ حەمیدی ، لە کۆتاییەکانی مانگی جوونی ئەمساڵەوە دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە. ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ لەم پەیوەندەدا باس لەوە دەکات تا ئێستە بنەماڵەکەیان نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک لە شوێنی دەستبەسەر بوونیان وەربگرن و ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش ئامادە نین وەڵامیان بدەنەوە. بێ ئاگایی لە چارەنووسی ئەیووب جەوانپوور رۆژی ٧ی جولای ماڵپەڕی هەنگاو، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد ئەیووب جەوانپوور، چالاکی سیاسی و مەدەنی شاری سەقز، کە نزیک بە ١ مانگە دەستبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە. ئەیووب جەوانپوور رۆژی ١٠ی جوون، لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکراو و تا ئێستە چارەنووسی نادیارە و نازانرێت لە کوێ دەستبەسەرە. جێگەی ئاماژەیە لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، ئەم هاوڵاتییە سەقزییە ماوەیەک دەستبەسەر و زیندانی بوو و بە کەفالەت ئازاد کرا. زیندانی کردنی نازیلا مەعرووفیان رۆژی شەممە ٨ی جوولای ، نازیلا مەعرووفیان، رۆژنامەنووس و چالاکی خوێندکاری و خوێندکاری زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران، دوای بانگکردنی لە لایەن دادسەرای زیندانی ئێڤین، دەستبەسەر کرا و زیندانی کرا. ئەم کچە رۆژنامەنووسە کوردەی خەڵکی سەقز، بە هۆی ئەوەی لەگەڵ "ئەمجەد ئەمینی" باوکی " ژینا ئەمینی" وتووێژی کردبوو، تۆمەتی پڕووپاگەندە دژی دەسەڵاتی خرایە پاڵ و رۆژی ٢٨ی جێنیڤەری ٢٠٢٣،پاش دادگایی کردنی لە لایەن دادوەر "ئەفشاری"ەوە سزای ٢ ساڵ زیندان و پێبژاردنی ١٥ میلیۆن تمەنی ئێرانی و ٥ ساڵ قەدەغەبوونی چوونە دەرەوە لە خاکی ئێرانی بەسەردا داسەپا. جێگەی ئاماژەیە ماوەیەک لەوە پێش و لە مانگی جوونی ٢٠٢٣ دا ، نازیلا مەعرووفیان لە تویتەری خۆی رایگەیاند لەبەر ئەوەی باسی لە سووکایەتی و جنێوی سێکسی، هێزە ئەمنییەکان کردووە لە شوێنی کارەکەی دەرکراوە. نازیلا مەعرووفیان رۆژی ١٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، وتووێژێکی خۆی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی، بڵاوکردەوە. پاش بڵاوبوونەوەی ئەو وتووێژە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەرکرا و تۆمەتی " پڕووپاگەندە دژی دەسەڵات" و "بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیڕوڕای گشتی" درایە پاڵ. پیرانشار سادق مەحموود نژاد دەستبەسەر کرا رۆژی ٣ی جولای سادق مەحموود نژاد، خەڵکی شاری پیرانشار کە لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا ساچمە بەرچاوی کەوتبوو و بریندار ببوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ماڵپەڕی هەنگاو لەم بارەوە نووسیویەتی :"مەحموود نژاد چەن جار لە نەخۆشخانەکانی خومەینیی ئورمیە، فارابیی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر نەشتەرگەری بۆ چاوی ئەنجامدراوە، بینایی چاوی چەپی بەنزیکەی ٢٠ لەسەد لاوازبووە." دەستگیرکردنی موحسین عەزیزی رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای، موحسین عەزیزی تەمەن ٢٥ ساڵ، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە چارەنووسی نادیارە. کوژرانی زیندانییەکی سیاسی لە ژێر ئەشکەنجەدا رۆژی شەممە ٨ی جوولای ٢٠٢٣، لاوێکی کورد بە ناوی مووسا ئیسماعیلی خەڵکی گوندی "پەسوێ"ی سەر بە شاری پیرانشار، لە گرتووخانەی ورمێ لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستداوە. بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو، رۆژی شەممە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی ورمێ وە پەیوەندی بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییەوە کراوە بێن و تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوەو لە هەمانکاتدا پێیان راگەیاندوون بۆیان نییە پرسەی بۆ دابنێن و پێویستە لە بێدەنگیدا بینێژن. مووسا ئێسماعیلی ٣٥ ساڵ تەمەن، رۆژی ٧ی ئەیار لە رێگای چوون بۆ پیرانشار، دەستبەسەرکراو ماوەی زیاتر لە ٢ مانگ، بنەماڵەکەی سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان لێی بێخەبەر بوون و ناوبراو مافی گرتنی پارێزەری نەبووە. شنۆ دەستگیرکردنی دوو برا بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی هەنگاو، رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی شوانە بابەکری خەڵکی گوندی "کانی رەش" سەر بە شاری شنۆ دەستگیرکرا. دوو رۆژ دواتر برای بچووکتری ئەم هاوڵاتییە بە ناوی شەفیع بابەکری لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتەوە دەستگیرکرا و هەردوو براکە بۆ شوێنی نادیار گوێزراونەتەوە. دەستگیرکردنی٦ هاوڵاتی رۆژی یەکشەممە ٩ی جوولای، پێنج کەس بە ناوەکانی ئارام شەعبان، خزر عەبدوڵڵاهی ئەمیرئاباد، فەخرەدین پوودات و عوسمان حەمزەزادە، عەبدولکەریم کاکول، سولەیمان گەڵوانی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستگیرکراون و بۆ شوێنی نادیار گوێزراونەتەوە. لەم پەیوەندەدا ماڵپەڕی کوردپا باسی لەوە کردووە کە هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم ٦هاوڵاتییە روون نییە و نازانرێت بە چ هۆکارێک دەستگیرکراون. نەغەدە دەستگیرکردنی لاوێکی ١٨ ساڵە رۆژی دووشەممە ٣ی جولای، ماردین چێودار، تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی ناوچەی سندووسی سەر بە شاری نەغەدە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. هەواڵنێری (هرانا) لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک بەم لاوە تەمەن ١٨ ساڵەوە نووسیویەتی :" بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی رژاونەتە ماڵەوەو ماردینیان لەگەڵ خۆیان بردوە" ماڵپەڕی کوردپا لەم بارەوە باس لەوە دەکات کە دوای هەفتەیەک لە دەستبەسەر بوونی بنەماڵەکەی لێی بێخەبەرن و سەردانی هەرکام لە دامەزراوە ئەمنییەتییەکانیش ئەکەن وەڵامیان نادەنەوەو پێیان ئەڵێن کوڕەکەتان لە لای ئێمە نیە". هەر لەم رۆژەدا ئاسۆ قەلەندەری تەمەن ٣٤ ساڵ لە شاری نەغەدە قۆڵبەستکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. دەستبەسەر کردنی فەرهاد ئیسماعیلی رۆژی سێ شەممە ٤ی جوولای فەرهاد ئیسماعیلی خەڵکی نەغەدە و دانیشتووی شاری ورمێ، لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانەوە قۆڵبەستکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. ماڵپەڕی هەنگاو لەم بارەوە ئاماژەی بەوە داوە کە ناوبراو بە رۆژی رووناک و لە شەقامێکی سەرەکی شارەکە و بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەستگیر کراوە. ئیلام دەستگیرکردنی مناڵێکی ١٥ ساڵان رۆژی ٢٨ی جوون، مناڵێکی ١٥ ساڵ تەمەن بە ناوی "ئەرەشک قەیسەربەیگی" خەڵکی سەرئاوڵەی سەر بە ئیلام، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ جاری دووهەم دەستبەسەر کراوەو خراوەتە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی دان بە کۆمەڵێک شتدا بنیت. ماڵپەڕی هەنگاو لەم پەیوەندەدا نووسیویەتی :" ئەم مناڵە ١٥ ساڵ تەمەنە، پێشتر و لە گەرمەی ناڕەزاییەتییەکاندا دەستگیرکرابوو ". بە پێی ئامارەکانی ماڵپەڕی " ایران وایر" لە سەردەمی ناڕەزایەتییەکاندا لانیکەم ٧٠ مناڵی ژێر ١٨ ساڵ بە تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان گیانیان لە دەستدا و سەدان کەسیش دەستبەسەر کران". عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی لەم پەیوەندەدا وتبووی :" ژمارەیەک لە لاوەکان بە هاندانی بەرنامەیەکی ئەنتەرنێتی دێنە سەر شەقامەکان کە دوای تەمبێ کردن دەدرێنەوە بە دەست بنەماڵەکانیان". بابەک کەرەمی سزای ٩ ساڵ زیندانی بە سەردا داسەپا رۆژی دووشەممە ٣ی جولای، بابەک کەرەمی تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی ئەیوانی سەر بە پارێزگای ئیلام، کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیر کرابوو، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوان لە دژی ئاسایشی وڵات"سزای پێنج ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "بێ ڕێزیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی" سزای دوو ساڵ بەندکردن و بە تۆمەتی "بێ ڕێزیکردن بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی" سزای دوو ساڵ بەندکردنی لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بەسەردا سەپێندرا. پاوە مامۆستایەکی ئایینی لە شاری پاوە بانگ کرایە بەردەم دادگا بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ، چەند رۆژ لەوە پێش مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی "هادی ئەحمەدی" خەڵکی شاری پاوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی بانگکراوەو دەبێ رۆژی ١٢ جولای لە دادگای کرماشان ئامادە بێت. جێگەی ئاماژەیە هەر لەم پەیوەندەدا ژمارەیەک چالاکی سیاسی و مەدەنی لە شارەکانی "ورمێ"، "سنە" ، "مەریوان"، "دیواندەرە"، "بۆکان" دەستگیر کراون و تا ئێستە بە تەواوەتی ژمارەی دەستگیرکراوەکانی ئەم دواییانەی شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دیار نییە. بەشی زۆری دەستگیرکراوان لە پەیوەند لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی پێشتری کوردستان و ئێران دەستگیر کراون و مەبەست لە دەستگیرکردنیان بەرگرتنە بە هەرچەشنە ناڕەزاییەتییەک لە ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی دا. جێگەی ئاماژەیە ژینا ئەمینی ، کچی ئەمجەد، رۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تاران بە بیانووی نەگونجاوبوونی حیجاب لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستبەسەر کراو بە هۆی ئەشکەنجە و لێدانەوە کەوتە کۆماوەو رۆژی ١٦ی ئەیلوول لە نەخۆشخانەی "کەسرا" گیانی لەدەستدا. مەرگی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتییەکی گەورەی جەماوەری لێکەوتەوە. ژمارەی کوژراوانی ئەم خۆپیشاندانانە دیار نییە، بەڵام بە پێی هەندێ راپۆرتی نافەرمی زیاتر لە ١٥٠٠ کەس کوژراون. بۆ ئەم ڕاپۆرتە کەڵک لەم سەرچاوانە وەرگیراوە هەنگاو کوردپا ئاسۆی رۆژ هرانا ایران وایر