هاوڵاتی تەقینەوەی کانێکی خەڵوز لە باکوری تورکیا دەبێتە هۆی مردنی 30 کرێکار‌و بێسەروشوێنبونی15 کرێکاری دیکە کە چاوەڕێدەکرێت ئەوانیش گیانیان لەدەست دابێت. دوێنێ 14/10/2022، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له كانێكی خه‌ڵوز له شاری بارتینی باكووری توركیا روویدا،و بووە هۆی مردنی 30کرێکار و بێسەروشوێنبونی 15 ی دیکە کە چاوەڕێ دەکرێت گیانیان لە دەستدابێت، بەپێی زانیارییەکان لەکاتی تەقینەوەکەدا 110 کەس لەناو کانە خەڵوزیەکەدا بوونە، 58 کەسیان رزگاریان بووە و 30 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەیان بە برینداری گەیەندراونەتە نەخۆشخانە. هەروەها لە ڕاگەیەندراوێکدا فاتیح دۆنمەز وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، دوای تەقینەوەکەی کانی خەڵوزی ئاماسرا سەر بە دامەزراوەی کانی خەڵوزی تورکیا، لە گەلەرییەکدا ئاگر کەوتووتەوە. لە ئێستادا تیمەکان لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئاگرەکە و ئەو گازی دوانە ئۆكسیدی كاربۆنەی دروست بووە. وتیشی، ''پێمان وایە ١٠-١١ کرێکارمان لەو ناوچەیەدان کە ئاگرەکەی تێدایە. ٤-٥ کرێکاریشمان لەو ناوچەیەدان کە داڕووخان تیایدا روویداوە''. هاوکات، نۆرتاش ئه‌رسه‌لان پارێزگاری بارتۆن به رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند‌ووە، پێنج كه‌س له قوڵایی ٣٥٠ مه‌تر گیریان خواردووه و ٤٤ كه‌سیش له شوێنێكی دیكه گیریان خواردووه كه ٣٠٠ مه‌تر له ژێر زه‌ویدان، تا ئێستاش هه‌شت كرێكار رزگاركراون. بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تەقینەوەی ئەو کانە خەڵوزە بەهۆی گرفتی گازەوە بووە، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا لە راپۆرتێک‌دا هۆکاری تەقینەوەکە بخەنەڕوو.
سه‌رۆكی نوێ عێراق په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، هه‌وڵده‌ده‌م سه‌رۆكی هه‌موو عێراقییه‌كان بم. د. لـه‌تیف ره‌شید سه‌رۆكی نوێ عێراق له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌و نوسیویه‌تی، "سوپاسی خۆم ئاراسته‌ی نوێنه‌رانی گه‌لی به‌شه‌ره‌فی عێراق و سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌كان ده‌كه‌م؛ بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌یان پێم به‌خشی. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شداوه، "به‌ڵێن ده‌ده‌م زۆرترین كار بكه‌م بۆ پاراستنی ده‌ستوور و سه‌روه‌ری وڵات و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵك، بێ جیاوازی و هه‌وره‌ها هه‌وڵده‌ده‌م سه‌رۆك كۆمار هه‌موو عێراقییه‌كان بم".
هاوڵاتی کاریگه‌ریی مه‌رگی ژینا ئه‌مینی ته‌نها له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران نه‌بووه‌و به‌ڵکو له‌ئاستی جیهانیشدا زۆرترین کاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه، ئه‌و مه‌رگه به‌ئازاره، مژده‌ی ئازادیی پێیه‌و به‌بڕوای شاره‌زایانیش دوای شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی به‌هاری عه‌ره‌بی، ئێستا به‌هارێکی دیکه سه‌ریهه‌ڵداوه که‌نه‌ک ته‌نها بۆ ژنان و کچان به‌ڵکو په‌یامی مژده‌به‌خشی بۆ مرۆڤایه‌تیی پێیه. نووسه‌ران و رۆشنبیرانی جیهان پێیان وایه مه‌رگی ژینا گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین راپه‌ڕینی دژی سته‌مکاریی له‌ئێران لێکه‌وتووه‌ته‌وه که‌دوور نییه زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته سته‌مکاره‌کانی وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که‌ش بگرێته‌وه. ئه‌گه‌رچی ژینا کچه کوردێکی خه‌ڵکی شاری سه‌قز له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو، به‌ڵام چیرۆکی ژینا به‌نووسین (ژینا گیان تۆ نامری ناوت ده‌بێت به ره‌مز) له‌سه‌ر کێلی گۆڕه‌که‌ی ده‌ستیپێکردو به‌دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) هه‌موو سنووره‌کانی جیهانی گرته‌وه. کاردانه‌وه‌کان له‌دوای نزیکه‌ی مانگێکیش بۆ مه‌رگی ژینا به‌رده‌وامه‌و ره‌نگه ئاسانترین رێگه‌ش بۆ هاوپشتی و پشتیوانی ئه‌و پرچبڕینانه بێت که‌ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ژنانی ناودارو چالاکوانان و خه‌ڵکانی ئاسایی هه‌موو شوێنه‌کانی جیهانی گرتووه‌ته‌وه‌و له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر ئه‌و راپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدانانه‌یه که‌دژی ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌های ناوچه‌که ده‌گیرێته‌به‌رو ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی له‌تارانه‌وه به‌ره‌و هه‌ڵدێر بردووه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان تائێستاش به‌رده‌وامه‌و دوای 27 رۆژ له‌مه‌رگی ژینا نزیکه‌ی 192 که‌س له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران کوژراون، به‌ڵام له رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هیچ کاتێک و به‌هیچ هۆکارێک ئه‌و هه‌موو سزا تونده به‌سه‌ر به‌رپرسانی باڵا‌و ناوه‌ندو دامه‌زراوه‌کانی ئێران‌دا نه‌سه‌پێنراوه که به‌هۆی مه‌رگی ژیناوه دژی ده‌سه‌ڵاتی تاران سه‌پێنراوه. به‌هاری ژینا له‌ترسه‌وه بۆ هیوا ده‌سه‌ڵاتی ئێستای ئێران ئه‌زموونێکی 43 ساڵه‌ی هه‌یه له‌کۆنتڕۆڵ و سه‌رکوتی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان به‌تایبه‌ت له‌ڕێگه‌ی سه‌پاندنی هێزی سه‌ربازیی و سزای قورس، بۆیه ره‌نگه له‌وڵاتێکی دیموکراتیک هیچ کاتێک ترس و دڵه‌راوکێ بۆ به‌شداریی له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی نه‌بێت، به‌ڵام له‌ده‌وڵه‌تێکى وه‌ک ئێران زۆر جیاوازه‌و مێژووی نزیکی خۆپیشاندانه‌کانی چه‌ند ساڵی رابردوو سه‌لماندویه‌تی ده‌یان که‌س به‌گولـله و چه‌کی جه‌نگی کوژراون و هێزه ئه‌منییه‌کانی ئه‌و وڵاته خه‌ڵکی ناڕازییان به‌کوشتن ترساندووه‌و به به‌رده‌وامیش خۆپیشانده‌ران له‌و هێزانه سڵه‌میونه‌ته‌وه‌و ترسیان لێیان هه‌بووه. مه‌رگی ژینا ترسی له‌دڵی ژنان و گه‌نجانی ئه‌و وڵاته کرد به‌توڕه‌یی و پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی جاران خه‌ڵکی مه‌ده‌نیی رووبه‌ڕووی هێزه ئه‌منییه‌کان ده‌بنه‌وه‌و ژماره‌یه‌کیش له‌هێزه‌کانى سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات کوژران، شاره‌زایانی کۆمه‌ڵناسی ئێران حاشایان له‌و جیاوازییه گه‌وره‌یه نه‌کردووه‌و ئاماژه‌یان به‌وه کردووه خۆپیشانده‌ران بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنن چه‌ند تووڕه‌ن به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌هه‌موو شێوەیه‌ک هاوکاریی یه‌کتر ده‌که‌ن و ته‌نانەت ژیانیشیان بۆ پاراستنی که‌سانی دیکه ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه، هه‌رئه‌وه‌ش وایکردووه ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له‌هێزه ئه‌منییه‌کان وره‌یان له‌ده‌ستبده‌ن و دوودڵبن له‌وه‌ی هێرش بکه‌نه‌سه‌ر خه‌ڵک. زۆربه‌ی نووسه‌ران و رۆشنبیرانی نزیک له‌ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ڕێگه‌ی وتار‌و نووسینه‌کانیانه‌وه ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌که تێبگه‌یه‌نن ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی ئێستا به‌هێز بێده‌نگ ناکرێت، به‌ڵکو ته‌نها بۆ ماوه‌یەکی کاتیی کۆنتڕۆڵ ده‌کرێت و دواتر وه‌ک ئاگری بن خۆڵه‌مێش بڵێسه ده‌ستێنێت. خۆپیشانده‌رانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران قۆناغی ترسیان ده‌رباز کردووه‌و له‌ئێستادا تووڕه‌ن و زۆربوونی هه‌ستی هاوبه‌ش و پشتیوانیی بۆ ئه‌و خۆپیشانده‌رانه بووه‌ته هیوا، هیوایه‌ک بۆ ئازادی و ژیانێکی باشتر بۆ دانیشتوانی ئه‌و جوگرافیایه. ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی به‌مه‌رگی ژینا له (16/9/2022) ده‌ستیپێکرد به‌گه‌وره‌ترین کاردانه‌وه‌ی مێژووی 43 ساڵی رابردووی ئێران ناوده‌هێنرێت، بۆیه ژینا بۆنی به‌هاری پێیه، بۆنێک بۆ ژیان به‌بێ جیاوازیی ره‌چه‌ڵه‌ک و نه‌ته‌وه‌و جوگرافیا. خۆپیشاندان و رووخانى ده‌سه‌ڵات له‌ئێران له‌ساڵی 1978 دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی له‌سه‌رتاسه‌ری خاکی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دژی ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی راپه‌ڕین، ده‌رکه‌وت له‌ماوه‌ی ساڵانی 1962 تا 1978 به‌گشتی سێ هه‌زارو 164 که‌س له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی سه‌رده‌می پاشایه‌تیدا لەلایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانی ئه‌وکاته‌وه کوژراون و هه‌ر مه‌رگی ئه‌وان بووه هۆی کۆتایی به ته‌خت و به‌ختی پاشایه‌تیی و رووخانی رژێمی په‌هله‌وی. به‌پێی ئاماره‌کانی ئه‌وکات له‌ماوه‌ی هه‌شت مانگی ساڵی 1978 له‌خۆپیشاندانه‌کانی دژی رژێمی پاشایه‌تی 532 که‌س کوژراون و ته‌نها له‌دوایین مانگی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌دا که‌کۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وی هێنرا 179 که‌س کوژران، له‌کاتێکدا له‌خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌م دواییانه‌دا له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێکی که‌مدا 189 خۆپیشانده‌رو خه‌ڵکی مه‌ده‌نی له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران کوژران. ده‌وترێت ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی حاشا له‌کوشتنی ژینا بکات ده‌یان که‌سی کوشتووه‌و دووریش نییه ئه‌و ژماره له‌کوژراوانه زۆر زیاتر بێت. روحه‌ڵڵا خومه‌ینی، دامه‌زرێنی کۆماری ئیسلامی له‌و سه‌رده‌مه‌دا رایگه‌یاند: نزیکه‌ی 60 هه‌زار که‌س له‌خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی دژی سیستمی پاشایه‌تیی کوژراون، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوه مێژووییانه‌ی که پشتڕاست کراونه‌ته‌وه‌و عیماده‌دین باقی، مێژوونووسی ئێرانی ئاشکرایکردووه له‌ماوه‌ی 15 ساڵی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی سه‌رتاسه‌ری وڵاته‌که له‌دژی سیستمی پاشایه‌تی ته‌نها ناوی سێ هه‌زارو 164 که‌س وه‌ک کوژراوی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان تۆمار کراوه، چونکه زۆرترین هه‌وڵدراوه خۆپیشانده‌ران نه‌کوژرێن و سوپای ئه‌وکاتی پاشایه‌تیش پشتگیریی خه‌ڵک و خۆپیشانده‌رانی کردووه. ئه‌و ئامارانه‌ی که له‌سه‌رده‌می به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی یه‌که‌م ساڵی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکراونه‌ته‌وه ئاماژه‌ن به‌کوژرانی سه‌دان که‌س و ته‌نها له‌یه‌که‌م مانگی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا به‌گشتی له‌خۆپیشاندان و زیندان و ئه‌ندامانی رژێمی پێشووی پاشایه‌تی 582 که‌س کوژراون. لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ئاشکرای کردووه که ته‌نها له‌ساڵی 1979 زیاتر له‌دوو هه‌زارو 946 که‌س که‌دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه کوژراون، واته ئه‌وه‌ی رژێمی پاشایه‌تی له‌ماوه‌ی 15 ساڵدا خۆپیشانده‌رو نه‌یاری کوشتووه، کۆماری ئیسلامی له‌یه‌ک ساڵدا له‌و ژماره کوژراوه نزیکبووه‌ته‌وه. به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ی که به‌رپرسی ئه‌وکاتی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی بڵاویکردووه‌ته‌وە له‌نێوان ساڵانی 1981 تاساڵی 1985 زیاتر له‌هه‌شت هه‌زار نه‌یاری کۆماری ئیسلامی ئێران به‌شێوازی جیاواز له‌خۆپیشاندانه‌کان و له‌زیندانه‌کان کوژراون و ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌کیشیان له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه تیرۆرکراون، ئاشکراشیکردووه که‌زۆربه‌ی قوربانییه‌کان له‌سێداره دراون. له‌یاسای ژماره 27ی ده‌ستوری کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ر جۆره ده‌ربڕینێکی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان به‌بێ چه‌ک رێگه‌پێدراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی 43 ساڵی رابردووی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌و وڵاته به‌دیده‌کرێت پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه ده‌رکه‌وتووه. ژنان پێشه‌نگی خۆپیشاندانه‌کانن ژنان له‌ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌ت له‌شاری سنه ته‌نها 25 رۆژ دوای هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ساڵی 1979 دژی باڵاپۆشیی سه‌پێنراوو به‌زۆره‌ملێ وه‌ستانه‌وه‌و خۆپیشاندانیان کرد‌و له‌شاره گه‌وره‌کانی وه‌ک تاران و ته‌برێزیش ژنان و کچان دژی ئه‌و بڕیاره وه‌ستانه‌وه. تاساڵی 1980 زیاترین ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌وکاته‌دا پارته نه‌یاره‌کان و کۆمۆنیسته‌کان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه تۆمه‌تبار ده‌کرێن به‌ڕێکخستنی ناڕه‌زایه‌تیی و خۆپیشاندانه‌کان. به‌گشتی له‌ماوه‌ی 43 ساڵ ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا زیاتر له 59 خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریی و به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چووه که زۆرینه‌ی ره‌هایان دژی یاسا‌و رێساکانی ده‌سه‌ڵات بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییه‌کان و به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ڵاوسانی ئابووری و گرانیی بووه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات هیچ ئامارێکی له‌ژماره‌ی کوژراوان و برینداران بڵاونه‌کردووه‌ته‌وه ناتوانرێت به‌دیاریکراوى ژماره‌یه‌کی گشتی له‌قوربانیان بزانرێت، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ی که‌بڵاوکراونه‌ته‌وه له‌هه‌ریه‌که له‌و خۆپیشاندانه که‌هه‌ندێکیان زیاتر له‌مانگێکیان خایاندووه، لانیکه‌م 100 بۆ 200 که‌س کوژراون و له‌هه‌ندێک حاڵه‌تیشدا ژماره‌ی قوربانیان زۆر زیاتربوون.
هاوڵاتی بڵاوکراوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کردوە؛ بەرپرسانی ئێران لە چەند نامەیەکی نهێنیدا هەڕەشەی ئەوەیان کردوە کە ئەگەر یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر تاران‌دا بسەپێنێت ئەوا کۆتایی بە پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ ئەو یەکێتییە دەهێنن. پێگەی (پۆلیتیکۆ) لە ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ لە دوو نامەی تایبەتدا حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و غوڵام‌حسێن دێهقانی نێردراوی ئەو وڵاتە لە ئەوروپا بۆ جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا داوایان کردوە بە بێ رەچاوکردنی بارودۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەیان بیر لە سزادانی تاران نەکەنەوە. لە نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران‌دا هاتوە ئەگەر ئەوروپا سزاکانی بەسەر تاران‌دا بسەپێنێت رەنگە پەیوەنییەکانیان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا راگرن و بەردەوام نەبن لە کاری دیپلۆماسیی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا. بڕیارە رۆژی دوشەممەی داهاتو یەکێتی ئەوروپا ئەو سزایانەی بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەران و خەڵکەوە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی کردوە ئاشکرا بکات.
هاوڵاتی پەرلەمانی تورکیا یاسایەک لە دژی رۆژنامەگەریی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەسند دەکات و هەر بەشداربویەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەر بابەتی ئەمنی و ئاسایشیی وڵاتەکە بڵاو بکاتەوە ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانیی بەسەردا دەسەپێت. ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشە (ئاکەپە) و پارتی نەتەوەپەرست (مەهەپە) یاسای (دێفۆرماسیۆن)ی پەسند کرد کە بە بە یاسای سانسۆر لە وڵاتەکە ناو دەهێنریت. بە پێی ئەو یاسایە رۆژنامەوانان و بەشداربوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نابێت هیچ بابەتێک لەسەر مەترسیی بۆ ئاسایشی دەرەوە و ناوخۆی تورکیا بڵاو بکەنەوە و بە پێچەوانەشەوە سزای ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێت. لەو یاسایەدا ئاماژە بەوە کراوە تەنات بڵاوکردنەوە و هاوبەشکردنی ئەو هەواڵ و نوسینانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایش و مەترسیی بۆسەر سەقامگیریی تورکیا هاوشێوەی ئەو کەسەی یەکەمجار هەواڵ و پەیاماکەی بڵاو کردوەتەوە سزا دەدرێت واتا شەیرکردن و ریتویتکردن بە پێشل‌کردنی یاساکە لەقەلەم دەدرێت وەک تاوانبار سزای بەسەردا دەسەپێنرێت. زیاتر لە هەفتەیەک ئەو یاسایە ناکۆکیی لە نێوان پەرلەمانتارانی ناو پەرلەمانی تورکیای لێکەوتوەتەوە و رۆژنامەوان و چالاکوانانیش یاساکە بە مەترسیدار دەزانن دژی ئازادیی رادەربڕین.
هاوڵاتی کەنەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئێران سزا دەدات و لە ناو سزادراوانیش وەزیری دەرەوەی پێشوی وڵاتەکە هەیە. وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئاشکرای کرد بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەران و خەڵکی ئێران ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامیی لەو وڵاتە سزا دەدات. سزاکانی کەنەدا 17 بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و سێ دامەزراوەی سەرەکیی دەسەڵات لەو وڵاتە دەگرێتەوە کە دەستیان لە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان و خەڵکدا هەبوە. لە ناو لیستی بەرپرسانی سزا دراودا هەر یەکە لە محەمەدجواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئێران و ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگریی سەردەمی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشوی وڵاتەکەدا دەبینرێت. هاوکات عەلی لاریجانی ، سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی ئێران و حسێن شەریعەتمەداری راوێژکار عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە لە لیستی ئەو سزایانەدان کە رۆژی پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا بڵاوی کردوەتەوە. کەنەدا 76 ملیۆن دۆلاری تەرخان کردوە بۆ دەستبەسەراگرتنی دارایی و موڵک و ماڵی ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوکات گەشتیش لە زۆربەی ئەو بەرپرسانە بۆ کەنەدا قەدەغە دەکرێت.
هاوڵاتی له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراق كه‌تایبه‌ت بوو به هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، له گه‌ڕی دووه‌می هه‌ڵبژاردندا عه‌بدول له‌تیف ره‌شید بە ١٦٢ دەنگ توانی به‌سه‌ر ركابه‌ره‌كه‌یدا كه به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح بوو بە ٩٩ دەنگ سه‌ربكه‌وێت و ببێت به سه‌رۆك كۆماری داهاتووی عێراق. به‌پێی ده‌ستووری عێراق پێویسته پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد بێت، به‌ڵام یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ماوه‌ی نۆ مانگی رابردوودا نه‌یانتوانی ئه‌و پرسه له‌نێوان خۆیاندا یه‌كلابكه‌نه‌وه، هه‌ر بۆیه هه‌ر یه‌كه‌یان به‌كاندیدی خۆیان ده‌یانه‌ویست به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌باره‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیده‌كانی سه‌رۆك كۆمار بكه‌ن. كاندیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح بوو، هه‌روه‌ها پارتیش دوای ئه‌وه‌ی كاندیده‌كه‌ی خۆی كشانه‌وه كه رێبه‌ر ئه‌حمه‌د بوو، ئه‌ندامانی فراكسیۆنه‌كه‌ی راسپارد كه ده‌نگ به‌كاندید عه‌بدول له‌تیف ره‌شید بده‌ن. عه‌بدول له‌تیف ره‌شید، به‌ده‌نگی ٢٦٩ ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق توانی بۆ ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوو ببێته سه‌رۆك كۆمار. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جگه له‌وه‌ی فراكسیۆنی سه‌در له‌په‌رله‌مان نه‌ماون، چه‌ند فراكسیۆنێكی دیكه به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه‌یان نه‌كردو بایكۆتیان كرد.
هاوڵاتی تورکیا لە نۆ مانگدا بە بەهای زیاتر لە 17 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی وڵاتانی دراوسێی کردوە و لەناویشیاندا عێراق گەورەترین پشکی بەرکەوتوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی میدیا فەرمییەکانی تورکیا بڵاویانکردوەتەوە؛ لە نۆ مانگی ئەمساڵدا تورکیا بە بەهای 17 ملیار و 432 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی وڵاتانی دراوسێ کردوە. عێراق لە نۆ مانگەدا گەورەترین هاوردەکاری کاڵای تورکیا بوە و بە بەهای حەوت ملیار و 507 ملیۆن دۆلار کاڵای هاوردەکردوە. کاڵای هاوردەکراوی تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێ، بەراورد بە ساڵی رابردو بە رێژەیەکی بەرچاو زیادبوە.
هێمن مەحموود هەرچەندە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوو ساڵ پێش ئێستا بڕیاریدا سوپا بنێرێتە دەروازە سنوورییەكان و تایاسا جێبەجێ بكەن و رێگری لەزیادەڕەوی و گەندەڵی و بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی بكەن، بەجۆرێك سوپا رایگەیاند 10 دەروازەی زەمینی و چوار دەروازەی دەریایی لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدان و پارێزراون، بەڵام لەئەرزی واقیعدا پێناچێت هیچ یەكێك لەبڕیارەكانی كازمی و رێوشوێنەكانی سوپا جێبەجێكرابێت و هێشتا گەندەڵی و قاچاغچێتی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی لەدەروازە سنوورییەكان بوونی هەیەو بەردەوامە. دەزگای عێراقی داهاتوو كە دەزگایەكە گرنگی بەبواری ئابووری دەدات لە لێكۆڵینەوەیەكدا ئاشكرایكردووە تەنیا لەساڵی ٢٠٢١دا عێراق سێ ترلیۆن دینار بەهۆی گەندەڵییەوە لەدەروازە سنوورییەكان زیانی كردووە. بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەیە لەساڵی ٢٠٢١ حەوت دەوڵەت رایانگەیاندووە كەقەبارەی هەناردەیان بۆ عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٧ ملیار دۆلار، كەچی لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق رایگەیاندووە تەواوی قەبارەی هاوردەی عێراق ١٦ ملیار دۆلار بووەو تەنیا حەوت ملیار دۆلار شمەك و كاڵا لەو حەوت دەوڵەتەوە هاوردەكراوە، بەمەش بڕی ٣٠ ملیار دۆلاری هاوردەی ئەو حەوت دەوڵەتە تۆمار نەكراوە، كەدیارە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەبەهای ئەو ٣٠ ملیار دۆلارە كەلوپەل و شمەك هاوردەی عێراق كراون و تۆمارنەكراون و گومرگیان نەگەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی كە ئەگەر بێت و لەڕێگایەكی فەرمی هاتنە ناوەوەیان بۆ بكرایە بەهای گومرگەكەی سێ ترلیۆن دینار دەبوو بۆ حكومەت كەچی تۆمارنەكراوەو بەهەدەر دراوە. پێگەی بازرگانی عێراق پێگەیەكی گرنگەو لەناوچەیەكی گرنگی ستراتیژییدایە كەمامەڵەی بازرگانی لەگەڵ شەش دەوڵەتی دراوسێدا دەكات كەئەوانیش (ئوردن، كوەیت، سعودیەو توركیا‌و سوریا‌و ئێرانە) ئەویش لەڕێگای ٢٢ دەروازەی فەرمی زەمینی و ئاوییەوە ساڵانە پارەیەكی بێشوماری لەڕێگای گومرگەوە دەستدەكەوێت كەچی سەرەڕای ئەوە هێشتا بەهۆی باڵادەستی گرووپە چەكدارییەكانەوە لەدەروازەكاندا عێراق كێشەی دارایی هەیە. لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە بەهۆی نەمانی بەرهەمی ناوخۆییەوە، عێراق بووەتە بازاڕێك بۆ بەرهەمی هەناردەی وڵاتان و حزب و گرووپە چەكدارییەكانیش لەڕێگایەوە خەریكی بازرگانی و سەرانە سەندن و قاچاغچێتین و داهاتێكی گەورەی ساڵانەیان دەستدەكەوێت. لەنوێترین لێدوانی‌دا (عەلی عەلاوی) وەزیری دەستلەكاركێشاوەی دارایی عێراق دەڵێت: گەندەڵكاران ساڵانە لەدەروازە سنورییەكان شەش بۆ حەوت ملیار دۆلاریان دەستدەكەوێت ئەویش بەهۆی تۆمارنەكردنی زۆرینەی كەلوپەل و شمەكی هاوردەكراو و باڵادەستی گرووپە چەكدارییەكان و قاچاغچێتییەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەكانیش گەندەڵی و دزیكردن لەدەروازە سنوورییەكان وەهایكردووە كە بەتەنیا لەسەدا ١٠ بۆ ٢٠ی داهاتی ئەو دەروازانە بگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و ئیدی ئەوەی دیكەی دەڕواتە گیرفانی میلیشیاكان و حزبەكان و كەسایەتیە سیاسییە دەستڕۆیشتووەكان. ئەمە لەكاتێكدایە ئەم گەندەڵی و دزییە بەجۆرێك دەكرێت كە حكومەت ناتوانێت بەسەریدا زاڵ‌بێت و تووێژێكی سەرمایەداری گەورەی لەوڵاتدا درووستكردووە كە باڵادەستن و هەژمووندارن، شێوازەكەشی لەڕێگای بەرپرس و ئەفسەران و فەرمانبەرانی دەروازە سنوورییەكانەوە ئەنجامدەدرێت كەڕێگە بەهاتنە ناوەوەی خۆراكی بەسەرچوو، شمەك و كاڵای قەدەغەكراو دەدەن یاخود لەڕێگەی وەرگرتنی بەرتیلەوە چاوپۆشی لەكۆمپانیاكان دەكەن بەئارەزووی خۆیان و بەبێ كوالێتی شمەک و کەلوپەلەكانیان هاوردە بكەن و دەستكاری ئامێرەكانی سۆنەرو یاری بەسیستەمی ژمێریاری دەروازەكان بكەن. ئەمە جگە لەهەبوونی رێگەی تایبەتی گرووپ و میلیشیاكانی سەر بەحزبە دەسەڵاتدارەكان كە لەدەروازە سنوورییەكاندا نیشتەجێن و سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتەكانیان لەو دەروازانەدایە. بەپێی راپۆرتە حكومییەكان ئەم گرووپانە هێندە باڵادەستن لەماوەكانی رابووردوودا هەرچی ئەفسەرو بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆ یاخود دەروازە سنوورییەكان گەر رووبەڕوویان بووبێتەوە یاخود رێگەی لەكارەكانیان گرتبێت ئەوا لەكارەكەی دووریانخستووەتەوە یاخود گواستراونەتەوە بۆ شوێنێكی دیكە. هاوكات هەر حزبەو گرووپێكی چەكداری كە لەدەروازە سنوورییەكاندان و هەریەكەو رۆڵ و ئەركێكی جیاوازی هەیە، بەجۆرێك هەندێك لەحزبەكان دەستیان لەقاچاغچێتی نەوتدا هەیەو هەندێكی تریان لەئێرانەوە ماددەی هۆشبەر دەگوازنەوە، هەندێكی تریان سەرانە لەبازرگانان دەسێنن و هێنانی خۆراك و رێگاكانی دابەشكردنی بۆ خۆیان قۆرخ دەكەن، هەندێكی دیكەشیان رێگای تایبەت بەخۆیان هەیە بۆ هێنان و بردنی شمەك و كاڵا‌و حكومەت دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە. بەپێی ئەو ئامارانەشی كەبڵاوكراونەتەوە لەماوەی ١٢ ساڵدا بەهۆی گەندەڵییەوە عێراق نزیكەی ٤٥٠ ملیار دۆلار زیانیكردووە. دۆخەكە لەو دەروازانە بەجۆرێكە تەنانەت لەهەندێك شوێندا بەئاشكرا بەو بازرگانانە دەڵێن كە كەلوپەل و شمەك دەهێن ئەگەر دەتانەوێت رێگایەكی كورت ببڕن ئەوا بڕۆن بۆ لای میلیشیاكان، یان حزبەكان. بارودۆخەكە هەر بەتەنیا لەباشوورو ناوەڕاستی عێراق كارەساتبار نییە، بەڵكو لەدەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی ئەو شوێنانە حزب و كەسانی دەستڕۆیشتوو لەدەروازە سنوورییەكاندا باڵادەستن و بەشێكی زۆری داهاتەكانی ئەو دەروازانە نایەنەوە بۆ خەزێنەی گشتی حكومەتی هەرێم. هەرێمی كوردستان خاوەنی شەش دەروازەی سەرەكی زەمینییە لەگەڵ ئێران و توركیا و بەرپرسی دابینكردنی لەسەدا ٥٠ی پێداویستییەكانی خەڵكی هەرێمە لەخۆراك و كەلوپەلی بیناسازی و هتد.. كە لەگەڵ ئێران دەروازەكانی (حاجی عومران، پەروێزخان، باشماخ، گەرمك) ئەمەجگە لەچەند دەروازەیەكی بچووكی دیكە (كێلێ، شوشمێ، تەوێڵە، پشتە)، لەگەڵ توركیاش دەروازەی (ئیبراهیم خەلیل) و (سەرزێڕی) كە بەپێی زانیاری بڵاوكراوە قەبارەی بازرگانی ئیبراهیم خەلیل نزیكەی پێنج ملیار دۆلارە لەساڵێكدا. هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم بەهۆی رادەستنەكردنی داهاتی ئەو دەروازانەو هێنانی كەلوپەلی رێگەپێنەدراو چەندین ساڵە كێشەیان لەنێواندایەو چارەسەرنەكراوە. بەهەدەردانی پارە لەو دەروازانە بڵاوكراونەتەوە لەسەدا ٧٠ی داهاتی ئەو دەروازانە ناگەڕێنەوە بۆ حكومەتی هەرێم و دەڕوات بۆ گیرفانی حزبە باڵادەستەكانی هەرێم، هاوكات نزیكەی ١٣ كۆمپانیاش لەو شوێنانە پارە وەردەگرن كە فەرمی نین و پارەكەیان نایەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حكومەت. هەرسەبارەت بە گەندەڵی لەدەروازەكانی عێراقدا، مستەفا كازمی بۆ ڕێگەگرتن لەگەندەڵی و بەهەدەردانی داهات دەروازە سنورییەكان بڕیاریداوە لەڕێگەی دەستەی نەزاهەوە سیستەمی ئەلیكترۆنی بۆ كۆنترۆڵكردنی داهاتی دەروازەكان بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە. لەئێستادا ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە تاچەندێك حكومەتی ناوەندی توانای كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكانی هەیە و باڵادەستی خۆی دەسەلمێنێت چونكە دەستنەگرتن بەسەر دەروازە سنوورییەكاندا بەمانای لاوازی و شكاندنی ئیرادەی دەوڵەت دێت و بەهێزبوونی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی میلیشیاو گرووپەچەكدارییەكانی دیكە دێت كە بەداهاتی ئەو دەروازانە چەك و ئەندامی نوێ وەردەگرن و ڕۆڵیان لەبڕیاری سیاسی و یەكلاكردنەوەی كێشەو گرفتەكانی وڵات‌دا زیاتر دەبێت.
هاوڵاتی نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاندوە جموجۆڵ و هاندانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ناوخۆی وڵاتەکەی وای کردوە سوپای پاسداران ناچار بێت لە هەرێم هێرشیان بکاتەسەر. نوێنەرایەتیی ئێران لە راپۆرتێک‌دا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان هۆکاری هێرشەکانی سوپای پاسداران لە (28/9/2022) بۆسەر بنکە و بارەگاکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان رادەگەیەنێت. لە راپۆرتەکەدا هاتوە : پارتەکانی (کۆمەلە و دیموکرات و پەژاک و پاک) مەترسیان بۆسەر دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دروست کردوە و خاکی هەرێمی کوردستانیان بۆ زیانگەیاند بە ئێران و لە ساڵی 2016ەوە 49 جار هێرش و چالاکیی سەربازییان ئەنجام داوە. نوێنەرایەتیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان جەختی لەوە کردوەتەوە کە چالاکییەکانی ئەو پارتانە وای لە سوپای پاسداران کردوە کە هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نەبێت جگە لە وەڵامدانەوە بەو شێوازەی لە (28)ی مانگی رابردودا ئەنجامیان داوە. ئێران داوای کردوە ئەو راپۆرتە وەک هۆکارێکی ئەنجامدانی ئەو هێرشانە لە لایەن وڵاتەکەیەوە بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی ئاسایش بڵاو بکرێتەوە.
لەو کاتەوەی سوپای تورکیا چالاکییە سەربازییەکانی لە دژی پەکەکە لە باکوری عێراق لە نیسانی 2021دادەستیپێکردووە بە بەردەوامی بانگەشەی ئەوە کراوە سوپای تورکیا لەم شەڕەدا چەکی کیمیایی بەکاردێنێت زۆرترین ئەو دەنگۆیانە پەیوەندی بە بەکارهێنانی ماددەی کیمیاییەوە هەیە لە دژی شەڕڤانان . بەڵام لە ڕووداوێک‌دا ڕاپۆرت درا کە خێزانیکی جوتیار لە کاتی کارکردن‌دا هێرش کراوەتە سەریان کە گوماندەکرێت بە چەکی کیمیايی بوبێت و دوای ئەوەی وەزیری بەرگری تورکیا هولوسی ئاکار بە ئاشکرا دانی بەوەدا نا لە پەرلەمانی تورکیا لە بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە دژی پەکەکە لە باکوری عێراق . پزیشکانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگری‌کردن لە جەنگی ناوەکی لێکۆڵینەوەیەیان لە ئەگەری پێشێلکارییەکانی پەیماننامەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەباکوری عێراق کرد. بۆ کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر لەسەر ئەم ڕوداوە دکتۆر جۆزێف ساڤەری، دکتۆر جان ڤان ئاکن سەر بە ڕێکخراوی IPPW لە سویسرا/ ئەڵمانیا، هەستان بە ئەنجامدانی چەند لێکۆڵینەوەیەک لە ٢٠-٢٧ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ تیایدا چەند بڵگەیەکی ناڕاستەوخۆیان لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیای و شکاندنی پەیماننامەی بەکارهێنانی چەکی کیمیای دۆزییەوە . بەداخەوە بەهۆی ڕێگری‌کردن لەچونە ناوئەو ناوچانەی کە بانگەشەی بەکارهێنانی چەکی کیمیايی تێدادەکرا لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەولێرهەربۆیە نەیانتوانی ڕاستەوخۆ لێکۆڵینەوە بکەن لەو ناوچانەداو چاوپێککەوتن لەگەڵ قوربانیانی ڕوداوەکە بکەن. هەربۆیە تیمەکە هەستان بە ئەنجامدانی مەودایەکی فراوانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی کۆمەڵگاهەروەها شیکاری ڤیدیۆیی و وێنەی پەیوەندیداریان کردووە بۆ بانگەشەی بەکارهێنانی ئەم چەکانە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تورکیا مێژوویەکی هەیە لە پشتگوێ خستنی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ لە ململانێی چەکداریدا ، لە ساڵی 1999 شیکردنەوە لە تاقیگەیەکی ئەڵمانیدا سەلماندی کە سوپای تورک گازی فرمێسک ڕێژی بەکارهێناوە لە شەڕێکدا لەگەڵ پەکەکەدا. لە ساڵی 2004 ئاشکرابوو کە سەربازانی تورک ڕاهێنان بە بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ دەکەن لە ڕێکبەندە سەربازییەکان و لە ساڵی 2010دا دەرکەوت کە سوپای تورک بۆمبی گازی فرمێسک ڕێژی سەربازی بەرهەم هێناوە کە حاڵەتێکە بە ڕوونی پەیماننامەی چەکی کیمیایی پێشێل دەکات . لە لێکۆڵینەوەکەدا لە نزیک ناوچەیەکی چۆڵکراوی سوپای تورکیا کۆمەڵێک مادەی خاوی وەک دەفری هایدرۆکلۆریک ، تێزاب، کە دەکرێت بەکار بهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی کلۆرین ، کە کارپێکەرێکی کلاسیکی کیمیاییە. هەروەها لە هەمان ناوچەدا ماسکی پارێزگاری لە چەکی کیمیای دۆزراوەتەوە. هەروەها لە ڤیدیۆیەکدا ئەوە دەردەخات کە سەربازانی تورکیا لە کاتی ئامادە کردنی ئامێرێکی پەمپکردندان لە نزیک ئەشکەوتێکەوە کە لە لایەن گەریلاوە بەکردەهێنرێت. هەربۆیە داوایان کردووە بەپەلە بەدواداچوونی بۆ بکرێت لەڕووی یاساییەوە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە،چونکە ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامەی چەکی کیمیاییە . ڕێکخراوی IPPW ڕاشیگەیاندووە لە کاتێکدا هیچکام لەمانە بەڵگەی یەکلایکەرەوەی بەکارهێنانی چەکی کیمیای نین بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ڕووداو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن سوپای تورکیا لەوانەیە پەیماننامەی چەکی کیمیایی پێشێل بکات لە شەڕی دژی پەکەکە لە باکوری عێراق. هەربۆیە پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر لە بابەتە بکرێت لەلایەن OPCW یانیش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ یاکلاکردنەوەی بەکارهێنان یان نەهێنانی چەکی کیمیای.
هاوڵاتی رێکخراوێکی ئێران ئاشکرای دەکات لە 25 رۆژ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەو وڵاتە لانیکەم 201 کەس کوژراون و کە ژمارەیەکیان منداڵ بون. ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردوەتەوە لە کۆی ئەو ژمارە لە کوژراوە 23 کەسیان منداڵ بون و سەرجەمیان بە گولـلەی هێزە ئەمنییەکان کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە. ناوەندەکە کە بنکەی سەرەکیی لە وڵاتی نەرویجە ئاماژەی بەوە کردوە ؛ خۆپیشاندانەکانی 18 پارێزگای ئێران کوژراوی لێکەوتوەتەوە و دوای سیستان و بلوچستان زیاترین کوژراو لە پارێزگای سنە و کرماشان و ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کراوە. بە پێی ئاماری ئەو ناوەندە تەنها لە پارێزگای سنە هەزار و 541 کەس برینداربون و ژمارەی بریندارەکانی کرماشان و ورمێ دەگاتە زیاتر لە چوار هەزار کەس. تا ئێستا دەسەڵات لە ئێران هیچ ئامارێکی کوژراو و برینداری بە فەرمیی بڵاو نەکردوەتەوە و تەنها ژمارەی کوژراوانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بڵاو دەکاتەوە کە نزیکەی 14 کەسن.
هێمن مه‌حموود ساڵێک به‌سه‌ر دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌عێراقدا تێپه‌ڕی و هه‌رچه‌نده جموجوڵێکی سیاسی لایه‌نه سیاسییه‌کان له‌ئارادایه بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین کات حکومه‌تی نوێ پێکبهێنرێت، به‌ڵام هێشتا به‌ته‌واوه‌تی چاره‌نووسی پێکهێنانی ئه‌و حکومه‌ته دیار نییه‌و ناشزانرێت که‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ سوێندی یاسایی ده‌خوات. له‌ماوه‌ی ئه‌م ساڵه‌دا سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌کانی هه‌ریه‌که له‌هه‌ردوو لایه‌نی (سه‌درییه‌کان) و (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی) به‌ڵام هیچکامیان نه‌یانتوانی ده‌نگی یه‌کلاکه‌ره‌وه بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت په‌یدا بکه‌ن و هه‌موو هه‌وڵه‌کانیان به‌فیڕۆچوو. به‌بڕوای به‌شێک له‌چاودێرانیش ئه‌وه‌ی وایکرد که‌دۆخی سیاسی عێراق چه‌ق ببه‌ستێت و دروستنه‌کردنی حکومه‌ت ئه‌وه‌نده درێژه‌بکێشێت به‌هۆی دوو هۆکاری سه‌ره‌کییه‌وه‌یه که‌یه‌که‌میان بڕیاره‌کانی دادگای باڵای فیدراڵیی و دووه‌میان رێکنه‌که‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌کان به‌تایبه‌تیش رێکنکه‌وتنی سه‌درییه‌کان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی سه‌ر به‌چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی. یه‌کێک له‌بڕیاره‌کانی دادگای فیدراڵی ئه‌وه‌بوو که‌ده‌بێت ٢٢٠ په‌رله‌مانتار بۆ دانیشتنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری نوێ ئاماده‌بن که‌ئه‌وه‌ش ئه‌سته‌مه جێبه‌جێبکرێت. هۆکاری دووه‌م رێکنه‌که‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌کانه، به‌تایبه‌تیش رێکنکه‌وتنی سه‌درییه‌کان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی سه‌ر به‌چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی له‌باره‌ی قۆناغی داهاتوو. له‌ساڵیادی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌که‌شدا مسته‌فا کازمی سه‌رۆک وه‌زیرانی حکومه‌تی کاربه‌ڕێکه‌ر رایگه‌یاند دۆخی ساڵێک دوای هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه که په‌نابردن بۆ سندووقه‌کانی ده‌نگدان پێویسته په‌یوه‌ست بێت به‌بڕوابوونی سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌کان به‌به‌شداریکردن به‌بنه‌مای دیموکراسییانه‌وه‌و پیاده‌کردنی کاری سیاسی به‌گوێره‌ی چوارچێوه‌و کولتوور‌و به‌هاکانی، داواشی له‌لایه‌نه سیاسییه‌کان کرد که‌په‌نا بۆ دیالۆگ و هه‌نگاوی هێمن و بونیاتنه‌رانه ببه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی. نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانیش له‌عێراق (یونامی) ده‌ڵێت: له‌چه‌ند هه‌فته‌و مانگی رابردوودا هه‌وڵی چڕ بۆ هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان درا تاوه‌کو به‌سه‌قامگیریی سیاسی بگه‌ن، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێکی نه‌بوو. ئێستا کاتی هاتووه چینی سیاسی به‌رپرسیاریەتی له‌ئه‌ستۆ بگرێت، داواشی له‌هه‌موو لایه‌نه‌کان کردووه بێ مه‌رج ده‌ست به‌دیالۆگ و دانوستاندن بکه‌ن و رێکبکه‌ون له‌سه‌ر ئامانجه سه‌ره‌کییه‌کان، وه‌ک دابینکردنی داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی عێراق و پێکهێنانی حکومه‌تێک به‌ده‌سه‌ڵاتێکی ته‌واوەوه. هاوکات نێد پرایس، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له راگه‌یاندراوێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووه، دوای ساڵێک له‌ده‌نگدانی عێراقییه‌کان بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته، به‌ئامانجی پێکهێنانی حکومه‌تێک که‌گوزارشت له‌خواستی گه‌لی عێراقی بکات، تائێستا سه‌رکرده سیاسییه‌کانی عێراق نه‌یانتوانیوه ناکۆکییه سیاسییه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن. ده‌ڵێت، واشنتن له‌گه‌ڵ گفتوگۆی فراوان و گشتگیری لایه‌نه‌کانی عێراقه له‌پێناو دانانی نه‌خشه‌ڕێگایه‌ک بۆ ئاینده. له‌ئێستاشدا دوای کشانه‌وه‌ی سه‌درییه‌کان و پێکهێنانی (هاوپه‌یمانیەتی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت) که‌پێکدێت له‌هاوپه‌یمانیی چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی، یه‌کێتی، پارتی، هاوپه‌یمانیی سه‌روه‌ری، عه‌زم و بابلیون) هه‌ست به‌جموجوڵ و فشارێکی زۆری لایه‌نه ده‌ره‌کی و ئیقلیمییه‌کان ده‌کرێت تا به‌زووترین کات په‌رله‌مانی عێراق کۆببێته‌وه و سه‌رۆک کۆمار ده‌ستنیشانبکات و سه‌رۆک کۆماریش که‌سێک بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت رابسپێرێت. به‌پێی ئه‌و زانیارییه میدیاییانه‌ی بڵاوکراوه‌ته‌وه هاوپه‌یمانیەتی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت مۆڵه‌تی یه‌ک هه‌فته‌ی بۆ (یه‌کێتی و پارتی) دیاریکرد که‌کاندیدی هاوبه‌شی خۆیان بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار یه‌کلابکه‌نه‌وه، که‌چی به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌نه ئه‌نجام، مۆڵه‌ته‌که رۆژی سێشه‌ممه کۆتاییهات. سۆران جه‌مال تاهیر، وته‌بێژی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان رایگه‌یاندووه که ئه‌وان وه‌ک یه‌کێتی نایانه‌وێت پرسی سه‌رۆک کۆمار به‌زۆرینه‌و که‌مینه یه‌کلابکرێته‌وه، به‌ڵکو ده‌بێت به رێککه‌وتنی نێوان یه‌کێتی و پارتی بێت، بۆیه باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه به رێککه‌وتن پۆستی سه‌رۆک کۆمار یه‌کلابکرێته‌وه‌و پۆسته‌که لای یه‌کێتی بمێنێته‌وه. ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری رێکنه‌که‌وتنیش ده‌ڵێت، ئه‌وکاته دڵته‌نگییه‌ک دروست ده‌بێت، ده‌رئه‌نجام ناچارین سیناریۆی 2018 دووباره ببێته‌وه و به‌ده‌رئه‌نجامه‌که‌شی رازی بین. ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی، سه‌رکرده له‌چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند «کورد دوو بژارده‌ی له‌به‌رده‌مه، یان رێککه‌وتن له‌سه‌ر کاندیدێک، یان دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی ساڵی 2018و چوونه ناو کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کاندیدی سه‌رۆک کۆمار به‌په‌رله‌مانتاران». محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق له‌دانیشتنى رۆژى سێشه‌ممه‌ى په‌رله‌ماندا واده‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمارى دیاریکردو رایگه‌یاند: رۆژى پێنجشه‌ممه کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمار به‌ڕێوه‌ده‌چێت. دیاریکردنی کاندیدی سه‌رۆک کۆمار گرفتی سه‌ره‌کی نێوان یه‌کێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراته، یه‌کێتی که (به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح)ی سه‌رۆک کۆماری ئێستای کاندیدکردووه، له‌به‌رامبه‌ردا پارتی (رێبه‌ر ئه‌حمه‌د)ی وه‌زیری ناوخۆی حکومه‌تى هه‌رێمی کاندیدکردووه‌و دوای چه‌ندین گه‌ڕی گفتوگۆ‌و دانوستاندن هێشتا هیچ لایه‌کیان وازیان له‌کاندیدی خۆیان نه‌هێناوه‌و له‌سه‌ر کاندیدی هاوبه‌ش رێکنه‌که‌وتوون. مه‌سرور بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم و ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی رایگه‌یاند: پارتی پێیباشه کاندیدی سه‌رۆک کۆمار له‌په‌رله‌مانی کوردستان یه‌کلابکرێته‌وه، یه‌کێتیش هه‌رزوو ئه‌و داوایه‌ی ره‌تکردووەته‌وه. به‌پێی راگه‌یاندراوێکیش شاندی هاوپه‌یمانیەتی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌رۆکایه‌تی (محه‌مه‌د حه‌لبوسی) دوای کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی، ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد: ده‌بێت پێش کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر ده‌ستنیشانکردنی سه‌رۆک کۆمار، رێککه‌وتن له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا ئه‌نجامبدرێت. هاوکات سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ڕه‌وتی سه‌در به‌ڕۆژنامه‌ی (عه‌ره‌ب ئه‌لجه‌دید)ی راگه‌یاندووه ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی له‌عێراقدا درێژه ده‌کێشێت و ئه‌وان وه‌ک سه‌درییه‌کان هه‌ڵوێستیان نه‌گۆڕاوه و سوورن له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته، جه‌ختیشی له‌وه‌کردووەته‌وه هه‌ر حکومه‌تێک له‌سه‌ر بنه‌مای براوه‌و دۆڕاو درووستبکرێت له‌ساڵێک زیاتر ناخایه‌نێت و ئه‌وان وه‌ک سه‌درییه‌کان شه‌قامیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، که‌هیچ هێزێکی دیکه به‌ده‌ستیه‌وه نییه. هه‌موو ئه‌مانه له‌کاتێکدایه له‌ماوه‌کانی رابردوودا له‌سه‌ر داوای مسته‌فا کازمی سه‌رۆک وه‌زیران دوو گه‌ڕی دیالۆگی نیشتمانیی له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کان، جگه له ره‌وتی سه‌در به‌ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌ک بۆ قه‌یرانی سیاسی ئێستا به‌ڕێوه‌چوو به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رهه‌مێکی هه‌بێت و ناکۆکییه‌کان هه‌ر به‌رده‌وامبوون.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢٢-٢٠٢٣) لە عێراق دەستی پێ کرد و و زیاتر لە ١٢ میلۆن قوتابی قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی، ھەروەھا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار قوتابی قۆناغی سەرەتایی روویان لە ناوەندەکانی خوێندن کرد. وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢٢-٢٠٢٣)، زیاتر لە ١٢ میلۆن قوتابی قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی، ھەروەھا زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار قوتابی قۆناغی سەرەتایی روویان لە ناوەندەکانی خوێندن کردووە. وەزارەتی پەروەردە داوایشی لە کۆمەڵگای عێراق و سەرجەم دامەزراوەکان، ھەروەھا دایک و باوکانی قوتابییان کرد کە رۆڵی نیشتمانیی خۆیان بگێڕن و ھاوکاربن لەگەڵ وەزارەتی پەروەدە لە رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و رێکخستنی دەوامی قوتابییان لە قوتابخانە و پاراستنی پێگەی مامۆستایان. پێشتر وەزیری پەروەدەی عێراق، عەلی دلێمی رایگەیاندبوو کە رۆژی چوارشەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکات. عەلی دلێمی ھەروەھا داوای لە بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان و سەرجەم دەستەکانی پەروەردە و فێرکردن کردبوو، کەرنەڤاڵێکی پەروەردەیی ساز بکەن کە تیایدا پێشوازی لە قوتابییان بکەن.
هاوڵاتی ئێران رایگەیاند؛ بەهۆی ئەو سزایانەی لەندەن بەسەر بەرپرسانی وڵاتەکەدا سەپاندوەیەتی، باڵیۆزی بەریتانیا-ی لە تاران بانگهێشت کردوە و سزاکانی لەندەنیش بە بێ بەها ناودەبات. وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردوتەوە؛ سایمۆن شێرکلیف، باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران بانگهێشت کراوە و ئاگادار کراوەتەوە کە وڵاتەکەی لەسەر بنەمایەکی هەڵە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی سزا داوە بۆیە ئەو سزایانە بە بێ بەها لەقەڵەم دەدرێن. وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە؛ لە ماوەی سێ هەفتەدا ئەوە سێیەمجارە کە بە بیانوی دەستوەردانەکانی لەندەن لە کاروباری ناوخۆیی ئێران، باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران بانگهێشت کراوە. لە کاتی دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان ، تاران میدکانی بەریتانیا و میدیا فارسییەکانی ئەو وڵاتەی تۆمەتبارکردوە بۆ هاندانی خۆپیشاندەران و دواتر بەهۆی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەریتانیا، ئەو وڵاتە لە رێگەی شێرکلیف ناڕەزایەتیی خۆی گەیاندوەتە لەندەن. ئێران لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەوە ئەوە سێیەمجارە سایمۆن شێرکلیف، باڵیۆزی بەریتانیا لە تاران بانگهێشت کردوە . رۆژی دوشەممە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەیان سزا دا و ئاشکراشی کرد دەست بەسەر داراییەکانیاندا دەگیرێت.