هاوڵاتی کەشتی ئاسمانی ڕەشید کە لایەن سەنتەری بۆشایی ئاسمانی دوبەی بن موحەمەد ڕەشید " ئێم بی ئاڕ ئێس سی " درووستکراوە وکۆمپانیای نیشتنەوەی ژاپۆنی ئەندازیاری "هاکیوتۆ- ئاڕ" بۆ گەڕان بەدوای مانگ درووستکراوە دەگەینرێت، لەجۆری موشەکی سپەیس ئێکس فاڵکۆن لە ١١ی کانونی یەکەم بەرەو بۆشای ئاسمان هەڵدرا. گەشتی کەشتیە ئاسمانیە ڕەشید وزەیەکی کەمی دەوێت و بڕیارە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ بگاتە سەرمانگ، کاتێک دەگاتە ئەوێ یەک ڕۆژی مانگ لەوێ بەسەردەبات واتە ( ١٤.٧٥ ڕۆژی سەر زەوی) و ئەرکە سەرەکیەکەی جی بەجێ دەکات. وابڕیارە وڵاتی کەنداو چەند دانە لە ڕۆڤەر و ئۆربیتەر ڕەوانەی سەر مانگ بکات، لەگەڵ ڕۆڤەری دووەمیش بڕیارە لە زووترین کاتدا لە ساڵی ٢٠٢٥دا بینیشینێتەوە.. کەشتی ئاسمانی ڕەشیدی چوار ویل کە کێشەکەی ١٠کگم لە ساڵی ٢٠١٧ لەلایەن کۆمپنایای" ئێم بی ئاڕ ئیش سی" درووستکراوە وبەتەواوی لەلایەن تیمێکی ئیماراتیەوە دیزاین کراوە؛ حەمەد ئەلمەرزووقی بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەی نوێنەرایەتی مانگی ئیمارات لە کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، تیمەکە کاری زۆر باشیان کردووە لە درووستکردن ودیزاینکردنی کەشتیەکە. ئەم کەشتیە ئیماراتیە یەکەم کەشتی ئاسمانیە کە لایەن وڵاتیکی عەربیەوە دروستکرابێت، هاوکات بە ماوەیەکی کەم دێت لەدواین ئەرکی ئارتەمیسی یەکی ناسا بۆ گەڕان ولێکۆڵینەوە لە مانگ. کۆمپانیای جیبەجێکاری ئیماراتی ئاسمانی ئەم هەوڵە وەک هەنگاویک بۆ کارە گەورەکانی داهاتووی لەسەر مەریخ سەیر دەکات، حەمەد ئەلمەرزوقی بەڕێبوبەری گشتی کۆمپانیاکە هیواداریشە تا ساڵی ٢١١٧ یەکەم نیشتەجێبوونی مرۆڤ لەسەر هەسارەی مەریخ ئەنجام بدەن. 

هاوڵاتی سەرۆککۆماری تورکیا ئێوارەی یەکشەممە 11-12-2022 لە پارێزگای سامسون رایگەیاند، بەرهەمهێنانی مووشەکی تایفون لەلایەن تورکیاوە یۆنانی تۆقاندووە و ئەوان دەڵێن دەگاتە ئەسینا. دەشڵێت، یۆنان "بەم شێوەیە بەردەوام بن، بە مووشەکی تایفون لێتان دەدەین." رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەگەر یۆنان بەردەوام بێت لە هەڵوێستەکانی کە ئەنقەرەی بێزار کردوە، فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانی تورکیا "هێرش دەکەنەسەر ئەسینا". باسی لەوەشکرد، "یۆنان لە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەکانی ئێمە دەترسێت، دەوترێت لەوانەیە ئێمە ئەسینا بە ئامانج بگرین.. ئەگەر هێمن نەبنەوە (واز لە ئیستفزازکردنمان نەهێنن) بێگومان ئێمە لێیان دەدەین". لەبارەی فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری بێفڕۆكه‌وانی بایراكتار كزڵئه‌لما، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا له‌ ماوه‌ی مانگێكدا كزڵئه‌لما دەفڕێندرێت و "شاكارێكی زۆر نایاب ده‌بێت". ئەوەش لەکاتێکدایە سەرۆک کۆماری تورکیا ماوەی نزیکەی دو مانگە لە زۆرینەی وتارەکانیدا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی زەمینی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دەکات، بەڵام بەهۆی ناڕەزاییەکانی روسیا و ئەمریکا، لەم کاتەدا ئەنقەرە لەو هەوڵەی پاشەکشەی کردوەو بەڵام بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئەو ناوچەیە بە تایبەت ئەو شوێنانەی خەڵكی مەدەنی تێدایە .

دەزگای داد لە ئێران گەنجێکی دیکەی بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان لەسێدارە دا و رایگەیاند؛ ئەو کەسە تۆمەتبار بوە بە کوشتنی دو ئەندامی سوپای پاسداران. پێگەی (میزان)ی سەر بە دەزگای داد ئێران بڵاوی کردەوە؛ بەرەبەیان رۆژی دوشەممە کەسێکی بە ناوی مەجیدڕەزا رەهنەورد لە شاری مەشهەد لەسێدارە داوە. بە پێی راگەیەنراوی دەزگای داد لە ئێران، رەهنەوەرد تۆمەتی کوشتنی دو ئەندامی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران و بریندارکردن چوار ئەندامی دیکەی خراوەتە پاڵ و دوای یەکلایی بونەوەی دۆسیەکەی سزای سێدارەی بەسەردا جێبەجێ کراوە. مەجیدڕەزا رەهنەوەرد لەدایکبوی شاری مەشهەد لە باکوری رۆژهەڵاتی ئێران بوە و یەکێک لە وەزرشکارانی دیاری شارەکەی بوە. پێشتریش دەزگای داد موحسین شکاری لە شاری تاران بە تۆمەتی بەشدارییی لە خۆپیشاندانەکان لەسێدارەدا و ئەوەش کاردانەوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان و نەتەوەیەکگرتوەکانی لێکەوتەوە و شەوی رابردوش سزای لەسێدارەدانی گەنجێگ  بە ناوی ماهان سەدرات دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی بۆ ماوەی 48 کاتژمێر راگرت.  

سەرەڕای بەکارهێنانی هێز و سزای سێدارە، ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 86 رۆژی تێپەڕاندوە و ئەمڕۆش لە سنە و تاران و کرماشان لە زانکۆ و بازاڕ و شەقامەکان ناڕەزایەتیی بەردەوامبو و سزای سێدارەی گەنجێکیش بەهۆی فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان راگیر. لە ژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەڵەتیدا، دەزگای داد لە ئێران سزای لەسێدراەدانی گەنجێکی تەمەن 23ی بە ناوی ماهان سەدرات کە لە ناڕەزایەتییەکانی تاران دەستگیرکراوبو راگرت و راشیگەیاند؛ راگرتنی ئەو سزایە کاتییە. بە پێی زانیارییەکان یەکێک لە سکاڵاکەرانی دۆسیەی ماهان سەدرات لە سکاڵاکەی پاشگەز بوەتەوە و داوای لێخۆشبونی بۆ کردوە و دەزگای دادی ئێرانیش رایگەیاندوە جێبەجێکردنی سزاکە لە شەوی یەکشەممەوە بۆ ماوەی 48 کاتژمێر رادەگیرێت. سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە و فەرها و فەرزاد تەهازادە دانیشتوی شاری شنۆ لە دادگایەکی ئێران لە شاری ورمێ بە تۆمەتى بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و رێگە نەدراوە ئەو دو برایە پارێزەری یاساییان هەبێت. تا ئێستا تەنها لە شاری شنۆ پێنج گەنج بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن دادگاکانی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەمڕۆش کرێکارانی پترۆکیمیایی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامبون لە مانگرتن و راگرتنی کارەکانیان. گەنجانی شاری کرماشان شەوی یەکشەممە چەند شەقامێکی شارەکایان بە ئاگرکردنەوە و دروشم وتەنەوە دژی دەسەڵاتی ئێران کۆنتڕۆڵ کرد. نزیکەی یەک ملیۆن واژۆ بۆ دەرکردنی باڵیۆزەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوروپا کۆکراوەتەوە و لە بەیاننامەیەکدا داوا لە سەرکردەکانی گروپی حەوت وڵاتی پیشەسازیی جیهان ناسراو بە (جی 7) کردوە هەوڵی دەرکردنی باڵیۆز و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بدەن بۆ دورخستنەوەیان لە وڵاتانی جیهان، پێشتر میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران ئاماژەیان بەوە کردبو کە کۆکردنەوەی ئەو واژۆیانە روبەڕوی شکست بوەتەوە. لە شاری ڤانکۆڤێری وڵاتی کەنەدا دژی سزای سێدارە و یاساکانی کۆماری ئیسلامی گردبونەوەی ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو. لە زانکۆی نەوشیروان لە بابۆل و لە زانکۆی پەردیس و عەللامە لە تاران و زانکۆی پیشەیی لە ئەسفەهان و زانکۆی دامغان لە باکوری ئێران ناڕەزایەتی و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوام بو و هێزە ئەمنییەکانیش چواردەوری زانکۆی ئەسفاهانیان بۆ ریگریی لە رێپێوان و ناڕەزایەتیی خوێندکاران ئەو زانکۆیە گرت. ناوەندی خوێندیی ئاینیی خومەینی (دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران) لە بوشەهر لە باشوری وڵاتەکە سوتێنرا. ئەمڕۆش لە روانسەر، مەریوان و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردنی گەنجان لە لایەن ناوەندە ئەمنیی و سەربازییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە بەردەوامبو و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش بڵاویان کردوەتەوە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوەوە دەیان گەنجی و لاوی کورد دەستگیر کراون کە چارەنوسی زۆربەیان نادیارە. ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤیش بڵاوی کردوەتەوە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکان و دەستگیرکردنی گەنجانی ناڕازیی، زیاتر لە هەشت گەنجی کورد لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکان و لە زیندان گیانیان لەدەستداوە. بە پێی دوایین ئامار لە 85 رۆژی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 126 کەس کوژراون و ناوەندی مافەکانی مرۆڤی ئێران هەرانا بڵاوی کردوەتەوە سەرتاسەری وڵاتەکە گەیشتوەتە 485 کەس. گروپەی هاککەی ئەنۆنیمۆس پێگەی ئەلیکترۆنیی بازرگانیی ئێرانی هاک کرد و رایگەیاند هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی تا سەرکەوتنی ناڕەزایەتییەکان و روخانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام دەبن. ئەو هەنگاوە بە یەکێک لە هێرشە ئەلیکترۆنییە سەرنجڕاکێشەکان ئەژمار دەکرێت چونکە پێشتر هەر دانیشتویەکی ئێران ئەگەر مۆبایلی لە دەرەوەی وڵاتەکە بکڕیایە ناچاربو لە رێگەی ئەو پێگە ئەلیکترۆنییەوە لە بەرامبەر پێدانی باج بە گومرگی ئێران مۆبایلەکەی چالاک بکردایە بەڵام بەهۆی هاککردنی ئەو پێگەیەوە سەرجەم مۆبایلە بیانییەکان لە ئێران چالاک بون بە بێ پێدانی باج بە گومرگی وڵاتەکە.    

قەیرانی بژێویی و تەندروستیی بەهۆی قەیرانی دارییەوە لە ئێران زیاد دەکات و لە نوێترین راپۆرتیشدا ئاشکرابوە کە زۆرینەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە زیاتر لە شەش ساڵە خۆراک و وزەی پێویست بە جەستەیان ناگات. رۆژنامەی شەرق لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەهۆی قەیرانی دارایی و سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای ساڵی 2016 تا ئێستا بڕی خۆراکی سەرسفرەی دانیشتوانی وڵاتەکە بە شێوەیەی بەرچاو کەمی کردوە کە زۆر کەمترە لە پێوانە تەندروستی و جیهانییەکان. لە راپۆرتی ئەو رۆژنامەیەدا هاتوە هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی رۆژانە پێویستی بە 2800 بۆ 3000 هەزار کاڵۆری هەیە لە کاتێکدا زۆربەی دانیشتوانی ئێران رۆژانە توانای دابینکردنی 1950 بۆ 2100 کالۆری وزە و خۆراکین بۆ جەستەیان هەیە. ئاماژە بەوە کراوە بە پێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی ئێران ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی خۆراک (61%)ە بەڵام بانکی جیهانی ئاشکرای کردوە هەڵاوسانی ئابوریی خوراک لە ئێران گەیشتوەتە (81%) بۆیە توانای دابینکردنی خۆراکی پێویست لە وڵاتەکە زۆر دابەزیوە. رۆژنامەی شەرق لە راپۆرتەکەیدا ئاستی قەیرانەکانی بە گێڕانەوەی چەندین روداو بۆ دابینکردنی خۆراک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر رون کردوەتەوە ئەوەش بەوەی کە هاوڵاتییەک لە شاری ئەسفهان پێلاوی کەتانی بە رۆن و برنج گۆڕیوەتەوە و لە ورمێ کراسێکی 260 هەزار تمەنی کە نزیەکی چوار دۆلار دەکات بە خۆراک گۆڕدراوەتەوە و کتێبی خوێندنی منداڵانی خێزانێک بۆ کڕینی مریشک و پێڵاوی زستانە لە تاران بە نۆک و نیسک و دانەوێڵە ئاڵوگۆڕی پێکراوە. ئاماژە بەوەکراوە ئێستا لە ئێران ئاساییە خەڵک کەلوپەلی ناو ماڵەکەی لە بەرامبەر خۆراکدا دەگۆڕێتەوە و ئەوەش ئاماژەیە کە توانای کڕینی خەڵک بۆ دابینکردنی خۆراک تا چ ئاستێک دابەزیوە.    

هاوڵاتی روئیا پیرایی لەچاوپێکەوتنێکی گۆڤاری تایم: هەمووکەس دەزانێ داواکاری بۆ ئازادی ژنان ئازادی هەموو کۆمەڵگەیە، دەشڵیت: ئەم قوربانیانەی بە گیانی ئازیزەکانمان داومانە دەبێت ژیانێکی نوێ لەدایک بێت ونابێت بە فیڕۆ بڕوات  ئەکتەر ودەرهێنەری دیاری ئەمریکی ئەنجلینا جولی چاوپێکەوتنێکێ تایبەت لەگەڵ ڕوئیا پیرایی لە گۆڤاری تایم کە گۆڤارێکی هەفتانەی ئەمریکیە بەڕێگەی ئۆنلاین ئەنجام دا، روئیا پیرایی چالاکوانی دیاری ئێران  بەهۆی لەدەستدانی دایکی كە لەناو خۆپیشاندانەکانی ئێران شەهید  کرا، بە بڕینی قژی و وەستان لەپاڵ گۆڕەکەی دایکی بوەتە سیمبولێکی تری خۆپیشاندانەکانی ئێران. ڕوئیا لەوەڵامی پرسیارێکی ئەنجلینا جولی کە لێی دەپرسێت، جیاوازی ئەم خۆپیشاندانانە چیە لەگەڵ ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی پێشوو، دەڵێت: ئەم خۆپیشاندانە ژن و پیاو لەهەموو نەتەوەکانی ئێران ناڕەزایی دەرئەبڕن و داوای ئازادی و بنبڕکردنی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی وڵاتەکەیان ئەکەن،ئەم خۆپێشاندانە داوای ئازادی ژن دەکات، هەموو کەسیش دەزانێت  ئازادی ژن واتە ئازادی هەموو کۆمەڵگە. لەماوەی چاوپێکەوتنەکەدا كە لە رێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجامدراوە، ڕوئیا پیرایی باس لە ژیانکردن لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران دەکات ودەڵێت: هیچ کەس لە ئیران ژیانێکی ئاسایی ناژیت، بەهۆی یاساکانی دەوڵەت وفشارەکانی لەسەر کۆمەڵگە، بەڵام من هەمیشە بەهۆی خێزانەکەمەوە هەستم بە ئارامی وئازادی کردووە، دایکم یەکێک بوو لەوانەی حەزی بە ژیانبوو وباوەڕی بە ئازادی هەبوو. ئەنجلینا جولی: ئێستا چۆن لەگەڵ ئەو شۆکە دەژیت ومامەڵە دەکەیت؟ روئیا پیرایی: بۆمن زۆر قورسە کە بەردەوام بم چونکە ئازیزترین کەسم لەدەستداوە، هەست دەکەم کە منیشیان کوشتوە، دایکم نزیکترین کەسم بوو پێش ئەوەی لەناو خۆپیشاندانەکاندا تیرۆری بکەن، بەڵام من پێویستە بەردەوام بم، پێویستمە ببمە دەنگی بێدەنگکراوی دایکم و هەموو ئەوانەی کە کوژران لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە؛ هەر لەبەرئەوەشە کە دوای بەخاکسپاردنی دایکی ئێران بەجێدەهێڵێت. ڕوئیا لەبارەی کوشتنی دایکیەوە بۆ ئەنجلینا باس لە وتەکانی ئەو شایەتحاڵە دەکات کە لەکاتی تیرۆرکردنی دایکی لەوی بووە و دەڵێت، ئەو بکوژانەی دایکمیان  تیرۆرکردووە لەنزیکەوە تەقەیان لێکردووە و کاتیکی کەمی بردووە و دەست بەجێ گیانی لەدەست داوە، دایکم بە ١٦٧ گولە پێکراوە وشەهید کراوە.   ئەنجلینا لەبارەی ئازایەتی وبەرخودانی رویاوە پاڵپشتی خۆی بۆ ڕویا پیرایی دوپات ئەکاتەوە و باس لەوە دەکات کە ئەو بوەتە نمونەی سروش بۆ هەموو جیهان. ڕوئیا پیرایی لەبارەی درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکانی ئێران وبەردەوامی ناڕەزایەتیەکانەوە وتی، ئەمە ڕێگەیەکی دوورودرێژە، بەڵام بەدڵنیای ناگەڕێنەوە ناو تاریکی،چونکە هەستمان بەوەکردووە کە رژێمی ئیسلامی ئێران چاک ناکرێتەوە، دەشڵێت ئەو یەکگرتویەی خۆپیشاندەرانی ئێران کلیلی سەرکەوتنی ئەم شۆڕشەیە، دەشڵێت ئێستا هەموو کەس ئێمە دەبینێت و وڵاتانی دوونیاش پاڵپشتمانن.   روئیا پیرایی ، تەمەن ٢٥ ساڵان، چالاکوانی دیاری ئێران كە ئێستا لە دەرەوەی ئێران دەژی و لەدوای شەهیدکردنی دایكی بەدەستی هێزە ئەمنیەکانی ئێران بوو بە سومبولێکی دیاری خۆپیشاندانەکانی ئێران و هەروەها لەناو لیستی ١٠٠ کاریگەرترین ژنانی دونیادا دانرا کە لەلایەن بی بی سی وە بڵاو کرایەوە، روئیا قژی خۆی بڕی وەک ناڕەزایەتیەک و لەسەر گۆڕی " مینوو مەجیدی" دایکی قژی خۆی بەدەستەوەگرت وەک دوپاتکردنەوەی بەردەوامی خۆی بۆ درووشمەکانی کە دایکی لەسەر کوژرابوو. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران دوای کوژرانی ژینا "مەهسا" ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی ئێڕان بەتاوانی نەپۆشینی حیجابێکی شەرعی دەستی پێکرد و دەیان دروشمی جۆراو جۆر وچالاکی ژنان و وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە، دیارترین چالاکیەکانیش قژ بڕینی ژنان  وسوتاندنی سەرپۆشەکانیان بوو؛ خۆپیشاندانەکان لە دوای ١٦ی ئەیلول دەستیپێکرد و بەپێی دواین ئامارەکانی گروپی چالاکوانانی هرانای ئێران ٤٧٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٨ کەسیش دەستگیرکراون.

بانکی جیهانی ئاشکرای کرد قەرزەکانی ئێران زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە و ئەو وڵاتەش لە ساڵێکدا تەنها 250 ملیۆن دۆلار قەرزی داوەتەوە. بانکی جیهانی لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا بڵاوی کردوەتەوە قەرزەکانی ئێران تا کۆتایی ساڵی رابردو 10 ملیار و 349 ملیۆن دۆلار بوە کە بریتی بون لە هەردو جۆرەکانی قەرزی درێژخایەن و کورت خایەن. ئەو بانکە رونی کردوەتەوە تا پێش ساڵی 2020 قەرزەکانی ئێران نزیکەی چوار ملیار دۆلار بوە، بەڵام لە ساڵی 2021 دوای ئەوەی مۆڵەتی پارە قەرزکردن بەو وڵاتە داروە، چوار ملیار دۆلاری لە سندقی نێودەوڵەتیی دراو وەگرتوە. بە پێی راپۆرتی بانکی جیهانی ئێران لە ساڵی 2021 تەنها 254 ملیۆن دۆلار لە قەرزە درێژخایەنەکانی داوەتەوە کە 46 ملیۆن دۆلاری سودی بانکی بوە. ئێران لە ساڵی 2018 دوای توندبونەوەی سزای ئەمریکا لە دژی ئەو وڵاتە داهاتەکەی کە80٪ بۆ 90٪ی پشت بە نەوت دەبەستێت لە 120 ملیارد دۆلارەوە بۆ نزیکەی 13 ملیار دۆلار دابەزیوە .

هاوڵاتی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دووەم کاروانی پارە دزراوەکەی بانکی رافیدەین گەڕێندرایەوە کە 134 ملیار و 455 ملیۆن و 600 هەزار دینارە. نوسینگه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "لەئەنجامی بەدوداچونێکی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەهاوکاری ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لایەنەپەیوەندیدارەکانی بواری دەسپاکی بەردەوامبون لەبرەودان بۆ گێڕانەوەی ئەوپارانەی دزراون بەتایبەتی پارەکانی باج کە بە دزینی سەدە ناوزەد دەکرێت". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، وەک جەختکردنەوەیەکیش بۆ ئەو بڕیارانەی کە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێکەوتی 27ی مانگی رابردو رایگەیاند بو، بەشی دوەمی پارەکانی باج گێڕدراونەتەوە کە بڕەکەی 134 ملیار و 455 ملیار دینارە، کە بەشێوەیەکی یاسایی خرابونە سەر هەژماری کراوەی لقی سەرەکی بانکی ڕافیدەین، به‌وه‌ش تێکڕای پارە گێڕاوەکان دەگەنە 317 ملیار و 535 ملیۆن و 536 هەزارو 525 دینار. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئۆپەراسیۆنەکانی وەرگرتنەوەی پارە و بەدواداچوون بۆ داواکراوان بەردەوامە لەژێر چاودێری راستەوخۆی سەرۆکی حکومەت، لە جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەخاتە پێشەنگی ئەولەویەتەکانەوە".

بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار بەردەوامە لە دابەزین و دۆلار نرخی مێژویی لە بازاڕەکانی ئێران تۆمار کرد و پێشبینی دەکرێت بە بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکا بەهای تمەن زیاتر دابەزێت. میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە نرخی هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی وڵاتەکە گەیشتوەتە 37 هەزار و 500 تمەن و ئەوەش بە بەرزترین نرخی دراوی دۆلار دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتەکە ئەژمار دەکرێت. لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نرخی هەر دۆلارێک لە وڵاتەکە 30 هەزار تمەن بوە و دوای زیاتر لە 85 رۆژ ناڕەزایەتیی هەر دۆلارێک لانیکەم حەوت هەزار تمەن بەرز بوەتەوە. شارەزایانی ئابوریی پێشبینیی دەکەن بە بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان و هەڵوێستی ئەمریکا بۆ دەستبەردابونی چالاک کردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5+1، بەهای دراوی تمەن بەردەوام بێت لە دابەزینی زیاتر.  

85 رۆژە ناڕەزایەتییەکان بەردەوامە و سەرەڕای هۆشدارییەکانی وڵاتانی جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتی ئێران پێداگریی لە سێدارەدانی خۆپیشاندەران دەکات و هاوکات هەڕەشەی ئەوە دەکرێت کە یاساکانی باڵاپۆشی و سەرپۆش دوبارە جێبەجێ دەکرێنەوە. رۆژی شەممە لە سنە و تاران و کەرەج و گیلان و چەند شارێکی دیکە گردبونەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و هێزە ئەمنییەکان لە تاران و سنە هێرشیان کردە سەر خەڵک و گازی فرمێسکڕێژیان بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکارهێنا. ئەنجومەنی باڵای شۆڕی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ لە چەند رۆژی داهاتودا یاسا و رێساکانی تایبەت بە باڵاپۆشی و سەرپۆش بە توندی جێبەجێ دەکرێتەوە و "زۆرینەی خەڵکی وڵاتەکە موسوڵمانن". ئەمڕۆ بۆ پێنجەم رۆژ لەسەر یەک زۆربەی دوکان و بازاڕەکانی شاری سنە وەک دەبڕینی ناڕەزایەتیی نەکرانە و تا ئێستا نزیکەی 800 دوکان و کاسبکاری ئەو شارە بە بیانوی بەشداریی لە مانگرتنە سەرتاسەرییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران سزا دراون. هەر ئەمڕۆ لە زۆربەی زانکۆکانی تاران و شارەکانی دیکەی ئێران گردبونەوە و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوامبو و خوێندکارانی زانکۆی کوردستان لە شاری سنە رێپێوانیان کرد و لە چەند شەقامێکی ئەو شارە دروشمیان دژی دەسەڵاتی وڵاتەکە وتەوە. هەر لە زانکۆی تاران بنکە و نوسینگەی هێزەکانی (بەسیج)ی سەر بە سوپای پاسداران سوتێنرا و بە شەویش لە چەند شەقامێکی سەرەکیی وەک سەتتارخان و نارمەک و نازی ئاباد خۆپیشاندان و دروشم وتنەوە دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچو. گەنجێک بە ناوی ماهان سەدرات تەمەن 23 ساڵ ئەمڕۆ شەممە بە تۆمەتی خۆپیشاندان و بەشداریی لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا و پارێزەرەکەشی رایگەیاند؛ سزاکەی رەوانەی بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە. چالاکوانانی مەدەنی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە ماهان مەترسیی سێدارەی لەسەرە و رەنگە سزاکەی لە زوترین کاتدا جێبەجێ بکرێت. لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە لانیکەم پێنج گەنجی شاری شنۆ بە بیانویی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و دژایەتی خودا خراوەتە پاڵیان بۆ ئەوەی سزای سێدارەیان بەسەردا بسەپێنرێت و لەسێدارە بدرێن. ناوەندەکانی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان بەوە کردوە لە رۆژی هەینی و شەممە زیاتر لە 30 گەنج و لاوی دیکەی چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کرماشان و پاوە و سنە و سەقز دەستگیرکراون و چارەنوسیان دیار نییە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەی ئاشکرای کرد بەڵگەکانی کوژرانی 44 منداڵ و لاوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تۆمار کردوە کە زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان 9 بۆ 17 ساڵ بوە و زۆرینەیان بە چەک و گوللـەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و دەسەڵاتی ئێران فشاری لە خانەوادە و بنەماڵەکانیان کردوە تەرمەکانیان لە گوندەکان دورەدەستەکان و بە بێ رێوڕەسمی جەماوەریی بەخاک بسپێرن. بە پێی راپۆرتی لێبوردنی نێودەوڵەتی 20%ی ئەو منداڵ و لاوانە کورد بون و 40%ی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کوژراون. پەرلەمانتارنی ئەڵمانیا هەوڵی رزگارکردنی ئەو خۆپیشاندەرە دەستگیرکراونە دەدەن کە سزای سێدارە دەیان گرێتەوە. سێ پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەوروپا رایانگەیاند ئامادەن کەفالەتی سیاسیی سێ دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بگرنە ئەستۆ کە مەترسیی سێدارەدانیان لەسەر. کارلۆس کاسپەر، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا رایگەیاندوە ئامادەیە کەفالەتی سامان یاسین ، هونەرمەندی شاری کرماشان بکات کە لە لایەن دەزگای دادی ئێران تۆمەتبار کراوە بە دژایەتیی خودا و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی کە سزای سێدارە دەیگرێتەوە دو پەرلەمانی دیکەش ئامادەییان دەربڕیوە کەفالەتی محەمەد بروغنی و توماج ساڵحی بکەن کە بە پێی ئەو تۆمەتانەی روبەڕویان بوتەوە سزای سێدارە دەیانگرێتەوە. رێکخراوی پزیشکانی جیهان لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی بڕینەوەی سزای سێدارە بۆ پزیشکێکی ئێران کرد و داوایان لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتەکرد کۆتایی بە سزای سێدارە بنێت. حەمید قەرەحەسەنلو، پزیشکی رادیۆلۆژی لە ئێران بە تۆمەتی بەشداریی لە چلەی مەرگی حەدیس نەجەفی و کوژرانی ئەندامێکی سوپای پاسداران لەو رێوڕەسمەدا سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە، قەرەحەسەنلو زیاتر لە 30 ساڵ ئەزمونی کاری پزیشکیی هەیە و یەکێک بوە لەو کەسانەی هەوڵی دروستکردنی خوێندنگەی لە ناوچە دورەدەست و هەژارەکانی ئێران داوە و هاوکاریی بۆ منداڵان کۆکردوەتەوە. لە وڵاتانی دەرەوە دژی دەسەڵاتی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچو لە شارەکانی کۆڵن، فرانکۆفۆرد و بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا خۆپیشاندان و رێپێوان و گردبونەوەی ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران و سزای سێدارە بەڕێوەچو. لە شاری لەندەن لە بەریتانیا  و لە شاری کۆپنهاگ لە دانیمارک  و تۆکیۆ لە ژاپۆن و بوداپێست لە هەنگاریا و تورین و رۆما لە ئیتاڵیا و ئیستانبوڵ لە تورکیا و برۆکسێل لە بەلجیکا و پێرس و سیدنی لە ئۆسترالیا گردبونەوە و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران بەڕێوەچو.

هاوڵاتی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ سعودیە هێنا و گەڕایەوە بەغدا. لە سەردانەکەدا ‌به‌شداری له ‌لووتكه‌ی عه‌ره‌بی - چینی بۆ هاریكاری و گه‌شه‌سه‌ندن کرد.  سوودانی له ‌لووتكه‌ی عه‌ره‌بی – چینی بۆ هاریكاری و گه‌شه‌سه‌ندن گوتاری عێراقی پێشكێشكردو ڕایگەیاند: "عێراق ‌په‌رۆشه‌ بۆ سه‌قامگیریی سیستمی ئابووریی جیهان. له‌وانه‌، سه‌قامگیریی بازاڕه‌كانی نه‌وت، كرانه‌وه‌ی ئه‌رێنی به ‌رووی هه‌موو دۆستاندا".  وتیشی، لە داهاتوودا هەنگاوەکانی حکومەتەکەی "سەرنجیان لەسەر بەرەوپێشبردنی ئابووری و فەراهەمکردنی خزمەتگوزارییەکان دەبێت،" داواشی لە سەرکردە بەشداربووەکانی لووتکەکە کرد، "کرانەوەی ئابوورییان بە رووی عێراقدا هەبێت کە ژینگەیەکی بەپیتە بۆ وەبەرهێنان و بنەمای مرۆیی و مادی گرنگی بۆ سەرکەوتن تێدایە." هاوکات له‌گه‌ڵ ژمارەیەک سه‌ركرده‌ی به‌شدار له‌و لووتكه‌یه‌ هەبوو و پێکەوە بیروبۆچوونیان ئاڵوگۆڕکرد و جه‌ختیان له‌سه‌ر هاوئاهەنگی هه‌ڵوێسته‌كان كرده‌وە بۆ وەڵامدانەوەی ئاڵنگارییە ئابووری و ئه‌منییەکان‌.

بەگوێرەی راپۆرتێک، ئەمساڵ هێزە ئەمنیەکانی تورکیا زیاتر لە پێنج هەزار کەسیان ئەشکەنجەداوە و ١٥ کەسی مەدەنیش لەنێو تورکیادا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە کوژراون. کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا (ئیهادە) راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەمساڵ هێزە ئەمنیەکانی تورکیا بە فەرمانی دەسەڵاتداران، هێرشیان کردووتە سەر ٤٨٢ کۆبونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتیانە. رێگریشیان لە ٥٤ خۆپیشاندانی مەدەنی کردووە. کۆمەڵەکە باسی لەوە کردووە، بە گشتی پێنج هەزار و ٣٢٣ هاوڵاتی تورکیا لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتەوە ئەشکەنجە دراون و ١٥ هاوڵاتی مەدەنیش کوژراون کە یەکێکیان منداڵە. کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا (ئیهادە)، ئاماژەی بە فشاری سەر میدیای ئازاد و ئۆپۆزسیۆن کردووە و دەڵێت، دەوڵەتی تورکیا، ٥٠٧ هەواڵی سڕیوەتەوە، دەستکاری ناوەڕۆکی ٢٧٤ هەواڵی کردووە و هەوڵی سانسورکردنی ٧٧٣ سایتی هەواڵی داوە. لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری هەدەپە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، ئەمساڵ ٧٣ زیندانی سیاسی لە زیندانەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە کە ٣٤ کەسیان گۆمانی کوشتنیان لێدەکرێت.

خوشکەزای رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی رەخنە لە دەسەڵاتی وڵاتەکە سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنرێت. فەریدە مورادخانی، چالاکی مەدەنی دوای ئەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە خوێنڕێژ و بکوژ ناوبرد دەستبەسەر کرا لە لایەن دادگاوە 15 ساڵ زیندایی بەسەردا سەپێنرا. پارێزەری مورادخانی رایگەیاندوە دوای پێداچونەوە بە دۆسیەکەی بڕیاری زیندانییەکەی لە 15 ساڵەوە بوە بە سێ ساڵ. فەریدە مورادخانی کە خوشکەزای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان داوای لە وڵاتانی جیهان و نەتەوەیەکگرتوەکان کرد لە ئاست کوشتاری خەڵک و توندوتیژیی لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە بێدەنگ نەبن. پێشتر بەدریە خامنەیی، خوشکی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ بەهۆی توندوتیژیی دەسەڵاتی ئێران بە رێبەرایەتیی وڵاتەکەی بێبەریبونی لە عەلی خامنەیی راگەیاند.  

سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە دەزگای دادی ئێران مەرگی گەنجێکی شاری دێولان لە پارێزگای سنە دوای یەک رۆژ دەستبەسەریی راگەیاندوە. ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردوە شادمان ئەحمەدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رفێنراوە و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە. هاوکات لانیکەم پێنج گەنجی شاری شنۆ بە بیانویی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن دەزگای دادی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە. تا ئێستا نزیکەی 10 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکاندا سزای سێدارایان بەسەردا سەپێنراوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتیش ئاماژەیان بەوە کردوە لانیکەم شەش هەزار کەس لەو بەشەی کوردستان دەستگیر و دەستبەسەر کراون و مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە. وەزارەت دەرەوەی ئۆسترالیا رۆژی شەممە رایگەیاند وڵاتەکەی لە بەرامبەر سەرکوت و سێدارە، لە ئێران سزا بەسەر پۆلیسی ئەخلاق و 26 بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەپاندوە. رۆژی رابردوش، جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە؛ لە رێگەی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە داوا لە دەسەڵاتی ئێران کراوە سزای سێدارە و سەرکوتی خۆپیشاندەران رابگیرێت. بە پێی دوایین ئامار لە 84 رۆژی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لانیکەم 478 کەس کوژراون کە 125 کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بون.

هاوڵاتی دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو لیژنه‌ی كۆنفرانس كه‌ ئه‌ندامه‌كانی له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نی پیران و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران پێكهاتوون، ره‌شنووسی كۆتایی پڕۆژه‌ یاسای رێگه‌پێدانی به‌رگریی نیشتمانییان پێشكه‌ش كرد، ره‌شنووسه‌كه‌ له‌ دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ندكرا کە 858 ملیار دۆلارە. رۆژی پێنجشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2022، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ـی بەرگریی ئەمریکا لەلایەن دیموکرات و کۆمارییەکانەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسندکرا ، به‌ ده‌نگی به‌ڵێی 350 ئه‌ندام له‌ به‌رانبه‌ر نه‌خێری 80 ئه‌ندام  كه‌ بڕی 858 ملیار دۆلار له‌خۆده‌گرێت،بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە یاسا و کاری پێبکرێت، دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانیشەوە دەنگی لەسەر بدرێت و دواتر لەلایەن بایدنەوە واژۆی لەسەر بکرێت. بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، 487 هەزار دۆلار بۆ چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سووریا تەرخانکراوە کە بڕی 322 ملیۆن و 204 هەزار دۆلار لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش بۆ ‌هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەخۆ دەگرێت.