هاوڵاتی سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەكانی بەرپرسانی ئێران لەخەڵك و سەركوتكردنی بەردەوامی هێزە ئەمنییەكان، كەچی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی بازنەی ناڕەزایەتییەكانی ئێران فراوانتر دەبێت و توێژ و چینە جیاوازەكانی كۆمەڵگا زیاتر بەشداری لەو سەرهەڵدانانەدا دەكەن كە لەدوای كوژرانی ژینا ئەمینی كچە كوردی خەڵكی سەقزەوە بەبیانوی نەبەستنی لەچكەوە سەریهەڵداوەو ٤٠ ڕۆژەی تێپەڕاندووە، هاوكات جگە لەڕووە ناوخۆییەكەی، لەئاستی دەرەوەو وڵاتانی ڕۆژئاوایشدا تا دێت پشتگیری خۆپیشاندەران زیاتر دەبێت، تەنانەت (جەستن ترودۆ)ی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا خودی خۆی بەشداری خۆپیشاندانێكی ئێرانییە ناڕازییەكانی دانیشتووی ئەو وڵاتەی كرد‌و ڕایگەیاند لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئێران كەنەدا شوێنێك نییە بۆ پاراستنی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران، هاوكات ئیدانەی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكانی كرد‌و ڕایگەیاند ئەو بۆ پشتگیری لە ئێرانییەكان بەشداری خۆپیشاندانەكەی كردووە. بڕیاروایە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی تشرینی دووەم حكومەتی ئەمەریكا پرسی خۆپێشاندانەكانی ئەمدواییەی ئێران بباتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و هەریەكە لە جاوید رەحمان نێردەی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی تایبەت بە ئێران، شیرین عەبادی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و نازەنین زا‌غەری، ئەكتەری سینەما و چا‌لاكڤان، لە كۆبوونەوەكەدا قسە بكەن. ئاژانسی رۆیتەرز سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڵاویكردووەتەوە، «لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی باس لە سەركوتی ئەمدواییەی كچان و ژنان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ئێران دەكرێت.» لەڕاگەیەندراوێكیشدا وەزیرانی دەرەوەی 12 وڵات، كە هەموویان ژنن و بریتین لە وەزیرانی دەرەوەی ( فەرەنسا، ئەڵمانیا، كەنەدا، نیوزلەندا، نەرویج، ئایسلەند، كۆسۆڤۆ، لیبیا، لیختنشتاین، نەمسا، ئەندۆرا و ئەلبانیا) سەركۆنەی مامەڵەی ئێران لەگەڵ خۆپێشاندەران دەكەن و بە «سەركوتكردنی مافی ژنان» تۆمەتباری دەكەن و دەڵێن: «وەكو خانمە وەزیرانی دەرەوە، هەست بە بەرپرسیارێتیی هاودەنگبوون لەگەڵ ژنانی ئێران دەكەین.» هاوكات لەهەریەكە لە وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیسرائیل و ئیتاڵیا و چەندین ناوچەی دیكە بەهەزاران كەس بۆ پشتیوانی لەخۆپیشاندەرانی ئێرانی هاتنە سەر شەقامەكان و داوای ڕووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران و بەسزا گەیاندنی بەرپرسانی ئەو كۆمارەیان كرد كە دەستیان بە خوێنی خۆپیشاندەران سوورە. ئەمە لەكاتێكدایە لە چلەی ماتەمینیی ژینا ئەمینیدا، ئەمریكا سزای نوێی بەسەر ئێران‌دا سەپاند كە 14 كەسایەتی و سێ دامەزراوە دەگرێتەوە و بەرپرسن لە سەركوتكردنی خۆپێشاندەرانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان. لەوبارەیەوە ڤیدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، «بەرپرسانی ئێران رووبەڕووی كێشەكانی دەستی خۆیان بووەنەتەوە، و بەردەوامیشە لە تۆمەتباركردنی ئەمریكا بە هاندانی خۆپێشاندەران. با روونبین، ئەم خۆپێشاندانانە لەبارەی خەڵكی ئێران و داواكارییەكانیانە، هاوكات ئێمە لە هەوڵی ئەوەشداین زۆر هۆشیاربین نەكەوینە داوی زانیارییە هەڵەكانی ئێران كە گوایە ئەمریكا لە پشت خۆپێشاندانەكانە.» ئەمریكا مەترسی ئەوەشی خستۆتە ڕوو كە ڕەنگە ئێرانییەكان سود لەئەزمونی ڕووسەكان ببینن بۆ سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و كارین جین پیەر، وتەبێژی كۆشكی سپی دەڵێت، «ئێمە نیگەرانین لەوەی كە لەوانەیە مۆسكۆ راوێژ بداتە ئێران لەسەر باشترین شێوازی ئیدارەدانی خۆپێشاندانەكان. ئەزموونی فراوانی رووسیا لە سەركوتكردنی خۆپێشاندانەكان بەكاربێت.» لەبەرامبەریشدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر كەنعانی رایگەیاندووە، بە سەپاندنی سزا بەسەر كەسایەتی و دامەزراوە ئەمریكی و كەنەدییەكان وەڵامی ئەو سزایانە دەدەنەوە كە لە لایەن ئەمریكا و كەنەدا سەبارەت بە گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی و ئەو ناڕەزایەتیانەی كە دواتر لەو وڵاتە دەستییان پێكرد، بەسەر وڵاتەكەیدا سەپێندراون. سەرەڕای بەردەوامی خۆپیشاندانەكانیش رۆژی شەممەی ڕابووردوو (٢٩ـی تشرینی یەكەم) حكومەتی ئێران چەند كەسێكی لە چالاكانی نارەزاییەكان دادگاییكردووەو تۆمەتی «فەساد لەسەر زەوی، دژایەتی و بەرەنگاربوونەوەی حكومەتی ئیسلامی»، داوەتە پاڵیان ، هاوكات پەرلەمانی ئێران ڕۆژی یەكشەممە( ٣٠ی تشرینی یەكەم ) دەنگی لەسەر پرۆژە یاساییەكدا بۆ زیادكردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سەرباز و پۆلیسەكان بەڕێژەی لەسەدا ٢٠ ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ كپكردنەوەی خۆپیشاندانەكان. لەلایەكی ترەوە حكومەتی ئێران هەڵمەتێكی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوسانیشی دەستپێكردووە و تۆمەتی ئەوەی داوەتە پاڵ ڕۆژنامەنوسان كە لەدەرەوەی ئێران خولی ڕاهێنانیان بۆ چۆنیەتی ڕووخانی ڕژێم بینیووە، لەبەرامبەریشدا لەڕاگەیەندراوێكدا ٣٠٠ ڕۆژنامەنوس هەڵمەتێكیان بۆ ئازادكردنی هاوپیشەكانیان دەستپێكردووەو داوایانكردووە دەسەڵاتداران دەستگیركراوەكان ئازادبكات و ڕێگە لەكاری ڕۆژنامەنووسی نەگرێت. بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەكانیش لەچەند ڕۆژی ڕابووردوودا زیاتر لە ٣٦٥٠ ملیار تمەنی ئێرانی لە بۆرسەكانی ئێران ڕاكێشراونەتەوەو تاوەكو ئێستا فرۆشتنی پشكەكەكان زیاتر لە پرۆسەی كڕێنی پشك و بازرگانان پشكەكانیان دەفرۆشن. رۆژی ١٣ی ئەیلوول، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی «پابەند نەبوون بە یاساكانی جلوبەرگی ئیسلامی» ژینا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵی دەستگیر كرد، دوای دەستگیركردنیشی رەوشی تەندروستی ئەمینی تێكچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و لە رۆژی ١٦ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا و رۆژی ١٧ی ئەیلوول لە شاری سەقز بە خاك سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاكسپاردنەكەش خۆپیشاندان دروست بوو كە لە ماوەیەكی كەمدا، شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان زۆربەی شارەكانی ئێرانی گرتەوە. بەپێی دوایین ئامارەكانی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە سەرەتای خۆپێشاندانەكانەوە تاوەكو ئێستا نزیكەی ٣٠٠ كەس كە زیاتر لە ٣٠ كەسیان منداڵبوون بە تەقەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و خۆپیشاندانەكانیش بەردەوامییان هەیە.
هاوڵاتی هەردوو پۆستە وەزارییەکەی حکومەتی عێراق کە بە بەتاڵی مابوونەوە بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی ،بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە وەکالەت پڕکرانەوە ڕۆژی سێشەممە لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، پۆستی هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و وەزارەتی ژینگە بە وەکالەت پڕ کرانەوە. نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بکرێت بە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان بە وەکالەت و پۆستی وەزارەتی ژینگە بە وەکالەت سپێڕدراوە بە وەزیری تەندروستیی، ساڵح مەهدی موتەڵیب. ئەمەشلەکاتێکدایە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق لە ٢٣ وەزارەت پێکهاتووە، ١٢ بۆ پێکهاتەی شیعە، شەش بۆ پێکهاتەی سوننە، چوار بۆ کورد و وەزارەتێکیش بۆ پێکهاتەکان بوو کە درا بە پێکهاتەی کلدان.
هاوڵاتی دوای ئەوەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە گوایە حکومەتی سعودیە زانیاریی هەواڵگریی داوەتە ئەمریکا و هۆشداریی داوە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە بۆسەر ژمارەیەک ئامانج لەنێو سعودیە و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. بەرپرسانی بەرگری و سەربازی ئەمریکا زانیارییە هەواڵگرییەکانی بەرپرسانی سعودیەیان پشتڕاست نەکردەوە بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر هێڵن بۆ چاودێرییکردنی دۆخەکە. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، درێخی ناکەن لە بەرگریکردن لە بەرژوەندییەکانیان و هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە. رۆژی سێشەممە 1-11-2022، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و سعودیی بڵاویکردەوە، هەواڵگری سعودیە زانیاری‌یان بە بەرپرسانی ئەمریکی داوە، بەوەی ئێران رەنگە بەمنزیکانە هێرش بکاتە سەر هەولێر و سعودیە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پەردەپۆشکردنی خۆپێشاندان و ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی ئێران. لە وەڵامدا نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "نیگەرانین لە وێنەی هەڕەشەکان" و ئەوەشی گوت کە "بەردەوام لە رێگەی کەناڵە سەربازی، دیپلۆماسی و هەواڵگرییەکانمان لەگەڵ سعودیە" لەسەر هێڵن تاوەکو بتوانن بەرپەرچی هەر هێرشێکی لەمجۆرە بدەنەوە. ئەوەشی ڕونکردەوە "هیچ دوودڵیش ناکەین لە کردارنواندن بۆ بەرگریکردن لە خۆمان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە. ئەگەر ئێمە زانیاریی وردمان هەبێت، متمانەپێکراوبێت، بەڕاستی هەڕەشە بۆسەر هاووڵاتییانی ئەمریکی درووستبکات، بەدڵنیاییەوە ئێمە لەژێر ئەو سیاسەتەوە شوێن هەموو پابەندیێکمان دەکەوین". هەر ئەمڕۆش لە راگەیێندراوێکدا ، گوتەبێژی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان بەردەوام لەسەر هێڵن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ناوچەکە. لەوبارەیەوە، جۆ بوچیانۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا گوتی، "ئێمە بەردەوام چاودێریی ئاستی مەترسییەکان لە ناوچەکە دەکەین و بەردەوامیش لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە لە پەیوەندیداین کە ئەوەش سوپای سعودیەش دەگرێتەوە." گوتەبێژی پێنتاگۆن بە رۆژنامەوانانیشی گوتووە، "ئێمە لەوەوپێش گوتوومانە و دووپاتیشی دەکەینەوە، مافی خۆمانە هێزەکانمان بپارێزین و بەرگرییان لێ بکەین، جا هێزەکانمان لە هەرکوێ خزمەت بکەن لە عێراق بن، یان هەر شوێنێکی دیکە." ئەمەشلەکاتێکدایە ڕۆژی سێشەممە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق رایگەیاند، بەغدا سوورە لەسەر ئەوەی بەردەوام بێت لە میوانداریکردنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و سعودیە، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوان ریاز و تاران.
هاوڵاتی کۆمەڵەی پزیشکی ئەڵمانی داوای ئازادکردنی ئەو پزیشکە دەکەن کە لە لێدوانێکیدا باسی لە بەکارهێنانی چەکی کیمیای کردبوو لە لایەن تورکیاوە. پرۆفیسۆر شەبنم کۆرور فنجانچی سەرۆکی یەکێتی پزیشکانی تورکیا دوای ئەوەی لە لێدوانەکانیدا وتبوی بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی بینیویەتی پێدەچێت سوپای تورک چەکی کیمیایی لە باشوری کوردستان بەکاربێنێت دەستگیر دەکرێت هەر بۆیە کۆمەڵەی پزیشکی ئەڵمانی داوای ئازادکردنی دەکات. کۆمەڵەی پزیشکی دادوەری ئەڵمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەستگیرکردنی پرۆفیسۆر شەبنم کۆرور فنجانچی دوای لێدوانەکانی کە وتبوی بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی بینیویەتی پێدەچێت سوپای تورک چەکی کیمیایی لە باشوری کوردستان بەکاربێنێت نارەزایی کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و هەر بۆیە کۆمەڵەکە دەڵێت، لێدوانەکانی شەبنەم فنجانچی لە چوارچێوەی بنەما سەرەتاییەکانی ئازادی رادەربڕینی پزیشکتیدایە. هەروەها کۆمەڵەکە ڕاشیگەیاندووە، لەم چوارچێوەیەدا دەمانەوێت پرۆفیسۆر شەبنم کۆرور فنجانچی دەستبەجێ ئازاد بکرێت و پشتگیری داواکاری لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی گشتگیر دەکەین لە پێشێلکردنی قەدەغەی چەکی کیمیایی.
هاوڵاتی ناوەندێکی ئاماری ئێران ئاشکرای دەکات؛ بە پێچەوانەی بانگەشەی بەرپرسانی حکومەت لە وڵاتەکە، گەشەی ئابوریی بۆ نیوە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. پێگەی تایبەت بە ئاماری ئێران (iranopendata.org) بڵاوی کردوەتەوە؛ لە ماوەی یەک ساڵی سەرۆک کۆماریی ئیبراهیم رەئیسی لە ئێران، گەشەی ئابوریی وڵاتەکە بە رێژەی 45% دابەزیوە. لە ئامارەکاندا ئاماژە بەوەکراوە؛ گەشەی ئابوریی کەرتی نەوت لە ئێران کە ساڵی رابردو (27%)بوە بۆ (1%) لە ئەمساڵ دابەزیوە سەرەڕای ئەوەی لەو ماوەیەدا نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبوەتەوە. بە پێی ئامارەکان لەسەردەمی رەئیسیدا گەشەی ئابوریی کەرتی نەوتی ئێران 26% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. هەر لەو ئامارانەدا دەرکەوتوە بە گشتی گەشەی ئابوریی کەرتی کشتوکاڵی ئێران هاوشێوەی زۆربەی کەرتەکانی دیکە لە پاشەکشێ و دابەزیندا بوە. زۆربەی بەرپرسانی کابینەی ئیبراهیم رەئیسی لە لێدوانەکانیاندا جەختیان لەوە دەکردەوە کە توانیویانە لە یەک ساڵی دەستبەکاربونیان سەرەڕای سزاکانی ئەمریکا، گەشەی ئابوریی وڵاتەکە بەرز بکەنەوە بەڵام بڵاوبونەوەی ئەو ئامارانە پێچوانەی لێدوانی رەئیسی و بەرپرسانی کابینەکەی دەسەلمێنێت.
هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی چەند بریارێکی دەرکرد کە تیادا بڕیارەکانی ساڵی رابردوی حکومەتی مستەفا کازمی هەڵوەشاندەوە. لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاردرا موهەنەد نەعیم لە پۆستی ڕاوێژکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و حەیدەر حەمادە لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی سەفیە سوهەیل و عومەر بەرزنجی، وەک دوو وەکیل وەزیری وەزارەتی وەزارەتی دەرەوە و مەشرەق عەباس لە پۆستی ڕاوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیران لە کارەکانیان دوربخرێنەوە. هەروەها ڕائد جوحی لە پۆستی بەرپرسی دەزگای هەواڵگری دوورخرایەوە کە پێشتر بڕیاری بۆ دەرچوبوو، بڕیاری دانانی پارێزگاری نەجەف و زیقاریش هەڵوەشیندرانەوە. هەر لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا بە دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا و یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، کە ژمارەیان زیاتر لە 74 هەزار کەس دەبێت. ئەمەشلەکاتێکدایە رۆژی ٢٧ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٢ به ئاماده‌بوونی ٢٥٣ په‌رله‌مانتار، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌ی به ده‌ستبه‌كاربوونی ٢١ وه‌زاره‌ت له كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سودانی به‌خشی.
هاوڵاتی وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دەسەڵات لە ئێران کارکردن لە کانی زێڕی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە لایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە راگیرا. بە پێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە؛ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی سیستان و بەلوچستان بە کاروانی سەدان ئۆتۆمبێل رێگای سەرەکیی کارکردن لە کانی زێڕی (ئەنجیرەک) لە ناوچەی تەفتان لە پارێزگاکەیان داخستوە. ئەوە دوەمجارە لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بەرامبەر سەرکوتی خەڵک ئەو کانە زێڕە کە بە گەورەترین کانی زێڕی ئێران ئەژمار دەکرێت و یەدەگی ئاڵتونەکەی دەگاتە 49 ملیۆن تەن داخراوە. بونی ئەو کانە زێڕە لە سیستان و بەلوچستان لە کاتێکدایە ئەو پارێزگایە لە کۆی 31 پارێزگای ئێران بە هەژارترین ناوچە لەو وڵاتە لەقەڵەم دەدرێت.
هاوڵاتی لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی دادی عێراق، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران داوای خێرا کردنەوەی رەوتی دادگایی کردنی بکوژانی قاسم سولەیمانی کرد. موحسێنی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران لە نامەیەکدا بۆ فائیق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق خۆشحاڵی خۆی لە بەڕێوەچوونی سێ خول دانوستانی کومیتەی لێکۆڵینەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی دادوەری دوو وڵاتەکە دەربڕی و ستایشی ئەنجامەکانی ئەو هاوکارییە هاوبەشەی کرد. هاوکات ناوبراو ئاماژەى بە کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس کرد کە بەوتەی خۆی لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکا و بەشداری بەرپرسانی فەمی هەندێک وڵاتانی دیکە ئەنجام دراوە بەڵام بە پێی ئەوەی کە ئەو کوژرانە لەناو خاکی عێراق ئەنجام دراوە و دوو ساڵیشی بە سەردا تێدەپەڕێت،ئەوەی خستە ڕوو کەوا وڵاتەکەی داوای خێرا کردنەوەی شوێنگیری، لێپێچینەوە و سزادانی بەرپرسانی ئەو کوشتنە دەکات.
هاوڵاتی له زۆربه‌ی زانكۆكانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و شاره‌كانی ناڕه‌زایه‌تی و گردبوه‌نه‌وه به‌ڕێوه‌چوو و بڕیاره رۆژی سێشه‌ممه خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ریی به‌ڕێوه‌بچێت و به پێی دوایین ئامار تا ئێستا 283 كه‌س له ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا كوژراون. رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به مانگرتن ده‌ستیپێكرده‌وه رۆژی دووشه‌ممه مانگرتن له شاری شنۆ و روانسه‌ر ده‌ستیپێكرد و دوكان و بازاڕه‌كان نه‌كراونه‌وه و هاوكات كچانی خوێندكار له مه‌ریوان رژانه شه‌قامه‌كان و دروشمیان دژی ده‌سه‌ڵاتی ئێران وته‌وه. به به‌شداریی خه‌ڵكێكی زۆر، ته‌رمی كۆمار ئه‌و لاوه 16 ساڵه‌یه‌ی كه شه‌وی یه‌كشه‌ممه به ته‌قه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران له پیرانشار گیانی له‌ده‌ست دا، له گوندی زێوكه به‌خاك سپێردرا و به‌شداربوانیش دروشمی "مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر"یان وته‌وه. باوكی كۆمار له‌كاتی به‌خاكسپاردنی رۆڵه‌كه‌یدا؛ وتی جه‌رگ سوتان ئاسان نییه من كوڕه‌كه‌م له 25 گه‌لاوێژ له‌دایكبو بۆیه ناوم نا كۆمار، ئه‌و بێ‌تاوان بو شانازیی ده‌كه‌م كه بۆ خاك و وڵاتی خۆی شه‌هیدبوو ئه‌گه‌رچی ژانی ئه‌و مه‌رگه ئاسان نییه. وتیشی: نابێت خه‌ڵك و وڵاتی خۆمان بفڕۆشین و سیخوڕیی بۆ ده‌سه‌ڵات بكه‌ین چونكه ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی كوشتنی هه‌موان ده‌دات. هاوكات له‌شاری سنه جه‌ماوه‌رێكی زۆر به‌شدارییان كرد له به‌خاكسپاردنی ته‌رمی سارینا ساعدی ته‌مه‌ن 16 ساڵ كرد كه له خۆپیشاندانه‌كانی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردودا برینداركرا و دوای مانه‌وه‌ی چه‌ند رۆژ له نه‌خۆشانه‌ی ته‌وحید له سنه گیانی له‌ده‌ستدابوو پزیشكی دادی سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی ئێران رایگه‌یاندبو كه مه‌رگی سارینا په‌یوه‌ندیی به خۆپیشاندانه‌كانه‌وه نه‌بوه و به‌هۆی به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه گیانی له‌ده‌ستداوه. خوێنداكارانی زانكۆكانی سنه گردبونه‌وه‌یان ئه‌نجام دا و خوێندكارانی ئه‌و زانكۆیانه دروشمیان دژی ده‌سه‌ڵاتی ئێران وته‌وه. شه‌وی دووشه‌ممه له شاری سه‌رده‌شت خۆپیشانداو ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ستی پێكرده‌وه و گه‌نجانی شاره‌كه رێگا سه‌ره‌كییه‌كانیان كۆنتڕۆڵ كرده‌وه. له كامیاران له‌چوارچێوه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا ژماره‌یه‌ك كامێرای چاودێریی شاره‌كه سوتێنران. ناوه‌ندی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مڕۆڤ بڵاوی كرده‌وه زیاتر له 20 كه‌س له شاری قه‌سری شیرین له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستگیركراون و چاره‌نوسیان نادیاره. ناڕه‌زایه‌تیی له زانكۆكانی ئێران له زانكۆ به‌هه‌شتیی تاران خۆپیشاندانه‌كان به‌فراوان بون و دروشمیان دژی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران وته‌وه. ئه‌و خوێندكارانه‌ی كه له زانكۆی شه‌ریف له تاران ده‌ركرابون چونه به‌رده‌م زانكۆكه و مانگرتنیان راگه‌یاند، له ماوه‌ی رابردودا ده‌یان خوێندكار به بیانوی هاندانی خوێندكاران له زانكۆكانی ئێران ده‌ركراون. له زانكۆی چه‌مران له شاری ئه‌هواز له باشوری ئێران خوێندكارانی زانكۆ گردبونه‌وه و ناڕه‌زایه‌تیان رێكخست و دروشمیان دژی "به‌سیج" و ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاته وته‌وه. خوێندكارانی زانكۆكانی شیراز هاوشێوه‌ی شاره‌كانی دیكه به‌رده‌وامبون له دربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و دروشم وتنه‌وه دژی ده‌سه‌ڵات. له زانكۆی زانستی پزیشكی ته‌برێز خۆپیشاندانی به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چو و خوێنكاران دروشمی " ده‌جه‌نگین و ئێران وه‌ده‌گرینه‌وه"یان وته‌وه. شه‌وی دووشه‌ممه‌ش له ژماره‌یه‌ك شه‌قامی شاری تاران و ته‌برێز ناڕه‌زایه‌تیی به‌ڕێوه‌چوو. له زانكۆی ئه‌هلیی شاری ئیسلامشه‌هر له تاران به درۆن چاودێریی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كرا به مه‌به‌ستی ناسینه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خوێندكاران دروشمی " نا بۆ كۆماری ئیسلامی"یان وته‌وه. خوێندكارانی زانكۆی سیستان و به‌لوچستان گردبونه‌وه و دروشمی "ئازادی، ئازادی.."یان وته‌وه و له زانكۆی شاری ئه‌راك و له زانكۆی خه‌یام له شاری مه‌شهه‌د ناڕه‌زایه‌تیی به‌ڕێوچوو. خوێندكاره هاوپۆله‌كانی سارینا ئیسماعیلزاده یادی چله‌ی مه‌رگی ئه‌ویان كرده‌وه و بۆیان نوسیوه له "خاكی تۆ هیوا ده‌ڕوێت" و " بۆنی به‌هار دێت ئێمه ده‌نگی ده‌بیستین" سارینا ئیسماعیلزاده ته‌مه‌ن 16 ساڵ به‌هۆی لێدانی هێزه ئه‌منییه‌كانی ئێران له شاری كه‌ره‌ج كوژرا و دواتر هێزه ئه‌منییه‌كان رایانگه‌یاند خۆی كوشتووه. سه‌رۆكی ده‌زگای داد له تاران رایگه‌یاند؛ دوای سزادانی هه‌زار خۆپیشانده‌ری تاران كراوه و بڕیاره به‌ڕێوچونی دادگای تۆمه‌تبارانیش به ئاشكرا بێت و له ته‌له‌فیزیۆنی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ش په‌خش بكرێت. به به‌شداریی هه‌زارن كه‌س له گۆڕستانی وحیده له شارۆچكه‌ی شه‌هریار سه‌ر به پارێزگای تاران چله‌ی جه‌ماوه‌ریی بۆ عێرفان خه‌زایی كه له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی شه‌هریار كوژرابو به‌ڕێوه‌چوو. هاوكات له شاری قه‌زوێن چله‌ی جه‌واد حه‌یدری له لایه‌ن كه‌سوكاری به‌ڕێوه‌چوو. له به‌یاننه‌مه‌یه‌كدا به ناوی چالاكانی مه‌ده‌نی داوا كراوه رۆژی سێشه‌ممه و چوارشه‌ممه ناڕه‌زایه‌تیی له سه‌رتاسه‌ری شاره‌كانی ئێران به‌ڕێوه‌بچێت و ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ش بڕیاره له كاتژمێر (11:00) ده‌ست پێبكات. به پێی داوایین ئامار ژماره‌ی كوژراوانی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سه‌رتاسه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران 283 كه‌س و زیاتر له 14 هه‌زار كه‌سیش ده‌ستگیر كراون.
کەنەدا ژمارەیک سزای دیکەی دژی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دامەزراوەکانی رادەگەیەنێت. وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە بەیاننامەیەکدا رۆژی دوشەممە ئاشکرای کرد؛ بەهۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ژمارەیەک سزای بەسەر چوار بەرپرس و دوو دامەزراوەی وڵاتەکەدا سەپاندوە. لە بەیاننامەکەدا ناوی حسێن رەحیمی، ئەحمەد فازلیان، ئەسەدوڵڵا جەعفەری، مورتەزا موسەوی لە فەرماندە سەربازییەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی هێنراوە . جگە لەو چوار بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران، دامەزراوەی پۆلیس و ناوەندێنی پەروەردە و راهێنانی(موستەفا)ی لە لایەن کەنەداوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە. مێلانی جولی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکان و خواستی بوێرانەی خەڵکی ئێران دەکات. ئەو سزایانە چوارەم قۆناغی سزاکانی کەنەدایە کە بەهۆی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان دژی بەرپرسانی ئێران و دامەزاروەکانی سەپێنراوە.
رۆژنامەنوسێکی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات حیزبوڵڵای لوبنا ئامادەکاریی دەکات بۆ رەوانەکردنی دو یەکەی هێزە چەکدراەکانی بۆ ئێران ئەوەش بە مەبەستی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە. ئێمیلی شرەیدێر، رۆژنامەنوس لە رۆژنامەی (جۆرۆسەلیم پۆست)ی ئیسرائیل بڵاوی کردوەتەوە بە بڕیاری حەسەن نەسڕوڵڵا، سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنا یەکەی 133 و یەکەی 910ی سەر بە چەکدارانی ئەو حیزبە رەوانەی ئێران کراون. بە پێی ئەو بەڵگەی شرەیدێر بڵاوی کردوەتەوە ژمارەی ئەو دو یەکەیە کە هێزی تایبەتی حیزبوڵڵا لە دەرەوەی لوبنان ناودەهێنرێت نۆ هەزار و 500 چەکدارە. لە بەڵگەنامەکەدا هاتوە ئەو چەکدارانە بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران و روبەڕوبونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە رێکەوتی (20/10/2022) رەوانەی ئێران دەکرێن.
هاوڵاتی راوێژکاری باڵای ئەڵمانیا ئیدانەی هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەکات بەرامبەر خۆپیشاندەران و رایدەگەیەنێت: سزای زیاتر چاوەڕوانی دەسەڵاتدارانی تاران دەکات. ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری باڵای ئەڵمانیا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوی کردەوە؛ وڵاتەکەی و ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا سەرقاڵی تاوتوێکردنی سەپاندنی سزای نوێن بەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران. شۆڵز هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی بە نەگونجاو و توندوتیژانە ناوهێناوە ئیدانەی ئەو توندوتیژیانەی کردوە کە بەرامبەر بە خۆپیشاندەران لە وڵاتەکە بەکاردەهێنرێت. ئەوە لە کاتێکدا نیوەڕۆی رۆژی دوشەممە ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای لە ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا کردبو کە لەژێر کاریگەریی ئەمریکا هەوڵی سزادانی تاران نەدەن. کەنعانی وتیشی؛ سزادانی سوپای پاسداران کە دامەزراوەیەکی فەرمیی ئێرانە لە لایەن ئەوروپاوە نایاساییە. پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و وتەبێژی حکومەتی ئەو وڵاتە رایانگەیاندبو؛ بەرلین لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی ئەوە دەکەن کە سوپای پاسدارانی ئێران بخەنە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا.
هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق یەک هەفتە دەداتە وەزیرەکانی عێراق بۆ ئاشکرا کردنی سەروەتوسامانەکانیان. ئەمڕۆ دووشەممە ئەمیندارێتیى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند محەممەد شیاع سوودانى لە یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ماوەى یەک هەفتەى داوەتە وەزیرانى کابینەى حکومەتەکەى بۆ ئەوەى فۆرمى ئاشکراکردنى سامانەکانیان پڕبکەنەوە و رادەستى دەستەى دەستپاکیى عێراقى بکەن. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشی خستۆتە ڕوودەستپێکی وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە یەک هەفتەیە کە لە یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى لە ٢٨ تشرینی یەکەمى 2022، ئەنجامدرا و هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو فەرمانە بۆ وەزیرەکان دەرکراوە بۆ پڕکردنەوەى فۆرمى ئاشکراکردنى سەروەت و سامانیان و وادەکە دەستی پێکردووە. جێگەی باسە دەستەى دەستپاکیى عێراق ساڵانە فۆرمى ئاشکراکردنى سامان بۆ بەرپرسانى باڵاى عێراق دەنێرێت بۆئەوەى پڕیبکەنەوە، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ رێگریکردن لە دەوڵەمەندبوونى نائاسایی.
ڕۆژی شەممە لەدوای هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر گوندی "وش تەپە"ی سەر بە شاری بۆکان و قوتابخانەی ئەو گوندە، لانی کەم ١٦ هاووڵاتی ئەو گوندەو لە ناویاندا کچێکی تەمەن ١٢ ساڵیان ڕفاندووە. ناسنامەی ئەو ١٦ کەسە ڕفێندراوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە بەم شێوەیەی خوارەوەیە: هێمن ئەمین نەژاد، هێمن لوتفوڵڵاهی، هیوا لوتفوڵڵاهی، ئەرسەلان عەزیزی، هانیە عەزیزی (١٢ ساڵ و کچی ئەرسەلان)، محەممەد ئەسەدی، شۆڕش ڕەحیمزادە، مستەفا ڕەحیمزادە، یادگار عەلیزادە، فەرهاد ئابدار، شاهین سلێمانی، ئەردەڵان ڕەحیمزادە، ئەرسەلان ڕەحیمزادە، سەیوان ڕەحیمزادە، زانیار عەلیزادە و زانیار حەمزەڕەش. بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هەر یەک لە محەممەد ئەسەدی، شۆڕش ڕەحیمزادە و موستەفا ڕەحیمزادە لە کاتی دەستبەسەرکرانیان لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە تەقەیان لێکراوە و بریندار کراون. هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم ١٦ هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بێ ئەنجام ماوەتەوە. شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە ١٦ کەس زیاترە، بەڵام هەتا ئێستا هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ١٦ کەسیان ئاشکرا بکات.
هاوڵاتی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، راگه‌یاند كه‌سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌روه‌ت وسامانی خۆی ئاشكرا كردووه له‌دوایی وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ی و متمانه‌وه‌رگرتنی كابینه‌كه‌ی. فه‌رمانگه‌ی پارێزی له‌ده‌ستپاكی له‌راگه‌یندراوێكدا رایگه‌یاند" ده‌سته‌كه فۆرمی ئاشكراكردنی سه‌روه‌ت وسامانی تایبه‌ت به‌سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران محه‌مه‌د شیاع سودانی به‌ده‌ست گه‌یشتووه، كه‌یه‌كه‌م به‌رپرسه له‌م كابینه‌یه سه‌روه‌ت وسامانی خۆی ئاشكرا ده‌كات له‌دوای وه‌رگرتنی متمانه له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه. جێگای ئاماژه‌پێكردنه سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران محه‌مه‌د شیاع سودانی وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی حكومه‌ته نوێیه‌كه راسپاردووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ت وسامانی خۆیان ئاشكرا بكه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ی دستپاكی له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌دا له‌رێكه‌وتنی وه‌رگرتنی پۆسته‌كانیان. هه‌روه‌ها مادده‌ی (16/ یه‌ك/ ج) له‌یاسایی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ژماره (30ی ساڵی 2011)ی هه‌مواركراو، هه‌ر یه‌ك له( سه‌رۆك و جێگره‌كانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیره‌كان و ئه‌وانه‌ی هه‌مان پله‌یان هه‌یه) و پله‌به‌رزه‌كانی دیكه‌ی ناچار ده‌كات سه‌روه‌ت وسامانی خۆیان ئاشكرا بكه‌ن.