میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، کۆمسیۆنی یاسایی و مافەکانی مرۆڤی پارتەکە، داواکاری پێشکەش بە دادگای دەستووری تورکیا کردووە کە دوای هەڵبژاردنەکان بڕیاری کۆتایی لەبارەی داخستنی پارتەکەیان بدرێت. سانجار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بە پرسی داخستنی پارتەکەیانی کرد و وتی، " ئەگەر گوێ بە یاسا نێودەوڵەتیەکان بدرایە، نەدەبوو سکاڵایەکی بەم شێوەیە لە دادگادا قبوڵ بکرایە. دۆسیەی داخستنی هەدەپە لەدژی پێوانە نێودەوڵەتیەکانە و پێویست بوو دادگای دەستووری سکاڵاکەی رەتبکرادایە. هاوسەرۆکی هەدەپە وتی، ئەمە پرسێکی سیاسیە. بەم شێوەیە فشار لەسەر سیاسەتی دیموکراتی دروست دەکەن. دەیانەوێت هەدەپە بەم شێوەیە لەناوببەن. دادگای بالای مافەکانی مرۆڤ بە ئاشکرایی رایگەیاندووە کە دادگاییکردنی هەدەپە کارێکی نایاساییە. " میدحاد سانجار باسی ئەوەشی کرد کە دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن و وتی، " تاوەکو چواری شوبات دەتوانین تانەکەمان پێشکەش بکەین. تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان پێنەگەیشتووە. ئەم هەنگاوە نە تەنیا بۆ هەدەپە ، بەڵکو زیانێکی گەورە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسی تورکیا دەدات. دەسەڵات نایەوێت هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە، ئازاد و یەکسان بەڕێوە بچێت." هاوسەرۆکی هەدەپە لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە دوای داخستنی، هەدەپە لەسەر لیستی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان، بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکات،رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستیەوە. هەدەپە رێوشوێنی گرتووەتەبەر، ئامادەکاری بۆ هەموو ئەگەرێک کردووە. ١٠ی ئەم مانگە، دانیشتنی دادگایی داخستنی هەدەپە لەلایەن دادگای دەستووری تورکیا بەڕێوەچوو. سکاڵاکار بەکر شاهین داوکاری گشتی تورکیا لەدژی هەدەپە بە زارەکی قسەی کرد و هەدەپەی بەوە تۆمەتبار کرد کە پشتگیری لە پەکەکە دەکات. تاوەکو ئێستا دادگای دەستووری هیچ بڕیارێکی نەداوە. ئەمەش لە کاتیکدایە کە بە تەنیا چەند مانگێک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ماوە.
عومەر چەلیک وتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا، رایگەیاند، دەکرێت هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە دوابخرێت. عومەر چەلیک لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا، باسی لە ئەگەری گۆڕانکاری لە وادەی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا کرد و رایگەیاند، دەکرێت گۆڕانکاری رووبدات. چەلیک وتی، " گۆڕانکاری ئەنجام دەدرێت، بەڵام پێناچێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، دەکرێت کە دوا بخرێت. باسی چەند وادەیەک دەکرێت. لە داهاتوودا کاتی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکرێت. بەگوێرەی یاسا، پێویستە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێن، بەڵام لە ئێستاوە ئامادەکاری پارتە سیاسیەکان دەستی پێکردووە. هەر ئەمڕۆ عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا)، رایگەیاند کە دۆخی دەسەڵات خراپە و پێویستە ئۆپۆزسیۆن کاندیدی خۆی دیاری بکات، بۆ ئەوەی لەمە زیاتر کاتی خۆی بە فیڕۆ نەدات. لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای (ORC) ئەمڕۆ راپرسیەکی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکانی لە پارێزگای ئەستەنبوڵ بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپرسیەکە، لەو پارێزگایەدا، هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت بە جیاوازی 10٪ی دەنگەکان، بەسەر هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدا سەربکەوێت.
هاوڵاتی بۆ سەرۆکایەتی کردنی دانوستانەکانی لوتکەی کەشوهەوا cop 28 لە دووبەی، ئیمارات سوڵتان ئەلجابر سەرۆکی کۆمپانیایەکی گەورەی نەوتی “ ADNOC” دەسنیشانکردووە، ئەوەش ناڕەزایەکی زۆری چالاکوانانی کەشوهەوا وڕێکخراوە مەدەنیەکانی لێکەوتۆتەوە. ڕێکخراوە مەدەنیەکان و چالاکوانانی کەشوهەوا داوایان کردووە سوڵتان ئەلجابر دەست لە پۆستەکەی بکێشێتەوە لە سەرۆکایەتی کردنی کۆماپانیای نەوتی ADNOC، چونکە ئەمە دژ یەکیە لەگەڵ هەڵوێستەکانی لە دانوستانی ڕووبەڕووبونەوەی گەرمبونی زەوی لە لوتکەی کەشوهەوای COP28 . هاوکات نوسینگەی ئەلجابر ڕایگەیاندووە، کەوا سوڵتان ئەلجابر کە وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای ئیماراتیشە، ئەمساڵ وەک ونوێنەری ئیمارات ئامادە دەبیت لە لوتکەی بۆ کەشوهەوا، هەروەها ڕاشیگەیاندووە ئەمساڵ ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە درووستکردنی هاودەنگی نێوان هەموو حوکمەتەکاندا لەسەر ئەو کۆنفرانسە. سەرەڕای ناڕەزایی ڕێکخراو و چالاکوانەکانی کەشوهەوا، وتەبێژی ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان هیچ لێدوانێکی لەو بارەیەوە نەداوە. ئیمارات سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری هاوپەیمانی نەوتی ئۆپیکە، لە ٣٠ی تشرینی دووەم هەتاوەکو ١٢ی کانوونی دووەم دانوستانەکانی کەشوهەوا دەکات بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتوەکان، هاوکات ئیمارات یەکەم وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو کە ڕێکەوتنی پاریسی قەبوڵ کرد وپابەند بوو بە گەیشتنە ڕێژەیەکی پاکی دەردانی گازی ژەهراوی.
هاوڵاتی بهبڕیاری وهزارهتی رۆشنبیری و لاوانی حكومهتی ههرێمی ههرێمی كوردستان، پهخشی 16 كهناڵی ناوخۆی رادهگیرێت. بهگوێرهی نووسراوێكه كه ئهمڕۆ دووشهممه 16ی2ی2023 دهرچووه ، پهخشی 16 كهناڵی ناوخۆیی (لۆكاڵی) له ههرێمی كوردستان بههۆی نوێنهكردنهوهی مۆڵهتهكانیان رادهگیرێت و بڕیارەکە لەکاتی دەرچونی بڕیارەکەوە جێبەجێ دەکرێت. بەبڕیاری وەزارەتی ڕۆشبیری پهخشی ئهو كهناڵاله تا ئهو كاتهی مۆڵهتهكانیان نوێدهكرێنهوه رادهگیرێت. ناوی کەناڵاکان: جوودی یەکگرتووUTV HAWLER گرووپی نیگا ئاسمان منارە لاوان ئاسۆ سپۆرت کازیوە جیهان ئێفێکت ئای مۆڤیس ژیار سروشت بەیبی پاندا
هاوڵاتی لەلێدوانێکدا گوتهبێژی وهزارهتی كارهبای حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند، توانای بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە سێ هەزار و 900 مێگاوات و بەهۆی زۆری خواستی کارەبا لەلایەن هاوبەشانەوە لە ئێستادا کاتەکانی بوونی کارەبا بۆ هاووڵاتیان بە تێکڕای دەگاتە 12 کاتژمێر. ئومێد ئهحمهد، گوتهبێژی وهزارهتی كارهبای حكومهتی ههرێمی كوردستان به پێگهی فهرمی حكومهتی ههرێمی كوردستانی راگهیاند، لە ئێستادا لە تەواوی وێستگەکاندا توانای بەرهەمهێنانی كارهبا نزیک بووەتەوە لە سێ ههزار و 900 مێگاوات کارەبا، لە کاتێکدا خواست لەسەر کارەبا بۆ هاوبەشان حهفت ههزار مێگاواتە. بهگوتهی گوتهبێژی وهزارهتی كارهبا، بەهۆی زۆری خواستی کارەبا لەلایەن هاوبەشانەوە لە ئێستادا کاتەکانی بوونی کارەبا بۆ هاووڵاتیان بە تێکڕای دەگاتە 12 کاتژمێر، بەڵام لە ناوچە ساردەکان نزیکەی 10 بۆ 11 کاتژمێرە و بۆ ناوچە گەرمەکانیش 12 بۆ 13 کاتژمێرە، واتە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیكه جیاوازە. پێگهی حكومهتی ههرێمی كوردستان ئهوهشی خستووهتهڕوو، "حكومهتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی کارەباوە لە هەوڵی بەردەوامدایە پڕۆژەکانی کارەبا بەرەو پێش ببات و بەرهەمهێنان زیاد بکات تاوەکو بەرهەم و خواست وەکو یەکیان لێ بێت".
هاوڵاتی محەمەد شیمشەک وەزیری پێشووی ئابوری تورکیا رەخنەی لە سیاسەتی ئابوری حکومەتی تورکیا گرت و رایگەیاند، دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تسونامی ئابوری بەڕێوەیە. رۆژنامەی سوزجوی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە زاری وەلی تۆپراک رۆژنامەنووسێکی دیاری تورکیا رایگەیاند، محەمەد شیمشەک وەزیری پیشووی ئابوری تورکیا، بەشداری لە رێورەسمی کردنەوەی وێستگەیەکی غازی سروشتی کردووە و لەگەڵ ئەردۆغان قڕدێلەی دەستبەکاربوونی ویستگەکەیان بڕیوە. بەگوێرەی هەواڵی رۆژنامەکە، محەمەد شیمشەک لە رێورەسمەکەدا رەخنەی لە سیاسەتی ئابوری حکومەتی تورکیا گرتووە و رایگەیاندووە، تسونامیەکی گەورەی ئابوری چاوەڕێی تورکیا دەکات. زۆربەی وڵاتانی جیهان، پارەکانیان دەکشێننەوە و وەبەرهێنان کەم دەکەنەوە، بەڵام تورکیا بە بەردەوامی هەوڵی چاپکردنی پارەکەی دەدات و بەم شێوەیە رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا کەم نابێتەوە. شیمشەک وتوویەتی، بە فشار خستنە سەر زنجیرە مارکێتەکان کە نرخی شتومەک هەرزان بکرێت کە قازانجەکەیان تەنیا ٤٪ بێت، ناتوانرێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و رێژەی هەڵاوسان کەم بکرێتەوە. تورکیا لە ئیستادا لە قەیرانێکی گەورە ئابوریدایە. لیرە بەهایەکی زۆری لەدەستداوە. هەرچەندە حکومەت رایگەیاندووە کە رێژەی هەڵاوسان لە خوار ٨٥٪ەوەیە، بەڵام سەرەتای ئەم مانگە، گروپی لێکۆلینەوەی هەڵاوسانی تورکیا کە لە ژمارەیەک ئابوریناس و ئەکادیمی بواری دارایی پێک دێت، ئامارێکی نوێی لەبارەی رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئاماری گروپەکە، مانگی رابردوو، رێژەی هەڵاوسان ٥.١٨٪ زیادی کردووە. هەروەها لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا رێژەی هەڵاوسان ٣٨.٥٧٪ زیادی کردووە. لە ئێستاشدا رێژەکە گەیشتووەتە ١٣٧.٣٣٪. لەلایەکی دیکەوە، نرخى کارەبا و غازی ماڵان بە رێژەى ١٥٠٪ بۆ ٢٠٠٪ بەرزبووەتەوە، باجی سەر موڵک و خانووبەرە بە رێژەی ٦٦٪ و سزای سەرپێچیەکانی هاتوچۆ، لەنێوان ١٠٪ بۆ ٥٠٪ بەرزبووەتەوە. ژووری کشتوکاڵی تورکیاش هەر لەم مانگەدا رایگەیاندبوو، نرخی سەوزە و میوە لەو وڵاتەدا بەگوێرەی ساڵی ٢٠٢١، بە رێژەی ١٠٠٪ بۆ ٣٠٠٪ زیادیان کردووە. چەند رۆژ لەمەوبەر، دەزگای ئامارەکانی تورکیا، ئاماری بێکاری لەو وڵاتەدا بلاوکردەوە و بەگوێرەی ئامارەکە، لە تورکیا و باکوری کوردستان، سێ ملیۆن و ٥٧٦ هەزار کەس بێکارن. کۆمپانیای میترۆپۆلی تورکیش کە تایبەتە بە ئامار و لێکۆلینەوەکان، ئەم مانگە راپرسیەکی بە بەشداری دوو هەزار و ٧٧ کەس لە ٢٨ پارێزگای تورکیا و باکوری کوردستان لەبارەی رێژەی هەڵاوسان ئەنجام دابوو. بەگوێرەی ئامارەکە: ٤٧.٥٪ی بەشداربووان پێیان وابووە کە رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە زیاترە لە ١٧٠٪ ، هەروەها ١٨.٨٪ی بەشداربووان پێیان وابووە کە رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە نزیکەی ١٧٠٪. ٢٤.٢٪ی بەشداربووان وتوویانە رێژەی هەڵاوسان ٨٤٪ی تێپەڕ کردووە و ٩.٥٪ی بەشداربووانیش رایانگەیاندووە کە نازانن. هەروەها، کۆمپانیای (پی دەبلیۆ سی) و (ئیپسۆس)ی تورکی، پێکەوە راپرسیەکیان لەبارەی ئابوری تورکیا ئەنجامدابوو. بەگوێرەی راپرسیەکە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە تاوەکو ئێستا یەکەمجارە، هاوڵاتیانی تورکیا بەم ئەندازەیە بەهۆی دۆخی ئابوریەوە بێهیوان. راپرسیەکە ئاشکرای کردووە کە ٧١٪ی هاوڵاتیان، هیوایان نەماوە کە ئابوری تورکیا باش ببێت و دەڵێن، خراپتر دەبێت.
هاوڵاتی دوای ئەوەی دوێنی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا ڕایگەیاند: پێوستە وەزیر و تیمیە وزارییەکان جێبەجێکاری ئەجێنداو کاروبەرنامەی حکومەت بن، هەرکێشە و ئاڵۆزییەکی سیاسی هەیه لەدەرەوەی حکومەت چارەسەبکرێت نەهێنرێته ناو کاروباری حکومەت، پاشان تیمی وزاری یەکێتی وەڵامیان دایەوە ڕایانگەند: نیگەرانین لە شێوازی بەڕێوەبردن و ئەدای حکومەت. ئەمڕۆ دوشەممە 16ی1ی2023 سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، "وەزیرەكانی یەكێتی بەردەوامن لە كاری خۆیان و لەپێناو ڕای کردنی كاروباری خەڵكی لە وەزارەتەكان، رۆژانە دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن." وتەبێژەکەی قوباد تاڵەبانی وتیشی: وەزیرەکان کارەکان رایی دەکەن، بەڵام بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران ناکەن و هەروەها کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتەکان ناکرێت. هەورامی پشتڕاستی کردەوە کەدوێنی پاش پەیامەکەی سەرۆکی حکومەت وەزیرەکانی یەکێتی لە گرووپی وەتسئەپی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچوون.
هاوڵاتی وابڕیارە ئەمڕۆ برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، سەردانی هەرێمی کوردستان بکات. لەوبارەیەوە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتنی برێت مەکگۆرکی بۆ هەولێر پشتڕاست کردۆتەوە. وابڕیارە برێت مەگکۆرک، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
فەرمانداری یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ناسنامەی سێ گەریلای شەهیدی بڵاوکردەوە کە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە چیای ئاسۆس لە بۆردومانی سوپای تورکیادا شەهید بوون. ناوەندی ڕاگەیاندی ئەو هیزە ڕایگەیاندووە: لە کاتێکدا کە ناوچە توشی ئاڵۆزی و قەیران بووە و سەرهەڵدان و شۆرش لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران پەرەری سەندووە و مافی گەلی کورد بۆتە رۆژەڤی هەموو جیهان و تەڤگەری ئێمە هیوا دەداتە هەموو شۆرشگێر و ئازادیخوازەکان، ئەو هێرشانەی کە لە دژی هیزەکانی ئێمەش بەڕێوەدەچن زیاتر بووە. ڕونیکردووەتەوە “لە دەسپێکی شۆرشی ژن، ژیان و ئازادی بەو لاوە، هێرش لە دژی هێزەکانی ئێمە زیاتر بووە و ئەو هێرشانە بە دەستی دەوڵەتی تورکیا و لە رێگای هێرشی هەوایی پێکدێ. ئامادەکاری و فیداکاری هێزەکانی ئێمە بۆتە هۆی نەگەیشتنی دوژمن بە ئامانجەکانی”. ڕونیکردووەتەوە: لەو هێرشانەی دوژمن لە ٢٩ی تشرینی یەکەمەی ٢٠٢٢ لە چیاکانی ئاسۆس ئەنجامیدا، هەڤاڵانمان دلۆڤان و باگەر و هۆگر دەلیل بونە ئامانج و شەهید بون. ئێمە پێشتر ناوی دو هەڤاڵمان راگەیاندبوو و ئێستا ناسنامەی سێ هەڤاڵی شەهیدمان رادەگەیەنیین. یەرەکە ویڕای سەرەخۆشی لە خۆیان و کەسوکاری شەهیدەکان باسی لەرۆڵ و کەسایەتی ئەو شەهیدانە کردووە و بەگرنگیەوە باسی لە کەسایەتی و پێگەی ئەوان لە ژیانی شۆڕشگێڕێتیدا کردووە. یەرەکە دەشلێت: لە گەڵ خەمگینی قوڵی خۆمان بۆ شەهادەتی هەڤاڵانمان، هێزێک کە لەوان دەگرین دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە ئێرادەیەکی گەورەتر تێکۆشان بکەین و لەسەر بنەمای رێبازی رێبەرمان و ئازادی گەلمان کار و خەباتی خۆمان بەردەوام بکەین. ناسنامەی شەهیدەکان: ناو: هادی رەحمانی نازناو: هۆگر دەلیل ناوی دایک و باوک: نازدار، مەحەمەد لەداییک بوی: گوندی سەبەتڵو ساڵی بەشداربوون: ٢٠١٧ رۆژی شەهید بوون: ٢٩ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە چیای ئاسۆس ناو: محەمەد ئاک بابا نازناو: دلۆڤان جیلۆ ناوی دایک و باوک: خانم، مەحمود لەدایک بوی: شاری مەڵاتییە ساڵی بەشدار بوون: ٢٠١٥ رۆژی شەهید بوون: ٢٩ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە چیای ئاسۆس ناو: بێنیامین ئاکسۆ نازناو: باگەڕ بسمل ناوی دایک و باوک: رەدیفە، ئەحمەد لەداییک بوی: شاری بسمل ساڵی بەشداربوون: ٢٠١٣ رۆژی شەهید بوون: ٢٩ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە چیای ئاسۆس
هاوڵاتی ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند كە یەدەگی دراوی دەرەكی لە عێراق زۆر بەرزە، هاوكات كۆی قەرزی دەرەکی عێراق تەنیا 20 ملیار دۆلارە. مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە : كە قەرزی گشتی ناوخۆی وڵات لە ئێستادا بە نزیكەی 50 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، كە خاوەندارێتیەكەی بە تەواوی سەر بە سیستەمی بانكی حكومەتە. ئاماژەی بەوەشكرد: لە63%ی قەرزی ناوخۆی گشتی لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوەیە و نوێنەرایەتی سەروەت و سامانی ناوخۆیی دەكات لە پێكهاتەی بودجەی بانكی ناوەندیدا. ڕوونیشیکردەوە: پاشماوەی قەرزە ناوخۆییەی كە دەمێنێتەوە لەلایەن سێ بانكی سەرەكی حكومەتەوەیە بەرێژەی سوودی ساڵانە لە نێوان 2-3%. ئاماژەی بەوەشكرد : ئەو قەرزە دەرەكییە كاریگەرەی كە دەبێت لەساڵی 2023ەوە بدرێتەوە، لە 20 ملیار دۆلار تێپەڕناكات، واتە كۆی قەرزی گشتی (ناوخۆیی و دەرەکی) لە ئێستادا بە نزیكەی 70 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت. لە درێژەی قسەكانیدا وتی : كارایی یەدەگی دەرەكی وڵات زۆر بەرزە و پابەندبوونی قەرزی دەرەكی بە 5 هێندە دەگرێتەوە، كە ئەمەش ڕێژەیەكی ستانداردی بەرز و دڵنیاكەرەوەیە و ڕەنگدانەوەی بەهێزی باری دارایی عێراقە. ئاماژەی بەوەشكرد: میكانیزمی دانەوەی قەرزی ناوخۆیی و قەرزە دەرەكییەكان لە ڕێگەی تەرخانكردنی ساڵانەدا ڕوودەدەن كە لە بودجەی فیدراڵیدا پەسەندكراون.
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کرد؛ ئێران نرخی نەوت و ئەو سوتەمەنیانەی کە رەوانەی سوریای دەکات بۆ دو هێندە بەرز کردوەتەوە و داوای دیمەشق بۆ زیادکردنی هەناردەی سوتەمەنی رەت کردوەتەوە. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ ئێران نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی بۆ سوریا گەیاندوەتە 75 دۆلار لە کاتێکدا پێشتر بۆ هەر بەرمیلێک نەوت تەنها 30 دۆلاری لەو وڵاتە وەرگرتوە. بە پێی زانیاریی رۆژنامەکە، حەمید حسێنی سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەرایەتی هەناردەکارانی نەوت و غاز و پتڕۆکیمیایی ئێران رایگەیاندوە؛ دۆخی وڵاتەکەیان باش نییە و پێویست ناکات بە نرخی هەرزان نەوت و سوتەمەنی رەوانەی سوریا بکرێت. وۆڵستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوەش کردوە کە ئێران پێچەوانەی رابردو داوای لە سوریا کردوە پێشەکیی کڕینی نەوت و سوتەمەنیی رادەست بکات چونکە پێویستی بەو پارەیە هەیە و هاوکات رەتی کردوەتەوە هەنارەدەی سوتەمەنی بۆ وڵاتەکە زیاد بکات. ئێران بەشی زۆری سوتەمەنیی سوریا دابین دەکات و تاران بە هاوپەیمانی سەرەکیی دیمەشق لەقەڵەم دەدرێت، رۆژنامەکەش نوسیویەتی: ئەگەر دۆخی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە بەرەو خراپیی بڕوات، سوریا قەیرانەکانی قوڵتر دەبێتەوە بە تایبەت قەیرانی سوتەمەنی کە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی دیمەشق.
پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، دوو لایەن لەم هەڵبژاردنەدا هەیە، فاشێزم و دیموکراسی، رۆناکی و تاریکی رکابەرایەتی دەکەن. پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆبونەوەی جەماوەری هاوپەیمانی رەنج و ئازادی لە گۆڕەپانی کارتاڵی ئەستەنبوڵ بۆ دەیان هەزار لایەنگری پارتەکەی و لایەنگرانی پارتە چەپ و سۆسیالیستەکانی نێو هاوپەیمانێتی رەنج و ئازادی، قسەی کرد. پەروین بوڵدان وتی، " بۆ ئەوەی ریگری لە تاڵانکردنی سروشت، تاڵانکردنی ژیان و لەناوبردنی یاسا بکرێت، ئەم میتینگەمان ساز کردووە. ئەم کۆبونەوە سەرەتایە. ئێمە لەنێو ٨٢ ملیۆن کەس لە تورکیا بڵاودەبینەوە. بە هاوپەیمانی لەگەڵ دۆستەکانمان، مۆری خۆمان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دەدەین. بوڵدان دەشڵێت، ئەگەر لە ئەستەنبوڵ سەربکەون، دەتوانن لە هەموو تورکیا سەربکەون. ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگ و مێژووییە، یان تاریکی یان رۆناکی هەڵدەبژێرن. یان دیموکراسی یان فاشیزم هەڵدەبژێرن و لەم هەڵبژاردنەدا کاندیکی تایبەتی هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان دەبێت. ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار هاوپەیمانی رەنج و ئازادی کە لە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، پارتی رەنج (ئەمەپ)، پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ)، پارتی ئازادی کۆمەڵگا (توپ)، پارتی بزوتنەوەی رەنجدەران ( ئەهەپ) و فیدراسیۆنەکانی ئەنجومەنە سۆسیالیستەکان (سەمەفە) پێک دێت، لە گۆڕەپانی کارتاڵی ئەستەنبوڵ، میتینگێکی جەماوەری گەورەی ئەنجامدا. بەگوێرەی میدیاکانی نزیک لە هەدەپە، بە دەیان هەزار کەس لە گۆڕەپانەکە کۆبوونەوە. سەرۆک و بەرپرسانی پارتە چەپەکانی تورکیاش بەشداریان کرد و قسەیان بۆ لایەنگرانگرەکانیان کرد.
هاوڵاتی باڵیۆزخانەی چین لە عێراق رایگەیاند، شەش وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایان لە عێراق خستووەتەکار و لە بەرنامە لە پێشینەکانی عێراقیش کارکردنە بەگوێرەی رێکەوتننامەی نێوانیان لەگەڵ چیندا. سوی وی باڵیۆزی چین له عێراق ئهمڕۆ یهكشهممه رایگهیاند، حكومهتی وڵاتهكهی پابهنده بهو رێككهوتنانهی كه لهنێوان بهیجین و بهغدا-دا واژۆكراون و لهو چوارچێوهیهشدا شهش وێستگهی بهرههمهێنانی كارهبا كه لهلایهن ستافێكی چینیهوه بهڕێوهدهبرێن، دهستیان بهكاركردن كردوه و بڕێكی زۆر كارهبا بۆ عێراق دابین دهكهن. تساوی باسی لەوەشکرد، ئاسانکاری لەنێوان هەردوو وڵاتدا لەپێناو وەبەرهێنان و هاوکاری لەنێوان هەردوولا لە بوارەکانی ئەندازیاری و پەیوەست بەژیان کراوە، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی چین توانیویەتی شەش وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراقدا بکاتەوە کەلەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە بەکار دەخرێن و بەڕێوەدەبرێن. ئهوهشی خستهڕو، "پێشكهوتنێكی باش له پرۆژهی قوتابخانه چینییهكان له عێراقدا ههیه، بهوپێیهی بهسهر پارێزگاكاندا دابهشكراوه و ڕێژهی تهواوكردنی تێدا جیاوازه، ئهمه جگه له بونی جۆره جیاوازهكانی قهرز، كه قهرزی بازرگانییه، دامهزراوهكان، و قهرز لهسهر ئاستی حكومهت لهلایهنوڵاتهكهمانهوه بۆ عێراق فهراههمكراوه".
هاوپەیمانی رەنج و ئازدیەکان، لە گۆڕەپانی کارتاڵی ئەستەنبوڵ گەورەترین کۆبونەوەی جەماوەری خۆیان بە دروشمی ' رێگری لە شەڕ، هەژار و فشارەکان بگڕین و پێکەوە بیگۆڕین' کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ دەست پێکرد. هاوسەرۆک، پەرلەمانتار، ئەندام و بەڕێوەبەر و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، پارتی رەنج (ئەمەپ)، پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ)، پارتی ئازادی کۆمەڵگا (توپ)، پارتی بزوتنەوەی رەنجدەران ( ئەهەپ) و فیدراسیۆنەکانی ئەنجومەنە سۆسیالیستەکان (سەمەفە)، لە گۆڕەپانەکە کۆبونەوە و کۆبونەوە جەماوەریەکە بە جۆش و خڕۆشەوە بەردەوامە. بە جلوبەرگی کوردی و جلوبەرگی تایبەت بە هاوڵاتیانی دەریای ڕەش، لایەنگرانی هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان بە گوێگرتن لە موزیک و گۆرانی هەڵدەپەڕن و بە هەزاران کەس پێکەوە دروشمی 'دەیگۆڕین' دەڵێنەوە. جەماوەر بە جۆش و خڕۆشەوە پێشوازیان لە پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کرد. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تویتێکی لەبارەی کۆبونەوە جەماوەرەیەکە بڵاوکردەوە رایگەیاند، ئەمڕۆ دەردەکەوێت کە کێ دادەخرێت، هەدەپە یان ئاکەپە. هاوکات گۆرانی (ئێمە رەنجدەرین)کە هاوپەیمانی رەنج و ئازادیەکان رێکی خستووە،گۆرانیەکی نوێیە لە سەلاحەدین دەمیرتاشەوە بۆ کۆبونەوە جەماوەریەکەی ئەمڕۆی شاری ئەستەنبوڵ،هونراوە و موزیک لەلایەن دەمیرتاشەوە ئامادە کراوە و سەرەتای گۆرانیەکە بە دەنگی دەمیرتاش دەست پێ دەکات. لەم لینکە بینەری گۆرانییەکە بە: گۆرانی ئێمە ڕەنجدەرین
کەشناسی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشو هەوای بۆ ئەمڕۆ و سبەی ڕاگەیاند. لەڕاگەیاندراوەکە هاتوه: ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت ھەندێ ناوچە نیمچە ھەور دەبێت ، پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە. کەشناسیی ھەرێم زانیاری داوە، سبەینێ دووشەممە، ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت، پلەکانی گەرماش کەمێک بەرز دەبێتەوە بە بەراوورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ. کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیه ڕاگەیاند: بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی : ھەولێر : ١٧ پلەی سیلیزی سلێمانی : ١٣ پلەی سیلیزی دھۆک : ١٦ پلەی سیلیزی کەرکوک : ١٨ پلەی سیلیزی ھەڵەبجە : ١٤پلەی سیلیزی زاخۆ : ١٤ پلەی سیلیزی سۆران :١٣ پلەی سیلیزی گەرمیان : ١٧ پلەی سیلیزی