هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 14ی1، ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، " بە ئیمزاکردنی ڕێکەوتنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای سیمینس-ی ئەڵمانی، 6 هەزار مێگاوات کارەبا لە عێراق زیاددەکات. پشتیوان دەبێت بۆ ژێرخانی کەرتی گواستنەوەی کارەبا، دامەزراندنی وێستگەکانی کارەبا و پرۆژەکانی وزەی خۆر." ئەو وتی : یاداشتەکە تەئکیدەکاتەوە لەسەر تەواوکردنی کارەکانی ئامادەکردن و نوێکردنەوه یەکەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراقدا، بۆ ئەوەی وزەی تەواوی کارەبا دابین بکات. موسا ئاماژەی بەوەدا، محمد سودانی سەرۆک وەزیر خۆی سەرپەرشتی دۆسیەی کارەبا دەکات، ئەو ڕێکەوتنی لێکتێگەیشتنە چارەسەرێکی ستراتیژی دۆسیەی کارەبای عێراق دەکات و پارێزگاکانی فوراتی ناوەڕاست و بەغدا سوومەند لێی سوودمەند دەبن. وتی : "سیمینس هاوبەشێکی ستراتیژی رەسەنە لە کەرتی وزە، رێککەوتنەکەش بەشێک لە کێشەکانی کەرتی وزە چارەسەر دەکات".
ئیمان زەندی لەسەر داوای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە نەخۆشخانەی چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیای لەھەڵەبجە کراوەتەوە، ھەروەھا ھیچ یاسایەک بۆ بەرکەوتوان دەرنەکراوە لەپەرلەمانی کوردستان و ھەرکاتێک مەبەستیان بێت موچەیان دەبڕدرێت و نانێردرێنە دەرەوە. لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی كۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە بە ھاوڵاتی راگەیاند: "ھۆکاری چارەسەرنەکردنی بەرکەوتوان دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی پلان، لەساڵانی ڕابردوو ٦٩ بەرکەوتە ڕەوانەکران بۆ ئێران لەو ٦٩ بەرکەوتەیە ٤٨یان چاندنی گلێنەی چاویان بۆکرا دواتر وەزارەتی کاروباری شەھیدان ئەو پڕۆسەی گرتە ئەستۆ، ھەروەھا بەھەوڵێکی کۆمەڵەکامان ٣٥ بەرکەوتە لەو بەرکەوتوانەی کە پێویستیان بەناردنە دەرەوە ھەبوو لەلایەن نوسینگەی سەرۆکی ھەرێمەوە بەشی تەندروستی ڕەوانە کران و لەو ژمارەش ھەژدە کەسیان نەشتەرگەریان بۆکرا، ئەوەی کراوە بەھەوڵی ڕێکخراوەیی و شەخسی کراوە نەوەکو بەپلان و حکومەت کاری لەسەر کردبێت. وتیشی: ''بەداخەوە تائێستا یاسایەک نیە لەپەرلەمانی کوردستان کە بەرکەوتوانی کیمیاباران بناسێنێت لەھەمانکاتدا ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی کە پێویستە بۆ بەرکەوتوان بەیاسا ڕێکبخرێت و حکومەت پابەندبکرێت و ئەو یاسا جێبەجێبکات ھەروەھا بەرکەوتوانیش ئاسودەبن و گلەیی نەکەن، چونکە دۆخیان زۆر خراپەو کەسیش خۆی ناکات بەخاوەنیان وەزارەتی کاروباری شەھیدان و تەندروستی ھەردولایان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە چاودێرن، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پلانی دەستبەکاربونی وەزارەتەکان ئەو بودجەیەی کە دیاریکردبوو ئاماژەی بەبەرکەوتوان نەکردوەو کەمتەرخەمبون. ناوبراو ئەوەش دەڵێت: "کردنەوەی نەخۆشخانەی بەرکەوتوان لەسەر داواکاری کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران بووە بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی بەرکەوتو، وە لەبەر ئەوەی ئەو نەخۆشخانەیە لەکات و ساتی خۆی تەواو نەبوو کە دیاری کرابوو سکاڵامان تۆمارکرد لەدادگای ھەڵەبجە بەڵام بەداخەوە وەکو کۆمەڵە ناومان لەڕێکەوتن و گرێبەستی کۆمپانیاو تەندروستی نەبوو بەوھۆیەوە داداگا سکاڵاکەی وەرنەگرت و ڕەتیکردەوە، وە ئەو پزیشکانەی لەنەخۆشخانەکە کە بڕیاربوو دەستبەکاربن نێردرانە دەرەوە بۆ ڕاھێنان، بەڵام ھیچیان لەھەڵەبجە نەماون ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ھەڵەبجەش ھەندێک کەسی لەگەڵ ئەو وەفدە نارد بۆ گەشت کە پێویست نەبوو بڕۆن کەسیان لەھەڵەبجە نەماون. دەشڵێت: "بەداخەوە دەستی گەندەڵی چوەتە نێو بەرکەوتوان، لە ٢٢/٣/٢٠٠٩ یەکەم تیمی پزیشکی ئێران بانگێشتکران بۆ کوردستان بودجەکەش لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دابینکرا لەڕێگای مامۆستا غازی، بەمە ٧١٥ کەسیان بینی لەھەموو کوردستان لەو ژمارە ٢٥٤ بەرکەوتەیان ناساند کە ٩٠ کەسیان دۆخیان زۆر مەترسیداربوو وە ١٦٤ کەسیشیان مامناوەندبوو ئەو لیستە بەمۆرو واژوی پزیشکەکانی ئێران تۆمارکراوە، بەڵام دواتر بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەھیدانی سلێمانی چەندینجار ئەو تیمەی ھێنایە سلێمانی ئەو لیستەی وەکو بەرکەوتە نەبوو کردنیان بەبەرکەوتە، زۆر داوامانکرد بەڵام بێسود بوو بەوجۆرە ناشایستە تێکەڵبوو بە لیستەکان و داواشمانکردوە کە پێداچونەوە بکرێ، تاوانی کیمیابارانکردن چەندە تاوانبوو خەمساردی لایەنەکانیش ھیچی لەوتاوانە کەمتر نیە، چونکە ئەو بەرکەوتوانە یاسایان نیە ھەرکاتێک بکرێت ئەو بڕە پارەیە دەبڕن وە ھەر نەخۆشێکیش نەبرێتە دەرەوە ھیچ کەس ڕوبەڕوی یاسانابێتەوە، ھەروەھا ھەندێک کەس ھەیە خەباتی ھەیە لەملاولا موچەی نیە کراوە بە بەرکەوتەو موچەی بەرکەوتەی دەدرێتێ یاخود ئەوانەی دەنێردران بۆ ئێران نەخۆش ھەبوو دۆخی زۆرباش بوو زوزو دەبرانە دەرەور ئەوەی خراپ بوو نەدەبرا لەمەندوبەکانمان دەپرسی بۆ بەوجۆرەیەیە! دەیانوت تەلەفونی فڵانە کەسمان بۆ ھاتوە کە بکرێتە لیستەکەوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 14ی1ی 2023، لە ئۆپەراسیۆنێکی تیمەکانی فەرماندەیی جەندرمەی پارێزگای کیلیس، لە دیوی باکووری کوردستان کەسێكی سووری کەپێشتر لە شاری ئەستەڵبوڵ دەژیاو تەمەنی 22ساڵه دەستگیرکرا کە هەوڵیدا بوو ڕابکات بەڕێگەی قاچاخ. دەستگیرکراوەکە، . ناوی "ع. هـ"ـە و لەڕۆژی 26ی تشرینی دووەمی2022 تەقەی له خوشکەکەی بەناوی (خەدیجە) کردوه لە گەڕەکی چیفتلیغی لەئەستەمبوڵ کەمناڵێکی له باوەش دابووه لەشەقامی ئۆردو ڕۆیشتوە . پاش ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنێکی فەرماندەیی جەندرمەی کیلیس دەستگیرکرا، رەوانەی دادگا کرا و بە بڕیاری دادگا خرایە زیندانەوە. خەدیجە خاوەنی سێ مناڵە ، گولـلەیەک بەر سەری کەوت و بە سەختی برینداربوو. دوای ئەوەی گەیەندرایە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. تەقەکەرەکە لە شوێنی رووداوەکە ڕایکردبوو.
هاوڵاتی محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند: وەزارەتەکەیان پەیڕەوی بڕیارێکی نوێ دەکات بۆ ڕێگری دواکەوتنی داشکردنی ماددەخۆراکییەکان، پێویستە ماددەکان کە حەوت جۆره پێکەوه دابەشبکرێن لەیەک کاتدا. حەنون وتیشی : ڕێگەی نوێ دەگرینە بەر بۆدابەشکردنی بەشه خۆراکی مانگانە بۆ ئەوەی پڕۆسەکەدوانەکەوێت یان چەند ماددەیەک ئەو وتیشی بەهەماهەنگی وەزارەتی کۆمەڵایەتی ناوی ناوی سودمەندبوانی کۆمەڵایەتی ئامادەکراوه کەچەند ماددەیەکی خۆراکیان بۆ زیادکراوە بەپێی شوێنی نیشتەجێبون وتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانی ئەوەشی وت: ئامادەکارییان کردوە بۆدابەشکردنی یەکەم بەشەخۆراکی مانگانەی2023 و ماددەخۆراکییەکان و کۆگانیش ئامادەن.
ئێران رایگەیاند؛ سەرەڕای خواستی وڵاتەکەیان بەڵام سعودیە ئامادە نییە پەیوەنديیەکان لەگەڵ تاران ئاسایی بکاتەوە . حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە بەیروت-ی پایتەختی لوبنان رایگەیاند؛ تا ئێستا لە بەغدا پێنج کۆبوونەوەیان لەگەڵ سعوودیە ئەنجام داوەو ئامادە پەیوەنديیە دیپڵۆماسییەکانیان ئاسایی بکەنە. ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وتویەتی؛ دانوستانەکانی تاران لەگەڵ ریاز لە بەغدا هەنگاوی ئەرێنی بون بۆ ئاسیی بونەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریاز بەڵام تا ئێستا سعوودیە ئامادە نییە پەویوەندییەکانیی ئاسایی بکاتەوە. وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە دانوستانەکانی بەغداد سەرەڕای تاوتوێی پەیوەنديیە دوقۆڵییەکانیان لە ئاستی ئەمنییدا تاران و ریاز گفتوگۆیان کردوە. لە ساڵی 2016 دوای ئەوەی سعودیە نمر باقر ئەمین ئەلنمر، زانای شیعەی لە وڵاتەکەی لەسێدارە دا باڵیۆزخانەکەی لە تاران و کۆنسوڵگەرییەکەی لە مەشهەد لە لایەن لایەنگرانی توندڕەوی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشی کرایە سەر و سوتێنران لە بەرامبەریشدا سعودیە کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران هێنا.
هاوڵاتی ئێران عەلیڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری پێشووتری بەرگریی وڵاتەکەی کە خاوەن وڵاتینامەی بەریتانی و ئێرانی بوو، بە "تاوانی سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا" لە سێدارەدا. عەلی ڕەزا ئەکبەری، جێگری وەزیری پێشوی بەرگریی ئێران كه تۆمەتباربو بە "سیخوڕیکردن بۆ بریتانیا"دوای دەستگیرکردنی بهیانی ئهمڕۆ دوشهممه لەسێدارە درا. عەلیڕەزا ئەکبەری لە ساڵی 2019 دەستگیرکرا و تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ بەریتانیا"ـی درایەپاڵ؛ تۆمەتێک کە خۆی رەتیکردووەتەوە، لەسەر ئهو بنهمایهش دوای ئهوهی دۆسیهكهی چوهته دادگا و دانیشتنەکان بە ئامادەبونی پارێزەری تۆمەتبار بەڕێوەچون، بە پشتبەستن بە "بەڵگەنامە ڕەواکان"ی ناو دۆسیەکە، سزای لهسێدارهدانی بۆ دهرچو، ئهوهش بەهۆی تاوانی سیخوڕی بۆ ئینگلتەرا. هاوکات میدیای بەریتانی پێشتر تۆمارێکی دەنگیی ئەکبەرییان بڵاوکردبووەوە کە تێیدا دەڵێت، ئەشکەنجەدراوە و ناچارکراوە لە بەردەم کامێرا دان بە هەندێ تاواندا بنێت کە نەیکردوون ،عەلیڕەزا ئەکبەری لەو تۆمارە دەنگییەدا دەڵێت، چەند ساڵێک لەمەوبەر لە دەرەوە ژیاوە و لە لایەن یەکێک لە دیپلۆماتە باڵاکانی ئێرانەوە کە لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا رۆڵی هەبووە، بانگهێشت کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئێران. دوای ئەوەی گەیشتووەتە ئێران، بە گوتەی خۆی، تۆمەتبارکراوە بەوەی کاتێک پۆستەکەی هەبووە زانیاریی نهێنیی هەستیاری لە عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاساییشی نیشتمانیی ئێران وەرگرتووە و داویەتی بە بەریتانییەکان. هەروەها سێ رۆژ لهمهوبهر مەریەم هاوسهری عەلی رەزا ئەکبەری رایگهیاندبو، كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەکاریی بۆ لەسێدارەدانی عەلی ڕەزا دەکات، گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی تاکەکەسی کە ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ لەسێدارەدانی. ئەمەشلەکاتێکدایە،11ی ئهم مانگهش، جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە تویتێکدا له ههژماری تایبهتی خۆی نوسیوبو، "پێویستە ئێران لەسێدارەدانی عەلی ڕەزا ئەکبەری هاوڵاتیی بریتانی- ئێرانی رابگرێت و دەستبەجێ ئازادی بکات"، بهڵام ئێران داواكهی پهسهندنهكرد و بهیانی ئهمڕۆش له سێدارهیدا. .
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بەناردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان زانیاری نوێی ئاشکراکرد. فوئاد حوسێن ڕایگەیاند: کێشە لای وەزیری دارایی هەبووە بۆ ناردنەکەی و چارەسەرکراوە و پارەکە لە بانکی تی بی ئایە. وتیشی لەم رۆژانەدا 400 ملیارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان. وەزیرەکەی دەرەوەی عێراق وتی: 400 ملیارەکە لە کاتی خۆیدا ئەنجوومەنی وەزیرانی بڕیاری ناردنی دا، بەڵام دواکەوت و کۆمەڵێک کێشەی تێکەوت لای وەزیری دارایی، بەڵام چارەسەر بوو، پێش ئەوەی ئێمە بێینە ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران چارەسەر بوو. دەربارەی کاتی گەیشتنی پارەکە حسێن وتی: ئەوە نازانم لای بانکی تی بی ئایە، لەم رۆژانە بەدڵنیاییەوە دەگات، چونکە بڕیارەکە هەیە و رەزامەندیشی لەسەر دراوە، جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لەم رۆژانە لە بەغدا بوو، لەنێوان هەردوولا رێککەوتن کراوە.
ئەمڕۆ هەینی، 13ی1ی 2023، ئاژانسی پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا - فرۆنتێکس رایگەیاند، لە ساڵی 2022دا لانیکەم 330 هەزار کۆچبەر بەشێوەیەکی نایاسایی چوونە نێو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپاوە. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەداوە "ئەمە دووەم ساڵە لەسەریەک ژمارەیەکی بەرزی هاتنی نایاسایی کۆچبەران تۆمار بکرێت"؛ دەشڵێت، سووریاییەکان، ئەفغانستانییەکان و توونسییەکان 47٪ـی کۆی کۆچبەرانی ساڵی 2022 پێکدەهێنن کە چوونەتە نێو 27 وڵاتەکەوە. دەربارەی ڕێژەی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕویان لە ئەورووپا کردوە،فرۆنتێکس دەڵێت، ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی لە سووریاوە بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ئەوروپا بۆ ساڵی 2022 گەیشتووەتە 94 هەزار کەس. بەگوێرەی ئاژانسەکە، 45٪ـی کۆچبەران رێگەی رۆژئاوای وڵاتانی بەڵتیکیان گرتووەتەبەر کە بە پلەی یەکەم دێت. فرۆنتێکس باسی ئەوەشی کردوه کە ژنان کەمتر لە یەک لەسەر دەی کۆچبەران پێکدەهێنن و منداڵانیش 9٪ـی کۆی
دوێنێ پێنجشەممە، 12-1-2023، بەدیع خیون، ئەندامی لیژنەی نیشتمانیی رزگارکردنی زۆنگاوەکانی عێراق لەبارەی ئاستی زەرەرمەندبوونی زۆنگاوەکان لە وشکەساڵی و کەمئاوی کە بەشێکی بەهۆی کەمکردنەوەی پشکی ئاوە لە لایەن وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە، ڕایگەیاند، "بەداخەوە ساڵانێکە زۆنگاوەکانی عێراق بەدەست کەمئاوی و وشکەساڵییەوە دەناڵێنن، بەڵام سێ ساڵ دەبێت گۆڕانی کەشوهەوا و هۆکارەکانی کەمکردنەوەی پشکی ئاوی عێراق لەلایەن هەردوو وڵاتی دراوسێوە وایکردووە رێژەی 95٪ـی زۆنگاوەکان وشکبن." ئەو ئاماژەی بۆ ئەوه کرد، "40٪ـی دانیشتووانی نزیک زۆنگاوەکان، بەهۆی ئەو وشکبوونەوەیە، ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشتووە و بەرەو پارێزگاکانی ناوەڕاستی عێراق رۆیشتوون." رۆژی پێشتر، 12-1-2023، لەتیف رەشید، پێشوازی لە شاندێکی لیژنەی نیشتمانیی رزگارکردنی زۆنگاوەکان کرد. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆمار، "کاری زۆر دەکرێت بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ئاو کە دۆسییەی ئاو لە عێراق دەگرێتە ئەستۆ، جگە لەوەش ئاماژەی بۆ سوودوەرگرتن لە پلانی ستراتیژیی بەڕێوەبردنی ئاو کردووە کە تاوەکو ساڵی 2035ـە لە عێراق کە پلانێکی ئومێدبەخشە". لەبڵاوکراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار "باسی لە بایەخی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە گشتی کردووە، بەتایبەت لە پرسی ئاو، دەبێت رێککەوتنگەلێک بکرێت جێی رەزامەندیی هەمووان بێت." بانکی جیهانی دەڵێت، تاوەکو ساڵی 2050 گۆڕانکاریی گەورە لە کەشوهەوای عێراقدا روودەدەن، بارانبارین بە رێژەی 9% کەم دەبێتەوە، 17%ـی ئەو کەمبوونەوەیە لە مانگەکانی کانوونی یەکەم، کانوونی دووەم و شوبات روودەدەن. تاوەکو ساڵی 2050 پلەی گەرماش لە عێراق دوو پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە، شەپۆلەکانی گەرماش زیاد دەکەن. جێی باسە عێراق زۆرترین سەرچاوەکانی ئاوی لە وڵاتانی دراوسێوە وەردەگرێت. لە تورکیا 80%، لە ئێران 7% و لە سووریا 4%.
هاوڵاتی دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوه، هێزەکانیان لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنەکانی دژی چەکدارانی داعش، بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر (CTG) لە سنوری پارێزگای سلێمانی، دو چەکداری داعشیان لە کەلار و بازیان دەستگیرکردوە. ئەوەشی خستەتەڕو، لە ئۆپراسیۆنێکی دیکەشدا هێزەکانیان لە پارێزگای کەرکوک روبەڕوی چەکدارێکی داعش بونەتەوە و لە بۆسەیەکدا کوژراوە. لەلایەکی تر هەرئەمڕۆ لە پارێزگای ئەنبار هێزەکانیان دەستیانبەسەر کۆگایەکی چەکدارانی داعشدا گرتوە و لەناویان بردوە،
هاوڵاتی لەڕاگەیەندراوێکدا نوسینگهی راگهیاندنی سهرۆك وهزیرانی عێراق، ئهمڕۆ ههینی وردەکاری کۆبوونەوەی محهممهد شیاع سوودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق، لهگهڵ فرانك ڤاڵتهر شتاینمایر سهرۆكی ئهڵمانیا، لهبارهی هاریكاری ئاڵوگۆڕی نێوان ههردوو وڵات و چهند پرسێكی دیكهی هاوبهش له بهرلینی پایتهختی ئهڵمانیا خستە ڕوو. لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووه: محهممهد شیاع سوودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق، لهگهڵ فرانك ڤاڵتهر شتاینمایر سهرۆكی كۆماری ئهڵمانیای فیدراڵ كۆبووه و گفتوگۆكرا لهبارهی پهیوهندییه دووقۆڵیهكانی نێوان ههردوو وڵات لهههموو بوارهكانهوه، ههروهها ژمارهیهك پرسی دیكهی ههرێمایهتی و نێودهوڵهتی كه جێگای بایهخی هاوبهشن، تاووتوێكران. ههروهها گفتوگۆ لهبارهی میكانیزمهكانی هاریكاری و ئاڵوگۆڕی نێوان ههردوو وڵاتی دۆست و شێوازهكانی پێشخستن و فراونكردن لهبواره جیاجیاكانی ئابووری وهزهدا كرا، به شێوهیهك كه له بهرژهوهندی ههردوو وڵات وپێشكهوتنی گهلهكانیدا بێت.
هاوڵاتی ساڵانە زیاتر لەچوار ملیار دۆلار بۆ كۆبوونی خۆراكی هاووڵاتیان لەعێراق تەرخاندەكرێت، بەنزیكەیی 40 ملیۆن هاووڵاتی سوودمەندن لەبەشە خۆراك، وەزارەتی بازرگانیش دەڵێت: لەساڵی رابردوودا 11 سەبەتەی خۆراكیان بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشكردووە. لەگەڵ هاتنی هەر ساڵێكی نوێدا یەكێك لەو پرسە گەرمانە كەهاووڵاتیانی عێراقی بەخۆیەوە سەرقاڵ دەكات بەردەوامی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیانە لەلایەن حكومەت و زیادكردنی جۆرو بڕی دابەشكراوی ماددەكانی سەبەتەی خۆراكە. لەنوێترین راگەیەندراوی خۆیدا وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە وەزارەتەكەیان توانیویانە خاوەن بەڵێنی خۆیان بن لەگەڵ هاووڵاتیانداو لەساڵی رابووردوو توانیویانە 11 سەبەتەی خۆراكی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشبكەن و بەردەوامیشن لەدابینكردنی بڕی پێویست و تەواوەتی بەشە خۆراكی ئەمساڵ بۆ هاووڵاتیان. جەختیشی لەوەكردووەتەوە وەزارەتەكەیان سەرقاڵی باشتركردنی جۆرو بڕی ماددە خۆراكییەكانە بۆ ئەوانەی كەهەژارن و ئەوانەشی بەرنامەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، ئەویش بەزیادكردنی یەک كیلۆگرام شەكرو یەک لیتر زەیت و 200 گرام شیرو 250 گرام چا و یەک كیلۆگرام ئاردی سفر بۆ هەر كەسێك، ئەوەشی روونكردووەتەوە لەئێستادا هەر هاووڵاتییەك كە بەشەخۆراكی مانگانە وەردەگرێت بڕەكەی یەک كیلۆگرام شەكرو یەک لیتر زەیت و سێ كیلۆ برنج و 400 گرام دۆشاوو 500 گرام نیسك و 500 گرام لەتكە نۆكە، باسیشی لەوەكردووە بڕی پێویست خۆراك بۆ مانگەكانی داهاتوو لەكۆگاكاندا هەن. بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیانی عێراق پرۆسەیەكی گەورەی دابەشكردنی خۆراكە بەسەر هاووڵاتیانی عێراقداو لەئەیلولی ساڵی 1990ەوە دوای داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراق و سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر عێراقدا، لەلایەن دەسەڵاتی ئەوكاتی عێراقەوە جێبەجێكراوەو تائێستا بەردەوامی هەیە. لەنوێترین ئاماریشدا وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرایكردووە لەساڵی 2022 رێژەی هەژاری گەیشتووەتە لەسەدا 25 لەناو هاووڵاتیانی عێراقدا لەكاتێكدا لەساڵانی 2019 و 2020 رێژەكە لەسەدا 20 بووە، هۆكاری ئەمەش دەرئەنجامەكانی پەتای كۆرۆناو راوەستانی جووڵە ئابوورییەكان و تەنگەژەی ئابووری و كەمبوونەوەی نرخی نەوت و راوەستانی پرۆژەكان بووە. بەپێی ئامارەكانی فەرمانگەی چاودێری كۆمەڵایەتی عێراقیش ژمارەی هەژارەكانی عێراق نزیكەی 11 ملیۆن كەسەو زیاتر لەپێنج ملیۆن كەسیش موچەی چاودێری كۆمەڵایەتییان هەیە. ساڵانە حكومەتی عێراق نزیكەی پێنج ملیار دۆلار لەبودجەی گشتی وڵات بۆ دابینكردنی ماددە خۆراكییەكان و ئارد بۆ هاووڵاتیان تەرخاندەكات و بەبڕوای بەشێك لەچاودێرانی ئابووریش بەشێكی زۆری ئەو پارەیە بەهۆی هێنانی ماددەی خراپ و گەندەڵیییەوە بەفیڕۆ دەچێت. بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە هەر هاووڵاتییەكی عێراقی (جگە لەپارەی ئارد)، بەهای پارەی تەرخانكراو بۆ خۆراكی مانگانەكەی 8.90 دۆلارە، پارەی تەرخانكراوی مانگانەش بۆ 40 ملیۆن عێراقی نزیكەی 356 ملیۆن دۆلارە، پارەی تەرخانكراویش بۆ ساڵێك (12 سەبەتەی خۆراك)، چوار ملیارو 272 ملیۆن دۆلارە. چاودێرانی ئەو بوارە پێیان وایە گەندەڵی و بەهەدەردانێكی زۆر لەو بوارەدا دەكرێت و پەرلەمانیش ناتوانێـت لێپرسینەوە بكات، چونكە ئیرادەیەكی سیاسی بەهێز لەناو پەرلەماندا نییە بۆ لێپرسینەوەو حزبە دەسەڵاتدارەكان لەپشت بەرپرسانی ئەو بوارەوەن و نایانەوێت لێپرسینەوە هەبێت تاگەندەڵی و پارە بەهەدەردانەكانیان ئاشكرانەبێت، ئەمەش وەهایكردووە گەندەڵییەكی بەرفراوانی ساڵانە ئەنجامبدرێت. هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە ئەو كەسانەی پلەیان لەبەڕێوەبەری گشتی بەرەو سەرەوەیە بەشە خۆراكی مانگەكەیان ببڕێت، هەروەها ئەوانەشی موچەی بنەڕەتییان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە بەهەمان شێوە بەشە خۆراكەكەیان ببڕێت. وەزارەتی بازرگانیش رایگەیاندووە داوایانكردووە بەشە خۆراكی زیاتر لەپێنج ملیۆن هاووڵاتی ببڕدرێت كە لەدەرەوەی عێراق دەژین، بەڵام بەهۆی پێنەدانی ئامارو داتایەكی ورد لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بەوەزارەتەكە تائێستا نەتوانراوە ببڕدرێت.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان بڵاویکردەوە، ئهمڕۆ هەینی ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارینی نمەباران لە کات و ناوچەی جیاجیا، لە ناوچە شاخاوییە سنوریەکان ئەگەری بارینی کەمێک کڕیوە هەیە. لەبڵاوکراوەکە ئاماژەی بەوەداوە، خێرایى با / لە سەرخۆ و مامناوەند دەبێت له نێوان ( 10 - 20 ) كیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا دهبێت و ئاڕاستەی با باشوری خۆرهەڵات دەبێت، پلەکانی گەرماش نزمتر دەبێت بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ. سبەی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی نمەباران لە هەندێک ناوچە بە تایبەت لە ناوچەکانی هەڵەبجە و سلێمانی کەشناسی پێشبینی کردوه، ڕۆژی شەممە ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی نمەباران لە هەندێک ناوچە بە تایبەت لە ناوچەکانی هەڵەبجە و سلێمانی و گەرمیان، لەناوچە شاخاوییە سنوریەکانی باکوری رۆژهەڵات ئەگەری بارینی کڕێوە و بەفرێکی کەم هەیە. خێرایى با لە سەر خۆ و مام ناوەند دەبێت و له نێوان ( 10 - 20 ) كیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا دهبێت ئاماژەی بەوەش کردوه، خێرایى با لە سەر خۆ و مام ناوەند دەبێت و له نێوان ( 10 - 20 ) كیلۆمهتر له كاتژمێرێكدا دهبێت و ئاڕاستەی با / خۆرهەڵات دەبێت، پلەکانی گەرماش نزمتر دەبێتەوە بە ( 1 تــا 2 ) پلە بەراورد بە تۆمارەکانی ڕۆژی پێشو. کەشناسێ بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوه ڕاگەیاندوە؛ هەولێر : 12 پلەى سیلیزى سلێمانی : 9 پلەى سیلیزى دهۆک : 12 پلەى سیلیزى کەرکوک: 14 پلەى سیلیزى هەڵەبجە : 9 پلەى سیلیزى زاخۆ : 12 پلەى سیلیزى سۆران: 8 پلەى سیلیزى گەرمیان : 15 پلەى سیلیزی
دوای ئەوەی لەگوندی پارتاشی كۆنی ناوچەی ئەرجیشی وان كەدەكەوێتە دۆڵی زیلان ئاوی بەنداوێك بەهۆی وشكەساڵییەوە كەمیكرد، ئێسك و پروسكی دەیان مرۆڤ لەدەوروبەری بەنداوەكە دۆزرانەوە. ناوەندی مافی مرۆڤی سەر بەسەندیكای پارێزەرانی وان، سەردانی ناوچەكەی كردو دەستی بەلێكۆڵینەوە كرد. لەڕاگەیەندراوێكدا سەندیكای پارێزەرانی وان رایگەیاند: لەگەڵ ژمارەیەك رێكخراوی ناحكومی دیكە سەردانی ناوچەكەیان كردووەو سەرۆكی داواكاری گشتی ناوچەی ئەرجیشیان ئاگادار كردووەتەوە. حكومەتی توركیا بێدەنگە ئاژانسی میزۆپۆتامیا لەسەر ئەم پرسە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ژیان ئوزكاپلان، سەرۆكی لقی وانی كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤی توركیا كردووە، ئوزكاپلان ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: كە لەناوچەكەدا ئێسك و پروسكی سەدان كەسیان دۆزیوەتەوەو وێنەیان گرتووە». ئاماژەی بەوەشكردووە، لێكۆڵینەوەی تەواویان لەسەر رووفاتەكان كردووە، راپۆرتێكیان پێشكەشی داواكاری كۆماری وان كردووەو دواتر چاویان بەبەرپرسان كەوتووەو دۆخەكەمان بەبەرپرسان راگەیاند، بەڵام ئێمە تاوەكو ئێستا نازانین، ئەو رووفاتانە كێن، تاوەكو ئێستا دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەت وەڵامی ئێمەیان نەداوەتەوە». هەدەپە داوای لێكۆڵینەوە دەكات لەلایەكی دیكەوە، تەیب تەمەل پەرلەمانتاری پارێزگای وانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) پرسەكەی بردووەتە، پەرلەمانی توركیاو داوایكردووە كە پەرلەمان دەست بەلێكۆڵینەوە بكات، پێی وایە، رووفاتەكان هی ئەو كەسانە بن كە لەكۆمەڵكوژی زیلاندا كوژراون. موعەزەز ئورهان پەرلەمانتاری هەدەپەی وانیش لەمبارەیەوە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا. ئورهان ئاماژەی بەوەكرد كە ئێسك و پروسكێكی زۆری مرۆڤ لەدۆڵی زیلان دۆزراونەتەوەو دەڵێت، « وەزارەتی دادمان لەم دۆخە ئاگاداركردووەتەوەو داوامانكردووە بەزوترین كات و بێ دواكەوتن دەست بەلێكۆڵینەوە بكرێت و پێویستە بەكر بوزداغ وەزیری دادی توركیا لەسەر ئەم پرسە روونكردنەوە بدات». هەدەپە لەداواكاریەكەیدا بۆ وەزارەتی داد شەش پرسیاری ئاراستەی وەزیری داد كردووە كەئەم پرسیارانەی لەخۆگرتووە: یەكەم؛ ئایا ئێوە دەستتان بەهیچ لێكۆڵینەوەیەك كردووە، سەبارەت بەئەو ئێسك و پروسكانەی كە لەدۆڵی زیلان دۆزراونەتەوە؟ ئایا دەتانەوێت هیچ روونكردنەوەیەك بدەن؟ دووەم؛ ئایا هیچ تووێژینەوە، لێكۆڵینەوەو راپۆرتێك سەبارەت بەئەو ئێسك و پروسكانە ئەنجامدراون یان ئاراستەی ئێوە كراون؟ سێیەم؛ تایبەتمەندی چۆنایەتی و چەندایەتی ئێسك و پروسكەكان چین؟ پێشبینی دەكرێت ئێسك و پروسكی چەند كەس بن؟ چوارەم؛ ئایا لێكۆڵینەوەتان لەوە كردووە كەگۆڕی دیكەی بەكۆمەڵ لەو ناوچەیە هەبێت؟ پێنجەم؛ بۆ ئاشكراكردنی كۆمەڵكوژی زیلان و كۆمەڵكوژییەكانی هاوشێوە كە لەمێژووی توركیادا ناویاندەهێنرێت، هیچ هەوڵێك دەدەن؟ شەشەم؛ بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكان لەئەرشیفی دەوڵەتدا، لەدۆڵی زیلان چەند كەس كوژراون؟ ئایا هیچ لێكۆڵینەوەیەكتان كردووە كەئەو خەڵكەی كوژراون بەشێوەیەكی بەكۆمەڵ بەخاكسپێردران؟ گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەكوێن؟ ئایا ئەو ناوچەیە پارێزراوە؟ كۆمەڵكوژی زیلان دوای شكستی شۆڕشی ئاگری لەساڵی ١٩٣٠ بەهاوكاری شای ئێران، دەوڵەتی توركیا لەباكووری كوردستان دەستی بەهەڵمەتێكی پاكتاوی رەگەزی بەرامبەر ئەو هاووڵاتیە كوردانە كرد كە لەگەڵ شۆڕشدابوون. یەكێك لەو ناوچانەی كەخەڵكەكەی رووبەڕووی هێرشی سوپای توركیا بووەوە، گوندەكانی دۆڵی زیلانی سەر بەناوچەی ئەرجیشی پارێزگای وانی باكوری كوردستان بوو. هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا، چەند مانگێك بەردەوامبوون و لەتەمموزی ١٩٣٠دا سەربازە توركەكان، هەموو رێگەكانی دۆلی زیلانیان داخست و دەستیان بەكوشتنی هاووڵاتیانی كورد، سوتاندن و تاڵانكردنی گوندو ماڵەكانیان كرد. رۆژنامەی حوڕیەتی توركی لەوكاتەدا خەڵكی ناوچەكەی بەپشتگیریكردن لەشۆڕش تۆمەتبار كردو رایگەیاند، ١٥ هەزار كەس لەدۆڵی زیلان كوژراون و ناوچەكە لە(یاخیبووەكان) پاككراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی شایەدحاڵەكان ٤٧ هەزار مرۆڤی بێتاوان لەژن و منداڵ و پیر كۆمەڵكوژكراون كە سەر بەهۆزەكانی حەسنا، زیلان، سبكان، ئەدمان بوون. هەروەها زیاتر لە ١٨٠ گوندی كوردەكان سووتێنران و ئەوانەی كە بەزیندوویی رزگاریان بوو، بۆ ناوچەكانی دیكەی باكوری كوردستان و هەندێكیان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان ئاوارەبوون. هەرچەندە ناوەندی كۆمەڵكوژییە گەورەكە دۆڵی زیلان بوو، بەڵام هێرشەكانی سوپای توركیا بەتەنیا لەوێ نەوەستانەوە، بەڵكو هەموو ناوچەی سەرحەدی باكوری كوردستانی گرتەوە كەپارێزگاكانی، وان، موش، ئاگری و ئیدر دەكرێتەوە. بەگشتی لەهێرشەكانی توركیادا زیاتر لە ٥٠ هەزار كورد كۆمەڵكوژكران. حكومەتەكانی ئێران، سوریاو عێراقیش دەستیان لەكۆمەڵكوژكردنی كورددا هەبوو. دوای شكستی شۆڕشی ئاگری و كۆمەڵكوژی دۆڵی زیلان، بەرپرسانی توركیا سەردانی بەرپرسانی ئەو وڵاتانەیان كردو هەوڵیاندا ئەو شۆڕشگێرانەش دەستگیربكەن كەخۆیان گەیاندبووە دەرەوەی سنورەكانی توركیا. بەو هۆیەوە هەرسێ دەوڵەتە داگیركەرەكەی كوردستانیش لەدەستگیركردنی شۆڕشگێڕان رۆڵیان دەبێت و ژمارەیەك شۆڕشگێر دەستگیردەكرێن و رادەستی توركیایان دەكەنەوەو لەسێدارە دەدرێن. دەوڵەتی توركیا دوای شۆڕشی ئاگری و كۆمەڵكوژی دۆڵی زیلان، رایگەیاند كە ئیدی خەونی دەوڵەتی كوردیان لەچیای ئاگری خستووەتە ژێر گڵ، بەڵام ئەوەندەی نەخایاند، كەكوردانی باكوری كوردستان بەسەركردایەتی سەید رەزای دەرسیم شۆڕشیان بەرپا كرد. لەكۆتاییدا شۆڕشی سەید رەزاش بەدەردی شۆڕشی ئاگری براو لەدەرسیمیش بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەكان ٩٠ هەزار كورد كۆمەڵكوژكران. لەئێستاشدا كە ٩٢ ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژی دۆڵی زیلاندا تێپەڕیوەو ئێسك و پروسكی ئەو هاووڵاتیە كوردانە بەهۆی كەمكردنەوەی ئاوی بەنداوێكەوە دەركەوتوون، بەڵام دەوڵەتی توركیا نایەوێت راستییەكان ئاشكرابكات و خۆی كەڕ، لاڵ و كوێر كردووە لەئاست ئەو كۆمەڵكوژییە كە لەجیهاندا كەموێنەیە. ئێران