هاوڵاتی عەلی حەمە ساڵح رایگەیاند، جێگری سەرۆکوەزیران "لە وەڵامی داواکاری مندا، پێی راگەیاندم: 'ئەو کەسەی بەشەق لە سەری خوێندکارەکە دەدات دەستگیردەکرێت و رامسپاردوون'." لە خۆپێشاندانی ئەمڕۆی خوێندکاران لە سلێمانی گرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران دروستبوو، لە یەکێک لەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت کە کەسێک بە شەق لە سەری خۆپێشاندەرێک دەدات. عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان لە پۆستێکی فەیسبووکدا داوای بەداوداچوون و لێپێچینەوەی لەو کەسە کرد کە شەقی لە خوێندکارەکە داوە، و دوای چەند کاژێرێک رایگەیاند کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بەڵێنی داوە کە کەسەکە دەستگیربکەن. هەر لەبارەی ئەو رووداوەوە هێزەکانی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی کە لە کاتی خۆپێشاندانەکان رێگرییان لە خۆپێشاندەران دەکرد، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، ئەو کەسە سەر بە هێزەکانی ئەوان نییە و "ئهوه رهفتارى هێزى ئێمه نییه". لەلایەکی دیکەوە پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی تووندوتیژیی دژی خۆپێشاندەران رایگەیاند، "بەتووندی ئیدانەی هەر تووندوتیژییەک دەکەین. لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بە لێکۆڵینەوە و دۆزینەی ئەو کەسانەی بەدەر لە هەر بنەمایەکی مافەکانی مرۆڤ و دوور لە هەر بڕیار و راسپاردن و دیسپلینێکی سەربازیی رووبەڕووی خۆپێشاندەر و هاووڵاتیانی مەدەنیی بوونەتەوە". ئەمڕۆ سێشەممە 23-11-2021 بۆ سێیەم رۆژی بە دوای یەک خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و خوێندکاران داوای دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندن دەکەن. لە خۆپێشاندانی ئەمڕۆ خوێندکاران ژمارەیەک رێگەی سەرەکییان داخست و هەوڵیاندا بەرەو ناو سەنتەری سلێمانی بڕۆن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و ئۆتۆمبێلی ئاوڕژێن هەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکەن. دواتر خۆپێشاندەران چوونە بەردەم مەڵبەندی یەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی و چەند پەنجەرەیەکیان شکاند و یەکێک لە ژوورەکانی بەشی خوارەوەش سووتێنرا، بەڵام بەزوویی ئاگرەکە کۆنترڵکرا و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆش بەهۆی گرژییەکانەوە بەشێوەیەکی کاتی شەقامی سالم لە سلێمانی داخرا.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی سوێد کۆبوونەوە و لەبارەی رەوشی کۆچبەرانی سنووری نێوان بێلاڕوسیا-پۆڵەندا گفتوگۆیان کرد. ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووهمی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوێد کرد. مەسرور بارزانی لە تویتەری خۆی خۆشحاڵیی بە بینینی ئان لیندێ دەربڕی و رایگەیاند، "تاوتوێی رەوشی کۆچبەرانمان لەسەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا کرد و هانی بەهاناوەچوونی خێزانە گیرخواردووەکانم دا". هەروەها دەشڵێت، "دەزانم پەیوەندیی بەهێز لەنێو گەلەکانماندا هەیە و سوێد ماڵێک بووە بۆ زۆر خەڵکی ئێمە لە کاتە سەختەکانی مێژووماندا". بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی سوێد، ئاماژەی بە دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی و رۆڵی گرنگ و دیاری رەوەندی کورد لە سوێد کردووە و بە رێز و پێزانینەوە، "رۆڵی پێشمەرگەی کوردستانی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند". ئان لیندا لە تویتەری خۆی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، لەبارەی هەلە بازرگانییەکانی نێوان سوێد و هەرێمی کوردستان، دۆخی ئاسایش، کۆچکردن و مافەکانی مرۆڤ گفتوگۆیان کردووە. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی حکومەتدا هاتووە، مەسرور بارزانی وێڕای سوپاسکردنی سوێد بۆ پشتیوانی لە پێشمەرگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، باسی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارکردن بە ئاراستەی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات کرد. دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی سنووری بێلاڕوسیا و پۆڵەندا، تەوەرانی دیکەی دیدارەکە بوون.
هاوڵاتی وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی دەڵێت، پشتیوانی داوای خوێندکاران دەکەن کە داوای گەڕانەوەی شکۆ بۆ زانکۆ و خەرجکردنی دەرماڵە دەکەن، دەشڵێت، "ئەمە داوایەکی بچوکە لەچاو ئەو هەموو گەندەڵییەی کە لە کۆمەڵێک بواردا هەیە". ئەمرۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2021، محەمەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، "کۆمەڵی دادگەریی پشتیوانی داوای رەوای قوتابیان و خوێندکاران دەکات، کە داوای گێڕانەوەی شکۆ بۆ زانکۆ و خەرجکردنی دەرماڵە و دابینکردنی خزمەتگوزایی بۆ بەشە ناوخۆییەکانیان دەکەن". ئاماژەی بەوەشکردووە، "داواکارییەکانیان مافی رەوای خۆیانه و ئەرکی حکومەتە کە جێبەجێی بکات، لەچاو ئەو ھەموو گەندەڵی و نادادی و بەھەدەردانی ماڵی گشتی لە کۆمەڵێک بواری پوچدا، کە زۆرێکی لە زەرەری گشتی و سوودی کەسیدا خۆی دەبینێتەوە، داوایەکی بچووک و سادەیە". محەمەد حەکیم راشیگەیاندووە، "ئەگەر ئەم دەسەڵاتەش نیگەرانە لە کۆچی بەلێشاوی گەنج و لاوی کوردستان، کە بووەتە لەکەیەک بەسەر حکومەتەوە لە وڵاتانی ئەورپا و دەرەوە، ئەوا با بەزوویی بەدەم داواکاریی رەوای قوتابیان و خوێندکارانەوە بچێت". باسی لەوەشکردووە، "ئێمە بە ھەموو شێوەیەک توندوتیژی بەرامبەر بە قوتابیان و خوێندکاران ئیدانه دهكهین و بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانەکان خزمەت بە داوا رەوای قوتابیان ناکات". ماوەى سێ رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون، ئەمرۆش نارەزایەتیەکانیان توندوتیژی لێ کەوتەوە.
هاوڵاتی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند: "لەبەر پاراستنی گیانی خوێندکاران و لەسەر داواکاری بەشێک لە کەسوکاری خوێندکاران، بڕیاریدا بە وەستانی خوێندنی خوێندکاران بۆ دوو ڕۆژ ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووهمی 2021، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەبەر پاراستنی گیانی خوێندکاران بڕیاریانداوە بە وەستانی خوێندنی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ 24 و 25-11-2021 لە سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی سلێمانی و گەڕانەوەی خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکان". دەقی راگەیاندراوەكە:... ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەی خۆیدا بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە پێیدراوە بەپێی ماددەی سیانزەم/ بڕگەی یەکەم/ خاڵی ٩ لە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەبەر پاراستنی گیانی خوێندکاران و لەسەر داواکاری بەشێک لە کەسوکاری خوێندکاران، بڕیاریدا بە وەستانی خوێندنی خوێندکاران بۆ دوو ڕۆژ ( ٢٤ و ٢٥-١١-٢٠٢١) لە سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی سلێمانی و گەڕانەوەی خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکان.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میکیلێ کامێرۆتا، کۆنسوڵی نوێی ئیتاڵیا لە هەولێر کۆبووەوە،سوپاس و پێزانينى بۆ پشتيواني سهربازيى ئيتاڵيا له ههرێمى كوردستان له شهڕى دژى داعش و يارمهتيدانيان بۆ پێشمهرگه بهتايبهتى له رووى مهشق و راهێنانهوه و هاوكارييه مرۆييهكانى بۆ ئاواره و پهنابهران دووپاتكردووتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووهمی 2021، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میکیلێ کامێرۆتا، کۆنسوڵی نوێی ئیتاڵیا لە هەولێر کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانينى بۆ پشتيوانيى سهربازيى ئيتاڵيا له ههرێمى كوردستان له شهڕى دژى داعش و يارمهتيدانيان بۆ پێشمهرگه بهتايبهتى له رووى مهشق و راهێنانهوه و هاوكارييه مرۆييهكانى بۆ ئاواره و پهنابهران دووپاتكردووتەوە. هەر بەپێی راگەیێندراوەکە کۆنسوڵی نوێی ئيتاڵيا بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵيى خۆى نيشان داوە و هيواى خواستووە بتوانێت برهو به پهيوهندييهكانى وڵاتهكهى لهگهڵ ههرێمى كوردستان بدات بهتايبهتى له بوارهكانى بازرگانى، ئابوورى، كولتوورى و پهروهردهييدا، ههروهها سوپاس و پێزانينى ئيتاڵياى بۆ رۆڵى ههرێمى كوردستان له بهرهنگاربوونهى داعشدا دهربڕى. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخى بڵاوبوونهى ڤايرۆسى كۆرۆنا و پهتاى کۆرۆنا، كارى تيمه ئيتاڵييهكان له پارێزگاكانى ههرێمى كوردستان له بوارى شوێنهواردا، ئهگهرى كردنهوهى بهشى زمانى ئيتاڵى له زانكۆكانى ههرێمى كوردستان و گهشتى راستهوخۆى ئاسمانى له ئيتاڵياوه بۆ ههرێمى كوردستان، دۆخى عێراق و ناوچهكه بهگشتى و چهند پرسێكى جێى بايهخى هاوبهش تاوتوێکران.
هاوڵاتی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردرا به تهرخانكردنی زهوی بۆ ١١ ههزار ١٤١ هاووڵاتی له میراتگرانی شههیدان و ئهنفالكراوان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی و ڕزگاربووانی شاڵاوی ئهنفال له سنووری پارێزگا و ئیداره سهربهخۆكان له ههرێمی كوردستان دابین بکات. دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان: - لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردرا به تهرخانكردنی زهوی بۆ ١١ ههزار ١٤١ هاووڵاتی له میراتگرانی شههیدان و ئهنفالكراوان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی و ڕزگاربووانی شاڵاوی ئهنفال له سنووری پارێزگا و ئیداره سهربهخۆكان له ههرێمی كوردستان، ئەوەش دوای وردبینیی تهواوی ناوهكان و دڵنیابوون له بوونی مهرجهكانی تهرخانكردنی زهوی تیایاندا كه ئهمهش له ڕێگهی لیژنهیهكی پسپۆرهوه دهبێت كه بۆ ئهو مهبهسته پێكدههێنرێت و نوێنهری ههریهك له وهزارهتهكانی كاروبای شههیدان و ئهنفالكراوان و شارهوانی و گهشتوگوزاری تیا دهبێت. وهزارهتی شارهوانی و گهشتوگوزاریش ههڵدهستێت به وردبینیكردنی لیستی ناوهكانی مامهڵهكانی تهرخانكردنی زهوی له سنووری ئیدارهی گهرمیان (كهلار و كفری) لهگهڵ دابینكردنی زهوی پێویست.
هاوڵاتی ئوردن وزەی کارەبا دەداتە ئیسرائی، ئەم وڵاتەش ئاوی پاک و شیرینی خواردنەوە دەداتە ئوردن. رۆژی دووشەممە 22-11-2021 نوێنەرانی ئوردن و ئیسرائیل بە چاودێری ئەمریکا لە شاری دوبەی ئیمارات "رێککەوتنێكی سەرەتایی" تایبەت بە "ئاڵوگۆڕکردنی وزە و ئاو"یان واژۆکرد. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئیمارات لە پاڵ ئوردن و ئیسرائیل، بەشداری لە دابینکردنی خەرجی پرۆژەکەدا دەکات، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو هەڵسەنگاندن بۆ "کەڵکی ئابووری"ی پڕۆژەکە بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیار لەسەر وادەی جێبەجێکردنی نەدراوە. بەگوێرەی پێوەری نێودەوڵەتیی بۆ سەرچاوەکانی ئاو، ئوردن دووەم وڵاتی جیهانە لەڕووی کەمی ئاوەوە، بەڵام هاوکات خاوەن کەشوهەوایەکی پڕ خۆر و وشکە، کە یارمەتیدەرە بۆ دابینکردنی وزە لە رێگەی خۆرەوە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە توانا تەکنەلۆژییەکەی لە بواری شیرینکردنی ئاو، توانای هاوکاری ئوردنی هەیە و دەتوانێت لە دەریای تیبیریە، ئاوی شیرین بۆ ئوردن دابین بکات. دابینکردنی وزە لە رێگەی خۆرەوە پێویستی بە دروستکردنی وێستگەی تایبەت هەیە، کە ئیمارات ئەو وێستگەیە دروست دەکات. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئوردن ساڵانە 600 میگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت و دەیداتە ئیسرائیل، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 200 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی شیرین دەداتە ئوردن. وەزارەتی وزەی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێكدا ئاشکرایکرد: "هەموو دانیشتووانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سوود لەو رێککەوتنەی نێوان ئیسرائیل و ئوردن دەبینن، ئەمە پەیامێکە بۆ جیهان لە پێکەوەکارکردنی وڵاتان لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا". وەزارەتی ئاو و ئاودێریی ئوردن رایگەیاند، رێککەوتنەکە ناچاری نییە و هیچ دەرهاویشتەیەکی یاسایی بەدواوەوە نییە و هەر کاتێك ئیسرائیل بڕە ئاوی ساڵانەی رەوانەی وڵاتەکەی کرد، ئەو کاتە رێککەوتنەکە چالاک دەبێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە پێچەوانەوە ئوردن پابەندی هیچ شتێك نابێت. ئەمە یەکەمجار نییە لە نێوان ئوردن و ئیسرائیل رێککەوتنی کڕین و فرۆشتنی ئاو بکرێت، لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، رێککەوتنێكی نوێ واژۆکرا و تێیدا ساڵانە ئیسرائیل بڕی 50 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بە ئوردن دەفرۆشێت؛ ئەوە سەرباری ئەو 55 ملیۆن مەتر سێجایەی کە ساڵانە ئیسرائیل لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاشتی ساڵی 1994، بە ئوردنی دەفرۆشێت و بۆ هەر یەک مەتر سێجایەک ئوردن یەک سەنتی ئەمریکی دەداتە ئیسرائیل.
هاوڵاتی فراكسیۆنی یەكێتی و فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان پشتیوانی لەداخوازییەكانی خوێندكاران دوپاتدەكەنەوە و داواش لە خوێندكاران دەكەن بە شێوەیەكی مەدەنی و شارستانیانە خۆپیشاندان بكەن و هێزه ئهمنییهكانیش ئارام بن و دان بهخۆیاندا بگرن. ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووهمی 2021، زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی له پهرلهمانی كوردستان لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: پشتیوانی لە داخوازییەكانی خوێندكاران دەكەین و پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو یاداشتانەی كە لە پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی دابینكردنی دەرماڵەكان ئەنجامدراوە حكومەت كاری لەسەربكات و جێبەجێی بكات. هیواشی خواست خۆپیشاندانەكان كۆتایی پێبێت و چیدی توندوتیژی لێنەكەوێتەوە و داوا لە هێزە ئەمنییەكانیش دەكات خۆراگڕ بن و خۆپیشاندەران پارێزراو بن و توندوتیژی بەرامبەریان نەكرێت، چونكە ئەوانە خوشك و برا و كوڕ و كچی ئێمە و كەسوكاری ئێمەن و داوای مافێكی ڕەوای خۆیان دەكەن. زیاد جەبار داوای لە خۆپیشاندەران كرد بە ئارامی و مەدەنیانە خۆپیشاندان بكەن بۆ ئەوەی توندوتیژی لێنەكەوێتەوەو پێی راگهیاندن كه وەزیری خوێندنی باڵا داواكارییەكانی خوێندكارانی بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكردوهتەوە و دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیار بدات و لەوێوە تەوسییەی وەزارەتی دارایی بكرێت بۆ خەرجكردنی دەرماڵەكان و سێ یاداشت بەرز كراوەتەوە و 48 ئەندامی پەرلەمان ئیمزایان كردووە بۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان سەبارەت بەو بابەتە. هاوكات زانا مهلا خالید، سهرۆكی فراكسیۆنی پارتی له پهرلهمانی كوردستان له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا له ههولێر رایگهیاند: دوێنێ به واژووی 50 پهرلهمانتار له فراكسیۆنی پارتی و فراكسیۆنهكانی دیكهی پهرلهمانی كوردستان، یاداشتێكیان پێشكهشی سهرۆكایهتی پهرلهمان كردووه، بۆ ئهوهی دانیشتنی پهرلهمان ساز بكرێت و به ئامادهبوونی ههردوو وهزیرانی دارایی و خوێندنی باڵا، تاووتوێی پرسی دهرماڵهی خوێندكاران بكرێت. وتیشی: "ئێمه لهگهڵ داواخوازی رهوای خوێندكارانین، بهڵام به داخهوه دۆخهكه له چهند ناوچهیهك گرژی لێكهوتووهتهوه، كه ئێمه داوا دهكهین ئهوانهی دۆخی خۆپیشاندانهكانیان بهو ئاڕاستهیهدا برد لێپێچینهوهیان لهگهڵدا بكرێت". دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە ساڵی 2014 و دوای دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران راگیراوە.
هاوڵاتی سەرۆکی پارتی ئایندە، رایگەیاند:" "ئەردۆغان و باخچەلی تورکیایان مایەپووچ کرد". دەڵێت:" قسەکانی ئەردۆغان وەک موشەکێک کاریگەری نەرێنی بەسەر بازاڕەکانەوە دەبێت" . ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووهمی 2021، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە هەژماری خۆی لە تویتەر، لەبارەی ئەو بەشەی قسەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دراوە بیانییەکان، کە وتبووی "پلان و یاریی ئابووری لە دژی تورکیا دەکرێت و ئەنقەرەش رێگەی بەرەنگاربوونەوەی لەدژی ئەو یارییە هەڵبژاردووە" تویتێکی کرد و تێیدا نووسیوویەتی: "ئەردۆغان و باخچەلی وڵاتیان مایەپووچ کرد و بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات و پاراستنی کورسیی و بەرژەوەندییەکانیان، ناوی شکست و مایەپووچی سیاسیی و ئابوورییان بۆ شەڕی رزگاریی ئابووری گۆڕیوە، بەڵام وانییە". داودئۆغڵو لە تویتەکەیدا هەروەها نووسیویەتی: "دوای هەر وتارێکی ئەردۆغان، دۆلار دەفڕێت. قسەکانی ئەردۆغان وەک مووشەکێک کاریگەری نەرێنی بەسەر بازاڕەکانەوە دەبێت. لۆبی نەفامەکان ئیدی بووەتە کێشەی ئاسایشی نیشتمانی". دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، رۆژی دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکیدا ئەم دۆخەی بە "شەڕی رزگاریی ئابووری" ناوبرد و دڵنیایی دایە گەلی تورکیا لەوەی بە "سەرکەوتوویی" لێی دەردەچن. ئەم وتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدان کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە دابەزینێکی خێرادایە و رۆژانە ژمارەی پێوانەیی نوێ تۆماردەکات. ئەم دۆخە وایکردووە ئۆپۆزیسیۆن گوشاری زیاتر لەسەر حکومەت دروستبکات، بەرپرسانی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێن تورکیا بەمجۆرە بەڕێوەناچێت و هەرچی زووە پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، بەڵام بەرپرسانی ئاکپارتی پێداگرن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، کە حوزەیرانی 2023'یە.
هاوڵاتی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان عەیبەیەکە و باوەڕناکەم هیچ لایەنێک بیەوێت بەرپرسیاریەتی بخاتەسەر شانی خۆی، بۆیە دەبێت هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت". ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووهمی 2021، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" سەرۆکایەتی پەرلەمان لەم کاتەدا هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ نزیک کردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، چونکە "دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان عەیبەیەکە و باوەڕناکەم هیچ لایەنێک بیەوێت بەرپرسیاریەتی بخاتەسەر شانی خۆی، بۆیە دەبێت هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت". هێمن هەورامی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ئێمە پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەکەین و ناکرێت هەڵبژاردن دوابخرێت، هەروەها بەباشی دەزانین هەڵبژاردنەکە بەچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و بەسوود وەرگرتن لە توانا تەکنیکییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجام بدرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکایەتی پەرلەمان کار دەکات بۆ نزیک کردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، لەم بوارەشدا پێکهێنانەوەی کۆمسیۆن لەنوێنەری لایەنەکان، دادوەران یان کەسانی سەربەخۆ هەموویان پەسەندکراون، بەو مەرجەی لایەنەکان لەسەر ئەم بابەتە بگەنە سازان و رێککەوتن. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕو، بابەتی کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکان ناکۆکە لەگەڵ دوو یاسای بەرکار لەهەرێمی کوردستان ئەوانیش یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان و یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانە کە داوا دەکات مافی پێکهاتەکان لەکۆمسیۆن گەرەنتی بکرێت.
هاوڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی عێراق کۆدەبێتەوە، 15 وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنەکە گوێ لە راپۆرتی جێنین یانس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەگرن و تێیدا چەندین بابەت دەخرێنەڕوو، لەوانەش: - گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتەکانی عێراق - رێگەکانی هاوکاریکردنی عێراق لە سەقامگیرکردنی بارودۆخی سیاسی - پێشكێشکردنی راوێژ بە عێراق بۆ هێورکردنەوەی شەقامە تووڕەکەی - تاوتوێکردنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان و چۆنیەتی نزیککردنەوەی لایەنە جیاجیاکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ. ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق بە خاڵێكی وەرچەرخانی هەستیاردا تێدەپەڕێت کە داهاتووی ئەو وڵاتە بە ئاراستەیەکی نادیاردا دەبات. چەند هەفتەیەکیشە لە بەشێک لە شارەکانی عێراق خۆپێشاندانی بەشێک لە لایەنە شیعەکان دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکرێت. هەینیی رابردوو خۆپێشاندەران تەنانەت داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانیان دەکرد.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوا لە هاووڵاتییانی دەکات گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن. ئەگەریش هە گەشتەکەتان کرد، وەسیەتنامە بنووسن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە 22-11-2021 لە رێگەی ئیمەیڵێکەوە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لەبەر چەند هۆکارێک سەردانی عێراق نەکەن. وەک لە ئیمەیڵەکەدا هاتووە: "بەهۆی تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری، ئاڵۆزی سیڤیل، پەتای کۆڤید-19 و توانا سنووردارەکانی ئەو وڵاتە لە پاراستن و پاڵپشتیکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکی، سەردانی عێراق مەکەن". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئیمەیڵەکەدا بە روونی داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات ئەوانەیان کە نیازیان هەیە سەردانی عێراق بکەن، بەر لە گەشتکردنیان ئاگاداری چەند خاڵێک بن و چەند هەنگاو و رێکارێک بگرنەبەر و پلانی تایبەتیشی بۆ ئامادە بکەن. لە ئیمەیڵەکدا هاتووە: "ئەگەر بڕیارتدا سەردانی عێراق بکەیت، ئەوا دەبێت چەند کارێك بکەی، ئەوانیش: بە وردی تەماشای ماڵپەڕی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، تایبەت بە پەتای کۆڤید-19 بکە؛ چاوێک بە ماڵپەڕی ئاژانسی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی تایبەت بە "گەشتکردن و کۆڤید-19"دا بخشێنەوە؛ تەماشای ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تایبەت بە گەشتکردن بۆ ناوچە زۆر مەترسیدارەکان بکەن". لە چوارچێوەی ئەو پێشنیازانەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خستوونییەتە بەردەم هاووڵاتییەکانی "ئامادەکردنی وەسیەتنامەیە" لەلایەن گەشتیارەوە. هەروەها دەستنیشانکردنی ناوی ئەو کەسانەی، کە لەدوای گەشتیارەکە مافی وەرگرتنی پارەی "دڵنیایی تەندروستی" هەیە. داواش دەکات گەشتیارەکە بەر لە رۆیشتنی بۆ عێراق "پارێزەرێك بکاتە بریکاری خۆی" بۆ راپەڕاندنی کار و ئەرکەکانی تایبەت بە وەسیەتنامەکەی. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت پێویستە لەسەر ئەو کەسەی، کە نیازی هەیە سەردانی عێراق بکات لەگەڵ کەسانی نزیک لەخۆی تاوتوێی بابەتی گرنگیدان و لەخۆگرتنی منداڵەکانی، ئاژەڵە ماڵییەکان، موڵک و سامان و کەلوپەلی تایبەت بکات، هەروەها لەبارەی چۆنیەتی رێکخستنی رێوڕەسمی پرسەی گەشتیار لە ئەگەری مردنی لە عێراق. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات: "بەڵگەی گرنگ، زانیاری و ژمارەی تەلەفۆنی هەندێک دامەزراوە و کەسانی پەیوەندیدار لە ئەمریکا رادەستی کەسانی نزیکی خۆیان بکات تاوەکو لە ئەگەری دواکەوتنیان لە گەڕانەوە لە عێراقەوە بۆ ئەمریکا، کەسانی نزیک لێی کار و ئەرکەکانی راپەڕێنن. هەر لە ئیمەیڵەکەدا داوا لە ئەمریکییەکان کراوە بەر لە گەشتکردنیان بۆ عێراق پلانی تایبەت بە دابینکردنی ئاسایشی خۆیان لەنێو عێراقدا ئامادە بکەن، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کارمەندانی کەسی گەشتیار (ئەگەر کارمەندی لەژێر دەستدا هەبێت) یاخود بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو لایەن و دامەزراوە عێراقییەی کە بڕیارە گەشتیاری ئەمریکی سەردانی بکات، یان "بیر لە راوێژکردن لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئاسایش بکرێتەوە بۆ چۆنیەتی دابینکردنی ئاسایش لە شوێنە مەترسیدارەکان". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات خۆیان بە دوور بگرن لە ناوچەکانی خۆپیشاندان و بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، ئەگەر بەشێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕێنەکراو کەوتنە نێو قەرەباڵخی یان خۆپیشاندانەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها داوا لە هاووڵاتییانی دەکات ناوی خۆیان لە "بەرنامەی زیرەک تایبەت بە گەشتیاران" تۆماربکەن، تاوەکو دوا زانیاری و هۆشیارکردنەوەکانی وەزارەتی دەرەوەیان بەدەستبگات و وەزارەتیش ئاگاداری شوێنی گەشتیاران ببێت. داواش لە گەشتیارانی ئەمریکی بۆ عێراق دەکات بەردەوام چاویان لەسەر فەیسبووک و تویتەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بێت و بە وریاییەوە راپۆرتی وەزارەتەکە تایبەت بە "تاوان و ئاسایش"ی عێراق بخوێننەوە، سەرجەم ئەو ئەمریکییانەی کە گەشت بۆ دەرەوەی ئەمریکا دەکەن پلانێكی تایبەت بە بارودۆخە نائاسایی و نەخوازراوەکانیان هەبێت
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له پهیامێكدا بۆ خوێندكارانی خۆپیشاندهر له سنوری پارێزگای سلێمانی رایگهیاند بهڵگهی تهواویان لایه چهند كهسێك كه "خوێندكار نین" به چهقۆ و بۆكس خهنجهر هێرشیانكردوهتهسهر هێزی چالاكییه مهدهنییهكان. له راگهیهندراوهكهیدا، پۆلیسی سلێمانی دهڵێت: ماوهی دوو ڕۆژه خوێندكارانی زانكۆ گردبوونهوهو خۆپیشاندانی ناڕهزایی ئهنجام دهدهن بۆ داواكردنی دهرماڵه، وهك ئهركی سهرشانی بهڕێوهبهرایهتی پۆلیس بۆ پاراستنی گیانی خوێندكارهكانمان و هێمنیو ئاسایشی خۆپیشاندانهكه بهردهوام بووین لهپارێزگاری لێ كردنیان. راشیگهیاندوه كه ههندێك له ئامادهبووانی خۆپیشاندانهكه كه بهپێی زانیارییهكانی بهدهست ئێمه گهیشتوهو بهڵگهی تهواومان لایه كه خوێندكار نین، دهستیانكرد به بهرد هاویشتن بهئاراستهی هێزی چالاكی مهدهنیو هێرشكردنه سهریان به چهقۆو بۆكس خهنجهر، دهرئهنجامی ئهم كاره گرژیو ئاڵۆزیی دروست بوو چهند ئهفسهرو كارمهندێك و چهند خوێندكارێك بریندار بوون به بهردو دار، بریندارهكان چارهسهری پزیشكیان بۆ ئهنجامدراوهو باری تهندروستیان جێگیره. دهشڵێت وهك بهڕێوهبهرایهتی پۆلیس دهرگامان كراوهیه بۆ خوشكو برا خوێندكارهكانمان بۆ ههر تێبینیو گلهییو گازهندهیهك لهسهر بهڕێوهبهرایهتیمان. پۆلیسی داوای له لایهنه پهیوهندیدارهكان كدروه بهدهم داواكارییو دابینكردنی دهرماڵهی خوێندكارانهوه بچن، داوایهكیشی ئاراستهی خوێندكاران كردوه و رایگهیاندوه "داوا لهخوشكو برا خوێنكارهكانمان دهكهین كه گردبونهوهو كۆبونهوهكانیان بهشێوازی هێمنانهو شارستانیانه ئهنجام بدهنو نههێڵن خهڵكانی گومانلێكراو چالاكییه شارستانییهكهیان لێ تێكبدهن."
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "هیچ نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی لە ڕێگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە له ساڵی 2021 نەھاتووە بۆ وەزارەتی دارایی تایبەت بە دەرماڵەی خوێندكاران". ئەمرۆ دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، "پێش 2014 دوای پهسهندكردنی بودجه له پهرلهمانهوه تخصيصات بۆ دەرماڵەی خوێندكاران دانراوه و ههر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوه خهرجكراوهو به هیچ جۆرێك نههاتۆتهوه بۆ وهزارهتی دارایی و پهیوهندی به داراییهوه نییه". ئەوەلە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021، لەهەریەک لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین، بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، گردبوونەوەی نارەزایەتیان بۆ نەگەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندن ئەنجامدا. ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە سەبارەت بە "دەرماڵەی خوێندكاران" یەكەم: ب بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە(1018) لە بەرواری 11/2/2014 بەهۆی قەیرانی داراییەوەخەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران ڕاگیراوە. دووەم: پێش ٢٠١٤ دوای پهسهندكردنی بودجه له پهرلهمانهوه تخصيصات بۆ دەرماڵەی خوێندكاران دانراوه و ههر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوه خهرجكراوهو به هیچ جۆرێك نههاتۆتهوه بۆ وهزارهتی دارایی و پهیوهندی به داراییهوه نییه. سێهەم: هیچ نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی لە ڕێگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە له ساڵی ٢٠٢١ نەھاتووە بۆ وەزارەتی دارایی تایبەت بە دەرماڵەی خوێندكاران .