شاناز حەسەن  سەرۆکی دەزگای لوتکە رایگەیاند:" چل کۆچبەری ژێر دەسەڵاتی هیزە ئەمنییەکانی لیبیا دەگەڕێنینەوە". لەپاش دوو مانگ دەستبەسەربوونیان لە وڵاتی لیبیا، سبەینێ ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ٢٦/١١/٢٠٢١ کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ ژمارەیەک کۆچبەری کورد لەلایەن دەزگای لوتکەوە دەگەڕێنرێنەوە. ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بە هاوڵاتی وت:"ئەو کۆچبەرانە کە ژمارەیان ٤٠ کەسە و سەرجەمیان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن، ماوەی دوو مانگە لە شاری بنغازی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کراون". دواجار بە هەوڵی دەزگای لوتکە و بە هاوکاریی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، ڕۆژی هەینی دەگەنەوە شاری سلێمانی و لەلایەن کەسوکاریانەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی پێشوازییان لێ دەکرێت.

هاوڵاتی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا بە میدیاکانی بەریتانیایان راگەیاندووە، زۆربەی ئەو 27 کۆچبەرەی لە کەناڵ ئینگلیزدا خنکاون کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و ژنی دووگیان و سێ منداڵیشیان تێدایە کە لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە کەناڵەکە، خنکاون. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە بەرپرسانی فەرەنسی دەستکەوتووە، زۆربەی کۆچبەرەکان "کوردی عێراق و ئێرانن"، هاوکات دوو کۆچبەرە رزگاربووەکەش یەکێکیان "عێراقی"یە و ئەوی دیکەشیان سۆماڵییە، هەردووکیان لە نەخۆشخانەی کالێ چارەسەری پزیشکی وەردەگرن. ئۆفیسی داواکاری گشتیی لیل پشتڕاستیکردووەتەوە، 17 لەو 31 کۆچبەرەی خنکاون پیاون، حەوتیان ژن و سیانیان هەرزەکارن، لەگەڵ دوو منداڵی کوڕ و کچێک.

هاوڵاتی  ئاسیاسێڵ دەگاتە قۆناغی کۆتایی بردنەوەی خەڵاتی "DCD" ی تایبەت بە دامەزراندن وگەشەپێدانی داتا سەنتەرەکان بۆ ساڵی 2021 لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا بەغدا، 25/11/2021 – کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، یەکەمین وپێشەنگی کۆمپانیاکانی مۆبایل لە عێراق، گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی بۆ بردنەوەی خەڵاتی "DCD" کە خەڵاتێکی گەورەی تایبەتە بە پەرەپێدانی داتا سەنتەر، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو هەوڵە زۆرانەی خستوونیەتەگەڕ بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی پەیوەندییەکان لە عێراق. ئاسیاسێڵ، کە گەورەترین کۆمپانیای پەیوەندییەکانە لە عێراق، ئێستا یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی کە لەسەر ئاستی جیهان گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی بۆ بردنەوەی خەڵاتێك کە تایبەتە بە پەرەپێدانی داتا سەنتەرەکان بۆ ساڵی 2021. پڕۆژەی داتا سەنتەرەکانی ئاسیاسێڵ لە مانگی کانونی دووەمی 2020 دەستیپێكرد، ولە ماوەیەکی کەمدا ئاسیاسێڵ توانی نەك تەنها یەك داتا سەنتەر، بەڵکو سیانزە داتا سەنتەر لە سەرتاسەری عێراقدا دابمەزرێنێت، کە چوار لەو داتا سەنتەرانە لە ئاستی پلە 3 "Tier III" دان بە پێی پەیمانگای ئەپتایمی جیهانی؛ کە لە ئێستادا بەرزترین ستاندەری داتا سەنتەرە لە جیهان، لە کاتێکدا نۆ داتا سەنتەرەکەی تر هێشتا لە قۆناغی پەرەپێداندان وئیشکردن تیایاندا بەردەوامە. ئامانجی دامەزراندن وپەرەپێدانی داتا سەنتەرەکان باشترکردنی کوالیتی پەیوەندییەکان "الإتصالات" وئینتەرنێتی وایەرلێسە لە عێراق. هەبوونی ئەم داتا سەنتەرانە تەکنۆلۆجیای نەوەی چوارەم "4G/4G+ LTE"ی ئاسیاسێڵ بەهێزتردەکات لە عێراقدا کە خۆی تەکنۆلۆجیایەکی پێشکەوتووە ولە ئاستێکی بەرزدایە، کە ئەمەش بوار بۆ ئاسیاسێڵ دەڕەخسێنێت زیاتر سوودمەندبێت لە پشکەکانی بازاڕ بە ڕێژەی زیاتر 50% وهەروەها خزمەتگوزارییەکانی بۆ بەشداربووانی بگەیەنێتە ئاستێكی بەرزتر. داتا سەنتەرەکانی ئاسیاسێڵ بواری ڕەخساندووە بۆ ئەوەی ڕووماڵی تۆڕی ئینتەرنێت زیاتر 99% ی ناوچەکانی عێراق بگرێتەوە ودانیشتوانی ئەو ناوچانە توانای دەستڕاگەیشتنیان هەبێت بە باشترین تۆڕی ئینتەرنێت لە عێراقدا. دامەزراوەی "DCD" کە تایبەتە بە بەخشینی خەڵاتی پەرەپێدانی داتا سەنتەر، وە بە "خەڵاتی ئۆسکار بۆ پیشەسازی داتا سەنتەر" ناسراوە، لە ساڵی 1998 ــەوە سەرقاڵی بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتانەیە "المحتوی" کە تایبەتن بە پیشەسازی داتا سەنتەر لەگەڵ ڕێکخستنی ئەو ئیڤێنتانەی کە تایبەتن بەو بوارە. ئەم دامەزراوەیە زیاتر لە 300 هەزار کارمەندی پرۆفێشناڵی چالاکی هەیە لە سەرتاسەری جیهاندا کە سەرقاڵی کارکردنن لەم بوارەدا. دامەزراوەی "DCD" دانی بە کارەکانی ئاسیاسێڵدا ناوە کە توانیویەتی ژێرخانی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە، کە لە ئەنجامی شەڕ وململانێی چەندین ساڵەوە وێران بووە، بگۆڕێت بۆ ژێرخانێک کە شایستەی بردنەوەی خەڵات بێت، ئەمەش عێراق دەخاتەوە سەر نەخشەی پێشبڕکێی تەکنۆلۆجی لە ڕێگەی کارپێکردنی سیستمێکی گشتگیر بۆ دابینکردنی چارەسەری تەکنیکی وداتا سەنتەر کە بەشێوەیەکی بەردەوام لە پەرەپێداندایە تا بتوانێت بگەیەنرێتە ئاستی ستاندەرە جیهانییەکان.  هیشام سیبلینی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەشی تەکنۆلۆجیا وزانیاریی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لە بارەی گەیشتنی ئاسیاسێڵ بە قۆناغی کۆتایی بۆ بردنەوەی ئەم خەڵاتە وتی: "زۆر خۆشحاڵێن وشەرەفێکی گەورەیە کە گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی بۆ ئەم خەڵاتە گەورەیە لە "DCD"ــەوە. ئەم خەڵاتە تەنها دەستکەوتێکی گەورە نیە بۆ ئاسیاسێڵ، ئەوەندەی دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ سەرجەم عێراق. چەندین ساڵ لەمەوبەر، بیرکردنەوە لە بردنەوەی خەڵاتێکی لەم جۆرە تەنها خەونێك بوو، هیچمان نەبوو بتوانین کێبڕکێی پێ بکەین، هیچمان نەبوو نمایشی بکەین؛ بەڵام ئەمڕۆ بە سەربەرزییەوە دەچینە ناو کێبڕکێ جیهانییەکانەوە". هەروەها بەڕێز هیشام سیبلینی وتی: "ئێمە وەکو ئاسیاسێڵ بەڵێنمان پێدان کە عێراق دەگەڕێنینەوە پێگەی شایستەی خۆی وەکو وڵاتێکی پێشەنگ لە ناوچەکەدا، وە ئاسیاسێڵیش وەکو یەکەمین وپێشەنگی کۆمپانیاکانی مۆبایل تا دێت ڕۆژ بە ڕۆژ نزیکتردەبێتەوە لە بەدیهێنانی ئەم ئامانجە. ئێمە شەو وڕۆژمان خستووەتە سەریەك بۆ پێشکەشی کردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە کۆمەڵگەی عێراقی شایستەیەتی، وخەڵکی عێراق شایستەی باشترینن." بڕیارە ناوی براوەکانی ئەم خەڵاتە لە مەراسیمێکی تایبەت بە بەخشینی خەڵاتەکەدا ئاشکرابکرێت کە لە ڕۆژی 8 ی کانونی یەکەمی ئەمساڵدا لە لەندەن سازدەکرێت. ئەوانەی لە کێبڕکێدان بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە لەلایەن لیژنەیەکی هەڵسانگاندنی "لجنة تحکیم" سەربەخۆوە هەڵدەبژێردرێن لە نێو سەدان کۆمپانیادا کە لە 35 وڵاتی جیاجیای جیهان ولە شەش کیشوەرەوە ناویان تۆمارکردووە بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە. --- کۆتایی --- دەربارەی ئاسیاسێڵ ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکەری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل وخزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق، وله‌ 1ى كانونى دووەمی 2021 ــەوە ژماره‌ى به‌شدرابووانی ڕەزامەندی14.7 مليۆنی تێپەڕاندووە. اسياسێڵ وەکو یەکەم کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق، وە یەکەم کۆمپانیاشە کە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت وخزمەتگوزای 4G بە کوالیتی یەکی بەرز لە سەرتاسەری سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابینبکات.‌ تۆڕى ئاسياسێڵ زیاتر 99% ى دانيشتوانى عێراق ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ تۆڕه‌كه‌ى ببێته‌ فراوانترين تۆڕى مۆبايل له‌ بەرامبەر دوو كۆمپانيایەکەی تری مۆبايل له‌ عێراقدا. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە بە باشترین دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دادەنرێت کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کوالیتی لە عێراق دابیندەکات. لە ناوەڕاستی ساڵی 2021 ـەوە، ئاسیاسێڵ لەلایەن "Speedchecker®" ـەوە وەکو خێراترین ئینتەرنێتی 4G لە عێراق، و وەکو فراوانترین تۆڕی ئینتەرنێت لەلایەن Ookla® ــەوە متمانەی پێبەخشراوە. ئاسیاسێڵ بۆ پەیوەندییەکان "PJSC"، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان: [email protected] بۆ زانیار زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکە: www.asiacell.com

  هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە 425 کۆچبەری دیکە لەبێلاڕوسیاوە گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان. کاروانێکی دیکەی کۆچبەران گەڕانەوە هەرێمی کوردستان. لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا ئەوە سێیەم کاروانی کۆچبەرانی بێلاڕوسا کە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.   جووتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتەر نووسیویەتی، گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە بە هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق ئەنجامدراوە. وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: "ئێمە پابەندین بە گەڕاندنەوەی هەموو تاکێکی کورد کە خوازیارە بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان". لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا و لەدوای توندترکردنی سنوورەکان لەلایەن پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتڤیاوە، سەتان کۆچبەر بەزۆرینە کوردی باشووری کوردستان وبەشێكیش عێراقی و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە گەڕانەوە و بەوتەی حکومەتی بێلاڕوسیا هێشتا سەرووی 150 کۆچبەر لە ناوچەی سەر سنووری نێوان ئەو وڵاتە و پۆڵەندا ماونەتەوە و نزیکەی 2 هەزار کۆچبەریش لە ناوەندی لەخۆگرتنی کۆچبەرانن و چارەنووسیان دیارنییە. گەشتەکانی گەڕانەوە کۆچبەران لە 18-11-2021 دەستی پێکرد و لە کاروانی یەکەمدا 431 کەس گەڕانەوە، دواتر لە کاروانی دووەمدا 176 کەس، لە کاروانی سێیەمدا 435 کەس گەڕانەوە. بێلاڕوسیا لە رۆژئاواوە لەگەڵ لیتوانیا، پۆڵەندا و لاتڤیا هاوسنوورە. لە سەرەتاکانی ئەمساڵ لیتوانیا بەخێرایی رێکاری تووندی دژی لێشاوی کۆچبەران گرتە بەر، بۆیە قاچاخچییەکانیش هەوڵیاندا لە رێگەی پۆڵەنداوە خەڵک بگەیێننە یەکێتی ئەوروپا

کاکەلاو عەبدوڵا لەکاتێکدا ئابوری تورکیا بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت و رۆژ بەرۆژ بەهای لیرە دادەبەزێت، ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە فشارەکانیان زیاد کردووە بۆ سەر دەسەڵاتداران تا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت. دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لیرە خراپترین دۆخی بەخۆیەوە بینی، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، بە «خیانەت» ناودەبەن کە سوورە لەسەر کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانەکەکان. بانکی ناوەندی بەفشاری ئەردۆغان لەماوەی تەنها دوو مانگدا نزیکەی لەسەدا ٤٪ی سوودی بانکەکانی کەمکردووەتەوە، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی گەشەی ئابوری لەوڵاتەکەدا دروست ببێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەو هەنگاوە رێک پێچەوانەکەی راستە و بۆ رزگاربوون لە قەیرانێکی سەختی ئابوری دەبێت سوودی قەرز زیاد بکرێت. هەڵبژاردنی پێشوەختە لیرەی تورکی لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا گەورەترین گۆڕانکاری بەسەرداهاتو و بەڕێژەیەکی زۆر بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی بەجۆرێک لە ٩٥٠ لیرەوە گەیشتە زیاتر لە هەزار و ١٠٠ لیرە لەبەرامبەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیدا. لیرەی تورکی بە تەنها لە هەفتەی رابردوودا لەسەدا ١٢٪ی بەهاکەی لەدەستدا، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی زۆری ئۆپۆزسیۆن کە داوای دەستبەجێ هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کرد کە خۆی وادەی هەڵبژاردن لەوڵاتەکە لەساڵی ٢٠٢٣دایە. ئەردۆغان بەوە ناسراوە کە لایەنگرێکی سەرسەختی کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانکەکانە، ئەمەش وەک خۆی دەڵێت بۆ گەشەی ئابوری وڵات پێویستە و بارگرانی لەسەر خەڵک کەم دەکاتەوە. هەفتەی رابردوو ئەردۆغان رایگەیاند بەردەوام دەبن لە کەمکرندەوەی سوود و «بەدڵنیاییەوە ناهێڵین خەڵک بەهۆی سوودی بەرزەوە تێکبشکێت». دوای ئەوەی تەنها لە پێنجشەممەی رابردوودا لیرە لەسەدا ٦٪ی بەهاکەی خۆی لەدەستدا، کەمال کیلیچدارئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن کە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە،  لەتویتەری خۆی نووسی: بەسیکە ئیتر ئەردۆغان! دەستبەجێ دەبێت هەڵبژاردن بکرێت. دواتر کیلیچدارئۆغلۆ بە کەناڵی خەبەرتورکی راگەیاند کە هەوڵی ئەردۆغان بۆ کەمکردنەوەی سوود تا هەناردە زیاد بکات و وەبەرهێنان بەرز ببێتەوە ئەوە پیشان دەدات کە «بەتەواوی لە واقیعەوە» دوورە و وتیشی کە گەلی تورکیا هەڵبژاردنیان دەوێت. «وڵاتانی تر پلان دادەنێن بۆ ٥٠-١٠٠ ساڵی تر و ئێمەش ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین بەیانی چی روودەدات، حکومەت دەیەوێت دوای چاککردنەوەی ئابوری هەڵبژاردن بکرێت ئەمەش خەیاڵی خۆیانە»، کیلیچدارئۆغلۆ وای وت. هاوکات  مێڕال ئاکسنەر، سەرۆکی پارتی چاک، رایگەیاند ئەردۆغان «دراوو ناوبانگمانی وێران کردووە». «ئەگەر ئەمە بە ئەنقەست بێت ئەوا بەروونی خیانەتە، بەڵام ئەگەر دەرئەنجامی کەمی هۆشیاری بێت ئەوا روونە کە دەبێت چی بکرێت: ئەم رسواییە دەبێت بوەستێنرێت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەزووترین کاتدا»، ئاکسنەر وای وت. لەلایەکی ترەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) رایگەیاند، حکومەتی ئەنقەرە بە مەبەست بەھای لیرە دادەبەزێنێت بۆ ئەوەی دراوی بیانی زیاتر بچێتە نێو تورکیا، ئەوەش پێی دەوترێت وڵات فرۆشتن. دەمیرتاش سەبارەت بەچارەسەرکردنی دۆخی ئابوری تورکیا رایگەیاند باشترین کار بکرێت داواکردنی ھەڵبژاردنە بۆ ئەوەی لەڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە رەوشەکە بەرەو باشتر بڕوات. هەموو ئەو نارەزایەتییانە سەرۆکی تورکیایان لەبڕیارەکەی نەکشاندەوە، بەڵکو سووربونی خۆی زیاتر راگەیاند کاتێک لەدووشەممەی رابردوودا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: هەموو ئەو سیاسەتانە رەتدەکەمەوە کە وڵاتەکەمان بگوشێت، لاوازی بکات، گەلەکەمان بەرەو بێکاری و برسییەتی و هەژاری ببات. هەڵئاوسان لیرەی تورکی تەنها لەمساڵدا زیاتر لەسەدا ٣٠٪ بەهاکەی لەدەستداوە و لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵیشەوە بانکی ناوەندی سوودی قەرزی بانکەکانی لە لەسەدا ١٩٪ەوە کەمکردووەتەوە بۆ لەسەدا ١٥٪. بەپێی وتەی بەرپرسانی وڵاتەکە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵئاوسان لە وڵاتەکەدا گەیشتە لەسەدا ٢٠٪ بەوهۆیەوە لیرە هێزی خۆی لەدەستداوەو نرخی شتومەک بەرزبووەتەوە. هەڵئاوسان کاتێک روودەدات کە نرخی شتومەک بەرزدەبێتەوە بەهۆی ئەوەی ئەو دراوە هیزی خۆی لەدەست دەدات و دواتر هاووڵاتیان توانای کڕینی شتومەکیان نامێنێت. ئەردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکات کەمکردنەوەی  سوودی قەرز گەشە دروست دەکات، بەڵام ئابوریناسان دەڵێن ئەوەی رێک پێچەوانەکەی راستە ئەگەر بتەوێت جڵەوی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەک بگریت. بانکی ناوەندی هەفتەی رابردوو ئاشکرای کرد کە لەمانگی داهاتوودا سوودی قەرز زیاتر دادەبەزێنێت، لەکاتێکدا شارەزایان و ئابوریناسان دەڵێن تا بانکی ناوەندی خۆی لە بیرکردنەوەکانی ئەردۆغان رزگار نەکات ئەگەری بەرزبوونەوەی بەهای لیرە کەمە. «وەک وەبەرهێنێک، کاتێك تەقینەوەیەک لە دراوێکدا دەبینیت هەمیشە جێی سەرنجە کە بەرگری لە لاکەی تر بکەیت، بەڵام لە حاڵەتی تورکیادا کردنی ئەو کارە بە کەڵک نایەت، ئەگەر هەستت بەوە بکردایە کە سیاسەتی ئابوری دەگۆرێت ئەوا هەوڵت دەدا، بەڵام ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نییە»، ڤیکتۆر سزابۆ لە دامەزراوەی ئەبەردین ستاندارد بۆ وەبەرهێنان ئەمەی بەپێگەی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی وت. شارەزایانی بانکی گۆڵدمن ساشی ئەمریکی دەڵێن کەمکردنەوەی سوودی قەرز «مانای هەڵئاوسان دەگەیەنێت نەک گەشە»ی ئابوری. شیکەرەوانی بانکەکە ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە کەمی سوودی قەرز، بەلەبەرچاوگرتنی هەڵئاوسان، مەترسی ئەوە زیاد دەکات کە هاووڵاتیانی تورکی بەکۆمەڵ رووبکەنە گۆڕینەوەی پارە هەڵگیرەوەکانیان لە لیرەوە بۆ دۆلار. هاوکات تیمسی ئاش لە دامەزراوەی بلوبەی ئاسێت بۆ وەبەرهێنان دەڵێت، «لەکۆتایدا دەبێت سوود بەرزبکەنەوە ئەگەر نا ئەوا لە دۆخێکدا خۆت دەبینیتەوە کە هەڵئاوسان ئەوەندە بەرز دەبێت کە هاووڵاتیان دەبینیت لیرە دەفرۆشن، تا وای لێدێت لە بازنەیەکی دزێوی هەڵئاوسان و لەدەستدانی بەهادا چەق دەبەستیت». ‹ئێمە شایەنی ئەم دۆخە نین› ئێستا زۆرێک لەخەڵکی تورکیا تووشی ناڕەحەتیەکی زۆر بوونەتەوە لە کڕینی کاڵاو خواردن و پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانە بەهۆی بەرزی نرخەوە. قادرییە دۆگرو، کەهاووڵاتییەکی ٥٩ ساڵانی تورکییە و لەیەکێک لە بازاڕەکانی ئەستەنبوڵ بلوز و کاڵای تر دەفرۆشێت، تووشی سەختییەکەی زۆر بووەتەوە بۆ کڕینی خواردنی رۆژانە. «هەرگیز ژیانێکی وا بێزارکەرم بەخۆمەوە نەدیووە، دەچم دەنوم و هەر کەهەڵدەستم نرخەکان بەرزبوونەتەوە، رۆژێکیان دەبەیەکی پێنج لیتری زەیتم کڕی بە ٤٠ لیرە دواتر چوومەوە بیکڕم نرخەکەی بووبوو بە ٨٠ لیرە، ئێمە وەک نەتەوەیەک شایەنی ئەم دۆخە نین»، دۆگرو ئەمەی بە ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس وت. دۆگرو دەشڵێت نیوەڕوان بە سکی برسییەتی بەڕێ دەکات تا بتوانێت لەئێواراندا شتێك بۆ ماڵەوە بباتەوە. لەکاتێکدا لایەنگرانی ئەردۆغان دەڵێن بێهێزبوونی لیرە وادەکات رکابەری دروست ببێت لەنێوان هەناردەکارانی تورکیادا لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام بەشێکی زۆری پیشەسازی تورکیا پشتی بەستووە بە ماددەی خاوی ناوخۆیی. ئەوەی لەم دۆخەدا زەرەرمەندی سەرەکییە هاووڵاتیانی تورکین کە ناتوانن پارەیەکی باش پەیدا بکەن بۆ بژێوی ژیانیان. «هەموو شتێک زۆر گرانە، ناتوانم هیچ بکڕم»، سوهەیلە پۆیراز هاووڵاتییەکەی تری تورکییە کە قسەی بۆ ئەسۆشییەتد پرێس کردووە لەکاتی گەڕان بەدوای شتومەک و خواردنی رۆژانەدا لەبازاڕێکی ئەستەنبوڵدا. سوهەیلە لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگی بە پارتەکەی ئەردۆغان داوەو ئێستا داوا لەحکومەت دەکات هەڵئاوسان کۆتایی پێ بهێنێت. «ئەگەر تۆ حکومەتیت و ئێمەش دەنگمان بۆ داویت تا شتەکان راست بکەیتەوە، ئەی بۆ ناکەیت؟ بۆچی بەرزی نرخ ناوەستێنیت؟» سوهەیلە وای وت. هەرچەندە حکومەتی تورکیا دەڵێت هەڵئاوسان لە لەسەدا ٢٠٪دایە و بەشێوەیەکی کاتی بەردەوام دەبێت تا ناوەڕاستی ٢٠٢٢، بەڵام رێکخراوی توێژینەوەی هەڵئاوسان، کە رێکخراوێکی تورکییە و ئەندامەکانی بریتین لە کەسانی ئەکادیمی و بەرپرسانی پێشووی حوکمی، ئاستی هەڵئاوسان بە لەسەدا ٥٠٪ دادەنێت لە وڵاتەکەدا لەئێستادا. هەفتەی پێشوو سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بەھۆی خراپی رەوشی ئابورییەوە، ھاووڵاتیانی تورکیا گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە سەدەها کەس لەنۆرەی کڕینی نانی ھەرزاندا چەند سەعاتێک چاوەڕێ بکەن. شارەزایان دەڵێن ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئەوا هەڵئاوسان کاریگەری زیاتر دەبێت لەساڵانی داهاتوودا. «هەڵئاوسان و کەمی داهات و تەنانەت ناهاوسەنگی لەدابەشکردنی داهاتدا کاریگەری لاوەکی زیاتریان دەبێت لەساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣دا ئەگەر حکومەت بەردەوام بێت لەسەر کەمکردنەوەی سوودی قەرزو ئاسانکردنی یاسای دارایی و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن»، ئۆزلیم سەنگوڵ، ئابوریناسی تورکی، ئەمەی بە ئەسۆشییەتید پرێس وت.  

ئامادەكردنی: سەحەر كەریمی ئەندامێكی رەهبەری یەكێتی فیدایانی خەڵكی ئێران دەڵێت:»هەرچەند بەرگری لەناوخۆ زیاترو بەهێزتر بێت و هەر چەند خەڵك رێكخستنەكانیان زیاتر و یەكگرتووتر بێت، رەوتەكانی دەرەوەی وڵات لەیەكتر نزیكتر دەبنەوە». ئیحسان حەقیقی، ئەندامی رەهبەری یەكێتیی فیدایانی خەڵكی ئێران لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» كاتی ئەوە هاتووە حزب و رێكخراوەكانی رۆژهەڵات پێكەوە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران وەرچەرخان بكەن».   هاوڵاتی: ئایا پێكهێنانی بەرەی چەپ بەو جۆرەی كە حزبی حیكمەتیست و حزبی كۆمۆنیست باسیان لێوە كردوە پێتانوایە پێویستە بۆ ئەم قۆناغەی خەبات، یان نا؟ ئیحسان حەقیقی: پێش هەموو شتێك دەمەوێت بە بەڕێزتانی رابگەیەنم بیژەنی جەژەنی دەڵێت (هەمیشە تەواوی ئەو حزب و رێكخراوانەی لە دەرەوەی وڵات كاردەكەن رۆڵی دواوەی بەرەی شەڕ دەبینن و رۆڵی پشتیوانی دەبینن لەو جووڵانەوەیە. لەكاتێكدا كە ئێمە دەبینین بێهیوایی و چەقبەستووییەك و بێكردەوەییەك هەیە لەو بزووتنەوانەی دەرەوەی وڵات. بەهۆی ئەو سەركوتكردنە بووە كە تائێستا لەناوخۆی حیزبەكاندا و لەلایەن ئەندامەكانیانەوە هەبووە، حزبەكانی دەرەوەی وڵات نەیانتوانیوە بەكردەوە هیچ هەنگاوێك بنێن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە قەیراناوییەی كە لەكۆمەڵگە و بەتایبەت كۆمەڵگەی كوردستان هاتوەتە ئاراوە، هەموو حزبەكان بەو ئەنجامە گەیشتوون كە دەبێت لانی كەم ئەگەر ناتوانن لەڕووی تیۆرییەوە یەكبگرن و بەكردەوە یەكێتییەك پێكبهێنن كە بەخۆشحاڵییەوە حزبەكەی ئێمە رێكخراوەی فیدایانی خەڵك، یەكەم رێكخراوەیەك بوو كە بانگهێشتی ئەوەی كرد كە بەرەی چەپ بەیەكەوە دانیشین و پلاتفۆڕمێكی هاوبەش داڕێژیین و بتوانین گوتارێكی هاوبەشمان هەبێت. كە چۆن بتوانین هاوكات لەگەڵ جووڵانەوەكانی ناوخۆدا بەرەو پێش بڕۆین. دەزانین هەر رێكخراوە و رێكخستنێك پەیڕەو و پڕۆگرام و بنەماو پرەنسیپ و چوارچێوەی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام ئێمە دەتوانین لەخاڵێكی هاوبەشدا لێك نزیك ببینەوە و پێكەوە هاوكاری بكەین. هەست بەوە دەكەم كە بە بەراورد بەڕابردوو رێكخراوەكان تاڕادەیەكی زۆر لێك نزیك بوونەتەوە یانی ئێستا تەنانەت ئەو كەرتبوونە مێژوویییە لەنێوان حزبی كۆمۆنیستی ئێران و حزبی دیموكراتدا، ئێستا خەریكە بەهۆی زەقبوونەوەی چەمكی ستەمی نەتەوەیی و گیان بەختكردنە لاواز دەبێت و ئەو حزبانە لەیەكتری نزیك دەبنەوە. چ بگات بەخودی حزبە كۆمۆنیستەكان كە چوارچێوە و بنەمای هاوبەشیان هەیە. من زۆر گەشبینم بەو لەیەكنزیكبوونەوەیە و هەست دەكەم ئێستا قۆناغێكی هەستیاری مێژوویییە و ئەگەر ئەو رێكخراوانە بتوانن جووڵەیەك بكەن ئەمە بۆ خۆی وەرچەرخانێكی مێژووییە. هاوڵاتی: ئێوە هەماهەنگی و مامەڵەتان چۆنە لەگەڵ حزبەكانی دیكەی رۆژهەڵاتدا؟ ئیحسان حەقیقی: حزبە كۆمۆنیستەكان كە لەگەڵ مەسەلەی نەتەوەیی كێشەیان هەیە، تێڕوانینیان بۆ حزبی دیموكرات تێڕوانینێكی راست بووە، بەڵام رەوتی یەكێتیی فیدایانی كۆمۆنیست بەهۆی ئەوەی كە مافی نەتەوەیی تائاستی جیابوونەوە بۆ نەتەوەی كورد قبووڵە، هەر بۆیە ئێمە یەكێك بووین لە یەكەم رەوتەكان كە بەرگریمان كردوە لەحزبی دیموكرات لەم ناوچەیەدا. یەكەم رەوتیش بووین ئامادەبووین هاوكاریی هەموو لایەنەكان بكەین لەناوچەكە تەنانەت لەگەڵ پژاكیش. دەی گەر بەو شێوەیە بتەوێت من جیاوازی بكەم لە نێوان مەسەلەی ناسیۆنالیستی و ئینتەرناسیۆنالیستی مەسەلەیەك نییە، چونكە چارەسەركردنی مەسەلەی نەتەوەیی بەشێك بووە لە ئامانجمان. هاوڵاتی: پرسی ناسیۆنالیستی بەڕای ئێوە چۆن دەتوانێت چارەسەر بێت بەوەی حزبە راستەكان پێیانوایە دەبێت لە ئەولەویەت دابێت بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد؟ ئیحسان حەقیقی: مەسەلەی ناسیۆنالیستی مەسەلەی ئێمەیە و ئێمە مەسەلەی ناسیۆنالیزمیش بە مەسەلەی خۆمان دەزانین، چارەسەركردنی مەسەلەی ستەمی نەتەوەییش ئەركی ئێمەی كۆمۆنیستە كە بەجۆرێك لەبەرانبەری رابوەستینەوە. تەنانەت بەمافی دیاریكردنی چارەنووسی خەڵكی كوردستانیش تائاستی جیابوونەوە رەزامەندین، بەڵام شێوەی رووبەڕووبوونەوەمان جیاوازە، مەسەلەی ئێمە ئەوەیە كە چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی بێجگە لەڕیگای دژایەتیكردنی سەرمایەدارییەوە ئەستەمە. ئێمە لەم خەباتەدا دەتوانین لەگەڵ هەر رێكخراوەیەكدا كە بەشێوازێكی تایبەت چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی كردووەتە ئامانجی خۆی. هاوڵاتی: جیاوازیی ئێوە لەگەڵ حزبە راستەكاندا چییە؟ ئیحسان حەقیق: جیاوازییەكە لەسەر مەسەلەی خاوەندارییەتە لەناوچەكەدا، مەسەلەی ئامرازی بەرهەم هێنانە، ئێمە دەڵێین بەڵێ ئەگەر كوردستان قەرارە ئازاد بێت، ئایا دەبێت بكەوێتە دەستی ناسیۆنالیزمی كورد، بەو مانایە كە لەژێر پاڵپشتی هێزی سەرمایەداریی دەرەكی بێت و دووبارە كەلێنی نێوان چینەكانی كوردستان كە بڕیارە لەداهاتوودا ئازاد بێت، دیسانەوە هەر هەژار هەژار بێت و دەوڵەمەند دەوڵەمەندتر بێت، یان ئێمە دەخوازین كوردستانێك بونیاد بنێین لەسەر بنەمای شوورای ناوخۆیی ئیدارە بدرێت. رووداوە مێژووییەكان دەیسەلمێنن كە ئەوە كاری كردەیە، ئێمە لەسنە نموونەی ئەوەمان بووە، نموونەی توركمان سەحرامان بووە كەشارێكی وەها گەورە لەلایەن خودی خەڵكەكەیەوە ئیدارە كراوە، شارێك لەلایەن شوورای ناوچەیی و گەڕەك و شوورای شارەوە ئیدارە دراوە. ئەمە لەڕاستیدا خواستی ئێمەیە. هاوڵاتی: بەو پێیەی بینیمان لەمانگەكانی رابردوودا ناڕەزایی و خۆپیشاندان لەئێران سەریهەڵدا، هەروەها لەدوایین نموونەدا حزبەكان پێكەوە داوای مانگرتنی گشتیان لەخەڵكی خۆرهەڵاتی كوردستان كرد، پێت وایە ئەوە خاڵی وەرچەرخان یان گۆڕان نییە كە دەتوانن لەگەڵ هێزە راستەكانیش كاربكەن یاخود بەتەنیا لەگەڵ هێزە چەپەكان كاردەكەن؟ ئیحسان حەقیق: بەڵێ، منیش هاوڕای بەشی دووەمی قسەكانتم كەئەگەر ئەو رەوتە بەهەرچی یەكێتییەك بگات لەنێوان حزبەكان، بێگومان باشتر وەڵامدەرەوە دەبێت لەو ناوچەیە، چونكە هەر كام لەڕێكخستنەكانی ئێمە چ كەم چ زیاد لایەنگرانێكیان هەیە لەناو كوردستان، چونكە مەسەلەی نەتەوەیی لەكوردستان مێژوو و ریشەی هەیە و ئەوەندەی مێژووی حزبی دیموكراتە واتا نزیكەی بە (70) تا (80) ساڵ مەزەندە دەكرێت. پێم وایە ئەو ئەندازەیەش - كەمتر یان زیاتر - مەسەلەی چەپ لەكوردستان ریشەی هەیە. هەر چەند حزبەكان لەم قۆناغە مێژوویییەدا بتوانن لەیەك نزیك ببنەوە و بەكردەوە هاوكاری یەكتری بكەن، بێگومان وەڵامێكی باشتر دەدەنەوە و ئومێدەوارم بتوانین نەك تەنیا خۆرهەڵات، بەڵكو شۆر ببێتەوە بۆ ناو سەرجەم شوێنەكانی تری ئێران، یان تەنانەت ببێتە خاڵێكی بەهێز بۆ خەڵكی كوردستان. ئەگەر ئێمە بتوانین ئەم مانگرتنە لەسنوورەكانی كوردستان تێپەڕێنین، هێزی سەركوتگەری كۆماری ئیسلامی لەجیاتی ئەوەی لەكوردستان كۆببێتەوە، دابەش دەبێت بۆ هەموو ئێران. لەئەنجامدا، دیسانەوە ئەمە لەبەرژەوەندی تەواوی ئەو خەڵكەدایە كە مانیانگرتوە. هاوڵاتی: پێت وایە ئێوە دەتوانن لەگەڵ هێزە راستەكانیش هاوكاریی یەكتری بكەن كە لەم دوایییانەدا وەڵامی خەڵك وەڵامێكی دروستی داوای حزبەكانیان دایاوە، بۆ ئەوەی دووكان و بازاڕەكانیان دابخەن، رای یەكێتیی فیدایانی خەڵك لەم بارەیەوە چییە؟ ئیحسان حەقیق: لەڕاستیدا من ئێستا وتەبێژی سازمانی فیدایانی خەڵك نیم و ئەندامم و ئەوەی دەیڵێم زیاتر بیروڕای خۆمە، بەڵام وەك ئەندامێكی رێكخستنەكانی یەكێتیی فیدایانی خەڵك رەنگە رەنگدانەوە و بۆچوونی رێكخستنەكانیش بێت. هەروا كە ئاماژەم پێدا، ئێمە دەتوانین لەم قۆناغە مێژووییەدا لەگەڵ هەر رەوتێك كە دژایەتی ئەم سیستمە بكات. هاوڵاتی: بەرنامەی فیدایانی خەڵكی ئێران بۆ ئەم قۆناغە لەخەباتی خەڵكی خۆرهەڵاتی كوردستان و ئێران چییە؟ ئیحسان حەقیق: هەرچەند بەرگری لەناوخۆ زیاترو بەهێزتر بێت و هەرچەند خەڵك رێكخستنەكانیان زیاترو یەكگرتووتر بێت، رەوتەكانی دەرەوەی وڵات لەیەكتر نزیكتر دەبنەوە، بۆ وێنە ئێمە لەدەورەی كۆنفدراسیۆندا ئەزموونی مێژووییمان هەیە و زۆربەی ئەو رەوتانەی خوازیاری رووخاندنی دەسەڵات بوون، لەپەنای یەكتری بوون و لەوانەیە هاوشانی یەكتری كاریشیان كردبێت، بەڵام كاتێك داوەستانێك لەناو كۆمەڵگەدا هەیە و خۆڕاگرییەك بەرچاو ناكەوێت، لەناو وڵاتیشدا تەنیا شتێك هەبێت لەنێوان حزبەكاندا مەسەلەی دابەشبوون و كەرتبوونە. بەڵام لەو نموومە مێژووییەدا ئێمە بینیمان كە لەو بەرخودانەی كوردستاندا لەڕاستیدا گرنگ نەبوو كە ئایا حزبەكان چەپن یان راستن و پاڵپشتی ئەو مانگرتنەیان كردو هاوخەمی ئەو خێزانانە بوون كە منداڵەكانیان گیانیان بەختكرد بوو و یان لەسێدارە درابوون یان حكومدراون و ئێمە هەموو ئەوانەمان بەچاوی خۆمان دی. یانی كاتێك كە ئێمە چووینە بەر باڵیۆزخانەی كۆماری ئیسلامی بێ ئەوەی گوێ بەوە درابێت كەچەپن یان راست، بەڵام ئامانجی هاوبەشمان ئیدانەكردنی كۆماری ئیسلامییە كە لاوان لەسێدارە دەدات.

هاوڵاتی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، هەندێک لایەن لەهەوڵدان بۆ فشارخستنەسەر کۆمسیۆن و دواخستنی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەبێ ئەوەی ناوی لایەنەکان بێنێت، ئەوەش لەکاتێکدا گروپی فەتحی سەر بەعامری چەندین جار ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان بەساختە زانیوە. موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەکرد کە ئامانجی ئەو هەوڵانەش ئەوەیە دەیانەوێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگۆڕن و رێگری بکەن لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینە. وتیشی «کاتێک باس لەسەربەخۆیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتویی کارەکانی دەکرێت، رێگەنادەن دەستوەردان لەکارەکانیاندا بکرێت و دڵنیایی دەدەن لەسەلامەتی سەرجەم ئەندامەکانیان». هەروەها وتی «سەرکۆنەی هەمو ئەو فشارانەش دەکەن کە دەخرێتەسەر کۆمسیۆن لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیانەوە تا ئەمڕۆ، رەوتی سەدر رۆڵی پاک و بێگەردی کۆمسیۆن بەرزدەنرخێنێت». لای خۆیانەوە هاوپەیمانیی فەتح ک دۆڕاوی هەڵبژاردنەکانە رایگەیاند ئەگەر دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە، کورسییەکانیان زیاد دەبن.هەربۆیە دەیانەوێت راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دوابخەن. سەدر: دژی دەستتێوەردانین لەئەنجامەکان موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوایکرد دەستوەردان نەکرێت لەکاروباری دەستەی دادوەری کۆمسیۆن و دادگای عێراقیدا لەپێناو  بۆ دواخستنی پرۆسەی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان. سەدر وتی «هەندێک لایەن ئومێدیان لەسەر ئەو هەوڵانە هەڵچنیوە بۆ رێگریکردن لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کوتلەی زۆرینەی پەرلەمانی». 31ی مانگی رابردووش موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، رەوتەکەیان بۆچونی لەبارەی چاکسازی ناوخۆیی و پرسەکانی دەرەوە لەگەڵ بەشێک لەلایەنەکانی دیکەی عێراق جیاوازو ناکۆکە، بۆیە بەپێویستی دەزانن حکومەتی داهاتوو « حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی» بێت و خولی داهاتوی پەرلەمانیش بەرەی پێکهێنەری حکومەت و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تێدا بێت، کە هەردووکیان خزمەت بەوڵات و نیشتیمان دەکەن. رەوتی سەدر کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانە و 73 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، دەڵێت، ئەوانەی کە دەیانەوێت ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن رکابەریی گەورەترین فراکسیۆن بکەن بەمەبەستی رێگرتن لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینە. موقتەدا سەدر لەهەژماری خۆیدا لە تویتەر وتی «ئێمە بەوپەڕی شانازیی و سەربەرزییەوە دەڵێین، کاری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەهەموو وردەکارییەکەوە بێگەرد و ورد و پیشەگەرانەیە؛ بۆیە دەستوەردان لە کاری کۆمیسیۆن رەتدەکەینەوە؛ هاوکات جەختدەکەینەوە لە سەلامەتیی کارمەندانی کۆمیسیۆن». رێبەری رەوتی سەدر راشیگەیاند «هەموو گوشارە سیاسی و ئەمنییەکان کە دەخرێنەسەر کۆمیسیۆن لە یەکەم رۆژی کارکردنییەوە تاوەکو ئێستا رەتدەکەینەوە؛ بە شکۆو رێزەوە پاڵپشتیی لەهەڵوێستە پیشەیی و بێگەردەکانی کۆمیسیۆن دەکەم؛ بۆیە سوپاسی هەموو ئەندامانی کۆمیسیۆن دەکەم. رێبەری رەوتی سەدر لەتویتەکەیدا هۆشداریش دەدات کە «نابێ دەستوەردان لەکاری دادوەری و دادگە بکرێت لەپرسی پەسندکردنی ئەنجامەکان کە کەسانێک دەیانەوێ بیانگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن رکابەریی گەورەترین فراکسیۆن بکەن بەمەبەستی رێگرتن لەحکومەتی زۆرینە کە نیگەرانبوون لە ئاماژەکانی دەرکەوتنی».  فەتح: دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە، کورسییەکانمان زیاد دەبن ئەندامێکی هاوپەیمانی فەتح رایدەگەیەنێت، ئەگەر دەنگی سەرجەم وێستگەکانی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بژمێردرێنەوە، ئەوا هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە و هاوپەیمانیی فەتحیش چانسی بەدەستهێنانی کورسی زیاتری دەبێت. عەلی فەتلاوی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری راگەیاند، دوای ژماردنەوەی بەشێک لەدەنگەکان بەدەست، بەهۆی تانەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، یاخود پارتە ناڕەزاییەکان، ئێستا چانسی نوێیان هەیە و نزیکن بۆ ئەوەی سەربکەون و کورسی زیاتر بەدەستبهێنن. فەتلاوی روونیکردەوە، هاوپەیمانیی فەتح چانسی باشتری لەلایەنەکانی دیکە هەیە، ئەگەر دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە. چونکە بەهۆی ئەو گۆڕانییەی لە شەش کورسی بەهۆی تانەکانەوە روویداوە، هاوپەیمانیی فەتح سێ کورسی بەدەستهێناوە. هەروها وتی «بۆیە ئەگەر ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی بۆ سەرجەم وێستگەکانی دەنگدان بکرێت، ئەوا چانس و دەرفەتی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی هاوکێشەکە پێچەوانە ببێتەوە، زۆر لەوانەی ئێستا براوەن دەدۆڕێن، زۆربەی ئەوانەشی ئێستا دۆڕاون، سەردەکەون، زۆر راستیش بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت، کە بە گوتەی ئەو کۆمیسیۆن شاردوویەتییەوە. هاوپەیمانیی فەتح کە لە هەڵبژاردنی 2018دا 47 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو، لەهەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021دا ژمارەی کورسییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و تەنیا 15 کورسی بەدەستهێنا. کۆمیسیۆن: شەش کورسی پەرلەمان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، شەش کورسی پەرلەمان گۆڕانکاریان بەسەردادێت و جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەستی سەرجەم وێستگەکانی دەنگدانیش نایاساییە.  عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، بەهۆی پەسندکردنی تانەکان لەلایەن دەستەی دادوەریی لەکۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، گۆڕانکاریی لەشەش کورسی پەرلەمان لە 6 پارێزگا دەبێت، کە بریتین لەپارێزگاکانی؛ هەولێر، نەینەوا، کەرکووک، بەغدا و بەسرەو بابل. عیماد جەمیل روونیکردەوە، کۆمیسیۆن ئەنجامی سەرجەم تانەکانی لەدەستەی دادوەریی بەدەستگەیشتووەتەوە کە 21 تانەن، هەندێک تانە رێکاری و هەندێکی دیکە بابەتین، شەشیان بابەتین و گۆڕانکاری بەسەر بەربژێرەکاندا هێناوەو 15کەی دیکە رێکارین.  ئەندامەکەی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند لەم هەفتەیەدا ئەو وێستگانەی دیکە کە تانەیان لێدراوە، بەدەست دەژمێردرێنەوە. لەکۆی  15 تانە کە 850 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، دووبارە بە دەست دەژمێردرێنەوە لە نووسینگەی نیشتمانی لە بەغدا بەئامادەبوونی قەوارە سیاسییەکان و چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. دواتریش ئەنجامەکەی رەوانەی دەستەی دادوەریی دەکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت. دوای ئەوەی دەستەی دادوەریی، دوایین تانە یەکلایی دەکاتەوە و رەوانەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دەکاتەوە، کۆمیسیۆنیش دواتر بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردن و ناوی ئەو بەربژێرانە ئاشکرادەکات کە گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە و سەرکەوتوون، کە 6 بەربژێرێن لە 6 پارێزگادا. جگە لەوە پیشتریش چەند ویستگەی دیکە بەدەست ژمێردرانەوە، کە ژمارەی ویستگەکان 6681 وێستگەبوون کە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانیان بۆ کراوەو ئەنجامەکانیش هاوتا بوونە لەگەڵ دەنگدانی ئەلیکترۆنی.  عیماد جەمیل  ئاماژەی بەوەکرد، 3781 پەنجە مۆری دووبارە هەن، کە بەسەر وێستگەکان دابەشبوونە، 54 هەزار وێستگەش خاڵین لەو جۆرە پەنجە مۆرانە. ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن دەپرسێت «ئایا مەعقوڵە هەموو دەنگە دروستەکانی وێستگەیەک کە ژمارەیان 200 بۆ 250 دەبێت لەبەر پەنجە مۆر هەڵبوەشنێرنەوە؟ بەڵام بڕیارەکانی دادگا رێزلێگیراون و پێوەی پابەند دەبن» . سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی تانەکان کە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دراون، عیماد جەمیل، ئەندامی فەرمانگەی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق  راشیگەیاند «لەم هەفتەیەدا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکانی وێستگە تانەلێدراوەکان بەڕێوەدەچێت؛ دواتر ئەنجامەکە رەوانەی دەستەی دادوەریی دەکرێت و پاشان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بەفەرمی رادەگەیەنین». عیماد جەمیل وتیشی «بڕیارە ئەمڕۆ ئاماژە بۆ ئەو پارێزگایانە بکرێت کە گۆڕانکاریی بەسەر کورسییەکانیان دێت؛ بۆیە رەنگە ناوی ئەو کەسانە رابگەیەندرێت کە تانەیان پێشکێش کردووە، بەڵام ناوی ئەو بەربژێرانە راناگەیەندرێت کە سەرکەوتوون لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکان بەهۆی ئەو تانانە، چونکە راگەیاندنی ناوەکان لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دەبێت». بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو؛ رەوتی سەدر 73 کورسی پەرلەمان، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 16 کورسی ، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 33 کورسیان بەدەستهێناوە؛ هاوپەیمانیی فەتح کە لەخولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە، هاوکات سەربەخۆکان زیاتر لە 35 کورسییان لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان بردەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیریی کۆمسیۆن دەکات نوێنەری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق دەڵێت، هەڵبژاردنەکەی مانگی رابردووی عێراق بەو جۆرە هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە کە ئاشتییانە بەڕێوەچوو و رێکوپێک بوو. جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق رایگەیاند «هەڵبژاردنەکان وا هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە کە بەگشتی ئاشتییانە و رێکوپێک بوون و بەرەوپێشچوونی بەرچاوی تەکنیکی و کارگێڕییان تێدابوو. بەگشتی، هەڵبژاردنەکە دەستکەوتێکی گەورە بوو. حکومەت و پارتەکانی عێراق کارێکی باش دەکەن ئەگەر بەئاشکرا دانی پێدابنێن.» جێنین پلاسخارت دوێنێ سێشەممە 23-11-2021 لە میانی پێشکێشکردنی وتەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی عێراق بەگشتی و هەڵبژاردنەکەی مانگی رابردوو، جەختی لەوەکردەوە کە «دەبێت ئارامی و ئاسایشی وڵات بپارێزرێت» وتیشی «ئەو پڕۆسە دیموکراسییەی لە عێراق دەستیپێکردووە، دەبێت درێژەی هەبێت.» نوێنەرەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق هانی لایەنەکانی وڵاتی دا پێکەوە دانوستاندن بکەن و گوتی، «دیالۆگ و دانبەخۆداگرتن» تەنیا رێگەن بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە. هەروەها پلاسخارت لەبارەی رێژەی ژن لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقیشدا قسەی کرد و وتی: «وا دیارە بەربژێرە ژنەکان زۆر بەباشی کاری خۆیان کردووە و سوودیان لە کۆتای دیاریکراو بۆ خۆیان وەرگرتووە کە 25٪ە و دەکرێت ئەو رێژەیشیان تێپەڕکردبێت، چونکە ئەو رێژەیە کەمترین سنوور دیاریدەکات، نەوەک زیاترین.» لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، ژمارەیەکی زۆر لەلایەنە سیاسییە شیعەکان، جگە لە رەوتی سەدر، ئەنجامەکەیان رەتکردەوە و لایەنگرانی حەشدی شەعبیش دەستیان بە ناڕەزایی، مانگرتن و خۆپێشاندان لە نزیک ناوچەی سەوز کرد. ئەوان دەڵێن، هەڵبژاردنەکە ساختەکاری تێدا کراوەو هەربۆیە داوای بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکان یان دووبارەکردنەوەی پڕۆسەکە دەکەن. پلاسخارت لەو بارەوە قسەی کرد و وتی «تا ئێستا، وەکو دەسەڵاتی دادەوەریی عێراق رایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەک لەسەر هەبوونی ساختەکاری نەخشەبۆدانراو نییە. پێویستە هەموو نیگەرانییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن کە تائێستاش بەردەوامن، بە رێگەی یاسایی و بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.»

شاناز حەسەن سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران داوا لە کەسوکاری ئەو کەسانە دەکات، کە سەرنشینی بەلەمەکە بوون، هەموو زانیارییە کەسییەکانیان بۆ بنێرن، بۆئەوەی لە رێگەی نوێنەری دەزگاکەیانەوە بتوانن سۆراخیان بکەن و بیاندۆزنەوە دەڵێت:" تائێستا ناسنامەی هیچ كۆچبەرێك دیار نییە". ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"تائێستا ناسنامەی هیچ كۆچبەرێك دیار نییە، چونكە زۆربەی كۆچبەران لەكاتی چونەناو بەلەمەكانەوە ناسنامەكانیان فرێ دەدەن یان لەگەڵ خۆیان نایبەن بۆیە هیچ ناسنامەیەك تائێستا نەدۆزراوەتەوە". سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران وتیشی:" تائێستا تەرمی 27 كەس دۆزراوەتەوە و دوان بریندارن و بێهۆشن لەنەخۆشخانەن لەئێستادا چاوەڕێین ئەو دو كۆچبەرە بەهۆش بێنەوە و هاوكارمان بن بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی كۆچبەرە خنكاوەكانی دیكە". لەو 33 کۆچبەرە یەکێکیان بێسەروشوێنە و دووانیشیان رزگارکراون و لە نەخۆشخانەن. چاوەڕێن بەهۆش خۆیان بێنەوە و بزانن خەڵکی کوێن. لەنێو قوربانییەکان 5 ژن و منداڵێک هەن. کارەساتەکە بە خراپترینی کەناڵی ئینگلیزی دادەنرێت کە لە ساڵی 2018وە بووەتە رێگەی ئەو کۆچبەرانەی لە فەرەنساوە دەچن بۆ بەریتانیا. وەزیری ناوخۆی فەرەنسا قاچاخچییەکانی بە روودانی ئەو رووداوە تۆمەتبارکرد و وتی: "قاچاخچییەکان بەرپرسیارن لەم تراژیدیایە، کە ژیانی ژن، پیاو و منداڵانی بێگوناح دەخەنە مەترسییەوە، پۆلیس و هێزەکانی سوپا گەڕانی رۆژانەی بەردەوامیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم تاوانبارانە هەیە". لە ماوەی رابردووشدا بەهۆی زیادبوونی پەڕینەوەی کۆچبەران، ناکۆکی لەنێوان پاریس و لەندەن زیادیکردووە. بەریتانیا داوا لە فەرەنسا دەکات کەناڵەکە باشتر پاسەوانیی بکات بۆئەوەی رێگە لە پەڕینەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان بگرێت. کەناڵ ئینگلیز یەکێکە لە هەرە قەرەباڵخترین رێرەوە دەریاییەکان لە جیهاندا، و رۆژانە کەشتییە بازرگانیی و گەشتیارییەکان لەنێوان هەردوو وڵات هاتووچۆ دەکەن. قاچاخچییەکانیش چەند ساڵێکە ئەم رێگەیە بەکاردەهێنن بۆ پەڕاندنەوەی کۆچبەران لەڕێگەی بەلەمەوە کە زۆرجار هەڵگرتنی سەرنشینی زیاتر لە توانای بەلەمەکە، "کارەساتی" لێدەکەوێتەوە.  

هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند:" ئەو دوو کۆچبەرەی کە لە روداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک بە 33 کۆچبەرەوە رزگاریان بووە، یەکێکیان عێراقییە و ئەوەی دیکەیان خەڵکی سۆماڵە. جێرارد دارمیان، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ رادیۆی RTL گوتوویەتی، نقوومبوونی بەلەمی ئەو کۆچبەرانە "تراژیدیایەکی گەورە بوو". وەزیری ناوخۆی فەرەنسا زانیاریی زیاتر دەربارەی ناسنامەی قوربانییەکان لەلا نەبوو، بەڵام ئەوەی خستووەتەڕوو کە دوو رزگاربووەکە یەکێکیان عێراقییە و ئەوەی دیکە سۆماڵی، ئێستاش لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکی وەردەگرن. بە وتەی جێرارد دارمیان، 31 ژن و پیاو و منداڵی کۆچبەر لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە خنکاون و "قاچاخچییەکان بەرپرسیارن لەم تراژیدیایە". رووداوەکە بە گەورەترین کارەساتی لەو جۆرە دادەنرێت کە لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا روویدابێت. 34 کۆچبەر کە هێشتا نازانرێت خەڵکی کوێن بە بەلەمێک لە کالێی فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا دەڕۆیشتن بەڵام بەلەمەکەیان نقوومبوو و 31 کەسیان گیانیان لەدەستدا.

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"وه‌ك هه‌ميشه‌ پابه‌ندين به‌ پشتيوانيكردن و پاراستنى مافه‌كانى ئافره‌تان". نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ئافرەتاندا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: "هه‌موو جۆره‌ تووندوتيژى و گێچه‌ڵ و پێشێلكارييه‌ك له‌ هه‌ر كات و شوێن و له‌ هه‌ر ئاستێكدا بێت به‌رامبه‌ر به‌ ژنان ره‌تده‌كه‌ينه‌وه و دژى ده‌وه‌ستينه‌وە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەکەیدا هەروەها نووسیویەتی: "وه‌ك هه‌ميشه‌ پابه‌ندين به‌ پشتيوانيكردن و پاراستنى مافه‌كانى ئافره‌تان". 25ی تشرینی دووەم، لە ساڵی 1999ـەوە بە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان دانراوە. لەم رۆژەدا لە چەندین وڵات ژمارەیەک چالاکی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە بارەی تووندوتیژی دژی ژنان دەکرێن، لە بەشێک لە وڵاتانیش بۆ داکۆکیکردن لە پاراستنی ژنان، خۆپیشاندان دەکرێن. 

عەمار عەزیز ئاوارەكانی كەمپی شاریا لەپارێزگای دهۆك داوا دەكەن لەم وەزری زستانەدا نەوتیان بەسەردا دابەشبكرێت، بەڵام بەرپرسانی كەمپ دەڵێن چاوەڕێی حكومەتی عێراقن تا سوتەمەنیان بۆ رەوانە بكەن. هەموو ساڵێك حكومەتی عێراق بۆ هەر خێزانێكی ئاوارە بڕی 100 تا 200 لیتر نەوتی سپی بەسەردا دابەشكردوون، بەڵام بۆ ئەمساڵ هیچ بڕە نەوتێكیان پێنەدراوە. سێڤێ‌ حەمو سلو ، كچێكی ئاوارەیی ئێزیدییە لە كەمپی باجد كەنداڵا لەسنوری قەزای زاخۆ لەلێدوانێكدا  بەهاوڵاتی وت» چەند رۆژێكە وەرزی سەرما و باران دەستیپێكردووە، لەبەیانیان و شەوان زۆر سەرمایە بەناچارییەوەو لەسەر حسابی خۆمان نەوتمان كڕیوە، ئەگەر لە وەرزی باران و سەرما نەوت بەئێمە نەدەن دوای چەند مانگێكی تر چی لێ‌بكەین خۆ نایكەینە ناو موبەریدەوە».  سێڤێ‌ پێشیوابوو كە ئەوە حەوت ساڵە ئەو كێشەیەیان هەیە هەموو ساڵێك چەند مانگێك دوادەكەوێت ئینجا نەوت وەردەگرن، وتیشی:»زانیاریمان هەیە كە نەوت هەیە بەڵام دابەشی ناكەن، ئێمە ئاوارەین و لەژێر خێوەتدا دەژین». هەروەها سلێمان خودێدا، ئاوارەیەكی قەزای شنگال ماوەی حەوت ساڵە لەكەمپی شاریای سەر بەشاری دهۆك دەژی، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» سادەترین ماف بەئێمە نادرێت ئەویش دابەشكردنی یەك بەرمیل نەوتە، چ خوا قبوڵ دەكات ئێمە بەو سەرمایە و بەبێ‌ سۆپا لەناو خێوەتدا بژین، ناچار بە بەتانی و لحێف خۆمان گەرم دەكەین، منداڵەكانمان لەبەر سەرما خەویان لێ‌ناكەوێت». سلێمان خودێدا وتیشی» لەبەر خاتری منداڵەكان كە لەژێر خێوەتێكی دڕاو دەژین با نەوتمان بۆ دابین بكرێت». پیر عەلو كەچەل، بەڕێوەبەری كەمپی خانكێ‌ی ئاوارەكانی شەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»هێشتا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی نەوت بەسەر ئاوارەكان دیارینەكراوە، رۆژانە ئاوارەكان بۆ دابەشكردنی نەوت سەردانی كارگێڕی كەمپ دەكەن، ئێمەش داواكاری ئەوانمان گەیاندوە لایەنە پەیوەندیدارەكان». هەروەها پێشیوابوو كە هۆكاری دابەشنەكردنەكە بۆ حكومەتی عیراق دەگەڕێتەوە، ئەوان هەموو ساڵێك نەوتیان بۆ ئاوارەكان دابین كردووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ تائێستا هیچ دیارنیە هەر دەڵێن بەمنزیكانە پێیان دەدرێت. پیر عەلو وتیشی « هێشتا وەجبەی دووەمی ساڵی رابردوو دابەش نەكراوە ، هەموو ساڵێك بەدوو وەجبە نەوت دابەشدەكرێت بۆ هەر وەجبەیەك بڕی 100 لیتر زۆرینەی ئاوارەكان ناتوانن نەوت بۆ خۆیان بكڕن تەنانەت هەندێك خێزان هەن ناتوانن یەك لیتر نەوت بكڕن ، لەوەرزی زستان دۆخی ژیانیان دوو ئەوەندە سەخت و ناخۆش دەبێت». هاوكات، ئەسكەندەر موحەمەد ئەمین، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەپارێزگای دهۆك ئەوەی خستەڕوو كە ساڵی رابردوو 100 لیتر نەوت بەسەر ژمارەیەكی زۆر لەئاوارەكان دابەش كردووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی چەند رێكارێكی كارگێڕی تا ئێستا دابەشیان نەكردووە. بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەپارێزگای دهۆك، ئەوەشی باسكرد كە داوایان لەوەزارەتی كۆچ و كۆچبەران كردووە تا بەشە نەوتی ئاوارەكان رەوانە بكەن. ئەسكەندەر موحەمەد ئەمین ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئاوارەكان زیاتر پەلەیانە  بۆ ئەوەی نەوت لەسەریان دابەش بكەن، چونكە مافی ئەوانە و وەزری سەرماو باران  دەستیپێكردووە.

  هاوڵاتی  وه‌زاره‌تی دارایی رایگەیاند:" رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 28ی تشرینی دووه‌می 2021، مووچه‌ی دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و لیواكان دابه‌ش ده‌كرێت". ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25ی تشرینی دووه‌می 2021، وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی ئه‌م مانگه‌ كرد، هه‌ر ئه‌مڕۆ خشته‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 28ی تشرینی دووه‌می 2021ی بڵاوكرده‌وه‌. وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم رایگه‌یاند، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 28ی تشرینی دووه‌می 2021، مووچه‌ی دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و لیواكان دابه‌ش ده‌كرێت.

  هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"  کار دەکات لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بکەن". مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە و پێویستە هەموومان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەین. دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە درێژەدان بە پشتیوانیکردنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی و نەهێشتنی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژی دژی ئافرەتان بەتایبەتی، دووپات دەکەینەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کار دەکات لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بکەن، بەشێوەیەک بتوانن بە لێهاتوویی خۆیانەوە وەک بکەرێکی سەرەکی لە کۆی کایەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا بەشدار بن. حکومەتی هەرێم، پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی پێگەیان لەناو حکومەت و کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و هەموو جیاکارییەک لەسەر بنەمای ڕەگەز. بۆیە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە تایبەت دامەزراوە پەروەردەییەکانی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە ئایینیەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن و رۆڵی گرنگی خۆیان لە برەودان بە کولتوری لێبوردەیی و هوشیاری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان بگێڕن، چونکە رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە و پێویستە هەموومان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەین. ئومێدەوارم هەرێمی کوردستان بە هاوکاری هەموولایەک، نموونەیەکی گەشی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بێت، بەتایبەت توندوتیژی لەسەربنەمای جێندەر. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 25 ی نۆڤێمبەری2021

هاوڵاتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، هەڵوێستی خۆی لەبارەی خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان راگەیاند و دەڵێت: "دەبێت هەموومان بەرپرسانە مامەڵە بکەین".  مستەفا کازمی، شەوی رابردوو لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی نووسیویەتی: "رووداوە ئازەربەخشەکانی ئەمدواییانەی هەرێمی کوردستان لەوانە لە سلێمانیی خۆشەویست، پێویستی بە هەڵوێستێکی بەرپرسانەی هەمووان هەیە بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و راگرتنی تێکچوونی دۆخەکە".  سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختلەوەدەکاتەوە: "خۆپێشاندانی ئاشتییانە مافێکە، دەستوور گەرەنتی کردووە. پەلاماردانی خۆپێشاندەران و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتییش دوو کاری رەتکراوەن". دوێنێ، چوارشەممە، لە چوارەم رۆژی خۆپێشاندانی خوێندکاران لە پارێزگای سلێمانی، چەند شوێنێکی گشتیی و حیزبی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێندران. هەروەها هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیانکردە سەر قوتابیانی زانکۆی سلێمانی و تووندوتیژیی لێکەوتەوە.  

سەركۆ جەمال ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات كە یەكەمجارە لەدوای ساڵی 2015 پرۆژەی بوودجە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەڵام ئامادەنییە ژمارەی خەمڵێندراوی پرۆژەكە ئاشكرا بكات. لەهەرێمی كوردستاندا پارتی و یەكێتی لەژێر ناوی یەكەی 70 و 80 هێزی پێشمەرگەی خۆیان هەیە و بڕیارە لەڕێی چاكسازییەكانەوە یەكەی ژمێریارییان یەكبخرێتەوە و بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»پرۆژە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لەوەزارەتی پێشمەرگەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی كراوە و گفتوگۆی سەرەتایی لەبارەوە كراوە لەسەر هەموو لایەنەكانی». هەروەها وتیشی:» وەزارەتی دارایی بەر لەسەری ساڵ گفتوگۆ لەسەر بودجەی خەمڵێندراوی هەموو وەزارەتەكان دەكات پاش گفتوگۆش دەگەنە بودجەیەكی خەمڵێندراو، ئەم پرۆژەیەش دواتر دەدرێتە ئەنجومەنی وەزیران و لەلایەن لیژنەیەكەوە پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت و پاشانیش لەگەڵ وەزارەتی دارایی گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت و دواتر دەدرێتە پەرلەمانی كوردستان». ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشكرد لەهەرێمی كوردستان لە2015 ەوە ئەم پرۆژەیە ئامادە دەكرێت بەڵام تائێستا یەكەمجارە دەدرێتە پەرلەمانی كوردستان تا گفتوگۆی لەسەربكرێت، وتیشی:»ژمارە پێشكەش ناكەین، چونكە ژمارەی ناو بودجەكان سەرجەمیان خەمڵێندراون و تا پەسەند نەكرێن ناتوانین هیچ ژمارەیەك لەبارەی پرۆژە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵێین». سەبارەت بەوەی بودجەی هەموو هێزەكانی پێشمەرگە بەیەكەكانی 70 و 80 ی وەزارەتی پێشمەرگەشەوە كە تائێستا یەكیان نەگرتووەتەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، جەبار یاوەر وتی:»ئەو بودجەیەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە دەكرێت بۆ هەموو وەزارەتی پێشمەرگەیە بە یەكەكانی 70 و 80 شەوە هەروەها ئەو یەكانەش كە لەلایەن ئەمریكاوە كراون بە لیوای هاوبەش لەوەزارەتی پێشمەرگە». ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشكرد كە لەساڵی 2010 ەوە تائێستا بوودجەی هێزەكانی پێشمەرگە بەیەكگرتوویی پێشكەش بەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كورستان دەكرێت و ئەمساڵیش سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگەیە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا. رۆژی یەكشەممەی رابردوو فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی چەند كاتژمێری كردووە لەنێوان تیمی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو یەكەی ژمێریاری هێزەكانی 80 و 70ی هێزەكانی پێشمەرگە. ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەكۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە: دواهەمین پڕۆژەی بوودجەی خەمڵێنراوی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2022 لەلایەن هەردوو تیمی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای چەندین گفتوگۆ و داڕشتنی ورد، گەیشتووەتە دەرئەنجامی كۆتایی و لەلایەن هەردوو تیمی هاوبەشەوە واژوو كراوە تا رەوانە بكرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەسەندكردنی. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی لەساڵانی رابردوودا بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە كراوە بووە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە لەشەڕی داعشدا بووە هەموو كاتێك ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خەت بووە تا بودجەو پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكات، جیاواز لەوەزارەتەكانی دیكە. ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەپێی ئامارە نافەرمیەكان و ئەو زانیاریانەی  دەستیكەوتوون، جگە لەهێزەكانی 70 و 80 كە هێزی پارتی و یەكێتین و تائێستا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە یەكیان نەگرتووەتەوە، 160 هەزار پێشمەرگەیە. عوسمان كەریم، جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە  پرۆژەی بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە تائێستا نەگەیشتووەتە دەستیان. هاوكات، رزگار حەمەد، بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد، وەكو لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان ئاگاداری بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە نین، بەڵام رۆژی دووشەممە 22/11/2021 كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، لەو كۆبوونەوەیەكدا وەكو لیژنەی پێشمەرگە بڕیاریاندا سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە بكەین و لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە كۆببینەوە.