هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنساوە دۆخی کۆچبەرانی سەر سنوری و پۆڵەندا و مانەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاووتوێ کرد رێککەوتن کە تیمێکی تەکنیکی لە پاریسەوە سەردانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بکات. لەبارەی دۆخی کۆچبەرانەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هاوڕابوون کە "ئەوان بوونەتە قوربانیی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و گەمەیەکی سیاسی". بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گەڕانەوەی سەدان کۆچبەر بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق داوە و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕیوە بۆ هەر هاریکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەپێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کۆچبەرانەی ماون. مەسرور بارزانی داوایشی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کردووە "رۆڵی خۆیان لە گەیاندنی فریاگوزاری بەو کۆچبەرانەی لە سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندا گیریانخواردووە، بگێڕێت". وەکو لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە پێزانینەوە باسی لەو رێکارانە کردووە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە بەپەلە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەماهەنگییان کرد و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیان دا". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە تیمێکی تەکنیکی لە پاریسەوە سەردانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بکات بۆ بەدواداچوون و گرتنەبەری رێکاری پێویست. هەردوولاش هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا.
هاوڵاتی سەرۆکی بێلاڕوسیا رایگەیاند:"ئامادەکاری دەکەن بۆ رێکخستنی گەشتێکی دیکەی ئاسمانی لە کۆتایی ئەم مانگەدا بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران. ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلاڕوسیا رایگەیاند:" نایەوێت وڵاتەکەی لەگەڵ پۆڵەندا بەهۆی پرسی کۆچبەرانەوە تووشی پێکدادان ببێت، کە پێدەچێت سەربکێشێت بۆ جەنگ. سەرۆکی بێلاڕووس ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیوەست بە پرسی کۆچبەران، چاوەڕێی وەڵامی یەکێتیی ئەوروپان بۆ وەرگرتنی 2000 کۆچبەر، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەکردوون، دەشڵێت، "ئێمە دەبێت داوا لە ئەڵمانیا بکەین کۆچبەران وەربگرن". لوکاشێنکۆ ئەوەی خستووەتەڕوو کە پێویستە پۆڵەندا بیر لە چۆنێتی گفتوگۆکردن لەگەڵ رووسیا و چین بکاتەوە ئەگەر رێگەی شەمەندەفەری سنوورەکەی دابخات، دەشڵێت "ئەوان چین و رووسیا تووندن و بە خێرایی وەڵامی پۆڵەندییەکان دەدەنەوە". هەر لەوبارەیەوە سەرۆکی بێلاڕووس گوتووشیەتی، "هەڕەشەکانی پۆڵەندا بۆ داخستنی رێگەی شەمەندەفەر، بێلاڕووس دەتوانێت کاردانەوەی پێچەوانەی هەبێت و پێویست بەوە بکات کە رێگەکەی بگوازێتەوە بۆ ئۆکراینا". پێشتر لوکاشێنکۆ لەبارەی دەرەنجامەکانی هەڕەشەکان لە دژی وڵاتەکەی، هۆشداریی دایە سیاسییەکانی پۆڵەندا لە داخستنی سنووری ئەو وڵاتە و گوتیشی، "ئەگەر دەتانەوێت ئەو کارە بکەن، کەوایە بیکەن. ئەگەر پێتانوایە کە ئەوە چارەسەرێکی باشترە، کەوایە بەردەوامبن". وڵاتانی رۆژئاوا بێلاڕووس بەوە تۆمەتباردەکەن کە کۆچبەرانیان بردووەتە سەر سنوورەکانی ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا سنووری پۆڵەندا و لیتوانیا و بەڵێنی پەڕینەوەی ئاسانیان بۆ نێو خاکی یەکێتییەکە پێداون. بێلاڕووسیش ئەوە رەتدەکاتەوە و رەخنە لە یەکێتیی ئەوروپا دەگرێت کە کۆچبەران وەرناگرێت. سەرۆکی بێلاڕووس باسی لەوەش کرد، "ئەنگێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا بەڵێنی پێداوم کە تاوتوێی کێسەی کۆچبەران لە ئاستی یەکێتیی ئەوروپا دەکات، بەڵام نەیانکردووە".
هاوڵاتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینهوهى زانستى حكومهتى ههرێم لهبارهى گرژییهكانى ئهمڕۆى سلێمانى پهیامێكى بڵاوكردهوه و رایگەیاند:" لهیهكهم ههفتهى دهستبهكاربونم ئهو داواكاریهم بهرزكردهوهو داوا لهخوێندكارانیش دهكهم یاداشتێك بهرزبكهنهوه بۆ ئهوهى جارێكى دیكه ئیشى لهسهر بكهینهوه". ئەمڕۆ دووشهممه 22ی تشرینی دووهمی 2021، ئارام محهمهد وهزیرى خوێندنى باڵاو توێژینهوهى زانستى حكومهتى ههرێم لهپهیامێكدا بۆ خوێندكارانو گرژییهكان ڕایگهیاند، "داوام لهد.ههڤاڵ ئهبوبهكر كرد ههوڵبدهن بههێمنى مامهڵه لهگهڵ خوێندكاران بكرێتو توندوتیژیان لهدژ بهكارنههێنرێت، چونكه داواكاریهكانیان ڕهوایهو مافى خۆیانه". وتیشى:"چهندجارێك لهكۆبونهوهكانى ئهنجومهنى وهزیران باسى دهرماڵهمان كردوه، داواكاریشم ناردوه بۆ ئهنجومهنى وهزیرانو لهوێشهوه ڕهوانهى وهزارهتى دارایی كراوه، بهڵام بهچهند هۆكارێك داواكاریهكه جێبهجێنهكراوه". وهزیرى خوێندنى باڵا ئهوهشى ڕونكردهوه، "هیوادارم خۆپیشاندانى خوێندكاران نهبێته ئهوهى بڵێن ئێمه بیرمان خستنهوه، نا بهپێچهوانهوه ئهوه خهمێكى گهورهى من بوهو چهندجارێكى دیكهش ئهو ههوڵهم داوه، بهڵام داوایان لێدهكهم یاداشتێك بنوسنو لهڕێگهى سهرۆكایهتى زانكۆو پارێزگارهوه بۆ ئێمهى بهرزبكهنهوه بۆ ئهوهى ههرچى زوه لهسهر مافهكانیان بێینه دهنگ". ئهوهشى وت:"تائێستا هیچ داواكاریهكى خوێندكاران نهگهیشتۆته منو داوایان لێدهكهم ههرچى زوه یاداشتێكم بۆ بنوسن، چونكه لهیهكهم ههفتهى دهستبهكاربونم وهك وهزیرى خوێندنى باڵاو توێژینهوهى زانستى حكومهت كارم لهسهر ئهوه كردوهو بهمافێكى ڕهوام زانیوه". ئهمڕۆ ژمارهیهكى زۆر لهخوێندكارانى زانكۆو پهیمانگهكان لهسلێمانى خۆپیشاندانى ناڕهزاییان ئهنجامداو داواى خهرجكردنهوهى دهرماڵهو دابینكردنى بهشه ناوخۆییان كرد، دواتر هێزه ئهمنیهكان بهگازى فرمێسك ڕێژ ڕوبهڕویان بونهوه.
شاناز حەسەن بهڕێوهبهری راگهیاندنی ئاوی سلێمانی رایگەیاند:" بەهۆی شكانی ئەو بۆری ئاوەوە لە سەدا 70 گەڕەكەكانی ناو شاری سلێمانی بۆ ماوەیەكی نادیار بێ ئاو دەبن". ئەمشەو بۆری سهرهكی ئاوی دوكان – سلێمانی شكاو بهوهۆیهوه ئاستهنگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران درووستبوو لەئەمڕۆدا زۆربهی گهڕهكانی سلێمانی بێ ئاودەبن. ئامانج جهلال، بهڕێوهبهری راگهیاندنی ئاوی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" بەهۆی بڕانی کارەبای لەناکاو لە هێڵی دوی ئاوی دوکان سلێمانی بوەهۆی شکانی بۆری پڕۆژەکە. وتیشی: "بەو هۆیەوە بۆ ماوەی زیاتر لە 24 كاتژمێر دابەشکردنی ئاو لە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری سلێمانی و تەواوی گەڕەکەکانی ناوچەی قڕگە و قەزاو ناحیەکانی شۆڕش و چەمچەماڵ و تەکێ و بازیان و گۆپاڵە و پیرەمەگروون دەوەستێت". باسی لهوهشكرد: لە ئێستادا تیمەکانی بەڕێوهبەرایەتیمان سەرقاڵی چاکردنی بۆریەکهن، بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئاو بگاتەوە بە هاوڵاتیان بەڵام نازانین كەی دەتوانن بۆریەكە چاك بكرێت دابەشكردنی ئاو دەست پێبكاتەوە. له لایهكی دیكهوه زۆربهی گهڕهكهكانی سلێمانی ماوهی 10 رۆژه دابهشكردنی ئاویان راگیراوه، بههۆی پاككردنهوهی بۆرییهكانیان، ئامانج جهلال باسی لهوهشكرد، بڕیاربوو ئهو گهڕهكانه ئهمشهو ئاویان بۆ بهربدرێتهوه، بهڵام دابهشكردنهكه كێشهی تێكهوت بههۆی شكانی بۆری سهرهكییهوه. ئەمەش لەكاتێكدایە ئەمساڵ بەهۆی وشكەساڵیەوە كێشەی كەمئاوی بۆ زۆربەی گەڕەكەكانی شاری سلێمانی دروست بووە و زۆربەی ماڵان بە تەنكەر ئاوی پێویستیان دابین كردووە.
هاوڵاتی موقتەدا سەدر رایگەیاند:" نابێ دەستوەردان لە کاری دادوەری و دادگا بکرێت لە پرسی پەسندکردنی ئەنجامەکان کە کەسانێک دەیانەوێ بیانگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن رکابەریی گەورەترین فراکسیۆن بکەن بەمەبەستی رێگرتن لە حکومەتی زۆرینە کە نیگەرانبوون لە ئاماژەکانی دەرکەوتنی". ئەمڕۆ دووشهممه 22ی تشرینی دووهمی 2021، موقتەدا سەدر لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "ئێمە بەوپەڕی شانازیی و سەربەرزییەوە دەڵێین، کاری کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە هەموو وردەکارییەکەوە بێگەرد و ورد و پیشەگەرانەیە؛ بۆیە دەستوەردان لە کاری کۆمسیۆن رەتدەکەینەوە؛ هاوکات جەختدەکەینەوە لە سەلامەتیی کارمەندانی کۆمسیۆن". رێبەری رەوتی سەدر راشیگەیاند: "هەموو گوشارە سیاسی و ئەمنییەکان کە دەخرێنەسەر کۆمیسیۆن لە یەکەم رۆژی کارکردنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ رەتدەکەینەوە؛ بە شکۆ و رێزەوە پاڵپشتیی لە هەڵوێستە پیشەیی و بێگەردەکانی کۆمسیۆن دەکەم؛ بۆیە سوپاسی هەموو ئەندامانی کۆمسیۆن دەکەم، بەتایبەت برامان دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف (سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق)". رێبەری رەوتی سەدر لە تویتەکەیدا هۆشداریش دەدات کە: "نابێ دەستوەردان لە کاری دادوەری و دادگا بکرێت لە پرسی پەسندکردنی ئەنجامەکان کە کەسانێک دەیانەوێ بیانگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن رکابەریی گەورەترین فراکسیۆن بکەن بەمەبەستی رێگرتن لە حکومەتی زۆرینە کە نیگەرانبوون لە ئاماژەکانی دەرکەوتنی". سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی تانەکان کە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دراون، عیماد جەمیل، ئەندامی فەرمانگەی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمیسیۆن ئەمڕۆ دووشەممە 22-11-2021 ئەنجامی تانە پێشکێشکراوەکان رادەگەیەنێت کە ژمارەیان 1436 تانەیە؛ لە دوو رۆژی داهاتوودا پرۆسەی بە دەست جیاکردنەوەی دەنگەکانی وێستگە تانەلێدراوەکان بەڕێوەدەچێت؛ دواتر ئەنجامەکە رەوانەی دەستەی دادوەریی دەکرێت و پاشان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بە فەرمی رادەگەیەنین". عیماد جەمیل گوتیشی: "بڕیارە ئەمڕۆ ئاماژە بۆ ئەو پارێزگایانە بکرێت کە گۆڕانکاریی بەسەر کورسییەکانیان دێت؛ بۆیە رەنگە ناوی ئەو کەسانە رابگەیەندرێت کە تانەیان پێشکێش کردووە، بەڵام ناوی ئەو بەربژێرانە راناگەیەندرێت کە سەرکەوتوون لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکان بەهۆی ئەو تانانە، چونکە راگەیاندنی ناوەکان لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دەبێت". بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو؛ رەوتی سەدر 73 کورسی پەرلەمان، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 16 کورسی ، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 33 کورسیان بەدەستهێناوە؛ هاوپەیمانیی فەتح کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە، هاوکات سەربەخۆکان زیاتر لە 35 کورسییان لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان بردەوە.
هاوڵاتی سكرتێری گشتی نهتهوه یهكگرتوهكان ڕایگەیاند:" له ههر 24 چركهیهكدا، كهسێك بهڕوداوهكانی هاتوچۆ لهجیهاندا دهمرێت واتە لەهەر خولەكێكدا دوو كەس بە روداوەكانی هاتوچۆ گیان لەدەستدەدەن". ئەمڕۆ یەک شەممە 21ی تشریتنی دووەمی2021، ئهنتۆنیۆ گۆتێرس له تویتێكدا له ههژماری تایبهتی خۆی، ئهمڕۆ یهكشهممه، پهیامێكی ئاراستهی ههمو وڵات و كۆمپانیاو هاوڵاتیانی سهرتاسهری جیهان كرد، بهشداری بكهن لهپشتیوانیكردنی ههوڵهكان بۆ پاراستنی سهلامهتی ڕێگاكان. ئهنتۆنیۆ گۆتێرس ئاماژهی به ژمارهی قوربانیانی ڕوداوهكانی هاتوچۆ كرد و رایگهیاند، هاوڵاتیان بهڕێژهی 90% قوربانین لهروداوهكان لهسهر ئاستی جیهان، بهجۆرێك له ههر 24 چركهیهكدا، كهسێك بهڕوداوهكان دهمرێت. سكرتێری گشتی نهتهوه یهكگرتوهكان جهختی لهسهر پێویستیی ههڵوهستهكردن لهسهر پشتیوانیكردنی ههوڵهكان كردهوه، بۆ پاراستنی هاوڵاتیان لهڕوداوهكانی هاتوچۆ بهتایبهتی لهوڵاتانی گهشهسهندو و ههژاردا. رۆژی 21ی نۆڤێمبەر بە رۆژی جیهانی یادکردنەوەی قوربانیانی روداوەکانی هاتوچۆ ناسراوە.
هاوڵاتی کاندیدی دەرچوی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی ڕایگەیاند:" جوگرافیای کەرکوک هی ئێمەیە و ئەمانەتی مستەفا کەمال ئەتاتورکە”. دەڵێت:" ئێمە دەبینە حاکمی ئەو جوگرافیایە". ئەمڕۆ یەک شەممە 21ی تشریتنی دووەمی2021، ئەرشەد سالحی کاندیدی دەرچوو بۆ پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ شاری ساکاریا-ی تورکیا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ نەژادپەرستەکانی ئەو وڵاتە، ڕایگەیاند:” بۆ ئێمە ئەنقەرە چی بێت، کەرکوکیش هەمان شتە”، باسی لەوەشکرد، کەرکوک لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە “ئەمانەت”ی ئەوان کراوە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هەڕەشەی لە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا کرد و ڕاشیگەیاند:”هەنگاوی هەڵە نەهاوێن، ئەگەر ئێوە هەر هەنگاوێکی هەڵە بهاوێن، ئەوا ئەو جوگرافیایە پارچە دەبێت، هەرچی دەبێت با ببێت دەبێت دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئەو جوگرافیایە لەژێر دەستی ئێمەدابێت، ئەو جوگرافیایە هی ئێمەیە”. ئەرشەد سالحی درێژەی بە هەڕەشەکانی لەسەر شاری کەرکوک دا و ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە:”ئێمە ئەو جوگرافیایە بۆ ئێوە ناکەینە ماڵ، ئێمە دەبینە حاکمی ئەو جوگرافیایە”. كەركوك یەكێكە لە ناوچەن كێشە لەسەرەكان و ماددەی 140 كە ئێستا زۆربەی دانیشتوانەكەی كوردە و بەشێكی تورك و عەرەبە. پێشتر، تۆلای حاتیمۆگلەری ئۆروچ، پەرلەمانتاری هەدەپە پرسیارێکی ئاراستەی خوڵوسی ئاکار کرد سەبارەت بە راستی و دروستی ئەو راپۆرتانەی باسی بەکارهێنانی چەکی کیمایی دەکەن لە کوردستانی عێراق. بەڵام خوڵوسی ئاکار بەناوهێنانی کوردستان تووڕە بوو و قسەی بە پەرلەمانتارەکەی هەدەپە بڕی و گوتی: "لە تورکیا یان لە دەرەوەی تورکیادا، هیچ هەرێمێکی جوگرافی نییە بە ناوی کوردستان".
هاوڵاتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی قسەکانی وەزیری بەرگریی تورکیا دەداتەوە کە وتبووی "شوێنێک نییە بە ناوی کوردستان" و دەڵێت" ئەگەر ئەم بەڕێزە لە بوونی جوگرافیای كوردستان هەر گومانی هەیە با ئاوڕێك لە بەڵگەنامە و مێژووی عوسمانییەكان بداتەوە". ئهمڕۆ یەکشهممه 21ی تشرینی دووهمی 2021، وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "وتەكانی خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا لەمەڕ ئینكاركردنی كوردستان جێگەی سەرسوڕمانە. بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە كەسێك لە پێگەیەكی فەرمیی دەوڵەتدا رێگە بە خۆی بدات ئینكاری واقیعێكی مێژوویی و دیموگرافی و جیوگرافی بكات كە لە راستیدا خۆشی قەناعەتی پێی نییە. ئەو بەڕێزە خۆشی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و پێمان ناڵێ ئەو شوێنەی سەردانی كردووە كوێیە و ناوی چییە؟". وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەگەر ئەم بەڕێزە لە بوونی جوگرافیای كوردستان هەر گومانی هەیە با ئاوڕێك لە بەڵگەنامە و مێژووی عوسمانییەكان بداتەوە، ئینجا بۆی دەردەكەوێ كوردستان هەیە یان نییە. عەقلیەتی ئینكاركردنی میللەتێك و جیۆگرافیاكەی هەمیشە سەرچاوەی كێشە و گیروگرفت بووە و بە هیچ ئەنجامێك ناگات". هەفتەی رابردوو، لەو کۆبوونەوەیەدا کە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی 2022ی وەزارەتی بەرگریی تورکیا رێکخرابوو، تۆلای حاتیمۆگلەری ئۆروچ، پەرلەمانتاری هەدەپە پرسیارێکی ئاراستەی خوڵوسی ئاکار کرد سەبارەت بە راستی و دروستی ئەو راپۆرتانەی باسی بەکارهێنانی چەکی کیمایی دەکەن لە کوردستانی عێراق. بەڵام خوڵوسی ئاکار بەناوهێنانی کوردستان تووڕە بوو و قسەی بە پەرلەمانتارەکەی هەدەپە بڕی و گوتی: "لە تورکیا یان لە دەرەوەی تورکیادا، هیچ هەرێمێکی جوگرافی نییە بە ناوی کوردستان".
هاوڵاتی قوباد تاڵهبانی ڕایگەیاند:" هەمووان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییداین بۆ گێڕانەوەی متمانەی گەلەکەمان، بەتایبەت لەقۆناغی دوای هەڵبژاردن بە گرتنەبەری شێوازە دیموکراتییەکان وەک هۆکارێک بۆ گۆڕانکاری لەپێناو راستکردنەوە و بەرەوپێش بردن و بەدیهێنانی سەرکەوتنی زیاتر بۆ هەرێمەکەمان، بەگرنگ دەزانین". له رۆژی شههیدی یهكێتی كه دهكاته 21ی تشرینی دووهمی ههموو ساڵێك، قوباد تاڵهبانی، جێگری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان پهیامێكی بڵاوكردهوه و وتی " لەم رۆژە پڕ شکۆیەدا سەرباری دووپاتکردنەوەی بەڵێنی بەهێزترکردنی ریزەکانی یەکێتی، رایدەگەیەنین". له پهیامهكهیدا قوباد تاڵهبانی دهڵێت "رۆژی شەهیدی یەکێتی، رۆژێک بۆ شکۆدارکردنی یادەوەری قوربانیدانی رۆڵەکانمان لەپێناو هێنانەکایەی ئەمڕۆی ئازادی و سەربەستی، رۆژێک کە تێیدا یادەوەری ئەو هەزاران شەهیدەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەینەوە کەخوێنی پیرۆزی خۆیان کردە قوربانی بەرگری کردن لەم خاک و نیشتمانە." جێگری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان راشیگهیاندوه "لەرۆژی شەهیدی یەکێتی-دا رایدەگەیەنین کە؛ کێلی شەهیدەکانمان گەورەترین ناسنامەمانە، لەم رۆژەشدا پەیمان و وەفا دووپات دەکەینەوە کە پارێزەری دەستکەوتەکان بین و هەوڵ بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بدەین." دهشڵێت "لەم رۆژە پڕ شکۆیەدا سەرباری دووپاتکردنەوەی بەڵێنی بەهێزترکردنی ریزەکانی یەکێتی، رایدەگەیەنین کە؛ هەمووان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییداین بۆ گێڕانەوەی متمانەی گەلەکەمان، بەتایبەت لەقۆناغی دوای هەڵبژاردن بە گرتنەبەری شێوازە دیموکراتییەکان وەک هۆکارێک بۆ گۆڕانکاری لەپێناو راستکردنەوە و بەرەوپێش بردن و بەدیهێنانی سەرکەوتنی زیاتر بۆ هەرێمەکەمان، بەگرنگ دەزانین." له كۆتایی پهیامهكهشیدا قوباد تاڵهبانی نزای بۆ كوردستان كردوه و رایگهیاندوه "خوای گەورە کوردستانەکەمان بپارێزێت و سەری رێز دادەنەوێنین بۆ رۆحی شەهیدەكانمان و ھەمیشە خۆمان بەقەرزدارباری كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەزانین."
شاناز حەسەن وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم رایگەیاند:"هۆكاری سەرەكی روداوەكان شۆفێران خۆیانن كە تیژڕەویی و بەكارهێنانی موبایل وا دەكات توشی روداو بن و دەڵێت:" بەپێی ستاندارە جیهانیەكان هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن ئوتۆمبێلی زیادە". ئەسعەد مەلا كەریم، وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" هۆكاری سەرەكی زیادبونی روداوەكان لەهەرێمی كوردستاندا سێ هۆكارن( شۆفێران- ئوتۆمبێل-رێگاوبانەكان) كە زیاترینیان شۆفێرانن خۆیانن بە هۆی زۆری بەكارهێنانی موبایل و تیژرەوییەوە توشی روداو دەبن". رۆژی 21ی نۆڤێمبەر بە رۆژی جیهانی یادکردنەوەی قوربانیانی روداوەکانی هاتوچۆ ناسراوە. وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم وتيشى:" تاكە هۆكاری كەمكردنەوەی روداوەكان شۆفێران خۆیانن كە دەبێت زیاتر پابەندی ڕێنماییەكانی هاتوچۆ بن بۆ كەمركدنەوەی حاڵەتەكانی مردن و بریندار بوون". ئەسعەد مەلا كەریز زیاتر رونیكردەوە و وتی:" بمانەوێت روداوەكان كەمبنەوە دەبێت هۆكاری گواستنەوەی گشتی زیاد بكرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان كەمتر ئوتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بەكاربهێنن". بەپێی ستاندارە جیهانیەكان كە لەسەر ژمارەی دانیشتوان و كوالێتی شەقامەكان دیاریدەكرێت لەو وڵاتەدا چەند ئوتۆمبێلی پێویستە، وتەبێژەكەی هاتوچۆی هەرێم جەختی لەوە كردەوە " هەرێمی كوردستان یەك ملیۆن ئوتۆمبێلی زیاترە لە پێویستی خۆی و شەقامەكان". بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێم، لە 10 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 3 هەزار و 509 روداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان رویانداوە؛ لە ئەنجامی کۆی روداوەکاندا 530 کەس گیانیان لەدەستداوە و 6 هەزار و 26 کەسیش برینداربوون. زیاتر لە یەك ملیۆن و نۆ سەد و چل و حەوت هەزار و دوو سەد و حەفتا و دوو ئوتۆمبێل لەهەرێمی كوردستاندا هەیە.
هاوڵاتی هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری وەک یەکەم لایەن داواکارییەکی ئاڕاستەی دادگای فیدڕاڵی عێراق کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و رایگەیاند، "بەڵگەی ئەنجامدانی ساختەکارییان پێشکەش کردووە". هاوپەیمانی فەتح لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، هاوپەیمانییەکەیان داوایەکی یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ پێشکەشی دادگای فیدڕاڵی عێراق کردووە. باسی لەوەشکردوە، "بەڵگەی ئەنجامدانی ساختەکارییمان لەبوارەکانی یاسایی هونەری لەگەڵ سکاڵانامەکەدا پێشکەش کردووە، بۆیە داواشیان لە کۆمسیۆ کردووە تا یەکلاییکردنەوەی سکاڵەکەیان، راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە دوابخات". هاوپەیمانی فەتح کە پێکهاتووە لە زۆرینەی ئەو حزب و گروپانەی خۆیان وەک نوێنەری حەشدی شەعبی ناو دەبەن و باڵی سەربازییان لەناو ئەو هێزەدا هەیە، لەخولی رابردوی پەرلەماندا خاوەنی 47 کورسی بوون، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا 17 کورسییان بەدەستهێناوە.
هاوڵاتی وەزیری بەرگری پۆڵەندا ڕایگەیاند:" لەم ماوەیەدا چەندین هەوڵی تری دزە كردنە خاكی وڵاتەكەیان لە بیلاڕوسیاوە لەلایەن كۆچەرانەوە تۆمار كراوە و ئێستا ئەو كۆچەرانە تەكتیكی نوێ بۆ دزە كردن بەكاردەهێنن بۆ هاتنەناو خاکی ووڵاتەکەیانەوە. ئەمڕۆ شەممە 20ی تشریتنی دووەمی2021، ماریۆش بلاشاك وەزیری بەرگری پۆڵەندا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شەوی رابردوو وەك شەوەكانی پێشتر چەندین هەوڵی دزە كردنە ناو سنورەكانی پۆڵەندا لە بیلاڕوسیاوە لەلایەن كۆچەرانەوە تۆمار كراون، دەشڵێت، ئێستا كۆچبەرەکان تەكتیكی نوێ بۆ دزە كردن بەكاردەهێنن بۆ هاتنەناو خاکی پۆڵنداوە. باسیلەوەشکردووە، ''كۆچەران تەكتیكی نوێیان گرتووەتەبەر و لە رێگەی گروپی بچوك بچوك و لە چەند لایەكەوە هەوڵی دزە كردن دەدەن، گەورەترین گروپیان 200 كەس بوون و گروپەكانی تر بچووكتر بوون.'' ئەوەشیخستۆتەڕوو، بیلاڕوسیا رێنمایی كۆچەران دەكات بۆ دزە كردن و ئەو كێشەیەش بۆ چەندین مانگ بەردەوام دەبێت و هێزەكانی پاسەوانی سنور ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو حاڵەکاتێک. نزیکەی دە رۆژە کۆچبەران لە سنوری بیلاڕووسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووەو لە سەرمایەکی تاقەتپڕوکێندا ژیان بەسەر دەبەن، لەگەڵ ئەوەی پۆڵەندا ناهێڵێت سنور تێپەڕێنن و بیلاڕووسیاش ناهێڵێت بگەڕێنەوە. یەکێتی ئەوروپا بیلاڕووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە لێشاوەکەی دروستکردووە بۆ فشارخستنەسەر یەکێتییەکە و تۆڵەکردنەوە لەو سزایانەی بەسەریدا سەپاندووە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن سەرۆکی بیلاڕووسیاوە.
هاوڵاتی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "داواكاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دەستوریی نین و ئەو دوو دامەزراوەیە یاسایی و شەرعین". ئەمرۆ شەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2021، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، "داوای هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە داواكارییەكی نادەستورییە، چونكە پێشمەرگە و حەشدی شەعبیش دوو دامەزراوەی شەرعی و یاسایی و دەستورین". باسی لەوەشكردووە، "هێزەكانی پێشمەرگە لە دەستوردا بە هێزی پاسەوانی سنوور ناوبراوون و چوار یاسای بۆ دانراوە، هەروەها دەستور دانی پێدا ناوە بەپێی مادەی 117". قسەکانی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەکاتێكدایە، پێشتر موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر هێزێكی سەربازی سەر بە رەوتەكەی هەڵوەشاندەوە، هاوکات پێشمەرگە و ژمارەیەک هێزی دیکەی بە میلشیا ناوبردوو داوای هەڵوەشاندنەوەیانی کرد.
هاوڵاتی دووەم رۆژی کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەنامەی بەحرەین بە کۆبوونەوە لەگەڵ میگێل بێرگەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەستیپێکرد. ئەمڕۆ شهممه 20ی تشرینی دووهمی 2021، نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، وەفدی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لەگەڵ میگێل بێرگەر وەزیری دەولەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و دۆخی کۆچبەران لە سەر سنوری بێلاروسیا و پۆڵندا کرا. وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا ، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو رێکارانەی گرتوویەتەبەر لە بەرامبەر ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و هەروەها رێگریکردن لە کۆچکردنی نایاسایی و کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان . لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی برەودان بە وەبەرهێنان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ کران. رۆژی هەینی 19-11-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی وەفدێکی حکومی بەرەو مەنامەی پایتەختی شانشینی بەحرەین بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی "دایەلۆگی مەنامە 2021" کە رۆژانی 19-21ی تشرینی دووەم بە ئامادەبوونی چەندین سیاسەتمەدار، بیرمەند، خاوەنکار و کەسایەتيی ناسراوی جیهان بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆ دەربارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و بەرگری و کێشەکانی ناوچەکە و جیهان دەکرێت.
هاوڵاتی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، جەخت لە پشتیوانی وڵاتەکەی لە سەروەری عێراق دەکاتەوە و دەڵێت:"کاردەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرهەڵنەدانەوەی داعش". ئەمڕۆ شهممه 20ی تشرینی دووهمی 2021، لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە سەرکردەکانی جیهان باسی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە رایگەیاند: "لەگەڵ هاوبەشانمان بەردەوام دەبین لە شەڕی تیرۆر تاوەکو دڵنیابین داعش سەرهەڵناداتەوە، بەردەوامیش دەبین لە دابینکردنی ئازادی ئاسایشی گەڕان لە نێو دەریادا لە ناوچەکەدا ، هەروەها بەردەوام دەبین لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر و جەختکردنەوە لە شەڕی تیرۆر، سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییەی لە کارەکانمان لە ئەفغانستان کردمان". ئۆستن لەبارەی دۆخی عێراقیشەوە هۆشداریی دەداتە ئەوانەی هەوڵدەدەن سەروەریی عێراق پێشێل بکەن و دەڵێت: "پشتیوانی لە سەروەری و سەربەخۆی عێراقیش دەکەین و دژی هەر هەوڵێکیش دەوەستینەوە پێشێلی بکات." لەبەشێکی قسەکانیدا تایبەت بە ئێران، ئۆستن بە ئاشکرا دژایەتیی هەوڵەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر "کردەوەکانی" ئێران دەربڕی و رایگەیاند: "دەمانەوێت ئازادی سووڕانەوەی نێو دەریا لەو ناوچەیە دابین بکەین، پشتیوانی لە خەڵکی لوبنانیش دەکەین. ئەوەش مانای پاراستنی بەرژەوەندی و کاری هاوبەش و پاراستنی دۆستانمانە، مانای پاراستنی بەها دیموکراسییەکانە و هیواخوازین گۆڕانکاری خێرا لەوبارەوە ببینین".