هاوڵاتی هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری وەک یەکەم لایەن داواکارییەکی ئاڕاستەی دادگای فیدڕاڵی عێراق کرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ و رایگەیاند، "بەڵگەی ئەنجامدانی ساختەکارییان پێشکەش کردووە". هاوپەیمانی فەتح لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، هاوپەیمانییەکەیان داوایەکی یاسایی بۆ  هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ پێشکەشی دادگای فیدڕاڵی عێراق کردووە. باسی لەوەشکردوە، "بەڵگەی ئەنجامدانی ساختەکارییمان لەبوارەکانی یاسایی هونەری لەگەڵ سکاڵانامەکەدا پێشکەش کردووە، بۆیە داواشیان لە کۆمسیۆ کردووە تا یەکلاییکردنەوەی سکاڵەکەیان، راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە دوابخات". هاوپەیمانی فەتح کە پێکهاتووە لە زۆرینەی ئەو حزب و گروپانەی خۆیان وەک نوێنەری حەشدی شەعبی ناو دەبەن و باڵی سەربازییان لەناو ئەو هێزەدا هەیە، لەخولی رابردوی پەرلەماندا خاوەنی 47 کورسی بوون، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا 17 کورسییان بەدەستهێناوە.

هاوڵاتی  وەزیری بەرگری پۆڵەندا ڕایگەیاند:" لەم ماوەیەدا چەندین هەوڵی تری دزە كردنە خاكی وڵاتەكەیان لە بیلاڕوسیاوە لەلایەن كۆچەرانەوە تۆمار كراوە و ئێستا ئەو كۆچەرانە تەكتیكی نوێ بۆ دزە كردن بەكاردەهێنن بۆ هاتنەناو خاکی ووڵاتەکەیانەوە. ئەمڕۆ شەممە 20ی تشریتنی دووەمی2021، ماریۆش بلاشاك وەزیری بەرگری پۆڵەندا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، شەوی رابردوو وەك شەوەكانی پێشتر چەندین هەوڵی دزە كردنە ناو سنورەكانی پۆڵەندا لە بیلاڕوسیاوە لەلایەن كۆچەرانەوە تۆمار كراون، دەشڵێت، ئێستا كۆچبەرەکان تەكتیكی نوێ بۆ دزە كردن بەكاردەهێنن بۆ هاتنەناو خاکی پۆڵنداوە.  باسیلەوەشکردووە، ''كۆچەران تەكتیكی نوێیان گرتووەتەبەر و لە رێگەی گروپی بچوك بچوك و لە چەند لایەكەوە هەوڵی دزە كردن دەدەن، گەورەترین گروپیان 200 كەس بوون و گروپەكانی تر بچووكتر بوون.'' ئەوەشیخستۆتەڕوو، بیلاڕوسیا رێنمایی كۆچەران دەكات بۆ دزە كردن و ئەو كێشەیەش بۆ چەندین مانگ بەردەوام دەبێت و هێزەكانی پاسەوانی سنور ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو حاڵەکاتێک.  نزیکەی دە رۆژە کۆچبەران لە سنوری بیلاڕووسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووەو لە سەرمایەکی تاقەتپڕوکێندا ژیان بەسەر دەبەن، لەگەڵ ئەوەی پۆڵەندا ناهێڵێت سنور تێپەڕێنن و بیلاڕووسیاش ناهێڵێت بگەڕێنەوە. یەکێتی ئەوروپا بیلاڕووسیا بەوە تۆمەتبار دەکات کە لێشاوەکەی دروستکردووە بۆ فشارخستنەسەر یەکێتییەکە و تۆڵەکردنەوە لەو سزایانەی بەسەریدا سەپاندووە سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن سەرۆکی بیلاڕووسیاوە.

  هاوڵاتی  ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت: "داواكاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دەستوریی نین و ئەو دوو دامەزراوەیە یاسایی و شەرعین". ئەمرۆ شەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2021، جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، "داوای هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە داواكارییەكی نادەستورییە، چونكە پێشمەرگە و حەشدی شەعبیش دوو دامەزراوەی شەرعی و یاسایی و دەستورین". باسی لەوەشكردووە، "هێزەكانی پێشمەرگە لە دەستوردا بە هێزی پاسەوانی سنوور ناوبراوون و چوار یاسای بۆ دانراوە، هەروەها دەستور دانی پێدا ناوە بەپێی مادەی 117". قسەکانی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لەکاتێكدایە، پێشتر موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر هێزێكی سەربازی سەر بە رەوتەكەی هەڵوەشاندەوە، هاوکات پێشمەرگە و ژمارەیەک هێزی دیکەی بە میلشیا ناوبردوو داوای هەڵوەشاندنەوەیانی کرد.

  هاوڵاتی دووەم رۆژی کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەنامەی بەحرەین بە کۆبوونەوە لەگەڵ میگێل بێرگەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەستیپێکرد. ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 20ی تشرینی دووه‌می 2021، نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، وەفدی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لەگەڵ میگێل بێرگەر وەزیری دەولەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان و دۆخی کۆچبەران لە سەر سنوری بێلاروسیا و پۆڵندا کرا.  وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا ، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو رێکارانەی گرتوویەتەبەر لە بەرامبەر ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن و هەروەها رێگریکردن لە کۆچکردنی نایاسایی و کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی کۆچبەران بۆ هەرێمی کوردستان .   لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی برەودان بە وەبەرهێنان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران  تاوتوێ کران. رۆژی هەینی 19-11-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی وەفدێکی حکومی بەرەو مەنامەی پایتەختی شانشینی بەحرەین بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی "دایەلۆگی مەنامە 2021" کە رۆژانی 19-21ی تشرینی دووەم بە ئامادەبوونی چەندین سیاسەتمەدار، بیرمەند، خاوەنکار و کەسایەتيی ناسراوی جیهان بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆ دەربارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و بەرگری و کێشەکانی ناوچەکە و جیهان دەکرێت.

هاوڵاتی وەزیری بەرگریی ئەمریکا، جەخت لە پشتیوانی وڵاتەکەی لە سەروەری عێراق دەکاتەوە و دەڵێت:"کاردەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرهەڵنەدانەوەی داعش". ​ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 20ی تشرینی دووه‌می 2021، لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە سەرکردەکانی جیهان باسی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆڕبەندی دایەلۆگی مەنامە رایگەیاند: "لەگەڵ هاوبەشانمان بەردەوام دەبین لە شەڕی تیرۆر تاوەکو دڵنیابین داعش سەرهەڵناداتەوە، بەردەوامیش دەبین لە دابینکردنی ئازادی ئاسایشی گەڕان لە نێو دەریادا لە ناوچەکەدا ، هەروەها بەردەوام دەبین لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر و جەختکردنەوە لە شەڕی تیرۆر، سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییەی لە کارەکانمان لە ئەفغانستان کردمان". ئۆستن لەبارەی دۆخی عێراقیشەوە هۆشداریی دەداتە ئەوانەی هەوڵدەدەن سەروەریی عێراق پێشێل بکەن و دەڵێت: "پشتیوانی لە سەروەری و سەربەخۆی عێراقیش دەکەین و دژی هەر هەوڵێکیش دەوەستینەوە پێشێلی بکات." لەبەشێکی قسەکانیدا تایبەت بە ئێران، ئۆستن بە ئاشکرا دژایەتیی هەوڵەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر "کردەوەکانی" ئێران دەربڕی و رایگەیاند: "دەمانەوێت ئازادی سووڕانەوەی نێو دەریا لەو ناوچەیە دابین بکەین، پشتیوانی لە خەڵکی لوبنانیش دەکەین.  ئەوەش مانای پاراستنی بەرژەوەندی و کاری هاوبەش و پاراستنی دۆستانمانە، مانای پاراستنی بەها دیموکراسییەکانە و هیواخوازین گۆڕانکاری خێرا لەوبارەوە ببینین".

هاوڵاتی جۆو بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە جەژنی سوپاسگوزاریدا لێخۆشبوونی گشتی بۆ دوو قەل دەرکرد. ئەمڕۆ شه‌ممه‌ 20ی تشرینی دووه‌می 2021، میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردۆتەوە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا  لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن رایگەیاندووە:"ئێمە لە جەژنی سوپاسگوزاریدا لێخۆشبوونمان بۆ دوو قەل دەکرد، کە ئەمساڵ ناخورێن و دەمێننەوە، هەڵبژاردنی ئەم دوو قەلەش دەگەرێتەوە بۆ شێوە و جیاوازیان لە قەلەکانی تر". جەژنی سوپاسگوزاری هەموو ساڵێك لە ئەمریكا لە 25ی مانگی 11دا دەكرێت تیایدا هەموو ئەمریكیەكان بۆ خواردنی نانی ئێوارە گۆشتی قەل ئامادە دەكەن.  

  هاوڵاتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگه‌یاند:" درێژکردنەوەی وادەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق راست نییە و هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە وادەی دیاریکراو دەکشێنەوە". تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق، رەتیکردەوە کە عێراق ماوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا درێژبکاتەوە، ئەو دەنگۆیانەی کە لەوبارەوە هەن راست نین. جەختیکردەوە، دوا وادە بۆ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی ئەمساڵە و گۆڕانکاری لەکاتە نەکراوە. خەفاجی وتیشی: "دوای کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق، پەیوەندیی و هەماهەنگی واشنتن و بەغدا بەردەوام دەبێت لە بواری راهێنان و پڕچەک کردنی هێزەکانی عێراق، هەروەها لە بواری هەواڵگری بۆ چاودێریکردن و دەرخستنی شوێنی چەکدارانی داعش". پێشتریش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو، بە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، رۆڵی هێزەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، بەڵکو راوێژکارانیان لە هەماهەنگی لەگەڵ ‌هێزەکانی عێراق بەردەوام دەبن.

  هاوڵاتی  مەسرور بارزانی رایگەیاند:" چاکسازی لە هه‌رێمی كوردستان پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەموو بوارەکانیش دەگرێتەوە". ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هەینی 19-11-2021 مه‌سرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی کۆڕبەندی "دایه‌لۆگی مه‌نامه‌ 2021" بەشداریی پانێلێکی تایبەتی لەبارەی ئاسایش و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کرد. مه‌سرور بارزانی له‌ پانێڵەكەدا دووپاتیكرده‌وه‌، چاکسازی لە هه‌رێمی كوردستان پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەموو بوارەکانیش دەگرێتەوە. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە قسەکانیدا ئاماژه‌ی به‌ ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان كردووە و دووپاتیكرد‌ووەتەوە، هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته‌ پەناگەیەکی سه‌قامگیر له‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڵام به‌رقه‌راركردنی سه‌قامگیری له‌ هه‌رێمی كوردستان، بێ قوربانیدان نه‌بووه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش، پێویسته كار بۆ سه‌قامگیریی به‌رده‌وام بكه‌ن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتوویەتی، "له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێویستیمان به‌ میکانیزم و سیستەمێکی نوێی ئاسایشه‌، پێویسته‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌نێو ئەو سیستەمە نوێیەی ئاسایشدا بن له‌ ناویشیاندا ئێران"، و گوتیشی: نه‌بوونی دادپه‌روه‌ری و سه‌قامگیریی ئابووری، هۆكاری به‌رده‌وامبوونی هەڕەشە و مه‌ترسییه‌كانی داعش و تیرۆرن بە گشتی. سه‌باره‌ت به‌ پرسی كۆچكردنیش، مەسرور بارزانی روونیكرده‌وه‌، كۆچكردن دیارده‌یه‌كی جیهانییه‌ و له‌ هه‌موو شوێنێك هه‌یه‌، به‌ڵام تۆڕی بازرگانانی مرۆڤ و هەندێ لایەنیش بۆ مه‌رامی سیاسی. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی رایگەیاندووە، تۆڕی بازرگانانی مرۆڤ "بارزگانیان به‌ هاووڵاتیانی ئێمه‌ كرد و جه‌ختی كرده‌وه‌ کە ئەوانەی کۆچیان کردووە بە رێگەیەکی یاسایی و بە ڤیزا چوونەتە بێلاڕووس و لە بەر نەبوونی ئاسایش یان لە برسان کۆچیان نەکردووە". مه‌ترسی و كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانكاریی له‌ كه‌شوهه‌وای زه‌وی، تەوەرێکی دیكه‌ی پانێڵه‌كه‌ی سەرۆکی حکومەت بوو، له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ستی پێكردووه‌.   مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌رده‌وامی قسەکانیدا تیشكی خسته‌ سه‌ر دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو و پرسه‌ داراییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و وتی: "له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا ته‌نیا به‌ 5%ی بودجه‌ی عێراق پرۆژه‌کانی کوردستانمان ئەنجام داوە، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ 95%ی بودجه‌ی عێراق چی لێهاتووە و له‌ چیدا خه‌رج كراوه‌؟" له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستانیش‌، سەرۆکی حکومەت گوتی: ئیداره‌ی رۆژئاوا، نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو كوردانی رۆژئاوا ناكات و نابێت به‌ نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو كورد دانوستاندن له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بكات و دووپاتیكرده‌وه‌، پشتیوانیی دایەلۆگی كوردی-كوردی ده‌كەن و گوتیشی: "به‌هۆی ده‌ستوه‌ردان و تاکڕەوی په‌كه‌كه‌، تا ئێستا گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکی نەبووە".

هاوڵاتی وتەبێژی پۆلیسی پاسەوانی سنوری پۆڵەندا رایگەیاند:" 45 کۆچبەر کە هەوڵیاندا لە بیلاڕوسیا وە بچنە پۆڵەندا، لەلایەن پاسەوانی سنوری ئەو وڵاتەوە دەستگیرکران. وتەبێژەکە دەڵێت، ئەو کۆچبەرانە بەشێک بوون لە دوو کۆمەڵەی دیکە کە تۆمەتبارن بە گرتنی بەرد و گازی فرمێسکڕێژ لە پۆلیسی سنووری وڵاتەکەیان. ئانا میچالسکا، باس لەوە دەکات، دوای دەستگیرکردنیان، ناچارکراون پۆڵەندا جێبێڵن. وتەبێژی پۆلیسی پاسەوانی سنووری پۆڵەندا وتیشی "لایەنی بێلاڕووس گازی فرمێسکڕێژ بە کۆچبەران دەدات، ئەوە دیارە کە کۆچبەران ئەو شتانەیان لە وڵاتەکانی خۆیان نەهێناوە".  پۆلیسی سنووری پۆڵەندا رایگەیاندووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، 34 هەزار هەوڵی پەڕینەوەی نایاسایی لەسەر سنوورەکەیان تۆمارکردووە کە هەموویان لە بیلاڕوسیا وە رۆشتوون، 6 هەزاریان لەم مانگەدا بووە، 17 هەزاریان لە مانگی رابردوو و نزیکەی 7 هەزار و 700یان لە مانگی پێشووتر و 3 هەزار و 500ی دیکەشیان لە مانگی پێش ئەو.  ئەگەرچی هەوڵەکانی پەڕینەوە لە سنوور لەم مانگەدا کەمیان کردووە، میچالسکا دەڵێت، "هەوڵەکانی ئەم دواییە تووندوتیژتر بوون".

  هاوڵاتی ئۆکراینا رۆژی هەینی هۆشداریی دایە ئەو کۆچبەرانەی کە بە لێشاو رویان لە بیلاڕوسیا  کردووە و دەیانەوێت لەوێوە بگەنە خاکی یەکێتی ئەوروپا و دەڵێت، لەو وڵاتەوە نەچنە خاکی ئۆکراینا؛ هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەر کۆچبەران ئەو کارە بکەن ئەوا هەموو هۆکارێکی پێویست بۆ گێڕانەوەیان دەگرنەبەر، لەنێویاندا "بەکارهێنانی چەک". هەزاران کۆچبەر چەند مانگێکە لە هەوڵی ئەوەدان لە بیلاڕوسیاوە بچنە خاکی یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام لەلایەن پاسەوانانی سنووری پۆڵەنداوە رێگرییان لێکراوە و گەڕێندراونەتەوە، هەروەها لاتیڤیا و لیتوانیاش رێگەیان پێنادەن خاکەکەیان لەلایەن کۆچبەرانی نایاساییەوە بەکاربهێندرێت. دێنیز مۆناستیرسکی، وەزیری ناوخۆی ئۆکراینا رایگەیاندووە، هەر هەڕەشەیەک لەسەر سنوورەکانیان دروستببێت، لەنێویاندا دروستکردنی هەڕەشە لەلایەن کۆچبەرانەوە، "هەموو هۆکارێک دەگرینەبەر بۆ پاراستنی سنوور، لەنێویاندا بەکارهێنانی چەک". سەرەتای هەفتە پۆڵەندا گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی بەرامبەر ئەو کۆچبەرانە بەکارهێنا کە هەوڵی چوونە نێو پۆڵەندایان دەدا. یەکێتی ئەوروپا ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بیلاڕوسیا و روسیای پاڵپشتی سەرەکی سیاسی و دارایی تۆمەتباردەکات بەوەی لەپشتی قەیرانی کۆچبەرانی سەر سنوورەکانی یەکێتییەکەوەن؛ بەڵام ئەو دوو لایەنە ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە و رەخنە لە پۆڵەندا و یەکێتییەکە دەگرن لەوەی کۆچبەران وەرناگرن. وەزیری ناوخۆی ئۆکراینا رایگەیاندووە، رووسیا دەتوانێت قەیرانی کۆچبەران "بە مەبەست" ئاراستەی سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ بیلاڕوسیا بکات؛ دەشڵێت، ئامادەکاری بۆ ئەو دۆخە دەکەن، بە گوتەی ئەو دۆخەکە لەسەر سنوور ئێستا لەژێر کۆنترۆڵدایە. هەفتەی پێشوو ئۆکراینا رایگەیاند، هەزاران پاسەوانی سنوور و هێزی ئەمنیی لەسەر سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ بیلاڕوسیا بڵاوکردووەتەوە، ئەوەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ هەر قەیرانێکی کۆچبەران کە رووبەڕوویان ببێتەوە.  رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 بە فڕۆکەیەکی تایبەت، 431 کۆچبەر گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان و عێراق کە نزیکەی 95%ی کۆچبەران کورد بوون. بە گوتەی پەرلەمانتارێکی کوردستان کە دەڵێت قسەی لەگەڵ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە رووسیا کردووە، هەزار بۆ هەزار و 500 کۆچبەری دیکەش ناویان نووسیوە بۆئەوەی بگەڕێنەوە.  

هاوڵاتی دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لایەنگرانی حەشدی شەعبی ماوەی مانگێکە لە نزیک ناوچەی سەوزی بەغدا خۆپێشاندان دەکەن و بەشێکیشیان مانیان گرتووە.  مانگرتوان مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جنین پلاسخارت و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە فێڵێان لێکردوون و ھۆکارێک بوونە تاوەکو دەنگی کەم لەم ھەڵبژاردنە بھێنن، بۆیە داوای دوور خستنەوەیان دەکەن، ھۆشداریش دەدەن لەئەگەری جێبەجێنەکردنی داوکارییەکانیان رێگەی دیکە دەگرنەبەر.  مانگرتن و خۆپێشاندانەکان لەژێر رێوشوێنێکی تووندی ئەمنی بەڕێوەچوو سەرجەم ئەو پردانەی نزیکی دەرگاکانی ناوچەی سەوزن بە کۆنکرێت داخران، رێگری لەژمارەیەک لایەنگری حەشدیش کرا کە لەپارێزگاکانی دیکەوە ھاتبوون بۆ بەشداریکردن بەڵام ئەمانە رێگر نەبوون لەبەردەوامیی و فراوانبوونی خۆپیشاندانەکان.  ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکان، یان دووبارکردنەوەی ھەڵبژاردن دوو داوای سەرەکین کە لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگیی پێشکەشکراون و لایەنگرانیان ناردووەتە سەر شەقامەکان بە ئامانجی جێبەجێکردنی.

هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەحرەین بەشداریی کۆڕبەندی "دایەلۆگی مەنامە 2021 " دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەکە کۆدەبێتەوە. رۆژی هەینی 19-11-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی وەفدێکی حکومی بەرەو مەنامەی پایتەختی شانشینی بەحرەین بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی "دایەلۆگی مەنامە 2021" کە رۆژانی 19-21ی تشرینی دووەم بە ئامادەبوونی چەندین سیاسەتمەدار، بیرمەند، خاوەنکار و کەسایەتيی ناسراوی جیهان بەڕێوەدەچێت و گفتوگۆ دەربارەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئاسایش و بەرگری و کێشەکانی ناوچەکە و جیهان دەکرێت. بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا چەندین کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکی، ئەوروپی و وڵاتانی عەرەبی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەگشتی ئەنجام بدات. وەفدی یاوەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگە؛ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

    هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق و هاوشانە پۆڵەندییەکەی بە تەلەفۆن قسەیان کرد و باسیان لە دۆخی کۆچبەران لە سنووری نێوان بیلاڕوسیا - پۆڵەندا کرد. نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ماتێیۆش مۆراڤیتسکی, سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداوە پێگەیشتووە و هەردوولا باسی چەند پرسێکیان کردووە. بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی مستەفا کازمی، هەردوولا باسیان لە پەیوەندیی دوو قۆڵی عێراق و پۆڵەندا و عێراق و یەکێتی ئەوروپا کردووە و باسیان لە پەرەدان بەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەکان کردووە. وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەو پەیوەندییەدا تاووتوێی رێگەچارەکانی نەهێشتنی ئەو ئازار و نەهامەتییانە کراوە کە عێراقییە گیرخواردووەکانی سنووری پۆڵەندا بەدەستیانەوە دەناڵێنن؛ جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت ئەو کۆچبەرانە شکۆیان بپارێزێت و کێشەکانیان چارەسەر بکرێن. بەپێی راگەیێندراوەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکومەت سوورە لەسەر وەبەرهێنانی پەیوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا لەپێناو هاوئاهەنگیی زیاتری هاوبەش لە داهاتوودا. ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە هەزاران کۆچبەر لە سنووری نێوان بیلاڕوسیا - پۆڵەندا گیریانخواردووە.  هەروەها رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 یەکەم کاروانی بەشێکی ئەو کۆچبەرانە ئارەزوومەندانە گەڕانەوە عێراق و 95%یشیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.

   هاوڵاتی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی 2,000 کۆچبەری سەر سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا وەربگرێت و دەڵێت لەو بارەیەوە پەیوەندیی بە ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا کردووە و هەواڵەکەی بە ناراست باسکردووە.  رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 هۆرست سیهۆفەر، وەزیری نێوخۆی ئەڵمانیا لە کۆنفڕانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا پۆڵەندییەکەی، کە لە وارشۆ بەڕێوەچوو رایگەیاند ئەو هەواڵانەی کە دەڵێن گوایە 2 هەزار کۆچبەر لە بیلاڕوسیاوە رێگایان بۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بچنە نێو وڵاتانی ئەوروپا و ئەڵمانیا ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی ژمارەیەک کۆچبەر نیشانداوە دوورە لە راستییەوە و گوتی: "هەوڵدەدرێت بە "هەواڵی ناراست" گوشار بکرێت.  رۆژی پێنجشەممە لە سەروبەندی گەڕانەوەی 431 کۆچبەری کورد و عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، ناتالیا ئیزمۆنت، گوتەبێژی سەرۆکی بیلاڕوسیا رایگەیاند: "یەکێتیی ئەوروپا رێڕەوێکی مرۆیی بۆ 2000 پەنابەری نێو کەمپەکان دەکاتەوە. ئێمەش هێندەی پێمان بکرێت و ئەگەر کۆچبەران خۆیان بیانەوێت، بەرپرسیارێتیی گەڕاندنەوەی 5000ـەکەی دیکە دەگرینە ئەستۆ".  وتەبێژەکەی سەرۆکی بیلاڕوسیا وتیشی، ئەنگێلا مێرکل گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا دەکات بۆ ئەوەی رێڕەوە مرۆییەکە بکرێتەوە تاوەکو کۆچبەران لە رێگەیەوە بگوازرێنەوە ئەڵمانیا، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا هیچ کاردانەوە و لێدوانێکی لەبارەی ئەو هەواڵە نەبووە. ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 یەکەم کاروانی کۆچبەران لە بیلاڕوسیاوە گەیشتەوە هەولێر کە لەکۆی 431 کۆچبەر، نزیکەی %95 یان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.

  هاوڵاتی  سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداوە پێگەیشت و باسیان لە پرسی کۆچبەرانی سەر سنووری وڵاتەکە لەگەڵ بێلاڕووس کرد، لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "هەردوولا هاوڕا بوون کە کۆچبەران، لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێندراون و بوونەتە قوربانی تاوانێکی رێکخراو". ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 18-11-2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن ماتێیۆش مۆراڤیتسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەنداوە پێگەیشت. بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە پەیوەندییەکەدا دۆخی کۆچبەرانی سەر سنووری بیلاڕوسیا - پۆڵەندا تاووتوێ کراوە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربارەی رەوشی ناهەمواری ئەو کۆچبەرانەی هەرێمی کوردستان دەربڕی کە لەنێویاندا منداڵیش هەن و لە بارودۆخێکی سەختدان".   سەرۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەییەکی بۆ بەهاناوەچوونی ئەو کۆچبەرانە و باشترکردنی بارودۆخیان و سەلامەتییان دووپاتکردەوە، وتیشی "بەداخەوە ئەو کۆچبەرانە، بوونەتە قوربانیی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و ناکۆکیی نێوان بیلاڕوسیا و یەکێتی ئەوروپا". ئاماژەی بەوەش داوە، هەرێمی کوردستان ئێستا پەناگەیەکی ئارامە بۆ نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر. مەسرور بارزانی و ماتێیۆش مۆراڤیتسکی گفتوگۆیان دەربارەی رێگەکانی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو کۆچبەرانە کرد، هەردوولا هاوڕابوون کە "کۆچبەران، لەلایەن قاچاخچییەکانەوە هەڵخەڵەتێندراون و بوونەتە قوربانیی تاوانێکی رێکخراو"، لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، ستایشی ئەو رێکارانەی کرد کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، هەروەها گرتنەبەری پشکنین و رێکاری تووند و پێویست لە فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی ئەو کارە نایاساییانە ئەنجام دەدەن". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ پێکهێنانی تیمێکی تەکنیکیی هاوبەش دەربڕیوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو رێکارانەی پێویستن بۆ "رێگریکردن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ"، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پێویستە بێلاڕووس، پۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا، "ئەرک و پابەندبوونی نێودەوڵەتیی خۆیان لە رێگەدان بە کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور بۆ گەیاندنی هاوکاریی بەپەلە و بەهاناوەچوونی کۆچبەران جێبەجێ بکەن".