عەمار عەزیز ئاوارەكانی كەمپی شاریا لەپارێزگای دهۆك داوا دەكەن لەم وەزری زستانەدا نەوتیان بەسەردا دابەشبكرێت، بەڵام بەرپرسانی كەمپ دەڵێن چاوەڕێی حكومەتی عێراقن تا سوتەمەنیان بۆ رەوانە بكەن. هەموو ساڵێك حكومەتی عێراق بۆ هەر خێزانێكی ئاوارە بڕی 100 تا 200 لیتر نەوتی سپی بەسەردا دابەشكردوون، بەڵام بۆ ئەمساڵ هیچ بڕە نەوتێكیان پێنەدراوە. سێڤێ‌ حەمو سلو ، كچێكی ئاوارەیی ئێزیدییە لە كەمپی باجد كەنداڵا لەسنوری قەزای زاخۆ لەلێدوانێكدا  بەهاوڵاتی وت» چەند رۆژێكە وەرزی سەرما و باران دەستیپێكردووە، لەبەیانیان و شەوان زۆر سەرمایە بەناچارییەوەو لەسەر حسابی خۆمان نەوتمان كڕیوە، ئەگەر لە وەرزی باران و سەرما نەوت بەئێمە نەدەن دوای چەند مانگێكی تر چی لێ‌بكەین خۆ نایكەینە ناو موبەریدەوە».  سێڤێ‌ پێشیوابوو كە ئەوە حەوت ساڵە ئەو كێشەیەیان هەیە هەموو ساڵێك چەند مانگێك دوادەكەوێت ئینجا نەوت وەردەگرن، وتیشی:»زانیاریمان هەیە كە نەوت هەیە بەڵام دابەشی ناكەن، ئێمە ئاوارەین و لەژێر خێوەتدا دەژین». هەروەها سلێمان خودێدا، ئاوارەیەكی قەزای شنگال ماوەی حەوت ساڵە لەكەمپی شاریای سەر بەشاری دهۆك دەژی، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» سادەترین ماف بەئێمە نادرێت ئەویش دابەشكردنی یەك بەرمیل نەوتە، چ خوا قبوڵ دەكات ئێمە بەو سەرمایە و بەبێ‌ سۆپا لەناو خێوەتدا بژین، ناچار بە بەتانی و لحێف خۆمان گەرم دەكەین، منداڵەكانمان لەبەر سەرما خەویان لێ‌ناكەوێت». سلێمان خودێدا وتیشی» لەبەر خاتری منداڵەكان كە لەژێر خێوەتێكی دڕاو دەژین با نەوتمان بۆ دابین بكرێت». پیر عەلو كەچەل، بەڕێوەبەری كەمپی خانكێ‌ی ئاوارەكانی شەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»هێشتا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی نەوت بەسەر ئاوارەكان دیارینەكراوە، رۆژانە ئاوارەكان بۆ دابەشكردنی نەوت سەردانی كارگێڕی كەمپ دەكەن، ئێمەش داواكاری ئەوانمان گەیاندوە لایەنە پەیوەندیدارەكان». هەروەها پێشیوابوو كە هۆكاری دابەشنەكردنەكە بۆ حكومەتی عیراق دەگەڕێتەوە، ئەوان هەموو ساڵێك نەوتیان بۆ ئاوارەكان دابین كردووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ تائێستا هیچ دیارنیە هەر دەڵێن بەمنزیكانە پێیان دەدرێت. پیر عەلو وتیشی « هێشتا وەجبەی دووەمی ساڵی رابردوو دابەش نەكراوە ، هەموو ساڵێك بەدوو وەجبە نەوت دابەشدەكرێت بۆ هەر وەجبەیەك بڕی 100 لیتر زۆرینەی ئاوارەكان ناتوانن نەوت بۆ خۆیان بكڕن تەنانەت هەندێك خێزان هەن ناتوانن یەك لیتر نەوت بكڕن ، لەوەرزی زستان دۆخی ژیانیان دوو ئەوەندە سەخت و ناخۆش دەبێت». هاوكات، ئەسكەندەر موحەمەد ئەمین، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەپارێزگای دهۆك ئەوەی خستەڕوو كە ساڵی رابردوو 100 لیتر نەوت بەسەر ژمارەیەكی زۆر لەئاوارەكان دابەش كردووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی چەند رێكارێكی كارگێڕی تا ئێستا دابەشیان نەكردووە. بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەپارێزگای دهۆك، ئەوەشی باسكرد كە داوایان لەوەزارەتی كۆچ و كۆچبەران كردووە تا بەشە نەوتی ئاوارەكان رەوانە بكەن. ئەسكەندەر موحەمەد ئەمین ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئاوارەكان زیاتر پەلەیانە  بۆ ئەوەی نەوت لەسەریان دابەش بكەن، چونكە مافی ئەوانە و وەزری سەرماو باران  دەستیپێكردووە.

  هاوڵاتی  وه‌زاره‌تی دارایی رایگەیاند:" رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 28ی تشرینی دووه‌می 2021، مووچه‌ی دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و لیواكان دابه‌ش ده‌كرێت". ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25ی تشرینی دووه‌می 2021، وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی ئه‌م مانگه‌ كرد، هه‌ر ئه‌مڕۆ خشته‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 28ی تشرینی دووه‌می 2021ی بڵاوكرده‌وه‌. وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم رایگه‌یاند، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 28ی تشرینی دووه‌می 2021، مووچه‌ی دیوانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و لیواكان دابه‌ش ده‌كرێت.

  هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:"  کار دەکات لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بکەن". مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە و پێویستە هەموومان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەین. دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتێکی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە درێژەدان بە پشتیوانیکردنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزی و نەهێشتنی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژی دژی ئافرەتان بەتایبەتی، دووپات دەکەینەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کار دەکات لەپێناو ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کە ئافرەتان تێیدا پارێزراو بن و گەشە بکەن، بەشێوەیەک بتوانن بە لێهاتوویی خۆیانەوە وەک بکەرێکی سەرەکی لە کۆی کایەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا بەشدار بن. حکومەتی هەرێم، پابەندە بە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و بەهێزکردنی پێگەیان لەناو حکومەت و کۆمەڵگە و پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و هەموو جیاکارییەک لەسەر بنەمای ڕەگەز. بۆیە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە تایبەت دامەزراوە پەروەردەییەکانی ناو حکومەت و دەرەوەی حکومەت، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە ئایینیەکان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەری حکومەت بن و رۆڵی گرنگی خۆیان لە برەودان بە کولتوری لێبوردەیی و هوشیاری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی و دیاردە کۆمەڵایەتییە نەشیاوەکان بگێڕن، چونکە رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، ئەرکی هەموو کۆمەڵگەیە و پێویستە هەموومان کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردە ناشارستانییە بکەین. ئومێدەوارم هەرێمی کوردستان بە هاوکاری هەموولایەک، نموونەیەکی گەشی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بێت، بەتایبەت توندوتیژی لەسەربنەمای جێندەر. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 25 ی نۆڤێمبەری2021

هاوڵاتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، هەڵوێستی خۆی لەبارەی خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان راگەیاند و دەڵێت: "دەبێت هەموومان بەرپرسانە مامەڵە بکەین".  مستەفا کازمی، شەوی رابردوو لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی نووسیویەتی: "رووداوە ئازەربەخشەکانی ئەمدواییانەی هەرێمی کوردستان لەوانە لە سلێمانیی خۆشەویست، پێویستی بە هەڵوێستێکی بەرپرسانەی هەمووان هەیە بۆ پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و راگرتنی تێکچوونی دۆخەکە".  سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختلەوەدەکاتەوە: "خۆپێشاندانی ئاشتییانە مافێکە، دەستوور گەرەنتی کردووە. پەلاماردانی خۆپێشاندەران و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتییش دوو کاری رەتکراوەن". دوێنێ، چوارشەممە، لە چوارەم رۆژی خۆپێشاندانی خوێندکاران لە پارێزگای سلێمانی، چەند شوێنێکی گشتیی و حیزبی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێندران. هەروەها هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشیانکردە سەر قوتابیانی زانکۆی سلێمانی و تووندوتیژیی لێکەوتەوە.  

سەركۆ جەمال ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرای دەكات كە یەكەمجارە لەدوای ساڵی 2015 پرۆژەی بوودجە رەوانەی پەرلەمانی كوردستان بكەن، بەڵام ئامادەنییە ژمارەی خەمڵێندراوی پرۆژەكە ئاشكرا بكات. لەهەرێمی كوردستاندا پارتی و یەكێتی لەژێر ناوی یەكەی 70 و 80 هێزی پێشمەرگەی خۆیان هەیە و بڕیارە لەڕێی چاكسازییەكانەوە یەكەی ژمێریارییان یەكبخرێتەوە و بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»پرۆژە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لەوەزارەتی پێشمەرگەوە رەوانەی وەزارەتی دارایی كراوە و گفتوگۆی سەرەتایی لەبارەوە كراوە لەسەر هەموو لایەنەكانی». هەروەها وتیشی:» وەزارەتی دارایی بەر لەسەری ساڵ گفتوگۆ لەسەر بودجەی خەمڵێندراوی هەموو وەزارەتەكان دەكات پاش گفتوگۆش دەگەنە بودجەیەكی خەمڵێندراو، ئەم پرۆژەیەش دواتر دەدرێتە ئەنجومەنی وەزیران و لەلایەن لیژنەیەكەوە پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت و پاشانیش لەگەڵ وەزارەتی دارایی گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت و دواتر دەدرێتە پەرلەمانی كوردستان». ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشكرد لەهەرێمی كوردستان لە2015 ەوە ئەم پرۆژەیە ئامادە دەكرێت بەڵام تائێستا یەكەمجارە دەدرێتە پەرلەمانی كوردستان تا گفتوگۆی لەسەربكرێت، وتیشی:»ژمارە پێشكەش ناكەین، چونكە ژمارەی ناو بودجەكان سەرجەمیان خەمڵێندراون و تا پەسەند نەكرێن ناتوانین هیچ ژمارەیەك لەبارەی پرۆژە بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵێین». سەبارەت بەوەی بودجەی هەموو هێزەكانی پێشمەرگە بەیەكەكانی 70 و 80 ی وەزارەتی پێشمەرگەشەوە كە تائێستا یەكیان نەگرتووەتەوە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، جەبار یاوەر وتی:»ئەو بودجەیەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ئامادە دەكرێت بۆ هەموو وەزارەتی پێشمەرگەیە بە یەكەكانی 70 و 80 شەوە هەروەها ئەو یەكانەش كە لەلایەن ئەمریكاوە كراون بە لیوای هاوبەش لەوەزارەتی پێشمەرگە». ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشكرد كە لەساڵی 2010 ەوە تائێستا بوودجەی هێزەكانی پێشمەرگە بەیەكگرتوویی پێشكەش بەوەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كورستان دەكرێت و ئەمساڵیش سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگەیە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا. رۆژی یەكشەممەی رابردوو فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی چەند كاتژمێری كردووە لەنێوان تیمی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو یەكەی ژمێریاری هێزەكانی 80 و 70ی هێزەكانی پێشمەرگە. ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەكۆبوونەوەكەدا رایگەیاندووە: دواهەمین پڕۆژەی بوودجەی خەمڵێنراوی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ساڵی 2022 لەلایەن هەردوو تیمی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای چەندین گفتوگۆ و داڕشتنی ورد، گەیشتووەتە دەرئەنجامی كۆتایی و لەلایەن هەردوو تیمی هاوبەشەوە واژوو كراوە تا رەوانە بكرێت بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەسەندكردنی. بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی لەساڵانی رابردوودا بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە كراوە بووە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە لەشەڕی داعشدا بووە هەموو كاتێك ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خەت بووە تا بودجەو پێداویستیەكانیان بۆ دابین بكات، جیاواز لەوەزارەتەكانی دیكە. ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەپێی ئامارە نافەرمیەكان و ئەو زانیاریانەی  دەستیكەوتوون، جگە لەهێزەكانی 70 و 80 كە هێزی پارتی و یەكێتین و تائێستا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە یەكیان نەگرتووەتەوە، 160 هەزار پێشمەرگەیە. عوسمان كەریم، جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە  پرۆژەی بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە تائێستا نەگەیشتووەتە دەستیان. هاوكات، رزگار حەمەد، بڕیاردەری لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی هێمای بۆ ئەوەكرد، وەكو لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان ئاگاداری بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە نین، بەڵام رۆژی دووشەممە 22/11/2021 كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، لەو كۆبوونەوەیەكدا وەكو لیژنەی پێشمەرگە بڕیاریاندا سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە بكەین و لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە كۆببینەوە.

کاکەلاو عەبدوڵا لەکاتێکدا ئابوری تورکیا بە دۆخێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت و رۆژ بەرۆژ بەهای لیرە دادەبەزێت، ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە فشارەکانیان زیاد کردووە بۆ سەر دەسەڵاتداران تا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت. دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لیرە خراپترین دۆخی بەخۆیەوە بینی، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا سیاسەتەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، بە «خیانەت» ناودەبەن کە سوورە لەسەر کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانەکەکان. بانکی ناوەندی بەفشاری ئەردۆغان لەماوەی تەنها دوو مانگدا نزیکەی لەسەدا ٤٪ی سوودی بانکەکانی کەمکردووەتەوە، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی گەشەی ئابوری لەوڵاتەکەدا دروست ببێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئەو هەنگاوە رێک پێچەوانەکەی راستە و بۆ رزگاربوون لە قەیرانێکی سەختی ئابوری دەبێت سوودی قەرز زیاد بکرێت. هەڵبژاردنی پێشوەختە لیرەی تورکی لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا گەورەترین گۆڕانکاری بەسەرداهاتو و بەڕێژەیەکی زۆر بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی بەجۆرێک لە ٩٥٠ لیرەوە گەیشتە زیاتر لە هەزار و ١٠٠ لیرە لەبەرامبەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیدا. لیرەی تورکی بە تەنها لە هەفتەی رابردوودا لەسەدا ١٢٪ی بەهاکەی لەدەستدا، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی زۆری ئۆپۆزسیۆن کە داوای دەستبەجێ هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کرد کە خۆی وادەی هەڵبژاردن لەوڵاتەکە لەساڵی ٢٠٢٣دایە. ئەردۆغان بەوە ناسراوە کە لایەنگرێکی سەرسەختی کەمکردنەوەی سوودی قەرزی بانکەکانە، ئەمەش وەک خۆی دەڵێت بۆ گەشەی ئابوری وڵات پێویستە و بارگرانی لەسەر خەڵک کەم دەکاتەوە. هەفتەی رابردوو ئەردۆغان رایگەیاند بەردەوام دەبن لە کەمکرندەوەی سوود و «بەدڵنیاییەوە ناهێڵین خەڵک بەهۆی سوودی بەرزەوە تێکبشکێت». دوای ئەوەی تەنها لە پێنجشەممەی رابردوودا لیرە لەسەدا ٦٪ی بەهاکەی خۆی لەدەستدا، کەمال کیلیچدارئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆن کە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە،  لەتویتەری خۆی نووسی: بەسیکە ئیتر ئەردۆغان! دەستبەجێ دەبێت هەڵبژاردن بکرێت. دواتر کیلیچدارئۆغلۆ بە کەناڵی خەبەرتورکی راگەیاند کە هەوڵی ئەردۆغان بۆ کەمکردنەوەی سوود تا هەناردە زیاد بکات و وەبەرهێنان بەرز ببێتەوە ئەوە پیشان دەدات کە «بەتەواوی لە واقیعەوە» دوورە و وتیشی کە گەلی تورکیا هەڵبژاردنیان دەوێت. «وڵاتانی تر پلان دادەنێن بۆ ٥٠-١٠٠ ساڵی تر و ئێمەش ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین بەیانی چی روودەدات، حکومەت دەیەوێت دوای چاککردنەوەی ئابوری هەڵبژاردن بکرێت ئەمەش خەیاڵی خۆیانە»، کیلیچدارئۆغلۆ وای وت. هاوکات  مێڕال ئاکسنەر، سەرۆکی پارتی چاک، رایگەیاند ئەردۆغان «دراوو ناوبانگمانی وێران کردووە». «ئەگەر ئەمە بە ئەنقەست بێت ئەوا بەروونی خیانەتە، بەڵام ئەگەر دەرئەنجامی کەمی هۆشیاری بێت ئەوا روونە کە دەبێت چی بکرێت: ئەم رسواییە دەبێت بوەستێنرێت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەزووترین کاتدا»، ئاکسنەر وای وت. لەلایەکی ترەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) رایگەیاند، حکومەتی ئەنقەرە بە مەبەست بەھای لیرە دادەبەزێنێت بۆ ئەوەی دراوی بیانی زیاتر بچێتە نێو تورکیا، ئەوەش پێی دەوترێت وڵات فرۆشتن. دەمیرتاش سەبارەت بەچارەسەرکردنی دۆخی ئابوری تورکیا رایگەیاند باشترین کار بکرێت داواکردنی ھەڵبژاردنە بۆ ئەوەی لەڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە رەوشەکە بەرەو باشتر بڕوات. هەموو ئەو نارەزایەتییانە سەرۆکی تورکیایان لەبڕیارەکەی نەکشاندەوە، بەڵکو سووربونی خۆی زیاتر راگەیاند کاتێک لەدووشەممەی رابردوودا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: هەموو ئەو سیاسەتانە رەتدەکەمەوە کە وڵاتەکەمان بگوشێت، لاوازی بکات، گەلەکەمان بەرەو بێکاری و برسییەتی و هەژاری ببات. هەڵئاوسان لیرەی تورکی تەنها لەمساڵدا زیاتر لەسەدا ٣٠٪ بەهاکەی لەدەستداوە و لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵیشەوە بانکی ناوەندی سوودی قەرزی بانکەکانی لە لەسەدا ١٩٪ەوە کەمکردووەتەوە بۆ لەسەدا ١٥٪. بەپێی وتەی بەرپرسانی وڵاتەکە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا هەڵئاوسان لە وڵاتەکەدا گەیشتە لەسەدا ٢٠٪ بەوهۆیەوە لیرە هێزی خۆی لەدەستداوەو نرخی شتومەک بەرزبووەتەوە. هەڵئاوسان کاتێک روودەدات کە نرخی شتومەک بەرزدەبێتەوە بەهۆی ئەوەی ئەو دراوە هیزی خۆی لەدەست دەدات و دواتر هاووڵاتیان توانای کڕینی شتومەکیان نامێنێت. ئەردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکات کەمکردنەوەی  سوودی قەرز گەشە دروست دەکات، بەڵام ئابوریناسان دەڵێن ئەوەی رێک پێچەوانەکەی راستە ئەگەر بتەوێت جڵەوی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەک بگریت. بانکی ناوەندی هەفتەی رابردوو ئاشکرای کرد کە لەمانگی داهاتوودا سوودی قەرز زیاتر دادەبەزێنێت، لەکاتێکدا شارەزایان و ئابوریناسان دەڵێن تا بانکی ناوەندی خۆی لە بیرکردنەوەکانی ئەردۆغان رزگار نەکات ئەگەری بەرزبوونەوەی بەهای لیرە کەمە. «وەک وەبەرهێنێک، کاتێك تەقینەوەیەک لە دراوێکدا دەبینیت هەمیشە جێی سەرنجە کە بەرگری لە لاکەی تر بکەیت، بەڵام لە حاڵەتی تورکیادا کردنی ئەو کارە بە کەڵک نایەت، ئەگەر هەستت بەوە بکردایە کە سیاسەتی ئابوری دەگۆرێت ئەوا هەوڵت دەدا، بەڵام ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نییە»، ڤیکتۆر سزابۆ لە دامەزراوەی ئەبەردین ستاندارد بۆ وەبەرهێنان ئەمەی بەپێگەی فاینانشڵ تایمزی بەریتانی وت. شارەزایانی بانکی گۆڵدمن ساشی ئەمریکی دەڵێن کەمکردنەوەی سوودی قەرز «مانای هەڵئاوسان دەگەیەنێت نەک گەشە»ی ئابوری. شیکەرەوانی بانکەکە ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە کەمی سوودی قەرز، بەلەبەرچاوگرتنی هەڵئاوسان، مەترسی ئەوە زیاد دەکات کە هاووڵاتیانی تورکی بەکۆمەڵ رووبکەنە گۆڕینەوەی پارە هەڵگیرەوەکانیان لە لیرەوە بۆ دۆلار. هاوکات تیمسی ئاش لە دامەزراوەی بلوبەی ئاسێت بۆ وەبەرهێنان دەڵێت، «لەکۆتایدا دەبێت سوود بەرزبکەنەوە ئەگەر نا ئەوا لە دۆخێکدا خۆت دەبینیتەوە کە هەڵئاوسان ئەوەندە بەرز دەبێت کە هاووڵاتیان دەبینیت لیرە دەفرۆشن، تا وای لێدێت لە بازنەیەکی دزێوی هەڵئاوسان و لەدەستدانی بەهادا چەق دەبەستیت». ‹ئێمە شایەنی ئەم دۆخە نین› ئێستا زۆرێک لەخەڵکی تورکیا تووشی ناڕەحەتیەکی زۆر بوونەتەوە لە کڕینی کاڵاو خواردن و پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانە بەهۆی بەرزی نرخەوە. قادرییە دۆگرو، کەهاووڵاتییەکی ٥٩ ساڵانی تورکییە و لەیەکێک لە بازاڕەکانی ئەستەنبوڵ بلوز و کاڵای تر دەفرۆشێت، تووشی سەختییەکەی زۆر بووەتەوە بۆ کڕینی خواردنی رۆژانە. «هەرگیز ژیانێکی وا بێزارکەرم بەخۆمەوە نەدیووە، دەچم دەنوم و هەر کەهەڵدەستم نرخەکان بەرزبوونەتەوە، رۆژێکیان دەبەیەکی پێنج لیتری زەیتم کڕی بە ٤٠ لیرە دواتر چوومەوە بیکڕم نرخەکەی بووبوو بە ٨٠ لیرە، ئێمە وەک نەتەوەیەک شایەنی ئەم دۆخە نین»، دۆگرو ئەمەی بە ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس وت. دۆگرو دەشڵێت نیوەڕوان بە سکی برسییەتی بەڕێ دەکات تا بتوانێت لەئێواراندا شتێك بۆ ماڵەوە بباتەوە. لەکاتێکدا لایەنگرانی ئەردۆغان دەڵێن بێهێزبوونی لیرە وادەکات رکابەری دروست ببێت لەنێوان هەناردەکارانی تورکیادا لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام بەشێکی زۆری پیشەسازی تورکیا پشتی بەستووە بە ماددەی خاوی ناوخۆیی. ئەوەی لەم دۆخەدا زەرەرمەندی سەرەکییە هاووڵاتیانی تورکین کە ناتوانن پارەیەکی باش پەیدا بکەن بۆ بژێوی ژیانیان. «هەموو شتێک زۆر گرانە، ناتوانم هیچ بکڕم»، سوهەیلە پۆیراز هاووڵاتییەکەی تری تورکییە کە قسەی بۆ ئەسۆشییەتد پرێس کردووە لەکاتی گەڕان بەدوای شتومەک و خواردنی رۆژانەدا لەبازاڕێکی ئەستەنبوڵدا. سوهەیلە لەهەڵبژاردنەکاندا دەنگی بە پارتەکەی ئەردۆغان داوەو ئێستا داوا لەحکومەت دەکات هەڵئاوسان کۆتایی پێ بهێنێت. «ئەگەر تۆ حکومەتیت و ئێمەش دەنگمان بۆ داویت تا شتەکان راست بکەیتەوە، ئەی بۆ ناکەیت؟ بۆچی بەرزی نرخ ناوەستێنیت؟» سوهەیلە وای وت. هەرچەندە حکومەتی تورکیا دەڵێت هەڵئاوسان لە لەسەدا ٢٠٪دایە و بەشێوەیەکی کاتی بەردەوام دەبێت تا ناوەڕاستی ٢٠٢٢، بەڵام رێکخراوی توێژینەوەی هەڵئاوسان، کە رێکخراوێکی تورکییە و ئەندامەکانی بریتین لە کەسانی ئەکادیمی و بەرپرسانی پێشووی حوکمی، ئاستی هەڵئاوسان بە لەسەدا ٥٠٪ دادەنێت لە وڵاتەکەدا لەئێستادا. هەفتەی پێشوو سەڵاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد بەھۆی خراپی رەوشی ئابورییەوە، ھاووڵاتیانی تورکیا گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە سەدەها کەس لەنۆرەی کڕینی نانی ھەرزاندا چەند سەعاتێک چاوەڕێ بکەن. شارەزایان دەڵێن ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ئەوا هەڵئاوسان کاریگەری زیاتر دەبێت لەساڵانی داهاتوودا. «هەڵئاوسان و کەمی داهات و تەنانەت ناهاوسەنگی لەدابەشکردنی داهاتدا کاریگەری لاوەکی زیاتریان دەبێت لەساڵی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣دا ئەگەر حکومەت بەردەوام بێت لەسەر کەمکردنەوەی سوودی قەرزو ئاسانکردنی یاسای دارایی و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن»، ئۆزلیم سەنگوڵ، ئابوریناسی تورکی، ئەمەی بە ئەسۆشییەتید پرێس وت.  

هاوڵاتی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دراوە لەسەر خەرجکردنی چوار ملیار و 527 ملیۆن و 454 هەزار و 500 دینار بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ و نەختینەیی. هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوای ئامادەکردن و گرتنەبەری گشت رێکارەکانی پرۆسەی تەندەرین، پرۆژەکە چووەتە بواری جێبەجێکردن و لەلایەن کۆمپانیای (لانتانا)ـش جێبەجێ دەکرێت. پێشتر لە کاتی سەردانیکردنی مەسرور بارزانی بۆ شاری سلێمانی، رەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی گوژمەی چوار ملیار و 527 ملیۆن و 454 هەزار و 500 دینار، لەسەر بودجەی وەگەڕخستن بەشێوەی نەختینە و قۆناخ بە قۆناخ بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردن و چاکسازی لە چەند پرۆژەیەکی پارێزگای سلێمانی و پارەکەش لەسەر بودجەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی خەرج دەکرێت. پرۆژەکانیش بریتی بوون لە: - بەڕێوەبردن و چاکسازیی پارکی هەواری شار - به‌ڕێوه‌بردن و چاكسازی بلواری شه‌ست مه‌تری مه‌لیك مه‌حموود - به‌ڕێوه‌بردن و چاكسازیی بلواری سلێمانی-تاسڵوجه‌

هاوڵاتی ته‌له‌فزیۆنی ئێران بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا سیستمی به‌نداوه‌كانی ئێران روبه‌روی هێرشی ئه‌لیكترۆنی بوه‌ته‌وه‌.  ته‌له‌فزیۆنی فه‌رمی ئێران بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ هێرشه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ كراوه‌ته‌سه‌ر سیستمی ده‌ستكه‌وتنی زانیاری و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی ئاو له‌ به‌نداوه‌كانی وڵاته‌كه‌یدا. ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ ئێستا كه‌س نازانێت چه‌ند ئاو له‌ به‌نداوه‌كاندایه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆ فه‌رمانبه‌رانی كۆمپانیای ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری نه‌یانتوانیوه‌ داغڵی ئینته‌رنێت ببن و ئه‌پڵیكه‌یشنی واتس ئه‌پییشیان پێ ناكرێته‌وه‌. باس له‌وه‌شراوه‌ كه‌ به‌شی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاریی سه‌ربه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانیش هێرشه‌كه‌یان پشتڕاست نه‌كردوته‌وه‌. هاوكات ئەمڕۆ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق رایگەیانك كە ئێران هەموو سەرچاوە ئاوییەكانی كە دێنەوە ناو عێراق كۆنتڕۆڵی كردووە و بونە مەترسی بۆ سەر وڵاتەكە.

هاوڵاتی عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك، له‌سه‌ر خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكان له‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم رایگه‌یاند:" ئه‌گه‌ر حكومه‌ت قه‌رزی كردوه‌ نابێت ئه‌و نه‌وه‌یه‌ برسی بكات، داواش ده‌كات " ئەو تێکدەر و ھەلپەرستانە بدۆزنەوە" كه‌ خۆیان خزاندوه‌ته‌ ناو خوێندكاران. له‌لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك، عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك رایگه‌یاندوه‌ " ئەگەر حکومەت مانگانە قەرزیکردووە یان مڵکومومتەلەکاتی حکومی فرۆشتووە ئەبێت دەرماڵەی خوێندکاران دابین بکات، حکومەت و وڵات چی ئەرزشێکی دەبێت ئەگەر ئەو نەوە جوان و سەرمایە مرۆیەی گەلەکەی وا برسی و کەم دەرامەت بن.” ناوبراو داوایه‌ك له‌ حكومه‌ت ده‌كات و ده‌ڵێت كه‌ نابێت حکومەت و دەسەڵاتی ھەرێم بەراوردی خوێندکاران بەو کۆمەڵە ھەلپەرستە بکات کە گردبوونەوە و داوای ڕەوای خوێندکاران بۆ مەرامی سیاسی و بەرژەوەندی خۆیان بەکار دێنن و گردبوونەوەکە بە لاڕێدا دەبەن، ده‌شڵێت "ئەوانە کەمینەیەکن و بە دڵنیاییەوە خوێندکارانیش نایانەوێت ئەو جۆرە گروپ و تاقمانە تێکەڵ بە گردبوونەوە و داوا ڕەواکانیان ببن." عه‌بدوڵای كوێخا موباره‌ك ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات كه‌ نابێت ھێزە ئەمنیەکان تەڕووشک پێکەوە بسوتێنن، پێویستە ئەو تێکدەر و ھەلپەرستانە بدۆزنەوە و بە توندی سزایان بدەن، بەڵام نابێت و ناکرێت ئازاری ئەو خوێندکارانە بدرێت کە داوای مافێکی زەرورەتی ژیانیان دەکەن. داواش له‌ خوێندکاران ده‌كات "ڕێگا بەھیچ کەس و لایەنێک نەدەن بچێتە ناویان و مەرامی سیاسی و شەخسی خۆیان تێکەڵ بە گردبوونەوە و داوای خوێندکاران بکەن."

  هاوڵاتی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەیانەوێت پارێزبەندی لەسەر 13 پەرلەمانتاری تری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هەڵبگرن، بۆئەوەش 16 دۆسیەی تاوانیان ئاراستەی پەڕلەمانتارانی ئەو پارتە کردوە. ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24ی تشرینی دووه‌می 2021، میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە، وەزارەتی دادی تورکیا دۆسیەی هەڵگرتنی پارێزبەندی 13 پەڕلەمانتاری هەدەپەیان ڕەوانەی سەرۆکایەتی پەڕلەمانی تورکیا کردوە، کە لەناویاندا پەروین بوڵدانی هاوسەرۆکی پارتەکە هەیە. ئەو پەرلەمانتارانەی هەدەپە کە دەویسترێت پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت بریتین لەپەروین بوڵدان هاوسەرۆک‌و پەڕلەمانتاری شاری ئیستەنبوڵ، موراد ساریساش پەڕلەمانتاری سەر بەشاری وان، بەردان ئۆزتورک لەئاگری، ئەلیکان ئۆنلوو لەتونجەلی، عومەر ئۆجەلان لەڕۆحا (ئورفه‌)، ڕەمزی تۆسون لەئامەد، سیزای تەمەللی لەوان. لەو پەڕلەمانتارانەی تری هەدەپە کە وابڕیارە پارێزبەندیان لەسەر هەڵبگیرێت بریتین لە: فەلەکناس ئوجا لەباتمان، فاتما کورتوڵان لەمێرسین، سدیق تاش لەسرت، ساڵیحە ئایدەنیز لەئامەد. باس لەوەشکراوە، دوای پەسەندكردنى ئەو دۆسیانە لەلایەن سەرۆکایەتیی پەڕلەمانەوە، دواتر ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن‌و دەخرێنە بەرنامەی خشتەی کاری ئەنجومەنی گشتیی پەڕلەمانی تورکیا بۆ ئەوەی دەنگیان لەسەربدرێت.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێم دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران دەکات و سبەینێ پێنجشەممە 25ی تشرینی دووەم، مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت. وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی نوێی دابەشکردنی مووچەی راگەیاند و تیایدا هاتووە: رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 25ی تشرینی دووه‌می 2021، وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەت، مووچەی ئه‌م مانگه‌ بە هەمان میکانیزمی پێشوو و بەبێ لێبڕین وەردەگرن. وەزارەتی دارایی هێشتا لیستی سەرجەم وەزارەتەکانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان لیستی مووچە هاوشێوەی مانگەکانی دیکە دەبێت و ناگۆڕدرێت. ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم، لە مانگی تەمموزدا لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عیراقەوە بڕیاری لەسەردرا، کە وەک سولفەیەکی مانگانە بۆ هەرێمی بنێرێت و وەک مووچە بە هاوتای داهاتەکانی وەزارەتی دارایی بەسەر مووچەخۆراندا دابەشبکرێت.

سەركۆ جەمال لەكۆی هەشت هەزار كۆچبەری عێراقی 430 كەسیان گەڕاونەتەوەو هەزار كەسی دیكەش ناویان تۆمار كردووە تا بەفرۆكەی عێراقی بێبەرانبەر بگەڕێنەوە، بیلاروسیاش ئامادە نییە ڤیزا بداتە ئەندامانی لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستان. نزیكەی دوو مانگانە هەزاران كۆچبەری كوردو عێراقی لەهەوڵدابوون لەبیلاروسیاوە بپەڕنەوە بۆ پۆڵەنداو لەوێوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، بەڵام پۆڵندا رێوشوێنی توندی گرتووەتەبەر و رێگا نادەن كۆچەبەران بپەڕنەوە. هەریەك لەحكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان داوای گەڕانەوەی كۆچبەرانیان كردووەو لەئێستادا بەغدا فرۆكە دەنێرێتە بیلاروسیا بۆ گەڕانەوەی كۆچبەران. لەئێستادا ئەو كۆچبەرانەی هەوڵی پەڕینەوە دەدەن لەلایەن پۆلیسی بیلاروسیا دەستگیر دەكرێن و 50 كەس 50 كەس رەوانەی كەمپێكیان دەكەن لەوڵاتی لیتوانیا. دانیال عەلی، گەنجێكی كۆچبەری كوردەو زیاتر لەسێ مانگە لەشاری میسك پایتەختەی بیلاروسیایە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەئێستادا زیاتر لەهەزار كۆچبەر ناویان تۆمار كردووە بۆ ئەوەی بەفرۆكەی بێبەرانبەر بگەڕێنەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، منیش وەك كۆچبەرێكی كورد ناوی خۆم تۆماركردووە». دانیال تەمەن 24 ساڵ جەختی لەوەشكردەوە كە كەشوهەوا زۆر سارد بووەو پۆلیسی پۆڵەندا رێگەنادات كۆچبەران بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، وتیشی:» پۆلیسی بیلاروسیا هەر كۆچبەرێك دەستگیربكات 50 كەس 50 كەس رەوانەیان دەكەن بۆ كەمپێكی پەنابەران لەوڵاتی لیتوانیا». هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە هەر كۆچبەرێك كەهەوڵی داوە لەڕێگەی بیلاروسیا بپەڕێتەوەو لەئێستادا كە رێگای دەرچوون نییە خەرجی هەر كۆچبەرێك لەنێوان شەش بۆ حەوت هەزار دۆلاردا بووە، كە خەرجییەكانی مانەوە زۆر گرانە لەبیلاروسیا. بەپێی ئامارێكی دەزگای لوتكە نزیكەی هەشت هەزار كۆچبەری عێراقی لەبیلاروسیان كە زۆرینەیان كوردن و تائێستاش نزیكەی 430 كۆچبەریان گەڕاونەتەوە. ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو رێژەیەی گەڕاونەتەوە بۆ عێراق زۆر كەمن لەچاو ئەو رێژە زۆرەی كۆچبەران كە چوونەتە بیلاروسیا، تائێستاش زیاتر لە هەزار كۆچبەری دیكە خۆیان نوسیووە بگەڕێنەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان». هەروەها سەرۆكی دەزگای لوتكە دەشڵێت: قورسە بتوانرێت بزانرێت چەند كۆچبەری عێراقی و كورد چوونەتە بیلاروسیا لەئەمساڵدا چونكە ماوەیەكی زۆرە هاووڵاتیان بەڕێگەی ڤیزای گەشتیاری دەستیان بەوەكردووە رووبكەنە ئەو وڵاتە و پێش لێشاوەكەش ژمارەیەكی زۆریان گەیشتوونەتە ئەوروپا. بەپێی ئامارێكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا لە هەرێم، لەماوەی 11 مانگی 2021 دا، 28 هەزار لەهاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كۆچیان كردووە و 34 هاووڵاتیش لەسنورەكانی بێلاروسیا و پۆڵەندا گیانیان لەدەستداوە. كۆچبەران چیرۆكەكانیان دەگێڕنەوە چەند كۆچبەرێك ئەوە دەخەنەڕوو سەرەرای ناڕەحەتییەكان و خەرجكردنی پارەیەكی زۆر هێشتا پێیان وایە كۆچكردنیان بۆ ئەوە بووە بگەنە وڵاتێكی ئارام تا بەخۆشی تێیدا ژیان بگوزەرێنن. هەردی مەجید، یەكێك لەو كۆچبەرانەی لەهەرێمی كوردستانەوە روویكردووەتە بیلاروسیا بۆ هاوڵاتی قسەیكردو ئاماژەی بەوەكرد كە بۆ دەربازبوون لەدۆخی هەرێم روومكردووەتە بیلاروسیا وەك دەروازەیەك بۆ ئەوەی لێوەی بگەمە ئەوروپا، نزیكەی چوار هەزار دۆلاری خەرجكردووە تا گەیشتووەتە بیلاروسیا، وتیشی:» دوای ئەوەی پۆڵەندا رێگەی نەداین لەسنووری جەنگەڵەكانەوە بچینە خاكەكەیانەوە، بەشێك لەكۆچبەران لەلایەن بیلاروسیاوە خراونەتە كەمپەوە و بەشێكی دیكەشیان چوونەتە شوقە و هۆتێلەوە لەمینسك و شارەكانی دیكە». «ئێستا كۆچبەران لەدۆخێكی نائومێدیدان و پارەیەكی زۆریان لەدەستداوە، بەشێكی كۆچبەرانیش گەڕانەوە بۆ عێراق، نرخی مانەوە لەهۆتێل و شوقەكانیش زۆر زیادیكردووە بۆ یەك شەو دەگاتە 40 دۆلاری ئەمریكی، چونكە زۆربەی كۆچبەران چوونەتە هۆتێل و شوقەكان بەهۆی ساردی كەشی بیلاروسیا»، هەردی وای وت. هەردی باسی لەوەشكرد كە ئەو كەمپەی بیلاروسیا دروستیكردووە هیچ كەسێك ناتوانێت بەبێ پرسی پۆلیس و سەربازی بچێتە دەرەوە و نزیكەی دوو هەزار كەسیشی تێدایە. كەمال عەلی  خێزانەكەی و دوو منداڵی لەڕێگەی توركیاوە رەوانەی بیلاروسیا كردووە تا بگەن بە ئەوروپا، وتیشی:» خێزانم و كچە نەخۆشەكەم و دایكیم نارد بۆ بیلاروسیا، لێرە ڤیزای توركیامان بڕی و لەوێشەوە ڤیزای بیلاروسیایان بۆ بڕین، بۆ ڤیزای بیلاروسیا نەفەری 36 وەرەقەم داوە جگە لەوەی ڤیزای بیلاروسیام بۆ بڕین. كەمال عەلی، دەشڵێت:»یەكێك لەمناڵەكانم  كە لەگەڵ دایكیدایە لە بیلاروسیا نەخۆشە و پێویستی بەوەیە مۆخی بۆ بچێندرێت ئەوەش لێرە چارەسەری نیە، بۆیە پارەیەكی زۆرم خەرجكرد لەپێناو ئەوەی بگەنە ئەوروپا، دوای ئەوەی كە دەریش نەچوون بەناچاری پێم وتوون بگەڕێنەوە، بەوهۆیەشەوە زیاتر لە 16 هەزار دۆلارم لەدەستداوە». كەمال ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هەر مامەڵەیەك هەبێت لەبەرخاتری منداڵەكەشی بێت ئامادەیە ئەمجارە لەگەڵ ژن و دوو منداڵەكەی رێگای ئەوروپا بگرێتەوەبەر. بیلارووسیا ڤیزای نەدا بەلیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان پەرلەمانی كوردستان لەسەرەتای ئەم مانگەدا بڕیاریدا لیژنەیەك بنێرێتە هەریەك لەلیتوانیا و پۆڵەندا تا لەدۆخی كۆچبەران بكۆڵنەوە، بەڵام جێگری سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكان و رەوەندی كوردستانی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» چاوەڕێی ڤیزای پۆڵەندا دەكەن». كاروان عەبدولرەحمان، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكان و رەوەندی كوردی، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە یاداشتێكیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە یەكێك لەیاداشتەكان بۆ ئەوەبوو سەردانی لیتوانیا بكەن و دۆخی كۆچبەران ببینین، تا لیژنەكە بچێتە یۆنانیش كە ژمارەیەكی زۆر تەرمی كۆچبەرانی كورد لەو وڵاتەیە و دۆخی كۆچبەرانی ئەو وڵاتەش بپرسن. هەروەها باسی لەوەشكرد بیلاروسیا پێشوازی لەلیژنەی هەرێمی كوردستان و هیچ وڵاتێكی دیكەی دیموكراسی ناكات، وتیشی:»بەرنامەكە بەوشێوەیە بوو كە لیژنەكە بچێتە پۆڵەندا تا لەدۆخی كۆچبەران بكۆڵێتەوە و هاوكارییان بكات و دواتریش بچێتە لیتوانیا و پاشانیش لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا كۆببینەوە و گفتوگۆی دۆخی كۆچبەران بكەین». یەكێتی ئەوروپا بیلاروسیای تۆمەتباركردووە بەوەی هەزاران كۆچبەری هێناوە و رەوانەی سنووری نێوان وڵاتەكەو یەكێتی ئەوروپای كردووە تا بپەڕنەوە بۆ یەكێتییەكە، ئەوەش وەكو وەڵامێكی بۆ سزاكانی یەكێتییەكە بەسەر بیلاروسیا، لە بەرامبەردا مینسك رەتی دەكاتەوە بە مەبەست قەیرانەكەی دروستكردبێت.

هاوڵاتی سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند:" پێداگری دەکەین لەسەر مافی خۆپێشاندەران بۆ خۆپێشاندانی هێمنانە بۆ داوای مافە رەواکانیان". ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 24ی تشرینی دووه‌می 2021، عەمار حەکیم رایگەیاند:" رووداوی دڵتەزێن لە پارێزگای سلێمانی خۆشەویست روو دەدەن کە هاوڕایە لەگەڵ داواکارییەکانی قوتابیانی زانکۆ و تووندوتیژی لێ کەوتووەتەوە لە نێوان خۆپێشانداندەران و هێزە ئەمنییەکان".  لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا، عەمار حەکیم دەڵێت، "داوا لە کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە چاو لە داواکارییەکانی خۆپێشاندەران بکەن و ئەمن و ئاسایش بۆ خۆپێشاندەران دەستەبەر بکەن". ماوەی چەند رۆژێکە لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان خوێندکاران بۆ داواکردنی دەرماڵەی خوێندن خۆپێشاندان دەکەن، عەمار حەکیم لە تویتێکدا پشتگیریی خۆپێشاندەران دەکات و هاوکات داواش دەکات، "داوا لە هەموو لایەک دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و خۆپێشاندانێکی ئاشتییانە بکەن". دەرماڵەی خوێندن دوای قەیرانە داراییەکانی 2014 بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بڕدرا. خوێندکارانیش داوا دەکەن کە دەست بە دابەشکردنەوەی بکرێت. لە خۆپێشاندانەکاندا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو، لەو بارەوە  

هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند بڕیاردراوە بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخانبکرێت بۆ چارەسەری گرفتی خوێندکاران. عەبدولسەلام دۆمەڵەمەڕی، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیجی فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، "لەسەر فەرمانی بەڕێز مەسرور بارزانی، بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخان کرا، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی بەشەناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و ھاوکاریکردنی قوتابیان و خوێندکارانی کەمدەرامەت". ماوەی چوار رۆژە بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان خۆپێشاندان دەکەن و داوای خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندن دەکەن. بڕی دەرماڵە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی ئەو شارەی کە دەوامییان تێدا دەکرد، ئەگەر بەشەناخۆییان وەرنەگرتایە 100 هەزار دینار، ئەگەر بەشەناوخۆییشیان وەرگرتایە 60 هەزار دینار بوو، هەروەها بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لە شارەکانی خۆیان دەوامیان دەکرد 40 هەزار دینار بوو.  

ئارا ئیبراهیم خۆپیشداندانەكانی خوێندكارانی سلێمانی بەردەوامە بۆ دابینكردنی دەرماڵەكانیان كە لەساڵی 2014وە بڕیاری حكومەتی هەرێم راگیراوە، سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا  پشتیوانی داواكاری خوێندكاران دەكات. سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوە دووپات دەكاتەوە كە وەزارەتەكەیان داوای فەرمی لەئەنجومەنی وەزیران كردووە دەرماڵە بۆ خوێندكاران دابین بكات بۆ ئەمساڵیش بڕەكەی ئاشكرا دەكات كە پێویستیان بە 70 ملیار دینار دەبێت. خۆپیشاندان و گردبوونەوەی خوێندكاران ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە بۆ دابینكردنی دەرماڵە بۆ خوێندنی ساڵی 2021 بۆ 2022، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ سێشەمە خۆپیشاندانەكان گرژی تێكەوت و خوێندكاران چەندین شەقامی سەرەكی لەسلێمانی داخست و مەڵبەندی 1ی رێكخستنی یەكێتی ئاگری تێبەردرا. دوێنێ سێشەممە گرژییەكان لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و خوێندكارانی خۆپیشاندەردا زیاتر پەرەی سەند و چەندین خوێندكار بریندار كران و لەلایەن چەند كەسێكی هێزە ئەمنییەكان بە»شەق» لێیان دراو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەی ڤیدیۆییەكەی بڵاوكراوەتەوە. هاوكات، بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكان بەشێك لەخۆپیشاندەران راوی دوو پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان دەنێن و دواتر گەمارۆیان دەدەن و لێیان دەدەن. خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لەڕێگەی بڵندگۆوە ئەو پەیامەیان لەسەرەتاوە راگەیاندووە كە خۆپیشاندانی مەدەنی دەكەن و هەركەسێك گرژی دروستكردووە خەڵكانی دیكە تێكەڵاویان بووە، بۆ ئەو مەبەستەش لەڕێگەی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانییەوە دوێنێ سێشەممە 23ی تشرینی یەكەم نووسراو ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا كراوە. ئەندامێكی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بەتەواوی پشتیوانی لەداوای خوێندكارانی زانكۆ دەكەن بۆ دابین كردنی دەرماڵەكانیان. دكتۆرە ئیبتسام ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دوێنێ سێشەممە وەكو ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ چووینە ناو خوێندكارانی زانكۆ وتمان گوێتان لێدەگرین و وتیان یەك داواكاریمان هەیە بۆ دابینكردنی دەرماڵەو ببنە نوێنەرمان، ئێمەش نووسراومان كردووە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی داواكارییەكەیان بۆ جێبەجێ بكرێت». ناوبراو باسی لەوەشكرد لەساڵانی رابردووشدا وەكو زانكۆی سلێمانی داوایان ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا كردووە بۆ دابینكردنی دەرماڵەی خوێندكاران، ئێستاش ئەوە دووپاتدەكەینەوە كە شایستە داراییەكانیان پێبدرێت و بە زووترین كات پێیان بدرێت تا دۆخەكە ئارام ببێتەوە. دكتۆرە ئیبتسام ئیسماعیل ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو داواكارییانەی خوێندكاران مافێكی رەوای خۆیانە كە ئەرك لەسەر كەسوكاریشیان كەمدەكرێتەوە لەم دۆخەدا، وتیشی:»خوێندكاری زانكۆ تووێژێكی رۆشنبیری ئەم وڵاتەن پێیان راگەیەندراوە كە بەشێوەی مەدەنی داواكانتان بگەیەنن، بۆ خۆم وەك شایەتحاڵێك لەنێویاندا بووم بە بڵندگۆ داوایان دەكرد كە ئەوانەی رێ لەخەڵك دەگرن خوێندكاری زانكۆ نین». ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی پێشیوابوو كە دابینكردنی دەرماڵە لەتوانای حكومەتی هەرێمدایەو خوێندكاران نەوەی ئەم وڵاتەن، وتیشی:»پێویستە حكومەتی هەرێم خۆیان بەبەرپرس بزانن بەرانبەر بەخوێندكاران كە بەدابینكردنی مانگانەی 100 هەزار یان 60 هەزار دینار جوڵەیەكی خێراش دەكەوێتە بازاڕەوە  كە بڕەكەی كەمەو خێرا خەرج دەكرێت و خزمەتی گشتی پێدەكرێت». سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە لەگەڵ داواكاری دابینكردنی دەرماڵەی خوێندكارانن و بۆ ئەمساڵیش بڕی 70 ملیار دیناریان پێویستە. دكتۆر توانا نەجەف، سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتیوت:» سەد لەسەد ئەمە ئیشی ئێمەیە و داوای بكەین، ئێمە ساڵانە لەپرۆژەی بودجەدا دەرماڵەی خوێندكاران دادەنێین، لیژنەمان هەیەو لەوێ جێگیری دەكەین، كە دەچێتە ئەنجومەنی وەزیران لەوێ كۆمەڵێك شت لادەبرێت، بۆ نموونە پێشتر بۆ ساڵی رابردوو داوامان كرد كە 35 ملیار دینار تەرخان بكرێت بۆ دەرماڵە قبوڵ نەكرا بەهۆی بارودۆخی داراییەوە». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد بەهۆی زیادبوونی ژمارەی خوێندكارانەوە  بۆ ساڵی 2021 بۆ 2022 بۆ دەرماڵەی خوێندكاران پێویستیان بە 70 ملیار دینارە. توانا نەجەف باسی لەوەشكرد لەبەرواری 1ی ئەیلولی ئەمساڵ بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، بەشێك لەداهاتی وەزارەت، بۆ نموونە دیوانی وەزارەت دەتوانێت بەڕێژەی لەسەدا 45% ئەو داهاتەی هەمانە بۆ پێداویستییەكانی قرتاسییەو سووتەمەنی و كەلوپەل و ئامێر، بەڵام بۆ سەرجەم زانكۆكان لەسەدا 70% داهاتەكەیان بۆ دەگەڕێتەوە ئەوەش نووسراوە بۆچی خەرج بكرێت كە بۆ پاككردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان و سووتەمەنی پێداویستییەكانی زانكۆكان خەرج دەكرێتەوە. سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی لەوەشكردەوە كە هیچ ساڵێك داهاتی هەموو وەزارەتەكەیان نەگەیشتووەتە 70 ملیار دینار بەهەموو زانكۆكانی هەرێمی كوردستانەوە تا بوترێت لەداهاتی وەزارەت دەرماڵە بۆ خوێندكاران دابین بكرێت، وتیشی:» بەهیچ شێوەیەك داهاتی وەزارەت تەخزییەی ئەوە ناكات بۆ دەرماڵە تەرخان بكرێت». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە وەزیری خوێندنی باڵا لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم پێكەوەو هاوتا ئەو پرسە لەئەنجومەنی وەزیران تاووتوێ دەكەن تا حكومەتی هەرێم بڕیاری لەسەر بدات. ئەندامێكی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» دەرماڵەی خوێندكاران ئەوەندە زۆر نییە تا بارگرانی گەورە لەسەر حكومەتی هەرێم دابنێت». موسلیم عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە لەگەڵ ئەوەداین حكومەتی هەرێم كێشەی خوێندكاران چارەسەر بكات و دەرماڵەیان بۆ بگەڕێنێتەوە كە بەهۆی قەیرانی دارایی لەئەنجومەنی وەزیران لەساڵی 2014 وە راگیراوە، چونكە ئێستا دۆخی دارایی حكومەت باشتر بووەو نرخی نەوت بەرزبووەتەوەو داهاتەكان زیادیان كردووە». ناوبراو باسی لەوەشكرد لەڕێگەی 37 پەرلەمانتارەوە یاداشتیان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان تا بەئامادەبوونی هەردوو وەزیری خوێندنی باڵاو وەزیری دارایی گفتوگۆ لەوبارەیەوە بكەن و بڕیار لەسەر گێڕانەوەی دەرماڵەی خوێندكاران و قوتابیان بدرێت. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو كە حكومەتی هەرێم دەتوانێت لەڕێگەی داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بەشێك لەدەرماڵەكان بۆ خوێندكاران دابین بكات و ئەوی تری حكومەتی هەرێم دابینی بكات تا پرۆسەی خوێندن بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەبچێت.